رد شدن به محتوای اصلی

کۆمه‌ڵناسی رۆمان

کۆمه‌ڵناسی رۆمان
لوکاچ، گوڵدمه‌ن، باختین
 پیه‌ر. ڤ. زیما


پێشتر باسى ریالیزمى لوکاچ مان کرد، لوکاچ ریالیزم بە دوو چەمکى گشتێتى و تیپ پێناسە دەکات. ئەو لە تیۆرى خۆى دا لەمەڕ ریالیزم، لەنێوان ئەدەبیاتى ریالیستى (ڤاڵتر سکات، باڵزاک، توماس مان) و ئەدەبیاتى ناتۆرالیستى (زۆلا و ئەدەبى ئاوانگارد) دا دژایەتى قووڵ ده‌بینێ.
بە راى لوکاچ، رۆمانى ریالیستى باڵزاک یان گۆتێ، تەنیا پرسۆناژەکان، دۆخەکان و کردارى تیپیک ناخولقێنێ، بەڵکوو راستیەکان بەشێوەى هەمەلایەنە دەنەخشێنێ، ئەم کارەش بەرهەمى تۆکمەیى پێکهاتەى گێڕانەوەیى رۆمانى ریالیستییە. وەها پێکهاتەیەک لە رۆمانى "ئابستراکت" و "ناتۆرالیستى" زۆلا و کافکا و بێکێت دا پەیدا نابێت. لوکاچ پێکهاتەى گێڕانەوەى ئەم جۆرە رۆمانە بە لاواز دەزانێ و پێى وایە لە دەقى ناتۆرالیستى دا راستییەکان بەشێوەى گەوهەرى و بنەڕەتى، لە بوارى زات (das wesen)دا دەرک ناکرێن. زۆلا لە بەرهەکانى دا ناتوانێ گەوهەرى شتەکان دەرک بکات، لە رۆمانى ئەودا قارەمانان بەشێوەى ئەکتیڤ لە روداوەکان دا بەشدارى ناکەن و رۆڵى پەسیڤ دەگێڕن.
یەکێ لە باشترین وتارەکانى لوکاچ بە ناوى "گێڕانەوە یان وەسفکردن" (narrative or description) ناکۆکى نێوان دوو ستایلى ریالیستى و ناتۆرالیستى لە گێڕانەوەدا راڤە دەکا و پیشان دەدات کە پێکهاتەى زمانى دەق زۆرجار وەک بابەتى دیالۆگی فکرى و سۆسیۆلۆژیک دەردەکەوێ. ئەو بەمجۆرە پیشان دەدات که‌ گێڕانەوە (شێوەى گێڕانەوەى راستییەکان) نە تەنیا رەهەندێکى فۆرمى ئەدەب نییە، بەڵکوو هۆکارێکى هەرە فکرییە.
لوکاچ لە سەرەتاى ئەم وتارەدا کە باسى زۆلاى "ناتۆرالیست" و تۆلستۆى "ریالیست" دەکات، ئەم پرسیارە دەورووژێنێ کە چۆن دەتوانین رۆمانى ریالیستى لە رۆمانى ناتۆرالیست جیا بکەینەوە؟ بە راى لوکاچ نووسەرانێک وەک باڵزاک و تۆلستۆى، گرنگى بە رۆمانێک دەدەن کە لەودا رووداوەکان بەشێوەى شانۆیى لێکئاڵاون و بەرەو چارەسەر دەڕۆنە پێش. کەوابوو ئەوان تۆکمەیى رووداوەکان و پێویستییەکان هەڵدەبژێرن. لوکاچ لەمەڕ "خەونەکانى بە باداچوو" دەنووسێ: "باڵزاک پێمان دەڵێ لە کۆمەڵى سەرمایەدارى دا، شانۆ بە خەستى قەحپە و نەنگین بووە. درامى قارەمانانى سەرەکى رۆمان، درامێکە کە خەڵک لەودا دەژین، درامێک کە خەڵک لەودا رۆڵى ژیانى واقعى دەگێڕن و گۆڕەپانى شەڕ و کێشەکانە [...]".
لە بەرهەمەکانى باڵزاک دا بەردەوامى و چارەسەرى، گەوهەرى دۆخى مێژوویى کۆمەڵایەتى راڤەکراو دەردەخات، کەسێتى و کردارى تیپیک و دۆخى هاوجووت لەگەڵ ئەوان، رەهەندێکى بەرچاوى کۆمەڵگە لە سەردەمێکى تایبەت دا دەردەخه‌ن. لەبەر ئەوەى هەڵبژاردن و سڕینەوەى دەقى باڵزاکى لەخۆڕا نییە بەڵکوو بەپێى هۆکارى زاتى و بنەڕەتى ("زات" بە ماناى هێگلى و مارکسى) دەکرێت، راستییەک رۆشن دەکاتەوە کە نووسەر یان تیۆریسازى ئێمپریست ناتوانێ بیبینێ.
بەپێچەوانەى باڵزاک و تۆلستۆى، زۆلا ناتوانێ وەسفەکانى خۆى لەگەڵ کردارى شانۆیى رۆمان پێوەند بدات. کاتێ لوکاچ رەوتى پێکهاتنى رۆمان لە ئاسۆیەکى مێژوویى دا راڤە دەکات، دەڵێ وەسفکردن لە ئەدەبى رۆمان دا، لە سەدەى هەژدە بەملاوە تادێ رۆڵى گرنگتر دەگێڕێ و لە درێژەى سەدەى نۆزدەهەم دا دەیەوێت لە پراتیکى رۆمان سەربەخۆ بێت. لە بەرهەمەکانى فلوبێر و زۆلا دا، وەسفکردن سەرئەنجام وەک ئامانج دەردەکەوێ و لە گێڕانەوە سەربەخۆ دەبێت: "لە بەرهەمەکانى سکات، باڵزاک یان تۆلستۆى دا چەندین رووداو دەبینین کە لە پێوەندى لەگەڵ کەسێتى نێو رۆمانەکان و گرنگیدان بە گەشەى ژیانى کۆمەڵایەتى مرۆڤ مانا دەدەن. چەندین رووداو کە کەسێتى رۆمان لەواندا چالاکانە بەشدارى دەکات. ئێمە ئەم رووداوانە بەشێوەى زیندوو دەبینین. بەڵام لە بەرهەمەکانى فلوبێر و زۆلا دا کەسێتى زیاتر وەک چاودێرى رووداوەکان رۆڵ دەگێڕێ. بەمهۆیە رووداوەکان لە زەینى خوێنەردا وەک کۆمەڵێک دیمەن دەردەکەون کە ئێمە سەیری دەکەین".
کەلێنى نێوان گێڕانەوە و وەسفکردن کە وەک نموونە لە دەقەکانى فلوبێر و زۆلا و، دواتر پرۆست و موزیل دا دەردەکەوێ، ناتوانێ راستییەکان بەشێوەى گشتێتى تۆکمە، بەماناى هێگلى، دەربخات. ناتورالیزمى نووسەرێک وەک زۆلا بۆیە لەگەڵ "ریالیزمى رەخنەگرانەى" باڵزاک جیاوازى سەرەکى هەیە، چونکە ناتوانێ بە یارمەتى کەسێتى و دۆخى تیپیک، فاکتى کۆمەڵایەتى راڤە بکات و گەوهەرى راستییەکان دەربخات. ئایا لێرەدا لەگەڵ تیۆرى ریالیستى بەرەوڕوین؟ چۆن دەتوانین گەوهەر لە بوارى سۆسیۆلۆژیک دا شرۆڤە بکەین؟
لوکاچ بە پشت بەستن بە تیۆرى مارکسى دابەشبوونى کار، شرۆڤەیەکى ماتریالیستى گەڵاڵە دەکات. لە بەرهەمەکانى زۆلا دا، بۆیە وەسفکردن وەک ئامانجێکى سەربەخۆ دەردەکەوێ چونکە ئەو راستییەکان تەنیا لە ئاسۆیەکى تەواو پڕۆفیشناڵ و پسپۆڕانەدا دەبینێ. لوکاچ باسى ئەوە دەکات کە لە دۆخێکى ئابوورى دژوار دا، نووسەر ناچار دەبێ دابەشبوونى کارى بورژوازى قەبووڵ بکات کە پێویستى به‌ پسپۆڕ بوونەوە لە بوارى نووسین دا هەیە. هونەر کە لە سەردەمى پێشوودا پرسێکى گشتى و گشتگیر بوو و پرسەکانى مرۆڤى بەگشتى مەبەست بوو، ئێستا وەک پیشەیەکى بەرتەسک دەردەکەوێ و بەپێى یاساکانى بازاڕ مەزندە دەکرێ، ئەو یاسایانە کە زیاتر گرنگى بە کارى "پرۆفیشناڵ" دەدەن، نە کارى "دڵخواز و ناپرۆفیشناڵ".
کەوابوو ئەوە بازاڕە کە تادێ زیاتر کارەکان دابەش دەکا و ناتۆانێ راستیەکان وەک رۆمانێکى تۆکمە دەربخات. زۆلا دیاردەیەک پیشان دەدات بەڵام لە زەمینەیەکى گشتگیر و تۆکمە دا نایگونجێنێ. (لەم بابەتەوە روانگەى لوکاچ تەواو نییە: بۆچى وەسفکردن بە "پسپۆڕى" نووسەر بزانین و گێڕانەوە نا؟ ئایا رۆماننووس بەر لە هەر شتێ چیرۆکنووس نییە؟ بۆ لە وەسفکردن دا دیاردەیەکى تایبەت دەبینین و لە گێڕانەوەدا شتێکى گشتگیر؟ من وێڕاى ئەوە کە قەبووڵ دەکەم پێکهاتەى گێڕانەوەى رۆمان لە کۆتایى سەدەى هەژدەهەم دا تووشى کێشە دەبێ، بەڵام شیکارى سۆسیۆلۆژیکى لوکاچ بە نادروست دەزانم).        
لوکاچ لەئاست ناتۆرالیزمى "کوێر" و ئەزموونى، بەرهەمەکانى گۆتێ و باڵزاک و تۆلستۆى و تۆماس مان دادەنێ و ئەوان بە نوێنەرى ریالیزمى بورژوایى یان "ریالیزمى رەخنەگرانە" دەزانێ. بە راى لوکاچ دوو نووسەرى وەک گۆتێ و تۆلستۆى بە هۆی پێگەى "ئاریستۆکراتى" توانیویانە خۆیان لە ئاکامەکانى دابەشبوونى کار دەرباز بکەن و گشتێتى و تۆکمەیى دۆخى کۆمەڵایەتى بپارێزن. (لێرەدا دەتوانین بێژین دیسکۆرسى مارکسیستى لوکاچ زیاتر گرنگى بە رابردوو دەدات نە داهاتوو. تەنانەت ئەگەر ئەم شتە قەبووڵ بکەین کە دابەشبوونى کار تێکڕاى جڤاتى سەنعەتى ناگرێتەوە، ئەم بیرە کە "پێگەى ئاریستۆکراسى" بە تاقە رێگەى دەربازبوون لە ئاکامى پڕخەسارى دابەشبوونى کار دەزانێ، لەگەڵ بیرى مارکسیستى نایەتەوە...).
واباشترە روانگەى لوکاچ لەمەڕ رەنج و ئازارەکانى ڤۆرترى لاو، بەرهەمى گۆتێ، بە وردى لێکبدەینەوە. بە راى لوکاچ ئەم رۆمانە چەندین کەسێتى و کردار و دۆخى تیپیک پیشان دەدات کە پێوەندى سیاسى کۆمەڵایەتى قۆناغێکى مێژوویى دیاریکراو بە جۆرێک بەرجەستە دەکات کە رەنگە بکرى بەشێوەى هێمایى allegorical)) پێناسەى بکەین.
لەم شرۆڤەدا عشقى ڤۆرتر بە لوت تەنیا پرسێکى تایبەتى نییە، بەڵکوو رەهەندێکى کۆمەڵایەتى هەیە: لە ژیانى عاتفى قارەمانى گۆتێدا، کێشە کۆمەڵایەتییەکانى زەمانە دەردەکەون. بەتایبەت ناکۆکى نێوان شەوقى ئاشقانە و شێوازى ژنهێنانى بورژوایى: "گۆتێ لە گێڕانەوەکانى خۆى دا ناکۆکى روو لە چارەسەرى نێوان گەشەى کەسێتى مرۆڤ و جڤاتى بورژوایى ئاشکرا دەکات". گۆتێ بە تێکهەڵکێشى بوارى تایبەتى و بوارى گشتى، پرسى تاکى و پرسى کۆمەڵایەتى، گشتێتى تۆکمە دەردەخات کە لە ناخى ئەودا، پرسى تاکى، سروشتێکى مێژوویى و گشتى بەخۆوە دەگرێ.
لە شکستى ڤۆرتر و خۆکوشتنى ئەودا ناکۆکییەکى دیکە ئاشکرا دەبێت: ناکۆکى نێوان رەوتى بورژوازى روو لە گەشە و ئازادى خواز لەگەڵ "نەزمى فیۆداڵى – دیسپۆتیک". لوکاچ دەنووسێ: "گۆتێ عشقى ڤۆرتر بە لوت وەک دیمەنێکى شاعیرانەى خواستى جەماوەرى و دژەفیۆداڵى لە ژیانى قارەمانانى بەرهەمەکەدا دەردەخات".
ئەم رستەیە مەبەستى لوکاچ لە دوو چەمکى "تیپیک" و "ریالیستى" بە رۆشنى پیشان دەدات: تەنیا پێکهاتەى رۆمانێک کە بتوانێ پرسەکانى چینێک یان تێکڕاى جڤاتێک لە قاڵبى پرسێکی تاکى (بۆ نموونە پرسى ڤۆرتر)دا دەربخات، دەتوانێ جیهان بەشێوەى ریالیستى پیشان بدات. لێکجووتبوونى هۆکارى تاکى و گشتى، هۆکارى تایبەتى لێدەکەوێتەوە کە یەکێ لە گرنگترین چەمکەکانى جوانیناسى لوکاچ پێکدێنێ.
نموونەیەکى دیکە کە لێکجووتبوونى هۆکارى تاکى و گشتى لە هۆکارى تیپیک و تایبەتى دا پیشان دەدات، رۆمانى دۆکتۆر فاستوس بەرهەمى تۆماس مانە. لەم رۆمانەدا، دابڕانى مۆسیقارى پێشەنگ (ئادریان لۆرکوهێن) کە هارمۆنى و هیۆمانیزمى مۆسیقى کلاسیک لادەبات و پەرە بە فرەدەنگى و ناهماهەنگى (imbalance) دەدات، تێکڕاى بەرهەمهێنانى هونەرى ئاوانگاردى مۆدێرن دەردەخات. بەمپێیە، ژیانى لورکوهێن وەک بەردەوامى چەند رووداوى سەیر و خۆڕایى نییە و دەکرێ بە نموونەى بەرجەستەى پرسى تیپیک حساب بکرێ: ئەم ژیانە دابڕانى هونەرى ئاوانگارد پیشان دەدات کە جیهانبینى هیۆمانیستى وەلادەنێ و ژیانى رۆژانەى جەماوەر دەردەخات، کە پێڕەوى سیستمى بەهاکانى هیۆمانیزمێکى لەرزۆک و لێکترازاوە.
لوکاچ دەنووسێ: "سەرەڕاى ئەوە کە ژوورى کارى فاوستى نوێ – کاتێ لە دەرەوە سەیر بکرێ- دەبینرێ کە لێبڕاوانە دەرگاکانى لەئاست دنیاى کۆمەڵایەتى دەرەوە داخستووە، لە راستیدا مەتبەخێکى ئەفسوونییە کە لەودا هەموو ویستە شوومەکانى سەردەم تێکەڵ بوون و مادەیەکى تۆکمەیان خولقاندووە." ریالیزمى توماس مان رێک هەر لەم پرسەدا دەتوانێ ویستە سیاسى و هونەرییەکانى تێکڕاى سەردەمێک – کۆمارى وایمار- لە قاڵبى مۆسیقاى شوومى لورکوهێن دا، چڕبکاتەوە.

