سمینارێك سه‌باره‌ت به كتێبی مێژوو و وشیاری چینایه‌تی
اوج والایی زمانی حاصل می شود که بزرگ‌ترین ئه‌ندیشه به ساده‌ترین زبان بیان شود.
"بوالیو"
"بوالیو"
ئێواره‌ی رۆژی 26/6/2007 له هۆڵی دیالۆگی مه‌كته‌بی رێكخراوه دیموكراتیه‌كان، له شاری سلێمانی، به به‌شداری كۆمه‌ڵێك له هۆگرانی كو‌لتور و ئه‌ندێشه‌ی سیاسی هاوچه‌رخ، سمینارێك له‌سه‌ر وه‌ڕگێرانی كتێبی مێژوو و وشیاری چینایه‌تی جۆرج لوكاچ به‌رێوه‌چوو، له‌م سمیناره‌دا جگه له‌وه كه وه‌رگێڕ (هادی محه‌مه‌دی) ته‌وه‌ره گشتییه‌كانی كتێبه‌كه‌ی باسكرد، به‌رێزان بابان حه‌مه، سلاح موهته‌دی، مامه‌ند رۆژه و جه‌ماڵ زه‌ندی روانگه و تێبینی خۆیان له‌سه‌ر گرنگی چه‌مك و مێتۆده‌كانی ئه‌م كتێبه بۆ سوژه‌ی كوردی و كۆمه‌ڵی روناكبیری كوردستان ئاراسته‌كرد. ئه‌وه‌ی له ژێره‌وه ده‌یخوێننه‌وه، پوخته‌ی باسه‌كانی ئه‌و ئێواره كۆڕه‌یه.
بابان حه‌مه: به‌شداربوانی به‌رێز به‌خێرهاتنتان لێده‌كه‌م. به‌رله‌وه‌ی كاك هادی ته‌وه‌ره گشتییه‌كانی كتێبه‌كه و كۆرته و پۆخته‌ی ژیانی فكری جۆرج لوكاچ باس بكا و روانگه‌ی خۆی له‌سه‌ر شێوه‌ی وه‌رگێڕانی كتێبه‌كه ئاراسته بكات، من حه‌زم كرد هه‌ندێ شتی گشتی له‌سه‌ر ئه‌م كتێبه باس بكه‌م.
له راستیدا وشیاری چینایه‌تی به‌گشتی و ئه‌و جۆره‌ی كه جۆرج لوكاچ له‌م كتێبه‌دا باسی ده‌كات ته‌وه‌رێكی هه‌ره گرنگه، ئه‌ویش بریتیه له جه‌خت كردن له‌سه‌ر وشیاری چینی پرۆلیتاریا، دۆخی چینی پرۆلیتاریا، ستراتژی كاركردنی ئه‌م چینه. به ڕای لوكاچ ئه‌و پێوه‌ندییانه‌ی كه بوونه‌ته هۆی هه‌لومه‌رجی چینایه‌تی له‌گه‌ڵ بارودۆخی ئابووری سیاسی و سیستمی كۆمه‌ڵایه‌تی و سه‌ربازی پێوه‌ندی قووڵیان هه‌یه. به‌ڕای من لوكاچ كتێبه‌كه‌ی به‌سه‌ر ئه‌م ته‌وه‌رانه‌دا دابه‌ش كردووه و به‌شێوه‌ی جیاواز ئه‌م سیستمانه راڤه‌ده‌كات. لوكاچ سه‌ره‌تا مكانیزمی پێكهاتنی پێوه‌ندی چینایه‌تی لای ماركس باس ده‌كا، هه‌روه‌ها باسی چه‌مكی شۆڕشی پرۆلیتاریا ده‌كا، باسی شه‌ڕ و ململانێی چینه‌كان ده‌كا، باسی نایه‌كسانی و جیاوازی قووڵی چینایه‌تی ده‌كا كه به‌درێژایی هه‌موو سیستم و فۆرماسیۆنه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان له‌ئارادا بووه و له رێگه‌ی سیستمی ئابووری سیاسی و سه‌ربازییه‌وه پراكیتزه‌كراوه. هه‌ر وه‌ك هه‌ندێ له نووسه‌رانی عه‌ره‌ب باسی ده‌كه‌ن، لوكاچ ماركسیستێكی مۆدێڕنه كه ره‌هه‌ندی تازه و جیاوازی به چه‌مكه‌كانی ماركس به‌خشیوه... لوكاچ له چه‌ند به‌شێكی ئه‌م كتێبه‌دا ئه‌و هۆكار و پێوه‌ندییانه شرۆڤه‌ده‌كات كه دۆخی چینایه‌تی ده‌خۆلقێنن، وه‌ك پێوه‌ندی نێوان جوتیار و ده‌ره‌به‌گ، كرێكار و بورژوا. هه‌روه‌ها چه‌ندین چه‌مكی وه‌ك، شتکراوی، وشیاری شیاو، پێوه‌ندی سوژه و ئوبژه و هتد به باشی ئاراسته‌ده‌كات. لێره‌دا داوا له وه‌رگێری كتێبه‌كه (كاك هادی) ده‌كه‌م كه ته‌وه‌ره گشتییه‌كانی ئه‌م كتێبه راڤه‌بكا و زیاتر كتێبه‌كه‌مان پێ‌بناسێنێ.
هادی محه‌مه‌دی: زۆر سوپاس بۆ كاك بابان، به‌خێرهاتنی هه‌موو به‌شداربووانی به‌ڕێز ده‌كه‌م. سه‌ره‌تا به‌پێویستی ده‌زانم قۆناغه گرنگه‌كانی ژیانی فكری لوكاچ باس بكه‌م: جۆرج لوكاچ ساڵی 1885 له وڵاتی هه‌نگاریا له بنه‌ماڵه‌یه‌كی ده‌وڵه‌مه‌ند له‌دایك بوو، باوكی سه‌رۆكی بانك و كه‌سێكی به‌فه‌رهه‌نگ بوو، ئه‌و لوكاچی نارده زانكۆی بوداپێست هه‌تا یاسا بخوێنێ، به‌ڵام لوكاچ وه‌ك كه‌سێكی رۆمانتیك و شۆڕشگێر ئه‌و بواره‌ی به‌جێهێشت و فه‌لسه‌فه‌ی هه‌ڵبژارد، بۆ درێژه‌دان به خوێندن ناردیانه زانكۆی هایدلبێرگ. له‌وێ بوو به دۆستی ماكس ڤێبر، گیۆرگ زیمل و ئێرنست بلوخ، دواتر له‌گه‌ڵ ئه‌ندێشه‌ی دیلتای و ده‌روونناسی یاسپرس ئاشنا بۆوه، ئه‌مانه دوو لقی ئه‌ندێشه‌ی فه‌لسه‌فی ئا‌ڵمانیا بوون كه له دژی نیوكانتیزم پۆزه‌تیڤیزم بوون. له‌م كاته‌دا و له‌ژێر كاریگه‌ری فه‌زای زانكۆی هایدلبێرگ دا لوكاچ ده‌بێته كه‌سێكی كانتی و یه‌كه‌م به‌رهه‌می گرنگی خۆی كتێبی گیان و فۆرم ده‌نووسێ، لوكاچ له‌م كتێبه‌دا به پێڕه‌وی له ئه‌ندێشه‌ی كانت دیدگایه‌كی نامێژوویی هه‌یه، له دوا وتاری ئه‌م كتێبه متافیزیكی تراژێدی دا پێی وایه دۆخی ئه‌وكاته‌ی ئا‌ڵمانیا، جڤاتی بورژوازی ساڵی 1910، دۆخێكی ئێجگار ناله‌بار و تراژیكه و ئیمكانی گۆڕانی نیه. لوكاچ له درێژی ژیانی دا ساڵی 1915 ده‌بێته هێگلیست و دوهه‌مین به‌رهه‌می خۆی تیۆری رۆمان ده‌نووسێ، له‌م كتێبه‌دا دیدگایه‌كی مێژوویی هه‌یه و به دیدێكی مێژوویی دیالكتیكی هێگلی سه‌یری دنیا ده‌كات. وردبینی و لێهاتوویی لوكاچ له‌وه دایه كه له دواین وتاری ئه‌م كتێبه‌دا و له تۆژینه‌وه‌یه‌ك له‌مه‌ر به‌رهه‌مه‌كانی تۆلستۆی و داستایۆڤسكی، سه‌ره‌تاكانی شۆڕشی ئۆكتۆبر پێشبینی ده‌كات. سێ ساڵ دواتر هه‌مدیسان ئه‌ندێشه‌ی لوكاچ گۆڕانی به‌سه‌ردادێ و ده‌بێته ماركسیست، ساڵه‌كانی 21-1919 كتێبی مێژوو و وشیاری چینایه‌تی (History and Class Conscience) ده‌نووسێ و به وته‌ی لوسیه‌ن گوڵدمه‌ن له مێژووی ئه‌ندێشه‌دا به‌گشتی و، له ئه‌ندێشه‌ی دیالكتیكی دا به‌تایبه‌تی وه‌رچه‌رخانێكی گرنگ و چاره‌نوسساز ده‌خولقێنێ. ئه‌م كتێبه ساڵی 1923 له ئا‌ڵمانیا چاپ ده‌كرێ، به‌ڵام دوو ساڵ دواتر، ساڵی 1925، له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی سۆڤیه‌ت و بلوكی رۆژهه‌ڵاته‌وه قه‌ده‌غه ده‌كرێ و لوكاچ ناچار ده‌كه‌ن تا له روانگه‌كانی پاشگه‌ز بێته‌وه. هه‌ر له‌ژێر ئه‌و زه‌ختانه‌دا لوكاچ ناتوانێ تا ساڵی 1967 كتێبه‌كه‌ی چاپ بكاته‌وه.
