یکشنبه، دی ۱۶، ۱۳۹۷

کـــوردەکان، نەتەوەیەک لەنێوان سەرکوت و سەرهەڵدان دا


کـــوردەکان،
 نەتەوەیەک لەنێوان سەرکوت و سەرهەڵدان دا
نووسینی: کەریم شامبێرگێر و میخایل ماین
دەزگای چاپی وێستێند، فرانکفورت، دێسامبری ٢٠١٨

ئەم کتێبەش لە مانگی ڕابردوودا بە زمانی ئاڵمانی چاپ کراوە. بەپێچەوانەی کتێبی پێشوو، کە نووسەر یانی توبیاس هوخ ئەندامی پارتێکی لیبراڵ دیموکرات بوو، لێرەدا نووسەر کەرەم ئەندامی پارتی لینکەیە و لە حیزبێکی چەپ دایە. ئەڵبەت هەر دوو نووسەری ئەم کتێبە دوو کەسێتی ئاکادمیکن لە زانستگەی مونیخ. هەروەها زمانی نووسینی ئەم کتاوە لەچاو ئەویتر، ئاسانتر و ڕەوانترە.
ئەم نووسەرانە لەباری مێژووییەوە گەلی کورد لەگەل مادەکان پێوەند دەدەن و باسی داستانی کاوە و زۆحاک دەکەن. یانی کاوە بە نوێنەری گەلی ماد دەزانن و زۆحاک بە هێمای زۆڵمی دەوڵەتی ئاشوور دەبینن کە لە ساڵی ٦١٢ بەر لە زاین دا بەهۆی هێرشی مادەکان تێک دەڕوخێ. لە درێژەدا زۆر جار شۆڕشی هاوچەرخی کوردستان بە درێژەی ڕاپەڕینی کاوە لە دژی زۆڵمی زۆحاک دەزانرێت.


