گفتوگۆ لەگەڵ
لوسیه‌ن گوڵدمه‌ن
- سه‌باره‌ت به ئیدیۆلۆژی ناکۆكییەکی
زۆر له‌ئارا دایه، له هه‌ندی نوسین دا هاتووه كه ڕوانگه‌ی ماركس و ئنگڵس له‌مه‌ڕ
ئیدیۆلۆژی، وه‌ك وشیاری فێتیش(درۆیین)، له‌گه‌ڵ ره‌وتی لێنینی كه ماركسیزم به ئیدیۆلۆژی
زانستی ده‌زانێ، ناكۆكه. به ڕای ئێوه ئیدیۆلۆژی چییه؟
- من بیرمه‌ندێكی هزرڤان نیم، له‌ڕاستیدا
ئەمن زیاتر زانستخواز و كۆمه‌ڵناسێكم كه تێده‌كۆشم له تۆژینه‌وه‌كانما مێتودێكی
به‌ڵگه‌مه‌ند بۆ لێكدانه‌وه‌ی دیارده كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان دابڕێژم، كۆمه‌ڵناسێك كه
له درێژه‌ی تۆژینه‌وه‌كانیا به‌م ئاكامه گه‌یشتووه كه پێكهێنانی زانستێكی به‌ڵگه‌مه‌ند
له‌مه‌ڕ دیارده ئینسانییه‌كان به بێ فه‌لسه‌فه ئیمكانی نییه.
ده‌كرێ بڵێم من زیاتر مانا و نێوه‌رۆكم بۆ
گرنگه، هه‌تا وشه‌ناسی. ئه‌ڵبه‌ت ره‌نگه بە تۆژینه‌وه‌ی ورد و وشه‌ناسانه لەسەر
چه‌مكی ئیدیۆلۆژی له به‌رهه‌مه‌كانی ماركس، ئنگڵس، و لێنین دا به‌و ئاكامه بگه‌ین
كه له‌نێوان ئه‌م بیرمه‌ندانه‌دا و له به‌رهه‌مه‌كانی خودی ماركس یشدا، له‌مه‌ڕ
ڕۆڵی ئه‌م وشه‌یه جیاوازی زۆره. به‌ڵام ئه‌مه جێگه‌ی سه‌رسووڕمان نییه، چونكه
رۆڵی وشه‌كان له‌گه‌ڵ تێپه‌ڕینی زه‌مه‌ن گۆڕانی به‌سه‌ردا دێت و پێره‌وی بارودۆخ،
به‌رده‌نگان و ئه‌و ڕوانگه‌یه كه ده‌مانه‌وێ راڤه‌ی بكه‌ین.
له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌مانه‌ش دا ئه‌وه‌ی زیاتر بۆ من
گرنگه، نێوه‌رۆكی ئه‌ندێشه‌ی ئه‌م بیرمه‌ندانه و تێگه‌یشتن له‌م خاڵه‌یه كه
ئایا له‌نێوان چه‌مكی "ئیدیۆلۆژی زانستی" و بۆچوونی ماركس لەمەڕ ئیدیۆلۆژی،
جیاوازی هه‌یه؟ راشكاوانه ده‌ڵێم من وه‌ها جیاوازییه‌ك نابینم.
یه‌كێ له گرنگترین تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی
روانگه‌ی ماركس و ئنگڵس له‌م خاڵه دایه كه له زانستی ئینسانی‌دا و له ده‌ركی
مرۆڤ و ئه‌ندێشه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی دا، داوه‌ری بابه‌تی له داوه‌ری به‌هایی
جیاناكرێته‌وه. تا كاتێ كه له كۆمه‌ڵی چینایه‌تی دا به‌سه‌رده‌به‌ین، داوه‌ری
به‌هایی پێكهێنه‌ری ئه‌ندێشه‌ی سۆسیۆلۆژیك هه‌میشه خه‌سڵه‌تێكی تایبه‌تی هه‌یه و،
به‌وته‌یه‌كیتر، ئه‌مرۆ دارشتنی زانستێكی مرۆڤی كه خه‌سڵه‌تی ئیدیۆلۆژیكی نه‌بێ
ئیمكانی نییه.
