ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی کوردستان
پێویستی و ئاستەنگە‌کان
پێویستی و ئاستەنگە‌کان
هادی محه‌مه‌دی
سەرەتا: ده‌وڵه‌تی مۆدێرن یان
ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی [nation state] کاتێک پێکدێت که سیستمی کۆنی فیۆداڵی لێکده‌ترازێ
و سیستمی تازه‌ی سه‌رمایه‌داری جێگای ده‌گرێته‌وه. یانی کاتێ له کۆمه‌ڵگه‌یه‌ک
دا پێوه‌ندییه‌کانی سه‌رمایه‌داری په‌ره‌ده‌ستێنێ، بوار بۆ پێکهاتنی ده‌وڵه‌تی مۆدێرن/نه‌ته‌وه‌یی دەڕه‌خسێت.
له سیستمی کۆنی فیۆداڵی دا ده‌سه‌ڵاتداری له چه‌شنی ئه‌مپراتۆری
زاڵه که به دیسکۆرسی دین و دروشمی ئۆمه‌تی تاقانه چه‌ندین نه‌ته‌وه و ئێتنیکی
جیاواز له‌ژێر چه‌تری خۆی دا کۆ ئه‌کاته‌وه،. به‌ڵام زۆر جار زمان و کولتوری نه‌ته‌وه‌یه‌ک
به‌سه‌ر نه‌ته‌وه‌کانی تردا ده‌سه‌پێنێ. بۆ نموونه له سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتی ئه‌مپراتۆری
رۆم دا زمانی لاتین زاڵ بووە و زمانه‌کانی تری نه‌ته‌وه‌کانی تری ئوروپا قه‌ده‌غه
بووگن، یان له سه‌رده‌می ئه‌مپراتۆری عوسمانی دا زمانی عه‌ره‌بی زمانی ره‌سمی ده‌سه‌ڵات
بووە و پاشاکانی تورک زمانی عوسمانی بەتایبەتی نێردراون بۆ میسر تا لەوێ زمانی
عەرەبی فێر ببن.
به‌ڵام هه‌ر که پێوه‌ندییه‌کانی سه‌رمایه‌داری گه‌شه
ده‌کا و په‌ره‌ده‌ستێنێ، پێش هه‌موو شتێ ده‌سه‌ڵات و دیسکۆرسی دینی ناچار به پاشه‌کشه
و رێفۆرم ده‌کات [بۆ نموونە ڕێفۆرماسیۆنی مارتین لوتێر زۆر جێگەی سەرنجە]؛ به‌جۆرێک
که له درێژه‌ی پرۆسه‌یه‌ک دا دین ده‌بێته پرسێکی تاکی و ئیتر خۆی له قەرەی کاری
سیاسی وه‌رنادات. به نه‌مان و فه‌وتانی دیسکۆرسی دینی و دروشمی ئۆمه‌تی تاقانه،
هاوکات دوو پێکهاته‌ی مه‌زن و بچووک لێکده‌ترازێن و ده‌ڕوخێن، یه‌که‌م پێکهاته‌ی
گشتگیری ئه‌مپراتۆری، دووهه‌م پێکهاته‌ی بچووکی خێڵ و عه‌شیره‌ت. به روخانی ئه‌م
دوو پێکهاته‌یه‌ش، چینی ناوه‌ڕاست [middle class]ی شارنشین و خوێنده‌وار
پێکدێ و بوار بۆ پێکهاتنی ده‌وڵه‌تی مۆدێرن/نه‌ته‌وه‌یی ده‌ڕەخسێت. ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی
زۆر جار به‌پێی زمان، مێژوو و کولتوورێکی هاوبه‌ش پێکدێ و، هه‌ندێ جاریش به‌پێی
مافی شارڤه‌نتی و کونتراکتی کۆمه‌ڵایه‌تی دروست ده‌بێ.
"لە
پێکهاتنی دەوڵەتی مۆدێرن دا، سێ فاکتۆ‌ری ناسیۆناڵیزم، دێموکراسى و سەنعەت/تێکنۆلۆژی
رۆڵيکی چه‌ندلایه‌نه و دیالکتیکییان له‌سه‌ر یه‌کتر هه‌یه و یه‌کتر ته‌واو ده‌که‌ن.
یانی تا له وڵاتێک مناسباتی سەنعەت/پیشه‌سازی گه‌شه‌ی نه‌کردبێت، بوار بۆ دروستبوونی
خواستی نه‌ته‌وه‌یی پێکنایه‌ت و یه‌کێتی و ته‌بایی فه‌رهه‌نگی و زمانی دروست
نابێت. چونکه له‌ڕاستیدا و له درێژه‌ی پرۆسه‌ی مودێرنیزاسیۆن دایه که ره‌وتی
مێژوو پێکهاته گه‌وره و نه‌ریتی ده‌ڕوخێنێ و پێکهاته‌ی بچووکی خێڵه‌کی له‌به‌ریه‌ک
هه‌ڵده‌وه‌شێنێ و به پێکهاتنی چینی ناوه‌ڕاست، زه‌مینه‌ی گه‌شه و هه‌ڵدانی بزاڤی
نه‌ته‌ڤى هەموار ده‌کا.
به‌ڵام چینی ناوه‌ڕاست چۆن پێکدێ و به‌پێی چ
مکانیزمێک ده‌وڵه‌تی مۆدێرن\ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی ده‌خولقێنێ؟ چ پێوه‌ندییه‌کی
لۆژیکی و ئه‌نتۆلۆژیکی له‌نێوان چینی نێوه‌ڕاست و ده‌وڵه‌تی مۆدێرن دا هەیه؟
کاتێ چاو له مێژووی وڵاتانی ئوروپا ده‌که‌ین،
ده‌بینین که له کۆتایی سه‌ده‌ی هه‌ژده‌هه‌م دا به هۆی گه‌شه کردنی سه‌نعه‌ت و
مناسباتی سه‌رمایه‌داری، مناسباتی فیۆداڵی ده‌فه‌وتێ و هه‌ر دوو چینی وه‌رزێر و ده‌ره‌به‌گ
له‌مێژوودا ده‌وریان کەم دەبێتەوە؛ له‌م نێوه‌دا شارنشینی په‌ره‌ده‌ستێنێ
و چینی نێوه‌ڕاست پێکدێت، چینی نێوه‌ڕاست خاوه‌ن مڵک و سامانێکی زۆر نییه که
بترسێ له ده‌ستی بدات، بۆیه هه‌ڵوێستی محافزه‌کارانه\کۆنسێرڤاتیڤ ناگرێت و
داکۆکی له بیر و ئه‌ندێشه‌ی دواکه‌وتوانه و کۆنه‌په‌رستانه ناکات؛ هه‌روه‌ها
چینی ناوه‌ڕاست هێنده هه‌ژار و چاره‌ڕه‌ش نییه که هه‌موو وزه و توانای خۆی بۆ
به‌ده‌ست هێنانی بژیوی ژیان ته‌رخان بکا و ئیتر ده‌رفه‌تی خوێندن و په‌روه‌رده و
بیرکردنه‌وه‌ی نه‌مێنێ. که‌وابوو چینێ نێوه‌ڕاست به‌هۆی خه‌سڵه‌تی چینایه‌تی و
پێگه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی خۆی، چینێکی میانه‌ڕه‌وه، چینێکه که داکۆکی له ئازادی و
مافه‌کانی مرۆڤ ده‌کا و زۆر جاریش کاتی خۆی بۆ خوێندن و خزمه‌ت به فه‌رهه‌نگ و
هونه‌ر ته‌رخان ده‌کات. که‌وابوو به‌مجۆره‌یه که ده‌بینین ساڵی 1789 به‌هۆی سوژه\بکه‌رێکی
کۆمه‌ڵایه‌تی و، به ڕێبه‌ری ناپلیۆن بۆناپارت شۆڕشی مه‌زنی فه‌رانسه سه‌رده‌گرێ
و یه‌که‌م مانیفێستی مافه‌کانی مرۆڤ وه‌ک به‌یاننامه‌یه‌کی جیهانی راده‌گه‌یه‌نێ و
ده‌وڵه‌تی مۆدێرن/نه‌ته‌ڤی پێکدێنێ و دواتر به‌شێنه‌یی هه‌موو وڵاتانی ئوروپا ده‌گرێته‌وه
و پاشان له هه‌موو جیهان ده‌بێت به مۆدێلی زاڵ. ئەڵبەت بەپێی دیدگای نیچە،
ناپلەئۆن مرۆڤێکی ڕەسەن بووە و هەوڵی داوە لە وڵات و نەتەوە واوەتر بچێت و بە
سەرخستنی بەها ڕەسەنەکان بەسەر هەموو ئوروپادا زاڵ ببێ، بەڵام ئەوە ناسیۆناڵیزمی
ئاڵمانی یە کە لە دژی دەوەستی و پێشی پێ دەگرێ و هەموو ئوروپا لەت لەت و ناسیۆناڵیزە
دەکات.
