سه‌رنجێک له وه‌رگێڕانی کوردی کتێبی دیالکتیکی رۆشنگه‌ری
هادی محه‌مه‌دی
دیالکتیکی رۆشنگه‌ری، کتێبی هه‌ره گرنگی فه‌لسه‌فی سه‌ده‌ی بیسته‌م، به کوردی ته‌رجمه کرا، گه‌نکاوی مردوو، جڤاکی رۆشنبیری کوردستان، هیچ کاردانه‌وه‌یه‌کی له ئاست وه‌رگێڕانی ئه‌م به‌رهه‌مه نیشان نه‌دا؛ چ موسبه‌ت یان مه‌نفی.
وه‌رگێڕی دیالکتیکی رۆشنگه‌ری، کاک هاوژین مه‌لا ئه‌مین، مامۆستای زانکۆی سلێمانی، به‌مجۆره یه‌که‌م رسته‌کانی ئه‌م کتێبه‌ی ته‌رجمه کردووه:
"رۆشنگه‌ریی به‌درێژایی مێژوو به مانا فراوانه‌که‌ی ده‌ربڕینێکه بۆ بیرۆکه‌ی پێشکه‌وتن و ئامانجه‌که‌شی رزگارکردنی مرۆڤه له ترس و کردنیه‌تی به سه‌روه‌ر. ئه‌و سه‌رزه‌مینه‌ی که به‌ته‌واوه‌تی روون بۆته‌وه به‌شێوه‌یه‌ک پرشنگ ده‌داته‌وه که ئاماژه بۆ سه‌رکه‌وتن ده‌کات."
به‌ڵام ئادورنۆ و هۆرکهایمێر، نوسه‌رانی دیالکتیکی رۆشنگه‌ری، به‌مجۆره ده‌ست پێده‌که‌ن:
"رۆشنگه‌رى، به ماناى گه‌شه‌ى ئه‌ندێشه، به هه‌موو شێوازه‌کانیه‌وه، به‌رده‌وام تێکۆشاوه تا مرۆڤ له کۆت و به‌ندى ترس و سام رزگار بکا و ده‌سه‌ڵات و سه‌روه‌رى مرۆڤ بچه‌سپێنێ. به‌ڵام ئه‌مڕۆ که گۆى زه‌وى به‌ته‌واوى روناک بۆته‌وه، هه‌ر پرشنگى سه‌رکه‌وتووانه‌ى کاره‌سات و مه‌رگه‌ساته تیشک ده‌هاوێ."
وه‌ک ده‌بینین کاک هاوژین هه‌ر له مانای به‌شی دووهه‌می ئه‌م کوپله‌یه تێنه‌گه‌یشتووه و به‌پێچه‌وانه‌وه وه‌ریگێڕاوه؛ پیویسته ئاماژه به‌م خاڵه‌ش بکه‌م که ئادورنۆ و هۆرکهایمێر پاش دیتنی دیمه‌نه‌کانی دووهه‌مین شه‌ری جیهانی، زۆر له پرۆژه‌ی رۆشنگه‌ری دڵ‌سارد و نائۆمێد بوون، به‌جۆرێک که ئادورنۆ له وته‌یه‌ک دا ده‌ڵێ: "له دوای ئاشویتس، هه‌موو کولتوری مرۆڤایه‌تی، مشتێ زبڵ ناهێنێ"؛ هه‌ر به‌مهۆیه ده‌سپێکی دیالکتیکی رۆشنگه‌ری به‌مجۆره ده‌ست پێده‌کات: هه‌ر پرشنگى سه‌رکه‌وتووانه‌ى کاره‌سات و مه‌رگه‌ساته تیشک ده‌هاوێ"؛ که‌چی وه‌رگێڕی کورد به‌هه‌ڵه و به‌پێچه‌وانه وه‌ریده‌گێڕێ. جا که یه‌که‌م خشت چه‌وت دانرا، دیوار به لار و وێری هه‌تا سوره‌یا ده‌ڕوا.
جا ئه‌گه‌ر بڕوا به‌م وه‌رگێڕانه‌ی باوای پیر ناکه‌ن لێره‌دا ده‌قی ئینگلیسی و فارسیش دێنمه‌وه، بیبینن و خۆتان داوه‌ری بکه‌ن:
Enlightenment, understood in the widest sense as the advance of
thought, has always aimed at liberating human beings from fear and
installing them as masters. Yet the wholly enlightened earth is radiant with triumphant calamity.
