رد شدن به محتوای اصلی

"ئەقڵ و شۆڕش"، هێربێرت مارکوزە


کورتەیەک سەبارەت بە "ئەقڵ و شۆڕش"ی هێربێرت مارکوزە
نووسینی توماس ئالمێر
و: لە ئاڵمانییەوە: هادی محەمەدی

مارکوزە کە لە ئاڵمانەوە ئاوارەی ئەمریکا بووبوو، ساڵی ١٩٤١ کتێبی „Reason and Revolution“ی بە زمانی ئینگلیسی چاپ کرد. ئەم کتێبە دواتر بە ناوی „Vernunft und Revolution“ یانی ئەقڵ و شۆڕش/وەرچەرخان بە زمانی ئاڵمانی وەرگێڕدرا. مارکوزە لەم کتێبەدا هەوڵ دەدات بە سەرنجدان بە ئەندێشەی مارکس، کاریگەری فەلسەفەی هێگل لەسەر تیۆری کۆمەڵایەتی پیشان بدات. مارکوزە لەسەر ئەوە پێدادەگرێ کە هێگل بەپێچەوانەی زۆرێک لە بیرمەندانی پێش خۆی، لە بواری بزاڤ و ئیدەی پێشکەوتنخوازانەدا دیدگایەکی شێلگیرانەی هەیە. ئەو پێی وایە کە واوەتر لە گەشەکردنی پێکهاتەی فاشیستی لە جڤاتی ئێمەدا، پێویستە فەلسەفەی هێگل سەرلەنوێ بخوێنینەوە.


ئەم کتێبە لە دوو بەش پێکهاتووە. لە بەشی یەکەم دا بنەماکانی فەلسەفەی هێگل ڕاڤە دەکات، لە بەشی دووهەم دا ڕەوتی پێکهاتنی تیۆری کۆمەڵایەتی شی دەکاتەوە. هەر لە بەشی دووهەم دا کە بابەتی ئەم وتارەی منە، بە سەرەتایەک بەناوی "لە فەلسەفەوە بەرەو تیۆری کۆمەڵایەتی" دەست پێدەکات، پاشان دوو وتاری سەرەکی بریتین لە "بنەماکانی تیۆری دیالکتیکی کۆمەڵگە" و "بنەماکانی پۆزەتیڤیسم و پێکهاتنی کۆمەڵناسی"، بەشی کۆتاییش بریتییە لە "کۆتایی هێگلیسم". ئەم نووسینەم بەپێی پێکهاتەی ئەم کتێبە دەچێتە پێش.

سەرەتا: لە فەلسەفەوە بەرەو تیۆری کۆمەڵایەتی

مارکوزە لە سەرەتادا باسی ئەوە دەکات کە سیستمی هێگل تێکڕای فەلسەفەی سەردەمی مۆدێرن بەرەو کۆتاییەک دەبا و "چەندین هەڵقەی" نێوان فەلسەفە و تیۆری کۆمەڵایەتی ڕاڤە دەکات. بناغەی فەلسەفەی هێگل، ئەو جۆرە کە مارکوزە باسی دەکات، بەپێی گرنگیدان vorrangig بە تیۆری کۆمەڵایەتی ئوروپی دەچێتە پێش. لەم سەرەتایەدا مارکوزە نایەوێت کە تەفسیری پێشکەفتنی تیۆری کۆمەڵایەتی بەپێی کۆرۆنۆلۆژی/ زەمەنبەندی ڕوون بکاتەوە، بەڵکوو گرنگی بە ناوەرۆکی دەدات. مارکوزە بەمجۆرە بەڵگاندنی خۆی بۆ داڕشتنی ئاکامەکانی تر پەرە پێدەدات.
مارکوزە پێداگرانە دەڵێ، لەپاش مەرگی هێگل، هێگلیسم بەسەر دوو باڵی ڕاست و چەپ دا دابەش کرا. باڵی ڕاست لە لایەن بیرمەندانێکی وەکوو میشێلت، گۆشێل، ئێرمان، گابلێر و ڕۆزێن کرانتسەوە درێژەی پێدرا، ڕەوتێکی کۆنسێرڤاتیڤ کە لە بوارەکانی لۆژیک، متافیزیک، فەلسەفە، ماف و دین دا کاری دەکرد. باڵی چەپ لە لایەن شتراوس، ئێدگار و برۆنۆ باوێر، فۆیرباخ و چیسکۆڤسکی نوێنەرایەتی دەکرا، ئەم ڕەوتە گرنگی بە زانستی ڕەخنەگرانە و نرخاندنی بوارەکانی دین، سۆسیالیزم، ئانارشیزم و لیبرالیزم ئەدا. هەروەها سەرەتای بیری هێگلیستی لە کۆمەڵناسی دا لە "شتاین" دا دەردەکەوێ، لە زانستی مافەکان دا لە "لاسال" دا، لە مێژوودا لە "دروسین" و "ڕانکە" دا. تەفسیرێکی تەواو جیاواز لە فەلسەفەی هێگل، بەمجۆرە مارکوزە خۆی لە تیۆری مارکسیستی دا دەبینێتەوە. بۆ مارکوزە توانای مەزنی مارکس لەوە دایە کە فەلسەفەی هێگل بەشێوەی کۆنکرێت لەمەڕ کۆمەڵگە بەکاردێنێ. بەمجۆرە ڕەوتی ڕەخنەگرانەی بیری هێگل وەردەگرێ و بەمشێوەیە گەشە بە تیۆری کۆمەڵناسی مارکسیستی دەدات. بەتایبەت خاڵێکی گرنگ بۆ مارکس ئەوە بوو کە بیری هێگلیستی لە کاری فەلسەفی خۆی دا نیشاندا، یانی هێزی کۆمەڵایەتی (فکری و مادی) پێشوو گەشە بە خۆیان دەدەن تا لە ڕێگەی پراکتیکی سیاسییەوە هێزی ئەقڵ بەدی بێنن. "لەم پێوەندییە دایە کە ئێمە دەبێ لە ئاکامی کۆرنۆلۆژیک واوەتر بچین و باسی بنەماکانی تیۆری مارکسیستی بکەین، نەک ئەوە کە خۆمان بەوەوە خەریک بکەین کە کۆمەڵناسی ئاڵمانی لە پێش دا هەبووە یان فەرانسی. تەنیا کاتێ دەتوانین کاریگەری فەلسەفەی هێگل لەسەر تیۆری کۆمەڵایەتی بەباشی نیشان بدەین کە فۆرمی ئەم فەلسەفەیە هەڵدەینەوە و ڕەوتی ڕەخنەگرانەی بناسین، هەر بەوجۆرە کە لە تیۆری مارکسیستی دا دەرکەوتووە." هەر بۆیە کتێبەکەی مارکوزە لە پێشدا بە مناقشە لەمەڕ بنەماکانی تیۆری دیالکتیکی کۆمەڵگە دەست پێدەکا و، پاشان باسی بنەماکانی پۆزەتیڤیزم و پێکهاتنی کۆمەڵناسی دەکات.