 B. جوتیاران بەرهەمى باڵزاک: لە لوکاچ تا ماشرى

پاش مارکس و ئنگڵس، دوو بیرمەندى مارکسیست، لوکاچ و ماشرى رۆمانەکانى باڵزاکیان راڤە کردووە. دیدگاى ئەوان لەمەڕ جوتیارانى باڵزاک، بۆ کۆمەڵناسى ئەدەبیات، گرنگى تایبەتى هەیە: یەکەم بەمهۆیە کە پیشان دەدات کە دوو روانگەى مارکسیستى تەواو جیاواز، رەنگە لە شیکارى دا بە یەک ئاکام بگەن. دووهەم بەمهۆیە کە بەراورد کردنى روانگەکانى ئەوان، وڵامى ئەم پرسیارە دەداتەوە کە ئایا کۆمەڵناسى (مارکسیستى) ئەدەبیات لە مەوداى 1934 (لوکاچ) تا 1979(ماشرى) لە بوارى مێتۆدۆلۆژیک دا گەشەى کردووە؟
لوکاچ لە شیکارى خۆى دا دەگەڕێتەوە بۆ پرسیارێکى کۆن کە مارکس گەڵاڵەى کردووە: چۆن دەتوانین ناکۆکى نێوان ئایدیۆلۆژى کونسێرڤاتیڤ و لژیتایمیستى باڵزاک و نواندنى ریالیستى (رۆشنگەرانەى) فەوتانى ئاریستۆکراسى فەرانسا و گەشەى بورژوازى راڤە بکەین؟
روانگەى لوکاچ لە وڵامدانەوەى ئەم پرسیارەدا سادەیە و لەگەڵ روانگەى مارکس جیاوازى قووڵى نییە: باڵزاک، نووسەرى بلیمەت و ریالیست، ئایدیۆلۆژى کونسێرڤاتیڤ و ئەلتێرئێگۆى(alter ego) رۆماننوس رەت دەکاتەوە و تێیدەپەڕێنێ. بە راى من دوا رستەى وتارى لوکاچ لەمەڕ جوتیارانى باڵزاک، کاکڵى روانگەى لوکاچ دەردەخات: "تواناى بەرفراوانى باڵزاک لەوە دایە کە ناهۆمێدى [فەوتانى ئاریستۆکراسى، سەرهەڵدانى بورژوازى و سەرکەوتنى پرۆلیتاریاى] بەشێوەیەکى تەواو ریالیستى باس کردووە.
خوێنەرى باڵزاک دەزانێ کە نووسەر قەت مەبەستى ئەوە نەبووە کە پرۆسەى هێگلى "سەرچوونى" مێژوویى شرۆڤە بکات. باڵزاک لە نامەى سەرەتاى رۆمانەکەدا بۆ کاڤۆ دەنووسێ ئەم رۆمانە خوێنەران لە پیلانێک ئاگادار دەکات: "پیلانى هەمیشەیى هەژاران لە دژى دەسەڵاتداران، پیلانى جوتیاران لە دژى مڵکداران ]…[. لێرەدا دەمەوێ بیرى یاسادانەرى سبەینێ روون بکەمەوە نە یاسادانەرى ئەمڕۆ. ئایا لە نێوان گێژیى دیموکراتیک کە ئەو هەموو نووسەرە کوێرانەى گیرۆدە کردووە، سەرئەنجام نابێ جوتیارێک پیشان بدەین کە دەیەوێ مڵکدارى هەڵبوەشێنێتەوە و پێش بە یاساکان بگرێ؟ لەم کتێبەدا، ئەم بوونەوەرە روخێنەرە ماندویى نەناسە دەبینین کە زەمین کەرت کەرت و دابەش دەکات".
مۆدێلى ریالیستى و فێرکارى باڵزاک لەم پاراگرافەدا بە رۆشنى دەردەکەوێ: رۆماننووس دەیەوێ بیرى یاسادانەرى ئایندە رۆشن بکاتەوە و رێکخستنى کۆمەڵگە باشتر بکات. سەرەڕاى ئەمەش، بە راى مارکس و لوکاچ، ئەو بێ ئەوەى خۆى بزانێت، مۆدێلێکى تەواو جیاواز پراکتیزە دەکات.
بە راى لوکاچ [لە بەرهەمەکانى باڵزاک دا] نووسەرى ریالیست، بە تێکشکاندنى خەون و خەیاڵى کونسێرڤاتیڤى بیرسازى لژیتایمیست و بە نەخشاندنى رەوتى واقعى ئاڵوگۆڕى کۆمەڵایەتى، بیرساز رەت دەکاتەوە. وەسفەکانى ئەو یاساى گشتى لە دیاردەى تاکى دا بەرجەستە دەکا و بە پرسى تیپیک دەگات: "لێرەدا جەماوەرى گوندى ئیدى بەشێوەى ئابستراکت و پەسیڤ وێنا ناکرێن، بەڵکوو بەشێوەى ئێجگار تیپیک، بەشێوەى قارەمانانێک پیشان دەدرێن کە هاوکات ئەکتیڤ و پەسیڤن". هەموو ئەو چینە کۆمەڵایەتییانە کە باڵزاک باسیان دەکات، بەشێوەى تیپیک پیشان دەدرێن: "ئەم سێ چینە [مڵکدارانى گەورە، جوتیاران، سەرمایەدارانى سودخۆر] لە ریزەکانى خۆیاندا خاوەن چەند تیپێکى جیاوازن، چەند تیپێک کە بە ئامێرى ئابوورى، فکرى و سیاسى داکۆکى لەم خەباتە دەکەن".
ئاکامى وەها وەسفێکى دروست و ریالیستى، لە هەموو روویەکەوە بەپێچەوانەى مۆدێلى سەرەتایى نووسەر دەردەکەوێ: لەجیاتى ئاشکرا کردنى سروشتى پڕمەترسى جوتیاران، پیشان دەدات کە چۆن بورژوازى لە ساتێکى مێژوویى دا جوتیاران تێکدەشنێنێ کە پرۆلیتاریاى فەرانسا هێشتا ئەوندە گەشەى نەکردووە کە هوکات لەگەڵ جوتیاران خەباتى شۆڕشگێڕانە دەست پێبکات: "باڵزاک بەپێچەوانەى ویستى خۆى، تراژێدى ئابوورى وردەمالکى پیشان دەدات...".
لە وتارەکەى لوکاچ دا، دێڕى "بەپێچەوانەى ویستى خۆى" رۆڵى ئێجگار گرنگ دەگێڕێ: ئەویش وەک زۆربەى تیۆریسازانى مارکسیست (بەتایبەت ماشرى) پێى وایە کە نووسەر "چەندین ئەندێشە" بەیان دەکات، بێ ئەوەى لە ناوەرۆکیان وشیار بێت. ئەڵبەت ئێمە ئەم شتە قەبووڵ دەکەین کە رەنگە دەقێک هەندێ توخمى تێدا بێت کە نووسەر پێ نەزانێ، بەڵام پرسیارێک دەمێنێتەوە کە ئایا شیکارى لوکاچ رەهەندە "شاراوەکانى" رۆمانى باڵزاک (کە خۆى لێى بێ خەبەر بووە) ئاشکرا دەکات، یان تەنیا بەشێک لە دەقى باڵزاک لەگەڵ دیسکۆرسى مارکسیستى لەمەڕ مێژوو پێوەند دەدات؟ هەر وەها دەبێ بپرسین کە باڵزاک چۆن توانیویە حاشا لە ئایدیۆلۆژى لژیتایمیستى خۆى بکات و تێیپەڕێنێ؟
لێرەدا دەمەوێ وڵامى دووهەم پرسیار بدەمەوە. بە راى بیرمەندى مارکسى هێگلى، باڵزاک بەمهۆیە قاڵبى تەنگى لژیتایمیزمى خۆى تێکدەشکێنێ چوونکە بلیمەتێکى ناوازەیە. لوکاچ لە وتارەکەى خۆى دا لەمەڕ جوتیاران، چەندین جار باسى "گەورەیى" و "بەتوانایى" باڵزاک دەکات. نەریتى تیۆرى جوانیناسى کە لە هێگلەوە سەرچاوە دەگرێ (دیدگاى لوکاچ، گوڵدمەن و تەنانەت ئادورنۆ) چەمکى بلیمەت دەکاتە بناغەى شرۆڤەکارى: بەتایبەت گوڵدمەن پێى وایە کە تەنیا نووسەرى "گەورە" و ("بلیمەت") دەتوانێ "جیهانبینى"یەک بەیان بکات. بە راى لوکاچ تەنیا بلیمەت دەتوانێ قاڵبى ئایدیۆلۆژیک تێکبشکێنێ و راستییەکان بەشێوەى "دروست" و ریالیستى بنەخشێنێ.
کاتێ شرۆڤەکانى پییەر ماشرى دەربارەى رۆمانى جوتیاران دەخوێنینەوە، بەدڵنییایەوە روانگەکانى لوکاچ نابینینەوە: یەکەم بەمهۆیە کە ماشرى لایەنگرى مارکسیزمى ئاڵتوسێرە کە چەمکى سوژە و هەموو چەمکێکى وەرگیراو لە سوبژکتیڤیتە، لەوانە چەمکى "بلیمەت" و هتد، بە چەمکى ئایدیۆلۆژیک دەزانێ و، دووهەم بەمهۆیە کە ماشرى نیشانەناسى و دەروونشیکارى ژاک لاکان دەناسێ کە بەپێى ئەم دوو فاکتەرە، پەیڤى (تیۆریک یان فانتێزیک) قەت ناتوانێ بێ لایەن بێت و ئەو زمانە کە بەکارى دێنێ، زمانێکى "سروشتى" نییە، هەروەها ئایدیۆلۆژى پرسێکى زمانییە.
بەڵام پاش خوێندنەوەى دەقەکانى ماشرى، ناهۆمێد دەبین: ئەگەرچى ماشرى هەندێ چەمکى وەک "گەورەیى" و "بلیمەتى" بەکار نەهێناوە، بەڵام زۆربەى بۆچوونەکانى پێشتر لوکاچ بەکارى هێناون و ئەڵبەت ماشرى قەت ناوى لوکاچ ناهێنێ. ماشرى وەک مارکس و لوکاچ پشت بەم ئەندێشە دەبەستێ کە باڵزاک بانگەشەى شتێکیتر دەکات و کارێکى تر ئەنجام دەدات، ئەو دەیەوێ دیدگاى کونسێرڤاتیڤى خۆى پاساو بدات، بەڵام سەرئەنجام ناکۆکى و ئاستەنگەکانى ئایدیۆلۆژى خۆى ئاشکرا دەکات. ئەو ویستوویە خوێنەران دڵنیا بکات کە جوتیاران پڕمەترسین، بەڵام باسى هەڵشکانى جوتیارانى لە سیستمى سەرمایەدارى دا کردووە. راستییەکانى رۆمان، نادروستى ئایدیۆلۆژى لژیتایمیزم دەردەخات: "چونکە هەقیقەتى مێژوو و رۆمانەکە لە جێگایەکى تر دایە: لە گەشەى حەتمى چینى بورژوازى دایە کە بۆ سەقامگیر کردنى دەسەڵاتى خۆى وەک ئامێر جوتیاران بەکاردێنێ". (ئەمە رێک لە وتەى لوکاچ دەچێ: "خەباتى جوتیاران لەگەڵ پاشماوەکانى ستەمکارى فیۆداڵى ...ئەوان وەک پاشکۆى سەرمایەدارى سودخۆر لێدەکات").
 کەوابوو لە جوتیاران دا، سەرئەنجام فۆرمى رۆمانەکە حاشا لە ئایدیۆلۆژى نووسەر دەکا و ناکۆکییەکانى دەردەخات. نووسەر بەشێوەى ناوشیار بەرهەمێک دەخولقێنێ کە لەگەڵ روانگەى کونسێرڤاتیڤى خۆى ناکۆکى قووڵى هەیە: "بەرهەمەکانى باڵزاک باشتر لە بەرهەمەکانى تر، ناچارییەک دەردەخەن کە هەر نووسەرێک گیرۆدەى دەبێ و ئەوەى باسى بابەتێک بکات ناچارە چەندین بابەتى دیکەش باس بکات". ناکۆکییەکان بۆیە ئاشکرا دەبن چونکە نووسەر بۆوەى دۆخى جوتیاران راڤە بکات بەناچار دەبێ بیاندوێنێ، وتەکانى جوتیارانیش دەسەڵاتى فکرى بورژوازى رسوا دەکەن.
 بەپێچەوانەى لوکاچ کە باسى زمان ناکا و زمان بە پرسێکى شەفاف و "رۆشن" دەزانێ، ماشرى لە وتارى خۆیدا وتەکانى جوتیاران شرۆڤە دەکات. ئەو پیشان دەدات کە جوتیاران بە زمانێک قسە دەکەن کە بە قەرز لە بورژوازى وەریان گرتووە (ئەم پرسە رەهەندى نوێکارى و داهێنانى ئەو دەردەخات): "زمانى ناڕەسەنى جوتیار، فێڵێکى مێژوویى بەتەواوى ئاشکرا دەکات، فێڵێک کە چارەنووسى راستەقینەى چینێک دیارى دەکات". هەروەها دەنووسێ: "فۆرمى رستەکانى جوتیار کاتێ بە تەواوى دەردەکەوێت کە سروشتى جوتیارى ئەو بزر بووە".
بێگومان بەراوردکردنى زمانى بورژوایى (هیۆمانیستى) لەگەڵ زمانى جوتیارى، بۆ کۆمەڵناسى دەق دیاردەیەکى گرنگە...
بەپێچەوانەى لوکاچ کە ناکۆکى نێوان فۆرمى ئایدیۆلۆژى و ستایلى نووسەر، بەپێى بلیمەتى باڵزاک راڤە دەکات، ماشرى تێدەکۆشێ ئەم پرسە بەپێى ناکۆکى بەرینى نێوان دەقى ئەدەبى و رۆڵى ئەو لە "ئامێرى ئایدیۆلۆژیکى دەوڵەت"دا راڤە بکات...
کەوابوو ناکۆکى نێوان رۆمانى جوتیاران و ئایدیۆلۆژى نووسەر، زادەى بلیمەتى باڵزاک نییە، بەڵکوو بەرهەمى ئەم شتەیە کە رۆمان و فانتازی دەیانەوێ ئاستەنگەکانى ئایدیۆلۆژى زاڵ ئاشکرا بکەن. جارێکى تر بەم بیرەى ماشرى و بالیبار دەگەین کە دەقى ئەدەبى "زیاتر لەوە کە ئایدیۆلۆژییەک بەیان بکات، دەرى دەخات و پیشانى دەدات، یانى کارێک کە لە درێژەى ئەودا، ئایدیۆلۆژى دەبێتە دژى خۆى"(رەخنە و ئایدیۆلۆژى، پییەر ماشرى).
ئێمە وێڕاى ئەوە کە لەگەڵ ئەم بیرەى ئاڵتوسێر هاودەنگین کە دەقى ئەدەبى ئایدیۆلۆژى بە رۆشنى بەیان ناکات، بەڵکوو لاوازییەکانى دەردەخات، دەپرسین کام مێتۆدى گێڕانەوە و مەعنایى دەتوانێ ئایدیۆلۆژى "پیشان بدات"؟ یەکێ لەو پرسانە کە خوێنەر لەگەڵى بەرەوڕوو دەبێ خەسلەتى ئاڵۆز و هێمایى ئەو وشانەیە کە ماشرى بەکارى دێنێ: مەبەستى ماشرى لە ’پیشاندان‘ یان ’دەرخستنى‘ ئایدیۆلۆژى چییە؟
خوێندنەوەى دووهەم وتارى ماشرى (1979) نە تەنیا ئاڵۆزییەکان کەم ناکاتەوە، بەڵکوو زیاتریان دەکات... بەڵام چۆن دەتوانین فۆرمى ئایدیۆلۆژیکى پشتخانى فانتازی "راڤە بکەین"؟ چۆن ئایدیۆلۆژى "تێکدەشکێنن"؟ ئایدیۆلۆژى چ پێوەندییەکى لەگەڵ رۆمان هەیە؟ ماشرى وڵامى هیچ کام لەم پرسانە ناداتەوە.
بۆ وڵامدانەوى ئەم پرسانە دەبێ هەم ئایدیۆلۆژى و هەم ئەو رۆمانە کە ئایدیۆلۆژى هەرس کردووە، وەک دوو پێکهاتەى دیسکۆرسى (مەعنایى و گێڕانەوەیى) شرۆڤە بکەین. بۆ نموونە دەتوانین پیشان بدەین کە پێکهاتەى رۆمانى جوتیاران، پێکهاتەى رەوایى (مەعنایى و زمانى) کونسێرڤاتیڤى (لژیتایمیست) رەت دەکاتەوە. بە وتەیەکى تر، باڵزاک دوو "چیرۆکى" ناکۆک دەگێڕێتەوە. بەڵام بۆ روونکردنەوەى ئەم پرسە نابێ تەنیا بە شرۆڤەى ئایدیۆلۆژى لە ئاستى زمانناسانە (دیسکۆرسى)دا رازى بین، بەڵکوو دەبێ نووسەرى لژیتایمیست کە پێشەکى رۆمانەکەى نووسیوە لە راوى (narrator) رۆمانەکە جیا بکەینەوە، چونکە وتەکانى راوى، وتەى نووسەرى پێشەکى رەت دەکاتەوە.
بەداخەوە رەخنەى مارکسیستى کە لەئاست فۆرماڵیزم دڕدۆنگە، گرنگى بە پێکهاتەى مەعنایى و گێڕانەوە نادات و سەرئەنجام ناتوانێ ئایدیۆلۆژى پێناسە بکات، چونکە ئایدیۆلۆژى هەمیشە فۆرمێکە لە دیسکۆرس. تۆژینەوەى ئاڵتوسێر دەربارەى "ئایدیۆلۆژى و ئامێرى ئایدیۆلۆژیکى دەوڵەت" (1970) هەر چەندەش گرنگ بێت، مادام کە ناتوانێ مکانیزمەکانى دیسکۆرسى ئایدیۆلۆژى راڤە بکات، ئاڵۆز و ناتەواوە. من سەرەڕاى ئەوە کە لەگەڵ ئاڵتوسێر هاودەنگم کە "ئایدیۆلۆژى وەک پێڕەوان لەگەڵ تاکەکان دەدوێ" بەڵام بۆم گرنگە کە ئەم هەڵەیە چۆن لە ئاستى مانایى و زمانى دا روودەدات. سوبژکتیڤیتەش چەمکێکە لە دیسکۆرس، چونکە زەینى سوژە، سەربەخۆ لە دیسکۆرسى "ego" نییە.
لە راستیدا ماشرى لەگەڵ کێشەیەکى دوولایەنە بەرەوڕوو دەبێ: لە لایەکەوە درێژە بە شرۆڤەکانى مارکس و لوکاچ دەدات بێ ئەوەى روونى بکاتەوە کە بۆچى تیۆرییەکانى لوکاچ (کە هەندێکیان زۆر دووپات دەکاتەوە) بە ناتەواو دەزانێ. لە لایەکى دیکەوە درێژە بە گەورەترین لاوازى رەخنەى کۆمەڵایەتى مارکسیزم دەدات، ئەویش چاوپۆشى لەم پرسەیە کە رۆمان و ئایدیۆلۆژى بەر لە هەر شتێ دوو پێکهاتەى مانایى و گێرانەوەیین. ئەم پرسە کە پاش پچڕانى پێوەندى فۆرماڵیستەکان و مارکسیزمى رووسى پەرەیسەند، شێوازێکى دەربڕینى ئاڵۆز و پڕ متافۆرە، کە لە بەرهەمەکانى ماشرى دا بە لوتکە دەگات...
لە ئاکامدا دەبێ بڵێم کە کۆمەڵناسى ئەدەبیات لە مەوداى 1934 تا 1979 ئەگەرچى زۆر گۆِڕانى بەسەردا هاتووە، بەڵام ئەوەندە گەشەى نەکردووە، ئەم ئاڵوگۆڕەش زیاتر لە زمانى تایبەتى ئەم بوارەدا بووە، نە لە مێتۆدى تۆژینەوەى دەقەکان دا.

