سه‌شنبه، اردیبهشت ۲۸، ۱۳۸۹

بۆ شه‌هید فه‌رزاد




"پیرۆز بێت له‌ گه‌لی کورد"

هادی محه‌مه‌دی

چه‌ند مه‌زنه‌ ئه‌و دایکه‌ی که‌ ده‌ڵێ:
"من گوڵێکم په‌روه‌رده‌ کرد پێشکه‌شم کرد به‌ گه‌لی کورد."
ئه‌وه‌ وته‌ی دایه‌ سه‌ڵته‌نه، دایکی شه‌هید فه‌رزاده‌.
چه‌ند به‌جه‌رگ و خۆڕاگره‌ ئه‌و خوشکه‌ی که‌ ده‌ڵێ:
"سه‌ره‌خۆشی له‌ ئێمه‌ مه‌که‌ن، پیرۆزبایی له‌ گه‌لی کورد بکه‌ن."
ئه‌وه‌ وته‌ی شیرین که‌مانگه‌ر خوشکی شه‌هید فه‌رزاده‌.
چه‌ند بوێره‌ ئه‌و براژنه‌ که‌ ده‌ڵێ:
"رژیم خه‌یاڵی خاوه‌، هه‌موو شاگردانی فه‌رزاد، رێگه‌ی مامۆستاکه‌یان ده‌گرنه‌به‌ر."
ئه‌وه‌ وته‌ی سرور فاتحی، براژنی هه‌ڤاڵ فه‌رزاده‌.


من به‌ بیستنی مه‌رگی شه‌هید فه‌رزاد تاسابووم، خه‌مێکی قووڵ دایگرتبوم، وه‌ک کۆسکه‌وتوو ئه‌ژنۆی خه‌مم له‌ باوه‌ش گرتبوو. بوغز و هه‌نیسک له‌ گه‌رووم دا په‌نگی خواردبۆوه‌، به‌ڵام نه‌مده‌توانی بگریم و ئه‌م ژان و ئازار و خه‌م و هه‌نیسکه‌ بکه‌م به‌‌ فرمێسک و هه‌ڵیوه‌رێنم تا هه‌ر هیچ نه‌بێ تۆسقاڵێ ئارام بگرم. به‌ڵام ئێستا ته‌می خه‌مم لێ ره‌ویوه‌ و شاد و ئاسوده‌م. ئه‌رێ... من دوای بیستنی ئه‌و وتانه‌ی سه‌ره‌وه‌ و به‌تایبه‌ت وته‌که‌ی شیرین که‌مانگه‌ر، دنیایه‌ک سه‌بووریم بۆ هات. ئاسووده‌ و دڵنیا بووم. که‌ ره‌نجی فه‌رزاد به‌ خه‌سار نه‌چووه‌. چه‌نده‌ به‌ فام و شعور و تێگه‌یشتوون ماڵباتی که‌مانگه‌ر!!! هیوادارم تۆو و چه‌که‌ره‌ی وه‌ها ئاستێک له‌ تێگه‌یشتوویی و هه‌ست و وشیاری نه‌ته‌وایه‌تی په‌ره‌ بستێنێ و سه‌رتاسه‌ری کوردستان بگرێته‌وه‌.
فه‌رزاد دنیایه‌ک ره‌نج و ئازار و ئه‌شکه‌نجه‌ی چێژا و له‌ کووره‌ی ره‌نج دا خاراو بوو و به‌ نه‌مری گه‌یشت. فه‌رزاد به‌ نامه‌کانی زیندانی، وه‌ک راسکۆلنیکۆفی قاره‌مانی داستایڤسکی، هه‌موو کێشه‌ و ژان و ئازاره‌کانی مرۆڤی ئه‌م ده‌ڤه‌ره‌ی باس کرد. داستایۆڤسکی به‌ فه‌یله‌سوفی ره‌نج ناسراوه‌، ئه‌و پێی وایه‌ ره‌نج و ئازار شتێکی پیرۆز و ئامانجداره‌، مرۆڤ تا ره‌نج و ئازار نه‌چێژی، ناتوانێ به‌ پله‌ی به‌رزی مرۆڤایه‌تی بگات.

وه‌ک بینیمان فه‌رزاد به‌ دیتن و چه‌شتن و هه‌ست کردنی ره‌نج و ئازاره‌کان، بازنه‌ی ته‌سکی حیزب و ئایدیۆلۆژی و ته‌نانه‌ت نه‌ته‌وه‌ و نیشتمانی تێپه‌ڕاند و بوو به‌ که‌سێتی جیهانی، تا له‌م دنیا به‌ستۆکه‌دا ره‌وشتی به‌رز و ئه‌خلاقی ئینسانی به‌ مرۆڤایه‌تی فێر بکات.

له‌ یه‌کێ له‌ نامه‌کانی دا ده‌ڵێ: من له‌ تاژانگی ئه‌شکه‌نجه‌ و شوکی ئێلکتریکی و چی و چی ناترسم، وای! له‌وه‌ ده‌ترسم که‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی رژیمی ئیسلامی له‌ سه‌رده‌می دیالۆگ و گلوبالیزم دا چه‌نده‌ بێ ئه‌خلاقن. چه‌نده‌ له‌ مرۆڤایه‌تی دوورن...

به‌ئێعدام کردنی شه‌هید فه‌رزاد و هاوڕێیانی جمهووری جه‌هل و جنوون له‌ بواری ئه‌خلاقی دا دۆڕاندی و زیاتر رسوا بوو، به‌ڵام ئێمه‌ گه‌لی کورد بردمانه‌وه‌، هه‌ر ره‌وتێکیش له‌ بواری ئه‌خلاقی و ره‌وشتی به‌رزی ئینسانی دا بیباته‌وه‌، دواتر له‌ بواری سیاسی کۆمه‌ڵایه‌تی دا به‌ سه‌رکه‌وتن ده‌گات.

هاوبه‌ندێکی شه‌هید فه‌رزاد ده‌گێڕێته‌وه‌ و ده‌ڵێ: "له‌ زیندانی تاران دا زۆرێک له‌ زیندانیانی فارس به‌ منیان ده‌وت:‌ ئێمه‌ به‌م بڕوایه‌ گه‌یشتووین‌ که‌ کورد نه‌ته‌وه‌یه‌کی مه‌زنه‌، له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی که‌ فه‌رزادی هه‌یه"‌.

به‌و هیوایه‌ مه‌رگی تراژیکی شه‌هید فه‌رزاد و هه‌ڤاڵانی، جه‌ماوه‌ره‌ی کوردستان زیاتر وشیار بکاته‌وه‌ و له‌نێو حیزب و رێکخراوه‌کان یه‌کیه‌تی و هاوپشتی دروست بکات.

منیش له‌ کۆتایی دا وه‌ک خوشکه‌ شیرین ده‌ڵێم:

"پیرۆز بێت له‌ گه‌لی کورد."

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر

ژنان: لە کۆیلەتی تا...

ژنان : لە کۆیلەتی تاکوو فەرماندە و شەڕڤان هادی   م ( هێدین ) لەپاش لێکترازانی جڤاتی ژنیکۆکراتی هوری و دواین هەڵقەی جڤاتانی ئورارتو و کۆماژن،...