١.. بنەماکانی تیۆری دیالکتیکی کۆمەڵگە
مارکس گرنگی زۆر بە خوێندنەوەی هێگل سەبارەت بە مەفهومی کار دەدات. هێگل پێی وابوو کە پرۆسەی کار ڕەوتی گەشەی وشیاری مرۆڤ دیاری دەکات. هەروەها هێگل پێوەندی سوژە- ئوبژە قەتیس ڕادەگرێ و لەسەر ئەوە پێدادەگرێ کە لە پرۆسەی کاردا سوبژە بۆ ئەوەی پێویستییەکانی خۆی دابین بکات لەسەر ئوبژە کار دەکا و بەمجۆرە بە دەستی دێنێ. بەڕای هێگل، لە وەها دۆخێک دا مرۆڤ "بۆ خۆی" نییە، بەڵکوو کۆیلەی بارودۆخی دەرەوەیە. پرۆسەی کار بەرەو نامۆیی ڕەهای وشیاری و بەدینەهاتنی ئەقڵ دەچێتە پێش. بەڕای هێگل، بۆ ئەوەی ئەقڵ گەشە بکا و بپشکوێ، دەبێ دۆخی نامۆیی هەڵوەشێتەوە. "مارکس وەها بۆچوونێک لەمەڕ ڕۆڵی کار، یانی پرۆسەی شتاندن/ Verdinglichung و هەڵوەشاندنەوەی، وەک مەزنترین ڕۆڵی فێنۆمێنۆلۆژی گیانی هێگل دەبینێ." بەڕای مارکوزە، بۆ هێگل هەقیقەت بەگشتی  لە ئەقڵ و فاکت، گەوهەر و دیاردە، دەرفەت و ڕاستی پێکهاتووە، یانی هەمان شت کە دەبێ لە هەر توخمێک و لە هەر ڕاستیەک دا خۆ دەربخات. بۆ هێگل، ئەگەر توخمێک ئەقڵانی نەبێت، ئەوە تێکڕای هەقیقەت بەرەو وێرانی دەچێت. وەک لە ژێرەوە دەبینین، مارکوزە پێی وایە کە مارکس توخمێک کە لەئاست فاکتی ئەقڵ دژایەتی بکات، بەدیکردووە- ئەویش پڕۆلیتاریایە. "بوونی پڕۆلیتاریا لەئاست ڕواڵەتی ڕاستیی ئەقڵ دژایەتی دەکات، چون چینێکی تەواو جیاوازە کە بەهۆی دێوی حاشاکاری ئەقڵەوە پەراوێز خراوە. چارەنووسی پڕۆلیتاریا ئەوە نییە کە دەرفەتی مرۆڤی بەدی بێنێ، بەڵکوو بەپێچەوانەیە. کاتێ ئەو سروەت و داراییە پیشان بدرێت کە مرۆڤێکی ئازاد تەیار دەکات، ئەوجار دەردەکەوێت کە پرۆلتێر نە ئازادە و نە مرۆڤە، چون خاوەنی هیچ شتێک نییە. ئەگەر هەوڵ و تێکۆشانی ڕۆحی ڕەها، هونەر، دین و فەلسەفە، سروشتی مرۆڤ لەناو ببەن، ئەوجار پڕۆلیتاریا بۆ هەمیشە لە سروشتی خۆی دادەبڕێت، چون بوونی ئەو دەرفەتی ئەوەی پێ نادات کە لەپێناو خۆی تێبکۆشێت." کەوابوو بوونی پڕۆلیتاریا دەری دەخات، کە ڕاستی لە کۆمەڵگەی بورژوازی دا درۆیە. کۆمەڵگەی بورژوایی جڤاتێکی ناڕاستە.
بەڕای مارکوزە، جیاوازی سەرەکی مارکس و هێگل لەوە دایە کە بۆ مارکس هەموو مەفهوومێکی فەلسەفی، چەشنی/ Kategorie ئابووری کۆمەڵایەتین، لە کاتێکا بۆ هێگل هەموو چەشنێکی ئابووری کۆمەڵایەتی، مەفهومی فەلسەفین. هەروەها دەتوانن وەک خۆیان بمێننەوە، "چونکە لە سیستمی هێگل دا هەموو چەشنەکان جۆرێک نەزم و سامان پێکدێنن، لەکاتێکا لە ئەندێشەی مارکس دا لە دژی ئەم نەزمە دەردەکەون. ئەوان بەرەو فۆرمێکی جڤاتی نوێ دەچنە پێش، تەنانەت ئەوکاتەش کە بەشێوەی باو خۆیان ڕاڤە دەکەن." هێگل گشتێتی لە ئەقڵ دا دەناسێت، بەڵام مارکس گشتێتی لە چینێکی کۆمەڵگەدا دەناسێت. هێگل دەیەوێ ناکۆکی کۆمەڵگەی بورژوایی لە دەوڵەت دا ببینێ و ناکۆکییەکان لە ڕۆحی ڕەهادا ئاشت بکاتەوە، مارکس بەپێچەوانەوە ڕێگەچارەی ناکۆکی کۆمەڵایەتی لە هەڵوەشاندنەوەی کۆمەڵی بورژوایی دا دەبینێ. کەوابوو نرخاندنی ئەم کۆمەڵگەیە کارێکی فەلسەفی نییە، بەڵکوو ئەرکێکی پراکتیکی – کۆمەڵایەتی یە. ئەمە "ڕەتکردنەوەی فەلسەفە" یە.
مارکوزە هەروەها باسی ئەوەش دەکا کە دەکرێ فەلسەفەی ئێگزیستانسیالیستی کیرکەگارد و تیۆری ماتریالیستی فۆیر باخ لە کۆنتێکستی ڕەتکردنەوەی فەلسەفەدا ببینینەوە، هەرچەند کە ئەم دوو ڕەوتە ناتوانن کۆمەڵگەی بورژوایی بەتەواوی بخەنە ژێر پرسیار. کاتێ کیرکەگارد بوونی شازی تاکێتی دەنووسێ، فۆیرباخ هەلومەرجی مێژوویی ئازادی پشت گوێ خست و ئازادی تا ئاستی ڕووداوێکی کۆمەڵی بورژوازی بەرتەسک کردەوە. "ئەوان زۆر هەوڵ دەدەن کە تیۆری کۆمەڵایەتی بەشێوەی زۆر ڕادیکاڵ باس بکەن، کۆششی دینی و فەلسەفی ماتریالیزمی فۆیرباخ و ئیگزیستانسیالیسمی کیرکەگارد بۆ ئەوەی کێشەکان ببیننەوە، ناسەرکەوتوو دەمێنێتەوە. لە بەرانبەردا تیۆری مارکسیستی تیۆری ڕەخنەگرانەی کۆمەڵگەیە و لە هەموو ڕەوت و فورمول و ترادسیۆنێک دادەبڕێت."       
مارکوزە پێداگرانە دەڵێ مارکس بەتایبەت لە دەسنووسەکان دا، یانی لە دەسنووسەیل ئابووری فەلسەفی و لە ئیدیۆلۆژی ئاڵمانی دا، بە وردی باسی ئەوەی کردووە کە کار لە کۆمەڵگەی مۆدێرن دا بەتەواوی نامۆیی مرۆڤ پیشان دەدات. ئەم دیدگایە شیکاری ئابووری مارکسیستی لەگەڵ چەشنی بنەڕەتی فەلسەفەی هێگل پێوەند دەدات. مارکس لە دەسنووسەیل فەلسەفی سەردەمی جەوانی دا باسی جۆرێک لە فێتیشیزم دەکات کە ئامێرەکانی بەرهەمهێنان لە دژی هێزی بەرهەمهێنان بەکار دێن و پێش بە گەشەی بیری ئازادی و بەدیهاتنی تاک و توخمی کۆمۆنیستی تاکێتی دەگرن.
