هێزی ناســــــــــــــــــــــــــــــــــــنامه
(the power of identity)
(the power of identity)
(هۆکاری گۆڕانی کۆمه‌ڵایه‌تی له کۆمه‌ڵگه‌ی تۆڕی دا)
مانوێل کاستێڵز
سەرەتا:
پاش سەقامگیربوونى سیستمى بورژوازى، ئادام سمیت و دەیڤید ریکاردۆ، چییەتى و کارامەیى ئەم سیستمەیان راڤە کرد، پاشان کارڵ مارکس هۆکارى ناشیاوى و ناکارامەیى ئەم سیستمەى دەرخست، سەرەڕاى ئەمەش هێژمونی و دەسەڵاتى بورژوازى گەشەى کردوو پەرەى سەند و سەرتاسەرى دنیاى تەنییەوە. پێشبینییەکانى مارکس له‌مه‌ڕ پێکهاتنی کۆمه‌ڵگه‌ی سۆسیالیستی راست دەرنەچوون، دەسەڵاتى سەرمایەدارى هەروا درێژەى کێشا و، لەپاش بیرمەندانى قوتابخانەى فرانکفۆرت ئیتر دنیا که‌متر بیرمەندێکى بیرتیژى بەخۆیەوە بینى تا دۆخى سەردەم بەقووڵى شروڤە بکات. هەموو بیرمەندانى پۆستمودێرن چوونە نێو دەقەکان و خۆیان لە قەرەى کێشە سیاسى و کۆمەڵایەتییەکان نەدا، لەم نێوەشدا مناسباتى سەرمایەدارى بە ئاراستەیەکى جیاوازدا و بە ئامێرى ئه‌لکترۆنیک و به رایەڵ و تۆڕى ئینتێرنێت و سەتەلایتەکان ئێجگار پەرەى گرت و پێکهاتەیەکى زۆر ئاڵۆزى پێکهێنا. هەتا دەرکەوتنى کتێبە بەناوبانگەکەى مانوێل کاستێڵز، چاخى زانیارى(1999)، بیرمەندان و کۆمەڵناسان دۆخى تازەیان به‌شێوه‌ی کۆنکرێت شرۆڤە نەکردبوو.
لە دوا ساڵەکانى سەدەى بیستەمدا مانوێل کاستێڵز، بیرمەند، کۆمەڵناس و مامۆستاى زانکۆ لە کتێبی بەنرخى چاخی زانیاری دا تۆژینەوەیەکى ئێجگار قووڵ و بەرین لەمەڕ مناسباتى تازەى کۆمەڵگەى ئەمڕۆ ئەنجام ده‌دا و بۆشایی ناوبراو پڕده‌کاته‌وه. کاستێڵز سه‌ره‌ڕای ئه‌وه که بە دیدێکى نوێوە پێوەندییەکانى کۆمەڵگەى بورژوازى لە سەردەمى رایەڵ و تۆڕەکانی پێوه‌ندی و زانیاری دا راڤە دەکا و چەندین ئاراستە و ئاسۆى تازەمان بەڕوودا دەکاتەوە، پێوه‌ندی کار و سه‌رمایه و کریکاران و سه‌رمایه‌داران له سه‌رده‌می مۆدێرن و له نێو تۆڕه‌کان دا سه‌رله‌نوێ شرۆڤه ده‌کا و دۆخی سه‌رهه‌ڵدانی چه‌ندین ره‌وت و بزاڤ و سوژه و بکه‌ری نوێ شرۆڤه و پێناسه ده‌کات که وه‌ک پێکهێنه‌رانی دۆخ و جڤاتی داهاتوو رۆڵ ده‌گێڕن. کاستێڵز فێرمان ده‌کات که له چاخی زانیاری دا شه‌ڕی ده‌سه‌ڵات به سوپا و له‌شکری تۆکمه و، به چه‌ک و چۆڵی قورس ناکرێت، به‌ڵکوو زیاتر له‌نێو تۆڕه‌کانی زانیاری دا و، به هێزی ناسنامه و به ئامێری ره‌مز و هێماکان ده‌کرێت؛ هه‌ر گرووپێک که بتوانێ په‌یام و ره‌مز و هێماکانی خۆی له مێشکی جه‌ماوه‌ردا بڕوێنێ، ده‌توانێ له بواری سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی دا، هێژمونی و ده‌سه‌ڵات به‌ده‌ست بێنێ.
ئه‌م خاڵه بۆ نه‌ته‌وه‌یه‌کی بنده‌ستی، وه‌ک گه‌لی کورد که له جه‌رگه‌ی خه‌باتی رزگاری خوازی دایه گرنگی حه‌یاتی هه‌یه. کاتێ سه‌یری میدیا و تله‌ڤیزیۆنی پارته‌کانی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان ده‌که‌ین، ده‌بینین به‌هۆی بێ فکری، بێ ناسنامه‌یی و دیسکۆرسی لاواز، هه‌ر له دایک نه‌بوون، مردوون. چونکه هێشتا به مێتۆدی سه‌رده‌می جه‌نگی سارد بیر ده‌که‌نه‌وه و هێشتا ئه‌م دنیا نوێیه که کاستێڵز راڤه‌ی کردووه، ناناسن!
کاستێڵز که له بواری ئه‌ندێشه‌دا خۆی له به‌ره‌ی چه‌پ دا ده‌بێنێته‌وه، له‌م کتێبه‌دا سه‌ره‌ڕای شیکاری قووڵی ئابووری، سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی، زۆر گرنگی به دو‌و چه‌مکی کولتور و ناسنامه ده‌دات، به رای کاستێڵز له چاخی زانیاری دا کولتور سه‌رچاوه‌یه‌کی گرنگی ده‌سه‌ڵات پێکدێنێ و ره‌وت و بزاڤی ناسنامه‌خواز باڵانس و هاوکێشی سیاسی کۆمه‌ڵایه‌تی دنیای داهاتوو دیاری ده‌که‌ن.
کاستێڵز له‌م کتێبه‌دا ئاماژه به بزاڤی نه‌ته‌وه‌یی و ناسنامه‌خوازی کوردستانیش ده‌کا و ده‌نوسێ: "چه‌ندین نه‌ته‌وه و بزاڤی ناسیۆناڵیستی هه‌ن که هێشتا نه‌یانتوانیوه به ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌ڤی مۆدێرن بگه‌ن (وه‌ک سکاتله‌ند، کێبێک، کوردستان، فێلێستین)، به‌ڵام خاوه‌ن ناسنامه‌ی فه‌رهه‌نگی – هه‌رێمی به‌هێزن و، هه‌ندێکیان ئه‌وه چه‌ندین سه‌ده‌یه وه‌ها ناسنامه‌یه‌کیان ده‌رخستووه و وه‌ک خه‌سڵه‌تێکی نه‌ته‌ویی به‌یانی ده‌که‌ن."
له کاتێک دا که ئێمه‌ی کورد به تامه‌زرۆیی باسی گرنگی و کارامه‌یی کۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی ده‌که‌ین، بڕوانن کاستێڵز چۆن باسی به‌سه‌رچوون و پووکانه‌وه‌ی ئه‌م چه‌مکه له وڵاتانی مۆدێرن دا ده‌کات: "رێکخراوه‌کانی کۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی که به‌پێی ده‌وڵه‌تانی دیموکراتیک و کونتراکتی کۆمه‌ڵایه‌تی نێوان سه‌رمایه و کار پێکهاتبوون، که‌م تا زۆر وه‌ک توێکڵێکی بۆشیان لێهاتووه و بۆ پێوه‌ندی گرتن له‌گه‌ڵ به‌هاکان و ژیانی خه‌ڵکانی زۆربه‌ی جڤاتان، تادێ لاوازتر ده‌بن. ئه‌مه ته‌نزێکی تاڵ و تراژیکه که راست له کاتێک دا که زۆربه‌ی وڵاتانی جیهان سه‌رئه‌نجام رێگه‌ی گه‌یشتن به لیبراڵ دیموکراسییان هه‌موار کردووه (که به رای من بناغه‌ی هه‌موو جۆره‌کانی دیموکراسی پێکدێنێ)، ئه‌م رێکخراوانه به‌چه‌شنێک له پێکهاته و ره‌وته گرنگ و سه‌ره‌کییه‌کانی (دنیای نوێ) دابڕاون که بۆ زۆربه‌ی خه‌ڵک وه‌ک چه‌ند شێوازێکی ته‌وساوی له‌سه‌ر روخساری تازه‌ی مێژوو ده‌رده‌که‌ون. له کۆتایی ئه‌م هه‌زاره‌دا، شا و شاژن، یانی ده‌وڵه‌ت و کۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی، هه‌ر دو‌و بێ تاج و ته‌خت که‌وتوون و مناڵه‌کانیان –شارۆمه‌ندان- ئاواره‌ی هه‌تیوخانه‌کان بووون."