به‌پێی توێژینه‌وه‌یه‌کی
جۆرج لوکاچ، لەمەڕ زەمینەی سەرهەڵدانی رۆمانی تاریخی، رێک هه‌ر له‌م سه‌رده‌مه
دایه که ژانری رۆمانی مێژوویی به‌دی دێت و په‌ره‌ده‌ستێنێ؛ یانی لە ساڵانی ١٨٠٠ ز بەملاوە. وه‌ک له درێژه‌ی ئه‌م وتاره‌دا ده‌یبینین
خوێندنه‌وه‌ی رۆمان له پێکهێنانی رۆحی نه‌ته‌وه‌دا رۆڵی گرنگی هه‌یه.
که‌وابوو ده‌توانین
بێژین له درێژه‌ی گه‌شه‌ی مناسباتی سه‌رمایه‌داری دا چینی ناوه‌ڕاست پێکدێت، چینی
ناوه‌ڕاست به‌پێی سرووشتی چینایه‌تی خۆی، چینێکی دیموکرات و ئازادیخوازه، چینێکی
لایه‌نگری خوێندن و کولتووره، بۆیه که ده‌وڵه‌تی مۆدیرنیش پێکدێنێ، سه‌ره‌ڕای
داکۆکی له مافه‌کانی تاک و بره‌ودان به دیموکراسی و ئازادیخوازی، ده‌گه‌ڕێته‌وه
بۆ سه‌رچاوه‌کانی زمان و کولتوری نه‌ته‌وایه‌تی و زۆر جار به‌پێی زمان و کولتور و
مێژوو، ناسنامه‌ی نه‌ته‌وایه‌تی خۆی ده‌خولقێنێ.
له نیوه‌ی یه‌که‌می
سه‌ده‌ی بیسته‌م دا ئاتا تورک و ره‌زا شا ویستیان لاسایی مۆدێلی ده‌وڵه‌تی مۆدێرنی
ئوروپایی بکه‌نه‌وه و له هه‌ر دوو وڵاتی تورکیا و ئێران پرۆژه‌ی مۆدێرنیزاسیۆن
بچه‌سپێنن، به‌ڵام پاش ده‌یان ساڵ هێشتا له هیچ کام له‌م دوو وڵاته ده‌وڵه‌تی
مۆدێرن پێکنه‌هاتووه؛ بۆ وێنه ده‌وڵه‌تی تورکیا هه‌م
ناسیۆناڵ/فاشیسته و هه‌م کەم تا زۆر سه‌نعه‌تییه به‌ڵام چونکه دیموکراتیک نییه
و به‌شێوازێکی فاشیستی حاشا له بوون و مان و مێژوو و ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌ی کورد و
کەمینە ئیتنیکی و دینییەکان ئه‌کا و به‌خه‌ستی رێز و که‌رامه‌تیان پێشێل ئه‌کات،
ده‌وڵه‌تێکى دواکه‌وتووه و زۆر کێشه و قه‌یران هه‌ڵده‌گیرسێنێ...
له‌م نێوەدا ده‌وڵه‌تی ئێران خاوه‌ن هیچکام له‌و
سێ فاکتۆره نییه! کۆماری ئیسلامی ده‌سه‌ڵاتێکی مافییایی فاشیست و پاوانخوازه
که نه ناسیۆناڵیسته، نه تێکنۆکراته و نه دیموکرات؛ پێگه‌ى جه‌ماوه‌رى ئه‌م
حکومه‌ته وه‌ک هه‌موو رژیمێکی تۆتالیتێر زیاتر لەنێو چینى هه‌ژار و چینى ناوه‌ڕاستى
خواروودا پێکهاتووه و سه‌ره‌ڕاى ئه‌مه‌ش پێکهاته‌ی جوغرافییایى و کۆمه‌ڵایه‌تى،
زیاتر له پێکهاته‌ى ئه‌مپراتۆری ده‌چێ و به دروشمی ئومه‌تی تاقانه تیوریزه‌کراوه
و له‌سه‌ر زه‌مینه‌ی بازاڕی نه‌ریتی راوه‌ستاوه و بورژوازی ده‌ڵاڵ له‌ودا رۆڵی سه‌ره‌کی
ده‌گێڕێ...
به‌ڕای ئیرنست گێڵنەر
پێکهاتنی نه‌ته‌وه به بێ ئاڵوگۆڕی ئابووری - سه‌نعه‌تی، سه‌رهه‌ڵدانی سیستمی
تازه‌ی په‌روه‌رده، پێکهاتنى زمانی هاوبه‌ش، گه‌شه‌کردنی مافه‌کانی تاک و بازاڕه
به‌رینه‌کانی سه‌رمایه، پێک نایه‌ت... به‌ڕای ئه‌و نه‌ته‌وه خولقاوی ڕابردوو
نییه، به‌ڵکوو ئورگانیزمێکه که لە سەردەمی مۆدێرن دا هه‌نگاو به هه‌نگاو
پێکدێ. ئه‌و ده‌ڵێ: ئابووری پیشه‌سازی هاوکات پێویستی به دوو شت هه‌یه:1)
کولتوری ناوه‌ندی مۆدێرن، 2) ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندی مۆدێرن.
