پـــــــــــــــــووڵ
the money
the money
کارل مارکس
و: هادى محه‌مه‌دى
و: هادى محه‌مه‌دى
ئه‌گه‌ر هه‌ست و خواست و ئاره‌زووه‌کانى مرۆڤ، به‌ماناى سنووردارى وشه‌که، ته‌نیا تایبه‌تمه‌ندى مرۆڤناسانه نین، له‌راستیدا گه‌وهه‌ر (و سروشتى) ئانتۆلۆژیکى مرۆڤ ده‌سه‌لمێنن، ئه‌گه‌ر ئه‌م هه‌ست و خواستانه بوونى خۆیان ته‌نیا تا ئه‌و جێگایه بچه‌سپێنن که بابه‌ت (object) به‌شێوه‌ى به‌رهه‌ست بۆ ئه‌وان له‌ئارا دایه، که‌وابوو رۆشنه که:
1) شێوه‌ى به‌دیهێنان قه‌ت یه‌کسان و یه‌کشێوه نییه، به‌ڵکوو به‌پێچه‌وانه‌وه چه‌ندین شێوه‌ى جیاوازى به‌دیهێنان، خه‌سڵه‌تى تایبه‌تى ژیان و بوونى ئه‌م خواستانه پێکدێنن. شێوازى بوونى بابه‌ته‌کان یان شێوه‌ى ده‌رخستنیان بۆ هه‌سته‌کان، هه‌ر هه‌مان شێوه‌ى تایبه‌تى دابینکردنى خواست و ویسته‌کانى مرۆڤه.
2) له‌به‌ر ئه‌وه‌ى که به‌دیهێنانى به‌رهه‌ستى بابه‌ت، جۆرێک سڕینه‌وه و له‌نێوبردنى راسته‌وخۆى بابه‌ته (وه‌ک خواردن و خواردنه‌وه و ...) سه‌لماندنى بابه‌تیش بێجگه له‌م پرۆسه‌یه هیچ نییه.
3) تا جێگایه‌ک که مرۆڤ و، هه‌ست و ئاره‌زووه‌کانى، پرسى مرۆڤین، به‌دیهێنانى بابه‌ت له‌لایه‌ن مرۆڤێکى تره‌وه به ماناى به‌دیهاتنى ویستى خۆیه‌تى.
4) ته‌نیا به هۆى تێکنۆلۆژى پێشکه‌وتوو، یانى به‌هۆى خاوه‌ندارى تایبه‌تییه‌وه‌یه که سروشتى ئانتۆلۆژیکى ویسته ئینسانییه‌کان، هه‌م له‌ڕووى گشتێتى و هه‌م له‌ڕووى مرۆڤییه‌وه ده‌چه‌سپێن. که‌وابوو زانستى مرۆڤى به‌رهه‌مى خۆسازى مرۆڤه له رێگه‌ى تێکۆشانى پراتیکییه‌وه.
5) خاوه‌ندارى تایبه‌تى، به‌ده‌ر له دابڕان (ئیزۆلاسیۆن)، یانى هه‌بوونى ئوبژه و شته بنه‌ماییه‌کان وه‌ک ئامێرى چالاکى و لهزهتخوازى بۆ ئینسان.
له‌به‌ر ئه‌وه‌ى که پووڵ تایبه‌تمه‌ندى و ده‌سه‌ڵاتى کڕین و داگیرکردنى هه‌موو شتێکى هه‌یه، شتێکی ئێجگار پرَ به‌هایه. گشتگیرى و به‌رفراوانى ئه‌م خه‌سڵه‌ته، بناغه‌ى ده‌سه‌ڵاتى ره‌هاى پووڵ پێکدێنێ. به‌مهۆیه پووڵ وه‌ک خاوه‌ن تواناى ره‌ها حساب ده‌کرێ... پووڵ ده‌ڵاڵى خۆشه‌ویستییه که له‌نێوان پێویستى و شت دا و، له‌نێوان ژیان و بژێوى ئینسان دایه. به‌ڵام ئه‌و شته‌ى که ده‌بێته نێوه‌نجى ژیانى من، ده‌شبێته نێوه‌نجى بوونى ئه‌وانیدى بۆ من. پووڵ بۆ من رۆڵى ئه‌ویدى ده‌گێڕێ.