 چۆن نەتەوەیەک دەخولقێ؟
نووسەران لەم بابەتەوە بەپێی تیۆری مۆدێرن سەبارەت بە ناسیونالیسم زیاتر پشت بە دیدگای ب. ئەندرسۆن و تێرمی  vorgestellte Gemeinschaft یانی "جڤاتی وێناکراو" دەبەستن. بەپێی دیدگای ئەندرسۆن کاتێ ئەندامانی نەتەوەیەکی دیاریکراو لە ڕۆژنامەیەکی نەتەوەیی دا، یەک هەواڵ، یەک گوتار و یەک لێکدانەوە بە زمانێکی هاوبەش دەخوێننەوە، یان لە ڕۆمانێک دا یەک بەسەرهات و گێڕانەوە دەخوێننەوە، ئەوجار لە مێشکیان دا جۆرێک هەست و ناسنامەی هاوبەش پێکدێت بەجۆرێک کە خۆیان وەک ئەندامانی نەتەوەیەک دەبینن و وێنا و پێناسە دەکەن. بەپێی ئەندرسۆن ئەم شتە بناغەی هەست و وشیاری نەتەوایەتی پێکدێنێ.
بەڵام نووسەرانی ئەم کتێبە بە دروستی ئاماژە بەو ڕاستییە دەکەن کە بوونی چەندین دیالێکت لە زمانی کوردی دا کە سەرەڕای جیاوازی وشەکان، لەباری گراماتیکیشەوە کەم تا زۆر لێک جیاوازن، لە پرسی زمانی هاوبەش دا ئاستەنگ پێکدێنێ...
شێوازێکی ئەم نووسەرانە ئەوەیە کە لە نووسینی ئەم کتێبەدا زۆر کەس و لایەنیان دیوە و لەگەلیان دواون. لەوانە گرنگییەکی زۆر بە خەڵکانی دیاسپۆرا دراوە. یانی ئەوکەسانە کە دوور لە کوردستان و لە ئوروپا دەژین، یان لە ئوروپا لە دایک بووگن. یەکێ لەم کەسانە خانمێکە بە ناوی ڕۆزا بورچ.
گێڕانەوەی بەسەرهاتی ژیانی ڕۆزا لە زمانی خۆیەوە گەلێک سەرنج ڕاکێشە. ڕۆزا دبێژێ: "من ساڵی ١٩٩١ لە بیلەفیلدی ئاڵمان لەدایک بووم. بابم خەڵکی بورچ بوو، گوندێکی پەڕیوە لەنێوان سنووری باکوور و ڕۆژاوا کە هەموویان ئێزیدین، هەمووشیان بە بورچ دەناسرێن. دواتر بابم بەدوای خوێندن دا دەچێتە ئەستەموڵ و پاشان ئانکارا. لە ئانکارا هەم لەگەل ئەندێشەی چەپ و هەم لەگەل دایکم ئاشنا دەبێ. دایکیشم بەڕەچەڵەک ئەرمەنی و بە زمان تورک و، بە بیر و باوەڕ چەپ بووە. لەپاش کودتای ساڵی ١٩٨٠ ئەوان ناچار دەبن وەڵات بەجێ بێڵن و بێنە ئاڵمان. بەدرێژایی هەموو ئەو ساڵانە هەر هیوادار بوون کە ڕۆژێک کوردستان ئازاد ببێ و بگەڕێنەوە... کە من لە دایک بووم و هۆش و گۆشم کرایەوە، بەردەوام باس باسی کوردستان و سیاسەت و ئازادی بوو. هەردەم کەسانێکی تازە دەهاتن و دەبوون بە میوانی ئێمە. لەوانە کەسانی خەباتکار کە لە شەڕی کوردستان دا دەستێک یان قاچێکیان لە دەست دابوو. بۆ ماوەیەک ژنێکی گیانباز دایەنی من بوو و بەخێوی دەکردم. لە فەزایەکی ئاوادا من بەتەواوی وەکوو مرۆڤێکی سیاسی بارهاتم... کە دەبیرستانم تەواو کرد و ویستم بچم بۆ زانستگە، پاش ماوەیەک گەڕان و پشکنین ناوەندی فریدریش ئوبێرت وەریگرتم. هەر لەم کاتەدا لەگەل بابم بوو بە کێشەمان. ئەو لە دژی ئەوە بوو کە من لەو ناوەندە بخوێنم. دەیوت ڕۆزا، مەگەر تۆ نازانی کە من و دایکت بە خۆشەویستی "ڕۆزا لوکزامبورگ"ـەوە تۆمان ناوناوە ڕۆزا؟ کەچی تۆ ئێستا دەتەوێ لە ناوەندی فریدریش ئوبێرت درێژە بە خوێندن بدەیت! مەگەر نازانی ئوبێرت کێ بوو؟ مەگەر نازانی ئەوە ئەو بوو کە ڕۆزا لوکزامبورگی کوشت!؟
 [تێبینی: ڕۆزا لوکزامبورگ، ژنە شۆڕشگێڕی ئاڵمانی، لە ساڵی ١٩١٩ لە سەردەمی سەرکۆماری فریدریش ئوبێرتی سۆسیال دێموکرات دا لە بێرلین کوژرا].
بەهەرحاڵ، ڕۆزا دەڵێ ئەمن هەر لەو شوێنە بەکالۆری و پاشان ماستەرم تەواو کرد و دواتر بۆ درێژەدان بە خوێندن چوومە بریتانیا. ئێستا لە بوار سیاسەت و کۆمەڵناسی دا خەریکی دۆکترا دەخوێنم. ڕۆزا دبێژێ: ڕۆژێکیان لەگەل CNN وتووێژم هەبوو لەمەڕ کوردستان و بارودۆخی ڕۆژاوا. گوتم بابە من دەبێ لە سی ئن ئن باسی سیستمی کۆنفدراڵی ڕۆژاوا بکەم، دەبێ باسی یەپەگە و یەپەژە بکەم. من دەبێ ڕوونی بکەمەوە کە ئەم هێزانە کێن و چ دەخوازن. ئەی ئەگەر من باسی ئەم شتانە نەکەم دەبێ باسی چی بکەم؟"
ڕۆزا نموونەیەکێ تیپیکە لەو مناڵانە کە لە دیاسپۆرا پەروەردە بووگن و ئێستا لە خەمی ناسنامە و نیشتیمان دان. بەجۆرێکیش خۆیان بارهێناوە کە لەمەڕ پرسی کوردستان کاناڵی CNN لەگەلیان گفتوگۆ دەکا و لە زۆر میدیا و ناوەندی ئاکادمیک بووگن بە دەنگی بزاڤی بەڕومەتی کوردستان.

