به‌رده‌وامی و دابڕان له مێژوودا
گفتوگۆ له‌گه‌ڵ
جۆرج لوکاچ
گۆڤاری revive new left (ژیانه‌وه‌ی چه‌پی نوێ)،
ئوتی 1971
روداوه‌کانی ئه‌م دواییه‌ی ئوروپا جارێکی‌تر پرسی پێوه‌ندی دیموکراسی و
سۆسیالیزمی هێناوه‌ته ئاراوه، به‌ڕای ئێوه جیاوازی بنه‌ڕه‌تی دیموکراسی
بورژوایی و دیموکراسی سۆسیالیستی و شۆڕشگێڕانه له چی دایه؟
- مێژووی دیموکراسی بورژوایی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ یاسا و ده‌ستوری 1793 فه‌رانسا،
که به‌شێوی قووڵ و رادیکاڵ ئه‌م چه‌مکه‌ی باس کردووه. پرنسیپی سه‌ره‌کی ئه‌م ده‌ستوره
مرۆڤ وه‌ک شاروه‌ندی ژیانی گشتی و شاروه‌ندی ژیانی تایبه‌تی پێناسه ده‌کات، یانی
له‌لایه‌ک مرۆڤ وه‌ک که‌سێکی خاوه‌ن ئازادی و مافی سیاسی جیهانی و، له‌لایه‌کیتره‌وه
مرۆڤ وه‌ک که‌سێکی خاوه‌ن به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌ت و ئیمتیازی ئابووری تایبه‌ت. ئه‌م
پۆلینبه‌ندییه له دیموکراسی بورژوایی دا وه‌ک دیارده‌یه‌کی تایبه‌تی مێژوویی،
رۆڵی سه‌ره‌کی ده‌گێڕێ. ده‌کرێ ره‌نگدانه‌وه‌ی فه‌لسه‌فی ئه‌م پرسه لای دوساد
ببینین. ئه‌وه که نوسه‌رێکی وه‌ک ئادورنۆ هێنده شه‌یدای دوساده، ئێجگار سه‌رنج
ڕاکێشه، ئاخر دوساد هاوتای فه‌لسه‌فی ده‌ستوری 1793 ـه.
ئه‌ندێشه‌ی سه‌ره‌کی هه‌ردوویان ئه‌مه بوو که مرۆڤ بۆ مرۆڤ ئوبژه‌یه و
خۆپه‌رستی ئه‌قڵانی، سروشتی جڤاتی مرۆڤی پێکدێنێ. ئێستا ئاشکرایه که هه‌ر جۆره
کۆششێک بۆ بنیادنانه‌وه‌ی ئه‌م فۆرمه به‌پێی مێژووی کۆنی دیموکراسی، له
سۆسیالیزم دا، کارێکی دواکه‌وتوانه‌یه. به‌ڵام ئه‌م پرسه به‌و مانایه نییه که
خواستی خه‌ڵک بۆ دیموکراسی سۆسیالیستی، ده‌بێ له‌گه‌ڵ مێتۆد و شێوازی ئیداری
سازگار بێت. کێشه‌ی دیموکراسی سۆسیالیستی پرسێکی راستینه و تا ئێستا چاره‌سه‌ر نه‌کراوه.
چونکه ده‌بێ به‌پێی مۆدێلێکی دیموکراسی ماتریالیستی پێک‌بێت، نه‌ک ئایدیالیستی. با
بۆ روونکردنه‌وه‌ی ئه‌م مه‌به‌سته نمونه‌یه‌ک بێنمه‌وه. مرۆڤێک وه‌ک چه‌گوارا
نوێنه‌ری حه‌ماسی ئایدیالی ژاکوبنی بوو. چه‌گوارا شێوازی ژیانی خۆی به‌پێی بیر و
ئایدیاکانی خۆی دیاری کرد. له نێو بزاڤی شۆڕشگێڕانه‌دا ئه‌و یه‌که‌م که‌س نه‌بوو.
لوینه له ئاڵمان و ئوتو کورڤین له هه‌نگاریا که‌سانی له‌م چه‌شنه بوون. ده‌بێ
به قووڵترین هه‌ستی ئینسانی رێز له‌م جۆره که‌سانه بگرین. به‌ڵام ئایدیالیزمی
ئه‌وان له فۆرمی سۆسیالیستی ژیانی رۆژانه که ته‌نیا ده‌توانێ بنه‌مای مادی هه‌بێ
و بناغه‌ی ئابووری نوێ دابڕێژێ، به دوور بوو. لێره‌دا ده‌بێ ئه‌وه‌ش بێژم که به
ته‌نیا گه‌شه‌ی ئابووری، سۆسیالیزم دروست ناکات. تیۆری خرۆشچۆف که ده‌ڵێ کاتێ
سۆسیالیزم له پانتایی جیهان دا سه‌رده‌که‌وێ که ستانداردی ژیان له یه‌کێتی
سۆڤیه‌ت له ستانداردی ژیان له ئه‌مریکا بانتر بێت، ته‌واو هه‌ڵه‌یه. ئه‌م پرسه
ده‌بێ به‌چه‌شنێکی ته‌واو جیاواز گه‌ڵاڵه بکرێت. ده‌کرێ به‌مجۆره فۆرموله‌ی بکه‌ین:
سۆسیالیزم یه‌که‌م فۆرماسیۆنی ئابووری له مێژوو دایه که به‌سێوه‌ی خۆڕسک
"مرۆڤی ئابووری" بۆ سازگاری له‌گه‌ڵ خۆی به‌رهه‌م ناهێنێ. ئێستا به‌م
هۆیه که سۆسیالیزم [ی مۆدێلی سۆڤیه‌ت] نه‌یتوانیوه به‌شێوه‌ی خۆڕسک مرۆڤی
دڵخوازی خۆی، ئه‌و جۆره که جڤاتی سه‌رمایه‌داری کلاسیک به‌شێوه‌ی سروشتی له
ساڵی 1793 مرۆڤی ئابوری خۆی، بورژوا/ شاروه‌ندی دابه‌شکراوی دوساد، به‌رهه‌م دێنێ،
به‌رهه‌م بێنێته‌وه، ئه‌رکی دیموکراسی سۆسیالیستی ئه‌وه‌یه که ئه‌ندامانی خۆێ
به وردبینی به‌ره‌و سۆسیالیزم په‌روه‌رده بکات. ئه‌مه ئه‌رکێکی بێ وێنه‌یه و
له‌گه‌ڵ هیچ شتێکی دیموکراسی بورژوایی به‌راورد ناکرێ. ئاشکرایه که ئه‌مڕۆ
پێویسته سه‌رله‌نوێ شوراکان بژێنینه‌وه، یانی هه‌مان سیستمی دیموکراسی چینی
کرێکار که هه‌رکات شۆڕشی کرێکاری به سه‌رکه‌وتن گه‌یشتووه، دایمه‌زراندووه:
ساڵی 1871 له کۆمۆنی پاریس، ساڵی 1905 له روسیا و هه‌روه‌ها له شۆڕشی
ئۆکتۆبردا. به‌ڵام ئه‌م کاره به شه‌وێک ناکرێت. کێشه له‌مه دایه که کرێکاران
له سه‌ره‌تادا بڕوایان به هیچ شتێک نییه، ده‌بێ سه‌رنجیان بۆ ئه‌م پرسه
راکێشین.
دابڕان له مێژوودا
له دیالۆگی فه‌لسه‌فی ئه‌م دواییانه‌دا، له هه‌نگاریا، به زۆری باسی
پرسی به‌رده‌وامی و دابڕان له مێژوودا ده‌کرێت. من بڕوام به دابڕان هه‌یه. له
به‌رهه‌مه‌کانی دوتۆکوڤیل و تینه دا ئه‌م بیره کۆنسێرڤاتیڤه کۆنه ده‌بینین که
ده‌ڵێ شۆڕشی فه‌رانسا له مێژووی فه‌رانسادا ئاڵوگۆڕی بنه‌ره‌تی پێکنه‌هێناوه و
ته‌نیا درێژه‌ی به نه‌ریتی ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندی داوه، نه‌ریتێک که له رژیمی کۆن
و له سه‌رده‌می لویی شانزه‌هه‌م دا ئێجگار به‌هێز بوو و پاشان به‌هۆی ناپلیۆن و
جێگرانی به‌شێوه‌ی به‌هێزتر درێژه‌ی پێدرا. لێنین له نێو بزاڤی شۆڕشگێڕانه‌دا ئه‌م
بۆچوونه‌ی لێبڕاوانه ره‌ت کرده‌وه. لێنین هه‌رگیز ئاڵوگۆری بنه‌ڕه‌تی و ره‌وت و
بزاڤی تازه‌ی ته‌نیا وه‌ک درێژه‌ی ره‌وته‌کانی پێشوو نه‌ده‌زانی. بۆ وێنه کاتی
سیاسه‌تی مۆدێرنی ئابووری (نپ)ی راگه‌یاند، قه‌ت نه‌یوت ئه‌م سیاسه‌ته "گه‌شه"
به کۆمۆنیزمی جه‌نگی ده‌دات و "کامڵی" ده‌کات. ئه‌و راشکاوانه رایگه‌یاند
که کۆمۆنیزمی جه‌نگی له‌و دۆخه‌دا هه‌ڵه بووه و ئێستا نپ ده‌یه‌وێ ئه‌و هه‌ڵه‌یه
قه‌ره‌بوو بکاته‌وه و گۆڕانێکی هه‌مه‌لایه‌نه‌یه. ستالینیزم ئه‌م مێتۆده‌ی
لێنینی په‌راوێز خست. ستالینیزم به‌رده‌وام تێده‌کۆشا گۆڕان له سیاسه‌ت دا، ته‌نانه‌ت
گۆڕانی ئێجگار قووڵ، وه‌ک ئاکامی لۆژیکی و چاکسازی خه‌تی سیاسی پێشوو پیشان بدات.
ستالینیزم هه‌موو مێژووی سۆسیالیزم وه‌ک گه‌شه‌ی به‌رده‌وام و دروست باس ده‌کرد و
هه‌رگیز دابڕانی قه‌بوڵ نه‌ده‌کرد. ئه‌مڕۆ له ئاست مه‌ترسی سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی
ستالینیزم دا، ده‌بێ زیاتر له هه‌ر کاتێ له‌مه‌ر ئه‌م پرسه وریا بین. ئایا ده‌بێ
له‌پێناو ئاسۆی پێشکه‌وتن، گرنگی به به‌رده‌وامی رابردوو بده‌ین، یان ده‌بێ
لێبڕاوانه له ستالینیزم داببڕین؟ من پێم وایه که دابڕانێکی قووڵ پێویسته. هۆی
ئه‌مه‌یه که دابڕان له مێژوودا بۆ ئێمه هێنده گرنگه.
ئایا ئێوه ئه‌م پرسه‌تان له تیۆری فه‌لسه‌فی خۆتان دا گونجاندووه؟ ئه‌مڕۆ
به‌رهه‌مه‌کانی خۆتان له ده‌یه‌ی 1920 دا چۆن راڤه ده‌که‌ن؟ چ پێوه‌ندییه‌کیان
له‌گه‌ڵ کاره‌کانی ئێستاتان هه‌یه؟
- له ده‌یه‌ی 1920 دا من، کارڵ کورش و گرامشی هه‌ر کاممان به‌شێوه‌ی خۆ‌مان
تێکۆشاین له‌پێناو پرسی پێویستی ئاڵوگۆڕی کۆمه‌ڵایه‌تی که ره‌وتی زاڵ به‌هۆی
کاریگه‌ری ئێنترناسیۆناڵی دووهه‌م به‌شێوه‌ی مکانیکی راڤه‌ی ده‌کرد، دژایه‌تی بکه‌ین.
ئێمه مۆرکی خۆ‌مان له‌م پرسه دا، به‌ڵام هیچ که‌سمان- ته‌نانه‌ت گرامشی که ره‌نگه
له هه‌ر سێمان باشتر بوو- نه‌یتوانی ئه‌م پرسه چاره‌سه‌ر بکات. ئێمه هه‌مومان
به هه‌ڵه‌دا چووین و ئه‌گه‌ر ئێستاش بۆ ئه‌و به‌رهه‌مانه بگه‌ڕینه‌وه دیسان هه‌ڵه
ده‌که‌ین. له رۆژاوا ده‌یانه‌وێ ئه‌م کتێبانه وه‌ک به‌رهه‌می کلاسیکی لادان [له
مارکسیزم] بناسێنن. به‌ڵام ئێمه ئێستا پێویستمان پێ نییه. تازه ده‌یه‌ی 1920 به‌سه‌رچووه.
ئه‌مڕۆ ده‌بێ گرنگی به پرسی فه‌لسه‌فی ده‌یه‌ی 1960 بده‌ین. من ئێستا له‌سه‌ر
کتێبێک به‌ناوی ئانتۆلۆژی وجودی کۆمه‌ڵایه‌تی کار ده‌که‌م، هێوادارم ئه‌و
پرسانه که به‌شێوه‌ی نادروست له به‌رهه‌مه‌کانم دا و به‌تایبه‌ت له مێژوو و
وشیاری چینایه‌تی دا باسکراون، ساغ بکه‌مه‌وه. ئه‌م کتێبه‌م به‌پێی پرسی پێوه‌ندی
نێوان ئازادی و پێویستی، یان ئه‌و جۆره که خۆم پێم باشه، پێوه‌ندی نێوان جه‌برگرایی
و تیلیۆلۆژی (ئه‌نجامناسی) نوسراوه. بیرمه‌ندان به‌گشتی سیستمی فکری خۆیان به‌پێی
یه‌کێ له‌م دوو بلوکه داڕشتووه، یانی یان حاشایان له پێویستی کردووه یان
ئازادی. ئامانجی من ئه‌وه‌یه که پێوه‌ندی دیالکتیکی و ئانتۆلۆژیکی ئه‌م دوو چه‌مکه
پیشان بده‌م و دیدگای یه‌کلایه‌نه‌ی هه‌ر کام له‌م دوو ره‌وته ره‌ت بکه‌مه‌وه.
چه‌مکی کار بنه‌مای سه‌ره‌کی شرۆڤه‌که‌ی من پێکدێنێ. ناکرێ کار به‌پێی بیۆلۆژی
دیاری بکه‌ین. ئه‌گه‌ر شێرێک هێرش بۆ مامزێک ده‌بات، ره‌فتاری ئه‌م شێره ته‌نیا
به‌پێی پێویستی بیۆلۆژی راڤه ده‌کرێت. به‌ڵام کاتێ مرۆڤی سه‌ره‌تایی له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵێک
به‌رد به‌ره‌وڕوو ده‌بێ و ناچاره له‌م نێوه‌دا باشترین به‌رد وه‌ک ئامێری کار هه‌ڵبژێرێت،
ئه‌و به‌رده‌ی هه‌ڵیده‌بژێرێ، بۆ کاره‌که‌ی ئه‌و خه‌سڵه‌تی تیلیۆلۆژیک و گرنگی حه‌یاتی
هه‌یه. ئه‌و به‌م کاره‌ی ئامانجێک بۆ خۆی دیاری ده‌کات که ئاکامی هه‌ڵبژاردنێکه.
له‌ئاکام دا به‌مجۆره ئازادی مرۆڤ به‌یان ده‌کات. به‌ڵام ئه‌م ئازادییه ته‌نیا
به‌هۆی دیاریکردنی هێزی به‌رهه‌ست و فیزیکی ئه‌کتیڤ له‌ئارا دایه که له
یاساکانی جه‌بری جیهانی مادی پێره‌وی ده‌که‌ن. له‌ئاکام دا ئه‌نجامناسی کار، له‌گه‌ڵ
جه‌بری فیزیکی دایه و له راستیدا ئاکامی هه‌ر کارێکی تاکی، ساتێک له جه‌بری
فیزیکی کاری تاکێکی تر به ئاراسته‌ی تیلیۆلۆژیک دا دیاری ده‌کات. ئه‌م بڕوایه له
ئه‌نجامناسی سروشت دا، بریتی بوو له خوداناسی، به‌ڵام ئه‌م بڕوایه له ئه‌نجامناسی
گشتگیری مێژوودا بێ بناغه بوو. به‌ڵام تیلیۆلۆژی له تێکڕای کاری مرۆڤی دا رۆڵی
هه‌یه و به‌شێوه‌یه‌کی بێ چاره‌سه‌ر له ناخی جه‌بری جیهانی فیزیکی دا جێیگرتووه.
ئه‌م دۆخه که بناغه‌ی ئه‌م کتێبه‌م پێکدێنێ، له‌ئاست ناکۆکی کۆنی ئازادی و
پێویستی زاڵ ده‌بێ. به‌ڵام ده‌بێ ئه‌وه‌ش بڵێم که من نامه‌وێ سیستمێکی گشتگیر
بسازم. ناوی ئه‌م کتێبه‌م که ته‌واوم کردووه و ئێستا خه‌ریکم پێیدا ده‌چمه‌وه
ئه‌مه‌یه Zur ontologie des Gesellschaftlichen Seins ،
نه‌ک ئه‌مهOntologie des Gesellschaftlichen Seins .
به‌مجۆره جیاوزی ئه‌م دوو شته ده‌بینین. کارێک که من ده‌ستم پێکردووه، بۆ ئه‌وه‌ی
به سه‌رکه‌وتن بگات پێویستی به کاری گرووپی زۆرێک له بیرمه‌ندان هه‌یه. به‌ڵام
هیوادارم که ئه‌م به‌رهه‌مه بناغه‌ی ئانتۆلۆژیکی سۆسیالیزمی راستین که پێشتر
باسمان کرد، پێک‌بێنێ.
فه‌رهه‌نگی رادیکاڵی بریتانیا
بریتانیا تاقه وڵاتی گرنگی ئوروپایه که خاوه‌ن نه‌ریتێکی فه‌لسه‌فی
مارکسیستی نه‌ته‌وه‌یی نییه، ئێوه به‌درێژی له‌مه‌ڕ ساتێکی مێژوویی کتێبێکی
ڤاڵتر سکات نوسیوتانه. ئه‌ی ئێوه گه‌شه‌ی فراوانتری مێژووی فکری و سیاسی
بریتانیا له پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ فه‌رهه‌نگی ئوروپایی سه‌رده‌می رۆشنگه‌ری چۆن ده‌بینن؟
- بریتانیا بوو به قوربانی ئه‌و شته که مارکس به یاسای گه‌شه‌ی لاسه‌نگ
پێناسه‌ی کردووه. رادیکاڵیزمی قووڵی شۆڕشی کرامواڵ و پاشان شۆڕشی ساڵی 1688 و سه‌رکه‌وتنی
ئه‌م ره‌وتانه، سیستمی بورژوازی له شار و گونده‌کان دا مسۆگه‌ر کرد و بوو به
هۆی دواکه‌وتنی دواتری بریتانیا. من پێم وایه پێداگرتنی ئێوه له‌سه‌ر گرنگی
مێژوویی کشتوکاڵی بریتانیا و ئاکامی پارادۆکساڵی بۆ گه‌شه‌ی دواتر ، زۆر راسته.
ده‌کرێ ئه‌م پرسه له گه‌شه‌ی فه‌رهه‌نگی بریتانیادا به ئاشکرا ببینین. سه‌رکه‌وتنی
ئێمپریزم وه‌ک ئایدیۆلۆژی بورژوایی ته‌نیا له پاش 1688 ده‌ست پێده‌کات،
به‌ڵام دواتر هێزێکی مه‌زن به‌ده‌ست دێنێ و به‌ته‌واوی تێکڕای پێشینه‌ی کۆنی هونه‌ر
و فه‌لسه‌فه‌ی بریتانیا چه‌واشه ده‌کات. بۆ نمونه چاو له باکۆن بکه. ئه‌و بیرمه‌ندێکی
ئێجگار گه‌وره بوو، ئێجگار گه‌وره‌تر له جان لاک بوو که دواتر بورژوازی په‌روه‌رده‌ی
کرد. به‌ڵام ئێمپریزمی بریتانی گرنگی و کاریگه‌ری ئه‌وی شارده‌وه. ئه‌مرۆ ئه‌گه‌ر
بته‌وێ روانگه‌ی باکۆن له‌مه‌ڕ ئێمپریزم بزانیت، ده‌بێ له پێشدا روانگه‌ی ئیمپریزم
له‌مه‌ڕ باکۆن بناسیت، که ته‌واو جیاواز پیشانی داوه. وه‌ک ده‌زانین مارکس زۆر
باکۆنی ستایش کردووه. ئه‌م پرسه له‌مه‌ڕ بیرمه‌ندێکی مه‌زنی دیکه‌ی بریتانیا،
ماندوێل، روویداوه. ئه‌و جێگری مه‌زنی هابز بوو. به‌ڵام بورژوازی بریتانیا
ئه‌ویشی فه‌رامۆش کرد. به‌ڵام مارکس له تیۆری زێده‌بایی دا چه‌ندین جار وته‌کانی
ئه‌و دێنێته‌وه. وه‌ک ده‌بینین فه‌رهه‌نگی رادیکاڵی پێشووی بریتانیا به‌شاراوه‌یی
مایه‌وه و پشتگوێ خرا. ئلیۆت و که‌سانی تر له‌جیاتی ئه‌م فه‌رهه‌نگه، گرنگی
زۆریان به شاعیرانێکی متافیزیکی وه‌ک دۆن دا که له مێژووی پێشکه‌وتنی فه‌رهه‌نگی
مرۆڤ دا رۆڵی لاوه‌کی ده‌گێڕن. روداوێکی تر که راستییه‌کان ئاشکرا ده‌کات، چاره‌نوسی
ڤالتر سکات بوو. من له کتێبی رۆمانی مێژوویی دا باسی گرنگی سکاتم کردووه. وه‌ک
ده‌زانین سکات یه‌که‌م رۆماننوس بوو که هه‌ستی به‌م راستییه کرد که مێژوو مرۆڤه‌کان
ده‌گۆڕێ. ئه‌مه ده‌سکه‌وتێکی مه‌زن بوو و به‌خێرایی سه‌رنجی نوسه‌رانی مه‌زنی
ئوروپا، پوشکین له روسیا، مانزۆنی له ئیتالیا، باڵزاک له فه‌رانسای راکێشا. که‌وابوو
دابڕانێک له تێکڕای فه‌رهه‌نگی بریتانیادا به‌دی ده‌که‌ین که له نوسه‌رانی
رادیکاڵی دواتری وه‌ک شا‌و دا به‌رچاوتره. شا‌و هیچ ریشه‌یه‌کی له فه‌رهه‌نگی
پێشووی بریتانیادا نییه. ئاخر فه‌رهه‌نگی بریتانیا له سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌م دا له
پێش مێژووی خۆی دابڕاوه. ئاشکرایه که ئه‌م پرسه وه‌ک جۆرێک لاوازی قووڵ له
شا‌و دا ده‌بینرێ.
