یاداشتی وه‌رگێڕ
زه‌رده‌شت:
مێژوو، زمان، کولتور، ناسنامه
له‌مێژ ساڵ
بوو تامه‌زرۆی رێباز و ئه‌ندێشه‌ی زه‌رده‌شت بووم؛ ئه‌م حه‌زه هه‌م له شعری
"کرماشان" دا ره‌نگی داوه‌ته‌وه، هه‌م ساڵانێک له‌ودیو، له رۆژهه‌ڵات،
ناوی نهێنی "زه‌رده‌شت"م بۆ خۆم هه‌ڵبژاردبوو، چه‌ند به‌رهه‌مێکم هه‌ر
به‌م ناوه‌وه له میدیاکانی ده‌ره‌وه بڵاو کرده‌وه، تا دوایی کاتێ که گیرام،
گرنگترین شت که سیستمی ئه‌منی به دوایدا ئه‌گه‌ڕا، ئه‌وه بوو که زه‌رده‌شت
کێیه؟[1]
حه‌ز و
خولیای ناسینی فه‌لسه‌فه‌ی زه‌رده‌شت، به زه‌رده‌شتی نیچه ده‌ستی پێ‌کرد و به
ئاڤێستای ئیبراهیم پورداود و جه‌لیل دوستخواه گه‌یشت، به‌ڵام منی تینوو هێشتا له
سه‌رچاوه‌ی زوڵاڵی بیری زه‌رده‌شت تێر نه‌ده‌بووم. تا ئه‌وه که ئه‌مساڵ کتێبی
تۆژینه‌وه‌ی گاتاکانی دکتۆر خسره‌و خه‌زاعی م دیته‌وه. کاتێ ئه‌م کتێبه‌م خوێنده‌وه،
هه‌م مێتۆدی تۆژینه‌وه و هه‌م زمانی شیرین و پاراوی نووسه‌ر وایان لێکردم که
بیکه‌م به کوردی. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته و به‌تایبه‌ت بۆ روونکردنه‌وه‌ی ناسنامه و
زمانی زه‌رده‌شت، هه‌م کتێبخانه‌کان و هه‌م دنیای مه‌جازیم پشکنی تا توانیم به
پشتبه‌ستن به گه‌لێ به‌ڵگه‌ی مێژوویی
جوغرافی، فولکلۆریک و زمانناسانه دڵنیا بم که زمانی گاتاکانی زه‌رده‌شت، کۆڵه‌که
و پشتخانی زمان و کولتوری کوردی پێکدێنێ.
ناسینی بیر
و فه‌لسه‌فه‌ی زه‌رده‌شت و به‌تایبه‌ت گاتاکانی زه‌رده‌شت بۆ نه‌ته‌وه‌ی بنده‌ستی
کورد، گرنگی بنه‌ڕه‌تی و چاره‌نووسسازی هه‌یه. چونکه چ بمانه‌وێ یان نه‌مانه‌و‌ێ
زایه‌ڵه‌ی ده‌نگی زۆڵاڵی زه‌رده‌شت و بیری زه‌رده‌شت به‌جۆرێک له زمان و کولتور و
گیانی کوردی دا تێکه‌ڵ بووه که توێژه‌رانی وشیار هه‌ست به‌م راستییه ده‌که‌ن
که نه‌ته‌وه‌ی کورد و وڵاتی کوردستان، خاوه‌نی راسته‌قینه‌ی بیر و فه‌لسه‌فه‌ی زه‌رده‌شتن.
به‌داخه‌وه زۆربه‌ی زه‌رده‌شتناسان هه‌تا ئێستا یان به‌هۆی ناشاره‌زایی، یان به‌هۆی
بیرته‌سکی شئۆنیستی، زێد و زمانی زه‌رده‌شتیان نه‌ناسیوه، یان چه‌واشه‌یان کردووه
و له کوردستانه‌وه بردوویانه بۆ ئه‌فغانستان. ئه‌م کاره‌ش له پێش هه‌موو شتێک
دا غه‌دره له بیری زه‌رده‌شت، چونکه زه‌رده‌شت له سه‌رتاسه‌ری گاتاکان دا، درۆ
و فریوکاری به دزێوترین شت ده‌زانێ و به‌رده‌وام دژایه‌تی ده‌کا و ته‌نیا راستی
به رێگه‌ی رزگاری مرۆڤ ده‌زانێ.
ناو و زێد و
زمانی زه‌رده‌شت
تا ئێستا
زۆربه‌ی زه‌رده‌شتناسانی ئێرانی و رۆژاوایی ته‌نانه‌ت له‌مه‌ڕ ناوی "زه‌رده‌شت"
تووشی هه‌ڵه بووگن و ده‌ڵێن وشه‌ی زه‌رده‌شت یانی "خاوه‌نی حوشتری زه‌رد".
به‌ڵام ده‌وڵتشاهی
توێژه‌ری وردبین و شاره‌زای کورد بەمجۆرە ناوی زه‌رده‌شت راڤه ده‌کات: "وشه‌ی
(زه‌ره‌تاوشه‌ترا Zarathushatra) له زمانی هه‌ورامی دا یانی "مرۆڤێک که وه‌ک تیشکی خۆر ئه‌دره‌وشێ
و ئه‌بارێ".
مانای زه‌ره‌تاوشه‌ترا له
زاری هه‌ورامی دا به‌مجۆره‌یه: (زه‌ره zara) یانی وه‌ک تیشکی زێڕینی خۆر، (تاو tav) یانی دره‌وشان، تیشکهاویشتن؛ (شه‌ته‌را
shatara) یانی
بارین؛ (ئا a) یانی هاتووی، دێی. ده‌وڵه‌تشاهی هه‌روه‌ها ده‌ڵێ: "زه‌ره‌تاوش"
یانی که‌سێک که زێڕ و ئاڵتوون ده‌سازێ؛ زێڕینگه‌ر. یانی که‌سێک که گیانی مرۆڤه‌کان
له ژه‌نگ و ژار ده‌پارێزێ و وه‌کوو زێڕ خاراو و پوخته‌یان ده‌کات. [کوههای
ناشناخته اوستا، ل 160].
ناوی "زه‌ره‌تاوشه‌ترا" به‌شێنه‌یی و به تێپه‌ڕینی کات سوا و گۆڕانی به‌سه‌ردا هات و له زمانی کوردی دا بوو به "زه‌رده‌شت" و له زمانی فارسیش دا بوو به "زرتشت".
له‌مه‌ڕ زێدی زه‌رده‌شت گرووپێک
پێیانوایه که زه‌رده‌شت له رۆژاوای ئێران له دایک بووه و گرووپێکی تر ده‌ڵێن
له رۆژهه‌ڵاتی ئێران [یانی هه‌ر له‌و شوێنه که ئایینی زه‌رده‌شت له‌ودا په‌ره‌ی
سه‌ند] له‌دایک بووه. گرووپێک ده‌ڵێن له که‌ناری ده‌ریای "چیچه‌ست"
(ورمێ) له‌دایک بووه و، گرووپێکی تر ده‌ڵێن له شاری کۆنی "راگە" [یان
ره‌ی] چاوی به جیهان پشکووتووه و پاشان که گه‌وره بووه به‌ره‌و رۆژهه‌ڵاتی
ئێران کۆچی کردووه.
جه‌لیل دوستخواه ده‌ڵێ: تا ئێستا به‌ڵگه و ئارگومێنتی
زمانناسانه‌ش نه‌یانتوانیوه ئه‌م ته‌م و مژه بڕه‌وێنن که زه‌رده‌شت خه‌ڵکی کوێ
یه و به کام زمان دواوه. ئه‌گه‌ر زمانی گاتاکان به یه‌کێ له زمانه‌کانی رۆژهه‌ڵاتی
ئێران بزانین، دیسان ناتوانین وڵامی ئه‌م پرسه بده‌ینه‌وه که: ئایا ئه‌م زمانه
زمانی دایکی زه‌رده‌شت بووه، یان زه‌رده‌شت پاش کۆچکردنی بۆ رۆژهه‌ڵاتی ئێران له‌گه‌ڵ
ئه‌م زمانه، وه‌ک زمانی ئه‌ده‌بی و ره‌سمی ئه‌و ده‌ڤه‌ره به‌ره‌وڕوو بووه و
سرووده‌کانی خۆی پێ نووسیوه؟ که‌وابوو به‌ناچار ده‌بێ له باسکردن له‌مه‌ڕ زێدی
زه‌رده‌شت خۆ ببوێرین و ئاکامی تۆژینه‌وه‌ی زۆربه‌ی ئاڤێستاناسان که ده‌ڵێن بانگه‌وازی
زه‌رده‌شت له رۆژهه‌ڵاتی ئێران دا په‌ره‌ی سه‌ندووه قه‌بوڵ بکه‌ین و بێژین که:
زه‌رده‌شت کۆنترین بیرمه‌ند و دادگه‌ر و شاعیری ئێرانی له شوێنێک له ئێران دا
چاوی به جیهان پشکووت و له رۆژهه‌ڵاتی ئێران په‌یام و دینی خۆی ئاشکرا
کرد." [اوستا، د. جلیل دوستخواه، مقدمه].
