رد شدن به محتوای اصلی

چۆن خەڵووز دەبێ بە ئەڵماس؟



پزیشکی گیان، پزیشکی ژیان
چۆن خەڵووز دەبێ بە ئەڵماس؟

ڕەنگە بۆ زۆر کەس جێگەی پرسیار بێت کە چما فریدریش نیچە شاکاری خۆی لە زمانی زەردەشتەوە دەنووسێ؟
یەکەم بەخاتر ئەوە کە نیچە نەک هەر فیلسوفێکی گەورە، بەڵکوو دەروونناس و هەروەها فیزیۆلۆژیستێکی گەورەشە و هەستی بەو ڕاستییە کردووە کە دەسەڵاتی هەزاران ساڵەی دین، متافیزیک و مۆرال، گیان و ژیانی مرۆڤایەتی دێفۆرمە و کاول کردووە. کەوایە فیلسووف دەبێ هاوکات پزیشک و دەروونناسیش بێت. لەم بابەتەوە دەکرێ بێژین کە نیچە بەجۆرێک پزیشکی گیانە. بەڵام چ بۆشاییەکی مەزن لە ئەندێشەی مارکس و ئەوانیدی دایە کە لەم بوارە بێ وەرن. لەکاتێکا کە نەخۆشی گیان و دەروونی تێکڕای پەیکەری مرۆڤایەتی گەناندووە.
بەڵام ئەی زەردەشت؟ زەردەشت لە ئەڤێستا، لە چەندین شوێن، بە "ئەهوو بیش" یانی پزیشکی ژیان ناسراوە. جگە لەوەش سێ تێرمی بنەڕەتی زەردەشت، یانی ئەشا/ ڕاستی، ڤەهومەنا/ئەندێشەی پاک، ئارمەیتی/ ئارامی دەروونی، دەرفەتی ئەوە دەڕەخسێنن کە مرۆڤ گیان و دەروونی ئارام، پاک و زوڵاڵ و پڕپرشنگ بکات. ئا بەمجۆرە زەردەشت دەبێ بە پزیشکی گیان. نیچە ڕاشکاوانە لە کتێبی ئێکۆ هۆمۆ دا دەڵێ: بەخاتر ئەوە کە یەکەم تێرمی زەردەشت بریتییە لە ئەشا یانی ڕاستی، ئەمن ئەوم هەڵبژارد. چون لەپاش هەزاران ساڵ ڕەوتی درۆیین و پێچەوانەی دین و متافیزیک، ئەم تێرمە وەردەسووڕێ و هەڵەی سێ هەزار ساڵەی دینسازان و درۆزنان، هەڵشکاوان و مورالسازان، ئەوانەی کە حاشایان لە ویستی دەروون و هەستی سێکسی مرۆڤ کرد، ڕاست دەکاتەوە.
نیچە لەو شاکارەی خۆی دا باسی ئەوە دەکات کە ڕێگەی ڕزگاری مرۆڤ ئەوەیە کە بەسەر مرۆڤ دا [بەسەر ئەم مرۆڤە کاولە دا] زاڵ بێ و زەڤەر مرۆڤ/Über Mensch بخولقێنێ. بەڵام نیچە زۆر پەیڤی درەوشاوەی وتووە و زۆر خەدەنگی ئەڵماسی هاویشتووە کە دنیایەک ڕاڤە و تەفسیر هەڵدەگرن. گەلۆ، مرۆڤ چاوا دکارێ زەڤەر مرۆڤ بخولقێنێ؟
نیچە جگە لەوەی کە گرنگترین پەیڤەکانی خۆی لە زمانی زەردەشتەوە دئاخڤێ، لە دواین کتێبی دا پەیڤێک لە بودا دێنێتەوە: "لە ژیان دا نەک ڕق و قین، بەڵکوو ئەڤین!" نیچە دبێژێ: "ئەمە گوڵی سەرتۆپی پەیڤەکانی بودایە. ئەمە دین نییە کە ئاوا ئەدوێ، ئەمە فیزیۆلۆژی یە." یانی ڕاشکاوانە بوداش بە فیزیۆلۆژیست و بە دەروونناس دەزانێ. کەوایە دەبێ نەریتی فەرهەنگی فکری مرۆڤ درێژە بە ڕێگای ئەم پێشەنگانە، ئەم پزیشکانەی ژیان، یانی زەردەشت، بودا و نیچە بدات و ڕێگایەک بۆ ڕزگاری مرۆڤی هەڵشکاوی دەردەداری دەغەزار بدۆزێتەوە...
ڕەنگە لەم دوا ساڵانەدا جار و بار، بە خەیاڵ و بە وتویرە، بە خۆم دەوت: لەبەر ئەوەی فەرهەنگ و نەریتی یەهودی مەسیحی و ئیسلامی ئێجگار ژەهراوی یە، کەوایە دەبێ ئەوکەسە، ئەو ئەشەڤەنە، ئەو پزیشکەی ژیان، هەر لە مەکتەبی زەردەشت و بوداوە سەرهەڵبدات: ئوشۆ، "لە سێکسەوە بەرەو ساماتی*!"
تا ئێستاش تێکڕای مرۆڤ گیرۆدە و کۆیلەی دەستی گرێی دەروونی و ویستی سێکسی یە. چون نەریتی دێرینی دین و مەزهەب، بەتایبەت سێ دینی یەهود، مەسیح و ئیسلام، سێکسیان قەدەغە کردووە و بە شتێکی ئێجگار قیزەون و سووک و بێ نرخیان زانیوە. لەکاتێکا کە سێکس بناغە و سەرچاوەی ژیان پێکدێنێ. حەزێکی ئاگرینە و لە قووڵایی ناخ و سروشتی مرۆڤەوە دێت. بە وتەی فرۆید: "لێبیدۆ یان ژین هەوێنە"، یانی هەوێن و مایەی ژیان پێکدێنێ. کەوایە دەبێ تێر و پەرداخ بکرێت، تا ژیان بگرسێنێ. بەڵام لەبەر ئەوەی کە دین و دینداران بەدرێژایی هەزاران ساڵان لە دژی وەستاون و قەدەغەیان کردووە، بەشێوەی بەهێزتر، بە تین و گوڕتر سەری هەڵداوەتەوە و مرۆڤی شێتاندووە. یانی تێکەڵ بە ڕق و قین بووە، ژەهراوی بووە، ژیانی ژەهراندووە و گیانی گەناندووە. بۆ وێنە هەموو ئاژەڵێک کە بەشێوەی سروشتی ژیابێ، ساڵێک دوو ـ سێ جار سێکسی دەوێ. بەڵام ئەی ئەم مرۆڤە داماوە دەغەزارە چی بەسەر هاتووە کە ئاوا بووە بە کۆیلەی سێکس و هەمیشە و هەردەم دەیەوێ؟ یان لە لایەکی تر بەجۆرێک دێفۆرمە بووە کە لە یاسای ڕەسەنی سروشت لایداوە و بووە بە هۆموسێکسواڵ و ئەمەش بە نیشانەی تەمەدۆن و دیموکراسی دەزانێ!؟
هەموو شەوق و پەرێشانی، هەموو هەوەس و هەیەجانی مرۆڤ هی ئەوەیە کە بە لەدایکبوونی، لە زێی دایک، لە سروشت، لە ڕەوتی هارمۆنیکی گەردوون کەندراوە و تەنیا کەوتووە. ئێستا هەموو هەوڵ و کۆششێکی بۆ سێکس بەخاتر ئەوەیە کە دیسان بەو یەکبوونە بگاتەوە. بەڵام ئەگەر باشترین و زیاترین سێکسیشی هەبێ، دیسان هەر تێر نابێ. چون مرۆڤ دەبێ بە بەرزترین پلەی مینەوی بگات تا بتوانی جارێکی تر لەگەل ڕەوتی هارمۆنیکی گەردوون یەک بگرێتەوە.