 C. لە لوکاچ تا گوڵدمەن: داکۆکى لە کۆمەڵناسى رۆمان

دەرکى دیدگاى گوڵدمەن، لەمەڕ کۆمەڵناسى رۆمانى مۆدێرن، سەربەخۆ لە کتێبى تیۆرى رۆمان، بەرهەمى لوکاچ، زۆر دژوارە. لوکاچ لەم کتێبەدا کە وەک سەرەتایەک لەمەڕ داستایۆفسکى دەژمێردرێ، بۆ راڤەکردنى رەوتى ئاڵوگۆڕى حەماسە، تراژێدى و رۆمان لە "فەلسەفەى مێژووى" هێگل ئیلهام وەردەگرێ.
ئەندێشەى سەرەکى تیۆرى رۆمان لەم بیرەى هێگلەوە دەست پێدەکات کە لە کۆمەڵى مۆدێرنى بورژوایى دا، یەکێتى مێژینەى (یۆنانى) لە نێوان وشیارى و جیهان، سوژە و ئوبژەدا لەنێوچووە. بە راى لوکاچ ئەم یەکێتییە لە حەماسەى یۆنانى دا بەرۆشنى دەبینرێ: لە دنیاى هۆمێر، لە ئیلیاد و ئودیسەدا. بەپێچەوانەوە، رۆمانى مۆدێرن، بە نەمانى پێوەندى نێوان مرۆڤ و جیهان دیارى دەکرێت: بە لەخۆنامۆیى.
پێش لوکاچ بیرمەندان و نووسەرانێک وەک هێگل، ڤیلاند، گۆتێ و هۆلدرلین ئەم بیرەیان وروژاندووە و جەختیان کردووە کە حەماسە، تێکڕاى ژیان دەنەخشێنێ، بەڵام رۆمان، "حەماسەى مۆدێرنى بورژوایى" (هێگل) دابڕانى پێوەندى نێوان تاک و دنیا ئاشکرا دەکا و "پێویستى بە راستییەک هەیە کە رزیو و بێ بایەخە" (هێگل). حەماسە یەکێتى سوژە و ئوبژە دەردەخات، بەڵام رۆمان کە لە ناخى حەماسەوە هەڵقوڵیوە، دوولەتبوون و پچڕانى زەین ئاشکرا دەکات. بەمهۆیە کاتێ گۆتێ باسى رۆمان دەکات، وەک جۆرێک "حەماسەى زەینى" ناوى دەبات: "رۆمان حەماسەیەکى زەینییە کە لەودا، نووسەر دەیەوێ جیهان بەشێوەى تایبەت بە خۆى بنەخشێنێ، کەوابوو تەنیا دەبێ ئەم شتە بزانین کە ئایا نووسەر خاوەن وەها شێوازێکە، پرسەکانى تر ئەوەندە گرنگ نین".
بەپێى وەها پشتخانێک ئەم تێزە گرنگەى لوکاچ باشتر تێدەگەین کە گەڕانى قارەمانى رۆمان، گەڕان بۆ مەعناى حەماسى دۆڕاوە: "رۆمان حەماسەى دنیایەکى بێ خودایە، ویستەکانى قارەمانى رۆمان ئەهریمەنین، ئوبژکتیڤیتەى رۆمان لەم وتە پوختە و پیاوانە دایە کە مانا قەت ناتوانێ راستییەکان بگۆڕێ، سەرەڕاى ئەمەش، راستییەکان بەمانا و بێهوودە و بێ گەوهەرن". کەوابوو رۆمان بۆ مانا دەگەڕێ، مانایەک کە لە رابردوودا، لە حەماسەى سەردەمى کۆن یان فیۆداڵى دا، دیار و بەرچاو بووە، بەڵام ئێستا فەوتاوە: قارەمانى رۆمان دەبێ ئەم مانایە بدۆزێتەوە یان بیخولقێنێ، ئەم قارەمانە تاکێکى خاوەن کێشە و پەراوێز خراوە کە لەگەڵ دۆخى کۆمەڵایەتى بێ رۆح بەرەو روو دەبێ و هەوڵى شێلگیرانەى تووشى شکست دێت.
رەنگە ئەم شکستە بە چەندین شێوە دەرکەوێت. لوکاچ بە سەرنجدان بەم خاڵە لە کتێبى تیۆرى رۆمان دا سێ جۆر رۆمان لێک جیادەکاتەوە: 1) رۆمانى ئایدیالیزمى ئابستراکت، 2) رۆمانى سایکۆلۆژیکى بەدوور لە خەیاڵات، 3) رۆمانى فێرکارى و خۆ-پارێزى کە دەکرێ وەک کۆششێک بۆ تێکهەڵکێشى جۆرى یەکەم و دووهەمى بزانین.
1) ئایدیالیزمى ئابستراکت بە قارەمانانێک وەک دۆنکیشۆت یان ژولین سورێل (سور و رەش) دیارى دەکرێت کە دەیانەوێ خەونەکانیان بەسەر راستییەکان دا بسەپێنن. بەڵام راستیەکانى جیهان لەئاست روانگەى تەسکى کەسێک وەک دۆنکیشۆت کە لەگەڵ چەندین لەمپەرى پێشبینى نەکراو بەرەو روو دەبێ، ئێجگار هەراو و ئاڵۆزن. لوکاچ لەمەڕ ئایدیالیزمى ئابستراکت، باسى "وشیارى ئێجگار بەرتەسکى" قارەمان و "ئاستەنگى گیانى ئەکتیڤ" دەکات.
2) جۆرى دووهەم، رۆمانى سایکۆلۆژیکە کە وشیارى زەینى و دەروونى قارەمان ناوەرۆکى سەرەکى رۆمان پێکدێنێ: وشیارى قارەمان ئەوەندە بەرفراوانە کە ناتوانێ لەگەڵ داب و نەریت و یاسا (و لەمپەرەکانى) دۆخى کۆمەڵایەتى خۆ رێک بخات. قارەمانى ئەم جۆرە رۆمانە، مرۆڤێکى خەیاڵى پەسیڤە لە چەشنى فریدریک مورۆ: پەروەردەى ئێحساسى فلوبێر.
3) دواین مۆدێلى لوکاچ رۆمانى فێرکاری (Erziehungs roman)یە کە نموونەى بەرجەستەى ڤیلهێلم مایستێرى گۆتێیە. ئەم رۆمانە بە خۆ-پارێزى قارەمان و سازش کردنى کۆتایى دێت کە ئەڵبەت دابڕانى پێوەندى نێوان خەونى زەینى و دۆخى عەینى قەبووڵ نەکردووە، بەڵام سروشتى ئەم دابڕان و دۆخە تراژیکەى دەرک کردووە. دەکرێ ژانرى سێهەم بە هەوڵێک بزانین کە دەیەوێ ژانرى یەکەم و دووهەم تێکەڵ بکات. چونکە ڤ. مایستێر هاوکات بە ئامانجى خۆى وەفادارە و تێدەگات کە لەم دنیادا ناتوانێ پێى بگات.  
گوڵدمەن دەیەوێ لە کۆمەڵناسى رۆمان دا دابڕانى نێوان سوژە و ئوبژە و وشیارى و جیهان لە زەمینەیەکى سۆسیۆلۆژیکى (ماتریالیستى – دیالکتیکى)دا راڤە بکات. ئەو، بەپێى نرخاندنى مارکس لەمەڕ ئابوورى سیاسى، کە کۆمەڵى بورژوایى بە پێڕەوى بەهاکانى سەوداگەرى دەزانێ، تێدەکۆشى تا پیشان بدات کە کەسیتى پرۆبلماتیکى قارەمانى رۆمان، بەپێى دۆخێکى گەندەڵ و رزیو راڤە دەکرێت: بەپێى فەوتانى هەموو بەها (مادى، ئەخلاقى، ئستاتیکى و مەعریفى) کان و بەپێى یاساکانى بازاڕ.
بەهاکانى کولتورى راستەقینە (کە گوڵدمەن لە دژایەتى لەگەڵ چەندێتى و بەهاکانى سەوداگەرى، وەک بەها "چۆنى"ییەکان پێناسەیان دەکات) لە دۆخێکى کۆمەڵایەتى گەندەڵ و بێ بایەخ دا پەیدا نابن. سەرەڕاى ئەمەش، تاک لە دەروونى خۆى دا، لە ئەندێشە و رەفتارى خۆى دا، هەروا بۆیان دەگەڕێ، بەڵام لەم دەچدڤەرەشدا بەها راستەقینەکان دەکەونە ژێر کاریگەرى "هۆکارى فەوتێنەر کە تێکڕاى پێکهاتەى کۆمەڵایەتى دادەگرێت".
ئەوانەى کە بۆ بەها راستەقینەکان دەگەڕێن، کەسانێکى "خاوەن کێشە"ن، چونکە ناتوانن خۆیان لەژێر کاریگەرى فەوتێنەرى بەهاکانى سەوداگەرى و شتکراوی دەرباز بکەن. مرۆڤى پڕۆبلماتیک و پەراوێزخراوى کۆمەڵى تاکگەرا، کە بەهاکانى بازاڕ و رفیکاسیۆن یەخسیرى کردووە، لە بوارى جوانیناسى دا وەک قارەمانى رۆمان دەردەکەوێ: پرسۆناژێکى "ئەهریمەنى" کە بە گەڕانى بەردەوام بۆ بەها راستەقینەکان (بەهاى چۆنى) پێناسە دەکرێت. گوڵدمەن دەنووسێ: "بە راى ئێمە فۆرمى رۆمان لەراستیدا رەنگدانەوەى ژیانى رۆژانە لە بوارى ئەدەبى دایە، رەنگدانەوەى ژیانى رۆژانە لە کۆمەڵگەى تاکگەرا دایە کە بەرهەمى بەرهەمهێنان بۆ بازاڕە".
 خەسڵەتى رزیوى گەڕان لەرۆمان دا، رەهەندى "ئەهریمەنى" قارەمان (شێتێک وەک دۆنکیشۆت، یان تاوانبارێک وەک ژولین سورێل) و تەنزێک راڤە دەکات کە نووسەر بۆ دوورگرتن لە گەڕانى بێهوودە بەکارى دێنێت.
لە رۆمان دا، راست وەک دۆخى کۆمەڵایەتى، بەها راستەقینەکان (بەهاکانى چۆنی، بەهاکانى بەکارهێنان) هێمایین: ئەم بەهایانە لە دۆخێک دا کە بەتەواوى چۆتە ژێر دەسەڵاتى بەهاکانى سەوداگەرى کە زۆربەى کەسانى "بێ کێشە" (ناپرۆبلماتیک) دەگرێتەوە، بەشێوەى راستەوخۆ، بەدى نایەن.
 گوڵدمەن لەم پرسەوە بەو ئاکامە دەگات کە رۆمان وەک داهێنانى رەخنەگرانە ئیمکانى نییە لەگەڵ وشیارى کۆیى، لەگەڵ جیهانبینى هیچ گرووپێکى کۆمەڵایەتى پێوند بدرێت: رۆمان، گەڕانى تاکى بۆ بەها بان تاکییەکان (بەها راستین و چۆنییەکان)ـە کە بوونى نییە. "ئەو جۆرە رۆمانە کە ئێمە راڤەمان کرد، لە بنەڕەت دا رەخنەگرانە و بەرهەڵستکارانەیە"( ) و "ئەدەبیاتى رۆمانى و رەنگە داهێنانى شاعیرانەى مۆدێرن و نیگارکێشى هاوچەرخ، چەند فۆرمێکى واقعى داهێنانى کولتوورین کە ناکرآ لەگەڵ وشیارى – و تەنانەت وشیارى شیاوى- هیچ گرووپێکى کۆمەڵایەتى تایبەت پێوەند بدرێن". رۆمان سەرەڕاى ئەوەى کە پێوەندییەکى چڕى لەگەڵ تاکگەرایى بورژوایى هەیە، بەڵام بەر لەوەى کە "جیهانبینى" بورژوازى بەیان بکات، بارودۆخى ئەم چینە دەنرخێنێ.
گوڵدمەن بە قەبوڵکردنى ئەم هەڵوێستە، سەرەتاکانى بنەماخوازى گەشندە (سوژەى کۆیى، جیهانبینى) بە ئاشکرا دەگۆڕێ و چەمکى سەرەکى "جوانیناسى رەتکەرەوەى" ئادۆرنۆ، چەمکى "جێگر" قەبوڵ دەکات کە بەپێى ئەو، هونەرمەند نوێنەرى هۆکارى مێژوویى نادیار (نوێنەرى پرۆلیتاریا) و بەها راستەقینەکانى ئەوە. سەرەڕاى ئەمەش، گوایە ئەم ئاڵوگۆڕە مێتۆدۆلۆژیکە بەرهەمى توێژینەوەیەکى سۆسیۆلۆژیکى کۆنکرێت نییە، بەڵکوو ئاکامى شک و گومانى دیالکتیکى دەروونى لەمەڕ هەبوونى هۆکارێکى رەخنەگر لە دۆخى هاوچەرخ دایە. گوڵدمەن لە توێژینەوەى بەرهەمەکانى ئاندرآ مالرۆ دا ئیمکانى پێوەندى نێوان دنیاى رۆمانى نووسەر و گرووپێکى کۆمەڵایەتى سەردەمى خۆی لەبەرچاو دەگرێ و لە کتێبى پێکهاتە زەینییەکان و داهێنانى کولتورى دا دەنووسێ: "بە راى ئێمە دەبآ رۆمانەکانى مالرۆ و رۆمانەکانى رۆب –گرییە وەک رەنگدانەوەى ئەدەبیى جیهانبینى ئەم گرووپە (کرێکارانى ئانارشیست، سەندیکالیست و رۆشنبیران) راڤە بکەین..." جگە لەمەش، گوڵدمەن لە کۆمەڵناسى ئەدەبیات (داکۆکى لە کۆمەڵناسى رۆمان)دا سەرەڕاى ئەوەى کە ئەم خاڵە قەبوڵ دەکات کە دەکرێ بەرهەمەکانى باڵزاک (و هەروەها ستاندال) بە بەیانى جیهانبینى بورژوازى گەشندە بزانین، وادیارە پێوەندى نێوان ژانرى رۆمان و وشیارى کۆیى قەبوڵ دەکات، هەمان پێوندى کە چەندین توێژەرى مارکسیست لەوانە ژان کوت (لەمەڕ رابینسۆن کروزە و بورژوازى لیبراڵى بریتانیا) و جۆرج لوکاچ (لەمەڕ ڤۆرتێر بەرهەمى گۆتێ) راڤەیان کردووە.
گوڵدمەن بەپێچەوانەى ئەو ئیمتیازانەى کە بۆ سوژەى بان تاکى (کۆیى) قایل دەبێ، ئاڵوگۆڕى رۆمان بەپێى چارەنووسى تاک لە جڤاتى سەرمایەدارى دا راڤەدەکا و سێ قۆناغ لێک جیادەکاتەوە. قۆناغى یەکم: سەرمایەدارى ئازاد کە بە بزاڤى تاکگەرایى بەپێى یاساى ئازادى کردار و چالاکى و داهێنانى تاکى دیارى دەکرێت. قۆناغى دووهەم: پەیدابوونى سەرمایەدارى مۆنۆپۆل (لە کۆتایى سەدەى نۆزدەهەم و سەرەتاى سەدەى بیستەم دا) کە "هەر چەشنە گرنگى تاک و ژیانى تاکى لەنێو پێکهاتەى ئابوورى دا و، سەرئەنجام لە تێکڕاى ژیانى کۆمەڵایەتى دا دەفەوتێ". قۆناغى سێهەم: گەشەى سیستمى کونترۆڵى دەوڵەتى و مکانیزمى تەنزیمى ئوتوماتیک کە بەرەو سڕینەوەى هەر چەشنە داهێنانێکى تاکى یان گرووپى دەڕوات. ئەمە سەردەمى پەیدابوونى سەرمایەدارى رێکخراوەیى دەوڵەتى و جڤاتى دەستکارى کراوە.
رۆمانى تاکى پرۆبلماتیک، رۆمانەکانى فلوبێر، ستاندال، گۆتێ، باڵزاک و کەسانیتر لەگەڵ قۆناغى یەکەم سازگارە. قۆناغى دوهەم، بە نەمانى قارەمانى پرۆبلماتیک لە رۆمانەکانى جۆیس، موزیل، پرۆست، کافکا، سارتر، مالرۆ، کامو و ناتالى ساروت دا دیارى دەکرێت. سەرئەنجام قۆناغى سێهەم، سەردەمى نەمانى قارەمان لە رۆمانى مۆدێرن (بەرهەمەکانى رۆب- گری یە) دایە کە گوڵدمەن شرۆڤەى کردوون.
رۆمانەکانى ئاندرێ مالرۆ - کە گوڵدمەن بەدرێژى شرۆڤەى دەکات – پێوەندییان بە قۆناغى دووهەمى گەشەى بورژوازییەوە هەیە و هەر لە سەرەتاوە، پرسەکانى فەوتانى بەها چۆنییەکان و نەمانى تاک لە کۆمەڵگەى بورژوایی دا، راڤە دەکەن.