ئیبراهیم پورداوود،
راڤیاری گاتاکان و مامۆستای زه‌رده‌شتناسانی ئێرانی، له‌مه‌ڕ زێد و نیشتیمانی زه‌رده‌شت
ده‌نووسێ: "پێشتر رۆژهه‌ڵاتناسان شاری به‌ڵخ، شارێکی ئه‌فغانستانی ئێستایان،
به زێدی زه‌رده‌شت ده‌زانی، به‌ڵام ئه‌مڕۆ به‌گشتی له‌سه‌ر ئه‌و ڕوانگه‌یه کۆکن
که زه‌رده‌شت له رۆژاوای ئێران له‌دایک بووه. له ئازه‌ربایجان له‌و شوێنه که
ئه‌مڕۆ به ته‌ختی سلێمان ده‌ناسرێت و ئاته‌شگه‌ی به‌ناوبانگی ئازه‌رگۆشئه‌سپ و مه‌زار
و په‌رسگه‌یه‌کی پێرۆزی لێ هه‌ڵکه‌وتووه. یاقوت حموی له‌مه‌ڕ ئازه‌رگۆشئه‌سپ ده‌ڵێ:
له‌نێوان مه‌راغه و زه‌نجان، له نزیک شاره‌زوور و دینه‌وه‌ر دایه.
زۆربه‌ی مێژوونووسانی
ئێرانی و عه‌ره‌ب هه‌ر له ئیبن خردادبێه و مه‌سعودی و یاقوت حه‌مه‌وی و قه‌زوینی
و حه‌مزه ا‌سفهانی له‌سه‌ر ئه‌م روانگه‌یه کۆکن که زه‌رده‌شت له ئازه‌ربایجان
و له که‌ناری ده‌ریای ورمێ له‌دایک بووه و باسی پله و پێگه‌ی پیرۆزی ئازه‌رگۆش
ئه‌سپ یان کردووه.
پورداود
ده‌ڵێ: "ده‌توانین بێژین که زه‌رده‌شت له رۆژاوای ئێران له دایک بووه و
هیچ فڕی به جنووبی ئێرانه‌وه نییه و بڕوا به رۆژهه‌ڵاتی ئێرانیش وه‌ک زێدی زه‌رده‌شت
ئه‌مڕۆ له‌بره‌و که‌وتووه و ئیتر که‌س لایه‌نگری لێ ناکات". [گاتها، سروده‌های
زرتشت، شرح و پێشگفتار ابراهیم پورداوود].
وه‌ک
ده‌بینین پورداود له شاگرده‌که‌ی، یانی جه‌لیل دوستخواه واقعبینتره و ناڕاسته‌وخۆ
دان به‌م راستییه‌دا ده‌نێ که زێدی زه‌رده‌شت کوردستان بووه.
*
* *
کاتێ له سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیسته‌م
دا ره‌زاشا له ئێران ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندی مۆدێرنی ئێرانی دامه‌زراند. ئێرانی
مۆدێرن به‌پێی یه‌ک زمان، یه‌ک نه‌ته‌وه بوو. ئه‌مه‌ش بریتی بوو له زمان و نه‌ته‌وه‌ی
فارس. هەر ئەوکات زۆرێک له نووسه‌ران و رۆشنبیران بۆ ساغکردنه‌وه‌ی کولتور و
ناسنامه‌ی خۆیان گه‌ڕانه‌وه بۆ ئایین و فه‌رهه‌نگ و ئه‌فسانه‌کانی ئێرانی له‌مێژین.
له‌م ناوه‌دا ئیبراهیم پورداود یه‌کێ له توێژه‌ران و پسپۆڕانی ئێرانی بوو که ده‌ستی
دایه شه‌رح و را‌ڤه‌کردنی کتێبی ئا‌ڤێستا و گاتاکان. یانی وه‌رگێرانی ده‌قی
ئاڤێستایی بۆ زمانی فارسی. پورداوود ئه‌گه‌رچی له‌نێو رۆشنبیرانی فارس دا رێز و
پرستیژێکی تایبه‌تی هه‌یه، به‌ڵام هه‌م به‌هۆی ناشاره‌زایی له خوێندنه‌وه‌ی ده‌قی
ئاڤیستادا، هه‌م به‌هۆی ده‌مارگرژی شئۆنیستی، زۆر که‌م و کووڕی به کاره‌کانییه‌وه
ده‌بینرێ. وه‌ک ده‌وڵه‌تشاهی دبێژێ ئه‌گه‌ر وه‌رگێڕی ئا‌ڤێستا زمانی کوردی، به‌تایبه‌ت
زاراوه‌ی هه‌ورامی نه‌زانێ، ناتوانێ به باشی له ده‌قی ئا‌ڤێستا
تێبگات. پورداود چەندین بەشی ئەڤێستای وەرنەگێڕاوە. بۆ وێنە له وه‌رگێڕانی فه‌روه‌ردین
یه‌شت دا، به‌ندی چوار تا هه‌شت وه‌رناگێڕێت!
ئیسمایل بێشکچی، نووسه‌ری
بوێری تورک، له وته‌یه‌ک دا ده‌ڵێ: سه‌رتاسه‌ری فه‌رهه‌نگ و ژیاری هه‌ر سێ نه‌ته‌وه‌ی
فارس و تورک و عه‌ره‌ب، به‌پێی درۆ و فریو داڕێژراوه، بۆچی؟ بۆوه‌ی که حاشایان
له رۆڵی مێژوویی نه‌ته‌وه‌ی کورد کردووه.
عمادالدین ده‌وڵه‌تشاهی،
توێژه‌ر و وه‌رگێڕی بوێری کوردی کرماشانی به وه‌رگێڕانی زامیاد یه‌شت و فه‌روه‌ردین
یه‌شت باشترین خزمه‌تی له‌پێش دا به روونبوونه‌وه‌ی راستییه‌کان و، پاشان به
زمان و کولتور و ناسنامه‌ی کورد کردووه. ده‌وڵه‌تشاهی له پێشه‌کی کتێبه‌که‌ی دا
ده‌ڵێ:
"یه‌که‌م جار له
شیراز کتێبێکی یه‌شته‌کانی پورداوودم بینی و زمانی وه‌رگێڕانی فارسی و ده‌قی ئەڤێستام
پێکه‌وه به‌راورد کرد. بینیم وه‌رگێڕانه‌که له‌گه‌ڵ ده‌قی سه‌رچاوه‌دا نایه‌ته‌وه.
بۆیه بڕیارم دا که بچم زمانی ئاڤێستایی به باشی فێر ببم و بزانم چ باسه. به‌کورتی
پاش فێر بوونی زمانی ئاڤێستایی، هه‌موو ناوچه‌کانی کوردستان، هه‌ر چوار پارچه، گه‌ڕام
و هه‌موو زاراوه‌کانی زمانی کوردیم له نزیکه‌وه بیست و ئه‌وجار ده‌ستم کرد به
تۆژینه‌وه و وه‌رگێڕانی فه‌روه‌ردین یه‌شت، هه‌م به فارسی و هه‌م به
کوردی".
