رد شدن به محتوای اصلی

گفتوگۆ له‌گه‌ڵ دوکتۆر سه‌عید شه‌مس


بزاڤی ناسیۆناڵیزم و ده‌وڵه‌ت- نه‌ته‌وه‌
پێکهێنانی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی کوردستان له‌نێوان خه‌ون و راستی دا
گفتوگۆ له‌گه‌ڵ دوکتۆر سه‌عید شه‌مس

ئا: هادی محه‌مه‌دی


بیوگرافی د. سه‌عید شه‌مس
د. سەعید شەمس لە ناوچه‌ی ئەختاچی لە مەڵبه‌ندی موکریانی ‏‏رۆژهەڵاتی کوردستان لەدایکبووە، خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی ‏‏و دواناوەندی لە ئێران تەواو کردووە، دواتر بە هۆی چالاکی ‏‏سیاسی نەیتوانیوە بەردەام بێ لە خوێندن لە زانکۆ، بەڵام دواى تەواوکردنی خزمەتی ‏‏زۆرەملێی سەربازی، پەیمانگەی زمانی ئینگلیسی تەواو کردووە. ‏‏ لە پرۆسەی شۆڕشی گەلانی ئێراندا بەشداری ‏‏کردووە، پاش شۆرش بۆ ماوەیی سالێک مامۆستا بووە و هاوکات شانی داوەتە ژێر باری کاروباری ‏‏سیاسی، لە کۆتایی هەشتاکان سەدەی ڕابردوودا بە ناچاری ئێرانی بەجێهێشتووە و لە ‏‏سەرەتای نەوەدەکانەوە لە لەندەن نیشتەجێ‌ بووە. لە ساڵی ١٩٩٤ لە زانکۆی ‏‏لەندەن دورەی کۆمەڵناسی تەواو کردوە و بروانامەی باکۆلێری لە 'کۆمەڵەناسی و خوێندەنەوەیکی ئورۆپایی' وەرگرتووە و تا ساڵی ٢٠٠٣ وەک کارناسی ئەرشەد و لێکۆڵێنەر لە بواری کۆمەڵناسی و هەروەا وەک بەرێوەبەر لە بواری په‌نابەران دا کاری کردووە. لە ساڵی ٢٠٠٣ وەک خوێندکاری لێکۆڵەر بۆ دەورەی دوکتورا لە کۆلیژی سەڵتەنەتی هالی وەی ‏Royal Hollway، زانکۆی لەندەن وەرگیراوە و لە ساڵی ٢٠٠٦ ‏‏بروانامەی دۆکتوراکەی لە کۆمەڵناسی مێژوویی ‏‏لە کۆلێژی ڕۆیاڵ هالی وی وەرگرتووە. تێزی دوکتراکەی وەک کتێب لە ژێر ناوی "ئیسلامی سیاسی، ناسیۆنالیزم و کێشەی کورد لە کۆتایی سەدی بیستم لە ئێران دا'  بە زمانی ئینگلیسی لە ساڵی ٢٠١٠ چاپ کراوە. لە سالانی ٢٠١٠-٢٠٠٨ سەرۆکی بەشی لێکۆڵینەوەی کۆمپانی سێنسیا لە بریتانیا  بووە. لە  بۆ ماوەی ساڵیێک (٢٠١١-٢٠١٠) وەک بەرێوەبەری ناوەندی گەشەپێدانی بەردەوامی پڕۆفێشێناڵ و ماموستای کۆمەڵناسی لە زانکۆی کوردستان-هەولێر ‏کاری کردووە و ئێستاش وەک پ.ی. و سەرۆکی بەشی کۆمەڵناسی لە زانکۆی سۆران کار دەکات.

