رۆشنبیـــــــــــران
له تاراوگه
فرانتس
نویمان
سه‌ره‌تا:
ده‌مێک ساڵه ژیانی رۆشنبیرانی کورد
له‌گه‌ڵ چه‌مکی تاراوگه (دیاسپۆرا) تێکه‌ڵ بووه. ده‌ڤه‌ری سیاسی کۆمه‌ڵایه‌تی، زێد و نیشتمان، مل به نوێبوونه‌وه
و گۆڕان نادات و رۆشنبیران تووڕ ده‌داته ده‌ره‌وه. ئه‌گه‌ر زۆر نه‌گه‌ڕێینه‌وه
بۆ دواوه و به کۆچی مێژوویی و به‌ناچاری مه‌ولانا خالید نه‌قشبه‌ندی له سلێمانی
بۆ به‌غدا و، پاشان له‌وێوه بۆ ده‌مشق ده‌ست پێ بکه‌ین، ده‌بینین که به درێژایی
سه‌ده‌کانی نۆزده و بیست، ژیانی رۆشنبیرانی کورد بریتیی بووه له ده‌رکران و
دابڕان له نیشتیمان و ژیان له دیاسپۆرا. لێره‌دا پرسیاری گرنگ ئه‌مه‌یه: ئایا
دیاسپۆرا هێز و توانای داهێنان و وزەی ره‌خنه‌گرانه‌ی رۆشنبیران دەکوژێ؟ بۆچی
سامانی فکری مه‌عریفی دیاسپۆرای کوردی به‌پێی پێویست هه‌راو و ده‌وڵه‌مه‌ند نییه؟
بۆچی رۆشنبیرانی ئاڵمانی، که‌سانێکی وه‌کوو مارکس، مارکوزه، ئادورنو و… باشترین
به‌رهه‌مه‌کانیان له دیاسپۆرادا دەنووسن، به‌ڵام رۆشنبیرانی کورد، که‌سانێکی وه‌کوو
نالی و حاجی قادر و مه‌ولانا خالید، به‌رهه‌مێکی ئه‌وتۆیان له تاراوگه‌دا لێ به‌جێ
نه‌ماوه؟ وەک دەشزانین گرووپی ئینتلیجنسیای پاشماوەی کۆماری کوردستان، هەژار،
هێمن، هێدی، زەبیحی و قزلجی و... کە لە مەهاباد دابڕان و لە کوردستانی باشوور
گیرسانەوە زیاتر یان شعریان نووسی، یان کاری تەرجمەیان کرد. ئێمە لە بواری داهێنان
و دیسکۆرسی کولتوری نەتەڤایەتی دا کارێکی گرنگتر بەدی ناکەین. ئایا ئه‌م پرسه
پێوه‌ندی به کرچ و کاڵی و پێنه‌گه‌یشتووی بیری نه‌ته‌وایه‌تی کورد و زمانی
کوردییه‌وه هه‌یه؟ یان فه‌زای تاراوگه‌ی رۆشنبیرانی کورد کوشنده بووه و ژانی
دابڕان له نیشتمان وزه و بڕستی لێبڕیون؟
ئه‌ی رۆشنبیرانی کورد له دۆخی ئێستادا له
تاراوگه چی‌یان بۆ بزاڤی نه‌ته‌وایه‌تی کورد کردووه؟ ئایا توانیویانه زمان و
کولتوری کوردی نوێژه‌ن بکه‌نه‌وه و دیسکۆرس و ناسنامه‌ی مۆدێرنی نه‌ته‌وایەتی بسازن؟
ئایا توانیویانه به‌پێی ره‌سه‌نایه‌تی نه‌ریتی کورده‌واری و بیر و ئه‌ندێشه‌ی
دنیای مۆدێڕن، تێکهه‌ڵکێشێک دروست بکه‌ن که جڤاته‌که‌یان وه‌ریبگرێ و هه‌رسی بکات؟
یان رۆشنبیری کورد هه‌ر که له زێد و نیشتمان داده‌بڕێ، ره‌گ و رێشه‌ی خۆی ده‌دۆڕێنێ
و له جڤاتێکی نامۆ و له‌نێو ژیانی رۆژانه‌دا ده‌توێته‌وه؟ ئه‌مانه چه‌ند پرسێکن
که پێویستیان به تۆژینه‌وه‌ی ورد و زانستی هه‌یه. فرانتس نویمان، نووسه‌ر و ئه‌ندامی
لێهاتووی مه‌کته‌بی فرانکفۆرت، له‌م وتاره‌دا، دوو چه‌مکی رۆشنبیر و تاراوگه، هه‌ر
له سه‌رده‌می سوقراته‌وه تا نێوه‌ڕاستی سه‌ده‌ی بیسته‌م به وردی راڤه ده‌کات
که زۆر جێگای سه‌رنج و وردبینانه‌یه. ئەم وتارە ده‌توانێ له‌رووی مێتۆد و شێوازی
تۆژینه‌وه‌وە بۆ توێژه‌رانی ئێستاش ئیلهام بەخش بێت.
هادی محەمەدی
"گه‌ر
نیشتمانم منی ناوێ، ئەمنیش ئه‌وم ناوێ. دنیا به‌رفراوانه." ئه‌مه وته‌ی
هوگۆ گروتیوس مافزانی ناوداره که پاش هه‌ڵاتن له زیندانی موریس دو رانژ، ساڵی
1621 ئه‌م شته‌ی وتووه. گروتیوس به‌ناچار ده ساڵ له پاریس ژیا و، هه‌ر له‌وێ دا
و، به دوور له نیشتمان، به‌ناوبانگترین کتێبی خۆی، یاساکانی جه‌نگ و ئاشتی،
نووسی.
به‌ڵام نابێ
ئێمه به پێره‌وی له هه‌ست و چاره‌نووسی گروتیوس به‌م بڕوایه بگه‌ین که هه‌ر که‌س
که ئه‌مڕۆ نیشتمان به‌جێ دێڵێ، وه‌ها هه‌ست و چاره‌نووسێکی ده‌بێ. هه‌م له ئه‌رکی
رۆشنبیردا و هه‌م له ده‌ڤه‌ری کۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌ودا، دوو گۆڕانی بنه‌ڕه‌تی روویان داوه.
له هه‌ر
قۆناغێکی مێژوویی دا، رۆشنبیر وه‌ک ویژدانی ره‌خنه‌گری کۆمه‌ڵگه رۆڵ ده‌گێڕێت،
یان لانیکه‌م ده‌بێ وابێت. ئه‌رکی رۆشنبیر ئه‌وه‌یه که به هه‌ڵوێستی ره‌خنه‌گرانه
له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵگه به‌ره‌وڕوو بێ و پیشان بدات که کۆمه‌ڵ تا چ ئاستێک ئازادی به‌دیهێناوه
و چی ماوه. لێره‌دا ده‌رفه‌ت نییه تا بیسه‌لمێنم که بۆ ده‌بێ وابێ. وێنا و
بۆچوونی خه‌ڵک له‌مه‌ڕ ئازادی، دروستی ئه‌م پرسه ده‌سه‌لمێنێ. به‌ڵام بۆ ئەوه‌ی
هیچ جڤاتێک، چ له پێشوودا و چ له ئێستادا، هه‌رگیز نه‌یتوانیوه ئازادی مرۆڤ به‌ته‌واوی
به‌دیبێنێ، ئه‌رکی رۆشنبیر له‌مه‌ڕ نرخاندن و هه‌ڵسه‌نگاندن وه‌ک خۆی ماوه‌ته‌وه.
رۆشنبیر ویژدانی کۆمه‌ڵگه‌یه و، که‌وابوو به‌رده‌وام ته‌ریک ده‌خرێته‌وه، چونکه
ویژدان به‌تایبه‌ت له سیاسه‌ت دا، قه‌ت نابێته هۆی ئاسووده‌یی. سوقرات، به‌رچاوترین
هێمای ئه‌رکی ره‌خنه‌گرانه‌ی رۆشنبیره. سوقرات پێی وایە کە "مرۆڤی فه‌یله‌سوف
به‌رده‌وام له نێو خه‌ڵک دا بێگانه‌یه" و بەپێی گومان و پرسیار سروشتی فه‌لسه‌فی
هه‌ر فۆرمێکی حکومه‌ت و هه‌ر جڤاتێک ده‌نرخێنێ. ئه‌و ده‌نووسێ:
هۆی
ئه‌مه‌یه که من به‌رده‌وام پشتم به ره‌هه‌ندی ئه‌قڵ به‌ستووه. ئێستا چ ئه‌م ره‌هه‌نده
پاش بیرکردنه‌وه و تێڕامان له ره‌هه‌نده‌کانی تر باشتر بووبێت یان نا؛ وه کاتێ
ده‌بینم به‌شی من ئه‌مه بووه، ناتوانم حاشا له وته‌کانی خۆم بکه‌م.
ئاشکرایه
که ئه‌رکی رۆشنبیر له ده‌وڵه‌تشاره‌کانی یۆنان دا، له هه‌ر شوێنێکی‌تر دژوارتر و
مه‌ترسیدارتر بووه. له یۆنان دا سیاسه‌ت و فه‌رهه‌نگ تێکئاڵاون، یان لانیکه‌م وه‌ک
یه‌ک پرس پێناسه کراون. تێکڕای جیهانی ناسراو، له یه‌ک شوێن دا چه‌قی به‌ستووه
و پاشماوه‌ی جیهان له وه‌حشیگه‌ری دایه. یان لانیکه‌م واده‌نوێنێ. بۆوه‌ی سیاسه‌ت
له‌گه‌ڵ فه‌رهه‌نگ تێکه‌ڵ بووه، دوورخرانه‌وه و دەرکردن بۆ رۆشنبیر وه‌ک مردن
وایه.
به‌ڵام له سه‌رده‌می ئه‌مپراتۆری دا بارودۆخ ده‌گۆڕدرێت.
ئازادی رۆشنبیر زیاتر ده‌بێت، چونکه ده‌بینین ئه‌گه‌ر رۆشنبیر خۆی تێکه‌ڵ به
سیاسه‌تیش نه‌کات، دیسان له‌گه‌ڵی رادێن. ئیتر سیاسه‌ت له‌گه‌ڵ فه‌رهه‌نگ تێکه‌ڵ
نییه. ئامانجی فه‌لسه‌فه‌ی سیاسی ئپیکوور هه‌ر ئه‌م شته‌یه: ره‌وایی دان به
کرداری رۆشنبیرێک که له سیاسه‌ت داده‌بڕێ و ده‌ڵێ من پێم وانییه که ده‌وڵه‌ت
بتوانێ یه‌کسانی بەدی بێنێت، ته‌نیا چاوه‌ڕوانی ئه‌وه ده‌که‌م که نه‌زم و ئاسایش
فه‌راهه‌م بکات." به‌ڵام ره‌وتی ره‌واقی هێشتا ده‌خوازن که سیاسه‌تڤانان
خاوه‌ن ئه‌خلاق بن و ئه‌م خواسته‌یان ناکۆکی قووڵی لێده‌که‌وێته‌وه. دوورخرانه‌وه
له‌م ره‌وشه‌دا، ئه‌گه‌رچی زیانی ئه‌خلاقی پێشووی له‌گه‌ڵ دا نییه، به‌ڵام هێشتا
له‌ڕووی فکرییه‌وه به‌هه‌مان راده ژاناوییه. شیوه‌ن و ماته‌می ئۆڤید[1] که
ئه‌مپراتۆری رۆم بۆ که‌ناری ده‌ریای ره‌ش دووری خسته‌وه، باشترین به‌ڵگه‌ی ناکامی
شاعیرێکه که هێنده له‌پێناو گه‌شه‌ی ژیار و کولتوری رۆم تێکۆشاوه که بۆ ساتێک
ناتوانێ لێی جیابێته‌وه.