لەمەڕ کوردستانی باشوور، کەریم شامبێرگێر هەم لە کاتی ڕێفراندۆمی ساڵی پاردا سەردانی باشووری کردووە، هەم زۆر کەسی دواندووە و روانگەیەکی ڕیالیستی لە ڕەوشی باشوور بەدەستەوە داوە.
یەکێ لەو کەسانە سیروان عەباسە، پیاوێکی کەرکووکی دانیشتووی مونیخ. لەوێ هەم کاری تەرجمە دەکا، هەم شوفێری تاکسی. سیروان باسی ساڵانی دوور و درێژی خەباتی کورد لە باشووری کوردستان دەکات. ئەو دەڵێ: "ئەو سەردەمە هەموومان بە دڵ و بە گیان بڕوامان بە نەتەوە و بە نیشتیمان هەبوو. هەموو لەپێناو کوردایەتی سووتاین. هەر ماڵە و چەندین شەهیدی دا. تا دوایی کە ڕاپەڕین کرا و پارتی و یەکێتی بە دەسەڵات گەیشتن، هەموو خەباتگێڕان و قارەمانان پشتگوێ خران و ئەوجار جاشەکان و مستەشاران بوون بە هەمەکارەی وەڵات. تا دوایی شەڕی ناوخۆشیان هەڵگیرساند. هەر بۆیە من بۆ خۆم نائۆمێد بووم، ئیتر هیچ ئاسۆیەکم بەدی نەدەکرد. بۆیە نیشتیمانم بەجێ هێشت و لەڕێگەی ئێران و تورکیاوە خۆم گەیاندە ئاڵمان. زۆر کەس ئەم ڕێگەیان گرتەبەر و زۆرێکیان لە دەریا خنکان...
نووسەر لە درێژەدا باسی ئاکامی ڕێفراندۆمی باشوور و پیلانی دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستان دەکات کە چۆن لەناکاوێک هەموو شتێک تێدا چوو و نیوەی خاکی کوردستان داگیر کرایەوە... ئاوایە، کاتێ هەموو شتێ لەپێناو بەرژەوەندی حیزب و بنەماڵە بێت، ئیتر نەتەوە و نیشتیمان مانای نامێنێ و بە جارێک قەڵای خەون و ئامانجی سەدان ساڵەی میلەتێک ئەدەن بەبا...
لەم کتێبەدا بە پوختی باسی چۆنیەتی پێکهاتنی دەوڵەتی سەقەتی تورکیە بەپێی یەک زمان، یەک کولتور و یەک نەتەوە و، چۆنیەتی سەرکوت کردنی کەمینەکانی تر کراوە: لەڕاستیدا دەوڵەتی تورک دەیویست کوردەکانیش وەکوو چەرکەس و یۆنانی و ئەرمەن قڕ بکات، بەڵام لەبەر ئەوەی کوردەکان زۆر زیاتر و بەهێزتر بوون، ئەم کارەی پێ نەکرا. هەر بۆیە ڕووی کردە ئاسیمیلاسیۆن، زۆڵمی دەوڵەتی توورک لە ئاسیمیلەکردنی خەڵکی کورد دا هێندە سەخت، تاڵ، ژاناوی و پڕ لە سووکایەتی بووە، کە ئێمەی کوردی ڕۆژهەڵات قەت شتی وا بە خەیاڵیش تەسەور ناکەین. خودی نووسەر ئاماژە بەوە دەکا کە لە ئێران بەهۆی خزمایەتی زمانی و فەرهەنگی کورد و فارس، کوردەکان تووشی وەها زۆڵمێک نەهاتوون. بەڵام چون لەمەڕ پێوەندی کورد لەگەل تورک و عەرەبان، هەم زمان جیاوازە، هەم فەرهەنگ، هەم نەژاد، زۆڵم و زۆریش ئێجگار جیاوازتر بووە. سەرەڕای ئەمەش، سیاسەتی ئاسیمیلەکردن لە تورکیە سەرکەوتوو نەبوو، پاش چل ساڵان لە ڕاپرسییەک دا دەرکەوت کە لە هەر چوار کورد هێشتا سیانیان تورکی نازانن...
 لەپاشان بەدرێژی باسی مێژووی پ. ک. ک و شۆڕشەکانی باکوور کراوە و لە کۆتایی ش دا باسی سەردەمی ئێستا و دەوڵەتی فاشیستی ئەردۆغان دەکرێت.

