رد شدن به محتوای اصلی

حەلاج، مەولانا، نیچە

حەلاج، مەولانا، فریدریک نیچە


بەشێک لە نووسەران و هۆنەرانی مەزن لە ژیانی ئەدەبی خۆیان دا چەند قۆناغیان بەسەر بردووە. بۆ نموونە گوتە، نووسەر و هۆنەری ئاڵمانی، لە قۆناغی یەکەمی ژیانی ئەدەبی دا کە بە بیر و جیهانبینی لەگەڵ دەرباری ڤایمار دایە، لاوازترین بەرهەمەکانی خۆی، یانی "کچی سروشتی"، "داماوان" و "شارڤەنتی گشتی" دەنووسێت؛ بەڵام کاتێ بە بیر و جیهانبینی لەگەڵ ئەندێشەی جانی جیهان، یانی ناپلەئۆن و ئەندێشەی شۆڕشی مەزنی فەرانسە یەک دەگرێت، بەهێزترین بەرهەمەکانی خۆی، یانی فاوست و پاندورا دەنووسێ.
مەولانا بەلخی، یان بەوتەیەک ڕۆمی، لە ژیانی دا دوو قۆناغی سەرەکی تێپەڕاندووە. قۆناغی بەر لە ئاشنایی شەمس، دوای ناسینی شەمس.
دەگێڕنەوە کە مەولانا بەر لەوە کە شەمسی تەورێز ببینێ، لە شام تەکیە و خانەقا و دەیان شاگردی هەبووە و بەردەوام دەرسی دین و رەوشت بەرزی وتۆتەوە. لەناکاو رۆژێک لە رۆژان شەمس سەر هەڵدەدا و ئەبینێ کە مەولانا خەریکی دەرس و وەعظە و غەرقی ئایات و حەدیسە. هەر لەم کاتەدا لەنێوان ئەو و مەولانا دیالۆگێک پێکدێ.
 شەمس دەپرسێ:
ئەتۆ پێت وایە محەمەد {پێغەمبەر} گەورەترە یان بایزی بەستامی؟
مەولانا لە وەڵامدا دبێژێ:
جا ئەوە چە قسەیەکە! خودای مەزن خۆی دەفەرموێ: ئەمن هەموو کائیناتم بەخاتر محەمەد بەدیهێناوە! بەڵام بایزی مرۆڤێکی ئاساییە.
شەمس لە وەڵامدا دەڵێ:
ئەی بۆ محەمەد ئێژێ: "ماعَرَفناک حقّ معرفتک"، یانی ئێمە هەرگیز نەمانتوانی ئەوجۆرە کە شایان بوو تۆ بناسین؛ بەڵام بایەزید دبێژێ: "سُبحاني ما اعظَم شأني!"، یانی چەندە پاک و بێگەردم، چەند مەزن و بەشکۆم!
مەولانا بە بیستنی ئەم قسەیە بەلادا دێ و بێ هۆش دەکەوێ. خێرا شاگردەکانی فریای دەکەون و دەیبەنە ژوورێ. پاش چەن ساتێ کە وشیار دەبێتەوە، هەست دەکا ئیتر مرۆڤەکەی جاران نییە. بەجارێک تەکیە و خانەقا بەجێ دێڵێ و وەدوای شەمسی تەورێز دەکەوێ.
{دیوانی شەمس، فروزانفر}

ای نور ما، ای سور ما، ای دولت منصور ما
جوشی بنە در شور ما، تا می شود انگور ما!
                                    
مەولانا لە بیر و هەناسەی شەمس دا بانگی "انا الحق"ی حەلاج و "دەوڵەتی مەنسور" هەست پێ دەکات. هەر لەم سەردەمەش دایە کە باشترین هەڵبەستەکانی یانی "دیوانی شەمس" دەنووسێتەوە: دنیایەک پڕ لە شوور و شەوق، هەست و بزاڤ و، وەجد و دیلان:
هر نفس آواز عشق می‌رسد از چپ و راست
ما به فلک می‌رویم عزم تماشا که راست
ما به فلک بوده‌ایم یار ملک بوده‌ایم
باز همان جا رویم جمله که آن شهر ماست
خود ز فلک برتریم وز ملک افزونتریم
زین دو چرا نگذریم منزل ما کبریاست
گوهر پاک از کجا عالم خاک از کجا
بر چه فرود آمدیت بار کنید این چه جاست
بەڵام، بەڵام
بخت جوان یار ما دادن جان کار ما
قافله سالار ما فخر جهان مصطفاست
وەک دەبینین مەولانا بەم هەموو شوور و شەیدایی و گەشیەی بیر و هزرەوە کە فەلەک و مەلەک تێدەپەڕێنێ، کەچی ناتوانێ لە سنووری دین و متافیزیک واوەتر بچێ و سەرئەنجام محەمەد بە قافلەسالار و فەخری جیهان دەبینێ. ئەگەر دۆستان نموونە شعرێکی تر لە مەولانا بە من بناسێنن کە توانیبێتی، ئەم سنوورە بشکێنێ، مەمنوون دەبم.

بەڵام با بزانین بایەزیدی بەستامی و حەلاج کێن:
 به‌پێی دیدی مێژوونووسان بایه‌زید له‌نێوان ساڵه‌كانی (131-234) كۆچی ژیاوه‌. عەتار نەیشاپوری دبێژی باپیری بایەزید پیاوێکی زەردەشتی بووە. هەروەها لە "تذکرە اولیا"دا لە زمانی خودی بایەزیدەوە دەنووسێ:
"دەبێ باغ و گوڵستان دوو سەد بەهار و خەزان تێپەڕێنێ، تا رەنگە گوڵێکی وەکوو من بڕسکێ"! یان دبێژێ: "سی ساڵ هەڵوەدا بووم و بەدوای خودادا دەگەڕام، کەچی سەرئەنجام زانیم ئەوە ئەوە کە بەدوای منا دەگەڕێ!"
لە وتەکەی محەمەد دا مرۆڤ بەندەیەکی هەژارە کە تەنانەت ناشتوانێ خودا بناسێت، بەڵام بایەزید خاوەن بیر و ئیدیەکە کە لەودا مرۆڤ بە ئاستی بەرزی خودایی دەگات. ئەڵبەت تێرمی "مرۆڤ خودا" ریشەی لە نەریتی کۆنی سەردەمی ساسانی و، لە کولتوورری زەردەشتی میدیا و میترائیزم دایە و لە دەستەوشەی "بەڎه‌خشان" {خودا شاهان} دا دەرکەوتووە. بەڵام ئەم بیرەی بایەزید نزیکەی سەد ساڵ دوای ئەو لە کارئەکتەری مەنسور حەلاج (244- 309) دا ڕاشکاوانە دەبێ بە بانگەواز و لایەنی پراکتیکی بەخۆوە دەگرێت.
بەپێی گێڕانەوەی مێژوونووسان حەلاج خەڵکی دەڤەری زاگرۆس بووە و باپیری ئەویش زەردەشتی بووە. حەلاج لە درێژی ژیانی دا بە ئاستێک لە تێگەیشتن و شوور و شەیدایی دەگات کە بانگی "انا الحق!"، "ئەز خودام!" دەچریکێنێ. دەبێ دیسانیش ئاماژە بەوە بکەم کە ئەم دەربڕینە لەگەڵ نەریت و کولتوری زەردەشتی پێوەندی قووڵی هەیە. هەروەها لە ئاینی یارسان دا پیرانی مەزن بە ئاستی خودایی دەگەن و خۆیان بە خودا دەزانن. بەپێی هەندێ بەڵگە، لەپاش ڕوخانی دەسەڵاتی ساسانی، حەلاج یەکەم کەس بووە کە ویستوویە دینی کەڤنار، یانی ئاینی یارسان بژێنێتەوە. هەروەها لە نووسینەکانی دەفتەری سەرئەنجامیش دا حەلاج جێگایەکی بەرزی هەیە:
مەنسور بی داود رەهبەر یاری
زەکەریا موسا پەی دەفتەرداری
پیر نازدار شیرازی