ره‌وشی سێهه‌م،
ره‌وشی فه‌رهه‌نگی گشتییه که به ئایدیۆلۆژی مه‌سیحیه‌ت به‌ڕێوه‌ده‌چێ و به زمانی
لاتین ده‌ئاخڤێ. له‌م دۆخه‌دا دوور خرانه‌وه و به‌جێ هێشتنی نیشتمان ته‌نیا به
جۆرێک گۆڕینی ژینگه حساب ده‌کرێ و ده‌ربار و زانکۆکان بۆ وه‌رگرتنی زانایانی ده‌رکراو
پێکه‌وه رکه‌به‌رایه‌تی ده‌که‌ن. لێره‌دا جیاوازی نه‌ته‌ڤی مانای نییه و، به‌هۆی
بێ ده‌ربه‌ستی مه‌زهه‌بی و رۆڵی زاڵ و تاکده‌سه‌ڵاتی کلیسا له بواری فه‌رهه‌نگی
دا، ده‌رفه‌یت تێکۆشانی فکری به هه‌موو رۆشنبیرانی راونراو ده‌درێت. ته‌نانه‌ت
کار به جێگایه‌ک ده‌گات که زانایانی تاراو، ئێسته چ به ویستی خۆیان تارابن یان
ده‌رکرابن، وه‌ک دیارده‌یه‌کی ئاسایی ده‌بینرێت.
به‌ڵام هه‌ندێ
نمونه‌ی شازیش ده‌بینرێن که له دۆخی گشتی سه‌ره‌وه جیاوازن؛ یه‌که‌م زانایانی
سیاسی، دووهه‌م زانایانی لادین (هیترۆدۆکس). لێره‌دا باسی له دین لادان ناکه‌م،
به‌ڵام دوو نموونه‌ی سیاسی باس ده‌که‌م: دانتێ و مارسیلیوس پادوئایی. کاتێ دانتێ
به ناچار فلۆرانس به‌جێ دێڵێ، به‌مجۆره هه‌ستی خۆی ده‌رده‌بڕێ:
"ئاخ! نانی
غه‌ریبی چه‌نده سوێره، چه‌ند ئه‌سته‌مه هه‌ڵگه‌ڕان و داگه‌ڕان به پله‌کانی بێگانەدا."
دانتێ جگه له‌وه که شاعیر و زانا بوو، سیاسه‌تڤانیش بوو. دوور خرانه‌وه، مرۆڤی
سیاسی [homo politicus] ی له‌ودا فه‌وتاند،
به‌ڵام شاعیر و زانای به به‌رزترین پله گه‌یاند. له تاراوگه‌دا بیر و بۆچوونی
سیاسی ئه‌و به‌ته‌واوی گۆڕا. سه‌فه‌ر بۆ وڵاتان و دیتنی بولنیا، ڤرۆنا، پاریس،
ئاکسفۆرد و کۆڵن، ئه‌وی له به‌رچاوته‌نگی و ناوچه‌گه‌ری رزگار کرد و له بواری
سیاسی دا به ئاستێکی گه‌یاند که ئه‌گه‌رچی له سه‌ده‌ی چوارده‌هه‌م دا به‌شێوه‌ی
شیاو گرنگییان پێ نه‌دا، به‌ڵام دواتر وه‌ک هێما و دژبه‌ری کورتبینی و ناوچه‌گه‌ری
و ناسیوناڵیزم ده‌رکه‌وت.
زانای دیکه،
مارسیلیوس بوو که پاش دوورخرانه‌وه له پاریس، چووه خزمه‌ت سیستمێکی سیاسی دیکه.
سیستمی لودویک باواریایی. لێره‌دا مارسیلیوس بۆ داڕشتنی تیۆری ده‌وڵه‌تێکی ته‌واو
سێکۆلار یارمه‌تی به لودویک دا و تێزه‌کانی خۆی له کتێبی پارێزه‌ری ئاشتی
دا داڕشت.
سه‌ره‌ڕای
ئه‌مه‌ش، سه‌رنجدان به‌م خاڵه - به‌تایبه‌ت بۆ تێگه‌یشتن له ناسیۆناڵیزم- گرنگه
که سه‌رده‌می په‌ره‌سه‌ندنی مه‌سیحیه‌ت، سه‌رله‌نوێ دۆخی یه‌که‌م ده‌ژێنێته‌وه
که له‌ودا فه‌رهه‌نگ و سیاسه‌ت به‌ته‌واوی ده‌بن به یه‌ک. لێره‌دا بۆ شێکردنه‌وه‌ی
ئه‌م مه‌به‌سته باسی رووداوێک ده‌که‌م که له زمان دا روویدا.
له
رابردوودا خه‌ڵکی رۆمیش وه‌ک خه‌ڵکی یۆنان، رۆشنبیران و هونه‌رمه‌ندانی دژبه‌ریان
دوور ده‌خسته‌وه. به‌م سزایه ده‌یانوت: exterminatio،
یانی دوورخستنه‌وه بۆ ئه‌ودیو سنووره‌کان. به‌ڵام له سه‌ده‌ی سێهه‌می زایین دا،
مانای ئه‌م وشه‌یه گۆڕانی به‌سه‌ردا هات و به مانای ئێستاکه یانی فه‌وتاندن،
نابووت کردنی جه‌سته‌یی [یان کوشتن] به‌کار هات. هۆکاری ئه‌م پرسه‌ش، په‌ره‌سه‌ندنی
مه‌سیحیه‌ت و تێکه‌ڵاوی دین و سیاسه‌ت بوو. له‌ڕووی کۆمه‌ڵناسییه‌وه تێگه‌یشتن له‌م
گۆڕانه زۆر ئاسانه: سیستمێکی ئێتیکی نوێ به‌سه‌ر کۆمه‌ڵ دا سه‌پێندرا. ئه‌م
سیستمه نوێیه هه‌موو کۆمه‌ڵگه‌ی ته‌نییه‌وه و هه‌ر جۆره دژایه‌تییه‌کی به له
دین لادان ناساند. له‌وه به‌دوا ئیتر نه‌ده‌کرا له‌گه‌ڵ دوژمن نه‌رم و نیان بیت،
چوونکه جگه له‌وه‌ی که زیانی به ئیمان ده‌گه‌یاند، ره‌نگ بوو ببێت به مه‌کۆی
دژبه‌ران و نه‌یاران. له هه‌ر شوێنێک که بڕوای دینی یان نیوه‌دینی نوێ، له‌جیاتی
قه‌بووڵکردنی ئه‌قڵانی، وه‌ک توخمی یه‌کانگیرکاری کۆمه‌ڵ رۆڵ بگێڕێ، دۆخێکی له‌م
چه‌شنه به‌دی دێت. له دوا به‌شی کتێبی په‌یمانی کۆمه‌ڵایه‌تی رۆسۆدا، فۆرمی نوێی
ئه‌م پرسه له ژێر ناوی "دینی مه‌ده‌نی"دا ده‌بینین که له‌ودا
رۆسۆ باسی پێویستی سه‌رهه‌ڵدانی دینێکی مه‌ده‌نی
نوێ ده‌کات که ده‌بێته هۆی فراژی (یان گه‌شه)ی رۆحی هاودڵی و هاوپشتی کۆمه‌ڵایه‌تی.
رۆسۆ ده‌ڵی: ئه‌گه‌ر خه‌ڵکانێک پرنسیپه‌کانی ئه‌خلاقی کۆمه‌ڵایه‌تی پێشێل بکه‌ن، ده‌بێ
له کۆمه‌ڵ ده‌ر بکرێن. ئه‌گه‌ر که‌سانێک به‌ڕواڵه‌ت وابنوێنن که پرنسیپه‌کان
ده‌پارێزن به‌ڵام له راستیدا پێشێلی ده‌که‌ن، ده‌بێ بکوژرێن." ئه‌وه‌ی که
ناوه‌رۆکی دوا به‌شی کتێبه‌که‌ی رۆسۆی پراکتیزه کرد، روبسپێر بوو له سه‌رده‌می
حکومه‌تی تێرۆردا. له‌مه‌ڕ ئه‌م پرسه دواتر هه‌مدیسان ده‌دوێین.
ئه‌رێ، پاش
سه‌قامگیربوونی مه‌سیحیه‌ت، رۆشنبیران له چاخی نێوه‌ڕاست دا، دۆخێکی له‌باریان هه‌بوو،
بۆوه‌ی له‌نێوان دین و ده‌وڵه‌ت دا بوون و به‌رده‌وام له‌م نێوه‌دا قازانجیان ده‌کرد
و به‌ده‌ر له له‌دین لادان و دژایه‌تی سیاسی، ئازاد بوون تا درێژه به کاری
خۆیان بده‌ن و وه‌ک ئه‌ندامی هه‌ر گرووپ و ده‌سته‌یه‌کی پیشه‌یی، خودموختار و خاوه‌ن
مافی خۆیان بوون، ده‌یانتوانی شوێنی ژیان و پێگه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی خۆیان بگۆڕن.
به
پێکهاتنی ده‌وڵه‌تانی یه‌ک نه‌ته‌وه، دۆخێکی نوێ دێته ئاراوه. ده‌بێ له‌م ره‌وته‌دا
دوو قۆناغ لێک جیا بکه‌ینه‌وه: دامه‌زراندنی سیستمی ده‌وڵه‌تی و سه‌رهه‌ڵدانی
وشیاری نه‌ته‌وایه‌تی. ئه‌و شته که ئه‌م دوو قۆناغه یه‌ک ده‌خات، خه‌ونی ده‌سه‌ڵاته
که هاوکات له پێوه‌ندی نێوان سیاسه‌ت و کولتور و، له‌ئه‌نجام دا له پێوه‌ندی
نێوان رۆشنبیر و ده‌وڵه‌ت دا، جۆرێک ئاڵۆزی بنه‌ڕه‌تی پێکدێنێ. ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌ت
پێویستی به‌وه‌یه که ده‌وڵه‌ت له کۆمه‌ڵگه و سیاسه‌ت له کولتور جیا بکرێته‌وه.
