ئه‌م وتاره وه‌رگێڕدراوی بابه‌تێكه كه سامی نه‌عیر (Sami Nair) بیرمه‌ندی هاوچه‌رخی فه‌رانسی به مه‌به‌ستی ناساندنی قوتابخانه‌ی بوداپێست بۆ (Dictionary critique Du Marxism) نووسیویه. ئه‌م فه‌رهه‌نگه به هاوكاری 85 كه‌س له مامۆستایانی ناوداری فه‌لسه‌فه و زانستی مرۆڤی نووسراوه و بێگومان یه‌كێ له گرنگترین و بڕواپێكراوترین سه‌رچاوه‌ی زانستی و ئاكادمیكه كه ماركسیزم ده‌ناسێنێ و ده‌ینرخێنێ.
"من دڵنیام كه هه‌ر ئێستا و له‌نێو ئه‌م به‌رهه‌مانه دایه كه فه‌لسه‌فه‌ی داهاتوو ده‌ڕسكێ و ده‌پشكوێ". جۆرج لوكاچ1 ساڵی 1971 له نامه‌یه‌كدا كه بۆ گۆڤاری Times Literary Supplement نووسیویه، به‌م دێڕه به‌رهه‌مه‌كانی ئاگنش هلێر2، فرنس فێهر3، جۆرج ماركوش4، میهای ڤایدا5، ده‌ناسێنێ و، به پێدانی ناوی "قوتابخانه‌ی بوداپێست"6 پرستیژیان پێده‌به‌خشێ. به‌ڵام ده‌بێ ناوی ئه‌م بیرمه‌ند و كۆمه‌ڵناس و سیاسه‌تزان و نووسه‌رانه‌ش له‌سه‌ر ئه‌و لیسته‌ی لوكاچ زیاد بكه‌ین: ئاندراش هێگدوش7، ماریاماركوش8، جۆرج بنتس9، یانوش كیش10، شاندور رادنوتی11، جۆرج كۆنراد12 و چه‌ند كه‌سی تر. ئه‌م قوتابخانه‌یه هه‌رچه‌ند به‌رهه‌مه‌كانی لوكاچی لاو به‌ر له سه‌رده‌می ستالین (گیان و فۆرم13 تا مێژوو وشیاری چینایه‌تی14) و پاش ستالین (دواین جوانیناسی15 و ئانتۆلۆژی وجودی كۆمه‌ڵایه‌تی16) به خه‌ستی كاری تێكردووه، به‌ڵام هه‌ر به كاره‌کانی لوكاچ كورت نابێته‌وه. لێره‌دا باسكردن له قوتابخانه‌ی بوداپێست، بوژانه‌وه‌یه‌كی راستین پیشان ده‌دات كه به‌وپه‌ڕی وردبینیه‌وه له سۆڤیه‌ت و ئوروپای رۆژهه‌ڵات، ماركسیزم ده‌ژێنێته‌وه و ئافه‌ت و گه‌نده‌ڵی ستالینیزمی لێده‌سڕێته‌وه.17 ئه‌م قوتابخانه هه‌رچه‌ند له سه‌ره‌تای به‌رنامه‌كانی دا تا راده‌یه‌ک یه‌کگرتوو18 بوو – ژیاندنه‌وه‌ی ئه‌ندێشه‌ی ماركسیستی، گه‌یشتن به جێگایه‌كی گرنگ له بوا‌ری ئایدیۆلۆژیكی دا، ده‌رخستنی هێز و گرووپی كۆمه‌ڵایه‌تی كه ده‌یانه‌وه‌ێ له هه‌نگاریا ئاڵوگۆڕی دیموكراتیك به‌دیبێنن- به‌ڵام له درێژه‌ی گه‌شه‌ی خۆی دا له 1956تا 1978، له ئاست چه‌ندین هه‌ڵوێست و ناكۆكی ناوخۆیی و دابڕانی (شه‌خسی و ئایدیۆلۆژیك) و جودایی به‌ره‌وڕوو بوو. ئه‌مڕۆ له پاشماوه‌كانی ئه‌م بزاڤه به‌رینه‌ی چه‌پی نوێی هه‌نگاریا ده‌توانین سێ ره‌وتی جیاواز دیاری بكه‌ین:
1. ره‌وتێك كه فرێنس فێهر، ئاگنش هلێر، جۆرج كونراد و ماریا ماركوش (دوورخراوانی به‌دڵخواز بۆ ئۆسترالیا) نوێنه‌رایه‌تی ده‌كه‌ن. به‌رهه‌مه‌كانی ئه‌مانه تێكڕای پانتایی زانستی مرۆڤی (فه‌لسه‌فه، كۆمه‌ڵناسی، جوانیناسی، دیموگرافی و ئپیستمۆلۆژی و هتد) ده‌گرێته‌وه. خه‌سڵه‌ت و تایبه‌تمه‌ندی به‌رچاوی ئه‌م ره‌وته بریتین له: دینامیزمی فكری شاز، دابڕانی لێبڕاوانه له سۆسیالیزمی سۆڤیه‌ت، نر‌خاندنی قووڵ و بنه‌ڕه‌تی ماركسیزم.