لەم کتێبەدا باسی ئەوەش دەکرێ کە چۆن خەباتی کوردستان سەرنجی زۆر کەسی بیانی بەرەو پرسی کورد ڕاکێشاوە بەجۆرێک کە خۆیان بە کوردستان گەیاندووە و لە بزاڤی ئازادیخوازی دا بەشدار بووگن. چ وەک پزیشک، چ وەک نووسەر و ڕۆژنامەوان، چ وەک شەڕڤان و خەباتکار. خاڵی جێگەی سەرنج ئەوەیە کە کەرەم، یەکێ لە نووسەرانی ئەم کتێبە تورکە و ئەویدی ئاڵمانی. هەر لەم باتەوە نموونەی دیکە زۆرن.
بۆ وێنە: چۆن پزیشکێ بوو بە تێکۆشەرێکی سیاسی؟ لەم بەشەدا باسی دۆکتۆر ڕایمار هایدەر دەکرێت. پزیشکێکی ئاڵمانی کە بە مەبەستی کاری پزیشکی و خێرخوازی ڕوودەکاتە باکووری کوردستان. بەڵام لەوێ لەگەل پرسی کورد و خەباتی کوردستان و بزاڤی پ ک ک ئاشنا دەبێ و لەوە بەدوا دەبێ بە دەنگ و پەیامهێنەری ئەم خەباتە و کتێبەکانی ئاپۆ بە زمانی ئاڵمانی تەرجمە و چاپ دەکات. لەوانە "میراتی گێل گامێش"، کە هەزار لاپەڕەیە. ئەم پزیشکە هەروەها ئاپۆ بە کەسێکی فیلسوف و تیوریسیەنی خەباتی کوردستان دەزانێت. لەم بابەتەوە ئاماژە بە دیدگای ئاپۆ لەمەڕ پرسی ژن دەکات: دوو داهێنانی گرنگی ژن لە مێژووی بەشەر دا بریتی بووە لە داهێنانی مەزرا و کشتوکاڵ، دەستەمۆ کردن و بەخێوکردنی ئاژەڵان. هەروەها بەڕێوەبردنی کاری مەزرا و ماڵبات، ڕستن و چنین و هیتری بەدەستەوە بووە. بەڵام بە پێکهاتنی جڤاتی پیاوسالار، ژن دەبێ بە کۆیلە و لەوە بەدوا هەموو دەوڵەتەکان، هەر لە دەوڵەتی کاهنی سومێر، تا دەوڵەتی مۆدێرنی سەرمایەداری، بەپێی یەک مکانیزم بەڕێوە چووگن، ژنیان کۆیلە کردووە، مرۆڤیان کۆیلە کردووە و بە داگیرکردنی سروەت و سامانی کۆمەڵگە، هیرارشی دین و دەوڵەت و دەسەڵاتی کاهن/ کەشیش/ پیاویان سەپاندووە. ئەمەیە کە ژن یەکەمین کۆڵۆنی مێژووی مرۆڤایەتی بووە... کە بۆ یەکەم جار دەوڵەت دامەزرا، ئیتر هەڵنەوەشایەوە، بەڵکوو لە ڕێگەی ئەرتەشەوە، لە ڕێگەی دینی دەوڵەتییەوە، لە ڕێگەی دیوانسالارییەوە وەک جۆرێک دۆکترینی زۆرەملی پارێزرا و درێژەی پێدرا...
 بوکچین دبێژێ:
Wir brauchen keine Hierarchien
 سەد حەکیم بە قەد دەردەدارێکی لێ نازانێ، ئاپۆ، کە لە ناخی ئێسقانەوە دەرد و ژانی ستەمی دەوڵەتانی پاوانخوازی چێشتووە، لە سیاچاڵی زیندانەوە دەنگ هەڵدێنێ: بۆ ئەوەی ژن ئازاد ببێ، بۆ ئەوەی مرۆڤانتی ئازاد ببێ و جڤاتێکی دیموکراتیکی ئازاد و ئێکۆلۆژیک پێکبێ، دەبێ دەسەڵاتی دەوڵەت هەڵوەشێتەوە... جۆرێک دیموکراسی بە بێ دەوڵەت،  چەشنێک لە دیموکراسی کە لەودا دیسان ژنان بە ئازادی گەیشتوون، کە لەودا ژینگەیەکی ئێکۆلۆژیک واوەتر لە قسەیە و، بەکردەوە بەدی دێت ـــــــــــ شۆڕشی ڕۆژاوا."
زۆر کەس ئەو ڕەخنەیە لە ئاپۆ دەگرن کە لە نووسینی کتێبەکانی دا سەرچاوەکانی نانووسێت. لەم بابەتەوە دۆکتور هایدەر بە زمانی ئاڵمانی دبێژێ: "Öcalan zitiert oft aus dem Kopf"[یانی ئوجەلان زیاتر لە مێشکی بەڵگە دێنێتەوە.] بەڵام ئێمە دەزانین کە ئەو چ کتێبهایەکی خوێندووە. لیستی ئەو کتێبانەی کە بۆ زیندان نێردراون لەبەر دەست دایە. [یانی ئاپۆ ئیمکانی ئەوەی نییە کە بە وردی ناوی سەرچاوەکان و لاپەڕەکان ڕیز بکات، بەڵکوو پشت بەوە دەبەستێ کە لە مێشکی دا پاشەکەفتی کردووە].
نووسەر لە کۆتایی دا لە دۆکتۆر هایدەر دەپرسێ: ناترسی کە ئاپۆ بکوژن؟
ئەو لە وەڵام دا دەڵێ: گرنگ ئەندێشە و کتێبەکانی ئاپۆیە کە بە دەستی ئێمە گەیشتووە.
   
