رد شدن به محتوای اصلی

زمان، نووسین، میدیا و ...

زمان، نووسین، میدیا، گوتاری نەتەوایەتی، ناسنامە و پەروەردە
گفتوگۆ لەگەڵ د. جەعفەر شێخولیسلامی
پرۆفیسۆری میوان، زانکۆی سۆران، کوردستان
پرۆفیسۆری هاوکار، زانکۆی کارلتن، کەنەدا
ئا: هادی محەمەدی




سەرەتا:
د. جەعفەر شێخولیسلامی ساڵی ١٩٦٠ لە گوندی لاچین، سەر بە شاری مەهاباد، لە دایک بووە. هەر لەو شارەدا خوێندنی سەرەتایی و ناوەندیی تەواو کردووە. لە کۆتایی حەفتاکاندا، بە دزی خۆی فێری زمانی زگماکی کردووە و دەستی بە نووسینی شیعر و چیرۆکی کوردی کردووە. لە سەرەتای هەشتاکاندا، لەناو میدیاکانی سەردەمی ڕاپەڕینی رۆژهەڵات و باشووری کوردستان و، دواتریش لە میدیای ئێرانی لە بوارەکانی هەواڵنێری، وتارنووسین، چیرۆک، شانۆنامە، رۆڵی شانۆیی و وەرگێڕاندا چالاکی نواندووە. لە ساڵی ١٩٨٨ بە ئەم لاوە، لە وەڵاتی کەنەدا نیشتەجێ بووە و، لەم بوارانەدا خوێندوویەتی: ئەنستیتۆ/پەیمانگە (کتێبخانە و ئاگاداری)، بەکالیۆرۆس (زمانەوانی گشتی)، بەڵگەنامەی مامۆستایەتی (زمانی ئینگلیزی وەکوو زمانی دووهەم)، مەستەر (زمانەوانی کارەکی/کارکردی) و دوکتۆرا (پێوەندییە گشتیەکان—گوتار و میدیا). دوای ئەوە کە نزیکەی دە ساڵ مامۆستای زمانی ئینگلیزی و، زۆرتر لە پانزدە ساڵ لە کەنەدا وەرگێڕی رەسمی بووە، لە ٢٠٠٨ بووە بە پرۆفیسیۆری یاریدەدەر لە بەشی زمانەوانی و خوێندنی زمان لە زانکۆی کارلتن لە ئۆتاوا، پێتەختی کەنەدا. لە مانگی ١٠ی ٢٠١٢ هەتا کۆتایی مانگی ٦ی ٢٠١٣، وەک پرۆفیسۆری میوان بۆ زانکۆی سۆران، لە کوردستانی باشوور بانگهێشت کراوە. لە مانگی ٧ی ٢٠١٣ەوە، کاری خۆی، وەکوو پرۆفیسۆری هاوکار (Associate Professor) لە زانکۆی کارلتن درێژە پێدەدا.
سەرەڕای دوو کۆمەڵە شیعر (چیا و کۆچ و چەمەر، ١٩٩١، کەنەدا)، (ڕاسپاردە، ٢٠١٣، هەولێر-یەکیەتی نووسەرانی کورد، مەڵبەندی گشتی)، شێخولیسلامی دەیان وتووێژ و وتاری لەسەر ئەدەب، زمان، میدیا و پەروەردە لە گۆڤارە کوردییەکاندا بڵاو کردووەتەوە. بەڵام، زۆربەی نووسینە ئەکادیمیەکانی ناوبراو بە زمانی ئینگلیزی بڵاو بوونەتەوە. هەندێ لەو نووسین و لێکۆڵینەوانە ئەمانەن:  
·         کتێبی "ناسنامەی کوردی، گوتار و میدیا" کە دەزگای جیهانی پالگرەیڤ-مەکمیلن ساڵی ٢٠١١ بڵاوی کردۆتەوە:(http://us.macmillan.com/author/jaffersheyholislami)
یەکەم کتێبی ئینگلیزی لەسەر تەلەڤیزیۆنی سەتەلایت و ئینترنەتی کوردان.
·         ژمارەیەکی تایبەتی گۆڤاری جیهانی (International Journal of the Sociology of Language, No 217) کە لەگەڵ د. ئەمیر حەسەنپوور و د. تۆڤە سکوتنب-کانگس لەمەڕ زمانی کوردی ئیدیتیان کردووە--یەکەم ژمارەی گۆڤارێکی زانستی ئینگلیزی کە تەرخان کراوە بۆ زمانی کوردی.
·         دەیان وتار و بەحس لە گۆڤارە زانستیەکان و کتێبان دا کە لەسەر زمان و میدیای کوردی نووسراون.
·         پێشکەشکردنی دەیان وتار لەسەر زمان و میدیای کوردی و ئینگلیزی لە زۆرتر لە ٣٠ کۆنفرانسی نێونەتەوەیی لە دەیان وڵاتی دنیادا.
شێخولیسلامی ئێستا لەم بوارانەدا خەریکی لێکۆڵینەوەیە: شیکردنەوەی ڕەخنەگرانەی گوتار، کۆمەڵناسی زمان، یاسا و پلانی زمانی لە کوردستان، زمان و پەروەردە، وەرگێڕان لە کوردستان و میدیای کوردی. 




-         بەڕێز د. جەعفەر شێخولیسلامی، ئایا دەکرێ بەکورتی باسی تێزەکەتان بکەن؟

- هەرچەند من بەکالۆریۆرسم لە بواری زمانناسی تیۆریک دا تەواو کرد، مەستەرەکەم بۆ شیکردنەوەی ڕەخنەگرانەی دیسکۆرسی رۆژنامە تەرخان کرد. واتە چوومە ناو زمانەوانی کارەکی/کارکردی. تێزی مەستەرەکەم، کە لەلایەن نۆم چامسکی یەوە پێشوازی لێکرا، بریتی بوو لە شیکردنەوەی ئەو دەنگوباسانەی کاتی خۆی (نیۆیۆرکتایمز)ی ئەمریکی و (گلۆب ئەند مەیل) ی کەنەدی لەسەر کوردەکانی باشوور، لە دوو قۆناغ، واتە ساڵەکانی ١٩٨٨ و ١٩٩١، بڵاویان کردبۆوە. مەبەست ئەمە بوو کە بزانم ئایا زمانی ئەو ڕۆژنامانە لە دوو قۆناغی جیاوازدا، بەپێی گۆڕانی سیاسەتی ئەمریکا و کەنەدا سەبارەت بە کوردان، گۆڕاوە یان بەڕاستی ئەو دوو رۆژنامە بەناوبانگە توانیویانە بێ لایەنی خۆیان بپارێزن. بۆچی ئەو دوو ساڵە؟ لە ١٩٨٨ ئەمریکا لە عێراق نیزیک بوو و لە کوردان دوور. هەر لەو کاتەشدا دوو کارەساتی ئەنفال و هەڵەبجە قەومان. لە ١٩٩١، بەپێچەوانەوە، ئەمریکا لە عێراق هەڵبەزییەوە و داڵدەی کوردانی باشووری دا. لێکۆڵینەوەکە نیشانی دا کە ڕادە و چۆنیەتی بڵاوکردنەوەی هەواڵ لەسەر کوردانی باشوور لەو دوو رۆژنامەدا هاوتەریب لەگەڵ سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا بووە. بۆ نموونە، لە ١٩٨٨، کوردەکان زۆر کەمتر باسیان دەکرێ لە چاو ١٩٩١. هەروەها، لە ١٩٨٨پێیان دەوترێ "سەربزێو"، "جیاییخواز"، "چەکدار"، بەڵام لە ١٩٩١ دەبن بە "شەڕکەرانی ئازادی"، "مافخوراو" و "پێشمەرگە". لە ١٩٨٨ کەڵک لە وشەی کوردستان وەرناگیردرێ، بەڵکوو لەبری کوردستان نیۆیۆرکتایمز دەنووسێ، "باکووری عێراق". بەپێچەوانەی ئەمە، لە ١٩٩١، هەرچەند وشەی "باکووری عێراق" لە دیسکۆرسی رۆژنامەکان دا هەر هەیە، بەڵام جگە لە ئەمە "دەڤەری کوردان" و "کوردستان"یش کەڵکیان لێوەردەگیردرێ. لە ١٩٨٨ کوردەکان پەیتا پەیتا وەکوو دۆستی ئێران نیشان دەدرێن، کەچی لە ١٩٩١، هەرچەند ئەو دۆستایەتییە هەر بەردەوامە، باسی ناکرێ. بەوجۆرە پەیامی شاراوەی ئەو رۆژنامانە لە ١٩٨٨ ئەوە بووە: هەرچەند کوردەکان لە لایەن سەدامەوە دەکوژرێن، وا وێدەچێ کە ئەم کارە بێ هۆ نییە، چونکە ئەو کوردانە گەرەکیانە عێراق پارچە پارچە بکەن، ئەوەش بە یارمەتی ئێران دەکەن (کە بە ئەمریکا دەڵێ "شەیتانی گەورە"). بەمجۆرە، ئەو ڕۆژنامانە، ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ، پاکانە بۆ تۆپزی و تاوانەکانی سەدام حسێن دەکەن. بەپێچەوانەوە، لە ١٩٩١، بۆ ئەوە کە هەتا بۆیان بکرێ سەدام حوسێن بە ناحەز نیشان بدەن، ستەمی دژی کوردان زەق دەکەنەوە و داواکارییەکانیان بە ڕەوا دەزانن.  ئەمە دەکەن نەک لە بەر خۆشەویستی کوردان، بەڵکوو لە داخی دوژمنەکەیان، سەدام حسێن. 

هەر ئەم ڕێبازەی لێکۆڵینەوەیەم (شیکردنەوەی ڕەخنەگرانەی گوتار/وێژمان) بۆ دوکتۆراکەشم درێژە پێدا، بەڵام بابەتی لێکۆڵینەوەکەم گۆڕی. ئەمجار لەباتی شیکردنەوەی دەقی ئینگلیزی، دیسکۆرسی ئینترنەت و تەلەڤیزیۆنی سەتەلایتی کوردیم بەشێوەیەکی ڕەخنەگرانە شیکردەوە، بۆ ئەوە کە وەڵامی چەند پرسیارێک بدۆزمەوە: ١) وردەکارییەکانی دیسکۆرسی ناسنامەی کوردی چین و کامانەن؟ ٢) شوێن و جێگای زمان و هێماکانی دیکە، وەکوو ڕەنگ و وێنە و مۆسیقا، لە پرۆسەی ناسنامە سازی دا چۆنە؟ ٣) ناسنامەی کوردی سەر ئینترنەت و تی ڤی سەتەلایت (بەتایبەت کوردستان تی ڤی) چۆنە و تا چ ڕادەیک وەکوو یەکن یان لە یەکتر جیان؟ گۆڕەپانی سەتەلایتی ک.ت.ڤی لە کوێیە و تا چ ڕادەیەک تێکەڵاوی حیزبایەتی و ئایدیۆلۆجی بووە؟ تا چ ڕادەیەک ئینترنەت توانیویەتی ببێتە گۆڕەپانێکی سەربەخۆ لە حیزب بۆ دەستەبەرکردنی دەرەتانی خۆ دەربڕین بۆ تاکی کورد و گرووپە بچووکەکان؟
لێکۆڵینەوەکەم نیشانی دا کە گوتاری ک.تی.ڤی، وەکوو هەموو گوتارەکان، تژییە لە ڕکەبەرایەتی ئایدیۆلۆجیک. هەرچەند ئایدیۆلۆجی حیزبی زاڵە، ئایدیۆلۆجییەکانی ناسیۆنالیزمی کوردستانی گەورە و کوردستانی باشووریش لە کێبەبەرکێ دان. لە کاتێکدا کە گوتاری ناسیۆنالیزمی حیزبی و ناوچەیی (باشووریی-کوردستانی عێراقی) بە ئاشکرا بە زمان و دەنگ و ڕەنگ ڕادەگەیەندرێ، ناسیۆنالیزمی کوردستانی گەورە بە خشکەیی و زۆر جاران لە پشت پەردەوە خۆ دەردەخا، بۆ نموونە لە ڕاگەیاندنی کەش و هەوا دا کە نەخشەی کوردستانی گەورە پیشان دەدرێت. یان، بۆ نموونە، بە نیشاندانی دێموگرافی و سروشت و شێوەژیانی بەشەکانی دیکەی کوردستان گوتاری کوردستانی گەورە بەهێز دەکرێتەوە. بەڵام، لە ئەم حاڵەتانەش دا، شوێنی ناسیۆنالیزمی حیزبی بەو هێما و وێنە کوردستانیانەوە دیارە. ئەوەش تایبەتمەندی هەموو تەلەڤیزیۆنە کوردییەکانە نەک هەر ک.تی.ڤی. بەپێچەوانەوە، ئینترنەت، سەرەڕای زۆر گرفت کە هەیەتی (وەکوو سانسۆر، خاوبوون، دەستوێڕانەگەیشتنی خەڵکێکی زۆر لە کوردستان بە ئینترنەت و هتد) توانیویەتی دەنگی گرووپە بچووکەکان و تاکی کورد، بەتایبەت تاکی بێ حیزب، بەهێز بکا. ئینترنەت هانی هەندێک کوردی ڕۆژهەڵات و باکووری داوە کە بۆ یەکەم جار بە کوردی بنووسن و خۆیان فێری نووسینی کوردی بکەن. جیاوازییەکی دیکەی نێوان تی.ڤی. و ئینترنەت ڕەنگە ئەوە بێ کە چونکە دوو شێوەزاری کرمانجی و کوردی ناوەڕاست بە پیتی جیاواز دەنووسرێن، خوێنەرانی ئەو دوو شێوەزارە زۆرتر لە یەکتر نامۆ بن و دەقی یەکتر نەخوێننەوە. هەڵبەت ئیمکانی ئەوەش هەیە کە ئەگەر کوردێکی ناوەڕاست بخوازێ کرمانجی فێر بێ ئێستا ئینترنەت ئیمکانی ئەوەی بۆ ڕەخساندووە کە بە ئاسانی دەستی بە دەقی شیاو ڕابگا. بۆ کوردەکانی دیکەش هەر ئاوایە. لەگەڵ ئەوەشدا، دەتوانین بڵێین کە تی.ڤی. بۆ لە یەکتر نزیک کردنەوەی شێوەزارەکان ڕەنگە باشتر بێ، چونکە تی.ڤی بە هەموو مۆدەکانیەوە (دەنگ، ڕەنگ، وێنە، دەق، موزیک، هتد) باشتر بینەری شێوەزاری جیاواز لە خۆی کۆ دەکاتەوە. واتە، یەکێک ناچار نییە لە هەموو وشەکان تێبگا؛ ڕەنگە وێنە و مۆسیقا یارمەتی بدەن کە لە بەشێکی زۆری دەقی تی.ڤی تێبگات. لەبەر ئەمە، ڕەنگە تی.ڤی کاریگەرتر بێت بۆ زیادتر کردنی تێگەیشتنی دوولایەنە لەنێوان ئاخێوەرانی شێوەزارە جۆراوجۆرەکانی کوردی دا.

