كۆمه‌ڵگه‌ى كوردستان؛ مۆدێرنیزم یان پۆستمۆدێرنیزم؟
kurdish socity; modernism or postmodernism?
هادى محه‌مه‌دى
هادى محه‌مه‌دى
مۆدێرنیزاسیۆن (modernization)پرۆسه‌یه‌كى كونكرێت و گشترهههندییه كه به شۆڕشى سه‌نعه‌تى بریتانیا، ژێرخانى ئابوورى كۆمه‌ڵایه‌تى ئوروپا هه‌ڵده‌ته‌كێنێ و، به شۆڕشى مه‌زنى فه‌رانسا و به وهرێخستنى بزاڤى فه‌لسه‌فه‌ى رۆشنگه‌رى، (aufklarung)، سه‌رخانى كولتوورى سیاسى تایبه‌ت به‌خۆى ده‌خولقێنێ.
پێش سه‌رده‌مى مۆدێرن، هه‌موو ده‌وڵه‌ت و ده‌سه‌ڵاته‌كان به‌شێوه‌ی فۆرم و پێكهاته‌ى نه‌ریتى و ئه‌مپراتۆری پێکده‌هاتن. پێكهاته‌كان بریتى بوون له: ئێل، هۆز، عه‌شیره، ده‌سه‌ڵاتى میرى و ده‌وڵه‌تى ئه‌مپراتۆرى كه هه‌موویان به‌پێى مناسباتى نه‌ریتى و ده‌ره‌به‌گایه‌تى به‌رێوه‌ده‌چوون. تایبه‌تمه‌ندى سه‌ره‌كى پێكهاته نه‌ریتییه‌كان ده‌سه‌ڵاتى تاكدهنگى و زاڵبوونى گوتار و كولتورى ئایینى و ئاسمانى بوو. به وتهیهكیتر له‌و كولتووره‌دا، ئایین ناوه‌ند و بنه‌ما بوو، مرۆڤ و كۆمه‌ڵگه له په‌راوێزدا بوون و خه‌ڵک به‌گشتی پێیان وابوو هێزێكى خــهیــاڵى و متافیزیكی چاره‌نووسى مرۆڤ دیارى ده‌كات. ده‌سه‌ڵاتى چه‌پێنراو و داخراوى پێكهاته ئایینییه‌كان، رێز و حورمه‌تى مرۆڤه‌كانى پێشێل ده‌كرد و هه‌موو تێكۆشان و تواناكانى مرۆڤى له‌ئاست خوداى ده‌سكردى مرۆڤ، له‌خۆنامۆ (ئلینه) ده‌كرد.
له سه‌ره‌تاى پرۆسه‌ى مۆدێرنیزاسیۆن دا، ده‌سه‌ڵاتى ده‌وڵه‌ت و كلیساى پاوانخواز و سه‌ره‌ڕۆ ناچار به ریفۆرم ده‌كرێ: پروتستانتیزم ره‌وتێكى ئایینى تازه‌یه كه له‌ئاست لقه‌كانى تر‌ى ئایینى مه‌سیح، نه‌رم و نیانتر و ئینسانى تره. مناسباتى تازه‌ى كۆمه‌ڵى بورژوازى، دۆخى بازاڕ و دانوستانى كاڵاكان، په‌یوندى نێوان ده‌سه‌ڵات و هێزه‌كانى به‌رهه‌مهێنان، ململانێى نێوان چینه‌كان، پێكهاتن و گه‌شه‌كردنى كۆمه‌ڵى مه‌ده‌نى، زنجیره فاكتۆرێكن كه هه‌نگاو به هه‌نگاو فه‌رهه‌نگ و سیاسه‌ت سێكولاریزه ده‌كه‌ن.
بزاڤى فه‌لسه‌فه‌ى رۆشنگه‌رى ده‌سه‌ڵاتى ئه‌فسانه و پروپووچ ره‌ت ده‌كاته‌وه و ره‌سه‌نایه‌تى به سوژه‌ى ئینسانى و ئه‌قڵى مرۆڤ ده‌به‌خشێ. به جیابوونه‌وه‌ى دین له ده‌وڵه‌ت و دامه‌زراندنى ده‌وڵه‌تى لاییك، به‌شێنه‌یى مافه‌كانى تاك دهستهبهردهكرێ، كۆمه‌ڵى مه‌ده‌نى (civil society) سه‌قامگیر ده‌بێ و دیموكراسى و فره‌ده‌نگى و فره‌چه‌شنى(pluralism)، جێگاى دیكتاتۆرى و تاكدهنگى ده‌گرێته‌وه. له وه‌ها دۆخێك‌دا زمان و فه‌رهه‌نگی نه‌ته‌وه‌کان ده‌بوژێنه‌وه و نه‌ته‌وه بنده‌سته‌كان رزگار ده‌بن.
ئه‌ڵبه‌ت هه‌موو ئاکامهكانى مۆدێرنیزاسیۆن پۆزه‌تیڤ و ئه‌قڵانى و هیۆمانیستى نین، به‌ڵكوو له درێژه‌ى ئه‌م پرۆسه‌یه‌دا چه‌ندین دیارده‌ى چه‌وت و نگه‌تیڤ سه‌رهه‌ڵئه‌ده‌ن و په‌ره‌ده‌ستێنن كه زه‌قترینیان ئه‌مانه‌ن: سه‌قامگیریى ده‌سه‌ڵاتى پۆزه‌تیڤیزم و ئه‌قڵى ئامێرى، جیاوازى چینایه‌تى(deference class) ، سه‌نعه‌ت فه‌رهه‌نگ (culture industry) ، له‌خۆنامۆیى (alienation)، شتکراوى (reification)، گه‌نده‌ڵى، دهروونپشێوى كۆمه‌ڵایه‌تى و... كه هه‌ركام له‌م فاكتانه پێویستیان به شرۆڤه و شیكردنه‌وه‌ى قوول و هه‌مه‌لایه‌نه هه‌یه و بیرمه‌ندان و كۆمه‌ڵناسان چه‌ندین مێتۆد و رێگه‌چاره‌ى جیاوازیان بۆ چاره‌سه‌ركردنیان ئاراسته كردووه.
* * *
"سه‌رده‌مى ئێستاى ژیانى مرۆڤ، جیاوازیه‌كى قووڵ و به‌رینى له‌گه‌ل سه‌ده‌كانى پێشوو هه‌یه. له‌م چاخه‌دا میدیاكان له هه‌موو بواره‌كان دا به‌شێوه‌ى به‌رین كاریان كردۆته‌سه‌ر هه‌موو ره‌هه‌ندێکى ژیانى كۆمه‌ڵایه‌تى و له‌ڕاستیدا ئه‌وه میدیاكانن كه جیهانى ئێمه ده‌سازن و شكڵ و فۆرمى راستییه‌كان و فكر و فه‌رهه‌نگى كۆمه‌ڵگه دیاری ده‌كه‌ن (ئاوه‌ژووبوونه‌وه‌ى سه‌رخان و ژێرخان). زۆرێك له چه‌مك و بنه‌ماكان و كاڵا فه‌رهه‌نگى و مهسرهفییهكانى دنیاى پێشكه‌وتوو، له رێگاى میدیاكانه‌وه به‌ره‌و هه‌موو وڵاتان و به‌تایبه‌ت جیهانى سێهه‌م به‌رێ ده‌كرێن و زه‌وق و ئینتیماى كۆمه‌ڵگه دیاری ده‌كه‌ن.
ئه‌و وڵاتانه‌ى كه ژێرخانى تێکنۆلۆژی ده‌وڵه‌مه‌ند و ئه‌مپراتۆرى به‌رینى میدیاكانیان له‌ده‌ست دایه، فه‌رهه‌نگ و ئه‌ندێشه‌ى سیاسى كۆمه‌ڵایه‌تى و ئستاتیکى خۆیان به‌سه‌ر ئێمه‌دا ده‌سه‌پێنن و ئه‌مه‌ش ره‌وتێكى یه‌كلایه‌نه‌یه. به‌مجۆره پۆستمۆدێرنیزم وه‌ك كاڵایه‌كى به‌كارهێنان ئاراسته‌ى كوردستانى ئێمه كراوه و زۆرێك له خوێندكاران و روناكبیرانى گرتۆته‌وه، بێ ئه‌وه که دیدێكى ره‌خنه‌گرانه سه‌یرى بكه‌ن، له هه‌موو ئاکامی فكرى، سیاسى و كۆمه‌ڵایه‌تیى خۆیان خافڵاندووه.
ئه‌گه‌ر لاوازى تیوریک، سازشكارى و كه‌مته‌رخه‌مى له‌ئاست كێشه‌كان، به خه‌سڵه‌تى ئه‌م سه‌رده‌مه بزانین، ئه‌وجار ناساندنى پۆستمۆدێرنیزم وه‌ك ئایدیۆلۆژى پاش شه‌ڕى سارد خۆده‌رده‌خات. ئاشکرایه كه جیاوازى نێوان تیۆرى و ئایدیۆلۆژى نهقهوتاوه، ته‌نانه‌ت خودى نوسه‌رانی پۆستمۆدێرنیش ئه‌مه‌یان قه‌بووڵه و دریدا و لیۆتار باسى یه‌كێتى فه‌لسه‌فه، زانست، ئایدیۆلۆژى و ره‌خنه‌ى ئه‌ده‌بى ده‌كه‌ن و به‌كرده‌وه‌ش به‌رهه‌مه‌كانیان به‌شێوه‌ى فه‌لسه‌فى – زانستى – شاعیرانه ده‌نووسن. كه‌وابوو ده‌بێ ئاکامى كاره‌كه‌ى خۆیان قه‌بووڵ بكه‌ن، ئه‌وان كه پێیان وایه هه‌موو شتێ یارى نیشانه‌كانه و به‌س، نابێ له‌وه دڵگران بن كه بۆچى به‌شێوه‌ى جدى وه‌رناگیرێن و به‌رهه‌مه‌كانیان پێشوازى لێناكرێ. هه‌تا ئێستاش له‌نێوان گه‌شبینى هابرماس و بێ خه‌یاڵى نوسه‌رانی پۆست‌مۆدێرن و ره‌شبینى ئادورنۆ و بنیامین دا، بژارده‌ى سێهه‌م له هه‌قیقه‌ت نزیكتره و بنه‌ماى واقعیتره.(1)
لێره‌دا ده‌مانه‌وێ به توێژینه‌وه‌ى بوارى كۆمه‌ڵناسى مه‌عریفی، په‌یوه‌ندى نێوان رۆشنگه‌رى، مۆدێرنیته، ناسیۆناڵیزم و پۆستمۆدێرنیزم له جیهانى ئه‌مڕۆدا راڤه بكه‌ین. كه‌وابوو سه‌ره‌تا مۆدێرنیته و دۆخى فكرى، كۆمه‌ڵایه‌تى و تێكنۆلۆژیكى راڤهدهكهین و دواتر ئه‌ندێشه‌ى پۆست‌مۆدێرن شرۆڤه ده‌كه‌ین و پاشان پێوه‌ندى ئه‌م دوو ره‌وته له‌گه‌ڵ هه‌لومه‌رجى كوردستان باس ده‌كه‌ین.
* * *
سه‌باره‌ت به مۆدێرنیته چه‌ندین روانگه‌ى جیاواز له‌ئارا دایه: هه‌ندێك سه‌ره‌تاى ئه‌م پرۆسه‌یه ده‌گێڕنه‌وه بۆ شۆڕشى سه‌نعه‌تى. هه‌ندێكى تر له‌گه‌ڵ بزاڤى رۆشنگه‌رى سه‌ده‌ى هه‌ژده‌هه‌م پێوه‌ندى ده‌ده‌ن و، لایه‌نێكى تر له‌گه‌ڵ رنێسانس و ریفۆرماسیۆنى لوتێر ده‌یبه‌ستنه‌وه. به‌ڵام به‌راى ئێمه هه‌موو ئه‌م سێ قۆناغه‌ى سه‌ره‌وه، چه‌ند بڕگه‌یه‌كى به‌رده‌وامى پرۆسه‌ى مۆدێرنیته پێکدێنن و گشتێتى مێژوویى پرۆسه‌كه ساغده‌كه‌نه‌وه.
له سه‌رده‌مى مۆدێرن دا ئه‌قڵ و زانست ئامێره‌كانى به‌رهه‌مهێنان نوێ ده‌كه‌نه‌وه، ئه‌م دیارده‌یه‌ش هه‌رێم و كۆمه‌ڵگه‌ى مرۆڤى نوێ ده‌كاته‌وه و كۆمه‌ڵگه‌ى كۆن ده‌ڕوخێنێ و كرژى و خێراییه‌كى سه‌یر به ڕه‌وتى ژیان ده‌به‌خشێ و چه‌ندین بزاڤ و ئاخێزى گه‌وره‌ى جه‌ماوه‌رى پێکدێنێ؛ ئه‌م ره‌وته فۆرم و پێكهاته‌ى خێڵه‌كى و فیوداڵى ده‌ڕوخێنێ و ژیان و ژیارى شارستانى دروست ده‌كات. ئه‌م پرۆسه‌یه به‌هۆى رایه‌ڵ و تۆڕى پێوه‌ندییه‌كان، تاكه‌كان په‌رداخ ده‌كا و دوورترین و نامۆترین و نادهستهمۆترین خێڵ و جڤاتهكان پێكه‌وه په‌یوه‌ند ده‌دا و چه‌ندین ده‌وڵه‌تى نه‌ته‌وه‌یى مۆدێرن دروست ده‌كات كه به رۆڵ و پێكهاته‌ى بروكراتیك به‌رده‌وام به‌هێزتر ده‌بن. له درێژه‌ى ئه‌م پرۆسه‌دا چه‌ندین بزاڤى به‌رینى جه‌ماوه‌رى، چینایه‌تى و نه‌ته‌وایه‌تى سه‌رهه‌ڵده‌ده‌ن که ده‌سه‌ڵاتداران تووشى كێشه ده‌كه‌ن و داواى مافى ئینسانى و دیاریكردنى چاره‌نووسى خۆیان ده‌كه‌ن.
ئاخێزگهى مۆدێرنیته چاخى رۆشنگه‌رییه، له‌م چاخه‌دا فه‌لسه‌فه‌ى كانت ره‌وتێكى فكرى رۆشن و به‌هێزه كه تایبه‌تمه‌ندییه‌كانى ئه‌م چاخه و خه‌سڵه‌تى ئامانجه‌كانى كۆمه‌ڵگه به رۆشنى به‌یان ده‌كات. سه‌ره‌ڕاى ئه‌مه‌ش فه‌لسه‌فه‌ى هێگل وه‌رچه‌رخانێكى گه‌وره‌ى مێژووییه، له‌راستیدا له فه‌لسه‌فه‌ى هێگل دایه كه وشیارى مێژوویى ده‌ڕه‌خسێ. ئه‌گه‌ر به فه‌لسه‌فه‌ى كانت ده‌ست پێبكه‌ین و دواتر به ره‌خنه‌ى نیچه له فه‌لسه‌فه‌ی كانت بگه‌ین، له به‌رهه‌مه‌كانى نوسه‌رانی پۆست‌مۆدێرن دا به دووپاتبوونه‌وه‌ى چه‌مك و ماناى نیچه‌یى ده‌گه‌ین؛ به‌ڵام ئه‌گه‌ر به هێگل ده‌ست پێبكه‌ین به لوكاچ، ڤێبر و قوتابخانه‌ى فرانكفۆرت ده‌گه‌ین. سه‌ره‌تا له كانته‌وه ده‌ست پێده‌كه‌ین: فه‌لسه‌فه‌ى كانت به‌پێی سێ بنه‌ماى نرخاندنى گرنگ پێکهاتووه: نرخاندنى ئه‌قڵى په‌تى (تیۆریک)، نرخاندنى ئه‌قڵى پراتیکى (ئه‌خلاقی) و نرخاندنى هێزى داوه‌رى. ئه‌م سێ ته‌وه‌ره سێ چه‌مكى فه‌لسه‌فه و متافیزیكى رۆژاوا (هه‌قیقه‌ت، چاكى و جوانى) ده‌خه‌نه‌به‌ر تیشكى نرخاندن و توێژینه‌وه:
نرخاندنى ئه‌قڵى تیۆریک و ئه‌قڵى پراتیكى پیشانده‌رى هه‌وڵێكه كه ده‌یه‌وێ به‌شێوه‌ى ئه‌قڵانى دوو ده‌سكه‌وتى چاخى رۆشنگه‌رى (زانست و ئه‌خلاق) شرۆڤه بكات. وشیارى ئێمه له‌ئاست سروشت و دنیاى ده‌ره‌وه و هه‌ر وه‌ها ده‌ركى ئێمه له ده‌روونمان و دنیاى ناوه‌وه، دوو ئه‌زموونى گرنگى ئینسانین. كانت ده‌یویست ئه‌م دوو بواره به‌شێوه‌ى ئه‌قڵانى راڤهبكات. ئه‌و له نرخاندنى ئه‌قڵى په‌تى دا ده‌یویست به‌شێوه‌ى فیزیكى نیۆتۆنى زانست راڤهبكا و چه‌مكه بنهماییهكانى ئه‌م بواره (هه‌قیقه‌ت، هۆكاره‌كان و دۆخی به‌رهه‌ست) به‌پێی بنه‌ماى ده‌رك و تێگه‌یشتنى ئه‌قڵانى دابڕێژێ.
