گۆنای خاتوون و قنگی رۆمانە
سەربەخۆیی کوردستان یان ...؟
"ساڵی ١٩٩٢ کە راپەڕین روویدا و کوردستانی باشوور ئازاد کرا، من
ئەوکات هاتوچووی فەرانسەم دەکرد. لەگەڵ کۆمەڵێک خەڵکی یەهوودی دۆست و رەفیق بووین.
ئەوان زۆر بە شوور و شەوقەوە بەدوای هەواڵەکانی کوردستانەوە بوون. هەر جارەو کە
منیان دەبینی، دەهاتن و دەیانپرسی: دادەی تخوا بۆمان باس بکە، چیتان کرد، بە کوێ
گەیشتن؟
منیش بەپوختی رەوتی رووداوەکانم بۆ باس دەکردن. کە قسەکانم تەواو دەبوو،
راشکاوانە دەیانوت: چەند حەز دەکەین کە کورد بە مافەکانی بگا و ببێت بە خاوەنی
دەوڵەتی خۆی!
ئەوان خەڵکانێکی ژیر و دەوڵەمەند و
سەربەخۆ بوون. پێوەندیشیان لەگەڵ دەوڵەتی ئیسرایل نەبوو. وەلحاسڵ، چەند سال ڕابرد
تا ئەوە کە لە ساڵی ١٩٩٥ لەنێوان یەکێتی و پارتی دا شەڕی نێوخۆیی دەستی پێکرد...
هەر لەو کاتەدا ئەمن دیسان بەسەفەرێک چووبووم بۆ فەرانسە. ئەمجارەیان
دەبینم هاوڕێیانی پێشووم، لێم لالووتن. سەرەتا نەمدەزانی مەسەلە چییە، پێم سەیر
بوو! تا ئەوە کە ئێوارانێک لەگەڵ سیانیان پێکەوە دانیشتین. یەکیان زۆر قسەخۆش و
ئەهلی تەوس و پلار بوو. هەر کە دانیشتین و قومێکمان خواردووە، پرسی:
- "ئەوە چییە، خۆ دەبینم برادەران خەریکن دایکی یەکتر دەگێن؟"
من ئەوکات لە داخ و پەژارەی ئەو وەزعە نگریسەدا کونەی ژەهر بووم، قسەم پێ
نەدەکرا. بۆیە لە وەڵام دا وتم:
تکات لێ دەکەم، لێم گەڕێ! دەستم لێ مەدە، زامەکانم مەکولێنەوە!
وتی:
باشە تۆ هیچ مەڵی، بەڵام گوێ بگرە با من بەسەرهاتێکی تەوساویت بۆ بگێڕمەوە!
وتم: باشە، فەرموو!
وتی: ساڵگارێک پێش ئێستا ماڵمان لە
لۆبنان بوو، لە کوچە و کۆڵان کۆمەڵێک کەسی گەنج بووین، هەموو پێکەوە رەفیق بووین.
کوڕێکی هەژاریش هەبوو، ناوی حەمەد بوو، نۆکەری ماڵێکی دەوڵەمەند بوو. خزمەتچی بوو.
دەیوت بە ڕەگەز کوردم، بەڵام زمانی کوردی نەدەزانی. بەتەمەن گەنج بوو، بەڵام
چەپۆکی رۆژگار تێکیشکاندبوو، پیری کردبوو. خاوەن ماڵ کابرایەکی دەوڵەمەندی مەسیحی
بوو. ژنێکی هەبوو، ئێجگار شۆخ و نازدار، جوان و کابان، تەڕ و ناسک، عالەم بە
عەزرەتی بوون. نەجیبزادە بوو. دەیانوت بەڕەگەز لە کوردانی باکوورە، دەمێک ساڵ پێش
ئێستا ئاوارە و پەڕیوەی ئەم دەڤەرە بووگن. هەموان بەم ژنەیان دەوت خاتوون.