سەردەمى نەمانى تاک، هاوکات سەردەمى دەسەڵاتى ئایدیۆلۆژییەکان بەسەر بەهاکانى تاک دایە. رەنگە هەر بەمبۆنەوەیە کە گوڵدمەن لە توێژینەوەى رۆمانەکانى مالرۆدا هەمان مێتۆد بەکاردەبات کە لە بەرهەمێکى دیکەیدا لەمەڕ گومبرۆڤیج بەکارى بردووە. ئەو دەیەوێ پێوەندى نێوان ئاڵوگۆڕى بەرهەم و ئاڵوگۆڕە مێژووییەکان راڤە بکات کە لەمەڕ مالرۆ هەر ئەو ئاڵوگۆڕانەیە کە حیزبى کۆمۆنیستى ئەوکات تێپەڕى دەکات. گوڵدمەن تەنیا لە کۆتایى ئەم توێژینەوە دایە کە – سەرەڕاى ئەوەى نزیکى نێوان روانگەکانى مالرۆ و سارتر لەمەڕ پرسى مەرگ قەبوڵ دەکات- کاریگەرى هۆکارە کۆییەکان، بەتایبەتى باس دەکات.
بەرهەمەکانى مالرۆ کە بەپێى ژێرخانى ئایدیۆلۆژیکى ئاڵوگۆڕى کۆمۆنیزم نووسراون، لە کتێبى کۆمەڵناسى ئەدەبیات دا بە چوار قۆناغ دابەش کراون. لە درێژەى قۆناغى یەکەمدا، قۆناغى وەسوەسەى رۆژاوا، مانگە کاغەزییەکان و دەڤەرى فارفلۆ، نووسەر بە جەختکردن لەسەر "مەرگى خوداکان و لێکترازانى گشتگیرى بەهاکان" نەبوونى بەها چۆنییەکان لە ئوروپاى رۆژاوادا باس دەکات. بە راى گوڵدمەن، روانگەى نگەتیڤى مالرۆ و جەختکردنى لەسەر بەها بەرزکان، خەسڵەتى ناڕۆمانى سێ بەرهەمى سەرەتایى ئەو کە یان وتارن (وەسوەسەى رۆژاوا) یان "چیرۆکى خەیاڵى و هێمایین"، پیشان دەدات. تا کاتێ کە ئەم نووسەرە بەها پۆزەتیڤەکانى – هەرچەند بەشێوەى گوماناوى- قەبوڵ نەکردووە، ناتوانێ رۆمان بخولقێنێ. بەڵام دیدگایەک کە لە یەکەمین نوسراوەکانى مالرۆدا دەردەکەوێ، بەتەواوى نگەتیڤە: "یەکەم جار جیهان لەئاست نووسەران زاڵ بووبوو، دوهەم جار نووسەران لەئاست جیهان زاڵ دەبن، بەڵام لە هەر دوو بابەت دا سەرکەوتن بێ مەعنایە، چونکە سەرکەوتووان و تێکشکاوان هاوکات لە مەرگێکى گشتگیردا نابووت دەبن". "دەڤەرى فارفلۆ" یانى جڤاتى بورژوایى، ئەمپراتۆرى مەرگ و بێ بەهاییە.
خاڵى جیاوازى سێ رۆمانى مالرۆ – سەرکەوتوان، جادەى شاهى و چارەنووسى مرۆڤ- لەگەڵ بەرهەمەکانى دیکەى کە ڕۆمان نین لەوە دایە کە نووسەر لەم رۆمانانەدا، بەها پۆزەتیڤەکان، هەرچەند بەشێوەى گوماناوى بەیان دەکات: "مالرۆى رۆماننووس لە مەوداى نێوان سەرکەوتووان و چارەنووسى مرۆڤ دا، کەسێکە کە بڕواى بە بەها جیهانگیرەکان – هەرچەند بەشێوەى هێمایى و گوماناوى- هەیە". ئەڵبەت بڕوا و گەڕان بۆ بەها بەرزەکان فۆرمى رۆمانى قارەمانى پرۆبلماتیک هەموار دەکات: "سەرکەوتووان و جادەى شاهى بەگشتى لە ریزى دوانمونەى گەورەى رۆمانى قارەمانى پرۆبلماتیک (خاوەن کێشە)دا جێدەگرن". بۆوەى کە رۆمانى سایکۆلۆژیک (پەروەردەى ئێحساسى، مادام بوارى بەرهەمى گۆستاو فلۆبێر) لە قۆناغى وەرچەرخانى نەمانى تاک دا ئیتر ئیمکانى نییە، دەرفەتى ئەوە نییە کە ژیانى قارەمان مەعنادار ببێت، مەگەر کاتێک کە کردارى مێژوویى هەڵبژێرێ و ئەم ژیانە تێپەڕێنێ.
بەها پۆزەتیڤ و گوماناوییەکان کە لە بەرهەمکانى مالرۆدا دەبینرێن، لە ئاسۆیەکى مێژوویى- کۆمەڵایەتى دا، بە ناسینى بزاڤى کۆمۆنیستى و کرێکارى راڤە دەکرێن: "[بە راى ئێمە وادەنوێنێ کە ئاندرێ مالرۆ، هاوکات لەگەڵ ڤیکتۆر سێرژ، تەنیا دوو نووسەرى ناودارن کە شۆڕشى کرێکارییان وەک توخمێکى گرنگ و بنەمایى بەرهەمە ئەدەبییەکانى خۆیان ئاراستە کردووە. لە راستیدا، لە نێوان ساڵەکانى 1927 تا 1939، مالرۆ تاقە رۆماننووسى گەورەى ئەم شۆڕشە لە فەرانسا دایە]. ئەم پرسە، گرنگى ناسینى ئایدیۆلۆژى کۆمۆنیستى بۆ ئەو دەردەخات، ناسینێک کە داهێنانى دنیایەکى رۆمانى هەقیقى بۆ ئەو هەموار کرد. ئەڵبەت بێگومان ئایدیۆلۆژى کۆمۆنیستى سەرەتا لە روانگەى ئەودا وەک تاقە فاکتى راستەقینەی جیهانێکى روو لە فەوتان دەرکەوتووە."
قارەمانانى دوو رۆمانى سەرکەوتووان و جادەى شاهى، گارین و پێرکن، دوو کەسى شۆڕشگێڕ و پراگماتیستن کە دەتوانن مەعنایەک بە ژیانیان ببەخشن. پراتیکى مێژوویى و شۆڕشگێڕانە، ئەوان لە نیستى و پووچى دەپارێزێ: تا کاتێ کە ئەم کردارە درێژەى هەیە، مەعناى ژیانى ئەوان مسۆگەر کراوە، بەڵام "کاتێ کە کردارى شۆڕشگێڕانە بوەستێ – لەمەڕ گارین بەهۆى مەرگ و لەمەڕ بورودیەن بەهۆى سەرکەوتنى حیزبەکەى- ژیانى ئەوان هەر چەشنە مەعنایەک بەتەواوى ئەدۆڕێنێ". لە کۆتایى ئەم دوو رۆمانەدا، گارین و پێرکن بەپێچەوانەى مەرگى نزیکى خۆیان، سەرلەنوێ مەعناى ژیان لە کرداردا ئەدۆزنەوە، بەڵام سەرئەنجام مەرگ هەموو شتێ لەگەڵ خۆى دەبا و تێکۆشەرانى شۆڕشگێڕ لە نیستی دا رۆدەچن.
 ئەم نیستییە کە لاوازى هەموو کردارێکى تاکى بەیان دەکات، سەرچاوەى چێژى سێکسى و شەهوەتخوازى، یەکێ لە هەوێنە سەرەکیەکانى جادەى شاهى یە: تاکى ئیزۆلە کە لە هەر چەشنە ژیانێکى جڤاتى دابڕاوە، ناتوانێ کەسى خۆش بوێ و ژن داگیر بکات. پێرکن کاتێ کە لە شەهوەتخوازى ناهومێد دەبێ، دەڵێ: "مەرجى داگیرکردن، عیشقە". عیشقیش ئیمکانى نییە مەگەر لە جەرگەى کۆمەڵ دا.
تێپەڕاندنى تاک و رۆشتن بەرەو یەکێتى ئینسانى، ناوەرۆکى سەرەکى سێهەمین رۆمانى مالرۆ – چارەنوسى مرۆڤ- پێکدێنێ کە گوڵدمەن لەنێو ئایدیۆلۆژى کۆمۆنیستی دا لەگەڵ تروتسکیزم پێوەندى دەدات. ئەم رۆمانە "قارەمانێکى خاوەن کێشە (پرۆبلماتیک) ى" هەیە، بەڵام وەک رۆمانى کاتى وەرچەرخانى [نێوان قارەمانى پرۆبلماتیک و رۆمانى بێ قارەمان] باسى تاک ناکات، بەڵکوو قارەمانێکى پرۆبلماتیکى کۆیى راڤە دەکات: "گرووپى شۆڕشگێڕانى شانگهاى کە سەرەتا لە رۆمان دا وەک سێ کەسێتى تاکى: کیو، کاتو و ماى... پیشان دەدرێن". لە جەرگەى گرووپى واقعى شۆڕشگێڕان دا، نیستى تاکى کە لە ئاست مرگ راوەستاوە، نیستییەک کە لە دوو رۆمانى پێشوودا بە بیمارى پیشان دەدرا، تێپەڕیوە: "ئەگەر بیمارى هەیە، بیمارى تاکى نییە، بەڵکوو بەرۆکى گرووپى شۆڕشگێڕ دەگرێت..." ئەم گرووپە "قارەمانێکى خاوەن کێشە"یە، چونکە سەرئەنجام دەبێتە قوربانى دیسیپلینى حیزبى، دەبێتە قوربانى دیسیپلینى سەپێندراوى ئەنترناسیوناڵى ستالینى کە دەیەوێ لەگەڵ چانگ کاى – شێک سازش بکات.
تێپەڕاندنى تاک و رۆیشتن بەرەو یەکێتى و هاوبەشى ئینسانى، بۆ جوانیناسى رۆمان ئاکامێکى ئێجگار گرنگى هەیە: لەنێوان کیو و ماى دا عیشقى واقعى پێکدێنێ، عیشقێک کە هیچ خاڵێکى هاوبەشى لەگەڵ شەهوەتخوازى و لەزەتى سێکسى پێرکن لە جادەى شاهى دا نییە. "لەزەتى سێکسى و شەهوەتڕانیش وەک تاک، لە یەکێتیەکى راستین و سەرتردا، یانى لە یەکێتى عیشق دا تێکەڵ دەبن و گەشە دەکەن."
دوو بەرهەمى دواتر، سەردەمى سوکایەتى و هۆمێد، بەمهۆیە لە دوو بەرهەمى پێشوو جیاوازن، چونکە نووسەر، "بێ شەرت و مەرج" ئایدیۆلۆژى کۆمۆنیستى قەبوڵ دەکات. ئاکامى ئەم روانگەیە، نەمانى قارەمانى پرۆبلماتیکى (تاکى و کۆیى) و هەروەها جێگیکردنى فۆرمێکى حەماسى – غەنایى لەجیاتى فۆرمى رۆمانە: "بە راى ئێمە لە بوارى فۆرمى ئەدەبى دا، نەمانى قارەمانى پرۆبلماتیک بەشێوەى سروشتى وەلانانى پێکهاتەى راستەقینەى رۆمانى بەدواوەیە. بەمجۆرە سەردەمى سوکایەتى و هۆمێد، ئیتر رۆمان نین، بەڵکوو دوو فۆرمى مابەینى حەماسە و لیریکن ". بە قەبوڵکردنى بێ شەرت و مەرجى کۆمۆنیزم، کەلێنى رۆمانى لەنێوان قارەمان و دنیادا نامێنێ. سەرەڕاى ئەمەش، ئاشتى لەگەڵ دنیا تەنیا فەرزێکە و ئەم کارە- بە راى گوڵدمەن- رەهەندى لیرێکى ئەم بەرهەمانە پیشان دەدات.
مالرۆ پاش هەڵگەڕانەوە لە کۆمۆنیزمى رەسمى "کە لە راستیدا تەنیا ئایدیۆلۆژى دەوڵەتێکە و هیچى تر" دارگوێزەکانى ئالتێنبورگ دەنووسێ. ئەم بەرهەمە لەنێوان داهێنانى ئەدەبى و ئەندێشەى تیۆریک دا جێدەگرێ. نووسەرى ئەم بەرهەمە "کەسێکە کە باسى تێپەڕاندنى قۆناغى یوتۆپیزمى ژیانى خۆى دەکا و هێشتا لە هەوڵى دۆزینەوەى بنەمایەک دایە تا بتوانێ بڕوا بە مرۆڤ بکات". بەڵام هەر ئەم گەڕانە –کە ئیتر لاواز بووە- گوایە لە دەنگەکانى بێدەنگى دا، بەرهەمێک کە لەودا "هەر چەشنە چەمکێکى بەهاى جیهانگیر بەتەواوى نەماوە" وەلانراوە.
پاش قۆناغى سڕینەوەى تاک و قارەمان، قۆناغى بورژوازى رێکخراو دەگات کە بە شتکراوی هەمەلایەنە و بە کورتبوونەوەى تاک بۆ شت دیارى دەکرێت. بەپێچەوانەوى ناتالى ساروت کە بەرهەمەکانى هێشتا باسى سەردەمى نەمانى قارەمان دەکەن، رۆب –گرییە دنیا وەک خۆى پیشان دەدات: دنیایەکى بێ تاک کە لەودا، مکانیزمى تەنزیمى ئوتوماتیکى سیستمى ئابوورى- کۆمەڵایەتى جێگەى وزە و تواناى تاک و گرووپەکان دەگرێتەوە. رۆمانى رۆب- گرییە، رۆمانى نەمانى قارەمانە. شت جێگەى قارەمانى گرتۆتەوە: "بە راى رۆب گرییەش بزربوونى کەسێتى ئیتر کارێکى تەواوکراوە، بەڵام ئەو پیشان دەدات کە فاکتێکى سەربەخۆى دیکە جێگاى ئەم کەسێتیەى گرتۆتەوە (کە ناتالى ساروت گرنگى پێنادات): دنیاى رفیدى شتەکان".
لە پاککەرەوەکان دا رێکخراوێکى شۆڕشگێڕى نهێنى دەیەوێ هەموو رۆژێک کەسێک بکوژێ. رۆژێک پیلانى کوشتنى کەسێک بەناوى دانیەل دوپۆن بە رێکەوت سەرناگرێ و دوپۆن بۆوەى سەردەمێک لە مەترسى دوژمنانى دوور بێت، خۆى دەکاتە مردوو. بەڵام هیچ شتێ لە دەسەڵاتى سیستمى تەنزیمى ئۆتۆماتیک بەدەر نییە. هەر ئەو پۆلیسە کە بۆ یارمەتى کابراى لەداوکەوتوو نێردراوە، بەهۆى هەڵەیەک دەیکوژێ. گوڵدمەن لە تەفسیرى خۆیدا دەنووسێ: "ناوەرۆکى ئەم بەرهەمە لە راستیدا هەمان چارەنووسى ماشێنى و حەتمییە کە لە دنیادا هەم لەسەر پێوندى مرۆڤەکان زاڵە و هەم لەسەر پێوەندى نێوان مرۆڤەکان و شتەکانیش، ئەم دۆخەش خۆى لە ماشێنێکى تازە دەچێ کە بە مکانیزمى تەنزیمى ئۆتۆماتیک تەیار کراوە". ئەم سیستمانە مرۆڤ تووشى پاسیڤیزم دەکەن.
لە چاودێر دا، ئەم پاسیفیزمەى تاکەکان لە جڤاتى دەسکارى کراودا دەردەکەوێ: ئەوان کوژرانى مرۆڤێکیان بۆ گرنگ نییە. کوشتن لە ریزى شتەکان دا جێدەگرێ. سوبژکتیڤیزمى شتەکان (ئەودیوى شتکراوی) لە بەخیلى دا بە تەشقى خۆى دەگات. لەم رۆمانەدا، رەوتى بەردەوامى زەمەن هاوکات لەگەڵ قارەمانى رۆمان، بزر دەبێ: "چوار بەش لە حەوت بەشى کتێبى بەخیلى بە وشەى "ئێستا" دەست پێدەکات."
پێوەندییەکى راستەوخۆ کە گوڵدمەن بە خەیاڵى خۆى دەتوانێ لەنێوان رۆمانى مۆدێرن و دۆخى ئابوورى- کۆمەڵایەتى بورژوازى رێکخراودا بیبینێ، بە راى ئێمە ئەم دۆخە ئێجگار سادە دەکاتەوە. پێوەنددانى راستەوخۆى پێکهاتەى رۆمانى مۆدێرن لەگەڵ پێکهاتەى سیستمى ئابوورى، بە چاوپۆشى لە هەموو نێوەنجییەکان (گرووپە کۆمەڵایەتیەکان) کە بە راى ئێمە پێویستن، ناکرێ ئەم دیاردە جوانیناسانە تازەیە وەک بەرهەمى دۆخێکى مێژوویى- کۆمەڵایەتى تایبەت دەرک بکرێت. بۆچى رۆمانى مۆدێرن لەجیاتى بریتانیا، ئەمریکا یان ئاڵمانیا- سێ وڵات کە مکانیزمى تەنزیمى ئۆتۆماتیک لەواندا خێراتر لە فەرانسا گەشەى کرد – لە پاریس لەدایکبوو؟ ئەمە یەکێ لەو پرسیارانەیە کە تیۆرى گوڵدمەن لە کۆمەڵناسى ئەدەبیات (داکۆکى لە کۆمەڵناسى رۆمان)دا، بەرسڤى ناداتەوە.