ئێمه گه‌لانی دواکه‌وتووی رۆژهه‌ڵاتی نێوه‌راست کاتێک هانا بۆ چه‌مک و فۆرماسیۆنه مێژوویی کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان ده‌به‌ین که گه‌ڵانی مۆدێرن ده‌مێک ساڵه ئه‌زموونیان کردووه و سه‌رئه‌نجام تووڕیان داوه. به‌سه‌رهاتی ئێمه له‌م وتانه‌ی مارکس دا زیاتر ده‌رده‌که‌وێ: "نه‌ته‌وه‌ی ئاڵمان هاوکات لەگەڵ گەلانى مۆدێڕن، قۆناغەکانى ئازادى سیاسى تێپەڕ نەکرد... کەوابوو چۆن دەتوانێ بە قەڵەمبازێکى پڕمەترسى نە تەنیا لەمپەرەکانى خۆى بەڵکوو ئاستەنگەکانى گەلانى مودێرن تێپەڕێنێ؟
نه‌ته‌وه‌ی ئاڵمان خه‌ونی شۆرشێکى سیاسى پەتی دەبینێ... بەشێک لە کۆمەڵى مەدەنی زه‌مینەی ئه‌م شۆڕشه پێکدێنێ، کە بە ئازادکردنى خۆى دەسەڵاتى گشتى به‌ده‌سته‌وه دەگرێ... هیچ چینێک لە کۆمەڵى مەدەنى ناتوانێ وەها رۆڵێک بگێڕێ، مەگەر ئەوە کە بزاڤێک لە خۆى و لە جەماوەردا پێک‌بێنێ... مه‌گه‌ر دۆخی خۆی لەگەڵ کۆمەڵگە یەکسان بکا و وەک نوێنەرى هه‌موو کۆمەڵ ده‌و‌ر ببینێ...
بەڵام هیچکام لە چینەکانی ئاڵمان وەها دیدگایەکى بەرینیان نییە کە بکرێ تەنانەت بۆ ساتێک بە رۆحى نەتەوە و بەها و ناسنامەى نەتەڤى بزانین، هیچ چینێک خاوەن وەها وشیارییەک نییە کە بتوانێ هێزى مادى لەگەڵ دەسەڵاتى سیاسى لێکهەڵپێکێ... کەوابوو، تەنیا پاشاکانى ئا‌ڵمانیا نین کە ناوەخت بە تاج و تەخت دەگەن، بەڵکوو هەر بەشێک لە کۆمەڵى مەدەنى پێش ئەوەى جێژنى سەرکەوتنى خۆی بگرێ، تامی شکست دەچێژێ، بەرلەوەى ئاستەنگەکان ببەزێنێ، پەرە بە کێشەکانى خۆى دەدا و، بەرلەوەى کە بتوانێ سروشتى بەخشندەى خۆى پیشان بدات، سروشتى چاوچنۆکى خۆى دەرده‌خات. سەرئەنجام تەنانەت دەرفەتى گێڕانى رۆڵى گرنگ، پێش ئەوەى کە هەموار ببێت، لەدەست دەچێت. هەر چینێک هەر کە لە دژى چینى باڵادەستى خۆى دەست به خەبات دەکات، لەگەڵ خەباتى چینى بندەستى خۆى چنگاوژ دەبێت. هەر ئەمەیە کە شازادەکان لەگەڵ شا، بروکراسى لەگەڵ ئاریستوکراسى و بورژوازى لەگەڵ هەموویان لە شەڕ دایە. ئەمە لە کاتێک دایە کە پرۆلیتاریا هەر لە ئێستاوە خەباتى لە دژى بورژوازى دەست پێکردووە. هێشتا چینى ناوەڕاست ناوێرێ بیر لە رزگارى خۆى بکاتەوە کە گەشەى بارودۆخى کۆمەڵایەتى و پێشچوونى تیۆرى سیاسى، ئەو بیرە بەتاڵ دەکاته‌وه..."[3]
* * *
چه‌ندین نووسه‌ر و رۆژنامه‌ی به‌ناوبانگی جیهان به‌مجۆره باسی کتێبه‌که‌ی کاستێڵز ده‌که‌ن:
پیتێر هاڵ:
"مانوێل کاستێڵز به‌رهه‌مێکی هێند مه‌زنی خولقاندووه که به‌ڕاستی شان له شانی سه‌رمایه‌ی مارکس ده‌دات. وه‌کچۆن مارکس له کتێبی سه‌رمایه‌دا کارکرد و کێشه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی سه‌رمایه‌داری سه‌رده‌می سه‌نعه‌تی راڤه دکات، کاستێڵزیش له کتێبی چاخی زانیاری دا سیستمی سه‌رمایه‌داری سه‌رده‌می ئینفۆرمه‌یشن و جیهانگیری راڤه ده‌کات، یانی کاستێلز ئاڵۆزترین پرسی سه‌رده‌می هه‌ڵبژاردووه و سه‌رکه‌وتوانه شرۆڤه‌ی کردووه."
ئانتۆنی گیدێنز:
"ئێمه ئه‌مڕۆ له سه‌ردمێک له ئاڵوگۆڕی خێرا و سه‌رسوڕهێنه‌ردا ده‌ژین که ره‌نگه نیشانه‌ی تێپه‌ڕاندنی سه‌رده‌می سه‌نعه‌تی بێت، ئه‌ی کوان شیکاری و تۆژینه‌وه‌ی سۆسیۆلۆژیک که ئه‌م سه‌رده‌می وه‌رچه‌رخانه راڤه بکه‌ن؟ به‌ڵام بێگومان ئه‌م به‌رهه‌مه‌ی کاستێڵز که بزاڤه‌کانی ئابووری کۆمه‌ڵایه‌تی چاخی زانیاری راڤه ده‌کات، له ساڵانی داهاتوودا وه‌ک گرنگترین سه‌رچاوه رۆڵ ده‌گێڕێ".
ئانتۆنی سمیت:
"کاستێڵز پارادۆکسێک راڤه ده‌کات که له‌ودا هاوکات له‌گه‌ڵ لاوازبوونی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی، ره‌وت و بزاڤی ناسیۆناڵیستی گه‌شه ده‌کا و په‌ره‌ده‌ستێنێ... ئه‌و له‌م بابه‌ته‌وه چ له بواری تیۆریک و چ له شیکردنه‌وه‌ی روداوه‌کان دا توانای به‌رینی هه‌یه و وه‌ک کۆمه‌ڵناسێکی پرۆفیشناڵ، دۆخی سه‌رده‌می ئێمه به‌وردی شرۆڤه ده‌کات."
ئایدا سوسێر:
"کاستێڵز بارودۆخی کۆمه‌ڵگه‌ی چاخی زانیاری و ئه‌و هێز و گرووپانه راڤه ده‌کات که خه‌ریکن پێکهاته‌ی ده‌وڵه‌ت، نه‌ته‌وه‌کان، ئایدیۆلۆژی و ره‌گه‌ز له سه‌رتاسه‌ری جیهان دا ده‌گۆڕن. ئه‌م کتێبه روانگه‌یه‌کی به‌هێز و پڕناوه‌رۆک له‌مه‌ڕ ئاشوبی مۆدێرنی جیهانی و ئه‌و شته‌ی که هه‌ندێ که‌س به 'ئاسۆی نامۆی پۆست مۆدێرن' پێناسه‌ی ده‌که‌ن، ئاراسته ده‌کات. نووسه‌ر به دیدێکی قووڵ و به‌رین و ره‌سه‌ن ئه‌و ئاڵوگۆڕانه شرۆڤه ده‌کات که به‌رۆکی ئێمه‌ی گرتووه."
ڤال ستریت ژورناڵ:
"مانوێل کاستێڵز مناسباتى ئابوورى کۆمەڵایەتى چاخى زانیارى راڤە دەکات".
ڤایرد:
"ئەمه کتێبێکە که خوێندنەوەى ئێجگار پێویستە".
لۆمۆند:
"چاخی زانیاری کتێبێکى سەردەم سازە".
فاینێنشاڵ تایمز:
"ئەم کتێبە زۆر یارمەتیمان دەدات تا ئابوورى چاخى زانیارى ئەم سەردەمە بناسین و جێگە و شوێنى خۆمان لەودا دیاری بکه‌ین".
پێویستە بوترێ مانوێل کاستێڵز ساڵى 1942له ئیسپانیا لەدایک بووە. کاستێڵز پاش دوازدە ساڵ مامۆستایى لە زانکۆى پاریس، ئێستا مامۆستاى کۆمەڵناسى و پلان دانانە لە زانکۆى بێرکلى لە کالیفۆرنیا. ئەو هەروەها لە زانکۆکانى مادرید، شیلى، مونترال، کامپیانس، کاراکاس، مکزیکو، ژنێڤ، کوپنهاگ، بۆستۆن، ئامستردام، سنگاپوور، تایوان، هۆنگ کۆنگ، مۆسکۆ و بارسلۆنا مامۆستا بووە و کار و تۆژینەوەى کردووە".
کاستێڵز تا ئێستا 20 کتێبی چاپ کردووه که شاری زانیاری (1989) یه‌کێ له‌م کتێبا‌نه‌یه. کتێبی چاخی زانیاری تا ئێستا (2001) بۆ زیایر له 10 زمان وه‌رگێردراوه. ئەم بابه‌تە به‌شی دووهه‌می ئەنجامى سێ بەرگى کتێبەکەى کاستێڵزە کە خۆى کورتى کردۆتەوە.
