گفتوگۆ له‌گه‌ل
مه‌حمود ده‌وڵه‌ت ئابادی
هادی محه‌مه‌دی
سه‌ره‌تا: بێگومان زۆربه‌ی روناكبیرانی كوردستانی
رۆژهه‌ڵات رۆمانی "كلیدر" به‌رهه‌می نووسه‌ری گه‌وره‌ی ئێرانی "محمود
دولت ابادی" یان خوێندۆته‌وه، نووسه‌ر له‌م به‌رهه‌مه‌یدا به‌وپه‌ڕی پسپۆڕی و
لێزانیه‌وه تیپۆلۆژی هه‌موو جۆریك له مرۆڤه‌كان له‌رووی ده‌روونناسی و كۆمه‌ڵناسییه‌وه
ئه‌نه‌خشێنێ؛ كلیدر هه‌موو جۆره تیپێكی سایكۆلۆژیك و سۆسیۆلۆژیكی تێدایه:
"گوڵ محه‌مه‌د" سه‌مبوڵی رێبه‌رێكی جه‌ماوه‌ری و كاریزماتیكه، "سه‌تار
پینه‌چی" هێمای شوڕشگێڕێكی پڕۆفیشناڵه، "خان عه‌مو" كه‌سێكی رنده،"قوربان
قووچ" كه‌سێكی خاراو و سارد و گه‌رم چێشتووه، هه‌روه‌ها هێمای سۆز و ئه‌مه‌گناسییه،
"قه‌دیر" و "نادعه‌لی" نموونه‌ی دوو كه‌سێتی ناده‌ربه‌ست و
هه‌رچی و په‌رچین؛ "شه‌یدا" كه‌سێكی به‌ره‌ڵا و بێ‌ئه‌خلاق و شواڵ په‌ڵیته،
"بلقه‌یس" شێره ژنێكی خاراو و به‌ئه‌زموونه، "ماراڵ" شۆڕه
ژنێكی شۆخ و دڵته‌ڕه، "باب قولی" كه‌سێكی فێڵباز، به‌رژه‌وه‌ندخواز،
شه‌ریكی دز و ره‌فیقی قافڵه‌یه، "عه‌باسجان" كه‌سێكی ئێجگار بێ‌شه‌خسییه‌ت،
خوێنتاڵ، نه‌فره‌ت لێكراو، جاسووس و سیخوڕه.
له ناسكترین دۆخ (له زه‌ماوه‌ندی ئه‌سلان
بوندار)دا، كاتێ دوو گرووپ، دوو سوپای روناكی و تاریكی تێكه‌ڵ ئه‌بن و له مامه‌ڵه
و دانوستان دان، ئه‌گه‌ری هه‌رجۆره بۆسه و خه‌یانه‌تێك له ئارادایه، له‌م دۆخه‌دا
كاتێ كه "قوربان قووچ" نگابانه و كێشك ده‌دات، متمانه سه‌قامگیره و
دڵنیایی له‌نگه‌ر ئه‌خات. به‌ڵام هه‌ر كه عه‌باسجان سه‌رهه‌ڵده‌دات، دڵنیایی ده‌ڕه‌وێت
و دڵه‌ڕاوكه و دڵپیسی سێبه‌ری قوورسی داده‌خات.
پێویسته ئاماژه به‌وه‌ش بكه‌ین كه رۆمانی
كلیدر به‌ستێنی به‌سه‌رهات و گێڕانه‌وه‌ی شۆڕشی واقعی ساڵه‌كانی 1327-1330یه كه
له كوێستانه‌كانی خۆراسان رووئه‌دات و به شكستێكی تراژیك كۆتایی دێت.