لوكاچ له درێژه‌ی ژیانیدا ساڵی 1935 له مۆسكۆ له‌گه‌ڵ میخایل لێفشیتز ئاشنا ده‌بێ و پێكه‌وه له بواری ستاتیكی ماركسیستی دا كارده‌كه‌ن. ئه‌و ده‌نووسێ له درێژه‌ی كاركردن له‌گه‌ڵ م. لێفشیتز هه‌ر دوومان به‌و ئاكامه گه‌یشتین كه ته‌نانه‌ت ژیرترین و وردبینترین ماركسیسته‌كان (یانی كه‌سانێك وه‌ك گیۆرگ پله‌خانوف و فرانتس مرینگ) یش ئه‌م راستییه‌یان ده‌رك نه‌كردووه كه ماركس نووسینه‌وه‌ی ستاتیكی ماركسیستی به پێویست زانیوه.
ساڵی 1956 له شۆرشی نه‌ته‌وه‌یی هه‌نگاریادا شیلگیرانه به‌شداری ده‌كا (وه‌ك ده‌بینین لوكاچ چه‌پێكی نه‌ریتی نه‌بوو، به‌ڵكوو له ئاست پرسی نه‌ته‌وه‌یی هه‌ڵوێستی شیاوی خۆی هه‌بوو) و ده‌بێته وه‌زیری فه‌رهه‌نگی هه‌نگاریا. كاتێ یه‌كێتی سۆڤیه‌ت هێرش ده‌كاته سه‌ر هه‌نگاریا و سه‌رله‌نوێ ئه‌و وڵاته داگیرده‌كاته‌وه، هه‌موو كاربه‌ده‌ستانی حكومه‌تی هه‌نگاریا بۆ ماوه‌یه‌ك زیندانی ده‌كرێن، به وته‌ی سلاڤی ژیژك كاتی لێپرسینه‌وه به لوكاچ ده‌ڵێن چه‌كه‌كه‌تمان پێبده، لوكاچ له وڵامدا قه‌ڵه‌مه‌كه‌ی ده‌دات. ئه‌مه كارێكی سه‌مبۆلیكه كه پیشان ده‌دا زمانی قه‌ڵه‌م و دیالۆگ له دنیای ئه‌مڕۆدا كاریگه‌رترین و پێشكه‌وتووترین چه‌كی خه‌بات و تێكۆشانه.
لوكاچ له دوا ساڵه‌كانی ته‌مه‌نیدا قوتابخانه‌ی بوداپێست داده‌مه‌زرێنێ و كۆمه‌ڵێ شاگردی داهێنه‌ر و لیهاتوو په‌روه‌رده ده‌كا كه له چه‌ندین بواری فه‌لسه‌فه، كۆمه‌ڵناسی، جوانیناسی و...دا كار و تۆژینه‌وه‌یان كردووه.
سه‌رئه‌نجام ساڵی 1971 ماڵئاوایی له ژیان ده‌كات.
با بگه‌ڕێینه‌وه بۆ چه‌مك و مێتۆده گرنگه‌كانی كتێبی مێژوو و وشیاری چینایه‌تی.
یه‌كه‌م، بۆچی ده‌سه‌ڵاتی ئه‌و كاته‌ی سۆڤیه‌ت نزیكه‌ی نیو سه‌ده ئه‌م كتێبه‌ی قه‌ده‌غه‌كرد؟ هۆی سه‌ره‌كی قه‌ده‌غه‌كردنی ئه‌م به‌رهه‌مه ئه‌وه بوو كه لوكاچ گه‌ڕابۆوه بۆ دیالكتیكی هێگل، وه‌ك لوسیه‌ن گوڵدمه‌ن له پێشه‌كی كتێبه‌كه‌دا باسی ده‌كا له پاش مه‌رگی ماركس و ئنگلس، ته‌نانه‌ت له دوا به‌رهه‌مه‌كانی ئنگڵس (ئانتی دورینگ و دیالكتیكی سروشت)دا كه‌لێنێكی گه‌وره له ئه‌ندێشه ماركسیستی دا پێكدێ و زۆربه‌ی بیرمه‌ندان و تیۆریسازانی سۆسیالیست هه‌ر له كائۆتسكی و بێرنشتاین، تا لێنین و ستالین و ته‌نانه‌ت تا لوویی ئاڵتوسیر، هه‌موویان له شاڕیی دیالكتیكی هێگل و ماركس ده‌ترازێن و به‌جۆرێك ده‌كه‌ونه داوی چه‌شنێ ئه‌ندێشه‌ی مكانیكی و نادیالكتیكی، یانی بڕوا به جه‌بری ئابووری كۆمه‌ڵگه و دیترمینیزمی پێكهاته‌ی ئابووری و په‌راوێزخستنی سوژه و سوبژكتیڤیته و ئیراده‌ی مرۆڤه‌كان. بۆ نموونه، لوسیه‌ن گوڵدمه‌ن ده‌ڵێ لێنین به نووسینی ماتریالیزم و ئێمپریۆكریتیسیزم مكانیكی ترین و نادیالكتیكیترین به‌رهه‌می نووسیوه. به‌ڵام لوكاچ له‌م كتێبه‌دا ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ دیالكتێكی هێگل، ئه‌و له پێشه‌كی چاپی یه‌كه‌مدا ده‌نووسێ: ماركس چه‌ندین جار له‌سه‌ر ئه‌وه پێیداگرتبوو كه نابێ له‌گه‌ڵ هێگل وه‌ك سه‌گی تۆپیو هه‌ڵس و كه‌وت بكه‌ین، ئه‌م وته‌یه ئاماژه به په‌ندێكی ئیسپانیایی ده‌كات كه ده‌ڵێ "سه‌گی تۆپیو گازناگریت"، ماركس له‌م بابه‌ته‌وه له نامه‌یه‌كدا بۆ ئنگڵس كه سه‌باره‌ت به دیتسگێن نووسیوه‌یه ده‌ڵێ: "به‌دبه‌ختی دیتسگێن ئه‌وه‌یه كه هێگلی به وردی نه‌خوێندۆته‌وه." وه‌ك ده‌زانین هێگل به داڕشتنی لۆژیكی دیالكتیك له مێژووی ئه‌ندێشه‌دا گه‌وره‌ترین وه‌رچه‌رخانی خولقاندووه. به‌پێی دیالكتیكی هێگل سوژه و ئوبژه پێوه‌ندیه‌كی دولایه‌نه و دیالكتیكییان پێكه‌وه هه‌یه، به‌پێی لۆژیكی هێگل سوژه ده‌وری گرنگ و بنه‌ڕه‌تی هه‌یه و تێكڕای پرۆسه‌ی مێژوو له‌لایه‌ن سوژه‌وه رێبه‌ری و رێنوێنی ده‌كرێت، هه‌روه‌ها هێگل یه‌كه‌م كه‌سه كه چه‌مكی كونكرێت(Concrete) پێناسه‌ده‌كا و هه‌موو فاكت و دیارده‌كان له به‌ستێنی مێژوویدا شرۆڤه ده‌كات.
