یکشنبه، فروردین ۲۹، ۱۳۸۹

ترس لە سەگەکانى تۆتالیتاریزم


ترس لە سەگەکانى تۆتالیتاریزم
the feare from the totalitarian dogs
گفتوگۆ لەگەڵ تێزڤتان تودۆرۆڤ

ئاماژە: خەڵکى وڵاتێکى تۆتالیتێرم، هەموو تەمەنم لە ژێر سێبەرى تۆتالیتاریزم بەسەربردووە، بە دەنگ و رەنگ بە تام و بۆن کولتورى تۆتالیتێرم بیستووە، بینیوە، بۆنکردووە و هەست کردووە. تامى زیندانەکانى تۆتالیتاریزمم چێشتووە. بەدرێژایى تەمەنێک هەموو هەڵس و کەوت و وتار و رەفتار و تەنانەت پشوودان و بیرکردنەوەشم لەژێر چاودێرى سەگەکانى تۆتالیتاریزم دا بووە. سەردەمێک هۆگرى ئەدەبیاتى پارتەکانى ئوپۆزیسیۆن بووم، داکۆکیم لێدەکردن، پاشان لە ترسى سەگەکانى تۆتالیتاریزم هەڵاتم، وڵاتم بەجێهێشت، لە نزیکەوە پارتەکانم خوێندەوە و بە وتەى شاملو لە ناخى ئێسقانەکانمەوە هەستم بەوەکرد کە ئەوانیش سەرلەنوێ فەرهەنگى تۆتالیتاریزم بەرهەم دێننەوە... ئێستا هەر کات ئاڵا سوورەکە دەبینم، سوورى یەکدەست، پێش هەموو شتێ دەکەومە بیرى ... تۆتالیتاریزم. هەموو ئەو خاڵانە بوونە هۆى ئەوە کە لەگەڵ تودۆرۆڤ یەک بگرین.
تزۆتان تودۆرۆڤ نووسەر و راڤیارى کولتورى سیاسى، کە لە ئێران زیاتر وەک تیۆریساز و رەخنەگرى ئەدەبى ناسراوە، یەکەم کەس بووە کە گرووپى میخایل باختین و فۆرماڵیستەکانى روسیاى بە دنیاى رۆژاوا ناساندووە، تودۆرۆڤ تازەیى لە دیدارێک لە ئێران دەڵێ: "من کارى ئەدەبیم بە ناساندنى نووسەرانى فۆرماڵیستى رووسیا دەست پێکرد."، کاتێ لێى دەپرسن تۆ یەکێ لە دامەزرێنەرانى تیۆرى ستراکتورالیزمى ئەدەبى بووى، دەڵێ:"من تیۆرى ئەدەبیم نییە، چونکە "مێتۆدى بنەماخواز" تەنیا ئامێرێکە بۆ خوێندنەوەى دەقى ئەدەبى." تودۆرۆڤ کە پێشتر تەنیا باسى دەقى ئەدەبى دەکرد لەم دوا ساڵانەدا رووى کردۆتە پرسى سیاسى و ئایدیۆلۆژیک، کاتێ لێى دەپرسن:"چۆن بوو رووت کردە دنیاى سیاسەت و ئایدیۆلۆژى؟" لە وڵام دا دەڵێ: "کاتێ مرۆڤ لە سەگەکانى تۆتالیتاریزم نەترسێ باسى هەموو شتێک دەکات".
بەرهەمەکانى تودۆرۆڤ بریتین لە: "تیۆرى ئەدەبیات" (1965)، "لۆژیکى دیالۆگى باختین"(1964)، "بۆتیقاى بنەماخواز (ستراکتۆراڵ)"، "بێ نەزمى مۆدێرنى جیهانى"(2003) "گرتنى ئەمریکا" و "ئێمە و ئەوانیدى" و...