وه‌رگێڕ
له کازیوه‌ی سه‌رده‌می زانیاری دا، قه‌یرانی ره‌وایی، دام و ده‌زگای سه‌رده‌می سه‌نعه‌تی داگرتووه و مانا و کارکردی لێ ئه‌ستاندوون. ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌ویی مۆدێرن به‌هۆی تاڵان و بڕۆی تۆڕه جیهانییه‌کانی سه‌رمایه، ده‌سه‌ڵات و زانیاری، به‌شی زۆری سه‌ربه‌خۆیی و توانای خۆی دۆڕاندووه. ده‌وڵه‌ت که تێده‌کۆشێ له ئاستی جیهانی دا رۆڵی ستراتژیک بگێڕێ، هێزی نوێنه‌رایه‌تی شاڕه‌گه نێوخۆییه‌کانی خۆی له ده‌ست داوه. سپاردنی یه‌که ده‌وڵه‌تییه‌کان به که‌رتی تایبه‌تی و نه‌مانی ده‌وڵه‌تی رفا، ئه‌گه‌رچی زه‌خت و فشاری بروکراتیکی له‌سه‌ر جڤاتان لابردووه، به‌ڵام دۆخی ژیانی زۆرینه‌ی شارۆمه‌ندانی خراپتر کردووه و، په‌یمانی مێژوویی نێوان کار و سه‌رمایه و ده‌وڵه‌تی تێکداوه و، زۆربه‌ی داڵده‌کانی ئاسایشی کۆمه‌ڵایه‌تی له‌نێو بردووه. ئه‌مانه چه‌ند پرسێکن که له‌به‌ر چاوی خه‌ڵکی ئاسایی، ره‌وایی ده‌وڵه‌ت له‌نێو ده‌به‌ن. ره‌وت و بزاڤی کرێکاری که به‌هۆی نێوده‌وڵه‌تی بوونی به‌رهه‌مهێنان و سه‌رچاوه ماڵییه‌کان لێکدابڕاون، بۆوه‌ی که ناتوانن خۆیان له‌گه‌ڵ تۆڕسازی کۆمپانیاکان و تاکیبوونه‌وه‌ی پرۆسه‌ی کار، سازگار بکه‌ن، تووشی هه‌ڵوه‌شاونه‌وه هاتوون و ئیتر وه‌ک سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌کی رێکخستنی کۆمه‌ڵایه‌تی و نوێنه‌ری کرێکاران حساب ناکرێن. بزاڤی کرێکاری به‌ته‌واوی نه‌فه‌وتاوه به‌ڵکوو زیاتر وه‌ک کارگێڕی سیاسی لێهاتووه که تێکه‌ڵ به ئۆرگانه گشتییه‌کان بووه. کلیسا گه‌وره‌کان، که شێوازێک له دینی سێکۆلاریزه نوێنه‌رایه‌تی ده‌که‌ن، که به ده‌وڵه‌ت و بازاڕ وابه‌سته‌ن، به‌شی زۆری توانای خۆیان بۆ هاندانی خه‌ڵک، چ له بواری دڵدانه‌وه‌دا و چ له بواری فرۆشتنی پله و پایه‌ی به‌هه‌شت دا، دۆڕاندووه. دژایه‌تی باوکسالاری و، قه‌یرانی بنه‌ماڵه‌ی باوکسالار، ره‌وتیی ئاسایی گواستنه‌وه‌ی هێما کولتورییه‌کانی له‌م وه‌چه‌وه بۆ ئه‌و وه‌چه خه‌وشدار کردووه و بنه‌ماکانی ئاسایشی تاکی سست کردووه و به‌مجۆره ژنان و پیاوان و مناڵانی ناچار کردووه رێگه‌ی تازه بۆ ژیان بدۆزنه‌وه. بیر و ئایدیۆلۆژی سیاسی زاده‌ی رێکخراوه سه‌نعه‌تییه‌کان، هه‌ر له لیبرالێزمی دیموکراتیک به‌پێی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی تا سۆسیالیزمی کرێکاری، له دۆخی کۆمه‌ڵایه‌تی نوێ دا مانایه‌کی شیاو بۆ خۆیان نادۆزنه‌وه، که‌وابوو گرنگی خۆیان له ده‌ست ده‌ده‌ن و، به تێکۆشان بۆ مانه‌وه، به چه‌ندین شێوازی جیا جیا خۆیان ده‌گۆڕن تا له‌گه‌ڵ دۆخی نوێ خۆ رێک بخه‌ن، به‌ڵام له‌ئه‌نجامدا له ئاڵای تۆزاوی جه‌نگه له‌بیر کراوه‌کان ده‌چن که له‌ئاست کۆمه‌ڵگه‌ی نوێ، رۆڵی پاشکۆ ده‌گێڕن نه پێشه‌نگ.
به‌مجۆره، به‌هۆی چه‌ندین پرۆسه‌ی هاوڕه‌وت، سه‌رچاوه‌ی ئه‌و شته که له‌م کتێبه‌دا به ناسنامه‌ی ره‌وایی به‌خش پێناسه‌مان کرد، به‌ته‌واوی وشکی کردووه. رێکخراوه‌کانی کۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی که به‌پێی ده‌وڵه‌تانی دیموکراتیک و کونتراکتی کۆمه‌ڵایه‌تی نێوان سه‌رمایه و کار پێکهاتبوون، که‌م تا زۆر وه‌ک توێکڵێکی بۆشیان لێهاتووه و بۆ پێوه‌ندی گرتن له‌گه‌ڵ به‌هاکان و ژیانی خه‌ڵکی زۆربه‌ی جڤاتان، تادێ لاوازتر ده‌بن. ئه‌مه ته‌نزێکی تاڵ و تراژیکه که راست له کاتێک دا که زۆربه‌ی وڵاتانی جیهان سه‌رئه‌نجام رێگه‌ی گه‌یشتن به لیبراڵ دیموکراسییان هه‌موار کردووه (که به رای من بناغه‌ی هه‌موو جۆره‌کانی دیموکراسی پێکدێنێ)، ئه‌م رێکخراوانه به‌چه‌شنێک له پێکهاته و ره‌وته گرنگ و سه‌ره‌کییه‌کان دابڕاون که بۆ زۆربه‌ی خه‌ڵک وه‌ک چه‌ند شێوازێکی ته‌وساوی له‌سه‌ر روخساری تازه‌ی مێژوو ده‌رده‌که‌ون. له کۆتایی ئه‌م هه‌زاره‌دا، شا و شاژن، یانی ده‌وڵه‌ت و کۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی، هه‌ر دو‌و بێ تاج و ته‌ختن و مناڵه‌کانیان –شارۆمه‌ندان- ئاواره‌ی هه‌تیوخانه‌کان بووون.
فه‌وتانی ناسنامه هاوبه‌شه‌کان، که به مانای لێکترازانی کۆمه‌ڵگه وه‌ک سیستمێکی مه‌عناداری کۆمه‌ڵایه‌تییه، بارودۆخی سه‌رده‌می ئێمه پیشان ده‌دات. هیچ پێویستییه‌ک له ئارادا نییه که ناسنامه‌ی نوێ پێکبێ و سه‌رله‌نوێ بزاڤی مۆدێرنی کۆمه‌ڵایه‌تی بخولقێنێ. له یه‌که‌م نیگادا، سه‌رهه‌ڵدانی جیهانێک ده‌بینین که به‌تایبه‌ت له بازاڕه‌کان، تۆڕه‌کان، تاکه‌کان و رێکخراوه ستراتێژیکه‌کان پێکهاتووه و به مۆدێله‌کانی "چاوه‌ڕوانی ئه‌قڵانی" به‌ڕێوه ده‌برێت (که تیۆرییه‌کی ئابووری تازه و په‌ره‌گرتووه)، ته‌نیا هه‌ندێ جار "که‌سانی ئه‌قڵانی" له‌پڕ ته‌قه له دراوسێی خۆیان ده‌که‌ن، ده‌ستدرێژی ده‌که‌نه سه‌ر کیژۆڵه‌یه‌ک، یان گاز به‌رده‌ده‌نه نێو تۆنێله‌کانی ژێرزه‌مین. له‌م دنیا نوێیه‌دا مرۆڤ پێویستی به ناسنامه‌کان نییه: غه‌ریزه‌ی سه‌ره‌کی و خواستی ده‌سه‌ڵات و مه‌زنده‌ی ستراتژیکی خۆپه‌رستانه و، له ئاستێکی مه‌زنتر دا، "خه‌سڵه‌تی ئاشکرا و بزاڤی ئاواره‌ی خێڵه‌کی و، توخمی دیڤۆنوسی، هه‌ڕه‌شه‌ی به‌زاندنی هه‌موو سنووره‌کان ده‌کات که هه‌موو داب و نه‌ریتی شارستانیه‌ت و یاسا و رێسای نێوده‌وڵه‌تی سیاسی – قانوونی تێکده‌دات". دنیایه‌ک که دژبه‌رانی، هه‌روه‌ک پێشتر له چه‌ند وڵاتێک بینیمان، پاشماوه‌کانی پێکهاته‌ی ده‌وڵه‌ت که پرسی ره‌واییان وه‌لاناوه سه‌رله‌نوێ خواستی ناسیۆناڵیستی گه‌ڵاڵه ده‌که‌ن. پرسی ده‌سه‌ڵاتیان بۆ ده‌سه‌ڵات ده‌وێ و هه‌ندێ جار له تۆی په‌رده‌ی ناسیۆناڵیستی دا ده‌یشارنه‌وه. له‌و وڵاتانه که له به‌رگی یه‌که‌م و دووهه‌می ئه‌م کتێبه‌دا باسمان کرد، تۆوه‌کانی جڤاتێکمان راڤه‌کرد که جیهانبینییه‌که‌ی(1) له‌نێوان لۆژیکی کۆنی ده‌سه‌ڵات(1) و لۆژیکی مۆدێرنی جیهانبینی خۆپه‌رست(1) دا دو‌و له‌ت بووه.