هەروەها لەم کتێبەدا باسی ئەوەش دەکرێ کە هێزی ڕێکخستنی جەماوەریی کوردەکان لە ئاڵمان هێندە زۆرە کە چەپی ئاڵمان دەیەوێ لێیان نزیک بێتەوە و شتیان لێ فێر بێت. 
خاڵێکی تر کە لەم کتێبەدا زۆر گرنگی پێ دراوە ئەوەیە کە دەوڵەتی ئاڵمان لەچاوی دەوڵەتی تورکەوە پرسی کورد دەبینێ و لە هەموو زۆڵم و زۆر و جنایەتی دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستان دا بەشدار بووە. تا ئێستا بە تانک و تۆپ و چەک و گولەی ئاڵمانی شۆڕشی کوردستان سەرکوت کراوە. بە گازی ئاڵمانی هەڵەبجە و سەردەشت خنکێندراون و ...

لەم کتێبەدا بە وردی باسی ڕەوشی ئێستای ڕۆژاوای کوردستانیش کراوە، بەڵام قەت باسی بزاڤی کورد لە ڕۆژهەڵات نەکراوە، ڕەنگە هی ئەوە بێ کە بزاڤێک لە ئارادا نەماوە. وەک نیچە ئێژێ: بۆ سەرکۆنەم دەکەن کە چووگم بۆ ماسیڕاو و هیچ ماسییەکم نەگرتووە؟ ئاخر ماسییەک لەئارادا نەبووە!



هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر