داستایڤسکی و نهێلیزمی روسی
داریوش شایگان
و: هادی محه‌مه‌دی
نهێلیزمی ئاڵمانی به‌پێی بنه‌مای وشیاری له ره‌وتی هه‌ڵدان و نسکۆی ئه‌ندێشه‌ی رۆژاوایی پێکهاتووه، به‌ڵام نهێلیزمی رووسی، نکۆڵی له‌م مێژووه ده‌کا و ره‌تی ده‌کاته‌وه. نهێلیزمی رووسی ره‌گ و ریشه‌ی مێژوویی و کولتوری هه‌یه. توندڕه‌وی و کوندڕه‌وی له سروشتی خه‌ڵکی رووسیا دایه. رووسه‌کان یان نهێلیستن یان بڕوایان به‌و دنیا هه‌یه. ململانێی به‌رده‌وامی ئه‌م دوو خه‌سڵه‌ته ناکۆکه، دیارده‌یه‌کی لێده‌بێته‌وه که بردیائۆف پێی ده‌ڵێ "شێتی متافیزیکی". له هه‌موو گه‌وره پیاوانی مه‌زنی رووسیا، به‌تایبه‌ت له به‌رهه‌مه‌کانی داستایڤسکی دا، ئه‌م ململانێیه به‌دی ده‌که‌ین. مرۆڤی رووسی قه‌ت ناتوانێ میانه‌ڕه‌و بێت... ره‌نگه فه‌زای بێ کۆتایی ده‌شته‌کان و ئاسۆی بێ سنووری بیابانی کاکی به کاکی روسیا، به‌جۆرێک کاری کردۆته سه‌ر رۆحی خه‌ڵکی ئه‌م وڵاته، که مرۆڤی رووسی حه‌د و ئه‌ندازه ناناسێ، یان گووشه‌گیر ده‌بێ و ده‌بێته سۆفی، یان روو ده‌کاته مه‌یخانه و به‌رده‌وام مه‌ستی. ده‌توانین له‌نێو تۆفانی ره‌خس و سه‌ما و گۆرانی و مۆسیقی کۆڕی مه‌ستانی شاره‌کانی رووسیادا وه‌ها ره‌هه‌ندێکی دیونیزیوسی به‌دی بکه‌ین. کۆڕی مه‌ستی شه‌وانی پترزبورگ هه‌ندێ جار چه‌ندین شه‌و و رۆژ درێژه‌ی ده‌کێشا و بگره له‌گه‌ڵ خۆی سروه‌ت و سامان و خه‌ون و خولیای بنه‌ماڵه‌کانی به با ده‌دا و سه‌رئه‌نجام له ساتێک دا گێژوکاسی مه‌ستی به ئاستی شێتی ده‌گه‌یشت و به ده‌نگی گوله‌یه‌ک کۆتایی پێده‌هات. مرۆڤی رووسی هه‌ست و شه‌وق هه‌ڵیده‌گرێ، هه‌ست و شه‌وقێک که مرۆڤ بێ هۆش ده‌کات؛ چ وه‌ک زێده‌ڕۆیی له عه‌یش و مه‌ستی دا؛ چ وه‌ک بیری دۆگم و که‌له وشکانه له باوه‌ڕی شۆڕشگێڕی دا؛ چ وه‌ک جۆرێک قومار که سه‌ر و ماڵی ده‌دۆڕێنێ و به گووله‌یه‌ک کۆتایی دێ که له "روڵتی روسی"دا مێشکی نه‌جیب زاده‌یه‌ک ده‌پژێنێ؛ چ وه‌ک هه‌وڵێکی سۆفیانه که پاک و خاوێنی مه‌سیحایی ده‌ژێنێته‌وه. به‌ڵام ئه‌م هه‌ستانه چ موسبه‌ت بن چ مه‌نفی، به‌رده‌وام ره‌هه‌ندێکی دێوئاسا به‌خۆوه ده‌گرن: ئه‌گه‌ر په‌ستی بێت ده‌گاته ئاستی بلیمه‌تی؛ ئه‌گه‌ر له‌خۆبردوویی بێت ده‌گاته ئاستی خۆنه‌ویستی و فیداکاری؛ ئه‌گه‌ر فیز و لووتبه‌رزی بێت ده‌گاته ئاستی شێتی؛ ئه‌گه‌ر عشق بێت ده‌گاته ئاستی سۆز و خۆشه‌ویستی مه‌سیحایی؛ ئه‌گه‌ر سه‌ربزێوی بێت حاشا له بوونی خودا و ئه‌م دنیا و ئه‌و دنیاش ده‌کا و به نهێلیزمی په‌تی ده‌گات. به‌مجۆره‌یه که ئه‌ده‌بیاتی مه‌زنی سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌م له رووسیا، وه‌ها مه‌یلێکی هه‌یه، چونکه وه‌کوو گه‌لی رووسیا ده‌یه‌وێ دواین پرسه‌کان باس و گه‌ڵاڵه بکات: خودا هه‌یه یان نا؟ مۆدێرنیته باشه یان خراپه؟ هه‌موو شتێک ره‌وایه یان نا؟ ئه‌و پرسانه که له سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌م دا له‌نێوان رۆشنبیرانی رووسیا گه‌ڵاڵه ده‌کرا و شه‌و تا به‌یانی باسی له‌سه‌ر ده‌کرا و به پرسی شووم و له‌عنه‌تی ناوده‌نرا، له پرسه‌کانی ئێستای وڵاتی ئێمه ده‌چێ، به‌ڵام جیاوازی له‌مه دایه که یه‌که‌م: ئه‌گه‌رچی رووسیا وڵاتێکی ئاسیاییه، به‌ڵام به‌شێکه له رۆژاوا و، دووهه‌م، پرس و کێشه‌کانی رۆشنبیرانی رووسیا ره‌هه‌ندی زه‌به‌ڵاحی ئه‌رکی نه‌ته‌وایه‌تی گه‌لی رووسی به‌خۆوه ده‌گرت، سێهه‌م، که‌سانێک که ئه‌م پرسانه‌یان ئاراسته ده‌کرد مه‌زنترین بلیمه‌ته‌کانی فه‌رهه‌نگی مرۆڤی بوون. ئه‌گه‌ر داستایڤسکی له کتێبی "ئه‌هریمه‌نان" دا چاره‌نوسی شوومی رووسیای پێشبینی کرد، به‌ڕای "بوریس پاسترناک" به‌رهه‌می شۆڕشی بۆلشڤیکی، کیژۆڵه‌یه‌کی ساویلکه‌یه که له "لارا"ی شه‌نگ و "ژیواگۆ"ی نه‌جیب به‌دیهاتووه، به وته‌یه‌کی تر، رووسیای پیرۆز منداڵێکی بوو که خاوه‌ن بیر و بیره‌وه‌ری نه‌بوو.