2. ره‌وتێك كه ئه‌مڕۆ ئاندراش هێگدوش رێبه‌ڕی ده‌كات. هێگدوش خه‌بات بۆ چاكسازی و ره‌خنه‌ی قووڵ له سیستمی ده‌سه‌ڵاتدار به پێویست ده‌زانێ. ئه‌م بزاڤه به "چاكسازی كۆمۆنیزم" ناسراوه.
3. ره‌وتی جۆرج بنتس و یانوش كیش كه به‌گشتی له ماركسیزم و كاری تیۆریک ده‌ستی هه‌ڵگرتووه و ئه‌مڕۆ گرنگی زۆر به رۆژنامه‌نووسی سیاسی له باڵی ئۆپۆزیسیۆن دا ده‌دات.
بێگومان ئه‌م خه‌سڵه‌ته ساده و ساكارانه، ناتوانێ دنیای فره‌ڕه‌هه‌ندی ئه‌م قوتابخانه ده‌ربخات، به‌ڵام لانیكه‌م ده‌توانێ کێشه و ناكۆكی بنه‌ڕه‌تی پیشان بدات (بۆ نمونه، میهای ڤایدا که له هلێر، فێهر و مارکوش جیابۆته‌وه، ئه‌مڕۆ له ره‌وتی سێهه‌م نزیکتره و، خۆی به ته‌نیا تۆژینه‌وه‌یه‌کی ده‌وێت). به‌ڵام له بوا‌ری نووسین و بلاوكردنه‌وه‌دا، ره‌وتی ئۆسترالیا له ره‌وته‌کانیتر چالاکتره. ناسینی هه‌ڵوێستی سیاسی- تیۆریكی ئه‌وان به‌هۆی فره‌ڕه‌هه‌ندی ویسته‌کان و گۆڕانی خێرا و ئاڵۆزیان، زۆر دژواره. دواین به‌رهه‌می هاوبه‌شیان، دیكتاتۆری به‌سه‌ر پێویستییه‌كان دا19 (1983) هه‌ڵوێستی تازه‌یان ده‌رده‌خا و له‌راستیدا سیستمی جۆری سۆڤیه‌ت و لاوازی خودی ئه‌ندێشه‌ی ماركسیستی به‌درێژی راڤه ده‌كات. ئه‌ندێشه‌ی سه‌ره‌کی و پێکهێنه‌ری ئه‌م به‌رهه‌مه بریتییه له:
- له پله‌ی یه‌كه‌م دا، پێوه‌ندی دووباره له‌گه‌ڵ هیۆمانیزمی بنه‌ڕه‌تی20 كه نه‌ک هه‌ر پانتایه‌كی گرنگ له ئه‌ندێشه‌ی ماركس دا پێکدێنێ، به‌ڵكوو به‌تایبه‌ت، تاقه وه‌ڵامێكی شیاوه به كاری دژه‌ئینسانی21 سه‌رده‌می ستالین. ئه‌م بیره مرۆڤدۆستانه، سه‌رچاوه‌ی سه‌رهه‌ڵدانی جۆرێك فه‌لسه‌فه‌ی به‌خۆداهاتنه‌وه22 یه كه به‌شێوه‌ی به‌رچاو له به‌رهه‌مه‌كانی ئاگنش هلێر دا ده‌بینرێ.