ده‌وڵه‌ت ئۆرگانێکه که جیاواز له کۆمه‌ڵ ده‌رکه‌وتووه و بونیاد نراوه؛ که‌وابوو
پێویسته ده‌وڵه‌ت له‌گه‌ڵ هه‌ر بۆچوونێک که له قانوون دا قه‌ده‌غه نه‌کرابێ و
به‌وته‌یه‌کی تر زه‌بر له‌م "نه‌هه‌نگ"[2]ـه
نه‌وه‌شێنێ، دڵ ئاوه‌ڵا بێت. به‌ڵام "نه‌هه‌نگ" سنوورێک بۆ ده‌سه‌ڵاتی
خۆی ناناسێت. من له شوێنێکی تردا کێشه‌ی بنه‌ڕه‌تی زانستی تازه‌ی سیاسه‌تم به‌م
جۆره باس کردووه:
کێشه‌ی
فه‌لسه‌فه‌ی سیاسی – و کێشه‌ی به‌ڕواڵه‌ت بێ چاره‌سه‌ری ئه‌م فه‌لسه‌فه- بریتییه
له ئاشتکردنه‌وه‌ی ئازادی و پێویستی. هاوکات له‌گه‌ڵ سه‌رهه‌ڵدانی ئابووری پووڵی،
له سه‌رده‌می مۆدێرن دا ده‌وڵه‌ت له ئۆرگانێکی نوێ‌دا ده‌رده‌که‌وێ که بانگه‌شه‌ی
ئه‌وه ده‌کات بۆوه‌ی بیزنێس و بازرگانی به‌پێی بنه‌مایه‌کی پته‌و گه‌شه بکا و
هاوڵاتیان له به‌رهه‌می کار و تێکۆشانی خۆیان به‌هره‌مه‌ند بن، ده‌بێ ته‌نیا ده‌وڵه‌ت
خاوه‌ن هێزی زه‌خت و زۆر بێت. هاوڵاتیان به دامه‌زراندنی ئه‌م ئۆرگانه و قه‌بووڵکردنی
هێز و ده‌سه‌ڵاتی، هاوکات ئامێرێکیان به‌دیهێنا که ده‌یتوانی ئه‌وان له ئاکامی
شیرینی تێکۆشان و له پشتیوانی خۆی بێ به‌ش بکات، زۆر جاریش هه‌ر وای ده‌کرد. که‌وابوو،
له‌هه‌مان کات دا که هاوڵاتی تێده‌کۆشێ هێزی ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌ت قه‌بوڵ بکات، ده‌یه‌وێ
هێزی زه‌خت و زۆری ده‌وڵه‌ت سنووردار بکات. مێژووی ئه‌ندێشه‌ی سیاسی مۆدێرن له سه‌رده‌می
ماکیاولی تا ئێستا، مێژووی هه‌وڵ و تێکۆشانێکی له‌م چه‌شنه‌یه به مه‌به‌ستی راڤه‌کردنی
ماف و زۆر، یان یاسا و ده‌سه‌ڵات له ته‌نیشت یه‌کتر دا. له زانستی سیاسی دا هیچ تیۆرییه‌ک
به‌دی ناکه‌ین که هاوکات ئه‌م دوو کاره‌ی نه‌کردبێت. ته‌نانه‌ت رادیکاڵترین تیۆری
لایه‌نگرانی ده‌سه‌ڵاتی ره‌ها (تیۆری هابز و سپینوزا) که له سه‌ره‌تادا به‌ڕواڵه‌ت
حاشا له مافه‌کانی تاک ده‌که‌ن، دواتر ئه‌م مافانه دێننه ئاراوه: هابز ده‌سه‌ڵاتدار
به نوێنه‌ر و کارگێڕی بازرگانی کۆمه‌ڵ پێناسه ده‌کات به‌جۆرێک ئه‌گه‌ر له کاری
خۆی دا سه‌رکه‌وتوو بوو، هه‌موو ده‌سه‌ڵاتێکی پێ ده‌سپێرێ، به‌ڵام ئه‌گه‌ر نه‌توانێ
نه‌زم و ئاسایش فه‌راهه‌م بکات هه‌موو ده‌سه‌ڵاتێکی لێ ده‌ستێنێته‌وه؛ سپینوزا
یاسایه‌کی داناوه که مافی به هاوتای زۆر زانیوه، به‌ڕای ئه‌و هه‌ر گرووپێکی
کۆمه‌ڵایه‌تی خاوه‌ن ده‌سه‌ڵات ده‌توانێ ده‌سه‌ڵاتی کۆمه‌ڵایه‌تی به ماف [ی خۆی]
بزانێ، یانی ناشیاوی بۆ به‌هره‌مه‌ندی له مافه‌کان[alterius
iuris) بگۆڕێ به شیاوی بۆ به‌هره‌مه‌ندی له مافه‌کان
[sui iuris] . ته‌نانه‌ت جان لاک که لایه‌نگری ماف و
یاسایه، خۆی به ناچار ده‌زانێ که "ده‌سه‌ڵاتێکی تایبه‌ت" بۆ شا قایل
بێ و رێگه‌ی پێبدات که ئه‌گه‌ر ماف و یاسا، مه‌ترسی بۆ ده‌وڵه‌ت دروست بکه‌ن،
بتوانێ به‌ده‌ر له یاسا – و ته‌نانه‌ت هه‌ندێ جار له دژی یاسا- هه‌نگاو بنێت.
ئه‌م
ئاڵۆزییه له زانستی مۆدێرنی سیاسه‌ت دا، له پێگه‌ی ته‌ماوی رۆشنبیر دا ده‌رده‌که‌وێت.
به‌ر
له گه‌شه‌ی ناسیۆناڵیزم، له یه‌که‌م قۆناغ دا، رۆشنبیر له‌گه‌ڵ هیچ کێشه‌یه‌کی
مه‌زن به‌ره‌وڕوو نییه، به‌تایبه‌ت ئه‌و که‌سانه‌ی که له بواری به‌ڕێوه‌به‌ری،
ملیتاریزم، دادوه‌ری و ماڵی دا پسپۆڕن، پادشاکان زۆر پێویستیان به‌وان هه‌یه. به‌مجۆره
له شیکردنه‌وه‌ی دۆخی رۆشنبیردا گۆڕانێکی چۆنی روویداوه که سنووری نه‌ته‌وه‌کان
ده‌به‌زێنێ و ده‌رفه‌تی ده‌ڕه‌خسێنێ که رۆشنبیر ده‌توانێ له‌گه‌ڵ هه‌ر ده‌سه‌ڵاتدارێک
په‌یمان ببه‌ستێ و له هه‌ر شوێنێک که بیه‌وێ بژی و، ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵاتێک ده‌ریکرد،
ده‌سه‌ڵاتێکی دیکه به ڕووی گه‌شه‌وه وه‌ری بگرێ، ئه‌م قۆناغه (یانی سه‌ده‌کانی
پانزه و شانزه) و قۆناغی دواتر، یانی چاخی ده‌سه‌ڵاتی ره‌ها و رۆشن ئه‌ندێش،
باشترین نمونه‌ی ئه‌م دۆخه‌یه.
ناسیۆناڵیزم
ژێرخانی ره‌وایی ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌ته و، له‌هه‌مان کات دا، کێشه‌یه‌کی به‌ڕاستی
ئه‌مڕۆیی پێکدێنێ. به ڕای من هیچ سه‌رده‌مێک وه‌ک ئه‌م سه‌رده‌مه تا ئه‌م ئاسته
گرنگ و سه‌رنجڕاکێش نییه، بۆوه‌ی نه‌ته‌وه ئه‌و مافه به خۆی ده‌دات که داوای
هه‌ندێ شت له هاوڵاتی بکات که سه‌ره‌ڕای تیۆری سنووردار کردنی ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌ت،
له ئه‌ندازه به‌ده‌ره. له‌م بابه‌ته‌وه تاقه سنوور هه‌ر ئه‌وه‌یه که لوتێر
دیاری کردووه: ویژدانی مرۆڤ.
گروتیوس
هه‌ر له‌م قۆناغه‌دا ده‌ژیا، کێشه‌ی ئه‌مڕۆی ئێمه‌ش هه‌ر له‌م کاته‌دا سه‌ری هه‌ڵدا.
تۆژینه‌وه‌ی ئه‌م پرسه که به چ شێوه‌یه‌ک چاوه‌ڕوانی نه‌ته‌وه له زیاد بوو،
بابه‌تێکی هه‌ره سه‌رنج ڕاکێشه. دیمه‌ن، فه‌رانسه‌ی سه‌ده‌ی حه‌ڤده‌هه‌مه کاتێ
که ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌ڤی فه‌رانسا له درێژه‌ی ره‌وتی خه‌باتی به‌ره‌ی کاتولیک و
هوگنۆ (به‌ره‌ی پرۆتستانی فه‌رانسا)دا پێکدێت. له شه‌ڕه‌کانی ئایینی سه‌ده‌ی
شانزده‌هه‌م دا، که هانری چواره‌می به ته‌ختی سه‌ڵته‌نه‌ت گه‌یاند، بۆ هه‌موان
ده‌رکه‌وت که خزمایه‌تی ئایینی له ناسنامه‌ی نه‌ته‌ڤی بانتره. به‌ڵام له سه‌رده‌می
ده‌سه‌ڵاتی ریشلیو دا، ئه‌م دۆخه گۆڕانی به‌سه‌ردا هات. به‌شێنه‌یی و به‌شێوه‌ی
نادیار، ئه‌مه‌گداری هاوڵاتیان به ده‌وڵه‌تی یه‌ک نه‌ته‌ڤی، گرنگتر له هه‌ر
پرسێک ده‌رکه‌وت. باشترین به‌ڵگه‌ی ئه‌م پرسه له کاتی گه‌مارۆی شاری لاروشل دا
ده‌رکه‌وت. هاوڵاتیانی لاروشل کالڤینیست بوون و هاوکات که له‌گه‌ڵ چارڵزی یه‌که‌م
پادشای بریتانیا دا په‌یمانیان ده‌به‌ست و به‌مجۆره به ئاشکرا خه‌یانه‌تیان به
نیشتمان ده‌کرد، رایانگه‌یاند که نابێ له‌م په‌یمانه‌دا هیچ شتێک به خه‌یانه‌ت
بزانرێت [چ لادان له مه‌زهه‌ب، چ له نیشتمان]. به‌مجۆره ده‌بینین که له جه‌رگه‌ی
شه‌ڕێکی مه‌زهه‌بی دا و به‌پێچه‌وانه‌ی هه‌شت جه‌نگی مه‌زهه‌بی سه‌ده‌ی شازده‌هه‌م،
ئه‌م جاره هه‌ست ده‌کرێ که وه‌فاداری به نه‌ته‌وه قه‌ت له وه‌فاداری به مه‌زهه‌ب
که‌متر نییه.
له
مێژووی سه‌رده‌می مۆدێرن [و هاوچه‌رخ] دا، ناکۆکی نێوان ده‌سه‌ڵات و ویژدانی تاکی
له کۆمه‌ڵ دا، دیارده‌یه‌کی تازه‌ی لێده‌که‌وێته‌وه که له‌م دواییانه‌دا به
"رزگاری ده‌روونی" پێناسه کراوه. بۆ روونکردنه‌وه‌ی ئه‌م پرسه، چوار
نمونه باس ده‌که‌ین: سپینوزا و ئابه‌ملیه و کانت و تیۆدۆر مومزن. ئه‌م چواره هه‌موویان
له یه‌ک شت دا وه‌ک یه‌ک بوون؛ حاشایان له سیستمی سیاسی سه‌رده‌می خۆیان ده‌کرد،
به‌ڵام نه‌یانده‌توانی به‌کرده‌وه دژایه‌تی بکه‌ن. سپینوزا خۆی له هه‌ر جۆره
کۆت و پێوه‌ندێکی سیستمی سیاسی سه‌رده‌م رزگار کرد تا بتوانێ وه‌ک بیرمه‌ندێک بژی.
ئابه‌ملیه[3] له
سه‌ده‌ی هه‌ژده‌هه‌م دا به درێژه‌ی هه‌موو ته‌مه‌نی قه‌شه‌یه‌کی کاتولیک بوو، به‌ڵام
ئه‌و جۆره له وه‌سیه‌تی دا نووسیویه کۆمۆنیستێکی لادین بووه. کانت به‌ڕواڵه‌ت
وه‌ک که‌سێکی خه‌ڵکی پرۆس و مامۆستای زانکۆ ده‌ژیا، هه‌روه‌ها شانازی به‌وه‌و ده‌کرد
که قه‌ت پۆله‌کانی به‌جێ نه‌هێشتووه و له نه‌زم و پرنسیپی زانکۆ لای نه‌داوه.
به‌ڵام له نامه‌کانی دا ده‌نووسێ: که زۆر جار بیروبۆچوونی شۆڕشگێڕانه به مێشکی
دا هاتووه، به‌ڵام قه‌ت نه‌یوێراوه به ئاشکرا باسی بکات. هه‌روه‌ها تیۆدۆر
مومزن له وه‌سیه‌تنامه‌که‌ی دا خۆی به که‌سێکی لیبراڵ ده‌زانێ که له‌گه‌ڵ
سیستمی سیاسی وڵاته‌که‌ی ناکۆکه و پڕ به دڵ له‌و سیستمه بێزاره و زیاتر حه‌زی
له تێکۆشانی سیاسی بووه، نه‌ک تۆژینه‌وه‌ی زانستی. سه‌ره‌ڕای ئه‌مه‌ش، خاڵی
هاوبه‌شی هه‌ر چوار که‌س له‌وه دایه که هه‌موویان به‌رهه‌می گه‌وره‌یان نووسیوه
و دوانیان، کانت و سپینوزا، بوون به سه‌رچاوه‌ی خزمه‌تی شۆڕشگێڕانه بۆ بیری
مرۆڤایه‌تی.
له
قۆناغی لیبرلێزم دا (که بۆ هه‌موومان، به به‌راورد له‌گه‌ڵ رابردوو، وه‌ک سه‌رده‌می
زێڕینی رۆشنبیری ده‌رده‌که‌وێ) رۆشنبیر به‌رهه‌مهێنه‌رێکی ئازاده. زانکۆی ئازاد و
رۆژنامه‌ی سه‌ربه‌خۆ و سیستمی پارت و رێکخراوی سیاسی ره‌که‌به‌ر، هه‌موویان له به‌رژه‌وه‌ندی
رۆشنبیرانێک دان که به‌هۆی فرۆشتنی به‌رهه‌مه‌کانیان له بازاڕی ئازاد‌دا، ژیان ده‌به‌نه‌سه‌ر.