D. میخایل باختین: کەڕنەڤاڵ و رۆمانى فرەدەنگى


لە یەکەم سەرنجدا روانگەى باختین لەگەڵ روانگەى لوکاچ و گوڵدمەن یەکسەر جیاواز دەنوێنێ. بەڵام لێرەدا دەمەوێ پێشان بدەم کە ئەم دوو ڕوانگەیە تەواوکەرى یەکترن و ئاوێتەکردنیان لە گەشەى کۆمەڵناسى رۆماندا پێشکەوتنێکى گرنگ دەستەبەر دەکات.
لە روانگەى باختین دا، سەرەتاى تیۆرى رۆمان، پچڕانى پێوەندى نێوان وشیارى و دنیا، یان سوژە و ئوبژە نییە، بەڵکوو کەڕنەڤاڵە. کەڕنەڤاڵ رووداوێکى جەماوەرى رەخنەگرانەیە کە لە بەرانبەر فەرهەنگى رەسمى و جدى (فیۆداڵى) دا پێناسە دەکرێت. سێ تایبەتمەندى سەرەکى رووداوى کەڕنەڤاڵى بریتین لە: دووچەشنى (دوو ویستى/ambivalence)، فرەدەنگى (Polyphony) و خەندە.
 باختین لە دوو بەرهەمى هەرە گرنگى خۆى (بەرهەمەکانى فرانسوا رابلێ و بۆتیقاى داستایۆڤسکى) دا تێدەکۆشى تا دەقى ئەم بەرهەمانە بەپێى نەریتى کەڕنەڤاڵ راڤەبکات. بەڕاى ئەو دووچەشنى و فرەدەنگى رۆمانەکانى داستایۆڤسکی لە کەڕنەڤاڵ سەرچاوە دەگرن و بۆ کۆمەڵناسى ئەدەبیات زۆر گرنگن.
کەڕنەڤاڵ: بە راى باختین، کەڕنەڤاڵ لە رووداوێکى ناڕازیانە بە ماناى مۆدێرنى وشەکە بەرینترە. کەڕنەڤاڵ جۆرێک وردە فەرهەنگى رەخنەگرانەیە کە داب و نەریتى رەسمى و ئاکارى دەسەڵاتدار دەخاتە ژێر پرسیار. لە کەڕنەڤاڵدا نەریتى رەسمى و ئاکارى زاڵ، لە زەمینە و قاڵبێکى جیاوازدا، بەشێوەى کاریکاتۆر و گاڵتەجاڕانە پیشان دەدرێن و گاڵتەیان پێدەکرێ. سەرهەڵدانى ئەم وردە کولتوورە کە باختین لەگەڵ ناڕەزایەتى و رزگارى خەڵک پێوەندى دەدات، چۆن راڤەدەکرێ؟ بەڕاى باختین ئەم وردە کولتوورە زیاتر لە مەوداى چاخى گواستنەوە، یانى لەنێوان چاخى نێوەڕاست و سەردەمى رنێسانس دا، سەرهەڵدەدات. لەم دۆخە مێژووییەدا کە بە چەشنێک ناسەقامگیرى (یان بە وتەى دورکیم، "بێ نۆرمى") دیارى دەکرێت، جوتیاران، کاسبکاران و بورژواکان، (بەشێوەى وشیار یان ناوشیار) لە دژى دەسەڵاتى کلیسا و ئاریستۆکراسى و، بۆ گەشەى کولتوورێکى"جێگر" (ئەلتێرناتیڤ) خەبات و تێکۆشان دەستپێدەکەن. رۆشنە کە لەو کۆمەڵگەیە کە رابلێ بەسەرى بردووە (نزیکەى ساڵى 1530) جێگایەک بۆ وردە فەرهەنگى شوڕشگێڕانە نەبووە، چونکە جوتیاران بەهۆى ئابوورى، سیاسى و کولتوری تواناى ململانێ و خەباتى رێکخراویان لەئاست دەزگاى دەسەڵاتدار نەبووە. بەڵام ویست و خواستى رەخنەگرانە بە ئاشکرا لە کەڕنەڤاڵ دا دەبینرا و دەزانین کە داراکان و کەشیشەکان کەڕنەڤاڵیان وەک جەژنێکى جەماوەرى قەبووڵ دەکرد.
جیاواز لە روانگەى باختین دەکرێ لە کەڕنەڤاڵى ئەو سەردەمەدا جۆرێک"دەلاقەى متمانەى" کۆمەڵایەتى، (یان بە وتەى گیۆرگ زیمێل) جۆرێک سوپاپى متمانە ببینین: لەو سەردەمەدا یاساى دەلاقەیى خۆدەردەخات: یاسایەک کە لە هەرێمێکى کاتى و شوێنى دیاریکراودا، هەندێ کار و نەریتى قەدەغەکراو لە ژیانى رۆژانەدا ئازاد دەکات. لە پلەى یەکەمدا رەنگە وابنوێنێ کە وەها یاسایەک لە چوارچێوەى سیستمى کۆمەڵایەتى دەسەڵاتداردا، دەورێکى دیاریکراوى هەیە و کەوابوو ناتوانێ ئەم سیستمە بەرەو روخان ببات: بەتایبەت بەمهۆیە کە لە کەڵەکەبوونى ڕق و قین و نەفرەت و شەڕەنگێزى پێشگیرى دەکات. رەنگە نەریتى کەڕنەڤاڵ لە سەرەتادا بنەماکانى سیستمى فیۆداڵى پتەو کردبێت، بەڵام لە درێژماوەدا دەورى کاولکەرى هەیە، چونکە لەگەڵ فەرهەنگى جدى رەسمى ئاغاکان و کلیسا ناکۆکە. بە وتەى باختین، لە کەڕنەڤاڵ دا "خەڵک گاڵتە بە فەرهەنگى رەسمى دەکەن."
باختین لە تۆژینەوەى خەندەى کەڕنەڤاڵی دا رۆڵى رەخنەگرانەى جێژنى جەماوەر راڤەدەکات کە لە خۆشیان رەخنە دەگرن و سروشتى رێژەیى و کاتى دام و دەزگاى دەسەڵاتدار ئاشکرا دەکەن. کەڕنەڤاڵ لە زەمینەیەکى پڕاوپڕ لە دووچەشنى و بێرێزى لەئاست شتە پیرۆزەکان دا، نزم و واڵا، پیرۆز و ناپیرۆز، ژیان و مەرگ، شا و شێت پێکەوە پێوەند دەدا و بەمجۆرە رەهابوون و هەتاهەتایى بوونى بەها رەسمییەکان رەت دەکاتەوە. تاقە بەهاى مەبەستى کەڕنەڤاڵ، دووچەشنییە: یانى کۆى دوو بەهاى دژواز (ئانتاگونیستى).
 باختین زۆرجار دەڵێ لە درێژەى جێژندا خەڵک بە خۆیان پێدەکەنن و پێگە و روانگەى خۆیان بە جدى نازانن. کەڕنەڤاڵ هەموو شتێ رێژەیى دەکاتەوە، تەنانەت خەسڵەتى رەهاى مەرگیش بە پەیدابوونى پیرەژنێکى ئاوس رەت دەکرێتەوە بەمجۆرە مەرگ لەگەڵ ژیان، کۆتایى لەگەڵ بەردەوامى و، پیریى "پیرۆز" لەگەڵ رەگەزى "ناپیرۆز" پێوەند دەدرێت.
 خەندەى کەڕنەڤاڵى کە هێزێکى رەخنەگر و کاولکەرە، لەئاست چوار هۆکارى گرنگى فەرهەنگى فیۆداڵى دژایەتى دەکات:
1- نەریت رەت دەکاتەوە و بەردەوامى و ئایندە بە گرنگتر دەزانێ: ئاڵوگۆڕى بەردەوامى هەموو شتەکان.
2- کەڕنەڤاڵ لە ئاست پارێزى مەعنەوى دین لە چاخى نێوەڕاست، گرنگى بە ژیان و جەستەى مرۆڤ دەدا و لەسەر رۆڵى سێکس و رژاندنى پیسایى جەستەى مرۆڤ پێداگرى دەکا. (لەم بابەتەوە بڕوانە بۆ بەشى شەشەمى کتێبەکەى باختین لەمەڕ رابلێ). بە وتەیەکیتر، فەرهەنگى زاڵ، خۆپارێز و ئایدیالیستە(وەک هەموو فەرهەنگێکى دەسەڵاتدار)، بەڵام وردە فەرهەنگى کەڕنەڤاڵى، مادى و ئپیکورییە. (هەر لە کۆمارى ئەفلاتوون تا سیستمى فەلسەفى هێگل: ئایدیالیزم پێوەندى قووڵى لەگەڵ دەسەڵات هەبووە).
3- جدى بوونى فەرهەنگى رەسمى بە خەندە و گاڵتەى کەڕنەڤاڵى رەت دەکرێتەوە.
4- دواین دژایەتى، ململانێى ژیان و مەرگە، کەڕنەڤاڵ بیر لە دنیاى دیکە (دنیاى پاش مەرگ) ناکاتەوە: بیرێکى لەم چەشنە لە تێکەڵاوى مەرگ و لەدایکبوون دا رەت دەکرێتەوە. لە هەمان کاتدا ناکۆکى بنەمایى فیۆداڵیزم (ناکۆکى نێوان ژیان و حەیاتى ئەبەدى)یش چارەسەر دەبێت.
   بۆ دەرکى تازەیى و گرنگى تیۆرى کەرنەڤاڵى باختین، دەبێ لە هەر جۆرە فۆرماڵیزمێک کە ئەم تیۆرییە لە زەمینەى مێژوویى- کۆمەڵایەتى جیا بکاتەوە، خۆ ببوێرین. بە ڕاى من، هانس گونتر و خۆینەرانى دیکەى باختین ناکۆکى نێوان رووگرژى فیۆداڵى و وردە کولتوورى کەڕنەڤاڵى بە دروستى بۆ زەمینەى جڤاتى ستالینى 1920و 1930 ئەم سەدەیە دەهاوێژن، یانى هەمان جڤات کە ئاخێزگەى بەرهەمەکانى باختین بووە: "نابێ لە بیرمان بچێ کە زۆرێک لە چەمک و پرسەکانى باختین بەرهەمى بەستێنى کولتوورى هاوچەرخە و لە ئاست ئەو دۆخە دژایەتى دەکات".
   تیۆرى باختین سەبارەت بە خەندەى ڕابلێیى و فرەدەنگى رۆمانەکانى داستایۆڤسکى، تاکبێژى دیسپۆتیکى کولتورى رەسمى و ئایدیالیستى سۆڤیەت (کە هێگلى بوو نە مارکسى) رەت دەکاتەوە. گونتر کە باختین بە رەخنەگرێکى "ریالیزمى سۆسیالیستى" دەزانێ، دەنووسێ: " بەمجۆرە رەخنەى باختین، بێگومان لە ئەفسانەى چەمکى دیسپۆتیزمى تاکچەشنى و تاک مانایى سێرەدەگرێ کە لە قاڵبى ریالیزمى سۆسیالیستی دا بە پلەیەکى پیرۆز گەیشتبوو". تازەیى روانگەى باختین لەم پرسە دایە کە ئەو بە راڤەکردنى دەقەکانى رابلێ، داستایۆڤسکى، سروانتس و گوگول، دەتوانێ راستییەکانى هاوچەرخ رۆشن بکاتەوە: دووچەشنى و فرەدەنگى بۆ ریالیزمى سۆسیالیسى هێندە تاڵ و دژوارە، کە بۆ دین لە چاخى نێوەڕاستدا وابوو.
دووچەشنى: دووچەشنى کەڕنەڤاڵى هیچ بەهایەکى رەها قەبوڵ ناکات. فەرهەنگى رەسمى بۆ پاساودانى دەسەڵاتى چینایەتى خۆى دیاردەکان لە یەکتر جیادەکاتەوە، بەڵام دووچەشنى کەڕنەڤاڵى دیاردەکان تێکەڵ دەکا و بەمجۆرە هەموو بەهاکان رێژەیى دەکاتەوە: "روخسارێکى دوودەنگى و دووزمانى کە جنێو و ستایشەکان ئاوێتە دەکات، تێدەکۆشى تا ساتى گۆڕان، گۆڕان لە کۆنەوە بۆ نوێ و لە مەرگەوە بۆ ژیان دەرک بکات. ئەم روخسارە لە یەک کاتدا هەم تاج دەبەخشێ هەم تاج دەستێنیتەوە. لە درێژەى گەشەى کۆمەڵگەى چینایەتیدا، ئەم جیهانبینییە تەنیا لە کولتوورى ناڕەسمیدا توانیویە خۆدەربخات، چونکە لە فەرهەنگى چینى زاڵدا کە جنێوەکان و ستایشەکان بەتەواوى لێک جیاواز و نەگۆڕ بوون، هیچ جێگایەکى نەبووە..."(باختین: بەرهەمەکانى رابلێ).
