رد شدن به محتوای اصلی

سێڤین

سێڤین، فڕین، ئەڤین


پاڵ کەوتبوو. جار و بار ورینگەی دەهات و لەبەر خۆیەوە گۆرانی دەوت. هەندێ جاریش خەیاڵی باڵی دەگرت و بۆ دوور دەفڕی. لەم کاتەدا پەیتا پەیتا جگەرەی دادەگیرساند. دەتوت بیری گڕی تێبەربووە. پاش چەند ساتێ هەمدیس ئارامی دەگرت و دیسان ورینگە ورینگ گۆرانی دەوتەوە. 
منیش هاوکات کە خەریکی خوێندنەوە بووم، بە پرسیارێکی لەناکاو دەستم پێکرد: 
ئەو وتەیەی "پۆلینا"ت بیستووە؟
 نیوە ئاوڕێکی لێم دایەوە و وتی: ها؟ نا! پۆلینا کێ یە؟
وتم: نایناسی؟ پۆلینا سوسولڤا، هەر هەمان دڵداری داستایڤسکی و راڤیاری بەرهەمەکانی.
بزەیەکی هاتێ و وتی: چ سەرنجڕاکێش! هەم دڵداری بووە و هەم بەرهەمەکانیشی تەفسیر کردووە! خودا خێر بدات ئاوا ئەیدات! نەمبیستووە، جا چی وتووە؟
وتم: "دەڵێ داستایڤسکی هێندە مرۆڤێکی مەزن و بەخشندەیە کە دڵدارەکانی بە خەڵکی تر دەبەخشێ!
سەرەتا بە بزەیەکی تەوساوی لێوی بزواند، پاشان سەرنجی باڵی گرت. قوول لە دیواری بەرانبەری ڕاما. ئەوجار رەنگی روخساری گۆڕا. دەتوت نەختێ شڵەژا. ئاخری هاتە زمان و وتی: "ئەمە ئیتر نەوبەرە، دەگمەنە، لەلایەک مەحشەرە، لەلایەک کارەساتە، نا بابە مەرگەساتە! جا هەر بەڕاستی شتی وا ڕووی داوە؟
وتم: ئەرێ بابە! ساڵی ١٨٦٥ لە پاریس خودی پۆلینای بە دیاری داوە بە کوڕێکی ئیسپانیایی. ئەڵبەت ئەوجۆرە کە لە ڕۆمانەکانی دا دەردەکەوێت ئەم کارە کارێکی ئاسان نییە. سەخت و ژاناوییە. وەک خۆت وتت مەرگەساتە. داستایڤسکی لە لایەک لەپێناو حەزی پۆلینا وەها کارێک دەکا و لەوە کە دڵی پۆلینا شاد دەکا، بۆ خۆی لەزەت دەبات؛ بەڵام لەلایەکی ترەوە دێوی ویست و خۆپەرستی لەناخەوە ئەیکرۆژێ و بەسەختی ئازار دەچێژێ و هەردەم بە خۆی دەڵێ: وای پۆلینای من! هەناسەی من! کزەی جەرگی من! چۆن دەبێ ئێستا لە باوەشی کەسێکی تردا بێ!" ئاوەها هەستێکی ناکۆک! لێم تێدەگەی؟ جا خۆ هەر کەسێک ناتوانێ ئەم کارە قەبووڵ بکات. وەک دەزانی هەر لەسەر پرسی ژن هەزاران کەس کوژراون. شەڕی وڵاتان و دەوڵەتان هەڵگیرساوە. دنیا وێران کراوە. هەر بۆ نموونە شەڕی بەناوبانگی ترۆڤا لەسەر "هێلێن" بوو. شەرێک کە دە ساڵ درێژەی کێشا. شاری ترۆڤا خاپوور کرا. قارەمانانێکی وەکوو هێکتۆر و ئاشیل کوژران. لەبیرتە پێریامی پیر کاتێ تەرمەکەی هێکتور دێنێتەوە چ حاڵێکی هەیە! مێژوو قەت ئەم دیمەنە لەبیر ناکات! شەڕێک کە بوو بە هەوێنی شاکارێکی وەکوو ئیلیاد... بەڵام ئێستا لای داستایڤسکی دروست پێچەوانەی ئەمە ڕوو دەدات. داستایڤسکی دەگەڕێتەوە بۆ دەروونی مرۆڤ و دەیەوێت دێوی خۆپەرەستی کە دەبیتە هۆی شەڕ و خوێن ڕشتن و کاولکاری، لە دەروونی مرۆڤ دا بکوژێ. تۆ بیهێنە بەر چاوی خۆت: مرۆڤێک ژنێکی خۆش دەوێت، بەتەواو مانا ئەڤینداریەتی. بەڵام بەخاتر حەزی خۆشەویستەکەی دەیەوێت بە کەسێکی تری ببەخشێت. وەها ڕووداوێک مرۆڤی ئاسایی شێت و دەهری دەکات. داستایڤسکی بلیمەتە کە دەتوانێ بەسەر وەها حاڵ و هەستێک دا زاڵ ببێت. نەک هەر بلیمەت، بەڵکوو مرۆڤێکی ئێجگار سەیرە. دێوەزمەیە. ئەوەیە کە دەڵێن داستایڤسکی پێشەنگی دەروونناسییە. ئەو بەمجۆرە هەم هەستێکی ناکۆک و دوالیستی دەروونی مرۆڤ باس و راڤە دەکات، هەم هەوێن و بابەتی نووسینەکانی فەراهەم دەکات."
