رد شدن به محتوای اصلی

بەسەرهاتی من و ئەم کتێبە

 

بەسەرهاتی من و ئەم کتێبە

[یاداشتی وەرگێڕ]

ساڵانی 1988 تا1998 ساڵانێکی چارەنووسساز بوون. زۆر رووداوی گەورە و گران هەم لە ئاستی جیهان و هەم لەئاستی هەرێم دا ڕوویاندا کە کاریگەری قووڵیان لەسەر خەڵکی سەردەم هەبوو. هەر لە روخانی دیواری بێرلین، تا لێکترازانی یەکێتی سۆڤیەت، هەر لە کیمیابارانی هەڵەبجە تا تێرۆری رێبەرانی کورد، هەر لە جەنگی کەنداو تا ئازادبوونی کوردستانی باشور و ...
ئەو ساڵانە بۆ من سەردەمی وشیاربوونەوە و بەخۆداهاتنەوە بوو. فەزای گشتی وڵات بەجۆرێک بوو کە بەشێوەی ئوتوماتیک هەر مرۆڤێکی وشیاری بەرەو ئەندێشەی چەپ و دیالکتیکی دەبرد. ئێمەش گرووپێک جەوانی کەم تەمەن و بێ ئەزموون بووین. هەر کە چەند کتێبی وەکوو "ماتریالیزمی مێژوویی و ماتریالیزمی دیالکتیک"مان دەخوێندەوە، ئیتر پێمان وابوو کە شۆڕشگێڕ و رۆشنبیرێکی چەپی تەواو عەیارین. هەموو شتێک هەر لە ئێمەوە دەست پێدەکا و هەر بە ئێمەش کۆتایی دێت!
من بۆ خۆم لە بەرهەمەکانی مارکس تەنیا مانیفێست و کەم تا زۆر گرۆندریسەم ڤەخوێندبوو. ئیتر نە ئیدیۆلۆژی ئاڵمانی، نە نرخاندنی فەلسەفەی هێگل، نە کاپیتاڵ، نە ماڵباتی پیرۆز، تەنانەت ئانتی دوورینگی ئنگڵسیشم نەخوێندبوو. تا چ بگات بە کانت و هێگل و فۆیرباخ! بەڵام بەمەیشەوە، خۆم لە هەموان پێ چەپتر و، لە پاپ کاتوولیکتر بووم. پێم وابوو جوابی هەموو پرسەکان دەزانم.