ئه‌وجار گرنگی ئه‌ندیشه‌ی لوكاچ له‌م كتێبه‌دا ئه‌وه‌یه كه دنیای فكری فه‌لسه‌فی سێ غوولی فه‌لسه‌فه (كانت، هێگل و ماركس)ی هه‌زم كردووه و له‌رووی ئه‌ندێشه‌ی سیاسی و كولتوری و ته‌نانه‌ت ستاتیكه‌وه شیاوترین سه‌نتێزی خولقاندووه، به‌جۆرێك كه سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی وه‌ك به‌رهه‌مێكی كلاسیك حساب ده‌كرێت، هه‌تا ئه‌مڕۆش تازه‌یی خۆی پاراستووه.
خاڵێكیتر كه له‌م كتێبه‌دا گرنگی زۆری پێدراوه، چه‌مكی مێتۆد (Method)ـه. لوكاچ له دوهه‌مین لاپه‌ڕه‌ی وتاری ماركسیزمی ئۆرتۆدۆكس دا ده‌نووسێ: "ئه‌گه‌ر وای دابنێین كه توێژینه‌وه‌كانی هاوچه‌رخ به‌كرده‌وه نادروستی هه‌موو تێزه‌كانی ماركسیان سه‌لماندوه، سه‌ره‌ڕای ئه‌مه‌ش هه‌ر ماركسیستێكی "ئۆرتۆدۆكس"ی جدی ئه‌توانێ هه‌موو ئه‌نجامه‌كان بێ‌مه‌رج قه‌بووڵ بكات و هه‌موو تێزه تایبه‌ته‌كانی ماركس ره‌ت بكاته‌وه، به‌بێ ئه‌وه‌ی ته‌نانه‌ت بۆ ساتێكیش له ئۆرتۆدۆكس بوونی خۆی پاشگه‌ز بێته‌وه. كه‌وابوو، ئۆرتۆدۆكس بوون به مانای وه‌رگرتنی ساویلكانه‌ی ئه‌نجامی توێژینه‌وه‌كانی ماركس نیه، یان به مانای "بڕوا" به چه‌ند تێزێك، یان شرۆڤه‌ی كتێبێكی "پیرۆز" نییه. ته‌واو به‌پێچه‌وانه‌یه، ئۆرتۆدۆكس بوون له ماركسیزم‌دا ته‌نیا به مێتۆده‌وه به‌ستراوه..." هه‌ر ماركسیستیكی راستین ده‌توانێ له هه‌ر قۆناغێكی مێژوویی‌دا ئه‌م مێتۆده به‌كاربێنێ و فاكت و دۆخی مێژوویی كۆمه‌ڵایه‌تی، هێزه كۆمه‌لایه‌تیه‌كان و ره‌وتی روداوه‌كان به باشی شرۆڤه‌بكا و به‌رنامه‌یه‌كی واقعی و گونجاو دابڕێژێ.
یه‌كێك له گرنگترین چه‌مكه‌كانی لوكاچ كه له‌م كتێبه‌دا زیاتر له200 لاپه‌ڕه‌ی بۆ ته‌رخان كراوه. چه‌مكی شتکراوی (ریفیكه‌یشن/(Reificationـه، له زمانی فارسی‌دا ئه‌م وشه‌یه به چوار جۆر وه‌رگێڕدراوه: (شئ وارگی، شئ شدگی، شئ گشتگی، شئ گردانی)، له كوردیدا هاوتایه‌كی باشتر له "شتکراوی" مان ده‌ست نه‌كه‌وت. ریشه‌ی ئه‌م چه‌مكه‌ی لوكاچ ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ (فتیشیزم/Fetishism) ی ماركس و له رێگه‌ی ئه‌ویشه‌وه بو له‌خۆنامۆیی (ئلیناسیۆن/alienation) ی هێگل. ئه‌گه‌رچی دیالكتیكی هێگل زۆر گرنگ و پڕبایه‌خه، به‌ڵام سیستمی فكری ئه‌و سیستمێكی ئایدیالیستیه. یانی هێگل پێی وایه ره‌وتی مێژووی كۆمه‌ڵگا و چۆنیه‌تی روداوه‌كان له‌لایه‌ن رۆحی ره‌هاوه، له‌لایه‌ن هێزێكی متافیزیكیه‌وه رێنوێنی ده‌كرێت، هێگل پێی وایه رۆحی ره‌ها له درێژه‌ی گه‌شه‌ی خۆیدا چه‌ندین قۆناغی له‌خۆنامۆیی تێپه‌ڕده‌كات تا سه‌رئه‌نجام له ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی پرۆس دا به‌وپه‌ڕی گه‌شه‌ی خۆی ده‌گات. هه‌ر وه‌ها هێگل هه‌موو فاكتێكی ئوبژكتیڤ به شێوازی له‌خۆنامۆیی سوبژكتیڤیته ده‌زانێ. ئه‌و پێی وایه سه‌رئه‌نجام سوبژكتیڤیته زاڵ ده‌بێ و رۆحی ره‌ها ساغ ده‌بێته‌وه. فتیشیزم، یانی بوتئاسایی كاڵا، ماركس پێی وایه له كۆمه‌ڵگه‌ی بورژوایی دا كاڵاكان ده‌بن به بوت و مرۆڤه‌كان ژیانی ئینسانی و به‌ها چۆنییه‌كان فه‌رامۆش ده‌كه‌ن و له داوی به‌ها رێژه‌ییه‌كاندا یه‌خسیر ده‌بن و وه‌ك بوت كاڵاكان ده‌په‌رستن. یانی كاڵا، فۆرمی له‌خۆنامۆبووی كاری مرۆڤ، ده‌بێته بوت و له‌ئاست ده‌سه‌ڵاتی مرۆڤه‌كان سه‌ربه‌خۆ و به‌رهه‌ست ده‌بێته‌وه و وزه و ئیراده‌ی مرۆڤه‌كان یه‌خسیر ده‌كات. له درێژی دوو چه‌مكی ئلیناسیۆن و فتیشیزم دا لوكاچ چه‌مكی شتکراوی (ریفیكه‌یشن) داده‌هێنێ، لوكاچ پێی وایه له قۆناغی گه‌شه‌ی سه‌رمایه‌داریدا بێجگه له مناسبای كاڵایی، هه‌موو پێوه‌ندیه ئینسانیه‌كانیش (ئه‌ندێشه و كو‌لتور و سوبژكتیڤیته) تووشی ریفیكه‌یشن ده‌بن و جۆرێك قه‌تیسی و به‌ستوویی پێكهاته‌ی عه‌ینی و زه‌ینی كۆمه‌ڵگا داده‌گرێت كه ئیمكانی گۆڕانی به‌دی ناكرێت. ئه‌ندامانی قوتابخانه‌ی فرانكفۆرت چه‌مكی ریفیكه‌یشن وه‌رده‌گرن و زۆر به‌هره‌ی لێده‌به‌ن. له‌راستیدا ئه‌م كتێبه‌ی لوكاچ هه‌وێن و سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌كی قوتابخانه‌ی فرانكفۆرت بوو.
