قوتابخانه‌ی فرانکفۆرت و ده‌روونشیکاری
(Frankfurt school and psychoanalysis)
مارتین جه‌ی
ئه‌گه‌ر ترس و کاولکاری(تاناتوس) سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌کی فاشیزم پێکدێنێ، عشق و خۆشه‌ویستی (ئیرۆس) ده‌رفه‌ت بۆ دێموکراسی ده‌ڕه‌خسێنێ.
"که‌سێتی ده‌سه‌ڵات خواز، ئادورنۆ/ هۆرکهایمێر"
(1)
له ده‌یه‌ی 70ی سه‌ده‌ی بیسته‌مدا دژوار بوو له‌بوێری ئه‌و تیۆریسازانه تێبگه‌ی که ده‌یانویست روانگه‌کانی مارکس و فرۆید پێوه‌ند بده‌ن. له‌م دواییانه‌دا به په‌ره‌سه‌ندنی هۆگری خه‌ڵک به ڤیلهێلم رایش و کاریگه‌ری به‌رفراوانی کتێبه‌که‌ی مارکوزه، ئیرۆس و شارستانیه‌ت، ئه‌م بۆچوونه که هه‌ر دوو بیرمه‌ند له دوو دیدگای جیاوازه‌وه باسی چه‌ند پرسێکی وه‌ک یه‌ک ده‌که‌ن، له‌نێوان زۆربه‌ی چه‌په‌کان دا گرنگی پێدراوه. نه‌سڵێک پێشتر له هه‌ر دوو لای ئاتلانتیکه‌وه گاڵته به وه‌ها بیرێک ده‌کرا. ئه‌گه‌رچی ترۆتێسکی هۆگری ده‌روونشیکاری بوو، به‌ڵام پاش 1923 ده‌نگی ئه‌و له بلوکی کۆمۆنیزمی ئۆرتۆدوکس دا خنکێنرا، یانی هه‌ر ئه‌و کاته که رێبازی فرۆید و پێره‌وانی قه‌ده‌غه کرا و ره‌فتاری پاولۆڤی [وه‌ک ده‌روونناسی شیاوی مارکسیزم-لێنینیزم] به ره‌سمی ناسرا. له نێو بزاڤی ده‌روونشیکاریش دا بیرمه‌ندانێک وه‌ک زیگفرید بێرن، ئۆتۆ فێنیشێل و پاڤێڵ فێدێرن لایه‌نگری پێوه‌نددانی دوو سیستمی مارکسی و فرۆیدی بوون به‌ڵام له‌م کاره‌دا سه‌رکه‌وتنێکی وایان به‌ده‌ست نه‌هێنا؛ ڤیلهێلم رایش، لایه‌نگری پڕهه‌رای ئه‌م کاره له کۆتایی ده‌یه‌ی 20 و سه‌ره‌تای ده‌یه‌ی 30 دا له‌گه‌ڵ گاڵته‌ی هه‌موان به‌ره‌وڕوو بوو و له نێوه‌ڕاستی ده‌یه‌ی 30 دا سوکایه‌تی پێکرا و هه‌م له پارتی کۆمۆنیستی و، هه‌م له بزاڤی ده‌روونشیکاری ده‌رکرا. پارێزکاران و توندڕه‌وه‌کان به یه‌ک شێوه رێک که‌وتبوون که ره‌شبینی سه‌ره‌کی فرۆیدی له‌مه‌ڕ ده‌رفه‌تی گۆڕانی کۆمه‌ڵایه‌تی، له‌گه‌ڵ گه‌شبینی شۆڕشگێڕانه‌ی پێڕه‌وانی مارکس له ناکۆکی دایه. دواتر ساڵی 1959 فیلیپ ریڤ ده‌یتوانی بنووسێ: "به رای مارکس رابردوو ئاوسی داهاتووه و پرۆلیتاریا مامانی مێژووه؛ به رای فرۆید، داهاتوو ئاوسی رابردووه و ته‌نیا پزیشکێکی به‌خته‌وه‌ر ده‌توانێ له‌م باره رزگارمان بکات... شۆڕش ته‌نیا ده‌توانێ مۆدێلی سه‌ره‌تایی سه‌ربزێوی له دژی باوک دووپات بکاته‌وه و به ناچار هه‌موو جاريک تێکبشکێ."
که‌وابوو کۆششی سه‌نته‌ری تۆژینه‌وه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی بۆ پێوه‌نددانی ده‌روونشیکاری له‌گه‌ڵ تیۆری ره‌خنه‌گرانه‌ی نیومارکسیستی ههنگاوێکی بوێرانه و نائاسایی بوو. هه‌روه‌ها نیشانه‌ی خواستی ئه‌م سه‌نته‌ره بوو بۆ ده‌ربازبوون له قاڵبی ته‌سکی مارکسیزمی کلاسیک. له راستیدا یه‌کێ له گرنگترین جیاوازییه‌کانی نێوان نه‌سڵی گرون بێرگ[1] –گروسمان[2]- و جێگرانیان که هۆرکهایمێر رێبه‌ری ئه‌وانی به‌ده‌سته‌وه گرت، ناکۆکییان له‌مه‌ڕ ده‌روونناسی بوو. هه‌ر وه‌ک دواتر ده‌بینین گرنگینه‌دانی فرانتس نۆڤیمان به ده‌روونناسی یه‌کێ له‌و هۆکارانه بوو که ئه‌ندامانی سه‌نته‌ر باوه‌شیان بۆی کرده‌وه. کاتێ که سه‌رئه‌نجام نۆڤیمان بوو به هۆگری فرۆید، به دوا ساڵه‌کانی ته‌مه‌نی گه‌یشتبوو و ئیتر دره‌نگ بوو و نه‌یده‌توانی ئه‌م دوو نه‌ریته پێوه‌ند بدات. به‌پێچه‌وانه‌ی نۆڤیمان، هۆگری هۆرکهایمێر به فرۆید ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ده‌یه‌ی 1920. لیۆ لۆڤنتاڵ سه‌رنجی ئه‌وی بۆ لای فرۆید راکێشابوو، چونکه فرۆم-رایشمان له نێوه‌ڕاستی ده‌یه‌ی 1920 دا ئه‌وی ده‌روونشیکاری کردبوو. جگه له مه‌ش پێوه‌ندی نێوان ده‌روونناسی و سۆسیالیزم بابه‌تێک بوو که له‌و ساڵاندا له فرانکفۆرت به زۆری باسی لێده‌کرا. له کۆڕی ئاکادمیکی چه‌پدا پاش 1929 سۆسیالیستی بلژیکی، هێنریک دۆمه‌ن، له چه‌ند ره‌هه‌نده‌وه رۆڵی گرنگی هه‌بوو. ساڵی 1927 له کتێبێک دا له‌مه‌ڕ ده‌روونناسی مارکسیزم تێکۆشابوو تا پراگماتیزم که زیاتر به‌پێی سوبژکتیڤیزم بوو، له‌جیاتی دێترمینیزمی ئابووری دابنێ. دۆمه‌ن ره‌خنه‌ی توندی له ده‌روونناسی قازانجخوازی په‌یوه‌ست به مارکس گرت و، له‌جیاتی ئه‌و گرنگی به ریشه‌کانی کرداری نائه‌قڵانی رادیکاڵ ده‌دا. له‌و کاته‌دا ده‌نگۆی ئه‌وه بڵاو بۆوه که وه‌ک مامۆستای ده‌روونناسی کۆمه‌ڵایه‌تی دۆمه‌ن یان هێناوه بۆ زانکۆی فرانکفۆرت تا له ئاست مارکسیزمی ئۆرتۆدۆکسی قوتابخانه‌ی فرانکفۆرت هاوسه‌نگییه‌ک پێک‌بێنێ. دۆمه‌ن به هه‌ر هۆیه‌ک هاتبێ، به‌ڵام هاتنی ئه‌و، هۆرکهایمێر و هاوکارانی به‌ره‌و هه‌ڵوێستی نائه‌قڵانی نه‌برد، هه‌ڵوێستێک که راشکاوانه له‌گه‌ڵ تیۆری ره‌خنه‌گرانه ناکۆک بوو؛ کاتێ دواتر دۆمه‌ن وه‌دوای فاشیزم که‌وت، ئه‌وان به‌ته‌واوی لێی دڕدۆنگ بوون، ئه‌ندامانی فرانکفۆرت له یه‌ک شت‌دا له‌گه‌ڵ دۆمه‌ن هاوده‌نگ بوون: خواستی سه‌رچوون له قازانجخوازی که مارکسیزمی ساویلکانه‌ی خه‌وشدار کردبوو.
پێش 1927 ئادۆرنۆ به پێشنیاری هۆرکهایمێر وتارێکی درێژی نووسی و له‌ودا ده‌روونناسی له‌گه‌ڵ فنۆمنۆلۆژی بانئه‌زموونی کۆرنێلیۆس[3] پێوه‌ند دا. ئه‌و له‌م وتاره‌دا ئاماژه‌ی به خاڵی هاوبه‌شی ئه‌م دوانه کردبوو که گرنگی به پێکهاته‌ی لێکبه‌ستراوی نه‌ست ده‌ده‌ن که به‌شێوه‌ی هێمای پێوه‌ند دراوه. ساڵێک دواتر هۆرکهایمێر ئه‌ونده بووبوو به هۆگری ده‌روونشیکاری که بڕیاری دا خۆی ده‌روونشیکاری بکرێت و بۆ ئه‌م کاره‌ش کارڵ لان دوایری شاگردی فرۆیدی وه‌ک ده‌روونناسی خۆی هه‌ڵبژارد. پاش ساڵێک ئه‌و پرسه‌ی که به‌قووڵی مێشکی هۆرکهایمێری به‌خۆیه‌وه خه‌ریک کردبوو، یانی وتاردان به بێ ده‌قی ئاماده‌کراو، چاره‌سه‌ر کرا. لان دوایر هاندرا تا وه‌ک به‌شێک له گرووپی تۆژینه‌وه‌ی ده‌روونشیکاری باشووری ئاڵمان، سه‌نته‌ری ده‌روونشیکاری فرانکفۆرت دامه‌زرێنێ.
سه‌نته‌ری ده‌روونشیکاری فرانکفۆرت که 16 فیڤێریه‌ی 1929 کرایه‌وه وه‌ک یه‌که‌م رێخراوی فرۆیدی ده‌رکه‌وت که به‌شێوه‌ی ناراسته‌وخۆ تێکه‌ڵ به زانکۆیه‌کی ئاڵمان بووبوو. ئه‌م رێکخراوه هه‌روه‌ها له‌گه‌ڵ هۆرکهایمێر و هاوکارانی که له دامه‌زرانی سه‌نته‌ری ده‌روونشیکاری دا کاریگه‌ر بوون، پێوه‌ندی هه‌بوو. خودی فرۆید دوو نامه‌ی بۆ هۆرکهایمێر نووسی تا سپاس و پێزانینی خۆی ده‌رببڕێ.
هێنریش مێنگ و ئریک فرۆم و هاوسه‌ره‌که‌ی فریدا فرۆم، وه‌ک ئه‌ندامانی هه‌میشه‌یی، له‌گه‌ڵ لان دوایر یه‌کیان گرت. له یه‌که‌م مانگه‌کانی دامه‌زرانی سه‌نته‌ری ده‌روونشیکاری دا، ئه‌ندامانی به‌رجه‌سته‌ی بزاڤی ده‌روونشیکاری، هانس زاخس و زیگفرید بێرن و ئانا فرۆید و پاڤڵ فێدێرن، چه‌ند کۆڕ و سمیناریان گێڕا. گیۆرگ گرۆدێک یش زۆر جار له‌گه‌ڵیان بوو. له نێوان چوار ئه‌ندامی هه‌میشه‌یی دا، ئریک فرۆم که زیاتر له 10 ساڵ دۆستی لۆڤێنتاڵ بوو و به‌هۆی ئه‌و به سه‌نته‌ر ناسرابوو، به‌خێرای وه‌ک گرنگترین که‌سی سه‌نته‌ر ده‌رکه‌وت. ته‌نیا ئه‌و بوو که پاش رۆشتنی سه‌نته‌ر بۆ ئه‌مریکا دیسان له‌گه‌ڵی که‌وت. له ئه‌مریکا وه‌ک به‌رزترین ئه‌ندامی رڤیزیۆنیستی نیوفرۆیدی، به پله و پێگه‌یه‌کی شیاو گه‌یشت. لان دوایر چوو بۆ ئامستردام و هه‌رچه‌نده هاوکارانی داویان لێکرد ئوروپا به‌جێبێڵێ و بێت بۆ ئه‌مریکا، وڵامی نه‌دایه‌وه. له درێژه‌ی جه‌نگ دا له بێڵسێن ماڵاوایی له ژیان کرد. هه‌روه‌ها هێنریش مێنگ فرانکفۆرتی به‌جێهێشت و چوو بۆ بازڵ، له‌وێ وه‌ک پسپۆڕی ته‌ندروستی ده‌روونی ناوبانگی ده‌رکرد. که‌وابوو ته‌نیا به‌رهه‌مه‌کانی فرۆم بوو که بۆ یه‌که‌م جار تێکۆشا تا مارکس و فرۆید ئاشت بکاته‌وه.
فرۆم که ساڵی 1900 له فرانکفۆرت له دایک بوو، له فه‌زایه‌کی خه‌ستی مه‌زهه‌بی دا گه‌وره بوو. له سه‌رده‌می تازه‌لاویدا به قووڵی شه‌یدای ره‌وتی مسیانیستی بیری یه‌هوودی بوو. دواتر نووسی: "زیاتر له هه‌ر شتێک نوسراوه‌کانی پێغه‌مبه‌رانێک وه‌ک ئه‌شعیا و عاموس و هوشێع بیری منیان گۆڕی. له‌جیاتی ئه‌وه‌ی چاوه‌ڕوانی کاره‌سات بکه‌م، زیاتر له ژێر 'ئاخر زه‌مان' دا بووم..." فرۆم له سه‌ره‌تای ده‌یه‌ی 1920 دا له‌گه‌ڵ لۆڤێنتاڵ تێکه‌ڵ به گرووپی خاخام نۆبڵ بوو.
ئه‌گه‌رچی فرۆم پاش ئه‌وه‌ی ساڵی 1926 بۆ یه‌که‌م جار له مونیخ ده‌روونشیکاری کرا دروشمه دینییه‌کانی پشتگوی خست، به‌ڵام هێشتا بڕوای به جۆرێک پێشبینی دینی هه‌بوو، ته‌نانه‌ت له دوا به‌رهه‌مه‌کانیشی دا.
ئه‌و شته‌ی که فرۆم له پێشه‌نگی یه‌هوودی خۆی فێر بووبوو له‌گه‌ڵ ئه‌و شتانه‌ی که ئادۆرنۆ و هۆرکهایمێر له پێشینیانیان فێر بوون، ئێجگار جیاواز بوو. فرۆم له‌جیاتی گرنگیدان به گه‌وهه‌ر و ناوه‌رۆکی هه‌قیقه‌ت و ئاڵۆزی پێناسه‌کردنی سروشتی مرۆڤ، گرنگی به جۆرێک مرۆڤناسی فه‌لسه‌فی ده‌دا. فرۆم وه‌ک مارتین بوبر و ئه‌ندامانی دیکه‌ی گرۆۆپی Lir house گه‌وهه‌ری مرۆڤی به شتێک ده‌زانی که به‌هۆی پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ جیهان و دانوستان له‌گه‌ڵ خه‌ڵک ده‌خولقێ. ئه‌م شته به ئاشکرا له دوا به‌رهه‌مه‌کانی ئه‌ودا، کاتێ که سه‌نته‌ری به‌جێهێشت، ده‌بینرێ. به‌ڵام فرۆم هه‌میشه له‌سه‌ر فاکتی گه‌وهه‌ری مرۆڤی پێی داده‌گرت. ئه‌م گه‌وهه‌ره چه‌مکێکی نه‌گۆڕی وه‌ک natura ی رۆمی نه‌بوو، به‌ڵکوو زیاتر وه‌ک گه‌وهه‌ری بزۆزی مرۆڤ به مانای [4]physis ی یۆنانییه. فرۆم به‌مجۆره گرنگی زۆری به دال و هێمای مرۆڤناسانه‌ی ده‌سنوسه فه‌لسه‌فی و ئابوورییه‌کانی مارکس ده‌دا. ئه‌و له‌م بابه‌ته‌وه زیاتر له مارکوزه نزیک بوو، نه‌ک ئادۆرنۆ و هۆرکهایمێر. فرۆم له نێو ئه‌و که‌سانه‌دا که له مه‌کته‌بی فرانکفۆرت کاریان ده‌کرد زیاتر له هه‌موان چه‌مکی له‌خۆنامۆیی (alienation) مارکسی به‌کار دێنا، به تایبه‌ت له‌و به‌رهه‌مانه‌دا که پاش جیابوونه‌وه له سه‌نته‌ر نووسی. ئه‌و هه‌وڵی دا تا خه‌سڵه‌تی زاتی مرۆڤ وه‌ک بنه‌مای جیهانبیبی خۆی له‌مه‌ڕ مرۆڤی گه‌شه‌کردوو دابنێت، به‌مهۆیه له به‌رهه‌مه‌کانی سپینوزا و ده‌یویی دا بۆ چه‌ند تیشکی له‌م خه‌سڵه‌ته ده‌گه‌ڕا؛ له ده‌یه‌ی 1940 دا هه‌وڵی دا که سه‌رتر له ده‌روونناسی، به‌ره‌و سیستمێکی ئه‌خلاقی بڕوات که ئه‌ویش له‌سه‌ر گه‌وهه‌ری مرۆڤ پێکهاتبوو. له سه‌ره‌وه‌ی ئه‌خلاقناسی (مۆرالیزم)ی ئه‌ودا – که به باشترین شێوه له کتێبی "مرۆڤ بۆ خۆی 1947" دا به‌یان کراوه- ناتورالیزم به‌دی ده‌کرێ که هه‌ندێ که‌س ره‌خنه‌یان لێگرتووه.
