ئێمه و رۆمان
"شاری مۆسیقاره سپییه‌کان"
و
"شاری ده‌سته و تاقمه‌کان"
سه‌رنجێک و به‌راوردێک
هادی محه‌مه‌دی
"نوسه‌رێک که سه‌رده‌می خۆی نه‌ناسیبێت، پێش ئه‌وه‌ی به مه‌رگی سروشتی بمرێ، ده‌مرێت."
سه‌ره‌تا: رۆمان وه‌ک گرنگترین ژانری ئه‌ده‌بی سه‌رده‌می مۆدێرن ناسراوه. رۆمان بریتییه له حه‌ماسه‌ی دنیایی بورژوایی؛ دنیایه‌کی لێکترازاو و پرژوبڵاو که ئیتر له‌ودا ژانری وه‌ک تراژێدی، حه‌ماسه و لیریزم ده‌وریان نه‌ماوه و ده‌قی په‌خشان (ده‌قی رۆمان) له‌گه‌ڵ دنیای لێکترازاوی بورژوازی سازگاری ته‌واوی هه‌یه. یانی له دنیای کۆن دا که مرۆڤ له‌نێو هۆز و کۆمۆنێک دا ده‌ژی و پێوه‌ندی قووڵ و پته‌وی له‌گه‌ڵ جڤاته‌که‌ی خۆی هه‌یه، له بواری هونه‌ر و جوانیناسی دا شێعر و حه‌ماسه ده‌خولقێنی، شێعری به‌رز و تۆکمه، خاوه‌ن کێش و هارمۆنی؛ به‌رهه‌مه‌کانی هۆمێر، حافظ، نالی و ...؛ به‌ڵام له دنیای مۆدێرنی بورژوازی دا که هه‌موو هۆز و جڤاته‌کان لێکده‌ترازێن و کۆمه‌ڵگه ئه‌تۆمیزه ده‌بێ و تاکگه‌رایی و له‌خۆنامۆیی په‌ره‌ده‌ستێنێ و تاکه‌کان که‌مترین پێوه‌ندییان پێکه‌وه هه‌یه، ژانری رۆمان ده‌خولقێ، ده‌قێکی په‌خش و په‌رێشان که له‌ڕووی فۆرم و هارمۆنییه‌وه قه‌ت به ئاستی شیعر نا‌گات.
سه‌ره‌تا: رۆمان وه‌ک گرنگترین ژانری ئه‌ده‌بی سه‌رده‌می مۆدێرن ناسراوه. رۆمان بریتییه له حه‌ماسه‌ی دنیایی بورژوایی؛ دنیایه‌کی لێکترازاو و پرژوبڵاو که ئیتر له‌ودا ژانری وه‌ک تراژێدی، حه‌ماسه و لیریزم ده‌وریان نه‌ماوه و ده‌قی په‌خشان (ده‌قی رۆمان) له‌گه‌ڵ دنیای لێکترازاوی بورژوازی سازگاری ته‌واوی هه‌یه. یانی له دنیای کۆن دا که مرۆڤ له‌نێو هۆز و کۆمۆنێک دا ده‌ژی و پێوه‌ندی قووڵ و پته‌وی له‌گه‌ڵ جڤاته‌که‌ی خۆی هه‌یه، له بواری هونه‌ر و جوانیناسی دا شێعر و حه‌ماسه ده‌خولقێنی، شێعری به‌رز و تۆکمه، خاوه‌ن کێش و هارمۆنی؛ به‌رهه‌مه‌کانی هۆمێر، حافظ، نالی و ...؛ به‌ڵام له دنیای مۆدێرنی بورژوازی دا که هه‌موو هۆز و جڤاته‌کان لێکده‌ترازێن و کۆمه‌ڵگه ئه‌تۆمیزه ده‌بێ و تاکگه‌رایی و له‌خۆنامۆیی په‌ره‌ده‌ستێنێ و تاکه‌کان که‌مترین پێوه‌ندییان پێکه‌وه هه‌یه، ژانری رۆمان ده‌خولقێ، ده‌قێکی په‌خش و په‌رێشان که له‌ڕووی فۆرم و هارمۆنییه‌وه قه‌ت به ئاستی شیعر نا‌گات.
سه‌ره‌ڕای ئه‌م خاڵه، بۆچوونی بنێدیکت ئه‌ندرسۆن له‌مه‌ڕ رۆمان گه‌لێک سه‌رنجڕاکێشه. ئه‌ندرسۆن تێکنۆلۆژی چاپ و سه‌رهه‌ڵدانی ژانری رۆمان، به یه‌کێ له هۆکاره‌کانی نه‌ته‌وه‌سازی ده‌زانێ. بەڕای ئە‌ندرسۆن گە‌شە‌ی پێوە‌ندییەکان، سە‌رهە‌ڵدانی رۆژنامە‌گە‌ری، رۆماننووسی و سه‌نعه‌تی چاپ، وەک چە‌ندین دە‌رفە‌تى فەرهەنگی، بوارێک دەڕە‌خسێنن کە لە‌ودا نە‌تە‌وە وەک پێکهاتە‌یەکی یەکسان و یەکپارچە دەخولقێنن. ئە‌ندرسۆن پێی وایە کە میدیا تازەکان و به‌تایبه‌ت رۆژنامە و رۆمان وە‌ها رۆڵێک دە‌گێڕن کە لە مێشکی زۆربە‌ی خە‌ڵک دا ئامانجێکی هاوبەش دەڕوێنن. چونکە کۆمە‌ڵانی خە‌ڵک، یەک هە‌واڵ، یەک روایە‌ت و یەک بابە‌ت بە زمانێکی هاوبەش وە‌ردە‌گرن، هەموو ئە‌م فاکتە‌رانە دە‌بنە هۆی ئە‌وە کە بنە‌ماکانی هە‌ست و ئینتمای نە‌تە‌وایە‌تى لە مێشکى ئە‌وان دا بڕسکێت. به سه‌رنجدان به روانگه‌ی ئه‌ندرسۆن و به‌راوردکردنی له‌گه‌ڵ دۆخی ئێستای گه‌لی کورد، تێده‌گه‌ین که ژانری رۆمان ده‌توانێ له‌پێناو گشتگیرکردنی هه‌ست و وشیاری نه‌ته‌وایه‌تی و خولقاندنی ناسنامه‌ی نه‌ته‌ڤی دا رۆڵی گرنگ بگێڕێ؛ به‌ڵام ئاخۆ رۆمانی کوردی له چ ئاستێک دایه؟
به‌ڕای هێگل، نوسه‌ری راسته‌قینه، نه‌ته‌وه‌ی خۆی، سه‌رده‌می خۆی و خه‌ون و ئینتما و رۆحی سه‌رده‌می خۆی ده‌ناسێ ئه‌وجار ده‌ست بۆ قه‌ڵه‌م ده‌بات. هه‌روه‌ها نووسه‌ری به‌ناوبانگی فه‌رانسا، باڵزاك، كه له‌گه‌ڵ هێگل هاوچه‌رخ بووه، به‌شێوه‌یه‌كی رۆشن له‌سه‌ر ئه‌م چه‌مكه پێداده‌گرێ و له پێشه‌كی به‌ناوبانگی كۆمێدی مرۆڤی دا ده‌نوسێ: "جڤاتی فه‌رانسا، مێژوونووسه و من ته‌نیا سكرتێری ئه‌وم..." باڵزاك له شوێنیكی دیكه‌دا له‌مه‌ڕ سكرتێر ده‌ڵێ "له هه‌موو سه‌رده‌مه‌كان دا بلیمه‌تێك هه‌یه كه ده‌بێته سكرتێری سه‌رده‌می خۆی: هۆمێر، ئه‌ره‌ستوو، شیكسپێر، ماكیاڤێل، رابلێ، راسین، مولێر، ڤۆڵتێر ئه‌مانه هه‌موویان به فه‌رمانی سه‌رده‌می خۆیان ده‌ستیان بۆ قه‌ڵه‌م بردووه..."
یانی ده‌توانین بێژین ئه‌ندێشه‌ی دانتێ ئیتالیای مۆدێرنی خولقاند، بیری داستایڤسکی رووسیای مۆدێڕنی خولقاند، وه‌کچۆن پێشتر رابلێ و گۆتێ رۆحی فه‌رانسی و ئاڵمانیان خولقاندبوو. به تێڕامان له دۆخی مێژوویی ئه‌م بلیمه‌تانه و سه‌رنجێک له دۆخی رۆماننوسی کوردستان، تێده‌گه‌ین که ئاستی داهێنان و ئه‌ده‌بیاتی کورد له چ ئاستێکی نزم و نه‌وی دایه.
جڤاتی رۆشنبیری کوردستان زه‌لکاوێکی مردووه، ته‌نیا ئه‌زانێ چه‌پڵه لێبدات و نان به قه‌رز بدات، وه‌کچۆن گۆرانی عه‌زیزی وه‌یسی ئاستی موزیک و چێژی هونه‌ری زۆرینه‌ی خه‌ڵک [باشور] دیاری ده‌کات، له بواری ئه‌ده‌بیاتیش دا هه‌ندێ به‌رهه‌م به ده‌یان کۆڕ و سمیناری بۆ ده‌گیردرێ، که ته‌نیا پێیدا هه‌ڵده‌ڵێن و هیچی تر؛ خۆ که‌سێک په‌یدا نابێ دوو دێڕ شیکردنه‌وه بنوسێ و ئاستی جوانیناسی خوێنه‌ران په‌روه‌رده بکا و نوسه‌ر وشیار بکاته‌وه که نه‌توانێ هه‌ر جۆره توڕه‌هاتێ به هونه‌ر و به رۆمان بزانێت و ده‌رخواردی خه‌ڵکی هه‌ژاری نه‌خوێنده‌واری بدات. بێگومان ئه‌گه‌ر خوێنه‌ری کورد، بێجگه له زمانی کوردی، زمانی تر بزانێ و بتوانێ شاکاره به‌رزه‌کانی ئه‌ده‌بی جیهانی بخوێنێته‌وه، زۆر به‌رهه‌می کوردی و به‌تایبه‌ت به‌رهه‌مه‌کانی به‌ختیار عه‌لی چێژی هونه‌ری پێنابه‌خشێ. به‌ختیار عه‌لی وزه و توانایه‌کی به‌رینی هه‌یه بۆ نووسین و گێڕانه‌وه، به‌ڵام هێشتا زمانی نوسینی خۆی پوخته و په‌رداخ نه‌کردووه. سه‌ره‌تای به‌رهه‌می شاری مۆسیقاره سپییه‌کان به زمانێکی تۆکمه و به‌هێز ده‌ست پێ ناکات، به‌ڵکوو به ریتمی به‌په‌له و خێرا ده‌ست پێده‌کات، وه‌ک بڵێیی نوسه‌ر په‌له‌یه‌تی:
"سه‌ره‌تای ئه‌م چیرۆکه‌مان له فرۆکه‌خانه‌ی سخیپهۆڵه‌وه له نزیک ئه‌مسته‌ردامه‌وه ده‌ست پێده‌کات، ساڵی 1998 که بۆ دووه‌مجار ده‌مویست بگه‌ڕێمه‌وه بۆ کوردستان. ئه‌وکات له‌نێو گه‌لێک کێشه و گرفتی گه‌وره‌ی ژیاندا نوقمبووبووم، رۆژگارێک ده‌ژیام به‌سه‌ختی له دڵه‌وه پێکرابووم و باوڕم به شتێک نه‌مابوو، هه‌ر له‌و هه‌فته‌یه‌دا ژنه‌که‌م بێهۆ ته‌ڵاقنامه‌یه‌کی له دادگاوه بۆ ناردم و نێوان من و ئه‌و بۆ هه‌تاهه‌تایه کۆتاییهات. بۆ چاره‌سه‌رکردنی ئه‌و کێشه‌یه و سه‌رپه‌رشتیکردنی منداڵه‌کانم، ده‌بایه له رێگه‌ی شامه‌وه بگه‌ڕێمه‌وه بۆ وڵات..." (ل.7)
زمانی ده‌ستپێکردنی رۆمان ئێجگار گرنگه و پێویسته نوسه‌ر چ له رووی فۆرم و چ له‌ڕووی ناوه‌رۆکه‌وه سه‌رنجی خوێنه‌ر رابکێشێت. بۆ وێنه "سادق هدایه‌ت"، نوسه‌ری گه‌وره‌ی ئێرانی، به‌م دێڕانه رۆمانی "کوندی کوێر" ده‌ست پێده‌کا که هه‌تا ئێستاش هه‌موو خوێنه‌ران سه‌رسام ده‌کات:
"در زندگی زخمهایی هست که مثل خوره آهسته روح را در انزوا می خورد و می تراشد." (بوف کور، ص 4).
خوێنه‌ر سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی فۆرمی ره‌وان و هه‌راوی زمان هه‌ست پێده‌کات، ده‌زانێ که نوسه‌ر خاوه‌ن ده‌رد و ژان و مه‌راقه، خاوه‌ن ئه‌ندێشه‌ی به‌رز و تراژیکه و خه‌م و مه‌راقه‌کانی، ژان و ئازاری مرۆڤێکی تیپیکن و ره‌نگ و بۆنی قووڵی مێژوویی فه‌لسه‌فی پێبه‌خشیون. به‌ڵام ده‌سپێکی شاری مۆسیقاره سپییه‌کان نه له رووی فۆرم و نه له‌ڕووی ناوه‌رۆکه‌وه سه‌رنجی خوێنه‌ری وشیار ڕاناکێشێ. کێشه‌ی گه‌وره‌ی شه‌ره‌فیار (راوی) ئه‌وه‌یه که ژنه‌که‌ی ته‌ڵاقی سه‌ندووه، نه‌ک ژان و ناسۆرێکی قووڵی ئینسانی.