ئه‌م دوو فاکتۆره‌ش
پێویستی حه‌یاتییان به یه‌کتر هه‌یه و یه‌کتر ته‌واو ده‌که‌ن. له‌لایه‌ک فه‌رهه‌نگی
ناوه‌ندی مۆدێرن پێویستى به ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندی مۆدێرن هه‌یه، تا ساز بکرێ و سه‌قامگیر
بێت؛ له‌لایه‌کیتره‌وه، ده‌وڵه‌تیش پێویستی به فه‌رهه‌نگى ناوه‌ندى هاوبه‌ش و یه‌کپارچه
هه‌یه تا بنه‌ماکانی خۆی سه‌قامگیر بکات؛ له هه‌ر دوو حاڵه‌ت دا ناسیۆناڵیزم فه‌رهه‌نگێکه
که رۆڵی هاوبه‌شبوون و ناوه‌ندیبوون ده‌گێڕێ. ئه‌وه‌ی گێڵنەر له مارکسیزمی
ئورتۆدۆکس جیاده‌کاته‌وه، روانگه‌کانی ئه‌و له‌مه‌ڕ پرسی نه‌ته‌وەیه. گێڵنەر
ناسیۆناڵیزم به به‌رهه‌می نه‌ته‌وه نازانێ، به‌ڵکوو به‌پێچه‌وانه‌وه، نه‌ته‌وه
به به‌رهه‌می بزاڤی ناسیۆناڵیستی ده‌زانێ. به وته‌یه‌کیتر، گێڵنەر ده‌ڵێ: ئه‌وه
که بزاڤی نه‌ته‌وه‌یی ده‌خولقێنێ نه‌ته‌وه نییه، به‌ڵکوو به‌پێچه‌وانه‌وه، ئه‌وه
بزاڤی نه‌ته‌وه‌ییه که نه‌ته‌وه دروست ده‌کات. نابێ پێمان وابێ که پێشتر نه‌ته‌وه
هه‌یه و بزاڤی نه‌ته‌ڤی سازده‌کات، به‌ڵکوو بزاڤی نه‌ته‌وه‌یی، نه‌ته‌وه دروست
ده‌کات. بزاڤی نه‌ته‌ڤی تێکڕای ئه‌و زه‌مینه فه‌رهه‌نگی و کۆمه‌ڵایه‌تییه هەموار
ده‌کا که نه‌ته‌وه وه‌ک پێکهاته‌یه‌کی یه‌کپارچه ده‌خاته‌ڕوو.
به‌پێچه‌وانه‌ی
روانگه‌ى گێڵنەر، بنەدیکت ئه‌ندرسۆن پێکهاتنی نه‌ته‌وه به پێکهاته‌ى ئابوورییه‌وه
نابه‌ستێته‌وه. به‌ڵکوو به‌شێوه‌ی ڕاسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ دیارده‌یه‌ک به ناوی
"کاپیتالیزمی چاپ" پێوه‌ندی ئه‌دات. له کاتێکا که گێڵنەر گرنگی به
بناغه‌ی ئابووری نه‌ته‌وه ده‌دا و ناسیۆناڵیزم به فه‌رهه‌نگی قوناغی پیشه‌سازی
ده‌زانێ، ئه‌ندرسۆن گرنگی به فاکتۆ‌ری فه‌رهه‌نگی ده‌دا و نه‌ته‌وه وه‌ک
گرووپێکی "ئامانج خواز" ده‌ناسێنێ. به‌ڕای ئه‌ندرسۆن گه‌شه‌ی پێوه‌ندییه‌کان،
سه‌رهه‌ڵدانی رۆژنامه‌گه‌ری، رۆماننووسی و سه‌نعه‌تی چاپ، وه‌ک چه‌ند ده‌رفه‌تێکى
فه‌رهه‌نگی، بوارێک ده‌ڕه‌خسێنن که له‌ودا نه‌ته‌وه وه‌ک پێکهاته‌یه‌کی یه‌کسان
و یه‌کپارچه دروست ده‌که‌ن. ئه‌ندرسۆن پێی وایه که میدیا تازه‌کان و به‌تایبه‌ت
رۆژنامه وه‌ها ده‌ورێک ده‌گێڕن که له مێشکی زۆربه‌ی خه‌ڵک دا ئامانجێکی هاوبه‌ش
ده‌ڕوێنن. چونکه کۆمه‌ڵانی خه‌ڵک، یه‌ک هه‌واڵ، یه‌ک لێکدانه‌وه و یه‌ک بابه‌ت
به زمانێکی هاوبه‌ش وه‌رده‌گرن، هه‌موو ئه‌م فاکته‌رانه ده‌بنه هۆی ئه‌وه که
بنه‌ماکانی هه‌ست و ئامانجی نه‌ته‌وایه‌تى له مێشکى ئه‌وان دا بڕسکێت. به‌کورتی
ئه‌ندرسۆنیش وه‌ک گێڵنەر، گه‌شه و سه‌رهه‌ڵدانی بزاڤی نه‌ته‌وه‌یی به به‌رهه‌می
مودێرنیته ده‌زانێ، به‌ڵام له‌جیاتی فاکتۆ‌ری ئابووری فاکتۆ‌ری فه‌رهه‌نگی به
گرنگتر ده‌زانێ.
"هابزباوم"یش
وه‌ک گێڵنەر و ئه‌ندرسۆن نه‌ته‌وه به دیارده‌یه‌کی مۆدێرن ده‌زانێ، به‌ڕای ئەو
زۆربه‌ی بنه‌ما هاوبه‌شه‌کانی نه‌ته‌وه ناگه‌ڕێنه‌وه بۆ سه‌رده‌می کۆن، به‌ڵکوو
له‌م چاخه‌دا خولقێنراون. ئه‌م فاکتانه به پاڵپشتی ئابووری و به ئامێری
ئێنفۆرماتیک له کۆمه‌ڵگه‌دا بڵاوده‌کرێنه‌وه و ده‌بنه سامانی گشتی. که‌وابوو
نابێ سه‌رهه‌ڵدانی نه‌ته‌وه له مودێرنیته جیابکه‌ینه‌وه، چونکه له قۆناغی که‌ڤناردا
دۆخی گه‌شه‌ی ئه‌م فاکتانه نه‌بووه.
به‌ڵام ئانتونی
سمیس به‌پێچه‌وانه‌ی روانگه‌کانی سه‌ره‌وه، پێی وایه به‌ر له سه‌رده‌می مودێڕن
نه‌ته‌وه و پێکهاته ئێتنیکییه‌کان به‌شێوه‌ی هۆز و گرووپی بچووک له ئارادا بوون
و گه‌شه و پەرەسەندنی ئه‌م گرووپانه، نه‌ته‌وه‌کانی ئه‌مڕۆى خولقاندووه. به
ڕای سمیس، ره‌گ و ریشه‌ی نه‌ته‌وه به‌شێوه‌ی قووڵ و قایم به ناخى مێژوودا رۆچووه
و به‌ر له پێکهاتنی نه‌ته‌وه به‌رده‌وام زۆر گرووپی ئێتنیکی له ئارادا بوون و
هه‌ر ئه‌مانه بناغه‌ی نه‌ته‌وه‌کانیان پێکهێناوه.