وەرگێڕ

* * *
- با لە ساڵانى دوورەوە دەست پێبکەین، تودۆرۆڤێک کە من دەمناسى هۆگرى ئەدەبیات بوو، بەڵام لەپڕ بە دوو کتێبى "گرتنى ئەمریکا" و "ئێمە و ئەوانى دى" کە یەکەمیان مێژووى دوگماتیزم و دووهەمیان مێژووى تولێرانس باس دەکات، دێتە بوارى سیاسەتەوە، بۆچى؟
ــ رەنگە باشتر وابێت باسى ئەوە بکەم کە بە ڕەچەڵەک خەڵکى وڵاتێکى تۆتالیتێرم. لە بولغاریاى کۆمۆنیست لەدایک بووم. پێنج ساڵان بووم کە بولغاریا بوو بە کۆمۆنیست. تا تەمەنى 24ساڵە لە بولغاریا ژیام. هەموو قۆناغەکانى خوێندنم هەر لە سەرەتایى تا کۆتایى لە سیستمێکى تۆتالیتێرى کۆمۆنیستى تێپەڕاند، تایبەتمەندى سەرەکى هەموو سیستمێکى تۆتالیتێریش ئەوەیە کە نە تەنیا رەفتار بەڵکوو ئەندیشەى مرۆڤیش کۆنتروڵ دەکات. رەنگە لەم سیستمانەدا بکرێت لە بوارى فیزیک و بایۆلۆژى دا کار بکرێت، بۆ نموونە من برایەکم فیزیازان بوو و هیچ کێشەیەکى نەبوو. بەڵام من هەر لە مناڵییەوە هۆگرى ئەدەبیات و ئەندێشە بووم و پرسەکانى مرۆڤ و کۆمەڵگەم بۆ گرنگ بوو، ئەم بوارانەش لەلایەن حیزبەوە کونتروڵ دەکران. ئەگەر دەمویست تۆژینەوەیەک ئەنجام بدەم، ئاکامەکەى لە پێشدا دیار بوو. کاتێ کە دەمویست بەرهەمەکانى نووسەرێک راڤە بکەم ئەگەر خزمەتى بە شۆرشى کۆمۆنیستى کردبا، بە نووسەرێکى باش و شیاو دەزانرا، یان ئەگەر دەرکى دروستى لە کۆمونیزم نەبووبا، نووسەرێکى خراپ بوو. کاتێ چوومە زانکۆ زانیم ئەم جۆرە تۆژینەوە چێژم پآنابەخشآ. کەوابوو رێگایەکى دیکەم پەیداکرد. یانى پێم وابوو دەتوانم لە بوارى ئەدەبیات دا کاربکەم، ئەم رێگایەش بریتى بوو لە راڤەکردنى ماتریاڵى دەق. بەمهۆیە بووم بە هۆگرى پێکهاتەى دەق، دەربڕینى وێنەکان، رەوتەکانى ستایلۆلۆژیک، فیلۆلۆژیک و، سەرئەنجام بە فیلۆلۆژى (زمانناسى) گەیشتم. بەمجۆرە بووم بە لایەنگرى تۆژینەوەى ئەدەبى و رەوتەکانى فۆرماڵیزم و خوێندنەوەى ستایل و فۆرم. کاتێ لە تەمەنى 24 ساڵیدا چوومە فەرانسا، بەوپەڕى سەرسوڕمانەوە دیتم دەتوانم باسى هەموو شتێک بکەم و هیچ قەدەغە و سانسۆرێک لەئارادا نیە. سەرەڕاى ئەمەش 10 ساڵى دیکە درێژم بە کارەکانى پێشوم دا. لەم دە ساڵەدا ناسنامەى بولغاریم هەروا لەگەڵم بوو، هەروا درێژەم بە تۆژینەوەکانم دەدا و لە هەر جۆرە پرسێکى ئایدیۆلۆژیک خۆم دەبوارد. هێشتا ئایدیۆلۆژیم بە تابۆ دەزانى. دواتر ژنم