رد شدن به محتوای اصلی

یادێک لە بەهمەن عێزەتی

مردم کامیاران جلو تانکهای ارتش خوابیدند!

ئەوانەی کە نامەکانی مامۆستا فەرزاد کەمانگەریان خوێندۆتەوە، دەزانن کە لە چەند شوێنێک باسی سەمەد بێهرەنگی، خانعەلی و بەهمەن عێزەتی دەکات! بەڵام ئاخۆ بەهمەن عێزەتی کێ بوو؟
ئەم وێنەیە بەهمەن عێزەتی یە! مامۆستای چەپ و شۆڕشگێڕ، وەرزشڤان، بەئەمەگ و دڵسۆز. ساڵی ١٣٥١ لە بواری مێژوودا لیسانسی وەرگرت و پاشان بوو بە مامۆستای خوێندنگەکانی کامێران. بەهمەن عێزەتی وەک مرۆڤێکی شۆڕشگێڕ، ئەڤینداری پیشەی مامۆستایی و خەبات و وشیارکردنەوەی خەڵکی هەژار و خوێندکاران بوو. هێندە بە ڕێز و حورمەتەوە لەگەڵ خوێندکاران هەڵس و کەوتی دەکرد، کە لە کاتی دەرس وتنەوەدا قەت پشتی تێ نەدەکردن؛ یانی ئەگەر بەناو پۆلدا تا خاڵی کۆتایی دەهات، لەم سەریشەوە هەر پشتاوپشت دەگەڕایەوە، بۆ ئەوە کە پشت لە خوێندکاران نەکات!

بەهمەن عێزەتی بە درێژەی ئەو  چەند ساڵە، یانی لە ساڵی ١٣٥١ تا ١٣٥٨ نەسلێک شاگردی پەروەردە کرد کە زۆربەیان لە سەرەتای شۆڕش دا چەکیان هەڵگرت و بوون بە پیشمەرگە و لەپێناو ئامانجەکانیان گیانیان بەخت کرد.
لە مانگی گەلاوێژی ١٣٥٨ دا کە خومەینی دژ بە گەلی کورد، فەرمانی جیهادی دەرکرد، کاتێ کە ئەرتەشی رژیمی ئیسلامی هێرشی کردە سەر کوردستان، ئەم هەواڵە بوو بە سەردێڕی خەبەری بەشێک لە رۆژنامەکانی تاران: "مردم کامیاران جلو تانکهای ارتش خوابیدند!"
 ئەرێ! هەواڵ راست بوو! هێزێکی زۆری رێژیم بە مەبەستی سەرکوتکردنی خەڵکی شارەکانی سنە و مەریوان لە کرماشانەوە وەرێ کەوتبوو، بەڵام کە گەیشتە کامێران، خەڵکی وشیار و شۆڕشگێڕ پێشیان پێگرت و لە گەرمای قرچەی هاوین دا لەسەر جادەکان خەوتن و وتیان: ئێمە نایەڵین ئەم ئەرتەشە بڕوات و هاوزمانەکانمان لە سنە و مەریوان سەرکوت بکات! مەگەر ئەوە کە بەسەر جنازەی ئێمەدا بڕوات!
 بەوجۆرە خەڵکی کامێران توانیان بۆ ماوەی ١٥ رۆژ پێش بە هێزی ئەرتەشی داگیرکەر بگرن. بێگومان رێبەری سەرەکی وەها بزاڤێکی مەدەنی و جەماوەری مامۆستا بەهمەن عزەتی بوو. ئەوەش لە کاتێکا بوو کە عێزەتی شۆڕشگێڕ بەردەوام پێ یەکی لە مەریوان و، پێ یەکی لە کامێران بوو...
 پاش فەرمانی جیهادی خومەینی لە رۆژی ٢٨ گەلاوێژدا، کاتێ کە هێزەکانی ئەرتەشی داگیرکەر هێرشیان کردە سەر شاری پاوە و خەڵکێکی زۆر کوژران و بریندار بوون، کەس نەبوو بگاتە فریای خەڵکی برینداری لێقەوماو. لەم نێوەدا دۆکتور قاسم رەشوەند، دۆکتۆرێکی چەپ و ئازادیخوازی خەڵکی تاران، دێت و دەیەوێ بچێت بە هانای ئەو خەڵکەوە، مامۆستا بەهمەن عزەتیش وەکوو هاوڕێ لەگەڵی دەکەوێ و دەچێ بۆ شاری پاوە. ئەمەش لە کاتێک دایە کە جوخەی مەرگی رژیمی ئیسلامی بە سەرۆکایەتی خەڵخاڵی گەیشتۆتە کوردستان و خەریکە ئەچێ بەرەو پاوە!
سەرلەبەیانی رۆژی ٣٠ی گەلاوێژ؛ خەبەر تاڵ و ژاناوی بوو: مامۆستا بەهمەن عێزەتی و دۆکتۆر قاسم رەشوەند و دە نەفەری دیکە بە دەستوری حاکمی شەرع خەڵخاڵی لە شاری پاوە ئێعدام کران!
بێگومان تێداچوونی بەهمەن عێزەتی و د. رەشوەند خەسارێکی مەزن بوو بۆ بزاڤی پێشکەوتنخوازانە و شۆڕشگێڕانەی کوردستان، بەڵام بەدرێژەی ئەو ٣٤ ساڵە یاد و ناوی بەهمەن عێزەتی لە دڵی هەموو خەڵکی ناوچەکەدا هەر زیندووە! بەجۆرێک کە مامۆستا فەرزاد کەمانگەر خۆی بە درێژەی رەوت و نەریتێک دەزانی کە بەقووڵی لەژێر کاریگەری دەرسەکانی عیزەتی دا بوو...    