داستایڤسکی ده‌یوت: "ئێمه‌ی رووسی هه‌موومان نهێلیستین." ئه‌مه وته‌یه‌کی گرنگه. ئاخر نهێلیزم له مێژوو و کولتوری رووسیادا ره‌گی داکوتاوه. له بناغه‌دا نهێلیزم دیارده‌یه‌کی رووسی و ئایینییه که له پشتخانێکی ئۆرتۆدوکسی پێکهاتووه و، له راستیدا، ره‌هه‌ندی ئاوه‌ژووی لایه‌نی مه‌عنه‌وی رووسی، جۆرێک پارێز و پاکییه که له به‌خششی یه‌زدانی به‌ده‌ره. ئه‌م بیره که گۆیا ئه‌م دنیایه پڕاوپڕ له شتی خراپ و شووم و پیس، نهێلیزمی رووسی به ئاقارێک دا برد که نکۆڵی له هه‌موو شتێک بکات،
هه‌ر له دین، تا کولتور و هونه‌ر. نهێلیزم وه‌ک خه‌سڵه‌تی سۆفیانه‌ی خه‌ڵکی رووسیا، به‌هاکانی تاکی ده‌ویست، به‌ڵام سه‌رئه‌نجام حاشای له تاک کرد و له‌نێو سیستمی گشتی بۆلشڤیزم دا تواندییه‌وه... ریشه‌ی ئه‌م نهێلیزمه و سه‌رکێشی خه‌ڵکی رووس ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌ده‌ی حه‌ڤده‌هه‌م و بزاڤی "راسکۆڵ"ـه‌کان که بڕوایان به کلیسای "ئۆرتۆدوکس" هه‌بوو. راسکۆله‌کان ئه‌م پرسه‌یان وروژاند: ئایا وڵاتی پیرۆزی روسیا که رۆمی سێهه‌مه، وڵاتی حکومه‌تی مه‌سیحه، یان ده‌ڤه‌ری ده‌سه‌ڵاتی ده‌جاڵ، یانی "ئانتێ کریست"ـه؟ ئه‌م بڕوایه که تێزار و کلیسا خه‌یانه‌تیان به دینی پیرۆزی گه‌لی رووس کردووه، به‌شێنه‌یی په‌ره‌ی سه‌ند، راسکۆله‌کان به‌رده‌وام پێشبینی ئه‌وه‌یان ده‌کرد که ده‌سه‌ڵاتی مۆسکۆ ده‌ڕوخێ و حکومه‌تی ده‌جاڵ تێکده‌شکێ، ئیتر له‌وه به‌دوا هه‌موو ده‌سه‌ڵاتێکی دنیاییان هه‌ر له ئیڤانی سامناک، تا ناپلیۆن و پتری گه‌وره به هێمای ئانتی کرێست ده‌زانی و پێیان وابوو یوتۆییای ره‌سه‌نی "ئۆرتۆدوکسی" له شاری خه‌یاڵی "کیتژ" و له ناخی ده‌ریا دایه. گه‌لی رووسیا مێتۆدی حاشا و ره‌تکردنه‌وه‌ی له گرووپی رادیکاڵی راسکۆڵ وه‌رگرتووه و خه‌سڵه‌تی نهێلیستی پێداوه، دواتر له‌گه‌ڵ خواستی سۆسیالیستی و مارکسیستی رۆژاوایی تێکه‌ڵی کردووه و به ئانارشیزم و بۆلشڤیزم گه‌یشتووه.