- له پله‌ی دوو‌هه‌م دا، سه‌رله‌نوێ له‌سه‌ر فه‌لسه‌فه‌ی كردار23 و یه‌كخستنی تیۆری کردار پێداده‌گرێ و له‌ئاست هه‌موو شێوه‌كانی پۆزه‌تیڤیزم ده‌وه‌ستێ. ئه‌گه‌ر وه‌ها یه‌كخستنێک به‌مانای ره‌تكردنه‌وه‌ی هه‌مه‌لایه‌نه‌ی "ماركسیزمی ره‌سمی" وڵاتانی رۆژهه‌ڵاته، ئه‌گه‌ر له ماركسیزمی رۆژاوایی نزیک ده‌بێته‌وه، له‌گه‌ڵ مرلو- پۆنتی24 و لوسیه‌ن گوڵدمه‌ن25 یه‌كده‌گرێت و له دژی ئاڵتوسێر26 هه‌ڵوێست ده‌گرێ‌ت؛ به‌رهه‌مه‌كانی ئاڵتوسێر هاوکات وه‌ك جۆرێك نیو- پۆزه‌تیڤیزم27 و ته‌نانه‌ت ماركسیزمی ره‌سمی ده‌رده‌كه‌وێ.
- له پله‌ی سێهه‌م دا، له‌گه‌ڵ چه‌پی نویی رۆژاوا هاوپشتی ده‌كا و به نر‌خاندنی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌سره‌فی، ده‌یه‌وێ سیستمی پێویستییه‌كان سه‌رله‌نوێ رێک بخاته‌وه. هه‌ر وه‌ها ره‌خنه‌ی توند له وڵاتانی ئوروپای رۆژهه‌ڵات ده‌گرێ و داوای کرانه‌وه و ئازادی سیاسی ده‌كات.
- سه‌رئه‌نجام، ئه‌گه‌ر و ده‌رفه‌تی جۆرێک دیموكراسی ریشه‌یی، به‌پێی فره‌چه‌شنی28، پرستیژی سه‌رله‌نوێی29 بازاڕ، خۆڕاپه‌ڕاندن30 و كۆمه‌ڵایه‌تیكردنی31 ئازادانه‌ی پێوه‌ندییه‌كانی به‌رهه‌مهێنان به‌وردی راڤه ده‌کات.
له راستیدا ئه‌م تێزانه له هه‌موو به‌رهه‌مێکی تاكی و هاوبه‌شی ئه‌م ره‌وته‌دا ده‌بینرێ. به‌ڵام بێگومان له كتێبی دیكتاتۆری به‌سه‌ر پێویستییه‌كان دا به وردی و به‌ئاشکرا باس‌كراوه. ئه‌م به‌رهه‌مه به‌پێی بۆچوونێک ره‌مزی ماركسیزم، هاوکات لێبڕاوانه ده‌یه‌وێ له ئه‌زموونی سۆسیالیزمی سۆڤیه‌ت داببڕێت. ته‌نانه‌ت ده‌كرێ بڵێین ئه‌م نووسه‌رانه بناغه‌ی ماركسیزم له به‌رهه‌مه‌كانی ماركسی لاو وه‌رده‌گرن، هه‌ر ئه‌مه‌ش هۆکا‌ری دابڕانه له سیستمی سۆڤیه‌ت.
به‌رای ئه‌م نووسه‌رانه، بۆچوونی مرۆڤناسانه له‌مه‌ڕ سروشتی مرۆڤ، ئه‌وجۆره كه ماركسی لاو باسی كردووه، به‌پێی خه‌یاڵاتی متافیزیكی پێکنه‌هاتووه، به‌ڵكوو به‌ته‌واوی به‌پێی دنیای پێویستییه‌كان پێکهاتووه. ئه‌م هۆكاره، بایه‌خێكی ته‌واو بوونناسانه‌ی32 هه‌یه و: گۆڕانی مێژوویی و كۆمه‌ڵایه‌تی مرۆڤی سروشتی بۆ مرۆڤی فه‌رهه‌نگی ده‌رده‌خات؛ كه‌وابوو، مرۆڤێتی له وجودی مرۆڤ دا، گه‌شه‌ی ئازادی تواناكانی مرۆڤ، له‌نێو سیستمی رێكخستنی تایبه‌تی پێویستییه‌كان دا ده‌رده‌كه‌وێت. ئه‌گه‌ر سۆسیالیزم به‌مانای به‌دیهێنانی ئازادانه‌ی پێویستییه‌كان، به‌هۆی گه‌شه‌ی تاكێتی ئازاد و به‌هه‌مان راده به‌رپرس بێت، هه‌روه‌ها ئه‌گه‌ر ئاشکرا بێت كه سیستمی پێویستییه‌كان له كۆمه‌ڵی بورژوایی دا به‌ته‌واوی تووشی گه‌نده‌ڵی و له‌خۆنامۆیی هاتووه، له‌ئه‌نجامدا به‌ناچار ده‌بێ قه‌بوڵ بكه‌ین كه سۆسیالیزمی سۆڤیه‌ت، نیشانه‌ی نر‌خاندنی به‌رنامه‌ی ماركس (به‌مانای هێگلی/ ئاوفهێبن) و له هه‌مان کات دا، ره‌تکردنه‌وه‌ی ره‌هه‌نده باشه‌كانی سیستمی بورژوازی پێویستییه‌كانه. یان به وته‌یه‌كی رۆشنتر، رۆڵی پێویستییه‌كان له سۆسیالیزمی سۆڤیه‌ت دا به‌ته‌واوی بۆته دژ خۆی و به وته‌ی یوهان ئارناسون (Johann Arnasson، یه‌كێ له باشترین راپۆرت نووسانی ئه‌م ره‌وته) وه‌ك "شێوه‌کاری33 فۆرمێكی تا ئه‌مڕۆ نه‌ناسراوی ده‌سه‌ڵات ده‌رکه‌وتووه".34 ئه‌م ئاوه‌ژووبوونه‌وه، له‌ئه‌نجامدا، ئیتر نیشانه‌ی به‌دیهاتنی پێویستییه‌كان نییه، به‌ڵكوو دیكتاتۆری به‌سه‌ر پێویستییه‌كان دا ده‌رده‌خات؛ ئه‌م دیكتاتۆرییه هه‌موو بواره‌كانی سیستمی كۆمه‌ڵایه‌تی دا‌گرتو‌وه و ده‌كرێ ئاوا پێناسه‌ی بكه‌ین: سیستمی ده‌سه‌ڵاتێكی هه‌مه‌لایه‌نه كه له‌ودا، زێده‌بایی كۆمه‌ڵایه‌تی به‌ده‌ستی حكومه‌ت داگیر ده‌کرێ و، فۆرمێكی تایبه‌تی پاوانخوازانه35 که خاوه‌ندارێتی له هه‌موو كۆمه‌ڵ ده‌ستێنێته‌وه. به‌ڕای ئه‌م نووسه‌رانه، ئه‌م كاره، پێكهاتنێكی36 تازه له پێوه‌ندی تاك- كۆمه‌ڵگه‌یه، په‌یدابوونی تاكێكی سه‌ركز و تێكشكاو و پرۆسه‌یه‌كی مێژوویی دژه‌رۆشنگه‌ری37، یانی دژه ئازادی38 و سه‌رئه‌نجام، ده‌سه‌ڵاتێكی دیسپۆتیكی گشتگیر39 پێکدێنێ كه ده‌یه‌وێ تێكڕای كۆمه‌ڵگا یه‌كده‌ست بكات.
وه‌ها مکانیزمێكی گشتگیر كه ئه‌مڕۆ تووشی قه‌یران هاتووه، هه‌ر له سه‌ره‌تای شۆڕشی 1917ـه‌وه، ئه‌ڵبه‌ت به‌شێوه‌ی ناکۆک، به‌رقه‌رار بووه. ستالینیزم، كه به‌ڕای ئه‌م نووسه‌رانه، سه‌ركه‌وتنی لێنینیزم به‌سه‌ر هه‌موو كۆمه‌ڵگه‌دا بوو، بێجگه له به ئه‌نجام گه‌یاندنی ئاکامی لۆژیكی بۆلشڤیزم و به‌تایبه‌ت پارتی سیاسی لێنینیستی كارێكی تری نه‌كردووه. به‌ڕای ئه‌وان، ده‌كرێ وه‌ها دۆخێکی مێژوویی نوێ له سێ بوا‌ری ئابووری، سیاسی و ئایدیۆلۆژیكی دا، كه كۆمه‌ڵگه‌ی جۆری سۆڤیه‌ت رێک ده‌خات، ببینین:
له بواڕی ئابووری دا دیكتاتۆری به‌سه‌ر پێویستییه‌كان دا، به‌پێی سیستمی به‌رهه‌مهێنانی هه‌ره‌وه‌زی به‌شێوه‌ی ناسه‌رمایه‌داری کار ده‌کا و فۆرمێكی نوێ له داگیركردنی [ده‌وڵه‌تی] زێده‌بایی به‌رهه‌مهێنانی كۆمه‌ڵایه‌تی پیشان ده‌دات. ئه‌م سیستمه، سه‌رمایه‌داری نییه- به‌ڵكوو ره‌نگه له یه‌ك كاتدا پێش سه‌رمایه‌داری و پاش سه‌رمایه‌داری بێت- چونكه سیستمی ئابووریی له ئه‌قڵپه‌رێزی40 زاتی و بنه‌مایی پێڕه‌وی ناکات: پلان و به‌رنامه‌كان، به‌پێچه‌وانه‌ی رواڵه‌تیان، به‌رهه‌می لۆژیكی گه‌شه‌ی ئابووری نییه، به‌ڵكوو ئاكامی سیستمێکی یه‌كپارچه له داخوازی پێویسته41، یانی كۆمه‌ڵێك زه‌خت و گوشاره كه هاوكات مشت‌ومڕ42 و ركه‌به‌رایه‌تی توندوتیژی ده‌سته و گرووپی جۆراوجۆری نێوخۆیی ده‌رده‌خات كه له ناخی ئه‌م سیستمه دان. كه‌وابوو، زیاتر، ئابووریه‌كی داواكراو له‌ئارا دایه نه‌ک ئابووری سیاسی. به‌تایبه‌ت هۆی ئه‌مه‌یه كه ناتوانێ بوا‌ری خولقاندنی ئامێری به‌ره‌هه‌مهێنان بۆ بوا‌ری خولقاندنی ئامێره‌كانی به‌كارهێنان بگۆڕێت. ته‌نیا به‌شی به‌رهه‌مهێنانی چه‌ك و چۆڵی سه‌ربازی له‌م یاسایه به‌ده‌ره، ئه‌مه‌ش به‌هۆی به‌رگری و پاراستنی ده‌سه‌ڵات و فرۆشتنی به وڵاتانی جیهانی سێهه‌مه. ئاكامی سه‌ره‌كی ئه‌م دۆخه له بوا‌ری پێویستییه‌كان دا ئاوایه: له‌م سیستمه‌دا پێویستی كۆمه‌ڵایه‌تی به‌دی نایه‌ت، مه‌گه‌ر ئه‌وه كه به‌شێوه‌ی ئامانجی بروكراتیك به‌یان بكرێت و ره‌وایی خۆی له پۆست و مه‌قامی سیستمی حکومه‌تی وه‌ربگرێت. یه‌کێ له ئاكامه‌کانی ئه‌م ره‌وته، خاڵێکه كه خه‌سڵه‌تی نائه‌قڵانی ئه‌م سیستمه به‌ئاشکرا ده‌رده‌خات: هه‌ڵداچوونی به‌رده‌وامی قات و قڕی و مه‌سره‌فی زیادی...