هێنا. بووم بە شارۆمەندى فەرانسا. ئیتر تەنیا بە زمانى فەرانسى دەمنووسى. گەوهەر و سروشتم گۆڕا. وردە وردە باسى دۆگمى زمانناسى ماتریاڵى، ستایلناسى و فۆرمى ئەدەبیم بەجێهشت و خۆم لە هەموو پرسێک وەردا. ئەمە یەکآ لە هۆکارەکانى گۆڕانى من بوو. بەڵام هۆکارێکى دیکەش هەبوو. بە تێپەڕینى زەمەن و لە درێژەى تەمەنم دا، وردە وردە دڵنیا بووم کە لە بوارى ئپیستمەى مرۆڤیدا، تەنیا مەعریفەى پرسەمەر ئەو شتەیە کە لەگەڵ ناسنامەى مرۆڤ دایە. لە بوارى فیزیک و بایۆلۆژى دا بیر و باوەڕى کەسى فیزیۆلۆژیست و بایۆلۆژیست ئەوەندە گرنگ نییە: دەتوانێ دژ بە ئیسلام، دژە بە یەهۆد، کۆمۆنیست یان دژ بە کۆمۆنیست بێت، کەشفى زانستى ئەو، بایەخى سەربەخۆى هەیە و پێوەندى بە پرنسیپى فکرى ئەوەوە نیە. بەڵام کاتآ کە باسى مرۆڤ و کۆمەڵگە دەکرێت، گرنگە بزانین کآ قسە دەکا و چۆن بیرێکى هەیە و لەچیدا پسپۆڕە. کەوابوو، لە بوارى کارى من دا کە مرۆڤناسیە، ناسنامەکەم رۆڵى دیاریکەرى هەیە. من کآ بووم؟ کەسێکى ئاشقى ئەدەبیات. دەمتوانى هەروا باسى ئەدەبیات بکەم. بەڵام تەنیا کەسێکى ئەدیب نەبووم، بەڵکوو کەسێکى بیانى بووم و هەم. راستە 40 ساڵە لە فەرانسا دەژیم و تەنیا 24 ساڵ لە بولغاریا ژیاوم، بەڵام ئەو 24 ساڵە بەشێکى جیانەکراوەى ژیانى منە. کەوابوو روانینم بۆ جڤاتى فەرانسى دیدگاى کەسێکى فەرانسى رەسەن نییە، بەڵکوو روانینى کۆچەرێکە، ژنەکەیشم کەسێکى فەرانسى نییە، بە ڕەچەڵەک خەڵکى کانادایە. بەڵام زۆرجار پێکەوە باسى ئەوە دەکەین کە کێشەى ئێمە کێشەى دوو کەسى بولغارى و کانادایى نییە. بەڵکوو کێشەى دوو کۆچەرە. کێشەى دیاسپۆرایە، من مرۆڤێکى کۆچەرم.چونکە دوور خراومەتەوە، بولغاریام بەجێهێشتووە و فەرانسا و ئوروپاى رۆژاوا وەک تاراوگە (دیاسپۆرا) دەبینم... بەکورتى ناسنامەى من ئەمەیە، من لە وڵاتێکى تۆتالیتێر لەدایک بووم و لە وڵاتێکى دیموکراتیک ژیاوم. کەوابوو لە چەند بەرهەمێک دا ئەزموونى تۆتالیتێر و جەنگى نێوان تۆتالیتاریزم و دیموکراسیم شیکردۆتەوە. هەموو ئەو پرسانە بوونەتە هۆى ئەوە کە باسى مرۆڤ و سیاسەت بکەم، دەبآ ئەوەش بڵێم کە بەچێژترین بابەت بۆ من دەرکى مرۆڤ و، لە وەش گرنگتر دەرکى ئەم خاڵەیە کە چى بکەین تا بە ژیانێکى باشتر بگەین.
- پێم وایە سەرەڕاى کاریگەرى فەزاى تۆتالیتێر زۆر درەنگ رووت کردە پرسى تۆتالیتاریزم.