ئه‌مڕۆ نابێ رۆشنبیرانی بریتانیا بۆ ئه‌ندێشه‌ی مارکسیستی هانا بۆ ده‌ره‌وه
ببه‌ن. ئه‌وان ده‌بێ مێژوویه‌کی نوێ له کولتوری خۆیان دا بخولقێنن. من له‌مه‌ڕ ڤ.
سکات شتم نوسیوه و ئاگنس هلێر له‌مه‌ڕ شێکسپێر. به‌ڵام پێویسته که خه‌ڵکی
بریتانی سه‌رله‌نوێ بریتانیا بناسن. ئێمه‌ش له هه‌نگاریا وه‌ک ئێوه له بریتانیا
زۆر کێشه‌مان له‌مه‌ڕ "ئه‌خلاقی نه‌ته‌وی" خۆ‌مان هه‌یه. به‌ڵام من پێم
وایه که مێژووی راستینی فه‌رهه‌نگی بریتانیا ده‌توانێ کێشه‌کان له‌نێو ببات. ره‌نگه
له‌م بواره‌دا قه‌یرانی قووڵی ئابووری و سیاسی بریتانیا که به‌هۆی گه‌شه‌ی لاسه‌نگ
پێکهاتووه، یارمه‌تیتان بدا. بێگومان ڤێلسن یه‌کی له زۆڵترین و هه‌لپه‌رستترین
سیاسه‌تمه‌دارانی بورژوازی ئه‌م سه‌رده‌مه‌یه، سه‌ره‌ڕای ئه‌مه‌ش ده‌وڵه‌تی ئه‌و
تووشی قووڵترین و سامناکترین شکست هاتووه. ئه‌مه‌ش نیشانه‌ی قه‌یرانی قووڵی جڤاتی
بریتانیایه.
ئێوه ئێستا یه‌که‌م کتێبی تیۆری ئه‌ده‌بی خۆتان "تیۆری رۆمان"
چۆن ده‌بینن؟ چ مانایه‌کی مێژوویی هه‌بوو؟
- تیۆری رۆمان ره‌شبینی و ناهۆمێدی من له مه‌ودای جه‌نگی جیهانی یه‌که‌م
دا ده‌رده‌خات. کاتێ که جه‌نگ ده‌ستی پێ‌کرد گوتم ره‌نگه ئاڵمان و ئوتریش- هه‌نگاریا،
روسیا تێکده‌شکێنن و حکومه‌تی تێزاری نابووت ده‌که‌ن: ئه‌مه شتێکی باش بوو. ره‌نگه
فه‌رانسا و بریتانیا، ئاڵمان و ئوتریش- هه‌نگاریا تێکده‌شکێنن و بنه‌ماڵه‌ی
هوهنزولێرن و هابزبورگ له‌نێو ده‌به‌ن: ئه‌مه‌ش باشه. به‌ڵام ئه‌و کات له
به‌رانبه‌ر فه‌رهه‌نگی فه‌رانسا و بریتانیا کێ داکۆکی له ئێمه ده‌کا؟ ره‌شبینی
من وڵامێکی بۆ ئه‌م پرسیاره پێ شک نه‌بوو. ئه‌مه پشتخانی تیۆری رۆمان بوو. ئه‌ڵبه‌ت
شۆڕشی ئۆکتۆبر وڵامی ئه‌م پرسه‌ی دایه‌وه. شۆڕشی روسیا له به‌رانبه‌ر ئه‌م پرسه‌ی
مندا رێگه‌چاره‌یه‌کی جیهانی کرده‌وه. من له سه‌رکه‌وتنی بورژوازی فه‌رانسا و
بریتانیا ده‌ترسام، ئه‌م شۆڕشه پێشی به‌م کاره گرت. به‌ڵام ده‌بێ بڵێم که تیۆری
رۆمان سه‌ره‌ڕای هه‌موو هه‌ڵه‌کانی، بانگه‌واز بۆ روخاندنی جیهانێک بوو که فه‌رهه‌نگی
بورژوایی به‌رهه‌م دێنا. ئه‌م کتێبه هه‌ستی به پێویستی ئاڵوگۆڕێکی شۆڕشگێڕانه
کردبوو.
ئێوه له‌و سه‌رده‌مه‌دا دۆستی ماکس وێبر بوون، ئێستا چۆن له‌مه‌ڕ وێبر
داوه‌ری ده‌که؟ وه‌ک ده‌زانین سومبارتی هاوکاری دواتر بوو به فاشیست، ئایا پێت
وایه ئه‌گه‌ر وێبر مابا حیزبی نازی قه‌بوڵ ده‌کرد؟
- نا، هه‌رگیز. پێویسته بزانین که وێبر که‌سێکی ئێجگار راستگۆ بوو. بۆ
وێنه ئه‌و زۆر سوکایه‌تی به ئه‌مپراتۆر ده‌کرد. ئه‌و زۆر جار له خه‌ڵوه‌ت دا به
ئێمه‌ی ده‌وت: به‌دبه‌ختی ئاڵمانی گه‌وره له‌وه دایه که به‌پێچه‌وانه‌ی ستوارت
و بوربۆنه‌کان، هیچ هوهنزۆلینێک له گیۆتین نه‌درا. ده‌توانین تێبگه‌ین که مرۆڤێک
که لا ساڵی 1912 دا ده‌یتوانی ئه‌م شته بڵێت، مامۆستایه‌کی ئاڵمانی ئاسایی نه‌بوو.
وێبر ته‌واو پێچه‌وانه‌ی سومبارت بوو. ئه‌و هه‌رگیز هیچ ئیمتیازێکی به دوژمنانی
خه‌ڵکی یه‌هوود نه‌دا. با داستانێکت بۆ بگێڕمه‌وه که خه‌سڵه‌تی به‌رزی وێبر
پیشان ده‌دات. زانکۆیه‌کی ئاڵمان داوای لێکردبوو که نامه‌یه‌ک بۆ هه‌مان زانکۆ
بنوسێ و مامۆستایه‌کیان پێ بناسێنێ- ده‌یانویست بوارێکی نوێ بکه‌نه‌وه. ئه‌و به‌پێی
توانا و لێوه‌شاوه‌یی، ناوی سێ که‌سی بۆ ناردن، پاشان نوسیبووی هه‌ر کام له‌مانه
که‌سانێکی شیاون. هه‌ر سێیان ئێجگار به‌توانان، به‌ڵام دڵنیام ئێوه که‌سیان هه‌ڵنابژێرن،
چونکه یه‌هودین. که‌وابوو من سێ ناوی دیکه‌شتان بۆ ده‌نێرم، که هیچیان وه‌ک ئه‌وان
شایسته نین، به‌ڵام دڵنیام ئێوه یه‌کێکیان هه‌ڵده‌بژێرن. چونکه یه‌هودی نین."
