رد شدن به محتوای اصلی

جگەرخوێنی دەم بەخەندە


 جگەرخوێنی دەم بەخەندە

"گەورەترین هونەر لە ژیان دا ئەوەیە کە تۆ بەدەست ژان و کارەساتی ژیانەوە جگەرخوێن بووبی، بەڵام بەمەیشەوە هێشتا بزەیەک لە ئومێد و وشیاریت لەسەر لێو بێ.“


پەیڤێک لەسەر "سێبەری قەلەبەرد"

 بیرەوەرییەکانی مەلەکە مستەفا سوڵتانی

ژنێک لە ڕەگەزی ژان و ئازار و کۆڵنەدان

یەکێ لە ژنانی تێکۆشەری هەرە تیپیکی خەباتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان




نووسەر کچی دایە بەهیە و لە ماڵباتی مستەفا سانە، لە سانەکانی هەورامان، ماڵباتێکی کۆن و ڕیشەدار و لەمێژین، کە ئەگەر بابەئەردەڵان شەجەرەنامەی خۆی دەباتەوە سەر قوبادی پیرۆزی ساسانی (بەپێی شەرەفنامە)، ڕەچەڵەکی سانەکانی هەورامان لە سانوسانان واوەتر دەچێ و دەگاتەوە بە ماڵباتی سورێن و مادەکان و کولتوری مێهردینان. هەر ناوی گوندی "ئەڵمانە"ش هێما و نیشانەی کولتوری کەڤنار و ژنسالاری هوریانی لە خۆیدا هەڵگرتووە. جگە لەوەش، نووسەر لە خانەوادەیەکی پڕئەژمار و لەنێوان زیاتر لە ٢٠ برا و خۆشک دا گەورە دەبێ، کە ئەمەش بۆ خۆی جۆرێک لە ژیانی گەرم و پڕسەفای جڤاتی ئۆرگانیکمان وەبیر دێنێتەوە. ماڵباتێکی گەورە وەک یەکێ لە دواین چەشنەکانی جڤاتی ئۆرگانیک کە لە ململانێی قورسی نێوان نەریت و مۆدێرنیتەدا لێکدەترازێ. پەنج کەس لە براکان لەپێناو دادخوازی و ئازادی کوردستان گیان بەخت دەکەن، باقی براکانیش ڕوو لە چیا و پێشمەرگایەتی دەکەن و لە زێد و نیشتیمان دادەبڕێن و تووشی ژیانی ئاوارەیی دەبن. فایزەی خۆشکیشی بە دوو مناڵەوە مێردی مەکتەب قورئانی بەجێ دێڵێ و تووشی زیندان و پاشان ئاوارەیی دەبێ. بەڕێز حەمەڕەشید بەگیش لە مڵک و ماڵ دادەبڕێ و ئاوارەی باشوور و دواتر هەندەران دەبێ. دایە بەهیەش بەو هەموو ژان و داخەوە...

خوێنەری وشیار بە خوێندنەوەی ئەم کتێبە هەست بەو ڕاستییەش دەکا کە ماڵباتی مستەفا سوڵتانی ئەگەرچی خاوەن مڵک و دەرەبەگن، بەڵام بەپێچەوانەی خەسڵەتی زاڵمانە و کونسێرڤاتیڤی چینی دەرەبەگ، ئەمان بەزۆری ئەهلی کار و کۆشش، ئەهلی زانست و فێربوون، خەبات و تێکۆشان و لەخۆبردوویین؛ ئەمەش لە لایەک لە کولتوری دێرینی هوری ـ هەورامی سەرچاوە دەگرێ و، لە لایەکی ترەوە بەرهەمی ئەندێشە و کارەکتەری کاک فوادە.

دووهەم، مەلەکە وەک کچە کوردێکی کوردستانی بندەست و چەوساوە، لە سەردەمی شادا کە هێشتا کۆمەڵگە لە ڕەوشی فیۆداڵی دایە، بەسەرکەوتنەوە خوێندن تەواو دەکا و هاوکات لەگەل پیشەی مامۆستایی تێکەڵ بە کار و تێکۆشانی سیاسی و نهێنی دەبێ. ئەوجار لە نزیکەوە ژان و ئازاری خەڵکانی هەژار و بێ دەرەتان دەبینێ و باشتر جڤاتی کوردستان دەناسێ. کە ڕژیمی ئیسلامی هێرش دەکا و هەنگاو بە هەنگاو وەڵات داگیر دەکا، مەلەکە لەو یەکەم ژنانەیە کە دەبێ بە پێشمەرگە. ژنە پێشمەرگە.