کاتێ وه‌رگێڕانی فه‌روه‌ردین
یه‌شتی ده‌وڵه‌تشاهی و پورداود پێکه‌وه به‌راورد ئه‌که‌ین، ئه‌بینین که پورداوود
به‌ندی چوار تا هه‌شتی فه‌روه‌ردین یه‌شت ته‌رجمه ناکات. [هەروەها جه‌لیل
دوستخواه به‌ندی چوار تا هه‌شتی ته‌رجمه نه‌کردووه]. بە کورتی وەرگێڕانی
دەوڵەتشایی و پورداود هێندە لێک دوورن دەڵێی بەرهەمی دوو دەقی جیاوازن. به‌ڕای من
هۆکاری سه‌رکه‌وتنی ده‌وڵه‌تشاهی له‌م سێ شته دایه:
یه‌که‌م زمانی کوردی ده‌زانێ،
دووهه‌م، کەم تا زۆر لە زمانی ئاڤێستایی ده‌زانێ، سێهه‌م، خه‌ڵکی کرماشانه و شاره‌زای
کێو و شاخ و چۆم و رووبار و ناوچه‌کانی کرماشان و کوردستان و هه‌مه‌دانه. له‌مه‌ڕ
گرنگی زمانی کوردی بۆ وه‌رگێڕان و توێژینه‌وه‌ی ئا‌ڤێستا، ده‌وڵه‌تشاهی به
دڵنیاییه‌وه ده‌ڵێ که ئا‌ڤێستا به زمانی کۆنی کوردی نووسراوه، بۆ نموونه هه‌موو
یه‌شته‌کانی ئا‌ڤێستا به‌م دێڕه ده‌ست پێده‌که‌ن:
"په‌نامەم ئه‌و
یه‌زدانه‌ن تا ئه‌وه زایات". یانی: په‌نام وه ئه‌و یه‌زدانه که تۆی زاوه،
که تۆی به‌دیهێناوه. [کوههای ناشناخته، ل 20]
ئە‌ڵبەت پورداوود،
دوستخواه و زۆرێک لە نووسەرانی ئێرانی بەئەنقەست هەندێ بەشی ئەڤێستا وەرناگێڕن،
یان بە نادروست وەریدەگێڕن. هۆکاری ئەم کارەش رۆشنه. چونکه ئه‌گه‌ر ئه‌وان شوێنی
جوغرافیایی دەڤەرەکان و مانای دروستی وشەکان بەدروستی روون بکه‌نه‌وه، شیرازه‌ی ئەفسانەی
درۆیین و ئایدێنتیتی پانفارسیزم هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه.
بۆ وێنە ئه‌حمه‌د شاملوو
ساڵی 1990 له زانکۆی بێرکلی له ئه‌مریکا له بابه‌تێک دا که باسی به ده‌سه‌ڵات
گه‌یشتنی داریوشی هه‌خامه‌نشی و تێکشکانی شۆڕشی گەئۆمات ده‌کات، هەندێ لە راستییه‌کانی
روون دەکاته‌وه و چه‌واشه‌کاری فیرده‌وسی ئاشکرا دەکات[2]؛
هه‌ر ئه‌وکات شاملووی مه‌زن له‌گه‌ڵ تۆفانی جنێو و هێرشی شئۆنیستانی دۆگم به‌ره‌وڕوو
دەبێت... به‌ڵام پوورداوود و دوستخواه و کەسانی تر وه‌ک شاملو نین، که هێنده
بوێر بن که راستییەکان ئاشکرا بکه‌ن. ئەم جۆرە کەسانە له پله‌ی یه‌که‌م دا غه‌در
راستییەکان دەکەن و، له پله‌ی دووهه‌م دا، خه‌سڵه‌تی هه‌قخوازی و راستبێژی خۆیان
وه‌ک توێژه‌ری پسپۆڕ و شاره‌زا دەخەنه ژێر پرسیار!
ده‌وڵه‌تشاهی پێی وایە
که شاخ و کێوه‌کانی زاگرۆس و کوردستان، کێوه نه‌ناسروه‌کانی ئا‌ڤێستا پێکدێنن. ئه‌و
ده‌ڵێ زه‌رده‌شت له ته‌نیشت ده‌ریای ئاورامیه و له‌نێو هه‌ورامیه‌کان له دایک
بووه، دواتر له‌وێوه به‌ره‌و ئاوشینده‌ره/ ئاویه‌ر رۆشتووه، پاشان به‌ره‌و
دیناوه‌ر/ دینه‌وه‌ر رۆشتووه و لێره‌دا به یارمه‌تی که‌ی ڤێشتاسپ په‌ره‌ی به
دینی خۆی داوه. ئەی که‌ی ڤێشتاسپ کێیه؟ که‌ی ڤێشتاسپ دواین پادشای ده‌سه‌ڵاتی کەیانییه‌کان
بووه. ده‌سه‌ڵاتی کیانی به‌هۆی که‌ی قوباد دامه‌زراوه، هه‌روه‌ها که‌یکاوس که
نه‌به‌ردی رۆسته‌م و زۆراب له سه‌رده‌می ئه‌ودا رووی داوه، پادشایه‌کی تری کەیانییه...
توێژینه‌وه‌که‌ی ده‌وڵه‌تشاهی کارێکی گرنگه که ده‌توانێ زۆر تۆژینه‌وه‌ی تر به‌دوای خۆی دا بهێنێ و راستییه‌کانی مێژووی کورد و مێژووی گه‌لانی تری ناوچه‌که رۆشن بکاته‌وه.
توێژینه‌وه‌که‌ی ده‌وڵه‌تشاهی کارێکی گرنگه که ده‌توانێ زۆر تۆژینه‌وه‌ی تر به‌دوای خۆی دا بهێنێ و راستییه‌کانی مێژووی کورد و مێژووی گه‌لانی تری ناوچه‌که رۆشن بکاته‌وه.
چه‌ند وشه‌ی
هه‌ره گرنگ که له گاتاکان دا رۆڵی بنه‌ڕه‌تی ده‌گێڕن
سیستمی فه‌لسه‌فی
زه‌رده‌شت چۆن کار ده‌کات؟
ئه‌هورا/
ahoora: تێرمی
"ئه‌هورا" له ئه‌ندێشه‌ی زه‌رده‌شت دا رۆڵی بنه‌ڕه‌تی ده‌گێڕێ و وه‌ک
مه‌زنترین هێزی به‌دیهێنه‌ر و به‌ره‌وپێشبه‌ر ده‌ناسرێ.[3]
ئه‌مشاسپه‌نته/
amesha spenta: ئه‌مشاسپه‌نتان،
یانی شه‌ش گزنگی پاک و پیرۆز و نه‌مر. ئه‌مشاسپه‌نتان بریتین له شه‌ش گزنگ/فریشته
که جیهانی سروشت و جیهانی مینوویی ده‌پارێزن. سپه‌نته‌مینو یان ئه‌هورا مه‌زدا له
به‌رزترین پله و له‌سه‌ره‌وه‌ی ئه‌م شه‌ش گزنگه دایه. پاشان ئه‌م شه‌ش گزنگه‌ی
خواره‌وه دێن:
ئه‌شا/asha: به مانای راستی، به‌مانای ره‌وت
و ریتم و هارمۆنی گه‌ردوونی و جیهانی، هێزێک که جیهان به‌ره‌و پێش ده‌بات، هێزێک
که دۆخی جیهان سامان ده‌دات. به‌پێی جیهانبینی زه‌رده‌شت، هاوکات له‌گه‌ڵ به‌دیهاتنی
جیهان، ئه‌شا به‌دیهاتووه. کاری ئه‌شا بریتییه له بزاڤ و بزواندن و گه‌شه و
پێشبردنی جیهان. تێرمی ئه‌شا له‌گه‌ڵ رۆحی جیهانی ئه‌فلاتوون و رۆحی سه‌رده‌می
هێگل به‌راورد بکه. پورداود له‌مه‌ڕ دوو وشه‌ی گاتایی "ئه‌شا" و
"ئه‌شو" دبێژێ: "ئه‌شا به مانای راستی و دروستی و یاسای یه‌زدانی
و ئه‌خلاقی پاکه. هه‌روه‌ها ئه‌شو له وشه‌ی "ئه‌شاوه‌نت"سه‌رچاوه ده‌گرێت،
یانی مرۆڤێک که راستی و دروستی پێره‌و ده‌کات: راستکردار". چه‌ندین وشه‌ی وه‌کوو:
ئه‌شێ، بشێ، ئه‌شیا، مه‌شیا، شیاو، شایان، لێوه‌شاوه و ...، چ له‌باری فۆنه‌تیک و
چ له‌باری ماناوه له دوو وشه‌ی ئه‌شا و ئه‌شوو نزیکن و هه‌موویان خاوه‌ن مانای
باش و پۆزه‌تیڤن.