ئه‌م سیستمه له بوا‌ری سیاسی دا، هه‌رجۆره سنوورێكی نێوان ده‌وڵه‌ت و كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی43 ده‌سڕیته‌وه. ئه‌م نووسه‌رانه پێیان وایه كه له ساڵی 1917 به‌ملاوه، هه‌موو كاروباری كۆمه‌ڵ سیاسی كراوه‌ته‌وه. حیزب، وه‌ك ره‌مزی فۆرمێكی نوێ له ده‌سه‌ڵاتداری، دزه ده‌كاته گشت سوچ و قوژبنێكی كۆمه‌ڵگه و به‌وپه‌ڕی دۆگماتیزمه‌وه پێكهاته‌ی به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تی و كۆمه‌ڵایه‌تی دیاری ده‌كات. حیزب به‌مجۆره، به‌شێوه‌یه‌كی سه‌ره‌ڕۆیانه، به‌رژه‌وه‌ندی گشتی پیشان ده‌كات. به‌ڵام حیزب، خه‌یاڵ نییه: توێژی ئلیتانی ده‌سه‌ڵاتدار44، تێكه‌لێك له دام و ده‌زگای به‌رزی سیاسی كه ئه‌رته‌ش و ریكخراوه‌کانی پۆلیسی- ته‌ناهی ده‌گرێته‌وه، پێکهاته‌ی حیزب پیشان ده‌دات. ئه‌م توێژه ئلیته، حیزب نییه: به‌ڵكوو وه‌ک هێزێكی بڕواپێكراو، حیزب نوێنه‌رایه‌تی ده‌كا و به‌رژه‌وه‌ندی حیزب ده‌رده‌خات كه نه له به‌رژه‌وه‌ندی یه‌ك به یه‌كی ئه‌ندامان دا کورت ده‌بێته‌وه و نه له به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌م توێژه ئلیته‌دا. حیزب سیستمێكی تۆكمه‌یه كه لۆژیكی تایبه‌ت به خۆی هه‌یه. به‌مهۆیه، له‌مه‌ڕ ئه‌م جڤاتانه، ناكرێ باسی چینی ده‌سه‌ڵاتدار بكه‌ین. بروكراسی45 و تێكنۆكراسی46 ته‌نیا دوو ئامێرن كه ده‌سه‌ڵاتی حیزب - سیستمی حیزبی، به‌هۆی دام و ده‌زگای جۆراوجۆر- ده‌چه‌سپێنن. نووسه‌ران له‌مه‌ڕ ئه‌م پرسه، زۆر تێبینی وردبینانه له‌مه‌ڕ شێواز‌ی جۆراوجۆری پاساودان و پێشێلكاری له سۆڤیه‌ت و ئوروپای رۆژهه‌ڵات باس ده‌که‌ن. هه‌روه‌ها، ئه‌م فۆرمه له ده‌سه‌لاتداری نوێ به مه‌به‌ستی یه‌کده‌ست كردنی هه‌موو كۆمه‌ڵگه به‌هۆی زه‌ختی به‌رده‌وام له‌سه‌ر سیستمی پێویستی كۆمه‌ڵایه‌تی، به هه‌مان راده كه له لیبرالیزم و په‌یمانی یاسایی47 كۆمه‌ڵی بوژوایی دووره، له فۆرمی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی پێش بورژوازی و، له ده‌سه‌ڵاتی دیسپۆتیك نزیكه.