سه‌ره‌ڕای ئه‌مه‌ش، زۆر ناسنامه‌ی به‌هێزی به‌ره‌نگاری ده‌بینین، که له به‌هه‌شتی برایه‌تی دا سه‌نگه‌ر ده‌گرن و له ئاست شه‌پۆلی جیهانی و تاکگه‌رایی رادیکاڵ ده‌وه‌ستن. ئه‌وان ئه‌ندامان و لایه‌نگرانی خۆیان به‌پێی به‌هاکانی کلاسیک، خودا، نه‌ته‌وه و بنه‌ماڵه په‌روه‌رده ده‌که‌ن و حه‌ساره‌کانی که‌مپی خۆیان، به دام و ده‌زگای قه‌ومی و به‌ره‌نگاری ناوچه‌یی ده‌پارێزن. ناسنامه‌کانی به‌ره‌نگاری ته‌نیا له به‌ها کۆنه‌کان دا به‌رته‌سک نابنه‌وه. به‌ڵکوو به‌هۆی ره‌وت و بزاڤی ئه‌کتیڤی کۆمه‌ڵایه‌تیش ده‌خولقێن، ئه‌و بزاڤانه ده‌یانه‌وێ له ده‌ڤه‌ری به‌ره‌نگاری خۆیان دا خاوه‌ن خودموختاری بن، تا هێزی شیاو بۆ هێرشبردن بۆ دام و ده‌زگای دوژمنی سته‌مکار به‌ده‌ست بێنن. بزاڤی ژنان، که‌م تا زۆر بزاڤێکی له‌م چه‌شنه‌یه که له هه‌ر شوێنێک وشیاری به دژی باوکسالاری پێکدێت، ده‌رفه‌تێک بۆ ژنان ده‌ڕه‌خسێنێ؛ بزاڤی ئازادی سێکسیش بزاڤێکی له‌م چه‌شنه‌یه چوونکه فه‌زای ئازادی ئه‌م بزاڤه، هه‌ر له مه‌یخانه‌کان تا ناوچه شارییه‌کان، ئامێری سه‌ره‌کی خۆناسی ئه‌مان پێکدێنێ. ته‌نه‌نه‌ت بزاڤی پاراستنی ژینگه که پانتایی گه‌ردوونی هه‌یه، زۆر جار له ده‌سته و گرووپی بچووک و له خه‌ڵوه‌تی ماڵه‌کانه‌وه ده‌ست پێده‌کات که پێش ده‌سته‌مۆکردنی زه‌مه‌ن، شوێن و فه‌زاکان ده‌پارێزێ.
که‌وابوو، ناسنامه‌کانی به‌ره‌نگاری له کۆمه‌ڵگه‌ی تۆڕی دا به راده‌ی به‌رنامه‌ی تاکگه‌رایانه‌ی کۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی سه‌رده‌می سه‌نعه‌تی، بره‌ویان هه‌یه. به‌ڵام سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ئه‌م ناسنامانه هه‌روا له ئارادان، به‌ده‌گمه‌ن ده‌توانن پێوه‌ندی پێک‌بێنن. ئه‌وان له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌ت پێوه‌ندییان نییه، بێجگه له‌و کاتانه که له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندی یان به‌هاکانیان له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌ت دیالۆگ یان شه‌ڕ ده‌که‌ن. ئه‌وان له‌گه‌ڵ یه‌کتریش پێوه‌ندییان نییه، چوونکه به‌پێی چه‌ندین پرنسیپی ئێجگار جیاواز پێکهاتوون که له‌ئاست یه‌کتر سه‌رسه‌ختانه یاسای "خودی" و "ناخودی" به‌کار دێنن. له‌به‌ر ئه‌وه که لۆژیکی سێکت کلیلی مانه‌وه‌یان پێکدێنێ، گرنگی به خۆ-پێناسه‌کردنی تاکی ناده‌ن. که‌وابوو، له لایه‌ک، ئلیتانی جیهانی نێو فه‌زای ره‌وته‌کان، زیاتر که‌سانێکی بێ ناسنامه‌ن: له لایه‌کیتره‌وه، له کاتێک دا که خه‌ڵکانی بێ به‌ش له مافی هه‌ڵبژاردنی سیاسی و فه‌رهه‌نگی و ئابووری، به‌ره‌نگاری ده‌که‌ن، "شارۆمه‌ندانی جیهان" زیاتر روو له ناسنامه‌ی کۆیی ده‌که‌ن.
که‌وابوو، ده‌بێ توێژێکیتر به توێژه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی کۆمه‌ڵی تۆڕی زیاد بکه‌ین. هاوکات له‌گه‌ڵ سیستمی ده‌وڵه‌ت، تۆڕه جیهانییه‌کان و، که‌سانی خۆپه‌رست، چه‌ندین گرووپی تر هه‌ن که به‌پێی ناسنامه‌ی به‌ره‌نگاری پێکهاتوون. به‌ڵام ئه‌م توخمانه له‌گه‌ڵ یه‌کتر پێوه‌ندییان نییه، چوونکه لۆژیکی هه‌ر کامیان حاشا له‌ویدی ده‌کا و ناتوانن به ئاشتی پێکه‌وه بژین.
که‌وابوو پرسی سه‌ره‌کی بریتییه له سه‌رهه‌ڵدانی چه‌ندین ناسنامه‌ی سیستماتیک، که وزه و پۆتانسیه‌لی ئه‌وه‌یان هه‌یه که کۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی مۆدێرن و سه‌رئه‌نجام ده‌وڵه‌تێکی مۆدێرن سه‌رله‌نوێ بژێننه‌وه. من له‌م بابه‌ته‌وه نامه‌وێ به‌رنامه‌یه‌ک دابڕێژم یان پێشگۆیی بکه‌م، به‌ڵکوو ده‌مه‌وێ ئاکامی ئاینده‌بینی ئه‌زموونه‌کانی خۆم له‌مه‌ڕ بزاڤه کۆمه‌ڵایه‌تی و پرۆسه سیاسییه‌کان راڤه بکه‌م. شیکاری من ئه‌م ده‌رفه‌ته ره‌ت ناکاته‌وه که ره‌نگه چه‌ندین بزاڤی کۆمه‌ڵایه‌تی ته‌واو جیاواز، له ئاراسته‌کردنی جڤاتی داهاتوودا رۆڵی سه‌ره‌کی بگێڕن. به‌ڵام ئێستا، ساڵی 1996، من هێمایه‌کیان لێ نابینم.
ناسنامه خاوه‌ن به‌رنامه‌کان، له ناسنامه‌ی پێشووی کۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی سه‌رده‌می سه‌نعه‌تی سه‌رچاوه ناگرن، به‌ڵکوو به‌پێی ئاڵوگۆڕ و په‌ره‌سه‌ندنی ناسنامه‌کانی به‌ره‌نگاری پێکدێن. به رای من بۆ پێکهاتنی سوژه (بکه‌ران)ی مێژوویی نوێ، چه‌ندین به‌ڵگه‌ی تیۆریک و به‌ڵگاندنی ئه‌زموونی له‌ئارا دایه. به‌ڵام پێش باسکردنی ئه‌م پرسه، ده‌مه‌وێ چۆنیه‌تی پێکهاتنی ناسنامه ئامانجداره‌کان له ناخی ناسنامه‌ی به‌ره‌نگارییه‌وه راڤه بکه‌م.