ئوشۆ لەم کتێبەدا بە پشتبەستن بە نیچە، بە ڕاڤە و لێکدانەوەی ورد و زانستی، سەرەتا سێکس بە دروستی پێناسە دەکات، پاشان ڕق و قین و تەم و مژی دین و مەزهەبی لێ دەتەکێنێ و، ئەوجار سەرلەنوێ ڕێز و حورمەت و فەڕ و پیرۆزی بۆ دەگێڕێتەوە: "کاتێ ژن و مێرد ئەڤیندارانە نیو سەحات سێکس بکەن، خەرمانەیەک لە فەڕ و تیشک لە دەوریان هەڵقە دەبەستێ". ئا بەمجۆرە دەرفەتێک دەڕەخسێنێ کە مرۆڤ بە باشی سێکس بناسێ، لێی تێر بێ و، ئەوجار لە کۆیلەتی سێکس ڕزگاری بێ، لە ئەزموونی بەفەڕی سێکس دا تیشکێ لە ساماتی وەربگرێ و لەگەل ڕەوتی هارمۆنیکی ئارام و فەڕبەخشی ژیان و گەردوون تێکەڵ ببێ و بە ئارامی دەروونی بگات. ڕاشکاوانەش ئاماژە بەوە دەکات کە ئەمە دەرفەتێک بەرەو "زەڤەر مرۆڤ"ی نیچە دەڕەخسێنێ.
 ئوشۆ کە سێکس بە گرنگترین و پڕ ڕەمز و ڕازترین هێز و هەوێنی گیانی مرۆڤ دەزانێ، پێی وایە کە مرۆڤ تا ئێستا سێکسی نەناسیوە. هەر بۆیە لەم بەرهەمەی دا چەند خاڵ لەمەڕ چۆنیەتی سێکس کردن بەپێویست دەزانێ:
یەکەم: هەوڵ بدەن لە کاتی سێکس دا هێندە ئارام و بەئەسپایی هەناسە بدەن، کە وابزانن هەر نین. ئەمە دەبێتە هۆی خوێنساردی و درێژکردنەوەی مەودای سێکس. ئەگەر سێکس لە پەنج دەقەوە بکەن بە نیو سەحات، یان ئەگەر لە نیو سەحاتەوە بیکەن بە سێ سەحات، ئەوجار بۆ ماوەیەکی درێژ تێر دەبن و ئیتر بیر لە سێکس ناکەنەوە.
دووهەم، لە کاتی سێکس دا هەوڵ بدەن مەکۆی سەرنجتان چاوی نێوەڕاست بێت. یانی خاڵێک لەنێوان دوو ئەبرۆدا. بەمجۆرە لە خودی خۆتان دەرباز دەبن و تێکەڵ بە ساماتی/ وشیاری گەردوونی دەبن.
سێهەم، شێوەی ڕووکردن لە سێکس، بەجۆرێک بچن بەرەو پیری سێکس کە وابزانن بۆ پەرسگەیەکی بەشکۆ دەچن. چون لەکاتی سێکس دا زیاتر لە هەرکات لە جیهان و لە هەستی نزیکترن. لە سێکس دایە کە خودایەتی* دەتوانێ ژیانێکی نوێ بئافرێنێ. کەوابوو مرۆڤ لەکاتی سێکس دا زیاتر لە هەر کات لە بەدیهێنەر نزیکترە. لەم کاتەدا مرۆڤ دەبێ بە فەڕبەخش و بوارگەی ژینێکی نوێ. چون ڕەوشی تێکئاڵان زیاتر لە هەر شتێ لە بەدیهێنەر نزیکترە. ئەگەر مرۆڤ بە چاوی ڕێز و شکۆوە سێکس ببینێ و زانایانە لەودا کایە بکات، دەتوانێ بە تیشکێ لە خودایەتی بگات. بەجۆرێک ڕوو لە سێکس بکەن، وەک بڵێی ڕوو لە پەرسگەیەکی پیرۆز دەکەن.* بەجۆرێک هاوسەرتان ببینن، وەک بڵێی خودایەک، خودا خاتوونێک دەبینن... ئەگەر سێکسی ئێوە قووڵ و جانانە بێ، دەتوانێ بودایەک، مەهاڤیرایەک، کریشنایەک بخولقێنێ. گیانە مەزنەکان هەروا لەخۆڕا بەدی نەهاتوون. هەموو بەرهەمی سێکسی قووڵ و بەفەڕن... تەنانەت ئەگەر یەک جاریش لە سێکس دا تیشکێ لە ساماتی یان وشیاری گەردوونی بە گیانتانا بگەڕێ، ئەوجار بۆ هەمیشە لە دەست کۆیلەتی سێکسی ڕزگار دەبن و بە ئاقاری وشیاری گەردوونی دا گەشە و پشکووتن دەست پێدەکەن. ئەم دیدارە، ئەم ژوانەی ژن و مێرد مانایەکی قووڵ و بەرینی هەیە. مرۆڤ بە تێکەڵبوون لە دڵداردا لە خودی خۆی، لە ئەقڵ و هۆشی درۆین و لەمپەر ڕزگاری دەبێ و، بە گەیشتن بە ساماتی لە هەرمانا لەنگەر دەگرێ... 
پاشان سێ جۆر لە سێکس پێناسە دەکات:
یەکەم، سێکس لە ئاستی لەش دا، سێکس وەک ویستێکی بیۆلۆژیک، وەک حەز و شەهوەتی مرۆڤ کە لە ناخی دەروونەوە هەڵدەقوڵێ، ئەگەر لەئاستی لەش دا بمێنێتەوە، هەستێکی شەهوانی و حەیوانی یە. یانی کارێکی هاوبەشە کە لە مرۆڤ و لە ئاژەڵ دا وەکوو یەک ڕوودەدات. پێوەندی سێکسی لەم چەشنە لەگەل لەشفرۆشی و دەسدرێژی جنسی جیاوازی ئەوتۆی نییە. بۆ نموونە لە جڤاتی کاپیتالیستی پیاوسالاری ئەم سەردەمەدا پیاو پووڵ ئەدا و لەگەل ژنێک سێکس ئەکات. ئەو بەم کارە تەنیا دەتوانێ بۆ چەند ساتێک لەشی ژن بکڕێ، بەڵام ناتوانێ دڵ و گیانی بەدەست بێنێ. تەنانەت بە داگیرکاری و بە تەیارترین چەک و تێکنیکیش ناتوانی بە زۆر دڵی ژن بەدەست بێنی. کەوایە لەم ئاستەدا یەکێتی و هاودڵی لەگەل ئوبژە بەدی نایەت. هەر بۆیە مرۆڤ بە ئۆرگازم ناگات. ئەم جۆرە ئەزموونە ئەزموونێکی کرچ و کاڵ و ناتەواوە. ئەوە ڕاستییەکی تاڵ و ژاناوییە کە لە ئێستادا ڕەنگە نەوەد لە سەدی پێوەندی سێکسی ژن و مێرد لەم ئاستە دایە. یانی قووڵ نابێتەوە و لە دڵ و گیانا ئاژین نابێ، بۆیە مرۆڤ هەروا برسی و داماو دەمێنێتەوە. ژن لەم ڕەوشەدا بەخاتر ئەوە لەگەل پیاو ژیانی هاوبەش پێکدێنێ و لەگەلی دەخەوێ کە یان ژیانی دابین دەکات، یان کۆنتراکتی ژیانی هاوبەشی لەگەل بەستووە، یان ئەوپەڕەکەی بەخاتر حەزی جەستەی خۆیە. ئەڵبەت پێوەندی دوو جنس لەم ئاستەدا، یانی لە ئاستی لەش دا پێوەندییەکی سەقامگیرە. چون لەش مادەیە و کەمتر گۆڕانی بەسەردا دێت. هەر بۆیە جڤاتێک کە بیەوێ داب و نەریت و دین و فەرهەنگی کۆن بپارێزێ، ڕێگە بە ئەڤین نادا و ئەم جۆرە لە سێکس و ژیانی هاوبەش دەپارێزێ. کانت وەک بیرمەندێکی سەردەمی مۆدێرن، ئەم شتەی بەوردی پێناسە کردووە. ئەو دەنووسێ: "لەڕاستیدا ئەمڕۆ ژیانی هاوبەش بەپێی جۆرێک کونتراکت لەنێوان ژن و مێرددا پێکدێت کە بەدرێژایی ژیانی هاوبەشیان بۆ دامرکانی حەزی سێکسییان ئەندامانی سێکسی یەکتر بەکار بێنن. هەر ئەمەو بەس." کەوایە دەبێ ئاماژە بەوەش بکەین کە ئاپوورە تەنانەت ناتوانێ ئاستی بەرزی ئۆرگازم ئەزموون بکات، تا چ بگات بە ئەڤین و خۆشەویستی. ئاپوورە هەردەم جۆرێک لە سێکسی ناتەواو و بەدوور لە یەکێتی و هاودڵی ئەزموون دەکات.