ڤه‌هومه‌نا/
vahumana: ئه‌م ده‌سته‌وشه‌یه له دوو وشه‌ی "ڤه‌هو" به مانای
باش، پاک، چاک، و "مه‌نا" به مانای ئه‌ندێشه، ده‌روون، مه‌به‌ست
پێکدێت. پێکه‌وه ده‌بێته ئه‌ندێشه‌ی پاک/ده‌روونی پاک. به‌گشتی مانای ئه‌م چه‌مکه
ده‌بێته به‌رزترین و باڵاترین ئه‌ندێشه که سروشت و گه‌وهه‌ری ئه‌قڵی جیهانساز
پێکدێنێ. [له‌گه‌ڵ تێرمی فۆرمی ئه‌قڵانی/ سوره‌ت مه‌عقول هگل به‌راوردی بکه]. ئه‌م
وشه‌یه له زمانی فارسی ئێستادا بۆته به‌همن، هومه‌ن، له کوردیش دا هێمن و وهمە‌ن.
خشه‌ترا/khshatra: وشه‌ی خشه‌ترا به‌مانای وزه و
توانا، شار و شا دێت؛ هه‌روه‌ها راڤیاران چه‌ندین مانای تریان لێ هه‌ڵێنجاوه:
زاڵبوون به‌سه‌رخۆدا، ده‌سه‌ڵاتی خودایی، وزه و توانای مرۆڤ و ده‌سه‌ڵاتی ئه‌ندێشه،
هێزی ئیراده و کۆشش، وڵاتی ئه‌هورایی، هه‌روه‌ها به‌مانای هێزی سه‌روه‌ری و
سازگاری... ڤه‌هومه‌نا/ئه‌ندێشه‌ی پاک ئه‌گه‌ر له مێشکی مرۆڤ دا
بمێنێته‌وه ده‌ڕزێت و ده‌فه‌وتێ، که‌وابوو تا کارا نه‌بێ و به‌کار نه‌برێ
ناپشکۆێ. خشه‌ترا چونکه له‌گه‌ڵ ئه‌ندێشه‌ی پاک له پێوه‌ندی دایه، که‌وابوو
بریتییه له کارێک که ڤه‌هومه‌نا ئاشکرا و پراکتیزه ده‌کا. به‌پێی ئه‌م وتانه،
خشه‌ترا کردارێکه که به‌پێی ڤه‌هومه‌نا پێکهاتووه، که‌وابوو ده‌بێته کرداری
پاک. هه‌ندێ له وه‌رگێڕان له‌جیاتی کرداری پاک، چه‌ندین چه‌مکی وه‌ک خزمه‌ت به
خه‌ڵک، هه‌وڵدان بۆ گه‌شه و ئاوه‌دانی و ... به‌کار دێنن. خشه‌ترا له ئاڤێستادا،
ناوی سێهه‌مین ئه‌مشاسپه‌نته که له زمانی په‌هله‌وی دا بۆته خشه‌ڎریڤه‌ر
و له فارسی دا بووته شه‌هریوه‌ر. خشه‌ڎرا له ئاڤێستادا هێمای فه‌ڕ و شکۆ و ده‌سه‌ڵاتی
ئه‌هورا مه‌زدایه. هه‌روه‌ها خشه‌ڎرا له زمانی کوردی ئێستا دا بۆته شا، شار.
ئارمه‌یتی/
armatii: له گاتاکان دا به‌مانای ئارامی،
مێهره‌بانی، هێمنی، خۆڕاگری به‌کار هاتووه. ئارمه‌یتی یانی جۆرێک ئارامی مادی و
مینوویی که له راستی هه‌وێن ده‌گرێ، ئارمه‌یتی یانی دڵئارامی، ده‌روونی ئارام. پوخته‌ی
دیدگا و جیهانبینی زه‌رده‌شت ئه‌مه‌یه که ئه‌گه‌ر مرۆڤ به‌شێوه‌ی به‌رده‌وام
خاون ئه‌ندێشه‌ی پاک بێ و ئه‌م ئه‌ندێشه‌یه به کرداری پاک بنه‌خشێنێ، ئه‌وجار ده‌توانێ
به ئارامی ده‌روونی/دڵئارامی بگات و به‌ره‌و پوخته‌یی و ژیانی جاویدان بڕوات.
ئارمه‌یتی ئاکامی ده‌سه‌ڵاتی "ئه‌شا"یه به‌سه‌ر جیهان دا. ئارمه‌یتی له
ئاڤێستادا پارێزه‌ری زه‌مینه و چوارمین ئه‌مشاسپه‌نته، له مێژووی مه‌زدایی دا
دوانزه‌هه‌مین مانگی ساڵ به ناوی سپه‌نته ئارمه‌یتی ناو نراوه و پێنجمین رۆژی
ره‌شه‌مه به رۆژی جێژن ناسراوه. [له‌بیرم دێ ساڵانێک پێش ئێستا له ناوچه‌ی
خۆمان ئێواره‌ی پێنجمین رۆژی ره‌شه‌مه ئاگرمان ده‌کرده‌وه و ده‌مانکرد به ئاهه‌نگ
و شادی، پیره‌کان ده‌یانوت: له‌م رۆژادا نه‌ورۆزی کوردی ده‌ست پێده‌کات].
هروتات/
haurvtat: به‌مانای پوخته‌یی و پێگه‌یشتوویی، هه‌روه‌ها به مانای خۆناسین،
خاراوبوون و ته‌ندروستی. له گاتاکان دا هروتات بریتییه له گزنگێکی ئه‌هورایی که
به‌رده‌وام له‌گه‌ڵ ئه‌مرتات دێت. ئه‌م وشه‌یه له زمانی فارسی دا بۆته خورداد
به‌مانای خودای پارێزه‌ری ئاوه‌کان.
ئه‌مرتات/
amertat: به مانای نه‌مریی و ژیانی جاویدان. ئه‌مرتات[4]
بریتییه له گزنگێکیتری ئه‌هورایی. که‌سێ که به‌پێی ئه‌ندێشه‌ی پاک به قۆناغی
پوخته‌یی بگات و خاراو ببێت، به ئه‌مرتات/ نه‌مری ده‌گات. ئه‌مرتات له گاتاکان
دا شه‌شمین ئه‌مشاسپه‌نته و پارێزه‌ری گیا و دره‌ختانه. رۆژی هه‌فتمی مانگی گه‌لاوێژ/
مرداد به رۆژی جێژنی ئه‌مرتاتان ناسراوه.
*
* *
پورداود
له‌مه‌ڕ کێش و هارمۆنی و فۆرمی شعری گاتاکان دبێژێ: "گاتاکان ده‌قێکی شعری و
هارمۆنیکه، به‌ڵام له شعری ئه‌مڕۆی ئێران که به‌پێی عه‌روزی عه‌ره‌بی پێکهاتووه
ناچێ، به‌ڵکوو له شعری گه‌لانی هێند و ئوروپایی ده‌چێ." (گاتها، سروده‌های زرتشت،
ابراهیم پورداوود، ل 31).
لێره‌دا
پێویسته ئاماژه به‌م راستییه گرنگه بکه‌ین که راسته کێشی شعری گاتایی له
زمانی فارسی دا نه‌ما و وه‌زنی عه‌روزی عه‌ره‌بی به‌ته‌واوی زاڵ بوو، به‌ڵام له
زمانی کوردی دا وه‌زنی گاتایی هه‌ر به‌رده‌وام بوو و بێجگه له شعر، ده‌یان و سه‌دان
به‌یتی فولکلۆری کوردی پێ هۆنرایه‌وه که زیاتر هه‌ر له‌سه‌ر فۆرم و کێشی گاتایی
دانراون [بڕوانه بۆ تفحه‌ی مزفریه، ئوسکارمان، راڤه و وه‌رگێڕانی هێمن
موکریانی، چاپی ده‌زگای ئاراس، هه‌ولێر 2011]؛ جگه له‌وه‌ش زۆربه‌ی شاعیرانی هه‌ورامی
و گۆرانی ملیان به وه‌زنی عه‌روزی عه‌ره‌بی نه‌دا و هه‌ر به کێشی بڕگه‌یی
نووسیان؛ له‌م نێوه‌ش دا کێشی 5+5 زاڵترین کێشی شعری کوردی هه‌ورامی پێکهێناوه.