مارکوزە دەڵێ: دابەشبوونی کۆمەڵایەتی کار، بەپێی یاسای بەرهەمهێنانی کاپیتالیستی بەڕێوە دەچێ. سەرەتای تیۆری مارکسیستی پێکهاتەی ماتریالیستی کۆمەڵگە پیشان دەدات، لەوێ دا کە هەژاری و بەدبەختی بەهۆی سروشتی کاری مۆدێرن بەدی دێت. هەروەها تیۆری مارکسیستی لە یەک کات دا هەم زانستێکی مێژوویی و، هەم ڕەخنەگرانەیە. مێژووییە، چونکە مێژووی کۆمەڵگە وەک مێژووی چینە کۆمەڵایەتییەکان ڕاڤە دەکات. ڕەخنەگرانەیە، چونکە ناکۆکی ناو کۆمەڵگە بەشێوەی تۆکمە دەردەخات، چەشنەکانی زانست بەشێوەی بنەڕەتی دەخاتە بەر پرسیار، پێوەندی نێوان وشیاری و پێکهاتەی کۆمەڵایەتی وەک زانستی ناڕاست دەبینێ و دەیەوێ نەزم و سامانی کۆمەڵگە هەڵوەشێنێتەوە.
مارکوزە هەروەها رایدەگەیەنێ کە مارکس سروشتی تێکۆشانی مرۆڤ لە سنووری کار و پیشەی پەتی دا وەک کۆششی ژیان و پشوودان، یان کۆششی وشیارانە دەبینێ تا سروشت و گەوهەری خۆی بپشکوێنێ، بەڵام کۆمەڵگەی بورژوایی گەوهەری مرۆڤی ئەم کار و تێکۆشانە لەناو دەبات. شیکاری مارکسیستی کار لەژێر دەسەڵاتی کاپیتالیسم دا زۆر قووڵ دەبێتەوە، بەجۆرێک کە لە پێکهاتەی مناسباتی ئابووری تا ناوەرۆکی مرۆڤی ڕاستین دەگرێتەوە." لەڕاستیدا ئامانجی تیۆری مارکسیستی ئەوەیە کە مرۆڤ گەوهەری کۆمەڵایەتی خۆی، یان تاکێتی خۆی بەدی بێنێ: خۆبەدیهێنان.
 دەسنووسەکانی مارکس هەروەها مەفهومی Aufhebung/هەڵوەشاندنەوەی هێگلیشی تێدایە. بۆ هێگل هەڵوەشاندنەوە بریتیە لە پرۆسەی ڕەتکردنەوەی ڕەتکردنەوە. بۆ ئەوەی ئەم شتە ڕوون بکەینەوە کە مەبەستی هێگل لە ڕەتکردنەوەی ڕەتکردنەوە چییە، دەبێ بەکورتی ئاوڕێک لە مێتۆدی دیالکتیکی بدەینەوە. دیالکتیک لەپێش دا چەشنێک وەک شتێکی ئیزۆلە/تاقانە دیاری دەکا و پاشان لە پێوەندی لەگەڵ چەشنێکی تردا دەیبینێ. ئەم دوانە هەلومەرجی یەکتر دیاری دەکەن و لە هەمان کات دا حاشا لە یەکتریش دەکەن، بەجۆرێک کە لە پێوەندییەکی ناکۆک دا جێدەگرن، ئەمە ڕەتکردنەوەیە. چەشنەکانی دیالکتیکی دەتوانن بەهۆی ئاڵوگۆڕێکی چەندییەوە ئاڵوگۆڕێکی چۆنی پێکبێنن. لە شوێنێکی دیاریکراودا لەپڕ چەندێتی بەرەو چۆنێتی وەردەگۆڕێ. چەشنەکانی دیالکتیکی هێندە یەکتر ڕەتدەکەنەوە، تا بە دۆخێکی چۆنی نوێ دەگەن، یانی دۆخی چۆنی کۆن لەناو دەبەن و بەمجۆرە هاوکات بە ئاستێکی بەرزتری نوێ دەگەن. ئەمە ڕەتکردنەوەی ڕەتکردنەوەیە. مارکس لەسەر ئەوە پێدادەگرێ کە پێویستی، [یانی] پڕۆلیتاریا، کار و مڵکداری تایبەتی هەڵدەوەشێنێتەوە، یانی ئەوەی کە دەبێ بەردەوام خۆی لە فۆرمەکانی کالادا بەرهەم بێنێتەوە. مارکوزە دەڵێ گرنگی کاری مارکسیستی لەوە دایە کە لە لایەک مناسباتی کۆمەڵگەی بورژوایی شیدەکاتەوە و، لە لایەکی ترەوە ئەو توخمانە دیاری دەکات کە دۆخی کۆمەڵایەتی ئێستا بەرەو گۆڕان و وەرچەرخان دەبەن.
 مارکوزە کۆمەڵگەی کاپیتالیستی وەک جڤاتی کێشە و ناکۆکی پیشان دەدات. "لە ڕێگەی چەوساندنەوەوە بە ئازادی، لە ڕێگەت بێ بەشکردنەوە بە سروەت و سامان دەگەن، بەهۆی بەکارهێنانی بەرتەسکەوە گەشە بە بەرهەمهێنان ئەدەن. تێکڕای پێکهاتەی کاپیتالیزم بەپێی دیالکتیک بەمجۆرەیە: هەر فۆرم و دەزگایەکی پرۆسەی ئابووری، هۆکاری دژبەری خۆی دەخولقێنێ، هەروەها قەیران فۆرمێکی لە بن نەهاتوویە کە لەودا کێشە و ناکۆکی خۆ دەردەخات." بۆ مارکس و مارکوزە تاقە ڕێگەی دەربازبوون، یانی هەڵوەشاندنەوە/ڕەتکردنەوەی کۆمەڵگە و فۆرم و شێوازە شێواوەکانی.  
مارکوزە ڕاشکاوانە دەڵێ، ئەڵبەت کە فۆرم و شێوازی جڤاتی ڕێگەیەکی بەشێنەیی یان ئوتوماتیک ناگرنەبەر، بەڵکوو دەبێ بەهۆی "کردارێکی خودموختاری مرۆڤ"ـەوە ئەنجام بدرێن. وەرچەرخان بەرەو سۆسیالیزم بەپێی پێویستی جەبری پێکنایە، بەڵکوو بەر لە هەر شتێ بە گەشەی تاکێتی مرۆڤەوە بەستراوە. "شۆڕش و وەرچەرخان پێویستی بە زۆر هێزی گەشەکردوو هەیە، بەڵام مەزنترینیان بریتییە لە هۆکاری سوبژکتیڤ، یانی چینێکی شۆڕشگێڕ. بەدیهاتنی ئەقڵ و ئازادی، پێویستی بە جۆرێک ڕاسیۆناڵیزم/ ئەقڵانیەتی ئازاد هەیە، کە بەهۆی ئازادی و ئەقڵ بەرهەم هاتبێ. هۆی ئەمەیە کە تیۆری مارکسیستی لەگەڵ دێتێرمینیزمی ڕام و دەستەمۆ نایەتەوە." سەرەڕای ئەمەش، بەڕای مارکوزە، پێوەندی بەرهەمهێنانی جەبری کۆمەڵگەی کاپیتالیستی بەشێوەی جەبری وشیاری مرۆڤی دیاری دەکات، "چونکە ئەم کۆمەڵگەیە خاوەن سوژە/بکەرێکی ئازاد و وشیار نییە". ئەم وشیارییە دیاریکراوە بریتییە لە پێویستی ئیدیۆلۆژیک".