خاڵی جێگای سه‌رنج ئه‌وه‌یه كه ئه‌م رۆمانه
ته‌نیا تایبه‌ت به كو‌لتورێك و نه‌ته‌وه‌یه‌ك نییه، به‌ڵكوو له‌ودا زۆربه‌ی نه‌ته‌وه‌كانی
ئێران ده‌وری گرنگ و بنه‌ڕه‌تی ئه‌گێڕن. جگه له‌وه‌ی كه قاره‌مانانی سه‌ره‌كی رۆمانه‌كه
(بنه‌ماڵه‌ی گوڵ محه‌مه‌د) كوردن، سه‌تار پینه‌چی توركێكی ئازه‌ربایجانیه و
قوربان قووچیش یه‌كێ له به‌لوچه‌كانی سیستانه، و ...
ئه‌م رۆمانه له چه‌ندین دۆخی تیپیك و كه‌سێتی
تیپیك پێكهاتووه و نووسه‌ر توانیویه سه‌ره‌ڕای شه‌ڕ و كێشه و ململانێی توخمه
جیاواز، دژواز و ناكۆكه‌كان، پێكهاته‌یه‌كی ئێجگار تۆكمه و گونجاو بخولقێنێ. كه
ته‌نیا به پێوه‌ری جوانیناسی كلاسیكی ئاڵمانی به‌وردی پێناسه ده‌كرێت. كلێده‌ر
هه‌م به‌پێی پێناسه‌ی لوكاچ، كه رۆمان به پیشانده‌ری دۆخی تیپیك و به‌سه‌رهاتی
كه‌سایه‌تی خاوه‌ن كێشه (پرۆبلماتیك) ده‌زانێ، رۆمانێكی مۆدێرن و مێژووییه و،
هه‌م به‌پێی پێناسه‌ی باختین، كه رۆمان به ده‌قێكی فره‌ده‌نگی كه‌ڕنه‌ڤاڵی ده‌زانێ،
رۆمانێكی مۆدێرن و سه‌ركه‌وتووه.
به مه‌به‌ستی دیالۆگ و ئاشنایی زیاتر له‌گه‌ل
نووسه‌ری كلیده‌ر، م. ده‌وڵه‌ت ئابادی، به‌هاری ساڵی 1380 له تاران گفتوگۆیه‌كمان
له‌گه‌ڵی پێكهێنا.
* * *
پرسیار:
لوسیه‌ن گوڵدمه‌ن ده‌نووسێ: "هه‌ر به‌وجۆره‌ی كه بۆ بنه‌مایه‌كی زانستی هه‌بوونی
هه‌قیقه‌ت پێویسته، بۆ به‌رهه‌مێكی هونه‌ری ئه‌ده‌بیش بوونی راستیه‌كان پێویسته"،
ئه‌م وته‌یه‌تان چه‌نده قه‌بووڵه؟
-
پێم وایه ئه‌مه وته‌یه‌كی زۆر به‌نرخ و وردبینانه و جێگای بڕوایه، چونكه هیچ
به‌رهه‌مێكی هونه‌ری نیه، كه بنه‌مای واقعی نه‌بێت، ته‌نانه‌ت خولیایی ترین به‌رهه‌مه‌كانیش
به چه‌شنێك پێوه‌ندیان له‌گه‌ڵا راستیه‌كان هه‌یه، جا لێره‌دا ئه‌م راستیانه ره‌نگه
به‌رهه‌ست و فیزیكی بن، یان ره‌نگه ده‌رهه‌ست و فانتزی بن. كه‌وابوو ئه‌م وته‌یه
زۆر راست و وردبینانه‌یه، جگه له‌مه‌ش من بڕوام به فاكتی یاده‌وه‌ری له"ژێن/gene"دا هه‌یه كه به‌ڕواڵه‌ت ناسه‌لمێندرێ،
به‌ڵام من بڕوام پێ هه‌یه.