من تێزەکەم لە ٢٠٠٨ دا تەواو بوو و هەتا ئەو کاتەش، ئەوەندەی ئاگادار بم، کەس ئاوا بە بەرفراوانی لە ڕوانگەی شیکردنەوەی ڕەخنەگرانەی دەقەوە، لە دیسکۆرسی ناسنامە بەگشتی و، ناسنامەی نەتەوایەتی بەتایبەتی، لەسەر ئینترنەت و تیڤی سەتەلایت، نەکۆڵیبۆوە. هەر بۆیەشە ئەم تێزە، دوای دوکتۆراکەم و بە دەستکارییەکی بەرچاو، لەلایەن وەشانخانەیەکی جیهانییەوە (پاڵگرەیڤ مەکمیلن) هاتە چاپکردن. بەداخەوە بۆ خۆم بۆم نەکراوە کە ئەو کتێبە بە کوردیش ئامادە بکەم. هیوادارم کەسێک پەیدا ببێت کە ئەو کارە بکات (دەتوانن بە ئەم ئیمەیلە پێوەندیم پێوە بکەن: jaffer_sheyholislami@carleton.ca ).  


-         دەستان خۆش بێت بۆ ئەو باسە کورت و پوختە. بەڕاستی هەر دوو تێزەکەتان شتی تازە و وردبینانە و پڕبایەخی تێدایە. منیش هیوادارم کە بەمزوانە بکرێن بە کوردی و خوێنەرانی کورد کەڵکی شیاویان لێ وەربگرن. بەڵام دەمەوێ بزانم کە لە تێزی دۆکتراکەتان دا لەنێو تی.ڤی یە کوردییەکان دا هەر باسی کوردستان تی ڤی تان کردووە، یان باسی دیسکۆرس و ئەدەبیاتی رۆژ تی.ڤی و کوردساتیشتان کردووە؟
نموونە و داتای لێکۆڵینەوەکەم هەر کوردستان تی ڤی بوو. هەڵبەت بەشێکی درێژم تەرخان کرد بۆ بەسەرکردنەوەی مێژووی میدیای کوردی (لە کتێب و رۆژنامەوە هەتا فەیسبوک) و کاریگەری ئەو دەزگایانە لەسەر ناسنامەی کورد و کوردستان. بەڵام، دوایە ساغ بوومەوە کە تەنیا چاو لە کوردستان تی ڤی بکەم، بە چەند هۆ. یەک، ئەگەر ویستبام چاو لە زۆرتر لە یەک تی ڤی بکەم (سەرەڕای ئینترنەت) نەمدەتوانی بەپێی مێتۆدەکەم بجووڵێمەوە (شیکردنەوەی ڕەخنەگرانەی وێژمان/گوتار) چونکە ئەو بوارە بەوردی دەقەکان شیدەکاتەوە، لە لایەنی وشە، ڕێزمان، واتاناسی و هتد. کاتێ دەقیش زۆر بوو و مێتۆدەکەش لەسەر وردەکاری دەق وردبووەوە، ئەگەری ئەوە هەیە کە پرۆژەکە زۆر لە ئەوە گەورەتر بێ کە پێشبینی دەکرا، یان شیکردنەوەکان.


با بچینە سەر پرسیارێکی تر: زمانناسی كلاسیك كه‌ هەر له‌ رێزمانی گشتی تا فرێدینان دوسوسور و باڵی ده‌گرێته‌وه‌،‌ ته‌نیا فۆرمی ئابستراكتی زمان ده‌بینێ‌ ‌و پێی وایە‌ كه‌ گوتار، خه‌سڵه‌تێکی تاكی/فردی هه‌یه‌. له‌لایه‌كی تره‌وه‌ زمانناسی رۆمانتیك له‌ ئارا دایه‌ كه‌ هه‌ر له‌ هومبولت تا فوسلێر و شپیتسێر ده‌گرێته‌وه‌، كه‌ ته‌نیا گرنگی به‌ ئاڵوگۆڕی تاكی ده‌ده‌ن و رۆڵی کۆمەڵایەتی"زمان"‌ نابینن. ئه‌م دوو بیره‌ له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌مایه‌ پێکهاتوون كه‌ گوزاره‌، شتێکی تاكییه‌. هەم ئەمانە و هەم دەروونناسی فرۆیدیش دەڵێن كاری ده‌ربڕینی ده‌نگ و كاری وه‌رگرتنی ده‌نگه‌كان لەلایەن بەردەنگەوە، به‌ته‌واوی بەرهەمی مکانیزمێکی فیزیۆلۆژیك و تاكین، كه‌وابوو پێویستیان به‌ هیچ جۆره‌ هۆكارێكی كۆمه‌ڵایه‌تی نییه‌. بەڵام لەبەرانبەردا میخایل باختین بۆچوونێکی هەراوتر و زانستی تری هەیە؛ ئەو دەڵێ ئه‌م شته‌ راستە، به‌ڵام نابێ لەبیرمان بچێ کە ئه‌م دوو كرداره‌ (ده‌ربڕین ‌و وه‌رگرتنی ده‌نگه‌كان) به‌ بێ‌ سێهه‌مین كردار، یانی به‌ بێ‌ به‌رهه‌مهێنان ‌و ده‌ركی مانا، هیچ نین و هه‌ر ئه‌م كرداره‌ (سێهه‌مین كردار‌)‌‌ بناغه‌ی هه‌قیقی زمان پێكدێنێ‌. ئەو دەڵێ: "مانای وشه‌ و 'تێگه‌یشتنی' ئه‌ویدی (یان خه‌ڵکی تر) له‌م مانایه‌[...] سنوره‌كانی ئۆرگانیزمی جه‌سته‌یی ئیزۆله‌ ده‌به‌زێنن ‌و پێویستیان به‌ كاری دیالكتیكی چه‌ندین ئۆرگانیزم هه‌یه‌. به‌جۆرێك كه‌ ئه‌م سێهه‌مین هۆكاره‌، دژكرده‌وه‌ی گوتاری ده‌خولقێنی و خه‌سڵه‌تی كۆمه‌ڵناسانه‌ی هه‌یه." ویستم لەم بابەتەوە بۆچوونی ئێوە بزانم، لە ناوەندەکانی ئاکادمیکی رۆژاوادا ئەمڕۆ کام یەک لەم بۆچوونانە گرنگی زیاتریان پێ ئەدرێت و برەویان هەیە؟‌

- هەر دوو بۆچوون برەویان هەیە و گرینگیشیان پێدەدەرێ. لە ڕوانگەی منیشەوە هەر دوو بۆچوون و بواری لێکۆڵینەوە گرینگن. ئەوەی ئەمڕۆ زۆرتر باو بێ بۆ ناولێنانی ئەم بۆچوونانە لەسەر زمان بریتییە لە زمانەوانی کاگنێتیڤ (بیرناسی) و زمانەوانی کۆمەڵایەتی یان کارەکی/کارکردی. لەو ناوە گەورانەی کە سەر بە دەستەی یەکەمن دەتوانین ناوی نۆم چامسکی و ستیڤن پینکر بێنین. لە دەستەی دووهەمیش دەتوانین ناوی مایکڵ هاڵیدەی و میخایل باختین (و ڤلاشینۆڤ) بێنین. ئەم بۆچوونانە ڕەنگە لە بەرانبەر یەکتر دابندرێن، بەڵام مەبەستی خودی ئەو بیرمەندانە ئەوە نییە کە دژایەتی بۆچوونەکەی دیکە بکەن. ئامانجی جیاوازیان هەیە، لەبەر ئەوە بۆچوونەکانیان و کارەکانیان جیاوازن. بۆ نموونە، وەک بۆ خۆی گوتوویە، چامسکی بە زمانەوە سەرقاڵ نییە بۆ ئەوە کە بزانێ زمان لە کوێ دروستە و لە کوێ هەڵەیە، یان چۆن بگوترێتەوە و هتد. بەڵکوو، ئەو دەیهەوێ بزانێ کە مێشک و بیری ئێمە چۆن زمان هەڵدەسووڕێنێ یان بەرهەمی دێنێ؛ ئەو دەیهەوێ لە مێشک و بیر تێبگا. بۆ ئەو، زمان پەنجەرەیەکە کە دەکرێ پێیدا بڕوانیتە مێشک و بیر. بۆ ئەوانی دیکە، زمان پەنجەرەیەکە کە دەکرێ پێیدا بڕوانیتە کۆمەڵگا، هەڵسوکەوتە تاکی و جڤاکییەکانی مرۆڤ، ناسنامەی کەسی و ئیتنیکی، جیهانبینیەکان، خەونەکان، ترسەکان و حەزەکان. بۆ زمانەوانی کۆمەڵایەتی، زمان نە تەنیا دەتوانێ ئاوێنەی هەموو ئەمانە بێ، بەڵکوو بۆی هەیە لایەنێکی بەشدار و گەلێک چالاک بێ لە دروستکردن و بەرهەمهێنانەوەی هەموو ئەو لایەنانەی ژیان، کولتوور و دنیا بەگشتی. ئەمە بەو واتایە نییە کە زمانەوانی کاگنێتیڤ یان بیرناسی یان تیۆریک بڕوای بەم رۆڵە گرینگانەی زمان نەبێت. لەوانەیە ئەوانیش، یان هەندێک لە ئەوانیش، هەر ئاوا بیر بکەنەوە، بەڵام چەقی لێکۆڵینەوەکانیان لەمەڕ زمان شتێکی دیکە بێت، وەکوو لایەنی بیرناسی زمان، هەر وەک پێشتر باسم کرد.