چى ده‌ڵێى کابرا؟ بایه‌خى پێ مه‌ده!
تۆ خاوه‌ن ده‌ست و پێ و سه‌ر و سمتى خۆتى!
مادام که ژیان خۆشه، ده‌بێ ئه‌وه‌ى به‌ده‌ستى دێنین بۆ خۆمان بێت.
گریمان شه‌ش جوانوو هى من بێ و؟
به‌شێوه‌یه‌ک غاریان بده‌م که شاسوارێک نێچیران راو ده‌کات.
(فاوستى گۆته، به‌شى یه‌که‌م، دیمه‌نى چواره‌م)
هه‌روه‌ها شیکسپێر له تیمون ئاتنى دا ده‌ڵێ:
زێڕ؟ زه‌رد، پرشنگدار، گرانبایى؟ گلێنه‌ى چاو
ئه‌ى خێڵى خودایان، زه‌مین، ئاسمانى شین،
من کاهنى درۆزن نیم، به‌ڵام
به مشتێک زێڕ به‌ئاسانى
شووم ده‌بێته پیرۆز و، په‌ست ده‌بێته باڵا
پیر گه‌نج ده‌بێته‌وه و، پیس پاک و، ترسنۆک دلێر!
ئه‌رێ، ئه‌وه زێڕه
که نۆکه‌ر و میرزا و گزیر و وه‌زیرت لێده‌ستێنێته‌وه
تاج و ته‌ختى پیاوى دلێر هه‌ڵده‌وه‌شێنێته‌وه!
ئه‌م کۆیله زه‌رده!
دین دروست ده‌کات، پاشان تێکیده‌دات
ناپاک پیرۆز ده‌کات، سیماى دزێوى سامناک دڵگر ده‌کات.
ده‌سه‌ڵات و شان و شکۆ به چه‌ته‌کان و، هێز و توانا به مڵکداران ده‌به‌خشێ!
بۆ پیره‌ژنێکى داڕزیوى به‌دخو ده‌بێته شوو و چرچ و لۆچ و پیسایى لێده‌سڕێته‌وه و
به مه‌رهه‌م و عه‌تر و عه‌بیر وه‌ها ده‌یڕازێنێته‌وه که بۆنى به‌هارى لێدێ!
ئێستا بگه‌ڕێوه
ئه‌ى خاکى په‌ست، ئه‌ى قه‌حپه سروشتى سه‌رچاوه‌ى دڵپیسى خه‌ڵک!
بگه‌ڕێوه تا وات لێبکه‌م که سروشتى خۆت رسوا بکه‌ى!
(په‌رده‌ى چوارم، دیمه‌نى سێهه‌م)
شیکسپێر له درێژه‌ى ئه‌م بابه‌ته‌دا ده‌ڵێ:
ئه‌ى بکوژى نه‌رم و نیانى پاشاکان،
له نێوان باوک و کوڕان رق دهخولقێنى،
نوێنى پاکان پیس ده‌که‌ى و کچێنى پاکترین کچان دهفهوتێنى!
ئه‌ى شه‌ڕئه‌نگێزى دلێر، جوان چاکى خۆشه‌ویست، نه‌رم و زراڤ،
عاشق و پڕهه‌ست، له‌سه‌ر گۆناکانت لووزه‌و ده‌به‌ستێ ئه‌و به‌فره پیرۆزه
که داوێنى خاوێنى "دیان" داده‌پۆشێ!
له‌گه‌ڵ تۆمه ئه‌ى خوداى رواڵهتبین که به ده‌سه‌ڵاتى خۆت
دوورترین دووره‌کان پێکه‌وه پێوه‌ند ده‌ده‌ى تا یه‌کتر ماچ بکه‌ن!
ئه‌ى زمان لوس که به سه‌د دیالێکت دهپهیڤى و مه‌به‌ستى خۆت دهپێکى!
ئه‌ى تاڵانکارى دڵان، بڕوانه چۆن ره‌گه‌زى مرۆڤت یه‌خسیر و لاواز و زه‌لیل کردووه
هه‌رده‌م شه‌ڕێک ههڵدهگیرسێنى و
سه‌رئه‌نجام رکێفى دنیا به ده‌ستى په‌ستان ده‌سپێرى.
(هه‌مان)
شیکسپێر دیمه‌نێکى دره‌وشاوه له پووڵ ئاراسته ده‌کات. بۆ تێگه‌یشتن له شیکسپێر سه‌ره‌تا پێویسته ئه‌و کۆپلهیهى گۆته راڤه بکه‌ین:
ئه‌و شتانه‌ى که له رێگه‌ى پاره‌وه بۆ من دابین ده‌کرێن، ئه‌و شتانه‌ى که ده‌توانم به پاره بیانکڕم، یانى ئه‌و شتانه‌ى که پاره ده‌توانێ بیانکڕێ، من ئه‌وم، خاوه‌ن پاره. هه‌رچه‌نده ده‌سه‌ڵاتى پاره‌ى من زیاتر بێت، من به‌هێزترم. له راستیدا خه‌سڵه‌ت و تایبه‌تمه‌ندییه‌کانى پووڵ، خه‌سڵه‌ت و تایبه‌تمه‌ندى خاوه‌ن پووڵ، یانى من، پێکدێنێ. که‌وابوو هێز و تواناى من قه‌ت به‌هۆى بوونى سه‌ربه‌خۆ و تاکێتى منه‌وه دیارى ناکرێت. من دزێوم، به‌ڵام ده‌توانم جوانترین ژن به‌ده‌ست بێنم که‌وابوو من دزێو نیم، چونکه پووڵ دزێوى و ناشیرینی من ده‌سڕێته‌وه. وه‌ک تاکێک شه‌ل و شهوێقم، به‌ڵام پاره قاچ و پێم بۆ فه‌راهه‌م ده‌کات، که‌وابوو من لاواز نیم. من که‌سێکى شه‌ڕانى و خراپکار، نامرۆڤ و فریوکار، گه‌مژه و بێ ئه‌خلاقم، به‌ڵام پووڵ رێز و حورمه‌تى هه‌یه و، که من پووڵدار بم، خاوه‌ن رێز و پرستیژم. پووڵ چاکترین شته، که‌وبوو خاوه‌ن پووڵێش پیاوچاکه. هه‌روه‌ها پووڵ په‌ستى من داده‌پۆشێ و له کێشه‌ى فریوکاری رزگارم ده‌کات، که‌وابوو خه‌ڵک پێیوایه که من که‌سێکى چاک و پاک و دروست کارم. من که‌سێکى ناکارامه و بێ فکرم، به‌ڵام ئه‌گه‌ر پووڵ بیر و ئه‌ندێشه‌ى هه‌قیقى هه‌موو شتێکه، که‌وابوو خاوه‌ن پووڵ که‌سێکى ژیر و خاوهنبیره! هه‌روه‌ها ئه‌و ده‌توانێ که‌سانى ئازا بۆ خۆى بکڕێ، یانى به سه‌پاندنى ده‌سه‌ڵاتى پاره به‌سه‌ر که‌سانى ئازادا له وان ئازاتر ده‌رده‌که‌وێ! من به‌هۆى پووڵ ده‌توانم هه‌ر شتێک ئاره‌زووم بێت به‌ده‌ستى بێنم. که‌وابوو من خاوه‌ن هه‌موو توانایه‌کى مرۆڤیم! یانى پاره هه‌موو لاوازى و ناکارامهییهکانى من ده‌شارێته‌وه و هێز و توانام پێده‌به‌خشێ!
ئه‌گه‌ر پووڵ کۆت و زنجیرێکه که من له‌گه‌ڵ ژیانى ئینسانى و کۆمه‌ڵگه له‌گه‌ڵ من پێوه‌ند ده‌دات، من له‌گه‌ڵ سروشت و مرۆڤ پێوه‌ند ده‌دات، که‌وابوو خۆى زنجیرى هه‌موو زنجیره‌کانه. ئایا ناتوانێ هه‌موو زنجیره‌کان تۆکمه بکات یان بیپچڕێنێ؟ ئایا هۆکارى گشتى دابڕان نییه؟ پووڵ هۆکارى هه‌قیقى دابڕان و هۆکارى هه‌قیقى لێکئاڵانه. به‌کورتى، ده‌سه‌ڵاتى کیمیایى کۆمه‌ڵگه‌یه.
شیکسپێر به‌شێوه‌ى تایبه‌تى دوو خه‌سڵه‌تى پووڵ ئاشکرا ده‌کات:
1) پووڵ خودایه‌کى دیاره: هه‌موو خه‌سڵه‌ت و تایبه‌تمه‌ندییه سروشتى و ئینسانییه‌کان ده‌توێنێته‌وه و پێچه‌وانه‌یان ده‌کاته‌وه، تێکه‌ڵکردن و ئاوهژووکردنى شته‌کان، شته لێکدژ و دژوازه‌کان پێکه‌وه پێوه‌ند ده‌دات.
2) پووڵ قهحپهیهکى گشتییه و ده‌ڵاڵى خۆشه‌ویستی ده‌کات بۆ پیاوان و بۆ خه‌ڵک.
ئاوه‌ژووکردن و تێکه‌ڵکردنى هه‌موو خه‌سڵه‌ته سروشتى و ئینسانیه‌کان، پێوهنددانى فاکته دژوازه‌کان، ده‌سه‌ڵاتى خودایى پووڵ له سروشتى ئه‌ودا وه‌ک خه‌سڵه‌تى ئیزۆله و نامۆکهرى ره‌گه‌زى مرۆڤه که به فرۆشتنى خۆى، گه‌وهه‌رى خۆى نامۆ ده‌کات. پووڵ وزه و تواناى نامۆبووى ره‌گه‌زى مرۆڤه.
ئه‌و شتانه‌ى که من ناتوانم ئه‌نجامى بده‌م، یانى ئه‌و کارانه‌ى که به هه‌موو ده‌سه‌ڵاتى تاکى من ئه‌نجام نادرێن، به یارمه‌تى پووڵ ئه‌نجام ده‌درێن. که‌وابوو پووڵ هه‌موو ده‌سه‌ڵاتێکى بنه‌مایى ده‌گۆڕێ و پێچه‌وانه‌ى ده‌کاته‌وه.
ئه‌گه‌ر من حه‌زم له خۆراکێکى خۆش بێت، یان به‌هۆى لاوازى نه‌توانم رێگه بکه‌م و بمه‌وێ سوارى ماشێنێک بم، پاره ده‌توانێ هه‌م ئه‌و خۆراکه و هه‌م ئوتۆمبیلم بۆ فه‌راهه‌م بکات، یانى خه‌ون ئاره‌زووه‌کانى من پراکتیزه بکات. پووڵ حه‌ز و ئایدیالهکانى بیرى من بهدیدێنێ، یانى خه‌یاڵ و فانتێزیا ده‌کاته راستى. له وه‌ها رۆڵێکى نێوبژیوان دایه که پووڵ وه‌ک ده‌سه‌ڵاتى داهێنه‌رى هه‌قیقى ده‌رده‌که‌وێ.