به‌ڵام بڕوانن عه‌تا نه‌هایی به چ شێوه‌یه‌ک رۆمانی "گره‌وی به‌ختی هه‌ڵاڵه" ده‌ست پێده‌کات:
"ئه‌وه چاره‌نوسی تۆیه هه‌ڵاڵه، که خه‌نجه‌رێک شاخه‌و شاخ، شاره‌و شار و وڵاته‌و وڵات شوێنت بکه‌وێ، تا لێره، له ستۆکهۆڵم، له گه‌ڕه‌کی فله‌مینسبێرگ، نهۆمی چواره‌می باڵه‌خانه‌ی ژماره هه‌ژده له سنگت بچه‌قێ. خه‌نجه‌رێکی مشتوو کاره‌با که سه‌ری مشتووه‌که‌ی سه‌ره داڵێکی ئاسنی بێت، به ده‌نووک و زاری کراوه و، چاوه‌کانیشی دوو چاڵی ره‌ش بن. کێ ده‌زانێ ئه‌و خه‌نجه‌ره له کێلانی ئێستا ونبوویدا قه‌فی پشتێنی چه‌ند نه‌وه له پیاوانی وڵاتی به‌ردی پشکنیوه؟ سنگی چه‌ند نه‌وه له ژنانی وڵاتی بارانی هه‌ڵدڕیوه؟ ئه‌و خه‌نجه‌ره ئێستاش ده‌مه‌که‌ی خوێنی لێ ده‌تکێ هه‌ڵاڵه." (گره‌وی به‌ختی هه‌ڵاڵه، ل. 7)
نوسه‌ر به‌مجۆره هه‌ر له یه‌که‌م دێڕه‌کان دا خوێنه‌ر سه‌رسام ده‌کات، ریالیزمێکی زیندوو و هه‌راو، هه‌وێنی ئه‌م به‌رهه‌مه پێکدێنێ. ریالیزمێک که قووڵترین ژان و ئازار و کێشه‌کانی جڤاتی کورده‌واری له دۆخێکی هه‌ستیاری تیپیکی مێژوویی دا ده‌نه‌خشێنێ. نوسه‌ر له فۆرم و شێوازی زمان دا ساڵگارێک کاری کردووه تا توانیویه به سه‌رچاوه‌ی زمانی ره‌سه‌نی کوردی بگات و ببێت به خاوه‌ن ستایل. هه‌ر ئه‌مه‌ش ده‌توانێ سه‌رکه‌وتنی گه‌وره بۆ نوسه‌ر به‌دی بێنێ.
رۆمانی "گره‌وی به‌ختی هه‌ڵاڵه" به‌سه‌رهاتی دۆخێکی مێژوویی تیپیکه که کۆمه‌ڵێک که‌سێتی تیپیک له‌ودا رۆڵ ده‌گێڕن. حه‌مه ڕه‌شید ئاغا نمونه‌ی ئه‌قڵی دۆگمی نه‌وه‌ی کۆنه که خه‌ریکه ده‌وری داده‌چی و به‌ره‌و هه‌ڵدێری نه‌مان ده‌ئاژوێ، سه‌ره‌ڕای ئه‌مه‌ش له رێگه‌ی شێرزاده‌وه میراتی ده‌سه‌ڵاتی سه‌ره‌رۆیی به‌جێدێڵی و ئه‌و خه‌نجه‌ره که هه‌ڵاڵه ده‌کوژی، خه‌نجه‌ری حه‌مه‌ڕه‌شید ئاغایه، وه‌ک هێمای باوکێکی پاوانخواز و...
ره‌نگه تیپیکترین پرسۆناژ، که‌سێتی هه‌ڵاڵه‌یه که وه‌ک هێمای ژنێکی جڤاتی رۆژهه‌ڵاتی رۆڵ ده‌گێڕێ که خه‌ریکه وشیار ده‌بێته‌وه و به مافی ره‌وای خۆی ده‌زانێ که بخوێنێ و ئه‌ڤیندار ببێ و بتوانێ چاره‌نوسی خۆی دیاری بکات، به‌ڵام ئه‌قڵی پاوانخوازی پیاو/ باوک/ حه‌مه ره‌شید ته‌نانه‌ت له سوئێدیش وازی لێناهێنێ و به‌شێوه‌ی تراژیک ده‌یکوژێت.
له‌ژێر زه‌ختی کۆمه‌ڵی دواکه‌وتوودا و به ویستی حه‌مه‌ڕه‌شید خان هه‌ڵاڵه بۆ چه‌ندین ساڵ کچێبوونی خۆی له‌بیر ده‌کا و خۆی به کوڕ ده‌زانێ:
- تۆ هه‌ڵه‌ی.
- من هه‌ڵمه‌تم.
حه‌مه‌ڕه‌شید خان به‌رده‌وام ده‌ڵێ: "هه‌ڵه کوڕی خۆمه". به‌ڵام سه‌رئه‌نجام هه‌ڵاڵه پاش ناسینی برایمۆک وشیار ده‌بێته‌وه و ده‌چێته به‌ر باڵا ئاوێنه و سه‌یری خۆی ده‌کات، که له‌پڕ گوڵاڵه‌ی خۆشکی پێده‌ڵێ: "ئه‌ویش هه‌ڵاڵه کوڕه ئازاکه‌ی حه‌مه‌ڕه‌شید ئاغا". نوسه‌ر له نوسینی ئه‌م به‌شه‌دا زۆر سه‌رکه‌وتووه.
هه‌روه‌ها سه‌عاده‌ت خانم وه‌ک نمونه‌ی ژنێکی کڵوڵ و بێ به‌شی کۆمه‌ڵی کورده‌واری رۆڵ ده‌گێڕێ که سه‌ره‌ڕای ئه‌مه‌گ و وه‌فاداری، حه‌مه ڕه‌شید ژنی به‌سه‌ردا دێنێ و ته‌نیا کاری ده‌بێته گریان و خه‌م خه‌فه‌ت.
هه‌روه‌ها برایمۆک و سه‌عید ره‌حمانی دوو که‌سێتی تیپیکی ترن که وه‌ک هێمای ده‌ربه‌ستی و بوژانه‌وه و بیری ره‌سه‌ن رۆڵ ده‌گێڕن، بیرێک که به ئه‌قڵ و لۆژیک، دنیای کۆن و نه‌ریتی ئه‌ندێشه‌ی حه‌مه‌ڕه‌شید و شێرزاد په‌راوێز ده‌خا و به قووڵی سه‌رنجی هه‌ڵاڵه راده‌کێشێ و رۆحی ده‌سته‌مۆ ده‌کات. به‌ڵام هه‌ڵاڵه له‌نێوان ئه‌م دوو جه‌مسه‌ره‌دا ئه‌گه‌رچی بڕیاری خۆی داوه و له‌گه‌ڵ به‌ره‌ی روناکی دایه، به‌ڵام هێشتا ده‌ترسێ و له دڵه‌ڕاوکێ دایه. زۆر جار ده‌ڵێ: "برایمۆک من زۆر له ژێر کاریگه‌ری تۆ دام؟". "برایم/ سه‌عید پێت خۆشه ماچم بکه‌ی". یانی هێشتا زۆری ماوه که هه‌ڵاڵه به ئاستێک بگات که بڵێ: "برایمۆک حه‌ز ده‌که‌م ماچت بکه‌م".
مه‌جیدیش وه‌ک که‌سێکی تیپیک رۆڵ ده‌گێڕێ، به‌ڵام رۆڵی لاوه‌کی....
نوسه‌ر له درێژه‌ی به‌رهه‌مه‌که‌ی دا به‌شێوه‌ی زانستی و هونه‌رمه‌ندانه هێما و سه‌مبۆڵ و ئه‌فسانه و به‌سه‌رهاتی مێژوویی به‌کار دێنێ. وه‌ک ئه‌فسانه‌ی دێوه‌کان و قاره‌مانێتی میرخوناوک و گه‌یشتن به خاتوو کڵاوزێر، بو وه‌سفکردنی دۆخی خه‌بات و به‌ندکرانی حه‌مه ره‌شید ئاغا. یان لێکچوونی به‌سه‌رهاتی مێژوویی ژاندارک و دۆخی هه‌ڵاڵه. نوسه‌ر به تێکهه‌ڵکێشکردنی چه‌ندین توخمی تیپیک و سه‌مبۆڵیک، له بارودۆخێکی مێژوویی کۆمه‌ڵایه‌تی تیپیک دا، توانیویه به باشترین شێوه به‌رهه‌مه‌که‌ی په‌رداخ بکا و فۆرم و هارمۆنی پێ بدات.
یه‌کێ له گرنگترین تێکنیکه‌کانی رۆمان، زمان و شێوازی دیالۆگه. نوسه‌ر به هه‌ر راده‌یه‌ک بتوانێ زمانی دیالۆگی پرسۆناژه‌کان به‌شێوه‌ی به‌هێز و زیندوو دابڕێژێت، فۆرم و پێکهاته‌ی رۆمان سه‌رکه‌وتوتر ده‌بێت. با به‌شێک له دیالۆگی به‌رهه‌می شاری مۆسیقاره سپییه‌کان [بۆیه ده‌ڵێم به‌رهه‌م، چونکه من پێم وایه نابێ ئه‌م ده‌قه وه‌ک رۆمانی مۆدێرن و مێژوویی بزانین] بێنینه‌وه:
"...جه‌لاده‌ت ده‌یگووت: پرته‌قاڵی بابلی ... سامیری هاوڕێم... بمبوره، بمبوره، من دوژمنی تۆ نیم، من دوژمنی که‌س نیم.. هاوار، سه‌یرکه من دوژمنم نییه. به‌ڵام تۆ ده‌بێ سزای خۆت وه‌رگریت... له‌به‌ر خاتری هه‌موومان، له پێناوی خۆتدا... له‌پێناوی هه‌موماندا... له‌پێناوی هه‌موو شتێکدا، تێده‌گه‌یت... تۆ دیلی منیت و ده‌بێ من بیربکه‌مه‌وه چۆن سزای خۆت وه‌رگریت... من نامه‌وێ ببم به جه‌لاد... نامه‌وێت، به‌ڵام ده‌بێ رێگایه‌ک هه‌بێت تۆ ببیته‌وه به مرۆڤ، ئه‌و رێگایه‌ش یان رێگای سزایه یان رێگای لێبوردن... له‌و دوو رێگایه زیاتر هیچی تر نییه، به‌ڵام پرته‌قاڵی بابلی... من هه‌موو شتێک نیم... من ئه‌و که‌سه نیم ئه‌و که‌سه نیم ئه‌و هه‌قه‌م هه‌بێت سزات بده‌م یان لێت ببورم... ده‌بێ دادگایه‌ک لێتببورێت... دادگایه‌ک... وا نییه، ده‌بێ دادگایه‌ک لێتببورێت...
سامری بابلی ده‌ڵێت: چ دادگایه‌ک؟ ... ئه‌ی منداڵی نه‌جیب.. چ دادگایه‌ک؟ هه‌موو ئه‌وانه له‌م وڵاته دادگایان به‌ده‌سته، خۆیان له من خراپترن.."
جه‌لاده‌ت وه‌ک خه‌یاڵێکی باڵدارو قووڵ له‌سه‌ری دابێت، ده‌ڵێت: نا سامری بابلی من تۆ ته‌سلیمی دادگای حیزبه‌کان ناکه‌م...
جه‌لاده‌تی کۆتر به سه‌رسامییه‌وه ده‌پرسێ: به‌ڵام چ دادگایه‌ک... جه‌لاده‌تی کۆتر، چ دادگایه‌ک؟"
جه‌لاده‌تی کۆتر، ده‌ست ده‌خاته گیرفانی و به نیگایه‌کی پڕ ماناوه ته‌ماشایده‌کات و ده‌ڵێت: دادگایه‌ک من و تۆ پێکه‌وه دایده‌نێین...(ل. 337)
وه‌ک ده‌بینین ئه‌م دیالۆگه له فه‌زایه‌کی مردوودا رووده‌دات، ئه‌مه‌ش هۆی ئه‌وه‌یه که نوسه‌ر نه‌یتوانیوه دوو لایه‌نی دیالۆگ بخولقێنێت، به‌ڵکوو هه‌ر ته‌نیا خۆی قسه ده‌کات. به‌ڵام بڕوانن عه‌تا نه‌هایی له چیرۆکی "رابردوویه‌ک له ئاگردا" چۆن له شێوازی دیالۆگ که‌ڵک وه‌رده‌گرێ و فه‌زاسازی ده‌کات:
- "به‌رۆکیان پێگرتم به‌هێ. لێیان دام. به چاوت له‌به‌ر دڵی تۆ هیچم نه‌وت، به سواڵکه‌ر و شێت و بێکه‌س و کاریان کردم. دانم به جه‌رگی خۆما گرت."
- "لاڵ بم مه‌حه. تاوانی من چییه؟ بۆ به منیان نه‌کرد؟ من که‌م تێڵام خوارد؟ ده‌ستم نه‌شکا؟ قاچم نه‌شکا؟ مه‌حه گیان منیش وه‌ک تۆ چه‌رمه‌سه‌ریم زۆر دیوه، به‌سه‌رت هه‌ر ئێستا ببیستنه‌وه چاوم به تۆ که‌وتووه و قسه‌م له‌گه‌ڵدا کردووی ده‌مکوژن. ئه‌مجاره به راستی ده‌مکوژن."