          با شتێکت بۆ بگێڕمەوە کە لە چامسکیم بیستووە. ساڵی ٢٠٠٥، لە ئۆتاوا-کەنەدا، لە ڕادیۆیەکی خۆماڵی ئەو شارەوە، رادیۆی چام ئێف-ئێم، تەلەفوونیان لێکردم. گوتیان چامسکی بڕیارە بۆ وتووێژێکی یەک سەعاتە دەگەڵمان بێ؛ بۆ ئەوە کە دڵنیا بین بە پرسیاری زمانەوانیش کەڵکی تەواو لە وتووێژەکە وەردەگرین، حەز دەکەین کە تۆش بەشدار بیت. هەروەها هاوکارەکانی خۆم لە زانکۆش داوایان لێکردم کە ئەگەر وەها پرۆگرامێک هەبوو، پرسیارێکی ئەوانیش لە چامسکی بپرسم. ئەویش ئەمە بوو: بۆچی تۆ وەک زمانەوان لە لایەک و، وەک چالاکڤان و لێکۆڵەری سیاسی و ڕەخنەگری میدیاش لە لایەکی دیکەوە، خۆت لە قەرەی زمانەوانی کۆمەڵایەتی نەداوە، لەکاتێکدا کە ئەم بوارەی زمانەوانی پێوەندی بە بابەتە کولتووری، سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانەوە هەیە نەک ئەو بوارەی خۆت کە لە زمانەوانی دا کاری تێدا دەکەی. منیش لە کاتی خۆیدا ئەو پرسیارەم لێکرد. چامسکی لە وەڵامدا گوتی: هۆی ئەوەی کە ئەو زمانەوانی کۆمەڵایەتی نەکردووە بە چەقی لێکۆڵینەوەکانی لەبەر ئەوە نەبووە کە پێی وا بێ ئەم ڕوانینە بۆ زمان یان لێکۆڵینەوە لەم بوارەدا گرینگ نییە. بەڵکوو لەبەر ئەوە بووە کە کاتی خۆی لە بوارەکەی دیکەدا هەستی بە بۆشاییەکی گەورە کردووە و پێی وابووە دەتوانێ کاریگەری هەبێ لە سەر پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە کە زۆرتر لەبەر زاڵبوونی دەروونناسی تەقلیدی دروست ببوو. چامسکی سەلماندی کە ئێمە زمانی زگماکیمان بە لاساییکردنەوە فێر نابین، بەڵکوو مێشکمان بەشێکی هەیە کە ئامادەیە بۆ وەرگرتنی زمانی دەوروبەرمان بە بێ ئەوە کە کەس فێرمان بکا. چامسکی زمانی بۆ مێشک و بیرکردنەوە وەکوو خوێن بۆ دڵ دادەنا. مادام کە دڵ هەیە و ساغە خوێنیش پێویستە. مادام کە مێشکیش ساغە، بەشی زمانەکەی یان لانیکەم زمانێک، لە دەوروبەر، وەردەگرێ. چامسکی باشی بۆ چووبوو: ئەو بۆشاییەکی گەورەی لە زانستی مرۆڤدا پڕکردەوە.     

- لە کۆنەوە هەندێ لە چەپەکان دەڵێن: زمان تەنیا ئامرازی پێوەندییە و هیچی تر، یانی گرنگ نییە کە مرۆڤ بە چ زمانێک قسە بکات. بەمجۆرە حاشایش لە گرنگی زمانی نەتەوە بندەستەکان دەکەن. بەڵام لەبەرانبەردا بۆچوونێکی تر هەیە کە زمان بە دیدێکی مەعریفی و ئەنتۆلۆژیکی دەبینێ، چونکە مرۆڤ بە فێر بوونی فۆنیم و دەنگەکان ئەتوانێ بپەیڤێ و، بە داهێنانی دال و هێما و نیشانەکان ئەتوانی بیر بکاتەوە، بنووسێ و سیستمی فکری مەعریفی بسازێت. یان بۆ وێنە لەمەڕ نەتەوەی کورد، زمانی کوردی وەک کۆڵەکەی پارێزەری کولتوور و بوونی کورد رۆڵی گێڕاوە. ئێوە ئەم پرسە چۆن ئەبینن؟

- خۆزگە دەمزانی ئەو "هەندێ لە چەپەکان" کێن. ئەوەندی من بزانم، بۆ چەپی زمانەوان وەکوو باختین/ڤلاشینۆڤ، نووسەری کتێبی مارکسیزم و فەلسەفەی زمان، یان مایکڵ هاڵیدەی کە بناغەدانەری زمانەوانی کارکردییە (کاتی خۆشی ئەندامی حیزبی کۆمۆنیستی بریتانیا بوو)، زمان دەورێکی سەرەکی دەگێڕێ لە دروستکردنی ناسنامەدا.  هاڵیدەی پێی وایە کە ئێمە بەهۆی زمانەوەیە کە رۆڵ و دەوری کۆمەڵایەتی خۆمان دەدۆزینەوە و دەبینە ئینسان. کوردی چەپیش، وەکوو د. حەسەنپوور، هەر وەکوو ئەمانە بیر دەکاتەوە.

- نە، باختین/ڤلۆشینۆڤ کە لە رەوتی کەڵچراڵ مارکسیزم {مارکسیزمی فەرهەنگی} دا جێدەگرن. من مەبەستم رەوتێکی چەپە کە بڕوای بە جۆرێک دێترمینیزمی ئابووری هەیە و رۆڵ و کاریگەری زمان و فەرهەنگ دەخاتە پشت گوێ. ئەم رەوتە هەر لە کائۆتسکی و برنێشتاین تا ستالینیزم و حیزبی توودە و حیزبی شێوعی ئێراقی کۆنیش دەگرێتەوە. یانی ئەو کەس و حیزبانە کە دژایەتی ئامانجی نەتەوە بندەستەکان دەکەن و دەچنە خزمەت سیاسەتی شیۆنیستی نەتەوەی باڵادەست. یان دەکرێ پێیان بێژین سۆسیال- شۆڤێنیست؟ مەبەستم دیدگای ئەوانەیە.

- ئەو ڤلاشینۆڤ ەی من دەیناسم مارکسیستە و، لەگەڵ باختین هەندێک جیاوازە (ڕەنگە هەر یەک کەس بن، بەڵام جیاوازی بۆچوون هەیە لەنێوان ئەو بەرهەمانە دا کە بە ناوی ئەو دوو کەسە بڵاو بوونەتەوە). هەروەها، بە ڕای من، باشترە کە مارکسیزم وەکوو جیهانبینی و چوارچێوەی فکری جیا بکەینەوە لە مارکسیزمی حیزبی و دەوڵەتی. لە ئەمەش زۆرتر، پێویستە کە ئۆرتودوکس مارکسیزم لە مارکسیزمی نوێ (وەکوو ئالتوسر، گرەمشی، قوتابخانەی فڕەنکفۆرت و هتد) جیا بکەینەوە. ئەمانە هەموو جیاوازی بەرچاویان هەیە و ناکرێ بە یەک وشەی مارکیسزم ناودێر بکرێن. ئەوانەی ئابووریان بە فاکتۆری سەرەکی زانیوە لە پێکهێنانی ئاڵوگۆڕ لە مێژووی مرۆڤایەتی وەنەبێ زمانیان بە گرینگ نەزانیبێ.  ستالین زمان وەکوو یەکێک لە کۆڵەکەکانی نەتەوە چاو لێ دەکا. ڤگاتسکی زمان بە بەردی بناغەی پەروەردە دەزانێ. ڤلاشینۆڤ دەڵێ کە هەبوون واتە پێوەندیگرتن (کە ئامرازەکەی بە زۆریی زمانە).  ئەگەر لە پێوەندی لەگەڵ نەتەوەشدا چاوی لێبکەی، یەکێک لەو لێکۆڵەر و بیرمەندانەی کە زۆرتر لە هەموویان و بە ئاشکرا لایەنگری مافی نەتەوایەتی گەلە ژێردەستەکانە (تام نێرن)ـە کە چەپە. من کێشەی خۆم هەیە لەگەڵ چەپ، بەڵام وەکوو ئەکادیمیەک هەوڵ دەدەم کە ڕاستیەکانیش ئاوا ببینم و نیشان بدەم کە بەڕاستی هەن (بێ لایەنی سەتاسەت ناگونجێ بۆ کەس، بەڵام دەکرێ هەوڵی بۆ بدەین). من بەڕاستی ناتوانم کە جیهانبینی چەپێکی وەکوو ئەنتۆنیۆ گرەمشی و چەپێک وەکوو حیزبی توودە/شیوعی وەکوو یەک ببینم؛ زۆر جیاوازن.     
- منیش مەبەستم ئەوەیە کە رەوتی چەپی ئەقڵانی و دیالکتیکی بە دیدێکی قووڵتر و کراوەتر ژیان و دیاردەکان دەبینێ و راڤەیان دەکات. هەموو ئەو کەسانە کە ئێوە باستان کرد، جگە لە ستالین، هەر لە گرامشی و مەکتەبی فرانکفۆرت تا لوکاچ و مەکتەبی بوداپێست هەموویان رەوتێکی بەرین پێکدێنن کە بە مارکسیزمی فەرهەنگی و چەپی رۆژاوایی ناسراون. ئەم رەوتە گرنگی زیاتر دەدات بە کولتور نەک ئابووری. ئەم رەوتە تا ئێستاش لە بەرانبەر کاپیتالیزمی زاڵ دا پێگە و پرستیژی مارکسیزمی پاراستووە. بەڵام لەبەرانبەردا بۆچوونی چەپی مکانیکی رۆڵی زمان ئێجگار کەم دەکاتەوە و دەڵێ: زمان تەنیا ئامێری پێوەندی گرتنە و هیچی تر... ئێستا جگە لە گرنگی حەیاتی زمانی خۆماڵی بۆ نەتەوە بندەستەکان، من دەڵێم مرۆڤ بە داهێنان و فێربوونی زمان دەبێتە مرۆڤ و دەرفەتی گەشە و پێشڤەچوونی فکری و کۆمەڵایەتی هەموار دەکات. ئەگەر سەیرێکی مێژوو بکەین دەبینین کە مرۆڤی نیاندرتاڵ کە جۆرێک مرۆڤی داماو و بێ دەسەڵاتە هێشتا نەبۆتە خاوەنی زمانی ئاخاڤتن، هێشتا بە ئاماژە مەبەستی خۆی دەگەیەنێ. بەڵام بە سەرهەڵدانی مرۆڤی هۆمۆ ساپینس، یانی مرۆڤێک کە دەتوانێ بئاخڤێ و بیر بکاتەوە، گەورەترین وەرچەرخان لە مێژووی مرۆڤ دا روودەدات. مرۆڤ بەتەواو مانا دەبێتە مرۆڤ، دەبێتە خاوەن زمان و ئەندێشە و مێژوو... بەکورتی دەمەوێ بێژم کە چەپی چەواشە کە زیاتر دەبێت بە کلکی دەسەڵاتی دۆگم و نەتەوەی داگیرکەر، ناتوانێ ئەم راستیانە ببینێ و هەر لە ئاستی ئانالیزی کرچ و کاڵ و ئەبستراکت دا دەمێنێتەوە.

تەنیا ئەو چەشنە مارکسیزمە نییە کە زمان تەنیا وەکوو کەرەسەیەکی پێوەندی دەبینێ، بەڵکوو زۆر بیرمەندی دیکەش هەن کە هیچ فڕیان بەسەر مارکسیزمەوە نییە هەر ئاوایان بیر کردووەتەوە و ئێستاش هەروا بیر دەکەنەوە. بۆ وێنە، (ئێرنست ڕێنان)، یەکێک لە بیرمەندانی گرینگی بیری ناسیۆنالیستی فەڕەنسە، ئەو پێی وابوو کە زمان دەتوانێ توانایی ئەمەی هەبێ نەتەوەیەک یەکگرتوو بکات، بەڵام لە پێکهێنانی پرۆژەی نەتەوەیی دا فاکتۆری سەرەکی نییە. ئەوەی کە بۆ ئەو لە زمان گرینگتر بوو، لە پێکهێنانی نەتەوەیەک، ویستی هاوبەش و مێژووی هاوبەش بوو. (ئیرنست گێلنەر)ی بریتانیش، بیرمەندێکی زۆر گرینگی نەتەوە و ناسیۆناڵیزم، لە پرۆژەی نەتەوەسازیدا زمان بە گرینگ دەزانێ بەڵام نەک لەبەر لایەنە ئیتنیکی و هێماییەکەی، بەڵکوو لەبەر ئەوە کە زمانێکی هاوبەش بۆ بەرهەمهێنان لە سەردەمی پیشەسازی و سیستەمی سەرمایەداریدا گرینگە. واتە، بۆ ئەو بیرمەندە نامارکسیانە (و زۆری دیکەش) گرینگ نییە کە نەتەوەیەک چ زمانێکی دەبێ، هەر ئەەندە بەسە کە زمانێکی هاوبەشی هەبێ، جا رەنگە ئەو زمانە زمانی داگیرکەر و کۆلۆنیالیستیش بێت. کەوابوو، بە گرینگ زانین یان نەزانینی زمان، پێوەندییەکی ئەوتۆی نییە بە مارکسی بوون، لیبراڵ بوون، ئاینی بوون و هتد.       