چه‌مكی دیكه‌ی لوكاچ بریتیه له وشیاری شیاو (Conscience passable)، فارسیه‌كه‌ی ده‌بێته (اگاهی ممكن). له كوردیدا وشیاری شیاو پڕواپڕی ئه‌م چه‌مكه‌یه. لوكاچ وشیاری شیاو له به‌رانبه‌ر وشیاری درۆینه داده‌نێ. وه‌ك ده‌زانین پێكهاته‌ی زه‌ینی كۆمه‌ڵگا له درێژه‌ی گه‌شه‌ی خۆیدا دوو جۆر وشیاری تێپه‌ڕده‌كا: وشیاری درۆینه (اگاهی كازب) وشیاری راسته‌قینه (اگاهی راستین)، ماركس وشیاری راستین به‌كارده‌با، به‌ڵام لوكاچ وشیاری شیاو داده‌نێ و به‌مجۆره پێناسه‌ی ده‌كا: "به‌رزترین ئاستی وشیاری چین یان گرووپێكی كۆمه‌ڵایه‌تی له‌مه‌ڕ هه‌لومه‌رجی مێژوویی ئابووری سیاسی كۆمه‌ڵایه‌تی خۆی، كه وشیاری ئه‌و نانتوانی له‌و ئاسته سه‌رتر بچێ." به‌رزترین ئاستی وشیاری سازگاری چین، گرووپ، یان نه‌ته‌وه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ هه‌لومه‌رجی تایبه‌تی خۆی. پێویسته ئه‌وه‌ش بڵێین كه هه‌م لوكاچ و هه‌م گوڵدمه‌ن له‌سه‌ر ئه‌وه جه‌خت ده‌كه‌ن كه وشیاری شیاو ته‌نیا به‌شێوه‌ی پۆتانسیه‌ل و بالقوه له‌ئارادایه، یانی هه‌ر كه به‌شێوه‌ی واقعی و بالفعل ده‌ركه‌وت ئیتر به‌ره‌به‌ره ده‌بێته وشیاری درۆینه. ئه‌م چه‌مكه‌ی لوكاچ له چه‌ندین بواره‌وه گرنگه: حیزبێكی سیاسی، یان سیاسه‌تمه‌دارێك كه كاری سیاسی ده‌كا و ده‌یه‌وێ كۆمه‌ڵگا بگۆڕێ، نووسه‌ر یان توێژه‌رێك كه كاری توێژینه‌وه ده‌كا و ده‌یه‌وێ ره‌وت و ئاراسته‌ی بزاڤ و هێزه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان بناسێ، یان به‌رهه‌مێكی ئه‌ده‌بی یان فه‌لسه‌فی راڤه‌بكات، هه‌موو ئه‌م كه‌سانه ده‌بێ له پێشدا ئاستی وشیاری شیاوی كۆمه‌ڵگا ده‌رك بكه‌ن. ئه‌گه‌ر حیزبێكی سیاسی ئاستی وشیاری شیاوی جڤاته‌كه‌ی خۆی به باشی بناسێ، ئه‌وجار ده‌توانێ گونجاوترین ستراتیژ و به‌رنامه دابڕێژێ و پێ به پێی ئه‌وه‌ش سه‌ركه‌وتنی به‌رز به‌ده‌ست بێنێ.
سه‌ره‌ڕای ئه‌مه‌ش ئه‌م چه‌مكه له هونه‌ر و جوانیناسی دا رۆڵی گرنگی هه‌یه. زۆرجار ده‌بینین كه به‌رهه‌مێكی هونه‌ری نزم بڵاوده‌بێته‌وه كه له كورت ماوه‌دا سه‌رتاسه‌ری كۆمه‌ڵگا ده‌ته‌نێته‌وه، به‌ڵام به‌خێرایی بره‌وی نامێنی و ئیتر كه‌س قه‌ره‌ی ناكه‌وێ، هوكار ئه‌وه‌یه كه ئه‌م به‌رهه‌مه وشیاری درۆینه‌ی چین یان گرووپێكی كۆمه‌ڵایه‌تی به‌یان كردووه. به‌ڵام هه‌ندێجار به‌رهه‌مێك ده‌نووسرێ كه به‌رهه‌مێكی ئێجگار به‌هێز و تۆكمه‌یه و بۆ هه‌میشه له مێژوودا تۆمار ده‌كرێ و ده‌مێنێته‌وه (وه‌ك فاوستی گۆته، وه‌ك شانامه‌ی فرده‌وسی، وه‌ك شێعره‌كانی حافظ، وه‌ك شێعره‌كانی نالی) هۆكاری ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌یه كه ئه‌م به‌رهه‌مانه پێكهاته‌ی وشیاری شیاوی سه‌رده‌می خۆیان به باشترین شێوه و به ستایل و تێكنیكی به‌رزی هونه‌ری په‌رداخ كردووه (ئه‌ڵبه‌ت پێویسته ئاماژه به‌م خاڵه‌ش بكه‌ین كه له روانگه‌ی لوكاچ دا پێوه‌ندی نێوان به‌رهه‌می هونه‌ری ئه‌ده‌بی و فاكتی ئابووری كۆمه‌ڵایه‌تی پێوه‌ندییه‌كی ساده و راسته‌وخۆ نیه، پێوه‌ندی نێوه‌رۆك و مانایی نیه، به‌ڵكوو پێوه‌ندی فۆرمی و پێكهاته‌ییه، یانی پێكهاته‌ی به‌رهه‌می هونه‌ری و پێكهاته‌ی زه‌ینی فڵان گرووپی كۆمه‌ڵایه‌تی له‌یه‌ك ده‌چه‌ن).
خاڵێكی تر كه له درێژه‌ی ئه‌م كۆڕه‌دا پێویسته باسی بكه‌ین پرسی (سوژه/Subject) و فاعل/ بكه‌ره. وه‌ك ده‌زانین ئه‌م چه‌مكه به درێژه‌ی فه‌لسه‌فه‌ی كلاسیكی ئا‌ڵمانیا چه‌مكێكی گرنگ و سه‌ره‌كی بووه و به‌ره به‌ره گه‌شه‌ی كردووه و ساغ بۆته‌وه. سوژه یان بكه‌ری مێژوو كێ‌یه؟ سوژه‌ی روداوه گرنگه مێژوویی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان كێ‌یه؟ یان سوژه و كردیاری شاكاره هونه‌ری ئه‌ده‌بییه‌كان كێ‌یه؟ هه‌ر له شۆڕشی كوپرنیكی كانته‌وه، وه‌ك ده‌زانین كانت له ژیانی فه‌لسه‌فی خۆیدا دوو قۆناغی سه‌ره‌كی بڕیوه. له قۆناغی یه‌كه‌مدا كه زیاتر باسی شئ فی نفسه و شئ لنفسه ده‌كات، روانگه‌یه‌كی دوالیستی هه‌یه، یانی پێی وایه كه (ئوبژه/Object) (فاكت/به‌ركار) بوونێكی سه‌ربه‌خۆیی هه‌یه و سوژه/بكه‌ر ناتوانێ ده‌ركی بكا و بێگۆڕێ. به‌ڵام له قۆناغی دوهه‌مدا، كه خۆی به شۆڕشی كوپرنیكی ناودێری كردووه، ده‌ڵێ: هه‌تا ئێستا پیمان وابوو كه فاكت و ئوبژه له ئیراده‌ی ئێمه/سوژه سه‌ربه‌خۆن، به‌ڵام له‌مه‌ودوا پێویسته بزانین كه سوژه و ئیراده‌ی مرۆڤه‌كان له ئاراسته‌كردنی ئوبژه و فاكت دا ده‌وری گرنگیان هه‌یه. وه‌ك چۆن شۆڕشی كوپرنیك له بواری كۆسمۆلۆژی (گه‌ردوونناسی)دا وه‌رچه‌رخانیكی گرنگی له مێژووی مرۆڤایه‌تی دا خولقاند، ئه‌م كاره‌ی كانتیش له مێژووی فه‌لسه‌فه‌دا وه‌رچه‌رخانێكی گه‌وره بوو. ده‌بێ ئاماژه به‌وه‌ش بكه‌ین كه كانت تاك به سوژه و بكه‌ر ده‌زانێ، یانی ناپلیۆن به بكه‌ری شۆڕشی مه‌زنی فه‌رانسا ده‌زانێ. هه‌ر ئه‌مه‌ش ده‌بێته هۆی ئه‌وه كه دیدگایه‌كی متافیزیكی هه‌بێت، چونكه كاتێ تاك له‌ئاست فاكتی ئوبژكتیڤ، له‌ئاست دنیای هه‌راوی به‌رفراوانی ئابووری كۆمه‌ڵایه‌تی دابنین، ده‌بینین كه ئاسۆی گۆڕان بۆ ئه‌و به‌دی ناكرێ. به‌ڵام به وته‌ی گوڵدمه‌ن هه‌ر كه سوژه‌ی تاكی تێپه‌ڕێنین و له‌جیاتی ئه‌و سوژه‌ی كۆیی (چین و گرووپه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان) دابنین، ده‌بینین كه ئه‌گه‌ری گۆڕینی بارودۆخ هه‌موار ده‌بێ و ئه‌وجار دیدگایه‌كی مێژوویمان ده‌بێت.
