رد شدن به محتوای اصلی

ئێکۆلۆژی ئازادی

ئێکۆلۆژی ئازادی نووسینی: موری بووکچین
وەرگیڕان لە ئینگلیسییەوە: هۆمەر فەیزی
ئدیتۆر: باوای پیر
ئاماژە: ئەم بابەتە لە لایەن هاوڕێی هێژا، مامۆستا هۆمەر فەیزی بە کوردی تەرجمە کراوە. لێرەدا بە بۆنەی یازدەهەمین ساڵی کۆچی بووکچین بڵاوی دەکەینەوە.

ئەمن لەم کتێبەدا هەوڵم داوە تا وێنەیەکی ئاوەژوو لە جیهان پیشان بدەم تا بە بەراورد لەگەڵ کارەکانی دایگرسەکان، لیڤلێرسەکان،[1] ڕەنترسەکان و هەوەرها لەچاو کارەکانی نەوەی هاوچەرخی ئەوانیش تیۆریکتر بێت. ئەمن هەوڵم داوە تا جیهان لە بنەوە هەڵتەکێنم تا فۆرمی ئاشکرای گەشە و پێشڤەچوون دەربخەم. هەوڵەکانی من کاتێک سەرکەوتوو دەبن کە بتوانن ئەو ڕاستیە دەربخەن کە چۆن لە دوای کشانەوەی کۆمەڵگەی ئۆرگانیک، بەڵای زاڵبوونی دەسەڵات، تێکرای تێکۆشانی مرۆڤی بەقووڵی گرتۆتەوە. هەر چەشنە پێشکەوتنێک، چ پێشکەوتنی ئەنستیتۆیی، چ بواری تێکنیکی، چ زانستی و، چ ئیدیۆلۆژیکی، هەروەها چ پێشکەوتنی هونەری و، چ ئەو جۆرە لە پێشکەوتن کە خەڵکانی بەگزادە پێی دەڵێن پێشکەوتنی ئەقڵانی، بەداخەوە کە هچیان ئەم بەڵایە نابینن. بەپێچەوانەی ئەو کارانە کە دەیانەوێ ڕیشەی ئەم بەڵایە لە ئەقڵانییەتدا بدۆزنەوە، کە رێک وەکوو ئەوە وایە لەگەڵ سرووشتا زۆران بگریت، ئەمن رەگی ئەم بەڵایە لەو هەوڵە جن ئاسایانەدا دەبینم کە بووەتە هۆی سەرهەڵدانی ئیلیتانێک کە جۆری مرۆڤ و سروشتی مرۆڤیان کۆت و بەند کردووە. من لەسەر ڕۆڵی ئازادی بەخشی هونەر و ئەندێشە جەختم کردووە، بەتایبەت لە پێدانی دەربڕینێکی ڕاستەقینەی مرۆڤی ڕەسەن و یوتۆپیایی و هەروەها لە دەربڕینی ئازادانەی سرووشتی مرۆڤیدا باسی ئەوەم کردووە کە ئەمە هونەرە کە دەرفەتی ئازادی دەڕەخسێنێ.
بەپێجەوانەی مارکس و فرۆید، کە دبێژن بەهۆی سەرکوت کردنی حەز و ویستی مرۆڤ "شارستانیەت" و "پێشڤەچوون" بەرهەم هاتووە، ئەمن پێموایە ئانترۆپۆلۆژی و خوێندنەوەی وردی مێژوو، وێنەیەکمان پیشان دەدات کە بەتەواوی ئانتی تێزی جۆری مرۆڤی چاوبرسی هابزە. خۆنەویستی سایکۆلۆژیکی لەگەڵ کۆنفلێکتی کۆمەڵایەتی و چەپاندنی حەزەکانا دێت و لەتەک سەرهەڵدانی مۆدێلی هیرارشی هاوکاتە و پەیوەندی بە ئەقڵ و تێکنۆلۆژییەوە نییە. نەخش و نیگاری هەڵکەندراوی سەر دیوارەکانی میسر و میزۆپۆتامیا جیهانێکمان پیشان دەدەن کە جۆری مرۆڤ لەو جیهانەدا جگە لەوە کە ناچار کراوە تا حەزی مرۆڤانە و ویستەکانی نادیدە بگرێ، بەڵکوو ناچاریش کراوە تا هەستی بنەڕەتی کەسێتی خۆیشی لە بیر بکات. دایە هەوا و شەیتان و میوەی درەختی زانین، لە ڕاستیدا هۆکاری زاڵبوونی دەسەڵات نەبوون، بەڵکوو خۆیان قوربانی ئەم جۆرە دەسەڵاتە زاڵە بوون. جگە لەوەش، کۆمەڵگا کە بۆ خۆی لە ئاکامی چاودێری دایکانە و هاوپەیوەندی مرۆیی دا دروست دەبێ، لە راستیدا وەبیرهێنەوەرەی ئەو دۆخەیە کە باخی عەدەن لە زۆر ڕووەوە ڕاستە و گوناهی یەکەمیش لەگەڵ وێنەی خۆ- یاساشکێنی دا دێتەوە.