ـ زۆر هۆکارى دەرونى و دەرەکى هەبوو، من بە روخانى دیوارى بەرلین نووسینم لەمەڕ تۆتالیتاریزم دەستپێکرد. بۆچى؟ هۆکارێکى ئەوە بوو کە هێشتا هەموو بنەماڵەکەم زیندوو بوون و لە بولغاریا دەژیان. لەوە دەترسام کە ئەگەر باسى تۆتالیتاریزم بکەم، بنەماڵەکەم تێدا بچن. کێشە بۆ خۆم ساز نەدەبوو. چونکە لە فەرانسا دەژیام و لە وێش زۆر بەقازانج بوو کە مرۆڤ دژایەتى تۆتالیتاریزم بکات. بەڵام نیگەرانى بنەماڵەکەم بووم... سیستمێکى تۆتالیتێر زۆر شتى بآئەژمار بەکاردێنآ تا رەفتار و ئەندیشەى مرۆڤ رکێف بکات.
ــ پێم وایە لە کتێبى "فریودانى یادەوەرى"دا باسى جیاوازى سیستمى تۆتالیتێر و سیستمى دیسپۆتیزمى سادە گەڵاڵە دەکەیت.
ــ نا، ئەوە لە کتێبى "لە دژى توندڕەوى" دایە. ئەم کتێبە هەموانى شڵەژاند. ساڵى 1990 نووسیم. یانى بەیانى روخانى دیوارى بەرلین. نووسینى ئەم کتێبەم زووتر دەست پێکردبوو. بەڵام روخانى دیوارى بەرلین بووە هۆى ئەوە کە پەلەى لێبکەم و زووتر تەواوى بکەم. دژکردەوەى هەندآ لایەن و گرووپ هێندە توند بوو کە بۆ داکۆکى لە خۆم کتێبى "فریوى یادەورى"م نووسى.
ــ باسى بەرهەمێکى ترتان بکەین "دەرسى ئەخلاقى مێژوو"، لەم بەرهەمەدا تودۆرۆڤێک دەبینین کە تەنیا ماتریاڵى دەقى بۆ گرنگ نیە، بەڵکوو نووسەران دەبینێ و داوەرى سیاسى ئەخلاقى دەکات، لە بەشێک لەم کتێبەدا باسى ئەوە دەکەى کە بۆ دەبآ هەمیشە وڵاتان بە ناوى جەنگاوەرانەوە ناو بنرێن ئەى بۆ بە ناوى قارەمانێکى ئەدەبیەوە ناو نەنرێن؟ بۆ وێنە دەکرآ بە یادى "هەزار و یەک شەو" دەریاى سپى بە دەریاى "سەندباد" ناودێر بکەین.
ــ کاتێ مرۆڤ لە سەگەکانى تۆتالیتاریزم نەترسێ، دەتوانى باسى هەموو شتێک بکات. کاتێ دەرفەت هەیە ئیتر بۆ دەبێ دوورەپەرێز بین، دەبێ باسى نووسەر و سەردەم و ئەندێشە و بەهاکان بکەین. گرنگترین شت بۆ من مەعنایە. کاتێ دەقێک دەخوێنمەوە، یان تابلۆیەک دەبینم، بەر لە هەموو شتێ مەعنا سەرنجم رادەکێشێ، دەیارە مەبەستم ئەو مانایە نیە کە ویستى نووسەر بووە، چونکە خودى نووسەر زۆرجار ئەم مانایە دەرک ناکات، مەبەستم مانایەکە کە لە دەق یان لە تابلۆ دایە. هەموو رێگایەک بۆ دەرکى ئەم مانایە باشە. تۆژینەوەى ماتریاڵى دەق، ژیانى نووسەر، کەسێتى و متافۆرەکان. بەڵام بۆ من گرنگترین شت دەرکى ئەندێشەیە.
پێم وایە ئەدەبیات بیردەکاتەوە، تەنانەت نیگارکێشى بیردەکاتەوە. ئەندێشەیەک هەیە کە بەهۆى بەرهەم بەیان دەکرێت. ئەمەش هەر ئەو شتەیە کە من لە دەق دا بۆى دەگەڕێم. بۆ ئاگاداریت دواین کتێبم "عەوداڵانى پرسى رەها" باسى بەسەرهاتى سێ نووسەر دەکات کە ئەمساڵ چاپکرا، کاتى ئوروپاى سەدەى 19 مودێلى مەزهەبى بەجێ دێڵێ، زۆر کەس لەوانە نووسەران و هونەرمەندان پێیان وایە کە دەتوانن هونەر و جوانى لەجیاتى پرسى رەها دابنێن. لەم کتێبەدا بەسەرهاتى سێ هونەرمەندى گەورەى ئەم رێبازە تازەیە باس دەکەم. ئەم سێ کەسە ئوسکار ڤایلد، ریلکە و تزوتایا، ژنە شاعیرى روسیا، بوون. ئەمانە کە سێ نووسەرى گەورەى کۆتایى سەدەى نۆزدە و سەرەتاى سەدەى بیستن، ویستوویانە ژیانى خۆیان بۆ جوانى رەها تەرخان بکەن.