پ: شارهزایان و تیوریسازانی ناسیۆناڵێزم لهوانهئێرنست گێڵنه‌ر و بنێدیکت ئهندرسۆن پێیان وایهکه‌ تا لهوڵاتێک دۆخی سهنعهتی و مناسباتی سهرمایهداری گهشهی نهکردبێت، دهرفهت بۆ ناسیۆناڵیزم و پێکهاتنی دهوڵهتی نه‌ته‌ڤی ناڕهخسێت، ئێوهئهم پرسهچۆن ئهبینن، ئایا بهلهبهرچاو گرتنی ئهم دیدگایهلهکوردستان دهرفهتی پێکهێنانی دهوڵهتی سهربهخۆ رهخساوه؟
و: من پێم وایە خۆمان تووشی گرفتێکی جیددی دەکەین ئەگەر تەوەرە هاوبەشه‌کانی تێروانینی گێڵنەر و ئەندرسۆن ئاوا کورت و سادە بکەینەوە. بێگومان لێرەدا دەرفەتی ئەوە نییە کە باسی تیۆری ناسیۆناڵیزم و لایەنه‌ هاوبەش و دژوازه‌کانی بۆچوونی گێڵنەر و ئەندرسٶن بکەین. بەڵام مادام که‌ پرسیارەکە ئاوا دەستی پێکرد، پێم خۆشە لە سەرتادا، هەر چەند زۆر بە کورتیش بێ، سه‌رنجتان بۆ ئەو چەند خاڵە رابکێشـم: یەکەم، دۆخی پێشەسازی و پەیوندییەکانی سەرمایەداری دەکرێ هاوکات و هاوجووت نەبن و لەباری مێژووییەوە لە زۆربەی وڵاتانی جیهاندا هەروا بووە. دووهەم، گرینگی کاری ئەندرسۆن ئەوەیە کە باس لە سەرمایەداری چاپ دەکات، نەک سەرمایەداری بەگشتی؛ سێهەم، پێگەی گێڵنەر لە باس و تیۆری ناسیۆناڵیزمدا کە پێویستە سرنجی بدرێتێ، یانی هەڵویستی ئه‌و‌ هەم وەک فلیسووف و، هەم وەک پسپۆرێکی بواری کۆمەڵایەتی سەبارت بە ناسیۆناڵیزم‌ زۆر گرنگه‌ و زۆر جێاوازه‌ لە  سەرجەم بیرمەندانی رۆژئاوایی؛ هه‌ر لە دوایی شەری جیهانی دووەم تا دەیەی هەشتای سەدەی ڕابردوو. ره‌نگه‌ به‌ ئاسانی بتوانین کەمته‌رخەمی دنیای ئاکادمی سەبارت بە باسی ناسیۆناڵیزم لە دوایی ساڵی 1945 لە لایەن زۆربەی بیرمەندان و زانستڤانانی بوارەکانی کۆمەڵایەتیه‌وه‌ دەست نیشان بکه‌ین. [له‌ روانگه‌ی ئه‌واندا] ناسیۆناڵیزم وەک هۆکاری سەرەکی سەرهەڵدانی فاشیسزم و دووهه‌م شەری وێرانگەری جیهانی پێناسە دەکرا، هەر بۆیەش، بۆ وێنە کاتێ زلهێزەکانی جیهانی دوای شەر، دوو وڵاتی ئاڵمان و کۆریایان دابەش کرد، کەس باسی مافی دیاریکردنی چارەنووسی سیاسی ئەو دوو نەتەوەیه‌ی نەکرد و لە دنیای ئاکادمیش دا باسی ناسیۆناڵیزم بەتەواوی پشتگوێ خرا؛ ئەگه‌ریش کەسانێکی کەم لێرە و لەوێ باسی ناسیۆناڵیزمیان دەکرد زۆرتر لە باری مێژووییەوە دەیانهێنا بەرباس، یان ئه‌گەر ئاماژەیەک بە پڕینسیپی مافی دیاریکردنی چارەنوووسی سیاسی ده‌کرا، زیاتر مەبەست دەوڵەتانی سەقامگیر بوو یان ئەو وەڵاتانە بوون کە لە پاش پرۆسەی هەڵوەشانەوەی کلۆنیالیزم بەرەو دەوڵەت بوون دەچوون. گێڵنەر بەراستی لەو سەردمەدا نموونەیەکی دەگمەن و بێ هاوتایە و هەر لە سەرەتای دەیەی شەستەوە هەوڵ ئەدا که‌ باسی ناسیۆناڵیزم بێنێتە نێو تیۆری کۆمەڵایەتی (فەلسەفە، کۆمەڵناسی، مرۆڤناسی و سیاسەت)ـه‌وه‌.
گێڵنەر له‌ یەکەم وتاری دا، لە ساڵی 1963 بە وردی باسی ناسیۆناڵیزمی کرد و هەروەها لە کتێبی 'بیر و گۆران' (Thought and Change) دا کە ساڵی 1964 چاپ کرا، زۆر بە راشکاوی دەڵێت هەم مارکسیزم و هەم لیبڕالیزمیش پێناسەیەکی هەڵەیان لە ناسیۆناڵیزم کردووە و، خۆی تێڕوانینێکی زۆر جیاواز و نۆێ پێشکەش ده‌کات.  بەڵام به‌درێژه‌ی ساڵانێکی زۆر تێزی سەرەکی گێڵنەر که‌ لەو کتێبەدا باسکرابوو، لە لایەن بیرمەندانی کۆمەڵایەتییه‌وه‌ بایەخێکی ئەوتۆی پێ نەدرا و، تا ساڵانی کۆتایی هەفتای سەدەی ڕابردوو بۆچوونەکانی ئه‌و پشتگوێ خران. بێجگه‌ له‌ دیالۆگ و مشت و مڕێکی فکری لەگەڵ هاوکارێکی به‌ ناوی ئێلی کەدووری  (Elie Kedourie)کە ئه‌ویش بەپێچەوانەی گێڵنەر هەم بۆچوونێکی کۆنسێرڤاتیڤی هەبوو و هەمێش ناسیۆناڵیزمی وەک دیاردەیەکی ناپێویست و مەترسیدار بۆ مرۆڤایەتی پێناسە دەکرد. بەدەر لە کەدووری تا کۆتایی ساڵانی هەفتای سەدەی ڕابردوو کەم کەس خۆیان لە قه‌ره‌ی کارەکانی گێڵنەر دەدا و، کاتێ لە ده‌یه‌ی هەشتاکان دا گۆرانێکی گوتاری سەبارەت بە ناسیۆناڵیزم هاته‌ئاراوه‌، ئه‌وجار ده‌زانین که‌ گێڵنەر ئه‌وه‌ ماوەی 18ساڵە لەو بارەوە شتی جیددی ده‌نووسێ‌ و، لە تیۆری ناسیۆناڵیزم دا قوتابخانەیەکی پێکهێناوه‌.
لە راستییدا، سەرجەم کارەکانی گێڵنه‌ر تا کۆتایی ژیانی بڕیتیە لە 78 تێکست لە سەر ناسیۆناڵیزم کە 5یان کتێبن، وەک: 'بیر و گۆران'؛ 'نەتەوەکان و ناسیۆناڵیزم' (Nations and Nationalism)، 'ناسیۆناڵیزم' (Nationalism)، ئاموور، شمشێر و کتێب'(Plough, Sword and Book)  و، 'بەره‌ڕووبوونەوەکان لەگەڵ ناسیۆناڵیزم' (Encounters with Nationalism)؛ ئێستا هەموو ئه‌م به‌رهه‌مانه‌ وه‌ک تێکستی کلاسیکی بواری ناسیۆناڵیزم حساب ده‌کرێن.
یانی کارەکانی گێڵنەر دەورێکی کاریگەریان گێرا و له‌ گوتاری ناسیۆناڵیزم دا وەرچەرخانێکیان پێکهێنا. بەهۆی گرینگی بۆچوون و زۆر بوونی کارەکانی ئه‌و، زۆر جار خراپ تێگه‌یشتن لە تیۆری گێڵنەردا روو دەدا. راستە کە گێڵنەر هەم باسی پێشەسازی و هەم باسی سیستمی ئابووری مۆدێرن و دەوری ئەوان لە پێکهێنانی بوارێکی گوونجاو بۆ سەرهەڵدانی ناسیۆناڵیزم دەکات، بەڵام ئەوە بۆچوونی ئەو نییە کە تا لە وڵاتێک دۆخی پێشەسازی پێکنەهاتبێ دەرفەت بۆ دەوڵەتی سەربەخۆ ناڕەخسێ. یەکێک لە رستە هەرە گرنگه‌کانی گێڵنەر که‌ لە پێناسه‌کردنی ناسیۆناڵیزم دا جەختی له‌سه‌ر دەکات و تا ئێستاش زۆر باسی لە سەر کراوە، ئەوەیە کە گێڵنەر بە پێچەوانەی زۆربەی مێژووکاران، بیرمەندان و زمانناسان، راشکاوانه‌ لە سەرەتاوە لە کتێبی 'بیڕ و گۆران' دا ئەڵێ: "ناسیۆناڵیزم رەنگدانەوەی راپەڕین و گەیشتنی نەتەوەکان بە وشیاری نییە، بە پێچەوانەوه‌، ناسیۆناڵیزم نەتەوەکان راست لەو شۆێنەدا دروست دەکا کە جارێ بوونیان نییە". یانی وەک خۆتان دەزانن، گێڵنەر بۆ یەکەم جار تێروانینی زاڵ له‌مەڕ ناسیۆناڵیزم کە لە لایەن زۆربەی بیرمەندان و، تەنانەت لە لای بیرمەندانی مۆدێرنیشەوە، باو بوو رەد دەکاتەوە. ئەوە کە گرووپێکی ئێتنیکی دیارکراو پاش گۆرانکاری ئابووری، کۆمەڵایەتی و سیاسی وشیار ده‌بێته‌وه‌ و پرۆسەی بە نەتەوەبوون تێپەردەکا و سەرهەڵدانی ناسیۆناڵیزم ئاکامی ئەو پەرەسەندەنەیە؛ گێڵنەر دەڵێ: بەپێچەوانەوه‌، ئەوە ناسیۆناڵیزمە کە نەتەوە دروست دەکات. وەک باسم کرد گێڵنەر بۆ ماوەی نیزیک به‌ بیست ساڵ تێڕوانینی تایبەت بە خۆی هەبوو و ئەو بۆچوونە لەو ماوە دوور و درێژەدا تیۆریزە کراوە و دوایە بۆتە بنەمایەک بۆ گوتاری زاڵ لەمەڕ ناسیۆناڵیزم. خراپ پێناسە کردنی تیۆری گێڵنەر زۆر جار روو دەدا. زۆر کەس گێڵنەر بەوە تاوانبار دەکەن کە هەڵوێستێکی داشکانانە (تقلیل)ی reductionist هەیە سەبارت بە ناسیۆناڵیزم. یان کەسانێک پێیان وایە کە گێڵنەر بۆچوونێکی تێۆلۆژیکی هەیە لەو بارەوە. گێڵنەر خۆی لە به‌رهه‌می 'وه‌ڵامدانه‌وه‌ به‌ ڕخنەگران' دا بەوردی جوابی ئەو تاوانانەی داوەتەوە.
دەکرێ بۆچوونی گێڵنەر ئاوا کورت بکەینەوە کە کۆمەڵگه‌ و سیستمی ئابووری مۆدێرن پێویستی بە پەرەسەندنی بەردەوام و گۆران هەیە. بۆ وێنە ئەو سیستمە پێویستی بە دانیشتوانی جێگۆر (متحرک) هەم لە باری کار و پیشەوە و، هەم لە باری جوغرافییاییەوە هه‌یه‌. زۆرینەی خەلک لەو سیستمەدا بۆ هەمێشە لە یەک کار و پیشەدا نامێنەوە و بەپێچەوانەی سیستمی ئابووری پێش-مۆدێرن، زۆرینەی منداڵەکان ئیش و کاری باوکیان وەک میرات بۆ نامێنێتەوە؛ بەلکوو پەروەردەی مۆدێرن و تۆپزەکی (اجباری) دەرفەتی تازەی کار و ژیانیان بۆ دەرەخسێنێ. سیستم و ئابووری مۆدێرن بەپێچەوانه‌ی سیستەمەکانی پێشوو تەنیا لە رێگای ئاستی باڵای خوێندەواری و پەروەردەوه‌ دەتوانێ بەردەوام بێ. دیارەدەیەک کە گێڵنەر ناوی دەنێ 'کولتووری باڵا' high culture و، گرینگتر لەوەش مۆدێرنیتە پێویستی بە کولتووری باڵای هاوسەنگ و یەکدەست هه‌یە. بە واتایەک ئێمە لە سەردەمی مۆدێرن دا پێویستمان بە خەلکانێک هه‌یە کە بێ ئەوەی کە یەکتر بناسن یان په‌نا بۆ پەیوەندی خێزانی، خێڵه‌کی و ناوچەیی ببه‌ن، بتوانن لەگەڵ یەکتر هەڵسوکەوت و ئیش و کار بکەن. بە واتایەکی تر ئێمە پێویستمان بە سیستمێکی نوێباوی ئیداری، یاسایی و سیاسی هه‌یە کە لەو سیستەمەدا خەڵک به‌ ملیۆنان بتوانن لە رێگای کولتووری باڵاوە لەگەڵ یەکتر پەیوەندی بگرن و کار بکەن. کولتووری باڵا دیاردەیه‌ک به‌ ناوی زمانی رەسمی و یەکگرتوو دێنێتە ئاراوە کە ئاکامەکەی کولتوور و زمانی یەکدەست و هاوسەنگە کە زیاتر‌ به‌هۆی دەوڵەتەکانه‌وە پەرەدەسێنێ. بەپێچەوانەی کۆمەڵگاکانی پێش-مۆدێرن کە کولتووری باڵا تەنیا لە مۆنۆپۆلی چینی دەسەڵاتدار ‌دایه‌ و بەشێکی زور کەم له‌ خه‌ڵک دەرفەتی خوێندنیان هەیه‌، دەوڵەتی سەردەمی مۆدێرن پەروەردە دەکاتە گشتی و نە تەنیا دەرفەتی خوێندن بۆ هەموو منداڵێک پێکدێنێ، بەلکوو خوێندن دەکا بە پرسێکی ئیجباری. بەپێچەوانه‌ی کۆمەڵگای پێش-مۆدێرن کە بەسه‌ر دوو کولتووری باڵا [که‌مینه‌ی ده‌سه‌ڵاتدار] و کولتوری خه‌ڵکانی ره‌شۆکی [زۆرینه‌ی خه‌ڵکی نه‌خوێنده‌وار] دابەش کرابوو، کۆمەڵگه‌ی مۆدێرن خوێندەواری (کولتووری باڵا) ئینیڤێرساڵ/گشتی دەکاته‌وه‌. وەک گێڵنەر خۆی دەڵێ: "کولتووری باڵا دەچێتە ناخی کۆمەڵگاوە و پێناسەی دەکا و کولتووری باڵا بۆ ئه‌وه‌ که‌ بەردەوام بێت پێویستی بە سیاسەت هه‌یە. رازی ناسیۆناڵیزمیش هه‌ر لەمه‌ دایه‌."[1]  واتا گێڵنەر لەسەر ئەو باوەرەیە کە ناسیۆناڵیزم لە سەردەمی مۆدێڕن دا جوابی پێویستییه‌ک دەداتەوە و ئەو‌ رەهەندە له‌ تیۆری مارکسیزم و لیبڕالیزم سەبارەت بە ئەو دیاردەیە رەد دەکاتەوە.
به‌ ڕای گێڵنه‌ر ناسیۆناڵیزم لە بنەرەتەدا داکترینێکی سیاسییە و باڵادەست بوونی سیاسەت لە رەوتی پەرسەندنی کولتوور لە سەردەمی مۆدێڕنیتە دایه‌، ئەم بۆچوونە بۆ سەرهەڵدانی نەتەوە گرینگی تایبەت هەیە. بە واتایەکی تر، کاتێ دەڵێ ئەوە ناسیۆناڵیزمە کە نەتەوە دروست دەکا نەک پێچەوانەکەی، لەسەر ئەم خالە پێ دادەگرێت کە ئەوە ناسیۆناڵیزمە لە رێگای سیاسەتەوه‌ بۆ یه‌كه‌م جار له‌ مێژووی‌ کۆمەڵگه‌یەکی تایبەت دا نه‌ته‌وه‌ دروست دەکا و ده‌یکات بە‌ بنه‌مایه‌ك بۆ وێناکردن و سه‌رچاوه‌ی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ سیاسی‌ و سه‌رچاوه‌ی‌ ره‌وایی‌ سیاسی.
وەک خوتان دەزانن لە روانگەی گێڵنەروە ئەو چوارچێوە گشتییە لە چەند قۆناغدا لە ئاستی دونیادا پەرەدەستێنێ و بۆ ئەو مەبەستەش گێڵنه‌ر سەرهەڵدانی ناسیۆناڵیزم لە پانتایی جیهان دا بە چەند زۆن (ناوچە)دا دابەش دەکات. رۆژهەڵاتی ناڤین (ناوەڕاست) لە یەکێک لەو زۆنانەدا جێ دەگرێت. زۆربەی پسپۆرانی رۆژهەڵاتی ناڤین ئێستا پێیان وایە کە بزوتنه‌وه‌ ناسیۆناڵیستییه‌كانی ئەو ناوچەیە (تورک، فارس، عەرب و کورد) تا راده‌یه‌ك هه‌موو به‌یه‌كه‌وه‌ ده‌ستیان پێكردووه. لێرەدا کە ئه‌م باسە هاتە گۆرێ ئێمە دەبێ سنوورێک لەنێوان ناسیۆناڵیزمی‌ گه‌لانی تورك و فارس و عه‌ره‌ب ‌كه‌ پاش کۆتایی شەری یەکەمی جیهانی و داڕمانی ده‌سه‌ڵاتی عوسمانی ویستیان‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ سیاسی خۆیان‌ بپارێزن و دەوڵەت-نەتەوەی خۆیان پێناسه‌ و سەقامگیر بکەن‌، لە ئاست ناسیۆناڵیزمی‌ میله‌تانی وه‌ک كورد و ئه‌رمه‌ن‌ و دواتر به‌لوچ دابنێین. ئەم نەتەوانە له‌ دۆخێكی‌ تایبه‌تیتردا ده‌ژین و جگە لە نەتەوەی ئەرمەن ئەوانیتر بەهۆی زۆر هۆکاری دەرەکی و ناوەکی نەیانتوانی سەرکەوتوو بن و  دەوڵەت-نەتەوەی خۆیان دامەزرێنن.

 پرسیارێکی سەرەکی کە تیۆری ناسیۆناڵیزم و، لە وانه‌ بۆچوونی گێڵنه‌ر هەوڵ ئەدا وڵامی بداتەوە ئەوەیە کە چی روو ئەدا ئه‌گه‌ر لە وڵاتێکی چەند-ئیتنیکی و چەند-زمانی دا ڕەوتی دەوڵەت-نەتەوە لە ژێر هێژموونی ناسیۆناڵیزمێکی تایبەت دا بە ئەنجام بگات؟ وەک دەزانین کەسانێکی زۆر [له‌ نه‌ته‌وه‌ بنده‌سته‌کان] بە ئاسانی ئەچنە ناو ئەرتەش و پەروەردەی ئەو وڵاتانە و لە ئاکامدا زمان و زاراوەی ناوچەی خۆیان لە دەست ئەدەن و لە ناو نەتەوەی باڵادەست دا ئەتۆێنەوە. بەڵام کۆمەڵێ خەلکیتر بەربەرەکانی ئه‌کەن و بە چەکی ناسیۆناڵیزم لە دژی سیاسەت و ڕەوتی سڕینەوە شەر دەکەن. جوابی ئەم پرسیارە کە بۆ گرووپێک وایان بەسەر دێ و گرووپێکیتر بەربەرەکانی دەکه‌ن؟ لە چوارچێوەی تیۆری ناسیۆناڵیزمی گێڵنه‌ر و ئەندرسۆن دا جواب ئه‌درێتەوە.

 كاتێ کە ده‌وڵه‌ت-نەتەوەی مۆدێرن لە ئێران،‌ توركیا و دواتر لە دوو وڵاتی عه‌ره‌بی‌ [سوریا و عێراق] دامەزرا و خەلکی کورد بەسەر ئەو چوار دەوڵەتەدا دابەش کرا، ئەو دەوڵەتانە حاشایان له‌ بوونی نەتەوەی کورد‌ كرد‌ و ئه‌و حاشاكردنه‌ له‌ ‌ناخی‌ ناسیۆناڵیزمی‌ فارس و تورك و عه‌ره‌بدا بەشێکی بنەرەتی ناسنامەی نەتەوەیی ئەوانی پێکهێنا که‌ لە رێگای سیاسەتی زمانکوژی و کولتوورکوژییه‌وه‌ هەوڵیان ئه‌دا‌ که‌ نەتەوەی کورد ئەسیمیلە بکەن. هەرچەند ئەو هەوڵانە بێ تائسیر نەبوون بەڵام سیاسەتی بەربەرەکانێی کورد لەسەر بنەمای ناسیۆناڵیزمی کورد تا ئێستا پێشی به‌و مه‌به‌سته‌ گرتووه‌ و بوونی کوردی پاراستووه‌. هەر بۆیەش لە کۆتاییدا دەڵێم بەڵی به‌پێی ڕوانگەی گێڵنه‌ر و ئەندرسۆن، بارودۆخ بۆ پێکهێنانی دەوڵەتێکی سەربەخوی کوردی نکۆڵی لێ ناکرێ. ئەوه‌ که‌ بۆچی ئەو ئامانجە تا ئێستا بەدی نه‌هاتووە، ئه‌وه‌ باسێکی ترە.