مژێکی قووڵ لە جگەرەکەی دەدا و پاشان گەواڵ گەواڵ دووکەڵی شین و مۆر لە دەم و لووتییەوە دێنە دەرێ. لەگەل دووکەڵ و هاڵاوی هەناسەی بۆ چەند ساتێ مەلی بیری بۆ دوور دەفڕی. دوور و دوورتر. ئەوجار لەوپەڕەوە باڵ دەگرێت و هەم دێتەوە. خێرا دواین مژی لە جگەرەکەیدا و کوژاندییەوە. ئینجا وتی:
"لەوەش واوەترە. داستایڤسکی دەردی گرانە. ئیسە ئەزانم بۆ فرۆید دەڵێ داستایڤسکی مازوخیستە. هەر بەڕاستی مازوخیستە. وەها دەرد و ژانێک شان و باهۆ تێکدەشکێنێ. پیاو کاول دەکات. هەر بەمەش کۆتایی نایە. ئەم بەسەرهاتە زۆر جێگای سەرنج و بیرکردنەوەیە. مرۆڤ بوونەوەرێکی ئاڵۆز و فرەلایەنەیە. جا پێم بڵێ ئەم بابەتە هەر لەمەڕ پۆلینا ڕووی داوە، یان نموونەی تریش لە ژیانی دا هەبووە؟
گوتم: کورە بابە لەمەڕ "ماریا" یەکەم ژنیشی رووی داوە. ئەڵبەت لە سەردەمی دەزگیرانی دا. داستایڤسکی خۆی ئاشقی ماریا بوو. بەڵام هاوکات پیاوێکی تریش ماریای خۆش دەویست. داستایڤسکی زۆر جار دەیوت: ماریا من حازرم هەر کارێک بکەم تا تۆ بە ئەڤینەکەت بگەیت و لەگەڵیا خۆشبەخت بیت. ماریا لە من گەڕێ! ئەمن لەبیر بکە! من نەگبەتم! من بۆ ژیان ناشێم. من دڵنیام لەگەڵ ئەودا بەختەوەر دەبی! ماریا دەخیلت بم لێم تێبگە! بە قسەم بکە!" بەڵام ماریا بە قسەی نەکرد. داستایڤسکی هەڵبژارد."
دیسان بەقووڵی بە دەریای بیر و خەیاڵا ڕۆچوو. منیش هاوکات کە خەریکی خوێندنەوە بووم، جار و بار وشەیەک ڕستەیەکم بەرەو لای فڕە دەدا. هەمدیس لە ورینگە دەکەوت و جگەرەیەکی تری دادەگیرساند. کاتێ بیری لە شتێک دەکردەوە. جگەرەی بە جگەرە دادەگیرساند و پەیتا پەیتا مژی لێدەدا و تەواو ژوورەکەی قانگ دەدا. ئێستاش لەو کاتانە بوو. هەر کە دواین جگەرەی کوژاندەوە وتی: "بەد جۆرێک خستمتە ناو بیر و خەیاڵ. بابەتێکی سەیر و سەرنجڕاکێشە. دەبێ خوێندنەوەی داستایڤسکی دەست پێ بکەم. لە دنیای ئەدەبیات دا هەندێ باس و بەسەرهات هەن کە لە دۆڕ و یاقووت بەنرخترن. دەبێ بە زێڕ بنووسرینەوە. بۆ وێنە ئەو قسەیەی شیکسپیر...
ئیتر بیر و هۆشم لە لای کتێبە بۆر نەما. دەستم لە خوێندنەوە هەڵگرت و وتم: کام قسەی؟
وتی: "ئەوە کە دەڵێ "وای لە کزەی زامی ئەڤینی سووکایەتی پێکراو!"
وتم: ئەها! پێم وایە لە هاملێت دایە!
وتی: ئەرێ، ئافەرین! چاکت لەبیر ماوە. بەڵام دەزانی هەر ئەم قسەیە جارێکیان منی نەجات دا. ئەگەر ئەوە نەبایە بۆ هەمیشە شەرمەساری ئەڤین دەبووم. ئەڵبەت هەر ئەمە نەبوو، رەنگە ئەوەی "کازانتزاکیس"یش بوو. ئەوەی زوربا!
وتم: کامە! جا خۆ زوربا قسە زۆرە. ئەویش چ قسەهایەکی حەکیمانە!
 وتی: جا خۆ بەمجۆرە سوودی نییە. من دەبێ ئەو بەسەرهاتە بگێڕمەوە. ئاخ! چ سەردەمێک بوو! سێڤین! سێڤین!
وتم: وای سیڤین!
ئاخێکی تری هەڵکێشا و داخ و حەسرەتی دەروون و هاڵاوی هەناسەی لەگەڵ دووکەڵی شین تێکەڵاو بوون. ئەوجار وتی ئیستاش نازانم سڕی کەلامی شیکسپیر بوو یان سێحری پەیڤی کازانتزاکیس! ئەگینا من بۆ هەمیشە شەرمەسار دەبووم!
ئەوجار شانی بۆ شل کرد و دەستی بە گێڕانەوە کرد:


"سێڤین دەیزانی کە من ئاشقی ئەو نیم. بەڵام بەمەیشەوە هەستێکی ئاگرینی بۆم هەبوو. ئاگری ئەو هەستە هەردەم بڵێسەی دەساند و قەت نەیدەتوانی دەس هەڵگرێت. چەند مانگێ بوو پێکەوە کارمان دەکرد. سەرەتا هەستم دەکرد نهێنیەک لە نیگاکانی دایە. بەڵام لەم دواییانەدا ئیتر بە تیشک و پرشنگی ئەو چاوانەی پەیامی خۆشەویستی دەباراند و ئاشکرا ئەیدرکاند کە گیرۆدەی چ ئەڤینێک هاتووە! بەڵام بۆم پرسیار بوو کە هۆی چییە ئاوەها شەیدا بووە!

تا ئەوە کە ئاخری تاقەتی تاق بوو. ڕۆژێکیان هات و ڕاشکاوانە وتی:
"ئەزانی من بۆ تۆم خۆش دەوێ؟"
پرسیارێکی لەناکاو بوو. دەتوت لە بانێکی بەرزەوە فڕەم ئەدەنە خوارەو. هاوکات کە پەشۆکابووم بە بزەیەکی تەوساوی وتم: "مەگەر کەسێک فرە نەگبەت بێ و خودا سەری لێشێواندبێ کە منی خۆش بوێ!"
بزەیەکی هاتێ و دیسان وتی: "من سەوداسەرم گیانە! واوەتر لە سەرلێشێوان. بەڵام هەر بەڕاستی دەزانی بۆ؟"
وتم: "نا، دە بڵێ بۆ؟"
وتی: "تۆ زۆر مەند و ئارامی. دەڵێی دەریایەکی ئارام و بێ سنووری. بەڵام من دەزانم کە سەدان گڕکانی ژان و ئەڤین لە دەروونتا لە سووتان و خرۆشان دایە. هەر ئەمەشە منی شەیدا کردووە کە چۆن دەتوانی ئەم هەموو گڕکانە دەستەمۆ بکەیت و ئاوا هێمن و ئارام بیت؟!"
نایشارمەوە کە بەم وتانەی تەزی شایی بە گیانما گەڕا. لە وڵامدا وتم:
 "بەهـ بەهـ! چ تەفسیرێکی شاعیرانە! چەنێ فیلسوفانە! چەندە دەروونناسانە! براڤۆ براڤۆ! ئەوە بەڕاستی دەڵێی، یان دەتەوێ ورە و دڵگەرمیم پێ ببەخشی؟"
بزەیەکی شیرین لەسەر رومەتی خزا و گوتی: "ئا هەر بەڕاستی دەڵێم، تۆ ڕێک ئاوایت! بەتایبەت کاتێ کە سەبارەت بە ئەدەبیات یان فەلسەفە قسە دەکەیت مرۆڤی وشیار باشتر ئەم ڕاستییە هەست پێدەکات کە چ ژان و ئەڤین و گڕکانێک لە ناخت دایە: ژانی ئەم هەموو برین و ئازارە و، ئەڤین بە فڕین، ئەڤین بە ئازادی و مرۆڤایەتی. ئەڤین بە تێکشکاندنی ئەم بەند و زنجیرانە و گەیشتن بە هەرێمی زەنوێری ئازادی! مرۆڤ تا کاتێ کە قسە نەکات، تا هەست و شعووری دەرنەبڕێت، کەس نایناسێت. تا ئەوکاتەش کە تۆ قسەت نەکردبوو، من زۆر رقم لێت هەبوو. دەموت ئەم کابرا بۆ هێندە گرژ و تاڵە؟ بەڵام وادیارە مرۆڤێک کە بتوانێ ئەو هەموو خرۆشان و چەپۆکانەی دەروونی دەستەمۆ بکات، نەختێ تاڵیش دەبێت!"
بەم قسانەی زیاتر شاگەشکە بووم. بەڵام خۆم لێ نەبان کرد و وتم: "پێم ڕادەبوێری ئەرێ؟ شێتیت وەک یاقووتە! بەڵام...
قسەکەی پێ بڕیم و وتی: "نا! هەر بەڕاستی دەڵێم. بەڵام ئەو تاڵییەت بەتامتری کردوویت. دەڵێی شەرابی کۆنی سەد ساڵەیت! تاڵی، بەڵام مرۆڤ مەست و حەیران دەکەیت! ئەڵبەت هەر کەسێک ناتوانێ لەو شەرابەی تۆ بخواتەوە. مەگەر ئەوە کە بۆ خۆی هەست و جۆشێکی تیا بێت."
