دۆخی تراژیك، مرۆڤی تراژیك
Tragic situation, tragic human
a reserch about tragedy gener
مرۆڤ له درێژه‌ی ژیان دا زۆر که‌ند و له‌ند و خۆشی و ناخۆشی و هه‌وراز و نشێو ده‌پێوێ، که هاوکات له‌گه‌ڵ دۆخی ژیانی مادی، بیر و ئه‌ندێشه و هه‌ستی جوانیناسی ده‌گرسێت و گه‌شه ده‌کات. کۆمه‌ڵگه‌ی مرۆڤی به‌درێژایی مێژوو بۆ زاڵبوون له ئاست کێشه و ئاسته‌نگه‌کان، فۆرمی هۆنه‌ری و فانتازیک دادهێنێ و سیستمی تیۆریک و فه‌لسه‌فی ده‌خولقێنێ. به دیمه‌ن و ئیماژی هونه‌ری، دۆخی ژیان ده‌نه‌خشێنێ و، به چه‌مک و تیۆری راڤه‌ی ده‌کا و ده‌ینوێنێ. هه‌رکات بارودۆخێکی ناله‌بار مرۆڤ یه‌خسیر بکا و راستییه‌کان تووش و تفت و تاڵ بن و مل بۆ خواست و ئیراده‌ی مرۆڤ که‌چ نه‌که‌ن، له وه‌ها دۆخێک دا ئه‌ندێشه‌ی تراژیک سه‌رهه‌ڵده‌دا و مرۆڤ هه‌ست ده‌کا که ناتوانێ دۆخی ناله‌بار بڕوخێنێ و به دۆخێکی شیاوتر بگات.
له‌م بابه‌ته‌دا دید و بۆچوونی هه‌ندێ له نووسه‌ران و بیرمه‌ندان له‌مه‌ڕ دۆخ و مرۆڤی تراژیک دێنینه‌وه تا باشتر ئه‌م دوو چه‌مکه بناسین.
"بناغه‌ی ئه‌ندێشه‌ی تراژیك، گه‌وهه‌ر و مانای ژیانه... به‌درێژایی مێژوو هه‌موو شێوازه‌كانی ئه‌م بیره له یه‌ک خاڵدا هاوبه‌ش بووون: هه‌موویان پیشانده‌ری قه‌یرانێكی قووڵن كه له نێوان مرۆڤ و جیهانی فكری كۆمه‌ڵایه‌تیی دا هه‌بووه... ئه‌ندێشه‌ی تراژیك بنه‌ڕه‌تیترین خولیا و سه‌ودا و دڵه‌خورپه‌كانی مرۆڤ به‌یان ده‌کات. هێمای هه‌وڵێكی سه‌خڵه‌ت و سیزیف ئاسایه كه ده‌یه‌وێ ژیانی رێژه‌یی و كاتی پڕمانا بكات؛ مه‌رگ وه‌ها خه‌سڵه‌تێکی رێژه‌یی ده‌سه‌لمێنێ. مه‌رگ بۆ ئه‌ندێشه‌ی تراژیك راستیه‌كی زاتییه كه له هه‌موو دیارده و رووداوێكدا هێمایه‌كی ده‌بینرێ... تراژێدی ئیمتیازێكه بۆ گه‌وره پیاوان. خه‌ڵكانی ئاسایی كه له بازنه‌ی رق و قین و خۆشی و ناخۆشی كاتیدا گیرۆده‌ن، له جیهانی تراژیك دا جێگه‌یان نابێـته‌وه. له تراژێدی دا ئه‌و ره‌نج و ئازاره‌ی كه جیهانی بێهووده و بێ‌مانا به‌سه‌ر مرۆڤدا ده‌یسه‌پێنێ، ده‌بێته هۆكارێكی داهێنه‌ر تا مرۆڤ له پله‌ی چه‌رمه‌سه‌ری و زه‌بونی سه‌ربخات تا به‌ها رێژییه‌كان و ئاشتی له‌گه‌ڵ جیهان ره‌ت بكاته‌وه و به پله‌یه‌ك بگات كه یه‌كسانی و هه‌قیقه‌تی ره‌ها بخوازێ. [ل. گوڵدمه‌ن](1)
"تراژێدی له‌گه‌ڵ ناكۆكییه‌كی قووڵ تێكه‌ڵ بووه: مرۆڤی تراژیك ده‌زانێ كه به‌ها ره‌سه‌ن و ئینسانییه‌كان له‌م جیهانه‌دا به‌دنایه‌ن، به‌ڵام به‌مه‌یشه‌وه، له‌م جیهانه دڵ ناكه‌نێ، له‌م جیهانه‌دا ده‌ژی، به‌ڵام دڵی پێ نابه‌ستێ... له روانگه‌ی تراژیك دا مرۆڤ له یه‌ك كاتدا خودا و به‌نده، و په‌ری و حه‌یوانه... شێوازی سۆفی ته‌سلیم بوونه، به‌ڵام رێبازی مرۆڤی تراژیك خه‌بات و تێكۆشانه. [گ. لوكاچ](2)
"مرۆڤی تراژیك هه‌رگیز ناهۆمێد نابێت، به‌ڵام قه‌ت دڵ به دنیاش نابه‌ستێت، بیر‌ی تراژیك بۆ جیهانێكی حه‌تمی و ره‌ها ده‌گه‌ڕێ، به‌ڵام جیهانێكی كاتی و رێژه‌یی ده‌بینێته‌وه. ناچار به‌ره‌و "گشتێتی" ده‌ڕوات، تا بتوانێ له‌ئاست پاژه لێكپچراِو و كاتییه‌كان خۆڕاگرێت. "بیر‌ی تراژیك به‌ها ره‌سه‌نه‌كان به گشتێتی ده‌زانێ." [لوسیه‌ن گوڵدمه‌ن].
