رد شدن به محتوای اصلی

 

چۆن ناوی ئێران لای ئورووپاییەکان بوو بە پێرسیەن؟

 

سەبارەت بە ئێتمۆلۆژی ناوی ئێران کە دەچێتەوە سەر ناوی کوردی "ئاریان" بەوردی نووسیومە و لێرەدا لەسەری ناچم. بەڵام سەرەتا دەبێ بێژم کە هەموو هۆزەکانی هوری، هیتی، میتان، ئورارتوو، گووتی، کاسی، لوولوو، ماد و پەراسوو لە باری زمان، فەرهەنگ و ئێتنیسیتەوە کەم تا زۆر وەک یەک و هاوبەشن. بەڵام لە شێوازی ژیان و بەڕێوەبەری دا، لە دین دا دواتر تووشی جیاوازی دەبن... لەم نێوەدا هۆزی مەزنی هوری ڕۆڵی دایک دەگێڕێ. یانی بناغەی ژیان، زمان، ژیار و کولتوور دادەڕێژێ. ژیان لە جڤاتی هوریان بەشێوەی کۆمۆنال و بەدوور لە سیستمی سەنتراڵ بەڕێوە دەچێ. بەشێوەی هۆز و خێڵ و تیرە. بەپێی سیستمی دینی فرەخودایی. خودایان بریتین لە هور یان میترا: خۆری ژیان بەخش؛ ئاناهیتا: خودای ئاو و ئەڤین و جوانی؛ هۆمەی: خودای شەراب؛ بارام: خودای شەڕ؛ تیژتار/گەلاوێژ: خودای باران؛ وایۆ: خودای با و زریان؛ بۆڕیۆ: خودای هەورە گرمە؛ ئاگر: خودا و هێما ڕووناکی و گەرمی بەخش و چەندین خودێی دیکە کە باسکردنی لێرەدا ناگونجێ. هەموو ئەو هۆزانەی کە لە سەرەوە باسکران، جگە لە ماد و پارسە [کە ئەڵبەت ئەمانیش لە قۆناغی دووهەم دا و بەپێی پێویستی تاریخی دەبن بە مەزدا پەرست]، هوریی یان میترایی بووگن و یەک لە دوایی یەک بەپێی گەشە و پێشکەوتن لە تاریخ دا دەرکەوتوون و نەخش و نیگاری خۆیان بەجێ  هێشتووە.

 لە سەردەمی ماد دا وەرچەرخانی گرنگ ڕوودەدا. دەوڵەتی یەکگرتوو و سەنتراڵ پێکدێنێ، چون دینی متافیزیکی یەک خودایی (ئەهورا مەزدا) جێگەی سیستمی فرەخودایی دەگرێتەوە. دیاکۆ هەموو هۆزەکان ڕێک دەخا و فێدراسیۆن پێکدێنێ، دەسەڵاتی زاڵمی ئاشوور دەڕوخێنێ و ئەمپراتۆری ماد دادەمەزرێنێ. لە سەردەمی پارسوماد دا هەرێمی دەسەڵاتی ئەمپراتۆری پەرەدەستێنێ، تاجێگایەک کە میسر و یۆنانیش داگیر دەکا. بەڵام دواتر ئەسکەندەر هێرش دێنێ، داریوشی سێهەم تێکدەشکێنێ و وەڵاتی ئێران داگیر دەکا... یانی لەم سەردەمەدا کە پێوەندی فەرهەنگی، جڤاتی، سەربازی و سیاسی لەگەل یۆنان زۆر پەرەی سەندووە، لە سەردەمێکا کە مرۆڤ دەست بە مێژوو نووسین دەکات، هۆزی پارسە دەسەڵاتدار و، شوش و پارسەگرد پایتەخت بووگن. واتە لە دەورانێکا کە بناغەی مێژوونووسین لە یۆنان دادەڕێژرێ، لەو سەردەمەدا کە هێرۆدۆت، باوکی مێژوو، کتاوی مێژووی خۆی دەنووسێ، لەو دەمەدا کە گەزەنفون بە دە هەزار سەربازەوە بە کوردستان دا دەگەڕێتەوە بۆ یۆنان و ئاناباز دەنووسێ. یان کتسیاس، پزیشکی دەرباری داریوش، مێژووی خۆی دەنووسێ، هۆزی پارسە دەسەڵاتدار بووگن و سیستمی سەنتراڵ لەسەر کار بووە. لەوەش گرنگتر، ئەرتەشی یۆنان بەسەر ئەمپراتۆری مەزنی ئێران دا و، بەسەر پایتەختی ئەمپراتۆری سەنتراڵ، یانی پارسەگرد دا سەرکەوتووە و لە تۆڵەی سووتاندنی ئاتێن دا، ئەم پایتەختەی سووتاندووە و ویستی باڵادەستی خۆی بە تەشق گەیاندووە. هەر بۆیە، هەم ئەرتەشی سەرکەوتووی یۆنان و، هەم ئەم نووسەرانە کاتێ باسی وەڵاتی ئێران دەکەن، زیاتر هەر دەنووسن پێرسیان. چون لە دەورانی پێشوودا کە مادەکان لەسەر دەور بوون و هەمەدان سەنتەر بوو، هەم مێژوو نووسین دانەهاتبوو، هەم خەڵکی یۆنانی ڕێگەی بە ئێران نەکەوتبوو. یان لە جڤات و فەرهەنگی هوریان دا شتەکە تەواو پێچەوانەیە؛ یەکەم، بەهۆی مێتۆد و شێوازی ژیان، قەت دەسەڵاتی سەنتراڵ پێکنایەت؛ دووهەم کەڵکەڵەی تۆتالیتر لەئارادا نییە و خۆیان بۆ شەڕ و هێرش تەیار ناکەن. کەوابوو ئێستا کە لە سەردەمی دەسەڵامی هۆزی پێرسیان دا دەوڵەتی یۆنان بەسەر ئەمپراتۆری پارس دا زاڵ بووە، لەوە بەدوا لە زمانی یۆنانی و لاتین دا بە ئێران دەڵێن پێرسیەن و ئاوا ئەم ناوە پەرە دەستێنێ و پاشان دەچێتە ناو زمانەکانی تری ئوروپاوە...