سێهەم، مەلەکە لە درێژەی ژیان و خەبات دا زۆرێک لە ئازیزترین ئازیزانی لە دەست داوە و بووە بە مەکۆی ژان و ژوار، بووە بە کانگای ڕەنج و برین و ئازار. مەلەکە شیوەنی بۆ پەنج برا، بەتایبەت بۆ کاک فواد و هەروەها بۆ دوکتۆر جەعفەریش گێڕاوە و خەمی لە دەست دانی بەیانی جگەرگۆشە و یادگاری دوکتور جەعفەر بە قورسی کەشراندوویە... ئەمانە و دنیای غەریبی و دەربەدەری و چەندین بوویەر و کارەساتی ژاناوی بوونەتە هۆی ئەوە کە بەسەرهاتی ژیانی مەلەکە ئێجگار تراژیک ـ دراماتیک بێ. بەجۆرێک کە هەوێن و ماتریاڵی باشترین فیلم و ڕۆمانی ڕیالیستی پێکدێنێ... بەڵام بەمەیشەوە ئەو بە ئیلهام وەرگرتن لە دایکی توانیویە بەسەر خەم و ژانی قورس و ئەستەمی تراژێدیدا زاڵ ببێ و لەم کتێبەی دا بە زمانێکی پوخت و پاراو بۆ ئێمە و بۆ نەوەکانی دواڕۆژیش بدوێ… دنیایەک ئەزموون بە خوێنەر بدا و فێری بکا کە لە ژیان دا ورە و ئومێدی بەرنەدات. مەلەکە بەسەرهاتێک دەگێڕێتەوە کە ئەگەرچی تاڵ و تراژیک و ژاناوی یە، بەڵام پڕاوپڕیشە لە شکۆ و نەبەزین و شانازی...

نووسەر بەشێوەیەکی هێندە تاڵ و تراژیک کارەساتی تیرباران کردنی براکانی، ئەمین و حسەین و، برایانی پیرخزران بە دەستی خەڵخاڵی جنایتکار و، پاشان شەهیدبوونی کاک فواد بە پیلانی ڕژیمی خوێنخۆر دەگێڕێتەوە، کە بەسەختی هەست و هۆشی خوێنەر دەتەزێنێ و برینداری دەکا، لێرەدا دەڵێی خۆشکی مەنسور حەلاجە* و کارەساتی کوشتنی دڕندانەی حەلاج بەدەستی خەلیفەی ئیسلامی ڕسوا دەکا…

لە ڕاستیدا مەلەکە لەم کتێبەدا بە زمانێکی بوێرانە و ڕیالیستی مێژووی کۆمەڵەش دەنرخێنێ. ناراتیڤ/ گێڕانەوەیەکی دروست و ڕاستگۆیانە، کە هەم بە دوورە لە مەسڵەحەتی شەخسی و مەسڵەحەت خوازی، هەم هاوکات کە کردەوەی ڕژیمی جنایەتکار شەرمەزار دەکا، هەڵوێست و ڕەفتاری چەفت و نادروستی ڕێبەرانی کۆمەڵەش مەحکوم دەکا. چما بە زمانێکی خەسیو و خونسا باسی ئەم کتێبە دەکەن؟ بۆ ئەوەی بەرژەوەندی خۆتان و ژمارەی لایکەکانتان بپارێزن؟