به‌ڵام ئه‌مه به‌و مانایه نییه كه هه‌موو ئیدیۆلۆژییه‌ك
بایه‌خی یه‌كسانیان هه‌یه. بەڵکوو له‌هه‌ر سه‌رده‌مێكا، ڕوانگه‌یه‌ك هه‌یه كه
پێشكه‌وتووترین و زانستیترین ڕوانگه‌یه، هه‌ر وه‌ها جۆرێك بیری به‌ڵگه‌مه‌ند و
زانستی هه‌یه كه به‌رده‌وام تێده‌كۆشێ ده‌سكه‌وته‌كان له‌گه‌ڵ راستییه‌كان به‌راورد
بكا و له‌ئاست هه‌موو بیر و ره‌خنه و ئه‌زموونێك كراوه بێت (ماركس له وڵامی
پرسیارێكا، گرنگترین خاڵی مێتۆدی خۆی، ئه‌م شته‌ی ئاوا پێناسه كردووه: "ده‌بێ
له هه‌موو شتێ دوو دڵ بین."). سه‌ره‌ڕای ئه‌مه‌ش، له هه‌ر چاخێكا ئه‌ندێشه‌یه‌ك
هه‌یه كه له هه‌موو بیرێكی تر پێشكه‌وتووتر و زانستی تره، به‌ڵام چونكه ئه‌م
ئه‌ندێشه‌یه پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ زانستی مرۆڤی هه‌یه، هێشتا زۆر توخمی ئیدیۆلۆژیكی
تێدایه كه هێشتا لایه‌نگرانی ناتوانن روونی بكه‌نه‌وه، به‌ڵام سبه‌ینێ بیرمه‌ندانێكیتر
پێش ده‌كه‌ون و زانستێكی پێشكه‌وتووتر ده‌خولقێنن و ئه‌م توخمانه روون ده‌كه‌نه‌وه.
له‌ئاكامدا هه‌ر ئه‌م ئه‌ندێشه كه ئه‌مڕۆ به زانست ده‌ناسرێت، سبه‌ینێ دەبێه ئیدیۆلۆژی.
كه‌وابوو رێك به‌مهۆیه كه پێوه‌ندی چڕوپڕی نێوان ئه‌ندێشه و كردار و ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی،
یه‌كێ له گرنگترین ده‌سكه‌وته‌كانی ماركسه، بۆ ئه‌ندێشه‌ی دیالكتیكی تێگه‌یشتن
له‌م خاڵه پێویسته كه زانستیترین ئه‌ندێشه، هه‌میشه مه‌رجداره و پێڕه‌وی
دیدگایه‌كی تایبه‌ته، دیدگایه‌ك كه ئه‌مڕۆ سروشتێكی تایبه‌تی هه‌یه و سبه‌ینێ
ده‌وری نامێنێ.
- به‌رهه‌می گه‌وره‌ی لوكاچ - مێژوو و
وشیاری چینایه‌تی- هه‌ڵه‌ی سیاسی گه‌وره‌ی تێدایه (وه‌ك ئومێد به شۆرشی له‌ناكاو
له ساڵی 1923دا) كه نووسه‌ر دواتر هه‌ڵه‌كانی ڕاست كردۆته‌وه. به‌ڵام له‌ڕووی
مێتۆدۆلۆژیكه‌وه وه‌ك گرنگترین ده‌سكه‌وتی ئه‌ندێشه‌ی زانستی و دیالكتیكی ده‌ژمێردرێ.
ره‌نگه ئێوه‌ش بزانن كه له‌م كتێبه‌دا وتارێك هه‌یه به ناوی "تێپەڕاندنی
ماتریالیزمی مێژوویی" له‌ڕاستیدا بۆوه‌ی كه لوكاچ شۆرشی كۆمه‌ڵایه‌تی زۆر به
نزیك زانیوه، پێی وابووه كه ماتریالیزمی دیالكتیكی، یانی روانگه‌ی چینی
كرێكاریش له كۆمه‌ڵگه‌ی سۆسیالیستی دا رۆڵی نامێنێ!
- ده‌بێ بزانین كه له بواری زانستی
ئینسانی دا هه‌ر بانگه‌شه‌یه‌ك كه به‌ته‌واوی خۆی به زانستێ و نائیدیۆلۆژیكی
بزانێ، به دزێوترین جۆری دۆگماتیزم ده‌گا و پێش به گه‌شه و تۆژینه‌وه ده‌گرێ.
ده‌بێ ئه‌وه‌ش زیاد بكه‌م كه جیاوازی من له‌گه‌ڵ لووی شتراوس یان ئاڵتوسێر كه
خۆی به ماركسیست ده‌زانێ، ڕێك له‌م كه‌لێنه قووڵه دایه كه له‌نێوان ئیدیۆلۆژی
و زانستا دەیبنێ. ئه‌م كه‌لێنه له روانگه‌ی شتراوس دا به‌شێوه‌ی دژایه‌تی نێوان
زانست و ئه‌ندێشه‌ی وه‌حشی و، له روانگه‌ی ئاڵتوسێردا به‌شێوه‌ی دژایه‌تی نێوان
تیۆری و ئیدیۆلۆژی ده‌رده‌كه‌وێ. یانی دژایه‌تی ئیدیۆلۆژی له‌گه‌ڵ زانستێك كه ئه‌وان
ئه‌مڕۆ گه‌شه‌ی پێده‌ده‌ن.