 

ئایا مەبەست لە پێرسیان زمان و ئێتنیسیتەی فارس بووە؟

نا، بە هیچ شێوەیەک. یەکەم، دەبێ ئاماژە بەو ڕاستییە بکەم کە خودی ناوی پێرسیەن لە وشەی مادی "پەراسوو" بەدیهاتووە و بەمانای کەنار و پەراوێزی وەڵاتی ماد بووە. دیاکۆنۆڤی ڕووسیش ئەم شتەی پشتڕاست کردۆتەوە [بڕوانە بۆ تاریخ ماد]. هەروەها گیریشمەن زۆرجار دەنووسێ پارسوماد. ئەم دەستەوشەیە لە گراماتیکی زمانی مادی دا یانی پەراسووی ماد، کەناری ماد.

دووهەم، هیچ فارس زمانێک لە وەڵاتی کۆنی پارسەدا هەر بوونی نەبووە. ڕێبەرانێکی تاریخی وەکوو کورش، داریوش و خەشایەئەرشەن هەموو لە تیرە و تەباری ماد بووگن: تەورات کتێبی ئەشعیا کە باسی ئەرتەشی کورش لە بابل دەکا، هەر دەڵێ مادەکان. یان دەنووسێ: "داریوشی مادی ئەودەم کە بوو بە پاشا، ته‌مه‌نی 62 ساڵ بوو. {تەورات،‌ کتێبی دانیال، بەشی 5، بەندی 31}، سینۆڤانس، فیلسوفی یۆنانی سەدەی پەنجی پێش زاین، کاتێ باسی ئەرتەشی خەشایارشا دەکا کە هاتووە و یۆنانی گرتووە، دەڵێ: ئەرتەشی ماد  (Ξενοφάνης, Xenofánes Colofone,570-470 a.C.)، هەروەها زانیاری زیاتر لە ئێتمۆلۆژی دوو ناوی کورش و داریوش دایە کە لەپاش دوو هەزار و پانسەد ساڵ بۆ یەکەم جار ڕاڤە کراون...

 زمانی دەڕی هەزار و پانسەد ساڵ دوای ڕوخانی پارسەکان و، سەدان فەرسەخ ئەولاتر، یانی سێ سەد ساڵ لە دوای تێکشکانی ئەمپراتۆری ساسانی، لە کوردی گۆرانی بەدیهاتووە و لە دەڤەری تاخارستان سەری هەڵداوە و پاشان لە مەودایەکی زەمەنی چەند سەد ساڵەدا خەڵکانی وەڵاتی ئێران بووگن بە دەڕی[فارس] زمان. یانی زمان و ئێتنیسیتەی فارسی بەگشتی لە کۆنتێکستی سەردەمی ئیسلامی دا بەدیهاتووە. ئەمە خاڵێکی زۆر گرنگە کە دەبێ مێژوونووس لەبەر چاوی بگرێ. ئەوە کە زمانی دەڕی ئەفغانی بە پارسی دەقەبڵێنن و بە درۆ زمانێک بە ناوی "فارسی باستان" دادەهێنن، ئەوە فریوێکی ئاڵۆزی مێژووە کە بە خەدەنگی زمانناس و ئەنگێوەری خودائاسا دەکرێتەوە... دەڤەری پارسە خەت و زمانی هەر هەمان خەت و زمانی ماد بووە [دیاکۆنۆف]، ئایین و داب و نەریتی بەگشتی هوری بووە [هێرۆدۆت]، معماری لە ئورارتوو فێر بووە و هۆزی پارسەش لە دەڤەری ورمێوە هاتووە [گیرشمەن]، دینی زەردەشتی، سیستمی باوکشایی و فرەژنی لە ماد وەرگرتووە [ویل دورانت]، میترا، ئاناهیتا و ئەهورا مەزدا کە پاتشایانی پارس لە بەردنووسەکان دا ستایشیان کردووە، سێ خودای هورمادی بووگن...

