رد شدن به محتوای اصلی

قوتابخانەى فرانکفۆرت


مارکوزە و قوتابخانەى فرانکفۆرت

marcuse and Frankfurt school
براین مەگى


سەرەتا: ئەو قەیرانە ئابوورییە کە لە مەوداى دوو جەنگى جیهانیدا زوربەى وڵاتانى رۆژئاوایى گرتەوە، بەڕاى زۆربەى چەپەکان سەرەتاى رووخانى سیستمى سەرمایەدارى بوو کە ئەوان بەردەوام لە تیۆری مارکسیستى دا پێشبینیان کردبوو. ئەگەرچى بەپێى ئەم تیۆرییە دەبوو ئاکامى ئەم دۆخە بە کۆمۆنیزم بگات، بەڵام لە هیچ وڵاتێکى ئوروپا ڕژیمى کۆمۆنیستى نەهاتە ئاراوە. به‌پێچه‌وانه‌وه‌ ئەوەى سەرکەوت فاشیزم بوو. هەندێ لە چەپەکان بەجۆرێک لەم دۆخە ناهومێد بوون کە بەجارێک دەستیان لە مارکسیزم هەڵگرت. هەندێکى تر قەت تووشى ڕاڕایى نەهاتن و هەروا لەسەر بڕواکانى خۆیان مانەوە. گروپێکى تریش لەنێوان ئەم دوو رەوتەدا وەک چەپ مانەوە- یان دەیانویست بمێننەوە- بەڵام پێیان وابوو، بۆوەى مارکسیزم بتوانێ هەروا جێگەى بڕوا و متمانە بێت، دەبێ سەرلەنۆى شروڤە بکرێ و بەخۆیدا بچێتەوە.
گرووپێ لەم کەسانە کۆتایى دەیەى 1920 لە شارى فرانکفۆرت کۆبوونەوە، کە دواتر بە ئەندامانى "قوتابخانەى فرانکفۆرت" ناوبانگیان دەرکرد. لە راستیدا ئەم کەسانە بۆ ماوەێکى زۆر لە فرانکفۆرت نەمانەوە، بەڵام ئەو ناوە هەروا لە سەریان مایەوە. ئەوان سەرەتاى سەرهەڵدانى نازیزم، ئاڵمانیان بەجێهێشت و ئەندامانى سەرەکى تا نێوەراستى دەیەى 1930 لە ئەمریکا مانەوە. یەکێ لەم کەسانە " تیودۆر ئادۆرنۆ" بوو کە هاوکات لە فەلسەفە، کۆمەلناسى و مۆسیقى دا شارەزا بوو. دوهەم کەس، "ماکس هۆرکهایمر" بوو. کە هەم بیرمەند و هەم کۆمەڵناس بوو، ئەگەرچى بە رادەى ئادۆرنۆ بەناوبانگ نەبوو، بەڵام پێگەێیکى شیاوترى هەبوو. سێهەم کەس، کە لە هەموویان ناوبانگ و ئۆتۆریتەى زیاترى بەدەست هێنا، تیۆریسازى سیاسى "هربێرت مارکوزە" بوو. ئوتۆریتە و کاریگەرى ئەم کەسانە بەئەسپایى و بە تێپەرینى زەمەن پەرەی‌سەند، تا سەرئەنجام لە دەیەى 1960دا بە لووتکە گەیشت. زۆر هۆکار لەم پرۆسەیەدا کاریگەربوون. یەکەم بزاڤى بەهێزى چەپە رڤیزیۆنستیەکان لە وڵاتانى ئوروپا بوو کە بەهارى 1968 لە پراگ بە تەشقى خۆى گەیشت و بۆ یەکەمجار قوتابخانەى فرانکفۆرتى لەگەڵ گۆرانکارییەکانى دنیاى کۆمۆنیستى یەکانگیرکرد. هۆکارێکى تر کە لەگەڵ هۆکارى پێشو پێوەندیێکى هەبوو، گەشانەوەى ویستى قووڵى خەڵکى ئوروپا بەتایبەت لاوانى خوێندەوار بە مارکسیزم بوو. کە ئەمەش لە 1968 بە لووتکەى خۆى گەیشت و بۆ ماوەیەکى کورت بەتایبەت لە پاریس دا(رووداوه‌کانی مانگی مای له‌م ساڵه‌دا) ئەم بیرەى لەنێو خەڵکدا هەڵگیرساند کە ویدەچێ شوڕشێکى راستین رووبدات. شورشگێرانى تامەزرۆى ئەو کاتە مارکوزەیان پتر لە هەرکەس بە ڕێبەر و پێشەنگى سیاسى خۆیان دەزانى و هەندێ وتەى نێو کتێبەکانى ئەویان لەسەر دیوارەکان دەنووسی تا بە دنیا بڵێن کە ئامانجیان بەدیهێنانى روانگەکانى ئەوە. ئەڵبەت شۆڕش رووى نەدا، بەڵام لەو کاتە بەملاوە ئەندێشەکانى مارکوزە و قوتابخانەى فرانکفۆرت لە بوارى زانستى کۆمەڵایەتى دا لە چەندین زانکۆى ئوروپایى وەک دەرس دەوترێنەوە. بەمهۆیە لەسەر هەندێ لە لاوان و خوێندکارانى وشیارى ئەوروپا کاریگەری زۆریان هەبووە.


براین مەگى: بۆچى لە دەیەى 1960 و سەرەتاى دەیەى 1970دا بزاڤى شورشگێڕانەى خوێندکارى ڕووی کردە بەرهەمەکانى ئێوە؟
مارکوزە: من لە شۆڕشى دەیەى1960و سەرەتاى دەیەى1970دا ڕێبەر و پێشەنگى خوێندکاران نەبووم. من تەنیا بەشێ لەو فکرەى کە ئەو سەردەمە پرژوبڵاو بوو، کۆکردەوە، فۆرمولەم کرد و باسم دەکرد. هەرئەمە و بەس. بەرەیەک لە خوێندکاران کە ئەو سەردەمە چالاک بوون بۆ دەربڕینى ناڕەزایەتى لەئاست کۆمەڵگایەک کە بەردەوام چەوساندنەوە، نابەرابەرى، بێڕەحمى و کاولکارى زیادى دەکرد و چەندقات دەبوو، پیویست نەبوو لە سیمایەکى باوک ئاسا پێرەوى بکەن. ئەوان خۆیان ڕاستیەکانیان دەبینى و ئەزموونیان دەکرد. یەکێ لە تایبەتمەندییەکانى ئەو کۆمەلگایە کە دەتوانم ئاماژەى پێبکەم، میراتى فاشیستى بوو. فاشیزم لەڕووى سەربازى و میلیتارییەوە شکستى هێنابوو، بەڵام هێشتا ئەگەرى ئەوە هەبوو دوبارە سەرهەڵبداتەوە. هەروەها دەتوانم باسى ئاپارتایدى رەگەزى، هەڵاواردنى جنسى، هەست بە نەبوونى ئاسایش، لەنێوچوونى ژینگە، دابەزینى ئەخلاق و پەروەردە و... بکەم. بە وتەیکیتر، ئەوەى لە دەیەى 1960 و سەرەتاى دەیەى 1970دا بە ئاستى تەقینەوە گەیشت، جیاوازى قووڵى چینایەتى و شێوەى بەکارهێنانى نگەتیڤ و کاولکارانەى سامانى کۆمەڵایەتى بوو.
براین مەگى: سەرەڕاى ئەوەى لەم شتانەدا لەگەڵتان هاودەنگ بم یان نا، دڵنیام ئەو شتەى کە سەرنجى جەماوەرى بۆ لاى تۆ راکێشا، ئەمە بوو کە فەلسەفە پێشتر لە زانکۆکانى رۆژاوادا قەت باسى ئەم جۆرە پرسانەى نەدەکرد.
مارکوزە: نا، باسى نەدەکرد. ئێمە لە فرانکفۆرت و دواتر لە ئەمریکا هیچ فەلسەفەیەکمان بە هەقیقى و رەسەن نەدەزانى، ئەگەر بەشێوەیەک لە شێوەکان باسى دۆخى مرۆڤ لە هەلومەرجى کۆنکرێت دا و، لە هەلومەرجى سیاسى کۆمەڵایەتی دا نەکات. بە راى ئێمە، فەلسه فە هەمیشە هەر لە ئەفلاتوونەوە تا ئەمڕۆ زیاتر فەلسەفەى سیاسى کۆمەڵایەتى بووە.
براین مەگى: بێجگە لەوەى کە گرنگى زۆرتان بە فەلسەفە داوە، لە هەموو تەمەنتان دا تۆێژکار و کەسێکى ئاکادمیکى پرۆفیشناڵ بوون: مامۆستای زانکۆ بوون، کتێبتان نووسیوە و، زۆر کاری تریش... سەرەڕاى ئەمەش یەکێ لە بەرچاوترین تایبەتمەندی بزاڤی چەپی نوێ کە خۆتان لە دامەزرێنەرانی بوون، دژایەتی لەئاست رووناکبیران بووە، پێم وانییە ئێوە ئەم شتە بە شیاو بزانن، وایە؟
مارکوزە: من هەر لە سەرەتاوە لە دژی ئەم پرسە(دژایەتى رۆشنبیران) خەباتم کردووە. بەڕاى من ئەم شتە یەکەم، بەهۆى نەبوونی پێوەندی لەنێوان بزاڤی خوێندکارى و چینی کرێکاردا بوو، دووهەم، بەهۆى نەبوونی هیچ جۆرە تێکۆشان و هەوڵێکی سیاسی بەرچاو بوو، – چۆن بڵێم – ئەم پرسە بەشێنەیى وەک جۆرێ هەستی خۆبەکەم زانین، یان خۆ ئازاردان دەرکەوت کە یەکێ لە دیاردەکانی، سوکایەتی بە رۆشنبیران بوو. چوونکە دەیانوت رووناکبیر تەنیا رووناکبیرە و "توانای کاری واقعی نیە"، ئیتر نازانن ئەم کارە لە خزمەت بەرژەوەندی هێزی دەسەڵاتدار دایە.
براین مەگى: ئەوە کە بەمجۆرە لە بزاڤی چەپی نوێ رەخنە دەگرن بەڕاستی جێگای سەرنجە. بە ڕای ئێوە لاوازی بزاڤی چەپی نوێ لە چى دایە؟
مارکوزە: بەڕای من گەورەترین لاوازى کە لە بزاڤی چەپی نوێدا سەری هەڵداوە، ئەوەیە کە گوتار و زمانى دوور لە راستییەکانە و لە زۆر بواردا ستراتژێکی ناڕاستی گرتۆتەبەر. ئەڵبەت ئەم شتە تێکڕای بزاڤی چەپی نوێ ناگرێتەوە. بەڵام تا ڕادەیەک لەنێوان لایەنگرانیدا دەبینرێ. ئەم رەوتە نایانەوێت لەم راستییە تێبگەن کە ئێمە لە وڵاتانی سەنعەتی پێشکەوتوودا نە تەنیا لە دۆخی شۆڕشدا نین، بەڵکوو لە دۆخی پێش شۆڕشیشدا نین و، دەبێ هەر چەشنە ستراتژێک لەگەڵ دۆخی واقێع سازگار بێت. دووهەم، بێمەیلی تێکۆشەرانی چەپی نوێ بۆ لێکدانەوەى سەرلەنوێ و داڕشتنى چەمکی مارکسیستی و خواستی ئەوان بۆ بوتسازی و دوگماتیزم لە تیۆری مارکسیستیدا. لەجیاتی ئەوەى تێبگەن کە چەمکەکانى مارکس چەمکى دیالکتیکی و مێژوویین کە نابآ دووپات بکرێنەوە، بەڵکوو دەبێ بەپێی ئاڵوگۆڕی کۆمەڵگە سەرلەنوێ لێکبدرێنەوە، ئەم چەمکانە بە نەگۆڕ و بەستوو و عەینى دەزانن.
براین مەگى: دەبێ بڵێم کە بیستنی ئەم وتانە لە زاری ئێوەوە بەڕاستی زۆر جێگەی خۆشحاڵیە و پیشان دەدات کە ئەوانەى خۆیان بە پیڕەوی ئێوە دەزانن ئەگەرچی لە تەمەندا بە منداڵی ئێوە دەژمێردرێن ئەندێشەیان وەلاناوە. بەڵام ئێوە لەم تەمەنەشدا هێشتا بیردەکەنەوە.
مارکوزە: لەم بابەتەوە زۆر ئازارم چێشتووە کە...
براین مەگى: بەم وتانە دێینە سەر هۆکاری سەرەکی دامەزراندنی قوتابخانەی فرانکفۆرت، یانی لێکدانەوەی سەرلەنوێی چەمکە مارکسیستییەکان. هەر وەک لە سەرەتادا ئاماژەم پێکرد، ئەوەی کە بووە هۆی سەرهەڵدانی بزاڤەکەی ئێوە ئەم هەستە بوو کە دەبێ مارکسیزم دووبارە لێکبدرێتەوە و ساغ بکرێتەوە. هۆکاری ئەم پرسەش سەرهەڵدانى فاشیزم بوو. بەڵام پرسەکە تەنیا فاشیزم نەبوو. زۆر هۆکاری دیکەش لەئارادا بوو. ئایا دەکرێ باسی ئەو هۆکارانەش بکەن؟
مارکوزە: پرسێکی دیکە دەگەڕێتەوە بۆ پێداچوونەوی ڕەخنەگرانە لە هەندێ بزاڤی نموونەى لیبراڵیزم (چ فکرى و چ سیاسى) لە سەردەمی بورژوازیدا. ئاکامی ئەم خوێندنەوەش ئەوە بوو کە نەریتی مەزنی لیبراڵیزم هەر لە سەرەتاوە هەڵگرى دوو توخمی دەسەڵاتخوازی و توتالیتاریزم بووە و ئەم توخمانە لە سەردەمی ئێمەدا سەمەرى داوە. مەبەستم بەتایبەت دوو تۆژینەوەى هۆرکهایمر لەژێر ناوى مۆنتنى و خۆویستى و بزاڤى ئازادى یە. بەڵام رەنگە لە هەموو ئەمانە گرنگتر، ئینتما بۆ چەمکی سۆسیالیزم بوو. لە رەوتی ئاڵوگۆڕی تیۆری مارکسی (یانى تیوری مارکس نە خودی مارکس)دا چەمکى سوسیالیزم لەجیاتی ئەوەى کۆمەڵگای سوسیالیستی ئامانجی مارکس (مارکسى لاو) بە کۆمەڵگەیەک بزانێ کە لەگەڵ هەموو جڤاتەکانی پێشوو جیاوازى چۆنی هەیە، پتر باسی گەشەی هێزەکانى بەرهەمهێنان و سوود وەرگرتنی روو لە زیادبوون لە کار و دابەشکردنی ئەقڵانی بەرهەمەکانى دەکرد. بەڕای من لە جڤاتی سۆسیالیستیدا خودی ژیان لە نێوەرۆکدا تەواو جیاوازە. پیاوان و ژنان بەپێی هاوپشتی و هاوکاری شێوەی ژیان و بوونی خۆیان دیاری دەکەن – یانی، بە وتەی ئادورنۆ، جۆرێ بوون و ژیانی بآترس و سام. ئیتر کار پێوەری سروەت و بایەخ نیە و مرۆڤەکان ناچارنین هەموو تەمەنیان بۆ ئەنجامدانی کاری تاقەت پڕوکێن و کاولکەر تەرخان بکەن. ئەم خاڵە تا ئێستا بونهێنى ماوەتەوە، لەئاکامدا لەنێوان سەرمایەداری پێشکەوتوو و بەناو"سۆسیالیزمی واقعی"دا جۆرێ لێکچوونی سامناک پێکهاتووە.
مەگى: یانى سۆسیالیزم رۆژ لە دواى رۆژ لە دوژمنەکەى (سەرمایەداری) نزیک بۆتەوە.
مارکوزە: ڕێک وایە.
مەگى: بە خوێندنەوەی نووسراوەکانی ئێوە بەم ئاکامە گەیشتووم کە تۆ و هاوڕێیانت هەندآ ڕەخنەتان لە تیۆری مارکسیستى گرتووە. لێرەدا دوو نموومە لە رەخنەکان دێنمەوە کە پیوەندی ئاشکرایان پێکەوە هەیە، یەکەم ئەوە کە تیۆری مارکسیستی زۆر کەم بایەخ بە تاکى مرۆڤ دەدات، دووهەم ئەوە کە لەئاست ئازادى تاکى دژایەتى دەکات، یان بەگشتی داکۆکی لە ئازادی ناکات.
مارکوزە: مارکس سەرنجێکی ئەوتۆی بە تاک نەدەدا، نەشدەبوو سەرنجی پێبدا، چونکە لەو سەردەمدا تەنیا بوونى پرۆلیتاریا ئەو چینەی وەک چینێکى ئەکتیڤ و شۆڕشگێڕ دەردەخست. لەو دەمەوە تا ئێستا بارودۆخ گۆڕاوە، ئەمڕۆ پرسەکە بەمجۆرە دەرکەوتووە: "چەندە دەتوانین ناوى پرۆلیتاریا بۆ چینی کرێکاری وڵاتانی پێشکەوتووی سەنعەتی بەکار بێنین؟" پارتە کۆمۆنیستەکانی ئەوروپا ئەم چەمکەیان بەتەواوی لابردووە. چونکە پێیان وایە زۆربەی خەڵک تێکەڵ بە سیستمی سەرمایەدارى بوون. ئیتر وانییە کە چینى رێکخراوى کرێکار بێجگە لە زنجیری کۆیلەتى شتێکی دیکەى نەبێ تا لە دەستی بدات. ئەمڕۆ زۆر شتی هەیە لە دەستی بدات. ئەم ئاڵوگۆڕە نە تەنیا ئاستی مادی بەڵکوو ئاستی دەروونیشى گرتۆتەوە. وشیاری جەماوەر گۆڕاوە. لە هەموو ئەمانەش گرنگتر ئەوەیە کە دام و دەزگاکانی هێزی دەسەڵاتدار چەندە دەتوانن نە هەر وشیاری، بەڵکوو بەشى ناوشیار (نەست) ى تاک دەستکارى و کونترۆڵ بکەن. هەر بەمهۆیە بوو کە هاوڕێیانی من لە قوتابخانەی فرانکفۆرت دا، دەروونناسییان وەک یەکآ لە گرنگترین بوارەکانی زانست دەزانى و پێیان وابوو دەبێ دەروونناسی لەگەڵ تیۆری مارکسیستى تێکەڵ بکرێ - ئەڵبەت نە بەو مانایە کە جێگەی تیۆری مارکسیستی بگرێتەوە، بەڵکوو ئاوێتەى ببێت.
مەگى: ئێوە خۆتان هەوڵتان داوە تا فرۆیدیزم لەگەڵ مارکسیزم تێکەڵ بکەن. بەڵام زۆر کەس دەڵێن ئەم کارە ئیمکانی نییە و ئەم دوو پرسە لەگەڵ یەکتر ناکۆکن. بە وتەیەکی سادەتر تیۆری مارکسیستی رادەی پێشکەوتنی تکنۆلۆژی بە دواین بنەما و ژێرخانی هەموو هەڵس و کەوت و ئاکارە ئینسانییەکان دەزانێ. بەمپێیە، ڕادەی گەشەی ئامێرەکانی بەرهەمهێنان لە هەر کۆمەڵگایەک و لە هەر سەردەمێکا، شێوەی پێکهاتنی چینەکان دیارى دەکات، هەرئەمەش شێوەى پێوەندى تاکەکان دیارى دەکات، یانى ئەو شتەى کە مارکسیستەکان "سەرخان" ى پێ دەڵێن، بەمجۆرە گەشە دەکا و پێکدێت، یانی ئایدیۆلۆژى و ئایینەکان، فەلسەفە و هونەر و هەموو سیستمە ئەخلاقی و یاساییەکان لەسەر بناغەی ژێرخان دروست دەبن. بەڵام، بەڕای فرۆید، ڕوونکردنەوەی هەڵسوکەوت و ئاکارەکانی مرۆڤ خەسڵەتێکی تەواو جیاوازترى هەیە و بەپێى بنەمایەکی دیکە راوەستاوە و دەبێ لە ناخی هەست و خواست و ترس و سام و خەون و خولیاکانی نەستی مرۆڤدا بۆی بگەڕین کە بەهۆی شکانەوە و لادانی پێوەندى سەرەتایى مرۆڤ، بەتایبەت لەگەڵ دایک و باوکى، سەرکوت دەکرێن. سەرکوتبوونی ئەو هەست و خواستانە، ناکۆکی پێکدێنآ و زۆربەی وزەی دەروونی ئێمە، یانى ئەو بزوێنەرە ناوشیارانەی کە دەبنە هۆی هەڵخڕاندن و هاندانی ئێمە، بەرهەمی ئەم ناکۆکییانەن. بەپێی ئەم تیۆرییە بەشی زۆری ئەو شتەی کە مارکسیستەکان "سەرخان"ی پێدەڵێن، ناوەرۆکی چەپێندراوی دەروونە کە هەڵدەقوڵێ و سەررێژ دەکات. وەک دەبینین ئەم دوو شرۆڤەیە نە هەر جیاوازن، بەڵکوو لە بناغەدا دو شرۆڤەی تەواو جیاوازن کە یەک دیاردە راڤە دەکەن. کەوابوو ئێوە چۆن دەتوانن ئەم دوانە لە یەک تیۆریدا ئاراستە بکەن؟
مارکوزە: من پێم وایە بە ئاسانی دەتوانن لەگەڵ یەک تێکەڵاوبن و تێکەڵبوونیشان کارێکی باش و پیرۆزە. بەڕای من ئەم دوانە ]یانی مارکسیزم و فرۆیدیزم[ دوو بۆچوون لە دوو ئاستی جیاوازى گشتێک راڤەدەکەن. پاڵنەرە سەرەتاییەکان، ئەو پاڵنەرە ناوشیارە سەرەتاییانە کە فرۆید باسی کردوون - یانى وزەی شەهوانی و وزەی کاولکار، ئیرۆس ]یان عەشقی شەهوانی[ و تاناتووس ]یان مەرگ[، غەریزەى ژیان و غەریزەى مەرگ لە قاڵبی جڤاتێکی فەرزى و دیاریکراودا گەشە دەکەن کە بەشێوەی جۆراجۆر دەرکەوتەکانیان رێکدەخەن و یاسایى دەکەن. کاریگەری کۆمەڵگە تەنانەت لەمەش تێدەپەڕێ. بە ڕای فرۆید، هەرچەندە لە کۆمەڵگایەک سەرکوت زیاتر بێت، رادەی هەڵشاخان و سەربزێوی لە دژی ئەم سەرکوتەش زۆرتر دەبێت. لەلایەکی ترەوە، چونکە بەڕای فرۆید، سەرکوت بەدرێژەى گەشەى شارستانیەت بەناچار زیاتر دەبێ، هاوکات لەگەڵى ڕادەی هەڵشاخان و سەربزێویش پەرەدەستێنێ. بە وتەیەکیتر، هەرچی شارستانیەت پتر گەشە بکات، رادەی کاولکاری – چ کاولکردنی خۆ یان ئەویدى، فەوتاندنى سوژە یان ئوبژە- زیاتر دەبێت. بەڕای من، ئەم بۆچوونە راستییەکانی کۆمەڵگەی ئەمڕۆ بەباشی رۆشن دەکاتەوە.
مەگى: بەشێ لەو کەسانەی گوێ لە باسەکەمان دەگرن، حەتمەن لێرەدا شتێکیان وەبیردێتەوە. ئەو لیستەی کە ئێوە لەمەڕ کەموکورتى تیۆرى مارکسیستى باستان کرد بەڕاستی سامناکە: پێشبینی نەکردنی سەرکەوتنی سەرمایەداری و، سەرئەنجام کۆتایی دەورى چەمکی پرۆلیتاریا، زێدەڕۆیى ئەندێشەی مارکسیستی بۆ وەرگرتنى بەها مادییەکانی کۆمەڵگەى بورژوایی، دژایەتى لەئاست ئازادى تاک و نەبوونى هیچ تیۆرییەک سەبارەت بە تاک. ئێوە لە نووسراوەکانتانا لەوە زیاتریشتان باسکردووە. هەروەها باسى ئەوەشتان کردووە کە دەبآ گرنگى بە فرۆیدیزم بدرێ چونکە لە پاش مارکس سەریهەڵداوە. بە سەرنجدان بەم خاڵانە زۆربەی خەڵک لە خۆیان دەپرسن، کەوابوو بۆچی تۆ و ئەندامانی دیکەى قوتابخانەی فرانکفۆرت هەروا بە مارکسیستى ماونەتەوە، یان دەتانەوێ بمێننەوە؟ کاتێ تیۆرییەک ئەوەندە هەڵەی تێدایە، ئیدى قازانجی لە چی دایە؟ بۆچی خۆتان بەتەواوی لە بەندی ئەم تیۆرییە رزگار ناکەن و بە دیدێکی نوێ سەیری دنیا ناکەن؟
مارکوزە: وڵام سادەیە: چونکە بەڕای من، خودی تیۆرییەکە پووچەڵ نەبۆتەوە. ڕاستییەکەی ئەوەیە کە هەندێ چەمکى مارکسیستى، دەبێ سەرلەنوێ لێکبدرێنەوە، بەڵام ئەم لێکدانەوە شتێک نیە کە لە دەرەوەڕا هاتبێتە نێو تیۆری مارکسیستی، بەڵکووو شتێکە کە خودى تیۆرى مارکسیستى وەک تیۆرییەکى مێژوویی و دیالکتیکى، پێویستی پآ هەیە. زۆر چەمکی گرنگ و رۆشن لە مارکسیزمدا هەیە کە ڕەوتی ئاڵوگۆڕی سەرمایەداری دروستی ئەوانی سەلماندووە و من بە ئاسانی دەتوانم باسى بکەم: چەقبەستنی هێزی ئابووری، لێکبەسترنی دەسەڵاتی ئابووری و دەسەڵاتی سیاسی، دەستێوەردانی ڕوو لە زیادبوونی دەوڵەت لە ئابووری، کەمبوونەوەی رادەی سوود و، پێویستى گرتنەبەری سیاسەتی نیو ئەمپریالیستی بۆ پێکهێنانی بازاڕە تازەکان و ئەگەری پاشەکەوت کردنی بەرینتری سەرمایە و... ئەم پرسانە زۆر جێگای سەرەنجن و لەمەڕ گرنگی و ڕەوایی تیۆری مارکسیستی زۆر شتمان پێدەڵێن.
مەگى: زۆر حەزم دەکرد لەسەر هەموو ئەم پرسانە، باسمان بکردایە، بەڵام بەداخەوە دەبێ کورتی بکەینەوە...
مارکوزە: بۆچی؟
مەگى: چونکە مەبەستى ئەم باسە ناسینى روانگەکانی ئێوەیە، ئەگەر باسى ئەو پرسانە بکەین دەبێ لە زۆر شتی دیکە چاوپۆشی بکەین. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ناتوانم لە هەموو وتەکانت بەئاسانی تێپەڕم... بۆ نموونە ئێوە باسی چەقبەستنی ڕوو لەگەشەی هێزی ئابووری دەکەن، بەڵام ئایا پێتان وانییە کە بەهۆی دامەزراندنی کۆمپانیا هاوبەشە گشتییەکان، ئەمڕۆ سەرمایەداری زیاتر لەهەر کاتێک دابەش بووە؟ یان باسی تێکەڵبوونی هێزی ئابووری و دەسەڵاتی سیاسی دەکەن. راستە، بەڵام ئەوەی لە دێموکراسی رۆژاوادا ڕوویداوە ئەم شتەیە کە بەشی بەرینى بڕیارەکان، چ لە ئابووری و چ لە حکومەتدا، بە نوێنەرانى خەڵک سپێردراوە کە راستەوخۆ لەلایەن خودی خەڵکەوە هەڵبژێردراون.
مارکوزە: دەبێ بڵێم ئەوە کە باسی کۆمپانیا هاوبەشە گشتییەکانتان کرد، لە راستیدا یەکێ لە چەمکە بنەمایەکانی رڤیزیونیزمی مارکسیستیتان باس کرد، کە یەکەم جار خودی ئنگڵس کەڵکی لێوەرگرتووە. کۆمپانیای هاوبەشی گشتی، کە خاوەندارێتى لەودا دابەش کراوە، وەک "فۆرمێکی سەرەتایى" کۆمەڵی سۆسیالیستی حساب دەکرێ. بەڵام ئەمڕۆ هەموومان دەزانین ئەم شتە راست نیە. دڵنیام ئێوەش دەزانن کە لە کۆمپانیاى گەورەى فرەنەتەویی دا، ئیتر مڵکداران دەسەڵاتی سیاسەتى نەتەوەیى یان جیهانى کومپانیاکەیان بەدەستەوە نیە. خاوەندارێتى بەتەنیایى گرنگ نیە. ئەوەى گرنگە و رۆڵى دیاریکەرى هەیە ئەوەیە کە کآ هێزەکانى بەرهەمهێنان کونترۆڵ دەکات. ئایا ئیوە بەراستى پێتان وایە کە سیاسەتمەداران خۆیان بە تەنیایى و وەک تاکێکى ئازاد بڕیار دەدەن؟ ئایا هیچ جۆرە پێوەندییەک لەنێوان سیاسەتداڕێژان و هێزى گەورەى ئابوورى دا، نیە؟
مەگى: من دڵنیاتان دەکەم کە سیاسەتمەداران لەژێر دەسەڵاتى قازانجى ئابوورى تایبەتی دا نین. بەپێچەوانەوە، بەشى تایبەتى سەرمایە بەردەوام هەوڵى ئەوە دەدات کە سەرنجى سیاسەتڤانان بۆ لاى خۆی رابکێشێ. بەداخەوە دەبێ لێرەدا ئەم باسە تەواوبکەین و بگەڕینەوە بۆ قوتابخانەى فرانکفورت. لە پێشەکى باسەکەدا باسى دوو کەس لە ئەندامانى قوتابخانەى فرانکفورتم کرد، پێم خۆشە زیاتر لەسەر تایبەتمەندی شەخسى ئەو دوو کەسە قسە بکەن، چونکە دوستى نزیکى ئێوە بوون.
مارکوزە: بەڵى، ئەرکى بەڕێوبردنى سەنتەر بە ئەستۆى هۆرکهایمر بوو، ئەو لەلایەکەوە بیرمەند و کومەڵناسێکى پسپۆڕ و بەئەزموون بوو، لەلایەکى ترەوە بەرپرسى کاروبارى ماڵى سەنتەر بوو. ئەو نە تەنیا لە ئەڵمان، بەڵکوو لە ئەمریکایش زۆر باش ئەرکى خۆى بەڕیوەبرد. ئەو بەگشتى ئینسانێکى هەڵکەوتوو بوو. هیچ وتارێ لە وتارەکانى گۆڤارى سەنتەر بەبێ پرسى ئەو و هاوڕییانى تر نەدەنووسرا. ئادورنۆ مروڤێکى ناوازە بوو. بۆیە دەڵێم ناوازە، چونکە کەسى وەک ئەوم نەدیوە، کە وەک خۆتان ئاماژەتان پێکرد، هاوکات لە کۆمەڵناسى، فەلسەفە، دەروونناسى، مۆسیقى دا شارەزایى یەکسانى هەبآ. بەراستى سەیربوو. کاتێ قسەی دەکرد، دەکرا دەقى قسەکانی بەبێ هیچ دەستێوەردانێک چاپ بکرێت، یانی بەتەواوی ئامادەی چاپ بوو. زۆر کەسی تر هەبوون کە بەداخەوە بەو جۆرەی شیاو بوون نەناسران و فەرامۆش کران. وەک لیۆ لیونتال کە رەخنەی ئەدەبی سەنتەر بوو، بیرمەندی مافناسى بەناوبانگ فرانتس نویمان ، پسپۆڕی گەورەی فەلسەفەى ماف ئۆتۆ کیرشهایمر ، ئابووریناس و مێژووزانی کەموێنە هنری گروسمان کە تا ئێستە کەسی سەرسەختی وەک ئەوم لە ئابووری مارکسیستی دا نەدیوە بەجۆرێک کە تەنانەت ساڵی رووخانی سەرمایەدارى پێشبینی دەکرد!
مەگى: وەک هەندێ پیاوی مەسیحى چاخی نێوەڕاست کە رۆژی حەشریان پێشبینی دەکرد!
مارکوزە: هەر وەها فریدریک پولوک رۆڵی زۆر گرینگ و دیاریکەری لە تۆژینەوەى ئابووریی سەنتەردا دەگێڕا. پێموایە یەکەم وتار کە لەودا باسی ئەوە کرابوو کە هیچ بەڵگەیەکی ئابووری بڕواپێکراو لە گەوهەرى سەرمایەداری دا نیە کە رووخانی ئەم سیستمە گەرەنتى بکات، نووسینی پولوک بوو. ئەو هەروەها سیستمی سەرمایەداری دەوڵەتی و بنەماکان و داهاتووی مێژوویی ئەم سیستمەی بەشێوەی رەخنەگرانە راڤەکرد.
مەگی: یەکێتر لە ئاڵوگۆڕە فکرییەکانی قوتابخانەی فرانکفۆرت کە هەموو ئێوە بە پێڕەوی راستەوخۆ لە لوکاچ ئەنجامتان دا، ئەوە بوو کە لەجیاتی گرنگیدان بە بەرهەمەکانی مارکسى پیر بەرهەمەکانی مارکسى لاوتان بەرجەستە کرد، یانى ئەو بەرهەمانەی کە لەژێر کاریگەری راستەوخۆی فەلسەفەی هێگل دا نووسراون. یەکێ لە ئاکامەکانی ئەم کارەش گرنگیدان بە چەمکى "لەخۆنامۆیی" بووە کە پێم وایە سەرەتا هێگل دایهێناوە و دواتر مارکس وەریگرتووە و گرنگی و مانایەکی تازەتری پێبەخشیوە. لەوە بەدوا، لە مەوداى زیاتر لە50 ساڵدا، ئەم چەمکە لە ئەندێشەی رۆژاوادا فەرامۆش کرا. بۆوەى ئێوە لە قوتابخانەی فرانکفۆرتدا لە ژیاندنەوەى ئەم چەمکەدا دەوری گرنگتان هەبووە، پێمان خۆشە لەم بارەوە وتەکانت ببیسین.
مارکوزە: ئەمە باسێکی ئێجگار ئاڵۆزە. مارکس پێى وابوو کە "لەخۆنامۆیی" چەمکێکی ئابووری-کۆمەڵایەتی یە و (ئەگەرچی رەنگە نەتوانم بە باشى مەبەستم بەکورتى بگەیەنم) مەبەستى ئەوەیە کە لە سیستمی سەرمایەداری دا ژنان و پیاوان ناتوانن وزە و تواناى ئینسانی و تاکی بپشکوێنن و پێویستى خۆیان دابین بکەن. ئەم ناکامییەش سەمەرەی شێوەى بەرهەمهێنانی بورژوازییە و تەنیا بە گۆڕینی بنەڕەتی ئەم سیستمە چارەسەر دەکرێ. بەڵام ئەمڕۆ مانای لەخۆنامۆیی ئەوەندە پەرەی پێدراوە کە مانای سەرەکی بەتەواوی لەبیرکراوە و هەرجۆرە ئاستەنگ و نەخۆشێیەکی دەروونی بە لەخۆنامۆیی دەزانن. کەچى نازانن نابێ هەموو کێشەکان، لەوانە ئەگەر کچێ لەگەڵ هاوڕێ کوڕەکەی کێشەى هەیە، بە هۆکردى شێوەی بەرهەمهێنانی سەرمایەدارى بزانن.
مەگى: بە وتەیەکی تر پێتان وایە ئەم چەمکە بە لاڕێدا براوە و چەواشە کراوە.
مارکوزە: ئەرێ چەواشە کراوە و دەبێ ساغ بکڕێتەوە.
مەگى: یانى مانای سەرەکی ئەم چەمکە هێشتا هەر گرنگی بنەڕەتی هەیە.
مارکوزە: بەڵێ گرنگی بنەڕەتی هەیە...
مەگى: تا ئێرە باسی ئەو شتانەمان کرد کە قوتابخانەی فرانکفۆرت دژایەتی کردوون و رەخنەی لێگرتوون: لەوانە رەخنە لە مارکسیزم و سەرمایەداری. بەڵام لێرەدا ئەم پرسە دێتە ئاراوە کە قوتابخانەی فرانکفۆرت داکۆکی لە چی کردووە؟ یان رێم بدە ئەم پرسیارە ئاوا ئاراستە بکەم: بە ڕای تو خزمەتە پۆزەتیڤەکانی قوتابخانەی فرانکفۆرت چین؟
مارکوزە: لە سادەترینەوە دەست پێدەکەم. کاریگەرترین خزمەتى پۆزەتیڤی قوتابخانەی فرانکفۆرت پێشبینی و دەرکی فاشیزم بوو کە لەڕووى دەروونی و زاتییەوە لەگەڵ سیستمى بورژوازی پێوەندی هەبوو. دووهەم شت - کە بەڕای خودی هۆرکهایمر، وەک شتێکی دەگمەن و ئیمتیازی قوتابخانە حساب دەکرا- هەڵوێستى فرەڕەهەندى لەئاست کێشە گەورە سیاسى کۆمەڵایەتییەکانى سەردەم بوو، یانى بەزاندنی سنوورى ئاکادمیکى دابەشکردنی کار و کەڵکوەرگرتن لە کۆمەڵناسی و دەروونناسی و فەلسەفە بۆ دەرک و شیکردنەوەی کێشەکانی سەردەم و هەروەها بەمەبەستى وڵامدانەوەى ئەم پرسە، کە بە راى من، گرنگترین پرسە، یانى ئەوە کە: "چ ئاستەنگآ لە ژیاری رۆژاوادا پەیدابووە کە رێک لە تڕۆپکی گەشەی تکنیکى دا، حاشا لە گەشەى مرۆڤ دەکرێت: یانی لەنێوچوونى مرۆڤایەتى و جوامێری و هەستى بەرزى ئینسانی و زیندووکردنەوەی ئەشکەنجە وەک ئامێری "ئاسایی" لێپرسینەوە و پەرەسەندنی رەهەندی کاولکاری وزەی ناوەکی و لەنێوچوونی ژینگە و هتد؟ بۆچى وابوو؟" ئێمە لە قوتابخانەی فرانکفۆرت دا گەڕاینەوە بۆ مێژووی فکری کۆمەڵایەتی و، هەوڵماندا ئەوە ڕۆشن بکەینەوە کە چ کردەوە و دژکردەوەیەک لەنێوان پێشکەوتن و سەرکوت لە مێژووی فکری رۆژاوادا هەبووە، بەتایبەت لە چاخی رۆشنگەری دا ]یانى سەدەى هەژدەهەم[کە وەک پێشەنگترین قۆناغى مێژوو حساب دەکرآ. ئێمە دەمانویست لە تێکەڵاویی حەتمى رەوتى رزگاری بەخش و رەوتى سەرکوتکەر تێبگەین.
مەگى: ئەو دیمەنە کە ئێوە ئاراستەی دەکەن وێنەی گرووپێ لە مارکسیستەکانە کە هەموویان لە بیرى ئەوە دان کە لاوازى لە کوێ دایە؟ لەم دیمەنەدا جۆرێک تیۆرى سیاسى بەرهەمى ناهومێدى بەدى دەکرێ. وادیارە بنەماى هەموو شتێک جۆرێک روانگەى رەشبینانەیە: ناهۆمێدى نە تەنیا لە تیۆری مارکسیستی، بەڵکوو لەئاست راستییە کۆمەڵایەتیەکان و لە چینی کرێکار، چونکە نەیتوانی وەک چینێکی شۆڕشگێڕ دەرکەوێت. ئایا بەگشتى جۆرێ ناهومێدی و رەشبینى لە قوتابخانەی فرانکفۆرت دا هەبوو.
مارکوزە: ئەگەر ئەوجۆرەی ئێوە باستان کرد مەبەست لە ناهومێدى، ناهومێدی لە چینی کرێکارە، من بە راشکاوی ئەم شتە رەت دەکەمەوە. کەسمان مافى ئەوەمان نیە چینی کرێکار بەهۆى ئەو شتەى دەیکات، یان نایکات، بە تاوانبار بزانین. کەوابوو، ئەگەر مەبەست ئەمەیە، دەڵێم نا. بەڵام جۆرێکیتر لە ناهومێدی هەبوو کە پێشتر ئاماژەم پێکرد، بەڕاى من ئەوە ناهومێدییەکى راستەقینە بوو، ئەویش ئەوە بوو کە ئەو سامانە بەرینە کۆمەڵایەتییە کە بەهۆى سەرکەوتنی بورژوازى پێکهاتووە، بەشێوەی ڕوولەگەشە، نە هەر لە خزمەت ئاوەدان کردنەوەدا نیە، بەڵکوو لە دژی دامەزرانی جڤاتێکی باشتر و خاوێنتر و ئینسانیتر بەکاردەبرێ. ئەگەر مەبەستی ئێوە لە ناهومێدی ئەمەیە، بەڵێ ڕاستە...
مەگی: ئایا ئەرکی سەرەکی ئێوە لە قوتابخانەی فرانکفۆرت تۆژینەوە لەمەڕ چۆنیەتی سەرهەڵدانی ئەم ناهومێدییە بوو؟
مارکوزە: بەڵێ.
مەگى: کەوابوو کاری سەرەکی قوتابخانەی فرانکفۆرت لێکدانەوە و تۆژینەوە بوو.
مارکوزە: ڕێک وابوو. بۆیە هەندێ جار چەمکى "تیۆری رەخنەگرانە " بۆ بەرهەمەکانی قوتابخانەی فرانکفۆرت بەکاردێنن.
مەگى: یەکێ لەو بوارانەی کە قوتابخانەی فرانکفۆرت هەر لە سەرتاوە گرنگی پێدەدا، جوانیناسی بوو، هەر ئەمەش قوتابخانەی فرانکفۆرتی لە هەموو قوتابخانە فکرییەکانی تر و بەتایبەت لە فەلسەفەی سیاسی جیادەکردەوە. ئێوە خۆتان لەم ساڵانەی دواییدا زۆر کتێبتان لەمەڕ جوانیناسی نووسیوە. بۆچی ئێوە و هاوڕێیانتان ئەوەندە جوانیناسیتان بە گرنگ زانیوە؟
مارکوزە: من پێموایە -هەر بۆیەش زیاتر لە هەمووان لە ئادورنۆ نزیکتر بووم- کە لە هونەر و ئەدەبیات و مۆسیقادا زۆر روانگە و هەقیقەت بەیان دەکرێ کە بەهیچ شێوەیەکی تر ناکرێ راڤە و بڵاوبکرێتەوە. لە هونەر و جوانی دا رەهەندێکی تەواو تازە دەکرێتەوە کە لە دنیای واقێعدا یان سەرکوت دەکرێت، یان بە نهێنی و شاراوە دەمێنێتەوە، یانى زۆر دیمەن لە وجودی مرۆڤ و سروشت کە ئیتر لە بەندی یاسا و نەریتى سەرکوتکەردا نین و رەنگە بە نرخى مەرگ، لە هەوڵى بەدیهاتن و رزگاری دان. من هەوڵم داوە شایەتێ بۆ ئەم مانایە بێنمەوە و بڵێم... رێم بدەن لێرەدا وشەیەکى سامناک بەکار بێنم... پەیامی هونەر و ئەدەب ئەمەیە کە دنیا رێک ئەو شتەیە کە ئاشقان لە هەر چاخ و سەردەمێکا تێگەیشتوون، دنیا هەر ئەو شتەیە کە شا لیر و ئانتۆنی و کلۆپاترا ئەزموونیان کردووە. بە وتەیەکی تر، هونەر دابڕانێکە لە بنەماى سەقامگیری ریالیزم و لە هەمان کاتدا، بۆ وێنەى رزگارى دەگەڕێ.
مەگى: ئەم شتە لەگەڵ ئەوەی پێشتر باستان کرد هاودەنگی تەواوی هەیە، یانى ئەوە کە سۆسیالیزم دەبێ باسى چۆنیەتى شێوە ژیانێکیتر بکات، نە تەنیا باسى ئاڵوگۆڕى مادی بکات. ئەگەر ئەدەبیات بە سەرچاوەی بەها تازەکان بزانین، بەم ئاکامە دەگەین کە- بەپێچەوانەى رەخنەی ئەدەبی مارکسیستی– نابآ ئەدەبیات تەنیا بە رەخنەى کۆمەڵایەتى و ئامێری شۆڕش بزانین.
مارکوزە: من هەر ئەدەبێکی رەسەن بە خاوەن ئەم دوو شتە دەزانم. ئەدەبیات، لەلایەکەوە، سکاڵایەکە لە دژی کۆمەڵگەی ئێستا و، لەلایەکی ترەوە، مزگێنی ڕزگارى دەدات. من قەت لەگەڵ ئەم بۆچوونە نیم کە دەبێ ئەدەبیات تەنیا لە چوارچێوەی شۆڕشی چینایەتی و پێوەندی بەرهەمهێنان دا راڤەبکرێت.
مەگى: هەر وەک ئێستا وتم ئەمە یەکێ لە بوارەکانی کاری ئێستای بیرمەندانی پێڕەوى نەریتی مەکتەبى فرانکفۆرتە. بەڕای تۆ قوتابخانەی فەلسەفی ئێوە لە داهاتووی نزیکدا، لە چ بوارێکیتردا کاردەکات؟
مارکوزە: من تەنیا دەتوانم باسى خۆم بکەم. بەڕای من دەبێ زۆر زیاتر لە پێشوو گرنگی بە بزاڤی رزگاریخوازی ژنان بدرێت. من ئەمڕۆ لە بزاڤی رزگاریخوازای ژناندا زۆر وزە و توانای ئێجگار بەهێز دەبینم... رێم بدەن ئەم باسە بەکورتی لە دوو رستەدا بەیان بکەم. تا ئەمڕۆ، هەر دەسەڵاتێک کە لە مێژوودا تۆمار کراوە، دەسەڵاتی باوکسالارى بووە و، کەوابوو ئەگەر زیندوو بمێنین نە تەنیا یەکسانی ژنان لەئاست یاسادا دەبینین، بەڵکوو سەقامگیربوونی تایبەتمەندی تەواو ژنانە دەبینین، یانی سڕینەوەی توندوتیژی و گەشەی وزەى عاتفى و مێرەبانی. ئەم پرسە سەرەتای سەرهەڵدانی جڤاتێکە کە لەڕووی چۆنییەوە تەواو جیاوازە. یانی رووى دیکەى دەسەڵاتی توندوتیژ و وحشیانەی پیاوانە. ئەڵبەت من دەزانم کە ئەم تایبەتمەندییە ژنانەیە بەرهەمی بارودۆخى کۆمەڵایەتیەیە...
مەگى: زۆر کەس هەن کە تایبەتمەندى تەواو ژنانە بە مانای پێشداوەری و هەڵاواردنی ڕەگەزی دەزانن. من پێموایە زۆربەی لایەنگرانی ئێوەش هەروان.
مارکوزە: من گرنگی بەم شتانە نادەم. ئەمانە بەرهەمی هەلومەرجی کۆمەڵایەتین، بەڵام بەهەر حاڵ لەئارا دان. کەوابوو، ئێمە دەبآ ئەم لاوازییە بەهێز بکەین و "سروشتى دووهەمین" وەک هێزێکی کۆمەڵایەتی ئاراستەبکەین.
مەگى: لە کۆتاییدا دەمەوێ رەخنەیەک کە زۆر جار بەرەو ڕووتان دەبێتەوە لاى خۆتان باس بکەم، گرنگترین رەخنە هەر ئەوەیە کە پێشتریش باسم کرد، یانی ئێوە خۆتان بۆ تیۆرییەکى دۆڕاو، یانی مارکسیزم، قەتیس کردووە و، سەرئەنجام هەموو شتێ بەشێوەى ناڕاست دەبینن و راڤەى دەکەن. ئەو دنیایە کە ئێوە باسی دەکەن، دنیایەک نیە کە لە کەنار خۆماندا بیبینین، دنیایەکە کە تەنیا لەنێو پێکهاتەى فکری ئێوە دایە. ئایا بۆ ئەم ڕەخنەیە وڵامێکتان هەیە؟
مارکوزە: من پێم وانییە کە تیۆری مارکسیستى پووچەڵ بۆتەوە. ناکۆکى راستیەکان لەگەڵ مارکسیزم هەر بەپێى مارکسیزم، یانى بەهۆى ئاڵوگۆڕى دەروونى چەمکەکانى مارکسیزم، راڤە دەکرێت.
مەگى: ئەگەر هەموو ئەو کەموکورتییانە کە خۆتان پێتان وایە لە مارکسیزم دا هەیە نابێتە هۆی ئەوە کە ئەم تیۆرییە وەلابنێن، ئەى چی دەتوانآ ئێوە لە مارکسیزم پەژیوان بکاتەوە؟
مارکوزە: تیۆری مارکسیستی کاتێ پووچەڵ دەبێتەوە کە ناکۆکى نێوان سامانی کۆمەڵایەتى ڕوولەگەشە و بەکارهێنانی کاولکەرانەی لە چوارچێوەی خودی سەرمایەداری دا چارەسەر بکرێت، رۆژێک کە ژاراویکردنی ژینگە بۆ هەمیشە کۆتایی بێت، رۆژێک کە سەرمایە بتوانێ بەشێوەی ئاشتیخوازانە گەشە بکات، رۆژەێک کە مەودای نێوان هەژار و دەوڵەمەند کەم بێتەوە، رۆژێک کە گەشەی تکنۆلۆژی لەپێناو گەشەی ئازادی مرۆڤ دا وەگەڕکەوێت – دووپاتى دەکەمەوە رۆژێک کە هەموو ئەم کێشانە لە چوارچێوەی سەرمایەداری دا چارەسەر بکرێن، تیۆری مارکسیستی پووچەڵ دەبێتەوە.
مەگى: یانى تۆ پێتوایە کاتێ سەرمایەداری هەر چەشنە کەمایەتییەک تێپەڕێنێ و بە لوتکەی گەشەى خۆی بگات، مارکسیزم پووچەڵ دەبێتەوە، یانى لەڕاستیدا مارکسیزم قەت پووچەڵ نابێتەوە. بەڵام جیا لەمانە زۆر ڕەخنەی دیکە هەن کە پێم خۆشە باسی بکەم. زۆرجار دەڵێن چەپی نوێ زیاتر ئلیتیستە. دەڵێن چەپى نوێ لە چەند گرووپێک لە روناکبیرانی چینی نێوەڕاست پێکهاتووە کە زیاتر خۆپەرست و دەماربەرزن و لەگەڵ چینی کرێکار (کە خۆی بە پێشەنگی شۆڕش دەزانێ) بێگانەن. دەڵێن بەشی زۆری چەپی نوێ پێڕەوی مۆدی رۆژن و لە چینی کرێکار جیابوونەتەوە، یان دەڵین چینی کرێکار کە بڕیار بوو کارگێڕی راستەقینەی شۆڕش بێت، سەرئەنجام وەک چینێکى دژە شۆڕش و کونسرڤاتیڤ دەرکەوتووە و روانگەی لە زەمین تا ئاسمان لە روانگەی چەپی نوێ دوورە.
مارکوزە: من تایبەتمەندی "ئلیتیست" رەت دەکەمەوە و پێموایە کە ئەم وشەیە پیشاندەری خۆئازاردانی تاقمێک لە چەپی نوێیە. ئەوەی هەیە نوخبەگەرایی (ئلیتیزم) نیە. ئێمە چەند گرووپێکی بچووکین کە بە ڕای من باشتر وایە بە گرووپی کاتالیزۆر یان خێرایى بەخش ناودێر بکرێین. یانى ئەو گرووپانەی کە بەهۆی هەندێ ئیمتیاز یان خوێندەواری یان فێرکاری، ئەقڵ و وشیاری خۆیان بە دوور لە پرۆسەی مادی بەرهەمهێنان پەروەردە دەکەن. ئەم پرسە بە بڕیاردان چارەسەر ناکرێ، تەنیا لە ڕەوتی ئاڵوگۆڕدا چارەسەر دەکرێ. جگە لەوەش، من قەت نەم گوتووە کە دەستەی کاتالیزۆر دەتوانآ جێگەی چینی کرێکار وەک کارگێڕی شۆڕش بگرێتەوە. ئەمانە گرووپی فێرکارین و کاریان زیاتر راهێنانی سیاسییە. زیاتر کاریان گەشەپێدان بە وشیارى و پووچەڵ کردنەوە و کۆنترۆڵ کردنی وشیارى دام و دەزگاى دەسەڵاتدار و پیشاندانی دەرفەتى ئاڵوگۆڕى تیۆری و زانستیە. بەڵام راستییەکەى ئەوەیە کە ئەم گرووپانە قەت ناتوانن جێگەی چینی کرێکار بگرنەوە.
مەگى: رەخنەیەکى دیکە کە زۆرجار ئاراستەدەکرێ ئەوەیە کە نووسراوەکان و بەرهەمەکانی قوتابخانەی فرانکفۆرت نە تەنیا دژوارن، بەڵکوو زۆرجار ئاڵۆزن و خەڵک لێیان تێناگات. بۆ نموونە ئادورنۆ دێنمەوە. ئێوە پێشتر وتتان ئادورنۆ مرۆڤێکی ناوازەیە. بەڵام من پێم وایە کەس ناتوانێ بەرهەمەکانی ئەو بخوێنێتەوە. بەڕای من ئەم شتە لەنێوان ئەندێشەی قوتابخانەی فرانکفۆرت و خەڵک کە دەیانویست لەم ئەندێشەیە تێبگەن، لەمپەرێکی گەورەى سازدەکات. کەوابوو ئەمە پرسێکى گرنگە و وەک دەبینین جگە لە فەلسەفەی قوتابخانەی فرانکفۆرت زۆر فەلسەفەى تر هەن کە نووسەرانێکی تواناتریان هەیە. بۆ نموونە لە فەلسەفەی لێکدانەوەی زمان دا، مێتۆدیک بۆ شەفاف نووسی و تەنانەت وردبینی لەئارا دایە. هەر چۆنێک بێت، برتراند راسێل خەڵاتی ئەدەبی نوبێلى بردەوە- یان ژان پۆل سارتر بەناوبانگترین شرۆڤەکاڕ و لایەنگری ئێگزیستانسیالیزم. کەوابوو کاتێ مرۆڤ فەلسەفەی ئێگزیستانسیالیزم یان فەلسەفەى زمان دەخوێنیتەوە، لەگەڵ دەقێکى شاز بەرەوڕوو دەبێ. بەڵام کاتێ بەرهەمەکانی قوتابخانەی فرانکفۆرت دەخوێنیتەوە...