٢- بنەماکانی پۆزەتیڤیزم و پێکهاتنی کۆمەڵناسی

لەپاش مەرگی هێگل بیرکردنەوەی ئوروپی بەرەو پۆزەتیڤیزم گۆڕانی بەسەردا هات. نوێنەری ئەم سەردەمە، کەسانێکی وەکوو کۆنت، شتال و شیلینگ بە سنووربەندی لەگەڵ فەلسەفەی نێگەتیڤی هێگل، بیرکردنەوەی خۆیان بە فەلسەفەی پۆزەتیڤ دەزانی. ئەوان پێیان وابوو کە دەبێ بەخێرایی فەلسەفەی هێگل بخەنە بەر پرسیار و بینرخێنن، چون ئەوان فاکتی نائەقڵانی قەبوڵ ناکەن. نوێنەرانی فەلسەفەی پۆزەتیڤ، هێگلیان بەوە تاوانبار دەکرد کە ئەو هەرچەند دۆخی دەروونی شتەکان دەپشکێنێ، بەمەیشەوە ناتوانێ فاکت/ ڕاستی بناسێ. فەلسەفەی نگەتیڤ نەزم و سامانی کۆمەڵ ڕەت دەکاتەوە و کەچی ناشتوانێ شتەکان بەوجۆرە کە هەن ڕاڤە بکات. مارکوزە لەوە واوەتر دەچێ، کە دیالکتیکی هێگل "وەک نمونەی سەرەتایی هەر ڕەتکردنەوەیەکی ڕوخێنەرانەی فاکتی بەشکۆ دەردەکەوێ، چون لەودا هەر فۆرمێک لە فاکت ڕاستەوخۆ لەئاست دژبەری خۆی دەوەستێ و تەنیا ناوەرۆکی ڕاستین وەردەگرێ. ئەم جۆرە لە فەلسەفە، هەروەک نرخێنەران دبێژن، کاتێ فاکتی هەبوو وەک ڕاستی دەبینێ، پڕکێشەیە، [بەڵام] پڕنسیپی شۆڕش /وەرچەرخانی تێدایە [شتال]".
بەڕای مارکوزە ئەم دۆخە فەلسەفەی پۆزەتیڤ وەک "ڕزگاریدەری ئیدیۆلۆژیکی" شیاو دێنێتە ئاراوە و هەوڵ دەدات هەر بارودۆخێکی بێ نەزم پشتگوێ بخات. نوێنەرانی ئەم ڕەوتە دیاردە کۆمەڵایەتیەکان وەک جۆرێک شتی نیوترال دەبینن. فەلسەفەی پۆزەتیڤ دۆخی کۆمەڵایەتی "بەپێی نموونەیەک لە سروشت و بەپێی ڕەهەندی پێویستی ئوبژکتیڤ ڕاڤە دەکات". یانی تیۆری کۆمەڵایەتی دەبێ سەربەخۆیی ڕاستییەکان وەک خۆیان بپارێزێ و شتەکان هەر بەوجۆرە کە هەن قەبوڵ بکات. فەلسەفەی پۆزەتیڤ (مارکوزە ئەمە و پۆزەتیڤیزم وەک یەک دەبینێ) هەوڵی خۆی بۆ بیرکردنەوە لە ڕاستییەکان ڕێک دەخا و تەنیا لەو زانستەدا سەردەکەوێ کە ئەزموونەکان بەرز بنرخێنێ. مارکوزە واوەتر دەچێ و دەڵێ، ئەم ڕەتکردنەوە کە دۆخی ئەزموونی وەک ڕاستییەکی بەر لە ئیدەی ئەقڵ دەبینێ، دەبێتە هۆی ئەوە کە دەرفەتی نرخاندنێکی تۆکمەی دۆخی واقێع هەر لە نوتفەدا بخنکێ. لەم ڕێبازەدا کریتیک لە بواری زانست دا ئیتر جێگایەکی نامێنێ و ئیتر گرنگی پێ نادرێ. "دواین ئەنجام کە فەلسەفەی پۆزەتیڤ پێی گەیشتووە تەسلیم بوونی بیرکردنەوەیە لەئاست دۆخی واقێع دا و ڕاگەیاندنی ئەم شتەیە کە هێز لە ئەزموون دایە." فەلسەفەی پۆزەتیڤ و پۆزەتیڤیزم هەر دوویان دوو ڕەوتی پۆزەتیڤن کە نەزم و سامانی ئێستا و دۆخی زاڵ بە ڕەوا دەزانن. مارکوزە بەپێی ئەم دیدگا و بنەمایە ڕەوتی بیرکردنەوەی پاش هێگلی لە کارەکانی سەنسیمۆن، لە نووسینەکانی ئوگوست کۆنت و شتال و، هەروەها لە تۆژینەوەی شتاین دا گەڵاڵە دەکا کە بەگشتی وەک فەلسەفەی پۆزەتیڤ، یان باشتر بڵێم وەک ڕەوتی پۆزەتیڤیست دەناسرێن.
ئەگەرچی سۆسیالیستی فەرانسی سەن سیمۆن هەندێ مەیلی بە فەلسەفەی هێگل هەیە، بەڵام دەکرێ ئەو بە "دامەزرێنەری پۆزەتیڤیزمی مۆدێرن" بناسین. بەڕای مارکوزە، سەن سیمۆن فەلسەفەی هێگل لە تیۆری کۆمەڵایەتی دا بەکاردێنێ، ئەگەرچی بە دیدگایەکی گەشبینانەوە کۆمەڵگەی سەنعەتی دەبینێ و پێی وایە "کە بەهۆی پێشکەوتنی خێرای تێکڕای هێزی بەرهەمهێنان بەزوویی ناکۆکی گەشەندە و شۆڕشی شۆڕشگێڕان لە ناخی سیستمی کۆمەڵایەتی دا لەناو دەچێ". بەڵام سەن سیمۆن لە دوا نووسینەکانی دا هەڵوێستی پێچەوانە دەگرێ و لەئاست نەزمی زاڵ و پۆزەتیڤیزمی خۆی دەوەستێ. سەن سیمۆن دەیەوێ کە مڵکداری تایبەتی هەڵوەشێتەوە و لایەنگری لەم بیرە دەکات کە ئازادی و بەختەوەری تەنیا بەهۆی بزاڤێکی شۆڕشگێڕانەوە بەدی دێت. هەروەها سۆسیالیستی کەڤنار سیستمی کاپیتالیستی بە سیستمێکی چەوسێنەر دەزانێ کە لەودا پێشکەوتن بەهۆی پێشێلکردنی ئەقڵ و ئازادی بەرهەم هاتووە. دەکرێ دواین بەرهەمەکانی سەن سیمۆن وەک یەکەم کریتیکی مایندە بزانین کە لە دژی کاپیتالیزم دەوەستێ.