 کەوابوو هەر بەهۆی ئەم پرسەیە کە خەلیفەی ئیسلامی لە بەغدا ترساوە و فەرمانی کوشتنی داوە، بەجۆرێک کە بە ناجوامێرانەترین شێوە کوشتویانە. ئەمە بابەتێکی گرنگە کە تا ئێستا لە لایەن توێژەران و مێژوونووسانەوە سەرنجی پێ نەدراوە و سیمای حەلاجیان لە ناخی تەم و مژی عیرفانی ئیسلامی دا نوقم کردووە.
وەک ئاماژەم پێکرد، بیری بایەزید و پراکتیکی حەلاج ریشەی لە ئایین و کولتووری میترایی زەردەشتی دەڤەری زاگرۆس دایە. بە کوشتنی مەنسور حەلاج، نەک هەر دیاردەی حەلاج و، بیری حەلاج کۆتایی نەهات، بەڵکوو هەم لە قاڵبی میتۆلۆژی ئەفسانەدا بەوپەڕی پەرجوو و پیرۆزی گەیشت، هەم چووە ناو مێژووەوە و سەدان چیرۆک و بەسەرهاتی لێ ساز کرا: وەرە بزانم چەند مەردە حەلاجی! ئەم دەربڕینە فۆلکلۆرە کە بە قووڵی لە فەرهەنگی کوردی دا ڕەگی داکوتاوە ئاماژە بە بەسەرهاتی قارەمانانەی حەلاج دەکات.
بیر و ڕێبازی حەلاج چەند سەدە دواتر لە رێبازی یارسان دا دەبێتە بزاڤێکی مەزنی فکری، سیاسی و مینەوی. رێبەرانی ئاینی یاری هەر لە پیر شاخڤەشین تا سان سەهاک بە خەباتی قووڵی فکری پراتیکی کولتوور و ئایینێک دەژێننەوە کە لەودا مرۆڤ دەتوانێ بە پلە و پێگەی بەرزی خودایی بگات. شایانی باسە ساز و مۆسیقی و بەتایبەت تەمبور لەم ئایینەدا جێگەی بەرزی هەیە.
یەکێ لەو هۆکارانە کە نیچە شەیدای زەردەشت دەکات هەر ئەم بنەما کولتورییەیە. فریدریک نیچە، بیرمەندی بەناوبانگی ئاڵمانی (1844- 1900)، لە سەدەی نۆزدەهەم دا شاکاری ئەدەبی فەلسەفی خۆی لە زمانی زەردەشتەوە دەنووسێ و لەودا چەمکی "زەڤەر مرۆڤ" دەخولقێنێ. نیچە راشکاوانە خۆی بە ئۆڤێر مەن/ مرۆڤ خودا دەزانێ. لە کتێبێ زەردەشت دا دبێژێ: ئەمن چۆن دەتوانم ئەوە قەبوڵ بکەم کە خودایەک هەبێت و ئەو خودایە من نەبم! [زەردەشت، بەشی دوو، دوورگەی بەختەوەران].
نیچە بەمجۆرە تێرمی menschüber پێناسە دەکا:
"مەیموون لەئاست مرۆڤ چەند کز و لاوازە، مرۆڤ ژی لە ئاست 'ئویبەر مێنش'/زەڤەر مرۆڤ ئاوایە. مرۆڤ جۆگەیەکی بچووکە، بەڵام "زەڤەر مرۆڤ" دەریایەکی هەراوە." هەروەتر وەکچۆن بایەزید دەیوت: دەبێ دوو سەد ساڵ تێپەڕێ تا گوڵێکی وەکوو من بڕسکێ، نیچەش لە کتێبی ئێکۆ هۆمۆ دا ڕاشکاوانە دبێژێ: دەبێ خەڵکی ئاڵمان دوو سەد ساڵ هونەر و جوانیناسی بخوێنن تا بتوانن من بناسن، ئەمەش ئیمکانی نییە!
بەڵام کاری هەرە گرنگی نیچە ئەوەیە کە وەک بوومەلەرزە تێکڕای سیستمی فکر، مۆرال و متافیزیکی سێ هەزار ساڵەی مرۆڤانتی هەڵدەوەشێنێتەوە و بە ئەوبەر مرۆڤ، مۆرال و متافیزیک دەگات. بە قەولی خۆی شەش هەزار پا واوەتر لە مرۆڤ و زەمانە!
چ شەڕانی ڕاوچییەکم لێهاتووە
سەیرکەن کەوانم چەند چەماندووە!
تەنیا بەهێزترین دەتوانێ وەها کەوانێک ڕاکێشێ
چ ئەڤین و ژان و ئێشێ!
                      [واوەتر لە خیر و شەڕ]