دووهەم، سێکس لە ئاستی دڵ دا، ئەمە ئاستێکی بەرزترە و ژن و پیاو هەر دوو لە دڵەوە یەکتریان خۆش دەوێ. مرۆڤ لە سێکسی ئەڤیندارانەدا بۆ چەند ساتێک لەگەل دڵدار دەبێ بە یەک و لەودا دەتوێتەوە و بە هاوسۆزی و هاودڵی بە قووڵترین چێژ و لەزەت دەگات. لێرەدا لەکاتی ئۆرگازم دا چەند شتێک ڕوودەدات: یەکەم، قووڵایی ناخی مرۆڤ، یانی گیانی وشیار دەبێتەوە بەسەر هەست و لەش دا زاڵ دەبێ. دووهەم، مرۆڤ لە خۆی بێ خود دەبێ، لە خودی خۆی ڕزگار دەبێ. سێهەم، مرۆڤ لە زەمەن واوەتر دەچێ و بە بێ زەمانی دەگات: ترۆپکی چێژ و لەزەت، ئۆرگازم. ئەمە ئەو ساتە زێڕینەیە کە مرۆڤ لەگەل ئوبژە/یار بەتەواوی یەکانگیر بووە و بۆ ساتێک بە هەرمان گەیشتووە، ئەزموونی جاویدان، ئەبەدییەت/ Evigkeit. ژاک لاکان ئەم ترۆپکە بە "ژوویی سانس" پێناسە دەکات. بەڵام لەبەر ئەوەی ئەم ساتە زێڕینە تەنیا ساتێکە و بەس، مرۆڤ بەدرێژایی هەموو ژیانی شەیدا و ئەڤداڵی دووپات کردنەوەی ئەم ساتەیە. چرکە ساتێکی زێڕین کە لەودا بە هەرمان گەیشتووە! بۆیە هەر دووپاتی دەکاتەوە و هەر تینوێتی لێ ناشکێ و هەر مەبەست ناپێکێ. کەوایە، مرۆڤ تینووی سێکس نییە، بەڵکوو تینوی گەیشتنەوە بە گشتێتی/ Ganzenheit و بە هەرمان، بە ئەزموونی جاڤیدانە، چون لەپاش هەر جارەو کە سێکس کۆتایی دێ، خەم دایدەگرێ و لەوە پەشیمانە کە زۆرێک وزە و ئێنرژی لە دەست داوە و لە مەرگ نزیکەو بووە و کەچی بە هەرمان نەگەیشتووە. لەم نێوەش دا خۆی نازانێ کە وەسڵ و گەیشتن بە "گشت"ی دەوێ. یان ئەگەریش بزانێ، ڕێگای ئەم گەیشتنەوە ناناسێ.
بەکورتی پێوەندی سێکسی لەئاستی دڵ دا کە بەپێی هەست و سۆز پێکهاتووە، ناتوانێ زۆر سەقامگیر بێت. چون هەست و حەزی دڵی مرۆڤ شتێکی زۆر بزۆزە و زوو زوو گۆڕانی بەسەردا دێت، بۆیە ئەم پێوەندییە زۆر جار زوو کۆتایی دێت. ڕەنگە چەند مانگ، یان ساڵ و دوو ساڵ بخایەنێ، بەڵام سەرئەنجام کۆتایی دێ. چما ئاوایە؟ بەخاتر ئەوە کە دوو لایەن نەیانتوانیوە لەئاستی دڵەوە بۆ ئاستی خۆشەویستی گیان و سێکسی مینەوی بچن و بناغەی پێوەندییەکی بەفەڕ و مایندە دابڕێژن. ئوشۆ لەم کتێبەدا باسی هەندێ مکانیزم دەکات کە مرۆڤ دەتوانێ بە مێدیتاسیۆن و ڕاهێنانی گیان و ئەندێشە خۆی ڕابێنێ و بەرەو ئەڤین و خۆشەویستی مینەوی بڕوات. بەتایبەت باسی ئەوە دەکات کە دەبێ مرۆڤ بە مناڵی بە دروستی پەروەردە بکرێ. کچان و کوڕان بە ڕووتی پێکەوە یاری بکەن و بە باشی جەستەی یەکتر بناسن، ئەگینا کە پێگەیشتن و گەورە بوون و بەلاڕێدا چوون، ئەوسا ئیتر زۆر ئەستەمە لە دەستی کۆیلەتی سێکس ڕزگاریان بێت.