پرسیار:
له كۆمه‌ڵگه‌ی بورژوازی له‌نێوان هونه‌رمه‌ند و خه‌ڵكدا گه‌لێ له‌مپه‌ر و نێوه‌نجی
پێكهاتووه، وه‌ك سه‌رمایه و شتی تر... به‌جۆرێك كه ج. لوكاچ هونه‌رمه‌ند به
كه‌سێكی ئیزوله و خاوه‌ن كێشه(پڕۆبلماتیك) ده‌زانێ، چونكه له‌ئاست كۆمه‌ڵگه‌ی
بورژوازی ئه‌وه‌نده هه‌ست به نامۆیی ده‌كات كه له هیچ برگه‌یه‌كی مێژوودا ئاوا
دیارده‌یه‌ك نابینین، به‌ڕای ئێوه له وه‌ها دوخێكدا هونه‌رمه‌ندان ده‌بێ چ بكه‌ن؟
-
زۆر راسته، له كۆمه‌ڵگه‌ی بورژوایی دا نووسه‌ران و هونه‌رمه‌ندان تووشی دابڕانیكی
مه‌رگاوی ده‌كرێن، به‌ڵام پێویسته ئه‌مه‌ش بڵێین كه كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه هێشتا سیستمی
بورژوازی ئه‌زموون نه‌كردووه، كێشه‌ی نووسه‌ران و هونه‌رمه‌ندانی وڵاتی ئێمه له
چه‌شنێكی تره، له چه‌شنی رژیمێكی سیستماتیكی بورژوازی نیه، كه‌وابوو ئه‌و شته‌ی
لوكاچ دبێژێ به‌جۆرێكی تر نووسه‌ران و رۆشنبیرانی وڵاتانی جیهانی سێهه‌م ده‌گرێته‌وه،
كه به‌داخه‌وه به‌وردی تۆژینه‌وه‌ی له‌سه‌ر نه‌كراوه، هۆكاره‌كه‌شی روون و
ئاشكرایه، چونكه له كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه هێشتا بیرمه‌ندانێك وه‌ك لوكاچ هه‌ڵنه‌كه‌وتوون.
پرسیار:
بیرمه‌ندانی قوتابخانه‌ی بوداپێست و هه‌ر وه‌ها ل. گوڵدمه‌ن پێیان وایه كه كاری
گه‌وره‌ی مێژوویی – كۆمه‌ڵایه‌تی و شاكاری به‌رزی هونه‌ری - كولتوری به‌رهه‌می كردیار(سوژه)ی
كۆیی یه، گوڵدمه‌ن له تۆژینه‌وه‌یه‌ك له‌مه‌ڕ به‌رهه‌مه‌كانی پاسكال و راسین دروستی
ئه‌م وته‌یه‌ی سه‌لماندوه، ئایا ده‌كرێ بڵێین فاعلێكی كۆیی كلیدری خولقاندوه، یان
به‌رهه‌می مه‌حمودی ده‌وڵه‌ت ئابادی یه؟
-
به رای من نه ته‌نیا كۆمه‌ڵگه‌ی حازری ئێستا، به‌ڵكوو كۆمه‌ڵێكی مێژوویی له ناخی
نووسه‌ردا كۆده‌بێته‌وه، كه‌وابوو نووسه‌ر ده‌بێته كه‌ژاوه‌ی ئه‌م یاده‌وه‌رییه
كۆییه له جڤاتی رابردو‌و و ئێستاوه بۆ جڤاتی سبه‌ینێ و داهاتوو. ئه‌مه‌ش وته‌یه‌كی
گونجاوه، به‌ڵام من ئه‌م پرسه له‌مه‌ش قووڵتر ده‌بینم، من پێم وایه هه‌ر به‌رهه‌مێكی
هونه‌ری، ته‌نیا به‌رهه‌می كۆمه‌ڵگه‌ی حازری ئێستا نیه، به‌ڵكوو به‌رهه‌می ئه‌م كۆمه‌ڵگه
و جڤاتانی پێشووی مێژووی له‌مێژینه و له‌راستیدا ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ یاده‌وه‌ری
كۆیی كه من بڕوام پێ هه‌یه. به‌ڵام له‌مه‌ڕ ئه‌زمونی خۆم كه ئاماژه‌تان پێكرد،
ده‌بێ بڵێم: ئه‌م به‌رهه‌مه من خولقاندوومه، به‌ڵام من جیاواز له كۆمه‌ڵگه و
جیاواز له مێژوو و بارودۆخ نه‌بووم، ئه‌ركه‌كه‌ی له‌سه‌ر شانی من بووه و... سه‌رئه‌نجام
ده‌بێ ئه‌وه‌ش زیاد بكه‌م كه من بڕوام به یاده‌وه‌ری له"ژێن"دا هه‌یه
و له درێژه‌ی كاره‌كانم دا به‌م ئاكامه گه‌یشتووم.