"به‌ڕای گێڵنەر ناسیۆناڵیزم ره‌وتێکی سیاسییه که یه‌کێتی سیاسی و یه‌کێتی
نیشتمانی هاوئاهه‌نگ پێکدێنێ. به وته‌یه‌کیتر ناسیۆناڵیزم روانگه‌یه‌کى سیاسییه
که پێی وایه وڵاتێکی یه‌کپارچه و هاوبه‌ش، ده‌بێ خاوه‌ن سیستمێکی سیاسی تۆکمه
و یه‌کگرتوو بێت. گێڵنەر دیسان ده‌ڵێ: ناسیۆناڵیزم بزاڤێکه که تێده‌کۆشی فه‌رهه‌نگ
و سیاسه‌ت رێک بخات، ناسیۆنالیزم هه‌وڵێکه که ده‌یه‌وێ ژێرخانی فه‌رهه‌نگی له‌گه‌ڵ
سه‌رخانی سیاسی، هاوده‌نگ بکات. هه‌ر ژێرخانێکیش ته‌نیا سه‌رخانێکی تایبه‌ت قه‌بوڵ
ده‌کات.
سێ فاکتۆ‌ری گرنگ
له روانگه‌ی گێڵنەردا بریتین له: فه‌رهه‌نگی یه‌کگرتوو، وڵاتی یه‌کپارچه،
رێخراوی سیاسی ئۆرگانیک. به‌ڕای گێڵنەر ناسیۆناڵیزم دیارده‌یه‌کی کۆن نییه، چونکه
هه‌موو ئه‌م سێ فاکته به‌رهه‌می مودێرنیته‌ن.
به‌ڕای ئه‌ندرسۆن:
ئامانجی نه‌ته‌وه‌یی، ئامانجی گرووپێکه که له ئه‌مپراتۆری بچووکتره و له خێل
و عه‌شیره‌ت گه‌وره‌تره. پرۆسه‌ى مودێرنیزاسیۆن له‌لایه‌ک پێکهاتەی ئه‌مپراتۆری
هه‌ڵده‌وه‌شێنێته‌وه و ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی پێکدێنێ و، له‌لایه‌کی دیکه‌وه، به
خولقاندنی تێکنیکی چاپ و رۆژنامه‌گه‌ری، فیلم و ... بناغه‌ی نه‌ریته‌کانی خێڵ و عه‌شیره
لێکده‌ترازێنێ.
به‌ڕای گێڵنەر بۆ
پێکهاتنی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی پێویستمان به‌م فاکتۆرانه هه‌یه: میدیای هاوبه‌ش،
سیستمی سه‌ربازی هاوبه‌ش، سیمبوڵ و هێمای نه‌ته‌وه‌یی هاوبه‌ش، فه‌رهه‌نگ و زمانی
هاوبه‌ش، جوغرافیا و کیانى هاوبه‌ش و سه‌رژمێری نه‌ته‌وه‌یی. تێکڕای ئه‌م فاکتانه‌ش
به‌رهه‌می مودێڕنیته‌ن و له سه‌رده‌می کۆن دا نییەن."
ئێستا با چاوێک
له بارودۆخی سیاسی فه‌رهه‌نگی ئابووری و ناوچه‌یی و نێونه‌ته‌وه‌یی کوردستان بکه‌ین
و بزانین به‌پێی ئه‌وه‌ی له‌سه‌ره‌وه باس کرا ئایا ده‌رفه‌تی دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی
کوردی به‌تایبه‌ت له باشووری کوردستان ره‌خساوه؟
کوردستانی باشور ئه‌وه بیست و په‌نج ساڵه خاوه‌ن ده‌سه‌ڵاتێکی
خۆماڵییه و گه‌لی کورد له‌م به‌شه‌دا خۆی کار و باری وڵاته‌که‌ی به‌ڕێوه ده‌بات،
به‌ڵام به‌هۆی هه‌لومه‌رجی سیاسی، بێ بڕوایی و بێ بەرنامەیی، دۆخی ناوچه‌یی و
جیهانی، هێشتا نه‌یتوانیوه ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی کوردی پێک‌بێنێ.
ئەگەر به‌پێی دیدگای گێڵنەر چاو لەم پرسە بکەین، دەبینین
کە مناسباتی سه‌رمایه‌داری له کوردستان گه‌شه‌ی کردووه، به‌ڵام هێشتا بناغه‌ی
خێڵ و عه‌شیره‌ت به ته‌واوی لێکنه‌ترازاوه، چینی ناوه‌ڕاستی شارنشین و خوێنده‌وار
تا رێژه‌یه‌ک دروست بووه، به‌ڵام هێشتا نه‌یتوانیوه دیسکۆرسی کولتوری نه‌ته‌وایه‌تی
خۆی فۆرموله بکا و تەنانەت له زۆر شاری کوردستانی باشوور دا هێشتا بیری خێله‌کی
زاڵه؛ له زۆر بۆنه‌ی سیاسی دا رێبه‌رانی کورد سه‌رۆک عه‌شیره‌ته‌کان کۆ ده‌که‌نه‌وه
و له رێگه‌ی ئه‌وانه‌وه په‌یامی سیاسی خۆیان به خێڵ و عه‌شیرته‌کان ئه‌گه‌یه‌نن،
ئه‌مه‌ش خزمه‌تی به گه‌شه‌ی سیاسی و فه‌رهه‌نگی کورد نەکردووە و ناکات، بەڵکوو ده‌بێ
بناغه‌ی هه‌ستی خێڵایه‌تی بفه‌وتێ و هه‌ست و ئامانجی نه‌ته‌وایه‌تی جێگای بگرێته‌وه.
به‌پێی دیدگای
گیڵنەر فاکتۆریکی پێکهاتنی دەوڵەت نەتەوە بریتییە لە میدیای هاوبەش، هەروەها بە
بۆچوونی ئه‌ندرسۆن، ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی کاتێ پێکدێت که رۆژنامه‌گه‌ری په‌ره
ده‌ستێنێ و هه‌موو تاکه‌کانی کۆمه‌ڵگه له یه‌ک رۆژنامه‌دا هه‌واڵ و رووداوه‌کان
به‌شێوه‌ی یه‌کسان ده‌خوێننه‌وه، یان رۆماننووسی په‌ره‌ده‌ستێنێ و هاووڵاتیانی
شارنشین به‌سه‌رهاتێکی مێژووی \نه‌ته‌وایه‌تی له رۆمانێک دا که به زمانی خۆیان
نووسراوه ده‌خوێننه‌وه و باس و دیالۆگی له‌سه‌ر ده‌که‌ن و به‌مجۆره خواست و ئامانجی
نه‌ته‌وایه‌تی له بیر و مێشکیانا پێکدێت.