به
درێژایی سه‌رده‌مێک که سه‌ده‌ی شازده‌هه‌م ده‌ست پێده‌کا و له سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌م
دا کۆتایی دێت، که‌سانێک که بیرێکیان له سه‌ر دایه و [له دۆخی زاڵ] یاخی ده‌بن،
هێشتا ده‌توانن "هانا بۆ ده‌روونی خۆیان ببه‌ن" و "له تاراوگه‌ی
ده‌روون دا بگیرسێنه‌وه". ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر وڵاتی خۆیان به‌جێ بێڵن یان ده‌ربکرێن،
هێشتا به ئاسانی ده‌توانن خانویه‌کی نوێ بدۆزنه‌وه. له سه‌ده‌کانی شازده و حه‌ڤده‌هه‌م
دا له‌م ده‌رباره‌وه بۆ ئه‌و ده‌ربار کۆچ ده‌که‌ن و، له سه‌ده‌کانی هه‌ژده و
نۆزده‌دا، رۆشنبیرانێکی ره‌ها (یان "ئاواره")، که‌سانێک وه‌ک هێرتسن[4] و
باکونین و بایرۆن[5]،
به دڵی خۆیان بۆ هه‌ر کۆی بیانه‌وێ ده‌ڕۆن.
هه‌ر
له‌م کاته‌دا، له ده‌وڵه‌تانی یه‌ک نه‌ته‌وه‌دا دیارده‌یه‌کی نوێ سه‌رهه‌ڵده‌دا
که بریتییه له زاڵ بوونی بروکراسی به‌سه‌ر کۆمه‌ڵگه‌دا و گۆڕینی رۆشنبیر به
خزمه‌تکاری کۆمه‌ڵ. رۆشنبیر له ئه‌نجامدانی ئه‌رکی خۆی دا تادێ تو‌وشی دژواری
زیاتر ده‌بێ. ژولین بندا[6]
رۆشنبیران به‌وه تاوانبار ده‌کات که خه‌یانه‌تیان به ئه‌رکی خۆیان کردووه و
پرنسیپه‌کانی ئه‌خلاقیان پێشێل کردووه. جارێ باسی ئه‌م پرسه ناکه‌ین و به
شیکاری سۆسیۆلۆژیک باسه‌که زیاتر ده‌که‌ینه‌وه. لێره‌دا ده‌بینین که راسته که
رۆشنبیران تادێ زیاتر ده‌بن به خزمه‌تکاری کۆمه‌ڵگه. گومانی تێدا نییه که په‌ل
و پۆی بروکراسی رۆشنبیرانیشی گرتۆته‌وه. ئه‌رکی سوقرات ئاسای رۆشنبیر تو‌وشی مه‌ترسی
بووه و رۆشنبیر وه‌ک پارێزه‌ر و لایه‌نگری "دۆخی سه‌رده‌م" ده‌رکه‌وتووه،
وه‌ها ئاڵ‌وگۆڕێک له پێگه‌ی رۆشنبیردا و گۆڕانی دۆخی کۆمه‌ڵایه‌تی، گواستنه‌وه له
فه‌رهه‌نگێکی نه‌ته‌ڤی، بۆ فه‌رهه‌نگێکی تری تا ئه‌م ئاسته دژوار کردووه.
ئه‌م
ره‌وته له ده‌وڵه‌تانی تۆتالیتێر (گشتخواز) دا به لوتکه‌ی خۆی ده‌گات. ده‌وڵه‌تی
تۆتالیتێر ته‌نیا به پاوان کردنی دۆخی کۆنی زه‌خت و پێویستی وازناهێنێ و رازی
بابێت، جیاوازی ده‌وڵه‌تی تۆتالیتێر له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی ره‌ها هه‌ر لێره دایه. ئه‌گه‌ر
قه‌راره ده‌وڵه‌ت وه‌ک سیستمێکی دیکتاتۆری درێژه به ژیانی خۆی بدات، ده‌بێ
تێکڕای ئه‌ندێشه‌ی تاکه‌کان کونترۆڵ بکا و به‌مجۆره فه‌رهه‌نگ بکات به ئامێری
پڕوپاگه‌نده. له به‌رانبه‌ر سیستمێک دا که به‌شێوه‌ی سیستماتیک، ئه‌ندێشه نزم
و په‌ست ده‌کات، ته‌نیا که‌سانێکی ده‌گمه‌ن ده‌توانن خۆڕاگرن. له‌م دۆخه‌دا
"رزگاری ده‌روونی" بریتییه له ده‌ستهه‌ڵگرتن له کار و تێکۆشانی فکری.
وڵام دانه‌وه به‌م پرسه که "به‌رهه‌می فکری ئه‌و رۆشنبیرانه که له
ئاڵمان و ئیتالیا هانایان بۆ ده‌روونی خۆ بردبوو، چ بوو؟" ته‌نیا یه‌ک وشه‌یه:
هیچ. ئه‌و رۆشنبیرانه که کۆچیان بۆ ده‌روون کردبوو، ده‌ست به‌تاڵ بوون. هیچ ده‌سنووسێک
نه‌دۆزرایه‌وه که له سه‌رده‌می دیکتاتۆری دا نوسرابێ و نوسه‌ر به‌هیوای روخانی
رژیمی تۆتالیتێر له سوچێک شاردبێتیه‌وه. لێره‌دا نامه‌وێ رۆشنبیرانی دژی نازیزم
سه‌رزه‌نشت بکه‌م؛ مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه که هۆکاری نه‌بوونی به‌رهه‌می فکری راڤه
بکه‌م، هۆی چییه که ته‌نیا رێگه‌چاره‌ی رۆشنبیرانی دژی تۆتالیتاریزم، هه‌ڵاتنی
فیزیکی له وڵاته؟
که‌وابوو
ئاشکرایه که کۆچ کردن له سه‌رده‌می ناسیۆناڵیزم دا، له هه‌موو سه‌رده‌مانی
پێشوو، ئێجگار ژاناویتره. رۆشنبیرێک که وڵات به‌جێ دێڵێ، ته‌نیا شوێنی ژیانی خۆی
ناگۆڕێ. ده‌بێ له پشتخانی مێژوویی و ئه‌زموونه هاوبه‌شه‌کان داببڕێ؛ ده‌بێ
زمانێکی نوێ فێر بێ؛ ده‌بێ به‌م زمانه بیر بکاته‌وه و بارودۆخ بناسێت؛ به‌کورتی،
ده‌بێ ژیانێکی ته‌واو تازه پێک‌بێنێ. ئه‌و شته‌ی که ده‌بێ خۆی له‌گه‌ڵ دا رێک
بخات، له ده‌ست دانی کار و پیشه و پۆست و ماڵ و سامان نییه (که ئه‌ڵبه‌ت ئه‌مانه‌ش
به ڕاده‌ی خۆی ژاناوییه)؛ به‌ڵکوو ده‌بێ له‌گه‌ڵ دۆخێکی قورسی کولتووری خۆی رێک
بخات.
ته‌نانه‌ت
ئه‌گه‌ر کۆچ به مانای رزگاری له دۆخێکی تاقه‌تپڕووکێن بێت (وه‌ک له ئاڵمانی
نازی وابوو)، دیسانیش خۆ رێکخستن له‌گه‌ڵ کولتوری وڵاتێکی‌تر ئاسان نییه. نه‌فره‌ت
له نازیزم به‌هیچ شێوه‌یه‌ک بارای دژواری ده‌روونی سووکتر نه‌ده‌کرد، ته‌نانه‌ت –
و به‌تایبه‌ت- باری ده‌روونی رۆشنبیرانی سیاسی سوکتر ناکات، مه‌به‌ستم رۆشنبیرانێک
وه‌ک مێژوونوسان، کۆمه‌ڵناسان، ده‌روونناسان و توێژه‌رانی زانستی سیاسییه که له‌گه‌ڵ
پرسه‌کانی ده‌وڵه‌ت و کۆمه‌ڵگه خه‌ریک بوون و ناچار بوون له‌گه‌ڵ بارودۆخی
توندوتیژ و وه‌حشیانه‌ی سیاسه‌ت به‌ره‌وڕوو بن. به ئه‌نقه‌ست ده‌ڵێم به‌تایبه‌ت
زانایانی سیاسی له‌گه‌ڵ کێشه‌ی ده‌روونی به‌ره‌وڕوون، چونکه ئه‌م که‌سانه
شێلگیرانه له‌پێناو پێکهێنانی سیستمێکی سیاسی باشتر و پاکتر و به‌سروشت چاکتر
تێده‌کۆشان- یان ده‌بوو تێ‌بکۆشن- کاتێکیش به‌ناچار وڵاتیان به‌جێ هێشت، چاره‌نوس
له سێ لاوه هێرشی بۆ هێنان، ئه‌وان هه‌م وه‌ک مرۆڤێک، هه‌م وه‌ک زانایه‌ک،
هه‌م وه‌کوو که‌سێکی سیاسی، ئاواره و سه‌رگه‌ردان بوون.
ئه‌گه‌ر
بمانه‌وێ له کۆمه‌ڵناسی دا یاسایه‌کی گشتی دابڕ‌ێژین، ره‌نگه ده‌بێ بێژین:
ئه‌گه‌ر
رۆشنبیر بتوانێ پێگه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی خۆی ڕابگوێزێت، کۆچکردن ئاسان ده‌بێت، یانی ده‌ڤه‌ری
کۆمه‌ڵایه‌تی نوێ، له‌گه‌ڵ ده‌ڤه‌ری پێشووی که به‌جێی هێشتووه، تا راده‌یه‌کی
زۆر لێک بچن.
ئه‌گه‌ر
پێکهاته‌ی به‌رده‌نگان (بیسه‌ر/ خوێنه‌ران)ی نوێ، که جێگه‌ی به‌رده‌نگی پێشووی
رۆشنبیر ده‌گرنه‌وه، له‌گه‌ڵ پێکهاته‌ی پێشوو سازگار بێت به‌جۆرێک که رۆشنبیر
بتوانێ له‌گه‌ڵیان بدوێ و قسه‌یان ببیێ، کۆچ ئاسانتر ده‌بێت.
ئه‌گه‌ر
ئێستا ئه‌م چه‌مکانه له‌مه‌ڕ پێنج دۆخی باس‌کراو به‌کار بێنین، به‌م ئاکامه ده‌گه‌ین:
ئه‌گه‌ر
له سه‌رده‌می کۆن دا وه‌ک ره‌وشی یۆنان، شارستانیه‌ت له یه‌ک شوێن دا چه‌ق ببه‌ستێ
و، ئه‌گه‌ر سیاسه‌ت له‌گه‌ڵ فه‌رهه‌نگ تێکه‌ڵاو بێ، کۆچی رۆشنبیر وزه و تواناکانی
وشک ده‌کا و ره‌نگه تو‌وشی مه‌رگی فکری ببێت.
له
شارستانیه‌تی هه‌مه‌کی چاخی نێوه‌ڕاست دا، له هه‌موو شوێنێک پێگه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی
و به‌رده‌نگان که‌م تا زۆر یه‌ک شت بوون. له چاخی نێوه‌ڕاست دا، هه‌موو وڵاتان
شاگرد و مامۆستا و زانکۆیان هه‌بوو و به یه‌ک زمان ده‌ئاخڤان و ده‌یاننوسی و خاوه‌ن
سیستمی ئێتیکی و ئه‌خلاقی هاوبه‌ش بوون.
له
سه‌رده‌مێک دا، که سیستمی ده‌وڵه‌تی مۆدێرن سه‌ریهه‌ڵدا، رۆشنبیرانێک که له
بواری ملیتاریزم و به‌ڕێوه‌به‌ری دا توانای تایبه‌تیان هه‌بوو، ئه‌و مافه‌یان به
خۆیان ده‌دا که داوای پاداشی زیاتر بکه‌ن و، به‌گشتی له هه‌موو ده‌رباره‌کان دا
خاوه‌ن پێگه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی و به‌رده‌نگی وه‌ک یه‌ک بوون.
کاتێ
ده‌وڵه‌تی یه‌ک نه‌ته‌ڤی سه‌ریهه‌ڵدا، به‌و هۆیانه که پێشتر باسکرا، رزگاری
رۆشنبیر دژوارتر بوو، به‌ڵام هێشتا ده‌یتوانی په‌نا بۆ ده‌روونی خۆی ببا و، له سه‌ده‌کانی
هه‌ژده و نۆزده‌دا، ده‌یتوانی بۆ وڵاتانی تر بڕوا.