ناراتیڤی مەلەکە لەمەڕ نسکۆ و هەڵشکانی کۆمەڵە دژە ناراتیڤی ڕەسمی کۆمەڵەیە. بەکورتی ئاوایە: هەر لەپاش مەرگی کاک فواد و لە دووهەم کونگرەی کۆمەڵەدا، دەستەی ڕێبەرایەتی ئەو حیزبە بە ڕێبەری ع. موهتەدی لە خەتی کاک فواد و لە خەباتی جەماوەری دادەبڕێن و بەشێنەیی لەگەل خەتی سەهەند دەکەون و حیزبی کۆمۆنیستی ئێران پێکدێنن. حیزبێکی قسر و نەزۆک و بێ نێوەرۆک، بێ پێگە و پادەرهەوا. هەرەس و هەڕگ هەس… خەتی ستالینیستی بەجۆرێک ئەم بەرنامەیە دەباتە پێش کە تەنانەت د. جەعفەریش لە کۆبوونەوەی دامەزراندنی ئەم حیزبە ئاگادار نییە. ئەوە مەنسوور حکمەتە کە ئاگاداری دەکا و دەعوەتی دەکا[!] نووسەر لە درێژەی ڕووداوەکان دا بەجۆرێک داستانی تیاچوونی د. جەعفەر دەگێڕێتەوە، کە خوێنەری وشیار بۆنی پیلان و شێوە حەزف و لەناوبردنی ستالینی هەست پێدەکا… کە ناکۆکییەکان قووڵتر دەبنەوە و لە ساڵی ١٩٨٨ مەنسور حکمەت دەیەوێ شکستی سیاسەتەکانی خۆی بخاتە ئەستۆی کۆمەڵە، لە پلۆنۆمێک دا کۆمەڵە بە حیزبێکی ڕاست و ارتجاعی دەناسێنێ و لەم کارەش دا موهتەدی لەو تووندترە و هەر دوو بەخەستی هێرش دەکەنە سەر ڕێبەریی کۆمەڵە و بە دواکەوتوو و ناسێۆناڵیستی دەزانن. یانی هاوکات کە ڕژیمی ئیسلامی بە زیندان و ئەشکەنجە و کوشت و بڕ خەباتکاران دەکات بە تەواب، لێرەش خەتی ستالینیستی بە تەوهین و تەحقیر و دەمکوت و ئاژیتاسیۆن دەزگای تەوابسازی خۆی پێکدێنێ و تاکوو سوژدە بۆ "ڕێبەر" و بۆ نەگبەتی و نەگبەتیسم ببەن. ئا لێرە دایە کە کاک سدێق کەمانگەر زۆر شێلگێرانە دەفاع لە کۆمەڵە دەکا و لە جەرگەی ناکۆکییەکان دا ئەویش تێرۆر دەکرێ. تێرۆرێ کە جگە لە دوژمنان، دڵی ڕێبەرانی ستالینیستیشی پێ شاد دەبێ. لێرەش دا تۆ دیسان بۆنی پیلان هەست پێدەکەی، پیلانێک کە سەرێکی لە ڕژیمی ئیسلامی تاران دایە، سەرێکی لە چەپی سۆسیال شئۆنیستی ئێرانی دایە و، سەرێکیشی لە پواز و دەرەبەگی کوردی دایە…

ڕەنگە هیچ ئەندام و لایەنگرێکی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران (ئەو حیزبە کە موهتەدی دایمەرزان و سەید برایم شیفتەی بوو) نەتوانێ کتێبەکەی ئەلکساندێر سولژێنیتسین بخوێنێتەوە، چما؟ چونکە عاشقی ستالینە!

لە پەڕەی ٣٤٧دا چۆن کۆمەڵەیان تێکشکاند؟ لەم بەشەدا بە زمانێکی ڕوون و ڕاشکاو هەڵوێستی تێکدەرانەی مەنسور حکمەت و ع. موهتەدی و هەڵوێستی پەسیڤ و داماوانەی ڕێبەریی ئەوکاتی کۆمەڵە باسکراوە. لەوە بەدوا کۆمەڵە بەگشتی هەرس دێنێ و دەڕوخێ… لە درێژەدا و لە پەڕەی ٣٥٩دا دەنووسێ: "لەپاش ئەو جیابوونەوە لە شاری ئوپسالا لە سوئێد کۆبوونەوە گیرا و سکرتێری کۆمەڵە برایم عەلیزادە لەسەر بارودۆخی نوێی کۆمەڵە قسەی کرد، لەوێ ڕاشکاوانە ڕەخنە لە کومیتەی ڕێبەریی کۆمەڵە گیرا کە ئەرکی خۆی بەجێ نەهێناوە و بەئاسانی مەجالی داوە کە کۆمەڵە تێکبشکێ. یەدێ بەیگلەری گوتی ئێستا کاتی ئەوەیە کە دوو ئەرکی سەرەکی بەڕێوە ببەین. هەموو هێز و توانامان ئەوەیە کە هەر وەک کۆمەڵە تێبکۆشین و واز لە حیزبی کۆمۆنیست بێنین. دووهەم، ع. موهتەدی لە کۆمەڵە دەربکرێ.