مارکوزە: من تا ڕادەیەک لەگەڵ تۆ دام، دانى پیادەنێم کە لە زۆربەی نووسراوەکانی ئادورنۆ تێناگەم. بەڵام دەمەوێ چەن وشەیەک لەمەڕ ئەو شتەی کە ئادورنۆ بۆ روونکردنەوەی ئەم پرسە گوتوویە، بڵێم. بەراى ئادورنۆ زمان و دەقی ئاسایی، هەر چەندەش جوان و زانستیانە بن، بەڕادەیەک لەژێر کاریگەری "سیستم" دان و ئەوەندە دەسەڵات و دەستکاری دەزگای دەسەڵاتداریان پێوە دیارە، کە بۆ پووچەڵکردنەوەی ئەم ڕەوتە ناچاری لە زماندا پیشان بدەی کە پێوەندی خۆت لەگەڵ جەماوەر پچڕاندووە. تێکۆشان بۆ گەیاندن و تێگەیاندنى ئەم پچڕاندنى پێوەندییە بەهۆى رێزمان و وشەکان و تەنانەت داڕشتنەوە، لەم شتەوە سەرچاوە دەگرێت. بەڵام بەڕاى من پەلەکردن بۆ سادەکردنەوەی کێشەى ئاڵۆز و سامناکی ئەمڕۆ بە هەمان رادە پڕمەترسییە.
مەگى: لە کۆتاییدا دەمەوێ، ئەگەر رێم بدەن، پرسیارێکی شەخسى ئاراستە بکەم. ئەزموونى ئێوە لە مێژوودا بۆ کەم کەس پێش هاتووە. ئێوە تەمەنێکی دوور و درێژ کەسێکی ئاکادمیک و توێژەرێک بوون کە تەنیا تاقمێکی بچووک لە قوتابیان و خوێنەرانى پسپۆڕ نووسراوە و کتێبەکانی ئێوەیان دەناسى، کەچى لەپڕ لە پیریدا، بەشەوێک ناوبانگتان جیهانی بۆوە. ئەمە رووداوێکى ئێجگار سەیرە کە ڕەنگە بۆ کەسێک ڕووبدات. ئەوکات چ هەستێکتان هەبوو؟
مارکوزە: لەلایەکەوە زۆر خوشحاڵ بووم، بەڵام لەلایەکی ترەوە، دەمبینی کە شایانی ئەو شتە نیم. ئەگەر ئەمە کۆتایی باسەکە بێ، دەمەوێ نەختێ ڕووداری بکەم و بەمجۆرە وتەکانم تەواو بکەم... بەڵام، نا، رووداریش نییە. کاتێ دەیانپرسى"بەڕاستى سەیرە، چۆن دەکرآ؟" هەمیشە دەموت: "من تەنیا بەمهۆیە وەها ناوبانگێکم دەرکرد چونکە خەڵکی تر لە من شیاوتر نەبوون."
مەگى: ئیمکانی نەبوو کەس چاوەڕوانى ئەوەی نەدەکرد. پێموایە خۆت قەت لە خەونیشدا وەها شتێکت نەدەبینی.
مارکوزە: نا، بەدڵنییاییەوە، نەمدەبینى.

سەرچاوە: مردان اندیشە، براین مەگى، عزت اللە فولادوند، نشر طرح نو، تهران 1382، ک.هـ 105-127.
په‌ڕاوێزه‌کان:

1- The Frankfurt school
2 -Theodor adorno
3 -Max horkheimer
4 -Herbert marcuse
5 -reified
6 -montaigne
7 -Egoismus und freiheitsbewegung
8 -The superstructure
9 -Eros
10-Thanatos
11-Life instinct
12-Death instinct
13-Repression
14-Aggressiveness
15-Pre-form
16-Leo lowenthal
17-Franz neumann
18-Otto kirchheimer
19-Henry Grossman
20-Frederick pollock
21-State Capitalism
22-Georg Lukasc (1971-1885). بیرمەندى مارکسیستى هەنگارى
23-alienation
24-interdisciplinary
25-Critical theory
26-Antony and Cleopatra, King Lear. ئاماژە بە قارەمانانى دوو شانۆنامەى گەورەى شیکسپێر دەکات.
27-Relations of production
28-Patriarchal domination

نظرات

پست‌های معروف از این وبلاگ

زمان، نووسین، میدیا و ...

زمان، نووسین، میدیا، گوتاری نەتەوایەتی، ناسنامە و پەروەردە گفتوگۆ لەگەڵ د. جەعفەر شێخولیسلامی پرۆفیسۆری میوان، زانکۆی سۆران، کوردستان پرۆفیسۆری هاوکار، زانکۆی کارلتن، کەنەدا ئا: هادی محەمەدی سەرەتا: د. جەعفەر شێخولیسلامی ساڵی ١٩٦٠ لە گوندی لاچین، سەر بە شاری مەهاباد، لە دایک بووە. هەر لەو شارەدا خوێندنی سەرەتایی و ناوەندیی تەواو کردووە. لە کۆتایی حەفتاکاندا، بە دزی خۆی فێری زمانی زگماکی کردووە و دەستی بە نووسینی شیعر و چیرۆکی کوردی کردووە. لە سەرەتای هەشتاکاندا، لەناو میدیاکانی سەردەمی ڕاپەڕینی رۆژهەڵات و باشووری کوردستان و، دواتریش لە میدیای ئێرانی لە بوارەکانی هەواڵنێری، وتارنووسین، چیرۆک، شانۆنامە، رۆڵی شانۆیی و وەرگێڕاندا چالاکی نواندووە. لە ساڵی ١٩٨٨ بە ئەم لاوە، لە وەڵاتی کەنەدا نیشتەجێ بووە و، لەم بوارانەدا خوێندوویەتی: ئەنستیتۆ/پەیمانگە (کتێبخانە و ئاگاداری)، بەکالیۆرۆس (زمانەوانی گشتی)، بەڵگەنامەی مامۆستایەتی (زمانی ئینگلیزی وەکوو زمانی دووهەم)، مەستەر (زمانەوانی کارەکی/کارکردی) و دوکتۆرا (پێوەندییە گشتیەکان—گوتار و میدیا). دوای ئەوە کە نزیکەی دە ساڵ ما

"ئەقڵ و شۆڕش"، هێربێرت مارکوزە

کورتەیەک سەبارەت بە "ئەقڵ و شۆڕش"ی هێربێرت مارکوزە نووسینی توماس ئالمێر و: لە ئاڵمانییەوە: هادی محەمەدی مارکوزە کە لە ئاڵمانەوە ئاوارەی ئەمریکا بووبوو، ساڵی ١٩٤١ کتێبی „Reason and Revolution“ ی بە زمانی ئینگلیسی چاپ کرد. ئەم کتێبە دواتر بە ناوی „Vernunft und Revolution“ یانی ئەقڵ و شۆڕش/وەرچەرخان بە زمانی ئاڵمانی وەرگێڕدرا. مارکوزە لەم کتێبەدا هەوڵ دەدات بە سەرنجدان بە ئەندێشەی مارکس، کاریگەری فەلسەفەی هێگل لەسەر تیۆری کۆمەڵایەتی پیشان بدات. مارکوزە لەسەر ئەوە پێدادەگرێ کە هێگل بەپێچەوانەی زۆرێک لە بیرمەندانی پێش خۆی، لە بواری بزاڤ و ئیدەی پێشکەوتنخوازانەدا دیدگایەکی شێلگیرانەی هەیە. ئەو پێی وایە کە واوەتر لە گەشەکردنی پێکهاتەی فاشیستی لە جڤاتی ئێمەدا، پێویستە فەلسەفەی هێگل سەرلەنوێ بخوێنینەوە. ئەم کتێبە لە دوو بەش پێکهاتووە. لە بەشی یەکەم دا بنەماکانی فەلسەفەی هێگل ڕاڤە دەکات، لە بەشی دووهەم دا ڕەوتی پێکهاتنی تیۆری کۆمەڵایەتی شی دەکاتەوە. هەر لە بەشی دووهەم دا کە بابەتی ئەم وتارەی منە، بە سەرەتایەک بەناوی "لە فەلسەفەوە بەرەو تیۆری کۆمەڵایەتی"