ئاشکرایه
که ده‌بێ له‌مه‌ڕ تۆتالیتاریزم له ئاڵمان وردتر باس بکه‌ین. ده‌بێ دۆخی واقعی
ئاڵمان و ره‌وشی رۆشنبیری ئاڵمانی شرۆڤه بکه‌ین.
ماوه‌یه‌ک
پێش ساڵی 1933، شێوازی بیرکردنه‌وه‌ی رۆشنبیری ئاڵمانی، تێکه‌ڵ به دوودڵی و
ناهۆمێدی و بێ باوه‌ڕی و گه‌ڵته به پرنسیپه‌کان بووبوو. ئه‌و شته‌ی که به
شۆڕشی 1918 ناوبانگی ده‌رکرد، دوو رێبازی سیاسی ناکۆکی به‌دیهێنا: وێڵسۆنیزم و
بۆلشڤیزم. له‌مه‌ڕ زه‌بری دوو هێزی فکری ناکۆک له ئوروپا، به‌تایبه‌ت له ئاڵمان،
هه‌رچی بێژین که‌مه. تیوری دوور و درێژی وێلسۆن[7] له‌مه‌ڕ
مافی دیاریکردنی چاره‌نوس له قاڵبی کۆمه‌ڵی نه‌ته‌وه‌کان یان به‌ده‌ر له‌م
چوارچێوه، به‌مه‌به‌ستی کۆتایی هێنان به شه‌ڕ و ئاژاوه‌کان، ئامانجه‌کانی ره‌وتی
لیبراڵی ئاڵمان و پێڕه‌وانی بزاڤی دیموکراتیکی کارێکاری ئه‌م وڵاته‌ی روون ده‌کرده‌وه.
کرێکاران و به‌شی له رۆشنبیران، شۆڕشی لێنینیان وه‌ک سه‌رهه‌ڵدانی دوباره‌ی مه‌سیح
و کۆتایی سته‌م و سه‌ره‌ڕۆیی و رزگاری مرۆڤ و روخانی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی ده‌زانی.
هه‌ر
دوو تێۆری تو‌وشی شکست هاتن. ته‌نانه‌ت دیموکراسی پێشتر دۆڕابوو، چونکه له نزیکه‌وه
شکستی[ئاڵمانی له جه‌نگی جیهانی یه‌که‌م دا] ئه‌زموون کردبوو و قه‌ت خاوه‌ن گه‌شه
و بڕوای وڵاتانی ئه‌نگلۆساکسۆن نه‌بوو. لیبرالیزمی ئاڵمان به‌هۆی سیاسه‌ته‌کانی
بیسمارک تو‌وشی فه‌ساد و گه‌نده‌ڵی هاتبوو و له‌پێناو فراوانخوازی ئه‌مپریالیستی،
ئازادی فرۆشتبوو. سۆسیال دیموکراسی ئاڵمانی به‌شێوه‌ی سیستمێکی برۆکراسی پان و به‌رین
دێفۆرمه بووبوو (شێوا بوو) و له‌پێناو حه‌قده‌ستی زیاتر، ئازادی کۆمه‌ڵایه‌تی
فرۆشتبوو. بۆلشڤیزمی به‌په‌له، وه‌ک ده‌زگایه‌کی تێرۆری لێهاتبوو که به سوودی
خۆی فه‌لسه‌فه‌ی مارکسی به‌کار دێنا و تاقه ئامانجی ئه‌وه بوو که ده‌سه‌ڵاتی یه‌کێتی
سۆڤیه‌ت له ده‌ره‌وه زیاتر بکا و هێژمونی پڕ خه‌فه‌قانی گرووپی ده‌سه‌ڵاتدار له‌و
وڵاته‌دا سه‌قامگیر بکات.
له‌م
بۆشاییه‌دا، دیسان هه‌مان بیر و تیۆری کۆنی ناسیۆناڵیسته‌کان و لایه‌نگرانی
ئاڵمانی مه‌زن، به‌سه‌ر رۆشنبیران و به‌تایبه‌ت به‌سه‌ر ده‌ڤه‌ری ئاکادمیک دا زاڵ
بوو. زانکۆکان بوون به مه‌کۆی بیروباوه‌ڕی دژه دیموکراسی. به هه‌ڵه تێمه‌گه‌ن،
من ناڵێم ده‌بێ زانکۆکان پڕوپاگه‌نده بۆ دێموکراسی بکه‌ن. له‌م بابه‌ته‌دا، من به‌ته‌واوی
له‌گه‌ڵ بۆچوونی ماکس وێبر له وتاری به‌ناوبانگی ئه‌رکی زانست دا
کۆکم. به‌ڵام بێگومان گاڵته کردن به دێموکراسی و هه‌ڵخڕاندنی هه‌ست و سۆزی
ناسیوناڵیستی و پێداهه‌ڵوتن به ده‌سه‌ڵاتی کۆندا، ئه‌رکی زانکۆکان نییه.
با
لێره‌دا چه‌ند ئه‌زموونێکی خۆمتان بۆ بگێڕمه‌وه. کاتێ که له به‌هاری 1918دا
چووم بۆ زانکۆی بێرسلاڤ، مامۆستای به‌ناوبانگی ئه‌ده‌بیاتی ئه‌و زانکۆیه، پاش
رێزلێنان له ئایدیالیزمی کانت، ده‌یویست له ئه‌ندێشه‌ی کانت به‌م ئاکامه بگات
که ئاڵمان ده‌بێ سه‌رکه‌وێ و ده‌بێ حکومه‌تی پادشایی هه‌بێ، ده‌بێ ته‌نیا به مه‌رجێک
ئاشتی قه‌بووڵ بکات که وڵاتی بلژیک و چه‌ند به‌شێکی تر له ئورووپا پاشکۆی بن...
کاتێ له پایزی 1918دا چووم بۆ لایپیزیک، مامۆستای مێژوو، ده‌یویست به‌شێوه‌ی حه‌تمی
بیسه‌لمێنی که دیموکراسی له‌گه‌ڵ رۆحی ئاڵمانی ناکۆکه، ئه‌گه‌رچی ره‌نگه له‌گه‌ڵ
گه‌لانی ئه‌نگلۆساکسۆنی ماتریالیست سازگار بێت، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئایدیالیزمی ره‌گه‌زی
ژرمه‌ن دا نایه‌ته‌وه. کاتێ له به‌هاری 1919دا چووم بۆ روستوک، له‌ئاست هه‌ڵوێستی
دژه یه‌هوودی مامۆستاکان، ناچار بووم له‌نێوان خوێندکاران رێکخراوێک پێکبێنم. سه‌رئه‌نجام
کاتێ به فرانکفۆرت گه‌یشتم، یه‌که‌م ئه‌رکم ئه‌وه بوو که داکۆکی له مامۆستایه‌کی
سۆسیالیست بکه‌م که تازه دامه‌زرابوو و خوێندکاران به‌شێوه‌ی سیاسی و فیزیکی
ئازاریان ده‌دا، زۆربه‌ی مامۆستایانیش به نهێنی له‌گه‌ڵ خوێندکاران و له دژی ئه‌م
مامۆستایه بوون.
ده‌بێ
بزانین ئه‌و که‌سانه که بانگه‌شه‌ی ئه‌م بیر و بۆچوونه‌یان ده‌کرد و ده‌ستیان بۆ
ئه‌م جۆره کارانه ده‌برد، مامۆستایانی پله دوو نه‌بوون؛ هه‌موویان، به‌ناو ئه‌ستێره‌ی
پله یه‌که‌می زانکۆکان بوون. مه‌کته‌بی پڕبایه‌خی ویلهێلم فون هۆمبلوت[8]
ئیتر ده‌وری نه‌مابوو.
راسته
که له ساڵی 1924 تا 1930 ده‌وڵه‌تی کاتی پێکهات. حکومه‌تی کۆماری سه‌قامگیر نه‌بوو...
به‌ڕواڵه‌ت ره‌نگ بوو وێسۆنیزم به ئه‌نجام بگات. گه‌شه و فراوانی له ئه‌مریکا،
کاریگه‌ری سه‌یری له‌سه‌ر ئاڵمان دانابوو. به وته‌ی خه‌ڵکی ئاڵمان، "فوردیزم[9]"
به چاره‌سه‌ری هه‌موو کێشه‌یه‌ک ده‌زانرا. به‌ڵام پاشان ساڵی 1930 گه‌یشت و
بێ‌کاری و قه‌یرانی مه‌زنی ئابووری وڵاتی داگرت و به‌شێنه‌یی رێکخراوه سیاسییه‌کان
لێکترازان و هاوکات له‌گه‌ڵ ئه‌م ره‌وشه، داخوازی بۆ ژیاندنه‌وه‌ی مه‌زنایه‌تی
ئاڵمان له زانکۆکان دا په‌ره‌ی گرت و به‌مجۆره ده‌سکه‌وته‌کانی ده‌وڵه‌تی کاتی
له‌نێو چوو، یان به وته‌یه‌کی باشتر، نازیزمی به‌دیاری هێنا.
کۆچی
رۆشنبیراب به هۆی نازیسم، له بنه‌ڕه‌ت دا له‌گه‌ڵ کۆچی سه‌رده‌مانی پێشوو
جیاوازی هه‌بوو. له‌م بابه‌ته‌وه ده‌بێ چوار هۆکار لێک جیا بکه‌ینه‌وه (ئه‌لبه‌ت
نابێ له بیرمان بچێ که ره‌نگه له یه‌ک که‌س دا ئه‌م چوار هۆکاره کۆ ببنه‌وه،
وه‌کچۆن زۆر جار له رابردوودا رووی داوه): هۆکاری سیاسی، هۆکاری ئێتنیکی، هۆکاری
دینی و هۆکاری ئه‌خلاقی. مه‌به‌ستی سیاسی، تێکڕای ره‌وته‌کانی جیاوازی سیاسی، هه‌ر
له کۆنسێڤانیزم و ناسیۆناڵیزم تا کۆمۆنیزم، له وڵاتی ئاڵمان ده‌گرێته‌وه. که‌وابوو
له‌نێوان ئه‌و که‌سانه‌دا که له نیشتمان دابڕاون، هیچ جۆره یه‌کبوونێکی سیاسی
له ئارادا نه‌بوو. دووهه‌م، ئه‌وه راونان و ئازاری ئێتنیکی بوو که یه‌هودیان و
نیوه یه‌هوودیان و چاره‌که یه‌هوودیانی ده‌گرته‌وه، ئێسته چ ئه‌م که‌سانه دژ
به رژیم بووبێتن، یان نا. سێهه‌م هۆکار، هۆکاری دینی بوو، چونکه نازیزم به
ئاشکرا دژی مه‌سیحیه‌ت بوو، هه‌رچه‌ند دژایه‌تی دین، به‌هۆی تاکتیکی، هه‌رگیز به‌ته‌واوی
به‌کرده‌وه ده‌رنه‌هات. سه‌رئه‌نجام هۆکاری چوارم، رق و نه‌فره‌تی ئه‌خلاقی له
رژیمی نازی بوو، ئه‌م که‌سانه پێیان وابوو که گه‌نده‌ڵی ئه‌خلاقی رژیم، ته‌نانه‌ت
ده‌رفه‌تی "هانابردن بۆ ده‌روون" له‌نێو ده‌بات.
که‌وابوو،
به هێچ شێوازێک له کۆچی ساڵی 1848 نه‌ده‌چوو، چونکه کۆچ له‌و سه‌رده‌مه‌دا ته‌نیا
به‌هۆی سیاسی بوو و هه‌ڵاتوان و
دوورخراوان ئه‌و کۆچه‌یان به دیارده‌یه‌کی کاتی ده‌زانی.
نازیزم،
ته‌نیا سیستمی سیاسی ئاڵمانی نه‌گۆڕا؛ ئاڵمانی له بنه‌وه گۆڕا. که‌وابوو، زۆر که‌س
له سه‌ره‌تاوه دابڕان له نیشتمانیان، به دابڕانی به‌ته‌واوی له ئاڵمان ده‌زانی
و پێیان وابوو ده‌بێ نه‌مامی ژیان له خاکێکی تردا بنێژن.