بەپێچەوانەوە، لە بەرهەمەکانى رابلێ دا کە پڕاوپڕ لە چەمک و بنەماى کەڕنەڤاڵین، تێکەڵاوى جنێوەکان و ستایشەکان مێتۆدێکى سەرەکییە. بۆ نموونە لە گارگانتوا، راهبەکان جنێو دەدەن و بۆ پاساودانى جنێوەکانیان لە زانستى بەیان بەڵگە دێننەوە:"پونۆکرات گوتى:ــ تێنەگەیشتم، هاوڕێ ژان، تۆ جنێو دەدەیت؟(راهب گوتى) ــ تەنیا بۆ رازاندنەوەى وتەکانم ئەم کارە دەکەم. ئەم جنێوانە لە شێوەى زانستى بەیانى سیسرون دەچن".
باختین خۆیشى چەمکە دووچەشنییەکانى نێو گارگانتوا بەتایبەت لە "پێشەکى نووسەر"دا باس دەکات. راڤەکردنى جێژنى جەماوەرى بەهۆى دووچەشنى کەڕنەڤاڵى لە بەرهەمەکانى داستایۆفسکى و نووسەرانى مۆدێرنى، وەک توماس مان دا، ئێجگار دژوارترە. بۆوەى گومانى تێدا نییە کە لە جڤاتى رووسیاى سەدەى نۆزدەهەم و بەتایبەت لە کۆمەڵگەى ئاڵمانیاى سەدەى بیستەم دا، ئەم جێژنە ئیتر رۆڵى ناڕازییانە و کاولکارانەى پێشووى نەماوە و وەک رووداوێکى فولکلۆریک و توریستى لێهاتووە.
باختین بۆ راڤەکردنى ئەم پرسە باسى کاریگەرى نووسەرانى چاخى رنێسانس لەسەر بەرهەمەکانى داستایۆفسکى دەکات. توماس مان لەچاو داستایۆفسکى لە سەرچاوەى دووچەشنى کەڕنەڤاڵى چاخى ناوەڕاست و رنێسانس دوورترە و بە وتەى باختین داستایۆفسکى کارى تێکردووە.
رەنگە خوێنەرانى داستایۆڤسکى لەگەڵ ئەم وتەیەى باختین هاودەنگن کە: "داستایۆڤسکى دژەکان پێکەوە پێوەند دەدا" و دووچەشنى رۆمانەکانى کەسێتى دوالیستى، گروتێسک، خەندە، پارادوکس و فرەدەنگى دەخولقێنێ. ئەو کەسانەى کە توماس مان دەناسن، ئەم وتەیەى باختین لەمەر فلیکس کرۆڵ قەبووڵ دەکەن: "پێویستە بڵێین کە بەرهەمەکانى توماس مان بەخەستى کەڕنەڤاڵین. راشکاوترین جیلوەى دەرەکى ئەم پرسە لە رۆمانى دانپیانانى فلیکس کرۆڵى ئاژاوەخوازدا دەبینرێ (لە گوتارى وەستا کوکوک دا جۆرێک فەلسەفەى کەڕنەڤاڵى و دووچەشنى کەڕنەڤاڵى دەبینرێ)"(بۆتیقاى داستایۆفسکى).
بوونى دووچەشنى لە رۆمانى مۆدێڕن دا بە هێنانەوەى چەن بەڵگەیەک کە هەندێ جار بە دژوارى دەسەلمێنرێت، راڤەناکرێت، چونکە ئەم کاریگەرییانە هەرگیز وڵامى ئەم پرسیارە نادەنەوە کە بۆچى دووچەشنى مانایى لە فەلسەفەى نیچە، دەروونشیکاری فرۆید و بەرهەمەکانى داستایۆڤسکى، موزیل، پرۆست و کافکادا وەک گرنگترین پرس دەرکەوتووە؟ تەنانەت ئەگەر کاریگەرى قووڵى ڕابلێ، گوگول و سروانتس لەسەر بەرهەمەکانى ئەو نووسەرانە بسەلمێندرێت، هێشتا دەبێ بەردەوامى و رۆڵى بەرفراوانى ئەم "کاریگەرییە" لە دەقە مۆدێڕنەکان دا راڤەبکرێت.
 دیونیز دورشین لە وتارێکدا لەمەڕ ئەدەبیاتى بەراوردکارى دەڵێ کاریگەری ئەدەبی زیاتر بەهۆى پێکهاتەى فەرهەنگى کۆمەڵایەتى هاوشێوە پێکهاتووە و دەبى کاریگەرى ئەدەبى بە سەرنجدان بەم پێکهاتانە راڤە بکرێن. ناتوانین دووچەشنى رۆمانى لە بەرهەمەکانى داستایۆڤسکى، کافکا و موزیل دا تەنیا لە بوارى ئاڵوگۆڕى ئەدەبى دا و، لە ئاستى کاریگەرى ئەدەبى دا راڤەبکەین. بەتایبەت بەمهۆیە کە زۆر جار سەلماندنى گرنگى ئەم کاریگەرییە دژوارە. (ئەم روانگە کە دووچەشنى کەسێتى نێو بەرهەمەکانى کافکا، موزیل یان پرۆست تەنیا بە هۆى کارتێکردنى نیچە یان داستایۆڤسکى بووە، هێندە جێگاى بڕوا نیە).
بەداخەوە باختین سەرچاوەى ئابوورى و کۆمەڵایەتى دووچەشنى "کەڕنەڤاڵى" لە کۆمەڵگەى مۆدێڕن دا راڤەناکا و وادیارە پێوەندى کەڕنەڤاڵى چاخى ڕابلێ لەگەڵ پێکهاتەکانى بازاڕ، کە زۆر جار باسى دەکا، بۆ گرنگ نیە. لە کتێبێک دا کە لەمەڕ بەرهەمەکانى رابلێ نووسیویە، خەسڵەتى دووچەشنى و کەڕنەڤاڵى "راگەیاندنەکانى پاریس" و گوتارى شوێنە گشتیەکان شرۆڤەدەکات: "دەبێ بەکورتى ئاماژە بکەین کە راگەیاندنى جەماوەرى بەردەوام گاڵتەیى بووە و هەمیشە تا رادەیەک گاڵتەى بەخۆى کردووە ...، لە شوێنە گشتییەکاندا قازانجخوازى و فریوکارى خەسڵەتێکى گاڵتەیی و ... بەخۆوە دەگرت".
 باختین لێکچوونى نێوان رووداوى شوێنە گشتییەکان و کەڕنەڤاڵ قەبوڵ دەکات، بەڵام خەسڵەتى کەڕنەڤاڵى بازاڕ و دووچەشنى وەک بەرهەمى کۆمەڵگەى بازاڕ راڤە ناکات. ئەگەر بەرهەمەکانى مارکسى لاو لەبەر تیشکى تیۆرى کەڕنەڤاڵى باختین دا سەرلەنوێ بخوێنینەوە، تێدەگەین کە دووچەشنى و "کەڕنەڤاڵ سازى" فەرهەنگ، دیاردەیەکى کۆمەڵگەى بازاڕ و ئاکامى راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆى بەهاى سەوداگەرییە: "بۆوەى کە پارە، وەک بەهایەک کە لەئارا دایە و خۆى دەسەپێنێ، هەموو شتەکان تێکەڵ دەکا و سات و سەوداى پێوەدەکا، کەوابوو بەهۆى تێکەڵاوى و ئاڵووێرى هەموو شتەکان، سەرئەنجام دنیایەکى پێچەوانە و تێکەڵاو دەخولقێ کە هەموو تایبەتمەندییە سروشتى و ئینسانیەکان دەشێوێت... سازگارى ناسازگارەکانە و دژەکان ناچار بە یەکێتى دەکات." (مارکس، دەسنووسە ئابوورى و فەلسەفییەکان، 1844).
دواین بەشى ئەم دەقە بەڕۆشنى پیشان ئەدات کە رەنگە دووچەشنى "کەڕنەڤاڵى" زادەى نێوەنجى بەهاى سەوداگەرى بێت. کەوابوو شێوازە مۆدێڕنەکانى دووچەشنى بەرهەمى راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆى جێژنى جەماوەرى نیە. لەمەڕ کولتور و ئەدەبیاتى مۆدێڕن، "کەرنەڤاڵ" وەک بەیانى هێمایى بازاڕ دەردەکەوێ.
ئامانجى ئەم تێبینیانە رەتکردنەوەى روانگەى باختین نیە، بەڵکوو بە مەبەستى دووبارە خوێندنەوە و بەرینکردنەوەى ئەندێشەى کۆمەڵناسانەى باختینە. تیۆرى باختین لەمەڕ پێوەندى جەژنى جەماوەرى لەگەڵ بەرهەمەکانى رابلێ یان کەڕنەڤاڵ، هەر وەها روانگەى ئەو لەمەر سروشتى "خەستى کەڕنەڤاڵى"رۆمانى مۆدێڕن (توماس مان یان داستایۆڤسکى) تەواو گونجاوە. سەرەڕاى ئەمەش، رێژەى کاریگەرى و بەهاى سۆسیۆلۆژیکى، ئەم روانگەیە کاتێ پەرەدەگرێ کە دووچەشنى کەڕنەڤاڵى لە ئەدەبیاتى مۆدێڕن دا بە ئاکامى کاریگەرى پەتى ئەدەبى نەزانین، بەڵکوو بە بەرهەمى چەشنێک نێوەنجى فەرهەنگى بزانین. ئەدەبیات لە نیچە و داستایۆڤسکی تا موزیل و پرۆست لەئاست دووچەشنییەکى قووڵ دژکردەوە دەنوێنێ کە بەرهەمى جۆرێک نێوەنجیگەرى لە کۆتایى سەدەى نوزدەهەم دایە.
 باختین لە بەشێک لە کتێبەکەى لەمەڕ داستایۆڤسکى ئاماژە بەم شتە دەکات کە دەکرێ دووچەشنى کەسێتى نێو رۆمانەکانى داستایۆڤسکى بەپێى گەشەى بورژوازى راڤەبکەین بەڵام ئەم فکرە بەرین ناکاتەوە. سەبارەت بە یەکێ لە کتێبەکانى ئوتو کاوس لەمەڕ داستایۆڤسکى، دەنووسێ:" زۆربەى وتەکانى کاوس دروستە. لە راستیدا رۆمانى فرەدەنگى تەنیا لە سەردەمى سەرمایەدارى دا پەیدا بووە..." گەشەى بورژوازى لە دنیاى رزیوى روسیاى تێزاریدا "دۆخى واقعى پێویستى بۆ فرەچەشنى فۆرم  و دەنگە تایبەتەکانى رۆمانى فرەدەنگى خولقاند" (بۆتیقاى داستایۆڤسکى).
باختین رەخنە لە روانگەى ماتریالیستى کاوس ناگرێت، کەچى ئەم روانگەیە لە زەمینەى گەشەى بورژوازیدا شى ناکاتەوە. هەر بەمهۆیە شرۆڤەى ئەو ئێجگار مینیمالیستییە: گۆیا سەرنج بەوە نادات کە دوچەشنى و فرەدەنگى، وەک دوو دیاردەى پەیڤیى مانایى، بە دەقى رۆماندا رۆدەچن. بۆ نموونە لە بەرهەمەکانى نیچە، موزیل، پرۆست و کافکادا، یەکێتى دژەکان، دنیایەکى پێڕەوى دووچەشنى و فرەدەنگى دەخولقێنێ، کاتێ کە راستى و درۆ، زانست و پڕوپوچ، چاکە و خراپە پێکەوە کۆدەبنەوە، دنیاى مانایى دوالیستى دەبێ و دەرفەت بۆ وتەى راست و دروست و تاکبێژى نامێنێ.