له بواڕی ئایدیۆلۆژی دا دیكتاتۆری به‌سه‌ر پێویستییه‌كان دا به‌ته‌واوی ئاشكرایه. هه‌رچه‌ند ئایدیۆلۆژی، له پێكهاته‌ی خۆیدا، به‌رهه‌می ململانێ له بازاڕی كولتوری دایه، به‌ڵام له ناخی سیستمی جۆری سۆڤیه‌ت دا وه‌ک ده‌رسێكی زۆره‌ملی ناو و ناتۆره هه‌ڵبه‌ستن ده‌رده‌كه‌وێ كه ده‌یه‌وێ هه‌موو ئاكار و ره‌فتاری كۆمه‌ڵایه‌تی كۆنترۆڵ بكا [و كۆمه‌ڵێكی سه‌ركز و ده‌سته‌مۆ بخولقێنێ]. له‌ئاكامدا، خودی چه‌مكی ئایدیۆلۆژی، تووشی ئاوه‌ژووبوونه‌وه‌ی بنه‌مایی ده‌بێت: پاوانخوازی ئایدیۆلۆژیكی، به سڕینه‌وه‌ی هه‌رجۆره پێشبڕكێیه‌ك له‌نێو بوا‌ری ئه‌ندێشه‌كان دا، ئایدیۆلۆژی وه‌ك یاسای خۆسه‌لمێنی48 سیستمی ده‌سه‌ڵاتداری ده‌رده‌خات، ئه‌م پرۆسه، كاریگه‌ری كولتوری ئێجگار خراپی به‌دواوه‌یه: به‌تایبه‌ت، بێده‌ره‌تانی فه‌رهه‌نگی خودی سیستم كه رێگه‌ی هه‌رچه‌شنه ده‌ركه‌وتنێكی فه‌رهه‌نگی [سه‌ربه‌خۆ]ی كۆمه‌ڵگه به‌ربه‌ست ده‌كا؛ پرۆسه‌یه‌کی مێژوویی دژه ئازادی و دژه‌رۆشنگه‌ری ده‌رده‌خات كه له‌جیاتی به‌رپرسایه‌تی تاكی سه‌رکز و له‌خۆنامۆ49 جێگیر ده‌بێت؛ گه‌شه‌ی ده‌روونپشێوی كۆمه‌ڵایه‌تی كه به‌شێوه‌ی تایبه‌تی ترس و دڵه‌خورپه ده‌رده‌كه‌وێ؛ پرژوبڵاوی ئه‌تۆم ئاسای كۆمه‌ڵایه‌تی و هه‌روه‌ها شێواز‌ی تایبه‌تی داڕزینی مێشك و ده‌ماری جه‌ماوه‌ڕ و هتاد.
به‌ڕای ئه‌م نووسه‌رانه، سیستمی دیكتاتۆری به‌سه‌ر پێویستییه‌كان دد ئه‌مڕۆ تووشی قه‌یران هاتووه. ئه‌م قه‌یرانه، به‌رهه‌می چه‌ندین هۆكاره:
1. نه‌بوونی کونترۆڵی فه‌رهه‌نگی واقعی و ده‌سه‌ڵاتداری (حیزب) به‌سه‌ر كۆمه‌لگه‌دا: ئایدیۆلۆژی ره‌سمی ناتوانێ وڵامی نیازی تێكۆشان و مه‌سره‌فی فه‌رهه‌نگی خه‌ڵكی كۆمه‌ڵگه‌ی بلوكی رۆژهه‌ڵات بداته‌وه؛
2. بوژانه‌وه‌ی كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی (به‌تایبه‌ت له پۆڵۆنیا و هه‌نگاریا) كه به‌رای ئه‌م نووسه‌رانه ده‌یانه‌وێ له ده‌سه‌ڵاتی بلوكی سۆڤیه‌ت جیاببنه‌وه؛
3. قه‌یرانی ئابووری مۆدێلی گه‌شه‌ی سفر، كه توانای چاره‌سه‌ری پرسی زه‌مینه‌كان و پرسی ئامێره‌كانی مه‌سره‌فی نییه؛
4. سه‌رهه‌ڵدانی جۆرێكی تازه له ناڕه‌زایه‌تی فه‌رهه‌نگی كه بونیادگه‌رایی50 دینی له چه‌ند ناوچه‌یه‌كی پۆڵۆنی و سولژنیتسین دوو نموونه‌ی به‌رچاون. به را‌ی نووسه‌رانی ئه‌م قوتابخانه‌یه، ئه‌م دواخاڵه زۆر ترسناکه، چونكه به‌ڕای ئه‌وان "ژه‌هری" بونیادگه‌رایی، به ڕاده‌ی دیكتاتۆری به‌سه‌ر پێویستییه‌كان دا كۆنه‌په‌رستانه و دژی پێشكه‌وتنه.