مەبەستی من ئەوە نییە کە ئێمە دەتوانین بۆ وەها بەهەشتێکی سەرەتایی بگەڕێینەوە کە ئەم لادانە لەودا رووی داوە. مێژوو دەرفەتی هێوایەکی بۆ ڕەخساندووین کە دەکرێت کێشەکانی هیرارشی و باڵادەستی چارەسەر بکەین. بەبڕاوی من، زانست و ڕاهێنانێکی ڕۆحی بۆ تێگەیشتن و بازدان بە سەر کرداری یەکەمی خۆ گوناهکردنا دەتوانێ یەکەم هەنگاوی چارەسەرکردنی زیانی کۆمەڵایەتی زاڵبوونی دەسەڵات بێت، وەکچۆن لە پراکسیسی دەروونشیکاری دا خۆناسین یەکەم هەنگاوی چارەسەکردنی زیانەکانی چەپاندن و سەرکوتکردنی حەزەکانە. بەڵام بیراندن بەبێ کردار و، تیۆری بەبێ پراکسیس لە ڕاستیدا جۆرێک کەمتەرخەمییە لەئاست بەرپرسیارێتی و لەئاست ئەو ئەرکانەدا کە دەبێ بەئەنجام بگەن.
لەم سەردەمەدا دەبینین کە دەسەڵات خەریکە بە سەر هەموو بوارێکی کۆمەڵایەتی دا زاڵ دەبێ و گەیشتۆتە ئاستێک کە ئیتر لە کۆنترۆڵی مرۆڤ دەرچووە. لە کاتی جەنگی دووهەمی جیهانی بەملاوە ئەو ترێلیۆن دۆلارانەی نەتەوەکان بۆ بەدەستهێنانی هۆیەکانی ژێردەستکرنی خەڵک خەرجی دەکرێن و هەروەها تەرخانکردنی بودجەیەکی زۆر بەمەبەستی خۆپاراستن و کڕینی چەک و چۆڵی گران بە مەبەستی تۆقاندن و ترساندن، ئەمانە یەکێ لە نیشانەکانی سەدەیەکی دوور و درێژی خولیای شێتانەیە بۆ بندەست کردنی ئەویتر و لە ئێستاش دا گەیشتۆتە ئاستی نەخۆشی دەروونی شەیدایی و شێتێتی. ڕێکخستنی گەوجانەی سەرچاوە مادییەکان و هێزی کار و هەروەها ڕێکخستنی سامان و دارایی و بەکارهێنانی خەڵکانی زیرەک تەنیا بەمەبەستی بندەستکردن و چەسپاندنی دەسەڵات، وایکردووە تا هەر چەشنە پیشڤەچوونێکی مرۆیی کەم ڕەنگ و کەم بایەخ ببێت. ئەگەر هونەر، زانست، پێشکەوتنی پزیشکی، ئەدەبیات، موسیقی و تێکڕای پیشکەوتنی مرۆڤ لەسەر خشتە و گرافێک بکێشین، ئەوجار ئەوەمان بۆ دەردەکەوێ کە ئەم پێشکەوتنانە بە بەراورد لەگەڵ جەژن و سوور و ساتی خوێناوی دەسەڵاتداران کە لەسەر سامان و دارایی دزراوی وڵاتە داگیرکراوەکان دەیگێڕن، وەکوو دڵۆپێکە لە دەریا. ئەمەش سەرنجمان بۆ لای سیستمێک ڕادەکێشێ و پێمان دەڵێ: حەز و ئارەزووی دەسەڵاتداری بەتەواوی بێ سنوورە. ئێمە لە ئێستادا هیچ متمانەیەکمان بە کرد و کاری خێرخوازی ئەوان نییە، چونکە لەڕاستیدا لە پشتەوەی پڕۆژە پڕ بایەخەکانیان، وەک تێکنۆلۆژی پزیشکی و شۆڕشی سایبرنیکی، پرۆگرامی ئاسمانی و پڕۆژی کشتوکاڵی و، هەروەها لە پشتەوەی داهێنانەکانی بواری بەرهەمهێنانی وزە و ئینرژی، حەزێکی ناشیرین و پیس خۆی شاردۆتەوە تا لە ڕێگەی ئامێرەکانی توندوتیژی و ترساندن و چاودێری کردنەوە، تا دەتوانن مرۆڤ زیاتر بخەنە ژێر ڕکێفی خۆیان.
من ڕەوتی ژێر دەستەکردنی مرۆڤ هەر لە سەرەتاوە دەنەخشێنم و ئەوەش خاڵێکی شاراوەیە کە پێش مێژووی هیرارشی دەستی پێکردووە و لە سەردەمێکی زۆر کەڤناراتر لە سەرهەڵدانی چینەی ئابوورییەوە سەری هەڵداوە. دەبێ ئەمەش بێژم کە سیستمی هیرارشی تەنیا پیش دەست پێکردنی مێژوو خۆی نەشاردۆتەوە، بەڵکوو ئەم سیستمە تەنانەت لە قوڵایی سازوبەرگی دەروونی خۆیدا هەتا ئێستاش شاراوەیە. ئێمە لە سەردەمی پرۆسەی بەکۆمەڵایەتیکردن و لە ناوەوەی ئەزموونی زۆر قووڵ و نەستی خۆشماندا بە ئاسانی خەیانەتمان بە تێکڕای ئەو مانا و ئامانجانە کرد کە تێرمی "ئازادی" هەیبوو. ئەم خەیانەتە لە شێوازی هەڵسوکەوت کردنمان لەگەڵ ژنان و منداڵانا بەڕوونی دیارە. هەڵوێستی فیزیکیمان، پەیوەندی تەواو شەخسیمان، بیر و بۆچوونی تایبەتیمان، هەروەها شێوازی ژیانی ڕۆژانەمان، ڕێگە و شوێنێک کە ناوشیارانە هەڵیدەبژێرین تا ئەزموونەکانمانی پێ ڕێک بخەین، هەموویان پڕاوپڕن لە خەیانەت بە تێرمی ئازادی. دەبێ ئەوەش زیاد بکەم ئەم خەیانەتە تەنیا لە سیستمی ئابووری و سیاسی دا روو نادات، بەڵکوو لە ژووری خەوتنیش دا و لە چێشخانە و لە قوتابخانە و لە شوێنەکانی ڕابواردن و یاری کردن و لە ناوەندەکانی پەروەردەی ئەخلاقی وەکوو کلیسا و لە سەنتەرەکانی سایکۆتراپیش دا ڕوو دەدات. تەنانەت سێبەری باڵای سیستمی هیرارشی و دەسەڵاتی زاڵ بە سەر تێکڕای ڕەوت و بزاوتی خۆبەڕێوەبەردا کەوتووە کە ئامانجیان، ئازادی و ڕزگاری مرۆڤایەتییە. بۆ نموونە مارکسیزمی کلاسیک هەر جۆرە چالاکییەکی جەماوەر بەگومانەوە دەبینێ و هەمیشە وەک لادانێکی ئانارشیستی سەیری دەکا، ئەگەر لە ڕاستیدا ئاواش نەبێت.