پ: گهشه‌کردن و پێکهاتنی چینی ناوهڕاست دهتوانێ لهدروستکردنی دهوڵهتی نهتهوهیی دا چ رۆڵێکی ههبێ، ئایا کۆمهڵگهیکوردستان دۆخی خێڵهکی تێپهڕاندووهو چینی ناوهڕاست دروست بووه؟
و:  پێناسە کردنی چینی ناوەڕاست بەردەوام بۆته‌ هۆی ناکۆکی و مشت و مڕ. ئەگەر مەبەست بۆرژوازی پێشەسازی به‌پێی بنەمای تیۆریکی کارل مارکس بێت، بێگومان دەکرێ بڵێین نا ئەو چینە لە کۆمەڵگه‌ی کوردستان بەشێوەی گشتی لە بەشێکی بەرچاوی سەدەی بیستەمدا بوونی نەبووە. هەروه‌ها لە تورکیا، ئێران و عێراقیش کاتێ دەوڵەت-نەتەوە دروست بووە ئێمە بوونی چینی ناوەڕاست بەو مانایە هه‌ست پێ ناکه‌ین. ئەگەر مەبەست گرووپێکی کۆمەڵایەتی تایبەت بێ کە لە لایەکەوە خۆی بەرهەمی سیستم و ئابووری مۆدێرنە و لە لایەکیتره‌وە بەرژەوەندی خۆی لە پەرەسەندی بیری ناسیۆنالیستی دا دەبینێ، بێگومان ئەو چینە لە کوردستان بوونی هەیە. لە لایەکیتره‌وە کۆتایی دۆخی خێڵەکی تەنیا پەیوەست نییە بە دروستبوونی ئەو چینەوه‌. لە ڕوانگەی منەوە کۆمەڵگه‌ی کوردستان کۆمەڵگه‌یەکی خێڵەکی نییە، ئەوە راستە کە کولتووری خێڵەکی لە کۆمەڵگه‌ی ئێمە ئێستاش دەوری بەرچاوی هەیە، بەڵام ناکری بڵێن کورستان هەر ئێستا لە دۆخی خێلەکی دایە. وەڵاتی ئێران بۆ ماوەی نیزیک بە ١٥٠ ساڵە سەرقالی رووبەرووبوونەوە لەگەڵ پێویستییه‌کانی مۆدێرنیتە دایە، بەشی زۆری پسپۆرانی ئێرانناس باسی تێکەڵاوی نەریت و مۆدێرنیتە و کاریگەری ئەو ئاویتەبوونە لەسەر مێژوو و کولتوری ئێران دەکەن. واته‌ گرفته‌كانی‌ پەرەسەندنی مۆدێرنیتە له‌ رۆژهه‌ڵاتی‌ ناوه‌ڕاستدا کە ڕەنگدانەوەی تایبەتمەندییەکانی ئەو ناوچەیەن زۆرن و بێگومان کۆمەڵگه‌ی کوردیش بەهۆی زۆر فاکتەرەوە نەیتوانیوە بەشێوه‌ی هاوسەنگ رووبەرووی مۆدێرنیتە ببێتەوە.

بەگشتی لە سەقامگیر بوونی بیری ناسیۆناڵیستی و دروستکردنی دەوڵەتی نەتەوەیی دا حاشا لە کاریگەری چینی ناوەڕاست ناکرێت. هه‌میشه‌ ئلیته‌کان و ڕووناکبیران‌ بیر‌ و روانگه‌‌ی‌ ناسیۆناڵیزم دێننه‌ ئارا‌وه. بەگشتی ڕووناکبیران بۆ خۆیان باوری پتەویان  بە نەتەوە هەیە و لە ڕوانگەی گوتارییەوە بوونی نه‌ته‌وه‌ دەسه‌لمێنن. بەڵام تا ئەو کاتەی کە ئەو بیرۆکەیە نەچیتە ناو ناخی کۆمەڵگه‌وە هەمیشه‌ دەتوانێ پەنچەر ببێ. سێتون-واتسۆن Seton-Watson دەڵێ: "نەتەویەک کاتێ بوونی هەیە کە بەشێکی بەرچاوی خەڵک لە ناو ئەو كۆمه‌ڵگه‌ تایبەتەدا خۆیان به‌ نەتەوە بزانن و، لانیکەم وەک نەتەوە هەڵس و کەوت و رەفتار بکەن."[2] هۆکاری ئەم دیاردەیه‌ لە ڕوانگەی سێتن-واتسۆن و، هەر وەها ئەندرسۆنه‌وه‌، ناگەرێتەوە بۆ ئەوە کە خەڵک 'بیر لە نەتەوە' دەکەنەوە، یانی ئەوان وەک ڕووناکبیران به‌پێی باوەری ناسیۆنالیستی، بوونی نەتەوە لە باری گوتارییەوە دەسەلمێنن؛ بەلکوو بە مانای ئەوەیه‌ کە کۆمەڵانی خەڵک دەبێ وەک 'نەتەوە هەڵس و کەوت' بکەن تا بوونی نەتەوەیەک بەردەوام بێت. ئەوان لە کۆمەڵێک هەڵس و کەوتی بەکۆمەڵ و رەفتارەکانیان دا ئەو سیگناڵە دەدەن کە نەتەوە بوونی هەیە. کاریگەری چینی ناوەڕاست لەو ڕوانگەوە گرینگە کە دەبێ بە کاتالیزۆری بڵاوبوونەوەی بیری نەتەوایەتی و هەڵس و کەوتی نەتەوایەتی. یانی بیری نه‌ته‌ڤی به‌ بێ پێگەی کۆمەڵایەتی ڕووناکبیران و ئلیتانی کۆمەڵگه‌ سەرکەوتوو نابێ. که‌وابوو چینی ناوەڕاست لەم بارەوە دەتوانێ ڕۆڵێکی گرینگی هەبێ.

     پ: بنێدیت ئهندرسۆن پێکهاتنی دهوڵهتی نهتهوهیی لهگهڵ سهنعهتی چاپ و بزاڤی رۆژنامهگهری و رۆمان نووسی پێوهند ئهدات، ئێوهدۆخی ژورنالیزم و رۆماننووسی کوردی لهپێوهندی لهگهڵ گهشهپێدان بهناسیۆناڵیزم و رۆحی نهتهوهیی دا چۆن راڤهدهکهن؟
و: جوابی ئەو پرسیارە بۆ من زۆر هاسان نییە، لانیکەم لێرەدا هاسان نییە. بۆ وێنە دۆخی رۆژنامەوانی و ڕۆماننووسی کوردی لە کام قۆناغ دا؟ ئەگەر مەبەست ئێستا بێ، بەڕاستی زۆر قەسە هەڵدەگرێ. وەک خۆتان دەزانن کاک هاشمی ئەحمەدزادە تێزی دوکتوراکەی لەسەر ئەو بابەتە نووسیوە، کە کاک بەختیار سەجادی به‌ فارسی وەیگێراوە. کاک فەتاحی ئەمیری کە خۆی ڕۆمانووسە و تەرجومەکەی کاک بەختیاری خوێندۆته‌وه‌ جارێک بە منی گوت: بە کاک هاشم بڵێ کە بەپێچەوانه‌ی بۆچوونی ئەو ئێمە ئێستا خاوەنی ڕوومان و کۆمەڵێک ڕووماننووسین، بەڵام تا ئێستاش نەتەوەمان نییە. مەبەستم ئەوەیە کە تێگەیشتن لە پەیوەندی نێوان رۆمان و نەتەوە جیاوازە.

ئەندرسۆن لە کتێبی 'کۆمەڵگا وێناکراوەکان' کە دێتە سەر باسی پێوەندی رۆمان و رۆژنامە لەگەڵ بیری ناسیۆناڵیزم، لە بنەرەتدا باس لە شێوازێکی دیاریکراوی تێروانینی کۆمەڵایەتی دەکا کە بەرهەمی مۆدێرنیتەیە. تێروانینێک کە تێیدا بوارەکانی کۆمەڵایەتی بەشێوەیەکی هاوبەش وێنا دەکرێن. دوو لایەنی ئەو تێروانینە دەکری بڵێن بریتین ١) گواستنەوە لە پەیوەندی کۆمەڵایەتی ئه‌ستوونی و ناراستەوخۆ بە پەیوەندی ئاسۆیی و راستەوخۆ. پەیوندی کۆمەڵایەتی ئاسۆیی و راستەوخۆ هیرارشی [پله‌به‌ندی] پێناسه‌ی خێڵەکی و عەشیرەتی لەناو دەبا و دەبێ بەهۆی سەرهەڵدانی بنەمای تاکگرایی (فردیت) و مۆراڵی تاکی و یەکسانی تاکەکان. ٢) تایبەتمەندی دیکەی ئەو تێروانینە کۆمەڵایەتییە ئەوەیە کە هەنگاو بە هەنگاو ئەو باوه‌ڕە پێکدێنێ کە خەڵک، و دواتر 'نەتەوە'، جیاواز و سەربەخۆ لە سیستمی سیاسی و، تەنانەت بەدەر لە یاسای بنچینەیی زاڵ به‌سه‌ر کۆمەڵگه‌دا، بوونی هەیە. یانی نەتەوە دەتوانێ یاسایەکی بنچینەیی تازە بۆ خۆی و بە دەستی خۆی بنووسێتەوە. ئەندرسۆن ڕۆڵی رۆمان و رۆژنامەگەری رۆژئاوایی بۆ ڕخساندنی ئەو تێروانینە کۆمەڵایەتییە دێنێتە بەر باس. ئەندرسۆن چەند ساڵ دواتر لە کتێبکی تری دا کە بڕیتییە لە چەند وتار کە له‌ دوای کتێبه‌ ناودارەکەی بڵاوی کردەوە واتا: The Spectre of Comparisons: Nationalism, Southeast Asia, and the World  ، وردتر دێتە سەر باسی پێوەندی رۆمان و نەتەوە و بەتایبەت بەهۆی جیاوازی کاریگەری رۆمان لە ئوروپا و ئاسیای دوور هەوڵ ئەدا خراپ تێگه‌یشتنی کەسانێک راست بکاتەوە که‌ پێیان وایه‌ که‌ ئه‌و شته‌ی لە کتێبی 'کۆمەڵگا وێناکراوەکان'دا سەربارت بە پەیوەندی رۆمان و نەتەوە له‌ ئوروپا باس کراوە، لە ئاسیای دووریش دا هەر وایه‌. واتە نابێ هیچ تیۆرێک بەشێوه‌ی مکانیکی به‌سه‌ر هەلومەرجێکی جیاوازی کۆمەڵایەتی-میژوویی بسەپێنین.

رۆماننوسی لە کۆمەڵگه‌ی ئێمەدا مێژوویەکی زۆر درێژی نییە، بەڵام بە پەرەسەندەنی هەراوی ئەو دواییانەشەوە رۆماننوسی کوردی جارێ لە بواری یەکەمدا زۆر رێگایی نەبریوە. لە رەوتی بینادنانی بیری ناسۆنالیستی کوردیدا‌ زیاتر شێعری کوردی رۆڵی گرنگی گێڕاوه‌. بۆ وێنە شێعرەکانی شاعرێکی وەکوو هێمن بوونە هۆی گەشەی رۆحی نەتەوایەتی کوردی. ئەوەی کە ئایا رۆمانی هاوچەرخی کوردی ئەرکی گەشەپێدان و زیندوو ڕاگرتنی ناسیۆناڵیزم و رۆحی نەتەوایەتی کوردی به‌ ئه‌نجام ده‌گه‌یه‌نێ و سەرکەوتوو دەبێ یان نا؟ دەبێ لە داهاتوودا داوەری له‌سه‌ر بکەین.