-         یەکێ لەو فاکتەرانە کە ناسنامەی نەتەوە پێکدێنن، پرسی زمانە. زمانی کوردی وەک هۆکارێکی ناسنامەیی چەندە توانیویە کەسێتی و فەرهەنگی کورد بە نەتەوەکانی تر بناسێنێ؟

- دیسکۆرسی نەتەوە، بۆ من، لانیکەم دوو چالاکی گوتاریی/وێژمانی (دیسکۆرسی) بەردەوامی تێدا بەرهەم دێ: هەڵاواردن و یەکسانکردن. شێوەزارە کوردییەکان توانیویانە لە وێژمانی هەڵاواردن لە "ئەویدیکە" سەرکەوتوو بن: کوردیان لە ئەوانی دیکە، لە فارس و تورک و عەرەب جیا کردووەتەوە. توانیویانە کە بڵێن زمانی من جیاوازە لە زمانی ئێوە. بەڵام، دڵنیا نیم توانیبێتیان لە وێژمانی یەکسانکردن دا ئەوەندە سەرکەوتوو بووبن. بە واتایەکی دیکە، کەڵکوەرگرتن لە شێوەزارە کوردییەکان کوردەکانی لە "ئەوانیدی" جیا کردووەتەوە، بەڵام نەیانتوانیوە ئەوەندە لە یەکتر نیزیکیان بکاتەوە کە زمانێک دروست بکەن پێی بوترێ زمانی کوردی{ستاندارد}. ئەوەش بەو واتایە نییە کە شتێکی خراپ بێ، بەڵکوو ڕاستییەکە کە دەبێ قبووڵی بکەین. ئێمە چەند شێوەزاری کوردیمان هەن کە لە زۆر لایەنەوە لە یەکتر جیاوازن، لە لایەنی فۆنۆلۆژی، مۆرفۆلۆژی، ڕێزمانی و دیسکۆرسەوە. دەگەڵ ئەم جیاوازییانەش دا، بە ڕای من شێوەزارەکان دەتوانن لە دروستکردن و نوێنەرایەتی کردنی ناسنامەی گشتی کورداندا کاریگەر و سەرکەوتوو بن. بەومەرجە کە ڕۆشنبیر و نووسەران لە کار، نووسین و خوێندنەوەکانیاندا جدی و شێلگیر بن. کەمایەتییەکی دیکەی شێوەزارە کوردییەکان ئەوەیە کە تا ئێستا نەبوونەتە ئامرازی خوڵقاندنی بەرهەمی هونەری (وەک شیعر و ڕۆمان)؛ یان بەرهەمی فکری (وەکوو فەلسەفە و کۆمەڵناسی) و زانستی ئەوتۆ کە کورد و کوردستان بە نەتەوە و وڵاتانی دیکە بناسێنن. 

-         من بۆ خۆم زۆر جار کاتێ کە دۆخی شپرزی زمانی کوردی بەتایبەت لە باشوور دەبینم، ئێجگار نائۆمێد دەبم و دەڵێم: نەتەوەیەک تا خاوەنی دەفتەر و دیوان نەبێت، ناتوانێ خاوەنی دەوڵەت و دەسەڵات بێت. یان کاتێ پاراگرافێک لە نووسەرێک یان وەرگێڕێک ببینم، ئەزانم کابرا چەندە شارەزا و بەفەرهەنگە. لێرەدا مەبەستم بوونی زمانێکی تۆکمە و بەهێزە کە بە نووسین و داهێنان لە بواری ئەدەب و رۆژنامەگەری دا یەکێتی فەرهەنگی دروست بکا و نەتەوە پەروەردە بکات. بەڵام ئەو جۆرە کە شیاوە حکومەتی هەرێمی کوردستان خاوەن سیاسەتێکی فەرهەنگی دروست و زانستی نییە، بەشێوەیەک کە ئەمڕۆ لە باشووردا جۆرێک پاشاگەردانی زاڵە و تەواو زمانی کوردی شێواندووە. ڕای ئێوە لەم بابەتەوە چییە؟

قسەی دڵی من دەکەی. چەند حەوتوو بەر لە ئێستا، لە زانکۆی کۆیە کۆنفرانسێک هەبوو بەبۆنەی رۆژی زمانی زگماکی. لەو کۆنفرانسەدا وتارێکم پێشکەش کرد کە سەردێڕەکەی ئەمە بوو: "زمانی نووسین وەکوو پێشمەرجێک بۆ نەتەوە بوون". دە وتارەکەم دا گوتم: زمانی نووسینی کوردی ناوەڕاست لەم چەند ساڵەی دوایی دا بەشێوەیەکی سەرسوڕهێنەر بەرەو دواوە گەڕاوەتەوە، واتە کراوە بە زمانی زارەکی، لەبری ئەوە کە بکرێت بە زمانێکی مۆدێرن و رۆشنبیری. نوێکردنەوە و ڕۆشنبیریکردنی زمان لە قۆناغەکانی دواتری پرۆسەی ستانداردکردندا لەناو زمانەکانی دیکەی دنیا بەدیهاتوون. واتە، لە پرۆسەی ستانداردکردن دا، لە سەرەتا دا زمانەکان فەرهەنگ و قامووس و کتێبی ڕێزمانیان بۆ دەنووسرێ. پاشان بەهۆی فێرگە و پەروەردەوە زمانەکە مۆدێرن و ئەکادیمیک دەکرێن بۆ ئەوە کە بتوانن دەروەستی چەمک و دەربڕینە نوێیەکان بن. واتە دەرفەت بۆ پەروەردە و زانست بڕەخسێت. ئینسان هەق بڵێ، لەو بوارەدا هەوڵێکی زۆر دراوە، بەڵام زۆربەی هەوڵەکان نازانستی و نائەکادیمین. یەک یان دوو یان لێ دەرچێ، زۆربەی قامووسەکان هەڕەمەکی دروست کراون. لە وتارەکەم دا، نموونەم لە زۆربەی ژانراکانی نووسین وەکوو خوێندنی سەرەتایی، نووسینی خوێندکاری زانکۆ، ڕۆمان، نووسینی پرۆفیسۆرەکانی بەناوبانگترین زانکۆکانی کوردستان و تێکستی رۆژنامەکانم نیشان دابوو. نموونەکان بەڵگە بوون بۆ تێزەکەم: زۆربەی نووسەرەکانی ئەم دەڤەرە ئەوەندە زەحمەت بە خۆیان نادەن کە بە زمانی گەڕەکەکەی خۆیان نەنووسن، بەڵکوو بە زمانی نووسین/پێوەر بنووسن. لانیکەم لە وتار یان کتێبەکەی خۆیان دا بتوانن یەکدەست بن و، بەشێوەی هەڕەمەکی وشەکان ڕیز نەکەن و بە کەیفی خۆیان بۆر و خاڵ دانەنێن. دوو تایبەتمەندی، لەناو چەندین تایبەتمەندی دا، زمانی ئاخاوتن و نووسین لە یەکتر جیا دەکەنەوە. زمانی نووسین لەباتی پشوودان، دەنگ بەرزکردنەوە، دەنگ نزم کردنەوە و هتد، خاڵبەندی ڕەچاو دەکا. زۆربەی هەرە زۆری نووسەرانی ئەم بەشەی کوردستان ئێستاش جیاوازی بۆر و خاڵ نازانن. هەر لەبەر ئەوەش، ڕستەیان دەگەڵ پاراگراف لێ تێکچووە. بۆ نموونە، زۆربەی چاپەمەنی ئەمڕۆ چاو لێ بکە، دەبینی کە پڕیەتی لە پاراگرافی بێ خاڵ، بێجگە لە خاڵی کۆتایی. ئەوە لە حاڵیک دایە کە ئەگەر هەر لە ئەو نووسەرە بپرسی: خاڵ لە کوێ دادەنێی؟ ئەگەر لە فێرگە خوێندبێتی، لە وەڵام دا دەڵێ: لە کۆتایی ڕستەدا. کەچی ئەو بەڕێزە هەموو ڕستەکانی ناو پاراگرافێک تەنیا بە بۆر (فاریزە) لە یەکتر جیا دەکاتەوە. واتە، جیاوازی ڕستە و پاراگراف نازانێ. لەباتی نووسین، قسە دەکا. جیاوازییەکی دیکەی زمانی نووسین و ئاخاوتن ئەوەیە کە لە نووسین دا پێویستە هەتا بۆمان دەکرێ بە ڕوونی و ساکاری بدوێین، چونکە بەردەنگ یان خوێنەر لێمان دوورە؛ نە ئێمە ڕووخسار و هەڵسوکەوتی ئەو دەبینین کە بزانین بە نووسینەکەمان سەری سوڕماوە و تێناگا، نە ئەویش دەتوانێ ڕامان بگرێ و داوای ڕوونکردنەوە بکات. یەکێ لە کەرەستەکانی ڕوون و ساکار نووسینیش بریتیە لە ئامرازی بەستنەوە و لکاندنی دەستەواژە، گرێ، شاڕستە، ڕستە و پاراگراف؛ وەکوو: 'لەگەڵ ئەمەشدا'، 'سەرەڕای ئەمەش'، 'بەپێچەوانەی ئەمە'، 'هەر لەم ڕوانگەیەوە'، 'هاوتەریب لەگەڵ ئەم ڕایە'، 'چونکە'، 'هەروەها'، 'بەڵام'، 'هەرچەند کە' و هتد. لەبری ئەمانە، زۆر جار دەبینین کە نووسەران بە دەیان دەستەواژە، گرێ و ڕستە تەنیا بە فازیزە (بۆر) بە یەکەوە گرێ دەدەن. بەشێکی ئەم کارە دەگەڕێتەوە بۆ ئەم ڕاستییە کە ئەوان نووسین هەر وەکوو قسەکردن چاو لێدەکەن. هەر لەو کۆنفرانسەی کۆیەدا، پرۆفیسۆرێک گوتی: "ئێمە لە کوردی دا هەرچۆنێک وشەیەک بڵێین هەر ئاواش دەینووسین." دەزانین کە ئاوا نییە. یان، پرۆفیسۆرێکی دیکە کە لە کتێبەکەیدا گەرەکیە بە خوێندکاران بڵێ چۆن بنووسن دەنووسێ: "کاتێ پشوو دەدەین بۆر (فاریزە) دادەنێین." واتە، بە پێوانەی ئاخاوتن (پشوودان) خاڵبەندی دیاری دەکا. کێشەیەکی دیکە ئەوەیە کە زۆر کەس، بەتایبەت ئەوانەی کتێب دەکەن (نەک دەنووسن)، لایان وایە کە دەبێ دانیشن، بنووسن و چاپ بکەن، بێ خەبەر لە ئەوە کە نووسین لە سەرەتادا 'بەرهەم' نییە، بەڵکوو 'پرۆسە'یەکە. نووسەری جدی یەکسەر نانووسێ، بەڵکوو پەیتا پەیتا دەنووسێتەوە. بڕوای بە نووسین نییە، بەڵکوو بڕوای بە نووسینەوە هەیە. دوای ئەوە کە چەندین جار بە نووسینەکەی دا دێتەوە و دەینووسێتەوە، نیشانی کەسانی هاوتەریبی خۆی دەدا. هەروەها، ئامادەیە کە پێشنیاری ئیدیتۆری وەشانخانە وەربگرێ و دیسان بە نووسینەکەیدا بچێتەوە. ئەم کارە ڕەنگە پێویستی بەوە هەبێت کە چەند جار نووسینەکەی بێتەوە لای خۆی و بچێتەوە لای ئیدیتۆری وەشانخانە. تەنانەت لە کۆتایی دا، کاتێ نووسینەکە ئامادەی چاپ کرا، دەبێ نووسەر ئامادە بێ بەوردی نووسینەکەی خۆی بخوێنێتەوە بۆ ئەوە کە دڵنیا بێ هەڵەی تایپی تێ نەکەوتووە، سەرچاوەکان لە بیر نەکراون، خشتە و پاشکۆکان لە شوێنی خۆیان دان، ژمارە لاپەڕەکان نەگۆڕاون و هتد. بەکورتی، نووسەر نابێ تەنیا چاوی لە ئەمە بێ کە کتێبێک لە دۆست یان هاوکارەکەی زۆرتر چاپ بکا، بەڵکوو دەبێ ئەمەی بۆ گرینگ بێ کە کتێبەکەی چەندە  بێ هەڵە و بە باشترین و ڕێکوپێکترین شێوە چاپ بکرێ. بەداخەوە، لەم چەند مانگەدا کە لە کوردستانم، زۆر جار دەبیسم کە باشی کتێبێک بەپێی ژمارەی لاپەڕەکانی پێناسە دەکرێ. واتە، یەکێک دەڵێ: فلانە کتێب زۆر گرینگە، ٧٠٠ لاپەڕەیە. یان دەڵێن: فڵانە کەس ٢٠ کتێبی چاپ کردووە! لەکاتێکدا زۆربەی کتێبەکانی بە وتارێکی رۆژنامەیەکی ئینگلیزی نابن. ئەمانە نە تەنیا چۆنیەتی نووسین و زانست دەشێوێنن و مەترسی گەورەن لەسەر زمان و مەعریفەی کوردستان، بەڵکوو پرۆسەی پێکهێنانی کیانی سیاسیش وەدوا دەخەن. زمانەکەمان دەکەن بە زمانێکی زارەکی و خێڵەکی؛ ئەمەش دەروەستی نیازەکانی کۆمەڵگەی دەوڵەت-نەتەوەی مۆدێڕن نایە.