هیرارشی هەموو ویستێکی ئێمە هەر لە ویستی ئاژەڵی تا دەگاتە ئاستی ئازادی و تاکێتی، هەمووی بە گاڵتە و بە چاوی سووک دەبینێی و پێشێل و بێ ئاکامی دەکا. لەو هەموو ئامێرانە کە بەکاریان دێنین بۆوەی ژیانی مرۆیی بپارێزین، هەر لە پەیکەرتاشی بەمەبەستی جوانی، تا دەگاتە ڕازاندنەوەی جیهانی دەور و بەرمان، کاریگەری دەسەڵات وەها هەستێکی پێداوین و بەجۆرێک چەواشە کراوین کە توانای داهێنانمان تا ئاستی کۆیلە و ژێردەستە دابەزیوە، بەجۆرێک کە لەجیاتی ئەوەی کە بنووسین: بندەستی و کۆیلەتی، دەنووسین: شاکارێکی هونەری.
گەورەیی ترادێسیۆنی دادائیزم لەوە دایە کە ئەم ڕەوتە هەر لە ڕەگی کۆنیەوە، هەر لە دەستەی سۆفیانی کریستانەوە بگرە تا دەگاتە دەربڕینی مۆدێڕنی سورڕیئالیزم [هەر لە کۆڕ و ئاهەنگی ڕاستەقینەوە بۆ بێ نەزمی، تا خەون و خەیاڵ، گەمەکردن، مەیل و هەوەس، داهێنانی نوێ، لادان لە داب و نەریت، چێژ ویستی و هەروەها داهێنانی ناوشیارانە] بە بەراورد لەگەڵ کایەی تیۆریکی ڕازاوەی ڕەوتی هێرمێنۆتیک و ستراکتورالیزم، هەروەها بە بەراورد لەگەڵ ڕەوتی زەوەندی نیشانەناسی کۆمەڵگەی ڕۆژاوایی، زۆر بێ ڕەحمانەتر و تووندوتیژتر، بازنەی هیرارشی دەخاتە ژێر تیغی ڕەخنە و بە وردی بوونی نادیاری هیرارشی دەبینێ و دەینەخشێنێ.
جیهانێک کە بەم شێوەیە بەهۆی هیرارشی و دەسەڵات لە لایەک و، گوێڕایەڵی و ملکەچی لە لایەکی دیەوە، ڕسوا بووە، بە ڕاشکاوی ئۆتۆریتەی خۆی دەردەخا وامان لێدەکا کە بەجۆرێک بیر بکەینەوە کە بێژین بەڵێ، ئێمە قەبوڵمانە کە ئۆبژەین و دەبێ دەسکاری بکرێین، یان کاڵاین و دەبێ بەکار بهێنرێین. بەهۆی وەها وێنایەک کە لە خۆمان هەمانە (کاڵا-ئۆبژە)، شێوەی نواندنی خۆمان لە ڕیاڵ فراوانتر دەکەین، بەجۆرێک کە دەگەین بە نواندنێکیتر لە سرووشتی دەرەوەمان. ئێمە سروشتی مرۆییمان ڕێک دەخەین تا کارێکی گرنگ دەست پێ بکەین و پێویستییەکی کۆمەڵایەتی بەجێ بێنین و ئەوەش هەڵکەندنی ڕەگ و ڕیشەی خۆمانە لە سروشتی دەرەوەمان، تەنیا بۆ ئەوە کە بیسەلمێنین کە سروشتی مرۆیی و سرووشتی دەرەوەمان لەسەر دەست پێشکەش کردووە تا ببین بە کانزا و ببین بە بوونێکی ناسروشتی. ئێمە بە شێوازێکی مەترسیدار، ئەوەندە جیهانی سروشتی و کۆمەڵگە و کەسایەتی خۆمان سادە کردۆتەوە کە ڕاستی و بێگەردی فۆرمە ئاڵۆزەکانی ژیان و فۆرمی تۆکمەی کۆمەڵایەتی و هەروەها بێگەردی بەشێکی زۆری کەسایەتیمان بەتەواویی تووشی گومان بووە.
لە سەردەمێکا کە ماتریالیزمی مکانیکی لەگەڵ یەکسانیخوازی مکانیکی ڕۆح گەرادا (spiritualism) ڕکەبەری دەکرد، ئەمن بەردەوام هەستیار بووم، وشیاریم بە پێویست دەزانی و بە هەموو جۆرێک پێداگریم لەسەر ئەوە دەکرد تاکوو مەفهومی گشتێتی پەرە پی بدرێت بۆ ئەوەی کە بونیادێکی ئیکۆلۆژی ئازادی دروست بکرێت و پێکەوە جووت ببن.