وه‌ک ده‌بینین دواین وشه calamity یانی کاره‌سات/ به‌دبه‌ختی/ چاره‌ڕه‌شی؛ به‌ڵام کاک هاوژین، یان وه‌رگێڕی عه‌ره‌ب، جۆرج که‌تووره، ئه‌م خاڵه گرنگه‌یان ره‌چاو نه‌کردووه و یه‌که‌م خشت به چه‌وتی دانراوه... بۆیه له وه‌رگێڕانی ئه‌م جۆره کتێبانه‌دا، وه‌رگێڕ نابێ ته‌نیا پشت به یه‌ک سه‌رچاوه یان یه‌ک زمان ببه‌ستێ. من که دوو ساڵ پێش ئێستا ته‌نیا بابه‌تی چه‌مکی رۆشنگه‌ریم وه‌رگێڕا، هه‌ر دوو سه‌رچاوه فارسیه‌که‌م به‌ده‌ست هێنا و ئه‌وجار ده‌ستم پێ‌کرد، ئێستاش که ئه‌م دێڕانه ده‌نووسم، ده‌قی ئینگلیسی شم له‌به‌ر ده‌ست دایه...
وه‌رگێڕی فارسی، مراد فه‌رهادپور، به‌مجۆره وه‌ریگێڕاوه:
"روشنگری، در مقام پیشروی تفکر در عام ترین مفهوم آن، همواره کوشیده است تا آدمیان را از قید و بند ترس ره‌ها و حاکمیت و سروری آنها را برقرار سازد. با این حال، کره خاک که اکنون به تمامی روشن گشته، از درخشش ظفرمند فاجعه تابناک است."
کاک هاوژین به‌مجۆره درێژه به وه‌رگێڕانه‌که‌ی ده‌دات:
"ئه‌جێندای رۆشنگه‌ری ئامانجی به‌تاڵکردنه‌وه‌ی جادوو که‌شگێڕیی جیهانبوو، ویستی له ئه‌فسانه‌کان ئازاد ببێت و خه‌یاڵدانی مرۆڤ پڕبکات له پشتیوانی زانست."
ده‌قی ئینگلیسی به‌مجۆره‌یه:
Enlightenment’s program was the disenchantment of the world. It wanted to dispel myths, to overthrow fantasy with knowledge.
ده‌بێ ئه‌م به‌شه به‌مجۆره وه‌رگێڕین:
"به‌رنامه‌ى رۆشنگه‌رى بریتی بوو له پاککردنه‌وه‌ى جیهان له سێحر و ئه‌فسوون، سڕینه‌وه و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى ئه‌فسانه‌کان و خه‌یاڵات به زانست و ئپیستمه".
وه‌ک ده‌بینین ویستی به‌رنامه‌ی رۆشنگه‌ری ئه‌وه‌یه که جیهان له سێحر و ئه‌فسوون پاک بکاته‌وه، ئه‌فسانه‌کان بسڕێته‌وه و وه‌هم و خه‌یاڵات هه‌ڵوه‌شێنێته‌وه؛ به‌ڵام کاتێ هاوژین ده‌نووسێ: "ویستی له ئه‌فسانه‌کان ئازاد ببێت"، سوژه و ئوبژه، بکه‌ر و به‌رکردی ئه‌م رسته‌یه ده‌شێوێنێ؛ هه‌روه‌ها مرۆڤ به ئه‌قڵ و بیرکردنه‌وه و هه‌سته‌کانی ده‌گات به زانست و مه‌عریفه، نه‌ک به خه‌یاڵدان، که زیاتر مرۆڤ ده‌خاته بیر ته‌پاڵدان؛ پێویسته ئاماژه به‌م خاڵه‌ش بکه‌ین که وشه‌ی ئینگلیسی knowledge هه‌م مانای زانست ده‌گه‌یه‌نی، هه‌م مه‌عریفه، یانی هاوکات زانستی ئینسانی و زانستی سروشتی له‌به‌ر ده‌گرێت، که‌چی وه‌رگێڕ هه‌ر ده‌نووسێ زانست، که زیاتر زانستی سروشتی ده‌گه‌یه‌نێ.