حاشا کردن له کولتور و مێژوو بوو به هۆی ئه‌وه که گه‌لی رووسیا هه‌رده‌م باسی پرسه ئایدیاله‌کان بکه‌ن و تووشی توندڕه‌وی ببن. له‌م بابه‌ته‌وه کتێبی نوسه‌ری نهێلیستی رووسی "چرنیشفسکی" به ناوی "ده‌بێ چ بکه‌ین" زۆر سه‌رنجڕاکێشه، ئاخر هه‌موو بیرمه‌ندانی رووس له بیری ئه‌وه دا بوون که ده‌بێ چ بکه‌ن. ئایا ده‌بێ به وته‌ی هێرتسن و لایه‌نگرانی، ببن به رۆژاوایی، یان به‌وجۆره که لایه‌نگرانی ره‌وتی "سلاڤیزم" ده‌یانوت بگه‌ڕێنه‌وه بۆ نه‌ریتی گه‌لی رووسیا که بریتییه له رزگارکردنی هه‌موو دنیا؟ له به‌رانبه‌ر نوسه‌رانی ئایدیالیستی 1840دا که پێره‌وی هێگل و شلینگ بوون و بڕوایان به ئه‌ده‌ب و هونه‌ر و ئامانجه به‌رزه‌کان هه‌بوو، نووسه‌رانی نهێلیسی 1860، که‌سانێکی وه‌ک "چرنیشفسکی"، "دوبریۆلۆڤ" و "پیسارۆڤ" ماتریالیست و سۆسیالیست بوون و زانست و بایۆلۆژی و دژی دین بوون. پیسارۆڤ ده‌یوت: جووتی پێڵاو ناده‌م به هه‌موو به‌رهه‌مه‌کانی شیکسپێر. له به‌رانبه‌ر نوسه‌رانی نهێلیست دا، نوسه‌رانی ئانارشیستی کۆتایی سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌م، مارکسیست بوون. به وته‌یه‌ک ره‌نگه بتوانین بێژین که سۆسیالیزم و مارکسیزم، نهێلیزمی رووسی و نهێلیزمی رۆژاوایی لێکده‌به‌ستن. به‌ڵام چ نوسه‌رانی نهێلیست و ئانارشیست، چ لایه‌نگرانی رۆژاوا و چ ره‌وتی سلاڤیست، هه‌موویان لایه‌نگری چاره‌سه‌ری کۆتایی بوون: چ ئه‌م رێگه چاره‌یه به رادیکاڵیزمی "نه‌چایف" بگات؛ چ به ئانارشیزمی "باکونین" که پێی وابوو بۆوه‌ی دنیای نوێ بخولقێنین، ده‌بێ هه‌موو شتێک بڕوخێنین؛ چ به ئانارشیزمی ئایینی تۆلستۆی بگات؛ چ به چه‌مکی "مرۆڤایه‌تی یه‌زدانی" بیرمه‌ندی رووس "سولویۆڤ" بگات؛ چ به پلانی شۆڕشگێڕانه‌ی لێنین که تێکه‌ڵاوێک بوو له بیری باکونین و پتری گه‌وره.
ئه‌و که‌سه‌ی که هه‌موو ئه‌م ناکۆکییانه‌ی رووسیای تێزاری له ئاستێکی وشیاری بیماردا ئه‌زموون کرد، داستایڤسکی بوو. رۆمانی "ئه‌هریمه‌نان" به‌ڵگه‌یه‌کی به‌نرخه که له‌ودا ئاکامی هه‌موو ئه‌م ناکۆکییانه و چاره‌نوسی روسیا و مه‌زهه‌بی ئۆرتۆدۆکس پێشبینی کراوه. داستایڤسکی له‌م رۆمانه‌دا شێوازی دیالکتیکی مه‌نفی خۆی په‌ره‌پێداوه و مێتۆدی خۆی به‌م پرسه ده‌ست پێده‌کات: "ئایا ده‌توانین هاوکات هه‌م به‌فه‌رهه‌نگ و ئوروپایی بین و هه‌م خاوه‌ن بڕوا بین؟ ئایا ده‌توانین بڕوامان به مه‌سیح وه‌ک کوڕی خودا هه‌بێت؟" بۆوه‌ی ناکرێ وڵامی حه‌تمی به‌م پرسه بده‌ینه‌وه که‌وابوو ده‌بێ بێ دینی هه‌ڵبژێرین که به‌هۆی جیهانبینی زانستی نوێ پێکهاتووه. به‌هه‌ر حاڵ ده‌بێ بڕوا به‌م بێ دینییه بکه‌ین. ئێستا ئه‌م پرسه دێته ئاراوه: ئایا ده‌توانین وه‌ک چۆن بڕوامان به مه‌سیح هه‌یه، بڕوامان به زانست هه‌بێت؟ به‌م پرسیاره ناکۆکییه‌کی گه‌وره‌تر ئاشکرا ده‌بێت، چونکه ئه‌گه‌ر بتوانین هه‌م بڕوامان به‌م هه‌بێت هه‌م به ئه‌و، یان تووشی "فه‌لسه‌فه‌ی بێ خه‌یاڵی" ده‌بین، یان به هیچ کام له‌و دوانه بڕوامان نه‌ماوه. له راستیدا فه‌لسه‌فه‌ی بێ خه‌یاڵی هه‌ر دوو پرس ره‌ت ده‌کاته‌وه. به وته‌یه‌کی تر، فه‌لسه‌فه‌ی بێ خه‌یاڵی، یانی بێ خه‌به‌ری په‌تی، بێ خه‌به‌ر له‌م راستییه که نه ئه‌ممان هه‌یه، نه ئه‌و. بۆچی؟ چونکه بڕوا و بێ بڕوایی قه‌ت له‌گه‌ڵ یه‌کدا نایه‌نه‌وه و دژ به یه‌کن و یه‌کتر ره‌ت ده‌که‌نه‌وه. که‌وابوو یان ده‌بێ ئه‌میان هه‌ڵبژێرین، یان ئه‌ویان، رێگه‌ی سێهه‌م بریتییه له فه‌لسه‌فه‌ی بێ خه‌یاڵی و بێ خه‌به‌ری، یان حاشا له هه‌ر دوویان ده‌کات. ئه‌گه‌ر بڕوامان نه‌بێت، ئیتر ناتوانین باوه‌ڕمان به مه‌سیح هه‌بێت، که‌وابوو نوسه‌ری شۆڕشگێڕی رادیکاڵ، نه‌چایڤ، راست ده‌کات، ده‌بێ هه‌موو شتێک بسووتێنین و سامان و سیستمی سه‌رده‌م بفه‌وتێنین. ئه‌گه‌ر بڕوادارین، ده‌بێ حاشا له سۆسیالیزم و بێ بڕوایی بکه‌ین و دڵ به مه‌سیح بسپێرین: یان ئیمان بێنین، یان هه‌موو شتێک بسووتێنین. رێگه‌چاره‌ی سێهه‌م که بریتییه له ئاشتکردنه‌وه‌ی ئه‌م دوو لایه‌نه، یان بریتییه له فه‌لسه‌فه‌ی بێ خه‌یاڵی، یان حاشا له هه‌ر دوو لایه‌ن ده‌کات. داستایڤسکی له هه‌موو به‌رهه‌مه‌کانی دا رێگه‌ی سه‌ربزێوی ده‌گرێته‌به‌ر و حاشا له بڕوا و خودا ده‌کات، به‌ڵام حاشا و ره‌تکردنه‌وه که به‌رهه‌می ئازادی بێ سنووری مرۆڤه، سه‌رئه‌نجام به سه‌ره‌ڕۆیی بێ سنوور ده‌گات و خودی ئه‌م ئازادییه ره‌ت ده‌کاته‌وه. تێکڕای دیالکتیکی مه‌نفی داستایڤسکی، هه‌ر له "تاوان و سزا" تا "ئه‌هریمه‌نان" و "برایانی کارامازۆڤ"، ئه‌نجامی سامناکی سه‌رکێشی و له‌خۆنامۆیی مرۆڤ و، هه‌روه‌ها داڕوخانی به‌ها ئینسانییه‌کان ده‌رده‌خات که‌سه‌رئه‌نجام به کۆیله‌تی حه‌تمی مرۆڤ ده‌گا و لوتکه‌ی سه‌ربزێوی له رۆمانی کارامازۆڤ دا به ئه‌فسانه‌ی پشکێنه‌ری مه‌زن کۆتایی دێت، پشکێنه‌ری مه‌زن رووی ئاوه‌ژووی مه‌سیحه، یان به وته‌یه‌کیتر "ئانتێ کرێست"ـه.
سه‌رچاوه‌ی ئه‌م سه‌ربزێوییه له‌م وته‌وه هه‌وێن ده‌گرێت: "ئه‌گه‌ر خودا نه‌بێت هه‌موو شتێک ره‌وایه"، یانی ئازادی بێ سنووری مرۆڤ، به ئاستێک ده‌گات که مرۆڤ خۆی به خودا ده‌زانێت. هه‌موو قاره‌مانانی داستایڤسکی هه‌ر له "راسکۆلنیکۆف" تا "ئیڤان کارامازۆڤ" تا "کیریلیۆڤ" و "ستاڤرۆگین" وه‌ها مه‌یلێک بۆ گه‌یشتن به ئازادی بێ سنوور ئه‌زموون ده‌که‌ن. ئه‌زموونی بان پیاوانه‌ی راسکۆلنیکۆف که به مه‌به‌ستی خزمه‌ت به مرۆڤایه‌تی ده‌ست بۆ تاوان و جنایه‌ت ده‌بات، سه‌رئه‌نجام به کاره‌سات و ئازاری ویژدان کۆتایی دێت. له‌ئاست وه‌ها سه‌رکێشێکی بچووکدا، سه‌رکێشی ئیڤان زۆر گه‌وره‌یه. ئه‌گه‌ر راسکۆلنیکۆف خۆی له قاڵبی سیستمی بان پیاوانه‌دا ده‌به‌سته‌وه، ئیڤان هه‌موو سیستمێک ده‌به‌زێنێ. ئیڤان حاشا له بوونی خودا ده‌کات، به‌ڵام ره‌تکردنه‌وه‌ی خودا، به ره‌تکردنه‌وه‌ی دنیا ده‌گات، هه‌روه‌ها ره‌تکردنه‌وه‌ی خودا و دنیا، به‌شێوه‌ی سروشتی به دیالکتیکی نه ئه‌م نه ئه‌و ده‌گات، ئاکامی ئه‌م سه‌رکێشییه‌ش به سه‌ره‌ڕۆیی و دیکتاتۆری بێ سنووری مرۆڤ و ده‌سه‌ڵاتی پشکێنه‌ری مه‌زن ده‌گات. به وته‌یه‌کی تر، ئازادی و سه‌ره‌ڕۆیی بێ سنوور، به کۆیله‌تی بێ سنوور ده‌گات. حکومه‌تی پشکێنه‌ری مه‌زن، بریتییه له ده‌سه‌ڵاتی ئه‌قڵی ئۆقلیدۆسی، ئه‌قڵی ئۆقلیدۆسیش یانی پێکهێنانی سیستمێک که له‌ودا نه ژان و ئازارێک هه‌یه، نه ئه‌رک و به‌رپرسیارێتی، نه ئازادی. ده‌سه‌ڵاتی ئه‌قڵی ئۆقلیدۆسی، ئاکامی راسته‌وخۆی حکومه‌تی پشکێنه‌ری مه‌زنه، یانی حکومه‌تێک که له‌ودا مرۆڤه‌کان وه‌ک مێرووله، ته‌نیا بیر له خورد و خوراک ده‌که‌نه‌وه و ئامانجه به‌رزه‌کان پشتگوێ ده‌خه‌ن. له به‌رهه‌مه‌کانی داستایڤسکی دا که‌سانێک وه‌ک "شیگالۆف" و "ڤۆرخونسکی" (له ئه‌هریمه‌نان دا) و پشکێنه‌ری مه‌زن/ ئیڤان (له کارامازۆڤ دا) بانگه‌شه‌ی وه‌ها سیستمێک ده‌که‌ن.