پێداگری لەم جۆرە بۆ ئامانجی کتێبی ئیکۆلۆژی ئازادی زۆر گرنگە، چونکە بەتەواوی لە دژی پێداگری باوە کە لەسەر یەکبوون و یەکێتی پێکهاتووە. ئەمن لە دژی هەوڵەکانی ئێستا دەوەستم  کە دەیەوێ فرەچەشنی لەناو خەسڵەتێکی هاوبەشی مکانیکی و ڕۆحی دا بتوێتەوە و زۆر هیوام بە فرەچەشنی و گەشەی کەسایەتی و گەشەی کۆمەڵایەتی و سرووشتی هەیە و خەریکە لە خۆشیا باڵ دەربێنم. من بە ڕاڤەیەک گەیشتووم (لە راستیدا ئەم ڕاڤەیەش تا رادەیەک لە بیری هێگل سەرچاوەی گرتووە) کە مێژووی هەر دیاردەیەک، پێناسەی ئەو دیاردەیەش پێکدێنێ، چ دیاردەیەکی سۆبژکتیڤ بێت، چ زانستی، یان تێکنیکی، جیاوازی نییە، ئەوە مێژووی دیاردەکەیە کە ڕاڤە و پێناسەی ئەو دیاردەیە دەڕەخسێنی. لە هەر کام لەم بازنە کەڵەکە بووانەدا، چەندین پلە و فۆرمی تێگەیشتن و وردبینی هەن کە ئێمە دەبێ بەشێوازێکی ئەقڵانی ڕێکیان بخەین تا بە ڕاستی و بەشێوەی ڕیالیستی لە پلە و فۆرمی جۆراوجۆریان تێبگەین. بەڵام نابێ ئەوەش لە بیر بکەین کە شێوازی بیراندنی ڕۆژئاوایی هەوڵ دەدا تا بە ئەزموون و کردەوەی ڕیالیستی تەنیا لە یەکێک لەم پلە و فۆرمە سۆبژکتیڤ، زانستی و تێکنیکیانە تێ بگات. ئێمە دەمانەوێ بە تێگەیشتن لە دۆخی ڕیال ڕیشەی تێگەیشتنمان لە بونیادێکی دوالیستی دەربێنین: ئابووری لە یەک نموونەدا، تەکنیکی لەویتردا و فەرهەنگیش لە سێهەمیان دا. هەر بۆیە، بەهۆی گەشەی سنوورداری پەرەسەندنی مرۆیی و سرووشتی، لە ڕاستیدا هێڵە گرنگەکانی پەرەسەندن وەکو بونیادێک یان ڕێکەوتێک یان وەک ستراکتور یان سوپرستراکتور هەڵبژێردراوە.
من هەوڵم داوە تا ئەو ڕاستیە دەربخەم کە هەر کام لەم هێڵ و سوپر ستراکتورانە خاوەنی ڕەسەنایەتی و ناسنامەی مێژوویی خۆیانن. بێگومان هەرکام لەم هێڵانە لەگەڵ هێڵەکانیتری گەشە پەیوەندییەکی هەمەلایەنەی هەیە، بەڵام لە گشتێتی خۆیان دا سەربەخۆ و زەنگین و تێرن. گرنگترین سەرنجی من باسی پەیوەندی هەمەلایەنەی نێوان پەرەسەندنی ژێردەستەیی و پەرەسەندنی ئازادی دەکات. مەبەستی من لە ئازادی تەنیا سڕینەوەی نایەکسانی و بونیادنانی یەکسانی نییە، بەڵکوو بەرفراوانکردنی مەفهومی سۆبژکتیڤیتە، تەکنیک و زانست لەگەڵ تێگەیشتنی هاوکات لە مێژوو و جۆرێک وردبینی کە هەر کامیان لە قۆناغە جیاوازەکانی گەشەدا بەدی هاتوون.
جگە لەوەش دەمەوێ پیشان بدەم کە چۆن ئەم فۆرمانەی ئازادی، موزایکێکی گشتی و چڕ و پڕیان پێکهێناوە، هەروەها دەمەوێ ئەوەش پیشان بدەم کە کاتێ یەکەکانی کۆمەڵگەی ئۆرگانیک پێکدێن، بەبێ ئەوەی خەسڵەتی دەگمەن و زەنگینی فرەچەشنی خۆیان بدۆڕینن، توانیویانە پەیوەندی و کاریگەری دوولایەنەیان پێکەوە هەبێت. هەر دوو بونیادی فەرهەنگی و ئابووری بە یەک ڕادە پشتی یەکتر دەگرن و هیچ کامیان زیاتر لەوی دی پشتگیری ئەوی دی ناکەن.  
هەروەها دەبێ باسی ئەو ڕاستییەش بکەین کە دوو وشەی بونیاد و سەرخان بەتەواوی لەگەڵ شێوە ڕوانینی ئەم کتێبە نامۆیە. ئەم دوو تێرمە ئاستی فاکت/ریالیتی دادەبەزێنن و زۆریش سادەی دەکەنەوە و هەوڵدەدەن تا بە ڕوانینێکی ساویلکانە ڕیالیتە ڕاڤە و ئانالیز بکەن. بەڵام فاکت لە پەیوەندییەکی دوولایەنە و زۆر چڕ و پڕ پێکهاتووە و لەگەڵ هەر چەشنە ڕاڤەکردنێکی مکانیکی و نەخشەیی دژایەتی دەکا.