ئیبراهیم عەلیزادە لە وەڵام دا گوتی ئێستاش هەر کاک عەبدوڵا بە مامۆستای خۆی دەزانێ.“

وادیارە نەریت و میراتی حیزبی ستالینیستی چاک بە باڵای ب. عەلیزادە بڕاوە. لەخۆڕا نییە کە بووە بە ڕێبەری مادام العومری کۆمەڵەیەکی فاناتیک و چەقبەستوو. ئەمانە ڕەنگە پێیان وابێ کە سەردەم هەروا دەمێنێ و ئەوان بۆ هەمیشە وەک خانی خانان دەمێننەوە. بەڵام مێژوو قەت ئەو هەڵوێست و ڕەفتارانە لەبیر ناکا. ناراتیڤی تایبەتی ژنەپێشمەرگە ئێوەشی سووک و ڕسوا کردووە...

چما وا بوو؟ بۆ وا دەبێ؟ ڕەنگە بەهۆی ئەوە کە هەموو ڕێبەرانی ستالینیستی و هەموو دیکتاتۆرانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گول و نەخۆش و ئاشقی کورسی دەسەڵاتن. "هەموو هەڵپەیانە کە بە کورسی دەسەڵات بگەن، بێ خەبەر لەوە کە ئەم کورسییە زیاتر هەر لەسەر پیسایی پێکدێ و زیاتر هەر پیسایی لەسەر دادەنیشێ!“ (ف. نیچە) لە دیسکۆرس و گوتاری ژنیکۆکراتی دا هیرارشی و دەسەڵاتخوازی بوونی نییە.


:ئاماژە بە چەند دیمەنێکی تر لەم کتێبە کە ئەگەرچی بە زمانێکی سادە باسکراون، بەڵام زۆر گرنگ و سەرنجڕاکێشن

١، مەلەکە لە سنە و تاران فێربووە کە لەگەل براکانی شان بە شانی ئەوان بە شەقام دا ڕێگا بڕوا. بەڵام کاتی باوکی، بەڕێز حەمە ڕەشید بەگ، دێت بۆ تاران و پێکەوە بە شەقام دا دەڕۆن، لێرەش دا مەلەکە دەکەوێتە لاشانی باوکی و پێکەوە دەڕۆن. باوکی ئەم کارەی پێ نائاسایی یەو دەڵێ تۆ دوو هەنگاو لە دوای منەوە بێ. کەچی مەلەکە بەجۆرێک ڕاهاتووە کە دیسانەوە دێتەوە لای شانی باوکی و هەمدیسان... (ئەمە ساتی ڕوخانی سیستمی بەها کۆنەکان و وەرچەرخانە بەرەو بانان).

٢، پەنج ڕۆژ لەدوای اعدام کردنی حسەین و ئەمین مستەفا سوڵتانی، کاتێ کاک فواد لە دەڤەری بانە شەهید دەکرێ، بە ماشینێ تەرمەکەی دێننەوە بۆ ئاڵمانە، کارەسات هێندە تاڵ و سامناکە کە هیچ کەس ناوێرێ ئەو خەبەرە بە خانەوادەیان بدات. بەڵام دەنگۆیەک هەر هەیە. کە ماشین بە تەرمەکەوە دەگاتە بەرماڵ، دەنگۆ زیاتر دەبێ. مەلەکە و ڕەزای برای پێکەوە ڕادەکەن و تەرمی کاک فواد دەبینن. سەرەتا مەلەکە پەتووەکە لەسەر سەری لادەبا. خۆیەتی کاک فوادە، سیمای نەجیب و ئارام، قارەمان بۆ هەمیشە چاوی لێکناوە. مەلەکە ئەم دیمەنە دەبینی و ئاوڕێک بەرەو ماڵ و بەرەو دایکی دەداتەوە، بە دەم گریانەوە دەقیژێنێ: دایکە بەخوا درۆ دەکەن، کاک فوادم نییە… بەڵام ڕەزای برای هەر خێرا پەتووەکە لادەبا و هاوار دەکا بەخوا دایە تەرمی کاک فوادە… (هەر ئەم دیمەنە بۆ خۆی تراژیدیایەکی مەزنە.)