به‌ڕای من
گرنگ ئه‌وه‌یه كه بیرمان له‌ئاست هه‌موو ده‌سكه‌وته‌كانی ئه‌م زانسته كراوه بێ
و به بێ پێشداوه‌ری و نكۆڵی‌كردن وه‌ری بگرین. به‌ڵام له‌هه‌مان حاڵ‌دا له‌ئاست
لایه‌نی ئیدیۆلۆژیكی ئه‌م زانسته ڕوانگه‌یه‌كی ره‌خنه‌گرانه‌مان هه‌بێ و به‌تایبه‌ت
زانستی ئینسانی له‌هه‌ر جۆره توخمێكی ئیدیۆلۆژیك جیانه‌كه‌ینه‌وه، چونكه وه‌ها
كارێك به دوگماتیزم ده‌گا و پێش به تۆژینه‌وه ده‌گرێت.
- ئایا پرسی له‌خۆنامۆیی پرسێكی فه‌لسه‌فی
یان كۆمه‌ڵناسانه‌یه، یان فه‌لسه‌فی ــ كۆمه‌ڵناسانه‌یه؟ تیۆری چه‌نده ده‌توانێ
بۆ زاڵبون له‌ئاست له‌خۆنامۆیی یارمه‌تی پراکتیک بدات؟
- من خۆم له هیچكام له نوسراوه‌كانما
ده‌سته‌وشه‌ی "له‌خۆنامۆیی"م به‌كارنه‌هێناوه. چونكه پێم وایه ئه‌م
وشه‌یه زۆر ئاڵۆزه و هه‌ر كه‌سێك شتێكی جیاوازی لێ مه‌به‌سته. جگه له‌مه‌ش، به‌ڕای
من له‌ودیوی مشت و مڕ له‌مه‌ڕ له‌خۆنامۆیی چه‌ندین پرسی واقعی زۆر گرنگ هه‌ن، به‌ڵام
بۆ خۆم پێم باشتره له‌جیاتی وشه‌ی له‌خۆنامۆیی باسی شتکراوی، برۆكراسی، ئۆرگانیزاسیۆن
و تێكنۆكراسی بكه‌ین و له به‌كارهێنانی ده‌سته‌وشه‌ی زۆر ئاڵۆزی له‌خۆنامۆیی خۆببوێرین.
چونكه ئه‌م ده‌سته‌وشه‌یه هه‌موو ئه‌و چه‌مكانه‌ی سه‌ره‌وه ده‌گرێته‌وه.
له‌ڕاستیدا هه‌ر جاره له جڤاتێك، له دۆخێكی
كۆمه‌ڵایه‌تی تایبه‌تدا، له‌نێوان پێویستی مرۆڤ به وشیاری، تێگه‌یشتن، شادمانی و
دۆخی واقعی ژیان دا كه‌لێنێكی قووڵ پێكبێت، پرسی له‌خۆنامۆیی سه‌رهه‌ڵده‌دات.
له
شیكارییه‌كانی ماركس دا ئه‌م پرسه به ڕۆشنی راڤه‌كراوه، ئه‌گه‌ر بمانه‌وێ به‌شێوه‌ی
گشتی مێژوو بناسین، تێده‌گه‌ین كه هەر دۆخێکی كۆمه‌ڵایه‌تی تایبه‌ت، به‌رده‌وام
به‌رهه‌می پێویستی چاره‌سه‌ركردنی چه‌ند پرسێكە. به‌ڵام زۆر رۆشنه كه ده‌بێ بۆ
چاره‌سه‌ركردنی پرسه خێراكان، هه‌ندێ پرس كه ره‌نگه رۆژێك چاره‌نووس سازبن، وه‌لابنرێن.
له‌م كاته‌دا مرۆڤه‌كان له‌گه‌ڵ هه‌ندێ ئاسته‌نگ به‌ره‌وڕوو ده‌بن كه پێویستی و
هه‌ستیارییان هه‌ست پێده‌كه‌ن. له‌لایه‌كی تره‌وه، چونكه كۆمه‌ڵگه به‌رده‌وام
ده‌ڕواته پێش، ئه‌و پێكهاته‌ی كه مرۆڤه‌كان پێشتر خولقاندویانه و له چاخێكا
مانای شیاوی هه‌بووه، بۆ ژیانی به‌ره‌یه‌كی دواتر كه له دۆخێكی جیاوازتردا ده‌ژین،
وه‌ك فۆرمێكی ته‌نگی لێ دێت... له‌مه‌ڕ به‌شی دووهه‌می پرسیاره‌كه‌ت، به‌ڕای من هه‌ر
پرسێك كه پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ ژیانی ئینسانی و كۆمه‌ڵگه و مێژوو هه‌بێ، ناتوانین به
پرسێكی فه‌لسه‌فی په‌تی، یان سۆسیۆلۆژیكی په‌تی بزانین: به‌تایبه‌ت پرسی له‌خۆنامۆیی.