نزیکەی دە ساڵ دواتر ئوگوست کۆنت دەستی لە دۆکترینی ئابووری سیاسی تیۆری کۆمەڵایەتی سەن سیمۆن هەڵگرت و جۆرێک تیۆری کۆمەڵایەتی پێش خست کە ئانالیز و ڕاڤەکردنی کۆمەڵگەی وەک زانستێکی سەربەخۆ دەرهێنا – کۆمەڵناسی. سۆسیۆلۆژی چاوپۆشی لە مینو و توخمی واڵا کرد و لە کریتیکی فەلسەفی خۆی بوارد. ئوگوست کۆنت دژایەتی نێوان تیۆری فەلسەفی و پۆزەتیڤیستی بەمجۆرە کورت کردەوە: کۆمەڵناسی پۆزەتیڤ دەبێ لەجیاتی چەند توخمی واڵا/ترانسێندێنت، خۆی بۆ تۆژینەوەی ڕاستییەکان تەرخان بکات، لەجیاتی بیر و خەیاڵی بێهودە، گرنگی بە زانستی بەسود بدات، لەجیاتی گومان و شتی نادیار، گرنگی بە دڵنیایی بدات، لەجیاتی ڕەتکردنەوە و ڕوخاندن، گرنگی بە ئۆرگانیزاسیۆن بدات". بەمجۆرە کۆمەڵگە وەک سیستمێک لە یاسای ئەقڵانی دەبینرا، کە بەپێی پێویستی سروشتی گەشەی دەکرد. مارکوزە پێداگرانە دبێژێ: بەمجۆرە سۆسیۆلۆژی پۆزەتیڤ تا ئاستی جۆرێک پاساودان کاول کرا و وەک چەشنێک پاراستنی ئیدیۆلۆژیکی کۆمەڵگەی بورژوایی دەرکەوت. بەجۆرێک کە ئەندێشەی مرۆڤ تەنیا وەک چاودێر و پاساودەری نەزمی کۆمەڵایەتی دەسەڵاتدار و سیستمی زۆردار دەبینرا. چاودێری لەجیاتی شک و گومان لە سۆسیۆلۆژی کۆنت دا بە مانای ئەوەیە کە پاراستنی نەزم لەجیاتی تێکشکاندنی نەزم جێگیر دەکرێ، بەمانای ئەوەیە کە ئوتۆریتەی یاساکانی سروشت لەجیاتی کرداری ئازاد دابنرێ و یەکێتی و یەکپارچەیی جێگەی بێ نەزمی بگرێتەوە. ئەم جۆرە لە سۆسیۆلۆژی بۆ کۆنت، وەک ئیدەی بنەڕەتی نەزم، هەروەها لە دیدگای کۆمەڵایەتی و مێتۆدۆلۆژیکی ئەودا مانایەکی تۆتالیتری هەیە."
هەر دوو مەفهومی نەزم و ئوتۆریتەی سۆسیۆلۆژی کۆنت لە تیۆری دەوڵەتی فەلسەفەی ئاڵمانی شتال دا دووپات دەبنەوە. شتال فەلسەفەی هێگل لەمەڕ دەوڵەت و کۆمەڵگە، وەک گشتێتی نێگەتیڤ و دەسەڵاتی سامناک مەحکوم دەکات. شتال لەبەرانبەردا گەشە بە جۆرێک فەلسەفەی پۆزەتیڤ لەمەڕ دەوڵەتی قانوون دەدات، تا نەزمی سیاسی زاڵ بە ڕەوا بزانێ و لەئاست هێزی بەرهەڵستکار دەوڵەت بپارێزێ. بۆ شتال نابەرابەری کۆمەڵایەتی جۆرێک پێویستی سروشتی پیشان دەدات کە نابێ دژایەتی بکەین. فەلسەفەی سیاسی شتال بۆ ئەوە تێدەکۆشێ کە دۆخی کۆمەڵایەتی زاڵ وەک دۆخێکی نەگۆڕ و ڕاستین پیشان بدا و بەهۆی ئوتۆریتەی دەوڵەتەوە ئەقڵی مرۆڤی یەخسیر بکات. هەر بۆیە مارکوزە تیۆری دەوڵەتی شتال "بە جۆرێک فەلسەفەی پۆزەتیڤی سیستمی زۆرداری" دەزانێ. "فەلسەفەی شتال لە هەموو ڕەهەندەکانی دا بەجۆرێک دەردەکەوێ کە بە ئیدەی پێشکەفتن وەفادار نامێنێ، هەمان شت کە سیستمی هێگل بۆ ڕزگارکردنی کۆمەڵگە هەوڵی بۆ دابوو، شتال بەسەریدا تێدەپەڕی و پاشان خەیانەتی پێدەکا. ئەقڵ بەهۆی ئوتۆریتە سەرکوت دەکرێت، ئازادی بەهۆی سەرکوت و ماف و ئەرکەوە... فەلسەفەی مافی شتال کۆمەڵێک ڕوانگەی بنەڕەتی کۆدەکاتەوە کە دواتر زەمینە بۆ پێکهاتنی ئیدیۆلۆژی نازیسم دەڕەخسێنێ. ئاکامەکانی فەلسەفەی پۆزەتیڤ بەمجۆرەن، هەمان فەلسەفە کە دەیەویست بە ویستی بەرزەفڕانە جێگەی فەلسەفەی نگەتیڤ بگرێتەوە."
شتاین کە بە پسپۆڕی بواری مێژووی شۆڕشی فەرانسە و دۆکترینی کۆمەڵگەی فەرانسی دەناسرێت، لە یەکەم پلانی کۆمەڵناسانەدا باسی دەڤەری ئاڵمانی زمان دەکات. مارکوزە دواین بڕگەی ئەم بەشە لە کتێبەکەی بۆ کۆمەڵناسی شتاین تەرخان دەکات. ئەگەرچی شتاین ئانالیزێکی چینایەتی زۆر بنەمایی کۆمەڵگەی بە ئەنجام گەیاند، بەڵام ئەمیش وەکوو کۆنت دەیەوێ کۆمەڵناسی لە فەلسەفە جیابکاتەوە، تا بناغەی زانستێکی تایبەت دابڕێژێ. لەگەڵ ئەمەدا جۆرێک مێتۆدی بێلایەنی و بەدەر لە داوەری بەهایی پەرە پێ ئەدات، یانی بەجۆرێک کۆمەڵگە دەبینێ "وەکچۆن فیزیک سروشت دەبینێ". شتاین دەڵێ هەموو ئەو زانستانە کە بە ئاستی ڕاستی نەگەیشتبن و لەگەڵ سیستم نەگونجێن، دەبێ لە بواری شیکاری کۆمەڵایەتی زانستی دەرباوێژرێن. مارکوزە دڵنیایە کە هەر ڕەوتێک لە سۆسیۆلۆژی کە زانستێکی تایبەت پێکبێنێ و بیەوێ کۆمەڵناسی لە فەلسەفە جیابکاتەوە، جۆرێک کۆمەڵناسی پێکدێنێ کە لەگەڵ تیۆری دیالکتیکی کۆمەڵگە ناسازگارە. دیالکتیک بۆ مارکوزە مێتۆدێکی فەلسەفییە، نەک سۆسیۆلۆژیک. مێتۆدێک کە هەموو مەفهومێکی دیالکتیکی توخمەکانی گشتێتی نگەتیڤی لە خۆی دا هەڵگرتووە و لەگەڵ ئەوەدا ناسازێ کە چەند بەشێکی تاقانە لە پێوەندی کۆمەڵایەتی جیا بکرێنەوە و بەشێوەی ئیزولە و دابڕاو ببینرێن. دیالکتیک زانستێکی تایبەت نییە لەپاڵ زانستەکانی تردا، بەڵکوو جۆرێک تیۆرییە کە دەیەوێ پێوەندییەکان لە ناخی گشتێتی دا بناسێ و هەموو بوارەکانی ئەندێشە و بوون بگرێتەوە. هەروەها دیالکتیک یانی جۆرێک بەراورد کردن کە چۆن شتێک هەیە و، چۆن شتێک دەتوانێ هەبێ. بیرکردنەوەی دیالکتیکی یانی بیرکردنەوەی هەردەم ڕەخنەگرانە. بەڕای مارکوزە، شتاین دیالکتیک وەک جۆرێک تۆژینەوە دەردەخات کە "کۆمەڵگە بەشێوەی ئوبژکتیڤ و بێ لایەنانە دەبینێ".      