- "راست ده‌که‌ی؟ ده‌ی که‌واته به قسه‌م بکه."
- " چیت به قسه بکه‌م مه‌حه؟ چۆن شتی وا له من ده‌وه‌شێته‌وه؟"
- "به‌هێ گیان، چاوه‌که‌م، چۆن پێمڵ به کارێکت ده‌که‌م شیاوی تۆ نه‌بێ؟ به‌ڵام پێویسته وا بکه‌ین. وا نه‌بێ من و تۆ هه‌رگیز بۆ یه‌ک نابین."
- "خودا گه‌وره‌یه مه‌حه، وا مه‌ڵێ."
- "هه‌زار ساڵه خودا گه‌وره‌یه و دڵدار له یه‌ک جودا ده‌کرێنه‌وه. به قسه‌م بکه هه‌ر ئه‌مشه‌و ده‌ستی یه‌ک ده‌گرین و ده‌ڕۆین. به شه‌رعی خودا و پێغه‌مبه‌ر ماره‌ت ده‌که‌م..."
- "شتی وا نابێ مه‌حه، که‌سوکارم سه‌رشۆڕ ده‌بن."
- "که‌وابوو منت خۆش ناوێ. هه‌رگیز منت خۆش نه‌ویستووه."
- "وا مه‌ڵێ، تووڕه مه‌به. ئاماده‌م گیانم به قوربانت بکه‌م."
- "کوا؟ ئه‌ی بۆ له‌گه‌ڵم نایه‌یت."
- "دڵم نایهێنێ مه‌حه. نامه‌وێ دڵت بشکێنم، به‌ڵام دڵم نایهێنێ... ده‌ترسم..."
- "له هیچ مه‌ترسه به‌هێ. تا من له لات بم له هیچ مه‌ترسه."
سه‌گوه‌ڕ نه‌ما. ته‌نیا گورگه لوورێکی دوور کپی و بێده‌نگی شه‌و ده‌گه‌چڵێنێ...(عه‌تا نه‌هایی، سه‌رجه‌م چیرۆکه‌کان، ده‌زگای ئاراس، هه‌ولێر 2006، ل 165-166).
وه‌ک بینیمان تێکنیکی دیالۆگ لای عه‌تا نه‌هایی ته‌واو زیندووه، ئه‌م دیالۆگه خودی ژیانه و هه‌ستی ره‌سه‌نی هه‌ر دوو لایه‌نی دیالۆگ له‌ڕووی ده‌روونی و سایکۆلۆژیکه‌وه ده‌رده‌خات. هه‌روه‌ها رسته‌کانی کورت و پوخته و زمانیشی ئێجگار تۆکمه و به‌هێزه. دیاره پاش ته‌مه‌نێک زه‌حمه‌ت و شه‌ونخونی، به وه‌ها زمانێکی پوخته و په‌رداخ گه‌یشتووه.
شێرزاد حه‌سه‌ن له رۆمانی حه‌سار دا بۆ ده‌رخستنی دنیای تاکده‌نگی حه‌سار (که وه‌ک هێمای جڤاتی دواکه‌وتوو رۆڵ ده‌گێڕێ) به‌شێوه‌ی زانستی، تێکنیکی دیالۆگ به‌کار دێنێ و فه‌زایه‌ک ده‌خولقێنێ که دنیای خه‌فه‌قان و تاکده‌نگی حه‌سار ده‌نه‌خشێنێ:
"دایه گه‌وره به لێوه له‌رزه‌وه وتبووی:
- پیاوه‌که... ئه‌وه؛ هاتووم ... بڵێم..."
[پیاو] هیچ وڵامێکی نه‌دابۆوه.
- دوباره وتبووی: "پیاوه‌که... ده‌مێکه ده‌مه‌وێ..."
[پیاو] ده‌نێو کلکی که‌روێشکه‌کان و گونی پشیله‌کان و ده‌نووکی بولبوله‌کانه‌وه سه‌ری هێنابووه ده‌رێ...و لێی پرسیبوو:
"ها حه‌بێ خێره، ناشێ بۆ به‌زمی شه‌و هاتبیت؟ ئه‌شهه‌دوو هه‌قی گله‌ییت هه‌یه... به‌ڵام چی بکه‌م؟ خۆ تۆ دنیا دیته‌ی، گه‌ره‌کمه ئه‌و بووکه تازه‌یه تێر بکه‌م... پێیان بڵێ ئه‌مشه‌و نۆره‌ی هیچ کامیان نییه... ئه‌مشه‌و به نیازم له‌گه‌ڵ پشیله و که‌روێشک و سمۆره‌کانم بنووم..."
- نا پیاوه‌که من بۆ ئه‌وه نه‌هاتووم.
حه‌بێ که‌مێ له‌ولاتر له‌سه‌ر چیچکان وه‌ستابوو، [پیاو] سه‌ری زمانی له ده‌نوکی بولبول و گونی پشیله‌کان ده‌خشاند، بولبوله‌کان لیکی ژه‌هراوی باوکه‌یان هه‌ڵده‌مژی، پشیله‌کان به لێو له گون خشاندن ختوکه‌یان ده‌هاتێ و هه‌ڵده‌به‌زین، نه‌رمه چه‌پۆکیان له که‌پۆی گیر ده‌کرد، لێوی شه‌قاری که‌روێشکه‌کانی ماچ ده‌کرد، ده‌تریقایه‌وه و بولبوله‌کان هه‌ڵده‌فڕین، سمۆره‌کان راده‌چه‌نین، پشیله‌کان ده‌سڵه‌مینه‌وه و پاش تاوێک دیسان لێی نزیک ده‌بوونه‌وه، که‌روێشکه‌کان ... به فیکه‌یه‌ک هه‌موویان ده‌هاتنه باوه‌شی. حه‌بێ به ترسه‌وه وتبووی: "هاتووم... بڵێم..."
ئه‌م وتبووی:
- حه‌بێ هیچ مه‌ڵێ... گوێ بگره... چۆنه پشیله‌کانم بخه‌سێنم؟
- بۆچی پیاوه‌که؟
- چۆن بۆچی؟ پیره قۆتر... نه‌فام... نابینی ئه‌و حیزبابانه گونیان له گونی من خڕتره.
له‌سه‌ر لا پاڵ که‌وتبوو، دوو قاچی کورتی یه‌کێ له پشیله‌کانی بڵاو کرده‌وه و توند که‌ڵبه و ددانی له گونی گیرکرد... زاڵمانه و وه‌حشیانه رایته‌کاند و شاده‌ماره‌کانی قرتاند، قرته‌یه‌ک و پشیله پڕ به دیوه‌خان زریکاندی، ناڵاندی... مڕاندی...[پیاو] هه‌ر دوو هێلکه‌ی خوێناوی له‌نێو که‌ڵبه‌کانی بوون... تریقایه‌وه، له‌م گوپه‌وه بۆ ئه‌و گوپ گه‌مه‌ی پێده‌کرد... حه‌بێ له حه‌ژمه‌تا به هه‌ر دوو ده‌ست چاوه‌کانی داپۆشی...
- چاکه حه‌بێ هه‌ر شه‌وێ یه‌کێکیان ده‌خه‌سێنم.
- کابرا... گوناهت ده‌گا.
- ژنێ گوناه ئه‌وه‌یه دوو رۆژی دیکه ره‌شه‌مێیه و نامه‌وێ له به‌رچاوی کچه‌کانم بکه‌ونه مڕه مڕ و سواری یه‌کدی بن.
- که‌یفی خۆته پیاوه‌که.
- ئه‌ڵبه‌ت که‌یفی منه... هه‌وه‌س کوشنده‌یه... تۆ سه‌رت سپی کردووه و ده‌یزانی.
- به‌ڵام پیاوه‌که...
- قسه مه‌که و سه‌یری سمێلی ئه‌و حیزبابانه بکه... سه‌یری گونی تورتیان بکه... به وه‌ڵاهی من به‌خیلیان پێده‌به‌م...
- پیاوه‌که ... من هاتبووم که پێت بلێم...
- جگه له خۆم و ئه‌سپه‌که‌م چ نێر هه‌بێ وزه‌ی تێا ناهێڵم، بۆم بکرێ مێشوله‌کانیش ده‌خه‌سێنم...
- تۆ خۆت گه‌وره و سه‌رداری حه‌ساری، چیت پێ باشه وا بکه... به‌ڵام من بۆ ئه‌وه نه‌هاتبووم... من هاتبووم بڵێم...
- بڵێ با رزگارم بێ...
پشیله‌ی بن سک خوێناوی وه‌ک پیاوێکی خه‌سیو له‌سه‌ر ته‌نیشت که‌وتبوو و ده‌یناڵاند... یان ده‌مرد...
- پیاوه‌که هاتبووم بڵێم کوڕ و کچه‌کانت زۆریان وا پیر بوون... خوا هه‌ڵناگرێ، به ته‌مای چیت ... ها؟ کوڕی نۆبه‌ره‌ت سه‌ر و ریشی سپی بوو، ئه‌رکی هه‌موو حه‌ساره‌که‌ی به‌سه‌ر شانه‌وه‌یه... ده‌با دڵت نه‌رم بێ و خه‌می ژنێکی بۆ بخۆین... دایکیان لاڵ بێ... زۆربه‌ی کچه‌کانت چقه‌یان ده‌رکرد...
...
- گوێ بگرن... بۆ دوا جار... لێره له‌م حه‌ساره‌ی من، نه کوڕ ژن دێنێ و نه کچ ده‌توانێ شوو بکا، ئه‌وه‌ی خۆی به کچی من داده‌نێ ده‌بێ ده‌نێو تاریکی ژووره‌که‌شی دا حورمه‌تی خۆی و من و ئه‌م حه‌ساره رابگرێت... ئاگاتان له خۆتان بێ... هه‌ر هه‌وا و هه‌وه‌سه که ئه‌م حه‌ساره ده‌ڕمێنێ... (شێرزاد حه‌سه‌ن، سه‌رجه‌می به‌رهه‌م رۆمانه‌کان (2) ل. 38-39 40).
وه‌ک ده‌بینین شێرزاد حه‌سه‌ن به‌م جۆره دیالۆگه فه‌زای سایکۆلۆژیکی حه‌ساری به‌شێوه‌ی وردبینانه نه‌خشاندووه. حه‌بێ چه‌ندین جار به لێوه له‌رزه ده‌یه‌وێت بدوێت به‌ڵام یان له ترس‌دا ناوێری قسه‌ی خۆی بکات، یان پیاو (باوک) ناهێڵی قسه بکا و ده‌م کوتی ده‌کات. حاڵه‌تی رۆحی هه‌ر دوو لایه‌نی دیالۆگ به‌شێوه‌ی سروشتی و زیندوو داڕێژراوه. هه‌روه‌ها زمانی شێرزاد زۆر له زمانی به‌ختیار عه‌لی پوخت و پاراوتره، رسته‌کان کورتن و به رۆشنی په‌یامی نوسه‌ر ده‌گه‌یه‌نن، به‌ڵام سه‌ره‌ڕای ئه‌مه‌ش زمانی شێرزاد به زمانی عه‌تا نه‌هایی نا‌گات.
له ڕووی جیهانبینی و ئه‌ندێشه‌وه، نوسه‌ر (شێرزاد حه‌سه‌ن) کوڕی سه‌رده‌می خۆیه، رۆحی سه‌رده‌می خۆی به‌دروستی ناسیوه، خاوه‌ن ژان و ئازار و باری گرانه، دیاره تا مرۆڤ باری سه‌رشانی قورس و گرانتر بێت، ژیانی پڕماناتره. شێرزاد هۆکاری دواکه‌وتۆیی کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی به وردی ناسیوه: ده‌سه‌ڵاتی بێ سنوری پیاو (باوک) له هه‌موو ره‌هه‌نده‌کان دا، زاڵبوونی تاک ده‌نگی و قه‌ده‌غه بوونی فره‌ده‌نگی، زاڵبوونی فه‌رهه‌نگی دۆگم و رووگرژی تاناتوسی که هه‌ر جۆره توخمێکی عشق و ئێرۆتیک ده‌کوژێ و سێبه‌ری ره‌شی مه‌رگ و تازیه‌باری ده‌سه‌پێنێ. له وه‌ها فه‌زایه‌ک دا قاره‌مانی به‌رهه‌مه‌کانی شێرزاد سه‌ربزێوی ده‌کا، نۆرم و نه‌ریتی داڕزیوی کۆمه‌ڵگه پێشێل ده‌کا و حه‌ساره‌کان ده‌ڕوخێنێ تا به ئازادی بگات و دۆخێکی سازگارتر بخولقێنێ.