تایبه‌تمه‌ندی بنه‌ڕه‌تی ئه‌ندێشه‌ی ماركسیستی
له‌وه دایه كه له‌گه‌ڵ هه‌ر چه‌شنه، كۆمه‌ڵناسییه‌كی نافه‌لسه‌فی دژایه‌تی ده‌كا
و له‌گه‌ڵ هه‌ر فه‌لسه‌فه‌یه‌كی نازانستی(تیۆری په‌تی) ناته‌بایه... من بۆیه
داكۆكی له فه‌لسه‌فه ده‌كه‌م چونكه بۆ ده‌ركی ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی به پێویستی
ده‌زانم. ده‌ركی ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تیش به تێكۆشانی پراکتیکی له‌ناخی ژیانا به‌رهه‌م
دێت. ماركس به‌رۆشنی ده‌ریخستووه كه جیایی داوه‌ری بابه‌تی له داوه‌ری به‌هایی
ئیمكانی نییه و پرسی شرۆڤه‌كاری به‌ره‌و روانگه‌ی فه‌لسه‌فی ده‌مانبا.
ده‌بێ ئه‌وه‌ش زیاد بكه‌ین كه پرسی له‌خۆنامۆیی،
به‌مه‌رجێك كه مانایه‌كی رۆشنی هه‌بێت، وه‌ك هه‌موو پرسێكی ئینسانی و كۆمه‌ڵایه‌تی،
پرسێكی كۆمه‌ڵناسی فه‌لسه‌فی، فه‌لسه‌فه‌ی كۆمه‌ڵناسانه، كۆمه‌ڵناسی مێژوویی و فه‌لسه‌فه‌ی
مێژووه.
- ئێوه له فه‌لسه‌فه‌دا زیاتر پرسی مه‌عریفه‌ناسانه
(ئپیستمۆلۆژیك)، بوونناسانه (ئه‌نتۆلۆژیك) و لۆژیكیتان بۆ گرنگه، یان پرسی به‌هاناسانه؟
- له ڕوانگه‌ی دیالكتیكی دا، چه‌مكی فه‌لسه‌فی
و زانستی سه‌ره‌كی هه‌ر هه‌مان تێرمی "گشتێتی"یه. هه‌ر وه‌ك پێشتر وتم
نابێ داوه‌ری بابه‌تی له داوه‌ری به‌هایی جیابكه‌ینه‌وه. به‌وته‌یه‌كی تر، به‌هاناسی
سه‌ربه‌خۆ ئیمكانی نییه. ده‌توانین له تۆژینه‌وه‌كاندا پرسی به‌هاناسانه به‌شێوه‌ی
كاتی جیابكه‌ینه‌وه، به‌ڵام به‌هاناسی پێشكه‌وتوو له‌سه‌ر سروشت و هه‌ستی و زانست
ڕاوه‌ستاوه. به‌پێچه‌وانه‌وه، تۆژینه‌وه‌ی فاكتی ئینسانی به‌بێ به‌هاكانی توێژه‌ر
ئیمكانی نییه. یانی له روانگه‌ی بیرمه‌ندی زانستی، یان بیرمه‌ندی دیالكتیكی دا،
لۆژیك جیاواز له به‌هاناسی، تیۆری ناسین جیاواز له لۆژیك، یان به‌هاناسی جیاواز
له لۆژیك و مه‌عریفه، بوونی نییه.
ئه‌ڵبه‌ت ئه‌م بیره تایبه‌ت به ئه‌ندێشه‌ی
ماركسیستی نییه. ده‌روونناس و لۆژیكزانی ناودار "ژان پیاژه" كه زۆر
كه‌م پشت بە ماركسیزم دەبەستێ، له تۆژینه‌وه‌كانی خۆیدا به‌م ئاكامه گه‌یشتووه
كه لۆژیك ته‌نیا له‌سه‌ر ده‌روونناسی و كۆمه‌ڵناسی پێكدێ و تۆژینه‌وه‌ی
سۆسیۆلۆژیك و سایكۆلۆژیك به‌بێ پراکتیک و داوه‌ری به‌هایی ئیمكانی نییه. له‌م
پرسه‌شدا ده‌بێ جێگایه‌كی تایبه‌ت به بوونناسی بدرێت. من له‌گه‌ڵ ئه‌م پرسه
كۆكم، به‌تایبه‌ت به‌وهۆیه كه ئه‌مڕۆ كاتێ باسی ئه‌تتۆلۆژی ده‌كرێ، هایدگر و
مه‌به‌ستی ئه‌و له بوون مان بیردێته‌وه (هایدگر بۆ پێناسه‌كردنی بوون، چه‌مكی
گشتێتی به‌كاردێنێ). ته‌نانه‌ت ده‌مه‌وێ بڵێم كه پرسی ئه‌نتۆلۆژیك گرنگترین
پرسه، چونكه به‌هاناسی و مه‌عریفه‌ناسی و لۆژیك ده‌گرێته‌وه.