ئاکام: کۆتایی هێگلیسم
مارکوزە بەشی کۆتایی کتێبەکەی بۆ باسکردنی ڕۆڵی هێگلیسم لە کۆمەڵگەی لیبراڵیستی دا تەرخان دەکا. لەم قۆناغەدا بۆ مارکوزە دوو ڕەوتی سەرەکی لە ئارا دایە: ڕەوتی ئینگلیسی و ڕەوتی ئیتالی ژیانەوەی هێگلیسم. لە ڕەوتی ئینگلیسی دا (کە بە ئیدیالیسمی نوێی ئینگلیسیش دەناسرێت) هێشتا هەندێ توخمی فەلسەفەی هێگل بەدی دەکرێت، مارکوزە ئەمە وەک دەسپێکی شیکاری بەکار دێنێ. هێگل پشتیوانی لە دەوڵەتێکی ئەقڵانی دەکات کە پاڵپشتی ئەقڵ و ئازادی تاک بێت. نیوئیدیالیسمی ئینگلیسی بە گرنگیدان بە فەزای ئازادی تاکی و گەشەپێدان بە بازرگانی ئازاد خۆی لەگەڵ دیدگای هێگل لەمەڕ دەوڵەتی ئەقڵانی ڕێکدەخات. بەڕای مارکوزە وێنای ئازادی هێگل کە لە نیوئیدیالیزمی ئینگلیسی دا بەرز نرخێندرابوو، بەخێرایی وەک ئامێری زەخت و زۆر بەکار هات و "بە هیچ شێوەیەک وەک هێمای ڕاستینی ئازادی و ئەقڵ دەرنەکەوت". هێگلیزمی ئینگلیسی بەردەوام لە "گیانی ڕاستینی بیرکردنەوەی هێگلی" دوور کەفتەوە. کایەی ئازادی ئنسیاتیڤی تایبەت، لە ڕکەبەرایەتی نێوان چەند مۆنۆپۆل دا لەناو دەچێت. ئیدیالیسمی نوێی ئینگلیسی لە کاپیتالیسمی لیبراڵەوە بەرەو کاپیتالیسمی مۆنۆپۆل دەڕوات.
ڕەوتێکی تر کە مارکوزە لەمەڕ هێگلیسم باسی دەکات، ڕەوتی ڕڤیزیۆنیزمە. "ئەو ڕەوتانە لە مەکتەبی مارکسیسم کە لە بنەماکانی شۆڕشڤانی تیۆری مارکسیستی دەستیان هەڵگرت، یانی ئەو ڕەوتانە کە ڕەهەندی هێگلیستی تیۆری مارکسیستی، بەتایبەت دیالکتیک بە ئاشکرا ڕەت دەکەنەوە." نوێنەری ڕڤیزیۆنیسم، کەسێکی وەک بێرنشتاین، بانگەشەی ئەوە دەکات کە دەرفەتی پێشکەفتنی ئاشتیانەی کاپیتالیسم بەرەو سۆسیالیسمی دیوەتەوە، ئەویش یانی هەوڵی ئەو ئۆرگانانە کە تێدەکۆشن لە ڕێگەی بزاڤی پارلمانییەوە لەناو سیستم دا ئاڵوگۆڕ پێکبێنن. بۆ ڕڤیزیۆنیزم کۆمەڵگە بە ئارامی دەئاژوێ، بەڵام بەدڵنیاییەوە بە فۆرمێکی ئەقڵانی دەگات. ئەوان بۆ گەیشتن بە زانست، بانگەشە بۆ جۆرێک ژیانەوەی تەندروستی تێگەیشتنی مرۆڤ دەکەن و هەروەها بەمجۆرە دیالکتیکی هێگلیستی و مارکسیستی ڕەت دەکەنەوە. "فەلسەفە و سیاسەتی ئوپۆرتۆنیستی، ئەوجۆرە کە ئەم ڕەوتە نوێنەرایەتی دەکا، شێوازی جۆرێک جەنگ، بەوجۆرە کە خۆی باسی دەکات، لە دژی پاشماوەی بیرکردنەوەی یوتۆپیایی مارکس دەگرێتەبەر. ئاکامی رڤیزیۆنیسم ئەوە بوو کە دیدگای سازشکارانەی ناتورالیستی لەجیاتی مەفهومی دیالکتیکی- ڕەخنەگرانە دانیا. ئا بەمجۆرە ڕڤیزیۆنیزم لەژێر دەسەڵاتی دۆخی فاکت دا ملکەچ دەکا، هەمان فاکت کە هیوادار بوو کە بتوانێ بە بزاڤێکی قانوونی پارلمانتاری بیگۆڕێت، ئاوا کرداری شۆڕشگێرانە لە کاناڵی بڕوا بە گەشەی سروشتی بەرەو سۆسیالیسم لەبار دەبات".
مارکوزە بەمجۆرە درێژە بە باسەکەی دەدات: رێنێسانسی ئیتالی هێگلیسم سەرئەنجام لە فاشیسم دا خۆی دەبینێتەوە، ئەڵبەت ئەمە پێوەندی بە هێگلەوە نییە. بەڵکوو پێوەندی بە لاوازی لیبرالیسمی ئیتالییەوە هەیە. ئەوەی بزاڤی ئیتالی لە هێگل وەری دەگرێ، بریتییە لە دەرکی جیاوازی نێوان دەوڵەت و کۆمەڵگەی بورژوایی. ئەم ڕەوتە دەیەوێت بە تێگەیشتنێکی نوێ سیستمی هێگل ڕاڤە بکات، کە پێوەندی بە هێگلەوە نییە. کەوابوو وەک لەژێرەوە دەبینین، مارکوزە "هێگلیسمی" فاشیستی وەک ئاستێک لە فەلسەفە نابینێ. فاشیسم بەپێی بەرنامەیەکی نەگۆڕ و کۆمەڵێک پرنسیپ پێکناتووە. لە جڤاتێکی فاشیستی دا بڕیارەکان بۆ ئایندە بەکار نایەن، بەڵکوو لە یەک کاتا دەدرێن و جێ بەجێ دەکرێن. "وەفاداری بە هەر ڕاستییەک کە لە دەرەوە، یان واوەتر لە ئامانجی پراکتیکی سیاسەتی فاشیستی بێت، بەشێوەی بێ مانا ڕاڤە دەکرێت. تیۆری وەک جۆرێک چالاکی ڕۆحی وەک چەشنێک پێویستی بگۆڕ خزمەت بە سیاسەت دەکات". فەلسەفەی فاشیستی هیچ ڕاستییەک لە دەرەوەی کرداری کۆمەڵایەتی ناناسێ و حاشا لە ناکۆکی نێوان ڕۆح و فاکت[دۆخی زاڵ] دەکات. پشت بەستن بە دۆخی واقێع لەجیاتی پشت بەستن بە ئەقڵ جێگیر دەکرێت. "ئەوە جۆرێک بانگەشەیە کە پێی وایە ڕۆحی هێگل هێشتا دوورە و بەدی نەهاتووە." مارکوزە واوەتر دەچێ و دەڵێ: دەتوانین بە بەڵگەوە بیسەلمێنین کە فەلسەفەی فاشیستی لەگەڵ پۆزەتیڤیسم نزیکی هەیە. "هیچ ئەقڵی ناتوانێ ڕژیمێک پەسەند بکات کە گەورەترین دەزگای بەرهەمهێنان، هەمان شت کە مرۆڤ تا ئێستا بەدەستی هێناوە، لەپێناو سود و حەزی گەشندەی کەمینەیەکی بەرتەسکی مرۆڤی بەکار بێنێ- هیچ ئەقڵێک، تەنیا مەگەر ئەم ڕاستیە کە سیستمی ئابووری [ئێستا] بە هیچ جۆرێکی تر ناتوانێ بمێنێتەوە."
مارکوزە لە بڕگەی کۆتایی ئەم بەشەدا باسی ناکۆکی ئیدیۆلۆژی نازیسم لەگەڵ فەلسەفەی سیاسی هێگل دەکات. هێگل لە نووسینەکانی دا گەڵاڵەی کولتوورێکی ئیدیالیستی دادەڕێژێ، بۆ گەیشتن بە وەها دەرفەتێک، دەبێ سیستمی زۆرداری نەمێنێ. بەڵام بەپێچەوانەوە، رێژیمی نازیسم چوارچێوەی لیبراڵی کولتور تێکدەشکێنێ و دواین دەرفەتی گەشەی کولتوور لەناو دەبات. هەروەها بەپێی ئەندێشەی هێگل، بیری پێشکەوتووی لێبرالیسم لەگەڵ دەوڵەتێکی تۆتالیتردا ناگونجێ. بەڕای هێگل، دەوڵەتێکی ئەقڵانی پێویستی بە ئازادی و ئەقڵی تاک هەیە، هەمان شت کە بۆ ئیدیۆلۆژی نازیسم باسی سەرە. هەروەها هێگل پێی وایە کە خەڵک هێشتا بە وشیاری ڕاستین نەگەیشتووە. بۆ پێکهێنانی دەوڵەتێکی ئەقڵانی دەبێ تاکی ئازاد هەبێ، یانی کەسانێک کە پێویستی ڕاستەقینە و سود و حەزی خۆیان بناسن و بیپشکوێنن. بەپێچەوانەوە دەسەڵاتی نازیسم ئاپوورە لە وەهم و خەیاڵ دا دەگەمژێنێ و خەڵک لە فۆرمی سروشتی دا ڕادەگرێ، ئەم دۆخە دەبێ لە کەسێتی ڕێبەردا پیشان بدرێت. مارکوزە بەپێی ئەم دیدگایە بەم ئاکامە دەگات: "نرخاندنی نازیسم هەمیشە چەند ڕەوتێ لە فەلسەفەی هێگلی دەخاتەڕوو کە هەموویان دژی تۆتالیتاریسمن. چونکە ئەم ڕەوتانە هێگل وەک هێمای سەدەیەک، تێپەڕاندنی ڕابردوو و ویستی دژایەتی فەلسەفی ئەم سەردەمە دەناسێنن،... ئەوەی بەرپرسی پێشکەوتنی ئاڵمانی فاشیستە، بیرێکی سیاسی کۆمەڵایەتی کە بە ڕێگەیەکی تەواو نێگەتیڤ دا دەگەڕایەوە بۆ فەلسەفەی هێگل، لە هەموو مەبەست و پرنسیپەکانی دا بەتەواوی دژی هێگل بوو."