-         چەندە جوان و وردبینانە ئەم پرسەتان شیکردەوە! یەکێکی تر لە کێشەکانی زمانی کوردی و چاپەمەنی کوردی لە باشوور نەبوونی ئدیتۆرە. بەجۆرێک کە زۆربەی دەقەکان پڕ لە هەڵە چاپ دەکرێن و یاساکانی زمانەوانی رەچاو ناکەن. بە ڕای ئێوە پرسی هەبوونی ئدیتۆر چەندە گرنگە؟

- سپاس. زۆر باشی بۆچووی. بەشێکی زۆری وەڵامەکەم لە پرسیارەی پێشوو دایە. بەڵام، گەرەکمە چەند شتی تریش بڵێم. لە زمانی ئینگلیزی دا، زۆر زۆر زەحمەتە، ڕەنگە هەر نەبیسترابێ، کە کتێبێک یان چاپەمەنییەکی بەرچاو بە چەندین هەڵەوە چاپ بکرێ. ڕەنگە کتێبێک چەند هەڵەی تایپی تێدا بێ. لە کتێبەکەی من دا، مایکل گونتری ئەمریکی، کە پێیداچوونەوەیەکی لەسەر نووسی، یەک هەڵەی دۆزیبووەوە. بۆ خۆشم یەکێکی دیکەشم دۆزییەوە. بۆچی تەنیا دوو هەڵە؟ ئەوە هونەری خۆم نییە. هەموو کەس لە نووسین دا هەڵە دەکا، جا هەڵەی ڕێزمانی بێ، هەڵەی تایپی بێ، یان تەنانەت هەڵەی ڕێکوپێکردنی بابەتەکان، سەرچاوەکان و هتد. هەمیشە بە قوتابییەکانم دەڵێم کە نووسینی خۆت وەکوو خۆشەویستێکی خۆت وایە؛ هیچ عەیبی تێدا نابینی. بۆ ئەوە کە بە بێ گرفت چاپ بکرێ، پێویستە کە کەسانێکی دیکە بیبینن و پێیدا بچنەوە. ڕێگام بدە کە پرۆسەی چاپ بوونی کتێبەکەی خۆمتان بە ئینگلیزی بۆ بگێڕمەوە، جا ئەوجار دەزانن مەبەستم چییە.  دەمەویست کتێبەکەم، کە بەشێکی زۆری هی تێزی دوکتۆراکەم بوو، لە وەشانخانەیەکی بەناوودەنگ چاپ بکەم. پاڵگرەیڤ-مەکمیلن م هەڵبژارد. نامەیەکم بۆ ئیدیتۆری ئەو بەشە نووسی کە پێم وابوو دەبێ نووسینەکەم بۆ ئەو سەرنجڕاکێش بێت (ئەو وەشانخانە گەورانە بۆ هەر بەشێک ئیدیتۆری شارەزایای ئەو بەشەیان هەیە. نەک وەکوو ئێمە کە یەکێک دەیهەوێ مووچەی چەندین ئیدیتۆران وەربگرێ بە بێ ئەوە کە لە زۆربەی بوارەکان هڕ لە بڕ بکاتەوە). بەکورتی دەزگای ناوبراو لە وەڵامەکەی دا پێشوازی لە بابەتی نووسینەکەم کرد و داوای کردبوو کە بچمە سەر ماڵپەڕەکەیان و فۆرمی پرۆپۆزڵ بۆ کتێب دابەزێنم، پرۆپۆزلەکە بنووسم و بۆیان بنێرم. منیش هەر وام کرد. فۆرمەکە ١٣ پرسیاری تێدا بوو کە وەڵامی هەموویانم لە نزیکەی ٢٠ لاپەڕە دا دایەوە. هەندێک لە پرسیارەکان ئەمانە بوون: ناوی کتێبەکەت؛ پوختەی ناوەرۆکی کتێبەکەت؛ بۆچی ئەم کتێبە دەبێ چاپ بکرێ؛ کامە بۆشایی پڕ دەکاتەوە؛ چەند کتێبی دیکە لەم بوارە دا نووسراون و بۆچی و چۆن کتێبی تۆ لە ئەمانە جیاوازە؛ کێ ئەو کتێبە لە وەشانخانەکەمان دەکڕێ، واتە خوێنەرانی ئەم کتێبە کێن؛ کتێبەکە چەند بەش دەبێ و هەر بەشە باسی چی دەکا و بۆچی؛ کێ دەناسی کە لەم بوارەدا شارەزا بێ و هتد. کاتێ ئەم پرۆپۆزڵە چەندین جار نووسرایەوە و تیفتیفە درا، نێردرا بۆ وەشانخانەکە. وەشانخانە داوای کرد کە چەند بەشی نموونەیان بۆ بنێرم. پاشان، پرۆپۆزڵەکە دەگەڵ ئەو بەشە نموونانە بۆ دوو کەسی شارەزای بوارەکە نێردران. یەکێک لە مەرجەکان لێرە ئەمەیە کە نووسەر ئەو دوو کەسە نەناسێ کە بڕیارە بە پرۆپۆزڵ و بەشەکان دا بچنەوە. ئەوانەی کە پێدا دەچنەوە ناتوانن هەر بە بەڵێ یان نەخێرێک وەڵام بدەنەوە، بەڵکوو دەبێ چەندین پرسیاری تایبەت وەڵام بدەنەوە (وەکوو ئەوانەی سەرەوە) و هەر تەمایەکی دەیگرن بە نووسین بیسەلمێنن. بۆچوونی ئەوان هاتەوە. بەگشتی ڕایان لەسەر چاپکردنی کتێبەکە بوو و بە پێویستیان زانیبوو. بەڵام، داواکاری گۆڕانکاری بوون، گۆڕانکاری ئەوتۆ کە پێویستی بە نزیکەی ٣ مانگی ڕەبە‌ق کاری بەردەوام بوو. بە دوای جێبەجێکردنی ئەو ئاڵوگۆڕانەدا، هەموو کتێبەکە چووەوە بەر دەستی ئیدیتۆرێکی دیکە کە زۆرتریش شارەزای بواری کتێبەکە بوو. جارێکی دیکە تێکستەکە هاتەوە لای نووسەر. نزیکەی هەفتەیەک هەتا دوو هەفتەی دیکە کاری دەویست. ئەمجارە، تێکستەکە دەچێتە بەردەستی بەشی تایپ کردن و چاپ. ئەوانیش بە کۆڵێک پێشنیار و تێبینیەوە تێکستەکە دەگێڕنەوە، یان تایپی دەکەن. لە هەر حاڵەتێک دا، تێکستەکە لە فۆرمەت و فۆنتی دیاریکراوی وەشانخانەدا دەگونجێ. کاتێ کاری تەواو بوو، جارێکی دیکە، بەر لەوە کە بۆ جاری کۆتایی چاپ بکرێ، تێکیستەکە یان بە چاپکراوی لەسەر پەڕە یان بە پی.دی.ئێف دەگەڕێتەوە لای نووسەر. ئەویش بۆ جاری کۆتایی بە تێکستەکەی دا دێتەوە و دەینێرێتەوە بۆ وەشانخانە. ئەوانیش ئەمجار چاپی دەکەن... کاتی خۆی چەند برادەی خوێنگەرم کە لە ئورووپا گەڕابوونەوە بۆ هاوکاری دەگەڵ وەشانخانەیەک لە هەولێر ئەو فکرانەیان لێ وەرگرتم. ئەزموونی خۆشیان لەسەر دانا و پرۆسەیەکی ئاوایان بەو وەشانخانەی کوردستان پێشنیار کرد. بەداخەوە کە وەشانخانە قەت گوێی بۆ نەگرتن. بۆ؟ چونکە ئەگەر ئاوا بێ ئیتر گەندەڵی لە چاپ و وەشان دا نامێنێ، یان زۆر زۆر کەم دەبێتەوە. ئەوکات تیراژی کتێبان لە ٥٠٠ و ١٠٠٠ تێدەپەڕێ و خۆ لە ٥٠٠٠ و ١٠٠٠٠٠ دەدا. نووسەرەکان لەبری ئەوە کە گلەیی بکەن لە کوردستان خوێنەر نییە باشترە بیر لە هۆکارەکەی بکەنەوە.  گرفتەکە لە خراپ نووسین دایە، لە زۆر و بۆر نووسین دایە. گرفتەکە لە پەروەردەیەکی سەقەت دایە کە خەڵک عاشقی خوێندنەوە ناکا. پەروەردەش ناتوانێ ئەم کارە بکا کە نووسەرەکان کەم بنووسن و پوخت بنووسن.

گرفتێکی دیکە کە شیاوی سەرنجدانە بابەتی کۆپیرایت و مافی خاوەنیەتی نووسین و نووسەرە کە تا ئێستا قانوونی لە پشت نییە. زۆر کەس گۆیا دەترسن نووسینەکەیان نیشانی کەسانی دیکە بدەن چونکە دەترسن لێیان بدزن. کەم نین ئەو کەسانەی کە بە چاپکردنی بەرهەمی خەڵکی دیکە ناو و ناوبانگیان دەرکردووە. ئەمە داخێکی گەورەیە و دەبێ چارەسەر بکرێ.


- لەمەڕ زمانی ستانداردی کوردی، بیروڕا جۆراوجۆرن. هەندێ کەس دەڵێن زمانی ستانداردی کوردی پێکهاتووە {دیارە مەبەستیان هەر ئەم زاراوەیە کە ئێمە قسەی پێ ئەکەین}. هەندێکی تر دەڵێن زمانی کوردی جووت ستانداردە {سۆرانی و کرمانجی}. هەندێ کەسی تریش دەڵێن زمانی ستاندارد بەهۆی بڕیارێکی سیاسی پێکدێت. من بۆ خۆم کاتێ چاو لە بوژانەوە و هەست و خرۆشی نەتەوایەتی دەڤەری کرماشان- ئیلام دەکەم کە بە زاراوەی کەلهوڕی دەنووسن و دەئاخڤن، خەریکم بەو ئاکامە دەگەم کە زمانی کوردی هێندە هەراو و کەڵەگەتە کە رەنگە بە سێ ستانداردیش تێر نەبێت. ئایا ئەم پرسە لەمەڕ زمانی کوردی و دۆخی سیاسی کولتوری کوردستان بەسوودە یان زیان بەخشە؟ بە ڕای ئێوە زمانی ستانداردی کوردی پێکهاتووە؟ ئەم پرسە چەندە گرنگی هەیە؟