ئەگەر مێژووی پێش سەرمایەداری بتوانێ تەنیا یەک شت ڕوون بکاتەوە، ئەوەش ڕاستیەکی دراماتیکە کە پیاوان و ژنان قوربانی لە ڕادە بەدەریان داوە و ئەم قوربانی دانەش بریتییە لە دەست هەڵگرتن لە خودی ژیان و تەرخانکردنی ژیان بۆ ئەو باوەڕانە کە بە دەوری ڕەوشت و دادپەروەری و ڕزگاری دا دەسوڕێنەوە- زیاتر مەبەستم ئەو باوەڕانەیە کە ناتوانین بەئاسانی لە رێگەی بەرژەوەندی مادی و پێگەی کۆمەڵایەتییەوە ڕوونیان بکەینەوە. مێژووی واقعی جووەکان، مێژووی دوو هەزار ساڵ چەوساندنەوە، هەروەها ستەم و ئازاری ئیرلەندییەکان لەم چەند سەدەی دوایی دا و، لەناوبردنی هەر جۆرە بزاڤێکی جەماوەری و شۆرشگێڕانە هەر لە سەردەمی ریفۆرمی ئایینیەوە تا دەگاتە کۆمۆنی پاریس، هەر هەموویان پیشاندەری دەسەڵاتی دین و نەتەوە و هەندێ ئامانجی کۆمەڵاتەتی ئیدیالیستین تاکوو بەملیۆنان خەڵکی پێ ڕێک بخەن بۆ ئەوەی بەشیوەی قارەمانانە هەڵسوکەوت بکەن. دەبێ بڵیین کە خەڵک بەشێوەیەکی بنەڕەتی و ناوشیارانە بەهۆی فاکتۆری ئابوورییەوە دەجووڵێندرێن. لە ڕاستیدا بەهۆی جۆرێک دیالکتیکی مێژوویی و ئابووری نادیار، پێدەچێ فاکتۆری ئابووری زیاتر ئەو کاتانە خۆی بسەپێنێ کە هێشتا بوون و ئۆتۆریتەی بەسەر کاروباری مرۆیی دا بەتەواوی نەسەلمێندرا بێت. سروشتی فاکتۆری ئابووری بە شێوەیەکە کە تەنانەت لەو کاتانەدا کە دیار و ئاشکراشە هێشتا ڕادەی گرنگی خۆی لە دیاریکردنی کرداری مرۆیی دا بەتەواویی دەرناکەوێت. ئەگەرچی "جان بێڵ" و "جێرارد ڤینستەینلی" باسی چاوبرسێتی چینی دەسەڵاتداری سەردەمی خۆیان دەکرد، بەڵام زۆر کەس وایاندەزانی کە ئامانجی چینی دەسەڵاتدار لە رێگەی ئیدیالی ئەخلاقی و دادپەروەری ئەوانەوە ئاراستە دەکرێت نەک لە ڕێگەی بەرژەوەندی تاکی ئەوانەوە. (مەبەستی ئەوەیە کە بەرژەوەندی ئابووری خۆی ئەشارێتەوە و خەڵکی ئاسایی نایبینن)
رق و قین لە ستەم و بێ دادی زیاتر لە دڵی گرووپەیل چەوساوەدا دەکوڵا، بەڵام نەک لە بەر ئەوەی کە لە دۆخێکی کۆمەڵایەتی نالەباردا دەژیان، بەڵکوو زیاتر لە بەر ئەوەی کە ناکۆکییەکی قووڵ لەنێوان شێوە روانینی مۆڕالی و لادانی پراکتیکی گرووپی دەسەڵاتدار سەبارەت بە دادپەروەری لەئارادا بوو. ئەگەرچی ڕۆڵێکی گرنگی مەسیحییەت کە بەدرێژایی مێژووی مرۆیی گێڕاویە، پێکهێنانی بزاوتی شۆڕشی هەزار ساڵە بووە، بەڵام ئەم ڕەوتەش بۆ خۆی پڕ بوو لە ناکۆکی لەم جۆرە. پیش ئەوەی کاپیتالیزم بەهۆی "هەستی قوربانیکردن" و بەهۆی بەڵێنی زیانبەخشی خۆی بۆ دژایەتی لەگەڵ هێزەکانی گەشەی کۆمەڵایەتی، مێژووی مرۆڤ لەکەدار بکات، مەسیحیەت ئاستی زۆرێک لەم ئیدیالانەی دابەزاند بۆ ئاستی بەرژەوەندی ئابووری. تەنانەت پێدەچێت کە بزاڤی سەرەتایی دابەشکردنەوەی ڕەش پێستەکان و بە کوێلە گرتنی ئەوان و تاڵانکردنی گیان و موڵک و ماڵیان، بە بەراورد لەگەڵ ئەو هەوڵانە کە شێوەی ژیانی ئێمەیان گۆڕی، زۆر کەم بایەختر بن، چونکە شێوە ژیانی کۆن و تەقدیرگەرا، خاوەن هەندێ یاسا و ڕێسای هاوبەش بوو، بە دوور لە کەڵەکە کردنی سروەت و سامان. زۆربەی ئەم بزاڤانە جگە لە نەهێشتنی بەڵگەیەل یاسایی کە دەسەڵات و مڵکداری بە ئلیتان دەدا هەروەها زۆربەی هەرە زۆری کۆشک و ڤێلاکان و کەلوپەلی ناو ماڵان و تەنانەت ئەو جل و بەرگەشیان لەناو برد کە بە شێوەیەک لە شێوەکان دەسەڵاتی ئلیتانی دەردەخست.