ئه‌م راستییه که گرووپێک به‌پێی ناسنامه‌یه‌کی تایبه‌تی به‌ره‌نگاری پێکدێت، به‌و مانایه نییه که به‌ره‌و دروستکردنی ناسنامه‌یه‌کی ئامانجدار ده‌ڕواته پێش. ره‌نگه ئه‌م گرووپه هه‌روا وه‌ک گرووپێکی داکۆکیکار بمێنێته‌وه. یان ره‌نگه تێکه‌ڵ به گرووپێکی هاوبه‌رژه‌وه‌ند ببێ و له‌گه‌ڵ لۆژیکێکی چناکه‌لێدانی گشتی تێکه‌ڵ بێت که لۆژیکی زاڵی کۆمه‌ڵگه‌ی تۆڕی پێکدێنێ. به‌ڵام، هه‌ندێ جار، ره‌نگه ناسنامه‌ی به‌ره‌نگاری، ناسنامه‌ی ئامانجدار پێک‌بێنێ و ئامانجی ئه‌و گۆڕینی تێکڕای کۆمه‌ڵگه به‌پێی به‌هاکانی به‌ره‌نگاری گرووپێک بێت که له‌ئاست ده‌سه‌ڵاتی سودی ره‌وته‌کانی جیهانی سه‌رمایه، هێژمۆنی و زانیاری دژایه‌تی ده‌کات.
ره‌نگه گرووپێکی دینی وه‌ک بزاڤێکی دینی بنیادگه‌را ده‌رکه‌وێت که ئامانجی ئه‌و خولقاندنه‌وه‌ی ئه‌خلاقی کۆمه‌ڵایه‌تی، دامه‌زراندنی دوباره‌ی به‌ها دایمییه‌کان به‌پێی چه‌مکی خودا و، گشتاندنی ئایدیۆلۆژی دینی به‌سه‌ر گشت جیهان، یان لانیکه‌م دراوسێکان بۆ پێکهێنانی جڤاتێکی نوێ بێت.
به‌پێی شیکاری دوا ئه‌زموون، ره‌وتی ناسیۆناڵیزم له چاخی زانیاری دا لاوازتر ده‌بێت. له‌لایه‌ک، ناسیۆناڵیزم ده‌توانێ پێگه‌ی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌ڤی سه‌رله‌نوێ به‌هێز بکا و به نوێنه‌رایه‌تی خه‌ڵک، نه‌ک خودا، سه‌رله‌نوێ ره‌وایی به ده‌وڵه‌ت ببه‌خشێ؛ له لایه‌کیتره‌وه، ره‌نگه ناسیۆناڵیزم به سه‌لماندنی رۆڵی بان ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌کان و، به پێکهێنانی چه‌ندین تۆڕی فره‌ڕه‌هه‌ندی دام و ده‌زگای سیاسی له جۆغرافیای بگۆڕی ده‌سه‌ڵاتی هاوبه‌ش دا، له ده‌وڵه‌تی مۆدێرنی نه‌ته‌وه‌یی واوه‌تر بچێت.
قه‌ومگه‌رایی، که هه‌م توخمی سه‌ره‌کی سته‌مگه‌ری و هه‌م توخمی رزگاربه‌خشی هه‌بووه، زیاتر به‌جۆرێک داده‌ڕێژرێت که له ناسنامه‌کانی تری جڤاتی (دینی و نه‌ته‌وی و ناوچه‌یی) داکۆکی ده‌کا و، له‌خۆڕا هه‌وێنی به‌ره‌نگاری و به‌رنامه‌ی نوێ ناخولقێنێ.
ناسنامه‌ی ناوچه‌یی، ریشه‌ی سه‌ره‌کی زیادبوونی حکومه‌ته ناوچه‌ییه‌کان له‌ئاستی جیهانی دا پێکدێنێ و له‌گه‌ڵ فره‌چه‌شنی بێ پایانی شه‌پۆل و ره‌وته جیهانییه‌کان سازگارتره. خولقاندنه‌وه‌ی فۆرمی ده‌وڵه‌ت- شار تایبه‌تمه‌ندی سه‌ره‌کی ئه‌م سه‌رده‌مه پێکدێنێ که پێوه‌ندی به سه‌رهه‌ڵدانی ئابووری بازرگانی نێوده‌وڵه‌تی سه‌ره‌تای سه‌رده‌می مۆدێرنه‌وه هه‌یه.
به لاوازبوونی باوکسالاری و بنیادنانه‌وه‌ی بنه‌ماڵه‌ی مۆدێرن به‌پێی یه‌کسانی ره‌گه‌زی له هه‌موو دام و ده‌زگای کۆمه‌ڵایه‌تی دا، ره‌وت و گرووپی فمێنیستی و لایه‌نگرانی ئازادی سێکسی پێکدێن و له‌ئاست سه‌رمایه‌داری باوکسالار و ده‌وڵه‌تی باوکسالار دژایه‌تی ده‌که‌ن.
بزاڤی پاراستنی ژینگه به داکۆکی له ده‌ڤه‌ری ژیان و رفا و ته‌ندروستی تاکه‌کان، ده‌یه‌وێ مرۆڤ له‌گه‌ڵ سروشت ئاشت بکاته‌وه. ئه‌م بزاڤه به‌پێی ناسنامه‌ی ژینی – کۆمه‌ڵایه‌تی ره‌گه‌زی مرۆڤ و به قه‌بووڵ کردنی مانای گه‌ردوونی ره‌گه‌زی مرۆڤ، ئه‌م کاره ده‌کات.
ئه‌م ناسنامانه، ناسنامه‌ی ئامانجدار به‌هۆی بنیادنانه‌وه‌ی رێکخراوه‌کانی کۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی نه‌خولقاوه، به‌ڵکوو به‌ره‌نگاری گرووپی خولقاندوویه، چوونکه قه‌یرانی رێکخراوه‌کانی کۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی و سه‌رهه‌ڵدانی بزاڤ و ناسنامه‌ی به‌ره‌نگاری، رێک له خه‌سڵه‌ته‌کانی کۆمه‌ڵگه‌ی تۆڕی سه‌رچاوه ده‌گرێ که کۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی لاواز و ناسنامه‌ی به‌ره‌نگاری به‌هێز ده‌کات. یانی، جیهانیبوون، بوژاندنه‌وه‌ی پێکهاته‌ی بورژوازی، تۆڕسازی ئۆرگانی، فه‌رهه‌نگی مه‌جازی و، گرنگی تێکنۆلۆژی بۆ تێکنۆلۆژی، که خه‌سڵه‌ته گرنگه‌کانی پێکهاته‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی چاخی زانیاری پێکدێنن وه‌ک سه‌رچاوه‌ی قه‌یرانی ده‌وڵه‌ت و کۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی سه‌رده‌می سه‌نعه‌یی حساب ده‌کرێن. هاوکات ئه‌م خه‌سڵه‌تانه وه‌ک چه‌ند هێزێک ده‌رده‌که‌ون که به‌ره‌نگاری کۆمه‌ڵایه‌تی له‌ئاستیان رێکده‌خرێت و چه‌ندین ناسنامه‌ی ئامانجداری نوێ له گۆشه و که‌ناری ئه‌م به‌ره‌نگارییه‌وه سه‌رهه‌ڵده‌ده‌ن. به‌ره‌نگاری و به‌رنامه‌کان له‌گه‌ڵ لۆژیکی زاڵی کۆمه‌ڵگه‌ی تۆڕی له ناکۆکی دان و له سێ ده‌ڤه‌ری سه‌ره‌کی پێکهاته‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی مۆدێرن دا خه‌باتی به‌ره‌نگاری و هێرشبه‌رانه ده‌ست پێده‌که‌ن: شوێن، کات، تێکنۆلۆژی.
گرووپه‌کانی به‌ره‌نگاری، فه‌زا و شوێنی خۆیان له‌ئاست لۆژیکی بێ شوێنی ره‌وته‌کانی ده‌سه‌ڵاتی کۆمه‌ڵایه‌تی چاخی زانیاری، پێناسه ده‌که‌ن. ئه‌وان له‌ئاست هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی مێژوو له زه‌مه‌نی بێ زه‌مان دا و، گرنگی پرسی کاتی له فه‌رهه‌نگی مه‌جازی واقعی دا، شانازی به یاده‌وه‌ری مێژوویی خۆیانه‌وه ده‌که‌ن، یان له‌سه‌ر به‌رده‌وامی به‌هاکانیان پێداده‌گرن. ئه‌وان له تێکنۆلۆژی زانیاری بۆ پێکهێنانی پێوه‌ندی ئاسۆیی له‌نێوان خه‌ڵک و، نه‌ریتی دینی گرووپی به‌هره ده‌به‌ن، ئه‌مه له کاتێک دایه که په‌رستنی بۆتی نوێی تێکنۆلۆژی ره‌ت ده‌که‌نه‌وه و به‌ها به‌رزه‌کانی خۆیان له دژی لۆژیکی بنه‌ماشکێنی تۆڕه‌کانی کامپیوتری ئوتۆماتیک ده‌پارێزن.