حکومه‌تی ئه‌قڵی ئۆقلیدۆسی، یانی به‌دیهاتنی سێ خواست که مه‌سیح له‌پێناو رزگارکردنی مرۆڤ، ره‌تی کردنه‌وه: 1. کردنی به‌رد به نان، 2. موعجزه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی، 3. یوتۆپیای دنیایی. مه‌سیح بۆوه‌ی ئازادی مرۆڤ بپارێزێ، ئه‌م سێ خواسته‌ی ره‌ت کرده‌وه، چونکه ئه‌و نه‌یده‌ویست که قووتی رۆحانی (نانی ئاسمانی) ببێت به نانی زه‌مینی، موعجزه جێگه‌ی مافی هه‌ڵبژاردنی ئازاد بگرێته‌وه و، یوتۆپیایی زه‌مینی جێگه‌ی یوتۆپیایی یه‌زدانی بگرێته‌وه. به‌پێچه‌وانه‌وه، ئه‌قڵی ئۆقلیدۆسی ده‌یه‌وێ ئه‌م سێ خواسته به‌دیبێنێ، بۆوه‌ی هه‌ر که مرۆڤ ئه‌م سێ خواسته قه‌بوڵ بکات، سۆسیالیزمێک به‌دیدێت که له ئیمان داماڵراوه و ئازادی راستینی مرۆڤ له‌نێو ده‌بات. پشکێنه‌ری مه‌زن به مه‌سیح ده‌ڵێ: "تۆ تاقه به‌یداخێکی ره‌ها که ده‌یتوانی هه‌موانت بۆ ملکه‌چ بکات، یانی به‌یداخی نانی زه‌مینیت له‌پێناو نانی ئاسمانی ره‌ت کرده‌وه... تۆ له خاچ دانه‌به‌زیت چونکه نه‌تده‌ویست به په‌رجو به سه‌ر مرۆڤه‌کاندا زاڵ ببیت، چونکه تۆ تینووی ئیمانی ئازادانه بوویت، تۆ عشقی ئازادانه‌ت ده‌ویست، نه‌ک شور و شه‌وقی کۆیله‌کان له‌ئاست هێزێک که ئه‌فسوونی کردوون. به‌ڵام تۆ زۆر گرنگیت به مرۆڤ دا، مرۆڤه‌کان ئه‌گه‌رچی سه‌رکێشی ده‌که‌ن، به‌ڵام کۆیله‌ن."
بۆ داستایڤسکی، سێ په‌رجو بریتین له: سۆسیالیزمی به‌ده‌ر له ئیمان، دامه‌زراندنی یوتۆپیایی دنیایی و له‌نێو بردنی ئازادی مرۆڤ. به‌وته‌یه‌کی تر، مه‌به‌ست به‌دیهاتنی جڤاتێکه که له‌ودا نه ئه‌رک و به‌رپرسراوی هه‌یه، نه ژان و ئازارێک، نه وشیاری و مافی هه‌ڵبژاردن. وه‌ها جڤاتێک سه‌رئه‌نجام به کوشتنی باوک و ده‌سه‌ڵاتی حه‌زی ئاگرین کۆتایی دێت (سه‌مه‌ردیاکۆف به قسه‌ی ئیڤان سه‌رئه‌نجام باوکی خۆی ده‌کوژێ). ئاخر ئه‌گه‌ر رێبه‌رانی شۆڕش رۆشنبیرانێکی وه‌کوو ئیڤانن، به‌ڕێوه‌به‌رانی چه‌ند کۆیله‌یه‌کی بێ ناوونیشانی وه‌کوو دیاکۆفن، دیاکۆف هێمای حه‌زی ئاگرینی مرۆڤه.