هەر وەک هانا ئارێنت ئاماژەی پێ کردووە، شۆڕشی فەرانسە هەر لە داخوازی ئەخلاقی جۆراوجۆرەوە تا تێگەیشتن لە چەمکی "کێشەی کۆمەڵایەتی" و پێناسەکردنی ئەم چەمکە بەهۆی تێرمی پێداویستی مادیەوە، جۆرێک پاشەکشە لە ئامانجی گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی بوو. لە راستیدا، لەوانەیە گۆڕانکاری لەم شێوە روانینەدا زۆر دواتر لەوەی کە ئارنت پێیزانی بوو، ڕووی دابێت. بەتایبەت ڕەنگە لە سەدەی بیستەم دا ڕووی دابێت. ئەگەر مارکس سەبارەت بە ماتریالیزمی ئابووری و ریالیزمی ئابووری وەها هەستێکی هەبوو کە خەریک بوو لە خۆشیا بفڕی، بەڵام بەپیجەوانەوە ئێمە لە ناکۆکی نێوان "فتیشیزمی نیازەکان" لە لایەک و، تاسە و ئارەزوو بۆ کۆمەڵگە و بنەماکانی ئەخلاق لە لەیەکی ترەوە گیرمان کردووە و ئازار دەچێژین، ئەمەش بەرهەمی پشێوی جیهانێکە کە بەهۆی هەستی نەبوونی دەسەڵاتی تاکی و کۆمەڵایەتی، وەکوو جیهانێکی سەهۆڵبەستوو دەرکەوتووە. ئێمە ڕازی دڵڕفێنی "یاساکانی مێژوو" و "سوسیالیزمی زانستی"مان داهێناوە کەچی لەجیاتی ئەوەی یارمەتیمان بات کە لەم ئامانجە بەنرخە نزیک ببینەوە، بەڵکوو بۆ خۆی زیاتر وەک ئامانج و بنەمایەکی ئەخلاقی دەردەکەوێت.
ئەگەر نەتوانین بەپێی هیچ گشتاندنێکی تایبەتمەندی فەرهەنگی و ئابووری، ڕیشەی گەشەی کۆمەڵایەتی بدۆزینەوە، یان ئەگەر یاسا و ڕێسایەکی کۆمەڵایەتی نەبێت بۆ ئەوەی پاڵپشتی لایەنێکی ئەقڵانی بکات تا بە دیاردە کۆمەلایەتییەکان بگەین، ئەوجار، چ شتێک دەتوانێ یارمەتیمان بات تا بتوانین ڕەفتاری کۆمەڵایەتی خۆمانی پێ رێک بخەین؟ بە ڕای من، بەهێزترین و پڕماناترین کۆنتێکست کە دەتوانێ کارە گرنگە مرۆییەکانی ئێمە ڕوون بکاتەوە، بریتییە لە جیاوازی نێوان ئازادی و دیکتاتۆری. من نامەوێ بلێم ئەم دوو تێرمە تێکڕای تێگەیشتنی ئێمە لەمەڕ سەرئەنجامی مێژوو باس دەکەن، یان ئەم دوو تێرمە ڕوون و بێ گرێ و گۆڵن. ئەگەر لە مێژووی مرۆڤ دا خاڵێکی کۆتایی هەبێت کە لەگەڵ چەمکی "ڕەهای" هێگل، یان لەگەڵ "کۆمۆنیزمی" مارکس تەبا بێت- ئەگەر لە ڕاستیدا، ئەو خاڵەش بەتەواوی لەناو نەچووبێ- ئەوە بۆ بەرەی ئێستا نییە تا پەسەندی بکا یان حاشای لێ بکا. لە راستیدا ئەمە جۆرێک مێتافۆر یان هێما (metaphorical)یە، ئەگەر بێژین کە مێژووی راستەقینەی مرۆڤ کاتێک دەست پێدەکات کە "کێشەی کۆمەڵایەتی" خۆی چارەسەر کردبێت، بەڵێنی ڕۆشنگەری و سوور بوون لەسەر گەشەی بەردەوامی تێکنۆلۆژی بە دڵنیاییەوە دوایین سیستمی جێی متمانە بوو کە هەمانبوو و دەکرا خۆمانی پێ ڕێک بخەین. تەنانەت لە ئەمڕۆدا و لە جیهانی تەواو تێکنیکی ئێستامان دا کە خودی ئەخلاق ئاوڵناوی "سوودپەرستی" وەرگرتووە، ئێمە ناچارین تا دان بەوەدا بنێین کە نەخشەی زۆر دڵرفێنی ئێمە (سەرەڕای تایبەتمەندی باش و شێوازی جوان و ڕازاوەی) دەکرێ بەجۆرێک رێک بخرێ تا ستراتژی ئاڵترناتیڤی جەنگی پێ دابڕێژرێ.
ئێمە دەبێ زیاتر لە ڕابردوو گرنگی بە دوو وشەی ئازادی و دیکتاتۆری بدەین، چونکە ئەم دوو وشەیە جگە لەوەی ئاماژە بە دژایەتی لەئاست فۆرمەکانی ئەنستیتۆیی و تەکنیکی و ئەقلانی و زانست دەکەن، بەڵکوو لە هەموو ئەوانەی سەرەوەش گرنگترن، ئەم دوو وشەیە بۆ دژایەتی لەئاست بەهاکان و هەستیاریی (sensibility) و بەکورتی بۆ دژایەتی لەئاست مەعریفەناسی (ئپیستمۆلۆژی)ن. پێناسەی من بۆ وشەی ئازادی بەپێی پێناسەی من لە ئیکۆسیستم ئاراستە دەکرێت، ئەوەش نەخشاندنی جۆرێک یەکێتییە کە لە فرەچەشنی و فراوانی خۆڕسک/ spontaneity پێکهاتووە و لەگەڵ ئازادی پێوەندی قووڵی هەیە و لە کاریگەری هیرارشی و دەسەڵات بەدوورە. لەمەڕ پێناسەی دیکتاتۆری، وەک ئاراستەیەکی کۆمەڵایەتی، من ئاماژەم بە هیرارشی و دەسەڵات کردووە کە ئەوەش بریتییە لە باوکسالاری، پیرسالاری و پەیوەندی چینایەتی و ئلیت خوازی بە هەر شێوازێک و سەرەئەنجام دەوڵەت، بەتایبەت دەوڵەتی سوودخۆری کۆمەڵایەتی، دەوڵەتی کاپیتالیستی. بەتایبەت بەبێ ڕەچاوکردنی دژایەتی لەئاست هەستیاری، زانست، تێکنیک و ئەخلاق، دژایەتی لەئاست شێوازی ئەقڵانی دوو تێرمی ئازادی و دیکتاتۆری وەک دوو تێرمی سادەی ئەنستیتۆییان لێ دێت و تەنیا هەڵگری مانایەکی شاراوە و نادیارن. دەبێ مانای ئەم دوو تێرمە تا رادەیەک بەرفروان بکرێنەوە کە زنجیرەیەک ئەزموون بهێننە ژێر چەتری خۆیانەوە بۆ ئەوەی دژایەتی و ناکۆکی نیوان ئەم دوانە ناوەڕۆکێکی پڕ مانا و شۆڕشگێڕانە بەخۆوە بگرێت.