به‌ڵام وشه‌ی بوونناسی ش – وه‌ك چۆن له‌مه‌ڕ ئیدیۆلۆژی
وتمان- زۆر مانای جیاواز و ئاسۆی جیاواز ده‌گرێته‌وه. كاتێ باسی بوونناسی ده‌كرێ
زیاتر جۆرێ له بوونناسی نامێژووی ئاراسته ده‌كه‌ن، یان ئه‌گه‌ر فه‌لسه‌فه‌ی
مێژوو مه‌به‌ست بێت – وه‌ك دیدگای هایدگر – فه‌لسه‌فه‌ی مێژوویی دواكه‌وتوانه و
دژ به گه‌شه و دژ به هه‌ر چه‌شنه هیۆمانیزمێك باس‌ده‌كه‌ن كه به‌پێی چه‌مكی
ئلیته‌كان راوه‌ستاوه. كه‌وابوو، كاتێ باسی ئه‌نتۆلۆژی ده‌كرێ، ده‌بێ ئه‌م چه‌مكه
به‌مانای یاسا گشتییه‌كانی مێژوو، دۆخی مرۆڤ له كۆمه‌ڵگه و له سروشت دا، یانی
مرۆڤ وه‌ك گشتێتی راڤه بكرێت، به‌ڵام نابێ له بیرمان بچێ كه ئه‌نتۆلۆژی لق و
پۆپی جیاجیای هه‌یه، به‌ڵام جۆری مه‌به‌ستی ئێمه ئه‌نتۆلۆژییه‌كی ئێجگار تایبه‌ته
كه له‌گه‌ڵ فه‌لسه‌فه‌ی زانستی مێژوو یه‌كێكه. من پێم باشه له‌م بابه‌ته‌وه
"ماتریالیزمی مێژوویی" به‌كار بێنم.
- ئایا ده‌كرێ فه‌لسه‌فه به جۆرێك
مرۆڤناسی بزانین؟ ئاخۆ نابێ فه‌لسه‌فه له درێژه‌ی گه‌شه‌ی خۆیدا هاوكێشی خۆی له‌گه‌ڵ
زانستی كۆمه‌ڵایه‌تی بسه‌لمێنێ؟
- من پێم وایه كه فه‌لسه‌فه ده‌بێ به‌ره‌و
جۆرێ مرۆڤناسی بڕواته پێش. ئه‌ڵبه‌ت نه وه‌ك زانستی سروشتی، یان تۆژینه‌وه‌ی
كۆمه‌ڵگه‌ی سه‌ره‌تایی، بەڵکوو ده‌بێ له دۆخی ژیانی مرۆڤ به‌گشتی و ئاڵوگۆڕه‌كانی
مێژوو و ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی بتۆژێته‌وه.
كه‌وابوو، كاتێ تۆ ده‌ڵێی ده‌بێ فه‌لسه‌فه
هاوكێشی خۆی له‌گه‌ڵ زانستی كۆمه‌ڵایه‌تی بسه‌لمێنێ، من – ئه‌گه‌ر مه‌به‌ستی ئێوه‌م
دروست وه‌رگرتبێ - ئه‌م ڕه‌وته پڕمه‌ترسی ده‌بینم. فه‌لسه‌فه نابێ له كه‌نار
زانستی كۆمه‌ڵایه‌تی دا گه‌شه‌بكا و زانستێك بێت له تەنیشت كۆمه‌ڵناسی و مێژوو.
فه‌لسه‌فه جۆرێك مێتۆد، دیدگا و شێوه‌ی تۆژینه‌وه‌ی فاكتی ئینسانییه كه ده‌بێ
به‌قووڵی به ناخی تێكڕای زانستی مرۆڤی دا رۆبچێ، فه‌لسه‌فه تاقه هۆكارێكه كه
به‌ڵگه‌مه‌ندبوون و زانستی بوونی ئه‌م بوارانه هه‌موار ده‌كا.
له‌ڕاستیدا فه‌لسه‌فه ته‌نیا كاتێك ده‌توانێ له
وشیاری سه‌رده‌م دوانه‌كه‌وێ و بۆ هه‌مووان گرنگ و زیندوو بێ، كه هاوكات ئه‌ندێشه‌ی
زانستی و پراکتیکی ئینسانی بگرێته‌وه. له زانستی ئینسانی شدا ئه‌ندێشه‌ی زانستی
و پراکتیکی سیاسی كۆمه‌ڵایه‌تی، ته‌نیا كاتێك سروشتی زانستی و به‌ڵگه‌مه‌ندی خۆی
بۆ ئه‌ندێشه‌ی سۆسیالیستی و، سروشتی هیۆمانیستی خۆی، بۆ كرداری كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌پارێزێ،
كه له‌گه‌ڵ فه‌لسه‌فه پێوه‌ندی قووڵی هه‌بێ و سه‌رئه‌نجام له‌نێوان فه‌لسه‌فه و
زانست دا جیاوازییه‌ك نه‌بێ.