زمان و فرەدەنگى
 لەنێوان دووچەشنى و فرەدەنگى دا چ پێوەندییەکى گونجاو هەیە؟ بنەماى هاوبەشى ئەم دوو چەمکە، دیالۆگە. گیاندار یان شتى دووچەشنى(کە هەڵگرى چەند لایەنى ئانتى گونیزمە) چەند فەرزێکى ناکۆک دێنێتە ئاراوە کە لەگەڵ یەکتر ململانێ دەکەن و رەنگە دیالۆگیش بکەن. بۆ وێنە لە کتێبى "دادگایى" بەرهەمى کافکا، سروشتى دووچەشنى دادگا... باسێکى بێپایان دێنێتە ئاراوە کە لەودا رەنگە هەر ڕاستییەک ببێتە درۆ، یان بەپێچەوانەوە. لەنێوان وتە جیاوازەکانى دادگایى دا، گوتارى راست و دروست بوونى نیە.
 باختین سەرەڕاى ئەوە کە رۆمانى داستایۆڤسکى بە نموونەى دەقى فرەدەنگى دەزانێ، پیشان دەدات کە بەرهەمەکانى رابلێ سەرچاوەى فرەدەنگى رۆمانه‌ و زادەى کەڕنەڤاڵە. لە بەشێک لەمەڕ دەورى وشەکان لە شوێنە گشتییەکاندا، پیشان دەدات کە رابلێ زۆر گوزارەى دووچەشنى بەکاردەبات کە بەشێک لە وردە فەرهەنگى خەڵکن.
بۆ کۆمەڵناسى دەق، ئەم روانگەیە کە لەودا، پرس و ناکۆکییە کۆمەڵایەتییەکان وەک پرس و شەڕ و کێشەى زمانى دەردەکەون، گرنگى زۆرى هەیە و ئەم دەرفەتە دەڕەخسێنێ کە پێش بە بەرتەسکبوونەوەى دەقى ئەدەبى دەگرێ و پێمان دەڵێ کە لە چەند چەمکى ئابستراکتى وەک "بورژوازى"، "شتکراوی" یان "بەهاى سەوداگەری" (کە پێوەندى راستەوخۆیان لەگەڵ دەق نییە) خۆببوێرین. باختین دەنووسێ: "زمانەکان جیهانبینى ئابستراکت نین، بەڵکوو جیهانبینى کۆنکرێت و کۆمەڵایەتین کە سیستمى بەهاکان کارى تێکردوون و لە تێکۆشانى رۆژانە و لە خەباتى چینایەتى جیاناکرێنەوە. کەوابوو هەر بابەت و هەر چەمک و هەر روانگە و لێکدانەوەیەک ... لە جەرگەى شەڕ و خەباتى ئایدیۆلۆژیکى قووڵ دایە."(بەرهەمەکانى رابلێ) بەمجۆرە ئەدەبیات لە قاڵبى پێکهاتەى کەلامى و زمانى جەماوەرى دا، لەئاست پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکان دژکردەوە دەنوێنێ. (پێویستە ئاماژە بە وەش بکەین کە چەمکى "جیهانبینى" کە لە روانگەى گوڵدمەن دا چەمکێکى "تیۆریک فکرى" بووە، لە دیدگاى باختین دا، لە زەمینەیەکى جیاوازدا، دەبێتە پێکهاتەى کەلامى).
دقى رابلێ هاوکات لەگەڵ دووچەشنى و توخمى کەڕنەڤاڵى شوێنە گشتیەکان، فرەدەنگى وردە فەرهەنگى جەماوەرى، یانى فرەپەیڤى ئەو فەرهەنگەش وەردەگرێ. هاوکات لەگەڵ کۆى بەها ناکۆکەکانى کەڕنەڤاڵ، زۆر وتەى ئانتاگونیستى بەرهەمى ئەم بەهایانە تێکەڵاو دەبن، لەگەڵ یەکتر ململانێ دەکەن و پێکهاتەیەکى کراوە و فرەدەنگى دەخولقێنن کە نموونەى بەرجەستەیان رۆمانەکانى داستایۆڤسکى یە، رۆمانێک کە لەودا پێکهاتەى تاکبیژى رۆمانى کۆن باوى نەماوە. هیچ پەیڤێک بە هاوتاى راستیەکان وەرنەگیراوە: ئەوەى لە رۆمانى تاکدەنگى دا (بۆ نموونە رۆمانەکانى تولستۆى) وەک تاقە فاکتى هەقیقى لە قەڵەم دراوە [لاى داستایۆفسکى] وەک کۆمەڵێک فاکتى گونجاو، وەک فرەدەنگى بەڵگاندن و گوتار دەردەکەوێ. باختین لەمەڕ داستایۆفسکى باسى "کونترپوانى رۆمانى" دەکات.
تایبەتمەندییە سەرەکییەکانى فرەدەنگى چین؟ لە پلەى یەکەمدا باختین لەم بیرەوە دەست پێدەکات کە لە رۆمانى فرەدەنگى دا رەنگە هەر وتەیەک ببێتە بابەتى وتەیەکیتر (تەوساوى، رەخنەیى، پارادۆکسێڵ)، یان تەنانەت رەنگە ببێتە بان ــ زمانى. رۆمانى فرەدەنگى بە پێوەندى دیالکتیکى زمان و بان ــ زمان" دیارى دەکرێت: "ئەم چەشنە گوتارەــ جیهانبینییەکى تر ــ کە هاوکات لەگەڵ نواندنەوە، دەگێڕدرێتەوە تایبەتمەندى سەرەکى رۆمانە...(گوزارە لە رۆماندا). گ. س. مورسۆن بە دروستى باختین بە "داهێنەرى" جۆرێک "بان ــ زمانناسى"("بان ــ زمانى") دەزانێ کە وەک بژاردە(ئەلترناتیڤ)ێکە بۆ زمانناسى تاک گوتارى فردینان دوسوسور.
لە پلەى دووهەمدا دەکرێ رۆمانى فرەدەنگى بە چەشنێک دەقى بێ سەنتەر بزانین، چونکە هیچکام لە وتەکان ناتوانن زمان "قۆرخ" بکەن. تەنانەت وتەکانى نووسەریش لەنێو پێکهاتەى دیالۆگى دا درێژەى دەبێ و تووشى ناکۆکى و دژایەتی دەبێت. زۆرجار چەندین قارەمانى جیاواز رەخنە لە وتەکانى چیرۆکبێژ (راوى) دەگرن، تووشى ناکۆکى دەکەن و دەیگۆڕن. هەروەها وتەکانى خۆشیان گیرۆدەى فرەدەنگى دەبێت.
یەکێکى تر لە ئەندێشەکانى تیۆرى فرەدەنگى، چەمکى ئەویدى بوونى منە. من ــ سەرەڕاى ئەوە کە منى نوسەر، راوى (یان یەکێ لە قارەمانان) بێت ــ ناتوانێ بە تەنیایى گشتێتى خۆى دەربخات. ئەویدى و دەنگى ئەو بۆ دەرخستنى من ــ کە ناسنامەى، لانیکەم تا رادەیەک، لە ئەویدى بوون دایە ــ پێویستە. من خۆم ناتوانم خۆم ببینم و راڤەبکەم. باختین لە وتارى "پرسى نووسەر"دا لەم بابەتەوە دەنووسێ: "دیدگاى نرخێنەرانە لەئاست خۆ لە بوارى جوانیناسى دا بەتەواوى بێهوودەیە، چونکە بەپێى روانگەى ستاتیکى، من بۆ خۆم بوونم نیە".
سەرئەنجام دەبێ بڵێین پرسەکانى دووچەشنى و فرەدەنگى لە پرسى زەینگەرایى (سوبژکتیڤیتە) جیاناکرێتەوە. دەقى فرەدەنگ و بێ ناوەند کە بەرهەمى پێوەندى چەند بەهایەکى ئانتاگونیستى یە، چەمکى کلاسیک و راسیۆناڵیستى زەینى تاکى یەکپارچە قەبوڵ ناکات. تازەیى روانگەى باختین بەهۆى رەخنەى رۆشنبینانە لە چەمکى سوژەیە کە لەگەڵ پێکهاتەى دیسکۆرسى تاکبێژانە و خەیاڵى "سازگارى" ئەم دیسکۆرسە لەگەڵ گشتێتى، پێوەندى قووڵى هەیە.
لەبەر تیشکى زۆرێک لە دەقەکانى "گرووپى باختین"، دەقەکانى ڤلۆشینۆڤ و مدڤێدۆڤ دا، دەتوانین قەیرانى سوبژکتیڤیتە لەگەڵ قەیرانى تاک لە جڤاتێکدا پێوەند بدەین کە یەخسیرى بێ نۆرمییە. بۆ نموونە لە دەقێکدا کە ساڵى 1930 بەناوى ڤلۆشینۆڤ بڵاوبۆتەوە، ئاوا هاتووە: "لەم کاتەدا لەگەڵ دیاردەى جیایى فکریى تاکێتى لە دەڤەرى کۆمەڵایەتى بەرەوڕوو دەبین، ئەم جیاییە ئاکامى سروشتى پێگە دۆڕاندنى تاکە". روانگەى ڤلۆشینوڤ لەمەڕ گرنگى شەهوەت و سێکس لە جڤاتێکدا کە سیستمى بەهاکانى تووشى قەیران بووە، زۆر سەرنج راکێشە. بەها و ماناى کۆمەڵایەتى لە ئاست سێکس پەرستى تەسلیم دەبێت، سروشت لە دژى کولتورێکى گوماناوى شۆڕش دەکات: "بەمجۆرە تاکێتى لە دنیاى کۆمەڵایەتی دا بزر بووە، بەڵام خۆى لە دنیاى شەهوەتەکاندا، لە حاڵەتى خاوى سروشتیدا، دۆزیوەتەوە... سەردەمانى چەقین و قەیران کە لەگەڵ ئاڵوگۆڕى قووڵى ئابوورى کۆمەڵایەتى هاوکاتە، ئەم سەرکەوتنەى مرۆڤى ئاژەڵى دەناسێ".
 بە خوێندنەوەى ئەم تێبینیانەى ڤلۆشینۆڤ، لێکچوونى باختین لەگەڵ داستایوفسکى و رۆماننوسانى نیوەى یەکەمى سەدەى بیستم باشتر دەرک دەکەین. نووسەرانێک وەک پرۆست، موزیل، کافکا، هسە و سارتر، وەک باختین، لەگەڵ ئەو پرسانە بەرەوڕوون کە بەرهەمى روخانى سیستمى بەها کۆمەڵایەتیەکانە: قەیرانى تاک و سوبژکتیڤیتە، شکستى دیسکورسى راست و تاکدەنگى، ناکۆکى ئاشکراى سروشت و کولتور.