رۆژنامەگەری کوردی مێژوویەکی تاراده‌یه‌ک درێژتری هەیە، بەڵام تا بیست ساڵی ڕابردوو یان دەرفەت و مەیدانی چالاکی بۆ رۆژنامەوانی کوردی بەرتەسک بوو، یان لە پاوانی رۆژنامەوانی حزبیدا بوو. تەنیا لە ماوەی بیست ساڵی ڕابردوو و بەتایبەت لە ژێر کاریگەری شۆرشی ئنفۆرماتیک و تێکنۆلۆژیکی و سەرهەڵدانی ئینتێرنێت دایە کە ئێمە ره‌وتی گەشەکردنی رۆژنامەوانی لە کۆمەڵگه‌ی خۆمان دا ده‌بینین. ئینتێرنێت نە تەنیا  وەک ئامرازێکی تێکنۆلۆژیک، بەلکوو لە هەمان کاتدا وەک میدیایەکی فرەچەشن کاریگەرییه‌کی بەرچاوی هه‌بووە لە چەندایەتی و چۆنایەتی رۆژنامەوانی کوردی دا؛ ئەوە راستییەکی حاشا هەڵنەگرە. بەڵام لە هەمان کاتدا، من پێم وایە کە رۆژنامەوانی کوردی بەته‌واوی خۆی له‌ کۆت و به‌ندی ئایدیۆلۆژی و تێروانینی حزبە سیاسییەکان ڕزگار نەکردووە. ئێمرۆ مەس- میدایی کوردی دەستەڵاتێکی بەرچاو و گەورەی هەیە کە دەکرێ هەست به‌ بەرپرسیارێتی بکا و ڕۆڵی گرنگی مێژوویی و نه‌ته‌ڤی بگێرێت. گومان لەوەدا نییە کە میدیاکان کاریگەری بەهێزیان هەیە لە کۆمەڵێک ئینتیمای کۆمەڵایەتی و ئامادەسازی کولتووری دا. بەڵام من پێم وایە که‌ پابه‌ندی حیزبی و ئایدیۆلۆژیکی ئەوان تا ئێستاش رێگرە لە ئەنجامدانی ئەو ئەرکەدا. ئێستا لانیکەم لە باشوور ئێمە دەبینین کە شێوازێک لە رۆژنامەوانی سەری هەڵداوە کە کاری تەنیا گەمەکردن بە دەسەڵاتی سیاسی‌ و سەرقالی بەکارهێنانی توانا و هێزی بڕیاردان و بریار دروستکەرە بۆ  دژایەتی لەئاست دەسەڵاتی سیاسی. من پێم وانییە کە لە رۆژئاواش کە مێژوویەکی چەند سەد سالەی دێمۆکراسی و میدیای ئازادی هەیە، رۆژنامەوانی لەو چەشنە سوودی هه‌‌بێ. بەڵام لە کۆمەڵگه‌ی ئێمەدا ئەو چەشنە له‌ رۆژنامەوانی‌ شوێنێکی بەرچاوی داگیر کردووە. ئه‌مه‌ش له‌ کاتێک دایە که‌ ئێمە هێشتا هه‌ر لە قۆناغی رزگاری نەتەوایەتی داین و ئەو ئامانجەمان بە ئەنجامێکی دڵخواز نەگەیاندووە.        

پ: بلینسکی دهڵێ بۆ ئهوهی نهتهوهپهروهردهبکرێت و بهمافهکانی خۆی و بهسهروهری نهتهوایهتی بگات، پێویستمان بهرێبهرێکی موستهبد و رۆشنبین ههیه [وهکوو روبسپیر[، ئێوهئهم بۆچوونهی بلینسکی چۆن ههڵدهسهنگێنن
و: من پیم وانییە ئەو بۆچوونە زۆر دروست و تەنانەت پێویست بێت. سەردەمی موستەبدی لە چەشنی ڕۆبسپێر بەسەرچووە. لە دنیای بەجیهانیکراوی ئێستادا بریاردانی بەکۆمەڵ و ڕەچاوکردنی شێوەی دێمۆکراتیک لە هەڵس وکەوت و بەرێوەبردندا نە تەنیا فەزیلەت و یان ژستێک نییە، بەلکوو بۆتە پێویستییه‌کی پراتیکی؛ هەر بۆیەش ناکرێ کاری گرینگ و گەورەی وەک سەروەری نەتەوەیەک، بەتایبەت نەتەوەی کورد، بدەیتە دەستی رێبەرێکی موستەبدی ئاوا.  

پ: لهسهرهتاکانی ههزارهی سێههمدا، لهکاتێکا کهزۆربه‌ی هه‌ره‌ زۆری نهتهوهکانی دنیا دهوڵهتی سهربهخۆی خۆیان پێکهێناوه، پێکهێنانی دهوڵهتی سهربهخۆیی کوردی خهونه، یان لهراستی نزیکه؟

 و: تا ئەو کاتەی کە دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان دانەمەزراوە و سەقامگیر نەبووە، پرۆژە و ئامانجی وەدیهێنانی هەر وەک خەون دەمێنێتەوە. ئەوە بۆ هەموو پرۆژەیەک وایە. بە باوەوری من بە گشتی ئه‌وه‌ کێشە نییە کە بوترێ دەوڵەتی کوردی خەونە، چونکە جارێ ئەو دەوڵەتە لەسەر ئەرزی مەوجوود بوونی نییە. تازە، خەون و خەیال نە تەنیا شتێکی خراپ نییە بەلکوو مرۆڤ هەمیشە لەگەڵ خەون و خیال ژیاوە و، خەونی دوەڵەتی کوردی نە تەنیا خراپ نییە بەلکوو ئەو خەونە هی تۆیە و، نەیار و رەقیب و دوژمن ناتوانن ئەو خەونە لە تۆ بستێنن. دوژمن ئەتوانێ تۆ بگرێ، بتخاتە زیندان، یان ناچارت بکات کە له‌ تاراوگە نیشتەجێ بیت، بەس قەت ناتوانێ ئەو خەونە لە تۆ بستێنێ یان دەستی تێوەردا، مەگەر خۆت رێگای بۆ خۆش بکەیت.

بەڵام کێشە کاتێ دەست پێدەکات کە ئەو وتەیە بخڕێتە ناو گوتاری رئاڵ-پۆلێتیک کە وەک میراتی سەردەمی شەری سارد ئێستاش لەنێو کورددا تا ئاستێکی بەرچاو برەوی هەیە. ئێستا کە باسی شەری ساردم کرد پێویستە له‌سەر ئەم خاڵە جەخت بکەم کە بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی کورد به‌رهه‌می شه‌ڕی سارد نه‌بوو، به‌ڵام وه‌ک زۆر جووڵانه‌وه‌ی دیکه‌ مۆرکی ئه‌و کێشه‌ جیهانییه‌ی پێوه‌ دیار بوو و مه‌رجه‌کانی دۆخی شه‌ڕی سارد خۆی به‌ سه‌ر جووڵانه‌وه‌ی نەتەوایەتی کورددا سه‌پاندبوو. دوو جه‌مسه‌ری بوونی جیهان له‌ هه‌موو شوێنێک هه‌ندێ مه‌رجی به‌سه‌ر لایه‌نه‌ جیاوازه‌ سیاسییه‌کان دا سه‌پاندبوو. یەکێ لە ئاکامەکانی سیستمی سەردەمی شەری سارد زاڵ بوونی گوتاری رئاڵ-پۆلیتیک بوو، بەو مانایە کە سیاسەت پەیوەست نییە بە مۆراڵ و پرینسپ، بەلکوو سیاسەت بریتیە لە لێکدانەوەی بارستای هێز: کێ دەسەڵاتی بە دەستە و چۆنی به‌ کار دێنێ و خۆ گونجاندنی تۆ لەگەڵ ئەو بارستایە. یانی تۆ دەبێ ویست و ئامانجی خۆت بەشێوازێک بێنیته‌ ئاراوە کە ئەو بارستایە رێگای پێ دەدا. کۆتایی شەری یەکەمی جیهانی و دابه‌شبوونی‌ كوردستان و شکستی جووڵانەوەکانی کورد و بەتایبەت رۆخانی کۆماری کوردستان، کە هیوا و ئومێدێکی گەورەی به‌دهێنابوو، ئەو باوه‌ڕه‌ی لە ناو بەشێکی بەرچاوی ڕووناکبیران و سیاسەتوانانی کورددا دروست کردەبوو کە ئامانجی دەوڵەتێکی یه‌كگرتوو و نەتەوایەتی کورد جارێ مومکین نییە، باشترین رێگا وەدیهێنانی کۆمەڵێک مافە بۆ کوردان لە چوارچێوەی سترۆکتوری سیاسی-یاسایی ئەو چوار دەوڵەتەدا. کورد مافی هەیە دەوڵەتی خۆی هەبێ، بەڵام ئەو مافە به‌پێی بارستا و باڵانسی هێزی ناوچەیی و نێونەتەوەیی ئێستا مومکن نییە و هەر بۆیەش واقێعی بارودۆخکە جارێ رێگای وەدیهێنانی ئەو ئامانجه‌ نادات. گوتاری زاڵی ئەو سەردەمە گوتارێکی ئۆتۆنۆمیخواز بوو و گوتاری ناسیۆنالیستی‌ کوردی له‌سه‌ر مافی‌ كوردان وه‌ك نه‌ته‌وه‌یه‌كی‌ یه‌كگرتوو، زۆرتر له‌ چوارچێوه‌ی‌ دیسكۆرسێكی‌ ئایدیالیستی و لاوازدا بوونی هەبوو، بەس بەردەوام لە ژێر ڕخنەی سیاسەتی رئالیستی یان رئاڵ-پۆلۆتیک دا بوو و نەیتوانی ببێ بە لایەنەکی هەستپێکراوی سیاسەتی هێزە سەرەکییەکانی کورد لە قۆناغی شەری ساردا. به ‌کۆتایی هاتنی شه‌ڕی سارد و روخانی وڵاتانی سوسیالیستی، گوتاری رئاڵ-پۆلیتیکی هەم لە باری گوتارییەوە و هەم لەباری سیاسەتی پراتیکییه‌وه‌ رۆژ بە رۆژ لاواز بووە، باشترین نموونە بڕیاری دادگای لاهە بوو لە سەر کەیسی کاسۆوا.  بەڵام سەرەڕای ئەوەش، گوتاری رئالیستی یان رئال-پۆلیتکی سەردەمی شەری سارد رۆڵێکی بەرچاوی لە نێو جووڵانەوەی نەتەوایەتی کورددا هەیە. کاتێ دەوترێ کە دەوڵەتی کورد خەونە و یان خەونی شاعیرانەیه‌، هەر چەشنە هەوڵ و تێکۆشانێک بۆ ئەو مەبەستە رەت دەکرێتەوە.


پ:  ئێوە خۆتان رۆڵ و کاریگەری ناسیۆناڵیزمی کورد بۆ وەدەست هێنانی ئەو ئامانجە چون دەبینن و وهها ئایدیایهک چهندهبهخواست ئیرادهی نهتهوهی کوردهوهبهستراوهو چهندهبهجهبری داگیرکهرانی کوردستانهوه؟
       و: من پێم وایە تێرم و دەستەواژەی جووڵانەوەی نەتەوایەتی بۆ جواب دانەوەی ئەو پرسیارە زۆر گونجاوترە لە دەستەواژەی ناسیۆناڵیزم، بە چەند هۆکار: یەکەم، نە تەنیا لە نێو کورددا، بەڵکوو لە نێو زۆربەی گەلانی جیهاندا ئێمە شتێکی یەکدەستمان نییە بە ناوی ناسیۆناڵیزمی نەتەوە، جا چ کورد، چ فارس، چ بڕیتانیایی، بەڵکوو دەکرێ باسی ره‌وته‌کانی ناسیۆناڵیزمی کورد و هتد بکەین. چونکە ناسیۆناڵیزم زۆرتر پانتایەک یان بوارێکە کە تێیدا چەند گوتاری ناسیۆناڵیستی هاوکات لە پێناو وەده‌ستهێنانی رای خەڵک بۆ لای خۆیان لەگەڵ یەکتر لە وتووێژ و ململانێی بەردەوام دان؛ یان نەیاری یەکترن یان لە شەڕ دان. ئاکامی ئەو ململانێیە یا بەشیوازی وەدستهێنای هێژموونی گوتارێک بەسەر ئەوانیتردا کۆتایی دێ، یان به‌پێی بنەمای دیسکۆرس و گوتارێكی یەکگرتووی نەتەوایەتی جۆرێک کۆدەنگی ساز دەبێ. دووەم، ناسیۆناڵیزم وەک گوتار کاتێک ریشەی داکوتا، دۆخی واقێع هەمیشە جۆرێک تایبەتمەندی کۆمەڵایەتی و مێژوویی بەخۆیەوە دەگرێ و هه‌روه‌ها بەپێی شوێن و کات ئەو تابەتمەندییانە جیاواز و فرەچەشنن. بۆیە لە لای من دەستەواژەی جووڵانەوەی نەتەوایەتی زۆر گونجاوترە بۆ جوابدانەوەی ئەو پرسیارە. چونکە رێگا به‌ ئێمە ئەدا که‌ کۆمەڵێک چالاکی کۆنکرێت (به‌رهەست) و دیاریکراو بە سەرکردایەتی کۆمەڵێک خەڵک و به‌پێی بنەمای تێروانین و سیاسەتی کۆنکرێت شی بکەینەوە. ئەگەر بێتو باسی جووڵانەوەی نەتەوایەتی کورد بکەین، بێگومان ئەو باسە لە رەوتێکی مێژووییدا دێتە بەر لێکۆڵینەوە و ئاخافتن و هەر لایەنێک جوڵانەوەی نەتەوایەتی کورد لە سەر بنەمای تێروانینی خۆی پۆڵین (قۆناغبەندی) دەکا. منیش لەم بارەوە ڕوانگەیەکی تایبەت بە خۆم هەیە و لە چەند شۆێنی جیاوازدا باسم کردووە، به‌ڵام لێرەدا ناچەمە سەر ئەو باسە چونکە هەم دووبارە کردنه‌وه‌یه‌ و هەمیش لە باسەکە دوورمان دەخاتەوە.