له نرخاندنى ئه‌قڵى پراتیكی دا كانت ده‌یویست ئه‌خلاق به‌گشتى و، ئه‌خلاقى مه‌سیحى به‌تایبه‌تى به‌پێی بنه‌ماى ئه‌قڵانى ئاراستهبكا و پیشان بدات كه ئه‌نجامدانى ئه‌ركى ئه‌خلاقى كارێكى ئه‌قڵانییه. فه‌لسه‌فه‌ى كانت باسێكى خه‌یاڵى و ئابستراكت نییه، به‌ڵكوو پیشانده‌رى گه‌شه‌ى هێزه مێژووییه‌كانه كه پرۆسه‌ى مۆدێرنیته‌یان پێكهێناوه. له‌راستیدا فه‌لسه‌فه‌ى كانت ئاوێنه‌ى هێزه‌كانى نێو پرۆسه‌ى مۆدێرنیته‌یه که ره‌وتی گه‌شه و ناكۆكى و ئاڵۆزى هێزه مێژووییه‌كانى نێو ئه‌م پرۆسه ده‌نوێنێ. فه‌لسه‌فه‌ى كانت بێجگه له نرخاندنى ئه‌قڵانى شتێكى تر نییه؛ ئه‌و پێى وایه ده‌بێ هه‌موو شتێ به ته‌رازوى ئه‌قل بنرخێندرێ، هه‌تا ره‌وایى و ناڕه‌وایى ئاشكرا بكرێ. به‌بێ پێوه‌رێكى له‌م چه‌شنه هیچ شتێ ره‌وا نییه. به‌ڵام كانت و‌ڵامى ئه‌م پرسیاره‌ى نه‌دایه‌وه كه ئه‌ى بۆچى خودى ئه‌قڵ به‌م پێوه‌ره نهنرخێندرێ؟ یان خودى ئه‌قڵ چۆن راڤهدهكرێ؟ كانت ده‌یوت: ئه‌قڵ پێوه‌رى هه‌موو شتێكه و ده‌توانێ خۆشى بنرخێنێ، به‌ڵام ته‌نیا له دنیاى ئه‌زموون و دیارده‌كان دا به‌رته‌سك ده‌بێته‌وه و ئه‌وه‌ى له‌ودیوى دیارده‌كان دایه یانى "شت له‌خۆیدا" فاكتێكى نائه‌قڵانییه و ئه‌قڵ ناتوانێ بیناسێت. به‌ڵام به‌راى هێگل ئه‌م سنووره رۆشن نییه و فاكتى ئه‌قڵانى و نائه‌قڵانى له یه‌كتردا تێكه‌ل ده‌بن. له‌ئه‌نجام دا تێكڕاى پرۆژه‌ى كانت تێکدهڕوخێ. كه‌چى ئه‌م پرۆژه‌یه سه‌ره‌ڕاى هه‌موو ناكۆكییه‌كانى هه‌روا درێژه‌ى كێشا و له‌لایه‌ن هه‌مووانه‌وه قه‌بووڵ كرا. سه‌رئه‌نجام وه‌ك ئامێرێك كه‌وته ده‌ست بۆرژوازى گه‌شنده و بوو به مێتۆدێك بۆ پتهوكرنى هه‌لومه‌رجى تازه: سڕینه‌وه‌ى نایه‌كسانى، گه‌مژه‌یى و نه‌زانى و هه‌روه‌ها ئامێرێك له دژى كلیسا و فیۆداڵیزم. به‌ڵام پاش ئه‌وه‌ى بۆرژوازى گه‌شنده سه‌قامگیر بوو، ئه‌و ئامێره كه له دژى نه‌ریت و فیۆداڵیزم به‌كاری ده‌هێنا، له‌ئاست خودى مۆدێرنیزم به‌كاری هێنا و به‌شێوه‌ى به‌راوه‌ژوو هه‌ڵوێستى گرت.(2)
مارشال برمهن له كتێبى ئه‌زموونى مۆدێرنیته‌دا ده‌نووسێ: "مۆدێرن بوون به‌ماناى په‌یوه‌ستبوون به ههرێمێكهوهیه كه له‌ودا رووداوه‌كان، هێز و ده‌سه‌ڵات، كه‌یف و شادى، گه‌شه و گۆڕان، هه‌موو جیهان و كۆمه‌ڵگه ده‌گرێته‌وه و هاوکات هه‌ڕه‌شه‌ى فه‌وتاندن و روخاندنى هه‌موو ئه‌زمونه‌كانمان ده‌كات، ره‌وتى مۆدێرنیته هه‌موو سنوورێکی جوغرافى، ئێتنیکى، ئایینى، چینایه‌تى و نه‌ته‌وایه‌تی ده‌به‌زێنێ...
"ماركس و نیچه و بیرمه‌ندانى هاوچه‌رخى ئه‌وان وه‌ك پرۆسه‌یه‌كى گشتگیرى مێژوویى مۆدێرنیته‌یان ئه‌زموون كرد، ئه‌ویش له‌كاتێكا كه ته‌نیا به‌شێكى بچووك له جیهان مۆدێرن كرابۆوه. له پاش سه‌د ساڵ، كاتێ ره‌وتى گهشندهى مۆدێرنیزاسیۆن به رایه‌ل و تۆڕه‌كانى خۆى سه‌رتاسه‌رى جیهانى ته‌نیوه‌ته‌وه و هه‌موو تاك و جڤاتانى دوورترین و یهرتترین شوێنى دنیاى گرتۆته‌وه، ده‌توانین له روانگه و مێتۆدى یه‌كه‌مین مۆدێرنیسته‌كان زۆر شت فێربین، كه زیاتر په‌یوه‌ندى به چاخ و سه‌رده‌مى ئێمه‌وه هه‌یه. ئه‌گه‌ر بتوانین خه‌ون و خولیاكانى ئه‌وان وێنابكه‌ین و له روانگه‌ى ئه‌وانه‌وه سه‌یرى دنیاى خۆمان بكه‌ین، ده‌بینین ژیانمان گه‌لێ قووڵتر و فراوانتره له خه‌ونه‌كانمان، ئه‌وده‌م پێوه‌ندى كۆمه‌ڵایه‌تى خۆمان له‌گه‌ل خه‌ڵكانى هه‌موو جیهان هه‌ست پێده‌كه‌ین، ئه‌و خه‌ڵكانه‌ى كه وه‌ك ئێمه له‌ئاست كێشه‌كان له خه‌بات و تێكۆشان دان، ئه‌و كێشانه كه به‌رۆكى ئێمه‌شى گرتووه. به‌مجۆره له‌گه‌ڵ فه‌رهه‌نگێكى مۆدێرنیستى ئێجگار ئه‌كتیڤ و ده‌وڵه‌مه‌ند به‌ره‌وڕوو ده‌بین كه له ناحى ئه‌م خه‌باته‌وه هه‌ڵده‌قوڵێ. فه‌رهه‌نگێ كه خاوه‌ن چه‌ندین سه‌رچاوه‌ى گه‌وره و هێزى ره‌سه‌ن و ژیانبه‌خشه و ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵى ئاشنابین و به هى خۆمانى بزانین به‌ره‌و پێشكه‌وتنمان ده‌بات.
به بیرهێنانه‌وه‌ى دۆخى سه‌ره‌وه و دۆخى یه‌كه‌م مۆدێرنیسته‌كان، به‌و ئاكامه ده‌گه‌ین كه پاشه‌كشه ده‌توانێ ده‌رفه‌تى پێشڤه‌چوون هه‌موار بكات. لێره‌دا بیرهێنانه‌وه‌ى روانگه‌ى مۆدێرنیستهكانى چه‌رخى نۆزده‌هه‌م، ده‌توانێ هێزى خولیا و دلێریمان پێببه‌خشێ، هه‌تا مۆدێرنیستهكانى چه‌رخى بیست و یه‌كه‌م بخولقێنین. وه‌رگرتنى مۆدێرنیزمى پێشوو ده‌توانێ مۆدێرنیزمى ئه‌مڕۆ بنرخێنێ و به‌ستێنى فكرى ژنان و پیاوانى مۆدێرنى داهاتوو هه‌موار بكات.
"ماركس له به‌شى یه‌كه‌مى مانیفێست دا دوو به‌ره دیاری ده‌كا، كه فه‌رهه‌نگى مۆدێرنیستى سه‌ده‌ى داهاتوو ئاراسته‌ده‌كه‌ن و ده‌یخه‌نه‌گه‌ڕ، له به‌ره‌یه‌ك دنیاى خه‌ون و خولیاى به‌رفراوان و شۆڕشى به‌رده‌وام و گۆڕ‌انى بێپایان و داهێنانى هه‌میشه‌یى و نوێكردنه‌وه‌ى هه‌موو ره‌هه‌نده‌كان له‌ئارا دایه و، له به‌ره‌ى دیكه‌دا دژبه‌رى ئه‌م ره‌وته، یانى نهێلیزم و روخاندنى به‌رده‌وام و خلیسكان و كۆتایى ژیان و ترس و سام و شه‌وه‌زه‌نگ راوه‌ستاوه. ماركس پیشان ده‌دات، كه چۆن زه‌ختى هێزه‌كان و ئابوورى بورژوازى، تانى ئه‌م دوو به‌ره له رایه‌ڵ و پۆى ژیانى هه‌موو مرۆڤێكى مۆدێرن ده‌ته‌نێ.
مۆێرنیستهكان هاوكات له‌گه‌ل ره‌وتى مێژوودا چه‌ندین خه‌ون و دیمه‌نى گه‌ردوونییان خولقاند: چه‌ندین دیمه‌ن له گه‌شترین شادمانى و ره‌شترین ناهۆمێدى. زۆرێك له هونه‌رمه‌ندانى داهێنه‌ر هاوكات شه‌یداى ئه‌م دوو هه‌سته ناكۆكه بوون و له پرۆسه‌یه‌كى بێپایان دا له‌م جه‌مسه‌ره‌وه بۆ ئه‌و جه‌مسه‌ر تاران و خلیسكان. چالاكى سروشتى ئه‌وان، هه‌ست و سۆزى ده‌روونێكى به‌رهه‌م ده‌هێنایه‌وه كه بورژوازى مۆدێرنى وهگهڕدهخست و ژیانى پێده‌به‌خشى. ماركس ده‌مانخاته ناخى ئه‌م پرۆسه‌یه، به‌جۆرێك كه بۆ خۆمان هه‌ست به هێزێكى ژیانبه‌خش ده‌كه‌ین كه ژێى گیانمان ده‌له‌رزێنێ و هاوکات یاولهرزێكى قورس به‌سه‌ر رۆحماندا زال ده‌بێ، كه هه‌موو ساتێ ده‌توانێ له‌نێومان ببات. دواتر ماركس به یارمه‌تى هێز و زمان و ئه‌ندێشه‌ى خۆى تێده‌كۆشێ هانمان بدات تا روانگه‌ى ئه‌و قه‌بوول بكه‌ین و له‌گه‌ڵى بكه‌وین تا پێشكه‌وین و به دوندى سه‌ركه‌وتن بگه‌ین.(3)
"شاگردانى ئه‌فسوونگه‌ر، ئه‌ندامانى پرۆلیتاریاى شۆڕشگێڕ، ده‌بوو هێزه‌كانى به‌رهه‌مهێنان كۆنترۆڵ بكه‌ن و له ده‌ست بورژوازى فاوستى ده‌رى بێنن. ئه‌گه‌ر ئه‌م كاره به‌ئه‌نجام بگات، هێزه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان ده‌بنه سه‌رچاوه و هه‌وێنى جوانى، شادمانى و ئاوه‌دانى و، به‌خته‌وه‌رى هه‌مووان مسۆگه‌رده‌كه‌ن و مێژووى تراژیكى مۆدێرنیته كۆتایى دێت. مانیفێست به‌هۆى هێزى خولیایى و روونكردنه‌وه‌ى چه‌ندین ده‌رفه‌تى سامناك و پرشنگدار كه له سه‌ره‌ڕێى ژیانى مۆدێرن دایه، به‌رهه‌مێكى به‌رجه‌سته‌یه. مانیفێست سه‌ره‌ڕاى ناوه‌رۆكى فكرى، یه‌كه‌م به‌رهه‌مى هونه‌رى مۆدێرنیستییه.
به‌ڵام ئه‌گه‌ر ته‌نانه‌ت مانیفێست وه‌ك به‌رهه‌مێكى مۆدێرنیستى ستایش بكه‌ین، ده‌بێ له‌بیرمان بێ كه ئه‌م به‌رهه‌مه نه ته‌نیا راستییه‌كان و خاڵه به‌هێزه‌كان، به‌ڵكوو كێشه‌كان و جه‌بری ده‌روونیش رۆشن ده‌كاته‌وه. ئه‌گه‌ر ئێمه خۆمان بده‌ینه ده‌ست شه‌پۆله‌كانى دیالكتیكى ماركس، واهه‌ست ده‌كه‌ین كه چه‌ندین ره‌وتى نه‌ناسراو نائارامى و نادڵنیایى ئێمه به‌ره‌و خۆیان راده‌كێشن، ئێمه له‌نێوان زنجیره‌یه‌ک كێشه و له مابه‌ین مه‌به‌سته‌كان و قوڵبوونهوهكانى ماركس دا گیرۆده ده‌بین، یانى له‌نێوان ئه‌وه‌ى ده‌یبینێ و ئه‌وه‌ى ده‌یخوازێ. بۆ وێنه سه‌یرى تیۆرى قه‌یرانه‌كانى ماركس بكه‌ن: "قه‌یرانه‌كان به‌رده‌وام سه‌رهه‌ڵده‌ده‌نه‌وه و جار له دواى جار تێكڕاى كۆمه‌ڵى بورژوازى زیاتر توشى گومان ده‌كه‌ن." له‌ژێر زه‌ختى ئه‌م قه‌یرانه به‌رده‌وامانه‌دا "نه ته‌نیا به‌شى به‌رینى کاڵاكان، به‌ڵكوو هێزه‌كانى به‌رهه‌مهێنانى داهاتووش، به كرچ و كاڵى كاول ده‌كرێن." وادیاره ماركس پێى وایه ئه‌م قه‌یرانانه به‌شێوه‌ى گه‌شنده بورژوازى ئیفلیج ده‌كه‌ن و سه‌رئه‌نجام ئه‌م سیستمه له‌نێوده‌به‌ن. سه‌ره‌ڕاى ئه‌مه‌ش شیكارى ماركس له‌مه‌ڕ كۆمه‌ڵى بۆرژوازى پیشان ده‌دات كه چۆن ئه‌م سیستمه ده‌توانێت به‌ئاسانى له‌ئاست كاره‌سات و قه‌یرانه‌كان زال ببێت: "له‌لایه‌ك به كاولكردنى به‌رین و بێپایانى هێزه‌كانى به‌رهه‌مهێنان و له‌لایه‌كیتره‌وه، به كردنه‌وه‌ى چه‌ندین بازاڕى تازه و دهستهمۆكردنى بازاڕه كۆنه‌كان، له‌ئاست قه‌یرانه‌كان زال ده‌بێت." قه‌یرانه‌كان ده‌توانن ئه‌و خه‌ڵك و كۆمپانییانه كه له‌ئاست پێوه‌ره‌كانى بازاڕ ناكارامه‌ن نابووت بكه‌ن. هه‌روه‌ها ده‌توانن چه‌ندین فه‌زاى تازه و شیاو بۆ سه‌رمایه‌گوزارى و ئاڵوگۆڕى تازه‌تر فه‌راهه‌م بكه‌ن. هه‌روه‌ها ده‌توانن بورژواكان فێرى داهێنان و تازه‌گه‌رى بكه‌ن و ده‌سه‌ڵاتیان به‌رینتر بكه‌نه‌وه، تا سانتراڵیزمێكى پته‌وتر له پێشوو دامه‌زرێنن. به‌مپێیه قه‌یرانه‌كان ده‌توانن چه‌ندین سه‌رچاوه‌ى چاوه‌ڕوان نه‌كراوى به‌هێزكردن و ته‌یاركردنى سه‌رمایه بن...
"ماركس ده‌ڵێ: "ئه‌م ره‌وتانه رێگه بۆ چه‌ندین قه‌یرانى به‌رینتر و كاولكهرتر هه‌موار ده‌كه‌ن." به‌ڵام به له‌به‌رچاوگرتنى تواناكان و كارامه‌یى بورژوازى بۆ قازانج بردن له ئاژاوه و كاولكارى، ئه‌گه‌رى ئه‌وه هه‌یه كه قه‌یرانه‌كان تاهه‌تایى بن و خه‌ڵك و بنه‌ماڵه و دام و ده‌زگا و گوند و شاره‌كان كاول بكرێن و سه‌ره‌ڕاى ئه‌مه‌ش پێكهاته‌ى ژیان و ده‌سه‌ڵاتى كۆمه‌ڵایه‌تى بورژوازى هه‌روا به ساغی و شهقڵنهشكاوی بمێنێته‌وه.
له قۆناغێكى دواتردا، ده‌بێ خه‌ون و ئینتما و شرۆڤه‌كانى ماركس راڤه بكه‌ین. سه‌یر ئه‌وه‌یه كه خودى بورژوازى بناغه‌كانى ئه‌م كۆمه‌ڵگه‌یه بونیاد ده‌نێ: "گه‌شه‌ى پیشه‌سازى كه بورژوازی به‌شێوه‌ی ناوشیارانه بونیادی ده‌نێ، له‌جیاتى تاكخستنهوهى كرێكاران، به‌هۆى هاوكارى و هاوپشتى، یه‌كێتى ئه‌وان فه‌راهه‌م ده‌كات." یه‌كه گه‌وره‌كانى به‌رهه‌مهێنان كه به‌شێكى جیانه‌كراوه‌ى پیشه‌سازى مۆدێرن پێکدێنن، به‌شێكى به‌رین له كرێكاران كۆده‌كه‌نه‌وه و لێكیان ده‌به‌ستنه‌وه هه‌تا پێكه‌وه هاوكارى بكه‌ن... به‌مپێیه كرێكاران فێرده‌بن كه به‌شێوه‌ى كۆیى و هاوبه‌ش به‌رنامه دابڕێژن و تێبكۆشن. به‌ڕاى ماركس كۆت و به‌ندى كۆیى كرێكاران، كه شێوه‌ى به‌رهه‌مهێنانى بۆرژوازی ناوشیارانه دروستى كردووه، رێكخراوى سیاسى و خه‌بات و تێكۆشان دروست ده‌كات. رێكخراوه و سه‌ندیكاكان كه له‌ئاست چوارچێوه‌ى تایبه‌تى و ئهتۆمیزهى مناسباتى كۆمه‌ڵایه‌تى بۆرژوازی ئاخێز ده‌كه‌ن، سه‌رئه‌نجام ئه‌م سیستمه سه‌رنگوون ده‌كه‌ن!