- نزیکەی سەت ساڵە کە کوردی ناوەڕاست پرۆسەی ستانداردکردنی دەست پێکردووە. پرۆسەکە ئێستاش درێژەی هەیە و تەواو نەبووە، قەتیش تەواو نابێ. ئەمە زۆر ڕاستە کە هەر دوو شێوەزارە سەرەکیەکە (کوردی ناوەڕاست و کرمانجی) گرفتیان زۆرە و هێشتا یەکدەست نەبوونە، بەڵام ئەوە بەو واتایە نییە کە پرۆسەی ستانداردبوونیان دەست پێ نەکردووە یان ستاندارد نەبوونە. ستانداردبوون قۆناخێک نییە کە زمانێک پێی بگا و تێی دا قەتیس بمێنێتەوە. کوردی باکووریش (کورمانجی) دەمێکە ئەم پرۆسەیەی (هەرچەند شلتر) دەست پێکردووە. واتە، چ شیرینمان بێ و چ ترشمان بێ، ئێستا زمانی کوردی جووت ستانداردە. ئەمەش بە قسەی کەس ساز نەبووە، یان با بڵێین کەس بە قسە سازی نەکردووە، بەڵکوو ڕاستییەکی حاشا هەڵنەگرە. کرمانجی لە کوردستانی باکوور، هەروەها لە دەڤەری بادینانی باشوور، ڕێگایەکی زۆری لە ماوەیەکی کورتدا، لە ماوەی بیست ساڵی ڕابردوودا، بڕیوە. لە باشوور، هەر کە بەرەو باکوور لە زێ پەڕیتەوە، هەر لە گوندی "بێخمێ"وە، دەبینی کە نووسینی کرمانجی/بادینی زاڵە. چەند کیلۆمیتر کە لە زێ تێپەڕی و زۆر بەر لە ئەوە کە بگەی بە (ئاکرێ)، شوێنەواری نووسینی کوردی ناوەڕاست لەسەر تابلۆی جادە و دووکانەکان ئیتر نامێنێ؛ هەمووی بە کرمانجی/بادینی یە. لە فێرگەکان قوتابیان بە کرمانجی دەخوێنن، فەرمانبەرەکان بە کرمانجی کار دەکەن و، تێزی دوکتۆرا بە کرمانجی دێتە نووسین. هەر لە شاری دهۆک، دوو ڕۆژنامە (رۆژانە) بە کرمانجی/بادینی چاپ و بڵاو دەکرێنەوە. فەرهەنگ، کتێبی ڕێزمان و سەرچاوە بە کرمانجی (هەرچەند کەم) نووسراون و بڵاوکراونەتەوە. کەوابوو، رۆشنبیر، نووسەر و قەڵەم بەدەستی بادینان بۆ خۆیان، نەک کەس و کەسانی دیکە، شێوەزاری خۆیان ستاندارد کردووە و وادیارە کە درێژەشی پێدەدەن. ئایا ئەمە بەم واتایەیە کە ئەو دوو شێوەزارە بەرەو ئەوە دەڕۆن کە ببن بە دوو زمانی سەربەخۆ؟ دوور نییە. سەردەمێک زمانی سربەکان و کرۆڤاتیەکان پێی دەگوترا "سربوکڕۆڤاتی"، بەڵام ئێستا دوو ناوی جیاواز و سەربەخۆیان هەیە. ئایا ئەگەری ئەوەش هەیە کە تێکەڵ ببن؟ ئەگەری ئەمە دوورترە. لانیکەم لە حاڵی ئێستادا، بەڵام بە زۆربوونی تێکەڵاوبوونی ناوچە کوردییەکان، کە ئێستا زۆرتر لە پەرەگرتن دایە، ڕەنگە ئەو حاڵەتەش بێتە ئاراوە کە ئەو دوو شێوەزارە بۆ هەموو یان زۆربەی دانیشتوانی کوردستان جێگای فام و تێگەیشتن بن. میدیای نوێ، بەتایبەت تەلەڤیزیۆن دەتوانێ دەورێکی گرینگ بگێڕێ ئەگەر دەمارگرژی سیاسی و حیزبایەتی نەبنە بەرهەڵست. ئەو دوو شێوەزارە دەتوانن وردە وردە زاراوە و وشە لە یەکتر وەربگرن و، تەنانەت لە شێوازی قسەکردن و ڕەوانبێژیدا باشتر بن. بۆچی ئەو دوو شێوەزارە لە یەکتر جیاوازن، زۆر هۆکار هەبووە. بۆ نموونە، بەر لە ١٩٩١، بەشێکی زۆری دەڤەری بادینان بە کوردی نەیاندەخوێند، میدیا و رۆژنامەیان بە کوردی نەبوو و، کاروباری ئیدارییان بە عەرەبی ڕادەپەڕاند. لە هەمووش گرینگتر، دەڤەری بادینان لەباری ئابووری و کولتووریشەوە لە بەشەکانی دیکە دابڕا بوو. بەشێکی لەبەر بەرهەڵستی جوگرافی و فیزیکی بووە؛ هاتوچۆ لەنێوان دەڤەرەکان ئاسان نەبووە و زۆر کەم بووە. ئێستا وردە وردە خەریکە جادەکانی کوردستان باشتر دەبن و ئەمە بە بێشک کاریگەری بەرچاوی دەبێ لە بەیەکەوەلکاندنی ناوچە جیاوازەکانی کوردستان دا. کاتێ پێوندی و هاتوچۆش هەبێ، ئاڵوگۆڕکردنی کولتوور و زمان زۆرتر دەبێ. ڕەنگە ئەمە نەبێتە هۆی یەکبوونی ئەو دوو شێوەزارە، بەڵام لانیکەم بۆی هەیە کە ڕێز و تەحەمول لەنێوان ئاخێوەرانی ئەو دوو شێوەزارە دروست بکات. ئەوە تا ڕادەیەکی باش لە شوێنێکی وەکوو شاری سۆران، لەبەر ئەوە کە چەند زمانە و چەند زاراوەیە (کوردی ناوەڕاست، کرمانجی، فارسی، عەرەبی)، دەبیندرێ.



-          چۆنە کە تا ئێستا زۆربەی نووسینە ئەکادیمیەکانت بە زمانی ئینگلیزی بوون نەک بە کوردی؟ ئایا کاتی ئەوە نەهاتووە کە خوێنەری کوردیش لەگەڵ نووسینەکانت ئاشنا ببن؟

لە کەنەدا، ژیانی ئەکادیمیم لە بواری زمان و میدیادا بە ئینگلیزی دەست پێکرد و ئێستاش هەر بەو زمانە درێژەی پێ دەدەم. بۆ ئەوە کە لە کەنەدا و رۆژاوا بەگشتی بتەوێ لە زانکۆ، وەک ئەندامی فەکوڵتی و کومیتەی زانستی، تەنانەت وەک مامۆستا، دابمەزرێی و پاشان لە پلە ئەکادیمیەکان وەسەرکەوی (پرۆفیسیۆری یاریدەدەر، پرۆفیسۆری هاوکار، پرۆفیسۆر)، ناچاری کە بەردەوام خەریکی لێکۆڵینەوە بی، لە کۆنفرانسان لێکۆڵینەوەکانت پێشکەش بکەی و، لەوەش گرینگتر، ئاکامی لێکۆڵینەوەکانت لە گۆڤاری زانستی و کتێباندا بڵاو بکەیتەوە. زۆر دەگمەنە، لە رۆژئاوا، بەتایبەت باکووری ئەمریکا، کە تەنیا تەواوکردنی دوکتۆرا یەکێک بکات بە مامۆستا یان پرۆفیسۆری زانکۆ. ئەمە جیاوازییەکی گەورەیە لەنێوان کوردستان و رۆژئاوادا. لە رۆژاوا، بە سەدان کەس دوکتۆرا تەواو دەکەن، هەندێکیشیان کوردن، بەڵام ناتوانن لە زانکۆیەک وەکوو مامۆستای تەواو وەخت و دایم دابمەزرێن. زۆربەی کاتیش هۆیەکەی ئەمەیە کە ناتوانن لە بواری خۆیاندا کتێب لە لای دەزگای وەشاندنی بەناوبانگ و جێی متمانە بڵاو بکەنەوە، یان لە گۆڤارە ئەکادیمی و زانستیەکاندا وتار بڵاو بکەنەوە. بۆ دامەزراندن و بەرزبوونەوەی پلەی زانستی لە زانکۆیەکی رۆژئاوادا ئەمە گرینگە کە کێ کتێبی بۆت بڵاو کردووەتەوە. ئەگەر کتێبێک لەلایەن دەزگایەکی بەناوبانگ و ناسراوەوە بڵاو بکەیتەوە، بۆ زانکۆ زۆر گرینگترە هەتا ئەوە کە دەیان کتێب بۆ خۆت و بە پارەی خۆت بڵاو بکەیتەوە. لە ڕاستیدا، لێژنەکانی زانکۆ لە کاتی هەڵسانگاندنی پلەی زانستی و ئەکادیمی کەسێک دا، هەر چاو لە کتێب و وتارێک ناکەن کە نووسەر خۆی بڵاوی کردبێتەوە، یان لە لایەن چاپخانە و گۆڤارێکی نەناسراوەوە بڵاو کرابێتەوە. دوای کتێب، گرینگترین بەرهەمی چاپکراو بریتییە لە وتار و باسی ناو گۆڤارە زانستیەکان کە بە پرۆسەی پێداچوونەوە و هەڵسانگاندنی دوو پسپۆردا تێپەڕ دەبن. ئامادەکردن، پێشکەش کردن، قەبووڵ کردن و بڵاوکردنەوەی ئەمانەش کات و وزەیەکی یەکجار زۆری گەرەکە. ساڵێ دوو وتاری ئاوات بەدەستەوە بێ، ئیتر بەزەحمەت بە نووسینی دیکەدا ڕادەگەی، وەکوو نووسینی کوردی. لەگەڵ ئەمەشدا، هەوڵی خۆم داوە کە لە زمانی خۆم و ئەدەبەکەی دانەبڕێم. ناو بە ناو وردە وتار و شیعرم بڵاو کردووەتەوە.
بەڵام، لە ماوەی ئەو چەند مانگە کە لە زانکۆی سۆران پرۆفیسۆری میوان بووم و سەردانی زۆر کۆڕ و کۆنفرانسی دیکەم کردووە، گلەییم لێکراوە کە بۆچی بە کوردی کارە ئەکادیمیەکانم بڵاو نەکردوووەتەوە. پێم وایە لەمەودوا دەرفەتم زۆرتر دەبێ و ئەو کارە دەکەم. بەرهەمێک کە ئێستا خەریکی ئامادەکردنیم بریتییە لە کتێبێک کە زۆرتر لە ١٠ وتووێژ لە خۆیدا کۆ دەکاتەوە. ئەو وتووێژانەم لەگەڵ گۆڤار و رۆژنامەی جیاواز کردوون و زۆربەیان لەسەر بابەتەکانی زمان و میدیان. هیوادارم وەرگێڕی باشیش هەڵکەوێ و هەندێک لە نووسراوە ئینگلیزییەکانم بکات بە کوردی. 


- ئاست و چۆنیەتی زمانی ئینگلیزی، جا چ لە فەرهەنگەکان یان لە شوێنی دیکە، لە کوردستانی باشوور چۆن دەبینی؟

تۆ ئاستی نووسین و چاپەمەنی کوردی چۆن دەبینی، ئینگلیزییەکەش هەر وایە و بگرە خراپتریش. کاتێ کە زمانی نەتەوەیی بە شێوەیەکی خراب فێر دەکرێ، دەخوێندرێ، دەنووسرێ و دەخوێندرێتەوە، چۆن دەکرێ چاوەڕوان بین کە بتوانین باشتر بە زمانێکی بیانی ڕابگەین. لە سەدان شوێن ئینگلیزی تابلۆی شەقامەکان، دامودەزگا و دووکانەکان هەڵەیە. نموونەیەکتان پێ بڵێم: لە یەک شاری کوردستانی باشوور، لە سێ شەقامی نزیک یەکتر، تابلۆی "خێراییت کەم بکەوە" بە سێ شێوە نووسراوە: (Reduce speed now)، (Reduced speed) و (Reduce speed). لانیکەم، یەکەم و دووهەم هەڵەن. ئەوەی سێهەمیش هەرچەند لە لایەنی ڕێزمانی و ماناوە ڕاستە، لە وڵاتە ئینگلیزییەکان زۆر باو نییە. من نازانم کە بۆ ئەم نووسراو و وەرگێڕانانە پرس بە کێ دەکەن. سەرم سوڕ ماوە.  بەداخەوە وادیارە کەسانێک خۆیان دەکەن بە شارەزای زمانی ئینگلیزی کە لەوانەیە ٢٠ ساڵ لە ئینگلتەرە ژیابن، بەڵام خوێندنی ئەکادیمیان نەبووبێ، یان خوێندبێتیان، بەڵام ئاشنای کولتوور و ژینگەی زمانی ئینگلیزی نەبن. زمان زانین تەنیا ڕێزمان/گرامێر زانین نییە، بەڵکوو دەکارکردنی ئەو زمانەیە بەشێوەیەکی پەسندکراو و چاوەڕوانکراو لە ژینگەی جیاواز. جارێک لە هەولێر کتێبێکم بینی بەناوی "ڕێبەری هەولێر". لە هەموو ئەو پەڕانەدا کە باسی شوێنە سەرنجڕاکێش و گەشتیارییەکانی هەولێر دەکا، دەقێکی ئینگلیزیش هەیە. کتێبەکە زۆرتر لە ١٥٠ لاپەڕەیە. من یەک لاپەڕەم نەدیتەوە کە هەڵەیەکی تێدا نەبێ، لانیکەم هەڵەی خاڵبەندی یان ڕێنووس. لە یاریگەیەکی منداڵان بۆ (Bumper cars)— ئەو ماشێنانەی/سەیارانەی کە مندال و گەورە سواریان دەبن و لە گۆڕەپانێکی بەستراوەدا خۆ پێکدادەدەن— نووسراوە (Bomb car) ماشێنی بۆمب. "هۆتێلی گەورەی هەولێر" بە پیتی یەکجار مەزنی ئینگلیزی لەسەر شەقامی شەستی هەولێر، نووسیویەتی "Hotel Grand Erbil"، کەچی دەبوو بنووسێ (Erbil Grand Hotel). ڕێکلامێک بۆ دەزگای خانووسازی "شاری ئەستێرەکان" بە ئینگلیزی دەنووسێ "City Stars"، کەچی دەبوو بنووسێ (Stars City). هەندێک لە ئەمانە ئەگەر نیشانی قوتابییەکی ناوەندیش بدەیت، لەوانەیە بتوانێ ڕاستیان بکاتەوە. واتە، هۆی سەرەکی ڕەنگە ئەوە نەبێ کە خەڵکی ئینگلیزی زان لەم دەڤەرە کەمن، بەڵکوو لەبەر ئەوەیە کە زمان بەگشتی بە جدی وەرناگیردرێ؛ خوێندەواری بە جدی وەرناگیردرێ، جا چ خوێندەواری کوردی بێت، چ ئینگلیزی. هەڵەی گەورە و زەق لە دەقی زۆر گرینگ و جدیش دا دەبیندرێن، بە ئاسانی و لە هەموو جێیەک. بەڵام، وێناچێ کەس ئەمەی بە لاوە گرینگ بێت. هەرچەند هەموومان بە ڕادەی خۆمان و لە ئاستی تواناماندا لەئاست زمان بەرپرسین، بەڵام زەحمەتە چاوەڕوانی زۆر لە خەڵکی ئاسایی و قوتابییەکان بکرێ، لە حاڵێکدا کە قامووسی کوردی-ئینگلیزی، ئامادەکراو لە لایەن پرۆفیسۆری زانکۆوە سەدان هەڵەی زەقی تێدایە. هەتا دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی جدی نەبێ کە سوور بێ لەسەر چاپکردنی باشترین بەرهەمەکان (لە ڕێگای پێداچوونەوەی نەدیوی دوو پسپۆر و، پرۆسەی ئیدیت کردن و پێداچوونەوەی وردبینانە و هتد) وەزعەکە لەوە باشتر نابێ. هەروەها، فەلسەفە و شێوازی فێرکردنی زمانی بیانیش پێویستی بە گۆڕانکارییەکی سەرەکی هەیە: قوتابخانەکان و مامۆستاکانیان نابێ هەموو کاتی خۆیان تەرخان بکەن بۆ فێرکردنی ڕێزمانی ئینگلیزی؛ لەبری ئەوە، با زمانەکە فێری قوتابی بکەن.