ئێستا با بزانین ئەو فاکتانەی کە لە دیدگای گیڵنەر و
ئەندرسۆن دا بۆ پێکهاتنی دەوڵەت- نەتەوە گرنگن لەمەڕ بزاڤی نەتەوایەتی کوردی
پێکهاتوون یان نا؟
میدیای
هاوبه‌ش:
ئایا کورد له باشوری کوردستان تا ئێستاش خاوه‌ن میدیایه‌کی نه‌ته‌وه‌یی گشتییه،
میدیایه‌ک که جێی متمانه‌ی هه‌موان بێت و رۆڵی نه‌ته‌وه‌یی بگێڕێت؟ به‌دڵنیاییه‌وه
نا. له کوردستانی باشوور هه‌ر له رۆژنامه و رادیۆوه تا ته‌له‌ڤیزیۆن و سه‌ته‌لایت
و زۆر میدیای تر هه‌ن، به‌ڵام هه‌ر کامیان هی حیزب و لایه‌نێکن و ئێمه میدیایه‌کی
ئه‌وتۆ نابینین که هی هه‌موو نه‌ته‌وه‌ی کورد بێت و له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندی به‌رزی
نه‌ته‌وایه‌تی تێبکۆشێت، نه‌ک به‌رژه‌وه‌ندی ته‌سکی حیزبی. بۆ نموونه دوو ته‌له‌ڤزیۆنی
ڕووداو و ئن ئار تی هه‌ر کامیان هی حیزبێکن و جه‌ماوه‌ر و بینه‌ری تایبه‌ت به
خۆیان هه‌یه، بەڵام زیاتر کاری پڕۆپاگەندە دەکەن، یانی خزمه‌ت به به‌رژه‌وه‌ندی
حیزبێک و، لەوەش خراپتر ماڵباتێک ده‌که‌ن. بەڵام لە وڵاتێکی وەکوو ئاڵمان دا هیچ
کام لە ڕادیۆ و تەلەڤیزیۆنەکان هین هیچ حیزبێک نین.
کورد له باشوور تا ئێستا نه‌یتوانیوه تەنانەت ته‌له‌ڤزیۆنێکی
وه‌کوو ئه‌لجه‌زیره دامه‌زرێنێ که واوه‌تر له به‌رژه‌وه‌ندی حیزبی و ناوچه‌یی،
متمانه‌ی هه‌موو کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی کورد پێک‌بێنێ، هه‌تا هه‌ست و ئامانجی نه‌ته‌وایه‌تی
له مێشکی گه‌ل دا بڕوێنێ.
جگه له‌مه‌ش ته‌له‌ڤزیۆنی
میدیا/رۆژ تی ڤی که وه‌ک یه‌که‌مین سه‌ته‌لایتی کوردی له ئوروپا دامه‌زرا و ده‌ستی
به کار کرد، له وشیارکردنه‌وه و پێشخستنی ره‌وتی خه‌باتی گه‌لی کورددا رۆڵی
گرنگی گێڕا، ئه‌م میدیایه که له ئوروپاوه به‌رنامه‌ی بۆ کوردستان بڵاو ده‌کرده‌وه،
ده‌یتوانی ئاسته‌نگی جوغرافیایی و به‌رچاونگی ناوچه‌یی و زمانی و خێڵه‌کی تێپه‌ڕێنی
و به‌رژه‌وه‌ندی باڵای نه‌ته‌وایه‌تی ره‌چاو بکات، به‌ڵام ئەمەش نه‌کرا و نه‌یتوانی
خۆی له بازنه‌ی حیزبی ده‌رباز بکا و وه‌کوو میدیای هه‌موو نەتەوەی کورد رۆڵ
بگێڕێت.
بەمجۆرە دەبینین
کە لە باشوور تا ئێستاش یەک میدیای هاوبەشی نەتەوایەتی لەئارا دا نییە و هێشتا
رۆژنامه‌یه‌کی وه‌ها پێکنه‌هاتووه که خاوه‌ن به‌رنامه‌یه‌کی سیاسی فکری نه‌ته‌وایه‌تی
گشتگیر بێت و هه‌موو ناوچه‌کانی کوردستان بگرێته‌وه و هه‌موو خه‌ڵکانی بادینان و
سۆران و گه‌رمیان به‌په‌رۆشه‌وه بیخوێننه‌وه و ببن به ئابوونه‌ی؛ هه‌تا ئێستاش
ئه‌و رۆژنامه‌یه که له سلێمانی زۆرترین پرستیژ و خوێنه‌ری هه‌یه، له هه‌ولێر
وه‌ها پێگه‌یه‌کی نییه، بۆ نموونه رۆژنامه‌ی هاوڵاتی که له سلێمانی ئێجگار
خوێنه‌ری هه‌یه، هه‌تا ئێستاش ته‌نانه‌ت یه‌ک لاپه‌ڕه‌شی بۆ زاراوه‌ی کرمانجی ته‌رخان
نه‌کردووه و که‌وابوو له ده‌ڤه‌ری بادینان پێشوازی لێناکرێت، چونکه وه‌ک له
درێژه‌ی ئه‌م بابه‌ته‌دا باسی ده‌که‌ین، تا ئێستا به‌پێی هه‌موو نیشانه‌کان زمانی
کوردی لە جووت ستانداردیش واوەترە و هه‌ر کام له دوو زاراوه‌ی سۆرانی و کرمانجی
له دام و ده‌زگاکانی حکومه‌تی هه‌رێم به ره‌سمی کاریان پێده‌کرێت.
هه‌ر به‌مپێیه‌ش
دیارده‌ی رۆماننووسی له کوردستان مێژوویه‌کی دوور و درێژی نییه و زمانی کوردی
خاوه‌نی رۆمانی باش و به‌پێز نییه، تا چ بگات به‌وه که له‌نێو کورددا خوێندنه‌وه‌ی
رۆمان په‌ره‌ی سه‌ندبێت و بووبێت به نه‌ریت، نه‌ریتێک که خه‌ڵک په‌روه‌رده ئه‌کات،
شارڤەنت/هاووڵاتی ده‌خولقێنێ و فێری ژیانی مه‌ده‌نی و شارنشینی ئه‌کات! ڕۆمان
نووسێکی وەکوو عەلامە بەختیار عەلی ڕەنگە تا ئێستاش نازانی رۆمانی مێژوویی یانی چی،
چونکە بەرهەمەکانی لە بەرەهووتی نامێژوویی دا بەدی هاتوون!
سیستمی
سه‌ربازی هاوبه‌ش: له‌پاش روخانی حکومه‌تی سه‌دام ده‌سه‌ڵاتی کوردی له باشوور زۆر
هه‌وڵی دا که هێزی پێشمه‌رگه یه‌ک بخات و ئه‌رته‌شێکی نه‌ته‌وه‌یی مۆدێرن
پێک‌بێنێت، به‌جۆرێک که ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندی عراقیش به ره‌سمی بیناسێت و بودجه‌ی
تایبه‌ت به خۆی هه‌بێت. به‌ڵام هه‌م به‌هۆی به‌رچاوته‌نگی حیزبی و، هه‌م به‌هۆی
لاوازی وشیاری نه‌ته‌وایه‌تی له باشوور، هێشتا وه‌ها ئه‌رته‌شێکی هاوبه‌ش پێکنه‌هاتووه
که له کاتی مه‌ترسی و ته‌نگانه‌دا یه‌کێتی خاکی کوردستان بپارێزێت. یانی واوه‌تر
له حیزبه‌کان کار بکا و خاوه‌ن هێز و ئیراده‌یه‌کی مه‌زنی نه‌ته‌وایه‌تی بێت. هێزی
سه‌ربازی پ.ک ک. هێزێکی مه‌زن و به‌دیسپلینی کوردی و خاوەن رێکخستنی تۆکمەیە و لەم
دوا ساڵانەدا زۆر شانازی مێژوویی تۆمار کردووە، به‌ڵام ئه‌ویش نوێنه‌رایه‌تی هه‌موو
گه‌لی کورد ناکات...