- ئایا ده‌توانین باسی كاریگه‌ری پۆزه‌تیڤیزم
له‌سه‌ر ماركسیزم بكه‌ین؟ ئه‌م كاریگه‌رییه چه‌نده كارسازه؟
بێگومان ده‌توانین. له ئوروپا، له‌پاش كۆچی
ماركس تا ساڵه‌كانی 1920 پۆزه‌تیڤیزم كاریگه‌ری قووڵی له‌سه‌ر ماركسیزم هه‌بووه.
(له ساڵه‌كانی 1920- 1926 بزاڤێك ده‌س پێده‌كا كه ده‌كرێ به بوژاندنه‌وه‌ی فه‌لسه‌فه‌ی
دیالكتیكی رۆژاوایی ناوی بنێین. نوێنه‌رانی ئه‌م ڕه‌وته، لوكاچ، كارل كورش و
ماركووزه بوون).
جێگای سه‌رسوڕمانه كه بێجگه له به‌رهه‌مه‌كانی
خودی ماركس، كاتێ به‌رهه‌مه‌كانی پله‌خانوف، كائوتسكی، و مهرینگ و... ده‌خوێنینه‌وه،
تێده‌گه‌ین كه دیدگای ئپیستمۆلۆژیكی ئه‌م به‌رهه‌مانه كه‌لێنێكی قووڵی له‌نێوان
داوه‌ری واقعی و داوه‌ری به‌هایی، له‌نێوان ئه‌ندێشه و پراکتیکا پێكهێناوه.
هاوكات له‌گه‌ڵ
دوگماتیزمی ستالینی، ده‌بینین كه سه‌رله‌نوێ پوزه‌تیڤیزم گه‌شه‌ده‌كا و به‌شێكی
به‌رین له ئه‌ندێشه‌ی ماركسیستی ده‌گرێته‌وه. ئێستاش دووباره نیشانه‌یه‌كی ته‌واو
سه‌رسوڕهێنه‌ر و نائاسایی ده‌بینرێ: ده‌ركه‌وتنی هه‌وڵێكێ نوێ بۆ بوژاندنه‌وه‌ی
ماركسیزمی پۆزه‌تیڤیستی یان جۆرێك پۆزه‌تیڤیزمی بنه‌ماخواز و دژه فه‌لسه‌فی، له سێ
به‌رهه‌می دۆستی من ئاڵتوسێردا كه ئێجگار گرنگ، پرشنگدار، وردبینانه و هاوكات
جێگه‌ی ره‌خنەیشن، ده‌بینرێ. له‌كۆتاییا پرسیوتانه ئایا ئه‌م كاریگه‌رییه
كارسازه؟ به‌كورتی ده‌بێ بڵێم كه ئه‌م كاریگه‌رییه به‌رده‌وام كارسازه، چونكه
ده‌رگای دیالۆگ ده‌كاته‌وه، ئه‌ندێشه جیاوازه‌كان له پێویستی واقعی كۆمه‌ڵگه
سه‌رچاوه ده‌گرن و به‌مجۆره، به‌شداران به‌پێی كرداری كۆمه‌ڵایه‌تی، به‌ره‌و قوولبوونەوە
له‌مه‌ڕ پرسه‌كانی سه‌رده‌م ده‌به‌ن. به‌ڵام ئه‌م كاریگه‌رییه كاتێ مه‌ترسی هێنه‌ره
كه باسێكی قووڵ و جدی هەڵنه‌گیرسێنێ و هه‌ر به كاریگه‌ری یه‌كلایه‌نه كۆتایی بێت.
به‌رده‌وام وتوومه
كه ئه‌ندێشه دیارده‌یه‌كی تاكی په‌تی نییه و بۆ هه‌ڵوێستی ره‌خنه‌گرانه زۆر
پێویسته كه هه‌ر تاكێ دیدگای خۆی به‌شێوه‌ی رۆشن و شێلگیرانه بپارێزێ و قه‌ت شه‌یدای
مۆدی رۆژ و پرستیژ یان ناوبانگی درۆینه‌ی خه‌ڵكی تر نه‌بێت.