کە ئەمەی وت، پڕ بووم لە هەستی شانازی! ئەوجار زیاتر ورەم هاتێ و لە کاتێکا کە چاوم لە سینگ و مەمکی بڕیبوو وتم: "گەر ئەو جووتە شەکرە سێوەی سێڤینم رێبەر بن، بەسەر هەزاران تۆف و گێژەنی تاڵ دا زاڵ دەبم!"
لەکاتێکا کە لە شەرما گۆناکانی سوور هەڵگەڕابوون و پرشنگی بەتینی پڕئەڤینی چاوەکانی مرۆڤی دەهری دەکرد، بە بزەیەکی گەرمەوە وتی: "بەڵام ئێستا بەدیلت گرتووم!"
دیسان تەزێکی تر بە گیانما گەڕا. تەز و مووچرکەی حەز و ئەڤین. بەڵام هەوڵم دا کە ئاسایی بنوێنم. بۆیە لە وڵامدا وتم: "ئەمن؟ منێ کە باسی تێکشکاندنی بەند و زنجیر دەکەم! منێ کە باسی ئازادی و هەڵفڕین دەکەم؟"
بە دەنگێکی نزم و سێحراوی، دەنگێ لە چەشنی جریوەی بولبولان، بە نەرمی وتی: "هەر ئەڤینی ئەو فڕین و ئازادییەیە کە منی یەخسیر کردووە. چ بەندێکی گرانە بەندی ئازادی! منیش دەمەوێ بفڕم. منیش دەمەوێ بچریکێنم، بەند و زنجیر تێکبشکێنم. منیش ئەڤداڵی ئازادیم هەڤاڵ!"
لە جوانی گەڕێ. هەر بەو قسانەی منی دەهری کرد. هەستم دەکرد بە قسەکانی رەمز و رازی چاوەکانی ئەدرکێنێ. لە وەڵامدا وتم: "وای سێڤین! تۆ دەزانی دابڕان لەم زەمینە نزم و پەستە و هەڵفڕین بەرەو شاخ و چیاکان چ کەیف و لەزەتێکی هەیە! دەزانی باڵگرتن و شەقژن بەو شیناییە بەرز و بەرینەوە چەندە نەشئەبەخشە؟ من باڵندە نیم بەڵام بە باڵی بیر و خەیاڵ هەڵفڕیوم. وەک دەبینم تۆش هەر ئێستا لە شەقژن دای! تەشقت گرتووە و بەرزیش دەفڕیت! باس و دیالۆگێکی لەم چەشنە خۆی هەڵفڕینە. بەڵام بۆ ئەوەی تیژباڵ بی و بەرزتر بفڕی و تا سنووری بێ سنوور ببڕی، پێویستت بە هاوباڵ هەیە. داخی داخانم! زۆربەی مرۆڤ کە ناتوانن بفڕن، تەنیا باڵن. نەک هەر مرۆڤ باڵندەی تەنیا باڵیش ناتوانی بەرز بفڕێ. تەنیایی ئەستەمە، نەک هەر پەڕ و باڵ، رۆح و دەروون دەڕزێنێ!"
بە نیگای پڕ لە ناز و عیشوە ڕاست چاوی لە ناو چاوم بڕی و وتی: "بەڵام ئەمن تەنیا باڵ نیم، من هاوباڵی خۆم دیوەتەوە. چ هاوباڵێکی تیژ باڵیش! دەمەوێ پێکەوە ئێجگار بەرز بفڕین، بە شەقژنی تیژی شاباڵ پەردەی تەم و مژ و تاریکی بدڕین. تا مانگ و ئەستێرەکان بفڕین. لە ناو شەپۆلانی تریفەی مانگ و، لەبەر ورشە و جریوی ئەستێران دا مەلە بکەین و پەڕ و باڵمان بشۆرین. واوەتر و واوەتر بڕۆین. تەنانەت تا هەرێمی هەتاو بفڕین. وەکوو قەقنەس لە نێو ئەو ئاگرە زێڕینەدا بسووتێین و بسووتێین و بژێینەوە. وای مەزدا ئەهورا! ئەوکات باڵی بیرمان چەندە هەراو دەبێ! چەندە تیژ و خاراو دەبێ! کێوی تاریکی شەق دەکەین و نەک هەر زەوی و ئاسمان، بگرە هەموو کاکێشان چراخان و روناک دەکەینەوە..."  