پارێزه‌رانی ژینگه هه‌م بۆ خۆیان و هه‌م بۆ سروشت، له‌سه‌ر به‌کارهێنانی شوێن پێداده‌گرن و، له‌ئاست لۆژیکی ئابستراکت و ناسروشتی فه‌زای ره‌وته‌کان ده‌وه‌ستن. ئه‌وان دیدگای گه‌ردوونی زه‌مه‌نی planetary"" ده‌وروژێنن، که ره‌گه‌زی مرۆڤ له‌گه‌ڵ ده‌ڤه‌ری رووله گۆڕان یه‌کپارچه ده‌کات و له‌ئاست سڕینه‌وه‌ی زه‌مه‌ن به‌هۆی نه‌مانی به‌رده‌وامی ده‌وه‌ستن؛ لۆژیکێ که له قاڵبی زه‌مانی بێ زه‌مان دا جێگیرده‌بێ. پارێزه‌رانی ژینگه ده‌ڵێن ده‌بێ زانست و تێکنۆلۆژی خزمه‌ت به ژیان بکه‌ن، نابێ زانست و تێکنۆلۆژی به‌سه‌ر ژیان دا زاڵ بن.
فمێنیسته‌کان و لایه‌نگرانی ناسنامه‌ی سێکسی له‌سه‌ر کونترۆڵ کردنی شوێنی جیانه‌کراوی خۆیان، یانی جه‌سته‌یان، پێداده‌گرن؛ جه‌سته‌یه‌ک که له‌نێو فه‌زای تۆڕه‌کان دا حاشای لێده‌کرێ و به‌هۆی باوکسالاری و به نواندنه‌وه‌ی وێنه‌کانی ژنان و فتیشیزمی سێکسی، ده‌ستکاری ده‌کرێ و، حاشا له مرۆڤێتی و ناسنامه‌ی ده‌کرێت. ئه‌وان هه‌روه‌ها بۆ کونترۆڵ کردنی زه‌مانی خۆیان خه‌بات ده‌که‌ن، چوونکه لۆژیکی بێ زه‌مه‌نی کۆمه‌ڵگه‌ی تۆڕی، چه‌ندین رۆڵ و ئه‌رک به‌سه‌ر ژنان دا ده‌سه‌پێنێ، به‌ڵام ژیانی نوێی ئاوان به‌پێی زه‌مه‌نبه‌ندی تازه رێکناخات. به‌مجۆره نامۆیی له‌گه‌ڵ زه‌مه‌ن، وه‌ک زه‌قترین به‌دبه‌ختی ژنانی ئازاد له رێکخراوێکی کۆمه‌ڵایه‌تی نائازاد دایه. ئامانجی بزاڤی فمێنیستی و لایه‌نگرانی ئازادی سێکسی، به‌کارهێنانی تێکنۆلۆژی له‌پێناو ده‌سته‌به‌رکردنی مافه‌کانیان دایه (وه‌ک مافی مناڵدار بوون و مافی کۆنترۆڵ کردنی جه‌سته)، که له‌ئاست به‌کارهێنانی باوکسالارانه‌ی زانست و تێکنۆلۆژی راده‌وه‌ستێ؛ به‌کارهێنانی هه‌ندێ نه‌ریتی پزیشکی و ده‌مارگرژی خۆپه‌رستانه به‌سه‌ر ژنان دا؛ یان که‌مته‌رخه‌می دام و ده‌زگای زانستی به تۆژینه‌وه له‌مه‌ڕ ئه‌یدز تا کاتێک که پێیان وابوو به‌هۆی هموسێکسواڵیته پێکدێت. ئێستا که مرۆڤ ده‌یه‌وێ سنوری تێکنۆلۆژی کۆمه‌ڵایه‌تی به‌سه‌ر زاوزێ ئاژه‌ڵان دا کونترۆڵ بکات، شه‌ڕێکی قووڵ له‌نێوان جه‌سته‌کان وه‌ک چه‌ندین ناسنامه‌ی خودموختار و، جه‌سته‌کان وه‌ک چه‌ند ده‌سکردێکی کۆمه‌ڵایه‌تی له‌ئارا دایه. که‌وابوو سیاسه‌تی ناسنامه له جه‌سته‌ی ئێمه‌وه ده‌ست پێده‌کات.
به‌مجۆره، یاسای زاڵی کۆمه‌ڵگه‌ی تۆڕی چه‌ندین کێشه‌ی تایبه‌ت به خۆی هه‌ڵده‌گیرسێنێ، که به‌شێوه‌ی ناسنامه‌ی به‌ره‌نگاری گرووپی و ناسنامه‌ی ئامانجدار ده‌رده‌که‌ون که به‌شێوه‌ی خۆڕسک له‌م فه‌زایه‌وه پێکدێن؛ ئه‌ڵبه‌ت به‌هۆی هه‌لومه‌رج و له رێگه‌ی چه‌ندین پرۆسه‌وه که تایبه‌ت به هه‌ر پێکهاته‌یه‌کی ئۆرگانی و فه‌رهه‌نگی تایبه‌تن، چه‌ندین بزاڤی ناکۆک پێکدێن که کاکڵی سه‌ره‌کی پرۆسه‌ی مێژوویی پێکدێنن و به‌مجۆره پێکهاته‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی مۆدێرن و، گۆشت و پێستی کۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه دروست ده‌که‌ن. له‌م پێکهاته کۆمه‌ڵایه‌تییه‌دا ده‌سه‌ڵات چ جێگایه‌کی هه‌یه و؟ له‌م دۆخه مێژووییه‌دا ده‌سه‌ڵات چۆن پێناسه ده‌کرێت؟
هه‌ر وه‌ک له‌م کتێبانه‌دا باسمان کرد، ئیتر ده‌سه‌ڵات له ئۆرگانه‌کانی (وه‌ک ده‌وڵه‌ت)، رێکخراوه‌کان (کۆمپانی سه‌رمایه‌داری)، یان به‌کارهێنه‌رانی هێماکان (کلیسا و میدیاکان) دا چه‌ق نابه‌ستێ. ده‌سه‌ڵات له تۆڕه جیهانییه‌کانی سروه‌ت، هێژمۆنی، زانیاری و وێنه‌کان دا که سیستمێکی بگۆڕ و جوخرافیای نامادی پێکدێنن، بڵاو ده‌بێته‌وه و ده‌توێته‌وه، به‌ڵام له‌نێو ناچێ. ده‌سه‌ڵات هێشتا به‌سه‌ر کۆمه‌ڵگه‌دا حکومه‌ت ده‌کات؛ هێشتا به‌سه‌ر ئێمه‌شدا زاڵه و فۆرم و شێوازی ژیانمان دیاری ده‌کات. نه ته‌نیا به‌مهۆیه
که چه‌ندین سیستم و ده‌زگای جیاواز هێشتا ده‌توانن نه‌زم به جه‌سته‌کان بده‌ن و بیره‌کان رکێف بکه‌ن؛ ئه‌م فۆرمه له ده‌سه‌ڵات، هاوکات، هه‌م دا‌یمی و هه‌م روو له فه‌وتانه. دایمییه چوونکه مرۆڤه‌کان تاڵانکارن و هه‌رواش ده‌مێننه‌وه. به‌ڵام فۆرمی ئێستای ده‌سه‌ڵات به‌ره‌و فه‌وتان ده‌چێت: به‌کارهێنانی ئه‌م جۆره ده‌سه‌ڵاته بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خزمه‌تکارانی، تادێ ناکارامه‌تر ده‌بێت. ده‌وڵه‌تان ده‌توانن تیر بهاوێن، به‌ڵام بۆوه‌ی سیمای دوژمنان و جێگای شه‌رخوازان تا دێ ئاڵۆز و نادیارتر ده‌بێ، ئه‌وان ده‌بێ کوێرانه تیر له تاریکی بهاوێن و ئه‌م ئه‌گه‌ره قه‌بوڵ بکه‌ن که ره‌نگه خۆیان بپێکن.
ده‌سه‌ڵاتی مۆدێرن له هێماکانی زانیاری و له وێنه‌کانی مانیتۆر و ته‌له‌ڤیزیۆنه‌کان دا شاراوه‌یه که جڤاتان ئۆرگانه‌کانی خۆیان به‌وپێیه رێکده‌خه‌ن و، خه‌لکیش له ده‌وری ئه‌و ئۆرگانانه‌دا بناغه‌ی ژیان پێکدێنن و له‌مه‌ڕ ئاکار و ره‌فتاری خۆیان بڕیار ده‌ده‌ن. پێگه‌ی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته له مێشکی خه‌ڵک دایه. به‌مجۆره‌یه که له چاخی زانیاری دا ده‌سه‌ڵات له یه‌ک کاتدا حازر و ئاماده‌یه و هه‌روه‌ها پرژ وبڵاو و نادیاره. هه‌ر که‌س یان هه‌ر شتێک له پرسێک دا سه‌رکه‌وتبێ که بیری خه‌ڵکی مه‌شغوڵ کردبێ، به ده‌سه‌ڵات ده‌گات، چوونکه هیچ ئامێر و سیستمێکی به‌هێز و بێ رۆح ناتوانێ له‌گه‌ڵ ئه‌و بیرانه رکه‌به‌رایه‌تی بکات که ده‌سه‌ڵاتی تۆڕه‌کان رێکی خستوون. به‌ڵام ره‌نگه ئه‌م ده‌سه‌ڵاته کاتی بێت چونکه هه‌ڵداچوونی شه‌پۆل و ره‌وته‌کانی زانیاری، به‌رده‌وام ره‌مزه کولتورییه‌کان هه‌ڵده‌سوڕێنن. به‌مبۆنه‌وه ناسنامه‌کان تا ئه‌م ئاسته گرنگییان هه‌یه و، سه‌رئه‌نجام له وه‌ها پێکهاته‌یه‌ک دا که هه‌رده‌م ده‌سه‌ڵات ده‌گۆڕێ، ئاوا به‌هێزن- ئاخر ناسنامه‌کان، به‌پێی ئه‌زمون، چه‌ندین به‌رژه‌وه‌ندی و به‌ها و به‌رنامه ده‌سازن و به داڕشتنی پێوه‌ندییه‌کی تایبه‌ت له‌گه‌ڵ سروشت، مێژوو، جوغرافی و فه‌رهه‌نگ، له‌ئاست فه‌وتان به‌ره‌نگاری ده‌که‌ن. ناسنامه‌کان له هه‌ندێ ده‌ڤه‌ری پێکهاته‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی دا ده‌سه‌ڵات رکێف ده‌که‌ن و داکۆکی له‌و ده‌ڤه‌رانه ده‌که‌ن، یان هێرشی خۆیان له جه‌نگی ئه‌نفۆرمه‌یشن دا له‌ئاست ئه‌و ره‌مز و هێما فه‌رهه‌نگیانه رێکده‌خه‌ن که ره‌فتاری مرۆڤ و ئۆرگانه تازه‌کان ده‌سازن.