پرسیار:
یه‌كێ له سه‌ره‌كیترین قه‌یرانه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی نێوه‌راست كێشه‌ی باوك سالاریه
له ده‌سه‌لاتدا، له كۆمه‌ڵگه، له بنه‌ماڵه و له حیزبه‌كاندا، له فه‌رهه‌نگی
رۆژئاوادا كوڕ باوك ده‌كوژێ، له‌وانه ده‌كرێ ئودیپ و برایانی كارامازۆڤ ناوببه‌ین،
به‌ڵام له فه‌رهه‌نگی رۆژهه‌ڵات دا باوك كوڕ ده‌كوژێ، بۆ نموونه له شانامه‌دا
سوهراب به ده‌ستی رۆسته‌م ده‌كوژرێ، ئه‌م فه‌رهه‌نگه هه‌تا ئه‌مرۆش هه‌روا درێژه‌ی
هه‌یه: له رۆمانی كلیدردا عه‌باسجان كه ده‌یه‌وێ باوكی خۆی (كه‌ربه‌لایی
خوداداد) بكوژێ ئه‌وه‌نده وه‌دره‌نگی ده‌خا تا باوكی بۆ خۆیی ده‌مرێ، یان له رۆمانی
حه‌سار و سه‌گه‌كانی باوكم دا (به‌رهه‌می شێرزاد حه‌سه‌ن نووسه‌ری ناسراوی كورد) كاتێ
كوڕ باوكی ده‌كوژێ، خه‌ڵكی حه‌سار تووشی وه‌ها بشێوه و په‌رێشانیه‌ك ده‌بن كه
خوزگه به سه‌رده‌می باوك ده‌خوازن. ئایا ده‌كرێ له‌ئاست ئه‌م فاكتانه گه‌شبین
بین و ئه‌مه به سه‌ره‌تای مه‌رگی باوك و پرۆسه‌ی رۆشتن به‌ره‌و دێموكراسی و
پلۆرالیزم بزانین؟
-
به‌ڵێ ئه‌مه‌ش بۆچوونێكه، به‌ڵام پێكهاته‌ی باوكسالاری له كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌دا ئێجگار
كۆن و له‌مێژینه... بۆ خۆم پێم خۆشه ئه‌گه‌ر بكرێ له وڵاتی ئێمه ئه‌م كێشه
مێژوییه ئاشتیانه چاره‌سه‌ر بكرێ، هه‌ر وه‌ك گوتتان له شانامه‌دا باوك كوڕ ده‌كوژێ،
یان له"برایانی كارامازۆڤ"دا كوڕ، یان باشتر بڵێم كوڕی ناشیاو، باوك ده‌كوژێ،
ئه‌گه‌ر بمانه‌وێ به دیدی سه‌مبۆلیك سه‌یری ئه‌م قه‌یرانه بكه‌ین، زۆر ره‌هه‌ندی
تریش ده‌گرێته‌وه، به‌ڵام من پێم خۆشه كێشه‌ی باوكسالاری له وه‌ڵاتی ئێمه به
خۆشی و ئاشتی و به عه‌قڵا و لۆژیك چاره‌سه‌ر بكرێ و گه‌شه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی جێگای
شیاوی باوك دیاری بكا و كوڕیش جێگای تایبه‌ت و شیاوی خۆی هه‌بێت، به بێ ئه‌وه
كه له‌سه‌ر یه‌كتر زه‌خت و زۆری زاڵمانه‌یان هه‌بێت. هه‌ر وه‌ك ده‌زانین سه‌رئه‌نجام