بۆوه‌ی به‌های جوانیناسی دنیای رۆژاوا بناسین لێره‌دا کوپله‌یه‌ک له لوسیه‌ن گوڵدمه‌ن دێنینه‌وه، پێویسته ئه‌وه‌ش بزانین که گوڵدمه‌ن وه‌ک خۆی ئاماژه‌ی پێده‌کات، میراتداری ره‌وتێکی فه‌لسه‌فی جوانیناسانه‌یه که به کانت، شیلێر، هێگل ده‌ست پێده‌کات تا به مارکس و لوکاچ ده‌گات: گوڵدمه‌ن به‌های ئستاتیکی فۆرمی ئه‌ده‌بی به‌مجۆره پێناسه ده‌کات:
"ئاشکرایه كه چه‌مكێكی تایبه‌ت بنه‌مای هه‌موو تۆژینه‌وه‌كانی ئێمه له‌مه‌ڕ جوانیناسی به‌گشتی و جوانیناسی ئه‌ده‌بی به‌تایبه‌تی پێكدێنێ. ئه‌م چه‌مكه هه‌ر ئه‌و بیره‌یه كه جوانیناسی كلاسیكی ئاڵمان له كانت و له ڕێگه‌ی هێگل و ماركسه‌وه تا لوكاچی لاو په‌ره‌ی پێداوه، که له‌لایه‌ك به‌های جوانیناسانه به جۆرێك ناكوكی چاره‌سه‌ركراوی نێوان فره‌چه‌شنی و هه‌راوی به‌رهه‌ست ده‌زانێ و، له‌لایه‌كی تره‌وه ئه‌م به‌هایه به یه‌كێتییه‌ك ده‌زانێ كه ئه‌م فره‌چه‌شنییه وه‌ک پێكهاته‌یه‌كی تۆكمه رێك ده‌خات. له‌م روانگه‌یه‌دا به‌رهه‌می ئه‌ده‌بی كاتێ گرنگتر و پڕبایه‌ختره كه ئه‌م ناكۆكییه له‌ودا به‌هێزتر بێ و به باشترین شێوه چاره‌سه‌ر كرابێت، یانی ئه‌وه كه هه‌راوی و فره‌چه‌شنی دنیای به‌رهه‌م قووڵ و به‌رین بێ و ئه‌م دنیایه نه‌زم و سامانێكی رێك‌وپێكی هه‌بێ و جۆرێک یه‌كێتی تۆكمه پێک‌بێنێ."
ئه‌گه‌ر به‌م پێوه‌ره فۆرم و پێکهاته‌ی رۆمانی کوردی راڤه بکه‌ین، به ده‌گمه‌ن به‌رهه‌مێکی به‌رز و شاکار ده‌بینین. زۆربه‌ی رۆمانه‌کان به‌رهه‌می نزم و نێوه‌نجین، یانی نه‌یانتوانیوه دنیایه‌کی فره‌چه‌شن و هه‌راو، پڕاوپڕ له چه‌ندین تۆخمی جیاواز، ناکۆک و دژواز بخولقێنن و؛ له‌م ناکۆکی و دژوازی و فره‌چه‌شننییه، تۆکمه‌ترین فۆرم بخولقێنن. ئایا ره‌وشی راسته‌قینه‌ی جڤاتی کورده‌واری، وه‌ها دۆخێکی هه‌راوی به‌خۆوه نه‌دیوه، یان نوسه‌ران نه‌یانتونیوه وه‌ها دۆخێک به قووڵی ببینن و بینه‌خشێنن؟ به‌ڵام ده‌توانین بێژین دوو به‌رهه‌می مه‌زنی "کلیدر" به‌رهه‌می ده‌وڵه‌ت ئابادی و "حه‌مه‌دۆک" به‌رهه‌می یاشار که‌ماڵ، به‌پێی ئه‌م پێوه‌ره، دوو شاکاری ئه‌ده‌بین.
جۆرج لوکاچ له کتێبی به‌ناوبانگی "رۆمانی مێژوویی" دا به‌شیکاری و تۆژینه‌وی قووڵ و سۆسیۆلۆژیک، بارودۆخی مێژوویی کۆمه‌ڵایه‌تی سه‌رهه‌ڵدان و په‌ره‌سه‌ندنی رۆمان، وه‌ک ژانرێکی ئه‌ده‌بی راڤه ده‌کات، ئه‌و ده‌نووسێ:
"رۆمانی مێژوویی سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌م، له كاتی روخانی ناپلیۆن دا سه‌ریهه‌ڵدا (ڤیورلی به‌رهه‌می ڤاڵتر سكات ساڵی 1814 بڵاوبۆوه)... به‌كورتی پێش ڤالتر سكات رۆمانی مێژوویی به‌دی ناكه‌ین. ره‌خنه‌گری گه‌وره‌ی فه‌رانسی بوالۆ، كاتێ باسی رۆمانی مێژوویی چاخی خۆی ده‌كات، ته‌نیا گرنگی به دۆخی كۆمه‌ڵایه‌تی و ده‌روونناسی خه‌ڵك ده‌دات. بۆ وێنه ده‌ڵێ جۆری خۆشه‌ویستی شا له‌گه‌ڵ شوان جیاوازه... به‌ڵام ته‌نانه‌ت رۆمانی گه‌وره‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و ریالیستی سه‌ده‌ی هه‌ژده‌هه‌م كه له باسكردنی داب و نه‌ریت و ده‌روونناسی سه‌رده‌می خۆی دا رێگایه‌كی بۆ گه‌یشتن به راستییه‌كان كرده‌وه كه بۆ ئه‌ده‌بیاتی جیهانی لایه‌نی پێشكه‌وتنخوازانه‌ی هه‌بوو، پرسی نه‌خشاندنی پرسۆناژه‌كان وه‌ك مرۆڤی چاخێكی تایبه‌ت و دیاریكراو ئاراسته ناكات... نووسه‌ر هێشتا ئه‌م پرسه گه‌ڵاڵه ناكات كه دنیای هاوچه‌رخ له كه‌نگێوه و به چ شێوه‌یه‌ك گه‌شه‌ی كردووه..."
ئه‌م قۆناغه له مێژوو که لوکاچ به سه‌ره‌تای په‌یدابوونی رۆمانی مێژوویی ناودێری ده‌کات، زۆر دروست و وردبینانه‌یه، یانی رێک له کاتێک دا که هێگل به داهێنانی مێتۆدی دیالکتیکی هه‌موو چه‌مک و گوتارێکی مێژواندووه[1]. یانی ته‌نانه‌ت به‌هێزترین و پیرۆزترین ده‌ق و گوتار و دیسکورسیش، له دۆخێکی مێژوویی دیاریکراودا، پێکدێن، گه‌شه ده‌که‌ن، په‌ره‌ده‌ستێنن، به‌ڵام سه‌رئه‌نجام ده‌پووکێنه‌وه و په‌راوێز ده‌خرێن و ده‌فه‌وتێن.
به‌ڵام به‌ختیار عه‌لی به‌رهه‌مه‌کانی [که به‌پێی ئه‌م پێناسه‌یه نا‌توانین به رۆمانی مێژوویی پێناسه‌ی بکه‌ین]، له هیچ شوێن و له هیچ سه‌رده‌مێک دا ده‌نوسێت. له به‌رهه‌مه‌کانی وی دا، دۆخی تیپیکی مێژوویی و که‌سێتی تیپیک، که هێمای ژان و ئازاره‌کانی مرۆڤی هاوچه‌رخ بێت و بتوانێ له داهاتوودا گشتگیر بێت، به‌دی ناکه‌ین. به‌ختیار عه‌لی هه‌م له دواین هه‌ناری دنیا و هه‌م له شاری مۆسیقاره‌کان دا ئاوڕێک له دۆخی کۆمه‌ڵی کوردستان ده‌داته‌وه، به‌ڵام ناتوانێ دنیای هه‌راوی ئه‌م جڤاته به‌قووڵی ببینێ و بینه‌خشێنێ. ره‌نگه بێژن به‌ختیار ستایلی ریالیزمی جادوویی پێڕه‌و ده‌کات. پێویسته ئه‌م راستیه‌ش بزانین که 40 ساڵ پێش ئێستا له ئێران زۆر که‌س ئه‌م ستایله‌یان پێره‌و کرد، به‌ڵام ته‌نیا که‌سانێک وه‌ک گوڵشیری و غوڵام حسین ساعدی تێیدا سه‌رکه‌وتن، هۆی سه‌رکه‌وتنی ئه‌وانیش له‌وه‌دا بوو که له به‌رهه‌مه‌کان دا لایه‌نی ریالیستی، هه‌راوتر و به‌هێزتر له لایه‌نی جادوویی و سورڕیال بوو؛ یانی لایه‌نی ئه‌فسوون و سوڕیال له خزمه‌ت دۆخی ریاڵ دا بوو.
سێ که‌سێتی سه‌ره‌کی رۆمانی شاری مۆسیقاره‌کان (ئسحاق، جه‌لاده‌ت و سه‌رهه‌نگ) ره‌نگه له هه‌زار ساڵ پێش ئێستادا، له سه‌رده‌می سه‌رهه‌ڵدانی عرفانی ئێرانی دا، رۆڵی تیپیک و مێژوویی بگێڕن، به‌ڵام له دنیای کۆنکرێتی ئێستادا که ده‌سه‌ڵاتی جیهانداگری سه‌رمایه سه‌رتاسه‌ری گۆی زه‌وی به رایه‌ڵ و تۆڕی ئلێکترۆنیک لێکته‌نیوه و جیهان بۆته قومارخانه‌یه‌کی ئلێکترۆنیکی، قه‌ت ناتوانن رۆڵی مێژوویی بگێڕن و سۆزی فلوتی ئێسحاق ناتوانێ هیچ برینێکی ئه‌م دنیا به‌ستۆکه و سپڵه‌یه هه‌توان بکات. با نوسه‌ر ئه‌م پرسیاره له خۆی بپرسێ: من له کام شوێنی ئه‌م جیهانه‌دا راوه‌ستاوم و له چ بارودۆخێکی مێژوویی دام؟
ئه‌ڵبه‌ت پێویسته ئه‌م راستیه بزانین که ئه‌رکی نوسه‌ر ئه‌وه نییه که وڵامی پرسیاره‌کان بداته‌وه و چاره‌سه‌ر بۆ کێشه‌کان بدۆزێته‌وه، به‌ڵکوو ئه‌رکی نوسه‌ر ئه‌وه‌یه که سه‌رده‌می خۆی به‌وردی بناسێ و پرسه‌کانی به‌دروستی گه‌ڵاڵه بکات. بۆ وێنه باڵزاک له نیوه‌ی یه‌که‌می سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌م دا قاره‌مانێکی وه‌ک راستیناک ده‌خولقێنێ و له زمانی ئه‌وه‌وه پرسه‌کانی سه‌رده‌م باس ده‌کات، وه‌کچۆن پێشتر گۆتێ وێرتر ده‌خولقێنێ و نه هه‌ر پرسه‌کانی ئاڵمانی دواکه‌وتوو، به‌ڵکوو گرنگترین پرسه‌کانی دوو وڵاتی پێشکه‌وتوی بریتانیا و فه‌رانساش ده‌وروژێنێ. هه‌روه‌ها له‌نێوه‌ی دووهه‌می سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌م دا داستایڤسکی له کتێبی تاوان و سزا (crime and punishment) دا کاره‌کته‌رێکی تیپیکی وه‌ک راسکۆلنیکۆڤ ده‌خولقێنێ، قاره‌مانێک که بۆ گه‌لانی هه‌موو جیهان قسه‌ی پێیه.
* * *
له درێژه‌ی ئه‌م بابه‌ته‌دا بۆوه‌ی بزانین شێوازی دیالۆگ و ئه‌ندێشه‌ی به‌رزی فه‌لسه‌فی له نوسینی رۆمان دا چ رۆڵێکی گرنگ ده‌گێڕن، دوو به‌شی رۆمانی به‌ناوبانگی "ئه‌هریمه‌نان" به‌رهه‌می ت. داستایڤسکی وه‌رده‌گێڕین و وه‌ک نمونه ده‌یهێنینه‌وه، با بزانین که داستایڤسکی له‌خۆڕا ناوبانگی باوکی روسیا و شۆڕشی ئۆکتوبری پێنه‌دراوه؛ سه‌ره‌تا دیالۆگی نێوان کیریلۆف و ستاڤرۆگین:
ستاڤرۆگین: تۆ منداڵانت خۆش ده‌وێ؟
کیریلۆف به ئارامی گوتی:
- ئه‌رێ خۆشم ده‌وێن.
- که‌وابوو، ژیانت خۆش ده‌وێ.
- ئه‌رێ ژیانم خۆش ده‌وێ، به‌ڵام مه‌به‌ستت چییه؟...
- به‌ڵام گه‌ر بته‌وێ خۆت بکوژیت؟
- ئێ؟ بۆچی ئه‌م دوو پرسه تێکه‌ڵ ده‌که‌یت؟ ژیان شتێکه و خۆکوشتن شتێکی دیکه‌یه. ژیان بوونی هه‌یه؛ مه‌رگ بوونی نییه!
- تۆ ئێستا بڕوات به ژیانی داهاتوو و دایمی هه‌یه؟
- نا، بڕوام به ژیانی داهاتوو نییه، به‌ڵکوو بڕوام به ژیانێکی زه‌مینی و تاهه‌تایی هه‌یه. ژیان له ساته‌کان پێکهاتووه... تۆ له‌گه‌ڵ یه‌کێ له‌م ساتانه په‌یوه‌ست ده‌بی و له‌پڕ زه‌مه‌ن ده‌وه‌ستێ، هه‌ر ئه‌مه تاهه‌تاییه...
- هیوات هه‌یه له‌گه‌ڵ یه‌کێ له‌م ساتانه په‌یوه‌ست بیت؟
- ئه‌رێ.
"ستاڤرۆگین" به زمانێکی هێمن و به‌ئه‌ندێش گوتی:
- له سه‌رده‌می ئێمه‌دا ئه‌م کاره ئێجگار دژواره. له ئه‌نجیل دا فریشته سوێندی خواردووه که ئیتر زه‌مه‌ن کۆتایی دێت.
- ده‌زانم. ئه‌م پرسه له جێگه‌ی خۆیدا زۆر دروسته. دروست و رۆشن. کاتێ مرۆڤ به خۆشبه‌ختی ره‌ها بگات، ئیتر زه‌مه‌ن ده‌فه‌وتێ. ئیتر مرۆڤ پێویستی به زه‌مه‌ن نییه! ئه‌مه بیرێکی ئێجگار باشه.