هه‌ر له هۆنراوه‌ی کۆنی هۆرمزگان رمان/ ئاتران کوژان، تا به‌رهه‌مه‌کانی سه‌یدی
هه‌ورامی و بێسارانی و مه‌وله‌وی تاوه‌گۆزی و غوڵام ره‌زا ئه‌رکه‌وازی و... هه‌موویان
به‌پێی کێشی بڕگه‌یی پێنج پێنج پێکهاتوون: ئاخر سه‌فه‌رن/ را خه‌یلی دووره‌ن/ مه‌نزڵ
بێ پایان/ تووشه زه‌رووره‌ن. [مه‌وله‌وی]. ئه‌مه‌ش دیسان پێوه‌ندی و نزیکایه‌تی
دوو زمانی کوردی نوێ و ئاڤێستایی ده‌گه‌یه‌نێ.
گاتاکان وه‌ک
ده‌قێکی گرنگی فه‌لسه‌فی و جیهانی
بەپێی هەندێ بۆچوون، بیر و فه‌لسه‌فه‌ی زه‌رده‌شت
لە بزاڤی فه‌لسه‌فه‌ی رۆشنگه‌ری ئوروپادا رۆڵی گرنگی گێڕاوە. هەندێ لە بیرمه‌ندانی
چاخی رۆشنگه‌ری وەک دیدرۆ، هێگل و نیچه و ... بۆ دەربڕین و داڕشتنی سیستمی فه‌لسه‌فی
خۆیان به‌جۆرێک پشتیان به ئه‌ندێشه‌ی زه‌رده‌شت به‌ستووه. بۆ وێنە دیدرۆ وەک
نووسەری ئینسکلۆپیدیا و بناغەدانەری ماتریالیزم کاتێ دەبینێ هەموو کونسێپتێکی
زەردەشت هەر لە سپێنتە مەئینیۆ/ ئەندێشەی پاک، ئەنگرە مەئینیۆ/
ئەندیشەی چەوت، ئەهوورا/ بیری بەدیهێنەر، مەزدا/ داڎاری مەزن و
... هەموو ریشەیان لە جیهانی مادی دایە و دوورن لە تێرم
و مەفاهیمی ئەبستراکت، دەشێ ئەم پرسە لە داڕشتنی ماتریالیزمی دیدرۆدا کاریگەر
بووبێت. هەروەها ئەمن پێم وایه هێگل له
داڕشتنی دوو چه‌مکی رۆحی ره‌ها و فۆرمی ئه‌قڵانی دا به‌قووڵی ئیلهامی له دوو چه‌مکی
"ئه‌شا" و "ڤه‌هومه‌نا"ی زه‌رده‌شت وه‌رگرتووه. هه‌روه‌ها
کاکڵی دیالکتیکی هێگل له گاتاکانی زه‌رده‌شت دایه. له گاتاکان دا زۆر جار باسی
هێزێکی به‌دیهێنه‌ر و به‌ره‌وپێشبه‌ر ده‌کرێت، یان ده‌ڵێ:
ئه‌ی بریا
ئێمه له‌و که‌سانه بین
که هه‌رده‌م
جیهان نوێ ده‌که‌نه‌وه.
هەروەتر نیچه
له زمانی زه‌رده‌شته‌وه تێکڕای سیستمی ئه‌خلاقی مه‌سیحی هه‌ڵده‌وه‌شێنێته‌وه و
سوپێرمه‌ن ده‌خولقێنێ.
له دینه‌کانی
عبری و عه‌ره‌بی دا، کاتێ په‌یامبه‌رێک بناغه‌ی دین، یان سیستمێکی ئێتیکی/ ئه‌خلاقی
داده‌ڕێژێ، وه‌ها ده‌سه‌ڵاتێکی ئه‌ستوونی و متافیزیکی به خودا ده‌دات که هه‌ر
جۆره وزه و ئیراده‌یه‌ک له مرۆڤ ده‌ستێنێته‌وه. خودا به وه‌ها ده‌سه‌ڵاتێکی
ره‌ها و بێ سنوور ده‌گات که ته‌نانه‌ت له خشه‌ی مێلوره ئاگادا‌ره و گه‌ر به
ویستی ئه‌و نه‌بێ مرۆڤ ناتوانێ هه‌ناسه‌ش بدات، تا چ به‌وه بگات که بیەوێ دنیا
بگۆڕێ و چاره‌نووسی خۆی دیاری بکات. به‌مجۆره مرۆڤ ده‌بێته کۆیله‌ی هێزێکی خه‌یاڵی
و متافیزیکی که خۆی دروستی کردووه. به‌ڵام مرۆڤی وشیار، به خوێندنه‌وه‌ی
گاتاکان هه‌ست به‌م راستیه ده‌کات که پێوه‌ندی زه‌رده‌شت و ئه‌هورا مه‌زدا، پێوه‌ندی
به‌نده و خودا نییه. پێوه‌ندی ئاسۆیی ئه‌ستوونی نییه. به‌ڵکوو پێوه‌ندی دوو
هاوڕێ یه. یان به‌وجۆره که میخایل باختین دبێژێ: پێوه‌ندی دیالۆگیی دوو سوژه‌ی
ئینسانییه.
ئه‌ی
ئه‌هورا مه‌زدا!
به
من بڵێ، وه‌ک دوو هاوڕێ
چۆن
له‌به‌ر تیشکی راستی دا
پوخته
و خاراو ده‌بم و
به دڵ و ده‌روون شاد ئه‌بم؟
گاتاکان، سروودی نۆهه‌م، به‌ندی 8
کاتێ بیرمه‌ندانی
سه‌رده‌مسازی ئوروپا به پشتبه‌ستن به فه‌لسه‌فه‌ی زه‌رده‌شت، سه‌رخان و ژێرخانی
جڤاکی خۆیان سه‌رله‌نوێ داده‌ڕێژن و سامانێکی مۆدێرن و سازگاری کولتوری کۆمه‌ڵایه‌تی
پێکدێنن، ئه‌ی نه‌ته‌وه‌ی کورد، وه‌ک گه‌لێکی بنده‌ستی بێ ناسنامه که خاوه‌نی راسته‌قینه‌ی
بیر و ئه‌ندێشه‌ی زه‌رده‌شته بۆ له‌م خه‌زێنه هه‌راوه که سه‌رچاوه‌ی کۆن و
زۆڵاڵی زمان و گیانی کوردی پێکدێنێ، سود وه‌رنه‌گرێ و کولتور و ناسنامه‌ی خۆی په‌رداخ
و نوێژه‌ن نه‌کاته‌وه؟
به‌داخه‌وه
به‌هۆی هێرشی سپای عه‌ره‌ب و هه‌ڵکردنی "بای دڕکاوی سه‌حرای له شمشێر
زاو"[5]،
کورد و هه‌موو نه‌ته‌وه‌کانی ئێران و ناوچه‌که، ئه‌وه سه‌دان ساڵه له رێباز و
فه‌رهه‌نگی زه‌رده‌شتی دابڕاون و به‌هۆی زاڵبوونی دین- کولتوورێکی غەوا‌ره و چه‌ندین
توخمی وه‌ک درۆ و رێا و فریوکاری، ترس و سام و خه‌م و خه‌فه‌ت و تازیه‌باری، به‌جۆرێک
له فه‌رهه‌نگی ره‌سه‌نی خۆیان دابڕاون و تووشی له‌خۆنامۆیی هاتوون، که ئاسۆی گه‌ڕانه‌وه
به‌ره‌و راستی و ئه‌ندێشه‌ی پاک و خۆشبه‌ختی و ئاوه‌دانی به‌م زوانه به‌دی
ناکرێت.
له وه‌ها
دۆخێکی مێژوویی دا، گرنگترین و دژوارترین ئه‌رکی رۆشنبیری کوردی ئه‌وه‌یه که له
نێوان ئه‌ندێشه‌ی زه‌رده‌شت و بیری مۆدێرنی رۆژاوایی دا سه‌نتێز بسازێ. یانی به‌جۆرێک
ئه‌م دوو توخمه تێکهه‌ڵکێشێت که هه‌م له مێژووی سوژه و ناسنامه و کولتوری کوردی
دا وه‌رچه‌رخانێک بخولقێنێ. هه‌م کاره‌که‌ی هێنده ره‌سه‌ن و مۆدێڕن و به‌هێز به
ئه‌نجام بگه‌یه‌نێ که نه‌ته‌وه‌کەی وه‌ریبگرێ و گیانێکی تازه‌ی تێبکه‌وێ. به‌جۆرێک
که بتوانێ خۆی له کۆیله‌تی رزگار بکاو به ئازادی و سه‌روه‌ری بگات.