به‌ڕای من
ماركسیزم ڤانەیەكه كه له‌گه‌ڵ ئێگزیستانسیالیزم و پۆزه‌تیڤیزم زۆر جیاوازه و هه‌ر
جاره كه تووشی دۆگماتیزم و سكۆلاستیزم ده‌بێ، سه‌رهه‌ڵدانی فكر و فه‌لسفه‌ی دیكه
و دیالۆگ له‌گه‌ڵ ئه‌وان له گێژی و كاسی وشیاری ده‌كاته‌وه. به‌ڵام به‌هه‌ر حاڵ
ماركسیزم قه‌ت نابێ بیر و ڕوانگه و مێتۆدی خۆی له‌بیر بكا و له به‌رگی ماركسیزم دا
فه‌لسه‌فه‌یه‌كی ته‌واو جیاوازی لێ ده‌کەوێت.
- هۆی چیه كه ئێتیک و جوانیناسی
ماركسیستی گه‌شه‌ی نه‌كردووه؟
- زۆر روشنه كه ئه‌م پرسه لایه‌نێكی
گشتی تری هه‌یه و پێوه‌ندی به دواكوتوویی زانستی ماركسیستی و دوگماتیزمی
ستالینییه‌وه هه‌یه.
ئه‌م پرسیاره پێویستی به شیكاری هه‌مه‌لایه‌نه
هه‌یه. من پێم وایه كه ئێتیک و جوانیناسی زیاتر له بواره‌كانی تر خه‌ساریان
دیبێ. هه‌روه‌ها مه‌عریفه‌ناسی ماركسیستی و ده‌روونناسی ماركسیستیش زۆر كه‌م گه‌شه‌یان
كردووه. ئه‌مه پرسێكی گشتییه و ده‌بێ بپرسین چ هۆكارێك، ئه‌ندێشه‌ی ماركسیستی
به‌ره‌و چه‌قین و نسكۆ بردووه؟ چونكه باسی ئێتیکتان كرد، ده‌مه‌وێ
خاڵێك زیاد بكه‌م. من پێم وایه كه بۆ ماركسیزم، مۆرالی سه‌ربه‌خۆ، یانی كۆمه‌ڵێك
داوه‌ری به‌هایی كه له‌سه‌ر فاكتی كۆمه‌ڵایه‌تی، له‌سه‌ر داوه‌ری بابه‌تی پێكنه‌هاتبێ،
ئیمكانی نییه.
كه‌وابوو، ئه‌وه‌ی تۆ به ئێتیکی ماركسیستی ناوی
ده‌به‌ی، من به پرسی كردارناسی و، پێوه‌ندی نێوان ئه‌ندێشه‌ی فه‌لسه‌فی،
هیۆمانیزم و یاساكانی پراکتیک پێناسه‌ی ده‌كه‌م...
- به‌ڕای تۆ فه‌لسه‌فه‌ی سه‌ده‌ی بیسته‌م چ دسكه‌وتێكی
گرنگی بۆ "خه‌زێنه‌ی" فه‌لسه‌فه بەگشتی هه‌بووه؟
- به‌ڕای من كاتێ كه مێژووی فه‌لسه‌فه‌ی سه‌دی
بیسته‌م ده‌نووسینەوە... ناتوانین ناوی دوو كه‌س فه‌رامۆش بكه‌ین: لوكاچ و فرۆید.
لوكاچ ئه‌م پرسه گرنگانه‌ی سه‌رله‌نوێ گه‌ڵاڵه
كرد: بابه‌تی گشتێتی، ئه‌م پرسه كه مرۆڤ له‌ناخی كۆمه‌ڵگه‌دا ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی
ده‌ناسێ و ئه‌وه كه بكه‌ری ئه‌ندێشه و پراکتیک، تاك نییه، بەڵکوو كۆمه‌ڵێكه
كه به‌شێك له‌م گشتێتییه پێكدێنێ.
به‌بێ ئه‌م ده‌سكه‌وته گرنگه‌ی لوكاچ، ناسینی
فه‌لسه‌فه‌ی هاوچه‌رخی ئوروپا دژواره. به‌ڕای من به‌رهه‌مه‌كانی لوكاچ كاریگه‌ری
راسته‌وخۆیان له‌سه‌ر هایدیگەر، هه‌روه‌ها له‌سه‌ر مانهایم هه‌بووه. یانی كاریان
كردۆته سه‌ر دوو كه‌س له گرنگترین نوێنه‌رانی فه‌لسه‌فه و ئه‌ندێشه‌ی كۆمه‌ڵناسانه...
له وڵامی ئەودا کە گرنگترین بیرمه‌ندانی فه‌لسه‌فی فه‌رانسە کێن، لویی شتراوس،
رۆلان بارت و ریمۆن ئارون م ناوبرد، یانی ئه‌و بیرمه‌ندانه كه زانستی كولتوور
داده‌ڕێژن. به‌ڵام لوكاچ یه‌كه‌م بیرمه‌ند بووه كه له چاخی ئێمه‌دا، پرسی
گشتێتی گه‌ڵاڵه كردووه و پیشانی داوه كه فه‌لسه‌فه چه‌نده له زانستی به‌ڵگه‌مه‌ند
نزیكه و هه‌ر زانستێكی به‌ڵگه‌مه‌ندیش ئه‌گه‌ر فه‌لسه‌فی نه‌بێ، زانستی نابێ.