٣، لە سەرەتای شۆڕش دا کە مەلەکە بەناچار ڕوو لە ژیانی نهێنی و پێشمەرگایەتی دەکا، ئاوا دەیگێڕێتەوە کە سەرەتا هەر من و ژنێکی تر بووین، بەنهێنی لەگەل پێشمەرگەکان دەگەڕاین و خۆمان ئاشکرا نەدەکرد. لەناکاو لە گوندێکی لای مەریوان ژنێک منی ناسیەوە و گوتی: "وەی! دادە مەلەکە گیان! خواقەزای براکانت!“ (هەستێکی پاک و پڕ لە ترس و شەرم و تەحسین، کە هێشتا بڕوا ناکا کە مەلەکەش دەکرێ و دەتوانێ پێشمەرگە بێ.)

٤، ساڵانی ١٩٨٣ـ ٤، بەهۆی ژیانی سەختی پێشمەرگایەتی مەلەکە و د. جەعفەر بەیان، کچی کۆرپەی یەک ـ دوو ساڵە دەنێرنەوە بۆ مەریوان. ئەم دابڕانە بۆ هەر دوو لا زۆر سەختە و گیان ژاکێن. بەیان بۆ ماوەیەک لە ئاڵمانە لە لای دایە بەهیە دەژی. ئێوارانێک قەرەج دێن و لە بەرانبەر ئاڵمانە چادر هەڵدەدەن. بەیان هەر کە ئەم دیمەنە دەبینێ دەڵێ: "ئەوە مەلەکە و د. جەعفەرن هاتوون لەوێ چادریان هەڵداوە!“ (چەنێ هەستی تاسە و تامەزرۆیی لەو قسەیە دا شاراوەیە! چەنێ حەز دەکا کە بچێ بۆ لای قەرەجەکان. ئەو هێشتا نازانێ کە قەرەجان لە هەموو دنیادا ئازادن، بەڵام دایک و بابی وی لە نیشتیمانی خۆشیان دا قاچاخن!)

[هەر چوار خاڵی سەرەوە بەشێوەی "نقل بە مضمون“ هێناومە.]

خاڵێک وەک تێبینی: ژیان و خەباتی خودی مەلەکە و، خەبات و مەرگی ئازیزانی مەلەکە بووگن بە هەوێن و ئیلهام بەخشی زۆر بەرهەمی ئەدەبی هونەری کوردی کە مەلەکە تەنیا ئاماژەیەکی بەم شتە کردووە و هەندێ لە بەرهەمە ئەدەبیەکانی لە پاشکۆی کتێبەکەدا هێناوە. بەڵام دەکرا لەڕووی عاتفی و ئێحساسیشەوە باسی ئەوەی کردبا کە وەختێ کە ناسر ڕەزازی شعری "دەلالۆ" (شینگێڕی شێرکۆ بێکەس بۆ د. جەعفەر)ی چریکاند و ئەم بۆ یەکەم جار گوێی لێگرت، چ هەست و حاڵێکی پێ بەخشی؟ ئایا زام و برینی کولاندەوە، یان ئارامی و تەسکینی پێ بەخشی؟ یان هەستێکی تێکەڵاو لە ژان و برین و ئارامی و تەسکین و کۆست و ماڵوێرانی و شکۆ و شانازی؟