بەدبەختی ئەوە بوو کە لەو سەردەمەدا بەهۆی فەزای سیخناخ و هیستریکی وڵات، کتێبەکانی بواری ئەندێشەی دیالکتیکی یان تەرجمە نەکرابوون، یان بەهۆی فیلتێری حیزبیەوە سادە و چەواشە کرابوون. بەکورتی، لەپاش چەند ساڵێک هەستم کرد دۆگماتیزم تەنگی پێ هەڵچنیوم و بە بنبەست گەیشتووم. بنبەستێکی سەختی فکری فەلسەفی. حاڵ و وەزعێکی ناخۆشم هەبوو، کاتێ هەستم دەکرد کە وەڵامی هەموو پرسەکان دراوەتەو و هیچ شتێکی تازە لە دنیادا نەماوە، ژیان ئێجگار بێ مانا و بێ تام دەبوو. بارودۆخێکی سامناک و گیان ژاکێن. نەشمدەزانێ رێگە چارە چییە، کەسیش نەبوو رێنوێنیم بکات...
بەڵام ئەودەم هاوکات لەگەل کار و ژیانی رۆژانە، هەر لە خویندنەوە بەردەوام بووم. تا ئەوە کە لە سەردەمی دەسەڵاتی باڵی "ڕێفۆرمیست" دا، وەزیری فەرهەنگ وتبووی: با کتێبە مارکسیستیەکانیش چاپ بکرێن، ئێمە دەبێ بتوانین بە ئەندێشە وەڵامی ئەندێشە بدەینەوە!؟ هەر لەم وەختەدا شەڕ و کێشەی هەر دوو باڵی دەسەڵات خەریک بوو بەرەو تەقینەوە دەچوو. رۆژنامەکان پڕ بوون لە باسی سیاسی گەرم و گوڕ. منیش هەر رۆژەو رۆژنامەیەکم دەکڕێ و دەمخوێندەوە. جارێ وابوو دوو جۆر رۆژنامەم دەکڕی. جگە لە خوێندنەوەی باسەکان، خراپ جۆرێ عادەتم بە جەدوەلەکان کردبوو. هەموو شەوێک جەدوەلێکم حەل دەکرد. هەر لەم سەروبەندەدا، شەوێک لە کاتی حەلی جەدوەل دا، لەئاست پرسێکی سەیر بەرەوڕوو بووم. ئاوا بوو:
ناوی نووسەری کتێبی "مێژوو و ئاگاهی چینایەتی" کە لەم دواییانەدا بە فارسی تەرجمە کراوە؟ پرسێکی سەیر بوو و من وەڵامەکەیم نەدەزانی. بەڵام کاتێ وەڵامی هەموو پرسەکانی ترم دایەوە، وەڵامی ئەو پرسەش بەشێوەی ئوتوماتیک درایەوە و ناوی نووسەرم بۆ ئاشکرا بوو: گیورگ لوکاچ!
ئێستا دەزانم کە ئەو پرسە چ پرسێکی وردبینانە و زیرەکانە بوو. چون هەم نووسەری کتێبەکە بەهۆی دەسەڵاتی تۆتالیتری ستالین تەنگی پێ هەڵچنرابوو و بۆ ماوەیەکی دوور و درێژ دەنگی خەفە کرابوو، هەم وەرگێڕیش، بەر لە چاپ بوونی کتێبەکەی، لەناو برابوو!
بەیانی ئەو رۆژە لە شاردا، بەدوای کتێبەکەی لوکاچ دا کەوتمە گەڕان و پشکنین. تەواو شار گەڕام، کتێب نەبوو. دواتر کتێب فرۆشییەکانی شاری سنەش گەڕام، هەر نەبوو. دەیانوت هاتووە و خێرا تەواو بووە، ئێستا ئیتر قاچاخە! بێ سوودە، بە دوایا مەگەڕە!
بەمجۆرە ئەوەندەی تر تینوو و تامەزرۆ دەبووم. تا لەپاش ماوەیەک لە رێگەی دۆستێکەوە لە تاران پەیدام کرد و خێرا کەوتمە خوێندنەوەی. بەر لە هەر شتێک پێش پەیڤی هەرە تایبەت و بەناوبانگی "لوسیەن گوڵدمەن"م خوێندەوە. تەواو سەرسامی کردم. هەر کە ئەمەم خوێندەوە، هەستم بە شادی و ئارامی کرد. ئیتر لەوە بەدوا ئاسۆی روونم دەبینی، تیشکی ئومێد و رزگاریم بەدی دەکرد. رزگاری لە بنبەستی دۆگماتیزم، نەک هیچ شتێکی تر...