له بواری
سایكۆلۆژیك دا فرۆید ده‌سكه‌وتێكی له‌وچه‌شنه‌ی هه‌بووه. فرۆید هه‌مان پرسی چه‌مكی
سه‌ره‌كی بنه‌ماخوازی گه‌شنده‌ی بۆ ناسینی ئاڵوگۆڕی تاكی ئاراسته كردووه، پرسێك
كه لوكاچ له‌پاش ماركس بۆ ناسینی كۆمه‌ڵگه به‌كاری هێناوه.
به‌ڕای من تاقه لاوازی فرۆید كه زیاتر له به‌رهه‌مه‌كانی
ئه‌و دایه نه له رێبازی دا، ئه‌وه‌یه كه فرۆید دێترمینیست بوو، یانی بنه‌ماخوازی
گه‌شنده‌ی ئه‌و ئاینده‌ی له‌به‌ر چاو نه‌گرتووه و به‌رده‌وام "ئێستا"
نه به خواستی داهاتوو، بەڵکوو به رابردوو ڕاڤه ده‌كات.
زور بیرمه‌ندی
به‌ناوبانگ له مەکتەبی لوكاچ دا جێده‌گرن، به‌تایبه‌ت ماركووزه كه ئه‌مرۆ زیاتر
له پێشوو ناسراوە. هه‌ر به‌پێی ئه‌م چه‌مكی گشتێتیه‌یه كه هایدیگەر ــ ئه‌ڵبه‌ت
به‌پێی روانگه‌یه‌كی كونسێرڤاتیڤ و ناهیۆمانیستی ــ فه‌لسه‌فه‌ی بوونی خۆی
داڕشتووه، فه‌لسه‌فه‌یه‌ك كه له چه‌مكی گشتێتی جیاناكرێته‌وه.
به‌ڕای من فه‌لسه‌فه‌ی ئێگزیستانسیالیزمی سارتر،
به‌رله‌وه‌ی كه بۆچوونێكی فه‌لسه‌فی نوێ له‌مەڕ مێژووی فه‌لسه‌فه بێت، جۆرێك
تاكگه‌راییه كه ئه‌ڵبه‌ت رۆڵێكی گرنگی گێڕاوه و ده‌ركێكی ئێجگار رۆشنی له پرسه‌كانی
مۆرالی تاكی بۆ ئێمه به دیاری هێناوه.
به‌ڵام له كۆتایی
دا ده‌بێ بێژم كه به‌ڕای من ئه‌مرۆ ئه‌ندێشه‌ی فه‌لسه‌فی په‌تی به‌ره‌و فه‌وتان
ده‌چێ و باس و دیالۆگی فه‌لسه‌فی راسته‌قینه له بواری زانستی مرۆڤی دا پێكدێت،
له بوارێكا كه دیدگا گشتییه‌كان په‌ره ده‌ستێنن. ئه‌قڵگه‌رایی فۆرماڵیستی
توندڕه‌و یان شێوازه‌كانی ئه‌ندێشه‌ی هاوشێوه‌ی، ره‌نگه كاتێك سه‌ركه‌ون كه كۆمه‌ڵگه‌ی
رۆژئاوایی ببێته كۆمه‌ڵێكی تێكنۆكرات و، رفا و ئاسایش بۆ هه‌موان دابین بكات ـ ئه‌ڵبه‌ت
به‌ومه‌رجه‌ی كه جه‌ماوه‌ر له هه‌ر جۆره وشیاری رۆشنبیرانه ده‌ست هه‌ڵگرن و
پرسه‌كانی هه‌ستی له‌بیر بكه‌ن و ته‌نیا وه‌ك به‌كارهێنه‌ری په‌تی بمێننه‌وه. به‌ڵام
به‌پێچه‌وانه‌وه، ئه‌گه‌ر ئاڵوگۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی ڕه‌وتێكی جیاواز بگرێته‌به‌ر و
خه‌باتگێڕان و بیرمه‌ندانی سۆسیالیست بتوانن ئاڵوگۆڕی كۆمه‌ڵگه‌ی رۆژاوایی به‌ره‌و
ئاراسته‌یه‌كی دیكه، به‌ره‌و جڤاتێكی ئینسانی ببه‌ن، ئه‌وكات ده‌سكه‌وتی حه‌تمی
بیرمه‌ندانێك وه‌ك لوكاچ و ماركووزه و هه‌موو ئه‌ندامانی مه‌كته‌بی ئه‌وان له بواری
ناسینی مرۆڤ دا ره‌نگه فه‌لسه‌فه‌ی راسته‌قینه ببوژێنێته‌وه.
هیچ نظری موجود نیست:
ارسال یک نظر