له پاش كانت هێگل نه‌ته‌وه‌كان به سوژه‌ی بزاڤ و روداوه مێژوویه‌كان ده‌زانێ، هه‌ر له درێژه‌ی وه‌ها بۆچونێكدا ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی (پرۆس) به به‌رزترین فۆرمی گه‌شه‌ی رۆحی ره‌ها ده‌زانێ. یانی له روانگه هێگل دا ئه‌وه نه‌ته‌وه‌كانن كه مێژوو ده‌خولقێنن. له پاش هێگل، ماركس چینه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان به سوژه‌ی راسته‌قینه‌ی مێژوو ده‌زانێ و ده‌ڵێ ئه‌وه چینه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانن كه له جه‌رگه‌ی پێوه‌ندی به‌رهه‌مهێنان دا بزاڤی مێژوو رێبه‌ری ده‌كه‌ن. یانی ماركس پیێ وایه كه له دۆخێكی گونجاوی مێژوویی دا چینێكی كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌توانێ فاكتی ئوبژكتیڤ به باشی ده‌رك و شروڤه بكا و پاشان به پراتیك بیگۆڕێ. پاش ماركس، لوكاچ زۆر گه‌شه‌ی به‌م چه‌مكه داوه. یانی لوكاچ كه باسی چین و گرووپه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان ده‌كات سه‌ره‌ڕای كاری مێژوویی كۆمه‌ڵایه‌تی، باسی هونه‌ر و جوانیناسیش ده‌كات. یانی لوكاچ له كاتی راڤه‌كردنی پێوه‌ندی پێكهاته‌یی نێوان كاتێگورییه‌كان و فۆرماسیۆنه مێژوویی كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان دا، له دوو ره‌هه‌نددا تۆژینه‌وه ده‌كات. به‌ر له هه‌ر شتێ ئه‌م پێوه‌ندییه له رێگه‌ی پێكهاته‌ی زه‌ینی و جیهانبینی گرووپه‌كانه‌وه پێكدێت، یانی لوكاچ ده‌ڵێ له هه‌ر قۆناغێكی مێژوویی كۆمه‌ڵایه‌تی دا، پێ به پێی ئه‌و فۆرماسیۆنه مێژوویی كۆمه‌ڵایه‌تیه كه له ئارادایه، پێكهاته‌ی زه‌ینی (پێكهاته‌ی كاتێگورییه‌كان)یش له‌سه‌ر ئه‌و شكڵ ده‌گرن. به‌پێی ئه‌م بۆچوونه‌ی لوكاچ پێكهاته‌ی زه‌ینی فڵان گرووپی كۆمه‌ڵایه‌تی له قاڵبی خه‌یاڵی و فانتازیا دا هونه‌ر ده‌خولقێنێ (فاوستی گۆته به‌رهه‌می چینی تازه‌ی بورژوازی)، له قاڵبی چه‌مك و لۆژیك دا سیستمی فه‌لسه‌فی ده‌خولقێنێ (سیستمی سه‌رماریه‌داری ده‌یوید ریكاردۆ و ئادام سمیت، یان سیستمی سۆسیالیستی كارل ماركس). به‌پێی ئه‌م بۆچوونه‌ی لوكاچ ئه‌گه‌ر ماركسیش نه‌بوایه مناسباتی تازه‌ی ئه‌وكاته‌ی كۆمه‌ڵگا له‌رووی چه‌مكی و لۆژیكیه‌وه سیستمی فكری خۆی ده‌خولقاند، ئه‌گه‌ر گۆته‌ش نه‌بوایه پێكهاته‌ی زه‌ینی بورژوازی له رووی ئیماژ و فانتازیا‌وه به‌رهه‌می هونه‌ری تایبه‌ت به‌خۆی ده‌خولقاند.
هه‌ر به‌پێی ئه‌م مێتۆده‌ی لوكاچ جعفر پوینده، شانامه‌ی فرده‌وسی به نموونه دێنێته‌وه و ده‌ڵێ فرده‌وسی خولقێنه‌ری شانامه نیه، به‌ڵكوو پێكهاته‌ی زه‌ینی كۆمه‌ڵگه‌ی ئێران له سه‌ده‌ی چوارمدا خولقێنه‌ری ئه‌م به‌رهه‌مه‌یه، یانی ئه‌گه‌ر فرده‌وسیش نه‌بوایه ئه‌م پێكهاته زه‌ینیه فۆرمی هۆنه‌ری و فانتازی تایبه‌ت به‌خۆی ده‌بینێته‌وه. ئه‌ڵبه‌ت ئه‌مه به‌و مانایه نیه كه وزه و توانا‌كانی تاك له‌به‌رچاو نه‌گرین، به‌ڵكوو به‌پێچه‌وانه‌وه، مه‌به‌ست ئه‌وه‌یه كه فڵان تاك پێكهاته‌ی زه‌ینی گرووپی كۆمه‌ڵایه‌تی خۆی له هه‌موو كه‌سێكی تر باشتر ئاراسته بكات، یانی تۆكمه‌ترین فۆرمی پێ‌ببه‌خشێ. یانی وردبینی و لێزانی و لیهاتوویی فرده‌وسی بۆته هۆی ئه‌وه كه باشتر له هه‌مووان پێكهاته‌ی زه‌ینی كۆمه‌ڵگه‌ی خۆی له فۆرمی هونه‌ریدا بنووسێته‌وه. كه‌وابوو تێده‌گه‌ین كه سوژه‌ی واقعی به‌رهه‌مه هونه‌ری و فه‌لسه‌فیه‌كانیش چین و گرووپه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانن. له‌م بابه‌ته‌وه لوسیه‌ن گوڵدمه‌ن دوو به‌رهه‌می گۆته شاعیر و نووسه‌ری به‌ناوبانگی ئاڵمانی به نموونه دێنێته‌وه، گۆته له ژیانی هونه‌ری خۆیدا دوو قۆناغی سه‌ره‌كی بڕیوه، له قۆناغی یه‌كه‌مدا كه له‌گه‌ڵ ده‌رباری وایمار دایه- وه‌ك ده‌زانین ده‌رباری وایمار حكومه‌تێكی دواكه‌وتوو بووه- لاوازترین به‌رهه‌می خۆی، یانی زۆڵه كچ ده‌نووسێ. به‌ڵام كاتی له‌گه‌ڵ خه‌ون و ئینتمای خه‌باتگێڕانی شۆڕشی مه‌زنی فه‌رانسا دایه - وه‌ك ده‌زانین شۆڕشی مه‌زنی فه‌ره‌نسا یه‌كه‌مین بزاڤی سیاسی، كولتووری و كۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌وروپا بوو كه له فه‌رانساوه ده‌ستی پێكرد و دواتر سه‌رتاسه‌ری ئه‌وروپای ته‌نیه‌وه - تۆكمه‌ترین به‌رهه‌می خۆی، یانی فاوست ده‌نووسێ. (لێره‌دا پێویسته ئاماژه به‌وه‌ش بكه‌م كه لوسیه‌ن گوڵدمه‌ن ساڵی 1944 به‌رێكه‌وت له وڵاتی سوئیس ئه‌م كتێبه‌ی لوكاچ (مێژوو و وشیاری چینایه‌تی) ده‌بینێته‌وه، ده‌یخوێنێته‌وه، به‌قووڵی كاری تێده‌كا و جیهانبینی ده‌گۆڕێت، ئیتر له‌مه به‌دوا هه‌موو ته‌مه‌نی، خۆی به شاگردی لوكاچ ده‌زانێ و چه‌مك و مێتۆده‌كانی ئه‌و گه‌شه پێده‌دا و قوتابخانه‌یه‌كی نوێ به‌ناوی سۆسیۆلۆژی ئه‌ده‌بیات داده‌مه‌زرێنێ.)