[1] . دایگرسەکان گرووپێکی پرۆتستانی ڕادیکاڵ بوون و هەندێ جار وەک پێشەنگی ئانارشیزمی مۆدێڕن ناویان دەبەن و هەروەها وەکوو سۆسیالیزمی ڕیفۆرمخوازیش دەناسرێن. چونکە خوازیاری ڕیفۆرمی زەوی و زار بوون.  لایەنگرانی جێرارد ڤینستەینلی سەرەتا بە لێڤلێرس دەناسران کە دواتر بە دایگرسەکان ناوبانگیان دەرکرد. ریشەی ناوەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ باوەڕێکی تایبەت، یانی بڕوای قووڵ بە یەکسانی ئابووری بەپێی تێکستێکی تایبەتی "کتێبی کردەوەکان" (Book of Acts). دایگرسەکان هەوڵێکی زۆریان دا تا بتوانن زەوییەکان ئاستبەندی بکەن (Leveling) تا لە سیستمی کۆمەڵایەتی ئەو سەردەمەدا ڕێفۆرم پێکبێنن و بەپێی باوەڕی خۆیان بە بونیادنانی کۆمەڵگەی یەکسانی گوندی، بتوانن شێوە ژیانی گرێدراو بە ڕیفۆرمی زەوی هەڵبژێرن. لێڤلێرسەکان بزاڤێکی سیاسی سەردەمی شەڕی ناوخۆی ئینگلیس بوون (١٦٤٢-١٦٥١)، ئەوان لەسەر بەهاکانی فەرمانڕەوایی گشتی خەڵک، مافی دەنگدانی گشتی، یەکسانی لە هەمبەر یاسا و هەروەها لەسەر تۆلێرانسی ئایینیش پێداگر بوون، هەموو ئەم بەهایانەش لە مانیفێستی "ڕێکەوتننامەی جەماوەری خەڵک"دا باسی کراوە. لێڤلێرسەکان بەپیچەوانەی دایگرسەکان، دژی مڵکداری هاوبەش بوون مەگەر کاتێک کە خودی خاوەن مڵکەکان لە سەری ڕێک کەوتبن. لە کۆتایی شەڕی ناوخۆی یەکەم دا، لێڤلێرسەکان زۆرینەی خەڵکیان لەگەڵ بوو (١٦٤٢-١٦٤٦)، هەروەها بەر لە شەڕی ناوخۆیی دووهەم (١٦٤٨-١٦٤٩) دەسەڵاتی زۆریان هەبوو.
HN, Brailsford, The Levelers and The English Revolution (Cresset Books 1961: Spokesman Books, 2nd edition, 1983)
ڕەنترسەکان گرووپێکی دژی دین و دژی نەریت بوون و لە بواری هزریش دا زۆر جیاواز بوون. لە سەردەمێکا لە بریتانیا سەریان هەڵدا (١٦٤٩-١٦٦٠) کە مڵک و سامانی وڵات بەشێوازی هاوبەش و گشتی بەڕێوە دەبرا. بەپشت بەستن بە زۆر بەڵگە دەتوانین بێژین کە ئەم بزاوتە لە سەرتاسەری ئینگلیس دا تەشەنەی کرد، ئەگەرچی وەکوو بزاوتێکی ڕێکخراو نەبوو و ڕێبەریشی نەبوو. کلیسای سەرەکی ئینگلیس ئەم گرووپانەی بە لادین دەناساند و حکومەتێش بە هەڕەشەیەکی جیدی بۆ سەر سیستمی کۆمەڵایەتی دەزانین. ئەوان دەسەڵات و ئۆتۆریتەی کلیسایان نادیدە دەگرت و حاشایان لە ئینجلیش دەکرد و بانگەشەی ئەوەیان دەکرد کە مرۆڤ دەبێ گوێ لە خودای دەروونی خۆی بگرێ. ڕەنترسەکان لە زۆر بواردا لە "برایانی ڕۆحی ئازاد"ی سەدەی ١٤ دەچوون. باوەڕی سەرەکیان یەکێتی بوو، ئەوان دەیانوت خودا لە هەموو بوونەوەرێک دا هەیە.
Chisholm, Hugh, ed. (1911). “Ranters”, Encyclopedia Britannica, 22 (11th ed), Cambridge University Press p: 895

نظرات

پست‌های معروف از این وبلاگ

زمان، نووسین، میدیا و ...