ئەم کەوانە خەدەنگێک دەهاوێژێ، کە لە سێ هەزار ساڵ پێش ئێستاوە، یانی لە گاتاکانی زەردەشتەوە دەست پێدەکا و تا سێ هەزار ساڵ دوایی مارکس دەنگێوێ... 
ئه‌وه‌ی ئه‌م بیر و ئایدیا مه‌زنانه‌ ده‌پارێزی و نایه‌ڵێ بفه‌وتێن، شعر و ئه‌ده‌بیاته‌. بە ناسینی شەمس، قۆناغێک لە ژیانی مەولانا دەست پێدەکا کە لەودا بایەزید و حەلاج دەناسێ و دەبێتە کڵپەیەک لە شوور و شەیدایی، و رەخس و سەما و هەڵفڕین. مەولانا لەم سەردەمەدا بە نووسینی دیوانی شەمس فەرهەنگی شادی و خەندە، دیلان و شەیدایی دەگەشێنیتەوە.
وەکچۆن شەمس تەبریزی بە هێنانەوەی پەیڤیکی بایەزید، سیستمی فکری ئیسلامی هەڵدەوەشێنێتەوە، کاری گرنگی نیچەش ئەوەیە کە بە خولقاندنی زەردەشت/زەڤەر مرۆڤ، فەرهەنگی دنیاپەریز و ئێتیکی پڕ لە نزا و کڕووزانەوەی مەسیحی هەڵدەوەشێنێتەوە. لە بەرهەمەکانی ئەودا رەخس و سەما، وەجد و شادی و مۆسیقی شەپۆلان دەدا و بەمجۆرە مرۆڤ لە دەستی ترسی دین و دۆزەخ رزگار دەبێ و دەگەڕێتەوە بۆ باوەشی سروشت و بە رەخس و سەما سروود و گۆرانی دەچریکێنێ و دەیەوێ وەک باڵندە بفڕێ.

فەرهەنگی مرۆڤایەتی یەکەیەکی یونیڤێرساڵ پێکدێنێ. بیری میترایی زەردەشتی، بایەزید بەستامی دەخولقێنێ. بیری بایەزید، دڵی حەلاج هەڵدەگیرسێنێ. دەسەڵاتی تاناتووسی خەلیفە حەلاج دەکوژێ. بەڵام بیری حەلاج هەڵدەفڕێ و سنوورەکان دەبەزێنێ...     

نظرات

پست‌های معروف از این وبلاگ

زمان، نووسین، میدیا و ...

زمان، نووسین، میدیا، گوتاری نەتەوایەتی، ناسنامە و پەروەردە گفتوگۆ لەگەڵ د. جەعفەر شێخولیسلامی پرۆفیسۆری میوان، زانکۆی سۆران، کوردستان پرۆفیسۆری هاوکار، زانکۆی کارلتن، کەنەدا ئا: هادی محەمەدی سەرەتا: د. جەعفەر شێخولیسلامی ساڵی ١٩٦٠ لە گوندی لاچین، سەر بە شاری مەهاباد، لە دایک بووە. هەر لەو شارەدا خوێندنی سەرەتایی و ناوەندیی تەواو کردووە. لە کۆتایی حەفتاکاندا، بە دزی خۆی فێری زمانی زگماکی کردووە و دەستی بە نووسینی شیعر و چیرۆکی کوردی کردووە. لە سەرەتای هەشتاکاندا، لەناو میدیاکانی سەردەمی ڕاپەڕینی رۆژهەڵات و باشووری کوردستان و، دواتریش لە میدیای ئێرانی لە بوارەکانی هەواڵنێری، وتارنووسین، چیرۆک، شانۆنامە، رۆڵی شانۆیی و وەرگێڕاندا چالاکی نواندووە. لە ساڵی ١٩٨٨ بە ئەم لاوە، لە وەڵاتی کەنەدا نیشتەجێ بووە و، لەم بوارانەدا خوێندوویەتی: ئەنستیتۆ/پەیمانگە (کتێبخانە و ئاگاداری)، بەکالیۆرۆس (زمانەوانی گشتی)، بەڵگەنامەی مامۆستایەتی (زمانی ئینگلیزی وەکوو زمانی دووهەم)، مەستەر (زمانەوانی کارەکی/کارکردی) و دوکتۆرا (پێوەندییە گشتیەکان—گوتار و میدیا). دوای ئەوە کە نزیکەی دە ساڵ ما