چه‌مكێكیتر كه له‌م كتێبه‌دا زۆر گرنگی پێدراوه، چه‌مكی گشتێتی/Totality و گه‌شه/Genesis، یان پێوه‌ندی نێوان سوژه و ئوبژه و تیۆری و پراتیكه. وه‌ك ده‌زانین پێوه‌ندی ئه‌م دوو چه‌مكه لای هه‌ر بیرمه‌ندێك به‌جۆرێكه و زۆرجار به‌شێوه‌ی ئالۆز و ته‌ماوی ماوه‌ته‌وه. پێوه‌ندی سوژه و ئوبژه به چ شێوه‌یه‌كه؟ وه‌ك ده‌زانین سوژه بریتیه له مرۆڤ و چین و گرووپه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان، ئوبژه‌ش بریتیه له بارودۆخ و ئه‌و فاكته ئابووری كۆمه‌ڵایه‌تیه كه مرۆڤه‌كان تێیدا كارده‌كه‌ن. لوكاچ له‌م كتێبه‌دا به پێڕه‌وی له هێگل پێوه‌ندی سوژه و ئوبژه به پێوه‌ندییه‌كی ته‌واو و ره‌ها ده‌زانێ و چه‌مكی یه‌كێتی سوژه و ئوبژه (The identical subject-object) به‌كارده‌بات. یانی لوكاچ پێی وایه سوژه یان چینی پرولیتاریای ده‌یه‌ی 1920 ده‌توانی دۆخی مێژوویی ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی خۆی به‌شێوه‌ی ره‌ها به‌ته‌واوی ده‌رك بكا و بیگۆڕێ. به‌ڵام دواتر له پێشه‌كی چاپی دوهه‌می ئه‌م كتێبه‌دا ده‌ڵێ: له‌و كاته‌دا به هۆی كاریگه‌ری زۆری فه‌لسه‌فه‌ی هێگل من ته‌ه‌شی هه‌ڵه‌م بووم و به‌پێڕه‌وی له‌و به‌لارێدا چووم، یه‌كێتی ره‌های سوژه و ئوبژه ئیمكانی نیه. به‌پێی دیدگای ماركسیستی شیاوترین ده‌رك، ده‌ركی پراتیكییه، یانی ده‌ركێ كه له حه‌ینی پراتیكدا ده‌سته‌به‌ر ده‌بێت: پراكسیس. هه‌روه‌ها لوسیه‌ن گوڵدمه‌ن ده‌ڵێ: ئه‌گه‌ر پێوه‌ندی سوژه و ئوبژه به ره‌ها بزانین، ئه‌وجار مێژوو له بزاڤ ده‌خه‌ین و ده‌یوه‌ستێنین، له وه‌ها دۆخێك‌دا مێژوو ده‌بێته ته‌رم، له‌كاتێكدا به‌پێی مێتۆدی گشتێتی (كانت، هێگل، ماركس، لوكاچ) مێژوو پرۆسه‌یه‌كی به‌رده‌وامه كه به‌پێی یاسای بنه‌ماشكێنی ــ بنه‌ماخولقێنی ده‌ڕواته پێش، یانی ره‌وتی مێژوو به‌رده‌وام پێكهاته‌ی كۆن ده‌رۆخێنێ و پێكهاته‌ی نوێ ده‌خولقێنێ و بۆ ساتێكیش له بزاڤ ناوه‌ستێ. گۆلدمه‌ن ده‌نووسی: هه‌ر له‌و كاته‌دا كه سوژه و گرووپه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان له حه‌ینی پراتیكدا بارودۆخی خۆیان راڤه‌ده‌كه‌ن، به هۆی ناكۆكی دژه‌كان و به‌پێی لۆژیكی دیالكتیك، زۆر توخم و بزاڤ و پۆتانسیه‌لی نوێ له‌حاڵی پێكهاتن و گرسان دان كه به دیدی سوژه‌ی ئه‌مرۆ ده‌رك ناكرین. كه‌وابوو سوژه به‌شێوه‌ی رێژه‌یی ده‌توانێ بارودۆخی خۆی ده‌رك بكات، یانی پێوه‌ندی سوژه و ئوبژه رێژه‌ییه.
هه‌روه‌ها له‌م كتێبه‌دا ده‌رفه‌تی به‌رهه‌ست (Possibility Objective) شرۆڤه كراوه كه گرنگی تایبه‌تی خۆی هه‌یه. بێگومان به‌بێ له‌به‌رچاوگرتنی ده‌رفه‌تی ئوبژكتیڤ، ده‌رك و شروڤه‌ی قووڵ و تۆكمه هه‌موار نابێت. یانی له هیچ دۆخ و ده‌رفه‌تێكی ئابستراكت دا هیچ بزاڤێكی مێژوویی سیاسی كۆمه‌ڵایه‌تی ناتوانێ گه‌شه بكا و سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ست بێنێ.
هه‌موو ئه‌م چه‌مك و مێتۆدانه بۆ كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی، بۆ بزاڤی كولتوری كوردستان و بۆ سوژه‌ی كوردی گرنگی حه‌یاتییان هه‌یه. هه‌ر وه‌ك له پێشه‌كی كتێبه‌كه‌دا ئاماژه‌م پێكردووه. به‌هۆی به‌لارێداچوونی ماركسیزم له‌لایه‌ن ستالینیزم و پارته‌كانی پاشكۆیه‌وه، زۆربه‌ی چه‌مك و بنه‌ماكانی ماركسیزم و دیالكتیكی ماركسیستی چه‌واشه‌كران، زۆربه‌ی به‌رهه‌مه‌كانی ئه‌ندێشه‌ی دیالكتیكی له‌لایه‌ن حیزبی توده (له ئێران) و حیزبی شیوعی (له عێراق) دوبلاژ كران، كه هه‌تا ئێستاش وه‌رگێڕه‌كانیان نه‌ناسراون. كه‌وابوو ئه‌و چه‌مك و مفاهیمه‌ی به درێژه‌ی سه‌ده‌یك سوژه‌ی كوردی و خه‌باتگێڕانی كوردی په‌روه‌رده كردووه چه‌مك و بنه‌مای ستالینیستی بووه. وه‌ك ده‌زانین ستالینیزم دابڕان و لادانه له ئه‌ندێشه‌ی دیالكتیكی و گه‌ڕانه‌وه بۆ ئایدیۆلۆژی دۆگم و دیسپۆتیزمه.
با چه‌ند خاڵێك له‌سه‌ر وه‌رگێڕانی كتێبه‌كه‌ش باس بكه‌م. محمد جعفر پوینده ساڵی 1998ئه‌م كتێبه‌ی وه‌رگێڕایه سه‌ر زمانی فارسی، پوینده نووسه‌ر و وه‌رگێڕێكی ئێجگار ئه‌كتیڤ و پڕكار بوو، ئه‌و كه له بواری كۆمه‌ڵناسی دا له زانكۆی سوربۆن ماسته‌ری وه‌رگرتبوو، هه‌ر له‌وێ له‌گه‌ڵ سیستمی فكری لوسیه‌ن گوڵدمه‌ن و جۆرج لوكاچ ئاشنا بوو، پوینده له ماوه‌ی 10ساڵ دا 27 به‌رهه‌می هه‌ره به‌نرخی وه‌رگێڕایه سه‌ر زمانی فارسی، كه له جۆری خۆیدا كارێكی بێ‌وێنه‌یه. به‌داخه‌وه پوینده نه‌یتوانی كتێبی مێژوو و وشیاری چینایه‌تی به چاپكراوی ببینی كه له‌لایه‌ن حكومه‌تی ئێرانه‌وه رفێندرا و كوژرا.