فرۆم له ده‌یه‌ی 1940 دا نه ته‌نیا سه‌نته‌ری فرانکفۆرت به‌ڵکوو فرۆیدیزمیشی به‌جێهێشت. ئه‌ڵبه‌ت ئه‌مه به‌و مانایه نییه که هه‌موو ره‌هه‌ندێکی هه‌ڵوێستی سه‌ره‌تایی خۆی ره‌ت کرده‌وه. ئه‌و دواتر نووسی:
من هه‌رگیز حاشام له فرۆیدیزم نه‌کردوه ته‌نیا له‌ئاست بۆچوونێک دژایه‌تیم کردووه که ئه‌ندێشه‌ی فرۆید له تیۆری لبیدۆیی دا کورت ده‌کاته‌وه... من ده‌سکه‌وتی سه‌ره‌کی فرۆید به چه‌مکی نه‌ست ده‌زانم و ده‌روونژاکاوی و خه‌ونه‌کان و ... به ده‌رکه‌وتی نه‌ست ده‌زانم. ئه‌م چه‌مکانه له هه‌موو به‌رهه‌مه‌کانی مندا گرنگی سه‌ره‌کییان هه‌یه و وتنی ئه‌م شته که چونکه حاشام له تیۆری لبیدۆ کردووه که‌وابوو حاشام له فرۆیدیزم کردووه، وته‌یه‌کی ره‌هایه که ته‌نیا له دیدگای فرۆیدیزمی ئۆرتۆدۆکسه‌وه به‌یان ده‌کرێ. به هه‌ر حاڵ من هه‌رگیز حاشام له ده‌روونشیکاری نه‌کردووه و هه‌رگیز نه‌مویستوه خۆم قوتابخانه‌یه‌ک دامه‌زرێنم. من له ئه‌نجۆمه‌نی ده‌روونشیکاری نێونه‌ته‌وه‌یی ده‌رکرام به‌ڵام هێشتا [1971] ئه‌ندامی ئه‌نجۆمه‌نی ده‌روونشیکاری واشنگتۆنم که ئه‌نجۆمه‌نێکی فرۆیدییه. من هه‌مێشه ره‌خنه‌م له فرۆیدیزمی ئۆرتۆدۆکس و مێتۆدی بروکراتیکی رێکخراوه نێونه‌ته‌وه‌ییه فرۆیدییه‌کان گرتووه، به‌ڵام تێکڕای کاری تیۆریکی من به‌پێی گرنگترین ده‌سکه‌وته‌کانی فرۆید پێکهاتووه.
به رای خاوه‌ن رایان، ره‌تکردنه‌وه‌ی تیۆری لبیدۆ و هه‌ندێ توخمی گرنگ و سه‌ره‌کی ئه‌ندێشه‌ی فرۆید، وه‌ک گرێی ئۆدیپ، به‌و مانایه بووه که فرۆم ئه‌وه‌نده له بنه‌ماکانی فرۆیدیزمی ئۆرتۆدۆکس دوور که‌وتۆته‌وه که ده‌کرێ به رڤیزیۆنیستێکی ته‌واوی بزانین. بۆوه‌ی که فرۆم ده‌سکه‌وته‌کانی کلینیکی فرۆید له ده‌سکه‌وتی بان ده‌روونناسی (دوو غه‌ریزه‌ی مه‌رگ و ژیان و تیۆری لبیدۆ) جیاده‌کاته‌وه، ئه‌و که‌سانه که له نێوان ئه‌م دوو بواره‌دا پێوه‌ندی قووڵ ده‌بینی، لێی زیز بوون.
ئه‌گه‌رچی فرۆم هه‌رگیز له کۆشش بۆ پێوه‌نددانی مارکسیزم و ده‌روونشیکاری رانه‌وه‌ستا، به‌ڵام دوا به‌رهه‌مه‌کانی ئه‌وه‌نده به‌پێی فرۆیدیزم رانه‌وه‌ستابوو، به‌ڵکوو تا ده‌هات به‌پێی جیهانبینی ده‌روونناسانه پێکهاتبوو که خودی مارکس پێشبینی کردبوو. کاتێ فرۆم له ساڵی 1962 دا ویستی بیۆگرافی فکری خۆی بنووسێ، له ئاڵوگۆڕی فکری خۆیدا ده‌وری مارکسی زۆر به گرنگتر زانی. "مارکس که‌سایه‌تییه‌کی گرنگی مێژوویی- جیهانییه که ناکرێ فرۆید له‌گه‌ڵ ئه‌و به‌راورد بکه‌ین." چه‌مکی پێغه‌مبه‌رانه‌ی ئاشتی جیهانی که فرۆم له سه‌رده‌می مناڵی دا هه‌میشه بیری لێده‌کرده‌وه، ئه‌وی به‌ره‌و ئاقارێک برد تا زیاتر بڕوا به گه‌شبینی مارکسی بکات نه روانگه‌ی ره‌شبینی فرۆیدی، به‌ڵام سه‌ره‌ڕای ئه‌مه‌ش هێشتا به زۆر چه‌مکی فرۆیدی وه‌فادار بوو.
به هه‌رحاڵ، سی ساڵ پێشتر، کاتێ که فرۆم هاته نێو سه‌نته‌ری فرانکفۆرت روانگه‌یه‌کی ته‌واو جیاوازی له‌مه‌ڕ فرۆید هه‌بوو. پاش خوێندنی زانکۆکانی فرانکفۆرت و هایدلبێرگ و مونیخ، له ناوه‌ندی ده‌روونشیکاری برلین دا فێری ده‌روونشیکاری بوو. هانس زاخس ئه‌وی ده‌روونشیکاری کرد و فرۆیدیستێکی به‌رجه‌سته‌ی وه‌ک تیۆدۆر رایک پرۆڤه‌ی پێ‌کرد و باری هێنا. خۆی له ساڵی 1926 دا کاری ده‌روونشیکاری کلینیکی ده‌ست پێ‌کرد، هه‌رچه‌ند که وه‌ک زاخس و ده‌روونشیکارانی سه‌ره‌تایی هه‌رگیز ده‌وره‌ی پزیشکی نه‌دیبوو. فرۆم بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌ی ده‌کرد که هه‌ڵسوکه‌وتی پراتیکی ئه‌و له‌گه‌ڵ نه‌خۆشه‌کان، هانده‌ری سه‌ره‌کی کاری تیۆریکی ئه‌و بووه، ئه‌ندامانی دیکه‌ی سه‌نته‌ر له‌م ئه‌زموونه بێوه‌ر بوون. نه‌ختێ دواتر یه‌که‌م وتاره‌کانی فرۆم له دوو گۆڤاری ده‌روونشیکاری ئۆرتۆدۆکس (نامه‌ی راهێنانی ده‌روونشیکاری ج. شتۆرفێر و imago ی خودی فرۆید) بڵاو کرانه‌وه.
ئه‌گه‌رچی بابه‌ته‌کانی فرۆم زیاتر پشتخانی دینی ئه‌ویان به‌یان ده‌کرد (بۆ نموونه خوێندنه‌وه‌ی سه‌به‌ت[5])،به‌ڵام جگه له مه‌ش هۆگری ئه‌ویان بۆ ده‌روونناسی کۆمه‌ڵایه‌تی ده‌رده‌خست. ساڵی 1931 وتارێکی به ناوی "ده‌روونشیکاری و سیاسه‌ت" نووسی که له نێو کۆڕ و کۆمه‌ڵی ده‌روونشیکاری دا بانگ و هه‌رایه‌کی زۆری وه‌ڕێخست. تۆژینه‌وه‌ی درێژی فرۆم، ئاڵوگۆڕی بنه‌ماکانی مه‌سیح، خواستی ئه‌و ده‌رده‌خات که ده‌یه‌وێ به یارمه‌تی جیهانبینی مارکسیستی فرۆیدیزم گه‌شه پێبدات، لێکۆڵینه‌وه‌ی تیۆدۆر رایک ده‌رباره‌ی ئه‌م پرسه هانده‌ری تۆژینه‌وه‌که‌ی فرۆم بوو. فرۆم ده‌ڵێ رایک له‌و شوێنه‌دا تووشی هه‌ڵه ده‌بێت که مه‌سیحیانی سه‌ره‌تایی به یه‌کسان پیشان ده‌دات، گرووپێکی تاقانه که خاوه‌ن دۆخێکی ده‌روونی وه‌ک یه‌کن. رایک به ئه‌نجامدانی ئه‌م کاره به‌شێوه‌ی تیۆلۆژیستێک وه‌ک هارناک ده‌رده‌که‌وێ: "ئه‌و شته‌ی که رایک پشتگوێی ده‌خات ئه‌مه‌یه که بابه‌تی ده‌روونناسانه لێڕه‌دا یه‌ک مرۆڤ نییه، ته‌نانه‌ت گرووپێکی خاوه‌ن پێکهاته‌یه‌کی تاقانه و نه‌گۆڕی ده‌روونی نییه، به‌ڵکوو چه‌ندین گرووپی جیاوازه که خواستی ده‌روونی و کۆمه‌ڵایه‌تی جیاوازیان هه‌یه." به رای فرۆم گۆڕانی بنه‌ڕه‌تی له بنه‌ماکانی مه‌سیحیه‌ت دا- هه‌ر له بیری ئاداپتاسیۆنی چه‌رخی یه‌که‌مه‌وه که مرۆڤێک که ده‌بێته خودا تا بۆچوونی هۆمۆسینی سه‌ده‌ی چواره‌م که خودا ده‌بێته مرۆڤ- به‌رهه‌می ئاڵوگۆڕی کۆمه‌ڵایه‌تی بوو. ته‌نیا تیۆری سه‌ره‌تایی دوژمنی و سه‌ربزێوی مه‌سیحیانی سه‌ره‌تایی ده‌رده‌خات که له ئاست ده‌سه‌ڵات، یانی ده‌سه‌ڵاتی باوک، ئاخێز ده‌که‌ن. گۆڕانی بیر و را [قه‌بووڵ کردنی تیۆری دووهه‌م] به مانای قه‌بووڵکردنی ده‌سه‌ڵاتی خودا و گۆڕینی سه‌رله‌نوێی رق و قین به‌ره‌و ده‌روون، یانی به‌ره‌و خودی مه‌سیحیانه. فرۆم ده‌ڵێ "هۆکاری ئه‌م ئاڵوگۆڕه، گۆڕانی دۆخی ئابووری- کۆمه‌ڵایه‌تی یان پاشه‌کشه‌ی هێزی ئابووری و ئاکامی کۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌و بوو. بیرسازانی چینی زاڵ به پیشاندانی چه‌ند دۆخێکی هێمایی به خه‌ڵک و رێبه‌ریکردنی رق و قینی خه‌ڵک به ئاقارێک دا که له رووی کۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه بێ زیان بوو، وزه و خێراییان به‌م ئاڵوگۆڕه به‌خشی."
فرۆم به گرنگیدان به وردبوونه‌وه له جیاوازی نێوان گرووپه کۆلهڵایهتییه تایبه‌ته‌کان، له‌رووی ده‌روونناسانه‌وه له‌سه‌ر شتێک پێداگری ده‌کات که ئادۆرنۆ و هۆرکهایمێر – پاش دابڕان له هایدگر- له‌مه‌ڕ چه‌مکی ئابستراکتی "مێژووگه‌ری" historicity)) ئاراسته‌یان کرد. ئه‌و شوێنه که ئه‌و توخمی تایبه‌تی ئه‌ندێشه‌ی فرۆید دێنێته ئاراوه، شوێنێکه که له مکانیزمی ده‌روونشیکارانه وه‌ک چه‌مکی نێوه‌نجی تاک و کۆمه‌ڵگه سود وه‌رده‌گرێ، بۆ وێنه کاتێ که دوژمنی له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵات به چه‌مکی رق و قینی ئۆدیپی له‌ئاست باوک به‌یان ده‌کات. سه‌نته‌ر دواتر هه‌ر به‌مپێیه زۆر چه‌مکی فرۆیدی به‌کار هێنا. بۆرکنا له یه‌که‌م ژماره‌ی [6]zeitschrift تۆژینه‌وه‌یه‌کی ده‌رباره‌ی ئاڵوگۆڕی بنه‌ماکانی مه‌سیح نووسی، ئه‌و ئه‌م وتاره‌ی به یه‌که‌م نمونه‌ی کۆنکرێتی تێکه‌ڵکردنی ئه‌ندێشه‌ی مارکس و فرۆید له قه‌ڵه‌م دا.
فرۆم هه‌ر له‌م ژماره‌یه‌دا تێکۆشا تا شێوازی سه‌ره‌کی ده‌روونناسی کۆمه‌ڵایه‌تی راڤه بکات. ئه‌و تۆژینه‌وه‌که‌ی خۆی به ره‌خنه‌گرتن له‌م بۆچوونه ده‌ست پێ‌کرد که ده‌روونناسی ته‌نیا بۆ تاک به‌کار ده‌برێ و بۆ شرۆڤه‌ی ئه‌م تێۆرییه به‌رهه‌مه سه‌ره‌تاییه‌کانی ڤیلهێلم رایشی به نمونه هێنایه‌وه. فرۆم هه‌رچه‌ند هێرشی کرده سه‌ر چه‌مکی رۆحی گرووپی یان جه‌ماوه‌ری، به‌ڵام به‌م ئاکامه گه‌یشت که تاک قه‌ت به‌ته‌واوی له پێگه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی خۆی جیا نییه. ئه‌رکی راستین، گه‌شه‌پێدان و ساغکردنه‌وه قاڵبی بنه‌ڕه‌تی مارکسیستییه که فرۆم له‌و کاته‌دا بێ شه‌رت و مه‌رج قه‌بووڵی کردبوو. فرۆم وتی به هه‌ڵه مارکسیزمیان به‌وه تاوانبار کردووه که باوڕی به ده‌روونناسی ساویلکانه هه‌یه، که چاوچنۆکی مرۆڤ بناغه‌ی ئه‌و پێکدێنێ. فرۆم ده‌یزانی که مارکس به ده‌گمه‌ن تێزی سایکۆلۆژیکی هه‌یه. به رای مارکس مرۆڤ چه‌ندین پاڵنه‌ری بنه‌ڕه‌تی تایبه‌تی هه‌یه (برسیه‌تی و عشق و هتد) که له هه‌وڵی تێربوون دان، چاوچنۆکی ته‌نیا به‌رهه‌می دۆخێکی کۆمه‌ڵایه‌تی تایبه‌ته. به هه‌ر حاڵ مارکسیزم پێویستی به تیۆری و روانگه‌ی سایکۆلۆژیکی هه‌یه که که‌ساکێک وه‌ک کائۆتسکی و بێرنشتاین به روانگه‌ی ساده‌ی ئایدیالیستی خۆیان له‌مه‌ڕ غه‌ریزه‌ی ئه‌خلاقی زکماکی له داڕشتنی دا سه‌رنه‌که‌وتن. ده‌روونشیکاری ده‌توانێ ئاڵقه‌ی ونبووی نێوان سه‌رخانی ئایدیۆلۆژیک و ژێرخانی ئابووری- کۆمه‌ڵایه‌تی بدۆزێته‌وه. به‌کورتی، ده‌روونشیکاری ده‌توانێ بۆچوونی ماتریالیستی له‌مه‌ڕ خه‌سڵه‌تی زاتی مرۆڤ گه‌شه پێبدات.
به هه‌ر حاڵ فرۆم بۆچوونێکی ئێجگار رۆشنی له‌و شته هه‌بوو که پڕسه‌مه‌رترین ره‌هه‌نده‌کانی ده‌روونشیکاری بۆ ده‌روونناسی کۆمه‌ڵایه‌تی پێکدێنا. ئه‌و له سه‌ره‌تای وتاره‌که‌یدا روونی کرده‌وه که به‌هۆی ئاڵۆزی نائه‌قڵانی بیۆلۆژی و سایکۆلۆژی، تیۆری دوو غه‌ریزه‌ی ژیان و مه‌رگی فرۆید ره‌ت ده‌کاته‌وه. فرۆم له‌جیاتی ئه‌م تیۆرییه، دابه‌شکاری دوالیستی فرۆید، یانی دوو پاڵنه‌ری شه‌هوانی (ئێرۆتیک) و گیانپارێزی قه‌بووڵ کرد. دابه‌شکاری دووهه‌م توانای ئه‌وه‌ی هه‌یه که له خه‌یاڵدا بگۆڕدرێ، sublimation"" و دابین بکرێت (بۆ نموونه، سادیزم ده‌توانێ به چه‌ندین شێوازی شیاوی کۆمه‌ڵایه‌تی ساڕ‌ێژ بکرێت) به‌ڵام دابه‌شکاری یه‌که‌م ناتوانێ (ته‌نیا نان ده‌توانێ برسیه‌تی دامرکێنێ)، تامه‌زرۆیی سێکسی (سێکسواڵیته) پێوه‌ندی به هه‌ندێ دۆخی کۆلهڵایهتییهوه هه‌یه. ئه‌رکی ده‌روونناسی کۆمه‌ڵایه‌تی، ده‌رکی ره‌فتارێکه که ناوشیارانه روویداوه، به سه‌رنجدان به کاریگه‌ری ژێرخانی ئابووری – کۆمه‌ڵایه‌تی له‌سه‌ر پاڵنه‌ره ده‌روونیه‌کانی مرۆڤ. فرۆم ده‌ڵێ ئه‌زموونه‌کانی سه‌رده‌می مناڵی گرنگی تایبه‌تی هه‌یه چونکه بنه‌ماڵه هۆکارێکی کۆمه‌ڵایه‌تییه.
فرۆم له درێژه‌دا ده‌ڵێ هه‌ر جڤاتێک پێکهاته‌ی لبیدیناڵی خۆی هه‌یه، یانی سه‌نتێزێک له هانده‌ره مرۆڤییاکان و هۆکاره کۆله‌ڵایه‌تییه‌کانه. سایکۆلۆژیستی کۆله‌ڵایه‌تی ده‌بێ له‌وه بکۆڵێته‌وه که چۆن ئه‌م پێکهاته لبیدیناڵه کۆمه‌ڵگه لێکده‌به‌ستێ و چۆن به‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی سیاسی دا کاریگه‌ری ده‌بێ. لێره‌دا ده‌بێ ئه‌وه‌ش بڵێین که فرۆم به‌پێی ئه‌زموونی پراتیکی قسه ده‌کات. پرۆژه‌ی تۆژینه‌وه‌ی مۆدێله‌کانی ده‌سه‌ڵاتی کرێکاران که وه‌ک په‌یڤی هۆرکهایمێر راگه‌یاندرابوو، ئه‌نجام ده‌درا و فرۆم زیاتر سه‌رپه‌رشتی کاره ئه‌زموونییه‌کانی ده‌کرد. پێشمه‌رجی ئه‌م تۆژینه‌وه ره‌تکردنه‌وه‌ی نۆرم و نه‌ریته‌کانی بورژوایی بوو که زۆربه‌ی ده‌روونناسان به‌هه‌ڵه به نه‌گۆڕیان زانیبوو. فرۆم ده‌ڵێ ره‌وتی باو به‌پێی گشتاندنی ئه‌زموونی کۆمه‌ڵگه‌ی ئێستا به رۆشنترین شێوازی خۆی بۆ په‌ره‌دان به گرێی ئۆدیپ له تێکڕای ئاڵوگۆڕی مرۆڤایه‌تی دا ده‌بینرێ. به‌ڵام له راستیدا ئه‌م گرێیه ته‌نیا تایبه‌ت به جڤاتانی "باوکسالار"ه. ده‌روونناسی کۆمه‌ڵایه‌تی خاوه‌ن پرستیژ ده‌بێ ئه‌م پرسه راڤه بکات که کاتێ ژێرخانی ئابووری – کۆمه‌ڵایه‌تی جڤاتێک ده‌گۆڕێ، رۆڵی کۆمه‌ڵایه‌تی پێکهاته‌ی لبێدیناڵ (شه‌هوانی)یشی ده‌گۆڕدرێ. فرۆم له کۆتایی وتاره‌که‌دا ده‌ڵێ کاتێ رێژه‌ی ئاڵوگۆڕی نێوان ئه‌م دوانه له هه‌ڵداچوون دایه، کۆمه‌ڵگه له دۆخی ته‌قینه‌وه دایه. ئه‌مه هه‌ر ئه‌و خاڵه‌یه که ئه‌و ده‌بوو له به‌رهه‌می گرنگی خۆی، سڵکردن له ئازادی دا، زیاتر شرۆڤه‌ی کردبا.
فرۆم هه‌ر له‌م وتاره‌دا به‌پێی دیدگای کارڵ ئابراهم و ئێرنێست جۆنز 3 تیپی که‌سێتی زارکی (oral) و قوونی (anal) و زاوزێی (genital) داده‌ڕێژێ. فرۆم له نێو ئه‌م 3 تیپه‌دا، که‌سێتی جێنیتاڵی به گرنگتر ده‌زانێ، که به رای ئه‌و ئه‌م تیپه ده‌توانێ به مانای ئازادی و سه‌ربه‌خۆیی و دۆستی بێت. ئه‌و به‌شێوه‌ی ناڕاسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ دوو تیپی ئۆراڵی و ئاناڵی دژایه‌تی ده‌کات. ئه‌م روانگه‌یه، تایبه‌تمه‌ندی به‌رجه‌سته‌ی دوا به‌رهه‌مه‌کانی فرۆم بوو که ئه‌وی له مارکوزه جیا ده‌کرده‌وه، مارکوزه بۆچوونێکی زۆر جیاوازی له‌مه‌ڕ "بێ نۆرمی فره‌فۆرمی" (polymorphous perversity) پێش جێنیتاڵ هه‌بوو. لێره‌دا ده‌بێ بێژین که فرۆم له ڤیلهێلم رایش نزیکتر بوو، ئه‌و هه‌روه‌ها له‌مه‌ڕ رۆڵی ئازادی به‌خشی پێوه‌ندی سێکسی جێنیتاڵی ئازادانه له‌گه‌ڵ رایش هاوده‌نگ بوو. هه‌رچه‌ند ئه‌م پرسه‌ی پێ ته‌واو نه‌بوو. به‌ڵام ساڵانی دواتر شک و گومانی فرۆم له‌مه‌ڕ روانگه‌ی رایش زیاتر بوو، ئاخر ئه‌و به‌م ئاکامه گه‌یشت که نازییه‌کان نیشانیان داوه که ئازادی سێکسی به‌شێوه‌ی حه‌تمی به ئازادی سیاسی ناگات.
فرۆم پاش سه‌لماندنی گرنگی بنه‌ما سه‌ره‌کییه‌کانی لبیدیناڵی ئه‌م 3 تیپه که‌سێتییه، هه‌نگاوێک واوه‌تر چوو و گرنگی به‌و هۆکاره کۆمه‌ڵایه‌تییانه دا که له یاسای بنه‌ماڵه‌وه په‌یدا بوون. بۆ نموونه، ئه‌و باسی کاریگه‌ری ئه‌و رێسایانه کرد که به‌توندی خواستی سێکسی سه‌رکوت ده‌که‌ن و ئاراسته‌ی ویستی سالمی سێکسی ده‌گۆڕن و به‌مجۆره گه‌شه به پێکهاتنی 2 تیپی ئاناڵی و ئۆراڵی ده‌ده‌ن. فرۆم [له‌م وتاره‌دا] که‌م تا زۆر پێڕه‌وی له فرۆیدیزمی ئۆرتۆدوکس ده‌کات:"بۆوه‌ی که هێماکانی که‌سێتی، ریشه‌یان له پێکهاته‌ی لبیدینال دایه، سه‌قامگیرییه‌کی ریشه‌یی پیشان ئه‌ده‌ن." فرۆم له کۆتایی وتاره‌که‌ی دا له‌سه‌ر پێوه‌ندی نێوان "رۆحی سه‌رمایه‌داری" و قۆناغی قوونی (ئانالی) ئێجگار پێداده‌گرێت. ئه‌و به سودوه‌رگرتن له‌و به‌ڵگاندنانه که ئێستا زۆر په‌ره‌یسه‌ندووه به‌ڵام له‌و کاته‌دا زۆر تازه بوون، ئه‌قڵانیه‌تی مڵکخوازانه‌ی بورژوایی له‌گه‌ڵ نه‌زم و سه‌رکوتی ده‌وره‌ی ئاناڵی پێوه‌ند ده‌دات. ئه‌و ده‌یوت پانتایی ئه‌م خه‌سڵه‌تانه به‌هۆی که‌لێنی نێوان ئایدیۆلۆژی (به مانای به‌رینی وشه‌که که هه‌موو تیپه‌کانی که‌سێتی بگرێته‌وه) و ئاڵوگۆڕی ئابووری- کۆمه‌ڵایه‌تی، له سه‌ده‌ی بیسته‌م دا به زۆری کۆڕ و کۆمه‌ڵی وردی بورژوایی و ته‌نانه‌ت کۆڕ و گرووپی تایبه‌تی پرۆلێتاری گرتۆته‌وه. پێوه‌ندی نێوان ئه‌م دوانه، پێوه‌ندییه‌ک بوو که فرۆم له دوا تۆژینه‌وه‌ی خۆی له‌مه‌ڕ رێفۆرمیزمی دینی دا راڤه‌ی کردووه. به‌ڵام تا ئه‌م کاته روانگه‌ی ئه‌و له‌مه‌ڕ ئاناڵی بوون و تیۆری لبیدۆی فرۆید به‌گشتی تووشی ئاڵوگۆڕێکی سه‌یر هاتبوو. هه‌رچه‌ند باسی ئاناڵی بوون له‌م به‌رهه‌مه‌ی فرۆم دا نه‌گۆڕا بوو، به‌ڵام روانگه‌ی ئه‌و به‌قووڵی گۆڕابوو.
هه‌ر وه‌ک پێشتر ئاماژه‌مان پێ‌کرد هۆکاری ئه‌م ئاڵوگۆڕه زیاتر ئه‌زموونی کلینیکی فرۆم بوو. به‌ڵام سه‌رچاوه‌یه‌کی فکریش ده‌وری هه‌بوو که یارمه‌تی ئه‌وی دا تا روانگه‌ی خۆی فورموله بکات. فرۆم له نێوه‌ڕاستی ده‌یه‌ی 1920 دا بۆ یه‌که‌م جار له‌گه‌ڵ به‌رهه‌مه‌کانی تیۆریسازی مرۆڤناسی سویسی سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌م، یۆهان یاکوب باخوفێن، ئاشنا بوو. تۆژینه‌وه‌کانی باخوفێن ده‌رباره‌ی فه‌رهه‌نگی دایکسالاری که بۆ یه‌که‌م جار 1867 بڵاو کرایه‌وه، 20 ساڵ پاش مه‌رگی فه‌رامۆش کرا. بۆ نموونه بۆچوونی ده‌روونناسانه‌ی فرۆید، له تۆژینه‌وه‌کانی جیمز فریزێر له‌مه‌ڕ توتمیزم، سه‌رچاوه ده‌گرێ؛ به‌ڵام باخوفێن و تیۆریسازانی تری دایکسالاری وه‌ک لوئیس مورگان، پێش ئه‌وه‌ی بره‌ویان که‌م بێته‌وه، له‌نێو کۆڕ و کۆمه‌ڵی سۆسیالیستی ئوتۆریته‌یان زۆر بوو. بۆ نموونه کتێبی ئنگڵس به ناوی بنه‌مای بنه‌ماڵه (1884) و کتێبی بێبێل به ناوی ژن و سۆسیالیزم (1883) به زۆر له‌ژێر کاریگه‌ری ئه‌واندا بوو.
له ده‌یه‌ی 1920 دا تیۆری دایکسالاری شور و شه‌وقێکی تازه‌ی له‌نێو کۆڕ و کۆمه‌ڵه جیاوازه‌کان دا به‌رپا کرد. ره‌خنه‌گرانی دژی مۆدێرنیزمی پارێزکاری کۆمه‌ڵی بورژوایی، که‌سانێک وه‌ک ئالفرێد بوملێر و لودڤیگ کلاگز به‌هۆی هێمای رۆمانتیک و ناتورالیستی و دژهفکری ئه‌م تیۆرییه، له‌گه‌ڵی که‌وتن. هه‌ندێ له لایه‌نگرانی پێشوی شتفان گیورگه [شاعیر] مه‌رامی رێبه‌ره‌که‌یان (دژبهژنبوون) یان ره‌ت کرده‌وه و له‌پێناو ژنێتی هه‌میشه‌یی، کۆڕی گیورگهیان به‌جێهێشت. هه‌ر وه‌ک ل. باتلێر ئاماژه‌ی پێکردووه، ئه‌م رووداوه هه‌ڵوه‌دایی پێره‌وانی سهنسیمۆنی فه‌رانسی له 70 ساڵ پێشتردا وه‌بیر ده‌خسته‌وه که بۆ "دایکی عرفانی" ده‌گه‌ڕان. له‌نێو کۆڕ و کۆمه‌ڵی مرۆڤناسی ئۆرتۆدۆکس له بریتانیا، بۆوه‌ی گشتگیری گرێی تۆدیپی فرۆید پووچه‌ڵ بکه‌نه‌وه، له دژی فه‌رهه‌نگی دایکسالار، تۆژینه‌وه‌کانی برونیسلاڤ مالینۆڤسکی، سێکس و سه‌رکوت (1927) یان به‌کارهێنا. هه‌ر له‌و کاته‌دا کتێبی رابێرت بریفۆ، دایکان، تۆژینه‌وه‌یه‌ک ده‌رباره‌ی ره‌گ و ریشه‌ی هه‌سته‌کان و ئۆرگانه‌کان (1927)، به زۆری پێشوازی لێ‌کرا.
له کۆڕ و کۆمه‌ڵی ده‌روونشیکاریشدا به‌شێوازێکی نوێ تیۆری دایکسالاری گرنگی پێدرا. ڤیلهێلم رایش یه‌که‌م که‌س بوو که وه‌ها کارێکی ده‌ست پێ‌کرد، به‌جۆرێک که ساڵی 1933 له کتێبی ده‌روونناسی جه‌ماوه‌ری فاشیزم دا نووسی: له "کۆمه‌ڵی سروشتی" دا دایکسالاری تاقه تیپی راسته‌قینه بووه. فرۆمیش یه‌کێ له چالاکترین لایه‌نگرانی تیۆری دایکسالاری بوو. ئه‌و ساڵی 1932 له تۆژینه‌وه‌یه‌کی درێژدا کتێبی دایکانی به کۆمه‌ڵی ئا‌ڵمانیا ناساند. دواتر وتاری بریفۆ به‌ناوی "هه‌سته‌کانی خێزانی" به زمانی ئینگلیسی چاپ‌کرا. فرۆم به‌تایبه‌ت ئه‌م بیره‌ی بریفۆی وه‌رگرتبوو که هه‌موو هه‌ست و عشقێکی ئه‌ویدی خواز له عشقی دایکانه‌وه په‌یدا بووه، ئه‌مه‌ش به‌رهه‌می قۆناغی درێژی زکپڕی و پاراستنی دوای زاینه. که‌وابوو به‌پێجه‌وانه‌ی ئه‌و شته‌ی که فرۆید ده‌ڵێ، عشق په‌یوه‌ست به وزه‌ی سێکسی نییه. له راستیدا سێکس زیاتر پێوه‌ندی به نه‌فره‌ت و نابووتییهوه هه‌یه. فرۆم هه‌روه‌ها گرنگیدانی بریفۆی به هۆکاره کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان، ستایش کرد. به‌پێچه‌وانه‌ی روانگه‌ی رۆمانتیکی، پیاوه‌تی و ژنێتی نیشانه‌ی جیاوازی سێکسی "زاتی" نین، ئه‌وان به‌هۆی جیاوازی رۆڵ و دۆخی ژیان پێکهاتوون، ئه‌و رۆڵ و بارودۆخانه که کۆمه‌ڵ دیاری کردوون. که‌وابوو له‌ڕووی ئابوورییه‌وه ئاژه‌ڵداری په‌ره به سیستمی تاکهاوسه‌ری ده‌دات، سیستمێک که پێویستی به گه‌ڕان و سه‌رۆکایه‌تی شوانی نێر هه‌بوو. فرۆم به‌م ئاکامه ده‌گات که فریفۆ له روانگه‌ی په‌تی ئێتنۆلۆژی واوه‌تر ده‌چێ و تێکه‌ڵ به نه‌ریتی ماتریالیزم مێژوویی ده‌بێ، وتاره‌که‌ی بریفۆ که باسی گرنگی هۆکاری ئابووری له‌سه‌ر ئاڵوگۆڕی بنه‌ماڵه ده‌کات، ئه‌م راستییه‌ی تێدایه.
فرۆم له ژماره‌ی دواتری گۆڤاری zietschrift دا راسته‌وخۆ روانگه‌ی باخوفێنی راڤه کرد. ئه‌و به وردی توخمه جیاوازه‌کانی تیۆری دایکسالاری که بۆ ره‌خنه‌گرانی چه‌پ و راستی کۆمه‌ڵی بورژوایی گرنگ بوون، لێک جیاکرده‌وه. نۆستالۆژی خه‌وشداری خودی باخوفێن بۆ رابردوو و تیۆری رۆمانتیکی ئه‌و له‌مه‌ڕ سروشت، له لایه‌ن راستهکانهوه سه‌رنجی پێدرا. وه‌ک چۆن مناڵ ده‌خزێته باوشی دایکی، مرۆڤیش خۆی ته‌سلیم به سروشت ده‌کات. باخوفێن وه‌ک نوسه‌رانی رۆمانتیک و به‌پێچه‌وانه‌ی بریفۆ، جیاوازی مه‌عنه‌وی نێوان ژن و پیاو وه‌ک پرسێکی ره‌ها ده‌رده‌خات (به رای فرۆم ئه‌م پرسه ناره‌زایه‌تی باخوفێن له‌دژی به‌رنامه‌ی رۆشنگه‌ری ده‌رده‌خات که ژنانی رزگار کرد و تا ئاستی پیاوانی بورژوا سه‌ری خستن). بوملێر و کلاگز و تیۆریسازانی دیکه ته‌نیا گرنگییان به متافیزیکی ناتورالیستی باخوفێن دا و به‌ره‌و ئاراسته‌ی وه‌جد (schwarmerei) ی عرفانی بردیان و روانگه‌ی سایکۆلۆژیکی ئه‌ویان پشتگوی خست.
له لایه‌کی تره‌وه چه‌په‌کان زیاتر روانگه‌ی سایکۆلۆژیکی ئه‌ویان بۆ گرنگ بوو. کۆمه‌ڵی دایکسالار له‌سه‌ر هاوپشتی و به‌خته‌وه‌ری مرۆڤ پێداده‌گرێت. عشق و لێبوردن دوو به‌های زاڵی ئه‌م کۆمه‌ڵه‌ن، نه‌ک ترس و ملکه‌چی. ئه‌خلاقی کۆمه‌ڵایه‌تی سیستمی دایکسالاری په‌ره به خاوه‌نداری تایبه‌تی نادا و مه‌یلی سێکسی سه‌رکوت ناکات. هه‌ر وه‌ک ئنگڵس و بێبێڵ راڤه‌یان کردووه، کۆمه‌ڵی باوکسالار کۆمه‌ڵێکی چینایه‌تییه که له‌ودا گرنگی به ئه‌رک و ده‌سه‌ڵات ده‌درێت نه عشق و دابینبوون. ئه‌گه‌ر له گۆشه‌نیگای تایبه‌ته‌وه سه‌یر بکه‌ین ده‌بینین فه‌لسه‌فه‌ی مێژووی باخوفێن له فه‌لسه‌فه‌ی مێژووی هێگل ده‌چێ. سه‌رهه‌ڵدانی جڤاتی باوکسالار هاوکاته له‌گه‌ڵ پچڕانی پێوه‌ندی رۆح و سروشت و سه‌رکه‌وتنی رۆم به‌سه‌ر رۆژهه‌ڵات دا.
وه‌ک ده‌بینین فرۆم پێی باشتره به‌رهه‌مه‌کانی باخوفێن له‌به‌ر تیشکی دیدگای سۆسیالیستی دا بخوێنینه‌وه. ئه‌و ده‌ڵی گرنگی خوێندنه‌وه‌ی جڤاتانی دایکسالار به‌هۆی گرنگی مێژوویی ئه‌م جڤاتانه نییه، به‌ڵکوو به‌هۆی پێکهێنانی دۆخی ئه‌لتێرناتیڤ گرنگه. فرۆم وه‌ک مالتنۆڤسکی تیۆری دایکسالار به‌کار دێنێ تا گشتگیری گرێی ئۆدیپ ره‌ت بکاته‌وه. ئه‌و ده‌ڵێ گرنگی گرێی ئۆدیپ له جڤاتانی باوکسالاردا به‌هۆی رۆڵی کوڕ وه‌ک میراتداری پێگه و سامان باوک و پاراستنی باوک له پیری دایه. یانی له په‌روه‌رده‌ی مناڵی دا زیاتر به کارامه‌یی ئابووری کوڕ ده‌درێت، نه‌ک به‌خته‌وه‌ری. عشقی نێوان باوک و کوڕ به‌هۆی ترسی کوڕ له شکست ده‌توانێ ببێته رق و نه‌فره‌ت. به‌مپێیه عشقێکی به‌ڕێکه‌وتی به‌مجۆره ده‌توانێ هه‌ستی ئاسایش له‌نێو ببات و چه‌مکی ئه‌رک وه‌ک پرسی سه‌ره‌کی به‌هێز بکات.