زمان، نووسین، میدیا، گوتاری نەتەوایەتی، ناسنامە و پەروەردە گفتوگۆ لەگەڵ د. جەعفەر شێخولیسلامی پرۆفیسۆری میوان، زانکۆی سۆران، کوردستان پرۆفیسۆری هاوکار، زانکۆی کارلتن، کەنەدا ئا: هادی محەمەدی سەرەتا: د. جەعفەر شێخولیسلامی ساڵی ١٩٦٠ لە گوندی لاچین، سەر بە شاری مەهاباد، لە دایک بووە. هەر لەو شارەدا خوێندنی سەرەتایی و ناوەندیی تەواو کردووە. لە کۆتایی حەفتاکاندا، بە دزی خۆی فێری زمانی زگماکی کردووە و دەستی بە نووسینی شیعر و چیرۆکی کوردی کردووە. لە سەرەتای هەشتاکاندا، لەناو میدیاکانی سەردەمی ڕاپەڕینی رۆژهەڵات و باشووری کوردستان و، دواتریش لە میدیای ئێرانی لە بوارەکانی هەواڵنێری، وتارنووسین، چیرۆک، شانۆنامە، رۆڵی شانۆیی و وەرگێڕاندا چالاکی نواندووە. لە ساڵی ١٩٨٨ بە ئەم لاوە، لە وەڵاتی کەنەدا نیشتەجێ بووە و، لەم بوارانەدا خوێندوویەتی: ئەنستیتۆ/پەیمانگە (کتێبخانە و ئاگاداری)، بەکالیۆرۆس (زمانەوانی گشتی)، بەڵگەنامەی مامۆستایەتی (زمانی ئینگلیزی وەکوو زمانی دووهەم)، مەستەر (زمانەوانی کارەکی/کارکردی) و دوکتۆرا (پێوەندییە گشتیەکان—گوتار و میدیا). دوای ئەوە کە نزیکەی دە ساڵ ما

"ئەقڵ و شۆڕش"، هێربێرت مارکوزە

کورتەیەک سەبارەت بە "ئەقڵ و شۆڕش"ی هێربێرت مارکوزە نووسینی توماس ئالمێر و: لە ئاڵمانییەوە: هادی محەمەدی مارکوزە کە لە ئاڵمانەوە ئاوارەی ئەمریکا بووبوو، ساڵی ١٩٤١ کتێبی „Reason and Revolution“ ی بە زمانی ئینگلیسی چاپ کرد. ئەم کتێبە دواتر بە ناوی „Vernunft und Revolution“ یانی ئەقڵ و شۆڕش/وەرچەرخان بە زمانی ئاڵمانی وەرگێڕدرا. مارکوزە لەم کتێبەدا هەوڵ دەدات بە سەرنجدان بە ئەندێشەی مارکس، کاریگەری فەلسەفەی هێگل لەسەر تیۆری کۆمەڵایەتی پیشان بدات. مارکوزە لەسەر ئەوە پێدادەگرێ کە هێگل بەپێچەوانەی زۆرێک لە بیرمەندانی پێش خۆی، لە بواری بزاڤ و ئیدەی پێشکەوتنخوازانەدا دیدگایەکی شێلگیرانەی هەیە. ئەو پێی وایە کە واوەتر لە گەشەکردنی پێکهاتەی فاشیستی لە جڤاتی ئێمەدا، پێویستە فەلسەفەی هێگل سەرلەنوێ بخوێنینەوە. ئەم کتێبە لە دوو بەش پێکهاتووە. لە بەشی یەکەم دا بنەماکانی فەلسەفەی هێگل ڕاڤە دەکات، لە بەشی دووهەم دا ڕەوتی پێکهاتنی تیۆری کۆمەڵایەتی شی دەکاتەوە. هەر لە بەشی دووهەم دا کە بابەتی ئەم وتارەی منە، بە سەرەتایەک بەناوی "لە فەلسەفەوە بەرەو تیۆری کۆمەڵایەتی"

قوتابخانەى فرانکفۆرت

مارکوزە و قوتابخانەى فرانکفۆرت marcuse and Frankfurt school براین مەگى سەرەتا: ئەو قەیرانە ئابوورییە کە لە مەوداى دوو جەنگى جیهانیدا زوربەى وڵاتانى رۆژئاوایى گرتەوە، بەڕاى زۆربەى چەپەکان سەرەتاى رووخانى سیستمى سەرمایەدارى بوو کە ئەوان بەردەوام لە تیۆری مارکسیستى دا پێشبینیان کردبوو. ئەگەرچى بەپێى ئەم تیۆرییە دەبوو ئاکامى ئەم دۆخە بە کۆمۆنیزم بگات، بەڵام لە هیچ وڵاتێکى ئوروپا ڕژیمى کۆمۆنیستى نەهاتە ئاراوە. به‌پێچه‌وانه‌وه‌ ئەوەى سەرکەوت فاشیزم بوو. هەندێ لە چەپەکان بەجۆرێک لەم دۆخە ناهومێد بوون کە بەجارێک دەستیان لە مارکسیزم هەڵگرت. هەندێکى تر قەت تووشى ڕاڕایى نەهاتن و هەروا لەسەر بڕواکانى خۆیان مانەوە. گروپێکى تریش لەنێوان ئەم دوو رەوتەدا وەک چەپ مانەوە- یان دەیانویست بمێننەوە- بەڵام پێیان وابوو، بۆوەى مارکسیزم بتوانێ هەروا جێگەى بڕوا و متمانە بێت، دەبێ سەرلەنۆى شروڤە بکرێ و بەخۆیدا بچێتەوە. گرووپێ لەم کەسانە کۆتایى دەیەى 1920 لە شارى فرانکفۆرت کۆبوونەوە، کە دواتر بە ئەندامانى "قوتابخانەى فرانکفۆرت" ناوبانگیان دەرکرد. لە راستیدا ئەم کەسانە بۆ ماوەێکى زۆر لە فرانکفۆرت نە