له وه‌رگێرانی ئه‌م كتێبه‌دا تووشی زۆر ته‌نگ و چه‌ڵه‌مه هاتم، ماوه‌ی 8ساڵ بوو كه له‌گه‌ڵ به‌رهه‌مه‌كانی پوینده ئاشنا بووم و به‌رده‌وام ده‌مخوێندنه‌وه، سه‌ره‌تا دوو جار ئه‌م كتێبه‌م خوێنده‌وه به‌ڵام لێی تێنه‌گه‌یشتم، كتێبێكی ئێجگار قورسه، وه‌ك ئاماژه‌م پێكرد سه‌نتێزی ئه‌ندێشه‌ی كانت و هێگل و ماركسه، دواتر كتێبه‌كانی گوڵدمه‌نم خوێنده‌وه، وه‌ك وتم گوڵدمه‌ن زۆرێك له چه‌مك و بنه‌ماكانی لوكاچی راڤه‌كردووه و گه‌شه‌ی پێداون. له رێگه‌ی خوێندنه‌وه‌ی وتاره‌كانی گوڵدمه‌ن و جعفر پوینده‌وه زیاتر له‌گه‌ڵ ئه‌ندێشه‌ی لوكاچ ئاشنا بووم، كه كتیبه‌كه‌شم وه‌رگێڕا ئه‌وه‌نده په‌له‌م لێنه‌كرد و نزیكه‌ی سێ ساڵ چه‌ندین جار پێداچوومه‌وه، هه‌روه‌ها بۆ دڵنیابوون له تێكسته كوردیه‌كه داوام له پرۆفیسۆر ئه‌میر حه‌سه‌نپور كرد كه له‌گه‌ڵ ده‌قی ئینگلیزی به‌راوردی بكات، كاك ئه‌میر پێشوازی له كاره‌كه كرد و چه‌ند به‌شێك له ده‌قه كوردیه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌قی ئینگلیزی به‌راورد كرد و زۆر رێنوێنی كردم، هه‌روه‌ها ده‌قه ئینگلیزیه‌كه‌ی پێدام كه به یارمه‌تی دیكشێنری زۆر به‌هره‌م لێبرد. به‌كورتی پاش زه‌حمه‌ت و تێكۆشانی 3ساڵه ئه‌م كتێبه به‌رهه‌م هاتووه كه هیوادارم بۆ كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی، بۆ سۆژه‌ی كوردی و بۆ بزاڤی روناكبیری كوردستان به‌كه‌ڵك بێت. هیوادارم بێده‌نگی لێنه‌كرێت، ره‌خنه‌ی لێی بگێردرێت، بێگومان هه‌ر ره‌خنه‌یه‌ك چاپی دیكه‌ی ئه‌م كتێبه پوخته و ده‌وڵه‌مه‌ندتر ده‌كات. زۆر سوپاسی سه‌بر و ته‌حه‌مولتان ده‌كه‌م. لێره‌دا هه‌ر كه‌سێ وته‌یه‌ك یان تێبینییه‌كی هه‌بێت، پێمان خوشه بیبیستین.
بابان حه‌مه: سپاس بۆ كاك هادی، به‌دڵنیاییه‌وه ئه‌م كتێبه یه‌كه‌م كتێبه كه له‌ڕووی تیۆری و چه‌مكی وشیاری و ململانێی چینایه‌تیه‌وه دێته نێو كتێبخانه‌ی كوردی. من وه‌ك خوێنه‌رێك ده‌توانم بڵێم به‌راستی ئه‌م كتێبه زمانێكی فه‌لسه‌فی ئێجگار قورسی هه‌یه، له ده‌قه‌كه‌دا له‌گه‌ڵ زۆر چه‌مك و ده‌سته‌واژه‌ی نوێ به‌ره‌وڕوو ده‌بین كه له لایه‌ن خودی وه‌رگێڕه‌وه دانراوان. وه‌ك ده‌زانین زمانی كوردی له‌م بواره‌دا زمانێكی هه‌ژار و بێ‌سامانه، زمانی كوردی زمانێك نیه كه تۆ بتوانی شاكارێكی ئاوا گه‌وره‌ی پێ وه‌رگێڕی، مه‌گه‌ر ره‌نج و زه‌حمه‌ت و ماندوێتی زۆر بچێژی و به وته‌ی وه‌رگێڕ به یارمه‌تی دیكشێنری و به‌راوردكاری له‌گه‌ڵ زمانه‌كانیتر ئه‌نجامی بده‌ی.
سه‌لاح موهته‌دی: من وته‌یه‌كی دوور و درێژم نیه، ته‌نیا پیرۆزبایی له كاك هادی ده‌كه‌م بۆ ئه‌وه‌ی كه وێرای به گژ ده‌قێكی ئاوا زه‌حمه‌ت و قورس و ره‌قا بچێت. وه‌گێڕه‌كانی ئێمه به زۆری خۆیان له قه‌ره‌ی ئه‌م جۆره كتێبانه ناده‌ن. كتێبێ ته‌رجومه ده‌كه‌ن ئاسان ته‌رجمه بكرێ، كاتی كه‌م ببا و پاره‌ی زۆری تێدابێ، به‌ڵام ئه‌م كتێبه ته‌واو به‌پێچه‌وانه‌یه، وه‌ختی زۆر ده‌با، ره‌نج و زه‌حمه‌تی زۆری ده‌وێ و پاره‌یه‌كی ئه‌وتۆشی تێدا نیه. گرنگی ئه‌م كتێبه و وه‌رگێرانی له‌لایه‌ن هادی یه‌وه ئه‌م شته دێنێته‌گۆڕێ كه هه‌ر ئه‌وه‌نده به‌س نیه كه وه‌رگێڕ ته‌نیا زمان بزانێ، به‌ڵكوو پێویسته وه‌رگێڕ خۆی شاره‌زای باسه‌كه بێت، به‌ڵكوو ده‌بێ له بابه‌ته‌كه‌دا خوێندنه‌وه و شاره‌زای هه‌بێ، من پێم وایه هادی ئه‌و ئیمتیازه‌ی هه‌یه كه له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌تانه قسه بكا و وتار بنوسێ. جا كه‌سێكی ئاوا كه كاری وه‌رگێڕان ده‌كا، مرۆڤ دڵنیا ده‌بێ كه وه‌رگێڕانه‌كه‌ی دروسته، له بابه‌ته‌كه تێگه‌یشتووه، به‌رهه‌مه‌كه‌ی هه‌ڵه‌ی تێدا نیه، ره‌نگه له زمانه‌وانیدا یا له رسته‌كاندا لاوازی هه‌بێت، به‌ڵام له تێگه‌یشتنی ناوه‌رۆكی باسه‌كه‌دا لاوازی تێدا نابینی. ئه‌م پرسه‌ش به‌تایبه‌تی بۆ باسه فه‌لسه‌فه‌ییه‌كان گرنگه. من هیوادارم له‌نێو وه‌رگێره‌كانی ئێمه‌دا ده‌سته‌یه‌كی ئاوا په‌یدا بن. وه‌ك چۆن باسی جعفری پوینده‌ی كرد. پوینده چه‌ند ساڵ له‌مه‌و پێش له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌تی ئێرانه‌وه تێروركرا. پوینده خۆی كه‌سێكی له‌و چه‌شنه بوو، پوینده هه‌ر وه‌رگێڕ نه‌بوو، به‌ڵكوو خۆی توێژه‌رێكی بواری فه‌لسه‌فه و كۆمه‌ڵناسی بوو. من هیوادارم هادی تیرۆر نه‌كرێ و له‌نێو نووسه‌ران و وه‌رگێڕانی ئێمه‌دا جێگای پوینده بگرێته‌وه. جگه له‌وه‌ش ئه‌میر حه‌سه‌نپوور پیاوێكی شاره‌زا و لێزانه و زمانی ئینگلیزی به باشی ده‌زانێ و من پێم وایه به باشی یارمه‌تی وه‌رگێڕی داوه، من قسه‌یه‌كی ترم نه‌ماوه و داوای سه‌ركه‌وتنتان بۆ ده‌كه‌م.