نظرات

پست‌های معروف از این وبلاگ

زمان، نووسین، میدیا و ...

زمان، نووسین، میدیا، گوتاری نەتەوایەتی، ناسنامە و پەروەردە گفتوگۆ لەگەڵ د. جەعفەر شێخولیسلامی پرۆفیسۆری میوان، زانکۆی سۆران، کوردستان پرۆفیسۆری هاوکار، زانکۆی کارلتن، کەنەدا ئا: هادی محەمەدی سەرەتا: د. جەعفەر شێخولیسلامی ساڵی ١٩٦٠ لە گوندی لاچین، سەر بە شاری مەهاباد، لە دایک بووە. هەر لەو شارەدا خوێندنی سەرەتایی و ناوەندیی تەواو کردووە. لە کۆتایی حەفتاکاندا، بە دزی خۆی فێری زمانی زگماکی کردووە و دەستی بە نووسینی شیعر و چیرۆکی کوردی کردووە. لە سەرەتای هەشتاکاندا، لەناو میدیاکانی سەردەمی ڕاپەڕینی رۆژهەڵات و باشووری کوردستان و، دواتریش لە میدیای ئێرانی لە بوارەکانی هەواڵنێری، وتارنووسین، چیرۆک، شانۆنامە، رۆڵی شانۆیی و وەرگێڕاندا چالاکی نواندووە. لە ساڵی ١٩٨٨ بە ئەم لاوە، لە وەڵاتی کەنەدا نیشتەجێ بووە و، لەم بوارانەدا خوێندوویەتی: ئەنستیتۆ/پەیمانگە (کتێبخانە و ئاگاداری)، بەکالیۆرۆس (زمانەوانی گشتی)، بەڵگەنامەی مامۆستایەتی (زمانی ئینگلیزی وەکوو زمانی دووهەم)، مەستەر (زمانەوانی کارەکی/کارکردی) و دوکتۆرا (پێوەندییە گشتیەکان—گوتار و میدیا). دوای ئەوە کە نزیکەی دە ساڵ ما