رێم
بده‌ن با باسی ئه‌زموونی خۆم بکه‌م، من بۆوه‌ی له ئاڵمان نزیک بم و پێوه‌ندیم نه‌پچڕێت،
له سێ ساڵی یه‌که‌م دا، له 1933 تا 1936 ، له بریتانیا به‌سه‌رم برد. سه‌ره‌ڕای
ئه‌وه که له زانکۆی ئابووری له‌نده‌ن پله‌ی بان دۆکترام وه‌رگرت، له کۆڕ و
کۆمه‌ڵی په‌نابه‌رانیش دا چالاک بووم. له بریتانیا دڵنیا بووم که روخانی رژیم له
ناوه‌وه خه‌ونێکی بێهووده‌یه. سیاسه‌تی کۆڕ و گرووپی ده‌سه‌ڵاتدار له بریتانیا
که تێده‌کۆشان دڵنه‌وایی هیتلر بده‌نه‌وه و ئاشتی خوازی پارتی کرێکار که ئه‌وکات
له به‌ره‌ی ئۆپۆزیسیۆن دا بوو، به‌شێنه‌یی من و زۆر که‌سی به‌م بڕوایه گه‌یاند
که رژیمی نازی نه‌ک هه‌ر لاواز نابێ، به‌ڵکوو به پشتیوانی هێزه‌کانی ئورووپا، به‌هێزتریش
ده‌بێ. که‌وابوو، ده‌بوو ئه‌م فایله له‌ڕووی ره‌وانی و کۆمه‌ڵایه‌تی و ئابوورییه‌وه
دابخه‌ین و ژیانێکی نوێ ده‌ست پێبکه‌ین.
به‌ڵام
بریتانیا وڵاتێک نه‌بوو که ئه‌م کاره له‌ودا بگونجێ. من زۆر که‌س بریتانیامان
خۆش ده‌ویست، به‌ڵام کۆمه‌ڵگه‌ی بریتانیا ئێجگار یه‌کده‌ست و لێکته‌نراو بوو و ده‌رفه‌ت
و پێداویستییه‌کان زۆر که‌م بوون و، سیاسه‌ته‌کانی ناشیاو. پێموابوو قه‌ت ناتوانم
وه‌ک خه‌ڵکی ئه‌وێ ببم به که‌سێکی بریتانی. که‌وابوو، وادیار بوو ئه‌مریکا ته‌نیا
وڵاتێک بوو که ئه‌م کۆچه سێ لایه‌نه- چ وه‌ک مرۆڤ، چ وه‌ک رۆشنبیر و چ وه‌ک
زانستڤانی سیاسی- له‌ودا ده‌گونجا و سه‌رکه‌وتنی به‌ده‌ست دێنا.
ئه‌وه
که ئه‌م کۆچه نه‌ک هه‌ر بۆ من به‌ڵکوو بۆ سه‌دان که‌س سه‌رکه‌وتوو بووه، به‌ر
له هه‌ر شتی قه‌رزداری ده‌وڵه‌تی ئه‌مریکا و خه‌ڵکی ئه‌مریکا و زانکۆکانی ئه‌مریکایه،
باشترین به‌ڵگه‌شم ئه‌وه‌یه که هه‌رچه‌ند ئێستا زانکۆکانی ئاڵمان موچه‌ی زیاتر
له زانکۆکانی ئه‌مریکا به مامۆستاکان ده‌ده‌ن، به‌ڵام ته‌نیا که‌سانێکی ده‌گمه‌ن
رازی بوون بگه‌ڕێنه‌وه.
رۆشنبیرێک
که ساڵی 1936 کۆچی ده‌کرد بۆ ئه‌مریکا، چ شتێ به‌قووڵی کاری تێده‌کرد؟ به‌ڕای من
سێ شت: به‌رنامه‌ی روزڤێڵت، خو و ره‌وشتی خه‌ڵک، رۆڵی زانکۆکان.
لێره‌دا
ده‌رفه‌ت نییه که به‌رنامه‌ی ده‌وڵه‌تی رۆزڤێڵت و خو و ره‌وشتی خه‌ڵکی ئه‌مریکا
له‌و سه‌رده‌مه‌دا به‌وردی باس بکه‌م. مرۆڤێکی ئاڵمانی دوودڵ، پێی وابوو به‌رنامه‌ی
روزڤێڵت به‌پێی وێڵسۆنیزم پێکهاتووه که له ساڵی 1917 وه بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌کرێ،
پێی وابوو ئه‌م به‌رنامه‌یه له دنیای واقێع دا و به‌دوور له دروشم سه‌رکه‌وتووه
و، هه‌ر ئه‌مه‌ش ده‌یسه‌لمێنێ که سیستمێکی دێموکراتیکی خه‌باتکار، ده‌توانێ ئه‌و
کێشانه چاره‌سه‌ر بکات که کۆماری ئاڵمانی رووخاند.
له‌مه‌ڕ
خو و ره‌وشتی خه‌ڵکی ئه‌مریکا، ئه‌م خه‌ڵکه به‌شێوه‌ی سروشتی مێهره‌بانن و به هه‌مان
راده پڕن له هه‌ستی هاوسۆزی و هاوڕێیه‌تی و دراوسێکانیان خۆش ده‌وێ. زۆر که‌س ئه‌م
خه‌سڵه‌تانه‌یان ستایش کردووه و لێره‌دا پێویست ناکا من دووپاتی بکه‌مه‌وه. هه‌ر
که که‌سێک، ئوروپا، یان به‌تایبه‌ت ئاڵمانی به‌جێ ده‌هێشت، ده‌رگای ئه‌مریکا به‌ڕوویدا
کراوه بوو و به‌ئاسانی له‌وێ ده‌گیرسایه‌وه.
به‌ڵام
بۆ لایه‌نگرانی زانست، ژیانی ئاکادمیکی ئه‌مریکا له هه‌موو شتێک گرنگتره. پێشتر
وتم که ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ دۆخێکی کۆمه‌ڵایه‌تی هاوشێوه ببێت، گواستنه‌وه له
کولتورێکه‌وه بۆ کولتورێکی تر به ڕواڵه‌ت ئاسانتره. به‌ڵام با بزانین که ئایا
دۆخی ئاکادمیکی ئاڵمان وه‌کوو دۆخی ئه‌مریکایه؟ یان زۆر جیاوازه؟
زانستڤانی
ئاڵمانی له‌ڕووی فکرییه‌وه زیاتر له‌ژێر کاریگه‌ری سێ شت دا بووه: ئایدیالیزمی
ئاڵمانی، مارکسیزم و مێژووگه‌رایی؛ ئه‌م سێ بواره‌ش یه‌ک خه‌سڵه‌تی هاوبه‌شیان
بووه، هه‌ر سێ مه‌کته‌بی فکری هه‌مه‌لایه‌نه و گشتگیر بوون و لایه‌نگرانیان
پێیان وابووه که ده‌توانن هه‌ر دیارده‌یه‌ک له‌م سیستمانه‌دا بگونجێنن. سه‌ره‌ڕای
ئه‌مه‌ش، له هه‌ر سێ رێبازدا، قورسایی له‌ڕاده‌به‌ده‌ری پێشینه و داب و نه‌ریتی
مێژوویی تایبه‌ت به‌دی ده‌کرێت. که‌وابوو، زانستڤانی ئاڵمانی زیاتر لایه‌نگری
تیۆری و مێژوو بووه و به‌ده‌گمه‌ن پێره‌وی رێبازێکی ئه‌زموونی و پراتیکی بووه.
هه‌موو ئه‌مانه رێگه بۆ گومان و دوودڵی ده‌که‌نه‌وه. زانستڤانێک که خاوه‌ن ئه‌ندێشه
مێژوویی بێت، پرۆسه‌ی مێژوو زیاتر به دووپاتبوونه‌وه‌ی مۆدێله‌کانی پێشوو ده‌بینێ
و له‌پێناو به‌ها و گرنگی "ره‌وتی مه‌زنی مێژوو"، سوکایه‌تی به
نوێخوازی و داهێنان ده‌کات. ئه‌گه‌ر ئه‌م بڕوایه زاڵ بێت که مێژوو به ئاراسته‌یه‌کی
دیاریکراودا ده‌ڕواته پێش، به‌م بۆچوونه - وه‌ک له مارکسیزم دا ده‌بینرێ- تو‌وشی
ره‌گاژۆیی ده‌بێ، به‌ڵام به‌هه‌ر حاڵ هه‌میشه جۆرێک وشکی و به‌ستوویی له‌چه‌شنی
دۆگماتیزمی فکری پێکدێنێ.
وه‌ها
بۆچوونێکی تیۆریک و مێژوویی، له هه‌مان کاتدا سوکایه‌تی به فه‌لسه‌فه‌ی
بریتانیا و ئه‌مریکا ده‌کات (یان لانیکه‌م له رابردوودا وابوو). هێشتا ده‌نگی
مامۆستاکه‌ی خۆم له گوێم دا ده‌زرینگێته‌وه که به گاڵته‌وه باسی لاک و ده‌یویی[10] و
کۆندیاک[11]ی
ده‌کرد، له بیرم دێ که چۆن له‌و سه‌رده‌مه وه‌ک ئێستا له‌مه‌ڕ بیروباوه‌ڕی
وایتهید[12]
بێ ده‌نگ ده‌بوون و چیان نه‌ده‌وت.
که‌وابوو
رۆشنبیرێکی ئاڵمانی هه‌ڵاتوو که وا راهاتبوو که رێزی تیۆری و مێژوو بگرێ و
سوکایه‌تی به ئێمپریزم و پراگماتیزم بکات، ده‌هات نێو که‌شێکی فکری ئه‌زموونی گه‌شبینانه
و نامێژوویی که راست دژی هه‌ڵوێستی پێشووی بوو، به‌ڵام دیسان باوه‌ڕ به ره‌وایی
خۆی به‌سه‌ریدا زاڵ بوو.
وه‌ها
جیاوازییه‌کی بنه‌ڕه‌تی، نه ته‌نیا له نه‌ریتی فکری دا، به‌ڵکوو له ره‌وشی
ئاکادنێکیشدا ئاشکرا بوو. زانکۆکانی ئاڵمان به‌م چاوه سه‌یری خۆیان ده‌کرد که
توێژێکی تایبه‌ت و ئلیت په‌روه‌رده ده‌که‌ن، گۆیا وه‌ها توێژێک له که‌سانی تایبه‌ت
و ئلیت ته‌نیا به‌پێی پێوه‌ری ئابووری- کۆمه‌ڵایه‌تی پێکده‌هات، نه‌ک به گرنگیدان
به ده‌سکه‌وتی فکری و زانستی. زانکۆکانی ئه‌مریکا، لانکه‌ی یه‌ک پرنسیپی په‌روه‌رده
بوو، ئه‌ویش بریتی بوو له به‌هره‌مه‌ندی هه‌رچی زیاتری هاوڵاتیان له ده‌رفه‌تی
په‌روه‌رده و خوێندن. په‌روه‌رده‌ی که‌سانی تایبه‌ت، ته‌نیا به‌شێکی بچووک له
تێکۆشانی سیستمی په‌روه‌رده‌ی داگیر ده‌کرد.
ئاکادمی
له ئاڵمان بانگه‌شه‌ی Universitas ی ده‌کرد،
یانی ده‌بێ ده‌رسی بنه‌ماکانی زانستی ئینسانی بڵێته‌وه، به‌ڵام له ماوه‌یه‌ک
پێشتره‌وه وه‌ک کۆمه‌ڵی کاڵجی پرۆفیشناڵ ده‌رکه‌وتبوو که پزیشک و مافزان و
مامۆستای په‌روه‌رده ده‌کرد. له‌ڕاستیدا ئه‌و جێگایه که پرنسیپه‌کانی دڵخوازی
هۆمبولتی ژیاندبۆوه، زانکۆکانی ئه‌مریکا بوو.