بەم هەموو شوور و شەوقەی، بە بەرزەفڕی تا ئەم ئاستەی تەواو سەرمەستی کردم. لەو ساتەدا من بەختەوەرترین مرۆڤ بووم! لە تەشقی کۆلارەدا بووم. لەو بەرزەوە شایی و گۆڤەندم دەگێڕا. بیر و حەزم پەرەی دەسەند و دەریای خەیاڵم فراوانتر دەبوو. سەدان گڕکانی حەز و خولیا لە دەروونما کەوتبوونە چەپۆکان و شەپۆلان. دەمویست دەستەو ملانی بم و بە ماچێکی ئاگرین لێوەکانی بمژم. رومەتم گڕڕی گرتبوو. بۆ چەند ساتێ هەستم دەکرد هەر ئیستا هەڵدەستم و لە باوەشی دەگرم... ئاخ لە دەستی ئەقڵی فریوکار! جڵەوی بە هەستی سەرکەشم گرت: ئێستا ئەگەر پەپوولەی ماچ بفڕێ، ئەم هەڤپەیڤینە شیرینە خراپ دەبێ، کۆتایی دێ! بۆیە ئەسپی سەرشێتی هەستم جڵەو کرد و لە وەلامدا وتم:
 "چ خاتوونێکی فیلسوف! چەندە جوانە و ژیرانە بە هەرێمی تریفە و وریشە و جریوەدا تا پرشنگی زیڕین و ئاگرین فڕاندمت! هەتا قەقنەس، هەتا سووتان و سووتان و سووتان و ژیانەوە... چ ڕندانە بە هەرێمی هێما و ئایدیا و متافۆردا تا سنووری بێ سنوور بردمت! بەڵام ئەمن دەمەوێ باسی دنیای کۆنکرێت و ڕئالیش بکەین. مرۆڤ کە هەلومەرجی خۆی ناسی، کە بە دڵ و دەروون ئازاد بوو. کە توانی بوێرانە بیر بکاتەوە و تابووەکان تێکبشکێنێ. کە بیری لە بەند و زنجیری ترس و دین و دۆزەخ رزگار کرد، ئەوجار مرۆڤێکی ئازادە و بەردەوام لە هەڵفڕین دایە. فڕین تا تەشقی کەشکەشان. فڕینی بیر و ئەندێشە تا سنووری بێ سنوور...  

* * *
ماوەیەک بوو زۆر تێکەڵ بووبووین. مرۆڤیش بوونەوەرێکی سەیرە. سەرەتا زۆرم خۆش دەویست. نیگاکانی قووڵ و گیرا بوون. هەستم دەکرد نیگای ئەو چاوانە رەمز و ڕازێکی تێدایە. هەندێ جار پرشنگێک لە نیگای دا بروسکەی دەدا. پرشنگی ئەڤین. رەنگە هەر بەو پرشنگە منی ئەنگاوت. لە بیرکردنەوەشدا زۆر قووڵ و وردبین بوو. جوانی و هونەری دەناسی. لە ژن دا بەدەگمەن مرۆڤی وەها قووڵ و بوێر هەڵدەکەون. رەنگە هەر ئەمە بوو کە بووم بە هۆگری. بەڵام لەم دنیایەدا زۆر شتی سەیر ڕوودەدات. زۆری پێ نەچوو، پاش چەند مانگێ، لەناکاو سارد بوومەوە. هەستم وەک جاران نەما. نازانم بۆچی وام لێهات. دەتوت لەپڕ تەلیسم کرام، تەلیسم، سێحر، ئەفسوون... ئەویش ژنێکی ئەهلی هونەر بوو. خاوەن زەوق و وشیار و بەهرەوەر بوو. خێرا هەستی بەو ساردییە کرد. رۆژێک هات و وتی: هەست ئەکەم مەیلی جارانت نەماوە. دەڵێی گۆڕاوی. وا دیارە ئەم پێوەندییە ئیتر چێژت پێ نابەخشێ! پێت خۆشە هەر لێرەدا تەواوی بکەین؟