سێهەم، ئەگەر دەڤەری پارسەی کەڤنار فارس زمان بوایەن، ئەوجار ساسانیان کە لەوێوە سەریان هەڵدا و ئەمپراتۆری ساسانیان پێکهێنا، فارس زمان دەبوون. بەڵام مێژوو ڕاشکاوانە پێمان دەڵێ کە هەر دوو هۆزی بەرزەنگی/بەرزیکانی و شوانکارە کە ماڵباتی دایک و بابی ئەردەشێر ساسانی پێکدێنن، دوو هۆزی کوردی ڕەسەنی زاگرۆسی خوارین بووگن کە تا ئێستاش ماون. لە ئەدەبیاتی سەردەمی ساسانیش دا بە وەڵاتی ئێران دەڵێن "ئێران شار" و بە زمانەکەش دەڵێن: "ئێران وێژ". یانی خەبەرێک لە پارس و پێرسیان نییە. ئەوە لە سەردەمی ڕەزاخان دایە کە مەفهوومی ئێرانشار دەدزن و لەگەڵ پارس و فارس پێوەندی دەدەن. [زانیاری زیاتر: تاریخ تەبەری، مێژووی ساسانی کریستیان سان دانمارکی، زەردەشت و سەردەمی وی، هێرتسفیلدی ئاڵمانی، هەروەها دەقەکانی کوردی گۆرانی سەردەمی ساسانی]. هەمیسان بڕوانە بۆ شەرەفنامەی شەرەف خان بەتلیسی کە لەودا تیرە و تەباری بابە ئەردەڵان دەگاتەوە بە کەی قوبادی کوڕی پیرۆزی کوڕی سانی سانان...

چوارم، ئەگەر دەڤەری شیراز لە سەردەمی کۆن دا فارس زمان بوایە، ئەوجار ئێتر حافز و سەعدی، دوو شاعیری مەزنی شیرازی سەدەی حەفت و هەشتی کۆچی، لە مەکتەبان فێری فارسی نەدەبوون و بە کوردی گۆرانی شعریان نەدەنووسی. [زانیاری وردتر، لە وتاری کوردی گۆرانی دایە]

 

وە سەرئەنجام ــ مەسعودی مێژوونووسی عەرەب، کە فون کریمێری ئاڵمانی بە هێرۆدۆتی عەرەبی دەزانێ، لە کتێبی "التنبیە و الاشراف" دا هۆزی پارسیان بە هوزێکی مەزنی کوردی دەڤەری شیراز دەزانێ کە تا سەدەی سێ و چواری کۆچی هەر لەوێ ژیاون و هەر بەم ناوە ناسراون..." ئێستا دەرکەوت کە پارسیان کێ بوون؟!  یان کورش و داریوش چۆن دزران؟!

 

هێدین، فرانکفۆرت

دواین ئێدیت، بەهاری 2021

نظرات

پست‌های معروف از این وبلاگ

زمان، نووسین، میدیا و ...

زمان، نووسین، میدیا، گوتاری نەتەوایەتی، ناسنامە و پەروەردە گفتوگۆ لەگەڵ د. جەعفەر شێخولیسلامی پرۆفیسۆری میوان، زانکۆی سۆران، کوردستان پرۆفیسۆری هاوکار، زانکۆی کارلتن، کەنەدا ئا: هادی محەمەدی سەرەتا: د. جەعفەر شێخولیسلامی ساڵی ١٩٦٠ لە گوندی لاچین، سەر بە شاری مەهاباد، لە دایک بووە. هەر لەو شارەدا خوێندنی سەرەتایی و ناوەندیی تەواو کردووە. لە کۆتایی حەفتاکاندا، بە دزی خۆی فێری زمانی زگماکی کردووە و دەستی بە نووسینی شیعر و چیرۆکی کوردی کردووە. لە سەرەتای هەشتاکاندا، لەناو میدیاکانی سەردەمی ڕاپەڕینی رۆژهەڵات و باشووری کوردستان و، دواتریش لە میدیای ئێرانی لە بوارەکانی هەواڵنێری، وتارنووسین، چیرۆک، شانۆنامە، رۆڵی شانۆیی و وەرگێڕاندا چالاکی نواندووە. لە ساڵی ١٩٨٨ بە ئەم لاوە، لە وەڵاتی کەنەدا نیشتەجێ بووە و، لەم بوارانەدا خوێندوویەتی: ئەنستیتۆ/پەیمانگە (کتێبخانە و ئاگاداری)، بەکالیۆرۆس (زمانەوانی گشتی)، بەڵگەنامەی مامۆستایەتی (زمانی ئینگلیزی وەکوو زمانی دووهەم)، مەستەر (زمانەوانی کارەکی/کارکردی) و دوکتۆرا (پێوەندییە گشتیەکان—گوتار و میدیا). دوای ئەوە کە نزیکەی دە ساڵ ما