‌‌   هـ. م: من ئاگادارم کە ئێوە لە دوو گۆڤاردا ئەو باسەتان کردووە، پێم وایه‌ یەکیان گۆڤاری رۆژەڤ بوو، بەڵام بەراستی ئەو گۆڤارانە ئێستا لە بەر دەستدا نین و من بە گرینگی ئەزانم ئەگه‌ر بەکورتیش بووه‌ لەو ڕوانگەوە بچنە ناو جوابی ئەو پرسیارەوه‌.
   س. ش: باشە، ‌هەوڵ ئەدەم، هەرچەند کورت کردنەوەی ئەو باسە ڕەنگە کەمێک سەقەتی بکات.  من بەگشتی مێژووی جوڵانەوەی نەتەوایەتی کورد بە ٣ قۆناغ دابەش ئەکەم.  قۆناغی یەکەم، لە سەرەتای سەدەی بیسته‌وه‌، یانی لە شۆرشی تورکە گەنجەکان و دوایەش پێکهاتنی 'کۆمه‌ڵی تەعالی و تەرەقی'ـه‌وه‌ دەست پێدەکا و بە ڕووخانی کۆماری کوردستان تەواو ئەبێ. لێرەدا سه‌رنجتان بۆ ئه‌م خاڵه‌ رادەکێشم کە کاتێ دەڵێم تەواو دەبێ یارمەتی لە تێروانینی ژاک دێریدا، فیلسوفی هاوچەرخی فه‌رانسی وەردەگرم، ئه‌وکاته‌ که‌ هەوڵ دەدا لە نێوان تەواوبوون و کۆتایی لە فەلسەفەدا جیاوازی دابنێت. لە ڕوانگەی (دێریدا)وە تەواو بوون لە فەلسەفەدا هەرگیز نیشانه‌ی وەستان و کۆتایی فەلسەفە نییە، فەلسەفە دەتوانی تووشی قەیران ببێ و، لە رەوتی ڕووبەرووبوونەوە لەگەڵ ئەو قەیرانە و بە یارمەتی بەرهەمهێنانی تێروانینی جیاواز زۆرتر به‌ره‌و  بۆچوونێکی فەلسەفیتر بڕوات. واتە فەلسەفەیەک تەواو دەبێ و یەکێکیتر دەست پێدەکات، بەڵام فەلسەفە کۆتایی نایەت. من لێرەدا هەمان لۆژیک سەربارت بە گوتارەکانی ناسیۆناڵیزمی کورد به‌کار دێنم.

 قۆناغی دووم، لە دوای ڕۆخانی کۆماری کوردستانەوە ده‌ست پێده‌کا و تا شەری کەنداو و کۆتایی شەری سارد، واتا تا ساڵی ١٩٩٠ لەخۆ دەگرێت. قۆناغی سییەم، هەلومەرجی ئێستایە کە ئێمە تێیدا دەژین.

تایبەتمەندییه‌کانی قۆناغی یەکەم چین؟ یەکەم، زلهێزەکانی جیهانی یان هێزە ئیمپڕیالیستییەکان لەسەر دابەشکردنی کۆلۆنییەکان ناکۆکن، ئەمه‌ش شەری وێرانگەری یەکەمی جیهانی لێدەکەوێتەوە. دووهه‌م، لە ئیمپڕاتوری عوسمانی و دەوڵەتی قاجاری ئیراندا کە میرنشینه‌ کوردییەکان لە ژێر ده‌سه‌ڵاتی ئەواندا بوون، دوو بزووتنەوە، مه‌شروتە لە ئێران و، تەنزیمات و دوایەش شۆرشی تورکە گەنجەکان لە عوسمانی، روو ئەدات کە بێگومان لە دوو بەشی کوردستان دا کاریگەری بەرچاویان هەبوو. بەڵام وەک دەزانین شەری یەکەمی جیهانی دەبێتە هۆکارێک کە هەر دوو جووڵانەوە بەرەو ئاقارێکیتر بڕۆن. لە هەمان کاتدا شکستی ئاڵمان و هاوپەیمانانی دەبێتە هۆی ئەوە کە بەرەی هاوپەیمانان (بڕیتانیا، فرانسا و ئامریکا) نەزمی نۆێی جیهانی کە به‌پێی سترۆکتوری یەکێتی گەلان (اتحادیە ملل) پێکهاتبوو، دامەزرێنن. لە درێژه‌ی ئه‌م ڕه‌وتەدا گەلێک رووداوی بایەخدار و گرینگ سەریان هەڵدا کە چارەنووسی نەتەوەی کوردیان بۆ ماویەکی دوور و درێژ بە ئاقاری نەخوازراودا برد. لە نەزمی نۆێی جیهانیدا ئه‌م شته‌ هاته‌ ئاراوه‌ که‌ سێ لایەنی سه‌رکه‌وتووی شەر بەرانبەر بە گەلانی تر یەک سیاسەت پێره‌و نەکه‌ن. ئامریکا به‌پێی بنەمای پرنسیپەکانی وێڵسۆن، لەسەر مافی دیاریکردنی چارەنووسی سیاسی بۆ نەتەوەکان پێداگری دەکرد؛ فه‌رانسا زیاتر لایەنگری کۆلۆنیالیزمی راستەوخۆ بوو و، بڕیتانیاش به‌پێی سیاسەتی پراگماتیسی، پێشنیاری کۆلۆنیالیزمی ناراستەوخۆ، یان سیستمی مەندەیت mandate ی ده‌کرد. ئاکام شێوازیک لە سازش بوو لە نێوان ئەو سێ زلهێزەدا کە لە مێژووی رۆژهەڵاتی ناڤیندا دەوری گرنگیان گێڕا و کاریگەری قۆرسیان له‌سه‌ر چارەنووسی گەلی کورد هەبوو، ئەویش بریتی بوو لە به‌ رەسمی ناسینی دوو دەوڵەت-نەتەوەی تازەی ئێران و تورکیا و دابەشکردنی کوردستان.

لێرەدا پێویست ناکا بچینە ناو وەردەکاری مێژوویی ئەو قۆناغەوه‌، بەڵام ئەگەر بگه‌رێمەوە بۆ پرسیاره‌که‌ی تۆ کە "دامەزراندنی دەوڵەتی نەتەوایەتی کوردی چهندهبهخواست و ئیرادهی نهتهوهی کوردهوهبهستراوه‌و چهنده‌ ‌پێوەندی بە سیاسەتی زلهێزەکانەوە هه‌یه‌"؟ ئەو پرسیارە زۆر گرینگە. چونکە نە تەنیا بۆ نەتەوەی کورد، بەڵکوو بۆ سەرجەم بزووتنەوە نەتەوایەتییەکان، بنیادنانی گوتاری سیاسی سەرکەوتوو به‌م پرسه‌وه‌ به‌ستراوه‌ کە تۆ چۆن لە نێوان ویست و ئیرادەی خۆت و بارۆدۆخی واقێعی دا پێوەندییەکی دیالێکتیکی پێکدێنی. سەبارەت بەو قۆناغە دەڵێم بێگومان دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی بە ئیرادەی نەتەوەی کورده‌وه‌ بەسترا بوو‌، بەڵام لە هەمان کاتدا سیاسەتی زلهێزەکان دەوری سەرکی هەبوو لە وەدیهاتنی ئەو مەبەستەدا و، ئەوه‌ش تەنیا سەبارت بە چارەنووسی گەلی کورد نەبوو، بەلکوو لە راستیدا لەو سەردەمەدا ئەو زلهێزانە نەقشەی دوارۆژی ناوچەی ئێمەیان دیاری کرد.

   سەرەڕای کەم تەمەنی و کەم ئەزموونی بزووتنەوەکە، رێبەران و ڕووناکبیرانی کورد کەم تا زۆر هەستیان بە دەوری بەرچاوی ئەو زلهێزانە دەکرد. بۆیەش لە گوتاری نەتەوایەتی کوردیدا لە لایەکەوە بیر و هه‌ست و سیاسەتی‌ ناسیۆناڵیستی زیاتر لە ئاخافتن و نووسین دا دەبیندرێ، بۆ وێنە سەیری رۆژنامەکانی ئەو سەردەمە هەتاوی کورد، رۆژی کورد و هتد بکه‌ن؛ بەڵام لە لایەکیتروە بۆ وەگه‌ڕخستنی بزوتنه‌وه‌یه‌كی‌ سیاسی‌ لەپێناو وەدیهێنانی ئه‌م ئامانجە، رێبەرانی کورد زۆرتر چاوەڕوانی پشتیوانی و یارمەتی زلهێزەکان بوون. لەو قۆناغەدا یەک جیاوازی دەبیندرێ، یانی تا به‌ستنی پەیماننامەی لۆزان لە ساڵی ١٩٢٣دا، لە بەشی عوسمانی کوردستان کە ناوەندی جووڵانەوەی کورد بوو، رێبەرانی کورد بە بەڵێنەکانی ئاتاتورک گه‌شبین بوون و، دیاریکردنی چارەنووسی سیاسی کوردیان بە هاوکاری لەگەڵ تورکەکاندا به‌ مومکین دەزانی. لەڕاستیدا کەمال ئاتاتورک لەنێوان ساڵانی ١٩١٩-١٩٢٢دا زۆر جار ئه‌م شته‌ی دووپات دەکردەوە کە: 'کورد و تورک بران، پاش سەرکەوتن کوردیش مافی نەتەوه‌یی خۆی بە دەست دێنێ.' بێگومان ئێمرو ئاسانە کە باسی ساویلکەیی رێبەرانی ئەوکاتی کورد بکەین، بەڵام با ئەوش بڵێین کە لە نێو زۆربەی جووڵانەوە ناسیۆناڵیستییەکانی ئەو سەردەمەدا، ئەڵبەت بێجگە لە نۆروێژ، ئیرلەند و پۆڵۆنیا، سەربەخۆیی بەشێوه‌ی دەوڵەت-نەتەوە لە بەرنامەی سیاسی دا نەبوو. بەڵکوو زۆرینەی جووڵانەوەکانی نەتەوایەتی ئەو سەدەمە مافی دیاریکردنی چارەنووسی سیاسی خۆیان لە به‌رنامه‌ی خودمختاری دا گونجاندبوو، ئەوە کە به‌شێک لەو بزاڤانە [بوڵگاریا، ئەرمەن، یۆنان، سێرب، رۆمانیا و هتد] لە پاش شەڕی یه‌که‌م راستەوخۆ بە سەربەخۆیی گەیشتن، زیاتر پێوه‌ندی به‌ رەوتی رووداوە دەرەکییەکانه‌وه‌ هه‌بوو، نەک سیاسەتی خۆیان. لە راستیدا هەڵوەشانەوەی سێ ئیمپڕاتۆری چەند-ئیتنیکی و سیاسەتی بەرەی هاوپەیمانان، واتا (بریتانیا، فه‌رانسا و ئه‌مریکا) هاندەر و پێکهێنەری ئەو ئاکامە بوو.