سه‌ره‌ڕای ئه‌مه ده‌بێ له بیرمان بێت که وێبر به‌قووڵی ئێمپریالیست بوو، بۆیه
بڕوای به لیبراڵیزم هه‌بوو چوونکه پێی وابوو پێویستمان به ئێمپریالیزمێکی کارا
هه‌یه و ته‌نیا لیبرالیزم ده‌توانێ ئه‌م کاره مسۆگه‌ر بکات. ئه‌و دوژمنی سه‌رسه‌ختی
هه‌ر دوو شۆڕشی نوامبر و ئۆکتۆبر بوو. ئه‌و هه‌م توێژه‌رێکی ده‌گمه‌ن بوو، هه‌م که‌سێکی
ته‌واو کونسێڤاتیڤ بوو. ره‌وتێکی نائه‌قڵانی که به شێلینگ و شوپێنهاڤێر ده‌ستی
پێ‌کردبوو، گرنگترین به‌یانی خۆی له وێبر دا به‌دیکرد.
کاتێ ئێوه رووتان له شۆڕشی ئۆکتۆبر کرد هه‌ڵوێستی وێبر چۆن بوو؟
- ده‌ڵێن وتویه "بیر و ئه‌ندێشه‌ی لوکاچ به‌قووڵی گۆڕاوه، به‌ڵام
تولێر هه‌ست و ئێحساس دایگرتووه." به‌ڵام من ئیتر پێوه‌ندیم له گه‌ڵی نه‌بوو.
پاش جه‌نگ ئێوه له کۆمۆنی هه‌نگاریادا وه‌ک کۆمیسێری په‌روه‌رده کارتان
ده‌کرد، ئێستا پاش په‌نجا ساڵ ئه‌زمونی کۆمۆن چۆن ده‌نرخێنێ؟
- کۆششی ویکس نۆت و ستراتێژی ئه‌نتنتێ له هه‌نگاریا کۆمۆنی پێکهێنا. وه‌کچۆن
پرسی کۆتایی هێنان به جه‌نگ، رۆڵی گرنگی له سه‌رگرتنی شۆڕشی ئۆکتۆبردا گێڕا، له
کۆمۆنی هه‌نگاریاش دا رۆڵی سه‌ره‌کی هه‌بوو. دواتر به‌هۆی دامه‌زراندنی کۆمۆن، ره‌وتی
سۆسیال دیموکرات هێرشی کرده سه‌رمان، به‌ڵام له‌و کاته و له‌پاش جه‌نگ، ئیتر
مانه‌وه له قاڵبی سیاسی به‌رته‌سکی بورژوازی دا ئیمکانی نه‌بوو، ده‌بوو ئه‌و
قاڵبه تێکبشکێنین.
رێبه‌رانی بۆلشڤیک
پاش شکستی کۆمۆن، له کونگره‌ی سێهه‌می کۆمینتێرن له مۆسکۆ نوێنه‌ر بووی.
ئایا له‌وێ رێبه‌رانی بۆلشڤیکت بینی؟ چ هه‌ستێکت له‌ئاست ئه‌وان دا هه‌بوو؟
- پێویسته بزانن که من ئه‌ندامێکی بچوکی گرووپێکی بچووک بووم. من ئه‌و
کات که‌سێکی به‌ناوبانگ نه‌بووم، که‌وابوو هیج باسێکی دوور و درێژم له‌گه‌ڵ رێبه‌رانی
بۆلشڤیک نه‌بوو، به‌ڵام لوناچار‌سکی منی به لێنین ناساند بوو، ئه‌و به‌ته‌واوی
منی ئه‌فسوون کرد. من ده‌متوانی له کاتی کار کردن له کۆمۆسیۆنه‌کان دا بیبینم.
ده‌بێ ئه‌وه‌ش بڵیم رێبه‌رانی تری بۆلشڤیکم پێ باش نه‌بوو. به‌خێرایی رقم له
ترۆتسکی هه‌ستا. وه‌ک که‌سێکی دووڕوو هاته پێش چاوم. وه‌ک ده‌زانین گۆرکی له
بیره‌وه‌رییه‌کانی دا پاراگرافێکی له زمان لێنینه‌وه هێناوه‌ته‌وه که له‌ودا
لێنین له پاش شۆڕش سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ده‌سکه‌وته‌کانی گرووپی تروتسکی قه‌بووڵ ده‌کات،
ده‌ڵێ تروتسکی زۆر خه‌سڵه‌تی له لاسال وه‌رگرتووه. زینۆیۆڤ که دواتر رۆڵی ئه‌ومان
له کۆمینتێرن دا ناسی، ته‌نیا رێکخه‌رێکی سیاسی په‌تی بوو. له ساڵی 1925 له
وتارێک دا بۆچوونی خۆم له‌مه‌ڕ بۆخارین نووسیوه و ره‌خنه‌م لێگرتووه. ئه‌وکات ئه‌و
له پاش ستالین له پرسی تیۆریک دا دووهه‌م که‌سی رووسی بوو. له‌و کونگره‌یه‌دا قه‌ت
ستالینم بیر نایه‌ته‌وه. منیش وه‌ک زۆر که‌سی تر نه‌مده‌زانی ستالین له پارتی
رووسی دا رۆڵی گرنگی هه‌یه یان نا. له‌گه‌ڵ رادک پێکه‌وه قسه و باسمان کرد. ئه‌و
پێی وتم وتاره‌که‌ت له‌مه‌ڕ چالاکی مارس باشترین وتار بووه که ئه‌و روداوه‌ی راڤه
کردووه. به‌ڵام دواتر کاتێ پارتی بۆلشڤیک تێکۆشانی مارسی پرۆتستۆ کرد، ئه‌ویش
بۆچوونی خۆی گۆڕی و به ئاشکرا پاشگه‌ز بۆ‌وه، به‌ڵام سه‌ره‌ڕای هه‌موو ئه‌م
شتانه‌ش، لێنین به‌قووڵی کاری تێ‌کردم.
کاتێ که لێنین وتاره‌که‌ی تۆی له‌مه‌ڕ پارلمانتاریزم ره‌ت کرده‌وه، چ هه‌ستێکت
هه‌بوو؟
- وتاره‌که‌ی من به‌ته‌واوی نادروست بوو و من بێ راڕایی ئه‌و تێزانه‌م ره‌ت
کرده‌وه. به‌ڵام ده‌بێ ئه‌وه‌ش بێژم که من پێشتر چه‌پڕه‌وی: نه‌خۆشی مناڵانه‌م
دیبوو و بۆچوونه‌کانی لێنین له‌مه‌ڕ به‌شداری له پارلمان دا منی رازی کردبوو. که‌وابوو
من له پێش دا زانیبووم که بۆچوونی من هه‌ڵه بووه. وه‌ک ده‌زانین لێنین له‌و
وتاره‌دا ده‌ڵێ: پارلمانه‌کانی بورژوازی به مانای مێژوویی- جیهانی، به سه‌رهه‌ڵدانی
ئۆرگانی رادیکاڵی کرێکاری، یانی شوراکان، ده‌وریان نه‌ماوه، به‌ڵام ئه‌مه به‌و
مانایه نییه که له‌ڕووی سیاسیه‌وه ده‌وریان نه‌ماوه. به‌تایبه‌ت به‌م هۆیه
که خه‌ڵکی رۆژاوا بڕوایان به شوراکان نییه. که‌وابوو ده‌بێ کۆمۆنیسته‌کان ده‌بێ
له پارلمانه‌کانیش دا تێ‌بکۆشن.