دواتر کەوتمە خوێندنەوەی کتێبە بۆر، تا ئاخر خوێندمەوە، بەڵام شتێکی ئەوتۆم لێ دەسگیر نەبوو، ماوەیەک دواتر جارێکی تر خوێندمەوە، دیسانیش هەر زۆر شتم بۆ ئاڵۆز بوو. تا هەمیسان هانام بۆ گوڵدمەن بردەوە. چون گوڵدمەن خۆی دەڵێ: ئەم کتێبە بە یەکجاری جیهانبینی ئەوی ژێراوژوور کردووە. لە بیرم دێ یەک- دوو کتێبم لە گوڵدمەن خوێندەوە. خاڵی گرنگ ئەوە بوو کە گوڵدمەن فێری کردم کە لوکاچ وەک میتۆد بخوێنمەوە نەک وەک چەند تێز و بنەمای نەگۆڕ. ئەوجار وردە وردە هەستم کرد کە دەتوانم لە کتێبەکە تێبگەم. دواتر پاش چەند ساڵ بیرکردنەوە و خوێندنەوەی کتێبەکانی تری بواری ئەندێشەی دیالکتیکی، بەتایبەت چەند وتارێکی پویندە، باشتر لە ئەندێشەی لوکاچ تێگەیشتم، لەپاشان زانیم کە تێکڕای ئەندێشەی سیاسی، رۆشنبیری و جوانیناسی بلۆکی چەپ لە سەدەی بیستم دا کەم تا زۆر لەژێر کاریگەری لوکاچ دایە.
چەند ساڵ دواتر، کە بە وتەی هێمن شەقی ڕۆژگار هەڵیداشتم و لە سلێمانی گیرسامەوە، بڕیارم دا ئەم کتێبە بکەم بە کوردی. لە فستیڤاڵی گەلاوێژ لە ساڵی ٢٠٠٥، د. مەحمود عبادیانم لە سلێمانی دیتەوە و گفتوگۆیەکم لەگەلدا کرد. ئەو هەم زمانی ئاڵمانی دەزانی و هەم تێزی دۆکترای لەسەر کارەکانی لوکاچ نووسیبوو، هەر بۆیە لەو بوارەدا شارەزا بوو. لە درێژەی وتووێژدا پێم وت من خەریکم ئەو کتێبەی لوکاچ وەردەگێڕم، ئەتۆ تەرجمەی فارسیەکەت پێ چۆنە، ئایا بۆ ئەوە دەشێ کە مرۆڤ پشتی پێ ببەستێ؟
لە وەڵام دا وتی: یادی بەخێر، لەکاتی وەرگێڕان دا لەگەل پویندە لە پێوەندی دا بووین، هەر من دەقی ئاڵمانییەکەشم پێ دا، تەرجمەکەشم دیوە و زۆرم پێ باشە.
زستانی هەمان ساڵ لەگەل د. ئەمیر حەسەنپوور پێوەندیم گرت. لەوەش کە پێشتر لە وتووێژێک دا دوو پرسم لەو کتێبەی لوکاچ وەرگرتبوو، بۆ ئەویش سەرنجڕاکێش بوو. دواتر لە ئیمەیلێک دا پێم وت خەریکم ئەو کتێبە وەردەگێڕم، ئەگەر بتوانن دەقی کوردییەکە لەگەل دەقی ئینگلیسی بەراورد بکەن، زۆر باش دەبێ. حەسەنپوور لە وەڵام دا وتبووی بەپێی کات یارمەتیم دەدات. هەروەها ئەوەشی وتبوو کە لە وەرگێڕان دا لە پەتیگەری زمانی خۆ ببوێرم و وشەکانی زمانەکانی تریش بەکار بێنم. لینکی ئینگلیسی کتێبەکەشی بۆ ناردبووم.
لە درێژەی کاری وەرگێڕان دا لەگەل زۆر تێرم و دەستەوشە بەرەوڕوو دەبووم کە تێگەیشتن، کورداندن و دیتنەوەی هاوتایان کارێکی ئەستەم بوو. وشەهایەکی وەکوو "تعین" لە بەرانبەر Bestimmungی ئاڵمانی و "علیت ناباوری" لە بەرانبەر indeterminismus، بەر لە هەر شتێک لاوازی و مەهجوری زمانی فارسی دەگەیاند کە بەم وشە عەرەبییانەوە زمانەکە چەندە زەق و نابارتر دەکەن. بەهەر حاڵ، ساڵی ٢٠٠٦ کاری وەرگێڕانم تەواو کرد و ناردم بۆ د. حەسەنپوور، ئەویش چەند بەشێکی بەراورد کرد و کەم تا زۆر ڕێنوێنی کردم. تا ئەوە کە لە هاوینی ٢٠٠٧ لە سلێمانی چاپ و بڵاوکرایەوە. بەڵام بەشێوەی زۆر ناشیاو.
ساڵانی دواتر، بە وەرگێڕانی چەند بەرهەمێکی تر لە گوڵدمەن و باختین و ...، زمانی نووسین و وەرگێڕانم زۆر باشتر بووبوو، هەر بۆیە لەو وەرگێڕانەی پێشوو ڕازی نەبووم. ساڵی ٢٠٠٩ جارێکی تر لەگەل دەقی ئینگلیسی بەراوردم کرد و زمانی تێکستەکەم پوخت و پەرداخت تر کرد. تا ئەوە کە چارەنووس بە ئاقارێکا وەرسوڕا کە ساڵی ٢٠١٣ هاتمە ئاڵمان و قرتە قرت کەوتمە فێربوونی زمانی ئاڵمانی. بە خۆم دەوت ئەگەر ڕۆژێک ئاڵمانی باش فێر ببم دەبێ ئەم کتێبە لەگەل دەقی ئورژیناڵ بەراورد بکەم و سەرلەنوێ دایڕژێمەوە. چون لوکاچ ئەگەرچی خەڵکی هەنگاری یە، بەڵام زۆربەی بەرهەمەکانی بە ئاڵمانی نووسیوە.