له وه‌ها دۆخێک‌دا، بکه‌رانی چاخی زانیاری کێن؟ ئێمه هه‌ندێ سه‌رچاوه ده‌ناسین که ره‌نگه بکه‌ران له‌وێوه پێکدێن. پێم وایه ده‌شزانین که بکه‌ران له‌گه‌ڵ هه‌ندێ فاکته‌ر پێوه‌ندییان نه‌ماوه. بۆ نموونه بزاڤی کرێکاری واده‌نوێنێ له‌ڕووی مێژوویه‌وه دواکه‌وتووه. مه‌به‌ستم ئه‌وه نییه که به‌ته‌واوی ده‌وری داچووه (هه‌رچه‌ند له زۆربه‌ی شوێنه‌کانی دنیا تروسکه‌کانی کز و لاوازتر ده‌بێت) و گرنگی خۆی له‌ده‌ست داوه. له‌ڕاستیدا، سه‌ندیکاکانی له زۆربه‌ی وڵاتان دا بکه‌رانێکی سیاسی کاریگه‌رن و، زۆر جار وه‌ک تاقه ئامێری کرێکاران بۆ داکۆکی له خۆیان له ئاست سه‌رمایه و ده‌وڵه‌ت رۆڵ ده‌گێڕن. به‌ڵام به‌هۆی خه‌سڵه‌تی بنه‌مایی و ئه‌و پرۆسه مێژووییانه که راڤه‌کران، پێم وانییه که بزاڤی کرێکاری به‌شێوه‌ی خۆڕسک و له ناخی خۆیه‌وه ناسنامه‌یه‌کی ئامانجدار بخولقێنێ که بتوانێ سه‌رله‌نوێ کۆمه‌ڵگه رێکبخات و ئۆرگانه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی چاخی زانیاری بژێنێته‌وه. بێگومان کرێکارانی شۆڕشگێڕ وه‌ک به‌شێک له دینامیزمی کۆمه‌ڵایه‌تی مۆدێرن و کاریگه‌ر ده‌مێننه‌وه. به‌ڵام پێم وانییه که سه‌ندیکاکانیش وا بن.
پارته سیاسییه‌کانیش وه‌ک فاکته‌ری خودموختاری کۆمه‌ڵایه‌تی دوا وزه و توانای خۆیان به‌کار بردووه، دام و ده‌زگاکانی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌ڤی، که گیرۆده‌ی لۆژیکی سیاسه‌تی چاخی زانیاری و یاسا و ده‌ستوری خۆیانن، به‌شێکی گرنگ له کاریگه‌ری خۆیان دۆڕاندووه. سه‌ره‌ڕای ئه‌مه‌ش، هێشتا وه‌ک چه‌ند ئامێرێکی گرنگ خواسته‌کانی کۆمه‌ڵگه له چه‌ندین بواری سیاسه‌تی نه‌ته‌وه‌یی، نێونه‌ته‌ویی و بان نه‌ته‌وه‌یی دا وه‌گه‌ڕ ده‌خه‌ن. له‌راستیدا، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه که بزاڤه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان ناچار ده‌بن مکانیزمێکی نوێ فه‌راهه‌م بکه‌ن که سه‌رله‌نوێ دۆخی کۆمه‌ڵ لێکبده‌نه‌وه، هه‌ندێ له پارته سیاسییه‌کان (ره‌نگه له قاڵبی تازه‌ی ئه‌نفۆرمه‌یشن دا) له سه‌قامگیرکردنی ئاڵوگۆڕی کۆمه‌ڵایه‌تی دا رۆڵی گرنگ ده‌گێڕن؛ وه‌ک ده‌ڵاڵانی کاریگه‌ر نه‌ک داهێنه‌رانی به‌هێز.
که‌وابوو، بزاڤه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان به‌هۆی به‌رخۆدانی کۆیی له‌ئاست جیهانگیری و بنیادنانه‌وه‌ی بورژوازی و تۆڕسازی ئۆرگانی و زانیاریخوازی به‌ره‌ڵا و باوکسالاری، خه‌ریکن سه‌رهه‌ڵده‌ده‌ن- یانی، له ئێستادا، پارێزه‌رانی ژینگه، فمێنیسته‌کان، بنیادگه‌رایانی دینی، ناسیۆناڵیسته‌کان و ناوچه‌گه‌رایان، وه‌ک بکه‌رانی چاخی زانیاری حساب ده‌کرێن.
ئه‌وان خواسته‌کانی خۆیان به چ شێوه‌یه‌ک به‌یان ده‌که‌ن؟ لێره‌دا شیکاری من به‌ناچار شرۆڤه‌یه‌کی زه‌ینییه، ئه‌گه‌رچی تێده‌کۆشم روانگه‌یه‌ک ئاراسته بکه‌م که به‌پێی ئه‌زمون و به‌ڵگه بێت.
ئه‌و بکه‌رانه‌ی که پلان و پرۆگرامی ناسنامه‌ییان هه‌یه و ده‌یانه‌وێ ره‌مز و نیشانه فه‌رهه‌نگییه‌کان بگۆڕن تا بتوانن هێماکان رێک بخه‌ن، ئه‌وان ده‌بێ فه‌رهه‌نگی مه‌جازی واقعی که له کۆمه‌ڵی تۆڕی دا قاڵبی پێوه‌ندییه‌کان پێکدێنێ، بگۆڕن و به‌هاکانی خۆیان جێگیر بکه‌ن و، ره‌مز و هێماکانی ناسنامه‌ی سه‌ربه‌خۆی خۆیان، بناسێنن. من دو‌و جۆری سه‌ره‌کی ئه‌م بکه‌رانه‌م بینیوه. یه‌که‌میان به پێغه‌مبه‌ران ناودێر ده‌که‌م. ئه‌وان که‌سێتی مه‌جازین که رۆڵی رێبه‌ری کاریزماتیک ناگێڕن، به‌ڵکوو وه‌ک سیمای ماسکداری ئاخێزێکی مه‌جازی رۆڵ ده‌گێڕن، به‌مجۆره ئه‌وان بۆ خه‌ڵکی راپه‌ڕیو وه‌ک نوێنه‌ری ئه‌و خه‌ڵکه ده‌په‌یڤن. که‌وابوو، خه‌ڵکی راپه‌ڕیوی بێده‌نگ ده‌بن به خاوه‌نی ده‌نگ و، ناسنامه‌یان ده‌توانێ تێکه‌ڵ به خه‌باتێکی مه‌جازی ببێت و بۆ گه‌یشتن به ده‌سه‌ڵات، یانی کونترۆڵ کردنی مێشکی خه‌ڵک، به‌ختی خۆی تاقی بکاته‌وه. به‌دڵنیاییه‌وه فه‌رمانده مارکوس رێبه‌ری زاپاتیسته‌کانی مکزیک رێبه‌رێکی له‌م چه‌شنه‌یه. هه‌روه‌ها ئاساهارا رێبه‌ری سامناکی ژاپۆنی... نمونه‌یه‌کی جیاوازتر، وشیاری ژینگه‌پارێزانه‌یه که زیاتر سترانبێژانی مۆسیقی راک باسی ده‌که‌ن، وه‌ک ستینگ و هه‌وڵه‌کانی بۆ پاراستنی ئامازۆن؛ یان که‌سێک وه‌ک ئۆنابێمبێر که نه‌ریتی ئانارشیزم به‌کاردێنی و ده‌یه‌وێ به‌شێوه‌ی توندوتیژ له‌ئاست زیانه‌کانی تێکنۆلۆژی، سروشتی ره‌سه‌ن بپارێزێ.