له
ئاڵمان، مامۆستای زانکۆ، ئه‌ندامی "ده‌سته"یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی بوو که
زۆر ئیمتیازی تایبه‌تی هه‌بوو و موچه‌یه‌کی زۆری ده‌گرت و له کۆمه‌ڵ دا خاوه‌ن
رێز و پرستیژی له‌ڕاده‌به‌ده‌ر بوو. له ئه‌مریکا، مامۆستای زانکۆ، هیچ کام له‌م
ئیمتیازانه‌ی نه‌بوو. مامۆستای زانکۆ له ئاڵما، زیاتر وه‌ک کۆمه‌ڵی که‌سی ده‌ردیسه‌رساز،
خوێندکارانی ده‌بینی که ناهێڵن وه‌ک Forscher، توێژه‌ری
زانستڤان، درێژه به تۆژینه‌وه بدات. به‌ڵام له ئه‌مریکا مامۆستای زانکۆ، هاودڵ
و هاوڕێی خوێندکارانی خۆی بوو.
که‌وابوو،
چ له‌ڕووی فکری و زانستییه‌وه و، چ وه‌ک ئۆرگان و دامه‌زرا‌وه، له رابردووش‌دا وه‌ک
ئێستا جیاوازی به‌رین هه‌بووه، یانی جیاوازییه‌کان له لێکچوونه‌کان زیاتر بووون.
کاریگه‌ری وه‌ها ئه‌زموونێکی نوێ [که زانستڤانی ئاڵمانی به‌ده‌ستی دێنێ] ره‌نگه
له سێ ره‌هه‌ندی جیاوازه‌وه خۆده‌ربخات:
ره‌نگه
زانستڤانی هه‌ڵاتوو له هه‌ڵوێستی رابردووی ده‌ست هه‌ڵگرێ و هه‌ڵوێستێکی تازه
بگرێ (وه‌کچۆن هه‌ندێ جار وای کردووه).
هه‌روه‌ها
ره‌نگه (وه‌کچۆن هه‌ندێ جار روویداوه) پێکهاته‌ی فکری پێشووی به‌ته‌واوی
بپارێزێ، یان به‌م ئاکامه بگات که ئه‌رکی ئه‌وه‌یه که مۆدێلی ئه‌مریکایی سه‌رله‌نوێ
بژێنێته‌وه، یان (به فیزه‌وه) خۆی دوور بگرێ و گۆشه نشینی هه‌ڵبژێرێت.
سه‌رئه‌نجام
ره‌نگه بیه‌وێ نه‌ریتی کۆن و ئه‌زموونی نوێ تێکه‌ڵ بکا و تێکهه‌ڵکێشی دروست بکات،
که به‌ڕای من ئه‌مه دژوارترین و، له هه‌مان کات دا، شیاوترین رێگه‌چاره‌یه.
باشترین
رێگه‌ی تۆژینه‌وه‌ی دوا مێتۆد ئه‌وه‌یه که رۆڵی زانستی کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و
ئه‌رکی پسپۆڕانی ئه‌م بوارانه راڤه بکرێت، یانی بابه‌تێک که من زۆر له‌گه‌ڵی
ئاشنام.
وه‌ک
پێشتریش وتم، زانست له ئاڵمان دا تایبه‌تمه‌ندییه‌کی ده‌گمه‌نی هه‌یه، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه
که له‌ژێر کاریگه‌ری پرۆسه‌ی گه‌شه و پێکهاتنی ره‌وت و رێبازی مه‌زنی فه‌لسه‌فی
سه‌ده‌ی بیسته‌م و ره‌خنه و نرخاندنی ئه‌م ره‌وتانه دایه: یانی له لایه‌ک له‌ژێر
کاریگه‌ری بیری کانت و هێگل و مارکس دایه و، له لایه‌کی تره‌وه، نیچه و فرۆید.
بیروڕای کانت و هێگل به‌خێرایی له چه‌ند قاڵبێک دا وشک و قه‌تیس بوو و کاریگه‌ری
راسته‌وخۆی، به‌سه‌ر ئه‌ندێشه‌ی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی دا، پڕکاره‌سات بوو. کاریگه‌ری
هێگل، له کۆڕ و کۆمه‌ڵی ئاکادمیک دا، له‌گه‌ڵ کونسێرڤاتیزم تێکه‌ڵاو بوو، به‌ڵام
به‌ده‌ر له ده‌ڤه‌ری ئاکادمیک، (له رێگه‌ی مارکسه‌وه) رۆڵی شۆڕشگێڕانه‌ی ده‌گێڕا.
کانتیزم، زیاتر سه‌رپۆشێکی مه‌عنه‌وی (یان ئایدیالیستی) بۆ چه‌ند مه‌به‌ستێکی مادی
(یان ماتریالیستی) بوو. به‌ڵام ئه‌م ره‌وته به‌ڕواڵه‌ت له سروشتی تیۆری کانت، له‌مه‌ڕ
ئێتیک و ئپیستمه، سه‌رچاوه ده‌گرێ. له ئپیستمۆلۆژی کانت دا، هه‌رگیز درزی نێوان
ئه‌قڵ و هه‌ستی چاره‌سه‌ر نه‌کراوه. له فه‌لسه‌فه‌ی کانت دا، له ئێتیک دا،
پێداگری له‌سه‌ر فۆرم و قاڵبی پرسی ره‌ها[13]،
ئه‌م ده‌رفه‌ته‌ی ره‌خساندووه که هه‌ر مه‌یل و خواستێکی تایبه‌ت، به هه‌ر راده‌ش
خۆویستانه و سه‌ره‌ڕۆیانه بێت، تا ئاستی یه‌کێ له یاسا گشتییه‌کان به‌رز بکرێته‌وه.
که‌وابوو، هیچ ره‌وتێکی فکری پێشه‌نگ، له سه‌رچاوه‌ی هێگلیزم یان کانتیزم تێراو
نه‌بوو. زانکۆکانی ئاڵمان حاشایان له بیری مارکس و فرۆید کردبوو، هه‌روه‌ها
دیدگای نیچه له‌مه‌ڕ ئه‌خلاقی بورژوازی ئاڵمان دێفۆرمه کرابوو.
ته‌نیا
له بواری مێژوو و بواری یاسادا، سه‌رکه‌وتنی مه‌زن به‌دی هاتبوو؛ به‌ڵام نه
مێژوو قه‌ت ده‌توانێ له‌گه‌ڵ دۆخێکی سیاسی کۆمه‌ڵایه‌تی به‌ره‌وڕوو بێت، نه یاسا،
که‌وابوو تۆژینه‌وه و نرخاندنی بارودۆخ له زانکۆکانی ئاڵمان دا جێگایه‌کی نه‌بوو.
تۆژینه‌وه‌ی زانستی، زیاتر بریتی بوو له کاری تیۆریک و هه‌ڵدانه‌وه‌ی کتێبه‌کان.
ئه‌وه‌ی لای ئێمه به زانستی سیاسی کۆمه‌ڵایه‌تی ناسراوه، زیاتر له ده‌ره‌وه‌ی
زانکۆکان ده‌خوێنرا.
ته‌نیا
یه‌ک نموونه‌ی ده‌گمه‌ن هه‌بوو، ئه‌ویش ماکس وێبر بوو، که له هه‌ر کوێ زانستی
سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی ده‌رس بدرێت، ئه‌و ده‌ناسن و رێزی ده‌گرن. گه‌وره‌یی وێبر له‌مه
دایه که ئه‌و خاوه‌ن قاڵبی تیۆریکه و به‌سه‌ر دنیایه‌ک داتا و زانیاری دا زاڵه
و به‌رپرسایه‌تی سیاسی شیاوی زانستڤانێکی به‌شێوه‌ی بێ وێنه له خۆیدا ده‌رخستووه.
سه‌ره‌ڕای هه‌موو ئه‌مانه‌ش، کاریگه‌ری وێبر له ده‌ڤه‌ری ئاکادمیکی ئاڵمان ئێجگار
به‌رته‌سک بوو. زانستی کۆمه‌ڵایه‌تی له ئاڵمان به‌هۆی خه‌سڵه‌ته‌کانی، که ته‌نیا
گرنگی به ره‌هه‌ندی مێتۆدۆلۆژیکی وێبر ده‌دا، بیری وی فه‌وتاند. وه‌ک پێشتر
وتمان، وێبر له‌سه‌ر تۆژینه‌وه‌ی ئه‌زموونی و به‌رپرسایه‌تی زانستڤان له‌ئاست کۆمه‌ڵگه،
زۆر پێی داگرتبوو، به‌ڵام له ئاڵمان گرنگیان به‌م شتانه نه‌دا. ئه‌وه له ئه‌مریکا
بوو که به‌ڕاستی وێبریان ژیانده‌وه.
ئه‌ڵبه‌ت
ره‌وشی ئاڵمان هه‌میشه وا نه‌بووه. سه‌رده‌مێک، پێش 1870، زانستی سیاسی له
زانکۆکانی ئاڵمان ده‌خوێندرا و به‌کار ده‌برا، به‌جۆرێک که برجیس، مامۆستای
زانستی سیاسی، به‌پێی مۆدێلی زانستی سیاسی ئاڵمان، مۆدێکی زانکۆی کولۆمبیای له
نیویۆرک دامه‌زراند. له‌م کاته‌دا که‌سانێک وه‌ک رۆتێک، وێلکێر، بلۆنچڵی و داڵمان،
زانستڤانی بواری سیاسی کۆمه‌ڵایه‌تی بوون و هه‌موویان له به‌ڕێوه‌بردنی کاری ده‌وڵه‌تی
و شیکردنه‌وه‌ی دۆخی پارته‌کان و تۆژینه‌وه‌ی دام و ده‌زگای سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی
دا، کار و تۆژینه‌وه‌یان ده‌کرد.
کاتێ
ئه‌مپراتۆری ئاڵمان دامه‌زرا و سه‌قامگیر کرا، ئه‌م ره‌وشه کۆتایی هات، ئه‌مه
نیشانه‌ی ئه‌وه بوو که لیبراڵیزم وازی له سیاسه‌ت هێناوه. هه‌موو لیبراڵه‌کانی
ئاڵمان، هۆش و توانی خۆیان بۆ تیۆری ده‌وڵه‌تی یاسا کردبوو. پێره‌وانی ئه‌م
تیۆرییه گرنگیان به ریشه و ره‌وتی پێکهاتنی یاسا نه‌ده‌دا و له‌ئاست ده‌وڵه‌ت،
ته‌نیا مافی هاوڵاتی و مافی مڵکداریان پێناسه ده‌کرد. به‌مجۆره، یاسا و مافی
دادوه‌ری، جێگه‌ی زانستی سیاسی کۆمه‌ڵایه‌تی گرته‌وه و، ده‌بێ ئه‌وه‌ش بێژین که
به‌ڕاستی له‌م بواره‌دا سه‌رکه‌وتنی مه‌زنی به‌ده‌ست هێنا.
له
ساڵی 1875 به‌ملاوه، ده‌وڵه‌تی ده‌سه‌ڵات خواز، وه‌کچۆن توخمی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی
نابووت کرد، هه‌ر به‌مجۆره‌ش توخمی یاسایی، که ته‌نیا مافی مڵکداری ده‌پاراست، له‌نێو
برد. زانکۆکان که‌سانی مافزانی پسپۆڕ په‌روه‌رده ده‌که‌ن تا مافی مڵکداری بپارێزن؛
مامۆستا په‌روه‌رده ده‌کان تا بانگه‌شه بۆ هونه‌ر و تواناکانی نه‌ژادی ژرمه‌ن
بکه‌ن؛ تێکنیکزان و تیۆریساز و مێژووزان په‌روه‌رده ده‌که‌ن؛ به‌ڵام بۆ چاکسازی
کۆمه‌ڵگه و سیاسه‌ت، ئیتر کۆمه‌ڵناس و سیاسه‌تزان په‌روه‌رده ناکه‌ن. گه‌وره‌ترین
جیاوازی که سیاسه‌تزان له‌گه‌ڵی به‌ره‌و ڕوو ده‌بێ، هه‌ر ئه‌م جیاوازییه بنه‌ڕه‌تییه
بوو له‌مه‌ڕ رۆڵی کۆمه‌ڵناس و سیاسه‌تزان.