به‌مهۆیه، له تراژدیدا هه‌ر دیارده و هه‌ر وشه و هه‌ر ئه‌زموونێك، هێما‌یه‌ك له پێوه‌ندی زاتی و ئایدیالی شته‌كان ده‌رده‌خات... سوفۆكۆل وه‌ک یه‌كه‌م بیرمه‌ندی تراژیك و، پاسكاڵ وه‌ک گه‌وره‌ترین بیرمه‌ندی ئه‌م رێبازه ناسراون. [مالرو و جهان نگری تراژیك](3)
* * *
به وته‌ی موحسن حه‌کیمی بۆ پێناسه‌كردنی تراژێدی ده‌كرێ به توێژینه‌وه‌یه‌كی گشتی له هه‌ر قۆناغێكی مێژوویی دا ، سێ ده‌سته مرۆڤ لێك جیابكه‌ینه‌وه كه هه‌ر ده‌سته‌یه‌ك له ئاست ره‌نج و كێشه‌كانی ژیان، ره‌وتێكی جیاواز ده‌گرنه‌به‌ر: گرووپی یه‌كه‌م له ئاست ره‌نج و ئازاره‌كان هه‌ڵوێستی په‌سیڤ و ده‌سته‌وه‌ستان ده‌گرن و له ئاست ره‌نج هیچ هه‌وڵێك ناده‌ن. تایبه‌تمه‌ندی سه‌ره‌كی ئه‌وان، هه‌ست كردن به لاوازی و بێ‌هێزییه، ره‌نج و ئازاره‌كانی سه‌رده‌م، به جۆرێك تێكیان ده‌شكێنێ كه ته‌نانه‌ت بیر له دژكرده‌وه‌ش ناكه‌نه‌وه. بۆیه چۆك داده‌ده‌ن و ته‌سلیم ده‌بن. به وته‌ی نیچه، هه‌ڵوێستی ئه‌مانه له ئاست ژیان، په‌رچه‌كرداره، نه‌ک كردار. ئه‌مان ژیانی خۆیان به نه‌گۆڕ و بێ‌چاره‌سه‌ر ده‌زانن و له گه‌ڵی رادێن، له ژیان دڵیان پڕخوێنه و له سه‌ر تا پێیان جۆرێك ره‌شبینی ته‌سلیم خوازانه و بیرته‌سكانه شه‌پۆل ده‌دات. له كاتێكدا كه ژان و ئازاره‌كانی ژیان هێز و توانای لێبڕیون، به‌شێوه‌ی به‌زه‌بزوێن و زه‌بوونانه دڵ به دنیای خه‌یاڵی پاش مردن خۆش ده‌كه‌ن و له‌وپه‌ڕی بێ‌هێزی و ناهۆمێدی دا، ئاره‌زوو ده‌كه‌ن بتوانن وه‌ك سۆفیه‌كان دڵ له دنیا و خۆشییه‌کانی بكه‌نن. ده‌كرێ ئه‌م گرووپه به مرۆڤی "به‌زه‌بزوێن" ناودێر بكه‌ین.