به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌م ئاره‌زوو و شرۆڤه گشتییه له‌مه‌ڕ مۆدێرنیته دروست بێت، بۆچى ده‌بێ ئه‌و پێكهاته كوێییه (پرۆلیتاریا) كه پیشه‌سازى بۆرژوازى پێكیدێنێ، له ده‌سكرد و به‌رهه‌مه‌كانى دیكه‌ى بۆرژوازى سه‌قامگیرتر بێت؟ ئایا نابێ ئه‌م پێكهاته‌یه‌ش وه‌ك هه‌موو دیارده‌كانى تر‌ى ئه‌م كۆمه‌ڵگه بڕگهیى و كاتى بێت؟ دروست كرابێت تا بفه‌وتێت؟ ماركس ساڵى 1856 كرێكارانى سه‌نعه‌تى به گرووپێكى تازهڕسكاو ده‌زانێ "كه وه‌ك سیستمه تازه‌كان به‌رهه‌مى سه‌رده‌مى مۆدێرنن." ئه‌گه‌ر وابێت هاوپشتى، هه‌رچه‌نده له سه‌رده‌مێكى تایبه‌تدا پته‌و بێت، سه‌رئه‌نجام وه‌ك ده‌زگا و ئامێره‌كانى كار، یان وه‌ك به‌رهه‌مه‌كانى كار، له‌رزۆك و ده‌بێ و له‌نێو ده‌چێ.
ره‌نگه ئه‌مڕۆ كرێكارانى به‌شى به‌رهه‌مهێنان به مانگرتن هاوكارى یه‌كتر بكه‌ن، به‌ڵام ره‌نگه به‌یانى له‌نێوان كۆمه‌ڵانى جیاواز و له دۆخێكى جیاواز و له شوێنێكى جیاوازدا پرژ و بڵاو بن و چه‌ندین نیاز و داخوازى و ئینتماى جیاواز له نێویاندا سه‌رهه‌ڵبدات. به‌ڵام وادیاره دیسان پێكهاته‌ى ئابستراكتى بۆرژوازى سه‌قامگیر ده‌مێنێ و له‌كاتێكا كه لایه‌نى ئینسانى ئه‌م پێكهاته‌یه له‌نێو گه‌رداوى چه‌ندین شه‌پۆلى به‌رده‌وامدا نوقم ده‌بێ، كۆت و به‌ندى قورس و ئینسانی له وه‌ها دۆخێكى سست و له‌رزۆكدا گه‌شه دهكاو پته‌و ده‌بێ. ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر كرێكاران بزاڤێكى كۆمۆنیستى سه‌ركه‌وتوو رێك بخه‌ن و ئه‌گه‌ر ئه‌م بزاڤه‌ش له شۆڕشدا سه‌ركه‌وێت، چۆن ده‌توانن له‌نێوان شه‌پۆلى خرۆشانى ژیانى مۆدێرن دا كۆمه‌ڵێكى كۆمۆنیستى سه‌قامگیر پێک‌بێنن؟
بۆ به‌دیهاتنى ئه‌و ئامانجه كه ماركس پێى وابوو له داهاتوویه‌كى نزیكدا ده‌سته‌به‌ر ده‌كرێ، ده‌بێ سه‌رده‌مێكى هه‌ره درێژ له چاوه‌ڕوانی دا بین، یان ئه‌گه‌ر سه‌رده‌مێك ئه‌و ئامانجه به‌دیبێت، ره‌نگه ته‌نیا ماوه‌یه‌كى كورت بخایه‌نێ و ئه‌وجار له چاوتروكانێكا له‌نێوبچێ، یان به‌رله‌وه‌ى سه‌قامگیر بێت، به‌بادا چێت، یانى شه‌پۆلانى به‌رده‌وامى گه‌شه و گۆڕان به‌خێرایى بیسڕێته‌وه..."(4)
* * *
پۆل ریكور ده‌ڵێ ماركس، فرۆید و نیچه یه‌كه‌م بیرمه‌ندان بوون كه پرۆژه‌ى مۆدێرنیان خسته‌به‌ر تیشكى ره‌خنه و توێژینه‌وه و بۆ یه‌كه‌مجار چه‌مكى "وشیارى درۆینه"یان كه‌شف كرد: ئه‌قڵ و وشیارى زه‌ینى، نواندنه‌وه‌ى هه‌قیقه‌ت نین، واقعیه‌ت بنه‌ماى هه‌قیقه‌ت نییه. ماركس ئایدیۆلۆژى به وشیارى درۆینه پێناسه ده‌كا، كه هه‌قیقه‌ت ده‌شارێته‌وه. فرۆید پێى وایه: مه‌یل و هه‌وه‌س و هێزی غه‌ریزى و نائه‌قڵانی مرۆڤ، نه‌ست دروست ده‌كه‌ن و نه‌ستیش كارده‌كاته سه‌ر هه‌ست (ئه‌قل و وشیارى).
ره‌خنه‌ى نیچه له ئهقڵگهرایى و ئه‌فسانه زه‌ینییه‌كان له ره‌خنه‌ى ماركس و فرۆید ئێجگار قوول و به‌رینتر بوو. ماركس و فرۆید له‌ڕووى ده‌روونییه‌وه مۆدێرنیته‌یان نرخاندبوو، یانى تێكڕاى ئه‌م پرۆسه‌یه‌یان نهنرخاندبوو، یانی هێشتا بڕوایان به هه‌ندێ ده‌سكه‌وتى رۆشنگه‌رى وه‌ك ئه‌قڵ هه‌بوو، هه‌رچه‌ند لایه‌نی ره‌ش و دزێوی مۆدێرنیته‌یان نرخاندبوو. به‌ڵام نیچه به تۆژینهوهیهكى ده‌ره‌كى، تێكڕاى پرۆژه‌ى مۆدێرنیته‌ى تووشى كێشه كرد.
نیچه له سه‌ره‌تاى كتێبى "تهبارناسى ئه‌خلاق" دا تێكۆشانى "هه‌ندێ له ده‌روونناسانى بریتانى" كه ده‌یانه‌وێ چاكه له قازانج و ئاسایش جیابکه‌نه‌وه، ره‌ت ده‌كاته‌وه: ته‌نیا كه‌سێك كه خۆى له ئاسایش دا بژى وه‌ها بۆچونێكى له ئه‌خلاق و چاكه هه‌یه... ئه‌مڕۆ خاوهنشكۆکانی بریتانیا له‌بیریان چووه كه دوو جۆر ئه‌خلاقمان هه‌یه، ئه‌خلاقى كۆیله‌كان و ئه‌خلاقى خوداكان. كه‌وابوو دوو چه‌مكى چاكه و خراپه چه‌ندین ماناى ناكۆك به‌خۆوه ده‌گرن، خوداكان ده‌سه‌ڵات و ره‌سه‌نایه‌تى و سه‌ربه‌خۆیى به چاك ده‌زانن، به‌ڵام كۆیله‌كان هاودڵى و خۆڕ‌اگرى به باش ده‌زانن، یانى هه‌مان خه‌سڵه‌ت و تایبه‌تمه‌ندى كه له ئایینى مه‌سیح دا ستایش كراون؛ كۆیله‌كان سیستمى به‌هایى خۆیان ده‌سازن و مه‌سیحییه‌كان قازانج خوازن و بیرمه‌ندانى بریتانیاییش به‌وردى رێكى ده‌خه‌ن و وه‌ك سیستمێكى گشتگیر به‌سه‌ر دنیادا ده‌یسه‌پێنن. به‌ڵام ئه‌مڕۆ له ده‌روونى هه‌موو مرۆڤێكى مۆدێرن دا ناكۆكى و دژایه‌تی دوو چه‌مكى چاكه و خراپه هه‌روا به‌رده‌وامه و له سروشتى به‌رزى ئینسانی دا ئه‌م كێشه‌یه درێژه‌ى هه‌یه و ئیتر جێگایه‌ك بۆ سیستمى ئه‌خلاقى ره‌ها و جیهانداگر نه‌ماوه؛ نیچه له دوایین به‌شى كتێبى سوپێرمه‌ن دا ده‌نووسێ: "ئایا -جه‌ماوه‌ر- منى ده‌رك كردووه؟ ئه‌و شته‌ى كه من ده‌ناسێنێ و له خه‌ڵكانیتر جیام ده‌كاته‌وه ئه‌وه‌یه كه من ماسكم له روخسارى ئه‌خلاقى مه‌سیحى لابردووه". ئه‌و بێده‌نگى و بێهه‌ڵوێستى له‌ئاست ئه‌خلاقى مه‌سیحی به خه‌یانه‌ت ده‌زانێ و پێى وایه ئه‌م سیستمه پڕاوپڕه له ترس، درۆ، دووڕوویى، هه‌ڵه، په‌ستى و زه‌بوونى. ویستى نیچه چییه؟ ههقیقهتێكى "سامناك". نرخاندنى سه‌رله‌نوێى هه‌موو به‌هاكان. بیرمه‌ند ده‌بێ بههاسازى یه‌كلایه‌نه، نزم و بێهووده لاببات و رۆڵى بنه‌ڕه‌تى بگێڕێ، ده‌بێ به‌هایه‌كى به‌رزتر له به‌هاكانى ئه‌مڕۆ بخولقێنێ، ده‌بێ سوپێرمه‌ن بخولقێنێ."(5)
سوپێرمه‌ن كه‌سێكه كه له ترس و سام و په‌ستى و زه‌بوونى و پڕوپووچ به‌دووره و خۆى به خوداى سروشت ده‌زانێ. هه‌موو ئه‌و ژان و ئازار و چه‌رمه‌سه‌رییه كه جه‌ماوه‌رى بێشه‌رم و ترسه‌نۆك به‌درێژایى ته‌مه‌ن ده‌یچێژن، كه‌متره له چركهژانێكى سوپێرمه‌ن.(6)
ره‌خنه‌ى نیچه له مۆدێرنیته، له رێژه‌یه‌كى به‌رینتردا روخێنهرتر و بنه‌ڕه‌تى تر له نرخاندنى ماركس و فرۆید بوو، هه‌ر به‌مهۆیه نوسه‌رانی پۆست‌مۆدێرن زۆر گرنگى پێده‌ده‌ن. له‌راستیدا هه‌ر كه‌سێ فه‌رهه‌نگى ئه‌قڵانى مۆدێرنیته به‌ته‌واوى ره‌ت بكاته‌وه و به‌م ئاكامه بگات كه له‌م ئه‌زموونه‌دا هیچ بنه‌ما و به‌ها و راستییه‌ك په‌یدا نابێ، تا پشتى پێببه‌ستێ، به‌ڵكوو ده‌بێ لێی سه‌رتر بچێ، ئه‌و كه‌سه به‌جۆرێك روانگه‌ى پۆستمۆدێرنیستى هه‌یه. نیچه به‌پێچه‌وانه‌ى كانت پێى وایه شتێ به‌ناوى بابه‌ت (ئوبژه) بوونى نییه، شتێ به‌ناوى فاكت له‌ئارادا نییه. ئه‌وه‌ى هه‌یه هه‌ندێ روانگه و پێناسه‌یه كه له چه‌ندین دیدگاى تایبه‌ته‌وه باس ده‌كرێ هیچ راڤهیهكیش ماناى ره‌ها و دوائامانج مسۆگه‌ر ناكات. به‌راى نیچه ئهقڵانیكردنى جیهان، له خهوشداركردنى به‌ده‌ره. بۆوه‌ى كه نه‌زم و هۆكارێك له‌ئارادا نییه و هیچ بنه‌مایه‌كى ئه‌قڵانى بوونى نییه، كه‌وابوو ئه‌قڵى په‌تى و راڤه‌ى ئه‌قڵانى كانت له‌مه‌ڕ زانست، تووشى كێشه ده‌بێ.
سه‌باره‌ت به نرخاندنى ئه‌خلاق، نیچه ده‌یوت: "هه‌ر نرخاندنێك رێژه‌ییه و هیچ لێكدانه‌وه‌یه‌ك دوایین مانا مسۆگه‌ر ناكات و له‌سه‌ر بنه‌ماى فاكتى هه‌قیقى راناوه‌ستێ". به‌راى نیچه ئه‌خلاقى مه‌سیحى كه مه‌به‌ستى كانت بوو، بێجگه له ئه‌خلاقى كۆیله‌كان شتێكی‌تر نه‌بووه. به‌راى نیچه له‌ودیوى بنه‌ماكانى زانست و ئه‌خلاقه‌وه بێجگه له هێز و ده‌سه‌ڵات و شه‌ڕه‌نگێزى، شتێكى تر نییه. به ره‌خنه‌ى به‌رفروانى نیچه تێكڕاى پرۆژه‌ى مۆدێرنیته تووشى كێشه ده‌بێ: ئه‌قل و ئه‌خلاق، هیچیان به‌پێی هه‌قیقه‌ت پێکنه‌هاتوون، هیچ بنه‌مایه‌كى ئامانجدار بۆ هه‌قیقه‌ت و به‌ها و ماناكان له‌ئارادا نییه، ئه‌قڵیش كه بڕیاربوو بنه‌ماى هه‌موو پێكهاته‌كان بێت، ئێستا پاڵپشتهكهى رووخاوه و سوژه و زه‌ین كه بۆ دێكارت و كانت پێوه‌ر و بنه‌ماى پرسه‌كان بوون، خۆیان هۆكردێكن كه به‌هۆى هێزه ده‌ره‌كییه‌كان پێكدێن. سه‌رئه‌نجام ده‌گه‌ینه نهێلیزم (پووچگه‌رایى). نهێلیزم یانى هه‌موو وێنا و روانگه‌كانى ئێمه له‌مه‌ڕ جیهان و كۆمه‌ڵگه، بێهوده و بێ بناغه‌یه و ناچارین ئه‌م راستییه قه‌بوول بكه‌ین كه بناغه‌ى جیهان له‌سه‌ر پووچى و بێهووده‌یى راوه‌ستاوه و هه‌موو ئه‌و شتانه‌ى كه هومێدمان پێ به‌ستووه و به بنه‌ڕه‌تى ژیانمان زانیوه پته‌و و سه‌قامگیر نین و له‌سه‌ر هیچ راوه‌ستاون.
نیچه به‌پێچه‌وانه‌ى هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ى كه نهێلیزمى نگه‌تیڤیان هه‌ڵبژارد و به رق و بێزاریه‌وه ژیانیان ره‌تكرده‌وه، نهێلیزمى پۆزه‌تیڤى هه‌ڵبژارد. ئه‌مه‌ش رێبازى كه‌سێكه كه ده‌زانێ ژیان خاوه‌ن دوائامانج و دوامانا نییه، به‌ڵام ژه‌هرى نهێلیزم ده‌خواته‌وه و تووشى رق و قین و رشانه‌وه نابێت. ئه‌و له ناخى ئه‌م نهێلیزمهدا هێزێكى گه‌وره‌تر به‌ده‌ست دێنێ، یانى قه‌بوڵ ده‌كا كه ئه‌م یارییه بێبه‌ها و بێمانایه ته‌نیا له‌پێناو سروشتى یارییه‌كه‌دا و له‌پێناو چه‌سپاندنى ده‌سه‌ڵات و بوێرى خۆیدا درێژه بدات. نیچه بۆ به‌ره‌نگارى له دژی نهێلیزم، سوپێرمه‌ن و ئیراده‌ى به‌ستراوه به ده‌سه‌ڵات و هونه‌ر و جوانیناسى ئاراسته‌ده‌كات. زۆرێك له چه‌مك و ماناکانی نیچه‌یی له روانگه‌ی پۆست‌مۆدێرن دا دووپات بوونه‌ته‌وه.
كێشه‌یه‌كى تر كه له چاخى مۆدێرن دا سه‌رهه‌ڵده‌دات چه‌مكى ناسنامه Identity))یه. "له كۆمه‌ڵگه‌ى کۆن دا و له چاخى پێش مۆدێرن دا، كێشه‌یه‌ك به‌ناوى ناسنامه له‌ئارادا نه‌بوو. سروشتى مرۆڤ، وه‌ك به‌رهه‌مى خوداوه‌ند فاكتێكى قه‌تیس و نه‌گۆڕ و سه‌قامگیر بوو... مرۆڤ له چاوى خوداوه ده‌بینرا و ناسنامه‌که‌ى به‌رهه‌مى سیستمێكى زهبهڵاحى متافیزیكى بوو، كه به‌پێى بیروڕاى ئایینى و ئه‌فسوونى دیاری كرابوو، مرۆڤ له سیستمێكى هێمایی دا جێى گرتبوو كه ئامانج و دهرفهتهكانى ژیانى ئاراستهدهكرد. تاك وه‌ك ئه‌ندای خێل و هۆزێک بوو كه له دۆخێكى فه‌رهه‌نگى – كۆمه‌ڵایه‌تى عه‌ینى دا ده‌هاته دنیا و به‌ده‌گمه‌ن ده‌یتوانى چاره‌نووسى حه‌تمى خۆى بگۆڕێ. له كۆمه‌ڵى پێش مۆدێرن دا ناسنامه كێشه نه‌بوو، تاكه‌كان به‌شێوه‌ى رادیكال ناسنامه‌ى خۆیان نه‌ده‌گۆڕى و قه‌یرانى ناسنامه بێ‌مانا بوو: "مرۆڤ یان راوچى بوو، یان ئه‌ندامى هۆزێك بوو، هه‌ر ئه‌مه‌و به‌س." به‌ڵام له چاخى مۆدێرن دا وانییه. ئانتوونى گیدێنز له كتێبى "ئاکامهكانى مۆدێرنیته"دا پیشان ده‌دا كه له كۆمه‌ڵى کۆن دا ناسنامه‌ى مرۆڤ به ساده‌ترین شێوه دیاری كرابوو... به‌ڵام مۆدێرنیته گه‌لـێ ئاڵوگۆڕى قوول و به‌رینى پێكهێنا. مرۆڤى مۆدێرن له‌و كاته‌وه كه بڕواى به ئه‌قل و ئه‌ندێشه‌ى خۆى كرد، ئیتر نه‌یده‌توانى ناسنامه‌ى پێشووى خۆى قه‌بوول بكات، ئه‌م دیارده‌یه هه‌موو مرۆڤه مۆدێرهكانى ده‌گرته‌وه. كه‌سێ كه له كۆمه‌ڵگه‌ى مۆدێرن دا بژێت، ئیتر ناتوانێ به ناسنامه‌ى کۆن ژیان بكات، به‌ڵكوو ده‌بێ ناسنامه‌یه‌كى تازه و مێژوویى بخولقێنێ... لێره‌دا هه‌ر هه‌مان پرسى سه‌ره‌كى نیچه سه‌رهه‌ڵده‌دات: ئه‌م خوڵقاندنه بۆچییه؟ مۆدێرنیته هه‌ڵچوونێكى بێپایانه له دابڕان و كه‌رت كه‌رت بوون، فۆرمێكى بێسهنتهره كه به‌شێوه‌ى ناڕێك و مه‌زه‌نده هه‌ڵنه‌گر شوێنى خۆى ده‌گۆڕێ، فۆرمێك كه بناغه‌ى نییه، په‌یكه‌ربه‌ندى نییه، به‌پێى یاسایه‌ك یان فاکتۆرێك دروست نابێت. كه‌وابوو پێناسه‌ى قه‌تیسى ناسنامه‌كان له وه‌ها دۆخێك‌دا ده‌ته‌قێته‌وه. ناسنامه‌ى تاك و ناسنامه‌ى كۆمه‌ڵگه وه‌ك پێكهاته‌یه‌كى چه‌مكى تۆكمه و زراڤ گه‌شه‌ناكات، كۆمه‌ڵگه و تاك بێفۆرم و بێسهنتهرن و له‌ئاست هه‌موو ئاڵوگۆڕه ساتییهكان له‌رزۆكن، ئه‌م فاكته بگۆڕانه كه فۆرم و زاتیان نییه، به‌رهه‌مى چه‌ندین جیاوازى و چه‌ندین دابه‌شبوونى فره‌چه‌شنن كه له‌سه‌ر چه‌ندین دۆخى گه‌شنده و پێشبینى نه‌كراو راوه‌ستاون.