بەکورتی دەکرێ بێژین مارکوزە لە کتێبی "ئەقڵ و شۆڕش" دا فەلسەفەی هێگل لە تیۆری کۆمەڵایەتی دا بەکار بێنێ. نووسەر لە بەشی یەکەم دا بنەماکانی فەلسەفەی هێگل ڕاڤە دەکا و لە بەشی دووهەم دا ڕەوتی پێکهاتنی تیۆری کۆمەڵایەتی شیدەکاتەوە. لەم کورتە باسەدا باسی بەشی دووهەممان کرد. مارکوزە بە کاریگەری فەلسەفەی هێگل لەسەر تیۆری کۆمەڵایەتی دەست پێدەکات. لە بەشی یەکەم دا باسی کاریگەری فەلسەفەی هێگل لەسەر مێژووی بیری ئوروپی دەکا و هەروەها پێگەی گرنگی ئەم فەلسەفەیە لە تیۆری مارکسیستی دا دیاری دەکات. لێرەدا بنەماکانی تیۆری دیالکتیکی کۆمەڵگە شیدەکاتەوە.
لە بەشی دووهەم دا باسی فەلسەفەی نکۆڵیکار/Negation دەکا و هەوڵ دەدات کاریگەری هێگل لەسەر کیرگە گارد، فۆیرباخ و مارکس ڕوون بکاتەوە. بۆ مارکوزە مارکس لەوەدا مەزنترین پشکی بەرکەوتووە کە توانیویە فەلسەفەی هێگل بەشێوەی کۆنکرێت لەمەڕ کۆمەڵگە بەکار بێنێ. مارکس بە پشت بەستن بە مەفهومی ئەقڵی هێگل باسی هەڵوەشاندنەوەی کۆمەڵگا دەکا، یان بە وتەیەکی ڕۆشنتر، بۆ ڕەتکردنەوەی ڕەتکردنەوەی کۆمەڵگا و بۆ شۆڕش و وەرچەرخان بەکاری دێنێ. مارکوزە بۆ لێکدانەوەی بنەماکانی پۆزەتیڤیزم و پێکهاتنی کۆمەڵناسی، باسی ڕەوتی پێکهاتنی فەلسەفەی پۆزەتیڤ دەکا و تیۆری پۆزەتیڤیستی سەن سیمۆن، ئوگۆست کۆنت، شتال و شتاین دەنرخێنێ.
ئەم کتێبە بە باسێک لەمەڕ کۆتایی هێگلیسم کۆتایی دێت. لەم بەشەدا مارکوزە نیوئیدیالیسمی ئینگلیسی و ڕەوتی ڕڤیزیۆنیزم دەنرخێنێ و بەئاشکرا ڕوونی دەکاتەوە کە فەلسەفەی هێگل لەگەڵ دوو سیستمی نازیسم و فاشیسم ناگونجێ.