سێمبۆڵ
و هێمای نه‌ته‌وه‌یی هاوبه‌ش: گرنگترین هێمای نه‌ته‌وه‌یی هاوبه‌شی کورد بریتییه
له ئاڵای کوردستان، سروودی ئه‌ی ره‌قیب، جێژنی نه‌ورۆز و ... زۆربه‌ی حیزبه‌کانی
باشوور و رۆژهه‌ڵاتی کوردستان ئاڵای کوردستانیان په‌سه‌ند کردووه و وه‌کوو هێمایه‌کی
نه‌ته‌وایه‌تی له بۆنه‌کان دا هه‌ڵی ده‌که‌ن و رێزی ده‌گرن، به‌ڵام ئه‌م ئاڵایه
هێشتا له لایه‌ن پ. ک. ک و حیزبەکانی پاشکۆیه‌وه په‌سه‌ند
نه‌کراوه. سروودی ئه‌ی ره‌قیبیش هه‌ر وایه و هێشتا هه‌ندێ له حیزبه‌کان به ره‌سمی
په‌سه‌ندیان نه‌کردووه و تا ئیستا لەسەر سروودێکی نەتەوەیی هاودەنگ نین. به‌ڵام
جه‌ژنی نه‌ورۆز وه‌کوو جه‌ژنێکی مێژوویی، کولتوور‌ی و نه‌ته‌وایه‌تی بۆ هه‌موو حیزب
و لایه‌نێکی کوردی گرنگه و به ره‌سمی ناسراوه، هه‌موو ئه‌م هێمایانه له
دروستکردنی رۆح و هه‌ست و ئامانجی نه‌ته‌وایه‌تی دا رۆڵی گرنگ ئه‌گێڕن.
فه‌رهه‌نگ
و زمانی هاوبه‌ش: ئاستەنگێکی مەزنی پێکهاتنی یەکێتی نەتەڤی، نەبوونی زمانێکی
هاوبەشە. وه‌کچۆن زمانی کوردی چه‌ندین له‌هجه و زاراوه‌ی جیاجیای هه‌یه، فه‌رهه‌نگی
کوردیش ئێجگار فره‌چه‌شنه و به‌پێی به‌شه‌کان و ناوچه‌کانی کوردستان خاوه‌ن سروشت
و تایبه‌تمه‌ندی ناوچه‌یی و کۆمه‌ڵایه‌تییه،
سەرەڕای ئەمه‌ش، هه‌م زاراوەکانی زمانی کوردی و هه‌م کولتوور‌ی بەشە
جیاجیاکانی کوردستان به‌قووڵی ریشه‌یان له مێژوو دایه و ده‌گەنه‌وه فه‌رهه‌نگ و
زمانی گاتایی زه‌رده‌شتی و میترایی.
ئه‌وه که زمانی کوردی خاوه‌ن چه‌ندین زاراوه‌و
دیالێکتی جیاوازه، ئەگەرچی لەلایەک نیشانه‌ی هه‌راویی و ده‌وڵه‌مه‌ندی زمانی
کوردییه و وزه و پۆتانسیه‌لێکی مه‌زن به‌م زمانه ده‌به‌خشێ، بەڵام لە لایەکی
ترەوە دەبێتە هۆی نامۆیی و لێک تینەگەیشتنی ئاخێوارانی زاراوە جیاوازەکان. ئاستەنگی
مەزنتر بوونی دوو ئەلف و بێی جیاوازە. رۆژهەڵات و باشوور بە خەتی ئارامی دەنووسن،
بەڵام باکوور و ڕۆژاوا بە خەتی لاتین. ئەمەش دەبێتە هۆی دووری و لێک‌دابڕان و پێش
بە یەکێتی نەتەوەیی دەگرێت.
تا
ئێستا به‌هۆی هه‌لومه‌رجی سیاسی و جوغرافی، زیاتر دوو زاراوه‌ی کرمانجی و سۆرانی
گه‌شه‌یان کردووه و هه‌ر دوویان له میدیاکانه‌وه کاریان پێده‌کرێ و حکومه‌تی هه‌رێمی
کوردستانیش هیچ کام له‌م دوو دیالێکته‌ی وه‌ک زمانی ره‌سمی و ستانداردی کوردی په‌سه‌ند
نه‌کردووه، جگه له‌وه‌ش هه‌ندێ له شاره‌زایان پێیان وایه که زمانی کوردی ئه‌توانی
جووت ستاندارد بێت. ئه‌م پرسه له بواری کولتوور‌ی دا سود و قازانجی هه‌یه، به‌ڵام
له بواری سیاسی دا کێشه‌یه. له بواری کولتوری دا توێژی رۆشنبیری کورد ئه‌رکێکی
مێژوویی و نه‌ته‌وه‌یی گرنگی له‌سه‌ر شانه، ئه‌گه‌ر رۆشنبیرانی کورد بتوانن
گرووپی ئینتلیجنسیای کوردی پێک‌بێنن، ئه‌توانن دیسکۆرسی فه‌رهه‌نگی زمانی کوردی
دابڕێژن و نوێژه‌نی بکه‌نه‌وه، دیسکۆرس [گوتارێک]ی مۆدێرنی نه‌ته‌وه‌یی که هه‌موو
تاکێکی کورد بکات به خاوه‌ن ناسنامه‌ی ره‌سه‌ن و له هه‌مان کات دا مۆدێڕن؛ ئه‌مه‌ش
کارێکی ئێجگار گرنگه و ئەستەمە. ئاخۆ گرووپی ئینتلیجنسیای کوردی دەتوانێ له‌نێوان
دوو توخمی کولتوری کۆن [بۆ نموونه گاتاکانی زه‌رده‌شت، کولتوور‌ی میترائیزم] و
بیری مۆدێرنی ئوروپایی [ئه‌ندێشه‌ی سکۆلار/سۆسیالیزم]دا سه‌نتێز/ تێکه‌هه‌ڵکێش
بسازێت؟!
جوغرافیا
و خاکی هاوبه‌ش: نه‌ته‌وه‌ی کورد خاوه‌ن خاک و وڵاتی تایبه‌تی خۆیه و وڵاتی هیچ
نه‌ته‌وه‌یه‌کی تری داگیر نه‌کردووه، به‌پێچه‌وانه‌وه ئه‌وه گه‌لانی تورک، عه‌ره‌ب
و فارسن که تا ئێستا خاکی کوردستانیان داگیر کردووه و نایه‌ڵن گه‌لی کورد به ئازادی
و سه‌ربه‌ستی بژی و وڵاتی خۆی به‌ڕێوه ببات. جوغرافیای کوردستان له‌نێوان چوار ده‌وڵه‌تی
ئێران، عراق، تورکیا و سوریا دابه‌ش کراوه و گه‌ڵی کورد ته‌نیا له به‌شی باشوور
/ عراق خاوه‌ن ده‌سه‌ڵاتێکی نیوه‌سه‌ربه‌خۆیه و لە ڕۆژاواش مێژوویەک خەریکە
بەرهەم دێت کە لەوانەیە چارەنووسی ئەم نەتەوەیە بەتەواوی بگۆڕێت... به‌گشتی خاکی
کوردستان له‌ڕووی سرووشتییه‌وه خاکێکی یه‌کپارچه‌یه و ئه‌وه ده‌سه‌ڵاتی سیاسی
بێگانه‌یه که سنووره ده‌سکرده‌کانی سه‌پاندووه، بەڵام تا دیالکتیکی زوڵم و چه‌وسانه‌وه
له‌نێوان میله‌تانی باڵاده‌ست و میله‌تی بنده‌ست دا درێژه‌ی هه‌بێ، زیاتر ره‌وتی
خه‌بات و تێکۆشان په‌ره ده‌ستێنێ و ئەمڕۆ زیاتر لە هەر کات دەیبینین کە سنوورە
دەسکردەکان بەرەو هەڵوەشاندنەوە دەچن.