له ده‌روونى هه‌ر كه‌سێك دا چه‌ندین ناسنامه‌ى جیاواز په‌رداخ ده‌كرێ و له‌گه‌ل یه‌كتر ده‌كه‌ونه دژایه‌تییه‌وه، هه‌ركامیان ئه‌ویدى تووشى كێشه ده‌كه‌ن و سه‌نته‌رى لـێدهستێننهوه، ناكۆكییه‌كان نه ته‌نیا له ده‌ره‌وه و له‌ناخى كۆمه‌ڵگه‌وه، به‌ڵكوو له ده‌روونى هه‌ر كه‌سێك دا زه‌ق ده‌بنه‌وه و به‌گژ یه‌كدا ده‌چنه‌وه. به‌مهۆیه ناسنامه‌یه‌كى تاك و تایبه‌ت ناتوانێ وه‌ڵامى هه‌موو خواست و كردارى ده‌روونى كه‌سه‌كان بداته‌وه. ناتوانین كه‌سێك به‌هۆى پابه‌ندییه‌ك "بۆ وێنه ده‌ربه‌ستى چینایه‌تى" بناسین یان به‌پێى وه‌ها بنه‌مایه‌ك ویست و كرداره‌كانى كه‌سێك پێشبینى بكه‌ین. هیچ ناسنامه‌یه‌كى سازكراو ناتوانێ بۆ هه‌میشه ده‌سه‌ڵاتى هه‌بێت. به‌رژه‌وه‌ندى كۆمه‌ڵایه‌تى تاكه‌كان و خه‌باتى ئه‌وان له‌م پێناوه‌دا، بۆچوونى زه‌ینى ئه‌وان له‌مه‌ڕ ئه‌م به‌رژه‌وه‌ندییه، به‌ئاسانى له هه‌رێمى وشیارى و پراتیكى چینایه‌تی دا ناگونجێ. له‌راستیدا وشیارى ئه‌وان له‌مه‌ڕ بارودۆخ و به‌رژه‌وه‌ندى خۆیان ته‌نیا به چه‌مكى چینایه‌تى پێناسه ناكرێت. ئه‌مڕۆ چه‌مكى ناسنامه له پرسى سیاسى و چینایه‌تى جیابۆته‌وه و ره‌نگه بكرێ له هه‌ندێ دۆخى خێرا و له‌ناكاودا گۆڕ‌انى به‌سه‌ردا بێت، پێناسه‌ى ناسنامه به فاكتۆرێكى دیار و قهتیسهوه نه‌به‌ستراوه، به‌ڵكوو به‌پێی چه‌ندین فاكتۆرى سرك و بزۆز پێکهاتووه. ناسنامه له چاخى مۆدێرن دا وه‌ك دیارده‌یه‌كى ناسه‌قامگیر، فره‌لایه‌ن، ناڕۆشن، شه‌خسى و تایبه‌ت ئاراستهدهكرێ. ئه‌ڵبه‌ت ناسنامه له سه‌رده‌مى مۆدێرن دا پێش ئه‌وه‌ى دیارده‌یه‌كى تاكى و شه‌خسى بێت، كۆمه‌ڵایه‌تییه. به‌ڵام ئه‌م تایبه‌تمه‌ندییه‌ش جیاوازییه‌كى گرنگى له‌گه‌ل ناسنامه‌ى چاخى كلاسیك هه‌یه. ناسنامه‌ى نوێ له‌گه‌ل دۆخى تازه و گه‌شه و سه‌رهه‌ڵدانى مناسباتى تازه پێوه‌ندی هه‌یه، كه ئه‌وانیش ئه‌وه‌نده سه‌قامگیر نین...
هاوكات له‌گه‌ل سه‌رهه‌ڵدانى مۆدێرنیته، روانگه‌یه‌ك له‌مه‌ڕ ناسنامه‌ى مرۆڤ په‌ره‌ده‌گرێ كه له‌ودا مرۆڤ وه‌ك سوژه‌یه‌كى تۆكمه و یه‌كگرتوو و سانتراڵ ناسێندراوه، ئه‌م سوژه‌یه كه له كۆتایى چه‌رخى نۆزده‌هه‌م دا به‌رۆشنى ده‌ركه‌وت، ئه‌وه‌نده‌ش تۆكمه و یه‌گرتوو نه‌بوو، ئه‌وه‌ى به‌ناوى "قه‌یرانى ناسنامه" ناوبانگى ده‌ركرد، هه‌تا ئێستاش له زانستى كۆمه‌ڵایه‌تی دا و به‌تایبه‌ت له ده‌روونناسی دا له ته‌وه‌رى باسه‌كان دایه و، به‌شێك له ره‌وتى به‌رینى ئاڵوگۆڕهكانه كه پێكهاته‌ى چه‌قبه‌ستووى كۆمه‌ڵگه‌ى مۆدێرن ده‌گۆڕى و له‌به‌ریه‌ك دهیترازێنێ: "كێشه‌ى ناسنامه‌ى میله‌تانى بنده‌ست". ئاڵوگۆڕى بنه‌ڕه‌تى كۆمه‌ڵگه‌ى مۆدێرن له كۆتایى چه‌رخى بیسته‌مدا هه‌موو روانگه فه‌رهه‌نگى، چینایه‌تى، فره‌چه‌شنى، ره‌گه‌زى، ئێتنیکى و نه‌ته‌وه‌یی، پچڕ پچڕ ده‌كا و ده‌سه‌ڵاتى كولتوورى ئه‌و چه‌مكانه لاواز ده‌كات... ئێستا دۆخه‌كه گۆڕاوه، ئیتر ئێمه وه‌ك پێكهاته‌یه‌كى تۆكمه سه‌یرى خۆمان ناكه‌ین، ئیتر بۆچوونێكى قه‌تیس و نه‌گۆڕمان له كه‌سێتى خۆمان نییه و وێنا و ویسته كۆنه‌كانمان به‌جێ دێڵین. ناسنامه ته‌نیا كاتێك بۆ ناسین و قووڵبوونه‌وه به‌كارده‌برێت كه له دۆخێكى قه‌یراناوی دا گیرى كردبێت. ناسنامه‌ى كۆمه‌ڵایه‌تى ده‌بێ له‌نێوان ده‌روون و بێروون و، له‌نێوان دنیاى تاكى و دنیاى كۆمه‌ڵایه‌تی دا پێوه‌ندى پێک‌بێنێ... پرۆسه ناسنامه‌سازی، به‌رده‌وام ئاڵۆزتر و فره‌چه‌شنتر و پڕكێشهتر ده‌بێته‌وه."(7)
مانوێل کاستێڵز بیرمه‌ند و کۆمه‌ڵناسی هاوچه‌رخ بزاڤی ناسنامه‌خوازی سهردهین جیهانگیری globalism)) و زانیاری (information) به‌مجۆره راڤه ده‌کات: "له درێژه‌ى پرۆسه‌ى مۆدێرنیزاسیۆن دا دیارده‌ى جیهانگیرى به تان و پۆى ئهلكترۆنیكى سه‌رتاسه‌رى گۆى زه‌وى ته‌نیوه‌ته‌وه، باهۆزى جیهانگیرى چه‌ندین دژكرده‌وه‌ى به‌رگرى له سه‌رتاسه‌رى جیهان دا به‌دیهێناوه كه زیاتر له هه‌رێمى ناسنامه‌ى نه‌ته‌وه‌یى و وڵاتخوازی دا رێكده‌خرێن... له‌نێو كۆمه‌ڵگه‌ى ئوروپایی دا دیارده‌ى فره‌كولتوورى و فرهقهومى هه‌روا په‌ره‌ده‌گرێ و له دیارده‌ى ره‌گه‌زپه‌رستى و بێگانه نه‌ویستی دا خۆده‌رده‌خات. جه‌ماوه‌رى ئوروپى له‌ئاست ده‌وڵه‌تى بان نه‌ته‌وه‌یى و فره‌فه‌رهه‌نگی له‌سه‌ر ناسنامه‌ى تایبه‌تى خۆیان پێداگرى ده‌كه‌ن... گه‌ڕان به‌دواى ناسنامه‌دا وه‌ك مه‌رهه‌مێك له‌ئاست جیهانیبوونى ئابوورى و بێ به‌شى سیاسی و له پله‌یه‌كى نزمتردا له به‌رانبه‌ر ده‌وڵه‌ت - نه‌ته‌وه‌دا گه‌شه‌ده‌كا و ههڵسوڕانێكى تازه‌ى به شار و هه‌رێمه‌كانى ئوروپا به‌خشیوه."(8)
ئه‌گه‌رچى زۆرێك له بیرمه‌ندان له‌سه‌ر سوژه‌ى چینایه‌تى و نه‌ته‌وایه‌تى و ناسنامه‌خواز پێداگرى ده‌كه‌ن، به‌ڵام هربێرت ماركووزه له كتێبى "مرۆڤى تاكڕهههندى"دا روانگه‌كانى ماركس و فرۆید به‌مجۆره تووشى كێشه ده‌كات، به‌پێى ئه‌م روانگه‌یه نه هه‌ر چینه‌كان و خه‌باتى كۆمه‌ڵایه‌تى به‌ڵكوو ململانێ و ناكۆكى فكریش به‌هۆى سه‌رهه‌ڵدانى "به‌ڕێوه‌به‌رى پاوانخواز" له‌نێوچووه. جه‌ماوه‌ر نه هه‌ستیان هه‌یه، نه نه‌ست، (نه ID یان هه‌یه نه Ego)، رۆح و گیانیان له چالاكى و تێكۆشانى ده‌روونى بێوه‌ر بووه و ئیدى روانگه‌كان، نیازه‌كان و ته‌نانه‌ت خهونهكانیشیان "هى خۆیان نییه". ژیانى ده‌روونى جه‌ماوه‌ر كه (به‌شێوه‌ى به‌ڕێوه‌به‌رى گشتگیر و پاوانخواز) به‌ڕێوه ده‌برێ، رێك بۆ به‌رهه‌مهێنانى ئه‌و خه‌ون و ئینتمایه رێكده‌خرێ كه سیستمى كۆمه‌ڵایه‌تى بانگه‌شه‌ى ده‌كات، نه شتێكى تر. "خه‌ڵك خۆیان له كاڵاكانى خۆیان دا ده‌ناسنه‌وه، ئه‌وان رۆح و گیانیان له ئۆتۆمبێله‌كانیان، له‌نێو ئاوازى ریكۆرده‌كان و له خانووه شیك و مۆدێرنه‌كان و له كه‌ره‌سه و ئامێره‌كانى مه‌تبه‌خ دا ئه‌دۆزنه‌وه."
مۆدێرنیته به‌رهه‌م و ده‌سكردى ده‌زگاكانى خۆیه، ژنان و پیاوانى مۆدێرنیش چه‌ند نموونه‌یه‌كى دووباره خوڵقاوى ئه‌ون... له وه‌ها دۆخێك‌دا كاتێ كه لاوانى خه‌باتكار و رادیكاڵى ده‌یه‌ى 1960 بۆ گۆڕینى دۆخى سه‌رده‌م تێده‌كۆشان هه‌تا وه‌ها هه‌لێك بۆ جه‌ماوه‌ر بڕه‌خسێنن كه كۆنترۆڵى ژیانى خۆیان به‌ده‌سته‌وه بگرن، مۆدێلى "تاكڕهههندى" رایگه‌یاند که: هیچ جۆره گۆڕانێك ئیمكانى نییه و له‌راستیدا ئه‌م جه‌ماوه‌ره ته‌نانه‌ت زیندووش نین. ئه‌م دۆخه سه‌ره‌تاى ره‌وتێكى جیاواز بوو: كه ده‌یویست گروپێكى پێشه‌نگ بدۆزێته‌وه كه باهۆزى مۆدێرنیته داینهگرتبێ و له‌م كۆمه‌ڵگه‌دا نه‌توابێته‌وه: "توێژى بنه‌ڕه‌تى بیانیان و په‌راوێزخراوان، چه‌وساوه‌كان و بێبه‌شانى ره‌گه‌زه جیاوازه‌كان، بێكاران و ئه‌وانه‌ى كه ته‌نانه‌ت شیاوى كارگێڕى نین". ئه‌م گرووپانه چ له زیندانهكانى ئه‌مریكا بن، چ له جیهانى سێهه‌م دا، ئه‌وه‌نده شایسته‌ییان هه‌یه كه رۆڵى پێشه‌نگ بگێڕن، چونكه پێیانوابوو كه ئه‌مانه چێژى ماچى مه‌رگى مۆدێرنیته‌یان نه‌چێشتووه. ئه‌ڵبه‌ت هه‌وڵه‌كانى ئه‌م ره‌وته سه‌رئه‌نجام قسر ده‌رده‌چێ، چونكه له جیهانى هاوچه‌رخ دا "هیچ كه‌س به‌ده‌ر له جیهان" نییه و سه‌رئه‌نجام لایه‌نگرانى ئه‌م ره‌وته تووشى ناهومێدى و پاسیفیزم ده‌بوون.
له وه‌ها دۆخێک دا که ئه‌قڵ و ئه‌ندێشه‌ی مرۆڤ ناتوان پرۆسه‌ی مۆدێڕنیزاسیۆن کونترۆڵ بکات و به‌ره‌و ئاقارێکی شیاو و به‌ڕاستی ئه‌قڵانی و هیۆمانیستی ببات، یه‌که‌م هه‌وێن و تۆوه‌کانی بیری پۆستمۆدێرنیزم (1968) ده‌گرسێت و سه‌رهه‌ڵده‌دات؛ لوسیه‌ن گوڵدمه‌ن ده‌نووسێ:" له‌پاش شۆڕشه‌كانى مانگى مه‌ى 1968 چوومه نێو یه‌كێ له پۆله‌كانى زانكۆى سوربۆن، خوێندكارێ له‌سه‌ر ته‌خته‌ڕه‌ش نوسیبووى: پێكهاته‌كان ناڕژێنه سه‌رشه‌قامه‌كان". ئه‌مه دێڕێكى پڕتهشهر بوو كه به‌شێوه‌ى گه‌زه‌نده لایه‌نگرانى پێكهاته‌كانى ده‌خسته‌به‌ر تیر و توانج.(9) وه‌ك ده‌زانین هه‌ر له‌و كاته‌دا بوو كه ستراكتورالیزم (Structuralism) سه‌ریهه‌ڵدا و پاشان پۆست ستراكتورالیزمى لێكهوتهوه و دواتر وه‌ك یه‌كێ له ره‌وت و بنه‌ماكانى فه‌لسه‌فه‌ى پۆستمۆدێرنیزم ده‌ركه‌وت. لایه‌نگرانى ئه‌و ره‌وتانه پێیان وابوو كه پێكهاته‌كان مێژوو و كۆمه‌ڵگه ده‌خوڵقێنن و چاره‌نووسى مرۆڤه‌كان دیاری ده‌كه‌ن: "پێكهاته‌ى به‌رهه‌ست (ئۆبژكتیڤی) ئابووری مێژوو و كۆمه‌ڵگه ده‌خولقێنێ" (ئاڵتوسێر)، "پێكهاته زه‌ینى و ئه‌فسانه‌یی مێژوو پێكدێنێ" (شتراوس)، "زمان مرۆڤه‌كان ده‌خولقێنێ" (بـارت، تـودۆرۆڤ). له هه‌موو ئه‌م وتانه‌دا رۆڵ و تێكۆشانى سوژه‌ى ئینسانى پشتگوێ خراوه و ده‌ورێكى په‌سیڤ به مرۆڤ دراوه. لایه‌نگرانى ئه‌و ره‌وتانه خاوه‌ن روانگه‌یه‌كى كونكرێت و هه‌مه‌لایه‌نه نین و ناتوانن ره‌وتى مێژوو و كۆمه‌ڵگه به‌شێوه‌ى كۆنكرێت شرۆڤه بكه‌ن.
بێجگه له ئاڵتوسێر و لایه‌نگرانى، دوو ره‌وته‌كه‌ى تر هه‌موو هه‌ول و تێكۆشانى خۆیان ده‌خه‌نه خزمه‌ت زمان و ده‌قه زمانى كولتورییه‌كان و له كار و تێكۆشانى سیاسى كۆمه‌ڵایه‌تى خۆده‌بوێرن (بارت، فوكۆ، دریدا، شتراوس، لیوتار، بودریار) ئه‌م دیارده‌یه‌ش ئاکامى تێكشكانى شۆڕشه‌كانى چه‌رخى بیسته‌م به‌گشتى و، شۆڕشى خوێندكارى 1968 بوو به‌تایبه‌تی.