"له هه‌مبه‌ر ئه‌م گرووپه، مرۆڤی خه‌یاڵی و دۆنكیشۆتی راوه‌ستاوه. ئه‌م تیپه به ژماره كه‌من و له‌گه‌ڵ ره‌نج (به‌رواڵه‌ت) له‌شه‌ڕ دان و ره‌نج و ئازار قبووڵ ناكه‌ن، به‌ڵام به‌شێوه‌ی ئابستراكت و خه‌یاڵی له‌گه‌ڵ ره‌نج هه‌ڵسووكه‌وت ده‌كه‌ن، كه گۆیا به‌رێكه‌وت په‌یدا بووه. له‌پڕ هێرش ده‌به‌ن بۆی و ده‌یانه‌وێ بیسڕنه‌وه، به‌ڵام شمشێریان دارین و "كێوی ره‌نج پۆڵایینه". ئه‌مانه له دنیای خه‌یاڵی خۆیاندا به‌سه‌ر ده‌به‌ن، له‌نێوان ئه‌وان و راستییه‌كان، دیوارێك له خه‌ون و خه‌یاڵ بۆته له‌مپه‌ر. تێده‌كۆشن راستییه‌كان بگۆڕن، به‌ڵام له‌راستیدا ده‌یانه‌وێ به‌شێوه‌ی وێنای خه‌یاڵی خۆیان بینه‌خشێنن. له شه‌ڕ له دژی دۆخی ژاناوی، له بنه‌مای خه‌یاڵییه‌وه ئاخێز ده‌كه‌ن و ده‌یانه‌وێ جیهانێكی خه‌یاڵی بخولقێنن (ئه‌مانه به‌پێی یاسای ره‌ش و سپی دیارده‌كان مه‌زنده ده‌كه‌ن). سێ‌و، هه‌نار، هه‌رمێ، ترێ و پرته‌قاڵ، هه‌موویان به میوه‌یه‌ك ده‌زانن و جیاوازییه‌كان نابینن. ئه‌م مرۆڤانه ته‌نیا له خه‌یاڵی خۆیاندا دنیای ده‌وروبه‌ریان ده‌ناسن، بۆیه تووشی جۆرێك گه‌شبینی ساویلكانه ده‌بن و له‌كاتێكدا كه له ئاسمانه‌وه به‌رد ده‌بارێ، خۆیان له "حه‌وزی حه‌سار"دا ده‌شارنه‌وه!(4)
له هه‌مبه‌ر ئه‌م دوو تیپه، مرۆڤی تراژیك راوه‌ستاوه. مرۆڤی تراژیك نموونه‌ی مرۆڤێكی ئاسایی، زه‌حمه‌تكێش و نه‌جیبه كه جگه له‌وه‌ی له‌گه‌ڵ راستییه‌كان خۆ رێک ده‌خات، له‌ئاست ژیانی پڕژان شۆڕش ده‌كات. ئه‌م مرۆڤه ره‌نج و ئازار به چاره‌نووسی خۆی ده‌زانێ، به‌ڵام هه‌رگیز ته‌سلیم نابێ و له‌گه‌ڵ ئه‌م چاره‌نووسه ده‌جه‌نگێ، له‌م شه‌ڕه‌دا به‌ته‌واوی ورد و وێران ده‌بێ، كه‌چی هێشتا ته‌سلیم نابێ، له‌نێوان ئه‌و و ره‌نج دا دیوارێك نییه و هه‌رده‌م به‌گژ ره‌نج دا ده‌چێ، مرۆڤی تراژیك بۆ رزگاری له ئاست چاره‌نووس رووگه‌ش و ده‌م به‌بزه ده‌چێته پێش، ئه‌م مرۆڤه شادی و به‌خته‌وه‌ری به جیاواز له ره‌نج و ئازار نازانێ، چاره‌نووس به شتێكی ئاسمانی و متافیزیكی له‌قه‌ڵه‌م نادات. به‌ڵكوو به شتێكی جیانه‌كراوه‌ی ژیانی ده‌زانێ، چاك ده‌زانێ كه دۆخی سه‌رده‌م، داب و نه‌ریت، ئاكار و ره‌فتاره‌كان، ژیانیان پڕژان و ناله‌بار كردووه. ئه‌و نایه‌وێ ژیان به‌ره‌و پاشه‌وه، به‌ره‌و سه‌رده‌مێكی ته‌با و خه‌یاڵی، بگێڕێته‌وه. به‌ڵكوو سه‌ره‌ڕای به‌سه‌ر بردن له ئێستادا چاو له داهاتووی سازگار و ئاسایشی مرۆڤ ده‌بڕی. مرۆڤی تراژیك، چاره‌نووس به هۆكاری فه‌وتێنه‌ری خۆی نازانێ، به‌ڵكوو به ده‌رفه‌تێكی ده‌زانێ كه خاراوی ده‌كا و هێز و توانایی پێده‌به‌خشێ، تا هه‌ڵبدات و سه‌ركه‌وێ. هێزی ئه‌و به خۆڕاگری له‌ئاست ره‌نج گه‌شه ده‌كا و بۆ خه‌بات هه‌راوتر ده‌بێت. به‌مپێیه مرۆڤی تراژیك مرۆڤێكی دوالیسته: له‌لایه‌ك یه‌خسیری زه‌ختی چاره‌نووسێكی كوێره و، له‌لایه‌كیتره‌وه هێشتا هیواداره كه به ناسینی ئه‌م چاره‌نووسه به‌سه‌ریدا زاڵ ببێ و سه‌ركه‌وێ.
ئه‌م مرۆڤه هه‌رچه‌ند له‌ئاست چاره‌نووس كاول ده‌بێ، به‌ڵام هه‌ر ئه‌م خه‌باته‌ی گه‌وره‌ترین سه‌ركه‌وتنه، بۆ ئه‌و زاڵبوون له‌ئاست ره‌نج به هه‌ڵاتن و خۆدزینه‌وه هه‌موار نابێت، به‌ڵكوو به کار و تێكۆشان ده‌سته‌به‌ر ده‌كرێ. كه‌وابوو کاکڵی مرۆڤی تراژیك، پراتیكه.