یانکوو شعری "ژنە پێشمەرگە"، کە ئەویش ناسر ڕەزازی خوێندوویە. وە ئەم بەرهەمانە لە هەموو کوردستانا گشتگیر بووگن، وە بەمجۆرە ژیانی مەلەکە قۆناغی شەخسی/ تاکی تێدەپەڕێنی و وەک تیپیکترین ژنی مێژووی خەباتی کوردستان گشتگیر دەبێ. هەموو کوردێکی وشیار دنیایەک بیرەوەرییان لەم بەرهەمانە هەیە و شانازی پێوە دەکەن. یانی بەمجۆرە هونەر بوویەرێکی مێژوویی نەمراندووە. ئێمە و نەسڵی دوای ئێمەش دەمرین و نامێنین، بەڵام شعری دەلالۆ و ژنەپێشمەرگە قەت نامرن و بۆ هەمیشە دەمێننەوە. ئەوەیە ئەفسوونگەری و ڕەمز و ڕازی هونەر! لێرەدا پرسیار ئەمەیە: ئایا ئەو بەرهەمانە کە نەتەوەیەک شانازی پێوە دەکا، خودی مەلەکە دەتوانێ بەئاسانی گوێیان بگرێ؟ یان ئەو دەقانە وەخوێنێ؟ یان پێی سەختە و خۆی لێیان دەبوێرێ؟ باسکردنی ئەم لایەنەش لە زمانی خودی مەلەکەوە دەتوانێ کتێبەکەی زەنگینتر و فرەوەرتر بکات.


نووسەر لەو بەشانەدا کە باسی دایە بەهیە دەکا، هەم لایەنی بوێری و خۆڕاگری ئەم دایکە مەزن و جەرگ سووتاوە دەنەخشێنێ، هەم شێوازی پەروەردە و بارهێنانی ڕۆڵەکانی. دایە بەهیە: سالار ژنێکی بەجەرگ و لێهاتوو، کە سەرەڕای کار و ئەرکی ماڵ و مەزرا، باخ و بێستان، ئەو هەموو مناڵەش پەروەردە دەکا، وە دنیایەک شعر و چیرۆکیان بۆ دەگێڕیتەوە. تەنانەت حەمەڕەشید بەگی مێردی ناچار دەکا کە ئیتر نابێ بەپێی ڕەسمی کۆنی سەردەمی فیۆداڵی خەڵک و میوانان بەپێوە ڕابگرێ؛ سەرنجڕاکێش ئەوەیە کە ئەویش بە قسەی دەکا... لێرەدا من کەوتمە بیری شێوەی بەڕێوەبەری ژنە هوری و جۆری بەڕێوەبەرایەتی ژنانە کە هەم زۆر ڕەنگین و داهێنەرانەیە، هەم بەدوورە لە زوڵم و زۆر و هیرارشی. ئەز لە دایە بەهیەدا ژنە هوری کەڤنار و شێوازی ژنیکۆکراتیم سەرلەنوێ دیتەوە. هەر لێرەش دا ئەم شعرەم بیرهاتەوە، شعرێک کە دەڵێی مەلەکە بۆ دایکی گوتوە:


دایکم سەردەمێ غەزاڵ بوو
چاو تیشکنی پرشنگ ڕەخشان
دلۆڤان وەک دەورەی مامز

ئەو لێرە بوو
نیوەی فریشتە و نیوەی مرۆڤ
ئەو میلکان* و نیشتیمان بوو.
کە لێم پرسی: پێت خۆشە ببی بە چی؟
گوتی: بولبول.

ئێستە ئەو بولبولە
هەموو شەوێ
لە باخی خەونی بێ خەوم دا
بۆم دەخوێنێ
"
سان"ی داپیران دەخوێنێ
"
هوریان"ی کەڤنار دەسترێنێ
چیا و دارستان دەخوێنێ
خەمی ئاگرینی "ئاڵمانە" و
"
تاڵەسوار"م دەچریکێنێ.
بە لای لایە و گێڕانەوە
هەموو شەوێ بۆم دەخوێنێ
بولبولەکەم…

(
شعری ڕۆزا ئاوسلەندەر، وەرگێڕان لە ئاڵمانیەوە، بە هەندێ گۆڕانەوە)

وەک ئاماژەم پێکرد، ئەم کتێبە زمانێکی پوخت و پاراوی هەیە، ئەمەش زۆر جێگەی دەست خۆشییە و بایەخی ئەدەبی کتێبەکە زیاتر دەکا. هیوادارم کە نووسەر، ست مەلەکە، هێندە بژی کە مەرگی ئەو ڕژیمە جنایەتکارە ببینێ و لە گۆڤەندی شادی ئازادی دا لە ئاڵمانە و تاڵەسوار بەشدار ببێ...

هەروەها ڕێز و سپاس تایبەت بۆ دەزگای ٤٩ کتێب کە ئەم بەرهەمە بەنرخەی بەشێوەیەکی جوان و ڕازاوە و گالینگور و لە ٥٢٣ پەڕەدا چاپ کردووە.