"ئەقڵ و شۆڕش"، هێربێرت مارکوزە

کورتەیەک سەبارەت بە "ئەقڵ و شۆڕش"ی هێربێرت مارکوزە نووسینی توماس ئالمێر و: لە ئاڵمانییەوە: هادی محەمەدی مارکوزە کە لە ئاڵمانەوە ئاوارەی ئەمریکا بووبوو، ساڵی ١٩٤١ کتێبی „Reason and Revolution“ ی بە زمانی ئینگلیسی چاپ کرد. ئەم کتێبە دواتر بە ناوی „Vernunft und Revolution“ یانی ئەقڵ و شۆڕش/وەرچەرخان بە زمانی ئاڵمانی وەرگێڕدرا. مارکوزە لەم کتێبەدا هەوڵ دەدات بە سەرنجدان بە ئەندێشەی مارکس، کاریگەری فەلسەفەی هێگل لەسەر تیۆری کۆمەڵایەتی پیشان بدات. مارکوزە لەسەر ئەوە پێدادەگرێ کە هێگل بەپێچەوانەی زۆرێک لە بیرمەندانی پێش خۆی، لە بواری بزاڤ و ئیدەی پێشکەوتنخوازانەدا دیدگایەکی شێلگیرانەی هەیە. ئەو پێی وایە کە واوەتر لە گەشەکردنی پێکهاتەی فاشیستی لە جڤاتی ئێمەدا، پێویستە فەلسەفەی هێگل سەرلەنوێ بخوێنینەوە. ئەم کتێبە لە دوو بەش پێکهاتووە. لە بەشی یەکەم دا بنەماکانی فەلسەفەی هێگل ڕاڤە دەکات، لە بەشی دووهەم دا ڕەوتی پێکهاتنی تیۆری کۆمەڵایەتی شی دەکاتەوە. هەر لە بەشی دووهەم دا کە بابەتی ئەم وتارەی منە، بە سەرەتایەک بەناوی "لە فەلسەفەوە بەرەو تیۆری کۆمەڵایەتی"

قوتابخانەى فرانکفۆرت

مارکوزە و قوتابخانەى فرانکفۆرت marcuse and Frankfurt school براین مەگى سەرەتا: ئەو قەیرانە ئابوورییە کە لە مەوداى دوو جەنگى جیهانیدا زوربەى وڵاتانى رۆژئاوایى گرتەوە، بەڕاى زۆربەى چەپەکان سەرەتاى رووخانى سیستمى سەرمایەدارى بوو کە ئەوان بەردەوام لە تیۆری مارکسیستى دا پێشبینیان کردبوو. ئەگەرچى بەپێى ئەم تیۆرییە دەبوو ئاکامى ئەم دۆخە بە کۆمۆنیزم بگات، بەڵام لە هیچ وڵاتێکى ئوروپا ڕژیمى کۆمۆنیستى نەهاتە ئاراوە. به‌پێچه‌وانه‌وه‌ ئەوەى سەرکەوت فاشیزم بوو. هەندێ لە چەپەکان بەجۆرێک لەم دۆخە ناهومێد بوون کە بەجارێک دەستیان لە مارکسیزم هەڵگرت. هەندێکى تر قەت تووشى ڕاڕایى نەهاتن و هەروا لەسەر بڕواکانى خۆیان مانەوە. گروپێکى تریش لەنێوان ئەم دوو رەوتەدا وەک چەپ مانەوە- یان دەیانویست بمێننەوە- بەڵام پێیان وابوو، بۆوەى مارکسیزم بتوانێ هەروا جێگەى بڕوا و متمانە بێت، دەبێ سەرلەنۆى شروڤە بکرێ و بەخۆیدا بچێتەوە. گرووپێ لەم کەسانە کۆتایى دەیەى 1920 لە شارى فرانکفۆرت کۆبوونەوە، کە دواتر بە ئەندامانى "قوتابخانەى فرانکفۆرت" ناوبانگیان دەرکرد. لە راستیدا ئەم کەسانە بۆ ماوەێکى زۆر لە فرانکفۆرت نە