له لایه‌کی دیکه‌وه عشقی دایک بێ شه‌رت و مه‌رجه و که‌متر له‌ئاست زه‌خت و فشاری کۆمه‌ڵایه‌تی ملکه‌چ ده‌کات. به هه‌ر حاڵ له جڤاتی هاوچه‌رخ دا ده‌سه‌ڵاتی دایکی واقعی له‌نێو چووه؛ ئیتر وه‌ک پاڵپشت سه‌یری ناکه‌ن به‌ڵکوو زیاتر وه‌ک که‌سێک سه‌یری ده‌که‌ن که پێویستی به یارمه‌تی هه‌یه. فرۆم ده‌ڵێ ئه‌م پرسه دوو چه‌مکی نیشتمان و خه‌ڵکیش که ده‌توانن جێگه‌ی دایک بگرنه‌وه، ده‌گرێته‌وه. تاوانی باوکانه و سه‌رکوتی ئاناڵی و ئه‌خلاقی ده‌سه‌ڵاتخوازانه، جێگای متمانه و خۆشه‌ویستی ره‌سه‌نی دایکانه‌ی گرتۆته‌وه. سه‌رهه‌ڵدانی پرۆتستانتیزم، ده‌سه‌ڵاتی باوکی زیاتر کرد و هاوکات له‌گه‌ڵ ئه‌و ئاسایشی کاتۆلیسیزمی چاخی نێوه‌ڕاست و دایکی پاکیزه و کلیسا، که وه‌ک مناڵدانی دایک بوو، تێکدا. بنه‌ما ده‌روونییه‌کانی سه‌رمایه‌داری به ئاشکرا باوکسالارن، هه‌رچه‌ند سه‌رمایه‌داری به‌شێوه‌ی ناکۆک دۆخی گه‌ڕانه‌وه بۆ فه‌رهه‌نگی دایکسالاری راسته‌قینه‌ی خولقاندووه. هۆی ئه‌م پرسه فراوانی کاڵا و سرویسهکانه که سه‌رمایه‌داری فه‌راهه‌می ده‌کات، ئه‌م پرسه‌ش ده‌توانێ ده‌رفه‌ت بۆ دۆخێک فه‌راهه‌م بکات که که‌متر ده‌سکه‌وت و ده‌سه‌ڵات ده‌خوازێ. فرۆم به‌و ئاکامه ده‌گات که سۆسیالیزم ده‌بێ مزگێنی ئه‌م گه‌ڕانه‌وه بدات.
به هۆگری زیاتری فرۆم به باخوفێن، مه‌یلی ئه‌و به فرۆیدیزم کزی کرد. ساڵی 1935 له گۆڤاری zietschrif دا شک و گومانی خۆی له‌مه‌ڕ فرۆیدیزمی ئۆرتۆدۆکس باس کرد. ئه‌و وتی فرۆید گیرۆده‌ی ئه‌خلاقی بورژوایی و به‌هاکانی باوکسالاری خۆی بووه. ئه‌و وتی ئه‌و به‌شه له ده‌روونشیکاری که به‌پێی ئه‌زموونه‌کانی قۆناغی مناڵی پێکهاتوون گرنگی به که‌سی ده‌روونشیکار ناده‌ن. له‌و پرسانه‌دا که ده‌روونشیکار به‌شێوه‌ی ئاسایی به‌هاکانی کۆمه‌ڵ کاری تێکردووه، به‌ڵام خه‌ون و خواسته‌کانی نه‌خۆش دژی ئه‌م به‌هایانه‌ن، ده‌روونشیکار ده‌یه‌وێ به‌ره‌نگاری[7] نه‌خۆش وه‌گه‌ڕ بخات. ئه‌ڵبه‌ت له‌ڕووی تیۆریکه‌وه ده‌روونشیکار ده‌بێ بێ لایه‌نی خۆی بپارێزێ و به دڵئاوهڵایهوه له‌گه‌ڵ ئه‌خلاقی نه‌خۆش دانوستان بکات. به‌ڵام فرۆم ده‌ڵێ دڵئاوه‌ڵایی (تۆلێرانس) له‌ڕووی مێژووییه‌وه دوو رووی هه‌یه.
پێویسته روانگه‌ی فرۆم له‌مه‌ڕ تۆلێرانس به درێژی راڤه بکرێت، چونکه دیدگای ئه‌ندامانی دیکه‌ی مه‌کته‌بی فرانکفۆرت روون ده‌کاته‌وه، دیدگایه‌ک که دواتر له پڕهه‌راترین و کاریگه‌رترین وتاری مارکوزه‌دا دووپات بۆوه. فرۆم پێی وایه سه‌ره‌تا، ئامانجی خه‌باتی بورژوایی، پێکهێنانی تۆلێرانس و لابردنی سه‌رکوتی کۆمه‌ڵایه‌تی بوو، به‌ڵام کاتێ که چینی نێوه‌ڕاست له‌ڕووی کۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه سه‌رکه‌وت، تۆلێرانس بوو به ماسکێ که به‌ره‌ڵایی ئه‌خلاقی پاساو ده‌دا. له راستیدا ئه‌م جۆره تۆلێرانسه هه‌رگیز هێنده په‌ره‌ی نه‌سه‌ند که سیستمی باو له مه‌ترسی جدی بپارێزێ. هه‌ر وه‌ک له به‌رهه‌مه‌کانی کانت دا ده‌بینرێ، تۆلێرانس زیاتر له‌گه‌ڵ ئه‌ندێشه و قسه پێوه‌ند درا، نه‌ک پراتیک. تۆلێرانسی بورژوایی هه‌میشه له‌گه‌ڵ خۆی ناکۆک بووه: به‌شێوه‌ی وشیارانه بێ لایه‌نه و گه‌شه به رێژه‌گه‌رایی ده‌دات، به‌ڵام به‌شێوه‌ی ناوشیارانه دۆخی ئێستای ده‌پارێزێ. فرۆم پێی وایه ده‌روونشیکاری تایبه‌تمه‌ندی دوو رووی ئه‌م جۆره تۆلێرانسه‌ی پێوه‌یه. به رای فرۆم بێ لایه‌نی رواڵه‌تی ده‌مامکێکه که سادیسمی نادیاری پزیشک ده‌پارێزێ.
به هه‌ر حاڵ فرۆم هه‌نگاوی دیکه‌ی هه‌ڵنه‌گرت و دواتر مارکوزه ئه‌م کاره‌ی کرد. (مارکوزه ساڵی 1965 نووسی: "تۆلێرانسی ئازادی به‌خش یانی هاوکاری له‌گه‌ڵ بزاڤی چه‌پ و دژایه‌تی له‌ئاست بزاڤی راست.") فرۆم له‌جیاتی ئه‌م پرسه، لایه‌نه‌کانی تری تیۆری باوکسالاری فرۆیدی ئاشکرا کرد. ئه‌و ده‌ڵێ ئامانجی ده‌روونشیکاری ئۆرتۆدوکس بریتییه له توانای کار کردن، زاوزێ و چێژ وه‌رگرتن. له‌م سێ پرسه‌دا فرۆید زیاتر گرنگی کارکردن و زاوزێ کردن دا، نه چێژوه‌رگرتن؛ به رای فرۆید جۆرێک ئانتاگونیزم له نێوان له‌زه‌ت و شارستانیه‌ت دایه. روانگه‌ی ئه‌و له‌ئاست که‌سانی رادیکاڵ که خوازیاری کۆمه‌ڵێک بوون که زیاتر مه‌یل و ئاره‌زووه‌کانی مرۆڤ دابین بکات، ته‌واو ناکۆک بوو. فرۆید پێی وایه هه‌موو کارێکی مرۆڤ، جۆرێک هه‌ڵشاخانی ئۆدیپییه له‌ئاست باوک دا. له راستیدا فرۆید ده‌روونژاکاوی به‌پێی بێ توانایی مرۆڤ پێناسه کرد که ناتوانێ نۆرم و نه‌ریتی بورژوایی قه‌بووڵ بکات. نیشانه‌یه‌کیتر که بێ توانایی فرۆید بۆ تێپه‌ڕاندنی دۆخی بورژوایی سه‌رده‌می خۆی ده‌رده‌خات، ئه‌وه‌یه که پاره‌ی ده‌رمانکردنی به نه‌ختی وه‌رده‌گرت. به رای فرۆم خودی فرۆید له تیپی که‌سێتی باوکسالاری کلاسیک بوو که له‌گه‌ڵ شاگردان و بیماره‌کانی ده‌سه‌ڵاتدارانه هه‌ڵسوکه‌وتی ده‌کرد.
به رای فرۆم گیۆرگ گرودێک و ساندور فرێنچی ده‌توانن جێگه‌ی فرۆید بگرنه‌وه. ئه‌وان له ده‌روونشیکاری دا شێوازی نوێیان داهێناوه. ئه‌وان نه‌خۆش و ده‌روونشیکار له به‌رانبه‌ر یه‌کتر داده‌نێن و پێوه‌ندییه‌کی یه‌کسان و به‌رابه‌ر دروست ده‌که‌ن. فرۆم بۆیه گرێی ئۆدیپی ره‌ت کرده‌وه چونکه له تێکنیکی تازه‌ی ئه‌ودا رۆڵی "گواستنه‌وه" (transference)[8] ئێجگار له کزی دابوو. هه‌روه‌ها گرودێک و فرێنچی ئه‌وه‌نده تینووی پاره‌ی ده‌رمان کردن نه‌بوون و ته‌نانه‌ت هه‌ندێ جار چاوپۆشی‌یان لێده‌کرد. به‌پێچه‌وانه‌ی "تۆلێرانسی" باوکانه و ده‌سه‌ڵاتدارانه و بێ هه‌ستی فرۆید، ئه‌وان لایه‌نگری عیلاجێک بوون که له مه‌به‌ستی کوێرانه و سازگاری له‌گه‌ڵ بێ ره‌حمی و ئه‌خلاقی زاڵ، ئێجگار واوه‌تر ده‌چوو. فرۆم مه‌رگی ناوه‌ختی فرێنچی بۆ ده‌روونشیکاری به خه‌سارێکی مه‌زن له قه‌ڵه‌م دا...
هه‌رچه‌نده فرۆم زیاتر له فرۆید ناهۆمێد ده‌بوو، زیاتر له ئه‌ندامانی مه‌کته‌بی فرانکفۆرت داده‌بڕا. پاش نوسینی شیکاری ده‌روونناسانه‌ی ده‌سه‌ڵات و، هه‌ره‌ها تۆژینه‌وه‌یه‌کی هاوبه‌ش له‌مه‌ڕ ده‌سه‌ڵات و بنه‌ماڵه (1936)، فرۆم ته‌نیا وتارێکی تری له گۆڤاری zietschrif دا بڵاو کرده‌وه: "تۆژینه‌وه‌یه‌ک له‌مه‌ڕ هه‌ستی نه‌زۆکی له کۆمه‌ڵی مۆدێرن دا". ساڵی 1939 له سه‌نته‌ری فرانکفۆرت دابڕا و زیاتر کاتی خۆی بۆ پزیشکی ته‌رخان کرد و زیاتر درێژی به رێچکه‌ی ئه‌ندێشه‌ی نافرۆیدی خۆی دا. دو ساڵ دواتر کتێبی هه‌ڵاتن له ئازادی چاپ کرد که ره‌نگه گرنگترین به‌رهه‌می فرۆم بێت. ئه‌م کتێبه وه‌ک شرۆڤه‌ی ده‌سه‌ڵاتخوازی که بڕیار بوو ئه‌مریکا له جه‌نگدا له دژی خه‌بات بکات، سه‌ره‌نجی زۆر که‌سی راکێشا و به‌خێرایی وه‌ک به‌رهه‌مێکی کلاسیک ناسرا. ئه‌م کتێبه دوور که‌وتنه‌وه‌ی فرۆم له فرۆید ده‌رده‌خات.
فرۆم له‌م کتێبه‌شدا وه‌ک یه‌که‌م وتاره‌کانی خۆی، فرۆید به کورتبینی فه‌رهه‌نگی تاوانبار ده‌کات: "به رای فرۆید بواری پێوه‌ندی ئینسانی له بازاڕ ده‌چێ و بریتییه له دانوستان و دابینکردنی پێویستی بیۆلۆژیک، که له‌ودا پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ ئه‌ویدی ئامانج نییه، به‌ڵکوو ئامێرێکه بۆ گه‌یشتن به ئامانج." ئه‌و له‌م کتێبه‌دا توندتر له هه‌مێشه ره‌شبینی فرۆید و روانگه‌ی ئه‌و له‌مه‌ڕ غه‌ریزه‌ی مه‌رگ ره‌ت ده‌کاته‌وه. ئه‌و لێره‌دا غه‌ریزه‌ی مه‌رگ له‌گه‌ڵ حه‌زی کاولکاری وه‌ک یه‌ک ده‌بینێ، بۆچوونێک که دواتر مارکوزه له ئاستی وه‌ستا. فرۆم به وه‌ها بۆچوونێک له‌مه‌ڕ غه‌ریزه‌ی مه‌رگ ده‌نووسێ: "ئه‌گه‌ر تیۆرییه‌کانی فرۆید دروست بن ده‌بێ وایدانین که ئاستی کاولکاری، چ له دژی خۆ یان له دژی ئه‌ویدی، که‌م تا زۆر به نه‌گۆڕی بمێنێته‌وه. به‌ڵام ئه‌و شته‌ی که ده‌یبینین پێچه‌وانه‌ی ئه‌مه ده‌رده‌خات. قورسایی کاولکاری له‌نێو تاکه‌کان له فه‌رهه‌نگی ئێمه‌دا نه هه‌ر جیاوازه، به‌ڵکو له نێو گرووپانی کۆمه‌ڵایه‌تی جیا جیاشدا جیاوازه."
فرۆم هاوکات که شرۆڤه‌ی کلینیکی فرۆیدی به‌کار دێنا، تیۆری لبیدۆی ئه‌وی ره‌ت ده‌کرده‌وه. ئه‌و به‌م کاره‌ی به‌شێک له کتێبه‌که‌ی خۆی، بنه‌ماکانی مه‌سیح و تیپبه‌ندی که‌سێتی به‌پێی لبیدۆ که ساڵی 1932 له گۆڤاری zietschrif دا داکۆکی لێکردبوو، وه‌لانا. پاش ئه‌وه‌ی که هه‌موو تیۆرییه‌کی سه‌باره‌ت به پرسی ئێرۆتیک ره‌ت کرده‌وه، بابه‌تی خۆئازاری – ئه‌ویدی ئازاری نووسی که گرنگترین بابه‌تی تیۆریکی ئه‌و بوو له‌مه‌ڕ ده‌سه‌ڵاتی نائه‌قڵانی. له راستیدا فرۆم له کتێبی دیکه‌ی خۆیدا، مرۆڤ بۆ خۆی، تیپبه‌ندی خۆی به‌پێی چه‌ند بنه‌مایه‌کی ته‌واو جیاواز گه‌شه پێدا... ئه‌و جارێکی‌تر باسی کاریگه‌ری هۆکاری کۆمه‌ڵایه‌تی کرد که به‌پێی پاڵنه‌ره‌کانی گیانپارێزی پێکدێن. فرۆم هه‌روه‌ها چه‌مکی "که‌سێتی کۆمه‌ڵایه‌تی داڕشت که له یه‌که‌م به‌رهه‌مه‌کانی دا ئاماژه‌ی پێ‌کردبوو. ئه‌و ئه‌م چه‌مکه‌ی به "گرنگترین ده‌سکه‌وتی خۆی ... بۆ ده‌روونناسی کۆمه‌ڵایه‌تی ده‌زانی". ئه‌و ده‌نووسێ: "که‌سێتی کۆمه‌ڵایه‌تی ته‌نیا بژارده‌یه‌ک له خه‌سڵه‌ته‌کان ده‌گرێته‌وه، کاکڵی سه‌ره‌کی پێکهاته‌ی که‌سێتی زۆربه‌ی ئه‌ندامانی گرووپێک، به‌پێی ئه‌زموونه‌کان و دۆخی ژیانی هاوبه‌شی گرووپ پێکدێت".
به رای فرۆم ناوه‌رۆکی سه‌ره‌کی کتێبی هه‌ڵاتن له ئازادی ئه‌مه‌یه که "مرۆڤ هه‌رچی زیاتر به ئازادی بگات، یانی له یه‌کێتی سه‌ره‌تایی له‌گه‌ڵ مرۆڤ و سروشت داببڕێ و، هه‌ر چه‌نده زیاتر وه‌ک تاک ده‌رکه‌وێت، ناچار ده‌بێ یان له رێگه‌ی عشق و کاری خۆڕسک خۆی له‌گه‌ڵ جیهان یه‌ک بخات، یان به پێکهێنانی پێوه‌ندییه‌ک له‌گه‌ڵ جیهان که ئازادی و تۆکمه‌یی تاکی ئه‌و کاول ده‌که‌ن، به‌ره‌و جۆرێک ئاسایش بڕوات". چه‌مکی نامۆیی (alienation) ئه‌و جۆره که له یه‌که‌م به‌رهه‌مه‌کانی مارکس دا هاتووه، وه‌ک سه‌رچاوه‌ی روانگه‌ی فرۆم ده‌ور ده‌بینێ. ئێستا دابڕان و لێکبه‌ستران وه‌ک دوو جه‌مسه‌ری ئه‌ندێشه‌ی ئه‌و ده‌رکه‌وتبوون. ده‌روونژاکاوی وه‌ک پێوه‌ندی نێوان تیپه‌کانی که‌سێتی پێناسه ده‌کرا؛ بۆ وێنه سادیسم و مازوخیسم ئیتر دوو دیارده نه‌بوون که به‌پێی پرسی سێکسی راڤه بکرێن، به‌ڵکوو وه‌ک دوو کۆشش راڤه ده‌کران که یارمه‌تی تاک ده‌ده‌ن تا له هه‌ندێ هه‌ست و حاڵه‌تی تاقه‌ت پڕووکێنی ته‌نیایی و بێ هێزی خۆی رزگار بکات. ئامانجی واقعی "هاوڕه‌نگ بوون" له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵه، که به مانای دۆڕاندنی تاکێتی و تۆکمه‌یی و توانه‌وه‌ی مرۆڤ له که‌سێکی تر دایه.