ــ بەڵام من تودۆرۆڤێک ناناسم کە لە پرسى سیاسى رۆژانەدا هەڵوێست بگرێت؟ بۆ وێنە لە راپرسى لەمەڕ دەستورى ئوروپا، ئایا لە کاروبارى سیاسى رۆژانەدا چالاکى دەکەن؟
ــ نە زۆر! زۆربەى ئەو پرسانە کە لە رۆژنامەکانى فەرانسا باس دەکرێن، بۆ من گرنگ نین. ئەوە کە کێ و لە کام پارت کاندید بووە و دەیەوێ ببێت بە سەرکۆمار، یان لە فڵان شار کێ هەڵبژاردنى بردۆتەوە و...، بۆم گرنگ نییە. ئەوە کە راستى میانەڕەو سەرکەوێت، یان چەپى میانەڕەو، لە ژیانى مندا کاریگەر نییە. پرسى ئوروپام بۆ گرنگە، پێم وایە ئوروپا دەتوانێ لە گۆڕەپانى سیاسەتى نێودەوڵەتى دا قورسایى خۆى هەبێت. ئێستا ئوروپا سایتى بەرگرى خۆى نییە، هێزى سەربازى نییە کە بتوانێ ئاسایشى خۆى بپارێزێ. ئوروپا بۆ پاراستنى ئاسایشى خۆى پشتى بە ناتۆ، یانى هێزى سەربازى ئەمریکا، بەستووە. لەئاکامدا دەبێتە هاودەستى سیاسەتەکانى ئەمریکا و بە ڕاى من ئەمە کارێکى هەڵەیە و بەپێى تواناى خۆم بۆ چارەسەرى ئەم پرسە تێدەکۆشم.
کتێبێکم هەیە بە ناوى "بێ نەزمى نوێى جیهانى" کە سێ ساڵ پیش چاپکراوە و بەرهەمێکى تەواو سیاسییە. لەم کتێبەدا تێکۆشاوم هەموو پاساوەکانى رەوایى جەنگى عیراق و هەموو ئاکامەکانى بۆ ئوروپا راڤە بکەم.
ــ پێم وایە سەبارەت بە دوو بۆچوون لەمەڕ ئوروپا وەک "فەزاى ئارام" و "دەسەڵاتى سیاسى" بۆچوونى دوهەمتان پێ باشترە؟
ــ وایه‌، بەڵام "دەسەڵاتێکى سیاسى هێمن" یانى دەسەڵاتێک کە خاوەن هێزى بەرگرى شیاو بێت، بەبێ ئەوەى ویستى زلهێزى و فراوانخوازى ئەمپراتۆرى هەبێت. پێموایە بە دوو هۆ ئوروپا تواناى گەیشتن بە وەها دەسەڵاتێکى هەیە. یەکەم بەو هۆیە کە ئوروپا بەدرێژایى سەدەى نوزدە و نێوەى یەکەمى سەدەى بیستەم و جەنگى جیهانى دووهەم، ویستى پێکهێنانى ئەمپراتۆرى هەبووە و زۆر ئەزموونى تاڵى لێ هەیە... ئەڵبەت هەر دەوڵەتێکى نەتەوەیى یان هەر سیستمێکى فرەنەتەوەیى لە بیرى بەرژەوەندى خۆى دایە، بەڵام رێگاى دابینکردنى ئەم بەرژەوەندیە فراوانە. بە راى من مێتۆدى بوردومانى خەڵکى وڵاتان دەبى وەلابنرێ و هیوادارم لەم بابەتەوە ئوروپا رۆڵى خۆى بگێڕێ و ژیان لەسەر گۆى زەوى نەختى سازگارتر بکرێت.