"ئەقڵ و شۆڕش"، هێربێرت مارکوزە

کورتەیەک سەبارەت بە "ئەقڵ و شۆڕش"ی هێربێرت مارکوزە نووسینی توماس ئالمێر و: لە ئاڵمانییەوە: هادی محەمەدی مارکوزە کە لە ئاڵمانەوە ئاوارەی ئەمریکا بووبوو، ساڵی ١٩٤١ کتێبی „Reason and Revolution“ ی بە زمانی ئینگلیسی چاپ کرد. ئەم کتێبە دواتر بە ناوی „Vernunft und Revolution“ یانی ئەقڵ و شۆڕش/وەرچەرخان بە زمانی ئاڵمانی وەرگێڕدرا. مارکوزە لەم کتێبەدا هەوڵ دەدات بە سەرنجدان بە ئەندێشەی مارکس، کاریگەری فەلسەفەی هێگل لەسەر تیۆری کۆمەڵایەتی پیشان بدات. مارکوزە لەسەر ئەوە پێدادەگرێ کە هێگل بەپێچەوانەی زۆرێک لە بیرمەندانی پێش خۆی، لە بواری بزاڤ و ئیدەی پێشکەوتنخوازانەدا دیدگایەکی شێلگیرانەی هەیە. ئەو پێی وایە کە واوەتر لە گەشەکردنی پێکهاتەی فاشیستی لە جڤاتی ئێمەدا، پێویستە فەلسەفەی هێگل سەرلەنوێ بخوێنینەوە. ئەم کتێبە لە دوو بەش پێکهاتووە. لە بەشی یەکەم دا بنەماکانی فەلسەفەی هێگل ڕاڤە دەکات، لە بەشی دووهەم دا ڕەوتی پێکهاتنی تیۆری کۆمەڵایەتی شی دەکاتەوە. هەر لە بەشی دووهەم دا کە بابەتی ئەم وتارەی منە، بە سەرەتایەک بەناوی "لە فەلسەفەوە بەرەو تیۆری کۆمەڵایەتی"

قوتابخانەى فرانکفۆرت

مارکوزە و قوتابخانەى فرانکفۆرت marcuse and Frankfurt school براین مەگى سەرەتا: ئەو قەیرانە ئابوورییە کە لە مەوداى دوو جەنگى جیهانیدا زوربەى وڵاتانى رۆژئاوایى گرتەوە، بەڕاى زۆربەى چەپەکان سەرەتاى رووخانى سیستمى سەرمایەدارى بوو کە ئەوان بەردەوام لە تیۆری مارکسیستى دا پێشبینیان کردبوو. ئەگەرچى بەپێى ئەم تیۆرییە دەبوو ئاکامى ئەم دۆخە بە کۆمۆنیزم بگات، بەڵام لە هیچ وڵاتێکى ئوروپا ڕژیمى کۆمۆنیستى نەهاتە ئاراوە. به‌پێچه‌وانه‌وه‌ ئەوەى سەرکەوت فاشیزم بوو. هەندێ لە چەپەکان بەجۆرێک لەم دۆخە ناهومێد بوون کە بەجارێک دەستیان لە مارکسیزم هەڵگرت. هەندێکى تر قەت تووشى ڕاڕایى نەهاتن و هەروا لەسەر بڕواکانى خۆیان مانەوە. گروپێکى تریش لەنێوان ئەم دوو رەوتەدا وەک چەپ مانەوە- یان دەیانویست بمێننەوە- بەڵام پێیان وابوو، بۆوەى مارکسیزم بتوانێ هەروا جێگەى بڕوا و متمانە بێت، دەبێ سەرلەنۆى شروڤە بکرێ و بەخۆیدا بچێتەوە. گرووپێ لەم کەسانە کۆتایى دەیەى 1920 لە شارى فرانکفۆرت کۆبوونەوە، کە دواتر بە ئەندامانى "قوتابخانەى فرانکفۆرت" ناوبانگیان دەرکرد. لە راستیدا ئەم کەسانە بۆ ماوەێکى زۆر لە فرانکفۆرت نە