ئه‌وانه‌ش که پاره‌یان نییه داخوازییان هه‌یه، به‌ڵام خواستى ئه‌وان ته‌نیا خه‌ون و خه‌یاڵه. بۆ ئێمه بوون و کاریگه‌رى نییه. که‌وابوو بۆ من وه‌ک خواستێکى ناڕاست و بێ ناوه‌رۆک ده‌مێنێته‌وه. جیاوازى نێوان خواستى کاریگه‌ر به‌پێى پاره و خواستى بێ کاریگه‌رى به‌پێى نیاز، ئاره‌زوو، هه‌وه‌س و هتد جیاوازى نێوان دنیاى واقعى و ئه‌ندێشه و خولیاى ده‌روونى منه.
ئه‌گه‌ر من پووڵم بۆ سه‌فه‌ر کردن نه‌بێت، نیازیشم به سه‌فه‌ر نییه و ناتوانم له سه‌فه‌ردا دابینى بکه‌م. ئه‌گه‌ر ده‌رفه‌ت و تواناى خوێندنه‌وه‌م هه‌بێ، به‌ڵام بۆ ئه‌م کاره پاره‌م نه‌بێ، تواناى خوێندنه‌وه‌م نییه، یانى وزه و تواناى راسته‌قینه‌م کوێر ده‌بێته‌وه. به‌ڵام ئه‌گه‌ر تواناى خوێندنه‌وه‌م نه‌بێ، به‌ڵام خواستى خوێندنه‌وه و پاره‌م هه‌بێ، ئه‌وجار ده‌رفه‌ت و تواناى خوێندنه‌وه‌شم ده‌بێ. پووڵ که ئامێر و ده‌سه‌ڵاتى گشتییه – ئه‌گه‌رچى له مرۆڤى راسته‌قینه و کۆمه‌ڵى مرۆڤى راسته‌قینه‌وه سه‌رچاوه ناگرێ- به‌ڵام ده‌توانى خه‌ون بکاته راستى و، راستى بکاته خه‌ونى په‌تى. به‌مجۆره پووڵ توانا سروشتى و ههقیقییهکانى مرۆڤ ده‌کاته خه‌ون و خه‌یاڵى په‌تى و ته‌واو ده‌رهه‌ست و، وه‌ک لاوازى و خه‌یاڵاتى ده‌روون شێوێن ده‌ریده‌خات، وه‌ک چۆن لاوازى و خه‌یاڵات ده‌کاته هێز و ده‌سه‌ڵاتى بنه‌ڕه‌تى و راسته‌قینه. که‌وابوو، پووڵ شێوازى ئاوهژووى توانا تاکییهکانه که پێچه‌وانه‌یان ده‌کاته‌وه و خه‌سڵه‌تى دژواز به خه‌سڵه‌تى سه‌ره‌کى ئه‌وان زیاد ده‌کات.
که‌وابوو، پووڵ له پێوه‌ندى له‌گه‌ڵ تاک و ئه‌و کۆت و به‌نده کۆمه‌ڵایه‌تیانه که بانگه‌شه‌ى ئه‌وه ده‌که‌ن که فاکتى زاتى و بنه‌ڕه‌تین، وه‌ک هێزێکى ئاوهژووکهرهوه ده‌رده‌که‌وێت. پووڵ یانى هۆکار و ده‌سه‌ڵاتێکى سه‌رسوڕهێنه‌ر که وه‌فادارى ده‌کاته خه‌یانه‌ت، عشق ده‌کاته نه‌فره‌ت، پیرۆز ده‌کاته په‌ست و، په‌ست به پیرۆز، نۆکه‌ر ده‌کاته ئاغا و، ئاغا ده‌کاته نۆکه‌ر، وڕێنه ده‌کاته ئه‌قڵ و ئه‌قڵ ده‌کاته وڕێنه.