ساڵی 1929 له تێزه‌کانی بلۆم له سێهه‌مین کونگره‌ی پارتی کۆمۆنیستی هه‌نگاریا،
تۆ چه‌مکی دیکتاتۆری دیموکراتیکی کرێکاران و جوتیارانت وه‌ک ستراتژی حیزب گه‌ڵاڵه
کرد. حیزب ئه‌م تێزانه‌ی به هه‌لپه‌رستانه زانی و ره‌تی کرده‌وه و تۆش له
کۆمیته‌ی ناوه‌ندی ده‌رکرای، ئێستا ئه‌و کاره چۆن ده‌نرخێنێت؟
- من به‌م تێزانه له‌ئاست ره‌وتی سێکتاریستی له ئه‌نتێرناسیۆناڵی سێهه‌م
دژایه‌تیم ده‌کرد که پێی وابوو فاشیزم و سۆسیال دیموکراسی وه‌کوو یه‌کن. وه‌ک ده‌زانین
ئه‌م بیره سامناکه له‌گه‌ڵ دروشمی چینێک له‌دژی چینێکی تر و خواستی پێکهێنانی
خێرای دیکتاتۆری پرۆلیتاریا هاوکات بوو. من ده‌مویست به زیندووکردنه‌وه‌ی دروشمی
ساڵی 1905 ی لێنین، یانی دیکتاتۆری دیموکراتیکی کرێکاران و جوتیاران، رێگایه‌ک له
به‌رانبه‌ر خه‌تی کونگره‌ی شه‌شی کۆمینترن بدۆزمه‌وه، یانی به‌مجۆره ده‌متوانی
پارتی هه‌نگاریا به‌ره‌و سیاسه‌تێکی ریالیستی ببه‌م. من له‌م کاره‌دا سه‌رنه‌که‌وتم.
حیزب تێزه‌کانی بلومی مه‌حکوم کرد و بلاکون و باڵی بلاکون منیان له کومیته‌ی ناوه‌ندی
ده‌رکرد. من ئه‌و کات له حیزب دا ته‌واو ته‌نیا بووم. ته‌نانه‌ت نه‌متوانی ئه‌و
که‌سانه که دژی سکتاریزمی بلاکون بوون رازی بکه‌م. که‌وابوو ره‌خنه‌م له روانگه‌ی
خۆم گرت. ئه‌ڵبه‌ت بارودۆخ ئه‌م شته‌ی به‌سه‌ر من دا سه‌پاند. ئه‌گینا من بیروڕای
خۆم نه‌گۆڕی و ئێستاش دڵنیام که هه‌ڵوێستی ئه‌و کاته‌م به‌ته‌واوی دروست بووه.
به‌درێژایی ساڵانی 1945 تا 48 دیکتاتۆری دیموکراتیکی کرێکاران و جوتیاران له هه‌نگاریا
پێره‌و کرا که من ساڵی 1929 باسم کردبوو. ئه‌ڵبه‌ت له 1948 به‌ملاوه ستالینیزم
رێگایه‌کی ته‌واو جیاوازی گرته‌به‌ر.
له ده‌یه‌ی 1930 و پاشان له دوای جه‌نگ پێوه‌ندیت له‌گه‌ڵ برێشت چۆن بوو؟
پێگه‌ی ئه‌ده‌بی ئه‌و چۆن ده‌بینی؟
- برێشت شاعێرێکی ئێجگار گه‌وره بوو، شانۆنامه‌کانی دایکی دلێر و ژنی
سێزچو ئان و هتد ئێجگار به‌رزن. ئه‌ڵبه‌ت تیۆرییه‌کانی له‌مه‌ڕ درام و
ئستاتیک به‌ته‌واوی چه‌واشه و نادروستن. من ئه‌م پرسه‌م له "مانای ریالیزمی
هاوچه‌رخ"دا راڤه کردووه. به‌ڵام ئه‌م شته له گرنگی شانۆنامه‌کانی که‌م
ناکاته‌وه. ساڵانی 1931- تا 1933 من له بێرلین بووم و له‌گه‌ڵ یه‌کێتی نوسه‌ران
کارم ده‌کرد. پێم وایه هه‌ر له‌و کاته‌دا بوو که برێشت وتارێکی له دژی من نووسی
و داکۆکی له ئێکسپرسیۆنیزم کرد. به‌ڵام دواتر کاتێ له مۆسکۆ بووم، برێشت له سه‌فه‌ری
خۆی دا بۆ سکاندیناوی هاته مۆسکۆ و هات بۆ لای منیش. له‌م سه‌فه‌ره‌دا پێی وتم هه‌ندێ
که‌س هه‌ن تێده‌کۆشن من له دژی تۆ هان بده‌ن و که‌سانێکیش هه‌ن هه‌وڵ ده‌ده‌ن تۆ
له دژی من هان بده‌ن. وه‌ره با ئیتر به قسه‌ی ئه‌وانه نه‌که‌ین. ئیتر له‌وه
به‌دوا پێوه‌ندیمان باش بوو. له پاش جه‌نگ هه‌ر کات من ده‌چووم بۆ برلین، هه‌میشه
برێشتم ده‌بینی و زۆر باس و دیالۆگمان ده‌کرد و سه‌رئه‌نجام بۆچوونه‌کانمان زۆر
نزیک بوون. وه‌ک ده‌زانن من یه‌کێ له‌و که‌سانه بووم که که ژنه‌که‌ی بۆ ئاهه‌نگی
به خاک سپاردنی وه‌ک وتاربێژ بانگی کردم. من هه‌میشه رێزم بۆ برێشت هه‌بووه، ئه‌و
ئێجگار زیره‌ک بوو و ده‌رکێکی قووڵی له بارودۆخ هه‌بوو. له‌م بابه‌ته‌وه ئه‌و ته‌واو
پێچه‌وانه‌ی ک. کورش بوو... کاتێ کورش پارتی ئاڵمانی به‌جێهێشت، پێوه‌ندی خۆی له‌گه‌ڵ
سۆسیالیزم پچران. من ئه‌م پرسه ده‌رک ده‌که‌م. ئاخر ئیتر نه‌یده‌توانی له‌گه‌ڵ یه‌کێتی
نوسه‌ران له دژی فاشیزم له برلین خه‌بات بکات، حیزب نه‌یده‌هێشت. برێشت ته‌واو
پێچه‌وانه بوو. ئه‌و ده‌یزانی که نابێ له دژی سۆڤیه‌ت کار بکات، به‌درێژایی هه‌موو
ته‌مه‌نی ئه‌م پرنسیپه‌ی پاراست.