مامه‌ند رۆژه: من كتێبه‌كه‌م به‌ته‌واوی نه‌خوێندۆته‌وه، به‌ڵام وه‌رگێرانی به‌رهه‌می له‌م جۆره بۆ كۆمه‌ڵگای كوردی به پێویست ده‌زانم، له‌راستیدا ئه‌م به‌رهه‌مه بۆ ئه‌ده‌بیاتی چه‌پ، چه‌پێك كه له رۆژهه‌ڵات گه‌شه‌ی كردووه، زۆر پێویسته. ئه‌م وه‌رگێڕانه‌ش ده‌كرێ وه‌ك یه‌كه‌مین هه‌نگاو حساب بكرێت. چونكه گوتار و دیسكۆرسی چه‌په‌كانی ئێمه، ئه‌و گوتاره‌ی كه ئێمه‌ی پێ په‌روه‌رده بووین، گوتارێكی رۆژهه‌ڵاتیه كه له‌خۆیدا دوگم و داخراوه. هه‌ر به‌م هۆیه ئێمه پێویستمان به چه‌پی رۆژاوایی هه‌یه، پێویستمان به به‌رهه‌مه‌كانی ئانتونیۆگرامشی و جۆرج لوكاچ هه‌یه. له‌راستیدا كاره‌كه‌ی كاك هادی له‌م رووه‌وه كه‌م وێنه‌یه. ئه‌م كتێبه خوێندنه‌وه‌یه‌كی تازه و جیاوازمان له دیسكۆرسی چه‌پ پێده‌دات، چونكه له وڵاتی ئێمه‌دا به‌درێژایی ده‌یان ساڵ گوتاری باڵاده‌ست چه‌پی رۆژهه‌ڵاتی دوگم و داخراوه بووه. حیزبه‌كانی ئێمه زۆرجار له هه‌ڵوێسته‌كانیاندا 180 ده‌رجه ده‌سووڕێنه‌وه و به‌بێ لێكدانه‌وه‌ی قوول، له‌م جه‌مسه‌ر بازده‌ده‌ن بۆ ئه‌و جه‌مسه‌ر و بێ هیچ خوێندنه‌وه‌یه‌ك باسی نیولیبرالیزم ده‌كه‌ن و چه‌پ له هه‌موو شێوازه‌كانیدا ره‌ت ده‌كه‌نه‌وه، ئه‌م دیارده‌یه له‌خۆیدا نه‌بوونی هاوكێشی فكری له وڵاتی ئێمه‌دا پیشان ئه‌دات. ده‌نگۆیه‌كی زۆر هه‌یه كه دژایه‌تی بیر و باوه‌ڕی چه‌پی ده‌كات، ئه‌مه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی كه ئه‌و چه‌په‌ی ئێمه ناسیومانه چه‌پی رۆژهه‌ڵاتی و لێنینیستی بووه، هه‌موو ئه‌م پرسانه پیشان ئه‌ده‌ن كه وه‌رگێرانی ئه‌م كتێبه‌ی لوكاچ بۆ كۆمه‌ڵگای ئێمه چه‌نده گرنگ و حه‌یاتیه. له زمانی وه‌رگێرانه‌كه‌شدا من پێم وایه كه وه‌رگێڕ توانیویه چه‌مك و ناوه‌رۆكی به‌رهه‌مه كه بگوێزیته‌وه... له‌ڕووی رسته‌سازیه‌وه من هه‌ندێ تێبینیم هه‌یه كه هیوادارم له چاپه‌كانی تردا له‌به‌رچاو بگیردرێ.
جه‌مال زه‌ندی: ماندوو نه‌بن، من ده‌ست خۆشی له وه‌رگێر ده‌كه‌م، هیوادارم خوێنه‌رانی كورد قه‌دری ئه‌م به‌رهه‌مه بزانن، ده‌مه‌وێ خاڵێك له‌سه‌ر پوینده باس بكه‌م ئه‌ویش ئه‌وه‌یه كه خوشكه‌كه‌ی بیره‌وه‌ریه‌ك ده‌گێڕێته‌وه، ده‌ڵێ: شه‌وێك چووم گوتم جعفر خه‌وم لێناكه‌وێ كتێبێكم پێبده با بمخه‌وێنێ، پوینده له وڵامدا ده‌ڵێ: كتێبی من خه‌ڵك به‌خه‌به‌ر ده‌كاته‌وه كه‌س ناخه‌وێنێ.
له سێ چوار ساڵی پێشوودا بارودۆخی حێزبه‌كانی كوردستان منی به ئاقارێكا برد كه ناچار بووم برۆم تیۆری و ئه‌ندێشه‌ی چه‌پ بخوێنمه‌وه. بۆوه‌ی ئێمه به‌ره‌یه‌ك بووین كه زیاتر له‌ڕووی هه‌ست و ئێحساسه‌وه تێكه‌ڵ به خه‌بات بووین، ئه‌و حێزبه چه‌پانه‌ش كه ئێمه‌یان په‌روه‌رده ده‌كرد خۆیان به سه‌قه‌تی له چه‌پ تێگه‌یشتبوون تا ئێستاش هه‌ر به سه‌قه‌تی ده‌یخوێننه‌وه. كاك هادی له پێشه‌كی ئه‌م كتێبه‌دا باسێكی وروژاندوه كه به‌ڕای من زۆر گرنگ و واقعیه، وه‌ك ده‌زانین زۆرێك له به‌رهه‌مه‌كانی ماركس له‌وانه گرۆندریسه، ئایدیۆلۆژی ئاڵمانی و ده‌سنووسه فه‌لسه‌فی ئابوورییه‌كان بو یه‌كه‌م جار ساڵی 1935 چاپكراون، كه‌وابێ ته‌نانه‌ت لێنین یش نه‌یتوانیوه بیانخوێنێته‌وه. به‌هه‌رحاڵ هه‌ر وه‌ك ئاماژه‌ی پێكرا سه‌رچاوه‌ی ئه‌ندێشه‌ی چه‌پ بۆ زۆربه‌ی حێزبه كوردییه‌كان ستالینیزم و حێزبی توده بووه كه تا ئێستاش وه‌رگێڕه‌كانیان ناناسین. به‌كورتی من پێم وایه ئه‌و بابه‌ته كه وه‌رگێر له پێشه‌كی ئه‌م كتێبه‌دا وروژاندوویه بابه‌تێكی ئێجگار گرنگه، من هیوادارم چه‌پی كورد به‌م بابه‌ته راچڵه‌كێ و به‌خۆیدا بچێته‌وه و به‌پێی هه‌لومه‌رجی ئه‌مرۆ پێكهاته‌ی خۆی سه‌رله‌نوێ دابڕێژێته‌وه. هه‌روه‌ها هه‌ر وه‌ك ئاماژه‌ی پێكرا ناتوانین ماركس بخوێنینه‌وه ئه‌گه‌ر هێگلمان نه‌خوێندبێته‌وه، هیوادارم وه‌رگێڕانی ئه‌م كتێبه چه‌پی كوردی به‌ره‌و خوێندنه‌وه‌ی هێگل و ماركس ببات و به ده‌رك و تێگه‌یشتنێكی دروستتر بێته مه‌یدانی خه‌بات و تێكوشان...
بابان حه‌مه: سوپاس بۆ ئاماده‌بوونی هه‌مووتان، سه‌ركه‌وتوو بن.
هیچ نظری موجود نیست:
ارسال یک نظر