مرۆڤی تراژیک وه‌ك هاملێتی شیکسپێر پێی وایه ته‌نیا قسه و شرۆڤه‌ی په‌تی مرۆڤ ترسنۆك ده‌كات. كه‌وابوو پرسیاری مرۆڤی تراژیك وه‌ك ئه‌و پرسه‌یه كه مێشكی هاملێتی وروژابوو: "بوون یان نه‌بوون، گرنگ ئه‌مه‌یه، ئایا گه‌وره‌یی مرۆڤ له‌وه دایه كه له‌ئاست ژان و ئازار و تیری به‌ختی سته‌مكار خۆڕاگرێ، یان له دژی ده‌ریای ئاشووب چه‌ك هه‌ڵگرێ و به خه‌بات و تێكۆشان كۆتایی به ژان و ئازار بێنێ؟ مردن، نوستن؛ نه‌ک هیچیتر؛ وه‌ک بڵێی ئێمه به نوستن کۆتایی به زامی دڵ و هه‌زاران ژانی سروشتی دێنین که جه‌سته‌ی مرۆڤی داگرتووه؛ ئه‌مه ئه‌نجامێکی ئێجگار شیاوه...، به‌ڕاستی کێ ده‌توانێ له‌ئاست تاژانگ و سوکایه‌تی سه‌رده‌م، زۆڵم و زۆری سته‌مکاران، تیر و توانجی خۆپه‌رستان، کزه‌ی عشقی سوکایه‌تی پێکراو، رۆتینی قانوون و بێ شه‌رمی کاربه‌ده‌ستان و هه‌ره په‌ستان خۆڕاگرێت، له کاتێک دا که ده‌توانێ به نه‌شته‌رێک خۆی ئاسووده بکات؟ کێ وه‌ها بارێکی گران هه‌ڵده‌گرێ و ژینه‌ژانی ژیان پشتی ناچه‌مێنێ. مه‌گه‌ر به‌وهۆیه که ترسی شتێک له پاش مه‌رگ، ئه‌م ده‌ڤه‌ره نامۆیه که هیچ که‌س له‌وێوه ناتۆته‌وه، ئیراده سه‌رگه‌شته ده‌کات و وامان لێده‌کات تا له‌ئاست ژان و چه‌رمه‌سه‌ری خۆڕاگرین... "(5)
"لێره‌شدا تراژێدی دوالیستییه، له‌لایه‌ك ژیان و راهاتن له‌گه‌ڵ ره‌نج. له‌لایه‌كیتره‌وه مه‌رگ كۆتایی به‌م ره‌نجه دێنێ. مرۆڤی تراژیك شه‌یدای ژیانه، توانای مردنی نییه، مه‌گه‌ر له‌پێناو ژیان، به‌ڵام ده‌شزانێ كه ئه‌م ژیانه ئه‌وه‌نده به‌رده‌وام نییه و دره‌نگ یان زوو له خه‌بات له‌ئاست شه‌پۆلی پیلان و ئاژاوه كۆتایی دێ. نیچه تایبه‌تمه‌ندی مرۆڤی تراژیك به چه‌مكی "ره‌شبینی به‌هێزانه" پێناسه ده‌كات.(6)
"له روانگه‌ی تراژیكدا ته‌نیا خاڵێكی نه‌گۆڕ هه‌یه: پێویستی مرۆڤ به چه‌سپاندنی هه‌موو سروشت و تواناكانی خۆی. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته هه‌موو سنوورێك ده‌به‌زێنێ، به ده‌رك و تیۆری هه‌موو چه‌مك و دیارده‌كان ده‌نرخێنێ و به پراتیك هه‌موو بوتێك تێكده‌شكێنێ.
ئارتۆر میلێر ده‌ڵێ: له‌مه‌ڕ تراژێدی بۆچوونێكی چه‌وت له ئارادایه، هه‌موو پێیان وایه تراژێدی له‌گه‌ڵ ره‌شبینی تێكه‌ڵه، یان پێیان وایه تراژێدی به‌سه‌رهاتێكه كه ئه‌نجامێكی خه‌ماوی هه‌یه. به‌ڵام له راستیدا تراژێدی له كۆمێدی گه‌شبینتره.