دووهەم ئەوە کە وەها ویستێک بۆ ئوروپا قەت بەدى نایەت. بودجەى سەربازى ئەمریکا لە بودجەى سەربازى هەموو وڵاتانى دنیا زیاترە و بۆوەى کە ئوروپا دەیەوێ هەریمى رفا و ئاسایش بێت، هەر جۆرە گرنگیدانێک بە بوارى سەربازى، بوارى ئاسایش دەخاتە به‌ر مەترسی. بەڵام ئەگەر ئیرادەى گشتى و هێزى بەرگرى شیاو هەبێت، ئوروپا دەتوانێ "دەسەڵاتێکى هێمن" بێت.
ــ پێت وایە بەمزوانە لە ئوروپا "دەسەڵاتێکى هێمن" دروست دەبێت، مەبەستم جیاوازییەکانى ناوخۆى ئوروپایە، بۆ وێنە لە کاتى جەنگى عێراق دا ئوروپاى "گەنج" لایەنگرى ئەمریکا بوو، بەڵام ئوروپاى "پیر" سیاسەتێکى ترى هەبوو.
ــ لێرەدا زیاتر پرسى پێکهاتە گرنگە، مەبەستم ئەوەیە کە لە وڵاتێک هەموو تاکەکان و پارتەکان لەگەڵ دەوڵەت نین، بەڵام چونکە دەوڵەت نوێنەرى زۆرینەیە، هەموان پێڕەوى لێدەکەن. ئەگەر نوێنەرانى پارلمانى ئوروپا نوێنەرى راستەقینەى ئوروپا بن، ئیرادەى زۆرینە رەوایى پەیدا دەکا و هەموان پەسەندکراوەکانى پارلمانى ئوروپا قەبوڵ دەکەن.
با بگەڕینەوە بۆ جەنگى عێراق، دەبێ ئەم خاڵەمان لە بیر بێت کە ناکۆکى زیاتر لەنێوان دەوڵەتان دا بوو نا لەنێوان خەڵک دا. تەنانەت پۆلۆنى کە لایەنگرى ئەمریکا بوو 51 لە سەدى خەڵکەکەى دژى جەنگ بوون و تەنیا 35 لە سەد لایەنگرى جەنگ بوون. وەک دەزانین بریتانیا و ئیسپانیا و ئیتالیاش هاوپەیمانى ئەمریکان. لەبەر ئەوەى کە ئەمریکا ئاسایشیان دەپارێزێ، زۆرجار پێڕەوى لێدەکەن. بەمبۆنەوە پرسى هێزى بەرگرى ئوروپام بۆ گرنگە. ئەگەر ئوروپا سیستمى بەرگرى سەربەخۆى هەبێ ئەوجار دەتوانێ سیاسەتى سەربەخۆ بگرێتەبەر. بەڵام ئەمرۆ ناتوانێ...
ــ ئەگەر رۆژێک ئوروپا "دەسەڵاتێکى هێمن" پێکبینێ ئایا تودۆرۆڤ روودەکاتە چالاکى سیاسى؟
ــ (پێدەکەنێ) ئەگەر وەها ئوروپایەک پێکبێت، ئیتر سیاسەت بۆ من گرنگ نییە... کاتێ ئەم پرسانە حەل بکرێن، من پێم خۆشە بە وتەى ڤۆڵتێر "باخچەکەى خۆم بدێرم"، یان بە وتەى سەعدى، "سۆراغى کارى خۆم بگرم".

سەرچاوە:
روزنامە اعتماد ملى /جمعە ۱۹ ابان ۱۳۸۵ - Friday 10 November 2006

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر

ژنان: لە کۆیلەتی تا...

ژنان : لە کۆیلەتی تاکوو فەرماندە و شەڕڤان هادی   م ( هێدین ) لەپاش لێکترازانی جڤاتی ژنیکۆکراتی هوری و دواین هەڵقەی جڤاتانی ئورارتو و کۆماژن،...