رد شدن به محتوای اصلی

من و ئەندێشەی دیالکتیکی

من و ئەندێشەی دیالکتیکی
چۆن "لوکاچ"م ناسی؟
ن: هادی محەمەدی


ساڵانی  1988تا1998  ساڵانێکی چارەنووسساز بوون. زۆر رووداوی گەورە و گران لە جیهان روویاندا. هەر لە روخانی دیواری بێرلین، تا لێکترازانی یەکێتی سۆڤیەت، هەر لە کیمیابارانی هەڵەبجە تا تێرۆری رێبەرانی کورد، هەر لە جەنگی کەنداو تا ئازادبوونی کوردستانی باشور و ...
ئەو ساڵانە سەردەمی وشیاربوونەوە و بەخۆداهاتنەوە بوو. فەزای گشتی وڵات بەجۆرێک بوو کە بەشێوەی ئوتوماتیک هەر مرۆڤێکی وشیاری بەرەو ئەندێشەی چەپ دەبرد. ئێمەش گرووپێک جەوانی کەم تەمەن و بێ ئەزموون بووین. هەر کە چەند کتێبی وەکوو "ماتریالیزمی مێژوویی و ماتریالیزمی دیالکتیک"مان دەخوێندەوە، پێمان وابوو ئیتر شۆڕشگێڕ و رۆشنبیرێکی چەپی تەواو عەیارین، هەموو شتێک لە ئێمەوە دەست پێدەکا و هەر بە ئێمەش کۆتایی دێت.
 من بۆ خۆم لە بەرهەمەکانی مارکس تەنیا مانیفێستم خوێندبوو. ئیتر نە ئیدیۆلۆژی ئاڵمانی، نە نەقدی فەلسەفەی هێگل، نە کاپیتاڵ، نە گرۆندریسە، تەنانەت ئانتی دوورینگی ئنگڵسیشم نەخوێندبوو. تا چ بگات بە کانت و هێگل و فویرباخ! بەڵام بەمەیشەوە خۆم لە هەموان پێ چەپتر بوو، لە پاپ کاتوولیکتر بووم. پێم وابوو جوابی هەموو پرسیارەکان و چارەسەری هەموو پرسەکان لە لای منە.
بەدبەختی ئەوە بوو کە لەو سەردەمەدا بەهۆی فەزای رەش و هیستریکی وڵات، کتێبەکانی بواری ئەندێشەی دیالکتیکی یان تەرجمە نەکرابوون، یان بەهۆی فیلتری حیزبی توودەوە سادە و چەواشە کرابوون. بەهەرحاڵ، پاش چەند ساڵێک هەستم کرد دۆگماتیزم تەنگی پێ هەڵچنیوم و بە بنبەست گەیشتووم. بنبەستێکی سەختی فکری فەلسەفی. حاڵێکی ئێجگار ناخۆشم هەبوو کاتێ هەستم دەکرد کە وەڵامی هەموو پرسیارەکان دراوەتەو و هیچ شتێکی تازە لەئارادا نییە. ژیان ئێجگار بێ مانا و بێ تام بوو. دۆخێکی سامناک و گیان ژاکێن بوو. نەشمدەزانێ رێگە چارە چییە، کەسیش نەبوو رێنوێنیم بکات...
بەکورتی ئەو سەردەمە هاوکات لەگەل کار و ژیانی رۆژانە، هەر لە خویندنەوە بەردەوام بووم. تا ئەوە کە لە سەردەمی دەوڵەتی خاتەمی دا، وەزیری فەرهەنگ وتبووی با کتێبە مارکسیستیەکانیش چاپ بکرێن، ئێمە دەبێ بە ئەندێشە جوابی ئەندێشە بدەینەوە!؟ هەر لەم کاتەدا شەڕ و کێشەی هەر دوو باڵی رژیم خەریک بوو بەرەو تەقینەوە دەچوو. رۆژنامەکان پڕ بوون لە باسی سیاسی گەرم و گوڕ. منیش هەر رۆژەو رۆژنامەیەکم دەکڕێ و دەمخوێندەوە. جارێ وابوو دوو جۆر رۆژنامەم دەکڕی. جگە لە خوێندنەوەی باسەکان، خراپ جۆرێ عادەتم بە جەدوەلەکان کردبوو. هەموو شەوێک جەدوەلێکم حەل دەکرد. هەر لەم سەروبەندەدا، شەوێک لە کاتی حەلی جەدوەل دا، تووشی بەسەرهاتیکی سەیر هاتم. یەکێ لە پرسیارەکان ئاوا بوو:
 ناوی نووسەری کتێبی تاریخ و ئاگاهی تەبەقاتی کە لەم دواییانەدا بە فارسی تەرجمە کراوە چییە؟ پرسیارێکی سەیر بوو و ئەمن جوابەکەیم نەدەزانی. بەڵام کاتێ وەڵامی هەموو پرسیارەکانی ترم دایەوە، وەڵامی ئەو پرسەش بەشێوەی ئوتوماتیک درایەوە و ناوی نووسەرم بۆ ئاشکرا بوو: گیورگ لوکاچ!
ئێستا دەزانم کە ئەو پرسیارە چ پرسێکی وردبینانە و زیرەکانە بووە. چونکە هەم نووسەری کتێبەکە بەهۆی دەسەڵاتی تۆتالیتری ستالین تەنگی پێ هەڵچنرابوو و بۆ ماوەیەک دەنگی خەفە کرابوو، هەم لە ئێرانیش، دەسەڵاتی تۆتالیتری ئیسلامی بەر لە چاپ بوونی کتێبەکە وەرگێڕ/پویندەی خنکاندبوو!
بەیانی ئەو رۆژە لە شاردا، بەدوای کتێبەکەی لوکاچ دا کەوتمە گەڕان و پشکنین. تەواو شار گەڕام، کتێب نەبوو. دواتر کتێب فرۆشییەکانی شاری سنەش هەمووی گەڕام، هەر نەبوو. دەیانوت هاتووە و خێرا تەواو بووە، ئێستا ئیتر قاچاخە! بەمجۆرە من ئەوەندەی تر حەریس و تینوو و تامەزرۆ دەبووم.
ئاخری لە رێگەی دۆستێکەوە لە تاران پەیام کرد و خێرا کەوتمە خوێندنەوەی. بەر لە هەر شتێک پێشەکی هەرە شاز و بەناوبانگی "لوسیەن گوڵدمەن"م خوێندەوە. تەواو سەرسامی کردم. هەر کە ئەمەم خوێندەوە، هەستم بە شادی و ئارامی کرد. ئەرێ، هەر خێرا ئاسۆی رووناکم دەبینی، تیشکی هۆمێد و رزگاریم بەدی دەکرد. رزگاری لە بنبەست و دۆگماتیزم، نەک هیچ شتێکی تر...
 دواتر کەوتمە خوێندنەوەی کتێبەکە، تا ئاخر خوێندمەوە، بەڵام هیچی لێ تێنەگەیشتم، ماوەیەک دواتر جارێکی تر خوێندمەوە، تەنیا چەند شتێکی لاوەکی نەبێ دیسان هیچی لێ تێنەگەیشتم. دیسان هانام بۆ گوڵدمەن بردەوە. ئاخر وەک خۆی دەڵێ ئەم کتێبە بەیەکجاری جیهانبینی ئەوی ژێراو ژوور کردووە. ئەرێ، لە بیرمە یەک- دوو کتێبێکم لە گوڵدمەن خوێندەوە. خاڵی گرنگ ئەوە بوو کە گوڵدمەن فێری کردم کە وەک میتۆد لوکاچ و مارکس بخوێنمەوە نەک وەک چەند پرنسیپیکی نەگۆڕ. ئەوجار وردە وردە هەستم کرد دەتوانم لە کتێبەکە تێبگەم. دواتر پاش سالانێک بیرکردنەوە و خوێندنەوەی کتێبەکانی تری بواری ئەندێشەی دیالکتیکی، بەتایبەت کارەکانی پویندەی نەمر، بە باشی لە ئەندێشەی لوکاچ تێگەیشتم، ئەوسا زانیم کە تێکڕای ئەندێشەی سیاسی، رۆشنبیری و جوانیناسی سەدەی بیستم لەژێر کاریگەری ئەو دایە.
ئێستاش پێم وایە لە دنیای بێ رۆح و داڕزیوی کاپیتالیزم دا، خوێندنەوەی بەرهەمەکانی لوکاچ و گوڵدمەن، بۆ خەڵکانی وشیار و خەباتکار ئێجگار گرنگ و پێویستە. بەتایبەت ناسینی ئەندێشەی لوکاچ، بۆ چەپی دۆگم و سێکت و سەهۆڵبەستووی رۆژهەڵاتی ناڤین و کوردستان لە هەموو شتێک پێویست ترە. بۆ چەپی ئوروپا و ئەمریکاش هەروەتر...
چەند ساڵێک دواتر ئەم کتێبەم بە کوردی تەرجمە کرد و لە کوردستانی باشوور چاپ کرا.