لەو قۆناغەدا‌ بیر و هه‌ستی‌ ناسیۆناڵیستی کوردی هەرچەند جارێ زۆر ساوایە بەڵام گرێدراوی هەست و بیری ناسۆناڵیزمی فارسی و عەربی نییە، چونکە له‌و کاته‌دا ئەو دەوڵەت-نەتەوەانە به‌ته‌واوی سه‌قامگیر نه‌بووبوون. سەبارت بە سەردەمی کۆماری کوردستان ئێستا زۆر کەس پێیان وایە کە ستراتێژی ح.د.ک و پێشەوا قازی محەمەد هەر هەمان سیاسەتی خودموختاریە کە دوایە ح.د.ک.ا درێژەی پێدا. ڕاستە که‌ پارادۆکسێک لە نێوان سەربەخۆیی و خودموختاری لە ستراتێژی کۆمارادا دەبێنرێ، بەڵام بێگومان تا هاوینی ساڵی ١٩٤٦ کە هێشتا سۆڤییەت ناچار نەکرابوو قەبوول بکا کە هێزەکانی لە ئێران بکێشێتەوە، سیاسەتی کاربەدەستانی کۆمار و شەخسی پێشەوا چ لە وتارەکانیدا، بەتایبەت لە سوێندخوارنی لە میتینگی دووی رێبەندان دا، چ لە هەڵوێستی بەرانبەر به‌ بوونی بارزانییەکان لە کوردستانی رۆژهەڵات دا، چ لە دامەزراندنی دەزگاکانی حکومەتی کوردستان و هتددا، هەموویان سیاسه‌تی یەکگرتوویی کورد ده‌رده‌خه‌ن، نەک تەنیا وەدیهێنانی خودموختاری لە چوارچێوەی ئێران دا. بەڵام کاتێ که‌ لە هاوینی ساڵی ١٩٤٦ دا باڵانسی هێزه‌کان گۆڕانی به‌سه‌ردا هات و سوپای سۆڤییەت لە ئێران کشایەوە، هەر دوو کۆماری ئازەربایجان و کوردستان ناچار به‌ پاشەکشه‌ بوون، پێشەوا له‌ كاتی‌ گفتوگۆ لەگەڵ کاربەدەستانی ئێراندا باسی خواستێکی كۆنكریتی‌ وەک دامه‌زراندنی ئه‌نجومه‌نی‌ ئیاله‌تی‌ ویلایه‌تی‌ به‌پێی یاسای بنچینەیی سه‌رده‌می مەشرۆتە دەکات. من وای دەبینم که‌ شیکارییه‌کی باشمان نه‌کردووە ئەگەر جیاوازی نێوان هه‌ڵوێستی ئەوکات و سیاسەتی دوایی پێشەوا دیاری نەکەین. بەگشتی، لەو قۆناغەدا پارادۆکسێک لە گوتاری ناسیۆنالیستی کوردیدا هەیە، لە لایەک هەوڵی بنیادنانی ناسنامەیەکی یەکگرتووی نەتەوایەتی دەدرێ، بەڵام لەنێوان باڵانسی هێزه‌کانی ئەو سەردەمەدا زۆر سەرکەتوو نییە و ناتوانێ سیاسەتێک بۆ وەدیهێنانی ئەو مەبەستە گەڵاڵە بکات.     

   قۆناغی دووەم، لە ڕووخانی کۆماری کوردستانەوە دەست پێدەکا و تا شەری کەنداو کە پاش چەند مانگ کۆتایی شەری ساردیشی بەداوە بوو، درێژەی هەیە. لەم قۆناغەدا گوتاری ناسیۆناڵیستی کوردی لە باری گوتارییەوە دەبێت بە پاشکۆی چەپی ئێران، تورکیا، عێراق و سوریا. ئەو فاکتۆرانەی کە بوار بو ئەو گۆرانکارییە پێکدێنن بریتین له‌ بێ هیوایی به هۆی ڕووخانی کۆماری کوردستان له‌لایه‌ک و، لۆژیکی داسەپێندراوی دنیایی شەری سارد لە لایەکیترەوە. یانی لە دنیای دووجەمسەری دا به‌شێکی زۆری جووڵانه‌وه‌ رزگاریخوازه‌کانی جیهان، کە لەو‌ سه‌رده‌مەدا سه‌ریان هه‌ڵدابوو، گیرودەی ئەو کێشەیە بوون. بە واتایەک دووجه‌مسه‌ری بوونی جیهان پێویستی داڕشتنی ستراتێژییه‌کی روونی که‌متر کردبۆ‌وه‌. زۆربه‌ی ئه‌و جووڵانه‌وانه‌ له‌ پله‌ی یه‌که‌مدا ده‌بوو‌ لایه‌نێک هه‌ڵبژێرن و دیاری بکه‌ن که‌ ئایا لایه‌نگری سۆسیالیزمن یان ئیمپریالیزم؟ ته‌نانه‌ت ئه‌و جووڵانه‌وانه‌ که‌ هه‌وڵیان ده‌دا سه‌ربه‌خۆ بن، یان بێ لایه‌ن بن و خۆیان له‌م شه‌ڕ و کێشه‌یه‌ دوور ڕابگرن، له‌ کرده‌وه‌دا له‌ ژێر تاوی ئه‌و باره‌ دووجه‌مسه‌رییه‌دا بوون و له‌ سیاسه‌تدا ناچار بوون په‌یره‌وی له‌ هه‌ندێ له‌و مه‌رجانه‌ بکه‌ن که‌ ئه‌م هه‌لومه‌رجه‌ به‌سه‌ر جیهاندا سه‌پاندبووی. له‌و دنیا دوو جه‌مسه‌رییه‌دا، به‌شێکی زۆر له‌ لایه‌نه‌کانی دیکه‌ی لێکدانه‌وه‌ و هه‌ڵسه‌نگاندنی بارودۆخی سیاسی ته‌نیا کۆپی کردنێک بوو له‌م یان له‌و لایه‌نی سیاسی، به‌جۆرێک‌ که‌ که‌م لایه‌ن ده‌یتوانی لێکدانه‌وه‌یه‌کی له‌ ده‌ره‌وه‌ی ئه‌م باره‌ سه‌پێندراوه‌ هه‌بێت.

لە هەمان کاتدا لە سێ وڵاتی ئێران، تورکیا و عێراق سیاسەتی حاشاکردن لە بوونی نەتەوەی کورد پەیرەو دەکرا. ئەو سێ وڵاتە هەم لە بەرەی رۆژئاوادا بوون هەمیش دیکتاتۆر و سەره‌رۆ بوون و، هێزی چەپ تەنیا ئاڵتێرناتیڤی بەرهەڵستکاری جیددی سیاسی بوو. لە هەمان کاتدا، لە باری گوتارییەوە بەهۆی نەبوونی ئازادی بیر و ڕا، مارکسیزم تەنیا گوتارێکی سیاسی بەرهەڵستکار نەبوو، بەلکوو بنەمایەک بوو بۆ زانستەکانی سیاسه‌ت، فەلسەفه‌، مێژوو و کۆمەڵناسی. بەگشتی مارکسیزم به‌شێوه‌ی بەرچاو سه‌رنجڕاکێش بوو. لە بەشی ئێراندا، حیزبی توودەی ئێران لە نەریتی کۆماری کوردستان داکۆکی ئەکرد و تەنانەت خۆی بە خاوەنی ئەو ئەزموونە ئەزانی. ئەو بەستێنە هەنگاو بە هەنگاو رەوتی پاشکۆبوونی گوتاری ناسیۆناڵیستی کوردی بە گوتاری چەپی ئەو سێ وڵاتەوه‌ مسۆگەر کرد. ئاکامی ئەو گۆرانکارییە ئەوە بوو کە دیسکۆرسی ناسیۆنالیستی یەکگرتوو بۆ وەدیهێنانی مافی کوردان کەوتە پەراوێزەوە و ستراتێژی دابینکردنی مافی کوردان لەو چوار وڵاتەدا به‌پێی بنەمای تێڕوانینی چەپی و ستراتژی مارکسیستی ده‌بینرا. 

هـ. م: باشە لەو قۆناغەدا ئێوە نموونەیەکی دیکە نابینن؟

س.ش: من لێرەدا باسی گوتاری زاڵ دەکەم، ئەنا بێگومان نموونەی دیکە هەن. بۆ وێنە دەکرێ کۆمەڵێک لە بۆچوونەکانی بارزانی نه‌مر پاش گه‌ڕانەوە لە سۆڤییەت و هه‌ڵگیرسانی شۆرشی ئەیلول وەک نموونەیەکی جیاواز لەو رەوتە باس بکه‌ین. شۆرشی ئەیلول یەکێک لە گرینترین ڕاپەرینەکانی کورد لە سەدەی بیستم دایە و شیکردەنەوەی ئەو ڕاپەرینە لێرەدا مومکین نییە. بەڵام لێرە دەکرێ ئاماژەی پێ بکەین. بەڵێ شۆرشی ئەیلول جیاوازە لەو گوتارە زاڵەی کە باسم کرد. هەم بارزانی نه‌مر لەو قۆناغەدا جار و بار باسی‌ كوردستانێكی‌ یه‌كگرتووی کردووە  و هەمیش بەهۆی ئەوە کە حکومەتی قاسم هاوپەیمانی سۆڤییەت بوو، بارزانی بۆ وەدیهێنانی ئامانجی سیاسی خۆی روو لە ئه‌مریکا و ئیسرائیل و ئێران دەکات. لە هەمان کاتدا کوردانی‌ ئێران و توركیا و سوریا له‌ بزوتنه‌وه‌كەدا بەشداری بەرچاویان هەیە و بە هی خۆیانی دەزانن‌. بەڵام نابێ لە بیرمان بچێ کە كاتێ سەرکردایەتی کورد له‌گه‌ڵ حكومه‌تی‌ عێراق وتووێژ و دانوستان ده‌ست پێده‌كات، زۆرتر ویستی خودموختاری/ئۆتۆنۆمی لە چوارچیوەی عیراقدا بۆ کوردی باشوور دێنێتە بەر باس. با ئەوەشی پێ زیاد بکەم کە دوای شکستی ١٩٧٥ بەشێکی بەرچاوی ڕووناکبیرانی کورد ئەو ئەزمونەیان لا پەسەند نەبوو.  و رەنگە بۆ ئەوەی زاڵبوونی ئەو تێروانینە دەست نیشان بەکەین بەس بێ کە وەبیر خۆمان بێنینەوە کە تەنانەت پارتی دێمۆکراتی کوردستانیش لە ساڵانی دوای شۆرشی ١٩٧٩ی ئێران جار و بار دەینووسی: 'پارتیمان لە سەر پرینسیپی مارکسی-لینینی و ته‌وارسی بارزانی' وێنا کراوە، بەڵام کەس جوابی ئەو پرسیارەی نەئەداوە که‌ گەلۆ چ پەیوەندییه‌ک لەنێوان نەریتی بارزانی و مارکسیزم-لێنیزم دا هه‌یه‌. 

با بگەرێمەوە بۆ باسەکەی سەرەوە، به‌کورتی وەدیهێنانی مافی کوردان له‌گه‌ڵ خه‌باتی‌ دژی‌ ئیمپڕیالیستی‌ و وەدیهاتنی ئامانجی سۆسیالیزم پێکه‌وه‌ گرێ دەدران. لە رووی ستراتێژییەوە ناكۆكی‌ نێوان گه‌ل (یان گەلانی دانیشتووی ئێران) و ئیمپریالیزم بەرز دەکرایه‌وە و رئال-پۆلیتیکی ئەو گوتارە بڕیتی بوو لەوە کە (گەلی)‌ كوردیش به‌شێكه‌ له‌ گه‌لی ئێران و خەبات بۆ وەدیهێنانی مافی کوردان تەنیا بەشێوه‌ی هاوپەیمانی لەگه‌ڵ هێزه‌كانی‌ تری‌ دژی‌ ئیمپریالیزم و لە چوارچێوەی ئێران دا مسۆگەر دەبێ. ئەوەش جووڵانەوەی ناسیۆنالیستی‌كوردی‌ لە ئێران به‌تەواوی کردە بزووتنه‌وه‌یه‌كی‌ ئۆتۆنۆمی خواز‌.

هـ. م: ببورە کە دێمە ناو باسەکەوه‌، ئایا ئێوە بۆچوونی دوکتۆر قاسملوو لەو بارەوە به‌ جیاواز نابینن؟ هەم بە هۆی ئه‌وە کە ئەو دژی حزبی توودە بوو و، هەمیش زۆر جار باسی ئەوەی دەکرد کە سیاسەت فەنی مومکینە کە وێدەچی زۆر باوەری بەو رئاڵ-پۆلیتیکەی کە ئێوه‌ باسی دەکەن نەبووبێ.
س. ش: لە دوای شۆرشی ئێران د. قاسملو له‌ ناوه‌ڕۆكی‌ سیاسه‌تی‌ حیزبی‌ تووده‌ و مەترسی ئەو سیاسەتە بۆ کورد تێگه‌یشت و هەر بۆیەش هەوڵی زۆری دا که‌ کاریگەری حیزبی توودە لەسەر حیزبی دێموکرات و جووڵانەوەی نەتەوایەتی کورد نەهێڵێ. سەرەڕای ئەمه‌ش من پێموایە بۆچوونی د. قاسملوو لە چوارچێوەی گوتاری زاڵی ئەو سەردەمەدا جێ دەگرێت، هەم بەهۆی بایەخێک کە بۆ خەباتی دژی ئیمپڕیالیستی دایده‌نا، هه‌م بەوهۆیه‌ که‌ گرنگی زۆری‌ بە پشتیوانی‌ یه‌كێتی‌ سۆڤیه‌ت ئه‌دا. سەبارەت بەم وتەیە کە د. قاسملوو دەیوت: سیاسەت فەنی مومکینە، پێم خۆشە پەراوێزێک بکەمه‌وە هەرچەند ره‌نگه‌ لە باسی سەرەکیش دوورمان بخاتەوە.