سێهەم ئاست، لە سنووری خۆشەویستی لەش و دڵ واوەتر دەچێ و بە ئاستی ئەڤین و خۆشەویستی جانانە دەگات. لە قۆناغی پێشوودا وتم ئەڤین یانی تێکەڵبوون و یەکانگیری لەگەل ئوبژە/یار، بەڵام لێرەدا ئەڤین یانی تێکەڵ بوون و تووانەوە لە گشتێتی دا، لە سروشت و گەردوون دا، واوەتر لە کات و زەمان. لە سێکس دا مرۆڤ لەگەل دڵدار دەبێ بە یەک. لە ساماتی دا مرۆڤ لەگەل هەستی دەبێ بە یەک. ژوانی سێکسی دیداری دوو دڵدارە، بەڵام ئەزموونی ساماتی دیداری مرۆڤ و گەردوونی بێ سنوورە. ئاساییە کە دیداری دوو کەس کورت و کاتی بێت. دەردی دووری و ژانی هجرانی بەدوادا بێت. بەڵام ئەزموونی ساماتی یانی ئەبەدییەت. مرۆڤ لەم ئاستەدا بۆ هەمیشە لە تەنیایی و دابڕان ڕزگاری دەبێ و لەگەل هەستی و گەردوون یەک دەگرێتەوە و بە هەرمان و بە پلەی خودایەتی دەگات. ئەوەی بەم ئاستە گەیشتبێ، هەموو ساتێکی ژیانی دەبێ بە ترۆپکی ئۆرگازم. لێرەدا مرۆڤ و هەستی/Sein دەبن بە یەک، سوژە و ئوبژە دەبن بە یەک. یار و دڵدار و ئەڤیندار دەبن بە یەک. ئێگۆئیسم و خۆپەرستی کۆتایی دێ و ئیتر منێک لە ئارادا نامێنێ. منی تاق و تەنیای دەردەدار.
 وەک وتم لە ئەزموونی سێکس دا دوو دڵدار بۆ ساتێک تێکەڵ دەبن و دەبن بە یەک، بەڵام لە ئەزموونی ساماتی دا مرۆڤ وەک قەترە تێکەڵ بە ئەقیانووسی هەستی دەبێ و بەتەواوی لەودا دەتوێتەوە، ئیتر کوا سێکسی کورت و کاتی و بەرتەسک و سنووردار دەتوانێ وەها لەزەتێکی پێ بدات! بەڵام بە بێ سێکس قەت ئەزموونی بەرزی ساماتی بەدی نایەت. سێکس پەیژە و بوارگەیە و ڕێگە بەرەو ئەزموونی بەرزی ساماتی دەکاتەوە.  
پێوەندی ژن و مێرد لەم ئاستەدا وەک پێوەندی دایک و کوڕی لێدێت. دیوتانە کە دایک چەندە ئاشقانە کوڕەکەی خۆش دەوێت؟ بێ هیچ جۆرە چاوەڕوانییەک. چون لەگەل ئەودا سێکسی مینەوی هەبووە. مناڵ نۆ مانگ لە زێی ئەودا بووە و لەو بەدیهاتووە. خوێنی ئەو بە گیانیا گەڕاوە و بە هەنای هەناسەی ئەو هەناسەی داوە. ژنێک کە بووبێ بە دایک لە چێژی سێکسی واوەتر دەچێ و ئیتر سێکس هێندە لەزەتی پێ نابەخشێ. ئەو شیلەیەکی زۆر بەتامتری چێشتووە، شیلەی دایکبوون و بەدیهێنان... کەچی لە ئوروپا کە سێکس لەئاستی دڵ دایە زۆربەی ژنان سێکسیان دەوێ و نایەنەوێ ببن بە دایک. ئەزموونی مینەوی بەگشتی لە ئوروپا لاوازە. ئوروپا لەم بابەتەوە "دۆن ژوان" بە پێشەنگ و بە ئولگو دەزانێ. بەگزادەیەکی ئسپانیایی کە لەگەل هەزاران ژن سێکسی هەبووە، کەچی هێشتا برسی و داماوە و هێشتا سەگی هاری دەروونی هەر دەنووزێنێ و هەر سێکسی دەوێ. ئەمە لەکوێ و گزنگی بەرزی ساماتی لە کوێ!؟
 لە نووسینێکی تردا بە پشتبەستن بە ڕومان گریشمەن، ئارکۆلۆژیستی فەرانسی، باسی ئەوەم کردووە کە لە جڤاتی دایکسالاری هوری گوتی دا، پیاو هەم مێردی ژنە هەم مناڵی ئەوە. [ئەڵبەت ئەمە جڤاتێکی سروشتی یە و ڕاهێنانی گیانی و مینەوی لەئاستی سەرەتایی دایە]. بەڵام خاڵی جێگەی سەرەنج ئەوەیە کە مهاتما گاندی لەزەتی سێکسی تێپەڕاندووە و بە بەرزترین ئاستی ئەڤین گەیشتووە. گاندی ساڵی ١٩٣٠ لەگەل کاسترۆبای ژنی بەسەفەرێک دەچن بۆ سیلان. گاندێ هەردەم کە کاسترۆبا بانگ دەکا، هەر دەڵێ: دایا! پێوەندییان هێند بەسۆز و هاودڵانەیە کە خەڵک پێیان وایە دایک و کوڕن. بەجۆرێک کە بەڕێوەبەری کۆڕی میوانی لە پشت تریبوونەوە دەڵێ:
"بەخێرهاتنی مهاتما گاندی و دایکی دەکەین!"
 دواتر کاتێ گاندی دەچێتە پشت تریبوون، دبێژێ: "من زۆر سپاسی بەڕێوەبەری هێژا دەکەم. چ هەڵەیەکی بەفەڕ و جانانە! لە ڕاستیدا پێوەندی من و کاسترۆبا چەند ساڵێکە وەکوو پێوەندی دایک و کوڕی لێهاتووە. ئێمە سەردەمێک ژن و مێرد بووین، بەڵام ئەو قۆناغەمان بەسەربرد!"
مرۆڤ لەم ئاستەدا لە سێکس واوەتر دەچێ و بە جۆرێک پێوەندی بەشکۆی بەهێز و مایندە دەگات. لە دۆخی ئاسایی دا بەگشتی جۆرێک ململانێ و ڕقەبەرایەتی لەنێوان ژن و مێرد دایە. بەڵام کاتێ بەم ئاستە بگەن، ئاسەوارێک لە ڕق و کین نامێنێ و هەمووی دەبێ بە دۆستی و مێهرەبانی. ژن و پیاو زۆر مەمنوونن لە یەکتر کە وەها دەرفەتێکیان بۆ یەکتر ڕەخساندووە تا گزنگێ لە ساماتی بەگیان دا بگەڕێ و گیان بپشکۆێ و لە دەستی کۆیلەتی سێکسی ڕزگاری بێ. ئەمە سەرەتای سەفەرێکە کە ژن بۆ پیاو دەبێ بە خودا خاتوون و، پیاویش بۆ ژن دەبێ بە هێما و سەمبوڵی خودایی. مرۆڤێک کە بەم ئاستە گەیشتبێ، لە درۆ و ماسک، لە فیز و خۆپەرستی، لە چاوچنۆکی و چاوپیسی، لە هەستی دەسەڵاتخوازی ڕزگاری دەبێ و بە ئارامییەکی مەند و زوڵاڵ دەگات. یانی بە جۆرێک هەستی قووڵ و وشیاری گەردوونی دەگات کە وەگەرد ڕەوتی هارمۆنیکی گەردوون یەکانگیر دەبێ. یان بە دەربڕینی ئوشۆ پلەی "کاما" بەجێ دێڵێ و بە پلەی "ڕاما" یان خودایەتی دەگات. ئەگەر مرۆڤ بەم ئاستە بگات، ئاستی گاندی، ئیتر ئاسەوارێک لە شەڕ و ماڵوێرانی و چاوچنۆکی و داگیرکاری لە دنیادا نامێنێ. لە جڤاتی دایکسالاردا کەم تا زۆر مرۆڤ لە ڕەوشێکی وەهادا بووە. بۆ ئەوەیە کە جڤاتی دایکسالار وەک سەردەمی زێڕینی مێژووی مرۆڤ ناسراوە. مرۆڤ لەو جڤاتەدا لەباری دەروونییەوە تێر و پاراو بووە. دەبێ ئاماژە بەوەش بکەم کە هندییەکان لە هوورییانی دایکسالار بەدیهاتوون و لە دین و زمان و کولتووردا زۆر شتی هاوبەشیان هەیە. کریشنا تەواو لە میترا و لە ئاناهیتا دەچێ.
 بەپێی وەها ڤانەیەک مرۆڤ دەتوانێ باشتر لە تیۆری مارکسیستی بەرەو ڕزگاری بڕوات و بەرەو زەڤەر مرۆڤی نیچە هەنگاو بنێت، یانی هەستی سێکسی ببێ بە ئەڤین و خۆشەویستی، خەڵووز تیشکێ لە ساماتی وەربگرێ و ئەوجار وەک ئەڵماس بڕەخشێ و بدرەوشێ. خەڵووز و ئەڵماس هەر دوو لە یەک ماتریاڵ پێکهاتوون. جیاوازییەکیان لەنێوان دا نییە. بەڵام خەڵووز خام و نەرم و شل و ڕەشە و تاریک. کەچی ئەڵماس بەدرێژایی سەدە و سەردەمەکان سەخت و خاراو بووە. سەختترین و گەشترینە و ڕوون و ڕەخشان. گەر مرۆڤ بیەوێ لە خۆی، لەم بوونەوەرە دەردەدارە ڕزگاری بێ، دەبێ ویستی خاوی سێکسی، خەڵووزی رەش و تاریک تێپەڕێنێ. دەکرێ بۆ ئەم مەبەستە گوێ لەم پەیڤە سەختەی نیچە بگرێ:

"جارێکیان خەڵوز لە ئەڵماسی پرسی: چما هێندە سەختی؟ مەگەر ئێمە خزمی یەک نین؟
برایینە، ئەز لە ئەنگۆ دەپرسم: چما هێندە نەرم و نیان؟ مەگەر ئەنگۆ برای من نین؟
چما ئاوا نەرم و نیان، سست و تەسلیم؟ چما تۆوی حاشا لە دڵتانا هێند بەرینە؟ چما شەوقی چارەنووس لە چاوتانا هێند بێ تینە؟
گەر نەتانەوێ سەخت بن و چارەنووس بن: چۆن دەتوانن هاوهەنگاو لەگەل من سەرکەون؟
گەر سەختی ئێوە نەیەوێ پزیسکەی بێ، بدڕێ و ببڕێ: چۆن دەتوانن هاوهەنگاو لەگەل من بخولقێنن؟
خولقێنەران هەموو سەختن. دەبێ بەختەوەری بەجۆرێک ببینن، کە هەزارەکان لەناو چنگتانا وەکوو مۆم بگووشن.
بەختەوەری، یانی نووسینی ویستی هەزارەکان لەسەر ئەڵماس، سەختتر لە ئەڵماس، ڕەسەنتر لە ئەڵماس. تەنیا ڕەسەنترین سەختترینە." [ڤها ئاخافت زەردەشت]
* * *
وەرگێڕانی فارسی ئەم کتێبەی ئوشۆ کە وادیارە لە دەقی ئینگلیسی تەرجمە کراوە، بریتییە لە "از سکس تا فرا آگاهی"، لێرەدا مەفهومی بنەمایی بە زمانی هندی بریتیە لە "ساماتی"، کە لە ئینگلیسی دا دەیکەن بە "Super-Consciousness" و لە ئاڵمانی دا دەیکەن بە " kosmischen Bewußtsein" بەمانای وشیاری گەردوونی. یانی بەپێی جیهانبینی ئوشۆ، خوێنەر هەست بەم ڕاستییە دەکا کە دەستەوشەی ئاڵمانی "کۆسمیشە بێڤۆست زاین" لە ئینگلیسی و فارسییەکە شیاوترە.
 نووسەر/بەدیهێنەر لە دواین ساڵی تەمەنی دا ناوی "ئوشۆ"ی بۆ خۆی هەڵبژاردووە. کە بەدوای مانای ئەم ناوەدا گەڕام، بە چەندین مانای وەکوو مامۆستا، زێدە وشیار، ئەڤیندار و ڕاستکردار گەیشتم. ئەوجار زانیم کە ناوی ئوشۆ هەر لە "ئەشۆ" و "ئەشەڤەن"ی زەردەشتیەوە دێت. چ ڕێکەوتێکی بەفەڕ! چەندە لێک نزیکن بیر و ڕێبازی زەردەشت و بودا... ئوشۆ کە پشت ئەستۆرە بە جیهانبینی بودایی، چەندەش ورد و ژیرانە نیچە و فرۆیدی خوێندووە و چەندە ڕندانە لە فرۆید واوەتر چووە!