فرۆم له کتێبی هه‌ڵاتن له ئازادی دا دوو چه‌مکی نگه‌تیڤ و پۆزه‌تیڤ لێک جیاده‌کاته‌وه، ئه‌تۆمیزه‌بوون و دابڕانی "ئازادی له" و تێکۆشانی خۆڕسکی که‌سێتی ته‌واو تۆکمه‌ی "ئازادی بۆ". هه‌رچه‌ند فرۆم زه‌حمه‌تی زۆر ده‌کێشێ تا ئاڵوگۆڕی ئابووری - کۆمه‌ڵایه‌تی که بۆ کۆتایی هێنان به نامۆیی "ئازادی له" و گه‌یشتن به "ئازادی بۆ" پێویسته باس بکات، به‌ڵام گرنگی به دژوارییه‌کانی ئه‌م ئاڵوگۆڕه نادات. فرۆم تادێ پرسی ئاڵوگۆڕ به‌شێوه‌ی گه‌شبینانه و به‌پێی ناوه‌رۆکی ئه‌خلاقی وێنا ده‌کات. ئه‌گه‌ر پاڵنه‌ری کاولکاری، زکماکی نه‌با، خه‌ونی پێغه‌مبه‌رانی یه‌هوود یانی "ئاشتی گشتی و ته‌بایی نێوان نه‌ته‌وه‌کان" که فرۆمی لاوی به قووڵی هیوادار کردبوو، به‌دی ده‌هات. فرۆم له فه‌رهه‌مه‌کانی دواتری دا گرنگی به یه‌کێتی ئه‌خلاق و ده‌روونناسی دا و تا جێگایه‌ک چووه پێش که بڵێ: "هه‌ر جۆره ده‌روونژاکاوییه‌ک، هێمای پرسێکی ئه‌خلاقییه، هه‌ر شکستێک له رێگه‌ی پێگه‌یشتن و تۆکمه کردنی که‌سێتی دا، پرسێکی ئه‌خلاقییه." ئه‌و ساڵانێک دواتر بنه‌ما مه‌عنه‌وییه‌کانی رۆژهه‌ڵات و رۆژاوا – به‌تایبه‌ت بودیسم – ی ستایش کرد.
گرنگیدانی زیاتر به‌م پرس یان ئه‌و پرس به مانای گۆڕانی بنه‌ڕه‌تی هه‌ڵوێست و ئه‌ندێشه‌ی فرۆم نییه. ئه‌و له وڵامی ئه‌م پرسه‌دا که تووشی گه‌شبینی ساویلکانه هاتووه به‌تووڕه‌یی وتی: "من هه‌میشه پێم وابووه گه‌یشتن به عشق و ئازادی به ته‌واوی به دۆخی کۆنکرێتی ئابووری – کۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه به‌ستراوه، وه‌کچۆن له کتێبی هونه‌ری خۆشویستن دا باسم کردووه، به ده‌گمه‌ن ده‌توانین له جڤاتێکدا عشق ببینینه‌وه که بنه‌ماکانی دژ به عشق بن." به‌کورتی ئه‌گه‌ر دوا به‌رهه‌مه‌کانی فرۆم بخوێنینه‌وه ده‌بینین که ئه‌و له به‌راورد له‌گه‌ڵ هۆرکهایمێر و ئه‌وانیدی، داکۆکی له هه‌ڵوێستێکی گه‌شبینانه‌تر ده‌کات.
هۆرکهایمێر و ئه‌وانیدی به‌گشتی له‌گه‌ڵ یه‌که‌م وتاره‌کانی فرۆم که له گۆڤاری zietschrif دا چاپکرابوو هاوده‌نگ بوون، ته‌نانه‌ت له‌گه‌ڵ یه‌که‌م ره‌خنه‌کانیشی له فرۆید کۆک بوون. سه‌ره‌تا سه‌نته‌ر له کاره‌کانی فرۆم بۆ تێکه‌ڵکردنی مارکسیزم و فرۆیدیزم پێشوازی کرد. هۆرکهایمێر له وتارێک دا به ناوی "مێژوو و ده‌روونناسی" که له یه‌که‌م ژماره‌ی گۆڤاری zietschrif دا چاپکرابوو، باسی ئه‌وه‌ی کردبوو که ده‌بێ ره‌هه‌ندی ده‌روونناسی تێکه‌ڵ به تیۆری مارکسیستی بکرێت. ئه‌و پێی وابوو ده‌بێ خواسته‌کانی مرۆڤ له کۆمه‌ڵی هاوچه‌رخ دا، به وته‌ی مارکس، هه‌م له‌ڕووی "ئایدیۆلۆژیک" و هه‌م له‌ڕووی سایکۆلۆژیکهوه ده‌رک بکرێن. هه‌رچه‌نده کۆمه‌ڵگه ئه‌قڵانیتر ببێته‌وه، به دڵنیاییه‌وه پێویستی ئه‌م دوو چه‌مکه بۆ ناسینی دۆخی کۆمه‌ڵایه‌تی که‌متر ده‌بێته‌وه. به‌ڵام له ئێستادا شیکاری سایکۆلۆژیک پێویسته تا ده‌سه‌ڵاتی فۆرماسیۆنی کۆمه‌ڵایه‌تی، کاتێ که پێویستی خۆی ئه‌دۆڕێنێ، ده‌رک بکرێت. هۆرکهایمێر له‌گه‌ڵ فرۆم هاوده‌نگه که ئه‌م ده‌روونناسییه ده‌بێ ده‌روونناسی تاکی بێت. هیچ جۆره رۆحێکی جه‌ماوه‌ری و وشیاری کۆمه‌ڵایه‌تی له ئارادا نییه، هه‌رچه‌ند هۆکاری کۆمه‌ڵایه‌تی له پێکهاتنی ده‌روونناسی تاکی دا رۆڵی هه‌یه: "پرسی ئابووری نه ته‌نیا ناوه‌رۆک، به‌ڵکو هێزی هه‌ڵداچوونه‌کانی سیستمی ده‌روونیش مه‌رجدار ده‌کات."
هۆرکهایمێر ساڵی 1936 له وتارێک دا به ناوی "خۆویستی و بزاڤ بۆ ئازادی" تیۆری تاناتووسی فرۆیدی به پاسیڤیزم تاوانبار کرد. به رای ئه‌و یه‌که‌م به‌رهه‌مه‌کانی فرۆید زیاتر دیالکتیکین، به‌ڵام دوا به‌رهه‌مه‌کانی بایۆلۆژیکی و پۆزه‌تیڤیستین؛ بڕوای فرۆید به تاناتووس له روانگه‌ی چاخی نێوه‌ڕاست ده‌چێ که خراپه له‌گه‌ڵ ئه‌هریمه‌نی ئه‌فسانه‌یی پێوه‌ند ده‌دات. فرۆید به پشتگوی خستنی ره‌هه‌ندی مێژوویی سه‌رکوتکاری، دۆخی هاوچه‌رخی به دۆخێکی ره‌ها زانی و به‌ره‌و ئه‌م هه‌ڵوێسته کشایه‌وه که هه‌میشه پێویسته چه‌ند نۆخبه‌یه‌ک هه‌بن تا پێش به کاولکاری جه‌ماوه‌ر بگرن.
له کۆتایی ده‌یه‌ی 1930دا فرۆم و ئه‌ندامانی تری فرانکفۆرت هه‌رکام رێگه‌ی خۆیان گرته‌به‌ر. فرۆم گرنگی به جیاوازی نێوان دوو سیستمی باوکسالاری و دایکسالاری دابوو، به‌ڵام ئه‌ندامانی تری سه‌نته‌ر هه‌رگیز ئه‌م پرسه‌یان به‌ته‌واوی قه‌بوڵ نه‌کرد. بێجگه له ڤاڵتر بنیامین، که زۆر هۆگری ئه‌ندێشه‌ی باخوفێن بوو، ئه‌وانیدی له‌م بۆچوونه‌ی فرۆم که فرۆیدی به نوێنه‌ری ئه‌ندێشه‌ی باوکسالار ناساندبوو، به گومان بوو. فرۆم کاتێ باسی هۆکاری جیابوونه‌وه‌ی خۆی له سه‌نته‌ری فرانکفۆرت دا‌کا ده‌ڵێ هۆرکهایمێر "فرۆیدێکی شۆڕشگێڕتری" که‌شف کرد. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که فرۆید باسی وزه‌ی سێکسی ده‌کات، هۆرکهایمێر پێی وایه که فرۆید زیاتر له فرۆم له ماتریالیزمی واقعی نزیکتره. له لایه‌کیتره‌وه لۆڤنتاڵ ده‌ڵێ هۆکار ئه‌مه بوو که روانگه‌ی فرۆم گۆڕانی به‌سه‌ردا هاتبوو، هێمای ئه‌م گۆڕانه‌ش له دوو به‌شی جیاوازی کتێبی هه‌ڵاتن له ئازادی، پرسی کۆمه‌ڵایه‌تی و "پرسی وجودی" دایه. هه‌روه‌ها روانگه‌ی فرۆم له چاو روانگه‌ی ئادۆرنۆ و هۆرکهایمێر گرنگی که‌متری به پرسی جوانیناسانه ده‌دا. هه‌ر له‌و کاته‌دا که فرۆم له سه‌نته‌ر داده‌بڕا، ئادۆرنۆ به‌شێوه‌ی هه‌مه‌لایه‌نه له‌گه‌ڵ سه‌نته‌ر تێکه‌ڵ بوو، ئه‌مه‌ش وه‌رچه‌رخانێکی بنه‌ڕه‌تی بوو له کاره‌کانی قوتابخانه‌ی فرانکفۆرت دا.
هۆکاری دابڕان هه‌رچی بوو، له ده‌یه‌ی 1940 دا به‌رهه‌مه‌کانی فرۆم رق و قینی دۆستانی پێشوی هه‌ڵخڕاند. دوای رۆشتنی فرۆم سه‌نته‌ر ئه‌وه‌نده درێژه‌ی به باس و مشتومڕی تیۆریک ده‌رباره‌ی ده‌روونشیکاری نه‌دا. هۆرکهایمێر ساڵی 1939 له وتارێک دا فرۆیدی له‌گه‌ڵ دیلتای به‌راورد کرد و فرۆیدی به سه‌رتر زانی، به‌ڵام هۆکاری ئیمتیازی فرۆیدی به درێژی راڤه نه‌کرد. ئه‌گه‌رچی چه‌مک و بنه‌مای ده‌روونناسانه له زۆربه‌ی به‌رهه‌مه‌کانی سه‌نته‌ر دا، له درێژه‌ی جه‌نگ و له پاش جه‌نگ دا، به‌کار ده‌برا، به‌ڵام هۆرکهایمێر و دۆستانی کێشه‌ی خۆیان له‌گه‌ڵ تیۆری فرۆیدی راشکاوانه ده‌رده‌بڕی. له ئۆکتۆبری 1942 دا ئێرنێست کریس که یه‌کێ له پێره‌وانی به‌رجه‌سته‌ی "ده‌روونناسی خود" (ego psychology) بوو، داوای له لۆڤنتاڵ کرد هه‌ڵوێستی سه‌نته‌ر له‌مه‌ڕ فرۆید ده‌رببڕێت. لۆڤنتاڵ نامه‌یه‌کی بۆ هۆرکهایمێر نووسی و داوای رێنوێنی کرد. هۆرکهایمێر که له‌و کاته‌دا له کالیفۆڕنیا بوو به رۆشنی وڵامی نامه‌که‌ی دایه‌وه که لێره‌دا ده‌یخوێنینه‌وه:
من پێم وایه روانگه‌ی سه‌نته‌ر له‌مه‌ڕ فرۆید ته‌واو پۆزه‌تیڤه. ئێمه زۆر قه‌رزداری فرۆید و هاوکارانی ئه‌وین. ئه‌ندێشه‌ی ئه‌و یه‌کێ له بنه‌ماکانی فه‌لسه‌فه‌ی ئێمه پێکدێنێ. من له‌م دواییانه‌دا سه‌رله‌نوێ گه‌وره‌یی ئه‌وم ناسیوه. ره‌نگه له بیرت بێ که زۆر که‌س ده‌ڵێن مێتۆدی سه‌ره‌کی فرۆید تایبه‌ت به چینی ناوه‌ڕاستی زراڤ و ئاڵۆزی ڤیهنییه. ئه‌م وته‌یه زۆر له راستی دووره، به‌ڵام هه‌ندێ راستی تێدایه که هیچ زیانێکی بۆ به‌رهه‌مه‌کانی ئه‌و نییه. هه‌رچه‌نده به‌رهه‌م گه‌وره‌تر بێت، زیاتر ره‌گ و ریشه‌ی له دۆخی مێژوویی – کۆنکرێت دایه. ئه‌گه‌ر سه‌یرێکی پێوه‌ندی نێوان ڤیه‌نی ئازادبیر و مێتۆدی سه‌ره‌کی فرۆید بکه‌ی تێده‌گه‌ی که چ بیرمه‌ندێکی گه‌وره بووه. به فه‌وتانی ژیانی بنه‌ماڵه‌یی چینی نێوه‌ڕاست، تیۆری فرۆید به قۆناغێکی تازه گه‌یشت که له وتاری "بانتر له تێزی له‌زه‌ت"دا به‌یان کراوه. ئه‌م وه‌رچه‌رخانه‌ی فه‌لسه‌فه‌ی فرۆید ده‌یسه‌لمێنێ که ئه‌و له به‌رهه‌می تایبه‌تی خۆیدا هه‌ستی به هه‌ندێ گۆڕان کردووه که له به‌شی چه‌مکی ئه‌قڵ دا بۆ فه‌وتانی تاک و بنه‌ماڵه ته‌رخان کراوه. ده‌روونناسی به بێ لبیدۆ بێ مانایه و فرۆید هێنده مه‌زن بووه که له قاڵبی کاره‌که‌ی خۆیدا ده‌روونناسی وه‌لاوه بنێ. ده‌روونناسی به مانای درووستی وشه‌که هه‌میشه ده‌روونناسی تاک بووه، هه‌ر کات که پێویست بێت ده‌بێ به‌شێوه‌ی ئۆرتۆدوکس بگه‌ڕینه‌وه بۆ به‌رهه‌مه سه‌ره‌تاییه‌کانی فرۆید. ئه‌و چه‌مکانه که په‌یوه‌ست به غه‌ریزه‌ی مه‌رگن، چه‌ند کاتاگۆری ئانترۆپۆلۆژیکن. ته‌نانه‌ت ئه‌و کاته‌ش که له‌گه‌ڵ روانگه‌ی فرۆید و شێوه‌ی به‌کارهێنانی کۆک نه‌بین، ئامانجی دیدگای ئه‌و به دروست ده‌زانین و تێده‌گه‌ین که به‌رهه‌مه‌کانی فرۆید بیری تیژی ئه‌و بۆ ده‌رکی بارودۆخ ئاشکرا داکه‌ن. ئاڵوگۆڕی ئه‌ندێشه‌ی فرۆید، ئه‌وی به‌و ئاکامه گه‌یاند که بیرمه‌ندی هاوچه‌رخ، بێرگسۆن، پێی گه‌یشتبوو. فرۆید به‌شێوه‌ی به‌رهه‌ست خۆی له ده‌روونشیکاری کشانده‌وه. به‌ڵام فرۆم و هۆرنی به‌ره‌و ده‌روونناسی ساویلکانه گه‌ڕانه‌وه و ته‌نانه‌ت کۆمه‌ڵگه و کولتوریشیان ده‌روونناسانه کرده‌وه.
ناوه‌رۆکی ئه‌م نامه‌یه تا راده‌یه‌ک جیاوازی بنه‌ڕه‌تی روانگه‌ی فرۆم و هۆرکهایمێر ده‌رده‌خات. یه‌که‌م، هۆرکهایمێر ئه‌م بۆچوونه ره‌ت ده‌کاته‌وه که توخمی بورژوایی ئه‌ندێشه‌ی فرۆید به ناشیاو ده‌زانن. ئه‌و پێشتر له وتاری "تیۆری کلاسیک و ره‌خنه‌گرانه"دا وتبووی هیچ بیرمه‌ندێک ناتوانێ به‌ته‌واوی له دۆخی کۆمه‌ڵایه‌تی سه‌رده‌می خۆی هه‌ڵێت. ئه‌و له وڵامی لۆڤنتاڵ دا ده‌نووسێ "به‌رهه‌م هه‌رچه‌نده گه‌وره‌تر بێت، زیاتر ریشه‌ی له دۆخی مێژوویی – کۆنکرێت دایه." که‌وابوو بۆچوونی فرۆید له‌مه‌ڕ غه‌ریزه‌ی مه‌رگ خاوه‌ن "مه‌به‌ستێکی به‌رهه‌سته" که "ئێجگار دروسته". ئه‌وه‌ش نه به‌و هۆیه که له‌گه‌ڵ پرسه گشتییه‌کانی بیۆلۆژیک سازگاره، به‌ڵکوو به‌مهۆیه که قووڵایی خواسته روخێنه‌ره‌کانی مرۆڤی مۆدێرن روون ده‌کاته‌وه. دووهه‌م، فرۆیدیان به‌وه تاوانبار کردووه که رۆڵی بنه‌ماڵه‌ی وه‌ک هۆکاری کۆمه‌ڵایه‌تی نه‌دیوه، ئه‌م راستییه زاده‌ی دیدگای فرۆیده که له ئاست پووکانه‌وه‌ی بنه‌ماڵه له ژیانی مۆدێرن دا نیگه‌ران بووه. هۆرکهایمێر له به‌رهه‌مه‌کانی تری دا به درێژی باسی ئه‌م ئاڵوگۆڕه‌ی کردووه. سه‌رئه‌نجام، فرۆید تێگه‌یشت که ده‌روونناسی له تاک ده‌توێژێته‌وه. که‌وابوو لبیدۆ که ره‌هه‌ندێک له بوونی مرۆڤ پێکدێنێ و به ته‌واوی له کۆنترۆڵی کۆمه‌ڵایه‌تی به‌دووره، چه‌مکێکی گرنگ و حه‌یاتییه. به‌مپێیه نابێ تاک سۆسیۆلۆژیک (کۆمه‌ڵناسانه) بکرێته‌وه. که‌وابوو رڤیزیۆنیسته‌کان [فرۆم و "ده‌روونناسانی خود" له ئه‌مریکا] که تێده‌کۆشن "کۆمه‌ڵ و کولتور سایکۆلۆژیک (ده‌روونناسانه) بکه‌ن"، له هه‌ڵه دان. بنه‌مای دژایه‌تی هۆرکهایمێر که نایه‌وێ ده‌روونناسی له کۆمه‌ڵناسی دا، یان کۆمه‌ڵناسی له ده‌روونناسی دا بتوێته‌وه، پرسی یه‌کنه‌بوون (nonidentity) ده‌سه‌لمێنێ، که یه‌کێ له چه‌مکه سه‌ره‌کییه‌کانی تیۆری ره‌خنه‌گرانه‌یه. تا کاتێ که ناکۆکییه‌کان له‌ڕووی کۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه چاره‌سه‌ر نه‌کرابن، ناکرێ به‌شێوه‌ی مێتۆدۆلۆژیک سازگار بکرێن. ئادۆرنۆ ساڵانێک دواتر له وتاری "کۆمه‌ڵناسی و ده‌رونناسی" دا ئه‌م پرسه‌ی باس کرد.