میلێر هه‌روه‌ها تایبه‌ت بوونی تراژێدی بۆ پاشا‌كان و چینی ئاریستۆكرات ره‌ت ده‌كاته‌وه و پێی وایه تراژێدی راستین له ژیانی مرۆڤی ئاسایی دا و له دۆخی جه‌ماوه‌ری بێ‌ئه‌ژماری چه‌وساوه‌كان دا ده‌رده‌كه‌وێ.(7)
كازانتزاكیس ساڵی 1932 له نامه‌یه‌كدا به‌سه‌رهاتی خۆی ئاوا ده‌گێڕێته‌وه كه به‌جۆرێك چاره‌نووسی مرۆڤی تراژیكه: "...له درێژه‌ی ژیانی خۆمدا زۆر شت فێر بووم، ده‌زانم له رۆحی مرۆڤدا هێزێكی ئێجگار مه‌زن و ئه‌فسوونی هه‌یه؛ خه‌ده‌نگی نوور و ئاگره و كێوی تاریكی شه‌ق ده‌كات. خه‌نده‌یه‌كی ته‌وساوی و شه‌ڕنگێز هه‌یه كه له هه‌ر مه‌یدانێكا سه‌رده‌كه‌وێ. من به‌رده‌وام له‌وپه‌ڕی ناهۆمێدی دا به‌خته‌وه‌ریم هه‌ست كردووه، ده‌پرسن بۆ؟ بۆوه‌ی كه به‌رده‌وام (به رووی گرژ و دڵی گه‌وره‌وه) تا ئاخر راوه‌ستاوم، له ده‌ورووبه‌رم هه‌میشه هه‌موو شتێ به‌رهه‌ڵستم بووه، سه‌ره‌ڕای ئه‌مه‌ش له ئاست دوژمن ئاماده و رۆح سووك، بێ‌ده‌نگ و له‌خۆبایی راوه‌ستاوم و سه‌ره‌نجام سه‌ركه‌وتووم؛ من نه یاخییه‌كی هه‌ست داگرتووم، نه سۆفییه‌كی پشت له دنیا كردووم، نه بوونه‌وه‌رێكی جادووییم. من زه‌مین و ژیان و مرۆڤ و حه‌یوانم خۆش ده‌وێ، هه‌موو شتێكی روو له فه‌وتانم خۆش ده‌وێ و مانا و به‌ها و سنوری ده‌سه‌ڵاتیان ده‌ناسم. من وه‌ك مشكێكی چالاك گه‌لێ داوم به‌زاندووه و زۆرێک ته‌ڵه‌م ته‌قاندووه، به‌ڵام ئه‌وه‌ش ده‌زانم كه دوایین دا‌و، داوی مه‌رگه و گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ نییه!..." (8)
* * *
لوكاچ له دوا وتاری كتێبی "گیان و فۆرم"دا ئه‌ندێشه‌ی تراژیك ئاوا راڤه ده‌كات: "تاقه هه‌ڵویستی دروست، یاسای هه‌موو یان هیچه، هه‌رجۆره رێژه‌یه‌كی تر بێهووده‌یه، بۆ مرۆڤی وشیار ته‌نیا دو ئه‌نجام له‌ئارا دایه، فاكتی راست و ناڕاست، هه‌ڵه و دروست، یه‌كسانی خواز و نایه‌كسانی خواز، بایه‌خ و دژه‌بایه‌خ؛ به‌ڵام مرۆڤ له‌گه‌ڵ دنیایه‌ك به‌ره‌وڕوو ده‌بێ كه له‌ودا هیچ به‌هایه‌كی ره‌ها و راستین به‌دی ناکرێت، هه‌موو شتێ رێژه‌یی و به‌ته‌واوی بێ‌بایه‌خه.(9)
"ئایا لێره‌دا جیهان به‌گشتی مه‌به‌سته، یان جیهان له قۆناغێكی تایبه‌تدا، جیهانی سه‌رمایه‌داری؟ ئه‌گه‌رچی له‌م به‌رهه‌مه‌دا بیر‌ی لوكاچ متافیزیكی و نامێژووییه، به‌ڵام له به‌ندێكی وتاری "متافیزیكی تراژێدی"دا سروشتی مێژوویی به‌خۆیه‌وه ده‌گرێ: "بۆوه‌ی كه سروشت و چاره‌نووس تا ئێستا وه‌ك ئه‌مڕۆ بێ‌رۆح و سامناك نه‌بووه، ره‌نگه له داهاتوودا جۆرێك تراژێدی سه‌رهه‌ڵبدات." [گیان و فۆرم. ل. 249]