ئایا تۆ ڤ. بنیامینت ده‌ناسی؟ ئایا پێت وایه ئه‌گه‌ر زیندوو بمایه به‌ره‌و
پابه‌ندی شۆڕشگێڕانه و مارکسیزم ده‌هات؟
- نه، به‌هۆی زۆر شت من قه‌ت بنیامینم نه‌بینی. هه‌رچه‌ند ساڵی 1930 کاتێ
ده‌ڕۆشتم بۆ سۆڤیه‌ت ئادورنۆم بینی. بنیامین خاوه‌ن توانایه‌کی له‌ڕاده‌به‌ده‌ر
بوو، زۆر پرسی ته‌واو مۆدێرنی هه‌ست پێ‌کرد، ئه‌و ئه‌م پرسانه‌ی به چه‌ندین
شێوازی جیاواز ناسی، به‌ڵام قه‌ت رێگایه‌کی بۆ چاره‌سه‌ر کردنیان نه‌بینیه‌وه. من
پێم وایه سه‌ره‌ڕای دۆستی بنیامین له‌گه‌ڵ برێشت، دیار نییه که ئه‌گه‌ر زیندوو
بمایه، تا چ ئاستێک سه‌رکه‌وتبایه. ده‌بێ له‌بیرمان بێت که ئه‌وکات دۆخێکی
ئێجگار تاڵ بوو، پاکتاوه‌کانی ده‌یه‌ی 1930 و پاشان جه‌نگی سارد. له‌م دۆخه‌دا
ئادورنۆ وه‌ک نوێنه‌ری جۆرێک "سازگاری جیاواز" ده‌رکه‌وت.
پاش سه‌رکه‌وتنی فاشیزم له ئاڵمان، تۆ له روسیا له‌گه‌ڵ ریازانۆف له سه‌نته‌ری
مارکس لێنین کارت ده‌کرد، ده‌کرێ باسی چالاکی ئه‌و کاته بکه‌ن؟
- ساڵی 1930 له مۆسکۆ ریازانۆف ده‌سنوسه‌کانی ئابووری فه‌لسه‌فی
مارکسی پیشان دام، ره‌نگه نه‌توانم شوروشه‌وقی ئه‌و کاته‌م بگێڕمه‌وه: خوێندنه‌وه‌ی
ئه‌م به‌رهه‌مه، پێوه‌ندی منی له‌گه‌ڵ مارکسیزم به‌قووڵی گۆڕی و دیدگای فه‌لسه‌فی
منی ژێراوژوور کرد. توێژه‌رێکی ئاڵمانی له سۆڤیه‌ت له‌سه‌ر ده‌سنوسه‌کان کاری ده‌کرد
و بۆ چاپ ئاماده‌ی ده‌کرد، چه‌ند به‌شێکی مشک خوارد بووی و هه‌ندێ وشه‌ی لێنه‌مابوو.
من به‌هۆی شاره‌زایی فه‌لسه‌فی له‌گه‌ڵ ئه‌و توێژه‌ره کارم ده‌کرد و پێم ده‌وت که
ده‌بێ کام پیت و کام وشه دابنڕێت. من پێم وایه ئه‌و به‌رهه‌مه که به‌شێنه‌یی
ئاماده کرا، به باشی ته‌واو کرا... ریازانۆڤ له کاری خۆی دا هه‌ستی به
لێپرسراوی ده‌کرد. هه‌روه‌ها وشه‌ناسێکی زۆر گه‌وره بوو. تیۆریساز نه‌بوو، به‌ڵام
وشه‌ناسێکی مه‌زن بوو. پاش ئه‌وه‌ی که پاکتاو کرا، کاره‌کانی سه‌نته‌ر به‌ته‌واوی
له‌نگ بوو. له‌بیرمه پێی وتم لێره‌دا ده به‌رگ له ده‌سنوسه‌کانی کاپیتاڵی دوو و
سێ هه‌یه که قه‌ت چاپ و بڵاو نه‌بۆته‌وه. ئنگڵس له پێشه‌کی به‌رگی دووهه‌م و
سیهه‌می کاپیتاڵ دا ده‌نوسێ ئه‌مه ته‌نیا بژارده‌یه‌ک له ده‌سنووسه‌کانی مارکسه
که به ناوی کاپیتاڵ نووسیبووی. ریازانۆف ده‌یویست هه‌موو ئه‌و ده‌سنوسانه بڵاو
بکاته‌وه. به‌ڵام تا ئێستاش په‌یدا نه‌بوون.
ئه‌ڵبه‌ت له سه‌ره‌تای ده‌یه‌ی 1930 دا له سۆڤیه‌ت باس و دیالۆگی فه‌لسه‌فی
ده‌کرا، به‌ڵام من به‌شداریم نه‌ده‌کرد. ئه‌و باسانه زیاتر ره‌خنه‌یان له
دێبۆرین ده‌گرت، به‌ڵام زیاتر ده‌یانویست پێگه‌ی ستالین وه‌ک بیرمه‌ندێک پیشان بده‌ن.
به‌ڵام ئێوه له باس و دیالۆگی ئه‌ده‌بی ده‌یه‌ی 1930 له سۆڤیه‌ت دا به‌شدار
بوون.
- من ماوه‌ی شه‌ش حه‌وت ساڵ له‌گه‌ڵ گۆڤاری نرخاندنی ئه‌ده‌بی (literary kritik) هاوکاریم کرد. هه‌ڵوێستی
ئێمه له‌و ساڵانه‌دا له دژی دۆگماتیزم زۆر به‌هێز بوو. فادیف و که‌سانی تر له
روسیا له دژی RAPP خه‌باتیان کرد و تێکشکان،
به‌ڵام ته‌نیا به‌مهۆیه که ئاورباخ و که‌سانیتر له RAPPتروتسکیست بوون. ئه‌وان پاش سه‌رکه‌وتن په‌ره‌یان به ره‌پیزمی خۆیان دا.
گۆڤاری نرخاندنی ئه‌ده‌بی به‌رده‌وام له دژی ئه‌م ره‌وتانه بوو. من زۆر وتارم بۆ
ئه‌م گۆڤاره نووسی، که له مه‌موویان دا به‌ڵگه‌م له ستالین هێنابۆوه، ئه‌م
کاره‌ش ئه‌و سه‌رده‌مه زۆره‌ملی بوو، به‌ڵام هه‌موو ئه‌و وتارانه له دژی چه‌مکی
ستالینیستی له‌مه‌ڕ ئه‌ده‌بیات بوون. ناوه‌رۆکیان هه‌میشه له دژی دۆگماتیزمی
ستالین بوو.
تۆ ماوه‌ی ده ساڵ له 1919 تا 1929 تێکۆشه‌رێکی سیاسی بووی، پاشان به‌یه‌واوی
له کاری سیاسی دابڕای، بۆ هه‌ر که‌سێکی مارکسیست ئه‌مه گۆڕانێکی گرنگه. ئایا تۆ
له ساڵی 1930 دا پاش ئه‌م دابڕانه هه‌ستت به ئا‌سته‌نگ ده‌کرد؟ (یان به‌پێچه‌وانه‌وه
هه‌ستت به ئازادی ده‌کرد؟) ئه‌م قۆناغه له ژیانت چۆن له‌گه‌ڵ قۆناغی لاوی پێوه‌ند
ده‌ده‌ی؟ ئه‌و کات له ژێر کاریگه‌ری کێ دا بووی؟
من به‌داخ نیم بۆوه‌ی که له سیاسه‌ت دابڕام. پێویسته بزانن که من
دڵنیا بووبووم که له کێشه‌کانی 1928- 29 دا هه‌ڵوێستی من به‌ته‌واوی دروست بووه.