له راستیدا ئادۆرنۆ بۆ یه‌که‌م جار به ئاشکرا جیاوازی روانگه‌کانی سه‌نته‌ری فرانکفۆرتی له‌گه‌ڵ ئه‌ندامانی پێش‌و (رڤیزیۆنیسته‌کان) شرۆڤه کرد. ئه‌و له ئاڤریلی 1946 له لۆس ئانجلێس دا وتارێکی به ناوی "زانستی کۆمه‌ڵایه‌تی و ره‌وتی سۆسیۆلۆژیک له ده‌روونشیکاری دا" بڵاو کرده‌وه. ئه‌م وتاره له دوو ره‌هه‌نده‌وه شیاوی سه‌رنجه. یه‌که‌م، به‌هۆی ئه‌وه که باسی گرنگی فرۆید بۆ قوتابخانه‌ی فرانکفۆرت ده‌کات. دووهه‌م، وه‌ک تۆوێک له روانگه‌کانی مارکوزه‌دا شین بوو و گه‌شایه‌وه و ناوبانگی جیهانی ده‌رکرد و له کتێبی ئیرۆس و شارستانیه‌ت دا به توندی ره‌خنه‌ی له رڤیزیۆنیسته‌کان گرت. ئادۆرنۆ به‌تایبه‌ت به‌رهه‌می کارن هۆرنی به ناوی مێتۆدی نوێ له ده‌روونشیکاری دا و وتاری فرۆم به ناوی "ئاسته‌نگی کۆمه‌ڵایه‌تی عیلاجی ده‌روونشیکارانه"ی شرۆڤه کرد. وتاره‌که‌ی ئادۆرنۆ که له پاش جه‌نگ نوسراوه به زمانێکی تاڵ و گه‌زنده نوسراوه که له به‌رهه‌مه‌کانی پێشوی سه‌نته‌ردا به‌دی ناکرێ.
ئادۆرنۆ به لێکدانه‌وه‌ی هێرشی رڤیزیۆنیسته‌کان بۆ دوو چه‌مکی ئیرۆس و تاناتوسی فرۆید، وتاره‌که‌ی ده‌ست پێده‌کات. ئه‌و ده‌ڵێ غهریزهگهرایی یان ده‌کرێ به مانای دابه‌شکردنی مکانیکی رۆحی مرۆڤ بۆ دوو غه‌ریزه‌ی نه‌گۆڕ بێت، یان ده‌کرێ جۆرێک خواستی ده‌روونی بزۆزی مرۆڤ بێت که تێده‌کۆشی به له‌زه‌ت بگات و خۆی بپارێزێ، ئه‌مه‌ش ده‌توانێ زۆر شێوازی جیاواز بگرێته‌به‌ر. فرۆید بژارده‌ی دووهه‌م به دروست ده‌زانێ. که‌وابوو رڤیزیۆنیسته‌کان که روانگه‌ی ئه‌و به مکانیکی ده‌زانن، له هه‌ڵه دان. له کاتێک دا روانگه‌ی حه‌تمی ئه‌وان له‌مه‌ڕ تیپه‌کانی که‌سێتی ته‌واو مکانیکییه. ئه‌وان به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه که گرنگی به پرسی مێژوویی ده‌ده‌ن، وه‌ک فرۆید "مێژووی ده‌رونی" لبیدۆ قه‌بوڵ ناکه‌ن. ئه‌وان به گرنگیدانی له‌ڕاده‌به‌ده‌ر به رۆڵی "خود"، پێوه‌ندی ئه‌کتیڤ و گه‌شنده‌ی "خود" له‌گه‌ڵ "نه‌ست" (Id) پشتگوێ ده‌خه‌ن: "بۆ نمونه ره‌تکردنه‌وه‌ی غهریزهگهرایی فرۆید، یانی ره‌تکردنه‌وه‌ی ئه‌م پرسه که فه‌رهه‌نگ به سه‌پاندنی هه‌ندێ ئاسته‌نگ به‌سه‌ر لبیدۆ و به‌تایبه‌ت به‌سه‌ر خواسته روخێنه‌ره‌کان دا، ده‌بێته هۆی سه‌رکوت و چه‌پاندن..."
رڤیزیۆنیسته‌کان بێجگه له‌مه‌ش به که‌مکردنه‌وه‌ی رۆڵی ئه‌زمونه‌کانی سه‌رده‌می مناڵی (erlebnisse)، به‌تایبه‌ت ئه‌و زه‌برانه‌ی که به قووڵی له‌سه‌ر گه‌شه‌ی که‌سێتی کاریگه‌رن، تیۆرییه‌کی ته‌واو جیاوازیان له‌مه‌ڕ که‌سێتی سازکردووه. فرۆید زۆر گرنگی به رۆڵی ئه‌و شۆکه پڕخهسارانه ئه‌دا که که‌سێتی لێکپچڕاوی مۆدێرن پێکدێنن، ئه‌م شته له به‌رهه‌می رڤیزیۆنیسته‌کان دا که‌م ره‌نگ بۆته‌وه و نه‌ماوه. ئادۆرنۆ ده‌نوسێ "پێداگرتن له‌سه‌ر گشتێتی، نه له‌سه‌ر مه‌یل و خواسته تاکی و دابڕاوه‌کان، هه‌میشه پێویستی به بیرێکی مۆنیستی هه‌یه که ده‌کرێ به یه‌کێتی که‌سێتی ناودێری بکه‌ین، یه‌کێتییه‌ک که هه‌رگیز له کۆمه‌ڵی ئێمه‌دا به‌ده‌ست نایه‌ت. یه‌کێ له گه‌وره‌ترین لێوه‌شاوه‌ییه‌کانی فرۆید ئه‌مه بوو که توانی ئه‌فسانه‌ی ئه‌م یه‌کێتییه رسوا بکات." پۆلینبه‌ندی تیپه‌کانی که‌سێتی به‌وجۆره که فرۆم دابه‌شی ده‌کات یانی قه‌بووڵکردنی چه‌ندین تیپ که‌سێتی تۆکمه که ته‌نیا به مانای "شاردنه‌وه‌ی دۆخی سایکۆلۆژیکی هه‌ر تاکێکه له په‌رده‌ی ئایدیۆلۆژیکی ئێستادا."
به‌گشتی ساغکردنه‌وه‌ی فرۆید به‌هۆی رڤیزیۆنیسته‌کان که ئه‌و هه‌موو بانگ و هه‌رایه‌ی هه‌ڵگیرساند، بێجگه له پاساودانی ناکۆکی کۆمه‌ڵایه‌تی هیچ نه‌بوو. ئه‌وان به برینی ریشه‌ی بایۆلۆژیکی ده‌روونشیکاری، ئه‌م بواره‌یان وه‌ک جۆرێک زانستی ئینسانی و وه‌ک ئامێرێکی ته‌ندروستی کۆمه‌ڵایه‌تی لێکرد.کاتێ ئه‌وان پرسی سێکس ده‌سڕنه‌وه، حاشا له ناکۆکی نێوان زات و هێما ده‌که‌ن و، جیاوازی نێوان دابینبوونی راسته‌قینه و به‌خته‌وه‌ری درۆینه‌ی شارستانیه‌تی هاوچه‌رخ ره‌ت ده‌که‌نه‌وه. ئادۆرنۆ ده‌ڵێ: فرۆم به حاشا کردن له بنه‌مای سێکسی سادیسم، کارێکی هه‌ڵه ده‌کات، ئه‌ویش رێک له کاتێک دا که نازییه‌کان به‌شێوه‌ی بێ شه‌رمانه ئه‌م دیارده‌یه پیشان ده‌ده‌ن. هێماکانی به‌رهه‌می رڤیزیۆنیسته‌کان به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه که خۆیان حاشای لێده‌که‌ن، سه‌رئه‌نجام به سازان ده‌گات؛ ئه‌م پرسه به‌تایبه‌ت له مۆرالیزمی ئه‌واندا ده‌رده‌که‌وێ. ئادۆرنۆ به‌تووڕه‌ییه‌وه ده‌ڵێ هیچ پاساوێک ناتوانێ نۆرم و رێسا ئه‌خلاقییه‌کان به ره‌ها و نه‌گۆڕ بزانێ، ئه‌ویش له سه‌رده‌مێک دا که پاش ئه‌وه‌ی ره‌خنه‌ی نیچه ره‌گ و ریشه‌ی سایکۆلۆژیکی رێسا ئه‌خلاقییه‌کانی ده‌رخستووه، هه‌مویان تووشی شک و گومان هاتوون.
ئادۆرنۆ له درێژه‌دا ده‌ڵێ رڤیزیۆنیسته‌کان له راڤه‌کردنی سه‌رچاوه‌کانی بێ نه‌زمی کۆمه‌ڵایه‌تی دا تووشی سادهگهری ده‌بن. ئه‌وه که خواستی رکه‌به‌رایه‌تی به هۆکاری سه‌ره‌کی ناکۆکی و کێشه‌کانی کۆمه‌ڵی بورژوایی ده‌زانن، گه‌مژه‌ییه، به‌تایبه‌ت به سه‌رنجدان به‌م راستییه که فرۆم له کتێبی هه‌ڵاتن له ئازادی دا ده‌ڵێ تاکی خۆڕسک له‌نێوچووه. له راستیدا "خودی رکه‌به‌رایه‌تی قه‌ت ئه‌و یاسایه نه‌بووه که به‌پێی ئه‌و جڤاتی پشت ئه‌ستوور به چینی ناوه‌ڕاست رۆڵی گێڕاوه". پێوه‌ندی واقعی کۆمه‌ڵی بورژوایی هه‌میشه به‌پێی ترساندن له توندوتیژی جه‌سته‌یی پێکهاتووه، فرۆید ئه‌م پرسه‌ی به رۆشنی ده‌رک کردووه: "له سه‌رده‌می که‌مپه‌کانی کاری زۆره‌ملی دا زیاتر خه‌ساندن خه‌سڵه‌تی دۆخی کۆماڵایه‌تی دیاری ده‌کات نه رکه‌به‌رایه‌تی." ئادۆرنۆ ده‌ڵێ له‌نێو تیۆریسازانی بورژوایی دا فرۆید له‌گه‌ڵ نه‌ریتی هابزی دایه، گرووپێک که به روانگه‌ی ره‌شبینی ره‌هاوه چاو له سروشتی شه‌ڕه‌نگێزی مرۆڤ ده‌کات، ئه‌م بۆچوونه دۆخی زاڵ باشتر ده‌رده‌خات نه روانگه‌ی گه‌شبینی رڤیزیۆنیسته‌کان. کاتێ فرۆید شارستانیه‌ت به وه‌ستان (fixation) و دووپاتبوونه‌وه (repetition) ده‌زانێ له شوپێنهاڤێر ده‌چێ. رڤیزیۆنیسته‌کان کاتێ ده‌ڵێن گۆڕانی راسته‌قینه ده‌توانێ له شارستانیه‌تی رۆژاوایی دا زنجیره‌ی دووپاتبوونه‌وه بپچڕێنێ، بێهووده گه‌شبینن.
ئادۆرنۆ سه‌رئه‌نجام له‌مه‌ڕ پێداگرتن له‌سه‌ر عشق له به‌رهه‌مه‌کانیان دا ره‌خنه له رڤیزیۆنیسته‌کان ده‌گرێ. فرۆم به هۆی ساردی فرۆید ره‌خنه‌ی لێگرتووه. به‌ڵام شۆڕشگێڕانی راسته‌قینه به زۆری سارد و به دیسیپلینن. به خه‌ون و ئاوات ناتوانین کێشه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان بسڕینه‌وه، ئه‌م کێشانه ده‌بێ بنبڕ بکرێن و ئه‌م پرسه‌ش پێویستی به ره‌نج و ئازاری هه‌موان هه‌یه: "ده‌کرێ بڵێین که جڤاتی ئێمه هێنده رادیکاڵ بۆته‌وه که له‌ودا هه‌ستی عشق ته‌نیا به رق و قین له هه‌موو شتێکی واقعی به‌یان ده‌کرێت له کاتێک دا هه‌ر جۆره هێمایه‌کی راسته‌وخۆی عشق ته‌نیا بۆ سه‌لماندنی ئه‌و دۆخانه به‌کار دێت که سه‌رچاوه‌ی نه‌فره‌تن." ئادۆرنۆ وتاره‌که‌ی خۆی به چه‌ند دێڕێک ته‌واو ده‌کات که وته‌ی به‌ناوبانگی ڤاڵتر بنیامین وه‌بیرمان دێنێته‌وه: "ته‌نیا به‌هۆی ناهۆمێدانه که ده‌بێ هۆمێدوار بین." ئادۆرنۆ ده‌نوسێ: "من پێم وایه هه‌ستی سوکایه‌تی فرۆید به مرۆڤه‌کان هێمای ئه‌و عشقه ناهۆمێدانهیه که ته‌نیا ده‌توانێ نیشانه‌ی هۆمێدێک بێت که هێشتا بۆ ئێمه ره‌وایه."
له زۆربه‌ی به‌رهه‌مه‌کانی سه‌نته‌ری فرانکفۆرت له ده‌یه‌ی 1940 – که‌سێتی پاوانخواز و دیالکتیکی رۆشنگه‌ری و پێغه‌مبه‌رانی فریو، به‌رهه‌می لۆڤنتاڵ- دا کاریگه‌ری وشیاریده‌رانه‌ی فرۆید به ئاشکرا ده‌بینرێ. پاش گه‌ڕانه‌وه‌ی سه‌نته‌ر بۆ ئاڵمان ئه‌م ره‌وته درێژه درا و چ له کاری تیۆریک و چ له تۆژینه‌وه‌ی ئه‌زموونی دا، فرۆیدیزم کاریگه‌ری پڕمانای هه‌بوو. ساڵی 1956، سه‌ده‌مین ساڵی له‌دایکبوونی فرۆید، سه‌نته‌ر ژماره‌یه‌ک له گۆڤاری frankfurter beitrage zur soziologei بۆ ئه‌و ته‌رخان کرد و به‌مجۆره رێزی لێگرت. به‌هه‌ر حاڵ جارێکی‌تر کۆشش بۆ تێکه‌ڵ کردنی روانگه‌ی مارکس و فرۆید به‌شێوه‌ی گه‌شبینانه، به یه‌کێ له ئه‌ندامانی سه‌ره‌کی سه‌نته‌ر سپێردرا که له قۆناغی ئه‌مریکادا که‌متر کاتی خۆی بۆ بیرکردنه‌وه‌ی سایکۆلۆژیک ته‌رخان کردبوو: هربێرت مارکوزه. مارکوزه له کتێبی ئیرۆس و شارستانیه‌ت دا ویستی "فرۆیدی شۆڕشگێڕ" که فرۆم وه‌ک ئه‌فسانه حاشای لێکردبوو و ئادۆرنۆ و هۆرکهایمێر وه‌ک پێغه‌مبه‌ری سه‌رده‌می شه‌وه‌زه‌نگ ناساندبوویان، رزگار بکات. ئیرۆس و شارستانیه‌ت هۆگری سه‌ره‌تایی تیۆری ره‌خنه‌گرانه به فرۆید ده‌رده‌خات و بایه‌خی ئه‌وه‌ی هه‌یه که لێره‌دا به‌کورتی چاوێکی پێدا بخشێنین.
(2)
مارکوزه به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌ندامانی دیکه‌ی سه‌نته‌ری فرانکفۆرت، کاتێ چووه ئه‌مریکا، ئه‌وه‌نده دڵبه‌سته‌ی ده‌روونشیکاری نه‌بوو. ره‌نگه مارکوزه‌ی لاو ئه‌وه‌نده راسیۆناڵیست بوو که نه‌یده‌توانی له دنیای ئاڵۆز و تاریکی نه‌ست دا شتێکی سه‌رنجڕاکێش بدۆزێته‌وه. مارکوزه که له‌سه‌ر یه‌کێتی سوژه و ئوبژه پێی داده‌گرت – ئادۆرنۆ و هۆرکهایمێر که گرنگییان به چه‌مکی نایه‌کبوون (nonidentity) ده‌دا، قه‌ت جه‌ختیان له‌سه‌ر ئه‌م یه‌کێتییه نه‌کرد- که‌متر گرنگی به ده‌روونناسی تاکی ده‌دا، له‌چاو گشتێتی کۆمه‌ڵایه‌تی. ئه‌و له وتارێک دا که له‌مه‌ڕ ده‌سه‌ڵات نووسی، رۆڵی بنه‌ماڵه‌ی وه‌ک هۆکاری کۆماڵایه‌تی قه‌بووڵ نه‌کرد، له کاتێکدا که فرۆم ته‌واو دژی ئه‌م بۆچوونه بوو.