تێرى ئیگلتون ده‌نووسێ: "بزاڤێكى شۆڕشگێڕانه بێننه پێش چاوتان كه له‌رووى سیاسى ـ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه به‌ته‌واوى تێكشكاوه‌و له به‌ستێنى پراتیك دا هه‌رجۆره كار و تێكۆشانێكى لـێ قه‌ده‌غه‌كراوه، ئه‌م بزاڤه له دنیاى پراتیك دا هیچى بۆ نامێنێته‌وه، بێجگه له هه‌ندێ كار و بزاڤى میكرۆپۆلهتیك، ئه‌ویش ده‌چێته خانه‌ى زمانه‌وه، وه‌ك ده‌زانین رێگه‌ى سه‌ره‌كى ناسین و گۆڕینى دنیاش پراتیكه، ئه‌گه‌ر بزاڤێک رێگاى پراتیكى لـێگیرا په‌نا بۆ ره‌هه‌ندى كارى هونه‌رى و جوانیناسى ده‌بات."(10)
پاش شورشی 1968 كه بزاڤه سیاسى كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان تێك‌شكان، دیارده‌یه‌ك سه‌ریهه‌ڵدا كه لایه‌نگرانى تێكۆشانى سیاسیان فه‌رامۆش ده‌كرد و زیاتر خه‌ریكى جوانكارى ده‌بوون و له ره‌هه‌ندى گوتار و نڤیساردا خۆیان به‌رته‌سك ده‌كرده‌وه و له دنیاى واقعى داده‌بڕان.
هه‌ندێ له تایبه‌تمه‌ندییه‌كانى پۆستمۆدێرنیزم بریتیین له: نكۆڵی‌كردن له مۆدێرنیته، شك و گومان له‌ئاست هه‌ر چه‌شنه بڕوِایهك، نكۆڵی‌كردن له مێژووى جیهان وه‌ك پێكهاته‌یه‌كى لێكبهستراو(ئۆرگانیك)، ره‌تكردنه‌وه‌ى هه‌ر چه‌شنه رێگه‌چاره‌یه‌كى حه‌تمى، كه‌مته‌رخه‌مى و بێ خه‌یاڵى، سازشكارى، تێكه‌ڵكردنى بیره‌كان، كۆتایى یوتۆپیاكان، جوانیناسى كردنى ژیان، بیركردنه‌وه‌ى ناوچه‌یى، دژایه‌تى له‌گه‌ل ماركسیزم و ناسیۆنالیزم، لایه‌نگرى له جۆرێك روانگه‌ى نه‌رم و نیان و ناتراژیك، دووركه‌وتنه‌وه له ئامانج خوازى و شۆڕشگێڕى و گۆڕینى كۆمه‌ڵگه و ... له ئه‌نجامى ئه‌م دیاردانه‌دا هه‌رچه‌شنه شوور و شه‌وقێك چ له ره‌هه‌ندى تیوریک و چ له به‌ستێنى پراتیك دا ده‌فه‌وتێ و چه‌شنێك خه‌مساردى و روانگه‌ى شێوه ئایینى په‌ره‌ده‌گرێ و كێشه‌كان بێچاره‌سه‌ر ده‌مێننه‌وه.
پۆستمۆدێرنیسته‌كان خۆیان له قه‌ره‌ى كێشه مێژوویى ـ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان ناده‌ن و له کێشه و قه‌یرانه‌كان ناكۆڵنه‌وه، ئه‌وان زیاتر له‌نێو باسى فه‌لسه‌فى جوانیناسی دان و له‌م بواره‌شدا باسى جیاوازى چینایه‌تى، سته‌مى نه‌ته‌وایه‌تى و كێشه‌ى وڵاتانى دواكه‌وتوو ناكرێت، ئه‌وان دۆخى سه‌رده‌م قه‌بوول ده‌كه‌ن و هه‌وڵ بۆ گۆڕینى ناده‌ن.
پۆستمۆدێرنیزم بۆ تێپه‌ڕاندنى مۆدێرنیزم، له‌ڕووى سیاسى و فه‌رهه‌نگییه‌وه بانگه‌شه‌ى جیاوازى و فره‌چه‌شنى ده‌كا و ستایشی پرژوبڵاوى ده‌كات. به‌راى زۆربه‌ى نوسه‌رانی پۆست‌مۆدێرن خوێندنه‌وه‌ى به‌رهه‌مه‌كانى دریدا، هایدگر، بودریار و ڤیتگنشتاین گرنگتره له ده‌ركى ئابوورى سه‌رمایه‌دارى و قاتوقڕى ئه‌فریقا و سه‌ركوت و سه‌ره‌ڕۆیى.
ئه‌گه‌رچى پۆستمۆدێرنیزم به‌رواڵه‌ت داكۆكى له كه‌مینه سیاسیه‌كان ده‌كا و ده‌یه‌وێ رێگه‌ى رزگارییان ههمواربكا و له فره‌چه‌شنى ده‌نگه‌كان پێشوازى بكات، به‌ڵام له دوایین ساتدا تێكۆشانى ده‌نگه‌كانى تر له‌ئاست روانگه‌ى زاڵ لاواز ده‌كات. بێ هه‌ڵوێستى سیاسى و سڕینه‌وه‌ى هه‌موو به‌هایه‌كى به‌رز و ئینسانى له ئاسۆى روانگه‌كان دا سه‌رئه‌نجام له‌ئاست روانگه‌ى زال به جۆرێك ته‌سلیم و ملكه‌چى ده‌گات. یانى به‌و ئاكامه ده‌گات كه بنه‌ماى ده‌سه‌ڵات جیهانداگره و له دوایی دا به بێ هیچ كێشه‌یه‌ك ده‌سه‌ڵات به‌جێدێڵێ. پۆستمۆدێرنیزم به ره‌تكردنه‌وه‌ى سیاسه‌ت نه ته‌نیا ناڕازیه‌كانى له بزاڤ خست، به‌ڵكوو به‌پێچه‌وانه‌ى یاساكانى خۆى، رێگه‌ى بۆ ره‌وایه‌تى گه‌وره‌ى ده‌سه‌ڵات ئاوه‌ڵا كرد و به‌مجۆره رێگه‌ى ده‌سه‌ڵاتدارانى ههموارتركرد. به وتهكى قووڵتر، نكۆڵی‌كردن له روانگه‌ى رۆشنگه‌رى، ده‌رفه‌تى دروستبوونى دهركێكى یه‌كپارچه له جیهان و هه‌ر چه‌شنه گۆڕینێكى كۆمه‌ڵگه له‌بارده‌بات. پۆستمۆدێرنیزم له‌هه‌ر چه‌شنه به‌رنامه‌یه‌كى رێكخستن و ئامانج خواز بێ به‌هره‌یه و مه‌ترسى ئه‌وه هه‌یه كه بكه‌وێته گێژهنێكهوه كه تووشى فه‌رامۆشى سیاسى ببێت.
پۆستمۆدێرنیزم به ره‌تكردنه‌وه‌ى پرۆسه‌ى مێژوویى و ماناى گهشندهى رۆشنگه‌رى و راگه‌یاندنى كۆتایى مێژوو، هه‌ر جۆره بیرێك له‌مه‌ڕ دروستكردنى مێژوو ره‌ت ده‌كاته‌وه. چونكه له‌م روانگه‌دا مێژوو و سیستمه‌كان راڤهناكرێن، ناتوانین بنه‌ماى ده‌سه‌ڵاتى ده‌سه‌ڵاتداران بناسین و له هه‌مبه‌ریان خه‌بات بكه‌ین. له‌ڕاستیدا پۆستمۆدێرنیزم هێزى ناسین و تێفكرین و شرۆڤه‌ى مێژوویمان لـێدهستێنێتهوه و تووشى پاسیڤیزم (Pacifism)مان ده‌كات. پۆستمۆدێرنیزم له بوارى ئپستمۆلۆژی دا هه‌موو بڕوایه‌كى سیاسی تووشی دڕدۆنگى و شك و گومان ده‌کات.
هه‌ر وه‌ك پێشتر ئاماژه‌ى پێكرا، دیارده‌ى پۆستمۆدێرنیزم به‌رهه‌مى شكستى سیاسى- كۆمه‌ڵایه‌تى ده‌یه‌ى 1960 و گه‌ڕانه‌وه به‌ره‌و جۆرێك ئایدیالیزمى تازه بوو، كه زیاتر هه‌ول و تێكۆشانى خۆى له ره‌هه‌ندى زمان و گوتار و نڤیساردا ئاراستهدهكرد و له كار و تێكۆشانى سیاسى - كۆمه‌ڵایه‌تى خۆى ده‌خافڵاند.
ده‌یوید مكنالى ده‌نووسێ: "ئه‌مڕۆ جۆرێك ئایدیالیزمى نوێ به‌دیده‌كه‌ین كه به‌شێكى به‌رین له روناكبیرانى چه‌پى داگرتووه. ئه‌م دیارده‌یه نه ته‌نیا زمانى وه‌ك بوارێكى سه‌ربه‌خۆ پیشانداوه، به‌ڵكوو زمانى وه‌ك هێزێكى گشتگیر و به‌رده‌وام زال و گشتزهمهنى ئاراسته‌كردووه و سوژه‌ى ئینسانى پشتگوێ خستووه. واتێده‌گه‌ین هه‌موو شتێك گوتاره و گوتار هه‌موو شتێكه، بۆوه‌ى كه مرۆڤه‌كان به‌رهه‌مى زمانن، یان جیهانێك كه له‌ودا ده‌ژین و ده‌یناسن به ئامێرى زمان راڤه‌ى ده‌كه‌ن، بانگه‌شه‌ى ئه‌وه ده‌كرێ كه شتێک بانتر له زمان بوونى نییه. ئه‌وه‌ى ده‌یزانین و وێناى ده‌كه‌ین و ئه‌نجامى ده‌ده‌ین، زمان، یان "دیسكورس" یان "ده‌ق"پێناسه و دیارى ده‌كات... به‌پێى ئه‌م روانگه‌یه جێگه و پێگه‌ى مرۆڤه‌كان، له‌لایه‌ن وشه‌كانه‌وه دیارى ده‌كرێت. بوونى ئێمه، ناسنامه‌ى ئێمه و روانگه‌كانى ئێمه، به‌هۆى گوتاره‌وه به‌دیدێت... به‌پێى ئایدیالیزمى نوێ "تۆ ئه‌و شته‌ى كه دهگوترێیت" یانى زمان دواین زیندانه، حهسارێكه كه له سه‌رمان زاڵه و له خواست و ده‌سه‌ڵاتى ئێمه سه‌رتره "و چاره‌نوسمان دیارى ده‌كات".
به‌پێى ئه‌و وتانه‌ى سه‌ره‌وه‌ى ده‌یوید مكنالى زمان تاقه هۆكارى دیاركهرى سروشت و كۆمه‌ڵگه‌یه و سوژه‌ى ئینسانى هۆكردى پهسیڤى وشه بێ گیانه‌كانه، لێره‌دا سوژه‌ى تاكى و سوژه‌ى كۆیى بێ مانا ده‌بێ و ده‌قی ئه‌ده‌بى و ئه‌فسانه‌یی وه‌ک تاقه فاکتۆری خولقێنه‌رى كۆمه‌ڵى مرۆڤى دهزابرێت.
"ئایدیالیزم تازه به روخان هه‌ره‌سهێنانى ئاسۆ سیاسییه‌كان پێکدێت. ئه‌م دیارده‌یه له‌ئاست پێكهاته و شێوازه‌كانى سته‌م و چه‌وسانه‌وه‌دا هه‌ر به قسه و به‌شێوه‌ى خۆهه‌ڵكێشانه هه‌ڵوێست ده‌گرێت، كه‌وابوو ئه‌وه‌نده سه‌یر نییه ئه‌گه‌ر ژاك دریدا بیرمه‌ندى ئایدیالیزمى نوێ پێمان ده‌ڵێ: "من له به‌كارهێنانى واژه‌ى رزگارى دڕدۆنگم." به قه‌تیس بوون له زیندانى زمان دا، ده‌توانین به وشه‌كان یارى بكه‌ین، به‌ڵام قه‌ت ناتوانین خۆمان له پێكهاته‌ى نه‌گۆڕى سته‌م كه ریشه‌ى له زمان دایه رزگاربكه‌ین. وه‌ها روانگه‌یه‌ك ته‌نیا بێ هه‌ڵوێستى سیاسییه و هیچى تر.
لێره‌دا ده‌مه‌وێ پیشانى بده‌م كه ره‌وتى ئه‌ندێشه‌ی دیالکتیکی خاوه‌ن چه‌ندین سه‌رچاوه‌ى ده‌وڵه‌مه‌نده كه له توێژینه‌وه و لێکدانه‌وه‌ى زمان و ده‌ق دا له روانگه‌ى ئایدیالیسته‌كان ئێجگار قووڵتر و ده‌وڵه‌مه‌ندتره. ئه‌م ره‌وته پیشان ده‌دات كه زمان له‌نێو هۆكاره‌كانى دیكه‌دا و وه‌ك فاكتۆرێك له دانوستانى كۆمه‌ڵایه‌تی دا رۆڵ ده‌گێڕێ و له درێژه‌ى كار و تێكۆشان و خه‌باتى كۆمه‌ڵایه‌تی دا پێکدێت...(11)
ماركس و ئنگڵس به‌هۆى جدى گرتنى زمان، ئایدیالیزمیان ره‌ت نه‌كرده‌وه، به‌ڵكوو به‌هۆى سه‌ربه‌خۆ نواندن و ئیزۆلهكردنى زمان، ره‌تیان كرده‌وه. ئه‌وان له ئایدیۆلۆژى ئاڵمانی دا ده‌نووسن: "هێزه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان له درێژه‌ى گه‌شه و پێکهاتنى خۆیاندا، ئایدیا و ئه‌ندێشه‌كان وه‌ك به‌شێك له پێكهاته‌ى گشتى به‌رهه‌م دێنن. كه‌وابوو خوڵقاندنى چه‌مك و ئایدیاكان راسته‌وخۆ له‌گه‌ل تێكۆشانى مادى و دانوستانى مادی پێوه‌ندی هه‌یه."
بێجگه له روانگه‌ى سه‌ره‌وه ماركس و ئنگڵس روانگه‌یه‌كى رۆشنیان له‌مه‌ڕ زمان باس نه‌كرد. "به‌ڵام نووسه‌رانى دیكه‌ى پیڕهوى نه‌ریتى ماركس له‌وانه، میخایل باختین و ڤلۆشینۆڤ چه‌ندین توێژینه‌وه‌ى ئێجگار ده‌وڵه‌مه‌ند و فرهڕهههندییان له‌مه‌ڕ په‌یوه‌ندى زمان و كۆمه‌ڵگه ئاراسته‌كرد كه به‌شێوه‌ى قوول و به‌رین په‌یوه‌ندى زمان و مناسباتى كۆمه‌ڵایه‌تى ئاراسته‌ده‌كه‌ن و به‌ڕاى پسپۆڕان ته‌نانه‌ت له فۆرماڵیزمی رووسی واوه‌تر ده‌چن و به پۆست فۆرماڵیزم ده‌گه‌ن."(12)
به‌رهه‌مى هه‌ره به‌نرخى باختین/ ڤلۆشینۆڤ به‌ناوى (ماركسیزم و فه‌لسه‌فه‌ى زمان-1929) سه‌رتۆپى ئه‌م به‌رهه‌مانه‌یه. ئه‌م كتێبه له درێژه‌ى دیالۆگێكى گه‌رم و گوڕدا سه‌باره‌ت به هونه‌ر و ئه‌ده‌ب و زمان و كو‌لتور، له‌پاش شۆڕشى ئۆكتۆبر پێكهات. به‌ڵام كاتێ ستالین بنه‌ماكانى دیكتاتۆرى خۆى سه‌قامگیر كرد، ئه‌م باسانه كۆتایى هات. خودى ڤلۆشینۆڤ له پاكتاوكردنهكانى ده‌یه‌ى 1930 بێ سه‌روشوێن بوو. به‌ڵام له‌م دواساڵانه‌دا نووسراوهكانى باختین/ ڤلۆشینۆڤ رنێسانسێكى فه‌رهه‌نگییان وه‌ڕێخستووه.
به‌پێی روانگه‌كانى باختین/ ڤلۆشینۆڤ له‌مه‌ڕ زمان، سى خاڵى سه‌ره‌تایى رۆڵى بنه‌ڕه‌تى ده‌گێڕن:
هه‌موو نیشانه‌كان هه‌ر له وشه‌كانه‌وه تا نیشانه‌ى تابلۆكانى شۆفێریى هه‌موویان مادین.
نیشانه‌كان سروشتێكى كۆمه‌ڵایه‌تییان هه‌یه و له په‌یوه‌ندى نێوان كۆمه‌ڵانى خه‌ڵك دا خولقاون.
بۆوه‌ى كه نیشانه‌كان كۆمه‌ڵایه‌تین، هه‌ر شێوازێكى زانستى له‌ئاست زمان، ده‌بێ گرنگی به گوتار بدات، له ده‌ره‌وه‌ى گوتار، زمان له گه‌شه و ژیان ده‌كه‌وێت.