پەراوێز:


خۆشکی مەنسوور حەلاج: بەپێی دەقەکانی دەفتەری سەرئەنجام حەلاج یەکێ لە پیران و ڤەژێنەرانی دینی یارسان بووە. بەتایبەت ئەم خاڵە لە هەڵبەستێکی شێخ ئەمیردا بە ڕوونی دەرکەوتووە:

ئارۆ سەنگواران لە بەغداد شار بی/ مەنسور سەرمەست تەسلیم وە دار بی.

بەپێی هەندێ لە مێژوونووسان ئەودەم کە حەلاج بانگی" انا الحق" دەچریکێنێ و بە دەستی خەلیفەی جنایەتکاری ئیسلامی دەکوژرێ، خۆشکی وی بە سەری ڕووت و پرچی پەرێشانەوە لە ناوەڕاستی شاری بەغدا بە پەیڤێکی ڕوون و بوێرانە ئەو جنایەتە دڕندانەیە ڕسوا و شەرمەسار دەکا. سکاڵا و بانگی حەقخوازی خۆشکی حەلاج هێندە پەرەدەستێنێ، کە خزم و نزیکانی دەترسێن و پێ دەڵێن: "دە بەسی کە لەپێش ئەو عالەمە، لەبەرچاو ئەو هەموو پیاوە سەرت ڕووت کردووە و شوولت لێ هەڵکێشاوە.“ خۆشکی حەلاج لە وەڵام دا دەڵێ: "دە خەفە بن ترسنۆکانی بێ غیرەت، کوا لێرەدا پیاگێ هەیە، کوا بۆ مەردێ؟ من لێرەدا بێجگە لە مەنسوور هیچ مەردێکی تر بەدی ناکەم!“ ئەوەیە کە دواتر لە فۆلکلۆری کوردی دا و لە کاتی تەنگانەدا دبێژن: "دا وەرە با بزانم چەند مەردە حەلاجی!“ لە دەقەکانی ئێزیدیانیش دا حەلاج پلە و پێگەیەکی بەرزی هەیە. لە قەولەکانی ئەوان دا ئەم خۆشکەی مەنسور حەلاج ناوی "خەجێ" یە.

میلکان: میرکان، هەوارگە، زێد و وەڵاتی مێهر.


نظرات

پست‌های معروف از این وبلاگ

زمان، نووسین، میدیا و ...

زمان، نووسین، میدیا، گوتاری نەتەوایەتی، ناسنامە و پەروەردە گفتوگۆ لەگەڵ د. جەعفەر شێخولیسلامی پرۆفیسۆری میوان، زانکۆی سۆران، کوردستان پرۆفیسۆری هاوکار، زانکۆی کارلتن، کەنەدا ئا: هادی محەمەدی سەرەتا: د. جەعفەر شێخولیسلامی ساڵی ١٩٦٠ لە گوندی لاچین، سەر بە شاری مەهاباد، لە دایک بووە. هەر لەو شارەدا خوێندنی سەرەتایی و ناوەندیی تەواو کردووە. لە کۆتایی حەفتاکاندا، بە دزی خۆی فێری زمانی زگماکی کردووە و دەستی بە نووسینی شیعر و چیرۆکی کوردی کردووە. لە سەرەتای هەشتاکاندا، لەناو میدیاکانی سەردەمی ڕاپەڕینی رۆژهەڵات و باشووری کوردستان و، دواتریش لە میدیای ئێرانی لە بوارەکانی هەواڵنێری، وتارنووسین، چیرۆک، شانۆنامە، رۆڵی شانۆیی و وەرگێڕاندا چالاکی نواندووە. لە ساڵی ١٩٨٨ بە ئەم لاوە، لە وەڵاتی کەنەدا نیشتەجێ بووە و، لەم بوارانەدا خوێندوویەتی: ئەنستیتۆ/پەیمانگە (کتێبخانە و ئاگاداری)، بەکالیۆرۆس (زمانەوانی گشتی)، بەڵگەنامەی مامۆستایەتی (زمانی ئینگلیزی وەکوو زمانی دووهەم)، مەستەر (زمانەوانی کارەکی/کارکردی) و دوکتۆرا (پێوەندییە گشتیەکان—گوتار و میدیا). دوای ئەوە کە نزیکەی دە ساڵ ما