- ئه‌وکات له کوێ زه‌مه‌ن ده‌شارنه‌وه؟
- له هیچ کۆێ! خۆ زه‌مه‌ن شت نییه؛ ئه‌ندێشه‌یه. ئه‌م ئه‌ندێشه به ته‌نیا له رۆح دا کپ دادێت.
"ستاڤرۆگین" به ته‌وسه‌وه وتی:
- دیسان فه‌لسه‌فه! هه‌ر هه‌مان بابه‌ته‌کانی پێشوو! هه‌ر له سه‌ره‌تای مێژووه‌وه هه‌ر یه‌ک جۆر پرس و بابه‌ت گه‌ڵاڵه ده‌کرێت.
"کیریلیۆف" به تیشکی چاوه‌کانی وه‌ک بڵێی به سه‌رکه‌وتن گه‌یشتووه، وتی:
- هه‌میشه هه‌ر ئه‌م پرسانه‌یه؛ ئه‌رێ هه‌ر له سه‌ره‌تای مێژوو تا ئێستا هه‌ر ئه‌م پرسانه له ئارا دان و به‌س.
- "کیریلیۆف" پێم وایه تۆ خۆشبه‌ختی؟
- ئه‌رێ. ئێجگار خۆشبه‌ختم.
زمانی وته‌کانی زۆر ئارام بوو. وه‌ک بڵێی شتێکی ساده‌ی وتووه.
- به‌ڵام ماوه‌یه‌ک له‌مه‌و پێش ناڕازی بووی! له ده‌ست "لیپوتین" تووڕه بووی.
- ئه‌رێ... به‌ڵام ئێسته ئیتر تووڕه نیم. ئه‌و کات نه‌مده‌زانی که خۆشبه‌ختم. گه‌ڵایه‌کت دیوه. گه‌ڵایه‌ک که له دره‌ختێک هه‌ڵوه‌ریبێت؟...
- ئه‌رێ، دیومه...
- من گه‌ڵایه‌کی زه‌ردم بینی که تۆزێکی سه‌وز بوو و لێواره‌کانی داڕزیبوون. ئه‌و گه‌ڵایه هه‌موو زریانێک راپێچی ده‌دا. کاتێ که ده ساڵان بووم، پێم خۆش بوو زستانان چاوه‌کانم بنوقێنم، به‌م هیوایه که گه‌ڵایه‌کی سه‌وز و گه‌ش و ته‌ڕ و تازه و تیشک و گزنگی هه‌تاو ببینم... دوباره چاوه‌کانم ده‌کرده‌وه و ئه‌م دیمه‌نه هێنده جوان بوو که نه‌مده‌ویست بڕوا بکه‌م که گه‌ڵای زه‌ردیش هه‌یه! دیسان چاوانم ده‌نوقاند...
وه‌ک ده‌بینین له‌م دیالۆگه‌دا فه‌لسه‌فه‌ی ژیان شه‌پۆل ده‌دات. نوسه‌ر به زمانێکی هونه‌ری ساکار خوێنه‌ر به‌ره‌و بیرکردنه‌وه و تێڕامان ده‌بات. دنیای ئه‌ندێشه‌ی داستایڤسکی هێنده قووڵ و هه‌راوه، که خوێنه‌ر له هه‌ر رسته و پاراگرافێک دا ره‌هه‌ندێکی تازه ده‌بینێته‌وه. با درێژه‌ی ئه‌م دیالۆگه ببینین و بزانین که نوسه‌ر چۆن له‌م دیالۆگه‌دا بوار بۆ کیریلیۆڤ ده‌ره‌خسێنێ که قسه‌ی خۆی بکات. ده‌بێ ئه‌وه‌ش بزانین که داستایڤسکی به‌ته‌واوی دژبه‌ری ئه‌ندێشه‌ی کیریلیۆڤه، به‌ڵام ئه‌و وه‌ک داهێنه‌ری رۆمانی فره‌ده‌نگی، به‌جۆرێک فه‌زای دیالۆگ داده‌ڕێژێ که خوێنه‌ر قه‌ت هه‌ست ناکات که ده‌نگی کریلیۆڤ کپ ده‌کات یان له دنیای رۆمان دا په‌راوێزی ده‌خات:
- چی ده‌ڵێی؟ به ره‌مزه‌وه قسه ده‌که‌ی؟
- نا... بۆچی؟ ئه‌وه ره‌مز و هێما نه‌بوو... ته‌نیا داستانی گه‌ڵایه‌ک بوو، گه‌ڵایه‌کی ته‌نیا... ئه‌و گه‌ڵایه ئێجگار باش بوو! هه‌موو شتێک باشه!، [هه‌موو شتێک ره‌وایه!]
- هه‌موو شتێک؟
- هه‌موو شتێک! مرۆڤ چاره‌ڕه‌شه، ئاخر نازانێ که خۆشبه‌خته: ته‌نیا به‌مهۆیه و هیچی تر. پرسی بنه‌ڕه‌تی هه‌ر ئه‌مه‌یه! هه‌ر که‌سێک له‌م خاڵه تێبگات به‌خێرایی به‌خته‌وه‌ر ده‌بێت! بووکی ئه‌م پیره‌ژنه ده‌مرێ و منداڵ ده‌ژی! هه‌موو شتێک باش و ره‌وایه. ئه‌م خاڵه‌م به‌ڕێکه‌وت زانیوه.
- ئه‌ی ئه‌و که‌سه که له برسێتی دا ده‌مرێ؟ ئه‌ی ئه‌و که‌سه که کچێنی کیژۆڵه‌یه‌ک ده‌فه‌وتێنێ؟ ئه‌مانه هه‌موو باش و ته‌بان؟
- زۆر باشه! ئه‌و که‌سه‌ی که سه‌ری داگیرکه‌ر له به‌رد ده‌کوتێ، باشه؛ ئه‌و که‌سه‌ش که سه‌ری داگیرکه‌ر له‌به‌رد نادات، ئه‌ویش باشه! هه‌موو شتێ خێر و چاکه‌یه، هه‌موو شتێ. ئه‌و که‌سانه که ئه‌م شته ده‌زانن، به‌خته‌وه‌رن. ئه‌گه‌ر مرۆڤ بیزانیبا که خۆشبه‌خته، خۆشبه‌خت ده‌بوو. مرۆڤ تا کاتێ که هه‌ستی به به‌خته‌وه‌ری خۆی نه‌کردووه، خۆشبه‌خت نییه! هه‌موو شتێک له‌م بیره دایه، هیچ شتێک له‌م خاڵه به‌ده‌ر نییه...
- که‌ی زانیت که هێنده به‌خته‌وه‌ریت؟
"کیریلیۆف" وڵامی نه‌دایه‌وه. له‌ناکاو گوتی:
- مرۆڤه‌کان فریوکار و شه‌ڕئه‌نگێزن، ئاخر نازانن که باشن، کاتێ هه‌ست به‌م خاڵه بکه‌ن، ئیتر کچێنی کچۆڵه‌یه‌ک ئه‌تک ناکه‌ن. ده‌بێ له‌م خاڵه تێبگه‌ن، ئه‌وکات هه‌موان باش ده‌بن، هه‌موان، تا دواین که‌س!
- تۆ هه‌ستت به‌م خاڵه کردووه. که‌وابوو تۆ باشی؟
- به‌ڵێ، من باشم!
"ستاڤرۆگین" هه‌ناسه‌یه‌کی خه‌مینی هه‌ڵکێشا و وتی:
- وایه، لێگه‌ڕێ، قه‌بوڵمه.
- ئه‌و که‌سه که مرۆڤ فێر بکات که هه‌موان باشن، ئافراندن کامڵ ده‌کات.
- ئه‌و که‌سه که ده‌یویست ئه‌م خاڵه به مرۆڤ فێر بکات، له خاچیان دا!
- ئه‌و دێته‌وه! و خه‌ڵک به "خودایه‌ک ناودێری ده‌که‌ن که بووه به مرۆڤ".
- یان "مرۆڤێک که بووه به خودا"؟
- "خودایه‌ک که بووه به مرۆڤ"، جیاوازی هه‌ر لێره دایه!
نوسه‌ری خاوه‌ن ژان و ناسۆر، ناسۆری فه‌لسه‌فی، هێنده بیر ده‌کاته‌وه، هه‌وڵ ده‌دات و شه‌ونخونی ده‌کێشی تا ده‌بێت به خاوه‌ن ئه‌ندێشه و سه‌رچاوه و هه‌توانی ئازاره‌کان ده‌بینێته‌وه. هیچ سنورێک ناتوانێ ئه‌ندێشه‌ی به‌رز و ئینسانی به‌ربه‌ست بکات. بیری هه‌راو، ستایل و زمانی تایبه‌ت به خۆی ده‌خولقێنێ و سنوره‌کان ده‌به‌زێنێ و جیهانی ده‌بێته‌وه. لێره‌دا ده‌بینین که هونه‌ری داستایڤسکی، به‌م دیالۆگه زیندووه، گه‌وره‌ترین ژان و ئازار و پرسه‌کانی مرۆڤی سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌می ده‌رخستووه که تا ئێستاش پڕه له په‌یام و مانای به‌رزی ئه‌خلاقی و چێژی ئستاتیکی.
ئێستا به‌شێک له دیالۆگی نێوان شاتۆڤ و ستاڤرۆگین ده‌خوێنینه‌وه و ئه‌وجار ده‌زانین که داستایڤسکی له‌خۆڕا به په‌یامبه‌ری نه‌ته‌وه‌ی روس نه‌ناسراوه:
شاتۆڤ: هێشتا هیچ نه‌ته‌وه‌یه‌ک به‌پێی پرنسیپه‌کانی ئه‌قڵ و زانست ناژێت... هێشتا هیچ نه‌ته‌وه‌یه‌ک ئه‌م پرنسیپانه پێڕه‌و ناکات. سۆسیالیزم بێجگه له بێ دینی شتێکی تر نییه: سۆسیالیزم هه‌ر له سه‌ره‌تاوه خودا ره‌ت ده‌کاته‌وه و ده‌یه‌وێ بناغه‌ی ژین به‌پێی ئه‌قڵ و زانست دابڕێژێت. هه‌ر له سه‌ره‌تای مێژووه‌وه تا ئێستا له مێژووی گه‌لان دا گرنگی به ئه‌قڵ و زانست نه‌دراوه. تا قه‌ره‌ی قیامه‌تیش هه‌ر رۆڵی لاوه‌کی ده‌گێڕن. نه‌ته‌وه‌کان به‌پێی پرنسیپێکی تر به‌دی دێن و ده‌ژین، ئه‌م پرنسیپه حکومه‌ت ده‌کا و فه‌رمان ده‌دات، به‌ڵام بناغه‌ی ئه‌م پرنسیپه هێشتا نه‌ناسراوه و پێناسه نه‌کراوه. ئه‌م پرنسیپه بریتییه له مه‌یلی ئاگرین بۆ گه‌یشتن به جڤاتێکی ته‌با و سازگار [ئایدیال]، به‌ڵام هاوکات گه‌لان حاشا له بوونی وه‌ها ئایدیالێک ده‌که‌ن. ئه‌م ئایدیاله بریتییه له سه‌لماندنی به‌رده‌وامی هه‌ستی و ره‌تکردنه‌وه‌ی مه‌رگ. ئه‌و جۆره له ئه‌نجیل دا هاتووه: ئه‌مه هه‌ر هه‌مان رۆحی ژیان و سه‌رچاوه‌ی ئاوی حه‌یاته که ئه‌نجیل وریامان ده‌کاته‌وه که نه‌با وشکی بکه‌ین. به وته‌ی بیرمه‌ندانێک که ئه‌م ئایدیاله به پرنسیپێکی ئه‌خلاقی ده‌زانن، ئه‌مه هه‌مان پرنسیپی جوانی و خێری ره‌هایه. من ئه‌م ئایدیاله به زمانێکی ساده به "گه‌ڕان بۆ خودا" ناودێر ده‌که‌م. ئامانجی هه‌ر بزاڤێک له نێو هه‌ر گه‌لێک دا و له هه‌ر سه‌رده‌مێکی ژیان دا، ته‌نیا گه‌ڕان بۆ خودایه، خودایه‌ک که تایبه‌ت به هه‌مان گه‌ل بێت و به‌ڕاستی بڕوای پێ هه‌بێت. خودا هێمای به‌رجه‌سته‌ی هه‌موو تاکه‌کانی نه‌ته‌وه‌یه‌که. هه‌رگێز هه‌موو گه‌لان یان زۆربه‌ی گه‌لان، یه‌ک خودای هاوبه‌شیان نه‌بووه! هه‌ر کام خودای تایبه‌ت به خۆیان هه‌یه. کاتێ چه‌ندین نه‌ته‌وه یه‌ک خودای هاوبه‌شیان هه‌بێت، به‌ره‌و فه‌وتان ده‌چن. ئه‌گه‌ر گه‌لان یه‌ک خودایان هه‌بێت ده‌مرن، به‌مجۆره بڕوا به خودا و بڕوا به نه‌ته‌وه‌که‌شیان ده‌مرێت. به هه‌ر راده نه‌ته‌وه‌یه‌ک خاوه‌ن خودایه‌کی شاز و تایبه‌ت به خۆی بێت، ئه‌و نه‌ته‌وه به‌هێزتره. قه‌ت نه‌بینراوه نه‌ته‌وه‌یه‌ک بێ دین بووبێت. یانی نه‌ته‌وه ده‌بێ خاوه‌ن ده‌رک و داوه‌ری زه‌ینی له‌مه‌ڕ خێر و شه‌ڕ بێت. هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ک خاوه‌ن تێگه‌یشتن و داوه‌ری زه‌ینی تایبه‌ت به خۆیه. ئه‌گه‌ر تێگه‌یشتن و داوه‌ری زه‌ینی به‌شیکی زۆر له گه‌لان وه‌ک یه‌ک بێت، ده‌مرن و ئه‌وجار جیاوازی نێوان خێر و شه‌ڕ ده‌فه‌وتێ و له‌نێو ده‌چێ. هه‌رگیز ئه‌قڵ نه‌یتوانیوه خێر و شه‌ڕ راڤه بکات، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌رچی زۆر هه‌وڵی داوه، به‌ڵام نه‌یتوانیوه جیاوازی نێوان خێر و شه‌ڕ دیاری بکا و زیاتر مه‌زنده‌ی کردووه. به‌پێچه‌وانه‌وه، ئه‌قڵ به‌شێوازێکی رسوا و نائه‌قڵانی، له دیاریکردنی خێر و شه‌ڕ دا به‌هه‌ڵه‌دا چووه و تێکه‌ڵی کردووه... زانستی ناته‌واو، دیکتاتۆرێکی بێ کونترۆڵه که تائێستا نمونه‌ی نه‌بینراوه. دیکتاتۆرێکی خاوه‌ن ده‌سه‌ڵاتی ره‌ها، که دنیایه‌ک کۆیله و کاهن و ستایشکار به عشق و نه‌زانییه‌وه کڕنۆشی بۆ ده‌به‌ن، زانستی راستین له‌ئاست "زانستی ناته‌واو" هه‌ڵده‌له‌رزێ و وه‌ک پاڵپشتێکی رسوا رۆڵ ده‌گێڕێ. "ستاڤرۆگین" ئه‌مانه هه‌موو قسه‌ی تۆن. ته‌نیا خۆم "زانستی ناته‌واو"م پێ زیاد کردووه، ئه‌گینا ته‌نانه‌ت یه‌ک وشه‌م نه‌گۆڕیوه!