سه‌رژمێری: به‌هۆی زه‌ختی
سیاسی وڵاتانی داگیرکه‌ری کوردستان هێشتا گه‌لی کورد سه‌رژمێری نه‌کراوه و ژماره‌ی
دانیشتوانی کورد دیاری نه‌کراوه. به‌ڵام زۆربه‌ی خاوه‌ن رایان پێیان وایه که
کورد نه‌ته‌وه‌یه‌کی چل ملیۆنییه، له کوردستانی باشووریش هێشتا کێشه‌ی ناوچه
دابڕاوه‌کان چاره‌سه‌ر نه‌کراوه تا کوردی ئه‌م به‌شه سه‌رژمێری بکرێت و ژماره‌ی
دانیشتوانی کورد دیاری بکرێت. ئەمەش لە کاتێک دایە کە بۆ ڕێفراندۆمی داهاتوو بە بێ
پرسی سەرژمێری ڕاپرسی مانای نییە.
وه‌ک
ده‌بینین زۆربه‌ی ئه‌و فاکتانه که گێڵنەر باسیان ده‌کا و بۆ پێکهێنانی ده‌وڵه‌تی
نه‌ته‌وه‌یی به پێویستیان ده‌زانێ، له‌مه‌ڕ نه‌ته‌وه‌ی کورد هێشتا به‌ته‌واوی
پێکنه‌هاتوون، ئه‌مه‌ش زیاتر هۆکاری سیاسی هه‌یه که ده‌وڵه‌تانی داگیرکه‌ری
کوردستان بووگن به له‌مپه‌ر و نایه‌ڵن جڤاتی کورد گه‌شه بکا و ببێت به خاوه‌نی
ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆ. به‌ڵام له‌م نێوه‌دا هۆکاری زه‌ینی، یانی ویست و ئیراده‌ی نه‌ته‌وه‌ی
کورد ئه‌توانێ رۆڵی گرنگ و چاره‌نووسساز بگێڕێ و زه‌خت و ئاسته‌نگی عه‌ینی و سیاسی
تێک‌بشکێنێ و ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی کوردستان پێک‌بێنێ.
ئه‌گه‌ر
سه‌رنجێکی رۆژهه‌ڵاتی ناڤین به‌گشتی و چوار ده‌وڵه‌تی داگیرکه‌ری کوردستان به‌تایبه‌تی
بده‌ین، ده‌بینین که ناوچه‌که به‌گشتی له حاڵی ئاڵوگۆڕی گرنگ و بنه‌ڕه‌تی دایه،
هه‌ر ئه‌مه‌ش ده‌توانێ گه‌وره‌ترین ده‌رفه‌ت بۆ گه‌لی کورد فه‌راهه‌م بکات.
له
دوای روخانی حکومه‌تی به‌عس له عراق، به‌شی باشووری کوردستان له بواری ئابووری و
ئه‌منی و ئاوه‌دانییه‌وه گه‌شه و پێشکه‌وتنی به‌رچاوی به‌خۆیه‌وه بینی، به‌جۆرێک
که سه‌رنجی زۆربه‌ی چاودێرانی سیاسی و ده‌وڵه‌تانی دنیای رۆژاوای به‌ره‌و لای خۆی
راکێشا. حکومه‌تی ناوه‌ندی عراق تووشی قه‌یرانێکی قووڵ هاتووه و تازه ئیتر ناتوانێ
وه‌کوو پێشوو نه به شێوه‌ی دیکتاتۆری حکومه‌ت بکات و نه له‌نێوان سێ پێکهاته‌ی
سه‌ره‌کی کورد و شیعه و سونه‌دا جۆرێک یه‌کێتی و ته‌بایی پێک‌بێنێ، هه‌موو نیشانه‌کان
ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نن که وڵاتی عراق له‌ت ده‌بێت و ده‌بێته سێ هه‌رێمی سه‌ربه‌خۆ،
ره‌نگه له‌م کاره‌شدا گه‌لی کورد رۆڵی پێشه‌نگ بگێڕێت.
به‌گشتی
هه‌لومه‌رج بۆ پێکهێنانی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی کوردی له باشووری کوردستان لەمێژە ئاماده‌یه
و کورد ده‌بوو له سێ بواردا کاری گرنگی بۆ بکات: یه‌که‌م یه‌کێتی نه‌ته‌وه‌یی
پێک‌بێنێ و بڕوا و متمانه‌ی نه‌ته‌ڤی بۆ هه‌موو تاکێکی کورد بگێڕێته‌وه، به‌جۆرێک
که ئیراده‌یه‌کی تۆکمه‌ی نه‌ته‌وایه‌تی دروست بکات؛ دووهه‌م بناغەی کشتوکاڵ و
ئاژەڵداری ببوژێنێتەوە و ئاوەدانی بکاتەوە، بەجۆریک کە لە باری ئابوورییەوە هیندە
ملکەچی داگیرکەران نەبیت و بتوانێ کەم تا زۆر ژیانی خۆی بەڕێوە ببات؛ سیهەم، له
بواری نێونه‌ته‌وه‌یی دا به‌شێوه‌ی جدی و به کاری دیپلۆماتیک ساپۆرت و پشتیوانی
وڵاتانی دنیا بۆ پرسی ره‌وای کورد به‌ده‌ست بێنێت.
ره‌وتی
خه‌بات و ئاڵوگۆڕ له هه‌ر چوار به‌شی کوردستان دا کاریگه‌ری دیالکتیکی و چه‌ند
لایه‌نه‌یان له‌سه‌ر یه‌کتر هه‌یه. ئێستا رژیمی به‌عسی سوریا بەرەو رووخان ده‌چێ،
هێشتا ئه‌م رژیمه به‌ته‌واوی نه‌ڕوخاوه که به‌هۆی یارمه‌تی و پشتیوانی کوردانی
باکوور زۆربه‌ی خاکی کوردستانی رۆژاوا ئازاد کراوه. بێگومان ئەگەر فدراسیۆنی
ڕۆژاوای کوردستان سەقامگیر ببی و بەتایبەت بتوانێ بە دەریای نێوەڕاست بگات، ئەم
کارە له‌ڕووی سیاسی و ستراتژییەوە کاریگه‌ری قووڵ و پۆزه‌تیڤی بۆ باکوور، ڕۆژهەڵات
و باشووری کوردستانیش ده‌بێ و بەجارێک چارەنووسی نەتەوەی کورد دەگۆڕێت.