بەدرێژایی ئەو ساڵانە جار و بار هەرکات دەرفەتم بوایە چاوێکم لە دەقی ئاڵمانی کتێبە بۆر دەکرد، بەڵام هێندە سەخت و ئاڵۆز بوو کە ئیتر لەسەری نەدەچووم. هەر بەڕاستیش زمانی لوکاچ زۆر ئەستەم و ئاڵۆزە. لە هەر کوێ وتەیەک لە مارکس، یان لە هێگل دێنێتەوە، زمانی هەموویان لە زمانی خۆی ئاسانترن...
بەهەرحاڵ، سەرەتای ساڵی ٢٠١٨ کەوتمە بەراورد کردن لەگەل دەقی ئاڵمانی و لە درێژەی کاردا بەو ئاکامە گەیشتم کە لە کۆتایی کتێبەکەدا فەرهەنگێکی ئاڵمانی کوردی بۆ دابنێم کە خوێنەر ڕێنوێنی بکات کە کام وشە و دەستەوشەی کوردی لە بەرانبەر کام تێرم و مەفهومی ئاڵمانی دا هاتووە. لە خوارەوە نموونەیەک دێنمەوە:
لوکاچ بە ئیلهام وەرگرتن لە دوو تێرمی "فێتیشیزم"ی مارکس و "لەخۆنامۆیی" هێگل، مەفهومی Verdinglechungی داهێناوە. ئەمە ناوی گرنگترین و فەلسەفی ترین وتاری لوکاچە کە لەم کتێبەدا زیاتر لە ٢٠٠ لاپەڕەی بۆ تەرخان کراوە. لە فارسی دا بۆ ئەم وشەیە چەندین وشەی وەکوو شئ وارەگی، چیزوارەگی، شئ شدەگی، شئ گشتەگی و ... دادەنێن، بەڵام بەمەیشەوە ئاماژە بە ڕیشە و چاوگی ئەم وشەیە ناکەن. من سەرەتا لە ٢٠٠٥ "شتئاسایی"م دانا، ئەڵبەت چەند ساڵ دواتر گۆڕیم و کردم بە "شتکراوی"، بەڵام کاتێ کە لە دەقی ئاڵمانی دا ڕیشە و چاوگی وشەکەم ناسی، ئەوجار بە سێ جۆر بەکارم هێنا کە لە دەقی فارسی دا ئەم شتانە ڕوون نین: Verdinglechung لە وشەی ئاڵمانی Ding بەمانای شت دێت. کاتێ بەشێوەی Verdingen دێت، مانای شتاندن دەدات، کاتێ بەشێوەیverdinglichte دێت، بەمانای شتکراو یان شتێندراو دێت، وە کاتێ بەشێوەی Verdinglechung دێت، ئەوجار مانای شتکراویی دەدات.
شتکراویی ئاڵۆزترین دیاردەی کۆمەڵگەی سەرمایەداری یە کە هەست و هۆش و گیان و ئەندێشەی مرۆڤ لەخۆ نامۆ دەکا و دەیکات بە شت. ئەتۆ، تۆش کە ئەم دێڕانە دەخوێنیتەوە، کەم تا زۆر هەست و بیر و گیان و ژیانت شتێندراون. ئەمە دەرفەتێکە کە ئەم دیاردە نگریسە بناسی و گیان و ژیانت بپارێزی. لوکاچ لەم کتێبەدا کۆنتێکستی کۆنکرێتی چۆنیەتی بەدیهاتن و ئیمکانی لەناوبردنی ئەم دیاردە هەرە نگریس و ئاڵۆزە ڕاڤە دەکات. بەکورتی لەو فەرهەنگەدا زۆرێک لە تێرم و وشە ئاڵمانییەکان هاوتای کوردیان بۆ دانراوە.
سەرەڕای ئەوە کە ئاسۆیەک لە باش بوونی ڕەوشی فەرهەنگ، زمان، چاپ و خوێندنەوەی کوردی بەدی ناکرێت، بەمەیشەوە ئەم بەر نادەین کۆپان دۆزیا خوە! کۆپان دۆزی: کۆپان دوورین، یانی ڕەوشی کارکردن لە بواری فەرهەنگ و زمانی کوردی دا هێندە بێ کەڵک و کارەساتبارە، کە مرۆڤ بچێ کۆپان بدوورێ لەوە باشترە کە خەریکی نووسین بێ. بەڵام سەرەڕای ئەمەش، ئەز بەرنادەم کۆپان دۆزیا خوە!
ئاڵمان، فرانکفۆرت، پایزی ٢٠٢٠
x