"ستاڤرۆگین" له‌ناکاو وتی:
- پێم وانییه هیچ شتێکت نه‌گۆڕیبێت. به شه‌وقه‌وه قه‌بوڵت کردوون و بێ ئه‌وه‌ی خۆت بزانیت، گۆڕیوتن. بۆ نمونه له‌وێ که ده‌ڵێی ده‌بێ ته‌نیا وه‌ک ره‌مز و هێما خودا وێنا بکه‌ین...
به‌وردی چاوی له روخساری "شاتۆڤ" بڕی. "شاتۆڤ وتی:
- من خودا به ره‌مز و هێما ده‌بینم؟ به‌پێچه‌وانه‌وه، من نه‌ته‌وه تا ئاستی خودا به‌رز ده‌که‌مه‌وه. نه‌ته‌وه، فۆرم و جه‌سته‌ی خودایه! نا‌توانین هیچ نه‌ته‌وه‌یه‌ک به نه‌ته‌وه بزانین، مه‌گه‌ر خاوه‌ن خودای تایبه‌ت به خۆی بێت و لێبڕاوانه هه‌موو خودایانی تری جیهان ره‌ت بکاته‌وه و دڵنیا بێت که خودای ئه‌و سه‌رده‌که‌وێ و هه‌موو خودایانی تری جیهان ره‌ت بکاته‌وه. هه‌ر له سه‌ره‌تای مێژووه‌وه، هه‌موو گه‌لانی مه‌زن، ئه‌وانه‌ی که ڕێبه‌ر و پێشه‌نگی مرۆڤایه‌تی بووون، هه‌رچه‌ند که به ژماره که‌م بووون، وه‌ها بڕوایه‌کیان هه‌بووه. نا‌توانین حاشا له راستییه‌کان بکه‌ین! خه‌ڵکی عبری له‌پێناو خودای راستین دا ژیان و بۆ هه‌موو خه‌ڵکی جیهان خودای راستینیان به میرات به‌جێهێشت. خه‌ڵکی یۆنان سروشتیان به پیرۆز ده‌زانی و ستایشیان ده‌کرد: ئه‌وان رێبازی فه‌لسه‌فه و هونه‌ریان بۆ خه‌ڵکی جیهان به‌دیاری هێنا. خه‌ڵکی رۆم، نه‌ته‌وه‌ی به‌شێوه‌ی ده‌وڵه‌ت به پیرۆز زانی و ستایشی کرد؛ رۆم ده‌وڵه‌تی وه‌ک میرات بۆ خه‌ڵکی جیهان به‌جێهێشت. خه‌ڵکی فه‌رانسا، به درێژایی هه‌موو مێژووی، بێجگه له په‌ره‌پێدان به چه‌مکی خودای رۆمی کارێکی تری نه‌کردووه؛ ئه‌گه‌ر گه‌لی فه‌رانسا، خودای رۆمی تووڕدا و بێ دینی گرته‌به‌ر، یانی بزاڤی "سۆسیالیزم"ی دامه‌زراند، هۆی ئه‌وه‌یه که هێشتا بێ دینی ره‌سه‌نتر و ئه‌قڵانی تره له [مه‌زهه‌بی] کاتولیکی رۆمی. ئه‌گه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌کی مه‌زن بڕوای به‌وه نه‌بێت که هه‌ق ته‌نیا له‌گه‌ڵ ئه‌و دایه و ته‌نیا ئه‌و ده‌توانێ گه‌لانی تر به به‌خته‌وه‌ری بگه‌یه‌نێ، ئه‌وجار به‌خێرایی ده‌فه‌وتێ و ده‌بێ له مۆزه‌کان دا بۆی بگه‌ڕین. (نه‌ته‌وه‌یه‌کی مه‌زه‌ن هه‌رگێز به‌وه رازی نابێت که رۆڵی لاوه‌کی یان ته‌نانه‌ت رۆڵی سه‌ره‌کی بگێڕێت، به‌ڵکوو ته‌نیا ده‌بێ رۆڵی یه‌که‌م بگێڕێت. ئه‌گه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ک ئه‌م بڕوایه بدۆڕێنێت، ئیتر نابێ خۆی به نه‌ته‌وه بزانێت. به‌ڵام چونکه ته‌نیا یه‌ک هه‌قیقه‌ت له‌ئارا دایه، که‌وابوو نه‌ته‌وه‌یه‌کیش هه‌یه که ده‌توانێ خاوه‌ن خودای راستین بێت، هه‌رچه‌ند که گه‌لانی تریش خاوه‌ن خودای تایبه‌تی خۆیان بن.)
"ته‌نیا نه‌ته‌وه‌یه‌ک که خاوه‌ن 'وشه‌ی باڵا' یه، نه‌ته‌وه‌ی رووسه... که 'گوتاری نوێ' و 'دواین گوتار' و په‌یامی ئاخێز و ژیانه‌وه‌ی به‌ئه‌ستۆ گرتووه... گرنگ نییه که تۆ به من پێده‌که‌نی، پوخته‌ی وته‌کان هه‌ر ئه‌مه بوو...
"شاتۆڤ" له جێگه‌ی خۆی هه‌ستا، لێوه‌کانی که‌فی کردبوو. "ستاڤرۆگین" به پارێزه‌وه بێ ئه‌وه‌ی هه‌ستێ، به زمانێکی لێبڕوانه وتی:
- به‌پێچه‌وانه‌وه "شاتۆڤ" به‌پێچه‌وانه‌وه، وته پڕ له هه‌سته‌کانت زۆر بیره‌وه‌ری بۆ من زیندوو کرده‌وه. ئێستا ده‌زانم دوو ساڵ له‌مه‌و پێش چۆن بووم. ئێستا پێم وایه وته‌کانم ده‌قاوده‌ق ده‌گێڕیته‌وه. پێم وایه ئه‌ندێشه‌م هێشتا به‌هێز و تۆکمه و به‌بڕشته. بۆ سێهه‌مین جار دڵنیات ده‌که‌مه‌وه حه‌زم ده‌کرد وته‌کانت تا دواین په‌یڤ قه‌بوڵ بکه‌م و گرنگی پێبده‌م، به‌ڵام...
"شاتۆڤ" به وه‌جد و شه‌وقه‌وه وتی"
- من بڕوام به خودای رووسی هه‌یه، به خودای ئۆرتۆدوکسی رووسی، من بڕوام به په‌یکه‌ری مه‌سیح هه‌یه، من پێم وایه دووهه‌مین ژیانه‌وه له رووسیا رووده‌دات. من دڵنیام...
داستایڤسکی له به‌رهه‌مه‌کانی دا سه‌ره‌ڕای پێڕه‌وکردنی مێتۆدی دیالۆگی زیندوو و فره‌ده‌نگی، خاوه‌ن بیر و ئه‌ندێشه‌ی هه‌راوه و دنیایه‌ک چه‌مک و به‌های ئه‌خلاقی، فه‌لسه‌فی و ئستاتیکی داهێناوه به‌جۆرێک که توانیویه پێکهاته‌ی زه‌ینی جڤاتی روسیا بژێنێته‌وه و ئاخێزێکی مه‌زنی رۆحی و کۆمه‌ڵایه‌تی بخولقێنێ؛ وه‌ک ئاندرێ ژید دبێژێ، پێشتر تێزاره‌کان خاکی روسیایان یه‌کخستبوو، به‌ڵام دواتر ئه‌ندێشه‌ی داستایڤسکی له نێوان خه‌ڵک دا یه‌کێتی و هاودڵی پێکهێنا. ئه‌رێ... داستایڤسکی هێند مه‌زنه، که میخایل باختین خۆی به شاگردی وی ده‌زانێ؛ ئه‌مه‌ش له کاتێک دایه که تێزڤێتان تودۆرۆڤ پێی وایه باختین گه‌وره‌ترین بیرمه‌ندی روسیا و گه‌وره‌ترین تیوریسازی ئه‌ده‌بیاته له سه‌ده‌ی بیسته‌م دا.
رۆمان وه‌ک تیپیکترین ژانری کۆمه‌ڵی بورژوایی، ده‌توانێ قووڵترین کێشه و ناکۆکییه‌کان ببینێ و نوتفه و گه‌راکان و پۆتانسیه‌لی هێز و بزاڤه‌کانی داهاتوو هه‌ست بکا و بینه‌خشێنێ. نوسه‌ر کاتێک ده‌توانێ به‌رهه‌مێکی به‌رز و تۆکمه بخولقێنێ، که 1) مێژووی کولتور و ئه‌ده‌بیات و ژانره ئه‌ده‌بییه‌کانی پێشوو به باشی بناسێت؛ 2) جڤات و سه‌رده‌می خۆی و رۆحی سه‌رده‌می خۆی بناسێ و، ئاسۆی ره‌وت و بزاڤه‌کانی داهاتوو هه‌ست پێ‌بکات. له وه‌ها دۆخێک دا، نوسه‌ر وه‌ک زمان حاڵی چین و گرووپێکی کۆمه‌ڵایه‌تی قسه ناکات؛ به‌ڵکوو کو‌لتوور و ئه‌ده‌بیاتی سه‌رده‌مانی پێشوو له به‌رهه‌مه‌کانی نوسه‌ردا سه‌رله‌نوێ ده‌پشکوێن و نوێ ده‌بنه‌وه و چین/ گرووپی کۆمه‌ڵایه‌تی/ نه‌ته‌وه له زمانی نوسه‌ره‌وه بیر و ئه‌ندێشه و خه‌ون و خولیاکانی خۆی ده‌خولقێنێ. یانی پێوه‌ندی نوسه‌ر له‌گه‌ڵ دنیای کولتوری مرۆڤایه‌تی و جڤات و نه‌ته‌وه‌که‌ی، هێنده چڕ‌وپڕ و دیالکتیکییه که سه‌ره‌ڕای ویستی نه‌ته‌وایه‌تی خۆی، خه‌ون و خولیای جڤاتی ئینسانی له خۆی دا هه‌رس ده‌کات. کاتێ نوسه‌رێک به زۆر ده‌یه‌وێت خۆی به نوێنه‌ری چین یان نه‌ته‌وه‌یه‌ک بزانێت و خه‌ون و خولیاکانی ئه‌و چین و نه‌ته‌وه ده‌ڕببڕێت، به‌رهه‌مێکی نزم و لاواز ده‌خولقێنێ. به‌ڵام کاتێک بیر و ئه‌ندێشه و خه‌ون و خولیاکانی چین، گرووپ، یان نه‌ته‌وه‌یه‌ک له نوسه‌رێک دا سه‌رڕێژ ده‌بێ و رۆحی نه‌ته‌وه یان سه‌رده‌مێک له زمانی نوسه‌رێکه‌وه قسه‌ی خۆی ده‌کات، شاکارێکی هونه‌ری ئه‌ده‌بی ده‌خولقێت. هه‌ر له‌م کاته‌ش دایه که به‌رهه‌م له‌ڕووی فۆرمه‌وه به‌هێز و تۆکمه‌یه. یانی دنیای هه‌راو و ئاڵ و واڵای بیر و ئه‌ندێشه و خه‌ون و خولیای سه‌رده‌مێک/ نه‌ته‌وه‌یه‌ک قه‌ت له فۆرم و قاڵبی نزم و لاواز دا ناگونجێ و فۆرمی به‌رز و تۆکمه ده‌نه‌خشێنێ. هه‌ر ئه‌مه‌یه که لوکاچ دبێژێ هۆکاری به‌ڕاستی کۆمه‌ڵایه‌تی له هونه‌ر دا له فۆرم دایه.