یانى كۆمه‌ڵێک ئامێرى په‌یوه‌ندییه له په‌یوه‌ندى بێوه‌ره، فۆرمێكه و ناوه‌رۆكى نییه. كه‌وابوو ژیانى زمان و گه‌شه‌ى په‌تى زمان له گوتاردا و له دانوستانى گوتارى نێوان جه‌ماوه‌ردا شكل ده‌گرێت. به‌ڵام مناسباتى كۆمه‌ڵایه‌تى ته‌نیا كارێكى گوتارى نییه، گوتار له دنیاى كۆمه‌ڵایه‌تی دا بوونێكى سه‌ربه‌خۆى نییه، به‌ڵكوو لایه‌نێكه له رایه‌ڵه‌ى فره‌لایه‌نى په‌یوه‌ندى كۆمه‌ڵایه‌تى. كه‌وابوو نیشانه‌كان له پێوه‌ندی نێوان مرۆڤه‌كان دا نوقم ده‌بن... ڤلۆشینۆڤ ده‌نووسێ: "شێوازه‌كانى نیشانه به‌ر له هه‌ر شتێ له‌نێو پێكهاته‌ى كۆمه‌ڵایه‌تی دا تێكه‌ل ده‌بن و مه‌رجدار ده‌كرێن"، كه‌وابوو گوتار به پله و پایه‌ى ده‌سه‌ڵات و به‌ره‌نگاربوونه‌وه له‌ئاست ده‌سه‌ڵات به‌ستراوه.(13)
چه‌ندین گرووپى جیاواز تێده‌كۆشن به‌و مێتۆدانهى كه له درێژه‌ى ئه‌زموونه‌كانیان دا و له جه‌رگه‌ى دانوستانى كۆمه‌ڵایه‌تی دا به‌ده‌ستیان هێناوه بپه‌یڤن و ئامانجه‌كانیان ده‌رببڕن، ئه‌م كاره‌ش زیاتر له‌نێوان تاكه‌كان دا نییه، به‌ڵكوو له په‌یوندى هێزه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان دایه و سه‌رئه‌نجام "نیشانه‌كان ده‌بنه مه‌یدانى خه‌باتى كۆمه‌ڵایه‌تى." لێره‌دا ده‌بێ جه‌ختى له‌سه‌ر بكه‌ین كه ئه‌م باسه له‌گه‌ل روانگه‌ى پۆست ستراكتورالیزمى (فوكۆ و دریدا) ته‌واو جیاوازه. بۆ وێنه فوكۆ زمان وه‌ك ده‌ڤه‌رى ده‌سه‌ڵات و سه‌ركوت راڤه‌ده‌كات، كه به‌رواڵه‌ت له چه‌ندین بنكه‌ى كۆمه‌ڵایه‌تى تایبه‌ت دا - وه‌ك زیندانه‌كان و شێتخانه‌كان- به‌رجه‌سته‌كراون. ئه‌و به‌م كاره ده‌یویست بێهووده‌یى سیاسى روانگه‌ى پۆستمۆدێرنیستى خۆى ساغبكاته‌وه، به‌ڵام هه‌رگیز له بازنه‌ى زمانناسى وهدهرنهكهوت، فوكۆ مناسباتى ده‌سه‌ڵات ته‌نیا له ره‌هه‌ندى زمانناسى و گوتاردا قه‌تیس ده‌كات. له‌راستیدا ئه‌مه به‌و مانایه‌یه كه ده‌سه‌ڵات ئه‌گه‌رچى گشتگیره، به‌ڵام سه‌رچاوه‌ى كۆمه‌ڵایه‌تیی نه‌ناسراوه، بۆوه‌ى كه ده‌سه‌ڵات به ئامێرى زمان پێكدێت و ئێمه‌ش ناتوانین ئه‌و له‌مپه‌رانه‌ى كه زمان دروستى كردوون بشكێنین، له‌ئه‌نجامدا ده‌سه‌ڵات له‌شكان نه‌هاتوو ده‌رده‌كه‌وێت. ئه‌گه‌ر كۆمه‌ڵگه "به‌پێى گوتار پێكهاتووه" له ده‌ره‌وه‌ى زمان هیچ بنه‌مایه‌كى كۆمه‌ڵایه‌تى له‌ئاست هیچ جۆره به‌ره‌نگارییه‌ك بوونى نییه، فوكۆ له‌م نێوه‌دا له‌مه‌ڕ به‌ره‌نگارى له‌ئاست ده‌سه‌ڵات دووگومانه، به‌ڵام سه‌رئه‌نجام روانگه‌کانى هیچ پێگه‌یه‌ك بۆ بزاڤى سیاسى به‌رهه‌ڵستكار ناهێڵێته‌وه.
ئه‌گه‌ر به‌ڕاى ڤلۆشینۆڤ "نیشانه" مه‌یدانى خه‌باتى كۆمه‌ڵایه‌تى بێت، ئه‌مه به‌و مانایه نییه، كه وشه‌كان بۆ هه‌ركام له چینه‌كان ماناى جیاوازیان هه‌یه... ئه‌و هێرش ده‌كاته سه‌ر ئهوكهسانهى كه زمان له هه‌رێمى زیندووى كۆمه‌ڵگه داده‌بڕن و تهریكى ده‌خه‌نه‌وه. ئه‌و له‌سه‌ر ئه‌م خاڵه پێداده‌گرێت كه وشه‌كان به‌وجۆره كه له قامووسهكان دایه مانایه‌كى تاك و سه‌قامگیریان هه‌یه، به‌ڵام گوتار هه‌م پێویستى به مانا هه‌یه و هه‌م ناوه‌رۆك، ناوه‌رۆكیش پڕه له تۆن و پێداگرى چه‌ند گرووپى كۆمه‌ڵایه‌تى که ده‌یانه‌وێ روانگه و ئه‌زموونى خۆیان ئاراسته بكه‌ن. له‌راستیدا تاكه‌كان له چه‌ندین پێكهاته‌ى جیاوازدا و له دروستكردنى چه‌ندین گوتارى فره‌چه‌شن دا به‌شدارى ده‌كه‌ن كه خاوه‌ن چه‌ندین له‌حن، فۆرم، وشه و زاراوه‌ى تایبه‌تن، گوتارێكى تایبه‌ت كه هه‌موو پێكهاته‌كان بگرێته‌وه بوونى نییه. ئه‌گه‌رچى ده‌سه‌ڵاتداران تێده‌كۆشن گوتارێكى تاقانه به‌سه‌ر جه‌ماوه‌رى بنده‌ست دا بسه‌پێنن، به‌ڵام بێبه‌شان و چه‌وساوه‌كان بۆوه‌ى له‌گه‌ل یه‌كتر پێوندى دوولایه‌نه‌یان هه‌یه، چه‌ندین گوتارى جیاواز پێكدێنن. كه له‌سه‌ر چه‌ندین خواستى جیاواز و دژه‌به‌ر پێداگرى ده‌كه‌ن. به‌ڵام گوتارى ره‌سمى حاشا له گوتاره‌كانى تر ده‌كات، بۆیه به‌ڕاى ڤلۆشینۆڤ نیشانه‌كان فرهلهحنین... به‌ڵام گوتارى زال و سیستمى ره‌سمى چینى ده‌سه‌ڵاتدار تێده‌كۆشێ له فرهلهحنى نیشانه‌كان حاشابكات، ده‌سه‌ڵاتداران ده‌یانه‌وێت له رێگه‌ى گوتاره‌وه جیهانبینییه‌كى تاقانه ئاراسته بكه‌ن و سه‌رئه‌نجام ده‌یانه‌وێت به چه‌ندین چه‌مك و ماناى یه‌كسان و هاوشێوه دۆخى كۆمه‌ڵگه و سه‌رده‌م راڤهبكهن. ڤلۆشینۆڤ ده‌نووسێ: "چینى ده‌سه‌ڵاتدار تێده‌كۆشێ سروشتێكى ئه‌به‌دى و بان چینایه‌تى به نیشانه‌كان ببه‌خشێ." به وتهیهكیتر چینى زال ده‌یه‌وێت نیشانه‌كان به‌رجه‌سته بكات، فۆرمێكى قه‌تیس و نه‌گۆڕ و، ناوه‌رۆكى یه‌كده‌ست و هاوشێوه و دایمییان پێبدات. به‌ڵام چینى ده‌سه‌ڵاتدار سه‌ره‌ڕاى هه‌موو هه‌وڵه‌كانى، ناتوانێ هه‌ندێ لایه‌نى بزێوى نیشانه‌كان كه له‌ودیوى گوتارى ره‌سمی دا جێگیرده‌بن سه‌ركوت بكات، هۆى ئه‌م كاره به‌ته‌واوى بۆ ڤلۆشینۆڤ رۆشن نییه، به‌ڵام پێم وایه وه‌ڵامێكى رۆشن له‌ئارا دایه... هه‌موو سیستمێکی مرۆڤی به رێژه‌یه‌كى به‌رچاو كۆمه‌ڵایه‌تین، مێژوو هیچ سیستمێك شك نابات كه چه‌ند تاكى دابڕاو دروستیان كردبێت. هێزه‌كانى به‌رهه‌مهێنان (جوتیاران، كۆیله‌كان، كرێكارانى كرێگرته) هه‌موویان له پرۆسه‌ى كاردا و له په‌یوندى ده‌ره‌وه‌ى كاردا له‌گه‌ل یه‌كتر هاوكارى و به‌شدارى ده‌كه‌ن. له‌م نێوه‌شدا به چه‌ندین شێوه پێكه‌وه په‌یوه‌ندى ده‌گرن كه له كۆنترۆل و چاودێرى ده‌سه‌ڵاتداران به‌ده‌ره، به وته‌یه‌كى دیكه چه‌ند گوتارێكى ئه‌لته‌رناتیڤ شكل ده‌گرن، چونكه گوتارى ره‌سمى هه‌موو ئه‌زموونه‌كانى ژیانى چه‌وساوه‌كان ناگرێته‌وه. ئه‌م گوتارانه خاوه‌ن وه‌ها پانتاییه‌كى په‌یوندى كۆمه‌ڵایه‌تین كه به‌گشتى یان به رێژه‌یه‌ك له ده‌سه‌ڵاتى چینى زال سه‌رترن. هه‌ر له‌م هه‌رێمانه‌ش دایه كه گوتارى تایبه‌تى خۆیان پێكدێنن و به‌مجۆره له ده‌ره‌وه‌ى گوتارى زال، هه‌ست و سۆز و خه‌ون و خواسته‌كانى خۆیان ئاراسته ده‌كه‌ن."
نیشانه‌كان نه هه‌ر یه‌كپارچه نین، به‌ڵكو پڕاوپڕن له چه‌ندین لهحنى ناكۆك، به‌ڵام زۆركات ئه‌م دیارده‌یه به ئاسانى ئاشكرا نابێت. ڤلۆشینۆڤ ده‌ڵێ: " له دۆخى ئاسایى ژیاندا ناكۆكى شاراوه‌ى نیشانه‌كان به‌ته‌واوى ده‌رناكه‌وێت"، به‌ڵام له كاتى كێشه و قه‌یرانی كۆمه‌ڵایه‌تی دا، له كاتى شۆڕش و ئاخێزى شۆڕشگێڕانه‌دا، كاتێ كه ره‌وایى چینى ده‌سه‌ڵاتدار تووشى كێشه ده‌بێ،... ناكۆكى نیشانه‌كان زه‌ق و به‌رهه‌ست ده‌بێته‌وه... كاتێ كه پێكهاته‌ى كۆنترۆڵ و سانسۆر لێكده‌ترازێ، مێتۆدهكانى دژایه‌تى و به‌ره‌نگارى له پانتاییه‌كى به‌رینتردا ده‌رده‌که‌ون. سه‌ره‌ڕاى ئه‌مه‌ش دیمه‌نه‌كانى جیهانى تێکڕوخاو، كه له جه‌رگه‌ى جێژن و كه‌رنه‌ڤاڵ دا ده‌رده‌كه‌ون، به‌رهه‌مى چركه‌ساتێك نین، ئه‌وان له درێژه‌ى خه‌بات و ئه‌زموونى مێژوویى چه‌وساوه‌كان دا گه‌شه ده‌كه‌ن و به‌شێوه‌یه‌كى ئاڵۆز و ناهه‌موار ده‌رده‌كه‌ون، كه پێویسته له‌لایه‌ن گرووپى رێبه‌رییه‌وه رێك‌بخرێن.
وه‌ك ده‌بینین روانگه‌ى باختین/ ڤلۆشینۆڤ له‌مه‌ڕ زمان له هه‌موو روانگه‌كانى تر مێژووییتره و له‌گه‌ل ئایدیالیزمى نوێ جیاوازى بنه‌ڕه‌تى هه‌یه. به‌ڕاى فوكۆ: "مێژوو زنجیره‌یه‌كه له جیاوازی گوتاره‌كان كه به‌هۆی چه‌ند مۆدێلێكى زمانه‌وانی دروست كراوه." به‌ڵام به‌پێچه‌وانه‌ى روانگه‌ى فوكۆ، "مێژوو پرۆسه‌یه‌كى به‌رین و زیندووه كه به‌هۆی پێوه‌ندى كونكرێت و گهشندهى گرووپه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان پێكدێت."
له درێژه‌ى باسه‌كه‌دا كورته‌یه‌ك له روانگه‌كانى ئانتۆنیوگرامشى باس ده‌كه‌ین كه له‌مه‌ڕ پرسى زمان و هێژمونی و ده‌سه‌ڵات ئێجگار گڕنگن: گرامشى ده‌یه‌وێت روانگه‌یه‌ك راڤه بكات كه هۆكارى هێژمونی و ده‌سه‌ڵاتى ئه‌ندێشه و ئایدیاكانى چینى زال ده‌ناسێنێ، به‌جۆرێك كه ئه‌م ده‌سه‌ڵاتانه هه‌رگیز گشتگیر نین، به‌ڵكوو به‌رده‌وام له‌گه‌ڵ بیر و ئینتمای "دژه هێژمونی" له ناكۆكی دان.
گرامشى له دژایه‌تى له‌گه‌ل ئلیتگهرایى رۆشنبیرانه ده‌ڵێ: "هه‌موو مرۆڤه‌كان بیرمه‌ندن." بۆوه‌ى كه هه‌موو كه‌سێك به‌هۆى به‌كارهێنانى زمان پێویسته "كۆمه‌ڵێك له چه‌مك و روانگه تایبه‌ته‌كان" به‌كار بێنێت و به بۆچوونى خۆى جیهان و كۆمه‌ڵگه راڤهبكات... به‌ڵام ئه‌م روانگانه به‌ده‌گمه‌ن تۆكمه‌ن له سروشتى خۆیاندا پێویستیان به تێكه‌ڵبوونى ناكۆكى ئه‌ندێشه‌كان هه‌یه. بۆ وێنه كرێكاران چه‌ندین جۆر خواست و ئه‌ندێشه قه‌بول ده‌كه‌ن كه روانگه‌ى زاڵ بانگه‌شه‌ى ده‌كات. جگه له‌مه‌ش له ژیانى رۆژانه‌دا له ئاست هه‌ندێ له‌و ئه‌ندێشانه دژایه‌تى ده‌كه‌ن...
هه‌ر وه‌ك ماركس ده‌ڵێ، سۆسیالیزم یانى رزگاربوونى چه‌وساوه‌كان به‌ده‌ستى خۆیان. ئه‌ندێشه‌ى شۆڕشگێڕانه گوتارێكى ده‌ره‌كى نییه، به‌ڵكوو به‌پێچه‌وانه‌وه پێوندى نێوان چینى هه‌ژار و ئه‌ندێشه‌ى شۆڕشگێڕانه ده‌بێ ره‌سه‌ن و ئۆرگانیك بێت... گرامشى ده‌ڵێ، دژایه‌تى له‌گه‌ڵ هێژمونی به‌هۆى خه‌باتى سیاسى و بزاڤى جه‌ماوه‌ری ده‌خوڵقێت، به‌جۆرێك كه له‌ودا به‌ره‌نگارى ئابوورى و خه‌باتى فكرى هه‌نگاو به هه‌نگاو ده‌چنه پێش... ئه‌و ده‌ڵێ: "پارتى سیاسى وه‌ك كوورهیهكه كه له‌ودا تیۆرى و پراتیك یه‌كده‌گرن و وه‌ك پرۆسه‌یه‌كى مێژوویى كونكرێت ده‌رده‌كه‌ون."
روانگه‌ى گرامشى له‌مه‌ڕ زمان و هێژمونی، لاوازى روانگه‌كانى ڤلۆشینۆڤ ساغ ده‌كاته‌وه، به‌راى گرامشى چینه چه‌وساوه‌كان له چه‌ندین جۆر گوتارى زال و یه‌كسانى خوازانه‌دا به‌شدارى ده‌كه‌ن، كه هه‌ڵگرى چه‌ندین جۆر به‌هاى جیاواز و چه‌ندین شێوازى جیاوازن. گرامشى ده‌ڵێ: "ده‌بێ سیاسه‌تى سۆسیالیستى و شۆڕشگێڕانه ئه‌م شێوازه ناكۆكانه رێك بخات و روانگه و جیهانبینییه‌كان به‌شێوه‌ى تۆكمه و كونكرێت په‌رداخ بكات و به یه‌كخستنى تیۆرى و پراتیك كێشه مێژووییه‌كان چاره‌سه‌ر بكات."
سه‌رئه‌نجام به‌و ئاكامه ده‌گه‌ین كه زمان بوارێكى ئیزۆله و جیاواز له كۆمه‌ڵى ئینسانى نییه، به‌ڵكوو بوارى وه‌سفكردن و راڤه‌كردنى كۆمه‌ڵگه‌یه و شه‌ڕ و كێشه و ناكۆكییه‌كان به‌شێوه‌ى قوول و به‌رین كارى تێده‌كه‌ن...
ئایدیالیزمى تازه ره‌نگه بانگه‌شه‌ى ده‌ركى ئایدیۆلۆژى و كێشه و ناكۆكییه‌كان بكات، به‌ڵام به‌كرده‌وه هه‌نگاوێك له ئایدیالیزمى كۆن نه‌چۆته پێش. ئه‌مه‌ش ته‌نیا به‌هۆى دابڕانى زمان نییه، به‌ڵكوو به‌هۆى ئه‌وه‌یه كه ئه‌م روانگه‌یه پێكهاته‌ى كۆمه‌ڵگه به به‌رهه‌مى زمان ده‌زانێت.
باختین ده‌ڵێ: "وشه‌كان ده‌چنه هه‌رێمى دیالۆگێكى پڕ له كێشه و سیخناخ، كه له‌ودا له‌گه‌ل چه‌ندین وشه‌ى نامۆ، چه‌ندین به‌هاى داوه‌رى و، چه‌ندین له‌حن و ئینتما تێكه‌ڵ ده‌بن و پێوه‌ندییه‌كى هه‌مه‌لایه‌نه و ئاڵۆز پێكدێنن، له هه‌ندێ له‌حن و به‌ها سڵ ده‌كه‌ن و تێكه‌ل به هه‌ندێكى تر ده‌بن." وشه و گوتاره‌كان قه‌ت په‌سیڤ نین، به‌ڵكوو به‌رده‌وام له جه‌رگه‌ى پێكهاته‌یه‌ك دان كه پڕاوپڕه له شه‌ڕ و كێشه و خه‌بات و ناكۆكى.