- ئێستا ئەوە چەند مانگە میوانی زانکۆیەکی کوردستانی. دەبێ تا ڕادەیەک ئاگاداری خوێندنی باڵا لە کوردستان بی. چۆن دەڕوانی بۆ لایەنی ئەکادیمی و خوێندنی باڵا بەگشتی و، بەتایبەت چۆن بەراوردی دەکەی لەگەڵ فەزای ئەکادیمی ئینگلیزی زمان و خوێندنی باڵا لە وڵاتێکی وەکوو کەنەدا؟

- بەر لەوە کە ڕەخنەکانم دەست پێبکەم، با چەند خاڵی زۆر باشی خوێندنی باڵا لە کوردستان باس بکەم. یەکەم، خوێندن بەخۆڕاییە. ئەمە دەستکەوتێکی گەورەیە و باشترە خوێندکاران ڕێزی لێبگرن و قەدری بزانن. لەباتی ئەوە کە بڵێن، خۆ من پارە نادەم، بۆ بخوێنم، باشترە کە بزانن بە دەیان هەزار خوێندکاری کەنەدی و ئەمریکی ٥٠،٠٠٠ دۆلار قەرز دەکەن هەتا بەکالۆریۆسێک وەردەگرن (زۆریش لە ئەمانە قەت کاری دڵخوازی خۆیان دەست ناکەوێت) کەچی من بەخۆڕایی دەخوێنم. خۆزگە بە خۆیان دەگوت، حەیفە ئەم دەرفەتە بەفیڕۆ بدەم و باش نەخوێنم.
لایەنە باشەکەی دیکەی خوێندنی باڵا ئەوەیە کە سیستەمی تاقیکارییەکان تا ڕادەیەکی زۆر ڕێکوپێکە و تەنانەت دەتوانم بڵێم لە هی وڵاتە هەرە پێشکەوتووەکانیش وردتر و باشترە. بۆ نموونە، ئەوە کارێکی باشە کە ناوی قوتابی لەسەر وەرەقەکان لادەبەن.  واتە، کاتێ تاقیکارییەکان دەگەڕێنەوە بۆ مامۆستا، ئەو نازانێ کە کێ کامە وەرەقەی نووسیوە. هەروەها، بەر لە تاقیکارییەکان، هەم پرسیارەکان و هەم وەڵامەکان (بۆ مانگی ٦ و بۆ مانگی ٩ش) دەدرێن بە لێژنەی تاقیکارییەکان. لەناو ئەو دوو تاقیکارییەدا لێژنە یەکیان هەڵدەبژێرێ بۆ مانگی ٦، ئەوی دیکە ڕادەگرێ بۆ مانگی ٩ (بۆ ئەو خوێندکارانەی کە لە تاقیکاری یەکەم دەرناچن). ئەوانە شێوازی باشن کە ڕەنگە لە زۆر وڵاتی پێشکەوتووش نەبن. بەڵام، خەمەکە، بۆ من، ئەمەیە کە بەداخەوە زۆربەی خوێندکارەکان شتێکی ئەوتۆی تازە و داهێنەرانە فێر نابن کە لەسەری تاقی بکرێنەوە. زۆر باش دەبوو کە فێرکردن و پەروەردەکەش وەکوو تاقیکارییەکە سیستماتیک و ڕێکوپێک بوایە. بەڵام، بەداخەوە ئاوا نییە. ئەوەندی من دیتبێتم، لە تەواوی کوردستان، قوتابییەکان ڕەنگە هەر ٥ مانگ بەتەواوی لە پۆل و زانکۆ بن، لەباتی ٨ مانگ (مانگێکیش تاقیکارییە— مانگی ٦). لە ماوەی ئەو ٥ مانگەدا (زۆر کەس پێی وایە ٤ مانگ)، بۆ هەر بابەتێک تەنیا نزیکەی ٢ سەعات (لە هەندێک شوێن ١ ساعەت و نیو) لە پۆلن، بەڵام لە کەنەدا لانیکەم بۆ هەر بابەتێک ٣ سەعات لە پۆلن. خوێندکاری ئێرە، جاری وایە، هەفتانە ٨- ٩ بابەت دەخوێنن، کەچی لە کەنەدا ٥ بابەت دەخوێنن. بەمجۆرە، خوێندکاری کەنەدا زۆر باشتر فێری بابەتەکان دەبێ. لە کوردستان ماوە نە بۆ مامۆستا هەیە کە فێر بکات و نە ماوە بۆ خوێندکار هەیە کە هیچکام لە بابەتەکان بە باشی فێر بێت. کەچی هەر لە ئەم کۆمەڵگەیەدا سیستەمێکی زۆر باشی تاقیکاری هەیە. بەڵام هەبوونی وەها سیستەمێک بە بێ سیستەمێکی کارا و ڕێکوپێکی خوێندن و فێرکردن کێشەیە. کێشەکە ئەمەیە کە لێرە زۆرتر سەرنج دەدرێ بە چاودێری، کۆنتڕۆڵ و دەرەجە پێدان و پێنەدان، هەتا ئەوە کە گرینگی بدرێ بە فێربوون و فێرکردن. ئەمە هەڵەیە. زۆر باشە کە سیستەمی تاقیکاری لێرە باشە، بەڵام ئەوە کەڵکێکی ئەوتۆی نابێ لە سیستەمێکدا کە ناتوانێ خوێندکار فێر بکات. سیستەمی خوێندنی باڵا (و بنەڕەتیش) دەبێ سیستەمی کۆنی سەدامی (و بریتانیایی) لا ببات. دەبێ بکرێت بە سیستەمێک کە لەباتی گرینگی دان بە سەرچاوە و مامۆستا گرینگی بە خوێندکار بدات. خوێندکار دەبێ ببێ بە چەقی پەروەردە و بارهێنان بۆ ئەوە کە پەروەردە ئەرکی سەرەکی خۆی ڕاپەڕێنێ: پەروەردەکردنی هاووڵاتی وردبین، داهێنەر و بەرپرس.  سیستەمێکی ئەوتۆ گرینگی نادا بە لەبەرکردنی ڕەمەکی سەرچاوە و قسەی مامۆستا، بەڵکوو ئەو دەرەتانە بۆ خوێندکار دەڕەخسێنێ کە لە بابەتەکان تێبگات، شیان بکاتەوە، لەگەڵ ڕاستییەکانی ژیانی خۆی و کۆمەڵگەکەی بەراوردیان بکات بۆ ئەوە کە ڕێگەچارە بۆ گرفتەکان بدۆزێتەوە و بۆ ئەوە کە خوێندنەوەی تایبەت بە خۆی هەبێ بۆ ژیان و دنیا و دەورەبەری. لە سیستەمێکی ئەوتۆدا مامۆستا لە بەرانبەر خوێندکاران بەرپرسە کە هەموو دەرفەتێکیان بۆ پێکبێنێ بۆ ئەوە کە فێر ببن، نەک تەنیا بۆ ئەوە کە تاقی بکرێنەوە.  تەنانەت تاقیکاری نابێ تەنیا بۆ هەڵسەنگاندنی ڕادەی فێربوونێکی تووتیانە بێت، بەڵکوو تاقیکاریش دەبێ وەکوو دەرفەت و ئامرازێکی دیکە بۆ فێرکردن و فێربوون چاوی لێبکرێ. نە تەنیا بۆ خوێندکار، بەڵکوو بۆ مامۆستاش. کاتێ لە تاقیکارییەکدا، زۆربەی خوێندکاران نمرەی خراب وەردەگرن، باشترە کە مامۆستا بە شێوازی وانەوتنەوەی و مێتۆدی خۆیدا بچێتەوە، نەک ئەوە کە تەنیا خوێندکاران لۆمە بکا. لە سیستەمێکدا کە خوێندکار دەبێ بە چەقی پەروەردە، ئیتر خوێندکار لە بیانوو ناگەڕێ کە بە بۆنەی فڵانە جەژنەوە سێ هەفتە لێی دا و نەیەتەوە بۆ زانکۆ. لە وەها سیستەمێکدا، خوێندکار بڕوا دەکا کە فێر دەبێ و ئەو فێربوونەش بۆ داهاتووی خۆی و وڵاتەکەی سوودمەندە. لە وەها سیستەمێک دا، مامۆستا بۆی گرینگ نییە کە خوێندکار قسەکانی ئەوی باش لەبەر کردووە یان نا، بەڵکوو بۆی گرینگە کە ئایا ئەو خوێندکارە دەتوانێ لە بوارەکەی خۆیدا کێشەیەک چارەسەر بکات، ئایا یارمەتی دراوە کە لە ڕێگەی جۆراوجۆرەوە بۆ چارەسەری یەک کێشە بگەڕێت و لە نێو چەندین چارەسەردا ئەوی هەرەباش هەڵبژێرێ. سیستەمێک کە خوێندکار دەکاتە چەقی پەروەردە لە خزمەت بنیادنانی جڤاتێکدا دەبێ کە هاووڵاتییەکەی خەمی تەنیا ئەوە نییە کە بزانێ چ مافێکی هەیە، بەڵکوو هەر بەو ڕادەیەش بۆی گرینگە کە بزانێ چ ئەرک و بەرپرسایەتییەکی هەیە و چۆن دەتوانێ ژیانی خۆی و هاووڵاتیانی باشتر و خۆشتر بکات.
لێرەدا دەرفەتی ئەمە نییە کە باسی هەموو لایەنەکانی خوێندنی باڵا بکەین، بەڵام دەتوانم هەندێک لەو لایەنە سەرەکییانە بە کورتی باس بکەم کە پێم وایە پێویستیان بە باشترکردن هەیە:

-         زانکۆ تەنیا شوێنی وانەگوتنەوە نییە، بەڵکوو ناوەندی لێکۆڵینەوەشە. بەڵام، لێکۆڵینەوەی سەرکەوتوو، باش و سەردەمیانە پێویستی بە زۆر شتە: کتێبخانە و سەرچاوەی نوێ و زەنگین، ئینترنەتی بەهێز و خێرا، دەستڕاگەیشتن بە کتێبخانەکانی دیکەی جیهان، زانینی زمانی بیانی وەکوو ئینگلیزی، زانین و ڕەچاوکردنی شێواز و ڕێبازی ئەکادیمی و زانستی لێکۆڵینەوە و هتد. بەداخەوە، زۆربەی ئەمانە لە کوردستان وەپشت گوێ خراون، یان کاریان بۆ دەکرێ، بەڵام هێشتا جێبەجێ نەکراون. زۆربەی تێزەکان لە سەرچاوەی کۆن کەلک وەردەگرن، ڕەچاوی ڕێبازی لێکۆڵینەوەی زانستی ناکەن، پڕن لە هەڵەی نووسین و فکری، بە ناتەواویش کۆتاییان پێدێ. ئەم بۆشایی و کەمایەتییانە تەنیا لەئاست تێز و ریسلەکان ڕاست نین، بەڵکوو بەحس و وتارەکانی ناو گۆڤارە زانستیەکانیش دەگرنەوە. زۆربەی هەرە زۆری ئەو بەحسانەی لە گۆڤارەکانی زانکۆی ئێرە بڵاو دەکرێنەوە ڕێگای بڵاوکردنەوەیان نابێ لە ناو گۆڤارە ئەکادیمییەکانی ئینگلیزی دا. لە دەرفەتێکی دیکەدا دەکرێ بە دوورودرێژی و بە بەڵکەوە لەسەر ئەمانە قسە بکەین. 