نظرات

پست‌های معروف از این وبلاگ

زمان، نووسین، میدیا و ...

زمان، نووسین، میدیا، گوتاری نەتەوایەتی، ناسنامە و پەروەردە گفتوگۆ لەگەڵ د. جەعفەر شێخولیسلامی پرۆفیسۆری میوان، زانکۆی سۆران، کوردستان پرۆفیسۆری هاوکار، زانکۆی کارلتن، کەنەدا ئا: هادی محەمەدی سەرەتا: د. جەعفەر شێخولیسلامی ساڵی ١٩٦٠ لە گوندی لاچین، سەر بە شاری مەهاباد، لە دایک بووە. هەر لەو شارەدا خوێندنی سەرەتایی و ناوەندیی تەواو کردووە. لە کۆتایی حەفتاکاندا، بە دزی خۆی فێری زمانی زگماکی کردووە و دەستی بە نووسینی شیعر و چیرۆکی کوردی کردووە. لە سەرەتای هەشتاکاندا، لەناو میدیاکانی سەردەمی ڕاپەڕینی رۆژهەڵات و باشووری کوردستان و، دواتریش لە میدیای ئێرانی لە بوارەکانی هەواڵنێری، وتارنووسین، چیرۆک، شانۆنامە، رۆڵی شانۆیی و وەرگێڕاندا چالاکی نواندووە. لە ساڵی ١٩٨٨ بە ئەم لاوە، لە وەڵاتی کەنەدا نیشتەجێ بووە و، لەم بوارانەدا خوێندوویەتی: ئەنستیتۆ/پەیمانگە (کتێبخانە و ئاگاداری)، بەکالیۆرۆس (زمانەوانی گشتی)، بەڵگەنامەی مامۆستایەتی (زمانی ئینگلیزی وەکوو زمانی دووهەم)، مەستەر (زمانەوانی کارەکی/کارکردی) و دوکتۆرا (پێوەندییە گشتیەکان—گوتار و میدیا). دوای ئەوە کە نزیکەی دە ساڵ ما

"ئەقڵ و شۆڕش"، هێربێرت مارکوزە

کورتەیەک سەبارەت بە "ئەقڵ و شۆڕش"ی هێربێرت مارکوزە نووسینی توماس ئالمێر و: لە ئاڵمانییەوە: هادی محەمەدی مارکوزە کە لە ئاڵمانەوە ئاوارەی ئەمریکا بووبوو، ساڵی ١٩٤١ کتێبی „Reason and Revolution“ ی بە زمانی ئینگلیسی چاپ کرد. ئەم کتێبە دواتر بە ناوی „Vernunft und Revolution“ یانی ئەقڵ و شۆڕش/وەرچەرخان بە زمانی ئاڵمانی وەرگێڕدرا. مارکوزە لەم کتێبەدا هەوڵ دەدات بە سەرنجدان بە ئەندێشەی مارکس، کاریگەری فەلسەفەی هێگل لەسەر تیۆری کۆمەڵایەتی پیشان بدات. مارکوزە لەسەر ئەوە پێدادەگرێ کە هێگل بەپێچەوانەی زۆرێک لە بیرمەندانی پێش خۆی، لە بواری بزاڤ و ئیدەی پێشکەوتنخوازانەدا دیدگایەکی شێلگیرانەی هەیە. ئەو پێی وایە کە واوەتر لە گەشەکردنی پێکهاتەی فاشیستی لە جڤاتی ئێمەدا، پێویستە فەلسەفەی هێگل سەرلەنوێ بخوێنینەوە. ئەم کتێبە لە دوو بەش پێکهاتووە. لە بەشی یەکەم دا بنەماکانی فەلسەفەی هێگل ڕاڤە دەکات، لە بەشی دووهەم دا ڕەوتی پێکهاتنی تیۆری کۆمەڵایەتی شی دەکاتەوە. هەر لە بەشی دووهەم دا کە بابەتی ئەم وتارەی منە، بە سەرەتایەک بەناوی "لە فەلسەفەوە بەرەو تیۆری کۆمەڵایەتی"

قوتابخانەى فرانکفۆرت

مارکوزە و قوتابخانەى فرانکفۆرت marcuse and Frankfurt school براین مەگى سەرەتا: ئەو قەیرانە ئابوورییە کە لە مەوداى دوو جەنگى جیهانیدا زوربەى وڵاتانى رۆژئاوایى گرتەوە، بەڕاى زۆربەى چەپەکان سەرەتاى رووخانى سیستمى سەرمایەدارى بوو کە ئەوان بەردەوام لە تیۆری مارکسیستى دا پێشبینیان کردبوو. ئەگەرچى بەپێى ئەم تیۆرییە دەبوو ئاکامى ئەم دۆخە بە کۆمۆنیزم بگات، بەڵام لە هیچ وڵاتێکى ئوروپا ڕژیمى کۆمۆنیستى نەهاتە ئاراوە. به‌پێچه‌وانه‌وه‌ ئەوەى سەرکەوت فاشیزم بوو. هەندێ لە چەپەکان بەجۆرێک لەم دۆخە ناهومێد بوون کە بەجارێک دەستیان لە مارکسیزم هەڵگرت. هەندێکى تر قەت تووشى ڕاڕایى نەهاتن و هەروا لەسەر بڕواکانى خۆیان مانەوە. گروپێکى تریش لەنێوان ئەم دوو رەوتەدا وەک چەپ مانەوە- یان دەیانویست بمێننەوە- بەڵام پێیان وابوو، بۆوەى مارکسیزم بتوانێ هەروا جێگەى بڕوا و متمانە بێت، دەبێ سەرلەنۆى شروڤە بکرێ و بەخۆیدا بچێتەوە. گرووپێ لەم کەسانە کۆتایى دەیەى 1920 لە شارى فرانکفۆرت کۆبوونەوە، کە دواتر بە ئەندامانى "قوتابخانەى فرانکفۆرت" ناوبانگیان دەرکرد. لە راستیدا ئەم کەسانە بۆ ماوەێکى زۆر لە فرانکفۆرت نە