به ئه‌زمون
ده‌رکه‌وتووه که رۆشنبیرانی وڵاتانی دواکه‌وتوو که هه‌موو شتێکیان له ئوروپا
وه‌رده‌گرن، یه‌که‌م خۆیان خاوه‌ن هیچ هونه‌رێک نین، به‌ڵکوو ته‌نیا بیر و شتی خه‌ڵکی
تر کۆپی ده‌که‌ن. دووهه‌م خه‌ڵکی وڵاته‌که‌یان بیری ئه‌وان وه‌رناگرێ و سەرئەنجام
تووشی شکست و ته‌نیایی ده‌بن.
له
گاتاکانی زه‌رده‌شت دا زۆر چه‌مکی وه‌ک ئازادی، ئارامی، راستی، یه‌کسانی، ئه‌قڵانیه‌ت،
شادی، به‌ختیاری و ... هه‌یه که له‌گه‌ڵ تۆلێرانس و فره‌چه‌شنی و ئازادیخوازی و
هیۆمانیزمی رۆژاوایی دا به‌ته‌واوی دێته‌وه و به‌مجۆره ئه‌م دوو لایه‌نه ده‌توانن
یه‌کتر ته‌واو بکه‌ن. سوژه‌ی کوردی به گه‌ڕانه‌وه بۆ گاتاکانی زه‌رده‌شت ده‌توانێ
خه‌زێنه‌یه‌کی هه‌راوی فکری فه‌لسه‌فی به‌ده‌ست بێنێ، خه‌زێنه‌یه‌ک که هه‌وێن و
بناغه‌ی گیان و کولتور و زمانی کوردی پێکدێنێ و وه‌کوو ئایینه‌کانی عیبری و سامی
له‌گه‌ڵ مرۆڤی کورد نامۆ نییه. ئه‌گه‌ر کورد به‌شێوه‌ی جدی ئاوڕ له گاتاکان
بداته‌وه و له کولتور و دیسکۆرسی خۆی دا ئه‌ندێشه‌ی زه‌رده‌شت بژێنێته‌وه، به‌مجۆره
ده‌توانێ تۆکمه‌ترین سیستمی ئێتیکی ئه‌خلاقی به‌ده‌ست بێنێ و به‌تێکهه‌ڵکێش کردنی
له‌گه‌ڵ هیومانیزمی رۆژاوایی، زەمینە بۆ کولتوورێکی مۆدێرن و رەسەن بخولقێنێ.
هادی
محه‌مه‌دی، سلێمانی/ 2012
Haval831@yahoo.com
سه‌رچاوه‌کان:
1.
گاتها، سروده‌های زرتشت، شرح و پێشگفتار ابراهیم
پورداوود، تهران 1389، نشر جامی.
2.
اوستا، گزارش و پژوهش، جلیل
دوستخواه، تهران 1385، نشر مروارید.
3.
زه‌رده‌شت هیوای زگاری، بابان سه‌قزی.
4.
ئا‌ڤێستا له‌مێژینه‌ترین سروودی کوردی، به‌رگی یه‌که‌م
گاتاکان، جه‌لیل عه‌باسی، ده‌زگای ئاراس، هه‌ولێر 2003
5.
ژوانی یه‌سنا، کۆمه‌ڵه بابه‌تێکی شوێنه‌وارناسی و
مێژوویی له‌مه‌ڕ هه‌ورامان و ئایینی زه‌رده‌شت، جه‌لیل عباسی،
چاپی ناوه‌ندی ئا‌ڤێستا، هه‌ولێر 2008.
6.
وڵاتی که‌یانیان و زه‌رده‌شت و هه‌ورامان له ئا‌ڤێستا
دا، د. محه‌مه‌د ئه‌مین هه‌ورامانی، وه‌زاره‌تی رۆشنبیری، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی چاپ
و بڵاوکردنه‌وه، هه‌ولێر 2011
7.
گاتها، سروودهای اهورایی زرتشت، پژوهش دکتر خسرو
خزاعی، بلژیک، بروکسل 2006:
8.
یشتها، ابراهیم پور داوود
9.
ترجمه‌ای بر فروردین یشت
اوستا، عمادالدین دولتشاهی، نشر خیام، تهران 1377
10. جغرافیای غرب ایران(کوههای ناشناخته‌ی اوستا)، عمادالدین دولتشاهی، نقش
جهان، تهران 1363
11. زرتشت چه می گوید؟ پژوهشی در گاتهای
زرتشت، هومر آبراهامیان، نشر بنیاد فرهنگ ایران.
12. واکنش غرب در برابر زردشت، جی. دوشمن، گیمن، ترجمه: تیمور قادری، نشر
امیر کبیر، تهران 85.
13. شانامه‌ی کوردی (هه‌ورامی) ئه‌ڵماس خان که‌نووله‌یی، کۆکردنه‌وه‌ی محه‌مه‌د
ره‌شید ئه‌مینی، هه‌ولێر 2007.
[1] . ئه‌م پرسه‌م
له کتێبی هه‌رێمی شین دا به‌کورتی و، له کتێبی سه‌گه‌کانی تۆتالیتاریزم دا به پوختی
باس کردووه.
[2]. له‌مه‌ڕ دیدگای بوێرانه‌ی شاملو سه‌باره‌ت به فیرده‌وسی و
شانامه، بڕوانه بۆ ئه‌م لینکه:
http://www.iwsn.org/aashr/3/shml/neg/j.pdf
http://www.iwsn.org/aashr/3/shml/neg/j.pdf
[3]. ره‌نگه له هه‌موو بان [فه‌لات]ی ئێران دا، بێجگه له کوردستان،
هێما و ئاسه‌واری رۆشن له وشه‌ی ئه‌هورا به‌دی ناکه‌ین. له کوردستان ده‌ڤه‌رێک
هه‌یه به ناوی "ئاهورامان" [هه‌ورامان]، خه‌ڵکێک هه‌ن به‌ناوی
"هه‌ورامی" و، مه‌قامێکی هه‌ره کۆن و مێژوویی هه‌یه به ناوی
"هۆره" که هێشتاش هه‌ر چریکه‌ی دێ. مرۆڤی وشیار به وردبوونه‌وه‌یه‌کی
کورت له فۆنه‌تیک و مانای سێ وشه‌ی ئاهورامان و هه‌ورامی و هۆره، زایه‌ڵه‌ی ده‌نگی
ئه‌هورا ده‌بیسێ و دڵنیا ده‌بێ که زێدی ره‌سه‌نی زه‌رده‌شت و ئاخێزگه‌ی ئه‌ندێشه‌ی
زه‌رده‌شت، کوردستان/هه‌ورامان بووه. هه‌روه‌ها وشه‌ی "مه‌زدا"ش [به‌مانای
زانای گه‌وره]، له زمانی کوردی تا ئێستادا به‌شێوه‌ی "مه‌زن"، به‌مانای
گه‌وره هه‌ر به‌کار دێت.
جگه له مه‌ش زۆر وشه‌ی کۆنی کوردی وه‌ک فره، ئاریان، بادینان/به‌هدینان
[ناوچه و زاراوه‌یه‌ک له کوردستانی باشور] و ... هه‌موو رێشه‌یان له زمانی ئا‌ڤێستا دایه. یان دوو وشه‌ی
زاڵ و سام، که ناوی باب و باپیری رۆسته‌م، ئێستاش له زمانی کوردی دا هه‌ر
زیندوون و خاوه‌ن مانای شیاون. زاڵ: یانی سه‌رکه‌وتوو؛ سام: یانی سامناک، ترسێنه‌ر؛
که هه‌ر دوو مانا له‌گه‌ڵ خه‌سڵه‌تی باپیری پاڵه‌وانی ئه‌فسانه‌یی دا دێنه‌وه.
به‌ڵام کاتێ ئه‌م وشانه ده‌ده‌یت به فه‌رهه‌نگی دهخدا، که مه‌زنترین فه‌رهه‌نگی
فارسییه، مانایه‌کی شیاوت ده‌س ناکه‌وێت.