"به‌ڵام بۆچی روانگه‌ی تراژیك ساڵی 1910 و له‌وپه‌ڕی "سه‌رده‌می دڵ‌نشین" و سه‌قامگیریی بۆرژوازی دا بیر‌ی لوكاچ سه‌رقاڵ ده‌كات؟... گوڵدمه‌ن ده‌نووسێ: "گیان و فۆرم كه ساڵی 1910 بڵاوكرایه‌وه، ره‌نگدانه‌وه‌ی دۆخێكی ته‌واو له‌رزۆك و لێكترازاوه كه له‌ودیوی رواڵه‌تی ساغ و سه‌قامگیری كۆمه‌ڵگادا شاراوه‌یه و خه‌به‌ر له كاره‌ساتێك ده‌دات كه به هه‌نگاوی سامناك دێته پێش و ساڵی 1914 ده‌ته‌قێته‌وه." [توێژینه‌وه‌ی دیالكتیكی. ل.253]
میشێل لوویی ده‌نووسێ: "به‌ڕای من راست پێچه‌وانه‌ی ئه‌م شته رووده‌دات. ئه‌وه‌ی لوكاچ ناهومێد ده‌كات، وه‌ستان و سه‌قامگیری كۆمه‌ڵی سه‌رمایه‌دارییه، كه ئه‌و لێی بێزاره. كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك كه له‌ودا به‌هاكانی جوانیناسی دڵخوازی لوكاچ به‌دی نایه‌ت. شه‌ڕی به‌های راستین و دنیای ناراستینی سه‌رمایه‌داری تراژیك و بێ‌چاره‌سه‌ر خۆده‌نوێنێ، لوكاچ هیچ هێزێك به‌دی ناكات، كه بتوانێ ئه‌م دنیا چه‌وته بگۆڕێ و به‌هاكان بچه‌سپێنێ؛ بۆیه شه‌ڕه‌كه حاڵه‌تێكی ئه‌به‌دی و نامێژوویی هه‌یه، یان به وته‌یه‌كیتر خه‌سڵه‌تێكی نه‌گۆڕ و متافیزیكی به‌خۆوه ده‌گرێت."(10)
گوڵدمه‌ن له توێژینه‌وه‌یكی تردا له‌مه‌ڕ به‌رهه‌مه‌كانی لوكاچ ئاوا باسی روانگه‌ی تراژیك ده‌كات: "ده‌كرێ پێوه‌ندی نێوان كتێبی "گیان و فۆرم" و كتێبی "مێژوو و وشیاری چینایه‌تی" به تێپه‌ڕاندنی تراژێدی پێناسه بكه‌ین: یانی تێپه‌ڕاندنی كانت و هێگل و گه‌یشتن به ماركس. "مێژوو و وشیاری چینایه‌تی" به‌رهه‌مێكی سه‌رسوڕهێنه‌ر و ئێجگار هه‌راو و هه‌مه‌لایه‌نه‌یه و سه‌ره‌ڕای شیکاری فكری، سیاسی، مێژوویی، كولتووری، سۆسیۆلۆژیك و میتۆدۆلۆژیك، پڕاوپڕه له هۆمێد و گه‌شبینی و ئه‌ندێشه‌ی هیۆمانیستی. ئه‌م به‌رهه‌مه به مێتۆدی ره‌خنه‌ی هێگلی (ئاوفهێبن)، ئاسته‌نگه‌كانی ئه‌ندێشه‌ی كانتی ده‌سڕێته‌وه، لایه‌نه باشه‌كانی وه‌رده‌گرێ و به‌مجۆره هه‌رسی ده‌كا و له "متافیزیكی تراژێدی" سه‌رتر ده‌چێ. [كانت. ل 25] (11)
به‌ڵام لوكاچ ساڵی 1916 به نووسینی كتێبی "تیۆری رۆمان" له روانگه‌ی تراژیك واوه‌تر ده‌چێ. لوكاچ له دوا وتاری ئه‌م كتێبه‌دا، تۆلستوی و داستایۆڤسكی به پێشه‌نگی "سه‌رده‌مێكی نوێ" له مێژووی جیهان دا ده‌زانێ كه مزگێنی سه‌ره‌تای سه‌رده‌مێكی نوێ ده‌ده‌ن. ئه‌م پێشبینیه‌ی لوكاچ ئه‌وپه‌ڕی بیرتیژی و قووڵئه‌ندێشی ئه‌و ده‌رده‌خات. چونكه ساڵێك دواتر شۆڕشی ئۆكتۆبر رووده‌دات. كتێبی "تیۆری رۆمان" به‌رهه‌مێكی"دیالكتیكی هێگلی"یه، كه به‌پێی هۆمێد و گه‌شبینی ریالیستی نوسراوه.(12)