"ئەقڵ و شۆڕش"، هێربێرت مارکوزە

کورتەیەک سەبارەت بە "ئەقڵ و شۆڕش"ی هێربێرت مارکوزە نووسینی توماس ئالمێر و: لە ئاڵمانییەوە: هادی محەمەدی مارکوزە کە لە ئاڵمانەوە ئاوارەی ئەمریکا بووبوو، ساڵی ١٩٤١ کتێبی „Reason and Revolution“ ی بە زمانی ئینگلیسی چاپ کرد. ئەم کتێبە دواتر بە ناوی „Vernunft und Revolution“ یانی ئەقڵ و شۆڕش/وەرچەرخان بە زمانی ئاڵمانی وەرگێڕدرا. مارکوزە لەم کتێبەدا هەوڵ دەدات بە سەرنجدان بە ئەندێشەی مارکس، کاریگەری فەلسەفەی هێگل لەسەر تیۆری کۆمەڵایەتی پیشان بدات. مارکوزە لەسەر ئەوە پێدادەگرێ کە هێگل بەپێچەوانەی زۆرێک لە بیرمەندانی پێش خۆی، لە بواری بزاڤ و ئیدەی پێشکەوتنخوازانەدا دیدگایەکی شێلگیرانەی هەیە. ئەو پێی وایە کە واوەتر لە گەشەکردنی پێکهاتەی فاشیستی لە جڤاتی ئێمەدا، پێویستە فەلسەفەی هێگل سەرلەنوێ بخوێنینەوە. ئەم کتێبە لە دوو بەش پێکهاتووە. لە بەشی یەکەم دا بنەماکانی فەلسەفەی هێگل ڕاڤە دەکات، لە بەشی دووهەم دا ڕەوتی پێکهاتنی تیۆری کۆمەڵایەتی شی دەکاتەوە. هەر لە بەشی دووهەم دا کە بابەتی ئەم وتارەی منە، بە سەرەتایەک بەناوی "لە فەلسەفەوە بەرەو تیۆری کۆمەڵایەتی"

قوتابخانەى فرانکفۆرت

مارکوزە و قوتابخانەى فرانکفۆرت marcuse and Frankfurt school براین مەگى سەرەتا: ئەو قەیرانە ئابوورییە کە لە مەوداى دوو جەنگى جیهانیدا زوربەى وڵاتانى رۆژئاوایى گرتەوە، بەڕاى زۆربەى چەپەکان سەرەتاى رووخانى سیستمى سەرمایەدارى بوو کە ئەوان بەردەوام لە تیۆری مارکسیستى دا پێشبینیان کردبوو. ئەگەرچى بەپێى ئەم تیۆرییە دەبوو ئاکامى ئەم دۆخە بە کۆمۆنیزم بگات، بەڵام لە هیچ وڵاتێکى ئوروپا ڕژیمى کۆمۆنیستى نەهاتە ئاراوە. به‌پێچه‌وانه‌وه‌ ئەوەى سەرکەوت فاشیزم بوو. هەندێ لە چەپەکان بەجۆرێک لەم دۆخە ناهومێد بوون کە بەجارێک دەستیان لە مارکسیزم هەڵگرت. هەندێکى تر قەت تووشى ڕاڕایى نەهاتن و هەروا لەسەر بڕواکانى خۆیان مانەوە. گروپێکى تریش لەنێوان ئەم دوو رەوتەدا وەک چەپ مانەوە- یان دەیانویست بمێننەوە- بەڵام پێیان وابوو، بۆوەى مارکسیزم بتوانێ هەروا جێگەى بڕوا و متمانە بێت، دەبێ سەرلەنۆى شروڤە بکرێ و بەخۆیدا بچێتەوە. گرووپێ لەم کەسانە کۆتایى دەیەى 1920 لە شارى فرانکفۆرت کۆبوونەوە، کە دواتر بە ئەندامانى "قوتابخانەى فرانکفۆرت" ناوبانگیان دەرکرد. لە راستیدا ئەم کەسانە بۆ ماوەێکى زۆر لە فرانکفۆرت نە