ئه‌مپراتۆری ساسانی به كوژرانی باوك لێكهه‌ڵوه‌شا. یانی كوڕی ناشی و باوكی زاڵم
بوون به هۆی لێكترازانی وڵاتی ئێران. به‌هه‌ر حاڵ هه‌ر دوو لایه‌نی كێشه‌كه، یانی
هه‌م چاره‌سه‌ری رۆژهه‌ڵاتی و هه‌م شێوازی رۆژاوایی هه‌ر دوویان جۆرێك له بێ‌ره‌حمی
و دڵڕه‌قییان تێدایه. رۆشنه ئه‌گه‌ر به دیدی مێژوویی سه‌یری ئه‌م فاكتانه بكه‌ین
یانی كوڕ به نوێنه‌ری به‌ره‌ی نوێ و، باوك به نوێنه‌ری به‌ره‌ی كۆن بزانین، هیچ
جۆره ئاشتی و مێره‌بانیه‌ك چاوه‌ڕوان ناكرێ. به‌ڵام بۆوه‌ی من مرۆڤێكی دڵناسكم
له رۆمانی كلیدردا عه‌باس جان ناتوانێ باوكی بكوژێ ــ پێم خۆشه هیچ كه‌س نه‌بێته
له‌مپه‌ری گه‌شه و پشكووتنی كه‌سێكی تر، باوك پیش به كوڕ نه‌گرێ و خۆشی به‌ته‌واوی
ره‌ت نه‌كرێته‌وه.
پرسیار:
له رۆمانی كلیدردا، له‌لایه‌كه‌وه "گوڵا محه‌مه‌د"مان هه‌یه كه ناكرێ
به‌ته‌واوی به كه‌سێكی كاریزماتیكی بزانین، به‌ڵام به‌ستێنی كۆمه‌ڵگه‌ی قاره‌مان
په‌رستی ئێمه گوڵا محه‌مه‌دی ساویلكه و عه‌شایه‌ر ده‌كاته قاره‌مان و چاوه‌ڕوانی
مۆعجزه‌ی لێده‌كا و ده‌یه‌وێ رزگاری بكات، ساویلكه‌یی و سازشكاری گوڵا محه‌مه‌د
له‌ئاست خان و ئاغا‌كان هێند به‌رینه كه "سه‌تار"ی ژیر و وردبین جگه‌رخوێن
ده‌كات، به‌ڵام ته‌نانه‌ت ئه‌م رۆشنبیره چه‌په‌ش وه‌دوای گوڵا محه‌مه‌د ده‌كه‌وێ
و له‌گه‌ڵا ئه‌و ده‌كوژرێ، ئه‌م دیارده‌یه سه‌ره‌تایی شۆڕشی ساڵی 57 سه‌رله‌نوێ
دووپات ده‌بێته‌وه، ئێوه ئه‌م دیارده كولتوری و كۆمه‌ڵایه‌تیه چۆن راڤه‌ده‌كه‌ن؟
-
هه‌ر به‌وجۆره‌ی كه له كلیدردا هاتووه و له جێگایه‌ك به‌رۆشنی ئاماژه‌ی پێكراوه:
له‌مه‌ڕ پێوه‌ندی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵك له‌گه‌ڵا "شه‌مه‌ل". خه‌ڵك له ترس و
سام دا قاره‌مان و په‌رسگه سازده‌كه‌ن، یانی له ترسان كه‌سه‌كان ستایش ده‌كه‌ن،
ئه‌مه كێشه‌یه‌كی زۆر ئاڵوزه و چاره‌سه‌ر بوونی پێویستی به زه‌مه‌نێكی درێژ هه‌یه،