نظرات

پست‌های معروف از این وبلاگ

زمان، نووسین، میدیا و ...

زمان، نووسین، میدیا، گوتاری نەتەوایەتی، ناسنامە و پەروەردە گفتوگۆ لەگەڵ د. جەعفەر شێخولیسلامی پرۆفیسۆری میوان، زانکۆی سۆران، کوردستان پرۆفیسۆری هاوکار، زانکۆی کارلتن، کەنەدا ئا: هادی محەمەدی سەرەتا: د. جەعفەر شێخولیسلامی ساڵی ١٩٦٠ لە گوندی لاچین، سەر بە شاری مەهاباد، لە دایک بووە. هەر لەو شارەدا خوێندنی سەرەتایی و ناوەندیی تەواو کردووە. لە کۆتایی حەفتاکاندا، بە دزی خۆی فێری زمانی زگماکی کردووە و دەستی بە نووسینی شیعر و چیرۆکی کوردی کردووە. لە سەرەتای هەشتاکاندا، لەناو میدیاکانی سەردەمی ڕاپەڕینی رۆژهەڵات و باشووری کوردستان و، دواتریش لە میدیای ئێرانی لە بوارەکانی هەواڵنێری، وتارنووسین، چیرۆک، شانۆنامە، رۆڵی شانۆیی و وەرگێڕاندا چالاکی نواندووە. لە ساڵی ١٩٨٨ بە ئەم لاوە، لە وەڵاتی کەنەدا نیشتەجێ بووە و، لەم بوارانەدا خوێندوویەتی: ئەنستیتۆ/پەیمانگە (کتێبخانە و ئاگاداری)، بەکالیۆرۆس (زمانەوانی گشتی)، بەڵگەنامەی مامۆستایەتی (زمانی ئینگلیزی وەکوو زمانی دووهەم)، مەستەر (زمانەوانی کارەکی/کارکردی) و دوکتۆرا (پێوەندییە گشتیەکان—گوتار و میدیا). دوای ئەوە کە نزیکەی دە ساڵ ما