سەرچاوە:

Zusammenfassung von Vernunft und Revolution – Teil II (Marcuse 1941/2004)
http://www.allmer.uti.at/wp-content/uploads/2011/11/ZusammenfassungMarcuse_ThomasAllmer.pdf

نظرات

پست‌های معروف از این وبلاگ

زمان، نووسین، میدیا و ...

زمان، نووسین، میدیا، گوتاری نەتەوایەتی، ناسنامە و پەروەردە گفتوگۆ لەگەڵ د. جەعفەر شێخولیسلامی پرۆفیسۆری میوان، زانکۆی سۆران، کوردستان پرۆفیسۆری هاوکار، زانکۆی کارلتن، کەنەدا ئا: هادی محەمەدی سەرەتا: د. جەعفەر شێخولیسلامی ساڵی ١٩٦٠ لە گوندی لاچین، سەر بە شاری مەهاباد، لە دایک بووە. هەر لەو شارەدا خوێندنی سەرەتایی و ناوەندیی تەواو کردووە. لە کۆتایی حەفتاکاندا، بە دزی خۆی فێری زمانی زگماکی کردووە و دەستی بە نووسینی شیعر و چیرۆکی کوردی کردووە. لە سەرەتای هەشتاکاندا، لەناو میدیاکانی سەردەمی ڕاپەڕینی رۆژهەڵات و باشووری کوردستان و، دواتریش لە میدیای ئێرانی لە بوارەکانی هەواڵنێری، وتارنووسین، چیرۆک، شانۆنامە، رۆڵی شانۆیی و وەرگێڕاندا چالاکی نواندووە. لە ساڵی ١٩٨٨ بە ئەم لاوە، لە وەڵاتی کەنەدا نیشتەجێ بووە و، لەم بوارانەدا خوێندوویەتی: ئەنستیتۆ/پەیمانگە (کتێبخانە و ئاگاداری)، بەکالیۆرۆس (زمانەوانی گشتی)، بەڵگەنامەی مامۆستایەتی (زمانی ئینگلیزی وەکوو زمانی دووهەم)، مەستەر (زمانەوانی کارەکی/کارکردی) و دوکتۆرا (پێوەندییە گشتیەکان—گوتار و میدیا). دوای ئەوە کە نزیکەی دە ساڵ ما

قوتابخانەى فرانکفۆرت

مارکوزە و قوتابخانەى فرانکفۆرت marcuse and Frankfurt school براین مەگى سەرەتا: ئەو قەیرانە ئابوورییە کە لە مەوداى دوو جەنگى جیهانیدا زوربەى وڵاتانى رۆژئاوایى گرتەوە، بەڕاى زۆربەى چەپەکان سەرەتاى رووخانى سیستمى سەرمایەدارى بوو کە ئەوان بەردەوام لە تیۆری مارکسیستى دا پێشبینیان کردبوو. ئەگەرچى بەپێى ئەم تیۆرییە دەبوو ئاکامى ئەم دۆخە بە کۆمۆنیزم بگات، بەڵام لە هیچ وڵاتێکى ئوروپا ڕژیمى کۆمۆنیستى نەهاتە ئاراوە. به‌پێچه‌وانه‌وه‌ ئەوەى سەرکەوت فاشیزم بوو. هەندێ لە چەپەکان بەجۆرێک لەم دۆخە ناهومێد بوون کە بەجارێک دەستیان لە مارکسیزم هەڵگرت. هەندێکى تر قەت تووشى ڕاڕایى نەهاتن و هەروا لەسەر بڕواکانى خۆیان مانەوە. گروپێکى تریش لەنێوان ئەم دوو رەوتەدا وەک چەپ مانەوە- یان دەیانویست بمێننەوە- بەڵام پێیان وابوو، بۆوەى مارکسیزم بتوانێ هەروا جێگەى بڕوا و متمانە بێت، دەبێ سەرلەنۆى شروڤە بکرێ و بەخۆیدا بچێتەوە. گرووپێ لەم کەسانە کۆتایى دەیەى 1920 لە شارى فرانکفۆرت کۆبوونەوە، کە دواتر بە ئەندامانى "قوتابخانەى فرانکفۆرت" ناوبانگیان دەرکرد. لە راستیدا ئەم کەسانە بۆ ماوەێکى زۆر لە فرانکفۆرت نە