ئه‌گه‌ر زمان وه‌ك "سیستمێكى دابڕاوى رێزمانى" و وه‌ك پێكهاته‌یه‌كى تاك و داخراو بزانین و له پرۆسه‌ى به‌رده‌وامى ئاڵوگۆڕه‌کانی مێژوو جیای بكه‌ینه‌وه، گه‌شه و زیندوویى لـێدهستێنینهوه. كه‌وابوو زمان دیارده‌یه‌كى مێژوویى كۆمه‌ڵایه‌تییه، ماناكان ته‌نیا له جه‌رگه‌ى پێوه‌ندى كۆمه‌ڵایه‌تى گرووپه‌كان دا دروست ده‌بن، ئه‌م خه‌ڵكانه‌ش له پێوه‌ندى كۆمه‌ڵایه‌تى كونكرێت و ئۆرگانیك دا بوونیان هه‌یه. خودى ئه‌م پێوه‌ندییه‌ش بزۆز و بگۆڕه، ئه‌م مناسباته چه‌ندین لایه‌نى ده‌سه‌ڵات، خه‌بات و بهرئهنگارى ده‌گرێته‌وه و باڵانس و هاوكێشى هیزه‌كان و ده‌سه‌ڵات ده‌گۆڕێت. كه‌وابوو ماناكان مێژوویین، ماناکان نوقمى پرۆسه‌ى "ئاڵوگۆڕى مێژوویین" كه له‌ودا پێوندییهكان قه‌تیس نین، به‌ڵكوو روانگه و هه‌ڵوێسته‌كانى ئێمه له‌مه‌ڕ ئێستا و داهاتوو ئاراسته‌ده‌كه‌ن.
"زمان بۆ من ته‌نیا پێكهاته‌یه‌كى مانایى و رێزمانى نییه، به‌پێچه‌وانه‌وه كێشه‌ى من له زمان دا په‌یوه‌سته به پێگه‌ى من له هه‌رێمێكى مێژوویى كۆمه‌ڵایه‌تی دا. كێشه‌ى من ئه‌و له‌حن و ناوه‌رۆك و مانایانه‌یه كه به‌رده‌وام تووشى كێشه‌ن و قه‌ت داخراو نین. ئه‌و وشانه‌ى كه من هه‌ڵیانده‌بژێرم و دهیانبێژم، هه‌ڵوێستى ده‌روونى منه له هه‌رێمێكى مێژوویى كۆمه‌ڵایه‌یتی دا. كه‌وابوو بۆ ماتریالیزمى مێژوویى "زیندانى بوون" له زمان دا رۆچوونه به ناخى مێژوودا و "ئاڵوگۆڕى مێژوویى"یه... زمان ته‌نیا قامووسى ئه‌ندێشه‌ى زال نییه، به‌ڵكوو بوارێكه كه ده‌كرێ له‌ودا خه‌باتى خۆمان له‌ئاست ده‌سه‌ڵات تۆمار بكه‌ین و هێزه‌كانى به‌ره‌نگارى رێكبخه‌ین و رێبه‌ریى بكه‌ین.
ئێمه به‌پێچه‌وانه‌ى ئایدیالیزمى نوێ پێمان وایه كه ده‌توانین چه‌مكى زمان به‌جۆرێك تیۆریزه بكه‌ین كه دۆخى سه‌رده‌م ره‌ش و تاریك راڤه نه‌كات، به‌ڵكوو به‌رده‌وام ئاسۆى رزگارى پیشان بدات. چونكه تێكۆشانى پراتیكى ئێمه و زمانى ئێمه هه‌ڵگرى چه‌ندین له‌حن و ناوه‌رۆك و ئیلهام و ئینتمایه كه چه‌ندین جۆر له مناسباتى خه‌ڵك و هه‌رێمى كار ئاراسته‌ده‌كات. تا كاتێ كه هیرارشى و هێژمونی و چه‌وساندنه‌وه له‌ئارادا بێت، چه‌ندین مێتۆدى به‌ره‌نگارى و روخاندنیش له‌ئارا دایه كه پێكهاته‌ى زمان ئاراسته‌ده‌كات. زمان زیندان نییه، به‌ڵكوو مه‌یدانى خه‌باته. بێشك خه‌بات رێده‌كه‌وێ و سه‌رئه‌نجام له به‌ستێنى پێكهاته‌ى مادى كونكرێت، له شوێنى كار، زیندانه‌كان، له به‌ره‌كانى شه‌ڕدا به‌ئه‌نجام ده‌كات، به‌ڵام له هه‌ر شوێنێك ره‌وتى خه‌بات به‌رده‌وام بێت له‌وێدا زمان زیاتر ده‌ڕسكێ و ده‌پشكوێت."(14)
پاش هێنانه‌وه‌ى روانگه‌كانى باختین/ ڤلۆشینۆڤ و گرامشى كه هه‌ر سیانیان پێڕه‌وى نه‌ریتى ماركسن و ئه‌ندێشه‌ى دیالكتیکین، تێده‌گه‌ین كه روانگه‌ى لایه‌نگرانى ئایدیالیزمى تازه و پۆستمۆدێرنیزم له‌مه‌ڕ چه‌مكى زمان یه‌كلایه‌نه و ئابستراكته و ناتوانێ دۆخى ئینسانی به‌شێوه‌ی كۆنكرێت راڤه بكات.
* * *
ئێستا بۆ روونكردنه‌وه‌ى دۆخى كونكرێتى كۆمه‌ڵگه‌ى كوردستان ره‌هه‌نده‌کانى جوغرافى، ئابوورى، كۆمه‌ڵایه‌تى، سیاسى و كولتورى ئه‌م كۆمه‌ڵگه به‌كورتى راڤهدهكهین تا پیشان بده‌ین دۆخى گشتى كوردستان به‌ره‌و چ ئاراسته‌یه‌ك ده‌ڕوا و چ پێویستییه‌كى مێژوویى تێپه‌ڕده‌كات:
كۆمه‌ڵگه‌ى كورده‌وارى له چه‌قى رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاستدا هه‌ڵكه‌وتووه، سنووره‌كانى كوردستان له باكووره‌وه ده‌گه‌نه زنجیره چیاى قه‌فقاز، له باشووره‌وه ده‌گه‌نه چیاكانى حه‌مرین، له رۆژهه‌ڵاته‌وه ده‌گه‌نه شارى هه‌مه‌دان و له رۆژئاواوه ده‌گه‌نه كه‌نارى ده‌ریاى سپى. ئه‌م هه‌ڵكه‌وته جوغرافیاییه له‌رووى سروشتییه‌وه له چه‌ندین ده‌شتى به‌رین، زنجیره چیاى سه‌ركه‌ش و چه‌ندین رووبار و ده‌ریاچه پێكهاتووه و ئاو و هه‌وایه‌كى جیاواز و فره‌چه‌شنى به كوردستان به‌خشیوه، چوار رووبار‌ى هه‌ره گرنگى ناوچه‌كه (سپى رود، كارون، دیجله و فورات) له كوردستانه‌وه سه‌رچاوه‌ده‌گرن. وڵاتى كوردستان له‌ڕووى كان و كانزاى نه‌وت و سه‌رچاوه‌ى ژێرزه‌مینییه‌وه ئێجگار ده‌وڵه‌مه‌نده، كوردستان له وه‌ها شوێنێكى ستراتژیكدا هه‌ڵكه‌وتووه كه شوێنى لێكبهسترانى سێ قاڕه‌ى ئاسیا و ئه‌فریقا و ئوروپایه و به‌درێژایى مێژوو بوارگه و پردهبازى ئه‌م وڵاتانه بووه. كوردستان له جه‌رگه‌ى رۆژهه‌ڵاتى ناڤین دا هه‌ڵكه‌وتووه، ئه‌م ناوچه‌یه ناوه‌ندى دنیایه و ئاخێزگهى یه‌كه‌م ژیارى مرۆڤایه‌تى و یه‌كه‌م فه‌رهه‌نگ و، شوێنى سه‌رهه‌ڵدانى چوار ئایینى گه‌وره‌ى، زه‌رده‌شت، یه‌هود، مه‌سیح و ئیسلامه. ره‌گه‌ز و قه‌ومه‌كانى رۆژهه‌ڵاتى ناڤین جیاواز و فره‌جۆرن، سه‌ره‌ڕاى دانیشتوانى مێژوویى ئه‌م ناوچه‌یه، له باشووره‌وه ره‌گه‌زى سامى تێهاتووه، له باكووره‌وه ره‌گه‌زى ئاریایى بۆ هاتووه، هه‌روه‌ها له رۆژهه‌ڵاتى دووره‌وه ره‌گه‌زى زه‌ردى تێهاتووه. به‌درێژایى مێژوو ئه‌م ناوچه‌یه شوێنى لێكدان و چه‌قى دانوستانى ئایین و كولتوره جیاوازه‌كان بووه. یه‌كه‌م ئه‌فسانه و نهزیلهكانى مرۆڤ له‌م ناوچه‌یه هه‌ڵبه‌ستراون، یه‌كه‌م خوداكانى مرۆڤ له‌لایه‌ن خه‌ڵكى ئه‌م ناوچه‌یه‌وه خولقێنراون، هه‌ر له‌م ده‌ڤه‌ره‌شدا یه‌كه‌م بوت و پهرسگهكان سازكراون، گه‌وره‌ترین شه‌ڕی فكرى و كۆمه‌ڵایه‌تى سه‌رده‌مى كۆن هه‌ر له‌م شوێنه‌دا كراون، مێژوویی‌ترین و به‌شان و شكۆترین فه‌رهه‌نگ و ده‌وڵه‌ته‌كانیش هه‌ر له‌م ده‌ڤه‌ره دامه‌زراون. كولتوورى ئه‌م ده‌ڤه‌ره به‌هۆى پاشكۆ و پشتخانى ده‌وڵه‌مه‌ند و دێرینى ئه‌فسانه و نه‌زیله و ئایینه‌كان، هه‌تا ئه‌مڕۆش هه‌ر سیخناخه و چراى ئه‌قڵ و ئه‌ندێشه‌ى هه‌ڵنه‌كردووه و تاژانگى مۆدێرنیته نه‌یتوانیوه له خه‌وى قووڵی ئه‌فسوونى رایچڵهكێنێ.
ئه‌مڕۆ له سه‌ره‌تاى هه‌زاره‌ى سێهه‌م دا، ئابوورى كوردستان هێشتا ئابوورییه‌كى نیوه فیوداڵى نیوه بۆرژواییه و هێشتا دام و ده‌زگاى مۆدێرن و زهبهڵاحى سه‌نعه‌ت و پیشه‌سازى له‌م هه‌رێمه دانه‌مه‌زراوه. نیوه‌ى ئابوورى كوردستان هێشتا له‌سه‌ر بناغه‌ى كشتوكاڵ و ئاژه‌ڵدارى نه‌ریتى راوه‌ستاوه و به په‌روه‌رده و فرۆشتنى ئاژه‌ڵ و به‌رهه‌مهێنانى دانه‌وێڵه و به‌شێوه‌ى نه‌ریتى به‌ڕێوه‌ده‌چێت. نیوه‌كه‌ى تر‌ى له‌رێگه‌ى بۆرژوازى كۆمپرادور (ده‌ڵاڵی) به‌ڕێوه‌ده‌برێت. بۆرژوازى ده‌ڵاڵی، كاڵا و شت و مه‌كى سه‌رمایه‌دارى بیانى و كۆمپانیاکانی نێوده‌وڵه‌تی دێنێـته كوردستان و سات و سه‌وداى پێوه‌ده‌كات، بۆرژوازى كۆمپرادۆر له‌رووى فه‌رهه‌نگى و مه‌عریفییه‌وه توێژێكى گه‌نده‌ڵ و ناكارامه‌یه كه خاوه‌ن پێكهاته و پشتخانى ئانتۆلۆژیك نییه، ئه‌م توێژه بێمایه و ناكارامه‌یه ته‌نیا له بیرى سوود و قازانجى تایبه‌تى خۆی دایه و خاوه‌ن پرۆژه و به‌رنامه‌ى سیاسى و سه‌نعه‌تى نییه و قه‌ت نایه‌وێت خزمه‌ت به خه‌ڵك و وڵاته‌كه‌ى خۆى بكا و خاوه‌ن هیچ جۆره وشیارییهكى سیاسى، لیبراڵى و نه‌ته‌وى نییه و ناتوانێ وڵاته‌كه‌ى به‌ره‌و گه‌شه و پێشكه‌وتن ببات. بۆیه وه‌ها وڵاتێك له دۆخێكى نزم و نیوبهنددا راده‌گیرێ و چاخى گواستنه‌وه درێژتر ده‌بێته‌وه. وه‌ها گرووپێكى بێ فه‌رهه‌نگ و بێ ناسنامه سه‌نعه‌ت و پیشه‌سازى خۆماڵى دروست ناکات و وڵات له دۆخێكى قه‌یراناوی و نائاسایی دا راده‌گیرێ. ئه‌گه‌رچى نۆرم و نه‌ریته كۆنه‌كان لێكده‌ترازێن و له‌نێوده‌چن، به‌ڵام نۆرم و نه‌ریتى نوێ پێکنایه و جێگه‌ى نه‌ریته كۆنه‌كان ناگرێته‌وه. وه‌ها دۆخێكى قه‌یراناوى زۆر ئاکامى چه‌وت و دزێوى لێده‌كه‌وێته‌وه كه پێویستى به توێژینه‌وه‌یه‌كى قوول و هه‌مه‌لایه‌نه هه‌یه. به‌ڵام ئاشكرایه كه ئه‌م دیارده‌یه به‌هۆى پیلانى ناوچه‌یى و نێوده‌وڵه‌تى و هه‌روه‌ها به‌هۆى بێ هێزى و ناكارامهیى سوژه و فه‌رهه‌نگى خۆماڵی پێڕه‌و و پراكتیزه ده‌كرێ و به‌شێوه‌ى وشیارانه درێژه‌ى پێده‌درێ.
له‌ڕووى كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه پێكهاته‌ى کۆنى كۆمه‌ڵگه‌ى كوردستان لێكترازاوه و تا دێ زیاتر لێكده‌ترازێ و به‌ره‌و شێوازێكى تازه ده‌ئاژوێ و له شكل و فۆرمێكى نوێ‌دا ده‌گیرسێته‌وه. ئێستا ئیتر پێكهاته كۆنه‌كانى (هۆز، ئێل و عه‌شیره‌ت) له زۆر شوێنى كوردستان له‌به‌ریه‌ك هه‌ڵوه‌شاون و ده‌ور و كاریگه‌ریان نه‌ماوه. ئه‌ڵبه‌ت پێكهاته‌ى كۆمه‌ڵایه‌تى كورده‌وارى یه‌كده‌ست نییه، بۆ وێنه مناسباتى بۆرژوازى له دوو به‌شى كوردستانى باکوور و رۆژهه‌ڵات زیاتر گه‌شه‌ى كردووه و چینى ناوه‌ڕاست پێکهاتووه، یان له شار و ده‌شته‌كانى كوردستان مناسباتى بازاڕى بورژوازى زیاتر گه‌شه‌ى كردووه و پێكهاته‌ى خێله‌كى به‌ته‌واوى روخاوه و چینى ناوه‌راست دروست بووه، به‌ڵام له گونده‌كان و له ناوچه شاخاوییه‌كان (شاخه‌كانى هه‌ورامان و ده‌ڤه‌رى بادینان) هێشتا هه‌ر یاساى هۆز و ئه‌قڵى خێڵه‌كى زاڵه و چینى هه‌ژار و بێده‌ره‌تان له‌وپه‌ڕێ دهسكورتى و نه‌خوێنده‌واری دا ده‌ژین و خاوه‌ن وشیارى سیاسى و كولتورى نین. به‌ڵام له‌و ده‌ڤه‌رانه‌ى كه چینى نێوه‌ڕاست گه‌شه‌ى كردووه، وشیارى سیاسى، نه‌ته‌وایه‌تى و دیموكراتیك زۆر په‌ره‌ى سه‌ندووه و ئینتماى دروستكردنى ده‌وڵه‌ت و كیانێكى سیاسى - خۆماڵى هه‌یه.