هیچ شتێ نه‌یتوانی له‌م بابه‌ته‌وه بیروڕام بگۆڕێ. به‌ڵام من له رووی سیاسیه‌وه
نه‌متوانی حیزب رازی بکه‌م و تووشی شکست بووم. له‌ئاکام دا به‌خۆم گوت ئه‌گه‌ر هه‌ڵوێستی
من ته‌واو ره‌وایه و که‌چی به‌ته‌واوی شکستم خواردووه، ئه‌مه ده‌ریده‌خات که من
له سیاسه‌ت دا زۆر به توانا نیم. سه‌رئه‌نجام تێکۆشانی سیاسیم به‌ته‌واوی به‌جێهێشت.
سه‌ره‌ڕای ده‌رکران له کومیته‌ی ناوه‌ندی پارتی هه‌نگاریا و زاڵبوونی سیاسه‌تی
سامناکی سکتاریستی، من پێم وابوو ته‌نیا له رێخستنی کۆمۆنیستی دا ده‌توانم له
دژی فاشیزم خه‌بات بکه‌م. ئێستاش هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌م بڕوایه‌م. من هه‌میشه پێم
وابووه که ژیان له خراپترین سیستمی سۆسیالیستی دا باشتره له ژیان له چاکترین
سیستمی بورژوازی دا.
کاتێ ساڵی 1956 له ده‌وڵه‌تی ئیمره ناگی دا به‌شداریم کرد، ئه‌م کاره‌م
له‌گه‌ڵ هه‌ڵوێستی پێشووم ناکۆک نه‌بوو. من له گه‌ڵ هه‌ڵوێستی گشتی ناگی نه‌بووم.
له پێش مانگی ئۆکتۆبری ئه‌و ساڵه‌دا ویستیان من و ناگی لێک نزیک بکه‌نه‌وه، من
له وڵام دا وتم: "ئه‌و مه‌ودایه که من ده‌بێ به‌ره‌و لای ناگی بیپێوم
زیاتر له‌و مه‌ودایه نییه که ناگی ده‌بێ به‌ره‌و من بیپێوێت". کاتێ له
ئۆکتۆبری 1956 دا داوایان لێکردم پۆستی وه‌زاره‌تی فه‌رهه‌نگ قه‌بوڵ بکه‌م، ئه‌م
پرسه بۆ من پرسێکی ئه‌خلاقی بوو، نه‌ک سیاسی، نه‌مده‌توانی ئه‌و داوایه ره‌ت بکه‌مه‌وه.
کاتێ که گیراین و به‌ره‌و رۆمانی نێردراین، هاوڕێیانی حیزبی هه‌نگاری و رۆمانی
سۆراخی منیان گرت و ویستیان بۆچونی من له‌مه‌ڕ سیاسه‌ته‌کانی ناگی بزانن، ده‌یانزانی
له‌گه‌ڵ ئه‌و ناکۆکم. من له وڵام دا وتم: "ئه‌گه‌ر من ئازاد بام و له شه‌قامه‌کانی
بوداپێست بام و ئه‌ویش ئازاد بایه، ئه‌وجار راشکاوانه روانگه‌ی خۆم ده‌رباره‌ی
ئه‌و باس ده‌کرد، به‌ڵام تا کاتێ که له زیندان دایه، من ته‌نیا ده‌توانم داکۆکی
لێبکه‌م."
ئێوه پرسیتان کاتێ له ژیانی سیاسی دابڕایت چ هه‌ستێکت هه‌بوو. ره‌نگه ده‌بێ
بڵێم که هێنده له مرۆڤی هاوچه‌رخ ناچم. ده‌توانم بڵێم که قه‌ت له ژیانم دا هه‌ستم
به ناهۆمێدی و گرێی ده‌روونی نه‌کردووه. ئه‌ڵبه‌ت به‌هۆی ناسینی ئه‌ده‌بیاتی سه‌ده‌ی
بیسته‌م و خوێندنه‌وه‌ی به‌رهه‌مه‌کانی فرۆید، ده‌زانم ئه‌م وته‌یه چ مانایه‌کی
هه‌یه. به‌ڵام خۆم ئه‌م شتانه‌م ئه‌زموون نه‌کردووه. کاتێ 16 ساڵان بووم توانیم
چه‌ند شانۆنامه‌یه‌کی مۆدێرنی وه‌ک ئیبسن و هاپتمه‌ن بنوسم، له ته‌مه‌نی 18 ساڵان
دا سه‌رله‌نوێ خوێندمنه‌وه و زانیم بێ بایه‌خن. له‌و کاته‌وه زانیم که قه‌ت
نابم به نوسه‌ر. که‌وابوو ئه‌و دوو به‌رهه‌مه‌م سوتاند و قه‌ت په‌شیمان نه‌بوومه‌وه.
ئه‌م ئه‌زمونه بۆ کاره‌کانی دواترم زۆر به‌سود بوو. ئاخر وه‌ک ره‌خنه‌گر ئه‌وه یه‌که‌م
ئه‌زمونی من بوو. کاتێ خوێندکار بووم چاوێکم له کاپیتاڵ کرد و له‌ڕووی سیاسیه‌وه
کاری تێ‌کردم، به‌ڵام خوێندنه‌وه‌ی شێعره‌کانی شاعیری گه‌وری هه‌نگاری، ئه‌دی، زۆر
کاری تێ‌کردم. له کاتی لاوی دا که‌سێکی زۆر گۆشه‌گیر بووم و ئه‌دی به‌قووڵی کاری
تێ‌کردم. ئه‌و که‌سێکی شۆڕشگێڕ و شه‌یدای هێگل بوو. ئه‌ڵبه‌ت ئه‌ویش وه‌ک من هه‌رگیز
ئه‌م چه‌مکه‌ی هێگل "Versohnung der Wirklichkeit" [یانی سازگاری له‌گه‌ڵ دۆخی سه‌رده‌م]ی قه‌بووڵ نه‌کرد.
لاوازی سه‌ره‌کی فه‌رهه‌نگی بریتانیا له‌وه دایه که هێگلی نه‌ناسیوه. من تا ئه‌مڕۆش
هێگل ستایش ده‌که‌م. پێم وایه ئه‌و کاره‌ی که مارکس ده‌ستی پێ‌کرد، یانی مادی
کردنی فه‌لسه‌فه‌ی هێگل، ده‌بێ ئه‌مڕۆ واوه‌تر له مارکس درێژه بدرێت. من
تێکۆشاوم له چه‌ند به‌شێک له کتێبی ئانتۆلۆژی دا ئه‌م کاره بکه‌م. کاتێ
که هه‌موو شتی باسکراوه و ئه‌نجام دراوه، له رۆژاوادا ته‌نیا سێ بیرمه‌ندی به‌ڕاستی
مه‌زن هه‌یه، که ناکرێ له‌گه‌ڵ که‌سانی تر به‌راورد بکرێن: ئه‌ره‌ستو، هێگل و
مارکس.
سه‌رچاوه:
سایتی ئینتێرنێتی ئارت کاڵت: http://www.mindmotor.org/mind/?cat=7
هیچ نظری موجود نیست:
ارسال یک نظر