ئەو وتەیە ئێستا بۆتە کلیشەیەک و زۆر کەس لە زمانی د. قاسملووە به‌کاری دێنن. ئەوەندی من ئاگاردار بم د. قاسملوو لە چەند بۆنەدا ئەو رەستەیەی بکار هێناوە. بەڵام من ئاگاری ئەوە نیم کە بە نووسین مەبەستی سەرەکی خۆی شیکردەبێتەوە. من زۆر باش لە بیرمە کە یەکەم جار دۆکتور ئەو رەستەیە لە کۆرێک لە زانکۆی تەورێز به‌کار هێنا. ئەوە دوای ڕووخانی رێژیمی شا بوو و خوێندکارانی پیشه‌نگی زانکۆی تەورێز کۆرێکیان بۆ دوکتور رێخستبوو. خوێندکارانی پێشه‌نگ سەر بە رێکخراوی فەدایانی ئەوکات بوون، کە ئەو دەم هێشتا سیاسەتی پشتیوانی لە خۆمەینی پەسەند نەکرابوو، یانی ئه‌وان هه‌م هێزێکی سەرەکی بەرهەڵستکاری دژی رێژیمی ئیسلامی بوون و هەم گرینگی زۆریان ئەدا بە جووڵانەوەی نەتەوایەتی کورد. هه‌روه‌ها د. قاسملوو وەک کەسایەتییه‌کی کورد و چەپ و دژ بە حزبی توودە زۆر له‌ لایان خۆشەویست بوو. د. قاسملوو لە جوابی یەکێک لە بەشداربووان دا کە پرسیاری کرد بۆچی حیزبی دێموکرات پێی وایه‌ کە دروشمی دێمۆکراسی بۆ ئێران و خودموختاری بۆ کوردستان لە چوارچێوەی رێژیمی کۆنەپەرەستی کۆماری ئیسلامی دا مسۆگەر دەبێ؟' وتی: چونکە سیاسەت فەنی مومکینە. قسەکانی ئەوکاتی د. قاسملوو زۆرتر ئاماژەیەک بوو به‌ لایەنی تاکتیکی سیاسەتی ئەوکاتی ح.د. من ئەزانم کە دوکتۆر چەند جاریتر ئەو وتەیەی دووپات کردۆته‌وە، بەڵام وەک ئاماژەم پێکرد ئاگادار نیم کە بە نووسین مەبەستی سەرەکی خۆی راڤه‌ کردبێت.

وا باوە کە یەکەم جار (ر.و. باتلەر) ئەو رستەیەی به‌کار هێناوە، باسی خەڵکانی تریش ده‌کرێت. بەڵام ئێستا روون بۆتەوە کە یەکەم جار بیسمارک سەرۆک وەزیری سەدەی نۆزدەی ئاڵمان ئەو رستەیەی به‌کار هێناوە. بیسمارک دەیوت پرسیارە گەورەکان لە رێگه‌ی ئاخافتن و دەنگی زۆرینەوه‌ چارەسەر ناکرێن، بەڵکوو بە ئامرازی خوێن و ئاسن بە ئاکامی دڵخواز دەگەن. یانی ئەو رستەیە هێمای ئه‌وه‌ی تێدایه‌ که‌ توندئاژۆترین تاکتیکی سیاسی لە لایەن دەسەڵاتێکی بەهێزه‌وه‌ پاساو بدرێت و لە بەرانبەر لایەنێکی لاوازتردا کردەویەکی نایاسایی ئه‌نجام بدات. بۆ وێنە سیاسەتوانانی ئیسرایلی زۆر جار لە جوابی ئەو پرسیارەدا کە ئێوە بۆ بڕیارنامەی ئه‌نجومه‌نی ئاسایش رەچاو ناکەن و هێزەکانتان لە باشووری لۆبنان ناکشێننەوە؟ ده‌ڵێن: سیاسەت فەنی مومکینە. بەڵام ئەگەر ئێمە بەدەر لە ڕەچەڵەکی ئەم رستەیە بەگشتی مانای بکەینەوە، دەکڕی بڵێین که‌ رسته‌ی 'سیاسەت فەنی مومکینە'، یانی‌ وەستایی و شارەزایی لە شیکردەنەوەی ئه‌گه‌ره‌کانی داهاتوو و به‌کارهێنانی ده‌رفه‌ته‌کان دا،‌ بۆ ئەوە کە تۆ مەبەستی سەرەکی و دڵخوازی خۆت مسۆگەر بکەیت. بە مانایەکی تر لەو قۆناغەدا بەتایبەت دروشمی دێمۆکراسی بۆ ئێران و خودموختاری بۆ کوردستان لە ساڵانی دوای هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامی هیمای ئه‌وه‌ نەبوو که‌ سیاسەتی کوردی فەنی مومکینه‌.


قۆناغی سێهەم، لە پاش کۆتایی شەری یەکەمی کەنداو و بەتایبەت پاش کۆتایی شەری سارد دەست پێدەکات. بێگومان کۆتایی شەری سارد و بینادنانی سیستێمێکی نێونەتەوەیی نۆێ بزاڤی نەتەوایەتی کوردی، وەک زۆربەی بزاڤەکانی تر،‌ تووشی قه‌یرانێکی پێناسه‌ کردووە، یانی دووباره‌ هه‌ڵسه‌نگاندنی داهاتوو و ئامانجی ئێمە وه‌ک پرسیارێک هاتۆتە ئاراوە‌. ئه‌و دیارده‌یه‌ وه‌ک ئاماژەی پێکرا، ته‌نیا دیارده‌یه‌کی کوردی یان جیهان سێیه‌می نییە، به‌ڵکوو ته‌نانه‌ت ئوروپاشی گرته‌وه‌ و له‌وێش تا ئێستا هه‌م چه‌په‌ کۆنه‌کان و هه‌میش سۆسیال دێمۆکراته‌کانی تووشی هه‌ندێ گرفت کردووه‌ و شوێن و رۆڵی نه‌ریتی ئه‌وانی به‌ جیددی خستۆته‌ ژێر پرسیار‌. جا ئەو پرسیارە کە ئایا ئێمە دەتوانین له‌ کوردستانیش دا ئه‌و قه‌یرانه‌ که‌ به‌ر له‌ هه‌ر شتێ له‌ ناوه‌رۆکی شه‌ڕی چه‌کداری و له‌ دروشمی خودموختاریدا خۆی ده‌رده‌خا تێپەر بکەین، له‌ڕاستیدا قه‌یرانه‌که‌ زۆرتر پێوه‌ندی به‌ پێناسه‌کردن و لێکدانه‌وه‌یه‌کی دووباره‌ی ناسنامه‌ی نەتەوایەتی کورد و پێگه‌ی نەتەوەی کورد لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناڤین و دنیای بەجیهانیکراو [گلۆبالیزه‌] دا هه‌یە. ئێستا زۆر ئەسته‌مە بە دڵنیاییەوە بڵێین کە کورد چۆن رووبەرووی ئەو گۆرانکارییانە دەبێتەوە، بێگومان وەک قۆناغی گواستنەوە ئێمە لە گوتارێکی تیۆریکی پەرش و بڵاو ئازار دەبینین، سەرەرای ئەوەش پێم وایە هه‌ندێ رەهەند هەن که‌ دەکرێ ئاماژەیان پێ بکەین و لایەنی ئەرێنی و نەرێنیان لەبه‌ر چاو بگرین:

     ا) کۆتایی شەری ئێران و عێراق و رۆڵی رێکه‌وت له‌ چاره‌نووسی بزووتنه‌وه‌ی کورد و دەستکەوتی باشوور):
له‌ سه‌ره‌تای نه‌وه‌ده‌کاندا بزووتنه‌وه‌ی کوردی له‌ به‌رده‌م نوشستی و پرژ و بڵا‌وییه‌کی جدی دا بوو. ئه‌و شکسته‌ به‌هۆی کۆتایی شەڕی ئێران و عێراق و هێرشی دڕندانه‌ی سه‌دام بوو. به‌ڵام ئه‌و هه‌لومه‌رجه‌ له‌ هه‌مان کاتدا ئیمکاناتی شه‌ڕی چه‌کداری وه‌ک رێگه‌ی ئه‌سڵی خه‌بات خسته‌ ژێر پرسیار‌‌ و، هه‌موو هێزەکان رووبەروری ئه‌و پرسیارە بوونه‌وه‌ که‌ ستراتێژی بزووتنه‌وه‌ی کورد ده‌بێ چی بێت و به‌ چ شێوه‌یه‌ک خه‌باتی بۆ بکرێت. ئه‌و مه‌ترسییه‌ کوشنده‌یه‌ به‌هۆی دوو رووداوی دەرەکی به‌شێوه‌یه‌کی کاتی لاچوو: له‌ لایه‌ک به‌هۆی گرینگی جیۆپۆلیتیکی ناوچه‌ و گرینگی بۆ ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناڤین و به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌مریکا و، له‌لایه‌کی دیکه‌وه‌ هه‌بوونی دوو رژێمی نه‌یاری ئه‌مریکا (یانی ئێران و عێراق) و هه‌روه‌ها بەهۆی هه‌ڵه‌ی سه‌دام حوسێن له‌ داگیرکردنی کوێت دا. ئه‌م فاکتۆ‌رانه‌ بوون به‌هۆی ئه‌وه‌ی کە نه‌ ته‌نیا بزووتنه‌وه‌ی کورد له‌ سه‌ره‌تای ده‌یه‌ی نه‌وه‌ددا له‌ مه‌ترسی زۆر جیددی شکستێکی سیاسی و سه‌ربازی رزگاری بێت، به‌ڵکوو ته‌نانه‌ت له‌ باشووری کوردستان کورد بوو‌ به‌ خاوه‌نی پێکهاتێکی ئیداری و سیاسی و نەتەوایەتی. پێکهاتنی حکومەتی هەریمی کوردستان لە باشوور و پێگەی ئەو حکومەتە لە ئاستی جیهانیدا، تا ئێستا گه‌لێ ده‌ستکه‌وتی بۆ نه‌ته‌وه‌که‌مان هه‌بووه‌ و، بێگومان فاکتۆرێکی زۆر گرینگە لە دیاریکردنی چارەنووسی نەتەوەی کورد دا.
ب) گۆڕانی رواڵه‌تی هێڵه‌ سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان:
 ئه‌و دەستکەوتەی باشوور بەدەر لە لایەنی باش و ئەرێنی، ئەو زه‌ره‌ره‌شی هه‌بوو که‌ هه‌موو ئه‌و پرسیاره‌ جیددییانه‌ی خرابوونه‌ به‌رده‌م بزووتنه‌وی نەتەوایەتی کورد‌، بەشێوازێک یان له‌ بیر چوونه‌وه،‌ یان پشتگوێ خران. هەر ئێستاش دەبینن که‌ به‌رنامه‌ و لێکدانه‌وه‌کانی زۆربه‌ی هێزه‌ سیاسییه‌کانی کورد، تا ماوه‌یه‌ک له‌مه‌وبه‌ر ره‌نگدانه‌وه‌ی هه‌مان قۆناغی شه‌ڕی سارد بوو، یان ته‌نیا به‌شیوه‌ی رواڵه‌تی ملیان به‌ هه‌ندێ گۆرانکاری دابوو. ئێمڕۆ سه‌باره‌ت به‌ هه‌ندێ پرسی وه‌ک شه‌ڕی چه‌کداری، فێدراڵیزم، داهاتووی کوردستان و ... هه‌ندێ گۆڕان هاتوونه‌ته‌ ئاراوه‌، به‌ڵام من به‌ ئەستەمی ده‌زانم کە به‌م زووانه‌ گۆڕانێکی جه‌وهه‌ری/ناوه‌رۆکی بەدی بکه‌ین.
پ) تێکچوونی هاوسه‌نگی نێوان فاکته‌ره‌ ده‌ره‌کی و ناوخۆییه‌کان:
ڕوخانی سه‌دام و هاتنی ئه‌مریکا بۆ ناوچه‌، ده‌وری فاکتۆ‌ره‌ ده‌ره‌کییه‌کانی به‌شێوه‌یه‌ک گه‌وره‌ و به‌رجه‌سته‌ کڕدۆته‌وه‌ و، به‌داخه‌وه بە هەمان راده‌‌ رۆڵی فاکتۆری ناوخۆیی تا رێژه‌یه‌کی زۆر که‌مڕه‌نگ کردۆته‌وه‌. سیاسه‌ت تا راده‌یه‌کی زۆر له‌ پێوه‌ندی دیپلۆماسی دا کورت‌ بۆته‌وه‌ و، واوێده‌چی که‌ له‌ لێكدانه‌وه‌ی بەشی بەرچاوی هێزەکان و تەنانەت ڕووناکبیران دا رۆڵی خه‌ڵک به‌ سفر گه‌یشتووه‌ و گرینگی ئه‌وتوێی نه‌ماوه‌‌. ئه‌م ره‌وته‌ که‌ ئێستا له‌ باشووری کوردستان بۆته‌ نۆرم، به‌داخه‌وه‌ ره‌نگدانه‌وه‌ی له‌سه‌ر هێزه‌ سیاسییه‌کانی رۆژهه‌ڵاتیش هه‌بووه‌ و سیاسه‌تی ئه‌و هێزانه‌ش ئێستا به‌ پله‌ی یه‌که‌م گه‌یاندنی ده‌نگی خۆیانه‌ به‌ ده‌وڵه‌تان و هێزه‌ سیاسییه‌کانی بیانی و به‌تایبه‌ت به‌ ئه‌مریکا. به‌مچه‌شنه‌ ناوه‌رۆکی سیاسه‌ت گۆڕانێکی قووڵی به‌سه‌ردا هاتووه‌ تا ئێستاش ئه‌م ئاڵوگۆرانه‌ به‌ وردی باس و شرۆڤه‌ نه‌کراون. به‌داخه‌وه ئه‌م ره‌وته‌‌ ده‌توانێ له‌گه‌ڵ خوێدا شێوازێک له‌ بیرکردنه‌وه‌ و مێنتا‌ڵیتی/ زه‌ینیه‌تیه‌کی دژه‌سیاسی بخوڵقێنێ و ببێته‌ هۆی ساردبوونه‌وه‌ی خه‌ڵک له‌ سیاسه‌ت، یان کۆبوونه‌وه‌ی هه‌ندێ که‌س له‌ ده‌وری ئه‌و هێزانه‌ به‌ مه‌به‌ستی جێخۆشکردنی خۆیان له‌ داهاتوودا.
ت) له‌ دۆگماتیزمه‌وه‌ به‌ره‌و پراگماتیزم:
هێزە سیاسییەکان کورد لەلایەکەوە ڕزگاریان بووە لە دۆگماتیزمی داسەپێندراوی قۆناغی شەری سارد، بەڵام لە هەمان کاتدا مه‌ترسی ئه‌وه‌ هه‌یه‌ که‌‌ دوگماتیزمی پێشووی به‌شێک له‌و هێزانه‌ به‌ پراگماتیزم پڕ ببێته‌وه‌.