رەخنە و قەیران
بە سەرنجدان بەو شتەى لەمەڕ سۆسیۆلۆژى رۆمان وترا تێدەگەین کە روانگەکانى گوڵدمەن و باختین تەواوکەرى یەکترن: نە تەنیا بەمهۆیە کە دەکرێ دووچەشنى و فرەدەنگى کەڕنەڤاڵى لەگەڵ نێوەنجیەک پێوەند بدەین کە مارکس باسى کردووە (پارە و بەهاى سەوداگەرى)، بەڵکوو بەمهۆیە کە قەیرانى بەهاکان کە گوڵدمەن راڤەى کردووە، لەگەڵ رەخنەى دڵخوازى باختین پێوەندى قووڵی هەیە.
ر. کوزلک لە کتێبى رەخنە و قەیران دا پێوەندى دیالکتیکى رەخنە و قەیرانى کۆمەڵایەتى بە جەختکردن لەسەر ئەم خاڵە باس دەکات کە لە درێژەى رەوتى مێژوودا، چاخەکانى قەیران و وەرچەرخان بە ئاخێز و رەخنەى کۆمەڵایەتى لە دژى نەریتە باوەکان رێگاى شۆڕش هەموار دەکەن. نووسراوەکانى کوزلک لەمەڕ سەردەمى دیسپۆتیزم، بە چەند مەرجێک لەمەڕ سەردەمى مۆدێڕنیش کارامەیە. لە سەردەمى مۆدێڕن دا، قەیرانى ئەو بەهایانە کە زادەى سەوداگەرى و شەڕى ئایدیۆلۆژیکین، هیۆمانیزم، تاکگەرایى و سوبژکتیڤیتە دەمرێنن.
بەڕاى من روانگەى باختین، روانگەى گوڵدمەن ساغ دەکاتەوە چونکە روانگەى باختین ماناى قەیرانى سیستمى بەهاکان رۆشن دەکاتەوە و روانگەى گوڵدمەنیش رەخنە شرۆڤە دەکات. ئەڵبەت گومانى تێدا نیە کە لەنێوان گوڵدمەن (بیرمەندى هێگلى ــ لوکاچى) و باختین تیۆریسازى فرەدەنگى، کە زیاتر لە نیچە و داستایۆڤسکى نزیکە، گەلێ جیاوازى بنەڕەتى هەیە. بەڵام ئامانجى ئێمە لێرەدا دەرخستنى جیاوازییەکان نییە بەڵکوو دەمانەوێ لەسەر ئەم شتە پێدابگرین کە لە کۆمەڵناسی دا، رەنگە زۆر تیۆرى ناکۆک و ئانتاگونیستى هەبن کە بەشێوەى دیالکتیکى گەشە بە یەکتر بدەن و یەکتر ساغ بکەنەوە. روانگەى گوڵدمەن لەمەڕ پووکانەوەى تاک و قارەمان لە رۆمان دا و، ڕوانگەى باختین لەمەڕ توانەوەى سوبژکتیڤیتە لە دووچەشنى و فرەدەنگى دا، دوو لایەنى یەک دیاردەن کە پێویستیان بە تۆژینەوەیەکى سەربەخۆ هەیە.

سه‌رچاوه‌: درآمدی بر جامعه‌شناسی ادبیات، گزیده‌ و ترجمه‌، جعفر پوینده‌، تهران، نشر نقش جهان



نظرات

پست‌های معروف از این وبلاگ

زمان، نووسین، میدیا و ...

زمان، نووسین، میدیا، گوتاری نەتەوایەتی، ناسنامە و پەروەردە گفتوگۆ لەگەڵ د. جەعفەر شێخولیسلامی پرۆفیسۆری میوان، زانکۆی سۆران، کوردستان پرۆفیسۆری هاوکار، زانکۆی کارلتن، کەنەدا ئا: هادی محەمەدی سەرەتا: د. جەعفەر شێخولیسلامی ساڵی ١٩٦٠ لە گوندی لاچین، سەر بە شاری مەهاباد، لە دایک بووە. هەر لەو شارەدا خوێندنی سەرەتایی و ناوەندیی تەواو کردووە. لە کۆتایی حەفتاکاندا، بە دزی خۆی فێری زمانی زگماکی کردووە و دەستی بە نووسینی شیعر و چیرۆکی کوردی کردووە. لە سەرەتای هەشتاکاندا، لەناو میدیاکانی سەردەمی ڕاپەڕینی رۆژهەڵات و باشووری کوردستان و، دواتریش لە میدیای ئێرانی لە بوارەکانی هەواڵنێری، وتارنووسین، چیرۆک، شانۆنامە، رۆڵی شانۆیی و وەرگێڕاندا چالاکی نواندووە. لە ساڵی ١٩٨٨ بە ئەم لاوە، لە وەڵاتی کەنەدا نیشتەجێ بووە و، لەم بوارانەدا خوێندوویەتی: ئەنستیتۆ/پەیمانگە (کتێبخانە و ئاگاداری)، بەکالیۆرۆس (زمانەوانی گشتی)، بەڵگەنامەی مامۆستایەتی (زمانی ئینگلیزی وەکوو زمانی دووهەم)، مەستەر (زمانەوانی کارەکی/کارکردی) و دوکتۆرا (پێوەندییە گشتیەکان—گوتار و میدیا). دوای ئەوە کە نزیکەی دە ساڵ ما

"ئەقڵ و شۆڕش"، هێربێرت مارکوزە

کورتەیەک سەبارەت بە "ئەقڵ و شۆڕش"ی هێربێرت مارکوزە نووسینی توماس ئالمێر و: لە ئاڵمانییەوە: هادی محەمەدی مارکوزە کە لە ئاڵمانەوە ئاوارەی ئەمریکا بووبوو، ساڵی ١٩٤١ کتێبی „Reason and Revolution“ ی بە زمانی ئینگلیسی چاپ کرد. ئەم کتێبە دواتر بە ناوی „Vernunft und Revolution“ یانی ئەقڵ و شۆڕش/وەرچەرخان بە زمانی ئاڵمانی وەرگێڕدرا. مارکوزە لەم کتێبەدا هەوڵ دەدات بە سەرنجدان بە ئەندێشەی مارکس، کاریگەری فەلسەفەی هێگل لەسەر تیۆری کۆمەڵایەتی پیشان بدات. مارکوزە لەسەر ئەوە پێدادەگرێ کە هێگل بەپێچەوانەی زۆرێک لە بیرمەندانی پێش خۆی، لە بواری بزاڤ و ئیدەی پێشکەوتنخوازانەدا دیدگایەکی شێلگیرانەی هەیە. ئەو پێی وایە کە واوەتر لە گەشەکردنی پێکهاتەی فاشیستی لە جڤاتی ئێمەدا، پێویستە فەلسەفەی هێگل سەرلەنوێ بخوێنینەوە. ئەم کتێبە لە دوو بەش پێکهاتووە. لە بەشی یەکەم دا بنەماکانی فەلسەفەی هێگل ڕاڤە دەکات، لە بەشی دووهەم دا ڕەوتی پێکهاتنی تیۆری کۆمەڵایەتی شی دەکاتەوە. هەر لە بەشی دووهەم دا کە بابەتی ئەم وتارەی منە، بە سەرەتایەک بەناوی "لە فەلسەفەوە بەرەو تیۆری کۆمەڵایەتی"

قوتابخانەى فرانکفۆرت

مارکوزە و قوتابخانەى فرانکفۆرت marcuse and Frankfurt school براین مەگى سەرەتا: ئەو قەیرانە ئابوورییە کە لە مەوداى دوو جەنگى جیهانیدا زوربەى وڵاتانى رۆژئاوایى گرتەوە، بەڕاى زۆربەى چەپەکان سەرەتاى رووخانى سیستمى سەرمایەدارى بوو کە ئەوان بەردەوام لە تیۆری مارکسیستى دا پێشبینیان کردبوو. ئەگەرچى بەپێى ئەم تیۆرییە دەبوو ئاکامى ئەم دۆخە بە کۆمۆنیزم بگات، بەڵام لە هیچ وڵاتێکى ئوروپا ڕژیمى کۆمۆنیستى نەهاتە ئاراوە. به‌پێچه‌وانه‌وه‌ ئەوەى سەرکەوت فاشیزم بوو. هەندێ لە چەپەکان بەجۆرێک لەم دۆخە ناهومێد بوون کە بەجارێک دەستیان لە مارکسیزم هەڵگرت. هەندێکى تر قەت تووشى ڕاڕایى نەهاتن و هەروا لەسەر بڕواکانى خۆیان مانەوە. گروپێکى تریش لەنێوان ئەم دوو رەوتەدا وەک چەپ مانەوە- یان دەیانویست بمێننەوە- بەڵام پێیان وابوو، بۆوەى مارکسیزم بتوانێ هەروا جێگەى بڕوا و متمانە بێت، دەبێ سەرلەنۆى شروڤە بکرێ و بەخۆیدا بچێتەوە. گرووپێ لەم کەسانە کۆتایى دەیەى 1920 لە شارى فرانکفۆرت کۆبوونەوە، کە دواتر بە ئەندامانى "قوتابخانەى فرانکفۆرت" ناوبانگیان دەرکرد. لە راستیدا ئەم کەسانە بۆ ماوەێکى زۆر لە فرانکفۆرت نە