له‌ڕووى سیاسییه‌وه وڵاتى كوردستان له‌نێوان چوار ده‌وڵه‌تى گه‌وره‌ى ناوچه‌كه‌دا دابه‌شكراوه و هه‌تا ئه‌مڕۆش سه‌ره‌تاییترین مافه‌كانى گه‌لى كورد له‌لایه‌ن كاربه‌ده‌ستانى میله‌تانى باڵاده‌سته‌وه پێشێل ده‌كرێت. بێجگه له كوردستانى باشوور كه له‌پاش روخانى رژێمى سه‌دام و ئاڵوگۆڕى ناوچه‌یى و نێوده‌وڵه‌تی، كورده‌كان توانیویانه كیانێكى كوردى نیوبهند دامه‌زرێنن و لانیكهمى مافه‌كانیان ده‌سته‌به‌ر بكه‌ن، به‌شه‌كانى دیكه‌ى كوردستان هێشتا به سیاسه‌تى زه‌بر و زه‌نگ و ملیتاریزم به‌ڕێوه‌ده‌برێن و ده‌وڵه‌تانى چه‌وسێنه‌ر له‌دژى بزاڤى رزگاریخوازى گه‌لى كورد هاوپه‌یمانى دروست ده‌كه‌ن و له وڵاتانی زلهێزى دنیاش بۆ سه‌ركوتى بزاڤه‌كان یارمه‌تى وه‌رده‌گرن. به‌گشتى ده‌وڵه‌تانى كۆنه‌په‌رستى داگیركه‌رى كوردستان (توركیا، سوریا و ئێران) هه‌م له‌رووى پێكهاته‌ییه‌وه، هه‌م له‌رووى سیاسه‌تى نێوده‌وڵه‌تییه‌وه، تووشى چه‌ندین كێشه‌ى بنه‌ڕه‌تى هاتوون و ناچارن له‌ئاست شه‌پۆلى دێموكراسى و مۆدێرنیزاسیۆنى رۆژاوایى و خواستى دانیشتوانى خۆیان یان مل به ریفۆرم بده‌ن یان به باهۆزى مۆدێرنیته له‌نێو بچن. پاش روخانى ده‌سه‌ڵاتى تاڵیبان و دیكتاتۆرى سه‌دام حسێن، ده‌وڵه‌تانى ئێران و سوریا زۆر له ژێر زه‌خت و گوشارى نێوده‌وڵه‌تی دان و رۆژ له دواى رۆژ بازنه‌ى گه‌مارۆیان ته‌نگتر ده‌بێته‌وه. له پاش رووداوى 11ى سپتامبر و له پاش زنجیره تیرۆر و ته‌قینه‌وه‌كانى هێزه ئیسلامییه‌كان له هه‌موو جیهان، بیروڕاى گشتى دنیا و ستراتژى سیاسى ده‌وڵه‌تانى گه‌وره‌ى ئه‌وروپى و ئه‌مریكى له‌ئاست رۆژهه‌ڵاتى ناڤین گۆڕاوه. له رابردوودا بۆ به‌ره‌نگارى له‌ئاست یه‌كێتى سۆڤیه‌ت، سیاسه‌تى رۆژاوا واى ده‌خواست كه رۆژهه‌ڵاتى ناڤین به دواكه‌وتویى و به شێوه‌ى نادێموكراتیك بمێنێته‌وه و هه‌ر له‌لایه‌ن هێزه نه‌ریتییه‌كانه‌وه ئیدارهبكرێت، تا پێش به گه‌شه‌ى كۆمۆنیزم بگرن، یان هه‌ر وه‌ك پاشكۆى ئوروپا و ئه‌مریكا رایانبگرن تا به‌مجۆره نه‌وت و سه‌رچاوه كانزاییه‌كانیان بڕوتێننه‌وه. به‌ڵام پاش ئه‌و زنجیره تیرۆر و ته‌قینه‌وه سامناكه بیروڕاى گشتى رۆژاوا و ده‌وڵه‌تانى ده‌سه‌ڵاتدارى ئه‌مریكا و ئوروپا تێگه‌یشتن كه گه‌وره‌ترین مه‌ترسى كه هه‌ڕه‌شه له فه‌رهه‌نگ و شارستانییه‌تى رۆژاوا ده‌كات، بزاڤى ئیسلامى بونیادگهرایه. له پاش چه‌ندین توێژینه‌وه و راڤه‌كارى به‌رین، تیۆریسازانى رۆژاوایى به‌و ئاكامه گه‌یشتن كه ئاخێزگه و سه‌رچاوه‌ى تیرۆر و تێرۆریزم، زه‌لكاوى دیكتاتۆرى و پاوانخوازى ده‌وڵه‌تانى كۆنه‌په‌رستى رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌راست و فه‌رهه‌نگى دوگم و چه‌پێندراوى ئه‌و هه‌رێمه‌یه و پێویسته ده‌وڵه‌ته كۆن و نه‌ریتییه‌كان بڕوخێن و ده‌ڤه‌ره‌كه دێموكراتیزه بكرێت. به‌گشتی هه‌لومه‌رجی نێوده‌وڵه‌تی خه‌ریکه به قازانجی نه‌ته‌وه بنده‌سته‌کانی رۆژهه‌ڵاتی ناڤین گۆڕانی به‌سه‌ردا دێت.
بهلهبهرچاوگرتنى ئه‌وه‌ى وترا و بهلهبهرچاوگرتنى دۆخى گشتى كۆمه‌ڵگه‌ى كوردستان، كه هه‌تا ئه‌مڕۆش زۆرینه‌ى دانیشتووانى گوندین و زۆربه‌ى شارهكانیشى زیاتر له گوندێكى گه‌وره ده‌چن، له وه‌ها هه‌لومه‌رجێكدا باسكردن له فكر و فه‌لسه‌فه‌ى پۆست‌مۆدێرن چ مانایه‌كى هه‌یه؟ كۆمهڵگهێهك كه هه‌تا ئێستاش به چاخى رۆشنگه‌رى نه‌گه‌یشتووه و مۆدێرنیته‌ى ده‌رك و ئه‌زموون نه‌كردووه، پۆستمۆدێرنیزم چ سوودێكى بۆى هه‌یه؟
وه‌ك ده‌زانین زۆربه‌ى حكومه‌ته كۆنهپهرستهكانى ناوچه‌كه‌ش لایه‌نگرى بیرى پۆستمۆدێرنن و به‌مجۆره له‌گه‌ل مۆدێرنیته و پێشكه‌وتنخوازی دژایه‌تى ده‌كه‌ن و نه‌ریته كۆن و داڕزیوهكان ده‌پارێزن. روانگه‌ى پۆستمۆدێرنهكانى كۆمه‌ڵگه‌ى ئێمه له‌جیاتى ئه‌وه‌ى بمانباته سه‌ره‌وه‌ى مۆدێرنیته، به ره‌تكردنه‌وه‌ى ئه‌و پرۆسه‌یه، ده‌مانگێڕنه‌وه بۆ پاشه‌وه و له قۆناغى نه‌ریت و دواكه‌وتوویی دا ڕامان ده‌گرێ. ئه‌مه‌ش كێشه‌ى كۆمه‌ڵانى خه‌ڵكه كه به‌شێوه‌ى جۆراوجۆر له‌ژێر زوڵم و سته‌م دان، نه تاقمى ئلیتهكان. ئه‌گه‌رچى زۆربه‌ى بیرمه‌ندان، خوێندكاران و روناكبیران به كارگێڕى شۆڕش ده‌زانن و گرنگى زۆریان پێده‌دن، به‌ڵام به‌داخه‌وه له كۆمه‌ڵگه‌ى ئێمه‌دا ئه‌م توێژه تووشى له‌خۆنامۆیى (alienation) و ته‌نانه‌ت شتکراوی (Reification) و شكه‌ست هاتوون و هیچ ئاسۆیه‌كیان نییه.
"كۆمه‌ڵگه‌ى كوردستان پرۆژه‌ى مۆدێرنیته‌ى به‌شێوه‌ى كرچ و كال و كورت و ناته‌واو بهخۆوهدیووه، كه‌وابوو دۆخی ئابوورى، سیاسى، فه‌رهه‌نگى و كۆمه‌ڵایه‌تیى له‌گه‌ڵ پۆستمۆدێرنیزم نایه‌ته‌وه. راده‌ى سه‌نعه‌ت و پیشه‌سازى له كوردستان و رێژه‌ى كرێكاران و كارگه‌كان هێشتا له سه‌ره‌تاى قۆناغى سه‌نعه‌تى رۆژئاوا دایه. ئایا هه‌تا ئێستاش له كوردستان خۆپیشاندانێكى سه‌ندیكایى به‌ڕێوه‌چووه؟ ئایا كۆمه‌ڵگه‌ى كوردستان ئه‌وه‌نده ئه‌قل و زانستى به‌كارهێناوه، كه نرخاندنێكى ئه‌قڵانى پێویست بێت؟ له مێژووى سیاسى كۆمه‌ڵایه‌تى ئێمه‌دا هه‌تا ئه‌مڕۆ بێجگه له نه‌ریت و نائه‌قڵانییه‌ت شتێكی‌تر زاڵ نه‌بووه، كه‌وابوو ده‌بێ داب و نه‌ریته‌كانمان بنرخێنین، نه ئه‌وه كه ره‌خنه له مۆدێرنیته بگرین و بمانه‌وێ به‌شێوه‌ى مكانیكى ئه‌و قۆناغه تێپه‌ڕێنین. كۆمه‌ڵگه‌ى كوردستان كه هێشتا ده‌نگى رۆشنگه‌رى كانتى نه‌بیستووه، چ پێویستییه‌كى به بانگه‌شه‌ى ره‌خنه‌ى رۆشنگه‌رى فوكۆ هه‌یه؟ ئایا ئه‌مه چه‌واشه‌كارى نییه؟ ئێمه هێشتا ئه‌و جیهانه‌مان ئه‌زموون نه‌كردووه كه شیكسپێر، گۆته و كانت راڤه و كه‌شف و په‌رداخیان كرد، ئیتر چ پێویستییه‌كمان به فه‌لسه‌فه‌ى خهمساردانهى "ریچارد رورتى" هه‌یه كه "جیهانى سێهه‌م به زبڵدانى رۆژاوا ده‌زانێ". ئێمه هێشتا به‌پێی بوێرى كانتی: "دلێر به و ئه‌قڵی خۆت به‌کار بێنه"(15)، داب و نه‌ریته‌كانى خۆمانمان نه‌نرخاندووه و له‌ژێر چه‌پۆكى زاڵمان رزگار نه‌بووین. كام پاركى كوردستان له پاركه‌كانى پاریس و نیویۆرك ده‌چێ؟ ئایا ئێمه هه‌تا ئه‌مڕۆ زۆر مێژوومان خوڵقاندووه، هه‌تا به گه‌شبینییه‌وه بانگه‌شه‌ى كۆتایى مێژوو بكه‌ین؟ خوێندكاران و رۆشنبیرانى كوردستان مێژووى سه‌د ساڵه‌ى نه‌ته‌وه‌كه‌ى خۆیانیان نه‌ناسیووه و شرۆڤه‌یان نه‌كردووه، بگره فه‌رامۆشیان كردووه. فردریك جیمسون، پۆستمۆدێرنیزم به به‌رهه‌مى شكستى سیاسى ده‌یه‌كانى 1960 و 1970 ده‌زانێ. ئایا له كوردستانیش ئه‌م دیارده‌یه به‌رهه‌مى ناكامى و شكه‌ستى بزاڤه‌كانى گه‌لى كورد نییه؟
له كاتێكدا كه كۆمه‌ڵگه‌ى كوردستان پێویستى به گه‌شه و بزاڤى رزگارى به‌خشى رۆشنگه‌رى هه‌یه، ئایا ئاراسته‌كردنى باسى پۆستمۆدێرنیزم بێجگه له شێواندن و چه‌واشه‌كردنى ناسنامه‌ى ساغنهكراوهمان مانایه‌كى تر‌ى هه‌یه؟ ئایا پرۆژه‌ى مۆدێرنیته دره‌نگ ماوه‌تر ناكات؟
پۆستمۆدێرنیزم هه‌موو ئایدیۆلۆژییه‌كان و ره‌وایه‌ته گه‌وره‌كان (ماركسیزم، سۆسیالیزم، ناسیۆناڵیزم) ده‌خاته به‌ر توانجى ره‌خنه و ره‌تیان ده‌كاته‌وه به‌ڵام به‌م كاره خۆى تووشى ناكۆكى ده‌بێ و وه‌ك روایهتێكى گه‌وره و ئایدیۆلۆژیك ده‌رده‌كه‌وێ.
فریدریك جیمسون پۆستمۆدێرنیزم به لۆژیكى فه‌رهه‌نگى دواقۆناغى سه‌رمایه‌دارى رۆژاوا ده‌زانێ و ناسیۆناڵیزم به فه‌رهه‌نگى به‌ره‌نگارى جیهانى سێهه‌م ناودێر ده‌كا و ئه‌م دوو فاكته له به‌رامبه‌ر یه‌كتر داده‌نێ، من سه‌ره‌ڕاى هاوده‌نگى له‌گه‌ل ئه‌م وته‌یه‌ى جیمسون له‌گه‌ل روانگه‌ى "اعجاز احمد"یش كۆكم: "ئه‌وانه‌ى كه له‌ئاست ئه‌مپریالیزم شه‌ڕده‌كه‌ن ناتوانن به ئاسانى له ناسیۆناڵیزم چاوپۆشى بكه‌ن، ئه‌وان ده‌بێ ئه‌م قۆناغه تێپه‌ڕێنن و ده‌وڵه‌تى نه‌ته‌وه‌یى خۆیان دروست بكه‌ن و گه‌شه‌ى پێبده‌ن، پاشان به‌ره‌و قۆناغى سه‌رتر بڕۆن".(16)
كۆمه‌ڵگه‌ى ئێمه بێجگه له قه‌فه‌سى ئاسنینى وێبر، به‌شێوه‌ى جۆراوجۆر تووشى ژان و ئازار و زوڵم و سه‌ركوت هاتووه، سه‌ره‌ڕاى ئه‌وانه‌ش ئێستاش له‌ژێر زه‌ختی سته‌مى نه‌ته‌وایه‌تى و چینایه‌تی دا ده‌ناڵێنێ، كه‌وابوو ده‌بێ لهناحى ناسیۆنالیزمه‌وه تێپه‌ڕین تا بتوانین ره‌خنه‌ى لێبگرین و تێیپه‌ڕێنین.
له وه‌ها دۆخێكى مێژوویى سیاسى ناسك دا پێویسته هه‌موو هێزه پێشكهوتنخوازهكانى گه‌لى كورد، دام و ده‌زگا مه‌ده‌نییه‌كان، خوێندكاران و روناكبیران هه‌رچى زیاتر هه‌ست به ده‌ربه‌ستى سیاسى بكه‌ن و هاوپه‌یمانى دێموكراتیك و به‌ره‌ى جه‌ماوه‌رى یه‌كگرتوو دروست بكه‌ن، تا بتوانن كاروانى خه‌بات و مۆدێرنیزم به ئاقارێكى گونجاو‌دا سه‌ربخه‌ن.
له وه‌ها دۆخێكى مێژویى سیاسى ناسك و هه‌ستیاردا و له ده‌رگانه‌ى وه‌ها ده‌رفه‌تێكى ده‌گمه‌ندا، گواستنه‌وه‌ى پرۆسه‌ى مۆدێرنیزاسیۆن و نوێكردنه‌وه‌ى كۆمه‌ڵى كورده‌وارى پێویستییه‌كى مێژووییه و، ئه‌نجامى دهرکێکى دروسته و له‌گه‌ڵ هه‌لومه‌رج گونجاوه ؛ له‌م دۆخه هه‌ستیاره‌دا باسكردن له چه‌مك و دیسكۆرسى پۆستمۆدێرنیزم و بێخهیاڵى و نادهربهستى سیاسى، ئه‌وپه‌ڕى سه‌رلێشێواوى سیاسى و هه‌ژارى فكرى ده‌گه‌یه‌نێ.
كۆمه‌ڵگه‌ى ئێمه ئه‌وه‌نده له ره‌وتی فكرى، فه‌رهه‌نگى و ئابوری دوور بووه، كه هێشتا مۆدێرنیته نه‌یتوانیوه جه‌سته‌ى نه‌ریته كۆن و داڕزیوهكانمان به شهلاقى خۆى راچڵه‌كێنێ. تا بزاڤى كوردستان به مه‌نزڵگه نه‌گات و پرۆژه‌ى مۆدێرنیته ئه‌زموون نه‌كات، ناتوانین له ده‌لاقه‌ى پۆستمۆدێرنه‌وه داكۆكى له نه‌ریته‌كان بكه‌ین. ئێمه ده‌بێ به‌وپه‌ڕى وشیارى و به دیدێكى ره‌خنه‌گرانه‌وه له‌ئاست پۆستمۆدێرنیزم رابوه‌ستین و به ناسینى لایه‌نه ره‌ش و دزێوه‌كانى بزاڤى رۆشنگه‌رى و پرۆسه‌ى مۆدێرنیزاسیۆن، گه‌شه به بیرى به‌رز و رزگارى به‌خشى بده‌ین؛ وه‌ک ئادورنۆ ده‌ڵێ: "مرۆڤ له سه‌رده‌می ئه‌فسانه‌دا گیان و رۆحی به شته‌کانیش بخشیبوو، به‌ڵام رۆشنگه‌ری ته‌نانه‌ت مرۆڤه‌کانیش ده‌کاته شت."(17) ئێمه ده‌بێ به مێتۆدی هێگلی چه‌مکی رۆشنگه‌ری ئاوف هێبن/ Aufhebn بکه‌ین، لایه‌نه دزێوه‌کانی بسڕینه‌وه، لایه‌نه باشه‌کانی وه‌ربگرین و به‌مجۆره هه‌رسی بکه‌ین. ده‌بێ بیر و زه‌ین و سوبژکتیڤیتهی مرۆڤی کورد ببوژێنینه‌وه تا بتوانین سوژه‌ی وشیاری کوردی بخولقێنین و دۆخى خۆمان بناسین هه‌تا بزانین له كوێ داین و بۆ كوێ ده‌چین، ئێمه ناچارین پرۆسه‌ى مۆدێرنیزاسیۆن تێپه‌ڕێنین.
سه‌رچاوه‌كان: 1) مجله پرسیار (1) محمد حقمرادى، ص43-44. 2) هه‌مان سه‌رچاوه، ل 45-47.3) تجربه مدرنیته، مارشال برمن، مراد فرهادپور، نشر طرح ن‌و، تهران 1379، ص‌ص 125 – 126.4) هه‌مان سه‌رچاوه، ل 126-129.5) معماى مدرنیته، بابك احمدى، نشر مركز، ص‌ص 153 – 155.6) تاریخ فلسفه‌ى غرب، برتراند راسل، نجف دریابندرى.7) معماى مدرنیته، ص 157.8) جامعهى شبكهاى، مانول كاستلز، جلد سوم، نشر طرح ن‌و، ص‌ص (404 – 408).9) جامعه، فرهنگ، ادبیات، لوسین گلدمن، جعفر پوینده. نشر چشمه، تهران، 1380، ص‌ص 275-276. 10) مجله ادینه، فرج سركوهى.11) پسامدرنیزم در بوته نقد، خسرو پارسا، نشر اگاه، ص‌ص 71-72.12) سوداى مكالمه، خنده، ازادى، میخایل باختین، جعفر پونیده، نشر چمشه، 1380، ص 50.13) پسامدرنیزم در بوته نقد، خسرو پارسا، نشر اگاه، ص 74.14) هه‌مان سه‌رچاوه، ل 75-80 .15) روشن نگری چیست، کانت و دیگران، ترجمه: سیروس اریان پور، نشر اگه، تهران 1377، ص17.
16) مجله پرسیار (1) محمد حقمرادى، 53-56.
17) دیالکتیک روشنگری، ادورنو، هورکهایمر، ترجمه: مراد فرهاد پور، نشر گام ن‌و، تهران 1384، ص‌ص 29- 93.
هیچ نظری موجود نیست:
ارسال یک نظر