به سه‌رنجدان به‌م وتانه‌ی داستایڤسکی تێده‌گه‌ین که 1) بۆچی گه‌لانی رۆژهه‌ڵاتی ناڤین هه‌تا ئێستا له زه‌لکاوی گه‌نیوی گه‌مژه‌یی دا مردوون؛ 2) بۆچی گه‌لی کورد تا ئێستا نه‌یتوانیوه ده‌وڵه‌تی کوردی پێک‌بێنێ؟ ئه‌لف: وه‌ک ده‌زانین زۆربه‌ی گه‌لانی رۆژهه‌ڵاتی ناڤین خاوه‌ن یه‌ک دین و یه‌ک خودان، خودایه‌کی ئاسمانی خاوه‌ن ده‌سه‌ڵاتی ره‌ها و ئه‌ستوونی، خودایه‌کی تۆتالیتێر که له خشه‌ی مێلوره ئاگاداره و هیچ گه‌ڵایه‌ک به بێ ویستی ئه‌و هه‌ڵناوه‌رێ و ژیان و مانی مرۆڤ دیاری ده‌کات، فره‌ده‌نگی ده‌خنکێنێ و تاکده‌نگی ده‌سه‌پێنێ. ب: گه‌لی کورد هێشتا نه‌یتوانیوه خودایه‌کی تایبه‌ت به خۆی بخولقێنێ، هێشتا نه‌یتوانیوه ره‌مز و هێما و ناسنامه‌ی تایبه‌ت به خۆی بخولقێنێ. پێویسته ئه‌وه‌ش بزانین که مێژوو سه‌لماندوویه ئه‌گه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ک خاوه‌ن ده‌فته‌ر و دیوان نه‌بێت، قه‌ت نابێت به خاوه‌ن ده‌وڵه‌ت و ده‌سه‌ڵات.
وه‌ک بینیمان داستایۆفسکی به قووڵی سروشت و خه‌سڵه‌ته‌کانی گه‌لی روسیای ناسی و له به‌رهه‌مه‌کانی دا خودا و ناسنامه و رۆحی نه‌ته‌وه‌ی رووسی خولقاند. به‌ڵام ئایا له دۆخی ناسک و مێژوویی ئێستای گه‌لی کورد دا نوسه‌ری شاری مۆسیقاره سپییه‌کان سروشتی هه‌راو و وزه و تواناکانی زمان و کولتوری کۆن و ئێستای کوردی ناسیوه، تا بتوانێ ناسنامه و رۆحی کوردی بخولقێنێ؟ یان ئه‌مه کێشه‌ی ئه‌و نییه و ده‌یه‌وێ رۆمانی وه‌ک پائولوکوئیلۆ بنووسێ و به شێوازی خه‌ڵوه‌ت نشینی و وه‌جدی عرفان و سۆفیگه‌ری، خه‌ڵکی دڵ به ناسۆر بخافڵێنێ؟
سه‌ره‌ڕای دوو ره‌هه‌ندی گرنگی فۆرم و ناوه‌رۆک، زمانی شاری مۆسیقاره سپییه‌کان زۆر دێڕ و وشه‌ی کز و لاواز و بگره هه‌ڵه‌شی تێدایه، که لێره‌دا چه‌ند نمونه‌یه‌ک دێنمه‌وه، ده‌نوسێ: "له نوسه‌ره موسیقییه مۆدێڕنه‌کانیش شتم بۆ ناردووه..." (ل. 8 دوا په‌راگراف)، لێره‌دا مه‌به‌ستی نوسه‌ر ئه‌وه‌یه که: "له نوسه‌رانی موسیقیزانی مۆدێرنیش شتم بۆی ناردووه"، یان ده‌نوسێ: "له تۆ باشترم ده‌ست ناکه‌وێت، ئه‌م شتانه‌ی پێابنێرمه‌وه"، "پیابنێرمه‌وه" ناخۆش و ناشیاوه، ده‌کرێ بڵێ "ئه‌م شتانه‌م بۆ بباته‌وه". نوسه‌ر له چه‌ندین شوێن ده‌نوسێ: "به گاڵته‌چاڕییه‌وه گووتم" (ل. 11، دوا په‌راگراف)، گاڵته‌جاڕی هه‌ڵه‌یه، ده‌بێ بنوسێ "به گاڵته‌وه وتم". له چه‌ندین شوێن دا وشه‌ی فارسی "ناچیز" ده‌بینین، که قه‌ت پێویست نییه، به‌ڵام به‌ختیار و هه‌ندێ له هاوڕێیانی شه‌یدای ئه‌م جۆره وشانه‌ی زمانی فارسین. "پێکیانه‌وه گرێده‌دات" (ل. 17، په‌راگرافی 3)، هه‌ڵه‌یه، "پێکه‌وه گرێیان ده‌دات" دروسته. "ئامێره موسیقییه‌کان"، (ل. 30 دێری 11). "ئامێره‌کانی مۆسیقی" دروسته. "پتر به دوو فریشته ده‌چوون"، (ل 32، دێڕی 12) "پتر له دوو فریشته ده‌چوون"؛ ئه‌وه هه‌ڵه‌ی تایپی نییه، له زۆر شوێنی تریش هه‌ر وایه، (ل33 دوا په‌راگراف، دێڕی 6). "له موسیقا نزیک ببوینایه‌ته‌وه"، (ل33، دێڕی 4)، "نزیک باینه‌وه"، شیاوتره. "ده‌گه‌یشتنه سه‌ر لوتکه‌یه‌کی خورافیانه"، (ل. 37) هه‌ر خوێنه‌رێک له مانای وشه‌ی خورافی بگات، له‌ئاست بێ زه‌وقی نوسه‌ر پێده‌که‌نێ. هه‌روها لکاندنی پاشگرێکی کوردی له وشه‌یه‌کی فارسی، کارێکی ناشیاوه. ده‌نوسێ: "تا ناکۆتا خامۆش نابێت" (ل. 49)، مه‌به‌ستی ئه‌ویه "تاهه‌تایه خامۆش نابێت". وشه‌ی "ناکۆتا" ی له‌جیاتی وشه‌ی "بی نهایت"ی فارسی هێناوه و زۆر ناشیاوه...
له شوێنێکی تریش نوسیومه، ئێمه‌ی کورد وه‌ک نه‌ته‌وه‌یه‌کی کۆیله و بنده‌ست، که زمانه‌که‌مان وه‌ک کۆڵه‌که‌ی ژیان و مانه‌وه‌مان رۆڵ ده‌گێڕێ، زۆر پێویستمان به ده‌قی تۆکمه و پته‌و هه‌یه، ئێمه ئه‌گه‌ر له زمانی نوسین دا خاوه‌ن ده‌قی تۆکمه و به‌هێز بین ده‌توانین، سینمایه‌کی به‌هێز و سه‌رکه‌وتوومان هه‌بێت، ئه‌توانین راگه‌یاندنێکی به‌هێز و سه‌رکه‌وتوومان هه‌بێت و... ئه‌توانین کولتورێکی هه‌راو پێشکه‌وتوومان هه‌بێت، هه‌ر ئه‌مه‌ش گه‌وره‌ترین چه‌کی خه‌بات و سه‌رکه‌وتنه؛ به‌پێچه‌وانه‌وه‌وه، ئه‌وه‌ش ده‌زانین که هه‌ر شتێکی نزم و لاواز و موبته‌زه‌ڵ، ته‌نانه‌ت زمانیش، تووشی رزین و گه‌نده‌ڵی ده‌بێت و ده‌فه‌وتێت.
* * *
شارام قه‌وامی نوسه‌ری کوردی رۆژهه‌ڵات، زه‌حمه‌تی کێشاوه و به‌رهه‌می "شاری مۆسیقاره سپییه‌کان"ی نرخاندووه، به‌ڵام بریا به مه‌به‌ستێکی نه‌یارانه وه‌ها کارێکی نه‌کردبا و به شێکردنه‌وه و تۆژینه‌وه‌ی زانستی ئه‌م به‌رهه‌مه‌ی راڤه کردبا؛ بۆ وێنه هه‌ر له ناونیشانی کتێبه‌که "شاری ده‌سته و تاقمه‌کان"دا خوێنه‌ر هه‌ست به رق و دوژمنایه‌تی ده‌کات. نرخاندن و تۆژینه‌وه کاتێ به سه‌رکه‌وتن ده‌گات که هه‌م لایه‌نی به‌هێز و سه‌رکه‌وتوو و هه‌م لایه‌نی نزم و لاواز ببینێ و راڤه‌ی بکات. هه‌روه‌ها بریا قه‌وامی زمانی نووسینی خۆی پوخته و په‌رداخ کردبا و پاشان شیکردنه‌وه‌که‌ی نوسیبا. نوسه‌ر ئه‌م به‌رهه‌مه‌ی هه‌م له‌ڕووی ناوه‌رۆک و هه‌م له‌ڕووی فۆرمه‌وه شیکردۆته‌وه، به‌ڵام بۆوه‌ی مێتۆدی تۆژینه‌وه‌ی زانستی ره‌چاو نه‌کردووه و زمانی نوسینی لاوازه، ناتوانێ به‌قووڵی سه‌رنجی خوێنه‌ران رابکێشێت.
من لێره‌دا رێز و سپاسی خۆم ئاراسته‌ی کار و زه‌حمه‌ته‌که‌ی شارام قه‌وامی ده‌که‌م و تێبینی خۆم به‌مجۆره باس ده‌که‌م.
شارام قه‌وامی بابه‌ته‌که‌ی خۆی به دێڕێکی به‌ناوبانگی جۆرج لوکاچ ده‌ست پێده‌کات: "رۆمان حه‌ماسه‌ی جیهانی بێ خودایه"، پاشان ده‌ڵێ: "یه‌که‌م هه‌نگاوی دروست بوونی رۆمان، مراندنی خوداکانی ده‌ره‌وه‌یه و... راپه‌ڕینی مرۆڤ له‌هه‌مبه‌ر خودا و یاخی بوونی مرۆڤ له وڵامه نه‌گۆڕه‌کان... مرۆڤ که خودای له خۆیدا کوشت، که پته‌وترین کۆڵه‌که‌ی مێژووی روخاند، هه‌موو مێژوو به‌سه‌ریدا هه‌ره‌س دێنێ... رۆمان لای من هیچ نییه بێجگه له هه‌وڵدان بۆ ژیانێکی بێ خودا. هه‌وڵدان بۆ پێکهێنانی ده‌سه‌ڵاتێک که هه‌موو شتێکی [ره‌وایی] خۆی له مرۆڤ وه‌رده‌گرێ..."
وه‌ک ده‌بینین شارام قه‌وامی به پشت به‌ستن به وه‌ها وته‌یه‌کی گرنگی ج. لوکاچ ده‌رباره‌ی رۆمان، به‌شێوه‌یه‌کی شیاو بابه‌ته‌که‌ی خۆی ده‌ست پێده‌کات. به‌ڵام ده‌بێ بزانین لوکاچ وه‌ک گه‌وره‌ترین ره‌خنه‌گر و جوانیناسی سه‌ده‌ی بیسته‌م، به چه‌ندین چه‌مک و زاراوه‌ی زانستی، ژانری رۆمانی به‌شێوه‌ی کۆنکرێت راڤه کردووه؛ کاک شارام ده‌یتوانی به به‌کارهێنانی چه‌ندین چه‌مکی وه‌ک که‌سێتی پرۆبلماتیک - که تا راده‌یه‌ک باس کراوه- دۆخی تیپیک و که‌سێتی تیپیک، پێکهاته‌ی زه‌ینی چین و گرووپی کۆمه‌ڵایه‌تی، که وه‌ک بکه‌ری کۆیی رۆڵ ده‌گێڕن، به‌شێوه‌ی ئێجگار زانستی تر ئه‌م به‌رهه‌مه‌ی راڤه کردبا. هه‌ر وه‌ها ده‌یتوانی له تیۆری باختین له‌مه‌ڕ رۆمان، به‌تایبه‌ت رۆمانی فره‌ده‌نگی [که له‌م نوسینه‌دا به‌کورتی باسی کراوه] تۆژینه‌وه‌که‌ی کامڵتر بکات.
هه‌روه‌ها نوسه‌ر به‌شێوه‌ی زانستی کتێبه‌که‌ی پۆلینبه‌ندی و پاراگرافبه‌ندی نه‌کردووه و پێرستی بۆ دانه‌ناوه. له‌م نوسینه‌دا زۆر کتێب و سه‌رچاوه‌ی به‌کار هێناوه، به‌ڵام به ئاشکرا باسی نه‌کردوون، هه‌ر ئه‌مه‌ش بایه‌خی به‌رهه‌مه‌که‌ی که‌م ده‌کاته‌وه.