بەڕاستیش هەر خاتوون بوو. جا خاتوون کچێکی عەرەبی هینابوو، وەک کارەکەر، خزمەتی
دەکرد. کچەکەش ناوی رۆمانە بوو. رۆمانە بە عەرەبی یانی هەنار، بەڵام ئەم چاخ و
نەپۆڕ و ناشیرین بوو. هەنار نەبوو. وەلحاسڵ! چەند رۆژێک بوو ئێواران دەمبینی کە
حەمەد شەوقێکی تێکەوتووە. پێدەکەنێ، بسکەی سمێڵێ دێ. ئاخری لێم پرسی:
- "چییە کوڕ هەڵتیزە دیوار! چەند رۆژێکە شەوقێکت تێ کەوتووە؟ وەک
خاسەکەو قاسپەت دێت! دە بیگێڕەوە با منیش لەم شادیەت دا بەشدار بم!
سەرەتا دەیشاردەوە، نەیدەوێرا
باسی بکات. بەڵام کاتێ زانی کە من دەس هەڵناگرم. هاتە قسە و وتی سوێند بخۆ کە لای
کەس باسی نەکەیت!
وتم: بەڵێن بێ، بەڵێنی شای مەردان.
ئەوجار بەهەستەوە بزەیەک گرتی و وتی:
- "کورە گوێ بگرە بزانە منی کوڵۆڵ دەرگەی بەختم لە کوێوە
کراوەتەوە!"
وتم:
-
دا دەی بێژە بزانم، چی بووە!
چی رووی داوە!
وتی: کورە ماڵت نەشیوێ، هەفتەیەک پێش ئێستا زیتکەیەک لەسەر گۆنای خاتوون
شین بووبوو. بۆیە هەستا و چوو بۆ لای دۆکتۆر. دۆکتور کاتێ کە دەیبینێ، پێی دەڵێ:
زیتکەیە و دەرهاتووە. هیچ عیلاجێکی نییە. خۆی بەشێنەیی لا دەچێ و خۆش دەبێتەوە.
تەنیا کات دەبات. ئەگەر گەرەکتە زوو چاک بێتەوە، با کەسێک بیمژێ بۆت. ئەگەر توانیت
کەسێ پەیاکە رۆژێ سێ جار بیمژێت. نەختێ چەوری تێ زاوە، هەڵی دەمژێ و لا دەچێ و چاک
دەبێتەوە...
"ئێستا خاتوونیش بۆ ئەم مەبەستە منی هەڵبژاردووە. وای خودایا! چ
شانسێک! رۆژێ سێ جار بەیانی و نیوەڕۆ و ئێوارە ئەمن دەم دەنیم بەو کۆڵمەوە و گۆنای
خاتوون دەمژم! تەڕ و خز و تەرچک، جوان و شیک و ناسک. کاتێ کە خەریکم دەیمژم، بۆنی
بلاوێنی هەناسەی سێحراوی، بۆنی عەتر و عەبیری کەزیەکانی تەواو مەست و حەیرانم
دەکات. منی یەخسیر، منی دیل وەک باڵندەیەکی ئازاد و بەختەوەر لەوپەڕی چێژ و خۆشی
دا بەو ئاسمانە شینەوە دەفڕم. گۆنای خاتوون دەمژم و سەربەست دەفڕم... دەیمژم و
دەفڕم... دەفڕم و دەفڕم..."
کابرای یەهوودی درێژەی بە قسەکانی دا و وتی: بەڵام زەوق و شەوقی حەمەد زۆر
درێژەی نەکێشا. دوای یەک هەفتە گۆنای خاتوون چاکەو بوو و ئیتر حەمەد هەر نۆکەرەکەی
جاران بوو. سەرکز و خەفەتبار. کەس هەواڵی نەدەپرسی. ساڵێک دواتر بینیم کە خراپتر
بووە. خەفەت و پەژارە دایگرتووە. کە ئەمەم دی لێم پرسی:
- ئەوە دیسان چ بووە حەمەد؟ بۆ ئاوا تێکشەمزاوی؟
ئەم جارەش دیسان باسی نەدەکرد.