ره‌نگه
گرێ کوێره‌ی پرسی کورد به ده‌وڵه‌تی فاشیستی تورکیاوه به‌ستراوه، زۆربه‌ی گه‌لی
کورد و خاکی کوردستان له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌تی تورکیا دایه، ئه‌م ده‌وڵه‌ته
ئه‌ندامی ناتۆ و دۆستی نزیکی ئه‌مریکایه. ئه‌م ده‌وڵه‌ته تووشی قه‌یران و
دوالیزمێکی قووڵی مێژوویی هاتووه، له‌لایه‌ک ده‌یه‌وێ ببێت به ئه‌ندامی یه‌کێتی
ئوروپا و پرنسیپه‌کانی دیموکراسی و لیبراڵیزمی رۆژاوایی قه‌بووڵ بکات، به‌ڵام له
لایه‌کی تره‌وه ده‌یه‌وێ هه‌ر به‌شێوه‌ی زه‌بروزه‌نگ و دیکتاتۆری مافی کوردان پێشێل
بکات و نه‌هێڵێ ببن به خاوه‌ن ناسنامه و مێژوو و کولتوور‌ی خۆیان، تەنانەت لە
ڕۆژاوا و باشوریش. بێگومان تا کاتێ که ده‌وڵه‌تی تورکیا نه‌توانێ به‌شێوه‌ی
دیموکراتیک پرسی کورد چاره‌سه‌ر بکات، ناتوانێ ئه‌و قه‌یرانه قووڵه مێژووییه
چاره‌سه‌ر بکات. چونکه پ.ک. ک و بزاڤی کورد لە باکور لە بواری ڕێکخستن دا ئێجگار
بەهێزن و بەجۆرێک چێن و توێژەکانی نەتەوەی کوردیان رێکخستووە کە هیوای گەیشتن بە
ئازادی ئێجگار نزیک دەنوێنێ. هه‌ر ئێستا له باکووری کوردستان بزووتنه‌وه‌یه‌کی جه‌ماوه‌ری
ئێجگار ئه‌کتیڤ و به‌هێز له ئارا دایه که هه‌موو شێوازه‌کانی خه‌باتی مه‌ده‌نی
و چه‌کداری به‌ڕێوه ده‌بات و پرسی کوردی ئێجگار پێش خستووه به‌جۆرێک که کاریگه‌ری
راسته‌وخۆی له‌سه‌ر به‌شه‌کانی تری کوردستانیش هه‌بووه... که‌وابوو ده‌بێ هه‌موو
حیزب و گرووپه‌کان و هه‌موو تاکێکی کورد هێنده وشیار بێت که به‌رژه‌وه‌ندی نه‌ته‌وایه‌تی
ره‌چاو بکات و ئه‌م راستییه بزانێت که چاره‌نووسی هه‌موو به‌شه‌کانی کوردستان
لێکبه‌ستراون.
رۆژهه‌ڵاتی
کوردستان؛ کاروانی خه‌بات و پێشکه‌وتن له رۆژهه‌ڵاتی کوردستان له هه‌موو به‌شه‌کانی
تری کوردستان به‌جێ ماوه. کورد له‌م به‌شه‌دا نه خاکی ئازادی هه‌یه، نه زمانه‌که‌ی
به ره‌سمی ناسراوه، نه خاوه‌ن بزووتنه‌وه‌یه‌کی جه‌ماوه‌ری ئه‌کتیڤه، نه خه‌باتی
چه‌کداری به‌ڕێوه ده‌بات. نە شێوازی خەباتی مەدەنی بەهێز بەدی دەکرێت و ... زۆربه‌ی
حیزبه‌کانی کوردستانی رۆژهه‌ڵات له تاراوگه‌دا تووشی پاسیفیزم و لێکترازان هاتوون
و ئیدی بڕوایان به هێزی خۆیان و کاری خه‌باتکارانه نه‌ماوه. هه‌ر به‌مهۆیه
پێگه‌ی جه‌ماوه‌ری خۆیان له ده‌ست داوه و خه‌ڵکیش هیوای پێیان نه‌ماوه، به‌گشتی
جۆرێک فه‌زای ره‌شبینی باڵی به‌سه‌ر کوردستانی رۆژهه‌ڵات دا کێشاوه که رۆڵی کاولکارانه
ده‌گێڕێ و گیان و ژیانی مرۆڤی کورد کاول ده‌کا و ده‌یڕزێنێ. له‌م نێوه‌دا مه‌گه‌ر لاواز
بوونی رژیمی ئیسلامی یان کاریگه‌ری خه‌باتی باکوور و ڕۆژاوای کوردستان گه‌لی کورد
له رۆژهه‌ڵات ببزوێنێ و گیانێکی تازه‌ی وه‌به‌ر بێنێ.
وه‌ک
ده‌بینین و به‌پێی ئه‌وه‌ی وترا له باری عه‌ینی و زه‌ینییه‌وه هێشتا ده‌رفه‌تی دامه‌زراندنی
کوردستانی گه‌وره نه‌ڕه‌خساوه، پێکهێنانی کوردستانی مه‌زن هێشتا ئایدیایه، خه‌ونه،
هه‌ندێ که‌س به خه‌ونێکی مه‌حاڵی ده‌زانن، به‌ڵام زۆر ڕاستی هەن کە سەردەمێک تەنیا
خه‌ونیک بووگن. هه‌میشه زۆرێک له ئاواته‌کان سه‌ره‌تا وه‌ک خه‌ون و ئایدیا ده‌رده‌که‌ون،
به‌ڵام دوایی و له درێژه‌ی پرۆسه‌ی خه‌بات و تێکۆشان دا به‌دی دێن و وه‌کوو ڕاستی
ده‌رده‌که‌ون.
که‌وابوو ئه‌گه‌ر ئێستا ده‌رفه‌تی پێکهێنانی
کوردستانی گه‌وره له‌بار نییه، به‌ڵام ده‌رفه‌تی دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی
کوردی له باشووری کوردستان له‌باره و وه‌کوو پێویستییه‌کی مێژوویی ده‌رکه‌وتووه.
گەلی کورد بەگشتی و، کوردی باشوور و پارته سیاسییه‌کانی به‌تایبه‌تی، لەئا‌ست پێویستییەکی
مێژوویی دا بەرپرسیارن. ئه‌گەر کوردستانی باشور بتوانێ لە رۆژ و مانگانی ئایندەدا پارلمان
ئەکتیڤ بکاتەوە و بە پشت بەستن و، بە ئیلهام وەرگرتن لە خەباتی مەزنی ڕۆژاوای
کوردستان، لەنیو خۆی دا جۆرێک یەکێتی، یه‌کڕیزی و هاوخه‌باتی پێک‌بێنێ، دەتوانێ زۆر
بەهێزتر و پشت قایمتر بەرەو سەربەخۆیی بچێ و ئه‌رکی نه‌ته‌وه‌یی - مێژوویی خۆی به‌جێ
بێنێ. ئه‌گینا ره‌نگه دوباره وه‌ها ده‌رفه‌تێک نه‌ڕه‌خسێ و ئەم کێشە مێژووییە بێ
چارەسەر بمێنێتەوە...
تێبینی:
ئەم بابەتە چوار ساڵ پێش نووسراوە و لە گۆڤاری کۆچ چاپ کراوە، بەڵام بەهۆی
هەلومەرجی ئێستا سەرلەنوێ ئێدیتم کردەوە.
هیچ نظری موجود نیست:
ارسال یک نظر