به‌ڵام دیالکتیکی مه‌نفی داستایڤسکی له‌مه‌ش واوه‌تر ده‌چێ. ئه‌گه‌ر لوتکه‌ی سه‌رکێشی له کۆتایی دا به حکومه‌تی ئه‌قڵی ئۆقلیدۆسی و ده‌سه‌ڵاتی پشکێنه‌ری مه‌زن ده‌گات، ستاڤرۆگین قاره‌مانی رۆمانی ئه‌هریمه‌نان، بریتییه له قۆناغی ره‌تکردنه‌وه‌ی کۆتایی یان سه‌نتێز. به وته‌ی "توماس مان" ستاڤرۆگین "سامناکترین و سه‌رنجڕاکێشترین سیمای ئه‌ده‌بیاتی جیهانه." هه‌موو قاره‌مانانی تری رۆمانی ئه‌هریمه‌نان، وه‌کوو مانگ به ده‌وری ئه‌م هه‌تاوه نادیاره‌دا ده‌سوڕێنه‌وه، هه‌موویان به‌شێوه‌یه‌ک هێما و نیشانه‌ی وه‌ها ئه‌کته‌رێکی سه‌یرن. هه‌ر له "شاتۆف"ی راستگۆ تا "ڤۆرخۆنسکی" په‌ست و توندڕه‌و[1]، هه‌ر له "کیریلیۆف"ی شێت و بێ تاوان که ده‌یه‌وێ خۆی بکوژێ تا بیسه‌لمێنی که خودا بوونی نییه، هه‌موویان هێما و نیشانه‌ی ستاڤرۆگینن؛ خودی ستاڤرۆگینیش ئه‌کته‌رێکی ئاڵۆز و پرۆبلماتیکه که هه‌موو ئه‌م قۆناغانه‌ی تێپه‌ڕاندووه و ئیتر بڕوای به هیچ، ته‌نانه‌ت به بێ بڕواییش نه‌ماوه، ستاڤرۆگین به‌جۆرێک له هه‌ر جۆره بیر و مه‌کته‌ب و مه‌رامێک دابڕاوه که ده‌ڵێی مرۆڤ نییه، تارماییه.
کیریلیۆڤ له‌مه‌ر ستاڤرۆگین دبێژێ: "ئه‌و ئه‌سیری بیرێکی حه‌زاوی بوو: هه‌ر کات بڕوای هه‌بوو، بڕوای به بڕواکه‌ی نه‌بوو، هه‌ر کات بڕوای نه‌بوو، بڕوای به بێ بڕوایی خۆی نه‌بوو." نهێلیزم له‌گه‌ڵ ستاڤرۆگین به دوا قۆناغی ده‌سه‌ڵاتی خۆی ده‌گات، به‌جۆرێک که نه بڕوا ده‌مێنێ، نه بێ بڕوایی، یانی هه‌ر دوو له گێژه‌نی گومان دا قه‌تیس ده‌بن و سه‌رئه‌نجام ئه‌م ناکۆکییه به حاشا له حاشا (ره‌تکردنه‌وه‌ی ره‌تکردنه‌وه) ده‌گات. ئه‌مه هه‌ر ئه‌و شته‌یه که ده‌کرێ به ئه‌بسۆرد/ پووچی پێناسه‌ی بکه‌ین. ئه‌و سه‌رکێشییه که به راسکۆلنیکۆف ده‌ستی پێ‌کرد، به‌شێنه‌یی په‌ره ده‌ستێنێ و سه‌رئه‌نجام خودا و پاشان دنیا ره‌ت ده‌کاته‌وه و به ده‌سه‌ڵاتی ئه‌قڵی ئۆقلیدۆسی ده‌گات، ئه‌وجار هانگاوێک ئه‌ولاتر ده‌ڕوات و ره‌تکردنه‌وه‌ش ره‌ت ده‌کاته‌وه و هه‌موو شتێک له گێژه‌نی گومان و پووچی دا قه‌تیس ده‌کات. ئه‌گه‌ر پشکێنه‌ری مه‌زن ته‌شقی سه‌رکێشی و حکومه‌تی ئه‌قڵی ئۆقلیدۆسی بێت، ستاڤرۆگین قۆناغێکه که له سه‌رکێشی واوه‌تر ده‌چێت، ئاخر ئیتر شتێک نه‌ماوه که ره‌ت بکرێته‌وه و لێره‌دا دیالکتیکی مه‌نفی له‌خۆڕا هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه. به‌مجۆره ده‌توانین بێژین که داستایڤسکی نه هه‌ر ئاینده‌ی روسیای پێشبینی کرد، به‌ڵکوو دواین ئاکامی دیالکتیکی مه‌نفیشی ده‌رخست...
سه‌رچاوه: آسیا در برابر غرب، داریوش شایگان، نشر امیر کبیر، تهران 1388، ص‌ص 30- 39.
هیچ نظری موجود نیست:
ارسال یک نظر