دەیویست بیشاریتەوە. بەڵام من دەس هەڵگر نەبووم، کاتێ کە زانی دەس هەڵناگرم،
ئەوجار وتی:
- کورە گوێ بگرە بزا لە شانسە شەڕەکەم ئەم جارە تووشی چی هاتووم!
وتم:
- ئادەی، چی بووە، بێژە بزانم!
وتی:
- چەند رۆژێک بوو رۆمانە، ئەو کچە عەرەبەی کارەکەری خاتوون، هەڵسوکەوتی
گۆڕا بوو، دەتوت ئێش و ئازارێکی هەیە. بەتایبەت نەیدەتوانی دابنیشێت. تا ئاخری
خاتوون لێی دەپرسێ: ئەوە چییە رۆمانە! بۆ وات لێهاتووە، بۆ خاس نایژی!؟
رۆمانەش سەرەتا دەیشارێتەوە. دەڵێ: هیچ نییە خاتوون!
بەڵام تادێ خراپتر دەبێ و ئێش و ئازار تەنگی پێ هەڵدەچنێ. تا ئاخری خاتوون
ئاگادار دەبێ کە رۆمانە رێک لە دەر قنگیەوە زیتکەیەکی زل هەڵتۆقیوە و بڕستی لێ
بڕیوە. نە دەتوانێ چاک بجووڵێ، نە دابنیشێ. خاتوون کە ئەمە دەبینێ، ئەڵێ: ئەی قوڕم
بەسەر هەی! دەی بۆ زوو قسەت نەکرد!
خاتوون خێرا دەکەوێتە بیری
زیتکەکەی سەر گۆنای خۆی. بە رۆمانە دەڵێ: جا ئەوە چییە! هیچ نییە، خەم مەخۆ! ئەوە
من چارەسەری دەزانم. دەبێ حەمەد بیمژێ و ئەو چڵک و خوێن و زووخاوەی تیا نەمێنێ.
ئەوجار زوو چاک دەبیتەوە.
ئەرێ! منی کوڵۆڵ ئێستا رۆژێ سێ جار زیتکەی قنگی رۆمانە دەمژم، هاوکات کە
چەوری و چڵک و خوێن هەڵدەمژم، بۆنی ئارەقەی ناوگەڵ و بۆنی پیسی قنگی رۆمانە خەریکە
دەمخنکێنێ! هۆی ئەوەیە کە پەژارە دایگرتووم و داتەمیوم..."
کابرای قۆشمەی یەهوودی لە کۆتایی دا وتی: ئێستا ئەو وەزعە قۆڕەی کوردستان،
ئەو بەسەرهاتەی وەبیر هێنامەوە: حەمەد ئەوەی لە گۆنای خاتوون هەڵیمشت بوو، لە قنگی
رۆمانەدا دۆڕاندی! برادەرانیش ئەو دەسکەوتەی کە بەهۆی ڕاپەڕین بەدەستیان هێنابوو،
لە شەڕی خۆتڕێن دا دۆڕاندیان!"
ئەمێستاکەش دروشمی سەربەخۆیی بەهاری پێشوو، کە دەکرا بە یەکێتی و یەکڕیزی
هەموو نەتەوەی کورد بەدی بێت، بەهۆی نۆکەرایەتی بۆ سپای بەدر و سپای قودس، بە فیتی
تاران پووچەڵ کرایەوە و برادەران سەرشۆڕانە گەڕانەوە بۆ بەغدا... بەغدای سەرشۆڕی و
کۆیلایەتی، بەغدای چڵک و خوێن و بۆگەنی ناوگەڵی رۆمانە...
تێبینی: ئەم
چیرۆکەم بەپێی گێڕانەوەیەکی رێئال نووسیوە.
هیچ نظری موجود نیست:
ارسال یک نظر