به‌شیک له‌و ره‌وته‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ‌ نه‌بوونی ئاڵترناتیڤێکی شیاو. واته‌‌ له‌م قۆناغی گواستنەوەدا که‌س جێگرێکی باشتر له‌ لیبراڵ دێمۆکرات شک نابا‌ت، به‌ڵام له‌ هه‌مان حاڵدا سیستم و سترۆکتوری رێکخراوەیی هێزه‌ سیاسییه‌کان به‌پێی بنه‌مایه‌کی ته‌واو جیاواز له‌ بیری لیبراڵ دێمۆکرات‌ پێکهاتووه‌ و زیاتر فۆرمی رێکخراوێکی تۆتالیته‌ر یان عه‌شیره‌یی هه‌یه‌، نه‌ک سیستمێکی دیموکراتیک.  

کەوابوو پاش ئەو هەموو دابڕانە پرسیارکەتان دووبارە بەم شێوەیە گه‌ڵاڵه‌ دەکەمه‌وە: 'وەدیهێنانی خەونی دەوڵەتی کوردی تا چەند بە ئیرادەی خەڵکی کورده‌وه‌ به‌ستراوە و، تا چ ئاستێک پێوه‌ندی به‌ فاکتەری دەرەکییه‌وە هه‌یه‌؟' من لێرەدا دوو لایەنی ئەو پرسیارە بەم شێوەیە لێک جیادەکەمەوە: 'ئەگەر خواست و ئیرادەی نەتەوەییمان هەبێ' و 'ئەگەر ساز بکرێت'؛ چونکە ئێمە ئەگەر بمانەوێ سەرەتا لە سەر ئاستەنگ و کێشەکانی بەردەمی وەدیهێنانی دەوڵەتی کوردی بوەستین، بێگومان ویست و ئیرادەی نەتەوەیی و، پێش هەموو شتێک دروستکردنی ئەو ئیرادەیە شەرتی سەرەکییە. ئیمرۆ له‌م بابەته‌وە بزووتنه‌وه‌ی کورد له‌ هه‌موو کاتێکی دیکه‌ ده‌سکه‌وت و ده‌ره‌تاتی زیاتره‌، له‌ هه‌موو کاتێکی دیکه‌ ئیمکاناتی فکری زیاتره‌، چونکه‌ له‌ کوردستان نه‌وه‌یه‌کی نوێی خوێنده‌وار و رۆشنبیر پێگه‌یشتووه. به‌ڵام بەداخەوە له‌ هه‌مان کاتدا ستراتێژی بزووتنه‌وه‌ی کورد لەم بارەوە جارێ زۆر لێڵ و نارۆشنە.

 لەمه‌ڕ بەشی دووەمی پرسیارەکە: لە قۆناغی ئێستادا کە ئێمه‌ تێیدا ده‌ژین، به‌ڕواڵه‌ت هیچ ئاڵترناتیڤێکی دیکه‌ جارێ بوونی نییه‌، جگه‌ له‌و سیستمه‌ ده‌سه‌ڵاتدارییه‌ که‌ به‌سه‌ر جیهاندا زاڵه‌‌ و ئێمه‌ش به‌جۆرێک بۆ وەدیهێنانی خەونی دەوڵەتی کوردی پێویستمان بە یارمەتی و رای پۆزه‌تیڤی ئەو زلهێزانە هەیە. بەڵام من پێم وایە ئەگەر ئێمە ئیرادەی نەتەوەیی و ستراتێژی بنیادنانی ئەو ئیرادەیە بکەین بە تەوەری سەرەکی، ئەوکات هەم لە به‌ده‌ستهێنانی پشتیوانی ئەواندا سەرکەوتووتر دەبین و هەم نابین به‌ ئامێری کایه‌ی زلهێزه‌کان‌ و، هه‌روه‌ها ناشبین به‌ کلک و پاشکۆی سیاسه‌ت و هه‌ڵسوکه‌وتی ئه‌وان.



[1]  Gellner, E, Nation and Nationalism, p. 18
[2]  E. Seton-Watson Nations and States: An Enquiry into the Origins of Nations and the Politics of Nationalism, p. 5

نظرات

پست‌های معروف از این وبلاگ

زمان، نووسین، میدیا و ...

زمان، نووسین، میدیا، گوتاری نەتەوایەتی، ناسنامە و پەروەردە گفتوگۆ لەگەڵ د. جەعفەر شێخولیسلامی پرۆفیسۆری میوان، زانکۆی سۆران، کوردستان پرۆفیسۆری هاوکار، زانکۆی کارلتن، کەنەدا ئا: هادی محەمەدی سەرەتا: د. جەعفەر شێخولیسلامی ساڵی ١٩٦٠ لە گوندی لاچین، سەر بە شاری مەهاباد، لە دایک بووە. هەر لەو شارەدا خوێندنی سەرەتایی و ناوەندیی تەواو کردووە. لە کۆتایی حەفتاکاندا، بە دزی خۆی فێری زمانی زگماکی کردووە و دەستی بە نووسینی شیعر و چیرۆکی کوردی کردووە. لە سەرەتای هەشتاکاندا، لەناو میدیاکانی سەردەمی ڕاپەڕینی رۆژهەڵات و باشووری کوردستان و، دواتریش لە میدیای ئێرانی لە بوارەکانی هەواڵنێری، وتارنووسین، چیرۆک، شانۆنامە، رۆڵی شانۆیی و وەرگێڕاندا چالاکی نواندووە. لە ساڵی ١٩٨٨ بە ئەم لاوە، لە وەڵاتی کەنەدا نیشتەجێ بووە و، لەم بوارانەدا خوێندوویەتی: ئەنستیتۆ/پەیمانگە (کتێبخانە و ئاگاداری)، بەکالیۆرۆس (زمانەوانی گشتی)، بەڵگەنامەی مامۆستایەتی (زمانی ئینگلیزی وەکوو زمانی دووهەم)، مەستەر (زمانەوانی کارەکی/کارکردی) و دوکتۆرا (پێوەندییە گشتیەکان—گوتار و میدیا). دوای ئەوە کە نزیکەی دە ساڵ ما

"ئەقڵ و شۆڕش"، هێربێرت مارکوزە

کورتەیەک سەبارەت بە "ئەقڵ و شۆڕش"ی هێربێرت مارکوزە نووسینی توماس ئالمێر و: لە ئاڵمانییەوە: هادی محەمەدی مارکوزە کە لە ئاڵمانەوە ئاوارەی ئەمریکا بووبوو، ساڵی ١٩٤١ کتێبی „Reason and Revolution“ ی بە زمانی ئینگلیسی چاپ کرد. ئەم کتێبە دواتر بە ناوی „Vernunft und Revolution“ یانی ئەقڵ و شۆڕش/وەرچەرخان بە زمانی ئاڵمانی وەرگێڕدرا. مارکوزە لەم کتێبەدا هەوڵ دەدات بە سەرنجدان بە ئەندێشەی مارکس، کاریگەری فەلسەفەی هێگل لەسەر تیۆری کۆمەڵایەتی پیشان بدات. مارکوزە لەسەر ئەوە پێدادەگرێ کە هێگل بەپێچەوانەی زۆرێک لە بیرمەندانی پێش خۆی، لە بواری بزاڤ و ئیدەی پێشکەوتنخوازانەدا دیدگایەکی شێلگیرانەی هەیە. ئەو پێی وایە کە واوەتر لە گەشەکردنی پێکهاتەی فاشیستی لە جڤاتی ئێمەدا، پێویستە فەلسەفەی هێگل سەرلەنوێ بخوێنینەوە. ئەم کتێبە لە دوو بەش پێکهاتووە. لە بەشی یەکەم دا بنەماکانی فەلسەفەی هێگل ڕاڤە دەکات، لە بەشی دووهەم دا ڕەوتی پێکهاتنی تیۆری کۆمەڵایەتی شی دەکاتەوە. هەر لە بەشی دووهەم دا کە بابەتی ئەم وتارەی منە، بە سەرەتایەک بەناوی "لە فەلسەفەوە بەرەو تیۆری کۆمەڵایەتی"

قوتابخانەى فرانکفۆرت

مارکوزە و قوتابخانەى فرانکفۆرت marcuse and Frankfurt school براین مەگى سەرەتا: ئەو قەیرانە ئابوورییە کە لە مەوداى دوو جەنگى جیهانیدا زوربەى وڵاتانى رۆژئاوایى گرتەوە، بەڕاى زۆربەى چەپەکان سەرەتاى رووخانى سیستمى سەرمایەدارى بوو کە ئەوان بەردەوام لە تیۆری مارکسیستى دا پێشبینیان کردبوو. ئەگەرچى بەپێى ئەم تیۆرییە دەبوو ئاکامى ئەم دۆخە بە کۆمۆنیزم بگات، بەڵام لە هیچ وڵاتێکى ئوروپا ڕژیمى کۆمۆنیستى نەهاتە ئاراوە. به‌پێچه‌وانه‌وه‌ ئەوەى سەرکەوت فاشیزم بوو. هەندێ لە چەپەکان بەجۆرێک لەم دۆخە ناهومێد بوون کە بەجارێک دەستیان لە مارکسیزم هەڵگرت. هەندێکى تر قەت تووشى ڕاڕایى نەهاتن و هەروا لەسەر بڕواکانى خۆیان مانەوە. گروپێکى تریش لەنێوان ئەم دوو رەوتەدا وەک چەپ مانەوە- یان دەیانویست بمێننەوە- بەڵام پێیان وابوو، بۆوەى مارکسیزم بتوانێ هەروا جێگەى بڕوا و متمانە بێت، دەبێ سەرلەنۆى شروڤە بکرێ و بەخۆیدا بچێتەوە. گرووپێ لەم کەسانە کۆتایى دەیەى 1920 لە شارى فرانکفۆرت کۆبوونەوە، کە دواتر بە ئەندامانى "قوتابخانەى فرانکفۆرت" ناوبانگیان دەرکرد. لە راستیدا ئەم کەسانە بۆ ماوەێکى زۆر لە فرانکفۆرت نە