سه‌ره‌ڕای ئه‌مه‌ش، هه‌ر به‌وجۆره‌ی که پۆل رابینسون ده‌ڵێ له زۆربه‌ی به‌رهه‌مه‌کانی مارکوزه که له ده‌یه‌ی 1930دا نوسیویه هۆگرییه‌کی زراڤ به فرۆید ده‌بینرێ. بۆ نمونه به گرنگیدان به ده‌رفه‌تی لهزهتخوازانه(hedonistic) له گشتێتی دیالکتیکی ئه‌قڵ و به‌خته‌وه‌ری دا، ره‌خنه له ره‌وتی سۆفیانه‌ی ئایدیالیست ده‌گرێ. به‌گشتی مارکوزه سه‌رکوتکردنی سێکس له‌گه‌ڵ چه‌وساندنه‌وه پێوه‌ند ده‌دا و، بێجگه له ره‌هه‌ندی په‌تی سایکۆلۆژیکی سه‌رکوتی سێکسی، رۆڵی سیاسیشی له‌به‌ر چاو ده‌گرێ. سه‌ره‌ڕای ئه‌مه‌ش، مارکوزه ره‌خنه له ئایدیۆلۆژی بورژوایی عشق ده‌گرێ، که ئه‌رک و وه‌فاداری باشتر له له‌زه‌ت ده‌زانێ. ئه‌و هه‌ر وه‌ها چه‌مکی ئایدیالیستی "که‌سێتی" ره‌ت کرده‌وه، ئه‌م پرسه دواتر بوو به پشتخانێک بۆ ئادۆرنۆ تا ئه‌ندێشه‌ی رڤیزیۆنیسته‌کان ره‌ت بکاته‌وه. مارکوزه ساڵی 1937 ئاماژه‌ی به رۆڵی توخمه حسی و جه‌سته‌ییه‌کان کردبوو له گه‌یشتن به به‌خته‌وه‌ری راسته‌قینه‌دا، هه‌روه‌ها له رادیکاڵترین فۆرمی به‌ستنی(reification) جه‌سته‌دا "بیره‌وه‌ری پێشگۆیانهی" له‌زه‌تی ره‌سه‌نی دیبوو. سه‌رئه‌نجام، له وتارێکی دا له‌مه‌ڕ لهزهتخوازی، پێوه‌ندی نێوان خواستی سێکسی سه‌رکوتکراو و توندوتیژی و هه‌ڵشاخانی به‌دی کردبوو، ئه‌م پێوه‌ندییه له کتێبی ئیرۆس و شارستانیه‌ت دا رۆڵی سه‌ره‌کی ده‌گێرێ.
به‌هه‌ر حاڵ پاش ئاکامی سامناکی شه‌ڕی نێوخۆیی ئیسپانیا و پاکتاوکردنی دادگاکانی مسکۆ، مارکوزه به جدی خوێندنه‌وه‌ی فرۆیدی ده‌ست پێ‌کرد. ناڕه‌زایه‌تی فرواوان له مارکسیزم و ته‌نانه‌ت مارکسیزمی هێگلی ئه‌وی به‌ره‌و ئاقارێکی تر برد – وه‌ک چۆن پێشتر ئادۆرنۆ و هۆرکهایمێری بۆ وێ بردبوو- تا له ئاسته‌نگی سایکۆلۆژیکی به‌رده‌م ئاڵوگۆڕی کۆمه‌ڵایه‌تی بتۆژێته‌وه. ئه‌م تۆژینه‌وه ره‌شبینی ئادۆرنۆ و هۆرکهایمێری زیاتر کرد، به‌جۆرێک که به‌خێرایی پراگماتیزمی سیاسی‌یان به‌جێهێشت، به‌ڵام سه‌رله‌نوێ مارکوزه‌ی به‌ره‌و ره‌هه‌ندی رادیکاڵیزمی یوتۆپیایی برد. پاش ساڵانێک تۆژینه‌وه و تێڕامان، ئیرۆس و شارستانیه‌ت، ساڵی 1955 بڵاو کرایه‌وه، کۆششی مارکوزه بۆ پێوه‌نددانی مارکس و فرۆید، له هه‌وڵه سه‌ره‌تاییه‌کانی تیۆری ره‌خنه‌گرانه ئێجگار واوه‌تر چوو. به‌پێچه‌وانه‌ی ئادۆرنۆ و هۆرکهایمێر که وردبینی فرۆیدیان له‌مه‌ڕ ناکۆکی قووڵی مرۆڤی مۆدێرن به‌کارهێنا، تا به پاڵپشتی ئه‌و روانگه‌ی خۆیان له‌مه‌ڕ نایه‌کبوون تۆکمه بکه‌ن، مارکوزه تێگه‌یشت که فرۆید، به‌تایبه‌ت فرۆیدی پیر که باسی پرسی بان ده‌روونناسانه‌ی کردووه، په‌یامی یه‌کێتی و ته‌بایی دێنێ. مارکوزه به‌پێچه‌وانه‌ی فرۆم که فرۆیدی ئۆرتۆدوکسی وه‌ک دوژمنی دۆخی مۆدێرن ره‌ت کردبۆوه، تێکۆشا تا ئه‌و توخمانه‌ی ده‌روونشیکاری ئاشکرا بکات که له سیستمی ئێستا سه‌رتر ده‌چن.
لێره‌دا ناتوانین کتێبی ئاڵۆز و هه‌راوی ئیرۆس و شارستانیه‌ت به درێژی راڤه بکه‌ین، به‌ڵام ده‌توانین ده‌رباره‌ی پێوه‌ندی ئه‌م به‌رهه‌مه له له‌گه‌ڵ تۆژینه‌وه‌کانی پێشوی سه‌نته‌ر چه‌ند خاڵێک باس بکه‌ین. یه‌که‌م به‌شی ئه‌م کتێبه -که هاوینی 1955 به جیا له گۆڤاری Dissent چاپ‌کرا- وادیاره هێرش ده‌کاته سه‌ر رڤیزیۆنیسته‌کان. مارکوزه لێره‌دا هه‌ودای باباتێک ده‌گرێته‌به‌ر که ئادۆرنۆ 10 ساڵ پێشتر باسی کردبوو. ئه‌و تۆژینه‌وه‌که‌ی به ئاماژه به‌م پرسه ده‌ست پێده‌کات که به‌رهه‌مه‌کانی ڤیلهێلم رایش ده‌کاته ده‌سپێک، به‌ڵام خێرا باسی ناکۆکییه‌کانی ئه‌ندێشه‌ی رایش ده‌کات. به رای مارکوزه رایش بۆوه‌ی نه‌یتوانیوه جۆری جیاوازه‌کانی سه‌رکوت دیاری بکات نه‌یتوانیوه "دینامیزمی مێژوویی غه‌ریزه‌ی سێکسی و پێوه‌ندی ئه‌و له‌گه‌ڵ خواستی کاولکه‌رانه" به‌دی بکات. له ئاکامدا رایش به‌ره‌و ئاقارێک چوو ساویلکانه داکۆکی له ئازادی سێکسی بکات.
مارکوزه پاش ئه‌وه‌ی به‌کورتی یونگ و ده‌روونشیکاری "راست" ره‌ت ده‌کاته‌وه، روو ده‌کاته لایه‌نگرانی نیوفرۆیدیزم. ئه‌و به ستایش کردنی یه‌که‌م وتاره‌کانی فرۆید له گۆڤاری zietschrif دا ده‌ست پێده‌کات. مارکوزه‌ش وه‌ک فرۆم له‌گه‌ڵ جڤاتی باوکسالار دژایه‌تی ده‌کات. (ئه‌و چه‌مکی "باوکتهوهری – چاوچنۆکانه" (patricentric-Acquisitive) به‌کار دێنێ، چه‌مکێ که فرۆم له ساڵانی دوایی دا بۆ ده‌ربڕینی هه‌مان دیارده چه‌واشه‌ی کردبوو و) به هێرش بردن بۆ "بنه‌مای کارکرد" (performance-principle) له‌گه‌ڵ ئه‌و به‌راوردی کردبوو. مه‌به‌ستی ئه‌و له‌م چه‌مکه، جۆرێک دۆخی تایبه‌تی جڤاتی هاوچه‌رخه که به‌پێی ئه‌م بنه‌مایه "کۆمه‌ڵگه به‌پێی رۆڵ و کارکردی ئابووری رکه‌به‌رایه‌تی ئه‌ندامانی، پۆلینبه‌ندی ده‌کرێت". مارکوزه ده‌ڵێ ره‌هه‌ندی ره‌خنه‌گرانه‌ی به‌رهه‌مه‌کانی فرۆم له کاتی جیابوونه‌وه‌ی له سه‌نته‌ردا له کزی دابوو. کاتێ که فرۆم به خه‌ستی خۆی بۆ کاری کلینیکی ته‌رخان کرد، ئاڵوگۆڕی قووڵ له به‌رهه‌مه‌کانی دا پێکهات. فرۆم به بانگه‌شه‌ی جۆرێک عیلاجی په‌یوه‌ست به به‌خته‌وه‌ری که فرێنچی و گرودک په‌ره‌یان پێدابوو، له‌ئاست ئه‌م ئایدیۆلۆژییه ته‌سلیم بوو که ده‌کرێ به‌خته‌وه‌ری راستین هه‌ر له‌م جڤاته‌دا به‌دی بێت. به‌ڵام مارکوزه ده‌ڵێ "له جڤاتی سه‌رکوتکاردا، به‌خته‌وه‌ری تاکی و ئاڵوگۆڕی به‌رهه‌مهێنان له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵگه له ناکۆکی دایه و ئه‌گه‌ر ئه‌م دوو چه‌مکه (به‌خته‌وه‌ری تاکی و ئاڵوگۆڕی به‌رهه‌مهێنان) وه‌ک به‌هاکانی ئه‌م جڤاته بچه‌سپێن، خۆیان وه‌ک هۆکاری سه‌رکوت ده‌رده‌که‌ون."
روانگه‌ی مارکوزه له‌مه‌ڕ تیۆری و عیلاجی ده‌روونشیکارانه، له‌گه‌ڵ روانگه‌ی ئه‌و و ئه‌ندامانی تری سه‌نته‌ر له‌مه‌ڕ تیۆری و پراکسیس (praxis) زۆر لێکده‌چن. له‌م قۆناغه‌ی شارستانیه‌تی رۆژاوادا، ناکرێ ئه‌م دوو شته به‌ته‌واوی ئاشت بکه‌ینه‌وه، هه‌رچه‌ند هیچ کام له‌م دوانه به‌ته‌واوی سه‌ربه‌خۆ نین. ئه‌گه‌ر تیۆری به‌ته‌واوی له پراکسیس یان "عیلاج" دا بتوێنینه‌وه، ناوه‌رۆکی نێگه‌تیڤ و ره‌خنه‌گرانه‌ی له‌نێو ده‌به‌ین. کاتێ رڤیزیۆنیسته‌کان فانتازیای فکری له کرداری عیلاج دا ده‌توێننه‌وه، زۆر له پراگماتیسته‌کان و پۆزه‌تیڤیسته‌کان نزیک ده‌بنه‌وه، یانی له‌و که‌سانه که له به‌رانبه‌ر تیۆری ره‌خنه‌گرانه دان. رڤیزیۆنیسته‌کان له‌گه‌ڵ فرۆید هه‌ر ئه‌و کاره ده‌که‌ن که پێره‌وانی هێگل له‌گه‌ڵ ئه‌و کردیان، مارکوزه له به‌شی دووهه‌می کتێبی ئه‌قڵ و شۆڕش دا ئه‌م پرسه‌ی باس کردووه. ئه‌وان له دوو لایه‌نه‌وه کاری تواندنه‌وه ئه‌نجام ده‌ده‌ن. یه‌که‌م، ئه‌وان پڕماناترین و بوێرانه‌ترین تیۆرییه‌کانی فرۆیدیان ره‌ت کرده‌وه: غه‌ریزه‌ی مه‌رگ، هۆزی سه‌ره‌تایی و کوشتنی باوک. مارکوزه له ده‌قی سه‌ره‌کی ئیرۆس و شارستانیه‌ت دا ده‌نوسێ ئه‌و میراته مێژینه که رڤیزیۆنیسته‌کان گاڵته‌ی پێده‌که‌ن، به‌هۆی "به‌های سهمبۆڵیکی پڕمانایه، ئه‌و روداوه له‌مێژینانه که تیۆری فرۆید باسی کردوون، ره‌نگه بۆ هه‌میشه له ده‌ڤه‌ری سه‌لماندنی مرۆڤناسانه سه‌رتر بێت. به‌ڵام پرسه مێژووییه‌کان ئاکامی واقعی ئه‌م روداوانه‌ن... ئه‌گه‌ر ئه‌م تیۆرییه له ئاست ئه‌قڵی سالم دژایه‌تی ده‌کات [هۆی ئه‌وه‌یه که ئه‌م تیۆرییه] له درێژه‌ی خه‌باتی خۆیدا بانگه‌شه‌ی راستییه‌ک ده‌کا که ئه‌قڵی سالم به‌جۆرێک په‌روه‌رده کراوه که ئه‌و راستییه له‌بیر بکات." دووهه‌م، هه‌ر به‌وجۆره که ئادۆرنۆ ساڵی 1946 وتبووی، رڤیزیۆنیسته‌کان ناکۆکی نێوان تاک و کۆمه‌ڵ و، خه‌ون و وشیاری پاساو ده‌ده‌ن. رڤیزیۆنیسته‌کان به گه‌ڕانه‌وه بۆ ده‌روونناسی وشیاری پێش فرۆیدی، به‌پێچه‌وانه‌ی ویستی خۆیان، تووشی سازش ده‌بن.
مارکوزه‌ش وه‌ک ئادۆرنۆ بۆچوونی رڤیزیۆنیسته‌کان له‌مه‌ڕ که‌سێتی تۆکمه ره‌ت ده‌کاته‌وه و ده‌ڵێ له جڤاتی هاوچه‌رخ دا تاکێتی ره‌سه‌ن قه‌ت دروست نابێت: "دۆخی تاکی له چه‌ندین تۆخمی چاره‌نووسی گشتی پێکدێ، هه‌ر به‌وجۆره که فرۆید پیشانی داوه کلیلی جاره‌نوسی تاک له ده‌ستی چاره‌نوسی گشتی دایه." ئه‌م شته له‌گه‌ڵ مۆراڵیزمی رڤیزیۆنیسته‌کان له ناکۆکی دایه: "فرۆید خه‌یاڵاتی ئه‌خلاقی ئایدیالیستی له‌نێو بردووه: "که‌سێتی" بێجگه له تاکێکی "تێکشکاو" هیچی تر نییه تاکێک که له‌گه‌ڵ سه‌رکوت و هه‌ڵشاخان راهاتوه و به‌شێوه‌ی سه‌رکه‌وتوانه به‌کاریان دێنێ." مارکوزه زۆر به‌توندی له‌ئاست شێواندنی تیۆری غه‌ریزه‌ی فرۆید به ده‌ستی رڤیزیۆنیسته‌کان دژایه‌تی ده‌کات. ئه‌و ده‌ڵێ ئاراسته‌ی زاتی تیۆری غه‌ریزه له هه‌سته‌وه بۆ نه‌ست، له که‌سێتی پێگه‌یشتوو بۆ ئه‌زموونی مناڵی و، له تاکه‌وه به‌ره‌و تیپه. فرۆید به پێداگرتن له‌سه‌ر لبیدۆ، بۆچوونێکی ماتریالیستی له پرسی دامرکان [له سێکس دا] گه‌شه پێدا که له‌گه‌ڵ روانگه‌ی مه‌عنه‌وی و سه‌رکوتکه‌ری رڤیزیۆنیسته‌کان ناکۆکه. مارکوزه به گه‌ڕانه‌وه بۆ ریشه‌ی سێکسی تیۆری فرۆید، سه‌رله‌نوێ گرنگی به گرێی ئۆدیپ دا، به‌ڵام فرۆم هه‌ر له یه‌که‌م رۆژی هاتنی بۆ سه‌نته‌ری فرانکفۆرت ره‌خنه‌ی له‌م پرسه گرتبوو. مارکوزه له کتێبی ئیرۆس و شارستانیه‌ت دا به‌ده‌گمه‌ن باسی گرێی ئۆدیپ ده‌کا و ئه‌ونده سه‌رنجی پێنادا. به‌ڵام له‌و وتاره‌یدا که له له گۆڤاری Dissent چاپکراوه و وه‌ک په‌راوێزی [ئیرۆس و شارستانیه‌ت] حساب ده‌کرێ، روانگه‌یه‌کی ته‌واو جیاواز باس ده‌کات. کۆششی فرۆم بۆ " گه‌ڕاندنه‌وه‌ی گرێی ئۆدیپ له ده‌ڤه‌ری سێکسه‌وه بۆ ده‌ڤه‌ری پێوه‌ندی دوولایه‌نه"، پێچه‌وانه‌ی خاڵی سه‌ره‌کی و ره‌خنه‌گرانه‌ی بیری فرۆیده. به رای فرۆید ئاره‌زووی ئۆدیپ، به‌پێچه‌وانه‌ی رای فرۆم، ته‌نیا ناره‌زایی له دابڕان له دایک و ئازادییه‌کی ژاناوی و "alienator" نییه. ئه‌م ئاره‌زووه هه‌روه‌ها ویستێکی ئاگرین بۆ دامرکانی سێکسی و، بۆ گه‌یشتن به دایک وه‌ک ژن نه وه‌ک پاڵپشت، ده‌رده‌خات. له راستیدا مارکوزه ده‌ڵێ "مه‌یلی سێکسی له پله‌ی یه‌که‌مدا ده‌یه‌وێ دایک وه‌ک ژن داگیر بکات، ئه‌م راستیه‌ش هه‌ڕه‌شه له بنه‌مای ده‌روونی شارستانیه‌ت ده‌کات. 'ویستی سێکسی' ململانێی ئۆدیپ وه‌ک یه‌که‌مین کێشه‌ی نێوان تاک و کۆمه‌ڵگه ده‌رده‌خات." له‌بیرکردنی ریشه‌ی سێکسی گرێی ئۆدیپ، چ به گشتی چ وه‌ک جیلوه‌ی هێمایی قوڵترین پرسه‌کانی جڤاتی هاوچه‌رخ، به مانای پاساودانی ئه‌و کێشه بنه‌ڕه‌تییانه‌یه که گرێی ئۆدیپ له‌وانه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێ.
به‌ڵام غه‌ریزه‌ی دیکه که بۆ مارکوزه گرنگتره و رڤیزیۆنیسته‌کان ره‌تیان کردۆته‌وه: تاناتوس (thanatos) یان غه‌ریزه‌ی مه‌رگه. هه‌ر لێره دایه که مارکوزه له ئادۆرنۆ و هۆرکهایمێریش واوه‌تر ده‌چێ و جارێکی‌تر ده‌یه‌وێ ئه‌ندێشه‌ی مارکس و فرۆید پێوه‌ند بدات. به رای ئادۆرنۆ و هۆرکهایمێر فرۆید به چه‌مکی غه‌ریزه‌ی مه‌رگ به‌شێوه‌ی هێمایی خواستی کاولکارانه‌ی مرۆڤی مۆدێرن ده‌ر ده‌خات. مارکوزه ئه‌م روانگه قه‌بوڵ ده‌کا و ئاماژه به به‌رده‌وامی و توندبوونه‌وه‌ی چالاکی روخێنه‌رانه‌ی مرۆڤ ده‌کات که پێ به پێ گه‌شه‌ی شارستانیه‌ت زیاتر ده‌بێ، به‌ڵام رڤیزیۆنیسته‌کان ده‌یانه‌وێ حاشای لێبکه‌ن. غه‌ریزه‌ی مه‌رگی فرۆید زۆر له ئیمانی کوێرانه‌ی رڤیزیۆنیسته‌کان شیاوتره و سروشتی ئاڵۆزی مرۆڤی مۆدێرن ده‌ناسێت.