"ئەقڵ و شۆڕش"، هێربێرت مارکوزە

کورتەیەک سەبارەت بە "ئەقڵ و شۆڕش"ی هێربێرت مارکوزە نووسینی توماس ئالمێر و: لە ئاڵمانییەوە: هادی محەمەدی مارکوزە کە لە ئاڵمانەوە ئاوارەی ئەمریکا بووبوو، ساڵی ١٩٤١ کتێبی „Reason and Revolution“ ی بە زمانی ئینگلیسی چاپ کرد. ئەم کتێبە دواتر بە ناوی „Vernunft und Revolution“ یانی ئەقڵ و شۆڕش/وەرچەرخان بە زمانی ئاڵمانی وەرگێڕدرا. مارکوزە لەم کتێبەدا هەوڵ دەدات بە سەرنجدان بە ئەندێشەی مارکس، کاریگەری فەلسەفەی هێگل لەسەر تیۆری کۆمەڵایەتی پیشان بدات. مارکوزە لەسەر ئەوە پێدادەگرێ کە هێگل بەپێچەوانەی زۆرێک لە بیرمەندانی پێش خۆی، لە بواری بزاڤ و ئیدەی پێشکەوتنخوازانەدا دیدگایەکی شێلگیرانەی هەیە. ئەو پێی وایە کە واوەتر لە گەشەکردنی پێکهاتەی فاشیستی لە جڤاتی ئێمەدا، پێویستە فەلسەفەی هێگل سەرلەنوێ بخوێنینەوە. ئەم کتێبە لە دوو بەش پێکهاتووە. لە بەشی یەکەم دا بنەماکانی فەلسەفەی هێگل ڕاڤە دەکات، لە بەشی دووهەم دا ڕەوتی پێکهاتنی تیۆری کۆمەڵایەتی شی دەکاتەوە. هەر لە بەشی دووهەم دا کە بابەتی ئەم وتارەی منە، بە سەرەتایەک بەناوی "لە فەلسەفەوە بەرەو تیۆری کۆمەڵایەتی"

قوتابخانەى فرانکفۆرت

مارکوزە و قوتابخانەى فرانکفۆرت marcuse and Frankfurt school براین مەگى سەرەتا: ئەو قەیرانە ئابوورییە کە لە مەوداى دوو جەنگى جیهانیدا زوربەى وڵاتانى رۆژئاوایى گرتەوە، بەڕاى زۆربەى چەپەکان سەرەتاى رووخانى سیستمى سەرمایەدارى بوو کە ئەوان بەردەوام لە تیۆری مارکسیستى دا پێشبینیان کردبوو. ئەگەرچى بەپێى ئەم تیۆرییە دەبوو ئاکامى ئەم دۆخە بە کۆمۆنیزم بگات، بەڵام لە هیچ وڵاتێکى ئوروپا ڕژیمى کۆمۆنیستى نەهاتە ئاراوە. به‌پێچه‌وانه‌وه‌ ئەوەى سەرکەوت فاشیزم بوو. هەندێ لە چەپەکان بەجۆرێک لەم دۆخە ناهومێد بوون کە بەجارێک دەستیان لە مارکسیزم هەڵگرت. هەندێکى تر قەت تووشى ڕاڕایى نەهاتن و هەروا لەسەر بڕواکانى خۆیان مانەوە. گروپێکى تریش لەنێوان ئەم دوو رەوتەدا وەک چەپ مانەوە- یان دەیانویست بمێننەوە- بەڵام پێیان وابوو، بۆوەى مارکسیزم بتوانێ هەروا جێگەى بڕوا و متمانە بێت، دەبێ سەرلەنۆى شروڤە بکرێ و بەخۆیدا بچێتەوە. گرووپێ لەم کەسانە کۆتایى دەیەى 1920 لە شارى فرانکفۆرت کۆبوونەوە، کە دواتر بە ئەندامانى "قوتابخانەى فرانکفۆرت" ناوبانگیان دەرکرد. لە راستیدا ئەم کەسانە بۆ ماوەێکى زۆر لە فرانکفۆرت نە