به‌ڵام سه‌ره‌ڕای ئه‌مه‌ش به‌گشتی به‌رهه‌می شاری مۆسیقاره‌کانی راڤه کردووه؛ قه‌وامی له‌مه‌ڕ فۆرمی رۆمان ده‌نوسێ:
"یه‌کانگیری نه‌ک هه‌ر پێویستی هه‌موو به‌رهه‌مه هونه‌رییه‌کانه، به‌ڵکوو مه‌رجی سه‌ره‌کیشه. سه‌مفۆنیا هه‌رچه‌نده جوانترین ملۆدییه‌کان بنوێنێ، هه‌ڵگری فره‌ده‌نگترین ته‌نراوه‌کان بێت، به باشترین شێوه ره‌نگێندرابێ، باشترین هارمۆنی بۆ هه‌ر کام له به‌شه‌کان دانرابێت، زۆرترین نزیکایه‌تی له نێوان ریتم و به‌شه‌کاندا هه‌بێت، فره‌ده‌نگ و فره‌شێوه بێت و ته‌نانه‌ت هه‌ر کام له موهمانه‌کانی له‌نێو خۆی دا زۆرترین راده‌ی پێوه‌ندییان هه‌بێت و جوانترین و نوێترین ستایلیشن بنوێنن، به‌ڵام تاکاتێ که تاڵی نادیاری یه‌کانگیریی، ئه‌م موهمانانه پێکه‌وه گرێ نه‌دات، نابێته به‌رهه‌مێکی هونه‌ری... ده‌کرێ له رۆمانیش دا وه‌ها سازوکارێک پێڕه‌و بکرێت... یانی پێویسته له‌نێوان که‌سایه‌تییه‌کان دا پێوه‌ندی پته‌و [دیالکتیکی] هه‌بێت، یانی ئه‌گه‌ر یه‌کێک له توخمه‌کان لاببه‌ین پێکهاته‌ی رۆمان بڕۆخێت... به‌ڵام به خوێندنه‌وه‌ی شاری مۆسیقاره‌کان تێده‌گه‌ین که زۆربه‌ی که‌سایه‌تییه‌کانی ئه‌م ده‌قه به‌ڕێکه‌وت به یه‌کتر ده‌گه‌ن [یانی پێوه‌ندییه‌کی تۆکمه و ئۆرگانیک ساز ناکه‌ن]، به‌جۆرێک که ئه‌گه‌ر 220 لاپه‌ڕه له‌م ده‌قه لاببه‌ین له فۆرمی ئه‌م رۆمانه‌دا هیچ روونادات". [پێویسته بڵێم له کورتکردنه‌وه‌ی ئه‌م دوو به‌شه‌دا تا راده‌یه‌ک ده‌ستکاری زمانم کردووه.]
قه‌وامی له‌مه‌ڕ جیهانبینی ئه‌م به‌رهه‌مه ده‌نوسێ:
"به خوێندنه‌وه‌ی لایه‌نی جیهانبینی ئه‌م به‌رهه‌مه، تێده‌گه‌ین که ئه‌م ده‌قه ده‌قێکی ئایدیالیستییه. دواهه‌ویای ده‌ق گه‌یشتن به به‌هه‌شتێکه به ناوی شاری مۆسیقاره سپییه‌کان؛ شارئامانج [یوتۆپیا]یه‌ک که که به‌ره‌ی سپی ئه‌م حکایه‌ته به‌دوایه‌وه‌ن. ئه‌وه‌ی ده‌ق به ئێمه‌ی ئه‌دات هه‌مان تایبه‌تمه‌ندییه هاوبه‌شه‌کانی هه‌موو جۆره‌کانی ئایدیالیزم واته جوانی په‌تی، هه‌قیقه‌تی ره‌ها، مانه‌وه‌ی هه‌تاهه‌تایی و به‌خته‌وه‌ری له‌نێو سیستمێکی دیاریکراو دایه... رێبازی ئه‌ندێشه‌ی ئه‌م به‌ره‌یه سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی فره‌ره‌نگ و جیاواز ئه‌نوێنێ، که‌چی له چه‌ند خاڵی سه‌ره‌کی دا یه‌ک ده‌گرن؛
یه‌که‌م: وێناکردنی جیهان به‌پێی بنه‌مایه‌کی زه‌ینی؛
دووهه‌م: بایه‌خ نه‌دان به راستییه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی زه‌ین؛
سێهه‌م: دابه‌شکردنی جیهان به‌سه‌ر دوو لایه‌نی ئایدیا و دژه‌ئایدیا؛
چوارم: بانگه‌شه‌ی تاهه‌تایی بوون؛
پێنجم: رازی نه‌بوون به هیچ چه‌شنه گۆڕانێکی بنه‌ڕه‌تی له یاسا زه‌ینییه‌کان دا؛
شه‌شم: خزمه‌ت کردن به شێوازێکی تایبه‌ت له ده‌سه‌ڵاتی نه‌گۆڕ؛
حه‌وته‌م: هه‌وڵدان بۆ راگرتنی بارودۆخی هه‌نووکه‌یی پاش گه‌یشتن به ده‌سه‌ڵات...
شاری مۆسیقاره سپییه‌کان له‌ڕووی ناوه‌رۆکه‌وه به‌ته‌واوی ده‌قێکی سۆفییانه‌یه... مه‌لا‌مه‌تییه‌کان یه‌کێ له گرنگترین لقه‌کانی سۆفیگه‌ری پێکدێنن که ئه‌م ده‌قه‌ی به‌ختیار زۆر نزیکایه‌تی له‌گه‌ڵیان هه‌یه. ئه‌م ده‌سته‌یه توند‌وتیژترین و ده‌مارگرژترین ره‌وتی ئه‌ندێشه‌ی سۆفیگه‌رین که گه‌وره‌کانی ته‌ریقه‌تی قادری (بایزیدی به‌ستامی و غه‌وسی گه‌یلانی) خۆیان ده‌خسته نێو ریزی ئه‌وان و پێیان وابوو به ئاستێک گه‌یشتوون که ته‌نیا پێغه‌مبه‌ر له‌وان سه‌رتره. ئه‌م ده‌قه‌ی به‌ختیار ئه‌گه‌ر له ئه‌ندێشه‌ی "گوڵشه‌نی راز"ی شه‌بسته‌ری، کیمای سه‌عاده‌ت و منطق الطیری عه‌طار دوور بێت، له ئه‌ندێشه‌ی ده‌سته‌ی مه‌لامه‌تی نزیکه. کتێبی شاری مۆسیقاره سپییه‌کان له زۆر شوێن دا راسته‌وخۆ مانیفێستی فکری ئه‌م گرووپه‌ی گواستۆته‌وه؛ بۆ وێنه ژیانی ئیسحاق و جه‌لاده‌ت و سه‌رهه‌نگ قاسم و سه‌رهه‌ڵگرتنیان بۆ سه‌فه‌ری نادیاری زاخاودانی ده‌روون، زۆر له سه‌رهه‌ڵگرتنی ئیبراهیمی ئه‌دهه‌م ده‌چێت؛ هه‌روه‌ها به‌سه‌رهاتی به‌ناوبانگی "شکانی ئاوێنه‌ی هه‌قیقه‌ت" بیری ره‌وتی مه‌لامه‌تییه‌کانه که نوسه‌ر کردوویه به مانیفێستی ئه‌م ده‌قه... نوسه‌رێک که له کتێبی "ئیمان و جه‌نگاوه‌رانی" دا هه‌موو وزه‌ی خۆی بۆ له‌قاودانی فه‌نده‌مانتاڵیزم و کۆنه‌په‌رستی ته‌رخان کردبوو، ئێستا ئه‌ندێشه‌ی کۆنه‌په‌رستانه‌ی سۆفیگه‌ری کردۆته هه‌وێنی تازه‌ترین به‌رهه‌می خۆی".
وه‌ک ده‌بینین کاک شارام قه‌وامی هه‌م له‌ڕووی فۆرم و به‌تایبه‌ت له‌ڕووی جیهانبینی و ناوه‌رۆکه‌وه شاری مۆسیقاره‌کانی راڤه کردووه. به‌ڵام له چه‌ندین شوێن دا بۆ شیکردنه‌وه‌ی ئه‌م به‌رهه‌مه، فورمولی زانستی سروشتی (فیزیک، شیمی و هتد) وه‌ک w= mgh، w= fcosӨ×d به‌کار دێنێ که به‌ڕای من ئه‌م فورمولانه له زانستی ئینسانی دا به‌کار نایه‌ن و پێشتر نوسه‌رانی پۆستمۆدێرنیست ئه‌م کاره‌یان کردووه و تووشی شکست هاتوون. ل(34-20).
ده‌قی نوسه‌ر له ڕووی فۆرمی زمانه‌وه له چه‌ندین شوێن دا له‌ژێر کاریگه‌ری داڕشتنی زمانی فارسی دایه: بۆ وێنه ده‌نوسێ "ئه‌م چاره هه‌ڵنه‌گرییه به‌پێ مه‌نتقێکی زۆر به‌هێزی داستانیه‌وه‌یه" (ل 10)، که لێره‌دا وشه‌ی "چاره هه‌ڵنه‌گری" ته‌رجمه‌ی ده‌قاوده‌قی "اجتناب ناپذیر"ی فارسییه؛ ده‌یتوانی بنوسێ: ئه‌م کێشه‌یه، ئه‌م دژوارییه، ئه‌م دوالیزمه و... یان ده‌نوسێ: "ژاکان، ناهۆمێدی، خه‌مۆکی و دیکه‌ی ئه‌و ئازارانه‌ی مرۆڤی ئه‌مڕۆ گیرۆده‌یه‌تی.." (ل 126)، ئه‌مه‌ش له‌ژێر کاریگه‌ری داڕشتنی فارسی دایه و ده‌بێ بنوسین: "ژاکان، ناهۆمێدی، خه‌مۆکی و ئه‌و ئازارانه‌ی تر که مرۆڤی ئه‌مڕۆی گیرۆده کردووه." یان ده‌ڵێ: "هه‌ڵده‌ستێت به تۆڵه‌کردنه‌وه" (ل . 45)، ئه‌مه‌ش داڕشتنی زمانی عه‌ره‌بییه و کوردی باشوور زیاتر په‌ره‌یان پێداوه. کورد ده‌ڵێ: تۆڵه ده‌کاته‌وه، ده‌ست بۆ تۆڵه‌کردنه‌وه ده‌بات، و ...
هه‌روه‌ها ئه‌م وشه و زاراوانه که به خه‌تی ئیتالیک دیاری کراون، یان به‌شێوه‌ی ناشیاو به‌کار هێنراون، یان له ده‌مارگرژی بۆ په‌تیکردنی زمانی کوردی سه‌رچاوه ده‌گرن، یان هه‌ڵه‌ن، یان هێشتا نه‌ناسراون:
به‌رواتاگه‌ری: ئایدیالیزم، وه‌کهه‌سگه‌ری: ریالیزم؛ وه‌ک ده‌زانین دوو زاراوه‌ی ئایدیالیزم و ریالیزم ئه‌وه ساڵگارێکه له کولتوری کوردی دا ناسراون و جێگه‌ی خۆیان کردۆته‌وه و پێویست نییه نوسه‌ر له‌جیاتی وان ئه‌و دوو وشه ناشیاوه به‌کار بێنێ.
ناخواتا: جه‌وهه‌ر/ گه‌وهه‌ر
به‌رواتا: ئایدیا
یه‌کانگیری بوون: پانتێئیزم (ته‌رجمه‌ی راسته‌وخۆی وه‌حده‌ت وجود) مۆنیزم
دڵنواڕی: شهود، ئیلهامی ده‌روونی
به‌ڵگه‌خوازانه: پۆزه‌یتیویستی
هێلبزاڤ: ڤێکتۆر، ئاراسته
وێنه‌بژار: مۆناد
ده‌ربڕ: رفرێنس
زناگ: نیشانه
زناگناسی: نیشانه‌ناسی
دانراوه، دژه دانراوه: ته‌رجمه‌ی ده‌قاوده‌قی نهاد و برابر نهادی فارسییه، پێویسته تا کاتێ که هاوتای شیاومان لا نییه، هه‌ر وشه ئێنگلیسییه‌کان به‌کار بێنین: تێز و ئانتی‌تێز.
داهاته: سه‌نتێز
هه‌بوونناسانه: ئه‌نتۆلۆژیک/ بوونناسانه
گێڕه‌وه‌ر: راوی، چیرۆکبێژ
چمایی چاو: پرسپکتیڤ/ دیدگا/ چاوئه‌ناز
شارئامانج؛ ته‌رجمه‌ی ده‌قاوده‌قی "ئارمان شهر"ی فارسییه و که‌وابوو هه‌ر یوتۆپیا باشتره.
گشتی نواڕانه، پاژنواڕانه؛ ته‌رجۆمه‌ی دوو زاراوه‌ی کل نگرانه و جزء نگرانه ی فارسییه و پێم وایه "گشتبینانه" و "پاژبینانه" باشتره.
سه‌رچاوه‌کان:
1. شاری مۆسیقاره سپییه‌کان، به‌ختیار عه‌لی چاپخانه‌ی ره‌نج، سلێمانی 2005.
2. کۆمه‌ڵناسی ئه‌ده‌بیات، کۆمه‌ڵێک نوسه‌ر، و: هادی محه‌مه‌دی، چاپی وه‌زاره‌تی رۆشنبیری، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی چاپ و بڵاوکردنه‌وه، سلێمانی 2009، ل 221.
3. گره‌وی به‌ختی هه‌ڵاڵه، عه‌تا نه‌هایی، چاپخانه‌ی ره‌نج، سلێمانی 2007
4. دیالۆگ، خه‌نده، ئازادی، میخایل باختین، و: هادی محه‌مه‌دی، چاپی یانه‌ی قه‌ڵه‌م، سلێمانی 2008.
5. عه‌تا نه‌هایی، سه‌رجه‌م چیرۆکه‌کان، ده‌زگای ئاراس، هه‌ولێر 2006
6. شێرزاد حه‌سه‌ن، سه‌رجه‌می به‌رهه‌م رۆمانه‌کان، ده‌زگای ئاراس، هه‌ولێر 2005.
7. تسخیرشدگان، ف. داستایفسکی، ت: دکتر علی اصغر خبره‌زاده، انتشارات نگاه، تهران 1385.
8. شاری ده‌سته و تاقمه‌کان، شارام قه‌وامی، چاپی گلبرگ، سنه 1385.
9. بوف کور، صادق هدایت، انترنت، نشر کارگر سۆسیالیستی.
هیچ نظری موجود نیست:
ارسال یک نظر