ئیستێکم کرد و هەوڵم دا باسەکە بگۆڕم. خەتا لە لایەن منەوە بوو. خراپ جۆرێ تووش هاتبووم. نەمدەزانی دەبێ چ بکەم. بەناچاری جگەرەیەکم داگیرساند و پەلم بەرەو دنیای سیاسەت هاویشت. ئەویش خیرا لە مەبەستم تێگەیشت و ڕێی پێگرتم، دیسان گوتی: هەڤاڵ! باسەکە مەگۆڕە. پێم بڵێ بۆ وا ساردیت؟ پێت خۆشە لێرەدا هەموو شتێ تەواو بکەین؟
خراپ جۆرێ بەرۆکی گرتبووم. ئیتر دەرەتانی خۆ دزینەوەم نەمابوو. بۆیە لە وڵام دا وتم: "ئەرێ! دەکرێ هەر لێرەدا هەموو شتێ تەواو بکەین!"
کە ئەمەی بیست لەپڕ رەنگی روخساری بە دەیان جۆر زەرد، سوور، رەش و شین داگەڕا. لەکاتێکا کە دەنکێ فرمێسک لەچاوانیا قەتیس مابوو خێرا و بە پەشۆکاوی ماڵاوایی کرد و بەجێی هێشتم. رۆیی...
چەند رۆژێک بوو لێی بێ خەبەر بووم. پێم وابوو کە ئیتر هەموو شتێ تەواو بووە. لەڕاستیدا نەختێ ئاسوودەش بووبووم. کەچی لەپڕ شەوێک تەلەفونەکەم زەنگی دا. خێرا وەڵامم دایەوە. خۆی بوو، سێڤین بوو. هەنیسک و فرمێسکی تێکەڵ بووبوون. ئارام دەگریا و بە سکاڵاوە دەیوت:
"هەڤاڵ من ناتوانم دەس هەڵگرم! من پێویستم بە تۆیە! من ئەڤیندارم! ئەگەر بەجێم بێڵی..."
دەنگی تێکەڵاو بە شەپۆلانی بوغز و هەنیسک لەناکاو بڕا... چ هەست و ژان و ئازارێک لەو دەنگەدا شەپۆلی دەدا. بەتەواوی خەمین و دیپرێس بووبوو. خەمی ئەڤین بڕستی لێ بڕیبوو. ئەو ژان و سکاڵایە تەواو تەزاندمی. ئەمەش لە کاتێک دایە کە من هەستی پێشووم بۆی نەماوە و دڵ بە داوی مامزێکی بۆن عەنبەرین یەخسیر بووە. غەزاڵێک کە لەودا رۆحی ژن و، کوردستان و نیشتیمانم بەدی دەکرد! غەزاڵێک: سرک و بزۆز هەر وەک مامز، نادیار وەکوو خەون و ئایدیا. نادەستەمۆ وەک فەلسەفە. ئەوە کە بۆچی لەو کاتەدا بیری ئەو غەزاڵە مێشکی منی داگیر کردبوو هێشتا باش نازانم. رەنگە دەمویست بیکەم بە هەوێن و ئیلهامی شعر و نووسین و فەلسەفە. رەنگە جوانی لەڕادەبەدەری سەرنجی ڕاکێشابووم. یان رەنگە دەمەویست بە ترۆپکی "ژوویی سانس" بگەم... لێگەڕێ...
نازانم من ئەوکات زوربای "کازانتزاکیس"م خوێندبوو یان نا؟ لەوێدا کە دەڵێ: "گەورەترین جنایەت ئەوەیە کە دڵی ژنێک بشکێنیت"؟ باش لە بیرم نییە. بەڵام دەزانم کە لەو ساڵانەدا بەردەوام رۆمانم دەخوێندەوە. بەکورتی کە تەلەفونەکە بڕا خێرا لەگەڵ خۆم بەشەڕ هاتم. یەخەی خۆم گرت و لەگەڵ خۆم کردم بە شەڕ. بە خۆم وت:
 "تۆ کە خۆت بە مرۆڤ دەزانی! سارد و گەرمی رۆژگار و، تاڵی و سوێری ژیانت چێشتووە! تۆ کە دەڵێی جیرانی ژانی! کەچی بەخاتر هەستی ئەڤین دەتوانی دڵی ژنێک بشکێنی و رەحەتیش بخەفی!؟ بۆ سەرەتا بوارت پێدا؟ بۆ جڵەوت بۆ شل کرد؟ دەفەرموو ئەوەتا ئەو بۆ تۆ کاول بووە. دڵت دێ بە وێرانی بەجێی بێڵی؟ تۆ کە دەڵێی دڵت دەریایە! چش لەو دەریا بەرینە کە بوار بە مەلەوانێکی ئەڤیندار نەدات!