وه‌رگێڕ به‌مجۆره درێژه‌ی پێ ده‌دات:
"پێشتر باوکی فه‌لسه‌فه‌ی ئه‌زمونگه‌ریی، بیکۆن، مه‌شخه‌ڵه‌کانی ئه‌م پێشنیازانه‌ی کۆکردبوویه‌وه کاتێک که سووکایه‌تی و به‌که‌مزانینی خۆی ئاشکرا کرد بۆ ئه‌و که‌سانه که شوێن پێشینیان و چاولێگه‌ری ده‌که‌ون و ئه‌وانه‌ی که "واده‌زانن ئه‌وانی دی ئه‌و شتانه ده‌زانن که ئه‌وان خۆیان نایزانن و پاشان ده‌گه‌ن به ئه‌و بڕوایه‌ی که ئه‌وه‌ی نه‌یانده‌زانی ئێستا ده‌یزانن، پاشان خۆشباوه‌ڕی ترێز کردن له گومان، وڵامی ساکار و خستنه‌رووی رۆشنبیریی، شه‌رمکردن له دژیه‌کیی، نه‌بوونی مه‌ردایه‌تی، ئاسانگیری له لێکۆڵینه‌وه تاکه که‌سییه‌کان دا، به‌پیرۆز زانینی وشه به‌شێوه‌ی کوێرانه و په‌سه‌ند کردنی زانستی سه‌رپێیی، هه‌موو ئه‌مانه و شتانی دیکه‌ش پتر له‌وه‌ی که بتوانن بمانگه‌یه‌نن به یه‌کبوونێکی سه‌رکه‌وتوانه‌ی نێوان سروشت و پێگه‌شتنی مرۆڤ، هۆکارن بۆ ئاوێته بوونی مرۆڤ به چه‌مکگه‌لێکی پووچه‌ڵ و به کۆمه‌ڵێک ئه‌زموون که هیچ هاوئاهه‌نگییه‌کی تێدا نییه و ئێمه به ئاسانی ده‌توانین به‌رهه‌مه‌کانی ئه‌م یه‌کێتییه پایه‌داره وێنا بکه‌ین." (دیالکتیکی رۆشنگه‌ری، وه‌رگێڕانی هاوژین مه‌لا ئه‌مین)
جا وه‌رن ئه‌م دوو ده‌قه پێکه‌وه به‌راورد بکه‌ن بزانن هه‌ر هه‌ست به‌وه ده‌که‌ن که له یه‌ک سه‌رچاوه وه‌رگێڕدراون؟:
"فرانسیس بیکه‌ن، باوکى فه‌لسه‌فه‌ى ئه‌زموونى (ئێمپریزم)، پێشتر ئه‌م چه‌مکانه‌ى باس کردبوو. ئه‌و سوکایه‌تیى به وته‌بێژان و لایه‌نگرانى نه‌ریت (ترادیسیۆن) ده‌کرد، یانى ئه‌و که‌سانه که ئیمانیان له‌جیاتى ئپیستمه دانا و شک و گومان و و‌ڵامى رۆشنیان بۆ گرنگ نه‌بوو. به‌ڕاى بیکێن هه‌موو ئه‌مانه له‌مپه‌رى 'پێوه‌ندى پیرۆزى نێوان زه‌ینى مرۆڤ و گه‌وهه‌رى شته‌کان' بوون و ده‌بوونه هۆى ئه‌وه که مرۆڤ نه‌توانێ زانست و تێگه‌یشتنى خۆى به‌کاربێنێ و دۆخى ژیانى، باش و ته‌با بکات. (چه‌مکی رۆشنگه‌ری، وه‌رگێڕانی هادی محه‌مه‌دی).
وه‌ک ده‌بینین کاک هاوژین له‌گه‌ڵ ئه‌م به‌شه زۆر هه‌وڵی داوه و 5 دێڕی کردووه به ده دێڕ به‌ڵام قه‌ت کاکڵی مه‌به‌ستی نه‌پێکاوه و هه‌ر دیار نییه چ دبێژێ؟!
وه‌رگێڕ به‌مشێوه‌یه درێژه به کاره‌که‌ی ده‌دات:
"چاپه‌مه‌نی دۆزینه‌وه‌یه‌کی گه‌وره‌یه، تۆپخانه، بینینی زه‌مینه‌ی واقیعه، قیبله‌نه‌ما، دۆزینه‌وه‌یه‌که که تا ئه‌ندازه‌یه‌ک له‌وه‌وپێشیش ناسرابوو، ئه‌و گۆڕانکاریانه کامانه‌ن که ئه‌م دۆزینه‌وانه نه‌یانوروژاندووه- که هه‌ندێکیان له زانست دا به‌رجه‌سته ببوو هه‌ندێکی دیکه‌یان له جه‌نگدا و ئه‌وه‌ی دیکه‌شیان له بواری پاره و دراو و بازرگانی و چالاکی ده‌ریاییدا! من پێتان ده‌ڵێم که ئه‌م دۆزینه‌وانه ته‌نیا و ته‌نیا زاده‌ی رێکه‌وت بوون. به‌مشێوه‌یه باڵاده‌ستی مرۆڤ ته‌نیا له بواری زانست‌دا ده‌بێت، ئه‌مه گومانی تێدا نییه."
چاو له ده‌قی ئینگلیسی بکه‌ن:
Such inventions as had been made—Bacon cites printing, artillery,
and the compass—had been arrived at more by chance than by systematic
enquiry into nature. Knowledge obtained through such enquiry would
not only be exempt from the influence of wealth and power but would establish man as the master of nature.