له‌راستیدا كۆمه‌ڵانی خه‌ڵك زۆر جار واهه‌ست ده‌كه‌ن كه ده‌بێ كه‌سێك بۆ خۆ هه‌ڵبژێرن،
بیكه‌ن به قاره‌مان و بیپه‌رستن، بێگومان ئه‌م كێشه‌یه له درێژه‌ی پرۆسه‌یه‌ك
دا چاره‌سه‌ر ده‌بێ و پێویستی به گه‌شه و پشكووتنی فه‌رهه‌نگی و سیاسی كۆمه‌ڵگه
هه‌یه، یانی ده‌بێ هه‌ر كه‌سێك له جێگه‌ی تایبه‌تی خۆی جێگیر بكرێت، تێكرای ئه‌م
پرسانه‌ش بناغه‌یان له كار و به‌رهه‌مهێنان دایه، كه به‌داخه‌وه ئاستی تكنۆلۆژی
و پیشه‌سازی له وه‌ڵاتی ئێمه زۆر دواكه‌وتووه، مرۆڤ تا كار نه‌كاو له هه‌رێمی
دڵخوازی خۆیدا تێنه‌كۆشی و وزه و توانای ده‌رونی خۆی نه‌دۆزێته‌وه و به كۆمه‌ڵگه‌ی
نه‌ناسێنێ و كۆمه‌ڵگه‌ش بایه‌خی كاره‌كانی ئه‌و نه‌زانێ، ئه‌م پرۆسه‌یه چاره‌سه‌ر
نابێ. ئه‌مه ره‌وتێكی دوولایه‌نه‌یه و بناغه‌ی له به‌رهه‌مهێنانی كۆمه‌ڵایه‌تی
دایه، یانی تا بواری ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی چاره‌سه‌ر نه‌كرێ ئه‌م قه‌یرانه
چاره‌سه‌ر نابێ.
پرسیار:
كه‌سانێك وه‌ك ره‌زا به‌راهه‌نی و گوڵشیری پێیان وایه له نووسینی كلیدردا زێده‌بێژی
كراوه و چه‌ند به‌رگێكی زیادییه، رای خۆتان چیه؟
-
من ئه‌م روانگه‌یه‌م قه‌بوڵا نیه، پێویسته ره‌خنه‌گران سه‌رنج به‌م خاڵه بده‌ن،
یانی پێوه‌ری نرخاندنی هه‌ر به‌رهه‌مێكی هونه‌ری له‌و به‌رهه‌مه‌دا بدۆزنه‌وه و
له خودی به‌رهه‌مه‌كه‌دا بۆی بگه‌ڕێن، ئه‌گه‌ر بێجگه له‌مه بێت، ره‌خنه‌گر تووشی
هه‌ڵه و چه‌واشه ده‌بێ. دیسان پێداگری ده‌كه‌م كه ره‌خنه‌گر ده‌بێ به‌رهه‌م
به وردی و به ته‌واوی بخوێنێته‌وه و ئه‌مه‌ش كارێكی دژواره، چونكه هه‌ندێ
كه‌س توانای خوێندنه‌وه و تێگه‌یشتنی هه‌ندێ به‌رهه‌میان نیه و گه‌شانه‌وه و
پرشنگی به‌رهه‌مێك كوێریان ده‌كات.
پرسیار:
پێتان خۆشه كام به‌رهه‌متان بكرێته كوردی؟
هه‌ر
كامیان وه‌رگیڕ هه‌ڵیبژێری و به باشی وه‌ریگێڕێ بۆ من جێگه‌ی شانازییه، به‌ڵام
كلیدر و "جێگه‌ی بۆشی سلوچ"م پێ باشتره.
5/3/1380
تاران،
زانكۆی خواجه نه‌سیر.
هیچ نظری موجود نیست:
ارسال یک نظر