مارکوزه به‌پێچه‌وانه‌ی ئادۆرنۆ و هۆرکهایمێر باسه‌که‌ی خۆی به ره‌شبینی ته‌واو ناکات. به رای ئه‌و غه‌ریزه‌ی مه‌رگ، به‌پێچه‌وانه‌ی بۆچوونی زاڵ، خوستێکی ده‌روونی نییه که هه‌ڵده‌شاخێ و توند و تیژی ده‌کات. فرۆید "پێی وانه‌بوو که ئێمه به مه‌به‌ستی کاولکاری ده‌ژین؛ غه‌ریزه‌ی مه‌رگ یان له دژی غه‌ریزه‌ی ژیان ده‌ور ده‌بینێ یان له خزمه‌تی ئه‌و دایه؛ هه‌روه‌ها ئامانجی غه‌ریزه‌ی مه‌رگ ته‌نیا کاولکاری نییه، به‌ڵکوو دامرکانی نیاز به کاولکارییه". مارکوزه له کتێبی ئیرۆس و شارستانیه‌ت دا بۆچوونی خۆی له‌مه‌ڕ سروشتی واقعی تاناتوس راڤه ده‌کات. ئامانجی راسته‌قینه‌ی غه‌ریزه‌ی مه‌رگ، هه‌ڵشاخان نییه، به‌ڵکوو کۆتایی هێنان به کێشه‌یه‌که که ناوی ژیانه. مه‌یدانی ئه‌م غه‌ریزه، هه‌ر هه‌مان چه‌مکی نیروانایه که ده‌ته‌وێ به واستانی سروشتی بێ گیان بگات. مادام که غه‌ریزه‌ی مه‌رگ وه‌ها خواستێکی هه‌یه به‌شێوه‌ی سه‌رسوڕهێنه‌ر له غه‌ریزه‌ی ژیان ده‌چێ: هه‌ر دوو ده‌یانه‌وێ خواست و ئاره‌زوو تێر بکه‌ن و کۆتایی پێ بێنن. ئه‌گه‌ر غه‌ریزه‌ی مه‌رگ ده‌یه‌وێ کێشه‌کان که‌م بکاته‌وه، که‌وابوو کاتی کێشه‌کانی ژیان که‌م ببنه‌وه، ئه‌م غه‌ریزه لاواز ده‌بێت. ئه‌م فه‌رزیه ریگه به مارکوزه ده‌دات تا فریدی پیری ره‌شبین به‌ره‌و ده‌ڤه‌رێکی یوتۆپیایی ببات. هه‌ر وه‌ک له کۆتایی باسه‌که‌ی دا ده‌ڵێ: "ئه‌گه‌ر ئامانجی سه‌ره‌کی غه‌ریزه کاولکاری نه‌بێت، به‌ڵکوو له‌نێوبردنی ژان و ئازار – سڕینه‌وه‌ی کێشه‌کان – بێت، ئه‌وجار به‌شێوه‌ی دژواز، هه‌رچه‌نده ژیان زیاتر تێر و ته‌با بکرێت، ناکۆکی نێوان ژیان و مه‌رگ که‌متر ده‌بێته‌وه. که‌وابوو بنه‌مای له‌زه‌ت و بنه‌مای نیروانا پێکده‌گه‌ن". زۆربه‌ی پێره‌وانی ئۆرتودوکسی فرۆید، به سه‌رنجدان به‌و به‌ڵگانه که مارکوزه ده‌یهێنێته‌وه به‌م ئاکامه ده‌گه‌ن که مارکوزه‌ش به راده‌ی فرۆم و هۆرنی رڤیزیۆنیسته، به‌ڵام له ره‌هه‌ندێکی تره‌وه.
که‌وابوو مارکوزه تێده‌کۆشێ تا به‌پێی باشترین تیۆری ره‌خنه‌گرانه، تاناتوس مێژوویی بکاته‌وه. ئه‌گه‌ر ژیان له رێگه‌ی پێوه‌ندی مرۆڤ له‌گه‌ڵ سروشتی ئازاد و به‌ده‌ر له سه‌رکوت سه‌رله‌نوێ ئێرۆتیزه (ئاشقانه) بکرێت، ده‌سه‌ڵاتی مه‌رگ پێویست نییه. مارکوزه ده‌ڵێ ئه‌م پرسه پێویستی به سڕینه‌وه‌ی زه‌خت و سه‌رکوتی سێکسی ئه‌ندامی زاوزێ و گه‌ڕانه‌وه بۆ "بێ نۆرمی چه‌ندفۆرمی" منداڵی هه‌یه. ئه‌و لێره‌دا، نه هه‌ر له ئادۆرنۆ و هۆرکهایمێر و فرۆم، به‌ڵکوو به‌شێوه‌ی تایبه‌تی خۆی له رایش و فرۆیدیش واوه‌تر ده‌چێ. مارکوزه ده‌ڵێ ته‌نیا کاتێ که هه‌موو جه‌سته دیسان ئێرۆتیزه بکرێت ده‌توانین برسه‌ر کاری نامۆبوودا، که هه‌موو جه‌سته بێجگه له به‌شی زاوزێ ده‌کاته شت، زاڵ بین. کۆمه‌ڵگه‌ی گۆڕاو – که ئیتر له‌سه‌ر "بنه‌مای کارکردی" سه‌رکوتکه‌ر و فه‌وتاو رانه‌وه‌ستاوه- کۆتایی به "سه‌رکوتی زیادی" که ریشه‌ی مێژوویی هه‌یه دێنێ و به‌مجۆره تاک له کاری نامۆبووی پڕکێشه رزگار ده‌کات. یاری جوانیناسانه جێگه‌ی ژان و ئازار ده‌گرێته‌وه؛ ده‌سه‌ڵاتی بنه‌مای نیروانا و کاولکاری له‌سه‌ر ژیانی مرۆڤ کۆتایی دێت. به‌مجۆره "دنیا ئارام ده‌گرێ؛ ئه‌مه ره‌هه‌ندی سایکۆلۆژیکی تیۆری یه‌کێتی مارکوزهیه که بنه‌مای فه‌لسه‌فه‌ی ئه‌و پێکدێنێ.
هه‌روه‌ک چاووهڕوان ده‌کرا هاوکارانی مارکوزه هه‌وڵی بوێرانه‌ی ئه‌ویان بۆ پێناسه‌کردنی فرۆید وه‌ک یوتۆپیستێکی شۆڕشگێڕ پێ خۆش نه‌بوو. ئادۆرنۆ و هۆرکهایمێر به‌شێوه‌ی زیره‌کانه بێده‌نگییان هه‌ڵبژارد، به‌ڵام فرۆم تێکۆشا له ژماره‌ی دیکه‌ی Dissent دا روانگه‌ی مارکوزه ره‌ت بکاته‌وه. فرۆم له دوو لایه‌نه‌وه هێرشی کرده سه‌ر مارکوزه: سه‌ره‌تا تێکۆشا پێشان بدا که مارکوزه له بواری ده‌روونشیکاری دا خاوه‌ن هیچ ئه‌زموونێکی پراتیکی نییه و خراپ له فرۆید تێگه‌یشتووه. فرۆم وتی فرۆید زیاتر یه‌خسیری ماتریالیزمی نادیالکتیکی بورژوایی سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌م بووه، نه ئه‌وه که دژی ئه‌م ره‌وته بێت. ئه‌و هه‌روه‌ها هه‌وڵی دا تا روانگه‌ی مارکوزه له‌مه‌ڕ رڤیزیۆنیسته‌کان – که هه‌مویانی وه‌ک یه‌ک بیبنی بوو- ره‌ت بکاته‌وه. فرۆم ده‌ڵێ؛ بۆ نموونه بۆچوونی من له‌مه‌ڕ "که‌سێتی به‌رهه‌مهێنه‌ر"، زیاتر له‌وه‌ی که مارکوزه وێنای ده‌کا، له دژی جڤاتی هاوچه‌رخ خه‌بات ده‌کات. ئه‌و هه‌ر وه‌ها روانگه‌ی مارکوزه که ده‌ڵێ له دۆخی ئێستادا هیچ که‌سێتییه‌کی تۆکمه ناتوانێ دروست بێت، به نادروست ده‌زانێ.
لایه‌نی دووهه‌می هێرشی فرۆم گرنگتره. ئه‌و لێره‌دا تێده‌کۆشێ تا کێشه‌ی حه‌تمی نێوان دامرکانی سێکسی و شارستانیه‌ت، که فرۆید ئه‌و هه‌مکه پێداگری له‌سه‌ر کردبوو، زیندوو بکاته‌وه. به رای فرۆم هه‌ندێ بێ نۆرمی سێکسی که له دووتۆیی "بێ نۆرمی چه‌ند فۆرمی"دا داکۆکی لێداکات، له‌گه‌ڵ هیچ شارستانیه‌تێک سازگار نییه. ئه‌گه‌ر ته‌نیا دوو شت، سادیزم و گوو ویستی، له‌به‌ر چاو بگرین، ده‌زانین که ئه‌م دوو پرسه له هه‌موو دۆخێک‌دا نه‌فره‌ت هێنه‌رن. ئامانجی دامرکانی خێرا و کامڵ که مه‌به‌ستی مارکوزهیه، ده‌توانێ تاک وه‌ک به‌شێک له سیستمی ورووژاندن و هه‌ندێ خواست و ئاره‌زوو که به ئاسانی ده‌ستکاری ده‌کرێن لێبکات، وه‌ک ئه‌و شته که له کتێبی دنیای دلێری مۆدێرن، به‌رهه‌می ئێڵدوس هاکسڵی دا روو ده‌دات. به پێچه‌وانه‌ی بۆچوونی مارکوزه (و ئادۆرنۆ) عشقی به جیا له سێکس، پرسێکی ته‌واو ئایدیۆلۆژیک نییه، هه‌رچه‌ند ده‌توانین قه‌بوڵ بکه‌ین که ئه‌م شته ناتوانێ له کۆمه‌ڵی هاوچه‌رخ دا رووبدات. هێمای نێگه‌تیڤی ئه‌ندێشه‌ی مارکوزه به هیچ کوێ ناگات، ته‌نیا دنیا به‌شێوه‌ی نهێلیستی ره‌ت ده‌کاته‌وه.
باس و مشت و مڕی فرۆم و مارکوزه له‌سه‌ر چه‌ند خاڵێکی بچوک ماوه‌یه‌کی زۆر درێژه‌ی کێشا. سه‌رئه‌نجام مارکوزه رایگه‌یاند که که‌سێکی نهێلیسته و وتی نهێلیزم "سه‌رپێچی گه‌وره" (great refusal) ره‌نگه تاقه هیۆمانیزمی راسته‌قینه‌یه که له‌م چاخه‌دا ره‌وایه. ئه‌م وته‌یه جارێکی‌تر مارکوزه‌ی له ئادۆرنۆ و هۆرکهایمێر نزیک کرده‌وه. به‌ڵام کاکڵی سه‌ره‌کی ئیرۆس و شارستانیه‌ت به‌ره‌و ده‌ڤه‌رێک تێشک ده‌هاوێ که سه‌رئه‌نجام گه‌شبینانه‌یه. بۆچوونی مارکوزه له چه‌مکی نیروانا له‌و شته نزیکه که فرۆم له کتێبی هه‌ڵاتن له ئازادی دا به‌یانی کردووه: "خواستی ژیان و خواستی کاولکاری دوو هۆکاری سه‌ربه‌خۆ و لێک جیاواز نین، به‌ڵکو به‌شێوه‌ی ئاوه‌ژوو لێکبه‌ستراون. هه‌رچه‌نده خواستی ژیان سه‌رکوت بکرێ، خواستی مه‌رگ و کاولکاری په‌ره‌ده‌گرێ؛ هه‌رچه‌نده خواستی ژیان زیاتر به‌دیبێت، هێزی کاولکاری که‌متر ده‌بێته‌وه. کاولکاری به‌رهه‌می ژیانی نه‌ژیاوه." مارکوزه پێی وابوو که دوو غه‌ریزه‌ی مه‌رگ و ژیان سه‌رئه‌نجام یه‌کێتییه‌ک دره‌وست ده‌که‌ن، به‌ڵام فرۆم وه‌ک دوالیستێکی به‌پارێز مایه‌وه. سه‌ره‌ڕای ئه‌مه‌ش له دوالیزمی فرۆم دا غه‌ریزه‌ی مه‌رگ و خواستی کاولکاری، وه‌ک به‌رهه‌می داماوی ژیان فام ده‌کرێت. فرۆم دواتر له کتێبی دڵی مرۆڤ دا هه‌ڵوێستی خۆی به‌مجۆره به‌یان کرد:
ئه‌م دوالیزمه... له چه‌شنی دوو غه‌ریزه‌ی زاتی بایۆلۆژیک نییه که به‌شێوه‌ی رێژه‌یی نه‌گۆڕ بێت و هه‌میشه تا دوا سه‌رکه‌وتنی غه‌ریزه‌ی مه‌رگ پێکه‌وه بجه‌نگن، به‌ڵکوو دوالیزم له‌نێوان بنه‌ماییترین خواستی ژیان – بۆ پاراستنی گیان – و دژی ئه‌و دایه، ئه‌م دژه کاتێک به‌دیدێت که مرۆڤ له‌م ئامانجه‌ی دا سه‌رنه‌که‌وێت.
که‌وابوو، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه که فرۆم و مارکوزه پێیان وایه زۆر لێک دوورن، به‌ڵام وادیاره له‌مه‌ڕ هێز و به‌رده‌وامی غه‌ریزه‌ی مه‌رگ پێکده‌گه‌ن. یوتۆپیاییترین کتێبی مارکوزه به دیدێکی گه‌شبینانه به کۆتایی ده‌گات، به‌ڵام به پشتبه‌ستن به بۆچوونی هۆرکهایمێر که چه‌ند ده‌یه پێشتر وتبووی: ناتوانین ره‌نج و ئازاری ئه‌وانه‌ی که پێشتر مردوون قه‌ره‌بوو بکه‌ینه‌وه.
سه‌رچاوه:
ارغنون شماره 22، تهران 1382، ص‌ص 55-107
Martin Jay (1976), The Dialectical Imagination, London: Heinemann.
[1] سه‌رۆکی سه‌نته‌ری تۆژینه‌وه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی ناسراو به مه‌کته‌بی فرانکفۆرت. هۆرکهایمێر بوو به جێگری ئه‌و و بواری کار و تێکۆشانی ئه‌م سه‌نته‌ره‌ی به ته‌واوی گۆڕی.
[2] یه‌کێ له گرنگترین ئه‌ندامانی قوتابخانه‌ی فرانکفۆرت له کاتی گرون بێرگ دا.
[3] مامۆستای نیوکانتی ئادۆرنۆ.
[4] Natura و physis هه‌ر دوو به مانای سروشتن.
[5] Sabbath، رۆژی پشووی – یه‌هوودیان له شه‌مه و مه‌سیحیان له یه‌کشه‌مه دا.
[6] "گۆڤاری تۆژینه‌وه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی" ئۆرگانی سه‌نته‌ری تۆژینه‌وی کۆمه‌ڵایه‌تی فرانکفۆرت.
[7] به‌شی سه‌رکوتکراوی خۆد (ئێگۆ) چه‌ند مکانیزمێک به‌کار دێنێ تا دۆخی ده‌روونی تاک وه‌ک خۆی بپارێزێ و نه‌هێڵێ مه‌یل و بیره‌وه‌رییه‌کان له نه‌ست (به‌شی ناوشیاری مێشک)ه‌وه بێت هه‌ست (به‌شی وشیار)ه‌وه. ئاکامی ئه‌م کاره، ترس و دڵه‌ڕاوکه‌یه.
[8] گواستنه‌وه زیاتر به‌شێوه‌ی ناوشیارانه روو ده‌دات، یانی به یه‌ک زانینی که‌سێک که ئێستا له لامان دایه له‌گه‌ڵ که‌سێک که پێشتر ناسیومانه و بۆمان گرنگ بووه.
Martin Jay (1976), The Dialectical Imagination, London: Heinemann.
[1] سه‌رۆکی سه‌نته‌ری تۆژینه‌وه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی ناسراو به مه‌کته‌بی فرانکفۆرت. هۆرکهایمێر بوو به جێگری ئه‌و و بواری کار و تێکۆشانی ئه‌م سه‌نته‌ره‌ی به ته‌واوی گۆڕی.
[2] یه‌کێ له گرنگترین ئه‌ندامانی قوتابخانه‌ی فرانکفۆرت له کاتی گرون بێرگ دا.
[3] مامۆستای نیوکانتی ئادۆرنۆ.
[4] Natura و physis هه‌ر دوو به مانای سروشتن.
[5] Sabbath، رۆژی پشووی – یه‌هوودیان له شه‌مه و مه‌سیحیان له یه‌کشه‌مه دا.
[6] "گۆڤاری تۆژینه‌وه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی" ئۆرگانی سه‌نته‌ری تۆژینه‌وی کۆمه‌ڵایه‌تی فرانکفۆرت.
[7] به‌شی سه‌رکوتکراوی خۆد (ئێگۆ) چه‌ند مکانیزمێک به‌کار دێنێ تا دۆخی ده‌روونی تاک وه‌ک خۆی بپارێزێ و نه‌هێڵێ مه‌یل و بیره‌وه‌رییه‌کان له نه‌ست (به‌شی ناوشیاری مێشک)ه‌وه بێت هه‌ست (به‌شی وشیار)ه‌وه. ئاکامی ئه‌م کاره، ترس و دڵه‌ڕاوکه‌یه.
[8] گواستنه‌وه زیاتر به‌شێوه‌ی ناوشیارانه روو ده‌دات، یانی به یه‌ک زانینی که‌سێک که ئێستا له لامان دایه له‌گه‌ڵ که‌سێک که پێشتر ناسیومانه و بۆمان گرنگ بووه.
هیچ نظری موجود نیست:
ارسال یک نظر