وه‌ک ده‌زانین له
زمانی ئاڤێستایی دا چه‌ند ده‌نگ، یان مورفیم هه‌ن که به ئه‌لف و بێی ئێستای
کوردی و فارسی نانووسرێن، به‌ڵام تا ئێستاش له ناوچه‌کانی هه‌ورامان و ده‌وروبه‌ردا
ماو‌نه‌ته‌وه و له ئاخافتن دا ده‌بێژرێن، من لێره‌دا ئاماژه به دوو مورفیم/ ده‌نگ
ده‌که‌م: یه‌که‌میان هه‌ر وشه‌ی ده‌نگ [ئه‌ڵبه‌ت نه‌ک به ته‌له‌فزی گ]، به‌ڵکوو
به بێژی له‌چه‌شنی لانگ /language ی ئینگلیزی، که ده‌بێ له‌بێژ کردن دا بانی زمان بلکێت به
ئاسمانه‌ی ده‌مه‌وه؛ هه‌روه‌ها دووهه‌م ده‌نگ له چوار وشه‌ی ئه‌گا(به هه‌ورامی
یانی دایک)، که‌ورگ، دادار، شاد دا [ئه‌ڵبه‌ت نه‌ک به ته‌له‌فزی گ و د]، به‌ڵکوو
بۆ ته‌له‌فوز ده‌بێ لای راستی بانی زمان بلکێنی به ئاسمانه‌ی ده‌مه‌وه، ئه‌ڵبه‌ت
نه‌ختێ ژوورتر له بێژی ده‌نگ؛ ئه‌مه‌ش نیشانه‌یه‌که له میراتی زمانی ئاڤێستایی
که له‌م ده‌ڤه‌ره‌دا ماوه‌ته‌وه. سادق هدایه‌ت له ته‌رجمه‌ی به‌همه‌ن یه‌شت دا،
کاتێ ده‌گاته وشه‌ی "دادار"، ده‌ڵێ ئه‌م وشه له سه‌رده‌می کۆن دا به
"داذار" بێژ کراوه. یانی هدایه‌تیش نه‌یزانیوه که ئه‌م مورفیمه تا
ئێستاش له ده‌ڤه‌ری هه‌ورامان ماوه‌ته‌وه. [زند وهومن یه‌سن، ترجمه هدایت، نشر
جامه‌داران، تهران 1383].
هه‌روه‌ها زمانی ئاڤێستایی ده‌ڵێ: ڤه‌ئێچه:
یانی که‌لام، گوتار، یانی بڵێ؛ هه‌ورامی ده‌ڵێ: واچه، ئه‌رده‌ڵانی ده‌ڵێ: بێژه،
سۆرانی ده‌ڵێ: بڵێ، کرماشانی ده‌ڵێ: بووشه، فارسی ده‌ڵێ: بگو؛ وه‌ک ده‌بینین
نزیکترین زاره‌اوه له زمانی ئاڤێستایی، بریتییه له زاراوه‌ی هه‌ورامی.
ته‌نانه‌ت ریشه‌ی وشه‌ی "ئێران"یش له
وشه‌ی "ئایران"ی هه‌ورامی/ئاڤێستایی به‌مانای شوێنی ئایر/ئاگره‌کان وه‌رگیراوه.
هه‌روه‌ها وشه‌ی "ئیره‌وان" له ئایره‌وان دروست بووه، وشه‌یه‌کی کۆنی
هه‌ورامی به مانای پارێزه‌ری ئاگر، ئاگره‌وان. چونکه وه‌ک ده‌زانین ئاگر له
ئایینی زه‌رده‌شت دا ده‌وری گرنگی هه‌یه و هه‌م گه‌رما و روناکی به ژیان ده‌دا،
هه‌م هه‌وێنی ژیار و شارستانیه‌ت و هه‌م هێمای پاکی و پیرۆزییه؛ ئه‌و سه‌رده‌مه‌ش
له زۆر شاخی وڵات دا ئاته‌شگه هه‌بووه، ئاگر وه‌ک هێمای ئایینی راستی هه‌رده‌م
له مه‌شغه‌ڵان دا بووه. بۆیه ناوی زۆر شوێن و وڵات له ئایر/ ئاگر وه‌رگیراوه.
[بڕوانه بۆ ژوانی یه‌سنا، جه‌لیل عه‌باسی].
هه‌روه‌ها له ده‌قی
ئاڤێستادا دوو چه‌مکی مه‌زدیه‌سنا [مه‌زدا په‌ره‌ستی] و دێویه‌سنا [دێ‌و په‌رستی]
وه‌ک دوو هێزی رووناکی و تاریکی، چاکه و خراپه، رۆڵی گرنگ و سه‌ره‌کی ده‌گێڕن.
ئه‌م دوو ناوه تا ئێستاش له کوردستان و له ده‌ڤه‌ری هه‌ورامان، وه‌ک ناوی شوێن
به‌دی ده‌کرێن:
1) مه‌زدیه‌سنا؛ له شاخی کۆساڵان له نزیک هه‌واری
ژۆنی، گردۆڵکه‌یه‌ک هه‌یه به‌ناوی "مه‌یه‌سه‌نا" که هه‌ر هه‌مان
"مه‌زدیه‌سنا"مان بیردێنێته‌وه، ئه‌م وشه‌یه به تێپه‌ڕینی کات و سه‌رده‌م
و مێژوو، گۆڕانی به‌سه‌ردا هاتووه و بووه به مه‌یه‌سه‌نا. جگه له‌وه‌ش گردی مه‌یه‌سه‌نا
شوێنێکی زه‌نوێر و سازگاره و له‌ته‌ک مانا و ناوه‌رۆکی ئه‌م ده‌سته‌واژه‌یه‌دا
دێته‌وه.
2) دێویه‌سنا، له
رۆژاوای گوندی پاڵنگان، له‌ودیو ده‌ره‌یه‌کی ته‌نگ، له بناری شاخی شاهۆ، له‌نێو
دۆڵێکی قووڵ، گوندێک هه‌ڵکه‌وتووه به ناوی "دێوه‌زناو"، ناوی ئه‌م
گونده‌ش مرۆڤ به‌ره‌و بیرکردنه‌وه و تێڕامان ده‌بات که ئه‌مه هه‌ر هه‌مان دێویه‌سنایه
که بوو به "دێوه‌زناو"، هه‌ڵکه‌وته‌ی سروشتی و جوغرافی ئه‌م گونده،
هێنده سه‌خت و ئه‌سته‌م و تووش و چه‌مووشه که به‌ته‌واوی له‌گه‌ڵ مانا و ناوه‌رۆکی
دێویه‌سنادا دێته‌وه.
هه‌روه‌ها "یه‌سنا"
به مانای سروود و په‌رستش، له زمانی کوردی دا سواوه و بووه به یه‌سن/ یه‌زن؛
که هه‌ر ئێستاش ناوی گۆرانیه‌که و به‌مجۆره‌یه:
ئه‌رێ یه‌زن یه‌زن
یه‌زن
سینگه‌که‌ت باخچه ره‌زن
سینگه‌که‌ت باخچه ره‌زن
مامۆستا فه‌رمویه‌تی
گه‌وره کچ ماچ به به من
یانی به‌مجۆره ده‌کرێ دێویه‌سنا بووبێت به دێویه‌زنا/دێوه‌زناو...
گه‌وره کچ ماچ به به من
یانی به‌مجۆره ده‌کرێ دێویه‌سنا بووبێت به دێویه‌زنا/دێوه‌زناو...
[4] . لێره‌دا
ده‌کرێ ئاماژه به‌م راستییه بکه‌م که دوو وشه‌ی ئینگلیسیmortal وimmortal به مانای
بمر و نه‌مر، ده‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ وشه‌ی گاتایی مرتات و ئه‌مرتات، خاڵی جێگه‌ی سه‌رنج
ئه‌وه‌یه که پێشگری "ئه"ی گاتایی، هه‌تا ئێستاش له زمانی ئینگلیسی
دا هه‌ر هه‌مان رۆڵی نه‌فی ده‌گێڕێ. ئایا به‌مجۆره ئه‌توانین بێژین که زمانی
گاتایی/ کوردی کۆن، بناغه‌ی هه‌موو زمانه هند و ئورووپاییه‌کان پێکدێنێ؟ له‌م
بابه‌ته‌وه تۆژینه‌وه‌ی تازه‌ی دوو توێژه‌ری نیوزله‌ندی که به‌م ئاکامه گه‌یشتوون
که زێدی هه‌موو زمانه هند و ئورووپاییه‌کان ده‌ڤه‌ری ئاناتولی/ کوردستانی باکوور
بووه، ئێجگار سه‌رنجڕاکێشه.