هاوژین ده‌نووسێ: چاپه‌مه‌نی دۆزینه‌وه‌یه‌کی گه‌وره‌یه، له‌کاتێک دا مه‌به‌ستی نوسه‌ران داهێنانی ده‌زگای چاپه، نه‌ک چاپه‌مه‌نی، بۆیه ده‌نووسن printing، نه‌ک press. هه‌روه‌ها کامپاس یانی ده‌زگای قوتب نوێن، نه‌ک قیبله‌نما، چونکه وه‌ک ده‌زانین قیبله ته‌نیا پێوه‌ندی به ناوچه‌یه‌که‌وه هه‌یه و ته‌نیا بۆ مسڵمانان گرنگه، به‌ڵام قوتب، پرسێکی جیهانییه و له زانستی جوغرافیا و ده‌ریاوانی دا وه‌ک شتێکی جیهانی و نێونه‌ته‌وه‌یی ناسراوه. جگه له‌وه‌ش پێوه‌ندی لۆژیکی و مانایی رسته‌کان به‌ته‌واوی شێواوه و ده‌قێکی زۆر ئاڵۆز و شپرز به‌رهه‌م هاتووه.
ئه‌مه به‌شه ده‌بێ به‌مجۆره وه‌رگێڕین:
"به راى بیکه‌ن داهێنانه‌کانى ئه‌و سه‌رده‌مه، تێکنۆلۆژى چاپ، تۆپخانه و قوتبنوێن (compass)، دۆخى دنیایان به‌ته‌واوى گۆڕى، تێکنۆلۆژى چاپ له گه‌شه‌ى زانست و مه‌عریفه‌دا وه‌رچه‌رخانێکى پێکهێنا، تۆپخانه یاساکانى جه‌نگى ژێراوژوور کرد و، کامپه‌س له ده‌ریاوانى و بازرگانى دا شۆڕشێکى خولقاند، بیکێن پێى وایه هه‌موو ئه‌مانه ئاکامى به‌خت و شانس بوون نه‌ک تۆژینه‌وه‌ى سیستماتیک له‌مه‌ڕ سروشت. زانست و ئپیستمه‌یه‌ک که به‌هۆى وه‌ها تۆژینه‌وه‌یه‌ک به‌رهه‌م ده‌هات، جگه له‌وه که به‌ده‌ر له کاریگه‌رى سامان و ده‌سه‌ڵات بوو، به‌ڵکوو هێژمونى مرۆڤى به‌سه‌ر سروشت دا ده‌سه‌لماند".
خوێنه‌رانی به‌ڕێز، ئه‌وه‌ی بینیتان ته‌نیا به‌راوردکردنی لاپه‌ڕه‌ی یه‌که‌می وتاری چه‌مکی رۆشنگه‌ری بوو، بێگومان ئه‌گه‌ر هه‌موو ئه‌م کتێبه به‌راورد بکه‌ین، دنیایه‌ک هه‌ڵه‌ی لۆژیکی و مانایی و مێتۆدۆلۆژیک به‌دی ده‌که‌ین. به‌ڵام من لێره‌دا هه‌ر به‌م کورته‌یه واز دێنم و هیوادارم له داهاتوودا هه‌م توێژه‌ری وردبین و هه‌م وه‌رگێڕی پسپۆڕ و شاره‌زا ئه‌م که‌لێن و بۆشاییه‌ی زمان و کولتوری کوردی پڕ بکه‌نه‌وه...
سه‌رچاوه‌کان:
1. دیالکتیکی رۆشنگه‌ریی، ئادورنۆ و هۆرکهایمێر؛ و: هاوژین مه‌لا ئه‌مین، له بڵاوکراوه کانی نێوه‌ندی رۆشنگه‌ری بۆ لێکۆڵینه‌وه‌ی فیکری و سیاسی، سلێمانی 2011.
2. دیالکتیک روشنگرى، تئودور ادورنو/ ماکس هورکهایمر، ترجمه مراد فرهادپور، نشر گام ن‌و، تهران 1384.
3. The Concept of Enlightenment, Adorno, T. W., with Max Horkheimer. Dialectic of Enlightenment.
4. گۆڤاری سه‌رده‌م، ژماره 66، چه‌مکی رۆشنگه‌ری، وه‌رگێڕانی هادی محه‌مه‌دی.
5. هه‌ر وه‌ها ده‌توانن له تۆڕی ئینترنێت له وبلاگی پرووشه دا، وتاری چه‌مکی رۆشنگه‌ری ببینن:
http://proosha2.blogspot.com/2010/06/blog-post_18.html
هیچ نظری موجود نیست:
ارسال یک نظر