بۆوه‌ى که پووڵ، وه‌ک چه‌مکێکى ئه‌کتیڤ و زیندووى بایه‌خدار، هه‌موو شتێک دهشێوێنى و سات و سه‌وداى پێوه ده‌کات، که‌وابوو هۆکارى ئاڵووێر و تێکدانى هه‌موو شته‌کانه، دنیایه‌کى پێچه‌وانه و شێواو پێکدێنێ و هه‌موو خه‌سڵه‌ته سروشتى و مرۆڤییهکان ده‌کڕێ و ده‌فرۆشێ.
که‌سێک که ده‌توانێ دلێرى بکڕى دڵێره، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ترسنۆکیش بێت. پووڵ له‌پێناو تایبه‌تمه‌ندى یان شتێکى تایبه‌ت، یان له‌پێناو هه‌رکام له ده‌سه‌ڵاته سه‌ره‌کییه‌کانى مرۆڤ ئاڵووێر ناکرێت، به‌ڵکوو له‌ئاست هه‌موو دنیاى به‌رهه‌ست و واقعى مرۆڤ و سروشت سه‌ودا ده‌کرێت. ئه‌گه‌ر له روانگه‌ى که‌سێکى خاوه‌ن پووڵه‌وه بڕوانین، پووڵ هه‌ر خه‌سڵه‌تێک له‌گه‌ڵ شت یان خه‌سڵه‌تێکى تر سه‌ودا ده‌کات، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر خه‌سڵه‌ت و شته‌کان لێکدژ بن. پووڵ ده‌سه‌ڵاتێکه که هه‌موو فاکته دژوازه‌کان پێکه‌وه کۆ ده‌کاته‌وه و پارادۆکسه‌کان ناچار به سازگارى ده‌کات.
ئه‌گه‌ر وایدانین که مرۆڤ مرۆڤه و، پێوه‌ندى له‌گه‌ڵ جیهان پێوه‌ندییه‌کى مرۆڤییه، ئه‌وجار عشق ته‌نیا ده‌توانێ له‌گه‌ڵ عشق ئاڵووێر بکرێت، متمانه به متمانه و هتد. ئه‌گه‌ر ده‌مانه‌وێ له هونه‌ر چێژ وه‌رگرین ده‌بێ په‌روه‌رده‌ى هونه‌ریمان دیبێ، ئه‌گه‌ر دهمانهوى له‌سه‌ر خه‌ڵک کاریگه‌ریمان هه‌بێت، ده‌بێ له‌و جۆره که‌سانه بین که بتوانین خه‌ڵک ببزوێنین و وره و بوێرییان پێ ببه‌خشین. ده‌بێ هه‌ر کام له پێوه‌ندییه‌کانمان له‌گه‌ڵ خه‌ڵک –وله‌گه‌ڵ سروشت- له‌به‌راورد له‌گه‌ڵ مه‌به‌ست و ئیراده‌مان، هێمایه‌کى تایبه‌ت له خواستى تایبه‌تى ئێمه و ژیانى تاکى و واقعى و هه‌قیقى ئێمه بێت. ئه‌گه‌ر به بێ خواستى خۆشه‌ویستى، خۆشه‌ویستى ده‌رببڕین، یانى عشقى ئێمه وه‌ک عشق، عشقى لایه‌نى به‌رانبه‌ر نه‌بزوێنێ، ئه‌گه‌ر به ده‌ربڕینى زیندوو به دڵ و گیان نه‌توانین خۆشه‌ویستى خۆمان، وه‌ک ئاشقێک، به دڵدارهکهمان بێژین، ده‌بێ ئه‌م راستییه قه‌بووڵ بکه‌ین که خۆشه‌ویستیمان قسر و بێ سه‌مه‌ره و مایه‌ى زه‌بوونى و چارهڕهشییه.
سه‌رچاوه: مجله ارغنون، شماره 3، ص‌ص 45-51.
هیچ نظری موجود نیست:
ارسال یک نظر