[5] . تا ئێستا له‌نێو ئه‌و ده‌قانه‌دا که باسی هێرشی عه‌ره‌ب بۆ سه‌ر
کوردستان، و هێرشی کولتوری شمشێر بۆ سه‌ر تریفه‌ی گاتاکان ده‌که‌ن، هیچ ده‌قێک وه‌ک
قه‌سیده شعری "ئاوابوون و بوومه‌له‌رزه"، به‌رهه‌می شاعیری مه‌زنی
کورد، شێرکۆ بێکه‌س، سه‌رنجی رانه‌کێشاوم. لێره‌دا کوپله‌یه‌ک له‌م شعره مه‌زنه
وه‌ک نموونه دێنمه‌وه:
ئاوابوون بوو/ ئه‌ی شه‌فه‌قی
له خاچدراوی جه‌سته‌م و مانگی کوژراو/ ئاوابوون بوو/ وه‌ک زه‌رده‌په‌ڕی گاتاکان
له په‌رسگه‌ی رووناکیدا/ وه‌ک پووکه‌پووکی دره‌خت و/ وه‌ک بینایی داروبه‌رد و/
سیمای کێو و نیگای هه‌ور و چاوی ڕێ و بان/ وه‌ک ئاگردان/ وه‌کوو دایکم/ هه‌موو که‌له‌پۆکان
گریان!
غه‌زای سه‌ربڕینی شاخ بوو،
غه‌زای رۆحم... غه‌زا/ غه‌زای ده‌روونی داربه‌ڕوو/ غه‌زای به‌فر و/ غه‌زای وشه‌م/
غه‌زای گوڵجاڕی ئا‌ڤێستا!/ لێشاو بوو. لێشاو بوو، لێشاو/ لێشاوی پێکه‌نینی لم/
قاقای رم و قاقای ده‌ف و قاقای ته‌پڵ/ لێشاوی خۆڵی بیابان: له هه‌ڕه‌تی ته‌پ و
تۆزی سه‌رکه‌وتوودا/ لێشاوی دوورگه‌ی نه‌فرین بوو/ له هه‌ڕه‌تی خوێن جمانی شیر و
شمشێری له‌شکردا...
چاوه‌کانی خۆشه‌ویستی/ چاوی نه‌ستمان/ وه‌ک
قوتیلکه کزه‌کانی سه‌ر تاشه‌به‌ردی ئاته‌شگه کوژانه‌وه و/ بوو به ئاهه‌نگی خه‌لیفه
و/ جه‌ژنی فه‌تحی کافرستان...
ئاوابوون بوو/ ئاوابوونی عشق
له مه‌رگ دا‌و/ مه‌رگ له عشقا/ "شین و شه‌پۆڕی باران بوو"/ هه‌ستانه
سه‌ر پێی زریانی زه‌ردی لم و/ چۆک دادانی چیاکان بوو/ ئاوابوون بوو/ خۆرنشینی بانگی
موغ و/ پژانی شعر و گۆرانی و/ توانه‌وه‌ی ئێسکی هه‌تاو و/ هه‌ڵوه‌رینی سه‌روقژی
دڵداران بوو.
ئاوابوون بوو/ خه‌ره‌نده‌کان
پڕ بوون له ته‌رمی دارگوێز و/ پڕ بوون له سکڵی کوژراو و/ پڕ بوون له گوڵی جوانه‌مه‌رگ/
بێشه‌یه‌ک شمشێر ئه‌جووڵێ و دێته پێشێ.
ئاوابوون بوو/ کانی وه‌ک مناڵ ئه‌ترسێ/ پیاو وه‌کوو
چیا ئه‌ترسێ/ مێژووش وه‌ک دره‌خت ئه‌سووتێ/ بێشه‌یه‌ک شمشێر ئه‌جووڵێ و دێته
پێشێ/ غه‌زا بوو... غه‌زا بوو... غه‌زا.../ ئاو له‌سه‌ر تاوێر خۆی ئه‌کوشت/ دابڕان
بوو/ جوێبوونه‌وه و دابڕان بوو/ داچۆڕانی دوا تنۆکی زه‌رده‌خه‌نه‌ی گاتاکان بوو/
رنینه‌وه‌ی ده‌نگی شاخ و/ بڕینه‌وه‌ی ره‌نگه‌کان و/ دابڕانی کات له شوێن و شوێن
له کات بوو/ بێشه‌یه‌ک شمشێر ئه‌جووڵێ و دێته پێشێ...
له سه‌رانسه‌ری ئه‌م
کافرستانه جوانه‌دا/ باڵنده‌یه‌ک نه‌ما کوێر نه‌بێ/ هه‌ورێک نه‌ما نه‌زۆک نه‌بێ/
باخێک نه‌ما ئیفلیج نه‌بێ/ ئاوابوون بوو/ توانه‌وه و دابڕان بوو.
" ئه‌وه‌ی بیستتان ئه‌وه
ده‌نگی جه‌سته‌ی من بوو/ ئه‌وه زریکه‌ی مه‌مکم بوو، قیژه‌ی به‌ژن و گه‌ردنم
بوو..." من کچه چاو سه‌وزێکی میدیاییم/ ناوم ناهیده/ شه‌رابی گاتاکان له
ناوه‌که‌م ئه‌چۆڕێته‌وه/ من به ناوی ناهیدی خوداوه‌ندی جوانی و مێهره‌وه ناو
نراوم/ گه‌ڵا زه‌یتوون چاومه و چاوم گه‌ڵا زه‌یتوونه/ باڵام کڵپه‌یه‌کی که‌ڵه‌گه‌ته،
گه‌ردنم کێلی ره‌وه‌زانه/ ئه‌و شه‌وه‌ی له‌دایک بووم/ مانگ له ده‌ربه‌ندی پیره‌مه‌گروون
قه‌تیس مابوو/ مانگ به هانای مه‌زدا‌وه هاتبوو/ ئه‌و شه‌وه له‌دایک بووم/ له
تێلی تاوسیانه‌وه پێچام و/ حه‌وت جار به ده‌وری ئاگرێکی خۆش دا گێڕایانم/ چل
قومری باڵ شین بۆیان ئه‌خوێندم/ چل گوڵه هێرۆشیان کردبوو به چه‌تری سه‌رسه‌رم/
ئه‌و خاڵه‌ی له‌سه‌ر ته‌ختی ته‌وێڵمه نیشانه‌یه/ ئه‌وه شوێن ماچی پیرۆزی ئه‌هورا
مه‌زدایه/ من له ده‌سته‌ی فریشته سپییه‌کانی میدیام/ باوکم ره‌زه‌وانی په‌رسگه
گه‌وره‌که‌مانه/ باوکم به ریشه سپییه‌که‌یه‌وه له دره‌ختی نووری ئا‌ڤێستا ئه‌چێ/
من تاقانه‌ی ئه‌و بووم/ وه‌ک تاقانه‌ی زنه‌ی قاقڕێک/ "مه‌ردۆخ"ی پاڵه‌وانی
سه‌رسنگ نه‌خشاو/ به سه‌ره به‌رانی پیرۆز عاشقم بوو/ چه‌ندین به‌وری بۆ کوشتم/
چه‌ندین پڵنگی بۆ راو کردم/ هه‌تا بای دڕکاوی سه‌حرای له شمشێر زاو نه‌گه‌یشتبوو/ ئاسمان و زه‌ویمان وه‌ک په‌ڵه‌هه‌وری سپی و
گوڵه‌گه‌نم پاک بوون/ که بای ره‌ش گه‌یشت/ بای وه‌شتمان مرد/ بوو به زه‌مانی
کوله‌بارین/ بوو به زه‌مانی ئه‌ڤین هاڕین...
سه‌رچاوه: ئاوابوون و بوومه‌له‌رزه،
له نامیلکه‌ی ئافات، کۆی به‌رهه‌مه‌کانی شێرکۆ بێکه‌س.
هیچ نظری موجود نیست:
ارسال یک نظر