نەختێ تر بیرم لێ کردەوە. ئەوجار لە زمانی "شیکسپیر"ەوە بە خۆم وت:
 "وای لە کزەی زامی ئەڤینی سووکایەتی پێکراو!"
 خودایا! خودایا! کەس گیرۆدەی نزا و نفرینی وەها ئەڤینێک نەکەیت!
من ئەگەر رۆژێک لەمەر ئەم دەستە وشەیەی شیکسپیر، "کزەی زامی ئەڤینی سووکایەتی پێکراو"، بێمە زمان، دەبێ چی بنووسم!؟ خودایە قەت نەیەمە زمان!
هەستی ئەڤین! جوانترین، ناسکترین و بەنرخترین هەستی ئینسانە! مرۆڤێک دەبێ چەندە بەختەوەر بێت کە لە درێژەی ژیانی دا چەند جارێک ئەم هەستە لە دەروونیا دابگرسێ! مرۆڤێکی تر دەبێ چەند ئەهریمەنی و دەروون تاریک بێ کە بوێرێ و بتوانێ ئەم هەستە بکوژێ و بخنکێنێ!!  
 ئا بەمجۆرە و پاش چەند ساتێ بیرکردنەوە تەلەفونم بۆی کردەوە. بە دڵتەنگی و بوغز و هەنیسکەوە وڵامی دامەوە.
 وتم: "سێڤین! قەزای فرمێسکەکانت! ئەو فرمێسکانەت کە بە هەستی ئەڤینەوە لەو چاوانەت هەڵدەقوڵێن، بۆ من دۆڕ و گەوهەر و یاقوتن. دڵنیابە خۆشم دەوێی!"
هەر ئەمە و هەستم کرد لەو بەری تەلەفوونەکەوە خێرا دەنگی گۆڕا، روخساری گەشایەوە، تەمتوومان و تۆفانی دەروونی دامرکا و وەک دەریای مەند ئارامی گرت و دڵنیا بوو. دڵنیا لەوە کە خۆشم دەوێت.
ئەرێ! ئارامی و دڵنیایی ئەوپەڕی بەختەوەرییە. مرۆڤ تا بێ ئۆقرەیی بڕستی لێ نەبڕیبێ، کوا قەدری دڵنیایی دەزانێ!؟ من چ بەختەوەر بووم کە ئەو شەوە بە ئارامی سێڤینم خەواند!
 درۆیشم لەگەڵی نەدەکرد. بیرم لەوە کردەوە کە با هەستی قووڵی ئەڤینیش لە بەینا نەمابێت، با ئەڤینداریش نەبم، بەڵام سێڤین زۆر شتی هەیە کە شیاوی خۆشویستن بن: ئەهلی هونەرە، خاوەن دەرک و شعورێکی بەرزە. کانگای سۆز و وەفایە. ژن ئەگەر ڤینۆسی جەماڵ و جوانیش بیت، ئەگەر سۆز و وەفای نەبیت، نرخ و فەڕێکی نامێنێ. ئیتر لەوەش گەڕێ کە سێوەکانی سێڤین لە ناوەکەی مزر و مێخۆشتر بوون: سێڤین! سێڤین!
نازانم ئەزموونی تاڵی ژانەکانم بوو یان سێحری ئێکسیری ئەدەبیات، سڕی کەلامی شیکسپیر بوو یان ئەفسوونی پەیڤی کازانتزاکیس، کە وای لێکردم کە ئەگەرچی ئەڤیندار نەبووم بەڵام حۆرمەتی ئەڤین بپارێزم و بۆ خۆشم لەزەت ببەم!
ئەمن جوانی و تواناکانی تری سێڤینم ناسی و خۆشم ویست. گوێم لە قسەکانی گرت و شتی لێ فێر بووم. قسەم بۆی کرد و ورەم پێ بەخشی. هەرکاتیش دەرفەت هەبوایە یەکترمان دەبینی و مەلی بیر و پەیڤمان هەڵدەفڕاند. ئەو ئەڤینە سێڤینی خاراو و پەروەردە کرد. ئەڤین پیرۆزە، ئێکسیرە، ئینسان سازە. سێڤینی فێری هەڵفڕین کرد. دنیایەک ئەزموون و لەزەتیشی بە من بەخشی.
پاش ماوەیەک تەمی خەمۆکی ڕەوی و هەمدیس بووژایەوە. گۆنای وەک پشکۆ گڕڕەی دەهات. پرشنگی چاوەکانی سێحر و ئەفسوونی دەباراند. بەتایبەت کاتێ کە باس و دیالۆگمان گەرم دەبوو، پزیسکەی ئەو چاوانە حەشری دەکرد. باسەکە تێکەڵ بە هەست و شەوق و ئەڤین دەبوو. وشەکان دەگەشانەوە و دەبوون بە ڕستە و پۆل پۆل دەفڕین. دەمانوت: دەبێ کارێک بکەین کە بە ئێکسیری وشەکانمان زەمەن بێتە زان و مێژوو بخولقێنین. دیالۆگ لەگەڵ ئەو لە ترۆپکی لەزەت، لە ئەوپەڕی "ژوویی سانس"* بەچێژتر بوو. هەست ئەکەم ئەگەر مەولانا وەها "هاوزمانێکی"ێکی هەبوایە، ئیتر نەیدەوت: "هم دلی از هم زبانی خوش تر است"!؟ سێڤین هاوزمان و هاوباڵ و هاونەفەس بوو. چ ڕندانەش لە هەرێمی پەیڤینەوە دەفڕی بەرەو هەرێمی ئەڤین دەهات!