ناتوانین
دیاری بکه‌ین که رۆشنبیرانی ئاڵمانی له وڵات هه‌ڵاتوو، چ خزمه‌تێکیان به زانستی
سیاسی کۆمه‌ڵایه‌تی کردووه. وه‌ک پێشتر وتمان، خه‌سڵه‌تی رژیمی نازی بوو به هۆی
ئه‌وه که کۆچی رۆشنبیرانی سیاسی و تیۆریزان به‌ته‌واوی جیاواز بێت. که‌وابوو،
ناکرێ کۆچی ئه‌مان له‌گه‌ڵ هه‌ڵاتنی رۆشنبیرانی یۆنانی سه‌ده‌ی پانزه‌هه‌م له ئه‌مپراتۆری
بیزانس، به‌راورد بکه‌ین. رۆشنبیرانی په‌نابه‌ری ئوروپایی به‌ڕاده‌یه‌ک له‌گه‌ڵ یه‌کتر
جیاواز بوون، که ناتوانین به وردی دیاری بکه‌ین که چ خزمه‌تێکیان به زانستی
سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی - و زانستی سروشتی و هه‌ندی بواری وه‌کوو مێژوو و ئه‌ده‌بیات-
کردووه. کاریگه‌ریان ورد و نادیار و پرژوبڵاو بووه که به ئاسانی ناتوانین رێژه‌ی
دیاری بکه‌ین.
سه‌ره‌ڕای
ئه‌مه‌ش، ته‌نانه‌ت پێش ساڵی 1933، له زانستی کۆمه‌ڵایه‌تی دا پێوه‌ندی دیالکتیکی
له‌نێوان ئوروپا و ئه‌مریکادا هه‌بووه. رۆشتنی که‌سانێک وه‌کروبرت میکلس،
ویلفرێدو پاره‌تو و موسکا بۆ ئه‌مریکا، پێوه‌ندی به کۆچی پاش 1933 وه نه‌بوو. په‌ره‌سه‌ندنی
مه‌کته‌بی پۆزه‌تیڤیسمی لۆژیکی ڤیه‌نی له ئه‌مریکا به‌ڕواڵه‌ت سه‌ربه‌خۆ له
ئاڵوگۆڕی سیاسی ئاڵمان و نه‌مسا بوو. به‌ڕای من، هیچ کام له‌م دوو ره‌وته به‌سود
نه‌بوون و هه‌ر دوویان له زانستی کۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌مریکادا، یارمه‌تیان به ره‌وتی
نامێژوویی (و ته‌نانه‌ت دژی مێژوویی) و دژی تیۆریک کردووه.
بۆچوونی
من و که‌سانێک که وه‌ک من له داوێنی ره‌وت و رێبازی فه‌لسه‌فی و مێژوویی
ئورووپادا بارهاتوون ئه‌مه‌یه که ئێمه دوو شتمان به زانستی کۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌مریکا
زیاد کردووه.
یه‌که‌مین
و گرنگتریان جۆرێک گومان و دوودڵی بووه. من زۆر که‌سی تر باوه‌ڕمان به‌م بیره گه‌شبینانه
نییه که وزه و پۆتانسیه‌لی زانستی کۆمه‌ڵایه‌تی ده‌توانێ دنیا بگۆڕێت. چاوه‌ڕوانی
ئێمه ئێجگار که‌متره، ئاخر ئێمه پێمان وایه ده‌ڤه‌رێک که پرۆسه‌ی مێژوو بۆ
زانستی کۆمه‌ڵایه‌تی پێکیهێناوه، ده‌ڤه‌رێکی به هه‌مان راده بچووکتر به‌دی
دێنێ.
دووهه‌م،
ئێمه هه‌وڵمانداوه که زانستی کۆمه‌ڵایه‌تی له قاڵبی تیۆریک دا بگونجێنین. ئێمه
زۆربه‌مان پێمان وابووه و ئێستاش پێمان وایه که گرنگی زۆریان به دۆخ و داتای
ئه‌زموونی داوه و؛ گرنگی له‌ڕاده‌به‌ده‌ر به تۆژینه‌وه‌ی ئه‌زموونی، ده‌بێته
هۆی ئه‌وه که ناتوانین به ئاسانی گرنگی و مانای مێژوویی پرسه‌کان بناسین؛
پێداگری له‌سه‌رپێویستی زاڵبوون به‌سه‌ر رێژه‌یه‌کی زۆر له داتا‌کان دا، به‌شێنه‌یی
توێژه‌ر ده‌کات به خزمه‌تکار؛ هه‌روه‌ها پێویستی به پووڵی زۆر بۆ دابینکردنی خه‌رجی
ئه‌م پرۆژانه، به‌شێنه‌یی رۆشنبیر وابه‌سته ده‌کا و رۆڵی راسته‌قینه‌ی رۆشنبیر
تو‌وشی مه‌ترسی ده‌کا.
ره‌نگه
زۆر له‌سه‌ر ئه‌م چوار مه‌ترسییه پێم داگرتووه؛ به‌ڵام هێشتا مه‌ترسی له‌ئارا
دایه: رۆشنبیرێکی په‌نابه‌ر که له داوێنی کولتورێکی تردا بارهاتووه، ده‌بێ به
سوود وه‌رگرتن له زانستی مێژوویی خۆی و شاره‌زایی له پێوه‌ندییه مێژووییه‌کان،
تا ده‌توانێ ئه‌م مه‌ترسیانه که‌م بکاته‌وه.
به‌ڵام
خاڵێک که ره‌نگه زیاتر گرنگی پێدراوه ئه‌وه بووه که ئێمه‌ش به نۆبه‌ی
خۆمان، به دیتنی کار و کۆششی رۆشنبیرانی زانستی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌مریکا،
تێگه‌یشتووین که تۆژینه‌وه نابێ ته‌نیا تیوریک و مێژوویی بێت، ئه‌رکی کۆمه‌ڵناس
ئه‌وه‌یه که ئاڵقه‌ی پێوه‌ندی نێوان تیۆری و پراتیک ببینێ و راڤه‌ی بکات. بۆ
ناسینی ئه‌م پێوه‌ندییه ده‌بێ له‌گه‌ڵ دۆخی دژواری ژیان پێوه‌ندی بگرێ و شیبکاته‌وه.
من به‌هۆی ژیان له ئه‌مریکادا توانیم به‌قووڵی ئه‌رکی رۆشنبیری سیاسی و کۆمه‌ڵناس
بناسم.
رۆشنبیرێکی
ئاڵمانی، که بۆ سه‌ردان ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئاڵمان، بێگومان به‌هۆی ئاڵوگۆڕی به‌رفراوانی
بیروڕا، به‌م ئاکامه ده‌گات که ده‌بێ زانکۆکانی ئاڵمان چاکسازی بکه‌ن. تا ئێستا
هیچ کارێکی گرنگ به‌مه‌به‌ستی چاکسازی زانکۆکان و گۆڕینی به‌رنامه‌ی په‌روه‌رده
به‌ئه‌نجام نه‌گه‌یشتووه. هێشتا که‌لێنێکی قووڵ له‌نێوان خوێندکاران و مامۆستایان
دایه؛ هێشتا خوێندنی گشتی له زانستی ئینسانی دا بوونی نییه؛ هێشتا بواری زانستی
سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی، نه‌مامێکی ناسک و تازه‌ڕسکاوه. ئه‌و کارانه‌ش که به ئه‌نجام
گه‌یشتووه، زیاتر به‌هۆی رۆڵی په‌نابه‌رانی گه‌ڕاوه و میوانانی ئه‌مریکایی
بووه، یانی به پێشنیاری ئه‌م که‌سانه گرنگیان به ره‌وشی سیاسی کۆمه‌ڵایه‌تی و
دۆخی زانستی و خوێندکاری داوه، نه‌ک هۆکاری تر.
رۆشنبیرێک
که گه‌ڕاوه‌ته‌وه ئاڵمان، خۆی له ره‌وشێکی سه‌یردا ده‌بینێ. ده‌بێ له ئه‌مریکا
له‌گه‌ڵ که‌سانێک دژایه‌تی بکات که له‌ڕاده‌به‌ده‌ر گرنگی به تۆژینه‌وه‌ی ئه‌زموونی
ده‌ده‌ن و ره‌هه‌ندی مێژوویی و تیوریک پشتگوێ ده‌خه‌ن؛ به‌ڵام له ئاڵمان ده‌بێ
داماوانه داکۆکی له تۆژینه‌وه‌ی ئه‌زموونی بکات. من گرنگی و پێگه‌ی راستینی
رۆشنبیری ئاڵمانی که سه‌رده‌مێک به‌هۆی سیاسی له وڵات هه‌ڵاتبوو، له وه‌ها
رۆڵێکی دوالیستی دا ده‌بینم.
سه‌رچاوه:
آزادی
و قدرت و قانون، فرانس نویمان، و: عزت الله فولادوند، نشر خواڕزمی، تهران 1373،
ص‌ص 14-38.
[1].
Ovidius،
(به ئینگلیسی: Ovid) (43 پێش زایین تا 17
زایین). شاعیرێکی رۆمی بوو که به‌هۆی نادیار به فەرمانی ئاوگوستوس بۆ شارێک له
که‌ناری ده‌ریای ره‌ش دوور خرایه‌وه و به‌ناچار تا کاتی مه‌رگ هه‌ر له‌وێ مایه‌وه.
و
[2].
Leviathan.
له وشه‌ی عبری "لویاتان" وه‌رگیراوه. ده‌عبایه‌کی ده‌ریایی ئه‌فسانه‌یی
که له چاخی کۆن و له نوسراوه‌ی مه‌سیحیان دا باسی کراوه. ئێمه لێره‌دا به نه‌هه‌نگ
ناومان هێناوه. یه‌که‌م که‌س که ئه‌م وشه‌یه‌ی تێکه‌ڵ به زانستی سیاسی کرد، بیرمه‌ندی
ئینگلیسی تامس هابز بوو. هابز کتێبێکی به ناوی لویاتان نووسی و ده‌وڵه‌تی به
"نه‌هه‌نگ" شوبهاند. یانی بوونه‌وه‌رێک که به‌سه‌ر تاکه‌کان دا ده‌سه‌ڵاتی
هه‌یه و ده‌بێ هه‌موو خه‌ڵکانی وڵاتێک پێره‌وی ئیراده‌ی ئه‌و بن. (و)
[3].
Abbe jean Meslier (1729- 1664). به که‌شیشی سوور ناسراوه، خه‌ڵکی
گوند بوو، دواتر بوو به که‌شیش، مارکس و هاوڕێیانی زۆر باسیان کردووه. (و)
[4].
Herzen ( 1812- 1875)، نووسه‌ری
روسی که به‌هۆی تێکۆشانی سیاسی به‌ناچار ساڵانێکی زۆر له ده‌ره‌وه‌ی وڵات ژیانی
به‌سه‌ر برد. (و)
[5].
Lord Byron
(1824- 1788)، شاعیری بریتانی که به‌هۆی کێشه‌ی شه‌خسی و کۆمه‌ڵایه‌تی وڵاتی خۆی
به‌جێ هێشت و تا کۆتایی ته‌مه‌نی
نه‌گه‌ڕایه‌وه. (و)
[6].
Julin Benda (1956- 1868)، بیرمه‌ند و ره‌خنه‌گری فه‌رانسی و نووسه‌ری
کتێبی به‌ناوبانگی خه‌یانه‌تی رۆشنبیران. (و)
[7].
Woodrow Wilson (1924-1856). مامۆستای ئابووری سیاسی و مافزان که
دواتر بوو به سه‌رکۆماری ئه‌مریکا. (و)
[9].
Fordism (له ناوی هێنری فۆرد، کارخانەدار‌ی به‌ناوبانگی
ئوتۆمبیلی ئه‌مریکی وه‌رگیراوه). مه‌به‌ست به‌کارهێنانی ئه‌و مێتۆدانه‌یه که
فۆرد له‌پێناو گه‌شه‌ی به‌رهه‌مهێنان و فراوانی به‌رهه‌م له بواری سه‌نعه‌ت دا
دایهێنا. (و)
[10].
Dewey J. (1952-
1859)، بیرمه‌ندی ئه‌مریکایی و یه‌کێ له گرنگترین ئه‌ندامانی مه‌کته‌بی
پراگماتیزم.
هیچ نظری موجود نیست:
ارسال یک نظر