تێبینی:
ساماتی: وشیاری گەردوونی، ئەزموونی اشراق. جۆرێک لە هەست و وشیاری مرۆڤانە کە لەودا مرۆڤ لە هەستی تەنیایی و پەرێشانی ڕزگاری دەبێ و بە ئاستێک لە وشیاری دەگات کە تێکەڵ بە ڕەوتی هارمۆنیکی گەردوون دەبێ و هەردەم لەگەل گەردوون لە ژوانێکی فەڕبەخش و پڕ لە شادی و سروور دایە.
خودایەتی: ئوشۆ لە ڤانەکانی دا زۆر جار وشەی خودا و خودایەتی بەکار دێنێ. بەڵام پێویستە ئاماژە بەوە بکەین کە ئوشۆ بڕوای بە خودا وەک بوونەوەرێکی ئاسمانی و متافیزیکی نییە و ئەم شتەی ڕاشکاوانە ڕەت کردۆتەوە. خودا بۆ ئەو هەر هەمان وزە و ئوتۆدینامیزمە کە لە ناخی هەر ئەتۆمێک دا، لە ناخی هەر ژیڤەرێک دا هەیە و مەیلی بەرەو گەشە و پشکووتن هەیە. ئەگەر مرۆڤ ئەم هێزە باش بناسێ و لەگەلی ڕێکەوێت بە پلەی ساماتی دەگا و هەست بە خودایەتی دەکات.
*ـ ئەم وتەیەی ئوشۆ دەمباتەوە بۆ دوو هەزار ساڵ پێش ئێستا و بۆ پەرسگەی ئاناهیتا، کە لەوێ کچانی گەورە ماڵان وەگەرد هەر کەس کە پێیان خۆش بایە سێکسیان دەکرد. ئەویش لە پەرسگەی بە شان و شکۆی ئاناهیتا، کە بە وتەی هێرتس فیلدی ئاڵمانی، ئەودەم مەزنترین پەرسگەی جیهان بووە. کولتووری میترایی نەریتی وەهای هەبووە.