سێڤین: پەیڤین، فڕین، ئەڤین
هێمای سێوی خۆشەویستی
هێشوو هێشوو بە وشەی هەنین و
شەبەنگ شەبەنگ بە پەیڤی ئەڤین
مێخەکڕێژ کراو!
چەندە نەخشین
لە بیرم دا نەخشت بەستووە!
چەندە ڕندانە
بە پەیڤین باڵ دەگری و
بەرەو هەرێمی دڵ دەفڕی!

ئاڵمان، 26 سپتامبری 2015


تێبینی: من نامەوێ لێرەدا وشەی "ژوویی سانس"ی لاکان تەرجمە بکەمەوە. خوێنەری گێبیلدێت یان خۆی مانای ئەم وشەیە دەزانێت یان بەدوای دا دەچێ و دەیبینێتەوە.


نظرات

پست‌های معروف از این وبلاگ

زمان، نووسین، میدیا و ...

زمان، نووسین، میدیا، گوتاری نەتەوایەتی، ناسنامە و پەروەردە گفتوگۆ لەگەڵ د. جەعفەر شێخولیسلامی پرۆفیسۆری میوان، زانکۆی سۆران، کوردستان پرۆفیسۆری هاوکار، زانکۆی کارلتن، کەنەدا ئا: هادی محەمەدی سەرەتا: د. جەعفەر شێخولیسلامی ساڵی ١٩٦٠ لە گوندی لاچین، سەر بە شاری مەهاباد، لە دایک بووە. هەر لەو شارەدا خوێندنی سەرەتایی و ناوەندیی تەواو کردووە. لە کۆتایی حەفتاکاندا، بە دزی خۆی فێری زمانی زگماکی کردووە و دەستی بە نووسینی شیعر و چیرۆکی کوردی کردووە. لە سەرەتای هەشتاکاندا، لەناو میدیاکانی سەردەمی ڕاپەڕینی رۆژهەڵات و باشووری کوردستان و، دواتریش لە میدیای ئێرانی لە بوارەکانی هەواڵنێری، وتارنووسین، چیرۆک، شانۆنامە، رۆڵی شانۆیی و وەرگێڕاندا چالاکی نواندووە. لە ساڵی ١٩٨٨ بە ئەم لاوە، لە وەڵاتی کەنەدا نیشتەجێ بووە و، لەم بوارانەدا خوێندوویەتی: ئەنستیتۆ/پەیمانگە (کتێبخانە و ئاگاداری)، بەکالیۆرۆس (زمانەوانی گشتی)، بەڵگەنامەی مامۆستایەتی (زمانی ئینگلیزی وەکوو زمانی دووهەم)، مەستەر (زمانەوانی کارەکی/کارکردی) و دوکتۆرا (پێوەندییە گشتیەکان—گوتار و میدیا). دوای ئەوە کە نزیکەی دە ساڵ ما

"ئەقڵ و شۆڕش"، هێربێرت مارکوزە

کورتەیەک سەبارەت بە "ئەقڵ و شۆڕش"ی هێربێرت مارکوزە نووسینی توماس ئالمێر و: لە ئاڵمانییەوە: هادی محەمەدی مارکوزە کە لە ئاڵمانەوە ئاوارەی ئەمریکا بووبوو، ساڵی ١٩٤١ کتێبی „Reason and Revolution“ ی بە زمانی ئینگلیسی چاپ کرد. ئەم کتێبە دواتر بە ناوی „Vernunft und Revolution“ یانی ئەقڵ و شۆڕش/وەرچەرخان بە زمانی ئاڵمانی وەرگێڕدرا. مارکوزە لەم کتێبەدا هەوڵ دەدات بە سەرنجدان بە ئەندێشەی مارکس، کاریگەری فەلسەفەی هێگل لەسەر تیۆری کۆمەڵایەتی پیشان بدات. مارکوزە لەسەر ئەوە پێدادەگرێ کە هێگل بەپێچەوانەی زۆرێک لە بیرمەندانی پێش خۆی، لە بواری بزاڤ و ئیدەی پێشکەوتنخوازانەدا دیدگایەکی شێلگیرانەی هەیە. ئەو پێی وایە کە واوەتر لە گەشەکردنی پێکهاتەی فاشیستی لە جڤاتی ئێمەدا، پێویستە فەلسەفەی هێگل سەرلەنوێ بخوێنینەوە. ئەم کتێبە لە دوو بەش پێکهاتووە. لە بەشی یەکەم دا بنەماکانی فەلسەفەی هێگل ڕاڤە دەکات، لە بەشی دووهەم دا ڕەوتی پێکهاتنی تیۆری کۆمەڵایەتی شی دەکاتەوە. هەر لە بەشی دووهەم دا کە بابەتی ئەم وتارەی منە، بە سەرەتایەک بەناوی "لە فەلسەفەوە بەرەو تیۆری کۆمەڵایەتی"

قوتابخانەى فرانکفۆرت

مارکوزە و قوتابخانەى فرانکفۆرت marcuse and Frankfurt school براین مەگى سەرەتا: ئەو قەیرانە ئابوورییە کە لە مەوداى دوو جەنگى جیهانیدا زوربەى وڵاتانى رۆژئاوایى گرتەوە، بەڕاى زۆربەى چەپەکان سەرەتاى رووخانى سیستمى سەرمایەدارى بوو کە ئەوان بەردەوام لە تیۆری مارکسیستى دا پێشبینیان کردبوو. ئەگەرچى بەپێى ئەم تیۆرییە دەبوو ئاکامى ئەم دۆخە بە کۆمۆنیزم بگات، بەڵام لە هیچ وڵاتێکى ئوروپا ڕژیمى کۆمۆنیستى نەهاتە ئاراوە. به‌پێچه‌وانه‌وه‌ ئەوەى سەرکەوت فاشیزم بوو. هەندێ لە چەپەکان بەجۆرێک لەم دۆخە ناهومێد بوون کە بەجارێک دەستیان لە مارکسیزم هەڵگرت. هەندێکى تر قەت تووشى ڕاڕایى نەهاتن و هەروا لەسەر بڕواکانى خۆیان مانەوە. گروپێکى تریش لەنێوان ئەم دوو رەوتەدا وەک چەپ مانەوە- یان دەیانویست بمێننەوە- بەڵام پێیان وابوو، بۆوەى مارکسیزم بتوانێ هەروا جێگەى بڕوا و متمانە بێت، دەبێ سەرلەنۆى شروڤە بکرێ و بەخۆیدا بچێتەوە. گرووپێ لەم کەسانە کۆتایى دەیەى 1920 لە شارى فرانکفۆرت کۆبوونەوە، کە دواتر بە ئەندامانى "قوتابخانەى فرانکفۆرت" ناوبانگیان دەرکرد. لە راستیدا ئەم کەسانە بۆ ماوەێکى زۆر لە فرانکفۆرت نە