له بزاڤی بنیادگه‌رای ئیسلامی یان مه‌سیحی دا هه‌ندێ له رێبه‌رانی دینی رۆڵێکی له‌م جۆره ده‌گێڕن و به راڤه‌کردنی ده‌قه پیرۆزه‌کان، هه‌قیقه‌تی خودا ده‌ڵێنه‌وه، به‌و هیوایه که ئه‌م راستییه دڵ و ده‌روونی خه‌ڵک ببزوێنێ و چرای بڕوایان داگیرسێنێ. بزاڤه‌کانی پاراستنی مافی مرۆڤیش زیاتر به هۆی هه‌ندێ که‌سێتی مه‌جازی سه‌رسه‌خت رێبه‌ری ده‌کرێن، وه‌ک ساخارۆڤ که نوێنه‌ری کۆنی ئۆپۆزیسیۆنی روسیایه. من به ئه‌نقه‌ست چه‌ندین نموونه‌ی جۆراوجۆرم هێناوه‌ته‌وه تا پیشان بده‌م که پێغه‌مبه‌رانی "چاک" و "خراپ" له ئارا دان و ئه‌م چاکی و خراپییه پێوه‌ندی به روانگه و به‌رژه‌وه‌ندی شه‌خسی مرۆڤه‌وه هه‌یه. به‌ڵام هه‌موویان بۆیه رۆڵی پێغه‌مبه‌ر ده‌گێڕن که رێگاکان رۆشن ده‌که‌نه‌وه و به‌هاکان ده‌چه‌سپێنن و، به ناردنی هێماکان خۆیان ده‌بن به هێما، به‌جۆرێک که په‌یام و په‌یامنێر تێکه‌ڵ ده‌بن. وه‌رچه‌رخانی سیاسی، که زیاتر له ناوه‌ندی دام و ده‌زگای له‌رزۆک و پێکهاته‌ی سیاسی لاوازدا رووده‌دات، هه‌میشه بانگی هاتنی پێغه‌مبه‌رانی داوه. بۆ گه‌یشتن به چاخی زانیاری، ته‌نانه‌ت زیاتر له پێشوو، ئه‌م راستییه روو ده‌دات، سه‌رده‌مێک که له‌ودا فۆرم و پێکهاته‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی به‌پێی ره‌وته‌کانی زانیاری و هێنان و گۆڕینی هێماکان، سازده‌کرێت.
دووهه‌مین و سه‌ره‌کیترین سوژه/ بکه‌ر که له نێو بزاڤه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان دا بینیمانه‌وه، بریتییه له فۆرمی ناسه‌نتراڵ و تۆڕی رۆڵ و رێکخراوه‌کان، که تایبه‌تمه‌ندی بزاڤی کۆمه‌ڵایه‌تی مۆدێرن پێکدێنێ و ره‌نگدانه‌وه‌ی لۆژیکی تۆڕی ده‌سه‌ڵات له چاخی زانیاری دایه و، دژکرده‌وه‌یه‌که له ئاست ئه‌م چاخه‌دا. وه‌ک بزاڤی پارێزه‌رانی ژینگه که به‌پێی ته‌وه‌ری تۆڕه نه‌ته‌وه‌یی و نێونه‌ته‌وه‌ییه‌کان چالاکی ناسه‌نتراڵی خۆیان ئه‌نجام ده‌ده‌ن. به‌ڵام من وه‌ها ره‌وتێکم له‌نێو بژاڤی فمێنیستی، دژبه‌رانی نه‌زمی جیهانی و، بنیادگه‌رایانی دینی دا نیشان داوه. ئه‌م بزاڤانه له رێکخستنی چالاکی و به‌شداری له سیستمی زانیاری واوه‌تر ده‌چن. ئه‌وان به‌راستی هێما کولتورییه‌کان به‌رهه‌م دێنن و دابه‌شی ده‌که‌ن. ئه‌وان ته‌نیا له‌نێو تۆڕی خۆیان دا ئه‌م کاره ناکه‌ن، به‌ڵکوو له شێوازی جۆراوجۆری دانوستان دا ئه‌نجامی ده‌ده‌ن. ستراتژێکی فه‌رهه‌نگی که سه‌نته‌رێک دایڕشتبێ به‌ده‌گمه‌ن کاریان تێده‌کات. سه‌یرترین و سه‌رکه‌وتووترین کار و چالاکی ئاوان، زیاتر به‌رهه‌می "ئاشوب" له تۆڕی دانوستانی چه‌ندلایه‌نه دایه؛ وه‌ک دروست کردنی جۆرێک "فه‌رهه‌نگی سه‌وز" به‌هۆی تریبوونێکی جیهانی، به‌پێی هاوده‌نگی ئه‌زموونه‌کانی پاراستنی سروشت و مانه‌وه‌ی سه‌رمایه‌داری، به‌شێوه‌ی هاوکات. یان به‌هۆی ده‌رفه‌تی فه‌وتانی باوکسالاری که به‌هۆی دانوستانی ئه‌زموونه‌کانی ژنان له ره‌وت و گرووپی فمێنیستی، گۆڤاری ژنان، کتێب فرۆشی ژنان، سینه‌مای ژنان، ده‌رمانگه‌ی ژنان و تۆڕی داکۆکی ژنان له په‌روه‌رده‌ی مناڵان پێکدێت. به‌مجۆره خه‌سڵه‌تی زراڤ و ناسه‌نتراڵی تۆڕه‌کانی ئاڵوگۆڕی کۆمه‌ڵایه‌تی، ناسین و تێگه‌یشتنی ناسنامه ئامانجداره‌کان که تازه له‌دایک ده‌بن تا ئه‌م ئاسته دژوار ده‌کات. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که دیدگای مێژوویی ئێمه، له‌گه‌ڵ سوپای تۆکمه، ئاڵای ره‌نگاوره‌نگ و درووشمی روونی ئاڵوگۆڕی کۆمه‌ڵایه‌تی راهاتووه، کاتێک گه‌شه‌ی شێنه‌یی ئاڵوگۆڕی گه‌شنده‌ی هێماکان ده‌بینین که له تۆڕه جیاجیاکان و به‌ده‌ر له حه‌ساره‌کانی ده‌سه‌ڵات رووده‌ده‌ن، تووشی حه‌په‌سان ده‌بین. له‌نێو کووچه ته‌نگه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌دا، یانی له‌نێو تۆڕه‌کانی ئه‌لکترۆنیک یان تۆڕه‌کانی به‌ره‌نگاری جه‌ماوه‌ری دایه که هه‌ستم به‌وه کردووه که هێزی ناسنامه نوتفه‌ی جڤاتێکی نوێی له به‌ستێنی مێژوودا چاندووه.
په‌راوێز:
(1). Weltanschauung: روانینێک بۆ جیهان که به‌پێی گرنگیدان به کولتور پێکهاتبێ؛ macht؛ یانی ده‌سه‌ڵاتی به‌هێز؛ selbstanschauung؛ روانینێک بۆ جیهان که به‌پێێ گرنگیدان به ده‌روون (ego) پێکدێت.
سه‌رچاوه:
عصر اطلاعات، قدرت هویت، مانوئل کاستلز، نشر طرح ن‌و، تهران 1380، ص‌ص 425-435.
[1]. به رای کاستڵز ناسنامه پرۆسه‌یه‌که که له‌ودا بکه‌رێکی کۆمه‌ڵایه‌تی خۆی ده‌ناسێ و به‌پێی خه‌سڵه‌تێک یان کۆمه‌ڵێک خه‌سڵه‌تی کولتوری و، به بێ ئاماژه به پێکهاته‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی، ئایدیا و جیهانی مه‌عنایی خۆی ده‌سازێ. کاستڵز له سه‌رده‌می مۆدێرن دا سێ جۆر ناسنامه پێناسه ده‌کات که بریتین له : 1) ناسنامه‌ی ره‌وایی به‌خش که له لایه‌ن پاشماوه‌کانی ده‌وڵه‌تی سه‌رده‌می سه‌نعه‌تی گه‌ڵاڵه ده‌کرێت. 2) ناسنامه‌ی به‌ره‌نگاری که به‌رنامه‌ی گرووپانی دینی و لایه‌نگرانی به‌ها کۆن و کلاسیکه‌کان پێکدێنێ. 3) ناسنامه‌ی ئامانجدار تایبه‌ته به ره‌وت و بزاڤی نه‌ته‌وی ئێتنیکی. (و.ک)
[2]. به‌شی یه‌که‌می ئه‌م بابه‌ته به ناوی چاخی زانیاری: ئابووری، کۆمه‌ڵگه، کولتور پێشتر له گۆڤاری زانستی سه‌رده‌م دا بڵاوکرایه‌وه، بۆوه‌ی خوێنه‌ران باشتر کاستێڵز و به‌رهه‌مه‌که‌ی بناسن، لێره‌دا دیسان سه‌ره‌تای به‌شی یه‌که‌م دێنینه‌وه.
[3] کارڵ مارکس، هه‌وڵێک بۆ نرخاندنی فه‌لسه‌فه‌ی هێگل.

هیچ نظری موجود نیست:
ارسال یک نظر