"ساڵی 1950 له جه‌رگه‌ی شه‌ڕی سارددا، بزاڤی كرێكاری به دوو جه‌مسه‌ر دابه‌ش ده‌بێ، گرووپێك پێڕه‌وه‌ی له ستالینیزمی سه‌رتاپێ كوێر ده‌كا و گرووپێك ده‌بێته لایه‌نگری سۆسیال دیموكراسی. له‌م نێوه‌دا هه‌ر روانگه‌یه‌كی ماركسیستی كه ئاسۆیه‌كی شۆڕشگێڕانه‌ی هه‌بێ، به‌شێوه‌ی تراژیك ته‌ریك ده‌كه‌وێته‌وه... له‌م كاته‌دا ئه‌ندێشه‌ی تراژیك به‌ته‌واوی مێشكی گوڵدمه‌ن ده‌ته‌نێته‌وه، بۆیه كتێبی "خودای نادیار" ده‌نووسێ و به لێكدانه‌وه‌ی جیهانبینی تراژیك له به‌رهه‌مه‌كانی پاسكاڵ و راسین دا، هاوده‌نگی خۆی له‌گه‌ڵ ئه‌ندێشه‌ی تراژیك ده‌رده‌بڕێت. به‌ڵام شێواز و مێتۆده‌كانی هێشتا دیالكتیكین و به پێڕه‌وی له هێگل و ماركس و لوكاچ بڕوای به سه‌ركه‌وتنی ئه‌قڵ و مرۆڤ هه‌یه. (13)
"له درێژه‌ی ئه‌م ره‌وته‌دا ساڵێ 60-1959 گوڵدمه‌ن له بیر‌ی رادیكاڵ ناهۆمێد ده‌بێ و جۆرێك "رێفۆرمیزمی شۆڕشگێڕانه" قه‌بووڵ ده‌كات. له‌م روانگه‌یه‌دا پێشڕه‌وی شێنه‌یی به‌ره‌و سۆسیالیزم، به چاكسازی له دام و ده‌زگاكان دا و به یارمه‌تی گرووپی پسپۆڕ و تێكنۆكرات هه‌موار ده‌بێ. ئه‌م بزاڤه كه به‌شێنه‌یی ده‌سه‌ڵاتی ئابووری- سیاسی به‌ده‌ست دێنێ و هه‌نگاو به هه‌نگاو به‌ره‌و سه‌ربه‌خۆیی ده‌چێته پێش، "چینی كرێكاری مۆدێرن" رێبه‌رایه‌تی ده‌كات. ئه‌م بیره بۆ چه‌ند ساڵێك ئه‌ندێشه‌ی گوڵدمه‌ن به‌خۆیه‌وه خه‌ریك ده‌كا. به‌ڵام ئه‌و له‌وه وردبینتر بوو كه مه‌ترسییه‌كانی ئه‌م ره‌وته نه‌بینێ؛ ساڵی 1966 له وتارێك دا ده‌نووسێ: "چاكسازی شۆڕشگێڕانه له‌گه‌ڵ مه‌ترسی گه‌وره به‌ره‌و روویه، ده‌بێ وریا بین كه له‌گه‌ڵ بۆرژوازی ئاشتی نه‌كه‌ین و له‌نێو ئه‌م كۆمه‌ڵگه‌دا نه‌توێینه‌وه؛ هه‌روه‌ها مه‌ترسی گه‌نده‌ڵی له‌گه‌ڵ هه‌موو ره‌وتێكی رێفۆرمیستی تێكه‌ڵه، كه‌وابوو تاقه رێگه‌چاره، ره‌تكردنه‌وی هه‌ر جۆره سازانێكی ده‌روونی و فكرییه له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵگه‌ی تێكنۆكرات.
به‌ڵام دواتر، هه‌ر به‌وجۆره كه لوكاچ ساڵی 1916 له تۆژینه‌وه‌یه‌ك له‌مه‌ڕ به‌رهه‌مه‌كانی داستایۆڤسكی سه‌ره‌تاكانی شۆڕشی ئۆكتۆبری 1917 پێشبینی كردبوو، گوڵدمه‌نیش ساڵی 1966 له وتارێكدا كه سه‌باره‌ت به به‌رهه‌مه‌كانی ژان ژنه ده‌ینووسێ به‌وپه‌ڕی وردبینییه‌وه، سه‌ره‌تاكانی بزاڤی شۆڕشگێڕانه‌ی مانگی مه‌ی 1968 پێشبینی ده‌كات و روانگه‌ی تراژیک تێده‌په‌ڕێنێ."(14)
شیکاری و پێشبینییه‌كانی لوكاچ و گوڵدمه‌ن پێوه‌ندی به لایه‌نی سێحر و ئه‌فسوونه‌وه نییه، به‌ڵكوو به‌رهه‌می ده‌ركی قووڵ و توانای وشیارانه‌یه كه له‌نێوان دنیای هونه‌ری كولتوری و پۆتانسیه‌لی شاراوه‌ی هێزه كۆمه‌ڵاتییه‌كان دا پێوه‌ندی پێكدێنێ و له‌به‌ر تیشكی مێتۆدی "گشتێتی" بارودۆخ به‌شێوه‌ی قووڵ و كۆنكرێت راڤه ده‌کات.
سه‌رئه‌نجام ده‌توانین بێژین که هه‌موو دۆخێکی هه‌ره تاڵ و تراژیک، دۆخێکی مێژووییه و سه‌رئه‌نجام کۆتایی دێ و مرۆڤ به شادی و به بزه‌ی کۆمیک ماڵاوایی لێده‌کات.