ناوی ئەم کتێبە بە ئاڵمانی و ئینگلیسی بەمجۆرەیە:
·         Vom Sex zum kosmischen Bewußtsein
·         From Sex to Super-Consciousness
هەروەها بەشێوەی کتێبی دەنگی بە فارسی لە یوتوب هەیە.


نظرات

پست‌های معروف از این وبلاگ

"ئەقڵ و شۆڕش"، هێربێرت مارکوزە

کورتەیەک سەبارەت بە "ئەقڵ و شۆڕش"ی هێربێرت مارکوزە نووسینی توماس ئالمێر و: لە ئاڵمانییەوە: هادی محەمەدی مارکوزە کە لە ئاڵمانەوە ئاوارەی ئەمریکا بووبوو، ساڵی ١٩٤١ کتێبی „Reason and Revolution“ ی بە زمانی ئینگلیسی چاپ کرد. ئەم کتێبە دواتر بە ناوی „Vernunft und Revolution“ یانی ئەقڵ و شۆڕش/وەرچەرخان بە زمانی ئاڵمانی وەرگێڕدرا. مارکوزە لەم کتێبەدا هەوڵ دەدات بە سەرنجدان بە ئەندێشەی مارکس، کاریگەری فەلسەفەی هێگل لەسەر تیۆری کۆمەڵایەتی پیشان بدات. مارکوزە لەسەر ئەوە پێدادەگرێ کە هێگل بەپێچەوانەی زۆرێک لە بیرمەندانی پێش خۆی، لە بواری بزاڤ و ئیدەی پێشکەوتنخوازانەدا دیدگایەکی شێلگیرانەی هەیە. ئەو پێی وایە کە واوەتر لە گەشەکردنی پێکهاتەی فاشیستی لە جڤاتی ئێمەدا، پێویستە فەلسەفەی هێگل سەرلەنوێ بخوێنینەوە. ئەم کتێبە لە دوو بەش پێکهاتووە. لە بەشی یەکەم دا بنەماکانی فەلسەفەی هێگل ڕاڤە دەکات، لە بەشی دووهەم دا ڕەوتی پێکهاتنی تیۆری کۆمەڵایەتی شی دەکاتەوە. هەر لە بەشی دووهەم دا کە بابەتی ئەم وتارەی منە، بە سەرەتایەک بەناوی "لە فەلسەفەوە بەرەو تیۆری کۆمەڵایەتی"

زمان، نووسین، میدیا و ...

زمان، نووسین، میدیا، گوتاری نەتەوایەتی، ناسنامە و پەروەردە گفتوگۆ لەگەڵ د. جەعفەر شێخولیسلامی پرۆفیسۆری میوان، زانکۆی سۆران، کوردستان پرۆفیسۆری هاوکار، زانکۆی کارلتن، کەنەدا ئا: هادی محەمەدی سەرەتا: د. جەعفەر شێخولیسلامی ساڵی ١٩٦٠ لە گوندی لاچین، سەر بە شاری مەهاباد، لە دایک بووە. هەر لەو شارەدا خوێندنی سەرەتایی و ناوەندیی تەواو کردووە. لە کۆتایی حەفتاکاندا، بە دزی خۆی فێری زمانی زگماکی کردووە و دەستی بە نووسینی شیعر و چیرۆکی کوردی کردووە. لە سەرەتای هەشتاکاندا، لەناو میدیاکانی سەردەمی ڕاپەڕینی رۆژهەڵات و باشووری کوردستان و، دواتریش لە میدیای ئێرانی لە بوارەکانی هەواڵنێری، وتارنووسین، چیرۆک، شانۆنامە، رۆڵی شانۆیی و وەرگێڕاندا چالاکی نواندووە. لە ساڵی ١٩٨٨ بە ئەم لاوە، لە وەڵاتی کەنەدا نیشتەجێ بووە و، لەم بوارانەدا خوێندوویەتی: ئەنستیتۆ/پەیمانگە (کتێبخانە و ئاگاداری)، بەکالیۆرۆس (زمانەوانی گشتی)، بەڵگەنامەی مامۆستایەتی (زمانی ئینگلیزی وەکوو زمانی دووهەم)، مەستەر (زمانەوانی کارەکی/کارکردی) و دوکتۆرا (پێوەندییە گشتیەکان—گوتار و میدیا). دوای ئەوە کە نزیکەی دە ساڵ ما

رۆشنبیران لە تاراوگە

رۆشنبیـــــــــــران له‌ تاراوگه‌ فرانتس نویمان سه‌ره‌تا: ده‌مێک ساڵه‌ ژیانی رۆشنبیرانی کورد له‌گه‌ڵ چه‌مکی تاراوگه‌ (دیاسپۆرا) تێکه‌ڵ بووه‌ . ده‌ڤه‌ری سیاسی کۆمه‌ڵایه‌تی، زێد و نیشتمان، مل به‌ نوێبوونه‌وه‌ و گۆڕان نادات و رۆشنبیران تووڕ ده‌داته‌ ده‌ره‌وه‌. ئه‌گه‌ر زۆر نه‌گه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ دواوه‌ و به‌ کۆچی مێژوویی و به‌ناچاری مه‌ولانا خالید نه‌قشبه‌ندی له‌ سلێمانی بۆ به‌غدا و، پاشان له‌وێوه‌ بۆ ده‌مشق ده‌ست پێ بکه‌ین، ده‌بینین که‌ به‌ درێژایی سه‌ده‌کانی نۆزده‌ و بیست، ژیانی رۆشنبیرانی کورد بریتیی بووه‌ له‌ ده‌رکران و دابڕان له‌ نیشتیمان و ژیان له‌ دیاسپۆرا. لێره‌دا پرسیاری گرنگ ئه‌مه‌یه‌: ئایا دیاسپۆرا هێز و توانای داهێنان و وزەی ره‌خنه‌گرانه‌ی رۆشنبیران دەکوژێ؟ بۆچی سامانی فکری مه‌عریفی دیاسپۆرای کوردی به‌پێی پێویست هه‌راو و ده‌وڵه‌مه‌ند نییه‌؟ بۆچی رۆشنبیرانی ئاڵمانی، که‌سانێکی وه‌کوو مارکس، مارکوزه‌، ئادورنو و… باشترین به‌رهه‌مه‌کانیان له‌ دیاسپۆرادا دەنووسن‌، به‌ڵام رۆشنبیرانی کورد، که‌سانێکی وه‌کوو نالی و حاجی قادر و مه‌ولانا خالید، به‌رهه‌مێکی ئه‌وتۆیان له‌ تاراوگه‌