خاڵێكی ره‌خنه‌گرانه: سه‌ره‌ڕای گرنگی كتێبی دیكتاتۆری به‌سه‌ر پێویستییه‌كان دا و سه‌ره‌ڕای ره‌سه‌نایه‌تی ئه‌ندێشه‌ی هه‌ركام له نووسه‌رانی ئه‌م قوتابخانه، چه‌ند خاڵێكی ره‌خنه‌گرانه به پێویست ده‌زانین:
ئــ/ ده‌رخستنی بابه‌تی پێویستییه‌كان، به‌پێی بۆچوونێكی مرۆڤناسانه له تاكی مرۆڤ، جێگه‌ی گومانه و پێویستی به باسێك له‌مه‌ڕ تیۆری ئانتولۆژی وجودی كۆمه‌ڵایه‌تی هه‌یه، به‌و جۆره که لوكاچی پیر به‌درێژی شرۆڤه‌ی کردووه51؛
ب/ ئه‌م توێژینه‌وه له‌مه‌ڕ شۆڕشی ئۆكتۆبری 1917 زۆر رواڵه‌تی و پڕكێشه‌یه؛
ج/ وادیاره كه دیكتاتۆری به‌سه‌ر پێویستییه‌كان دا، به‌رله‌وه‌ی که هۆكارێك بێت، ده‌بێ له‌گه‌ڵ سیستمێك له هۆكرده‌كان پێوه‌ند بدرێت كه حكومه‌تی جۆری سۆڤیه‌ت ناتوانێ كۆنترۆڵیان بکا و ریشه‌ی له بنبه‌ستی مێژوویی ئوروپای رۆژهه‌ڵات و سۆڤیه‌ت دایه، بنبه‌ستێک كه ده‌بێ به‌پێی رێكخستنه‌وه‌ی دووباره‌ی سه‌رمایه‌داری جیهانی له سه‌ده‌ی بیسته‌مدا راڤه بكرێت؛
د/ چه‌مكی دیسپۆتیزمی گشتگیر كه نووسه‌رانی ئه‌م قوتابخانه به‌كاری دێنن و مه‌به‌ستیان ئه‌وه‌یه که كۆمه‌ڵی سیاسی (حیزبی ده‌سه‌ڵاتدار)، كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی "قووت ده‌ده‌ات"، زۆر جێگای گومانه، نه به‌هۆی ئه‌و شته‌ی كه راڤه‌ی ده‌كه‌ن، به‌ڵكوو به‌هۆی بنه‌ماكانی: ئایا به درێژایی مێژوو له نێوان دوو بوا‌ری سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی دا سنوورێكی به‌رهه‌ست هه‌بووه؟
په‌راوێز:
[1]. Georges Lukacs.
2. Agnes Heller.
3. Ferenc Feher.
4. Gyorgy Markus.
5. Mihaly Vajda.
6. Ecole de Budapest.
7. Andreas Hegedus.
8. Maria Markus.
9. Gyorgy Bence.
10. Janos Kis.
11. Sandor Radnoti.
12. Gyorgy Konrad.
13. Lame et Les Formes.
14. Histoire et conscience de classe.
15. Esthetique.
16. L' ontology de letre social.
17. Destalinisation,
18. Coherence.
19. Dictatorship over Needs.
20. Humanisme radical.
21. Deshumanisation.
22. Desalienation.
23. Philosophie de La Praxis.
24. Merleau-ponty.
25. Lucien Goldmann.
26. Althusser.
27. Neo-Positivisme.
28. Pluralisme.
29. Rehabilitation.
30. Auto-gestion.
31. Socialisation.
32. Ontologique.
33. Modus operandi
34. Perspectives and problem of Critical Marxisme in Eastern Europe, in Thesis Eleven, n 5-6, 1982.
35. Expropriation monopoliste.
36. Structuration.
37. De-enlightenment.
38. Contre-emancipation.
39. Totalitarisme.
40. Irrationalite substantille.
41. Binding orders.
42. Bargaining.
43. Societe civile.
44. Elite dirigeante.
45. Bureaucratie.
56. Technocratie.
47. Contractualisme Juridique.
48. Auto-affirmative.
49. Alienation.
50. Fondamentalisme.
51. Zor Ontologie des gesellshaftlichen Seins, Neuwide, Luchterhadd, 1971-1973, Noets on Lukacs Ontology Par Fehr, Heller, Markus et Vajda, in Lukacs Reconsidered Black well,1983.
هیچ نظری موجود نیست:
ارسال یک نظر