ده‌کرێ به پشتبه‌ستن به ئه‌ندێشه‌ی مارکس(15) بڵێین: مێژووی رژێمێکی سته‌مکار تا كاتێ كه له جیهاندا ده‌سه‌ڵاتێکی ره‌سمی هه‌یه و، ئازادی له‌و ده‌سه‌ڵاته وه‌ك خه‌ونێكی تاكییه، یان تا كاتێ كه ئه‌م رژێمه بڕوای به ره‌وایی خۆی هه‌یه، جۆرێك تراژێدییه. تا كاتێ كه رژێم وه‌ك نه‌زمی زاڵی جیهانی، له‌گه‌ڵ جیهانێك شه‌ڕ ده‌كا كه تازه ده‌ڕسكێ، هه‌ڵه‌یه‌كی مێژوویی و جیهانی ده‌كات؛ به‌مهۆیه روخانی ئه‌م رژیمه وه‌ک خه‌ونێکی تراژیك وایه... به‌ڵام هه‌ر که رژیم لاواز ده‌بێ و هێز و بزاڤی کۆمه‌ڵانی خه‌ڵک گه‌شه ده‌کا و رژیم به‌ره‌و هه‌ڵدێری نه‌مان ده‌بات، روانگه‌ی کومیک و ژانری کۆمێدی سه‌رهه‌ڵده‌دات.
رژێمی ئێستای ئێران رژێمێكی ناوه‌ختی مێژووییه، كه له‌گه‌ڵ هه‌موو پرنسیپه‌كانی سه‌رده‌م ناكۆكی قووڵی هه‌یه و پووچی ئه‌م رژێمه به هه‌موو گه‌لانی جیهان پیشان ده‌دات. ئه‌م رژیمه ته‌نیا له خه‌یاڵی خۆیدا بڕوای به خۆی هه‌یه و داوا له دنیاش ده‌كات که ئه‌م خه‌یاڵه قه‌بوڵ بكه‌ن. ئه‌م رژێمه ئه‌گه‌ر به‌ڕاستی بڕوای به سروشتی خۆی هه‌با، ئیتر هانای بۆ ریاكاری و سه‌فسه‌ته نه‌ده‌برد. ئه‌م رژیمه كۆمیدی نه‌زمێكی جیهانییه كه قاره‌مانه‌کانی مردوون. مێژوو ره‌سه‌نه و كاتێ كه فۆرماسۆنێكی رزیو به‌ره‌و گۆڕ ده‌بات، چه‌ندین قوناغ تێپه‌ڕ ده‌كات. دوا قۆناغی ژیانی فۆرماسیۆنێكی جیهانی ــ مێژوویی، قۆناغێکی كومێدییه. خودایانی یۆنان كه پێشتر له تراژێدی پرۆمته‌دا به سه‌ختی بریندار کرابوون، ده‌بوو جارێكی تر به مه‌رگێكی كومیك بمرن. بۆچی ره‌وتی مێژوو وایه؟ بۆوه‌ی مرۆڤ بتوانێ به شادییه‌وه ماڵاوایی له رابردووی خۆی بكات. ئێمه وه‌ها چاره‌نووسێکی مێژوویی كومیك به مافی ده‌سه‌ڵاتدارانی سیاسی ئێران ده‌زانین.
سه‌رچاوه‌كان:
1- جامعه، فرهنگ، ادبیات: گلدمن، ادورنو، پیاژه، ترجمه، جعفر پوینده، نشر چشمه، تهران 1380، ص 346.
2- هه‌مان سه‌رچاوه، ل 346-347.
3- هه‌مان سه‌رچاوه، ل 347. بۆ زانیاری زیاتر بروانه بۆ: "مالرو و جهان نگری تراژیك" ارتور میلر، ترجمه: عباس میلانی انتشارات به‌نگار تهران 1368، ص‌ص 16-21.
4- تا دام اخر، جعفر پوینده، نشر چشمه، تهران 1379، ص‌ص 3.
5- هملت، ویلیا‌م شیکسپیر، ترجمه به‌ازین، په‌رده‌ی سو‌م، صحنه‌ی یکم، ص 68 نشر دات، تهران 1387.
6- تا دام اخر، جعفر پوینده، نشر چشمه، تهران 1379، ص‌ص 4-5.
7- هه‌مان سه‌رچاوه، ل 7.
8- هه‌مان سه‌رچاوه، ل 11.
9- جامعه، فرهنگ، ادبیات: گلدمن، ادورنو، پیاژه، ترجمه، جعفر پوینده، نشر چشمه، تهران 1380، ص 90.
10- جان و صورت، گئورگ لوكاچ، نشر ماهی، تهران 1382، ص‌ص 247-283.
11- جامعه، فرهنگ، ادبیات: گلدمن، ادورنو، پیاژه، ترجمه، جعفر پوینده، نشر چشمه، تهران 1380، ص 94-95.
12- هه‌مان سه‌رچاوه، ل 105.
13- هه‌مان سه‌رچاوه، ل 103.
14- هه‌مان سه‌رچاوه، ل 107-108.
15- گامی در نقد فلسفه هگل، کارل مارکس، مرتضی محیط، نشر اختران، تهران 1381، ص‌ص 58- 59.
هیچ نظری موجود نیست:
ارسال یک نظر