"ئەقڵ و شۆڕش"، هێربێرت مارکوزە

کورتەیەک سەبارەت بە "ئەقڵ و شۆڕش"ی هێربێرت مارکوزە نووسینی توماس ئالمێر و: لە ئاڵمانییەوە: هادی محەمەدی مارکوزە کە لە ئاڵمانەوە ئاوارەی ئەمریکا بووبوو، ساڵی ١٩٤١ کتێبی „Reason and Revolution“ ی بە زمانی ئینگلیسی چاپ کرد. ئەم کتێبە دواتر بە ناوی „Vernunft und Revolution“ یانی ئەقڵ و شۆڕش/وەرچەرخان بە زمانی ئاڵمانی وەرگێڕدرا. مارکوزە لەم کتێبەدا هەوڵ دەدات بە سەرنجدان بە ئەندێشەی مارکس، کاریگەری فەلسەفەی هێگل لەسەر تیۆری کۆمەڵایەتی پیشان بدات. مارکوزە لەسەر ئەوە پێدادەگرێ کە هێگل بەپێچەوانەی زۆرێک لە بیرمەندانی پێش خۆی، لە بواری بزاڤ و ئیدەی پێشکەوتنخوازانەدا دیدگایەکی شێلگیرانەی هەیە. ئەو پێی وایە کە واوەتر لە گەشەکردنی پێکهاتەی فاشیستی لە جڤاتی ئێمەدا، پێویستە فەلسەفەی هێگل سەرلەنوێ بخوێنینەوە. ئەم کتێبە لە دوو بەش پێکهاتووە. لە بەشی یەکەم دا بنەماکانی فەلسەفەی هێگل ڕاڤە دەکات، لە بەشی دووهەم دا ڕەوتی پێکهاتنی تیۆری کۆمەڵایەتی شی دەکاتەوە. هەر لە بەشی دووهەم دا کە بابەتی ئەم وتارەی منە، بە سەرەتایەک بەناوی "لە فەلسەفەوە بەرەو تیۆری کۆمەڵایەتی"

قوتابخانەى فرانکفۆرت

مارکوزە و قوتابخانەى فرانکفۆرت marcuse and Frankfurt school براین مەگى سەرەتا: ئەو قەیرانە ئابوورییە کە لە مەوداى دوو جەنگى جیهانیدا زوربەى وڵاتانى رۆژئاوایى گرتەوە، بەڕاى زۆربەى چەپەکان سەرەتاى رووخانى سیستمى سەرمایەدارى بوو کە ئەوان بەردەوام لە تیۆری مارکسیستى دا پێشبینیان کردبوو. ئەگەرچى بەپێى ئەم تیۆرییە دەبوو ئاکامى ئەم دۆخە بە کۆمۆنیزم بگات، بەڵام لە هیچ وڵاتێکى ئوروپا ڕژیمى کۆمۆنیستى نەهاتە ئاراوە. به‌پێچه‌وانه‌وه‌ ئەوەى سەرکەوت فاشیزم بوو. هەندێ لە چەپەکان بەجۆرێک لەم دۆخە ناهومێد بوون کە بەجارێک دەستیان لە مارکسیزم هەڵگرت. هەندێکى تر قەت تووشى ڕاڕایى نەهاتن و هەروا لەسەر بڕواکانى خۆیان مانەوە. گروپێکى تریش لەنێوان ئەم دوو رەوتەدا وەک چەپ مانەوە- یان دەیانویست بمێننەوە- بەڵام پێیان وابوو، بۆوەى مارکسیزم بتوانێ هەروا جێگەى بڕوا و متمانە بێت، دەبێ سەرلەنۆى شروڤە بکرێ و بەخۆیدا بچێتەوە. گرووپێ لەم کەسانە کۆتایى دەیەى 1920 لە شارى فرانکفۆرت کۆبوونەوە، کە دواتر بە ئەندامانى "قوتابخانەى فرانکفۆرت" ناوبانگیان دەرکرد. لە راستیدا ئەم کەسانە بۆ ماوەێکى زۆر لە فرانکفۆرت نە