-          خوێندکار دەبێ بکرێ بە چەقی پەروەردە، ئەمەش زۆر لک و پۆپی لێ دەبێتەوە. با لێرەدا باسی چەند لەوانە بکەین. یەکەم، خوێندکار دەبێ ڕێگای پێ بدرێ کە ئەو شتە بخوێنێ کە حەزی لێدەکا. هەڵبەت، ئەوە مافی هەموو بوارێک، بەشێک یان زانکۆیەکە کە دیاری بکات پێوانەی وەرگرتنی خوێندکار چۆنە. بەڵام، ئەوە باشترە کە ڕێگا بە خوێندکار بدرێت کە لە ڕێگای کێبەرکێیەکی عادلانەوە بچنە ناو بواری خۆیان و تێیدا سەرکەون. هەروەها، خوێندکار پێویستە ئازادییەکی دیکەشی هەبێ: نیوەی مادە و بابەتەکانی بۆ خۆی هەڵبژێرێ. لەو بەشەی کە من لە کەنەدا کاری تێدا دەکەم (ڕاوێژکاری ئەکادیمی بەشەکەشم) خوێندکاری زمانناسی تەنیا نیوەی بابەتەکانی لە زمانناسین. نیوەکەی دیکە لە بەشەکانی دیکەن وەکوو دەروونناسی، کۆمەڵناسی، کۆمپیوتر، زانستەکان، میدیا و هتد. ئەمە چەند سوودی هەیە: ١. خوێندکار لە زۆرتر لە یەک بوار شارەزا دەبێ؛ ٢. بەمجۆرە، هەندێک خوێندکار لە ساڵی یەکەم یان دووهەمدا بۆیان دەردەکەوێ کە باشترە بوارەکەیان بگۆڕن، چونکە هەروەها دەزانن کە ئەوانی تر چی دەخوێنن؛ ٣. تێکەڵاوی ئەکادیمی و زانستی خوێندکاران لەگەڵ خوێندکاری بەشە جۆراوجۆرەکان زۆرتر دەبێ. بەمجۆرە زانکۆکەکە زۆرتر دەتوانێ وەکوو بنەماڵەیەک و تیمێک لە یەکتر نزیکە بێتەوە و بە یەکەوە کار بکا و چالاکی جیاجیای هەبێ. دووهەم، کردنی خوێندکار بە چەقی پەروەردە بەو واتایە نییە کە خوێندکار بۆی هەبێ بە کەیفی خۆی بجووڵێتەوە. کردنی خوێنکار بە چەقی پەروەردە بەو مانایە نییە کە بە ئارەزووی خۆی بێتەوە یان نەیەتەوە زانکۆ، یان تەما بگرێ کە تاقیکاری دەنووسێ یان ناینووسێ. خوێندکارانی زانکۆ دەبێ وەکوو گەورەساڵان بەڕێزەوە چاویان لێ بکرێ و هەڵسوکەوتیان لەگەڵ بکرێ، لەباتی ئەوە کە تەختە و لەوحەی پۆلیان پێ پاک بکرێتەوە، یان ناو و دەرەجەیان لەسەر دیواری زانکۆ بدرێ یان لە بەرچاوی خەڵکی دیکە ئاشکرا بکرێ. لەگەڵ ئەوەش، نابێ ڕێگا بدرێ کە بە هیچ بیانوویەک خوێندکار بتوانێ بێ ڕێزی بە مامۆستا بکات. دەبێ ڕێزەکە دوولایەنە بێت؛ هەست بە بەرپرسایەتی و هەبوونی ماف دوولایەنە بێت.


-         ئامانجی سەرەکی زانکۆ دەبێ فێرکردن بێت نەک دانی شەهادە و بەڵگەنامە. شک لەمە دا نییە کە زۆربەی هەرە زۆری خەڵک بۆ وەرگرتنی شەهادە و دۆزینەوەی کارێکی باش دەچنە زانکۆ. ئەمەش مافی خۆیانە. بەڵام، ئەوە نابێ بەو مانایە بێت کە هەرکەس شەهادەی وەرگرت کاری خۆشی دەستکەوێت.  ئێستا بەداخەوە ئاوای لێهاتووە. خوێندکار شەهادە وەردەگرێ، پاشان دادەمەزرێ، بە بێ ئەوە کە وتووێژی لەگەڵ بکرێ کە ڕوون ببێتەوە چی فێر بووە، یان داوا لە پرۆفیسۆرەکانی بکرێ کە نامەی ناساندنی بۆ بنووسن، یان چاو لە بەڵگەنامەکەی بکرێ کە بزانن چۆن بەکالیۆرسەکەی تەواو کردووە.  هەندێک لەسەر ئەو ڕایەن کە لە کوردستان خوێنکاران خۆیان ماندوو ناکەن، چونکە دەزانن هەرچۆنێک بخوێنن هەر دادەمەزرێن. بۆیە هەندێک کەس بە زانکۆکان دەڵێن: "کارگەی بەڵگەنامە" یان "مەعمەلی شەهادە". ئێستا بە پەیدا بوونی زانکۆ ئەهلییەکان ڕادەی ئەو کارگەیانە بەشێوەیەکی مەترسیدار زۆر بووە. بە دەیان و سەدان کەس باسی ئەوە دەکەن کە چۆن بە فەرمانی فلانە حیزب یان کەسایەتی نمرە و تەنانەت بەڵگە دەدرێت، بەحس دەنووسرێ، تێز تەواو دەکرێ و هتد. خەڵک باسی گەندەڵی لە کاروباری جادە دروستکردن، بیناسازی و هتد دەکا. ڕاستییەکەی ئەمەیە کە هیچ گەندەڵییەک لە گەندەڵی ناو پەروەردە مەترسیدارتر نییە. بۆ؟ چونکە هەمووی لێرەوە دەست پێدەکا.  خەڵک لێرە فێری گەندەڵی دەبێ. کە لێرە بۆیان بچێتە سەر، ئیتر بڕوا دەکەن کە لە هەموو شوێنێکی دیکە بۆیان دەڕەخسێ. هەروەها، لێرە فێر دەبن کە لە شوێنی دیکەش چۆنی بکەن. هەتا گەندەڵی لەناو پەروەردە و بارهێنان چارەسەر نەکرێ لە هیچ بوارێکی دیکەدا چارەسەر نابێ. هەڵبەت ئەمە دەبێ بە هاوکاری بوارەکانی دیکە جێبەجێ بکرێ. بۆ نموونە، خەڵک نابێ هەر بە شەهادە یان بە واسیتە دابمەزرێن، بەڵکوو دەزگاکان پێویستە بەپێی پێویست خەڵک دابمەزرێنن. پیویستە هەر کار و پلەیەکی کە پێویستە پڕ بکرێتەوە پێناسەیەکی هەبێ (کارەکە چییە، چ توانا و لێهاتووییەک دەخوازێ، کێ دەتوانێ داوای ئەو کارە بکا و هتد). پاشان لەنێوان چەندین کاندید کە فایلی خۆیان (سی.ڤی و نامەی داواکاری)یان بۆ دەزگاکە ناردووە، چەند کەسی شیاو بۆ وتووێژ هەڵبژێرن. ئەوجار ئەوی هەرە باش بۆ ئەو کارە تایبەتە هەڵبژێرن بە بێ لەبەر چاوگرتنی حیزبایەتی، دین، ڕەنگ، زمان، عەشیرەت و هتد. ئەگەر ئاوا نەبێ و هەموو کەس هەڕەمەکی دابمەزرێ، ئیتر کەس لە زانکۆ خۆی ماندوو ناکات. زەحمەتی زانکۆش بەفیڕۆ دەچێ. پەروەردەی ڕێکوپێک دەستەبەر دەکرێ بەو مەرجە کە سیستەم، خوێندکار و مامۆستا گەرەکیان بێ. پەروەردەی رێکوپێکیش وڵاتی ڕێکوپێک دروست دەکا بەو مەرجە کە دەزگاکانی دیکەش هەر ئەو ئامانجەیان هەبێ.

نظرات

پست‌های معروف از این وبلاگ

"ئەقڵ و شۆڕش"، هێربێرت مارکوزە

کورتەیەک سەبارەت بە "ئەقڵ و شۆڕش"ی هێربێرت مارکوزە نووسینی توماس ئالمێر و: لە ئاڵمانییەوە: هادی محەمەدی مارکوزە کە لە ئاڵمانەوە ئاوارەی ئەمریکا بووبوو، ساڵی ١٩٤١ کتێبی „Reason and Revolution“ ی بە زمانی ئینگلیسی چاپ کرد. ئەم کتێبە دواتر بە ناوی „Vernunft und Revolution“ یانی ئەقڵ و شۆڕش/وەرچەرخان بە زمانی ئاڵمانی وەرگێڕدرا. مارکوزە لەم کتێبەدا هەوڵ دەدات بە سەرنجدان بە ئەندێشەی مارکس، کاریگەری فەلسەفەی هێگل لەسەر تیۆری کۆمەڵایەتی پیشان بدات. مارکوزە لەسەر ئەوە پێدادەگرێ کە هێگل بەپێچەوانەی زۆرێک لە بیرمەندانی پێش خۆی، لە بواری بزاڤ و ئیدەی پێشکەوتنخوازانەدا دیدگایەکی شێلگیرانەی هەیە. ئەو پێی وایە کە واوەتر لە گەشەکردنی پێکهاتەی فاشیستی لە جڤاتی ئێمەدا، پێویستە فەلسەفەی هێگل سەرلەنوێ بخوێنینەوە. ئەم کتێبە لە دوو بەش پێکهاتووە. لە بەشی یەکەم دا بنەماکانی فەلسەفەی هێگل ڕاڤە دەکات، لە بەشی دووهەم دا ڕەوتی پێکهاتنی تیۆری کۆمەڵایەتی شی دەکاتەوە. هەر لە بەشی دووهەم دا کە بابەتی ئەم وتارەی منە، بە سەرەتایەک بەناوی "لە فەلسەفەوە بەرەو تیۆری کۆمەڵایەتی"

قوتابخانەى فرانکفۆرت

مارکوزە و قوتابخانەى فرانکفۆرت marcuse and Frankfurt school براین مەگى سەرەتا: ئەو قەیرانە ئابوورییە کە لە مەوداى دوو جەنگى جیهانیدا زوربەى وڵاتانى رۆژئاوایى گرتەوە، بەڕاى زۆربەى چەپەکان سەرەتاى رووخانى سیستمى سەرمایەدارى بوو کە ئەوان بەردەوام لە تیۆری مارکسیستى دا پێشبینیان کردبوو. ئەگەرچى بەپێى ئەم تیۆرییە دەبوو ئاکامى ئەم دۆخە بە کۆمۆنیزم بگات، بەڵام لە هیچ وڵاتێکى ئوروپا ڕژیمى کۆمۆنیستى نەهاتە ئاراوە. به‌پێچه‌وانه‌وه‌ ئەوەى سەرکەوت فاشیزم بوو. هەندێ لە چەپەکان بەجۆرێک لەم دۆخە ناهومێد بوون کە بەجارێک دەستیان لە مارکسیزم هەڵگرت. هەندێکى تر قەت تووشى ڕاڕایى نەهاتن و هەروا لەسەر بڕواکانى خۆیان مانەوە. گروپێکى تریش لەنێوان ئەم دوو رەوتەدا وەک چەپ مانەوە- یان دەیانویست بمێننەوە- بەڵام پێیان وابوو، بۆوەى مارکسیزم بتوانێ هەروا جێگەى بڕوا و متمانە بێت، دەبێ سەرلەنۆى شروڤە بکرێ و بەخۆیدا بچێتەوە. گرووپێ لەم کەسانە کۆتایى دەیەى 1920 لە شارى فرانکفۆرت کۆبوونەوە، کە دواتر بە ئەندامانى "قوتابخانەى فرانکفۆرت" ناوبانگیان دەرکرد. لە راستیدا ئەم کەسانە بۆ ماوەێکى زۆر لە فرانکفۆرت نە